ئارامتر بخوێنەوە

فەلسەفەی مافی دیاریکردنی چارەنووس

کوردەوان ئیفتخاری


«نیچە» دەڵێت هەر چەند لەڕاستیدا چەمکەکان، مێتافۆڕی داهێنراو و خوڵقێنراوی خۆمانن بەڵام بە هۆی سروشتی-نواندنەوەیان و هەروەها سەرکەوتن لە بوارە کۆمەڵایەتییەکاندا وەکوو ئاسانکاری لە پەیوەندییەکاندا، جێ و پێی خۆیانیان لە مێشکی ئێمەدا کوتاوە و ئەوەندە ئاسایی دەردەکەون کە ئێمەی داهێنەر و خولقێنەری ئەم دەستەوشانە، مێژوومان لە بیر چووەتەوە و ئێستا پێمان وایە کە ئەم دەستەوشانە ڕەسەنن و خودی ڕاستییەکانن.

مێژووی مرۆڤ پڕاوپڕە لە شەڕی دەسەڵات، جەنگ و کوشتن و بڕین و خوێنڕشتن. لە سەرەتاوە تاکوو ئێستا زۆربەی دەوڵەتەکان و کەسەکان کە بوونەتە خاوەنی زۆر و پلە و پایە و پارە یان هەر چەشنە دەسەڵاتێک، هیچکات نەیانویستووە دەسەڵاتی خۆیان لەگەڵ ئەوانیتردا هاوبەش بکەن. بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆیان هەموو جۆرە تاوانێکیان کردووە، ئازادی و مافەکانیان لە خەڵک زەوت کردووە و ئەوەش بە پێچەوانەی زات و تایبەتمەندیی مرۆڤە و کەسان و گەلانی رەنجکێش و چەوساوەش، هەر کاتێک دەرفەتێک ڕەخسابێت بۆ ئازادی و مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان سەریان هەڵداوە و دیسان رەنجدەران و چەوسێنەران، بە هێزی یاسا یان چەک و چۆڵ، قەمتەر کراون. کەچی هەردووکیان مانای بە کار بردنی زۆر لە ئاستی مافی مرۆڤ دەدەن. بە خەیاڵی خۆیان ئەو بزاڤەیان دامرکاندووە کەچی ڕەنگە ئەو گەلە بۆ ماوەیەک تاسابێتن بەڵام مێژوو سەلماندوویەتی کە ڕۆحی ئازادی لە ناخی هیچ مرۆڤێکدا نامرێندرێت، هەر کات و هەر دەرفەتێکیان دەست کەوتووە، سەریانهەڵداوە و لە ئاکامدا لە شۆڕشێکی تردا سەرکەوتوون.

بۆ وێنە، یۆنانیانی سەردەمی کۆن، تەنیا خۆیانیان بە مرۆڤ دەزانی و ئەوانیتریان پێ «بەڕبەڕ» بوو. روومیەکانی سەردەمی کۆن، حاشایان لە مافی مرۆڤ بۆ هەمووان دەکرد، جگە لە خۆیان نەبێ، بۆ هیچ نەتەوەیەکیتر، رازی نەدەبوون کە کەسانیتریش مرۆڤن و مافی خۆیانیان هەیە. عەرەبەکانیش لە سەرەتادا تەنیا خۆیانیان بە مرۆڤ دەزانی و بە گەلانیتریان دەگوت «عەجەم». پێم وایە ئەم جۆرە جیهانبینیە، جگە لە کورد، لە تەواوی گەلانیتردا بە دی کراوە.

ئەوەی کە بۆ یەکەم جار لە مێژوودا، کێ باسی مافی دیاریکردنی چارەنووسی کردبێت بە ڕاستی دیار نییە، بەڵام لە نووسراوەکانی «هۆگۆ گرۆتیووس» (باوکی مافی نێونەتەوەییی نوێ) وەکوو کتێبی «مافی شەڕ و ئاشتی»De jure belli ac pacis و هەروەها لە نووسراوەکانی «ئیمر دێ ڤاتڵ»دا، بە شێوەی نوێ، باسی کراوە.

مافی دیاریکردنی چارەنووس کە لەم دەقەدا بە کورتی پێی دەڵێن: «مدچ»، مافێکی ڕەسەنی هەموو مرۆڤێکە کە هیچ کەس بۆی نییە بەرگری لێ بکات یان لە مرۆڤی بستێنێتەوە، چونکە شان و شکۆی مرۆڤەکان بەوەیە کە خۆیان فەرماندەری خۆیان بن. لە قەبارەیەکی گەورەتردا، مافی مرۆڤ، مافێکی ڕەسەن و سروشتین و خودابەخشراوە کە بنەڕەتی ئەم مافە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی چاوکردنەوەی مرۆڤ بە دونیادا و تا ئەو کاتەی چاوی لە دونیا دادەخاتەوە، لێی جیا ناکرێتەوە و یەکەمایەتی هەیە بە سەر هەموو شتێکی تردا.

بەرچاونەگرتنی ئەم مافە لە زۆربەی وڵاتان و زۆربەی سەردەمەکانی ژیانی مرۆڤدا، بووە بە هۆی ئەوەی کە چەندەها جار لە چەندین یاسای بەناوبانگدا، ئاماژەی پێ بکرێت تا لە ئاکامدا کۆمەڵگای جیهانی هەنگاوی بۆ هەڵبگرێت و بە ئاراستەی گەرەنتیکردنی مافەکانی مرۆڤدا بڕوات و سیستەمی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ دابمەزرێنێت. واتا ئەو مافانە کە گشتیگیرە و نابێ لە کەس، زەوت بکرێت و تەواوی مرۆڤەکان تەنیا لەبەر ئەوەی مرۆڤن، جیا لە هەر پێناسەیەکی تر وەکوو دین، رەگەز، نەتەوە، بیروباوەڕ، رەنگی پێست، شارۆمەند یان کۆچبەر و … هەمووی وەکوو یەک، دەبێ خاوەنی مافێکی یەکسان ببن.

لە عەرزی واقعدا، دەسەڵاتی ئەم سیستەمەش وەکوو دەسەڵاتی سیستەمەکانی تری کۆمەڵگای جیهانی، لاوازە و تەنیا لە ئاستی چاوەدێریدایە و زۆر و هێزی راستەقینە و تایبەتی بۆ ئەوەی نییە کە یاساکانی مافی مرۆڤ، بە سەر دەوڵەتەکاندا بسەپێنێت و تەنیا دەتوانێت هوشداری بدات و هەڕەشە بکات. بەڵام راگەیاندنی جیهانیی مافی مرۆڤ، نەریتە کۆنەکانی ڕووخاند و مرۆڤی وەکوو سەرچاوەی بنەڕەتیی دەسپێک و پێکهێنانی هێزی سیاسی پشان دا و ئەو چرکە کە مرۆڤ بە ئەو بیر و هۆشە گەیشتووە کە خۆی لە یەکەمایەتیدایە وەکوو خاڵێکی وەرچەرخان بۆ لەدایکبوونی مرۆڤی مۆدێڕن دادەندرێت، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا وای لێ بێت کە مرۆڤ خۆی بۆ خۆی بڕیار بدات و چی تر کۆیلە نەبێت.

وادیارە سیستەمێکی دیمۆکراتیک کە لەسەر بنەمای مافی مرۆڤدا دامەزرابێت دەبێ یاساکان لە ژێرەوە بۆ ژوور، لێک بدرێتەوە. لەبەرئەوەی سەرچاوەی دەسەڵات و هێزی سیاسی لە خەڵکەوە وەرگیراوە و یاساکان بە خواست و ڕەزامەندیی خەڵکەوە داهێنراوە و تەنانەت جەماعەتی دەسەڵاتدار، لە فەرمانبەرێکی ئاساییەوە تاکوو سەرۆکەکان، دەبێ لە خزمەتی خەڵکدا بن. لە ڕاستیدا ئەم پرنسیپە دەبێ لە هەموو شوێنێکدا بەڕێوەبچێت، چۆن مدچ، لە مافی مرۆڤ و سیستەمێکی راستەقینەی دیمۆکراتیکدا، لێک ناکرێنەوە و بەرزترین ئاستی مافی مرۆڤ، هەمان مافی دیاریکردنی چارەنووسە.

بە هۆی ئەوەی کە هۆکاری بنیاتنانی سیستەمی مافی مرۆڤ، پاراستنی مافی مرۆڤەکانە کە لە ژیانیاندا بە پێی کەرامەتی مرۆڤانە بژین، ئەم مافە وەکوو مافێکی تاکەکسی دەناسێنن. لە لایەکیترەوە مدچ، هەمان کۆکراوەی مافی هەر تاکێکی کۆمەڵگایە، مافی هەڵبژاردن لە قەبارەیەکی گەورەتردا. کەواتە ئەگەر مدچ بۆ تاکەکان قبووڵ نەکرێت واتا بۆ کۆمەڵگایش بێمانایە.

مدچ لە مافەنێودەوڵەتیەکاندا و سەبارەت بە ئەو وڵاتانەی کە «کەمینەی بێدەسەڵات» یان «پەراوێزخراو»ی دینی، رەگەزی، زمانی و … هەیە دەبێ بەڕێوەبچێت. لێرەدا دوو باس بە کورتی ڕوون دەکەینەوە. کەمینەبوون خۆی بەتەنیا تەنیاتێنێکە بۆ ئەوەی لە کۆمەڵگادا بکرێنە ئامانجی زوڵم و زۆر، بەڵام لە زۆرینەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا دەبینین کە کەمینەیەک بووەتە خاوەنی دەسەڵات و ویستی خۆی بە سەر زۆرینەی خەڵکدا سەپاندووە. کەواتە پاشگری «بێدەسەڵات» پێویستە بنووسرێت. بەڵام لێرەدا و بۆ ئاسانی لە نووسین و درێژنەبوونەوەی رستەکان هەمان «کەمینە» دەنووسین.

وشەیەکی  زۆرگرنگی تر، وشەی «پەراوێزخراو»ە، کە باسێکی زۆر قووڵە و لێرەدا تەنیا ئاماژە بە ئەوە دەکەین کە پەراوێزخراو لە تەواوی کەیسەکاندا هەمان خەڵکی بێدەسەڵاتن، ڕەنگە لە وڵاتێکدا زۆرینەی خەڵک، دژ بە دەوڵەت بیربکەنەوە، وەکوو دەوڵەتە دیکتاتۆرەکان کە لێرەدا زۆرینەی خەڵک بێدەسەڵاتن. باسی بێدەسەڵاتی باسی نەبوونی هێزی سیاسیە، ئەوەی کە ویست و ئارەزووی ئەو خەڵکە (زۆرینە یان کەمینە) لە سیاسیەتی ئەو وڵاتەدا، جێگە و پێگەی نییە. ڕەنگە بە شێوەگەلێکی روواڵەتی لە یاسا نووسراوەکاندا جێگەی فەرمیشیان هەبێت وەکوو هەبوونی نوێنەری پارلەمان، بەڵام ئەوەی لە ڕاستیدا و لە ژیاندا بە دی بکرێت، بێبەشیی لە دەسەڵاتە. دیسان لە تەواوی کەیسەکاندا دەبینین کە تاقمێک (زۆربەی جار کەمینە)، دەستی بە سەر دەسەڵاتەوە گرتووە و هێزەکان لە لای خۆیەوە کۆکردووتەوە. ئەمە یەکێک لە شێوە نەشیاوەکانی دەسەڵاتداریە کە «سنترالیسم»ی پێ دەڵێن. ئەگەر لە وڵاتێکدا دەسەڵاتی «ناوەندخواز»مان هەبێت، بە دڵنیاییەوە خەڵکی پەراوێزخراویشمان هەیە و زوڵم و زۆر و بەشخۆری و مافخۆریش دەبینین.

خاڵێکی تری زۆر سەرەنجراکێش لێرەدا هەیە کە شیکارییەکی زۆری دەوێت بەڵام لێرەدا بە کورتی شرۆڤەی دەکەین. لە تەواوی ئەو کەیسانەدا کە داوای سەربەخۆیی دەکەن، دەیبینین کە ناوچەی سەربەخۆییخواز، ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە تایبەت لە بواری سەرچاوەی ژێرزەوینی و رووزەوینیەوە، کە ئەو خەڵکە، داوای سەربەخۆیی دەکات کە پتر لەمە تاڵان نەکرێت. بەڵام دەوڵەتی ناوەندی ئەوە پەسەند ناکات و دەیهەوێت لە تاڵانکردنی ئەو خەڵکە بەردەوام بێت. یان ئەوەی ناوچەی سەربەخۆییخواز لە لایەن وڵاتێکی دراوسێیەوە هان دەدرێت کە لە وڵاتی پێشوو جیا بێتەوە و بێتە ژێر رکێفی وڵاتی هاوسێ. ئەوەش دیسان لە بەرژەوەندی گەلی سەربەخۆییخواز نییە. هیچکام لەم دوو لایەنە خەمی ئەو خەڵکەیان نییە، بەڵکوو دەیانهەوێ ببن بە خاوەنی سەرچاوەیەکی زۆرتر و دەسەڵاتێکی بەهێزتر.

لە زۆربەی وڵاتانی دونیادا بەتایبەتی ئەوانەی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست، دەسەڵات ئەو مافە بە خەڵک نادات و بۆیە شەڕ و پێکدادانی زۆر لە نێوان خەڵک و دەوڵەتەکاندا ڕوو دەدات. لە ئەوەی یاسای نێودەوڵەتی، باسی دەکات ئەگەر دەوڵەتێک، مافەکانی مرۆڤ پشتگوێ بخات، خەڵکی غەدرلێکراو، مافی خۆی هەیە کە بڕیار بدات هەتا داهاتووی خۆی و چارەنووسی خۆی دیاری بکات.

لە پەیماننامە نێونەتەوەییەکاندا ئەو مافە بۆ کەمینەکان ڕەچاو کراوە کە لەئەگەری زوڵم و زۆری دەسەڵاتداراندا، بیانهەوێ داوای مدچی خۆیان بکەن. ئەو مافەیان بۆ پارێزراوە و بە هیچ مەرجێک حاشای لێ ناکرێت. بەڵام بەداخەوە لە کردەوەدا دەیبینین کە بەرێوبەرانی سیستەمەکانی پاراستنی مافە نێونەتەوەییەکان، رڕانگەیەکی نەرێنیان بۆ جیابوونەوە و دابڕانی ناوچەیەک لە وڵاتێک هەیە، کەواتە ئەم تێروانینە دەبێتە کۆسپێک لەبەردەم مسۆگرکردنی مافەکانی مرۆڤدا.

ئەو پاساوەی کە وەکوو هۆکار بۆ ئەو تێروانینە نەرێنیە باسی لێ دەکرێت، ئەوەیە کە ئەگەر هەر کەمینەیەک بیهەوێت جیا هەبێتەوە، هەژماری وڵاتانی دونیا لە تەنیشتی دووسەد دانەوە بەرز دەبێتەوە بۆ هەزار وڵات و هەمووی وڵاتانی ئێستا، دەبێ پارچەپارچە بکرێن.

لە وڵامی ئەو پاساوەدا، ئەم باسە هەیە کە دەڵێت لە سەرەتای دونیادا کە دەوڵەت بە شێوەی ئێستا نەبووە و دەسەڵاتەکان بە شێوەی ئیمپراتۆریەت بوون، ژمارەی ئیمپراتۆریەتەکان پتر لە دە دانە نەبوو کەچی پارچەپارچە کراون و بۆ ئێستا گەیشتووەتە نزیک دووسەت وڵات. لەو سەردەمەشدا زۆر کەس پێی سەیر بوو کە پێی بڵێی لە داهاتوودا، هەژماری وڵاتەکان دەگات نزیک دووسەت وڵات. هەروەها لە ئێستادا بۆ ئێمەش سەیرە کە کەسێک پێمان بڵێت لە داهاتوودا ڕێژەی وڵاتەکان دەگاتە نزیک هەزار وڵات. جگە لەوە، هێشتا بە ڕوونی دیار نییە کە پارچەپارچەبوونی وڵاتانی ئێستا واتا ئەو چەمکانەی کە نیچە باسی دەکات یان فراوانبوونەوەی هەژماری وڵاتەکان لە ڕاستیدا چ کێشەیەک ساز دەکات؟ بەڵام وا دیارە ئەمە وەکوو بیانوویەک کەوتووەتە دەستی دەسەڵاتداران و نایانهەوێ دەسەڵات لەگەڵ پەراوێزخراوەکاندا دابەش بکەن و دەیانهەوێ کە تەنیا خۆیان خاوەنی بڕیار بن و دیارە لە ڕاستیدا ئەمە وەکوو رانتێکە Rente بۆ ئەو گەلە کە لە نێو چەند گەلیتردا بوونەتە خاوەنی دەسەڵات و ئێستا دەیانهەوێ ئەوانیتر وەکوو بندەستی خۆیان بمێننەوە و رازی نابن کە کەسیتر بە مافەکانی خۆی بگات.

لە پێشەکیی راگەیاندنی 18ی دیسامبری 1992ی کۆبوونەوەی گشتی رێکخراوە نێونەتەوەییەکاندا و سەبارەت بە مافی کەمینەکانی رەگەزی، زمانی، دینی و … وا دەڵێن کە بە بێ هیچ مەرجێک، تەواوی وڵاتەکان وەکوو ئەرکێکی یاسایی لەسەریان فەڕز کراوە کە تەواوی جۆرەکانی مافی مرۆڤ بۆ خەڵکی بندەستی خۆیان بپارێزن و ئازادییەکان بەبێ هیچ کەموکووڕیەک بە یەکسانیی دابەش بکرێت لە نێوان خەڵکدا و لە سەر ئەم داواکاریەوە، بڕیارنامەی 135/47 بە دەنگی ئەرێنیی ئەندامان، پەسەند کرا و بڕیار وابوو کە کەمینەکان مافی خۆیان بێت کە لە بوارە جۆربەجۆرەکانی کۆمەڵگادا بێ هیچ جیاوازیەک، مافی بەشداری لە تەواوی قۆناغەکانیان هەبێت، لە بڕیارەکانی دەسەڵات ئاگادار ببنەوە و بۆ خۆیان بیرورای خۆیان دەرببڕن. بە ئاسانی دەرفەتی راگەیاندنی بیروبڕوای خۆیانیان هەبێت، بە ئازادی لەگەڵ هەموو کەسێکدا بدوێن. زمانی دایکیی خۆیان بپارێزن، فێری ببن و فێری کەسانی تری بکەن تەنانەت بە ئازادی، بانگەشە بۆ هەمان پێناسە جیاوازەی خۆیان بکەن. بەڵام لە بازنەی یاسادا تێنەپەڕن. کەچی هەر ئەم تێبینییە کە دەڵێت لە بازنەی یاسادا تێنەپەڕن، هەر ئەو یەک مەرجە دەبێتە بیانوو بۆ دەوڵەتەکان کە بە تاکتیکی قاشکردنی سالامی Salami slicing tactics دەست بەسەر تەواوی مافەکانی مرۆڤدا بگرن، کە ئەو پەراوێزخراوانە، هەر چالاکیەک بکەن بە شمشێری یاسا لە روویاندا دەوستنەوە و دەڵێن ئەم کارە، دژ بە یاسای وڵاتە و رێگەی پێ نەدراوە.

ڕەنگە هەر بەم هۆیەوە بێت کە باس لە رەشەکوژی دێتە ئاراوە و دەڵێن هەر جار کە باس لە سەربەخۆیی دەکرێت، دەوڵەتەکان لە وڵامدا دەست دەکەن بە دەمارگرژی و خەڵک دەکووژن، کەواتە بۆ بەرگری لە کوژرانی خەڵک، نابێ باس لە سەربەخۆیی بکرێت، ئەمەش بۆ خۆی هیچ بنەمایەکی نییە و بووەتە بیانوویەک بۆ ئەوەی ئێمە واز لە زۆردار بهێنن و ئەو بە ئازادی و بە ویستی خۆی هەر زوڵمێک بکات. بەڵام لێپرسینەوە لە هەژاران بکەین کە بۆچی داوای مافی خۆتان کردووە؟ کاتێک کە دەزانن سەرکوت دەکرێن !!؟

باس و هۆکاری تر بۆ زەوتکردنی مدچ ئەوەیە کە دەڵێن دژ بە یاسایە، زۆربە و ڕەنگە تەواوی یاساکان لە وڵاتە ناوەندخوازەکاندا، باسی یەکپارچەیی و پاراستنی خاکی Territorial integrity ئەو وڵاتە دەکەن، واتا یاساکانی دەوڵەت دەخەنە پێش مافەکانی مرۆڤەوە. مافزانان بۆ ئەمەش وا دەڵێن کە مێشکی مرۆڤ هەرچەندە پێشکەوتوو بێت، دیسان لە بازنەی زەمەنی خۆیدا دەسووڕێتەوە و بۆی نییە داهاتوو ببینێ، زۆربەی رووداوەکانی داهاتووش لەم شێوەدان و مرۆڤ لە داهاتووی خۆی ئاگاداری نییە. بەڵام ئەوەی دەزانین هەرچەندە کات تێدەپەڕێت، بارودۆخی پەیوەندییەکان لە نێوان مرۆڤەکاندا ئاڵۆزتر دەبێت و ئاراستەکان دەگۆڕدرێن و … کەواتە پێویستە یاساکان بە پێی چەندەها هۆکار وەکوو خەڵک، کات، وڵات، سەردەم و … بگۆڕدرێن و هیچ یاسایەک ناتوانێت لە ئاستی گۆڕانکارییەکانی نێوکۆمەڵگا و سەردەمدا، بێ گۆڕانکاری بمێنێتەوە و تەواوی یاساکان وەکوو هەموو شتەکانی تر لە دونیادا لە ئاکامدا، بە حەز یان بە ناچاری، گۆڕانکارییەکانی جیهان قبووڵ دەکەن. زۆر باشتر و مرۆڤانەترە کە زووتر ئەو گۆڕانکارییە پەسەند بکەن. یاساکان وەکوو شتێکی دەستکرد، دەبێ هەموو کاتێک «داینامیک»یان هەبێت، بەڵام بنەڕەتی یاسا وایە ئەگەر بنووسرێتەوە، دەچێتە دۆخێکی «ئیستاتیک»ەوە.

بەڵام لە ڕاستیدا و لە زۆربەی وڵاتاندا، گۆڕانکارییەکان، لە کۆمەڵگادا روو دەدەن بەڵام یاسا بە پێی سەردەمی خۆی، ناگۆڕدرێت و بەم شێوەیە کە یاسا لە ناخەوە، پووچەڵ دەبێتەوە و ئیدی کەس ئەو یاسایەی قبووڵ نییە و وردەوردە لە یاسایەکی باش و بەقازانجەوە دەگاتە ئەو قۆناغەی کە خۆی هەبێتە کێشە بۆ کۆمەڵگا و هەبێتە یاسایەکی «تاوانساز». واتا تەنیا هەبوونی ئەو یاسایە دەبێتە هۆی ئەوەی کە هەندێک لە خەڵک، بە شێوازی سروشتینی خۆیانەوە بە تاوانبار بناسرێن. واتا یاسا دیاردەیەکی سەردەمیانەیە کە بە چەندەها فاکتۆری کۆمەڵایەتییەوە بەستراوەتەوە و کاتێک ئەم فاکتۆرانە گۆڕان، یاساکانیش دەبێ بگۆڕدرێن. لێرەدا دیسانەوە دەستی دەوڵەت لە کاردایە کە گۆڕانی یاساکان لە بەرژەوەندیی خۆیدا نابینێت. لە جیاتی ئەوەی یاساکان ببنە هۆکاری بەرفراوانی و ئاسایش بۆ خەڵک، دەبنە هۆکاری زەخت لەسەر خستن و گووشینەوەی ژیانی خەڵک.

بەم شێوەیە، ئیدی یاساکان رەواییان نامێنێت، پێشتر ڕەوایی یاسا لە دەنگی خەڵکەوە وەرگیراوە کە خەڵک لە سەری رێک کەوتبوون. بەڵام بۆ ئێستا کە خەڵک ئەو یاسایە پەسەند ناکات، دەوڵەت بۆ خۆی بە تەنیا، ڕەوایی پێ دەدات و ئەوە ئیدی یاسای خەڵک نییە بەڵکوو یاسای دەوڵەتییە. کاتێک کە باس لە دەوڵەتێکی دینی وەکوو دەوڵەتی عێراق دەکرێت و یاسای وڵات و یاسای دین تێکەڵ دەبن، گۆڕانکاری لە یاسادا زۆر سەخڵەتە و لە مێژوودا، زۆر بە دەگمەن رووی داوە. پێکهاتەی ڕەوایی لە لایەن دەوڵەت و شەرعیەت لە لایەن دینەوە، زۆر قایم و توندە و بەم ئاسانیانە بۆ خەڵك ناشکێندرێن.

 مافزانان دەڵێن کە دەوڵەت و یاسا، لێکەوتە و پاشکەوتەی ئیرادە و ویستی خەڵکە. لێکەوتە بۆی نییە نکۆڵی لە بنەڕەتی خۆی بکات. دەڵێن کە ویستی خەڵک سەرچاوەی هەموو دەوڵەتەکان و یاساکانە. ویستی خەڵک وەکوو هێزێکی ڕەسەن و سروشتی، هەبوونی راستەقینەی هەیە و ڕەسەنایەتی هەیە و ساختەکراو نییە بەڵام یاسا و دەوڵەت ئەو چەمکە ساختەکراوانەن کە خەڵک، بە ویستی خۆی، بۆ پاراستنی خۆی، سازی کردوون. تەنانەت چاوەڕوانیی ئەوەی لێ دەکريت کە لە ئاراستەی قازانجی خەڵکدا کار بکات و نابێ خوڵقاو، رێ لە خالقی خۆی بگرێ و پاراستنی مافی مرۆڤ، پێشمەرجی هەبوونی هەموو شتێکی ترە کە ئەگەر کاتێک هات خەڵک ئەو دەوڵەتە یان ئەو دەسەڵاتدارەیان پێ باش نەبوو، دەرفەتی ئەوەیان هەبێت بیگۆڕن. کەواتە دەسەڵاتداران هیچ نین مەگەر هەڵبژێردراوی خەڵک و نابێ خۆیان بە کەسێکی سەرتر لە خەڵک یان سەرتر لە یاسا بزانن کە دەتوانن بە سەر یاسا یان خەڵکدا زاڵ ببن. تۆماس جفرسۆن کە یەکێک لە ڕووناکبیران و نووسەرانی راگەیێندراوی سەربەخۆیی ئەمریکا United States Declaration of Independence و یاسای ئازادیی ئایینەکان بووە، وەکوو سێهەمین سەرۆک کۆماری ئەمریکا دڵێت ئەو کاتەی دەوڵەت لە خەڵک دەترسێت، ئەوە نیشانەی ئازادییە و کاتێک خەڵک لە دەوڵەت دەترسن ئەوە نیشانەی زۆربێژیە. نابێ دەوڵەت کارێک دژ بە خواست و ئیرادەی خەڵکی خۆی بکات. دەبێ یاساکان و تەواوی پێکهاتەکانی سیاسی، بە هەمان شێوە، رەنگدانەوەی خواستی خەڵک بن نەک دژ بە خواست و ئامراز و بیانوویەک بۆ سەرکوتکردنی خەڵک. ئەگەر شتێک جگە لەوە روو بدات ئەو دەوڵەتە چی دیکە شەرعیەتی لە لای خەڵکەوە نامێنێت و لە ناخی خۆیەوە پووک دەبێتەوە.

باس و هۆکارێکیتر بۆ حاشاکردن لە مدچ ئەوەیە کە دەڵێن ئەو مافە بۆ یەکجار، بە نەوەتەوەی پێشوو دراوە و دواجار لە سەر ویستی هەمان خەڵک، یاساکان نووسراوە و بڕیار نییە دە یان بیست ساڵی داهاتوو، ئەم پرۆسەیە دووپات هەبێتەوە و دووبارە جارێکی تر هەموو شتێک، سەر لەنوێ دەس پێ بکرێتەوە و یاساکان بگۆڕدرێنەوە. بەڵام مافزانان دەڵێن ویستی هیچ نەوەیەک نابێ بە سەر نەوەکانیتردا بسەپێندرێت تەنانەت گەر مەودای ةیوانیان یەک نەوەش بێت. هەر نەوەیەک دەبێت بۆخۆی بڕیار لە سەر چارەنووسی خۆی بدات ، تا مافی سەروەری هەر نەوەیەک و هەر تاکێک پارێزراو بمێنێتەوە.

دیمۆکراسی یەک پرۆسەیە و بە پێچەوانەی بیرۆکەی زۆرینەی خەڵک، پرۆسەیەکی درێژخایەنە و ئەوە نییە کە بە یەک هەڵمەت و بە یەکجاری دابمەزرێت و نەتەوەیەک لە یەک جووڵە و یەک قۆناغی کاتیدا، خێرا بە دیمۆکراسی بگەن. بە فەرمی ناسینی مافی مرۆڤ، دەبێتە دەسپێکێک بۆ پرۆسەی دیمۆکراسی تا ئەو کاتەی کە بگات بە ئەوپەڕی خۆی. کە هێشتاش ئەوپەڕی دیمۆکراسی نەبینراوە و دیمۆکراسییەکی تۆکمە و تەواو و سەتاسەتمان نەدیوە. بەڵام ئامانجی سەرەکیی دیمۆکراسی ئەوەیە کە ئەو خەڵکە بە ویستی خۆیان بژین و خەڵکێک کە دەیهەوێت بە ویستی خۆی بژیت دەبێ لە کاروباری کۆمەڵگادا بەشدار بێت بۆ وێنە لە بڕیارەکانی کۆمەڵگادا دەنگ بدات و چالاکی سیاسی هەبێت، رێکخراوە پێک بهێنێت و داواکارییەکانی خۆی بباتە نێو دەوڵەتەوە کە خاوەنی دەسەڵات هەبێت، لە ڕاستیدا مانەوەی ئیدیۆلۆژییەکان بە بێ دەسەڵات ئەستەمە.

 واتا مدچ وەکوو بنەڕەتی دیمۆکراسی دەناسێندرێت کە ئەگەر کەس بۆی نەبێ لەسەر خۆی بڕیار بدات ئیدی دیمۆکراسی مانایەکی نییە. مدچ وەکوو کۆڵەکەی ماڵی مافی مرۆڤ دەناسێنن. مدچ وەکوو مافی ژیان وایە، ئەگەر کەسێک بە جەستە بژیت بەڵام بە ڕۆحی خۆی و بە حەزی خۆی نەتوانێ لە سەر چییەتی و چۆنیەتیی کاروباری خۆی بڕیار بدات، رێک وەکوو کۆیلە وایە کە ئیرادەی لە خۆی نییە.

مدچ لە دوو بواردا تاوتوێ دەکرێتەوە. لە بواری ناوخۆییدا و لە بواری دەرەکیدا. لە بواری ناوخۆییدا باسی مدچ دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە شارۆمەندی ئەو وڵاتە، لە دەوڵەتی خۆی رازییە یان نا؟ ئەگەر کێشەی هەیە، کێشەکە لە چ ئاستێکدایە؟ ئەگەر ئەوەندە ئەستەم نییە و چاوپۆشی لێ دەکرێت و تەنیا لە کاروباری سادە و ساکاری رۆژانەدایە کە ئەوەندە جێگەی باس لە بوارێکی نێودەوڵەتیدا نییە و هەر لە بازنەی ناوخۆییدا دەمێنێتەوە. بەڵام ئەگەر دەیهەوێت کە لە کار و چالاکییەکانی نێو کۆمەڵگادا بەشداری بکات و بە ئازادی بژیت. وەکوو مافی دەنگدان بە هەڵبژاردەی گەل بۆ کاروباری سیاسی وەکوو پارلمان، سەرۆک وەزیران و … وەکوو بەشداری لە کۆمەڵگای مەدەنیدا وەکوو دامەزراندنی هەر چەشنە ریكخراوەی سیاسی یان ئەنجومەنی کۆمەڵایەتی بە ویستی خۆی یان بەشداری لە رێکخراوە و جووڵە مەدەنیەکان، وەکوو بڕیاردانن لە سەر کاروباری ئابووری وەکوو «برگزیت»، وەکوو بڕیاردان لەسەر گۆڕینی بەشێک یان تەنانەت تەواوی یاسا، وەکوو بڕیاردان لەسەر گۆڕینی دەسەڵات، زیادکردنی زمانێکی فەرمی، دامەزراندنی پەرەستگای تایبەت و … لە زۆربەی حەز و ویست و کاروبارەکانیدا بەرگری لێ دەکرێت، ئەوە دەکرێ بچێتە ناو خانەی بازنەی دەرەکی.

لە بواری دەرەکیدا، مدچ واتا خەڵکی یەک خاک بە ئازادی بڕیار بدات کە ئایا پێی خۆشە لەم دەوڵەتەدا بمێنێتەوە و بەشداری تێیدا بکات یان ئەوەی کە دەسەڵاتێکی نوێ پێک بهێنێت. هەڵوەشانەوەی زلهێزێک وەکوو «سۆڤیێت» و هەروەها «یووگووسلاڤی» و «چکۆسلەڤاکی» ئەو رچەیەی شکاند و «ڕوواندا»، «عێراق»، «سۆمالیا» و هەروەها بڕیارنامەی لیژنەی ئاسایشی رێکخراوەی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر دانانی ناوچەی قەدەغەکراوی فڕین No Fly Zone، کێشەکان لە «تایوان» و «هۆنگکۆنگ» لەگەڵ «چین»دا، خەڵکی «کبک» لە «کەنادا»دا، «کاتالۆنیا» لە «ئیسپانیا»دا، «زەنگبار» لە «هندووستان»دا، «کەشمیر» لە «پاکستان»دا و هەروەها لە بارێکی پێچەوانەوە چەن ناوچەیەک لە «ئۆکراینیا»دا کە لە لایەن «رووسیا»وا دیمۆگرافیان گۆڕدراوە و ئێستای داوای جیابوونەوە لە ئۆکراینیا و پەیوەستبوون بە رووسیا دەکەن و …

 کۆمەڵگای نێونەتەوەیی، بە دوای هەڵوەشاندنەوەی «سۆڤیێت»، ئیتر ترسی لە باسی سەربەخۆیی گەلان نەماوە و ئەو رووداوە بوو بە قۆناغێکی نوێ و دەسپێکێکی باش بۆ سەربەخۆیی­خوازیی گەلانی دونیا کە لە بوارەکانی غەیرەکۆلۆنیالیسیتشدا باسی سەربەخۆیی بکەن. دواجار لە وڵاتێکی وەکوو «کۆزۆڤۆ»دا، کۆمەڵگای نێونەتەوەیی ئەوەی بە ئاشکرا بینی کە دەوڵەتەکان چ کێشەیەک بۆ مدچ ساز دەکەن. هێدی هێدی مانا و واتای مدچ لە دژەکۆلۆنیالیستیەوە گۆڕدرا بۆ مافی مرۆڤی گشتیگیر و لە ئێستادا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە زۆربەی بوارەکانی پێشلکردنی مافی کەمینەکاندا، بۆچوونی فەرمی هەیە و ناهێڵێت کە دەوڵەتەکان بە حەزی خۆیان خەڵک تاڵان بکەن. ئەم ئاڵۆزیە زۆرتر لە نێوان ئەو وڵاتانەدا هەیە کە دەوڵەتێکی دیکتاتۆریان هەیە و لەنێوان ئەوانەش کە دیکتاتۆریەتیان هەیە زۆرتر لە ئەوانەی هەیە کە بنەمای دەوڵەت بە سەر رەگەزی زۆرینە دامەزراوە و کەمینەکان بە شێوەیەکی سیستەماتیک پەراوێزخراون. کەچی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەسەڵاتی دەستێوەردانی راستەوخۆی نییە بەڵام بە شێوەگەلێک وەکوو بڕیارنامە و گەمارۆ و بایکۆت و … ، گوشار بۆ ئەم دەوڵەتانە دەهێنێت. نوێنەرانی ئەو دەوڵەتانەش بە هیچ جۆرێک دان بە پشت گوێ خستنی مافی کەمینەکان نانێن، بەڵکوو هەمیشە جەخت لەسەر ئەوە دەکەن کە دەوڵەتی ئێمە هەموو شتێکی رەچاو کردووە و ئەمانە دەستی کەسان و دەوڵەتانی بیانی لە ئارادایە و خۆیان بە دەوڵەتێکی دیمۆکراتیک و دادپەروەر لە قەڵەم دەدەن.

مدچ لە ساڵی 1966دا بە شێوەیەکی فەرمی، وەکوو یەکێک لە یاساکانی نێونەتەوەیی پەسەند کرا و کۆمیسیۆنی مافی نێونەتەوەیی، وەکوو یاسای سەرەکی ناسیویەتی کە دەبێ هەموو دەوڵەتەکان رەچاوی بکەن. پرۆفیسۆر «کاسسەی» لەم بڕوایە دایە کە بەپێی دەرکەوتنی ئەم سێ دۆخە لە کۆمەڵگایەکدا دەکرێت کە لە روانگەی یاسای نێونەتەوەییدا، مافی جیابوونەوە بۆ ئەو کەمینە دابنرێت. یەکەم: دەسەڵات بە شێوەیەکی بەردەوام لە پێدانی مافی بەشداریی لە کاروچالاکیەکانی کۆمەڵگا بە ئەو کەمینە، رێگری دەکات. دووهەم: بە شێوەیەکی ئاشکرا و سیستەماتیک، مافی ئەو کەمینە پێشل دەکات. سێهەم: دەرفەتی گەیشتن بە رێگەچارەیەک نەبێت و دەوڵەت نەیەوێت لەگەڵ ئەو کەمینەدا بژی.

پرۆفسۆر «مایکڵ ئاکهورست» لە پێناسەکردنی مدچدا دەڵێت: مافێک کە وا خەڵکی یەک خاک بە پێی ئەو مافە، چارەنووس و داهاتووی سیاسی و مافیی خۆیان دیاری دەکەن تاکوو لە رێگەی دامەزراندنی دەوڵەتێکی نوێ یان بوون بە بەشێک لە دەوڵەتێکیتر بە ئەو مافە بگەن.

بۆ ئەوەی مافی دەسەڵاتداری بۆ خەڵک پارێزراو بمێنێتەوە و ئازادی وەکوو پرنسیپێکی تەواو، رەچاو بکرێت، دەبێ هەر تاکێکی کۆمەڵگا، دەرفەتی بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆی هەبێت و لێرەدا یاسا و رێسا، تەنیا ئامرازێکن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان، نەک بۆ دژایەتیکردنی مافی مرۆڤ. واتە لە بڕیارێکیتردا هەندێک مافزانان دەڵێن کە ئەم پێنج مەرجەی خوارەو دەتوانێت ببن بە هۆکار بۆ دۆسیەیەک لەسەر داواکاری بۆ جیابوونەوە:

یەکەم: شێوەی دەسەڵاتداری و وڵامی ئەو پرسیارە کە لە ئێستادا، دەوڵەت بە چ شێوەیەک لەگەڵ خەڵکدا مامڵە دەکات، دیمۆکراتیکە یان دیکتاتۆر؟.

 دووهەم: داواکاری لە سەر جیابوونەوە لە لایەن خەڵکێکەوە بێت نەک تەنیا یەک چین یان بەشێکی تایبەت.

سێهەم: ئەو داواکاریە لە لایەن گرووپێکی زمانی، دینی و … پێشکەش کرابێت، نەک ئەوەی گرووپێکی بێ ئامانج، کۆ ببنەوە و لە خۆڕا داوای جیابوونەوە بکەن.

 چوارەم: بنەڕەتی داواکارییەکانی ئەم گرووپە، پێشلکاریی سیستەماتیکی مافی مرۆڤ بێت.

پێنجم: بۆ جێبەجێکردنی مافی مرۆڤی ئەم گرووپە، هیچ رێگایەک جگە لە جیابوونەوە نەبێت.

لە ڕاستیدا بۆ مەرجی سێهەم دەبێ بڵێین کە تەواوی خەڵک ئەو مافەیان هەیە کە دەوڵەتی دڵخوازی خۆیانیان هەبێت و سنوورە سیاسیەکان بگۆڕێن بۆ سنوورە فەرهەنگییەکان. بۆیە یەک بیرۆکەیەکی ترمان هەیە کە دەڵێت ئەگەر سێ مەرجی خواروو، جێبەجێ کرابێت، دەکرێ کە ئەو گەلە جیا ببنەوە:

یەکەم: خاکی خۆیانیان هەبێت.

 دووهەم: جەماوەری خۆیانیان هەبێت.

سێهەم: دەسەڵاتێکی خۆیانیان هەبێت.

لە سیاسەتی ئیمڕۆدا، لە هیچ دەوڵەتێک قبووڵ ناکرێت کە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی خۆی بکاتە بیانوو بۆ زوڵم کردن لە کەمینەکان. تەنیا ئەو دەوڵەتانە کە مافەکانی مرۆڤ دەپارێزن و کەمینەکان لە ئازادیدا دەژین و لە هەموو کاروباری کۆمەڵایەتیدا بەشدارن و بڕیار دەدەن و زوڵمێک لە کەمینەکان نەکرابێت و کەسانێک پەراوێز نەخرابێتن، دەتوانن کەڵک لە یاسای یەکپارچەیی وەربگرن.

ئەو بەڵگە نێونەتەوەییانە بە ئاشکرا باسیان لە مافی جیابوونەوە، تەنانەت بە شێوەیەکی یەکلایەنانە، کردووە. راگەیاندننامەی بنەمای پەیوەندیی دۆستانە و هاوکاریی نێوان نەتەوەکان و پێشنووسراوەی یاسا وەرگیراوی کۆنفرانسی جیهانیی مافی مرۆڤ لە 25ی ژانڤیەی 1993دایە. the World Conference on Human Rights in Vienna. لێرەدا باسی ئەوە دەکات کە هیچ مرۆڤێک هیچ جۆرە سەرپشکی یان تازیارییەکی بە سەر مرۆڤەکانیترەوە نییە و هەمووان یەکسانن و دەوڵەتەکان دەبێت رێز لە مدچ بگرن.

بە پێی ئاماژەی بڕیارنامەی 1514 لە رێکەوتی 14 دیسامبری 1960دا Declaration on the Granting of Independence to Colonial Countries and Peoples، دەبێ بوترێت کە نکۆڵی لە مافی سەربەخۆیی نەتەنیا نکۆڵی لە مافی مرۆڤە بەڵکوو مەترسیەکە لە سەر هێمنایەتی و پێکەوەژیانی سەرجەم مرۆڤەکانیش.

بە پێی مادەی یەکەمی پەیماننامەی نێونەتەوەییی 1966 International Covenant on Civil and Political Rights، مدچ، بۆ تەواوی مرۆڤەکان پارێزراوە. کە چی لە ئیمڕۆدا خۆفەرمانبەری یان «ئۆتۆنۆمی» بۆ کەمینەکان وەکوو بڕیارێکی ئاسایی ناسراوە و زۆربەی وڵاتانی دونیا روویان تێکردووە. بەڵام مافی نێونەتەوەیی ناتوانێ کە ئەم بیرۆکەیە وەکوو یاسا بە سەر تەواوی وڵاتەکاندا فەرز بکات و ئەوە دەبێت هەر وڵاتێک خۆی لە سەر بارودۆخی ناوخۆی وڵاتەکەی بڕیار بدات.

مادەی هەشتەمی دەستووریی دادگای تاوانی نێونەتەوەیی ئەو مافەی بە دەوڵەتەکان داوە کە بە تەواوی دەسەڵاتی یاساییی خۆیانەوە، یەکپارچەیی و سەروەریی خاکی خۆیان بپارێزن، بەڵام هاوکات ئاگاداری دەدات بە دەوڵەتەکان کە هەر شێوەیەک لە «تاوانی جەنگی» War Crime دژ بە خەڵکی خۆیان یان خەڵکانی وڵاتانی تر قەدەغەیە و سزای بۆ دیاری کراوە.

بۆ وێنە لە مادەی 22ی پەیماننامەی ناسراو بە «میساقەین»دا دەڵێت کە نەتەوەکانی بندەستی دەوڵەتە کۆلۆنیالیستەکان دەبێ سەربەخۆ بژین. بڕیارنامەی سەربەخۆیی وڵاتەکان و خەڵکەکان لە ساڵی 1960ی زایینیدا پەسەند کرا The Declaration on the Granting of Independence to Colonial Countries and Peoples was adopted by the United Nations General Assembly on 14 December 1960.

 بە دۆزینەوەی مادەکان، تێبینیەکان، وشەکان و هەر شتێک کە بکرێتە بیانوو. دەوڵەتەکان دەیقۆزنەوە و یاساکان بە لاڕێدا دەبەن. بۆ وێنە دەڵێن ئەو یاسایانە باسی وڵاتی بندەستی کۆلۆنیالیستەکان دەکات و لە وڵاتی ئێمەدا شتی وا نییە. بەڵام هێدی هێدی، بە هۆی بەرفراوان بوونەوە باسی مدچ، وەکوو میساقەینی ساڵی 1966 و بڕیارنامەی 2625ی کۆبوونەوەی گشتیی رێکخراوەی نێونەتوەیی و … ئەم مافە هاتووەتە نێو ریزی مافە سەرەکیەکان و لە زۆربەی بڕیارنامەکاندا ئاماژەی پێدراوە و بۆ ئێستا ئیدی دەوڵەتەکان ناتوانن وەکوو جاری جاران بە ویستی خۆیان بە ئاراستەیەکی تریدا ببەن.

بڕیاری مدچ بۆ خەڵکی فەڵەستین کە بە ئاشکرا لە دەنگی راوێژکراوی دادگەی نێونەتەوەییی داد لە 9هەمی جوولایی 2004دا دەرکراوە. شێوەی بەڕێوبردنی مدچ لە وڵاتاندا بەم چەشنەیە کە دەوڵەت دەبێت بە ریفراندۆم بیرورای خەڵک بپرسێت و لە ئاکامدا سێ شێوەمان بۆ جیابوونەوە هەیە: تێکەڵبوون لەگەڵ وڵاتێکیتر، فیدراڵیەت لەگەڵ وڵاتێکیتر، دامەزراندنی وڵاتێکی سەربەخۆ.

هەڵاواردن و جیاکاری رەگەزی یەکێک لە کەیسە هەرەگرنگەکانە کە بە ئاسانی و لە کاتێکی کەمتر و بە دەمەقاڵەیەکی کەمتری سیاسەتوانانەوە جێبەجێ و پەسەند دەکرێت وەک ئەوانە بۆ گەلانی ئەفریقا رووی دا و بڕیارنامەی زۆرتری لە سەردایە وەکوو پەیماننامەی 1815ی ڤیەن، 1856ی پاریس، 1878ی بەرلین و … .

لە هێڵکاری نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە مادەی 1 و 55دا و لە مادەی یەکەمی پەیمانی نێونەتەوەیی، زۆربەی بڕیارنامەکان و دەنگەکانی دادگای نێودەوڵەتیی داددا و بۆ وێنە لە کەیسی «نامیبیا» («ئافریقای باشووری») و «سەحرای رۆژئاوایی» و هەروەها «تیمۆری رۆژهەڵاتی» و هەروەها شوورای نێوان «فەڵەستین» و «ئیسرائیل» و مدچ بۆ فەڵەستینەکان ، بە ڕوونی، جەخت لەسەر ئەم مافە کراوە. دوای شکانی ئەو تابوویە، مافی مرۆڤ چووەتە قۆناغێکی تازەوە و وێژەیەکی نوێی داهێنرا کە بووەتە کوسپێکی گەورە بۆ دەوڵەتەکان بۆئەوەی نەتوانن دەسەڵاتێکی فاشیستی یان دیسپۆتیک پێک بهێنن. بەبۆنەی ئەو پێشکەوتنانەوە، ئێستا لە دونیادا دیمۆکراسی بە تەواوی بووەتە وتاری زاڵ و ئەمە هەنگاوێکی زۆر گەورەیە بۆ گەیشتن بە تەواوی مافەکانی مرۆڤ، تەنانەت مدچ. دەوڵەتە پاوانخوازەکان کەوتوونە بەرپرسی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەبێ بەرپرسیار بن و وڵام بدەنەوە کە ئایا ڕەوتی دیمۆکراسی لە وڵاتەکەیاندا پارێزراوە یان خود نا؟ بە گشتی ئیدی خاکی ئەو وڵاتە، کەلاوەچۆڵەی زۆرداران نییە کە هەرچەشنە زورکاریەکیان پێ خۆش بێ بیکەن و دونیا ئاگادار نەبێتەوە یان خۆی لێ گێل بکات. رێکخراوە نێونەتەوەییەکان لە هەموو شوێنی دونیادا، کارناس و پشکنەر و باڵیۆزی تایبەتیی خۆیانیان هەیە و چاوەدێریی مافی مرۆڤ و ژیانی گەلان دەکەن. پرسی مافی مرۆڤ بووەتە پرسی رۆژ و پرسێکی گرنگی نێونەتەوەیی. تەنانەت ئەگەر ئەم چاوەدێریە بە تەنیا باج سەندن لە دەوڵەتەکانیش هەبێت، دیسان هەر لە قازانجی چەوساوەکاندایە کە ئیدی چەوسێنەر لە کاروباری خۆیدا ئەو ئازادیەی نییە و دەبێ تێچووی کارەکانی بدات. بە گشتی، لە ئیمڕۆدا، شەرعیەتی دەوڵەتەکان لەسەر هەڵسوکەتی دەرەکی وەکوو پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان نییە بەڵکوو هەڵسوکەوتی ناوەکی لەگەڵ خەڵکی خۆی ئەم شەڕعییەتە دیاری دەکرێت. لێرەدا باسی ئەوەیە کە دەوڵەتەکان نابێت ئەم پرسە بە دەستێوەردان لەناو ببەن بەڵکوو دەبێ ئەوە بزانن کە ئیدی سەردەمی ڕەشی دەسەڵاتی خوێنمژانە نەماوە و خواردنی مافی پەراوێزخراوەکان بە ئاسانی جاران ناکرێت و دەبێ رێز لە هەموو مرۆڤەکان و مافەکانیان بگیردرێت و دەسەڵات لەگەڵ هەموواندا دابەش بکرێت و کەمینەکانیش وەکوو ئەوانیتر خاوەنی مافی رەوای خۆیان بن. زۆربەی ئەو بڕیارنامە و پەیماننامانەی کە لە ماوەی ساڵانی 1948 تا 1990ی زائینیدا دابین کران بوون بە هۆی گۆڕینی چەمکی دەسەڵات. ئیدی هیچ دەوڵەتێک ناتوانێت بە پێی بڕگەی حەوتەمی مادەی دووهەمی هێڵکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان، دۆخی مافی مرۆڤ بە پرسێکی ناوخۆیی لەقەڵەم بدات.

دۆخەکە ئێستا بەشێوەیەکە کە دەوڵەتەکان هەڵویست دەردەبڕن کە ئەمانە دەستێوەردانە لە کاروباری ناوخودا و ئەمە هەواڵێکی خۆشە بۆ زەحمەتکێشانی بواری مافی مرۆڤ. هەڵبەت، لەڕاستیدا بڕیار نییە مافی مرۆڤ و دەوڵەت دژ بە یەک بن بەڵکوو ئامانج لە دامەزراندنی دەوڵەت پاراستنی مافی مرۆڤە نەک زەوتکردنی ئەو مافانە لە خەڵک.

داگرتنی بابەت

فەلسەفەی مافی دیاریکردنی چارەنووس

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان