ئارامتر بخوێنەوە
مامەڵاتی ئاریاتەباری لە نێوان ئێران و ئاڵمان؟
برایم فەرشی
دەروازەی باس
دامهزراندنی حکومەتی ئیسلامی (فارس-شیعە) وەک حکومەتی هیتلێر لە سەدەی بیست هەڵەی گەورەی مرۆڤایەتی بوو. یەکیان سڕدرایەوە و وەک مێژوو باسی لێ دەکرێ، ئەویتر ٤٤ ساڵە سەرەڕای پێشێلکردنی هەموو بڕیاڕ و پڕێنسیپەکانی ناودەوڵەتی و پێشێلکردنی هەر چهشنه مافێکی ئینسانی لە لایەن دەوڵەتان و دامودەزگای جیهانی وەک حکومەتێکی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵدا دەکردرێ، لە کاتێکدا جینایاتی دژی بەشەری حکومەت شاراوە نییە!
حکومەتی ئیسلامی لە شەڕی ئێران و عێراق (١٩٨٠ بۆ ١٩٨٨) بۆ پاککردنەوەی مەیدانی مین، وڵاغیان بەکار هێنا، دواتر به ئهمری خومەینی ڕێگا بۆ منداڵان و لاوان به بێ ئیزنی دایک و باوکیان کرایەوە بۆ ئهوهی ڕهوانهی بهرهکانی شهڕ و مهیدانی مین بکرێن.
لە ڕێگای مێدیا، فێرگە و مزگەوت بانگەوازی چوون بۆ شەڕ کرا و «شەهید»بوون، کرا بە ئامانج بۆ منداڵان و لاوان. بۆ ئەم مەبەستە “حەوت سەد هەزار کلیلی پلاستیکی بە ناوی کلیلی بهههشت لە تایوان سفارش درا و پێنجسەد هەزار منداڵی نێوان دوازدە بۆ شازدە ساڵ کلیل لە مل ڕەوانەی سەر مەیدانەکانی مین کران.” حکومەتی ئیسلامی ئێران لە کتێبی دەرسی “ پۆلی هەشت باس لە کوشتنی ٣٦ هەزار منداڵی نێوان ١٤ بۆ ١٦ ساڵ دەکات. یەک لەوان لە وەسیەتنامەکەیدا نووسیوه: چاردە ساڵ لە تەمەنم دوور لە ئەڵا بە فیڕۆ تێپەڕی. چەند شیرینە شیرینە شیرینە مەرگ”
ناسیۆناڵ سوسیالیستەکان وەک حکومەتی ئیسلامی ئێران حەولیان داوە مێشکی منداڵان بشۆنەوە. کڵاودیا هایدنفێلدر دەنووسێ: لە لایەنی ئیدئۆلۆگی مێشکی منداڵان دەشۆردرایەوە. بۆ زۆر لەو منداڵانە شەڕ چەشنێک حەماسە بوو، ئۆنیفۆرم لەبەرکردن شانازی و چەک لە دەستدا بوون چەشنێک گەمە بوو. (Claudia Heidenfelder: Kindheit im Zweiten Weltkrieg)١
حکومەتی ئیسلامی ئێران لە سپتامبری ٢٠٢٢ پاش مەرگی ژینا ئەمینی، ڕووبەڕووی ڕاپەڕینێکی مەزنی منداڵ و لاو و ژنان هات و سەدان کەسیان لە سەر شەقام غەرقی خوێن کران و بهرپرسان ههڕهشهی کوشتنی دهههزار کهسیان کرد. قازیی مهرگ به باوکی یهک له ئێعدامکراوانی شاری کرج کە ویدیۆی قسەکانی لە ئینترنێت بڵاوکرایەوە، گوتبوو:” ئهگهر ئێعدام نهکهم چی وڵامی خودا بدهمهوه!؟”
ڕژیمی ئیسلامی ئێران وەک ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان، به پێی ئهم تێگهیشتنه له خودا، ئیسلام، سیاسهت و حکومهت، چل و چوار ساڵە دهکوژێ و تهرەفی سیاسی و بازرگانی و دیپلۆماسی دهوڵهتان ماوهتهوه. لەم بابەتەی بەردەست ناکرێ باسی سیاسەتی ئێران لە مەڕ وڵاتان بکرێ، بەڵام دەکرێ ئاوڕ لە دوو وڵاتی ئێران و ئاڵمان بدرێتەوە، کە پێوەندیی تایبەتیان لەگەڵ یەک هەبووە!
بۆ نووسینی ئەم بابەتە جگە لەو کتێبانەی کە لە خوارەوە هاتووە لە بابەتی پێوەندیداری ناو گۆڤار، ماڵپەڕی ئینترنێت، یوتووپ کەڵک وەرگیراوە.
ئاڵمان خۆشەویستی ئێران
“ ئاڵمان لە ناو “یەکێتیی ئورووپا، وڵاتی خۆشەویستی ئێرانە! ئێمە خەلکی ئاڵمانمان خۆش دهوێ. ئێمە دەوڵەتی ئاڵمانمان خۆش دەوێ. ئێران و ئاڵمان پێوەندییەکی تایبەتیان لەگەڵ یەک هەیە. ئێمە بە پێی مێژووش پێوەندی باشمان لەگەڵ یەک هەبووە” ئەوە قسەی سەفیری ئێران عەلی رەزا عەتارە لە بەرلین و مەحموود ئەحمەدی نیژادە لە وتووێژ لەگەڵ کاناڵی دووی تەلەڤیزیۆنی ئاڵمان لە مانگی مای ٢٠١٢. هاشمی ڕەفسەنجانی یەک لە سەرانی سەرەکی ڕژیم، ساڵی ۱۹۹٦ بۆ ئیسباتی دۆستایەتی دوو “میللەت” گوتی:” هەر دوو خەڵک(نەتەوە) لە نیژادی ئاریاین Beide Volker sind arischer Rasse!”. ئەو ساڵی ۲٠٠۸ تێگەیشتنی هاوبەشی ئێرانی – ئاڵمانی قووڵتر نەخشاند: “ئێمە ساڵی ۱۹٤۱ لە لایەن سۆڤیەت و هاوپەیمانان وڵاتەکەمان داگیر کرا، هەر وەک چۆن ئاڵمان ساڵی ۱۹٤٥ لە لایەن ئەوانەوە داگیر کرا.” ئەو لە درێژەی قسەکانیدا دەبێژێ:” ئێمە ساڵی ۱۹۷۹ ئەم پێوەندیانەمان پچراند.” مەبەستی پێوەندی لەگەڵ سۆڤیەت و وڵاتانی هاوپەیمانی هەر دوو شەڕی یەکەم و دووهەم بوو. بەڵام لەگەڵ ئاڵمان ئەو کارە نەکرا.
ڕەفسەنجانی شیعە مەزهەبی فارس، عونسوری نیژاد لە نێوان ئاڵمانی و ئێرانی (فارس) بە گرنگترین بنەمای دۆستایەتی و نزیکی دادەنێ و بە ئاشکرا ئاڵمان و ئێران لە سەردەمی نازی هاو بەرە (مێژوویی – ئیدئۆلۆژیک) دەبینێ و ئەوە دەسەلمێنێ کە ئاریایی (فارس) بوون، موسڵمانی شیعە بوون و تێگەیشتنی ڕاسیستی ڕەگی هاوبەشیان هەیە. لە رۆژی ۱۷ ی ئاپریلی ۱۹۹۷ بۆ یەکە جار یەک لە ئەندامانی پارلەمانی ئاڵمان “Karsten D. Voigt” ناڕاستەوخۆ قسەکانی ڕەفسەنجانی سەلماند وگوتی: “ تێگەیشتنی ئێرانییەکان سەبارەت بە دۆستایەتی ئێران و ئاڵمان ئەوە بوو کە لە سەردەمی قەیسەر ویلهێلم، کۆماری وایمار و هیتلێرەوە، ئەم دۆستایەتی یە هەبووە.”
ئێران و قەیسەری موسڵمان
حزبی ناسیۆناڵ سۆسیالیستی ئاڵمان ساڵی ١٩٢٠ دامەزرێندرا و ڕۆژی ٣٠ی ژانویە ١٩٣٣ هیتلێری گەیاندە حکومەت. وەزارەتی دەرەوەی ئێران ساڵێک پاش هاتنە سەر کاری هیتلێر، لە ڕۆژی (۶ دی) ٢٧ی دێسامبری ساڵی ١٩٣٤ (۱۳۱۳ شمسی) لە ڕێگای ئاگادارییەکی فەرمی داوای لە وڵاتان کرد، لەو ڕۆژە بە دواوە، ئەم وڵاتە بە ناوی ئێران بناسرێ. واتە ٩ ساڵ پاش هاتنە سەرکاری ڕەزا شا، کە ساڵی ١٩٢٥ کرایە شای ئێران و لە جەنگەی شەڕی دووهەم ساڵی ١٩٤١ لابردرا.
مێژوونووسانی پارس ناوی ئێران دەگەڕێنەوە بۆ پێشنیاری سەعید نەفیسی، محەمەد عەلی فروغی و سەید حەسەن تەقی زادە، کە پۆستیان لە حکومەتی ڕەزاشادا هەبوو. فارسەکان وشەی ئێران بۆ وشەی ئاریایی دەگەڕێننەوە و ئاریایی بە نیژادی خالس و نەجیب زادە مانا دەکەنەوە و پشت بە شانامەی فردەوسی و ئەوێستا دەبەستن. نازییەکانی ئاڵمان هەر لەو سەردەمە خۆیان بە ئاریایی و نیژادی خالس و نەجیب زادە و بانتر لە ئەوانی تر دەزانی. بەر لە سەرهەڵدانی نازییەکان قەیسەری ئاڵمان ویلهێلمی دووهەم، ساڵی ١٨٩٨ سەفەری بۆ فەلەستین و ئەستانبووڵ و دەمێشق کرد و لە سەر گۆڕی سەلاحەددینی ئەییوبی قسەی کرد و لە ناو موسڵمانان دەنگۆ بڵاو کرایەوە کە قەیسەری ئاڵمان بۆتە موسڵمان و ناوی خۆی ناوە محەممەد، دوابەدوای ئەو سەفەرە، ئاڵمان لە ڕێگای سوڵتانی عوسمانییەوە جیهادی ئیسلامی دژی ڕووسیە و بریتانیا ڕاگەیاند، کە شازدە ساڵ دواتر واتە ١٩١٤ لە کاتی شەڕی یەکەم بوو بە سەرمایەی سیاسی ئاڵمانییەکان لە شەڕ دژی ڕووس و بریتانیا. ئەوەش هەر ئەو دوژمنە هاوبەشەی ئێران و ئاڵمانە کە ڕەفسەنجانی باسی لێوە کردووە.
سەفەری قەیسەری ئاڵمان، شەڕی یەکەم و سەرهەڵدانی نازیسم لە سەر موسڵمانان و ئاریایی تەبارەکان کارتێکردنی قووڵی بەردەوامی هەبووە و هەیە. پاش وەڕێخستنی ڕادیۆ بە زمانی فارسی لە بەرلین لە ساڵانی پاش ١٩١٩ فارسی زان و فارس زمان کەوتنە ژێر کارتێکردنی پروپاگەندەی ئاریایی – ئاڵمانی کە لە درێژەدا خۆی لە نازیسم و فاشیسم دا دیتەوە.
بە پیی بەڵگەنامەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان پیوەندی “پارس و جێرمن” لە سەر بنەمایی ئاریایی چروپڕ بووە و ئاڵمان لە لایەنی فکریی، سیاسی، نیزامی، ئابووریی، سەنعەتی و سازکردنی رێگا و بان تەرەف مامەڵەی ئێران بووە و هەر بە پیی ئەو بەڵگەنامانە، هەر وەک چۆن یەکەم جاڕنامەی جیهادی ئیسلامی پێشنیاری ئاڵمان بووە بۆ سوڵتانی عوسمانی، بە هەمان شێوە گۆڕینی ناوی پارس، پێرشین بۆ ئێران، پێشنیاری نازییەکان و وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان لە ساڵی ١٩٣٤ بوو.
ئەوەش دەزاندرێ زۆرێک لە “ڕووناکبیران”ی پارس و ئازەری و بگرە کورد لە ئاڵمان خوێندوویانە و بیریی نازیسم و ئاریایی هاوکات تەشەنەی ساندووە و ڕێک لەو سەردەمە لە تاران خۆخەریککردن بە سەردەمی کۆن و ئاوڕدانەوە لە نیژاد پەرەی ساند و لە ناو کورد و ئازەری و ئەوانی تر ئارایاییبوون ڕەنگی فکریی و ئیدئۆلۆژیکی پەیدا کرد و کەسانی وەک ڕەشید یاسەمی کورد، ئەحمەد کەسرەوی ئازەریی ئاریاییبوونیان تیئۆریزە کرد و ڕەنگی مێژوویی یان پێبەخشی. کەسانێکی وەک تەقی ئەرانی ئەو کاتەی کە لە ئاڵمان بوو، تا ئەو ڕادەیە لە شونیسمی فارس نزیک بووە، داوای توواندنەوەی میللەتی ئازەری و لە ناوبردنی زمانەکەیانی کرد، کە زمانی دایک و باوکی خۆی بوو. ئەرانی دواتر لە گەڕانەوە بۆ ئێران بوو بە یەک لە پێشکسوەتانی کۆمۆنیسم و حزبی توودە. پرۆسەی لە ئازەرییەوە بۆ ناسیۆنالیسم و شوونیسمی فارس و دواتر کۆمۆنیسم و بە پێچەوانە، لە ناو نوخبەی کورد و ئازەری و نەتەوەی نەفارس جێی تێڕامانە.
ئیسلام و فاشیسم
موسلینی پاش قهیسهری ئاڵمان تێگەیشت، که دەکرێ موسڵمان بۆ لای خۆیان ڕاکێشن، ئەو یەکەم کەس بوو کە وەشانی ڕادیۆی بە زمانی عەڕەبی لە ئورووپاوە دەست پێکرد. ساڵی ١٩٣٤ ڕادیۆ باری Bari بەرنامەکانی بە زمانی عەرەبی دەست پێکرد. ئەوان دەیانزانی وڵاتانی عەڕەبی لە نەخوێندەوەرایدا نوقم بوون. بە پێی ئامار ساڵی ١٩٣١ نەخوێندەواری لە فەلستین زیاتر لە ٧٥ لەسەد، ساڵی ١٩٤٥ لە میسر٨٠ لە سەد و لوبنان ٨٥ لە سەد بووە. لە ئێران لە سەردەمی شەڕی دووهەم و پێشتر نەخوێندەواری وەک وڵاتانی ناوچە بووە و ساڵی ١٩٧٦ (۱۳۵۵) لهو پهڕی حکومهتی شاههنشاهی که جاڕی گهیشتن به دهروازهی تهمهدوونی گهوره لێدهدرا، نهخوێندهواری باڵای ٥٢ له سهد بوو. کچان و ژنان ٦٥ له سهد نهخوێندهوار مابوونهوه. ئهو کچ و ژنانهش که به خوێندهوار دهژمێردران مهدرهکی شهش بۆ نۆیان ههبوو. ئهم ئامارانه دهریدهخهن که نیوهی خهڵکی ئێران له ساڵی ١٩٧٩ نهخوێندهوار و مرۆڤی موسڵمان بوون که وهشوین خومهینی کهوتن.
چوار ساڵ پاش ئیتالیا لە ساڵی ١٩٣٨ ساڵێک بەر لە شەڕی دووهەم، فەڕانسە، ژاپۆن، سۆڤیەت، بریتانیا بەرنامەیان بە زمانی عەرەبی دەست پێکرد، ساڵی ١٩٣٩ ئاڵمان بەرنامەی بە زمانی عەربی و ١٤ زمانی تر دەست پێکرد، سەرجەم بەرنامەکان لە ژێر چاوەدێری پرۆپاگەندی نازییەکان بەڕێوە دەچوو، نازییەکان سەرکەوتووتر بوون و پێشتر لە جەنگەی شەڕی یەکەمەوە بەرنامەیان بە زمانی فارسی و تورکی لە بەرلینەوە بڵاوکردبووه. مێدیا بە تایبەت ڕادیۆ لە شەڕی یەکەم و دووهەم دەوری کاریگەری لە شەڕدا گێڕا.
نازییەکان نە تەنیا بۆ پرۆپاگەندەی نازیسم، بەڵکوو بۆ مەسەلەی جاسووسی و تەشەنەبەخشین بە دوژمنایەتی جوو لە ناو موسڵمانان لە ڕادیۆ کەلکیان وەرگرت و زۆرتر و زۆرتر ئەم مەسەلەیان بردە ناو خەڵکی موسڵمان بە فارس و عەڕەب و تورک و ئەوانی ترهوه. نازیسم لە ڕێگای پێوەندی ڕاستهوخۆ لەگەڵ موفتی موسڵمانان و ناسیۆنالیستەکانی عەڕەب و تورک و فارس ئهوانیان له دژی جوو و ڕووس و بریتانیا هان دا. بە پێی بەڵێنێک کە هیتلێر لە ٢٨ نوامبری ساڵی ١٩٤١لە بەرلین بە موفتی موسڵمانانی دابوو، ئهگەر سپای نازیسم بگاتە باڵکان سەرجەم جوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئافریقا بنەبڕ دەکرێ. بە پێی ئهم بهڵێنه دەبوو ٧٠٠٠٠٠ حهوت سهت ههزار جوو لە ناو ببردرێن و نەسلیان بنهبڕ بکرێ.
قڕکردنی ئەرمەنییەکان بە پێی تێگەیشتنی فاشیستی- ئیسلامی لە ٢٤ی ئاپریلی ١٩١٥ لە میانەی شەڕی یەکەم هەتا ساڵی ١٩٢٣ به ئهمری ئاتاتورک که ئاڵمانیش تۆمەتبار به بهشداریکردن دەکرێ، یهک پرۆژهی فکریی-ئیدئۆلۆژییه که جوو، ئەرمەن و کورد له خۆ دهگرێ. بڕیاری ٤ی مانگی مای ١٩٣٧ لە لایەن ئاتاتورک بۆ قهتڵوعامی کورد، درێژەی قەتڵ وعامی نهتهوهی نەتورک بوو. قەتڵوعامی دەرسیم بە پێی هەمان بنەمای فکریی قڕکردنی جوو و ئەرمەن ڕووی دا. کورد و ئەرمەن و جوو کۆنترین نەتەوەی مێزۆپۆتامیا بوون و هەن و ئەم سێ نەتەوەیە لە لایەنی ژێنێتیک زۆرترین ژێنی هاوبەشیان لەگەڵ یەکدا هەیە و له گهڵ تورک و عهڕهب و فارس خزمایهتییان نییه. هەر سێ نەتەوە لە لایەن موسڵمانان بە گشتی و عەڕەب و تورک و فارس هەڕەشەی لە ناوبردنیان لە سەر بووە.
ئاکامی پرۆپاگەندەی نازیی لە ڕێگای ڕادیۆوە لە وڵاتانی عەڕەبی و بەتایبەت له بەغدا خۆی نیشان دا، لە یەک و دووی مانگی ژوئن ساڵی ١٩٤١ لە ماوەی ٣٠ سەعات، ١٨٠ ژن و منداڵ و گەورە و بچووکی جوو کوژران و دواتر تەرمی ٦٠٠ی دیکە دۆزرایەوە. بی بی سی هەواڵی ئهم کۆمهڵکوژییهی بڵاو کردەوە. ناسیۆنالیستەکانی عەڕەب له لایهن کەسانی وەک “ڕەشید عەلی ئەل گەیلانی” ڕا ڕابەرایەتی دەکران و ساڵی ١٩٣٩ بەو لاوە، لە ژێر پرۆگرامی “فەرهوود” قەتڵوعامی جوویان لە بەغدا وەڕێخست، ئهوان به تهنیا لە ژێر کاریگەری نازیسم، نهبوون لە پێوەندی لەگەڵ ئەواندا بوون.
فارس، ئیسلام و نازیسم
هەستی هاوبهش بە پێی تئۆری ئاریاییبوون، گهیشته ئهو ئاستهی ئاڵمانییەکان له ساڵی ١٩٣٣ بەو لاوە دەستیان کرد بە ڕاهێنانی تەکنیکی ئێرانییهکان و ماماڵەتی تیجاری هەتا ٤٧ لە سەد ههڵکشا و ئاڵمان دەوری معماری سەنعەتی ئێرانی پهیدا کرد و یەک لە کارەکانیان کێشانی خەتی ئاسن بوو.
لە میانەی شەڕی یەکەم ئاڵمان و ئێران خۆیان به دوژمنی هاوبەشی ڕووسیا و بریتانیا دهزانی، لە میانەی شەڕی دووهەم هەستی نزیکبوونهوه لە نازیسم پهرهی ساند. ڕادیۆ بەرلین بە زمانی فارسی له ههر شوێن دهبیسترا، خهڵک له بهر چایخانهکان که ڕادیۆیان هەبوو، ڕیزیان دەبەست.
ئەلکساندر وینکلەر Alexander Winkler بەرپرسی پرۆپاگەندەی نازی لە نێوان ساڵانی ١٩٣٩ هەتا ١٩٤١لە تاران، لە ڕاپۆرتێکدا کە لە ١٠ی ژانویە ١٩٤٢ بڵاوکراوە، ئاماژە بە لایەنی ئایینی و ئیسلامی ئێرانییەکان دەکات و دەبێژێ: “ هەموو ئەو پرۆپاگەندانەی لایەنی ئایینی هەبێ، کارتێکردنی زۆر لە سەر خەڵکی ئێران دادەنێ.” ئەو باس لە مەزهەبی شیعە و ئیمامی دوازدە (ئیمامی زهمان) دەکات و دەبێژێ:” شیعەکان لە هیتلێردا ئەو کەسایەتییە (ئیمامی زهمان) دەبینن.” ئەمە درێژەی هەمان تێگەیشتنە کە قەیسەری ئاڵمان لە کۆتایی سەدەی نۆزدە پاش سەفەر بۆ دمێشق لە سەر گۆری سەلاحەدین چەسپاندی و زۆر لە موسڵمانان بانگەوازی ئەوەیان دەکرد کە قەیسەر بۆتە موسڵمان. هیتلێری ئاریایی، دژی جوو و بریتانیا و ڕووس، زۆر بە ئاسانی دەیتوانی ببێتە ئیمامی زەمانی شیعەی ئێران. پاش ئهو خومەینی ئهو دهورهی گێڕا.
وینکلەر دەلێ:” لە فەناتیزمی شیعەی ئێران پۆتانسیلی بەهێز هەیە کە دەتوانێ بە سوودی ئێمە تەواو بێ.” ئەو ئیشارە بە دژایەتی بەهێزی شیعە لە دژی جوو دەکات، کە هەمان تێگەیشتنی نازیسم لە دژی جووە. ئەروین ئەتەل Erwin Ettel سەفیری ئاڵمان لە تاران ئەم ئیدەیەی وینکلەری وەرگرت و بە گرێدانی دوو سەدەی حهوت و بیست، تئۆری دژی جووی ڕوونتر دەربڕی:” بۆ ئەوەی ڕێگای دژی جوو خۆش کرێ، دەبێ شەڕی محەممەد بە دژی جوو لە سەدەی ٧ بە سەدەی بیستەوە گرێ بدرێ، بۆ ئەو مەبەستە دەکرێ لە سوڕەی ٥،٥٨ قورعان کەڵک وەربگیرێ.” سەفیری ئاڵمان پێشنیار بە وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان دەکات بۆ چهسباندنی پرۆپاگەندە، ئەم سوڕەیەی قورعان” ڕاستی جووەکانت لە لای هەر مرۆڤێک بۆ دەرکەوێ” و ئەو قسەی هیتلێر لە کتێبی “خەباتی من Mein Kampf “بە پارێزگاری کردن لە خۆم لە حاند جوو، خەبات دەکەم دژی بەرهەمهێنەرەکەی”، لە یەک گرێ بدرێن. بهم چهشنه ئهوان لهم ڕێگایهوه شیعه و نازسیسم، هیتلێر و ئیسلامیان له یهک گرێ دا.
بۆ وڵاتێک که زۆرینهی خهڵکهکهی موسڵمان و شیعه و نهخوێندهوار بوون، سهرکهوتنی پرۆپاگهندهی لهم چهشنه مسۆگهر بوو. هاتنی خومهینی و دامهزراندنی حکومهتی شیعه له ساڵی ١٩٧٩ ئهوهی سهلماند که دهکرێ تێگهیشتنی فاشیستی و ئیسلامی یهک بگرنهوه. شهڕی ئێران و عێراق و شهڕ دژی نهتهوهکانی وهک کورد، سهلماندی، که دهکرێ ئاپۆرهی خهڵک بۆ قهتڵوعامی نهتهوه و ئایینی جیاواز بهکار بهێندرێ.
گرێدانی وتەکانی هیتلێر و قورعان، گرێدانی “ ئیسلام – شیعە- ئاریاتهباری- فاشیسم” بوو، که مرۆڤی فارس- ئێرانی- شیعه خۆیان تێدا دیتهوه و چل ساڵ دواتر ساڵی 1979 حکومهتی ئیسلامی – ئیرانی لێکهوتهوه. ئاڵمان بەرهەمهێنەری جیهادی ئیسلامی، ناوی ئێران، بە ناو”ئیسلام ویسنشافت” Islamwissenschaft لە زانستگا و زەریفترین و گرانترین قوڕعان بۆ موسڵمانان بوو. ئاڵمان زیاتر لە ١٢٠ ساڵە لە ڕێگای سازمانی جاسووسی خۆیهوه پێوەندی لەگەڵ سەرانی ئیسلامی شیعە و سونی هەبووە و هەیە و ڕێگای ئاڵمان بۆ ئەوان و کارەکانیان کراوە بووە. ئاڵمان ساڵانە چەند ملیۆن یارمەتی دامودەزگاکانی سەر بە تورکیا و ئێرا ن و وڵاتانی تر دەدا، کە لە ئاڵمان چالاکن.
ئەروین ئەتل لە درێژەی تێزەکانید بۆ پرۆپاگەندە لە ناو ئێرانییەکان بە پاڵپشتی وتەکەی هیتلێر دەبێژێ:” ئەگەر زەین و تێگەیشتنی ئێرانییەکان بتوانین بخەینە ژێر پرۆپاگەندە، زۆرینەی بەرچاوی خەڵک ڕەگەڵ دەکەوەن”. لێرە مەبەست داگیرکردنی زەین و هۆشی ئێرانییەکانە کە بکرێ بە پاڵپشتی ئیسلامی شیعە، ئاریایی تەباریی و وتەکانی هیتلێر جێبەجێ بکرێ.
ڕادیۆ بەرلین لە سەر ئەم تێگەیشتنە بەرنامەکانی بە زمانی فارسی بڵاو دەکردەوە. سەفیری بریتانیا لە تاران Reader Bullard ساڵی ١٩٤٠ لە جەنگەی شەڕدا دەبێژێ:” ئەگەر ئێمە بمانەوێ بە زمانی فارسی بەرنامە بڵاو کەینەوە، ناتوانین لەگەڵ ئاڵمانییەکان بەربەرەکانی بکەین، لە بەر ئەوەی شێوەی زۆردارانە و تۆمەتبارانەی ئەوان باشتر لە ناو خەڵکی فارس وەردەگیردرێ.” ئاڵمان ئەو کات لە وێژەرێکی وەک “بەهرام شاروخ” کە دەنگخۆش و شارەزا بوو، “کەڵکیان وەردەگرت، کە لە ناو خەڵک خۆشەویست بوو. لەم پێوەندیەشدا چۆنیەتی و شارەزایی لە کاری ئاڵمانییەکاندا دەبیندرێ کە تەنیا بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە کە بەرنامە بۆ فارسەکان بڵاوکەنەوە، بەڵکە جگە لە ناوەرۆک دەبوو کەسانێکیان هەبێ کە بە باشترین شێوە ناوەرۆک بگەینێتە گوێگران. قسەکانی شاروخ لە سەر جوو کارتێکردنی ڕاستەوخۆی لە سەر ژیانی جووەکانی ئێران هەبوو.
سفارەتی ئاڵمان لە تاران باسی ساڵی ١٩٤٢ لە گەڕەکە هەژارەکانی تاران دەکات. لەو سەردەمە و دواتر بریتانییەکان سینەما سەیاریان بۆ نمایشکردنی فیلمەکانی خۆیان بەکار دەهێنا، لەوانە فیلمی شەڕ. سفارەتی ئاڵمان باس لەوە دەکات: “کاتێ فیلمی بریتانی پیشان دەدرا، خەڵک لایەنگری خۆیان بۆ هیتلێر دەردەبڕی.”
لایەنگری لە ئاڵمان لە ڕێگای ڕادیۆوە دەگاتە ئەو ڕادەیە کە بریتانییەکان بۆ ئەوەی خەڵک لە گوێگرتن لە ڕادیۆ لە قاوەخانەکان دوور کەنەوە، پۆلیسیان بەکار هێناوە. ڕوونە لایەنی ئیدئۆلۆژیک، “ڕەگەزیی”، ئایینی، سیاسی و پرۆپاگەندەی بهردهوامی ئاڵمانییەکان، کاریگەری لە سەر تێگەیشتن و هەستی خەڵکی ئاسایی هەبووە. ئەوە بە تەنیا خەڵکی ئاسایی ناگرێتەوە و ڕۆشەنبیر و ئاکادمیسین و تێکنۆکراتەکانی ئێران لە خۆ دەگرێ. وێنهیهکی بهرچاو له سیاسهتی ئاڵمان بهرانبهر به ئێران و شیعه له سازکردنی ناوهندی گهورهی ئیسلامی هامبورگ بهرچاو دهکهوێ. ئهم ناوهنده له سهر دهستی گهورهکانی شیعه پێک هات و سهید محهممهد بههشتی ئیدئۆلۆگی حکومهتی ئیسلامی و ولایهتی فهقی، بهرپرسی بوو. ئهو له مانگی ڕهشهممهی ساڵی ١٣٤٣ (١٩٦٤) ههتا ساڵی ١٩٧٩له هامبورگ دهژیا و ههر ئهو پێکهێنهری “ئیتحادیهی ئهنجومهنی خوێندکارانی موسڵمان” له ئورووپا بوو. بههشتی یهکێک له نزیکانی مووسا سهدر و خومهینی بوو که پڕۆژهیان سازکردنی حکومهتی ئیسلامی بوو.
ئیسرائیل، ئاڵمان و ئێران
ساڵی ٢٠٠٨ ئانگێلا مێرکل لە پارلەمانی ئیسرائیل ڕوو لە پرلەمانتارانی ئیسرائیل گوتی: “ هەموو سەرۆکوەزیرانی ئاڵمان خۆیان لە حاند پاراستنی ئەمنیەتی ئیسرائیل بەرپرسیار دەزانن و بۆ من وەک سەرۆکوەزیرانی ئاڵمان ئەم مەسەلەیە بە هیچ شێوەیەک جێگای مامەڵە نییە.” له بهرانبهر ئهم سیاست و ویسته، ڕژیمی ئێرانی ئیسلامی لە ڕۆژی هاتنە سەر کاری، خوازیاری “نابوودی ئیسرائیل” بوو. ئهم دوو سیاسهت و ویستی دژ بهیهکه، چۆن له گهڵ یهکدا گونجاون؟!
سەفیری ئاڵمان لە تاران بێرند ئێربل Bernd Erbel لە ئۆکتۆبری ٢٠١١ لە جەنگەی ئێعدامەکانی ئەو ساڵە بە بۆنەی یەکگرتنەوەی ئاڵمان دەبێژێ: “ پێوەندی و یەکگرتوویی ئێمە لە تەک ئیسرائیل بەو مانایە نییە پێوەندی تایبەتمان لەگەڵ ئێران بەردەوام خاستر نەکەین! زۆر نین ئەو وڵاتانەی ئێمەی ئاڵمانی سەدەکان پێوەندی خۆشەویستانە و دۆستانەمان لەگەڵیان بووبێ.”
ئاڵمان بەردەوام ژێر دەریایی و چەکی بۆ ئیسرائیل ناردووە، بە بێ ئەوەی ئێران ناڕەحەت بکات، لە هەمان کات بەردەوام پێوەندی ئابووریی، سەنعەتی، تەکنیکی و بازرگانی لەگەڵ ئێران پێش خستووە، بە بێ ئەوەی بە وتەی خۆیان ئیسرائیل بریندار بکەن. ئەم سیاسەتە دەریدەخات ئیسرائیل و ئێران لهم بهر و ئهو بهری ئاڵمان یهکتر دهگرنهوه!
ئاڵمان بۆ ئەوەی سیاسەتی دژ بە ئامریکا و ئیسرائیل پەیدا نەکات، دوو فێڵی بەکار هێنا، یەکەم سیاسەتی هاوکاری و ڕەخنە لەگەڵ ئێران، دووهەم ئەوەی لە نێوان ئیسرائیل و ئێران قەراردادێکی هاوچەشنی ئامریکا و شوورەوی وەک سەردەمی شەڕی سارد ببەسترێ. واتە ئێران خەریکی پڕۆژەی ئەتۆمی خۆی بێت، بەڵام دان بەوە دابنێ کە ئەگەر بۆمبی ئەتۆمی بوو، پەلاماری ئیسرائیل نەدا. ئەم سیاسەتە سەری نەگرت.
بۆمب و ئێران
سارکۆزی سەرۆککۆماری فەڕانسە ساڵی ۲٠٠۷ هۆشداری دا لە سەر حەولەکانی ئێران بۆ سازکردنی بۆمبی ئەتۆم. کاتێک ساڵی ۲٠۱۲ ئامریکا و کانەدا و بریتانیا بانکی مەرکەزی ئێرانیان بە هۆی بەشداری لە پرۆژی ئەتۆمی بایکۆت کرد، ئاڵمان دهرگای کراوهی بۆ مامهڵاتی بانکی مەرکەزی و هێندێک شرکەتی ئاڵمانی هێشتهوه، ئهوه هەمان سیاسەته که له شهڕی ئۆکراین سەبارەت بە ڕووسیە پهیڕهو کرا و دوو بانکی سەرەکی که مامەڵەتی نەفت و گازیان جێبهجێ دهکرد، بایکوت نهکران. یەک لەم شوێنانه ئهنجومهنی موههندیسی و بهرههمهێنانی ماشێن و کارخانهگهلی ئاڵمانی Verband deutscher Maschinen und Anlagenbau بوو. ئهندامانی ئهم ئهنجوومهنه مامەڵاتیان له گهڵ ئێران بهردهوام مایهوه. لهم ئهنجومهنه ٣٥٠٠ شیرکهت و کارخانهی ئاڵمانی و ئورووپی ئهندام، زیاتر له ۳٠٪ سی له سهدی مامەڵاتی سەنعەتی و تەکنیکی له گهڵ ئێرانیان جێبهجێ کردووه. ساڵی ۲٠۱٠ و ۱۱ گوترا ئێران لە سازکردنی بۆمبی ئەتۆم نزیک بۆتەوە، ئامریکا و ئیسرائیل حاڵەتی دژی شەڕ لەگەڵ ئێرانیان پهیدا کرد، بهڵام ئاڵمان سیاسهتی دیالۆگ لەگەڵ تارانی بهڕێوه دهبرد. هاوکاری شیرکەتەکانی ئاڵمانی و دامودەزگاکانی ڕژیم کە خەریکی سازکردنی بۆمبی ئەتۆم بوون، شاراوە نەبوو، شیرکەتی Öko –Metrople Freiburg هاوکاری نزیکی لە تەک ناوەندی چەکی ئەتۆمی ئیسفاهان هەبووە و هەیە و شارداری (فرایبورگ) بە پێی وتەی Mattias Künzel دۆستایەتی لە تەک سەرۆککۆماری ئێران ئەحمەدی نیژاد (٢٠٠٣-١٣) هەبووه.
مامەڵاتی ئاڵمان – ئیران
پڕۆژهی ئاڵمان و ئێران دەیان سیاسەتمەدار و مێدیاکاری ئاڵمان و ئورووپی لە خۆی گرتووه کە بە ئاشکرا و نهێنی لەگەڵ مۆرەکانی رژیم هاوکاریان کردووه بۆ ئهوهی دهور و ڕۆڵی ئاڵمان لە ٥+۱ به سوودی ئێران مسۆگهر بکرێ.
وەزارەتی ناوخۆ و دەرەوە، ئابووری، سەنعەت و ماڵی ئاڵمان لە ڕەدەی هەمە جۆر بەشداری ئەم پرۆژەیە بوون و بە دەگمەن مێدیای ئاڵمان باسی ئەو پێوەندی و دیدارانەی کردووە و بە پێچەوانە زۆر جار مێدیای ڕژیم هەواڵی دیدارەکانی بڵاو کردۆتەوە، بۆ وێنە دیداری ڕهسمی “مەهدی زەفاری” نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە ساڵی ۲٠٠۸ کە لەگەڵ زۆربەی وەزارەتخانەکانی ئاڵمان دانیشت و له مێدیای ئاڵمان ڕهنگدانهوهی نهبوو.
بونیادگهلی سهر به حزب و حکومهت و کۆنسێرنهکان که ههر کام به ڕواڵەت بۆ کاری زانستی کولتوری و پەرەپێدان به دێمۆکراسی و شتی تر سازکراون و ناوی نووسەر و کەسایهتی بهناوبانگیان بهسهرهوهیه، دهوری تایبهت بۆ حزب و دهوڵهت و شیرکهت و کۆنسێرنهکان دهگێڕن. یەک لەوانه بونیادی کۆربهره Körber-Stiftung. ئهو بونیاده وهک خۆیان له ئینترنێت باسی دهکهن، ساڵی ۱۹٥۹ بۆ حەوت مەبەست دامەزراوە، یەک لهوانه، پەرەپێدان بە دێموکراسییه.
ئهوان هاوکاری بهردهوامیان له گهڵ کاربهدهستانی دیکتاتۆری ئێران وهک”مەهدی زەفاری” ههبووه و لە ساڵی ۲٠٠۷ بەو لاوە بەردەوام بەرپرسانی باڵای حکومەتی ئێران لە ژێر ناوی “وتاربێژ” بانگ کراون، لەوانە “عەلائەدین بروجردی” بەرپرسی ئەمنیەتی نەتەوەی ئێران مارس ۲٠٠۷، “سەعید جەلیلی” جێگری وەزارەتی دەرەوه و دۆستی ئەحمەدی نیژاد یۆنی ۲٠٠۷، “حەسەن ڕووحانی” کە پۆستی هەمە جۆری هەبووە و ئاخر پۆستی سەرۆک کۆمار، سپتامبری ۲٠٠۷، “مەنوچێر موحەممەدی” جێگری وەزارەتی دەرەوە فوریەی ۲٠٠۸.
ئەمانە و کەسانی لەو چەشنە کە پۆستی دەوڵەتی و سیاسییان هەبووە و له بەرپرسانی دیکتاتۆری ئێران بوون بە ناوی شارەزا لە ژێر ناوی وتاربێژ (ڕهنگه بۆ پێشخستنی دێمۆکراسی) بانگ کراون بۆ ئەوەی مامەڵاتی سیاسی بازرگانی سەنعەتی و نیزامی و ئەمنیەتی بەڕێوە بەرن. وتاربێژانی به ناو ناوهندی پهرهپێدانی دێموکراسی، میوانداری بهرپرسانی پله بهرزی دیکتاتۆری ئیسلامیی ئێران بوو.
لە سەردەمی شەڕی دووهەم ئهمریکا گهلێک بونیادی لهو چهشنهی ساز کرد، یهک لهوان” بونیادی پەرەپێدانی دێمۆکراسی لە ئورووپا” بوو. که دواتر دهرکهوت بهرنامهی سازمانی سیا بووه و لهو ڕێگایهوه دهیانتوانی له ئینتێلئهکتۆئێل و نووسهر و بیرمهند و ناوهندهکانیان نزیک ببنهوه.
سیاسەتی هاوکاری لە جیاتی دژایەتی بەرانبەر ئێران لە سەردەمی هیلمۆت کۆل سەرۆک وەزیران و هانس دیتریش گێنشێر وەزیری دەرەوە دەستی پێکرد و درێژەی پێدرا. گێنشێر لە ساڵی ۱۹۸٤ لە جەنگەی شەڕی ئێران و عێراق ئەم سیاسەتەی هێنایە گۆڕێ و کرا بە سیاسەتی ڕەسمی ئاڵمان، ئەمەش لە کاتێدا بوو کە دەوڵەتی ئاڵمان باش دەیزانی لە ئێران چی تێدەپەڕێ و ڕژیم لە ناوخۆ و ناوچەکە چی دەکات. دەیانزانی ئێران لە ئاڵمان بە تایبەت لە بۆن و کۆڵن و هامبورگ لە ڕيگای بە ناو ناوەندی فەرهەنگی خەریکی چییه. ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی و کەسانی وەک شاپوور بەختیار هۆشداریان دابوو بە ئاڵمان کە نەکەونه داوی کۆماری ئیسلامی.
لەبەر ئەوەی پێوەندییەکانی دەیەی نەوەدی نێوان ئێران و ئاڵمان نهێنی هێشتراونهتهوه، کەمترین زانیاری لە بەر دەست دایه. سەرەڕای ئهوه دهزاندرێ لە نێوان ساڵی ۱۹۹٠ بۆ ۱۹۹٦ زیاتر لە ۳٠٠ وەڤدی هەر دووک لا یەکتریان بینیوە.
بە پێی برووشوری Deutsch Handelskammer in Teheran دەفتەری بازرگانی ئاڵمان لە سەفارەتی ئاڵمان لە تاران کە ساڵی ۲٠٠۹ بڵاو کراوەتەوە، ۲٠٠ شیرکەتی ئاڵمانی لە ئێران له چوار سەد بواردا چالاک بوون، ئەوە لە کاتێکدایە کە ئێران لە ژێر گەمارۆی وڵاتانی ڕۆژئاوادا بووه. لە ناو ئەو چوارسەد بوارە شیمی، ماشین سازی، تەکنیک، بواری پزیشکی، بانک، ماڵسازی و بواری تر ههبووه کە بەناوگترین شیرکەتەکانی ئاڵمان تێدا بەشدار بوون، وهک دایملەر، باسف، بایر، بۆش و گەلێکی تر. دووسەد شەریکەی ئاڵمانی لە چوار سەد بواری هەمەجۆر هاوپەیمان و هاومامەڵەی ئێران بوون، کە لە ژێر بایکۆتی نەتەوەیەکگرتووەکان دا بووە.
ئەگەر ساڵی ۲٠٠۹ دووسەت شیرکەتی ئاڵمانی بوونیان هەبوو، ئێستا دەیان شیرکەتی ئێرانی ئاڵمانی دامەزراون کە مامەڵات لەگەڵ ئێران جێبەجێ دەکەن، یەک لەوانە هەمان شیرکەتی ئای تی IT لە شاری دۆسۆلدۆرف بوو، کە دەستی لە کۆنترۆڵ و پچڕانی ئینترنێت لە کاتی ڕاپەرینی ژینادا هەبوو، کە لە مانگی سپتامبری ٢٠٢٢ له لایەن مێدیای ئاڵمانەوە لە قاو درا. ئهم شیرکهت تا نووسینی ئهم دێڕانه بهردهوامه له کارهکانی.
درۆ و فێڵ و تەڵەکەی ئێرانی و سیاسەت
سەفیری بریتانیا Reader Bullard ساڵی ١٩٤٠ لە تاران گوتبووی: “ ئەگەر ئێمە بمانەوێ بە زمانی فارسی بەرنامە بڵاو کەینەوە ناتوانین لەگەڵ ئاڵمانییەکان بەربەرەکانی بکەین، لە بەر ئەوەی شێوەی زۆردارانە و تۆمەتبارانەی ئەوان باشتر لە ناو خەڵکی فارس وەردەگیردرێ!.” لەم ڕۆژانە ۳۱/۱۲/۲٠۲۲ ڕۆژنامەی بیلد نووسیویە حکومەتی ئێران لە ڕێگای بەڵگەنامەی تەزویرکراو، چوار تەیارەی به رێگای قاچاخ بردۆته ناو ئێران. پێشتر هەواڵی قاچاخ کردنی پاپۆری پڕ نەوت لە ڕێگای بەڵگەنامەی تەزویر له لایهن ئێرانهوه بڵاوکرابووە. هەموو ئەو کارانەی ئێران لەو ڕێگایانەوە دەیکات، بۆ دەوڵەتانی ڕۆژئاوا، ئیسرائیل، چین و ڕووسیە شاراوە نییە و ئهوه ڕوونه ئێران بە تەنیا ناتوانێ ئاسمان و ڕێگای ئاو و جادهکان بە بێ بەشداری وڵاتان بۆ قاچاخی ههمهچهشن بەکار بهێنێ.
لەم ڕۆژانە دەرکەوت کە یهک له سەرانی باڵای پارلەمانی ئورووپا کە ئەندامی حزبی سۆسیال دێموکراتی یۆنانه لە لایەن شێخەکانی قەتەرەوە، کڕدراوه. ئەمە کارێکە کە ئێران لە سەردەمی خەشایارشاوە کردوویه و دوو ههزار و چهند ساڵ بهر له ئێستا ئهندام پارلهمانی ئهو کاتەی ئاتێن- یۆنانی بۆ مهبهستی جاسووسی کڕی. ڕهزا شا و محەممەد ڕەزا شا دەیان مێژوونووس، ڕۆژنامەوان، پرۆفیسۆری زانستگا و سیاسەتمەدار و خەڵکی تری ڕۆژئاوایان بۆ سازکردنی مێژووی قەڵب و دوور لە ڕاستی، بۆ سازکردنی تئۆری بێ بنەمایی ئاریایزم و ئێرانیبوون و بۆ داپۆشینی هەموو ئەو پێشێلکاریانەی بەرانبەر بە خەڵک دەکران، کڕی. حکومهتی ئیسلامی بهردهوام بووە له پێشبردنی ئهم سیاسهته. هیچ سفارەتێکی ئێران لە ئورووپا نەبوو کە کەسانی ئاڵمانی و ئوتریشی و سویسی و فەرانسی و بریتانی بە پسپۆریی جیاوازهوه، هاوکاریان نهکات. جگە لەوانە زۆرێک لەو ئێرانیانەی کە لە زانستگاکان و لە شوێنی تر کاریان دەکرد و کار دەکەن، هەرچەند لە ڕواڵەتدا ناتەبا لەگەڵ ڕژیم خۆیان بنوێنن، لە سەمینار و کۆنفرانس و له مێدیا، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ جاڕچی ئێران و حکومهتی ئێران بوون.
رژیم جگە لە دامودەزگای ئیسلامی بەناو کولتوری کە ناوەندی جاسووسی و کاری تیرۆر بوون، لۆبی پشتئهستوور به دهوڵهتانی ڕۆژئاوای ههیه. ڕێگایەکی تر ناردنی ههزاران مۆرهی ڕژیم وەک پەنابەر بۆ وڵاتان بووه، ئهم کهسانه ڕێگایان ئاواڵهیه بۆ ههر شوێن و ههر جێگایهک و دهوری پرد له نێوان کهسانی ناو حکومهت و دامودهزگاکانی دهگێڕن، بۆ وێنه قالیباف شارداری ئهو کاتی تاران له ڕێگای چهند کهسێکهوه له یهکێک له شارهکانی ئاڵمان، به ناوی دهزگای پزیشکی کهرهسەیان قاچاخی ئێران دەکرد.
بە پێی ئاماری IHK خانەی بازرگانی ئاڵمان لە تاران ۲٠٠ شیرکەتی ئاڵمانی چالاکن. بەڵام لیستی ئەو بوارانەی مامەڵاتی بازرگانیان له گهڵ ئێران ههیه، ٤٠٠ چوارسهد بوارە، واتە دەبێ زۆرێک لەم شیرکەتانه زیاتر لە چند بوار چالاک بن. ئهوه دەتوانێ بەو مانایەش بێت کە شیرکەتی تر لە پشت مامەڵات هەن، که ناویان نادرکێندرێ.
ئاڵمان و ئێران بە تەنیا لە ڕێگای ئاساییهوه پێوەندیان لەگەڵ یەک نەبووە. دوبەی دەوری دەرگای کراوهی بۆ ئێران و ڕۆژئاوا بە تایبەت ئاڵمان گێڕاوە. لە رۆژی ۱۷ ی نوامبری ۲٠٠۹ پازدە خانم و ئاغای ئاڵمانی خۆ بە ژووری هوتیل Dubai Monarch دا دەکەن بۆ ئەوەی ڕێگای نوێی هاوکاری سەنعەتی ئاڵمان و ئێران بدۆزنهوه. یانەی سەنعەتی ئاڵمان و ئیمارات و ماڵی بازرگانی دوبەی، ئەم دانیشتنەیان به مهبهستی پێکهێنانی گرووپی کاری تایبهت به ئێران ڕێکخستبوو. پرۆتۆکۆلی ئەم دانیشتنانە لە ئورشەلیم پۆست و والستریت ژۆڕناڵ Jerusalem Post & Wall Street Journal و شوێنی تر بڵاوکرانەوە، کە کێشەی بۆ ئاڵمان ساز کرد. ئاڵمان دەوری براگەوری بۆ ڕژیمی ئێران گێڕاوە و لە هەموو بوارەکان کە ڕوون و ئاشکرا نین، هاوکاری ئێرانیان کردووە و دەزاندرێ کە ئاڵمان لە بواری سەنعەتی، نیزامی، ئەمنیەتی و نهێنی ئیمکانی ئەوەی هەبووە و هەیە هاوکاری ئێران بکات.
دوبەی و وڵاتانی دەور و بەر و ئورووپا و ئامریکا و کانەدا و وڵاتانی تر، ڕێگا و ئیمکانی ڕاستە و خۆ و ناڕاستەوخۆیان هەبووە و هەیە، بەشداری مامەڵات لەگەڵ ئێران بکهن. دوبەی تەنیا یەک نموونە لە بێژمارانی ترە. بارستایی ئەو شتانەی ئاڵمان ساڵی ۲٠٠۸ بۆ ئیماراتی ناردووە، سەرووی یازدە ملیارد ئۆیڕۆیە، کە ٤٠ لە سەد زۆرتر لە ساڵی ۲٠٠۷ بووە. ئەم شتانە بۆ وڵاتێکی دە ملیۆن کەسی ناردراوە؟ ههر لهو ساڵهدا کرینی ماشین و دەزگای سەنعەتی ئیمارات له ئاڵمان هەتا ٦٠ لە سەد هەڵکشاوه و لە ماوەی یەک ساڵ گەیشتۆنهتە ٦/٥ ملیارد دۆلار. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێران لە گەمارۆی ئابووریدا بووە. سەرنەجڕاکێش ئەوەیە گەر بزاندرێ لە دوبەی ۸٠٠ شیرکەتی ئاڵمانی بوونیان هەیە.
بــانکی تیجـاری ئورووپا – ئێـران (Europäisch-Iranische Handelsbank AG eihbank.de)
ئەم بانکە کە بە پێی پیناسەکەی پەنجا ساڵ بەر لە ئێستا بۆ تیجارەتکردنی ئێران لە ئهورووپا دامەزراوە، لە لایەن ئامریکاوە لە لیستی ڕەش دایە، بەڵام حکومەتی ئاڵمان له مهڕ درێژەدان بە مامەڵات لەگەڵ ئێران دەیپارێزی. بانکەکە لە نێوەکەی ڕا دەبێ بانکێکی ئورووپی ئێرانی بێ، بەڵام وا نییە و تەواو ئێرانییە و سەرمایە کەی بانکی دەوڵەتی سەنعهت، بانکی میللەت و تیجارەت دابینیان کردووه. “ عەلی دیوانداری” کە ناوی لە لیستی ڕەشی پارلەمانی ئورووپا دایە، جێگری سەرۆکی بانکەکەیە و هاوکات سەرۆکی بانکی میللهته لە تاران و بە پێی زانیاری یەکیەتی ئورووپا بە پاڵپشتی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دەناسرێ. “رامین پاشایی فام” بەڕێوەبەری دەفتەری بەرنامەڕێژی پێوەندییەکانی تیجاری سەرۆک کۆماری ئێران، لە ساڵی ۲٠٠۹ کرایە یەکێک لەئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری ئهم بانکه له هامبورگ. ئەم ئاغایە بەرپرسی بانکی سپایە کە لە ساڵی ۲٠٠۷ ەوە ناوی لە لیستی ڕەشی نەتەوە یەکگرتووەکان دایە.
”ستوارت لێئوی” شارەزای تێرۆریسمی وەزارەتی دارایی ئامریکا، بانکی ئورووپی ئێرانی هامبورگ، به گەوەرترین تێکدەری گەمارۆکانی سەر ئێران دهزانێ و لە ساڵی ۲٠٠۷ بەولاوە ئەم بانکە مامەڵاتی هەرە گەورەی لەگەڵ ناوەندکانی چەک بۆ بەرنامەی ئەتۆمی ئهنجام داوه. ئەم نیگرانیانە ئهو کاته زۆرتر دەردەکەوێ، ئهگهر بزاندرێ لە نێوان ساڵی ۲٠٠٥ بۆ ۲٠٠۸ مامەڵاتی ئەم بانکە ۱۱۲٪ لە سەد ههڵکشاوه. مەمووجودی بانکهکه لە سێ ساڵەدا ۱۱۸٪ لە سەد زیادی کردووه، پارەی هاوردە ۲۲٥٪ لە سەد بهرهو ژوور چووه، قازانجی ئەم سێ ساڵە، سەرووی ۲۲۸٪ لە سەد هەڵکشاوه.
ئەو مامەڵاتانە چ بوون که له وڵاتێکی ئورووپییهوه ئهم بانکه ئهنجامی داوه؟ گەر بانکێکی لەو چەشتە، ڕژیمێکی لە چەشنی ئێرانی لە پشت نەبێ و دەوڵەتانی وەک ئاڵمان پاڵپشتی نەبن، بۆیان دەست دهدا مامهڵاتی نادیاری لهو چهشنه ئهنجام بدهن؟ ئهوه لە کاتێکدایە کە بانکە بەناوبانکەکانی ئاڵمان، وەک دویچە بانک، ئەگەر دەوڵەتی ئاڵمان یارمەتی نەدابایه ساڵی ۲٠٠۸ له قهیرانی ئهو ساڵه، تێدا دهچوو.
لە ۲۳ ی مانگی مای ۲٠۱۱ یەکیەتی ئورووپا “بانکی ئورووپا ئێرانی” خسته ناو لیستی گەمارۆ. پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان مەجبوور کرابوو ڕایبگەینێ کە ئەم بانکە لە ڕێگای هەمجۆر گەمارۆکانی دهور داوەتەوە. لەم پێوەندییەدا وال ستریت جۆرناڵ نووسی: “لەوە دەچێ ئاڵمان سیاسەتی دەرحەق بە ئێران گۆڕیبێ.” ڕاستی مەسەلەکە ئەوە بوو کە ئاڵمان هەتا دوا ساتەکان نەچووە ژێر باری ڕاستی چالاکییەکانی ئەم بانکە، کە بەرژەوەندی ئاڵمانی تێدا بوو. فشاری وڵاتان بە تایبەت ئەمریکا ئەوانی ملکەچ کرد، هەرچەند تا دواسات دەوڵەتی ئاڵمان کارئاسانی بۆ ڕاگواستنی ملیارد دۆلار لە بانکی هیندهوه بۆ ئەم بانکە کردبوو. ئێران لە ڕێگای فرۆشی نەوت بە هیندوستان بە ملیارد دۆلاری ڕەوانەی بانکی ناوبراو کرد، کە ئەم پارەیە بۆ پرۆژەی ئەتۆمی ئێران بەکار هێندرا بوو.
پاش گەمارۆ، ڕهوانهکردنی نەوت بۆ هیند بهردهوام دهمێنێ، بەڵام نهکراوه پارەکەی بۆ ئێران بنێردرێ، ڕێگاچاره ئهوه بووه، بانکی هامبورگ به هاوکاری ئاڵمان و بانکی State Bank of Indina ئهم گرفته چارهسهر بکەن، بۆ ئهو مهبهسته بانکی ناوبراوی هیند حیسابێک له لای بانکی ئێرانی ئورووپی دهکاتهوه و ئهم سێ وڵاته چارهی گرفتهکه دهکهن.
بانکی ناوبراو ساڵانە ۹ ملیارد یۆیرۆ لە بری فرۆشی نهوت دهڕژێنێته بانکی ئێرانی ئورووپی. شپیگل ئانلاین لە ۲٠ی فوریە درکاندی کە ئێران بە ئازادکردنی دوو ژۆرنالیستی ئاڵمانی، ڕێگای بۆ بانکی هیندی خۆش کردووە، پارەی نەوتەکەی بڕژێنێتە بانکی ئێرانی لە هامبورک.
حزبی ئاڵمانی و ئێران
دیداری ۱٦ هەتا ۲۲ ی ئۆکتۆبری ۲٠۱٠ی پارلەمانتارانی سهر به حزبهکانی ئاڵمان لە سەر بانگێشتی حەداد عادل بەرپرسی بەشی فەرهەنگی مەجلیسی ئێران، ڕووی ڕاستهقینهی حزب، سیاسهتمهدار و سیاسهت دهردهخات. بهشداربووان ئهم کهسانه بوون:
Peter Gauweiler CSU وهکیل
Monika Grütters CDU
Günter Gloser SPD یەک لە بەرپرسانی وەزارتی دەرەوە
Luc Joachim die Linke ژۆرنالیستی تەلەویزیۆن
Claudia Roth die Grüne کەسی بەناوبانگی سەوزەکان
و Volker Perthed نوێنەری بونیاد بۆ زانست و سیاسهت.
ئەم کەسانە هیچیان پێوەندیان بە کاری کولتورییەوە نهبوو، بۆ ئەو مەبەستەش نەچوون بۆ ئێران. گفتوگۆی ئهوان له گهڵ بهرپرسانی باڵای سیاسی، ئابووریی، ئهمنیهتی و سهنعهتی ئێران نەدرکێندرا. دوو خانمی ئەندامی وڤدەکە لە حزبی سەوزەکان و مەسیحی دێموکرات (حزبەکەی مێرکل) کە لە ڕۆژانی ڕاپەڕینی ژینا فیمینیستی دهرکهوتن، کاتی دیدار له گهڵ بهرپرسانی ڕژیم به پێی دهستوراتی ئیسلام خۆیان پۆشته کردبوو.
ساڵی ١٩٧٥(۲۹ فروردین ۱۳۵۴) بڕیار بوو بیژەن جەزەنی و هاوڕێکانی، دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی چریک فەدائی، ئێعدام بکرێن، کە هاوکات بوو لەگەڵ سەفەری سەرۆک وەزیرانی ئاڵمان”ویلی بڕانت” بۆ تاران. ویلی بڕانت یەک لە ئیدئۆلۆگە خۆشناوەکانی سۆسیال دێموکرات بوو. “بەر لەوەی برانت بگاتە تاران، سەفیری ئاڵمان چووبووە لای شا و داوای لێکردبوو ئەو ئێعدامانه هەتا گەڕانەوەی ویلی بڕانت وەدوا بخرێ” .
گێرهارد شرودر سهرۆکی حزبی سۆسیال دێموکرات، سهرۆکوهزیرانی ئاڵمان و یۆشکا فیشر بهرپرسی حزبی سەوز و وهزیری دهرهوهی ئاڵمان، خۆیان به حزبی ئاشتی و دوور له شهڕ دهناساند، ئەوان بە ناردنی سپای ئاڵمان بهشداری چاڵاکیان له شهڕی باڵکان کرد، هەروەک چۆن ئولاف شۆلتس سهرۆک وهزیران له حزبی سۆسیال دێموکرات و ئانالێنا بێربۆک وهزیری دهرهوهی ئاڵمان له حزبی سهوز، به گهرم و گوڕی ئەمڕۆژانە به شدار له شهڕی ئۆکراین ههن.
حزبی سەوز بۆ نزیک بوونەوە لە ڕژیمی ئیسلامی ساڵی ۲٠٠٠ لە ڕێگای دهزگای “هاینریش بویل” کۆنفرانسێکیان سەبارەت بە ئێران ساز کرد، کە بەشداربووانی لە ئێرانەوە بانگ کرابوون و له گهڕانهوهدا دهستبهسهر کران. لە هاوینی هەمان ساڵ دەوڵەتی “شرودێر و فیشر” بە ڕەسمی پێشوازیان لە محهممهد خاتەمی سهرۆککۆماری ئێران کرد. خاتەمی له ڕێگای مێدیا و دامودهزگای حکومهتی ئاڵمان بانگەوازی “دیاڵۆگی ناو کولتورهکان”ی جاڕ دا، له کاتێکدا دەزاندرا خاتەمی و حکومەتی ئیسلامی چۆن لەگەڵ خاوهن کولتوره جیاوازەکانی نە فارس دەجولێنەوە! ئاڵمانی برا گهوره لهم رێگایهوه به دهستپێشخهری حزبی سۆسیال دێموکرات و سهوزهکان، دهیانویست روخساری دیکتاتوری ئێران جیاواز نیشان بدهن بۆ ئهوهی سیاسهتی ڕهخنه و هاوکاری برهو پهیدا بکات. وەزیری ناوخۆی ئاڵمان “ئۆتۆ شیلی” کە خۆی زۆر بە چەپ و ڕادیکاڵ دەزانی، میوانداری محهممهد خاتهمی بۆ دیالۆگی ناو کولتورهکان بوو، ههروهک چۆن سهرۆکی حزبی سەوز “یۆشکا فیشهر “که زاوای فارسهکانە، وهک وهزیری دهرهوه ههمان دهوری گێڕا.
حزبی چەپ کە وەک حزبی سەوز و سۆسیال و دێموکرات کۆمەڵێک ئێرانی بە ڕواڵەت دژ بە ئێرانیان لە ناو دایە و وەک محلل دەکەونە بەرچاو، لە تێگەیشتنی بە ناو دژی ئەمپریالیستی وەک حزبەکانی چەپی کورد و ئێرانی، بە شێوەی خۆیان لەگەڵ ئێران وا دەجولێنەوە کە تاران زویر نەبێ. ئەوان دەزانن کە ئێران سیاسەتی نابوودی ئسرائیلی هەیە و دژ بە جوو دەجولێتەوە، دەزانن چەپەکانی هاوفکری خۆیان لە زیندان خراون و زۆریان کوژراون، دەزانن کە مافی مرۆڤ، مافی ژن، مافی نەتەوەکان و مافی خەڵک بە گشتی پێشێل دەکرێ، بەو حاڵە ئامادە نین حاڵەتی ڕەخنە بەرانبەر بە ڕژیمی ئێران پەیدا بکەن. بەرپرسی ڕۆژنامەکەیان “نۆیس دویچلاند”، کەسێکی ئێرانی یە بە ناوی “روزبە تاهری” ئەم ڕۆژنامەیە داوایان لە نووسەری ئاڵمانی “ماتیاس کونتسل” کردبوو لە سەر ئێران بابەتیان بۆ بنووسێ، بەڵام کە دەبینن لە خەتی ئەواندا نەینووسیوە، بابەتەکەی لە چاپ نادەن.
سیاسەت لە ناو حزبەکانی ئاڵمان و هەر شوێنێکی تری ئورووپا ڕووی ڕاستەقینەی ئەوەیە. لە کاتێکدا ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵێک لە وڵاتان سیاسەتی ئەتۆمیکردنی ئێران و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ وەک هۆ بۆ مەحکومکردنی ئێران بەڕێوە دەبن، حزبی چەپ وەک کوبا و وێنۆزئیلا لەگەڵ ئێران دەجولێتەوە. “ئۆسکار لافۆنتن” کە پێشتر سەرۆکی حزبی سۆسیال دێموکرات و دواتر سەرۆکی حزبی چەپ بوو، کە ئێستا لەوانیش دابڕاوە، بە تەما بوو مانگی ئاپریلی ۲٠٠٦ بچێ بۆ دیداری مەحموودی ئەحەمەدی نیژاد، ڕێک دوای ئەوەی کارەساتی هۆلۆکاوس و قەتلۆعامی جوولەکەکانی بە درۆ جاڕ دابوو، ئەوه هەڵوێستی حزبێکی چەپ بوو کە بە تووندی “ئانتی سیمیتیزم” ڕەددەکاتەوە.
لە چواری ئاپریلی ٢٠١٢ گونتر گراس شیعرێکی بەناوی “Was gesagt werden muss” لە سەر ئێران و ئیسرائیل بڵاوکردەوە و ئیسرائیلی بە مەترسی ئاشتی جیهان ناو برد. ئەمە هەرای لێ ساز بوو. له بهر ئهوهی ههمان بۆچوونی هیتلێر و خومهینی وهبیر دههێنایەوە. ئهم بۆچوونهی گراس رێک بوو له گهڵ لێکۆلێنهوهیهک کە ساڵی ٢٠٠٣ لە لایەن یەکیەتی ئورووپاوە ئەنجام درابوو، ٦٥ لە سەدی خەڵکی ئاڵمان، ئەم باوەڕەیان هەبوو، کە “ ئیسرائیل مەترسی یە بۆ ئاشتی جیهان”، بە هەمان شێوە ئەم ڕێژەیە لە یەکیەتی ئورووپا ٦٠ لە سەد بوو. گەر ئەم ڕاپرسییە درووست بێ، ماناکەی ئەوەیە کە سەرجەم ئەو وڵاتانەی ئیسرائیل پشتیوانی مادی و چەک و چۆڵ دەکەن، بەشدارن لە سیاسەتی شەڕخوازانە. لە لایەکی دی ئەم سیاسەتە ڕێک بە سوودی ئێرانە کە دژی ئیسرائیل خۆی نیشان دەدات.
لێرەدا ئەوەی گووم دەبێ مەنتقە. ئیسرائیل مەترسییە بۆ سەر ئاشتی جیهان، خەڵکی ئورووپا لە ٦٠ بۆ ٦٥ لە سەد باوەڕیان ئەوەیە، ئامریکا، ئورووپا پشتیوانی ئیسرائیل دەکەن و ئاڵمان ئەمنیەتی ئیسرائیل بە هی خۆی دەزانێ. بەم پێیە ئامریکا و ئورووپا و ئاڵمان خۆیان لایەنێکی مەترسی سەر ئاشتی جیهانن! ئهمه دهبێ ههمان “رێئال پۆلیتیک” بێ که دوور له ههر چهشنه “ئهتیک” خۆی دهنوێنێ!
پرسیاری سەرەکی بۆ کوردی ٥٠ ملیۆن کەسی ئەوەیە، لە جیهانێکی سیاسی لەو چەشنە، دەبێ چ هێز و چ قورساییەکی ئینسانی، سیاسی، ئابووریی و دیپلۆماسی ناوچەیی و جیهانی هەبێ، بۆ ئەوەی بتوانێ شوێن و پێگە لە سیاسەت و دیپلۆماسی پهیدا بکات؟ ئایا میللەتێکی چەند پارچەی، یەکنەگرتووی، بێ پڕۆژەی نەتەوەیی و خاوهنی ڕێکخراوی گچکە گچکەی ناسەردەمیانە، چەندە دهکهوێته ناو گهمهی سیاسهتی ناوچهیی و جیهانی؟
ئایا پێوەندیی ئاڵمان و ئێران و هەڵسوکەوتی حزب و دهوڵهت ئهم ڕاستیه نادرکێنن کە بەرژەوەندی گشتی وڵات باڵاتر لە حزب، ئیدئۆلۆژی و مەسەلەکانی ترە؟
هەموو ئەو زانیارییانەی لێرە باس کران هەرچەند لە مێدیای زاڵی ئاڵمان و فارس و کورد باس نەکراون، بەڵام لە گۆڤار و کتێب و ماڵپەڕی تایبەت بڵاو کراونەتەوە. بۆ وێنە:
سەرچاوەکان:
Nazis und der Naheosten wie der islamische Antisemitismus entstand: Matthias Künzel
Schattenarmeen, Die Geheimdienste der islamischen Welt: Wilhelm Dietl
Islam in der Krise: Michael Blume
Partner nicht Gegner: Christoph Bertram
Deutschland, Iran und die Bombe: Mattias Künzel
Die Deutschen und der Iran: Mattias Künzel
https://www.planet-wissen.de/geschichte/nationalsozialismus/kindheit_im_zweiten_weltkrieg/index.html