ئارامتر بخوێنەوە

هاوپەیمانیی سیاسی و پرسی کورد

چیا کاویان

پێشەکی

کورد لە ساحەی کایەی سیاسیی ئێراندا چەند بژاردەیەکی سنوورداری لە پێشدایە کە خۆی لە چۆنییەتی بەشداری کردن لە داهاتووی سیاسی ئەم وڵاتەدا دەبینێتەوە. کورد لەم ماوەیەدا نیشانی دا کە لە مەیداندا پێشەنگی ئەم شۆڕشەن، ڕێبەرایەتی مەیدانی ئەم شۆڕشە و بەشێکی زۆری قورساییەکەی لە سەر شانی ئەوانە، هەروەها خواست و ویستەکانی خۆیانیان بە دەنگی بەرز بە گوێ هەموواندا چەپاند. بە بڕوای من کورد لە سەر شەقامدا کایەکەی بردووەتەوە و ئێستاکە تۆپەکە لە ساحەی هێزە سیاسییەکانی کورددایە، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە نوێنەرایەتی ئەم خوایست و ویستانە بکەن و ئەرکی خۆیان لە پێداگری کردنی لە سەر مافەکانی کورد و مسۆگەر کردنیان لە داهاتووی ئێراندا بە جێ بهێنن و کایەکەش لە مەیدانی سیاسیدا ببەنەوە. هەمووان دەزان حاکمییەت لە دوا قۆناغی ژیانی سیاسی خۆیدایە کە قۆناغی Dysfunctionality یان لەدەستدانی کارکردییەو بێ توانایە لە ڕاسپاردن و ئەنجامدانی چکوولەترین ئیش و کارەکانی حکوومەتداریدا. ڕاستە حاکمییەت توانیوەتی لە ڕێگەی سەرکوتەوە بڵاوە بەو خەڵکانە بکات کە لە سەر شەقام بوون، بەڵام دەبێت هاوکات زۆرینەی ئەو خەڵکەی کە هێشتاکە نەهاتوونەتە سەر شەقام بە قەناعەت بگەیەنێت کە ئەوانیش پەیوەستی شەقام نەبن و لەم بوارەدا هیچ جۆرە کەرەستەیەکی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی لە دەستدا نییە کە ئەم ئەرکە قورسە بە جێ بهێنێت. کەواتە هەمووان لە چاوەڕوانی شەپۆلی دووهەمی خۆپیشاندانەکانین کە کۆتا مێخی خۆی دەکوتیت بە سەر تابووتی کۆماری ئیسلامیدا و تووڕی دەداتە نێو زەبڵدانی مێژووەوە.

 ئێستاکە بزووتنەوەکە لە قۆناغی ڕووخاندایە و هاوکات پرۆسەی بنیاتنانیش دەستی پێکردووە و بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بە شێوەیەکی تەندرووست بە ئەنجام بگات، بۆ ئەوەی لە دواڕۆژی ڕووخاندا شەڕی هەمووان لەگەڵ هەمووان ڕوو نەدات دەبێت ئاڵترناتیڤی کۆماری ئیسلامی بە زووترین کات لە دایک بێت. خاڵی لاوازی ئەم بزووتنەوەیە هەرواکە لە سەرەتاوە دیار بوو نەبوونی گراند ستراتژی (Grand strategy) بوو، ستراتیژێک کە بە ڕوونی چۆنیەتی ڕووخان و هەروەها چۆنییەتی بنیاتنانیش دەستنیشان بکات. ئەوەی هەمووان لەگەڵیدا هاوڕان و لە ڕاستیدا تاقە ئیمکانی دەربازبوونە لە کۆماری ئیسلامی ڕووخانە لە ڕێگەی خۆپیشاندانەوە، ڕاستە ئەگەری دیکەش وەکوو کودەتا یان هێرشی دەرەکی بوونیان هەیە بەڵام ئەوەندە کز و لاوازن ناکرێت ئۆمێدی لە سەر هەڵچنرێت. کەواتە هەمووان لەگەڵ چۆنییەتی ڕووخاندا هاوڕان بەڵام چۆنییەتی بنیاتنان و سیستەم داهاتووی سیاسی ئێران ئێستاشی لەگەڵدا بێت نادیار و ناڕوونە. بە هۆی زاڵ‌بوونی فەزای سەرکوت و تێرۆر لە ناوخۆ ئیمکانی درووست بوونی ڕێبەرایەتیەکی سیاسی بوونی نییە و تاقە ڕێگە لەم بارودۆخەدا چێکردنی هاوپەیمانییەکی سیاسی لە هێزە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامییە لە دەرەوە.

لەم ماوەیەدا پرسی پێکهێنانی هاوپەیمانیی ڕۆژەفی سیاسی ئێرانی تەنیوەتەوە و هەموو لایەنەکان زۆر بە چڕی سەرقاڵی ئەم پرسە گرینگەن. ئەوەی بەرچاوە کورد تاکە هێزی سیاسی ڕێکخراوەو زۆرترین شەرعییەتی سیاسی لە ناوخۆدا هەیە و تاقە هێزێکە لە ناو ئۆپۆزسیۆنی سیاسی ئێراندا دەتوانێت بە دڵنیاییەوە هەوڵی دەستەبەر کردنی مافەکانی کورد بدات بە بێ ئەوەی نیگەرانی ئەوەی بێت کە خەڵک پشتگیری لە هەوڵەکانیان نەکەن. نەتەوە بندەستەکانی دیکەی ئێران ڕاستە زۆر لە باری داخوازی و خواست ویستەکانیانەوە هاوبەشن لەگەڵ کورددا، بەڵام نە هێزی سیاسی بە ئەزموون و ڕێکخراویان هەیە و نە خاوەنی گوتاری سیاسین. بۆیە کورد لەم قۆناغەدا دەتوانێت نوێنەرایەتی یان ڕێبەرایەتی بەشێکی زۆری ئەم نەتەوە بندەستانەش بکات. ئۆپۆزسیونی فارس_شیعی بە گشتی زۆر پارچە پارچە و نا ڕێکخراون، بە هەمان شێوە خاوەن گوتار نین و هیچ کامەیان قوڵایی کۆمەڵایەتی و سیاسیان لە ناوخۆدا نییەو ئەو هێزانەشی ڕێکخراون بە گشتی لە باری گوتارییەوە ئیمکانی درووستکردنی هەژمۆنیان نییە و ڕەگ و ڕێشەی کۆمەڵایەتییان لە ناوخۆدا نییە. کەواتە کورد بە گشتی لە ساحەیەکدا کایە دەکات کە هەم لە ڕووی گوتارییەوە، شەرعییەتی کۆمەڵایەتییەوە و هەروەها قورسایی مەیدانی و سیاسییەوە وەزنەیەکە کەس ناتوانێت پشتگوی بخات. کورد ئەو هێزەیە کە بە بێ ئەو هەر جۆر هاوپەیمانی و هاوپەیمانییەتێک لە زۆرینە (Majority coalition) دەکەوت و دەبیت بە کەمینە (Minority coalition). بۆیە کورد دەبێت زۆر بە باشی دەرک بە گرینگی و قورسایی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خۆی لە دەرەوە و ناوخۆ بکات. ئەوەی لەم ماوەیەدا بینیومان ڕێبەرایەتی سیاسی کورد لە قەوارەی خۆیدا دەر نەکەوت و بە بروای زۆرێک لە چاودێران کورد زۆر شەرمەونانە و بە دوور لە عەقڵانییەتی سیاسی و ئاستی چاوەڕوانییەکان دەرکەوت. زاڵبوونی شەرمی سیاسی بە سەر خیتابی سیاسی کورددا، بێ پرۆژەیی و غەرق بوون لە سیاسەتی چاوەڕوانی، سیاسەتی خۆگونجاندن و خۆپارێزی ئەو خەسڵەتانە بوون کە بە ڕوخساری سیاسەتی کوردییەوە بەرچاو و حاشاهەڵنەگر بوون. لە هەمووی گرینگتر نەبوونی بەرەیەکی یەکگرتوو لە نێو کۆی هێزە سیاسییەکانی کورددا و هەروەها ونبوونی بەرژەوەندی نەتەوەیی کە دەبوا هێڵی سووری هەموو لایەنەکان و خاڵی کۆکەرەوەی ئەوان ببوایەت نوقسانی گەورە و خاڵی لاوازی سیاسەتی کوردی لەم ماوەیەدا بووە. کۆی ئەم نوقسانییانە ئێمە بەو بەرئەنجامە دەگەیەنێت کە ئامادە نەبوون بۆ ئەرک و وەزیفەکان، ئامادە نەبوون بۆ ئامانجەکان شاخەسڵەتی سیاسەتی کوردییە لە ئێستا و هەروها لە مێژووی سەد ساڵەی سیاسەتی مودێڕنی کورددا. بە بڕوای من تاقە هێزێکە دەتوانێت شانسی بردنەوەی کورد لەم ساتەوەختە چارەنووس سازەدا کەم بکاتەوە کورد خۆیەتی. لەو باوەڕەدام سیاسەتی کوردی لە ئێستادا سیاسەتی دۆڕانە یان لانیکەم بردنەویە بە کەمترین دەسکەوت، هەر بۆیە پێموایە سیاسەتی کوردی ئەگەر کێشە جەوهەرییەکانی خۆی بناسێت و چارەسەریان بکات دەتوانێت زۆرینەی داخوازییەکان و تێرمەکانی خۆی بسەپێنێت و بردنەوە بۆ خۆی مسۆگەر کات.

سیاسەتی کوردی

کاتێک باس لە سیاسەتی کوردی دەکەین لەگەڵ جەستەیەکی یەکگرتوودا ڕووبەڕوو نین کە هەڵگری کۆمەڵێک بەهاکان و بەرژەوەندی هاوبەش، ئامانجی هاوبەش و هەروەها ستراتیژیی هاوبەش بێت کە بە ڕوونی چۆنییەتی دەسڕاگەیشتوویی ئێمە بەم ئامانجانە دەستنیشنان بکات. ئەوەی هەیە هەندێک ڕاو بۆچوونی سیاسی جیاوازە کە هەر جارەو لە لایەن کەسێکەوە ئاراستە دەکرێت و دەلالەت لە بەرژەوەندیی نەتەوەیی کورد ناکات. مەبەست لە جەستەی یەکگرتوو ئەوەیە کە ئیمکانییەت و پۆتانشیەلەکانی خۆی ناسیبێت، بەرژەوەندییەکانی خۆی دەرک پێ کردبێت، ستراتیژێکی ڕوونی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان دەستنیشان کردبێت و دواتر ئامراز و کەرەستەکانی خۆی بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجانە لە بەردەستدا بێت. ئەوەی ئێمە لەم ماوەیەدا بینیومانە یەکەیەکی نایەکگرتوو و ناهاوچەشنە کە سیاسەتی کوردیی دابەش کردووە بە سەر چەند ئاراستەی جیاوازدا. لایەنێک هەوڵی وەدیهێنانی برایەتێک دەدات کە شەرتی ئیمکانییەتی خۆ بەدەستەوەدانە و لایەنێکی دی دەستەبەربوونی مافی چینایەتی بە شادەسکەوتی خۆی دەزانێت و قائیل بە هێچ جۆرە سنوورێکی کوردی نییە بۆ سیاسەتی خۆی و لە ڕوانگەی زەقی ئایدۆلۆژیکەوە دەڕوانێتە کۆمەڵگای کوردی و لە ئاکامدا گەورەکردنەوەی کەلێنەکان لە ناوخۆدا دەسەپێنێت بە سەرماندا و هەوڵی هێنانەوە ناوەی ئۆپۆزسیونی فارس_شیعی دەدادت بۆ ناو سیاسەتی کوردی و ئەو لایەنانەشی خۆیان بە پێشەنگی ناسیوناڵیزمی کوردی دەزانن ئەوەندە سەرقاڵی شتە بچووک و کورتخایەنەکانن کە زیاتر لە بەرژەوەندی تاکە  کەسێک یان لە باشترین حاڵەتدا حزبێک دەچێت تا نەتەوەیەک. بێ‌گۆمان ونبووی گەورەی سیاسەتی کوردی لەم بەشە لە کوردستان بەرژەوەندیی نەتەوەییە (National interest). هیچ حزب و لایەنێکی سیاسی لە جیهانەدا نییە کە کاتێک دەچێتە شەڕی دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانییەوە لە دەلاقەی تەنگی بەرژەوەندی حزبی و ئایدیۆلۆژیای بەرتەسکی حزبییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەدا بکات لە کوردستاندا نەبێت.

یەکێکی تر لە خەسڵەتە دیارەکانی سیاسەتی کوردی سیاسەتی چاوەڕوانییە. چاوەڕوانی بۆ ڕەخسانی هەلێکی زێڕین، بۆ بارودۆخێکی ئایدیال کە ڕۆژێک لە ڕۆژان بەرۆکی ئێمە دەگرێت و دەمانگەیەنێتە ئامانجەکانمان. هەمووان دەزانین ئاکامی ئەم سیاسەتە خۆدانە دەستی قەزا و قەدەرە، خۆوێڵ‌کردن لە ناو شەپۆلە سیاسییەکانی دەوروبەر کە ئێمە بەرەو نادیار ئەبات. ئەم جۆرە سیاسەتە ئەساسی لە سەر هیچ نەکردنە، بێ پرۆژە بوونە و بە گشتی سیاسەتی داماڵراو لە سیاسەت. هەمووان دەزانین هێزە سیاسییەکانی کورد چەن دەیەیە چاوەڕوانی درووستبوونی فەزایەکی سیاسی_ ژیئۆپۆلتیکین تا وەکوو ئەکتەرێک بەشدار بن لە دارشتنەوەی نەخشەی سیاسی ئێران بە تایبەتی و ناوچەکە بە گشتی. لە بار نەبوونی بارودۆخی ژێئۆپۆلتییکی ناوچەکەوە پەنابەر بوونی هێزە کوردییەکان لە باشووری کوردستان هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم جۆرە لە سیاسەتە بوون کە وای کرد ئەم هێزانە بۆ چەن دەیە سەربەخۆیی سیاسی و عەمەڵکەردی خۆیان لە دەست بدەن.  ئەمڕۆکە بە داینامیک بوونی بارودۆخی ژێئۆپلۆتیکی ئێران دەبینین کە هێزە سیاسییەکانی کورد خەریکن بە ئەسپایی سەربەخۆیی سیاسی و عەمەڵکەردی خۆیان بە دەست دەهێننەوە دووبارە لە ساحەی سیاسیدا دەر دەکەونەوە.

 سیاسەتی چاوەڕوانی وادەکات سیاسەتی کوردی بەردەوامی و سوباتی نەبێت و بزوێنەرەکانی لە دەرەوەی خۆی بن و  بارودۆخێکی پڕ لە هەڵبەزو دابەزە باڵی کێشاوە بە سەریدا و ئەم سیاسەتەی بە ڕەنگی خۆی ڕەنگ کردووە. ئەم نابەردەوامییە تایبەت بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نییە و بە درێژایی ئەم سەد ساڵە لە هەموو پارچەکانی کوردستان دووپات بووەتەوە. ئەم دووپات بوونەوە ناموبارەکە وای کردووە خەسڵەتێکی پەرچە کردارانە زاڵ ببێت بە سەر سیاسەتی کوردیدا و ڕوو بچیتە ناو ئەم سیاسەتەوە و بە تەواوەتی داگیری بکات. هەر بۆیە هیچکات نە ناسیوناڵیزمی کوردی و نە سیاسەتەکەشی بەرهەمی گەشەی سروشتی ناوخۆ نەبووە، ڕاستە خواست و ئێردایەک لە ناوخۆە بووە کە هەوڵی گرتنی جڵەوەی سیاسەتی کوردیی داوە بەڵام ئەم هەوڵە قەت نەگیشتوەتە ئاستی پلان و پرۆژەی درێژخایەن و بە کردەکی دەرهاتبێت. کەواتە سیاسەتی چاوەڕوانی وای کردووە سیاسەتی کوردی بە تەواوەتی لە ژێر کاریگەری هەڵبەز و دابەزەکانی شەپۆلە سیاسییەکانی دەوروبەردا بێت، هەر کات ئەوان بەهێز بوونە ئێمە لاواز و چاوەڕوان، هەرکاتیش ئەوان بێ‌هێز بوونە ئێمەش دووبارە لە سەر ساحەی کایەکەدا دەرکەوتووینەتەوە.

سیاسەتی چاوەڕوانی ئەوەندە ڕۆ چوەتە ناو سیاسەتی کوردیدا کە چارەنووسی خۆی بە تەواوەتی سپاردووەتە دەستی. پێشووتر چاوەڕوانی ڕەخساندنی هەلێک بوون بۆ گەڕانەوە بۆ گۆڕەپانی سیاسی و بکەر بوون، ئێستاکەش چاوەڕوانی لووتف و مەرحەمەتی نەیارەکانیەتی بۆ پێدانی بەشە مافەکانی. کەواتە تەنیا بارودۆخی سیاسەتی کوردی گۆڕاوە و داینامیک بووە بەڵام سرووشتی ئەم سیاسەتە چەند دەیەیە هیچ گۆڕانێکی بە خۆیەوە نەدیوە. سیاسەتی کوردی دەبێت لەوە تێبگات کە چەند گرینگە داوای چی دەکەیت، چەند قات لەوە گرینگتر ئەوەیە کە هەوڵ بدەیت داخوازییەکانی خۆت بسەپێنیت. ئەم سیاسەتە دەبێت خۆی مەرجەعی داخوازییەکانی خۆی بێت، پێویستە خۆی بڕیار لەوە بدات کە چیی دەوێت و چیی ناوێت. گەر ڕەقیبەکانت کرد بە مەرجەع ئەو کات ئەوان ئەوەی خۆیان بە باشی دەزانن بە تۆی دەدەن. عەرب وتەنی «ترید ارنب اعطیک الارنب، ترید الغزال اعطیک الارنب» بە واتایەکی تر گرینگ نییە تۆ داوای چی دەکەی ئەوان چیان بوێت ئەوەت پێدەدەن.

شــەرمی سیاسی خــەسڵەتێکی دیکەی بەرچاوی ناو سیاسەتی کوردییە. ناسیوناڵیزم و سیاسەتێکی شەرمەون کە لە ڕووی هەڵنایەت باسی داخوازییەکانی خۆی بکات. لە هەموو دونیادا شەرم هۆکارێکی گەورەیە بۆ ئەوەی ڕێبەران و سیاسییەکان کاری هەڵە نەکەن و شەرمەزاری خەڵک و نەتەوەی خۆیان نەبن بەڵام سیاسەت لە  کوردستاندا بێ‌باکە بەرامبەر خەڵکی خۆی و شەرم لە نەیارەکانی دەکات. سیاسەتی کوردی چەندە بە ڕووی دەرەوە شەرمەون و ترسەنۆکە و هیچ هێڵی سوورێکی نییە، ئەوەندەش بە ڕووی ناوەوە بێ‌باک و نەترسە و دەیان هێڵی سووری هەیە. سیاسەتی کوردی لە هەر ئاستێکدا بێت دەبێت تەنیا لە یەک شت شەرم بکات ئەویش خوێنی شەهیدانە، ڕەنج و ستەمی کۆتایی نەهاتووی نەتەوەیەکە، ئاوات و خواستی بەستەڵەک بەستووی دەیان ساڵەیە. کەواتە شەرمی سیاسی لە خۆیدا شتێکی ئەرێنییە بەڵام لە کوردستاندا ئاراستەی شەرم کردنەکە بەرەو دەرەوەیە نەک ناوخۆ.

بە گشتی ڕاڤەی مێژووی سەدساڵەی   سیاســـەتی کوردی وێنەیـــەکمـــان لەم سیاسەتە پیشان دەدات کە لە ساتەوەختە هەستیارەکاندا، لە چرکەساتی لابەلابوونەوە گەورە سیاسییەکاندا ئامادەی  ڕوبەڕووبوونەوەی ئەرک و وەزیفەکانی خۆی نییە، «بەختیار» وتەنی ئامادەی بە ئەنجام گەیاندنی ئامانجەکانی نییە، ئەمە وای کردووە کە ئامادە نەبوون بۆ ئامانجەکان خەسڵەتی بەرچاوی ئەم سیاسەتە بێت. ئەم ئامادە نەبوونە بە ڕادەیەک بەرچاوە کە وادەکات ئێستاکە بەشێک لە خەڵک دۆعا بکەن جارێک کۆماری ئیسلامی هیچی بە سەر نەیەت چونکە کورد ئامادە نییە! ئەم سیاسەتە لە ڕێکخستن و مۆبیلیزە کردنی خەڵکدا توانایەکی باشی هەیە بەڵام بە شێوەی کورتخایەن و لە سەر شتە بچووکەکان، قەت نەیتوانییەوە لە سەر ئامانجە ستراتیژەکان خەڵک ڕێک بخات. لە ڕێکخستن و مۆبیلیزەکردندا بە شێوەی کورتخایەن بە توانان بەڵام لە داکۆکیکردن و شەڕ کردن لە سەر داهات و دەسکەوتە ستراتژیک و درێژخایەنەکانی کزو لاواز. دەتوانن دە ڕۆژ دووکان و بازاڕ بە خەڵک دابخەن بەڵام توانای یەک کاتژمێر دانووستان و وتوێژی کوردانەیان نییە. توانای چوونە ناو هاوپەیمانییەتێکیان نییە کە تێیدا پێشووتر بەشێکی بەرچاو لە واتاکان و بەرژەوەندییەکانی کوردبوون نەدۆڕێنن. ئەوەندەی هەوڵی خۆگونجاندن ئەدەن هەوڵی خۆجیاکردنەوە نادەن، ئەساسی خۆگونجاندن لە سەر خۆپاراستنە، خــۆبـەدوورگرتنە لـــــە مەترسییەکان و مسۆگەرکردنی بوونی خۆت لە درێژخایەندا بەڵام ماهییەتی بوونەکەت هیچ گرینگ نییە. هەر بۆیە خۆگونجاندن لەگەڵ نەیارەکان هاوجووتە لەگەڵ لەدەستدان و دوورخستنەوەی ئامانجەکان و بوونێکی کز و لاواز.

کۆی ئەم خەسڵەتانە کە دەکرێت ببن بە بابەتی دەیان کتێب و نووسراوە دەرخەری خەسڵەتی نەمایشکار، بێ ستراتیژ و پلان و بەرنامەی سیاسەتی کوردییە. سیاسەتی شەرمەونانە، سیاسەتی خۆگونجاندن بە کەمترین تێچوو، سیاسەتی چوونە ناو ستراتیژی نەیارەکانی و سیاسەتی بێ‌ستراتیژ ئەوەندە لە مێژووی سەد ساڵەی نەگریسی کورددا سیمای نەزۆکی خۆی بە ئێمە نیشانداوە وامان لێدەکات وەکوو خەسڵەتێکی بەرچاوی سیاسەتی کوردی و نەگۆڕێکی گەورەی ئەم سیاسەتە لە هەر چوار پارچەی کوردستان چاوی لێ بکەین. بە بروای من بۆ کۆتایهێنان بەم بێ سەرە و بەرەییە کورد دەبێت سەرەتا بەرژەوەندی نەتەوەی خۆی دەستنیشان بکات، دواتر هەموو هیزە سیاسییەکانی کورد وەکوو یەک مۆرە لە گۆڕەپانی کایەکەدا دەرکەوەن. بێگومان ئەم شپرزەیی و بێ‌ستراتیژییەیەی نێو ماڵی کورد ئاستی بکەری و کارتێکەری لاواز دەکات. کورد زیاد لە سەدەیەکە لەم بەشە لە کوردستان چاوەڕوانی وەدەستهێنانی دەرفەتێکی مێژووی لەم شێوەیە. سیاسەتی کوردی دەبێت لە ئاستی ئەو هەموو ڕەنج، کارەسات، تراژێدیەدا، ستەم و نەهامەتییەی سەد ساڵی پێشوی نەتەوەکەیدا بێت. ئەگەر ئەو ئەندازە تاقەت پڕووکێنە لە تراژدیا و کارەسات بەس نەبێت بۆ هوشیاری و خودئاگایی سیاسی ئیدی چی دەتوانێت ئێمە بەخەبەر بێنێتەوە؟ بۆیە ئەگەر بێت و لە ئاستی گەورەیی ڕووداوەکاندا نەبین ڕەنگە بەشێکی گەورە لە هیوا و ئاواتەکانمان بۆ سەد ساڵی کە دوا کەوێت.

ئەوەی لە کایەی سیاسیدا گرینگە براوە بوونە. لە دۆڕانی کایەی سیاسیدا هیچ شەرافەتێک نییە، لە سیاسەتدا دۆڕاوی سەربەرزمان نییە ئەوەی کایەکە دەدۆڕێنێت دەچێتەوە فازی چاوەڕوانییەوە بۆ هەلێکی تر. کەواتە بۆ ئەوەی ئەگەری دۆڕان کەم بکرێتەوە کورد دەبێت بە باشی ساحەی سیاسیی کایەکە، ئەکتۆرەکانی، یاسا و ڕێسای کایەکە و پۆتانشیەل و ئیمکاناتی خۆی  دەرک پێکردبێت، ئەوسا دەتوانێت ئەگەرەکانی پێش خۆی دەسنیشان کات و بە ئاڕاستەی بردنەوە هەنگاو هەڵبگرێت. بە بڕوای من کورد بەم فۆرمە لە سیاسەت‌کردن کە خاوەنی هەندێک خەسڵەتی چەقبەستووی نەگۆڕە سیاسەتی دۆڕانی گرتوەتە پێش و بۆ ئەوەی لە سیاسەتی دۆڕانەوە بۆ سیاسەتی بردنەوە شیفت پەیدا بکات دەبێت بە باشی لەو بژاردە سنووردارانەی کە لە پێشیدایە تێبگات و بە زووترین کات بیانخاتە بواری جێبەجێ کردنەوە. لەو باوەڕەدام کە کورد لە نێو خۆیدا لەگەڵ یەک بژاردە و لە دەرەوەدا لەگەڵ دوو بژرادە بەرەوڕووە. ئەمە ئەو دوو ئاڵتێرناتیڤەیە کە کورد لە پێشیدایە بۆ ئەوەی ڕیسکی دۆڕان لە هاوکێشە سیاسییەکەدا زۆر کەم بێتەوە و لە هەمان کاتدا ئەگەری بردنەوە بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرز بێتەوە.

بژاردەی یەکەم: سازدانی هاوپەیمانی لە ناوخو

کاتێک باس لە هاوپەیمانی دەکەین کورد سەرەتا دەبێت ئەم ئەرکە لە ناوخۆدا بە باشترین شێوە بەڕێوە ببات. هەنگاوی یەکەم بۆ دەرکەوتنی بە هێز لە دەرەوە ئەوەیە سەرەتا دەبێت نێو ماڵی خۆت ڕێکبخەیت تا بتوانیت بە سەنگ و پێگەی بە هێزەوە لە دەرەوە دەر بکەویت. کورد گەر دەیهەوێت بکەرێکی ژێئۆپۆلتیکی بێت دەبێت سەرەتا هێزی خۆی یەکبخات. لە ژێئۆپۆلتیکی بزووتنەوەی ژینادا باسم لەوە کرد کە سیاسەت ناوخۆ و سیاسەتی دەرەوە تەواو کەری یەکترن. ئەگەر دەتەوێت بەهێز دەرکەویت دەبێت سەرەتا سیاسەتی ناوخۆ ڕێک بخەیت. کورد لە ڕۆژهەڵات دەبێت ئەزموونی باشووری کوردستانی لە بەرچاو بێت ئەگەر سیاسەتی ناوخۆی کورد لە باشوور یەکدەست دەبوو بە دەیان قات بکەری ژێئۆپۆلتیکیان زیاتر و خەسار و زیانەکانیان کەمتر دەبوو. کەواتە کورد لە ناوخۆدا تەنیا لەگەڵ یەک بژاردەدا بەرەوڕووە و ئەویش پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی گشتگیرە (Oversized coalition). ئەم هاوپەیمانییە دەبێت لە سەر ئەساسی بەرژەوەندیی نەتەوەیی بێت. دەبێت لایەنە دەرهەست و بەهەستەکانی بەرژەوەندیی نەتەوەیی ڕێنوێنی ئە هاوپەیمانییە بکەن. دەبێت ڕۆژهەڵاتی بوونی هێزەکان بنەمای سازدانی ئەم هاوپەیمانییە بێت و تا دەکرێت دەستێوەردانی هێزەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان بە تایبەت پەکەکە و پارتی سنوودار بکرێتەوەو کەواتە ئەو لایەنانەی سەر بە هەرکام لەم حزبانە بن دەبێت یاساکانی کایەی سیاسی لە ڕۆژهەڵات قەبووڵ کەن، سەربەخۆبوونی خۆیان لە بڕیاردان ڕاگەینن تا بتوانن وەکوو کایەکەرێکی ئاسایی لە ساحەی سیاسی ڕۆژهەڵاتدا دەرکەون. هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانیش پێویستە شەڕی چینایەتی و ئایدۆلۆژیکی تا دوارۆژی دەستەبەر بوونی پێگەی یاسایی-سیاسی بۆ کورد دوابخەن و چیدی نابێت هۆکارێک بن بۆ داخڵکردنی چەپی ئێرانی بۆ نێو کایەی سیاسی کورد لە ڕۆژهەڵات. دەبێت تێبگەن کە ساحەی خەباتی سیاسی و ئایدۆلۆژیکی ئەوان ڕۆژهەڵاتی کوردستانە نەک تەواوی جۆغرافیای ئێران. ئەو هێزانەشی کە خاوەنی شەرعییەتی مێژووی و سیاسین لەم پارچەیە لە کوردستان دەبێت واز لە مۆنۆپۆلکردنی سیاسەت بهێنن، لە ئەگەری دەستەبەر بوونی ئەو پێش مەرجانەی سەرەوە جێگەی هێزەکانی دەرەوەی ناوەندی هاوکاری لە ساحەکەدا بکەنەوەو هەروەها مکانیزمێک بدۆزنەوە بۆ بەشداری ڕای گشتی و ڕۆشنبیران و کەسانی سەربەخۆ لەم پرۆسە گرینگ و چارەنووس سازەدا. ئەمە وادەکات سیاسەتی کوردی ببێت بە یەکەیەکی یەکگرتوو و هاوچەشن و تەعبیر لە بەرژەوەندی نەتەوەیی کورد لەم بەشە لە کوردستان بکات. لە وەها دۆخێکدا دەکرێت باس لە هاوپەیمانییەکی گشتگیر بکەین لە ناوخۆ کە هەمووان بە لانیکەمی دەسکەوت و بردنەوە ڕازی دەبن (Minimum winning coalition).

بژاردەی دووهەم: سازکردنی هاوپەیمانیی سیاسی لە دەرەوە

بەرلەوە باس لە چۆنییەتی پێکهێنانی هاوپەیمانیی سیاسی لە دەرەوە بکەین دەبێت سەرەتا دوو پێشمەرجی گرینگ باس بکەین کە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی زەروورن و دەبێت بە باشی بناسرێت و دەرکی پی بکرێت:

ناسینی بەستێنی سیاسی: لە سازکردنی هاوپەیمانیدا پێویستە سەرتا دەرک بە چۆنییەتی بارودۆخ و بەستێنە سیاسییەکە بدەین کە هاوپەیمانیی تێدا ساز دەبێت. بە گشتی ساحەی سیاسی ئێران دوو جەمسەر نییە و لە کۆمەڵیەک لایەنی سیاسی جۆراوجۆر پێکهاتووە. لە بارودۆخی دوو جەمسەریدا بردنەوەی لایەنێک بە واتای دۆڕانی لایەنێک دێت، دەسکەوتەکان حاسڵجەمعی سفرن (Zero-sum)، بەڵام لە بارودۆخی فرە جەمسەریدا کایەکەر بوونی هەیەو ئەگەری دابەش کردنی دەسکەوتەکان زۆر بەرچاوە بەڵام ئەمە بە واتای ئەوە نییە کە ئیمکانی مۆنۆپلکردنی دەسکەوتە سیاسیەکان بوونی نەبێت. بۆ نموونە سەڵتەنەت خوازەکان ستراتیژیان ئەوەیە کە هەموو لایەنەکان لە دەوری خۆیان کۆ بکەنەوەو پێش مەرجەکانی خۆیان بسەپێنن و ئەگەر ئەمەیان بۆ نەچووە سەر ساحەکە بەرەو دوو جەمسەری بەرن و بارودۆخی حاسڵجەمعی سفر  چێ بکەن. کورد دەبێت لەم ستراتیژە تێبگات و هێڵی سووری بۆ هاوپەیمانی بەستن لەگەڵ هێزە تۆتالیتر و پاوانخوازەکان بێت. هاوپەیمانی بەستن لەگەڵ سەڵتەنەت خوازەکان لە بارودۆخی ئێستادا حاسڵجەمعی سفرە، هەر دەسکەوتێک بۆ ئەوان بە واتای لە دەستدانی شتێکە بۆ کورد بەڵام ئەمە بە واتای ئەوە نییە کورد ناتوانێت لەگەڵیان دابنیشێت یان هاوپەیمانی ببەستێت بەڵکوو هەندێک پێشمەرجی هەیە و بارودۆخێکی تایبەت بە خۆی دەخوازێت کە دواتر دێمەوە سەری.

ڕەفتاری عەقڵانی: پێشمەرجێکی دیکەی گرینگ بۆ هەموو هێزە سیاسییەکان لە ساحەی سیاسیدا ئەوەیە کە بە شێوەیەکی عەقڵانی ڕەفتار کەن. ڕەفتاری عەقڵانی لە ساحەی سیاسەتدا بە واتای بەگڕخستنی هەموو تواناکان بۆ وەدەستهێنانی زۆرترین دەسکەوت و پاراستنی بەرژەوەندییەکان دێت. ئەوەی ئێمە لەم ماوەیەدا بینیومانە هەڵسووکەوتی ناعەقڵانی هێزە کوردییەکان بووە. کورد وەکوو ئەو کڕیارە وایە کە دەزانێت شوێنی هەرزانتر بۆ شت کڕین هەیە بەڵام بە شێوەی ناعەقڵانی هەر لە شوێنە گرانەکە شت دەکڕێت یان وەکوو ئەو کارمەندە وایە کە پێشنیاری پلەو پایەی باشتر و مەعاشی باشتری پێ دەکرێت بەڵام قەبووڵی ناکات. کەواتە کورد دەتوانێت بە شێوەیەکی عەقڵانی داخوازییەکانی بخاتە ڕوو و تەواوی تواناکانی بخاتە سەر یەک بۆ مسۆگەرکردنیان بەلام ئێستاشی لەگەڵدا بێت پەردەیەک لە شەرم و عەفاف تەواوی کردوەکانی داپۆشیوەو دەیهەوێت دڵی هەمووان ڕابگرێت نەک هەوڵی دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانی بدات. ئەمە بە واتای ڕەفتاری سیاسی ناعەقڵانی دێت، چوونکە بە زیانی خۆت و لە بەرژەوەندی نەیارەکانتا هەنگاو دەنیت، جۆرێک لە سیاسەت کردن کە ئەساسی لە سەر گورزلێدانە لە خود لە بەرژەوەندی ئەوانیتردا.

ئەگەر سیاسەت بە واتای دابەشکاری و دابین کردنی ڕەسەنی دەسکەوتەکان و سەرچاوەکان بێت ئەوا کورد بەم شێوە لە هەڵسوکەوت کردن خەریکە لە بەهێزکردنی مەرجەع و دابەشکارێکی ناڕەسەندا ڕۆڵ دەگێڕێت. عەقڵانی ڕەفتار کردن بە واتای ئەوە دێت کە کام کار و کردەوە بە باشترین شێوە بەرژەوەندییەکانت دەپارێزێت لە ئەنجامدانیدا دوودڵ نەبیت. پایە و ئەساسی دامەرزاندنی سیاسەتی دێمۆکراتیک لە ئێراندا کردەوەی سیاسی عەقلانییە، کورد دەبێت هەم خۆی عەقڵانی ڕەفتار بکات و هەمیش لە دوای ئە هیزانە بکەوێت کە بە شێوەی عەقلانی سیاسەت دەکەن. هەر بۆیە ئەو هێزانەی هەوڵی مۆنۆپۆلی دەسکەوتەکان دەدەن و ئەو هێزانەشی کردەوەی سیاسی خۆکۆژیانە ئەنجام دەدەن و لە بەر ڕاگرتنی دڵی لایەنەکانی دیکە بە کزێکەوە لە خواروی خوانەکەوە دادەنیشن دەکەونە دەرەوەی بازنە سیاسەت و ڕەفتاری سیاسی عەقلانییەوە ساحەکە بەروە نادیمۆکرات بوون دەبەن. بۆ نموونە کورد ئەگەر لەم دۆخەدا داوای سەربەخۆیی بکات بێ هاوپەیمان دەبێت یان ئەگەر ئەم فۆرمە شەرمەونانە لە سیاسەت کردن بە لاوە نەنێت دەسکەوتەکانی تا دوا پلە چکولە دەکاتەوە. کەواتە هەردووی ئەم ڕەفتارانە لەم دۆخەی ئێستادا ناعەقڵانییەو بەرژەوەندییەکانی کورد لە ناو دەبات. هەر بۆیە کورد دەبێت واز لە ڕەفتاری ناعەقڵانی سیاسی بێنێت و هەڵسوکەوتی شەرمونانە و ترسەنۆکانە ولاوە بنێ و تەواوی داخوازییەکانی بۆ دەستەبەر کردنی پێگەیەکی یاسایی سیاسی بۆ کورد لەم قۆناغەدا بخاتە ڕوو و لە پێناویدا هەوڵی درووستکردنی هاوپەیمانی بدات.

 لە ساحەی سیاسیدا خواست و مەیل بۆ بردنەوە، بۆ مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییەکان و بۆ وەدەستهێنانی هێزە کە سیاسییەکان لە یەکتر جیا دەکاتەوە، مرۆڤی سیاسی و عەقڵانی مرۆڤێکە لە هەر بارودۆخێکدا مەیل بۆ وەدەستهێنانی ئامانجەکانی بەهێزترین خواست و مەیلە لە هەناویدا. کەسێکە خوازیاری بردنەوە بێت وا دەکات کەسانی دیکەش ئەو کارە نەکەن کە ئەو نایهەوێت، هەوڵ دەدات تا ڕادەیەک هەمووان لە بەرژەوەندی خۆیدا بەکار بهێنێت. پرسیار ئەوەیە ئایا سیاسەتڤانی کورد لەم بارودۆخەی ئێستادا خاوەنی ئەم کاراکترەیە؟ ئەم خواست و مەیلە بەهێزەی بۆ بردنەوە تێدایە؟ بە داخەوە ئەوە خواست و مەیلی دۆڕانە کە جڵەوەی ڕەفتاری دەکات، ئەوە نەیارەکانییەتی کە توانیویانە واداری بکەن ئەو کارە بکات کە ئەوان نایانهەوێت کەواتە بە بڕوای من گەورەترین هەڕەشە لە سەر کورد لەم قۆناغەی ئێستادا کورد خۆیەتی.

چۆنییەتی بەستنی هاوپەیمانی لە دەرەوە

لە هەموو دونیادا پرسی پێکهێنانی هاوپەیمانی بە چەند فاکتەرەوە گرێدراوە. یەکەم ئایدۆلۆژیای حزبەکان، دووهەم سایز و ئەندازەی حزبەکان و سێهەم پێشینەی سیاسی حزبەکان.  هەرواکە پێشتر باسم کرد کورد بۆ پیکهێنانی هاوپەیمانی دوو ڕێگەی لە پێشدایە کە یەکەمیان بەستنی هاوپەیمانییەکی گشتگیرە کە لە هەموو لایەنەکان پێکهاتوە و دووهەمیش هاوپەیمانییەکی بەرینە کە لەو لایەنانە پێکدێت کە زۆرترین نزیکایەتییان پێکەوە هەیە. کورد هەر ڕێگایەکیان بگرێتە بەر ناچارە ئەو سێ فاکتەرەی سەرەوەی لە بەر چاو بگرێت لە پرسی هاوپەیمانی بەستندا.

هاوپەیمانیی گشتگیر

(Oversized coalition)

هاوپەیمانیی گشتگیر بە واتای بەشداری هەموو لایەنە سیاسییەکان دێت لە یەک هاوپەیمانیدا سەرەڕای پێشینەی سیاسی، ئەندازە و ئایدۆلۆژیای ئەو لایەنانە. هاوپەیمانیی گشتگیر هاوپەیمانی ئەو هێزانەیە کە لە باری ئایدیۆلۆژیکەوە هیچ ئیمکانی یەکگرتنیان نییە، ڕێککەوتنی هێزە دژبەرەکانە کە تا سەر ئێسک دۆژمنی یەکن، بۆیە زۆر جار ئەوەندە سەیر و سەمەرەیە کە لە ئەگەری درووستبوونیدا شۆکێکی گەورە درووستدەکات (Politics make strange bedfellows). هاوپەیمانیی گشتگیر بابەتێکی زۆر هەستیارە و هەندیک پێشمەرجی تایبەت بە خۆی هەیە کە دەبێت بە باشی دەرکی پێ بکریت.

یەکەم پێشمەرج لە پێکهێنانی ئەم هاوپەیمانییەدا کە بۆ کورد زۆر حەیاتییە و دەبێت لە بەر چاوی بگرێت ڕەفتاری عەقلانییە. بۆ نموونە سەڵتەنەت خوازەکان بە هۆی پێشینەی سیاسی و ئایدیۆلۆژیای حزبیانەوە کایەکەرێکی نائاسایین، بە شێوەی ناعەقلانی ڕەفتار دەکەن. ئەوان هەوڵی مۆنۆپۆل‌کردنی ساحەکەو دەستەبەرکردنی زۆرترین دەسکەوت بۆ خۆیان دەدەن. کەواتە دەبێت یەکەم شەرتی هاوپەیمانی بەستن لەگەڵیاندا ئەوە بێت کە ببن بە کایەکەرێکی ئاسایی و تەواوی یاساو ڕێساکانی کایەی سیاسی دیمۆکراتیک لە ئێراندا قەبووڵ بکەن و هێڵێکی ڕوون لە نێوان خۆیان و ڕژیمی پێشووی پاشایەتیدا بکێشن.

 زۆرجار هاوپەیمانی بەستن لەگەڵ هەندێک لایەندا ئیمکانی نییە. بۆ نموونە لە وڵاتانی ئەرووپای شەرقیدا و لە دوای ڕووخانی یەکییەتی سۆڤییەت، هێزە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ حزبە کمۆنیستەکانی ئەو وڵاتانە هاوپەیمانییان پێک نەدەهێنا. بە هۆی ئەوەی ئەم حزبانە لە حکوومەتی پێشوودا دەستیان لە کوشتن و ئازاردانی خەڵکیدا بوو، هەر بۆیە هاوپەیمانی بەستن لەگەڵیاندا هەزیەنەی زۆری دەخستە سەر شانیان. لە هەموو جیهانداو لە پرۆسەی دیمۆکراتیکدا ئەم حزبانەیان زۆر زوو وەکوو ئەکتۆرێکی ئاسایی قەبووڵ نەکردووە و لە زۆر شوێندا وەکوو ئیتالیا، فەڕانسە و ئیرلەند لە هاوپەیمانی خراونەتە دەرەوە و هاوپەیمانەتییان لەگەڵ نەبەستوون. کەواتە یەکەم پێشمەرج بۆ بەستنی هاوپەیمانیی گشتگیر ئەویە کە هێزە دژە سیستەمەکان و نادیمۆکراتیکەکان  و بە تایبەت ئەو هێزانەی درێژکراوەی سیستەمی سیاسی پێشوون دەبێت ببن بە ئەکتۆرێکی ئاسایی و یاسا و ڕێسای کایەی سیاسی دیموکراتیک لە ئێراندا لە پێش چاو بگرن. کەواتە لە پرسی سەڵتەنەت‌خوازەکاندا ئەوە کورد و نەتەوەبندەستەکانی ئێران و هێزە دیموکراتیکەکانن کە دەبێت مەرج بۆ سەڵتەنەت خوازەکان دابنێن بەڵام ئێستاکە پێچەوانەکەی لە گۆڕێدایە و ئەوانن خەرینک شەرتەکانیان دەسەپێنن بە سەر هەموو لایەنەکاندا. هەر بۆیە لەم بارودۆخەی ئێستادا هەڵەیەکی کوشەندەیە بۆ کورد ئەگەر بە مەرجەکانی ئەوان کە تەواو دژە کورد و دژە دیمۆکراسییە ڕازی ببن. کەواتە کورد دەبێت ڕۆڵیکی کارا بگێڕێت لە دیاریکردنی مەرجەکانی بەستنی هاوپەیمانیی گشتگیردا و بە بڕوای من فدڕاڵییەت و دیمۆکراسییەت دەکرێت دوو مەرجی گرینگ و سەرەکی بن کە کورد وەکوو هێڵی سووری خۆی دەستنیشانی بکات.

 خاڵێکی گرینگی دیکە ئەوەیە کە لە ئەگەری چێ بوونی بارودۆخی هاوپەیمانیی گشتگیردا کورد دەبێت هەول بدات هەموو لایەنە سیاسییەکانی ئۆپۆزسیۆنی فارس_شیعی داخڵی ئەم هاوپەیمانییە بکات. بۆ نموونە کورد نابێت لە سەر وەدەرنانی موجاهدینی خەلق لەگەڵ لایەنە فارسەکاندا ڕێککەوتن بکات. هێنانە ناوەی مۆجاهدین بۆ ناو هاوپەیمانیی گشتگیر دەتوانێت کەلێنەکانی ئۆپۆزسیۆنی فارس_شیعی قووڵتر بکاتەوە و بە گشتی لاوازیان بکات و ئەمەیان لە بەرژەوەندی کورددایە. چوونکە ساحەی کایەی سیاسی موجاهدین کوردستان نییە و ئایدیۆلۆژیاکەشی لە ناو کورددا هیچ جێگەو پێگەیەکی نییە، بۆیە مەترسیی لە سەر کورد نییە. کەواتە شەرتی گرینگی بەشداری لە هاوپەیمانیی گشتگیردا لە دوای ئاسایی و نۆرماڵ بوونی کایەکەرەکان، بەشداری هەموو لایەنەکانە. بەشداری تەواوی لایەنکان و فرە جەمسەربوونی ئەبێتە هۆی ئەوەی کورد بەوە تۆمەتبار نەکرێت کە لەگەڵ سەڵتەنەت خوازەکاندا نزیکایەتییان هەیە و ئەمە نیشانی دەدات کە جەبری بارودۆخە و هاوپەیمانیکەش تاکتیکییە نەک ستراتژیک. هەروەها هاوپەیمانیی گشتگیر دەتوانێت تا ڕادیەکی باش لە ڕێگەی ئیجماعی زۆرینەوە داخوازییە ناڕەواکانی لایەنە نادیمۆکراتیکەکان سنووردار بکاتەوە و بیانخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە. کۆتاخاڵ لە سەر بەستنی هاوپەیمانی گشتگیر هەروا کە پێشتر باسم کرد ئەوەی کە کورد دەبێت لە پرسی هاوپەیمانی بەستندا یەک دەنگ و یەک هێز بن. هیچکام لە هێزە کوردییەکان نابیت بە جیا لە یەک داخڵی هیچ هاوپەیمانییەتێکی سەرانسەری ببن. ئەمەیان ئەگەر ڕوو بدات هەڵەیەکی ستراتژیک ەو دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی دووبەرەکی سیاسی و ئایدۆلۆژیکی و نزیکبوونەوە لە شەڕی ناوخۆ. کورد لەمەیاندا دەبێت دەرس لە مێژوو وەربگرێت. بۆ نموونە یەکێک لە هۆکارەکانی شەڕی ناوخۆ لە دوای شۆڕشی ٥٧ داخڵ بوونی حزبی دیمۆکڕات بۆ شەوڕای میللی مقاومەت بە بێ کۆمەڵە بوو.

هاوپەیمانیی بەرین

(Distinctive coalition)

هاوپەیمانیی بەرین ئاڵترناتیڤە دووهەمە بۆ کورد کە بە تەواوەتی بەستراوە بە ئالترناتیڤی یەکەمەوە. کەواتە کاتێک دەتوانین باس لە هاوپەیمانیی بەرین بکەین کە ئەگەری یەکەم کە هاوپەیمانیی گشتگیرە شکستی خواردبێت و ئیمکانی ڕەخساندنی زەمینەیەک بۆ بنجبەستکردنی پێشمەرجەکانی بوونی نەمابێت. کورد لەم بارودۆخەدا دەتوانێت هاوپەیمانییەک لەگەڵ نەتەوە بندەستەکانی ئێران و هەروەها هێزە چەپ و دیمۆکراتیکەکان و ئۆپۆزسیۆنی میانەڕەوی فارس_شیعی لە بەرانبەری هێزە فاشیست و نادیمۆکراتیکەکاندا چێبکات کە زۆرترین نزیکایەتی سیاسی و ئایدیۆلۆژیکیان هەیە و بلوکیکی سیاسی و تاریخی دژ بە ئیستبداد لە ئێران پێکبێنێت. لەم هاوپەیمانییەدا کورد دەبێت لە سەر لاوازکردنی ئۆپۆزسیونی فاشیست و دژەدیمۆکراسیی فارس_شیعی کار بکات. کورد لەم هاوپەیمانییەدا دەتوانێت تا ڕادەیەکی باش ڕۆڵی ڕێبەرایەتی و پێشەنگ بگێڕێت. دەسکەوتەکان لە ئەگەری بردنەوەدا بۆ کورد لە ئاڵترناتیڤی دووهەم یەکجار زۆرترە و بە هەمان شێوەش لە ئەگەری دۆڕاندا زیانەکان بەرچاوە، مادام کە هاوپەیمانیی بەرین هاوپەیمانییەکی لاواز بێت. بە واتایەکی دی، ئەگەر بارودۆخی هاوپەیمانی بەستن بەرەو ئەم ئاقارە بڕوات و هاوپەیمانیی بەرین هاوپەیمانییەکی لاواز بێت تا ڕادەیەک بارودۆخی حاسڵجەمعی سفر (Zero sum) چێ دەبێت. لە ئاڵترناتیڤی یەکەمدا مەترسی دۆڕان بۆ کورد لە نێو دەچێت بەڵام بردنەوەکان بۆ هەموو لایەنکان حەدیئەقلی دەبن (Minimum winning coalition). بە بڕوای من باشترین ئاڵترناتیڤ بۆ کورد لە بارودۆخی ئێستادا کارکردنە لە سەر ئاڵترناتیڤی یەکەم، بەو مەرجەی کە کورد پێشمەرجەکانی درووستکردنی ئەم هاوپەیمانییە بە باشی ڕەعایەت بکات و شەرتەکانی خۆی بسەپێنێت، ئەگەر ئەمەیان بۆ نەچووە سەر ئەوکات ئیدی نابێت لە پێکهێنانی ئاڵترناتیڤی دووهەمدا دوودڵ بن. ئەگەر کورد لە بەستنی هاوپەیمانیی بەریندا سەرکەوتوو بوو و توانی هاوپەیمانییەکی بە هێز پێکبێنێت ئەوسا ئەگەری زۆرە ئەو لایەنانی دەرەوەی هاوپەیمانیکەش لە پێگەیەکی بێ‌هێز و لاوازەوە لە هاوپەیمانیکەدا بەشدار بن، بەڵام ئەگەر هاوپەیمانیی بەرین هاوپەیمانییەکی لاواز بێت ئەوکات مەترسییەکان لە سە کورد زۆر دەبن. کەواتە کورد بە گشتی لە دەرەوە ئەم دوو ئاڵترناتیڤەی لە پێشدایە و دەبێت بە وریایی زۆرەوە لەگەڵ ئەم پرسەدا هەڵسوکەوت بکات و بۆ بردنەوە لەم کایە هەستیارەدا دەبێت تەواوی ئەو پێشمەرجانە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی لە ناوخۆ و لە دەرەوە ڕەچاو بکات.

داگرتنی بابەت

هاوپەیمانیی سیاسی و پرسی کورد

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان