چه‌ند تێبینییه‌ک له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی ئێستای کوردستان و ئێران
بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان هه‌وڵی به‌کۆمه‌ڵی تاکه‌کانن بۆ ئه‌نجامدان یان پێش‌گرتن له گۆڕانکاریی کۆمه‌ڵایه‌تی که له پاش سه‌رهه‌ڵدانی کۆمه‌ڵگای پیشه‌یی و شکڵ گرتنی چینه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان سه‌ریان هه‌ڵدا. به گشتی، داواکارییه‌کان هه‌وێنی بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان پێک دێنن. دهیڤیدئابێڕڵ، بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به‌سه‌ر چوار ده‌سته‌دا دابه‌ش ده‌کا: گۆڕانساز، ڕێفۆڕمخواز، ڕزگاریده‌ر و لایه‌نگرانی گۆڕینی ئاکار. به گشتی ده‌توانین به‌کۆمه‌ڵ بوون و گۆڕانخواز بوون به تایبه‌تمه‌ندیی سه‌ره‌کیی بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان دابنێین.
له ڕوویه‌کی تره‌وه بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به دوو جۆری بزووتنه‌وه‌گه‌لی کۆن و نوێ دابه‌ش ده‌کرێن. بزووتنەوە کۆنه‌کان تایبه‌تن به سه‌ردەمی مۆدێڕنیته و، بزووتنه‌وه نوێیه‌کان هیی سه‌رده‌می پۆست مۆدێڕنن. بزووتنەوە کۆنه‌کان ڕێکخراو و خاوه‌ن ڕێبه‌رن؛ له حاڵێکدا بزووتنه‌وه نوێیه‌کان ڕێکخراوێکی رێکوپێکیان نییه و بێ ڕێبه‌رن؛ هه‌روه‌ها، بزووتنەوە کۆنه‌کان زۆرتر ئاخێزگه‌ی چینایه‌تییان هه‌یه، له حاڵێکدا بزووتنه‌وه نوێیه‌کان ئاخێزگه‌یه‌کی سهرووچینایهتییان هه‌یه؛ بزووتنەوە کۆنه‌کان پەیڕەوی مۆدێلێکی ئابووری – کۆمه‌ڵایه‌تیی دیاریکراو ده‌که‌ن، که‌چی بزووتنه‌وه نوێیه‌کان خاوه‌نی هیچ مۆدێلێکی ئـــــابووری – کــــۆمهڵایهتیی تایبه‌ت نین. بزووتنه‌وه نوێیه‌کان ئاکامی که‌موکووڕییه‌کانی دنیای مۆدێڕن و، دڵ‌سارد بوونه‌وه‌ی خه‌ڵک له سیستمه سیاسییه‌کانن.
بزووتنه‌وه‌ی ئه‌م دوایییانهی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ئێران که به بزووتنه‌وه‌ی ژینا ناوبانگی ده‌رکردووه، جێگه‌ی تێڕامان و لێ وردبوونه‌وه‌یه؛ هه‌م له ڕووی جۆره‌که‌ی و، هه‌میش له ڕووی چییه‌تی و هۆکاری سهرههڵدانییەوە. بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئاخێزگه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه ده‌توانین ئاماژه به هۆکاره‌کانی هه‌ڵاواردنی جێندری، جیـــاوازیی چینایه‌تی، سته‌می نه‌ته‌وایه‌تی، جیـــاوازیی تهمـــهنی، هه‌ڵاواردنی ئایینی و نه‌بوونی ئازادی له ئێران بکه‌ین. ده‌بێ ئه‌وه‌مان له‌به‌رچاو بێ، هێندێک له‌م هۆکارانه سه‌رانسه‌ری و گشتگرن؛ واتا له هه‌مووی ئێران بوونه‌ته هه‌وێنی سه‌رهه‌ڵدان وه‌ک جیاوازیی چینایه‌تی، هـــهڵاواردنی جێندری، نه‌بوونی ئازادیی تاکــــهکهسی و جیـــاوازیی ته‌مه‌نی. که‌چی هێندێک له هۆکاره‌کان وه‌ک سته‌می نه‌ته‌وایه‌تی و هه‌ڵاواردنی ئایینی تایبه‌تن به کوردستان، ئازه‌ربایجان، خووزستان و سیستان و بــــەلووچستانەوە. لـه کوردستان هۆکاری نـــهتــهوایهتی و له سیستان و بەلووچستان هۆکاری ئایینی پتر ڕۆڵ ده‌گێڕێ. به هه‌ر حاڵ ئه‌م هۆکارانه ئه‌گه‌ر بتوانن یه‌ک بگرن، قه‌یرانه‌کان قووڵتر ده‌بنه‌وه و ده‌توانن ببنه هه‌وێنی شۆڕشێکی گه‌وره‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و پێکهاته‌ی ده‌سه‌ڵات له ئێران بگۆڕن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌کتر شل که‌ن، وه‌ک ئه‌وه‌ی تا ئێستا ده‌یبینین له‌وانه‌یه شۆڕشه‌که دره‌نگتر ڕوو بدا. بۆ نموونه داواکاریی لابردنی سته‌می نه‌ته‌وایه‌تی لــــه کـــوردستان ڕه‌نگه ببێته هۆکارێک بۆ خاوبوونه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌که له‌نێو فارسه‌کان یان داخوازیی به‌رابه‌ری و یەکسانیی ژن و پیاو، بزووتنه‌وه‌که له‌نێو توێژی نه‌ریتی و پیاوسالاردا لاواز بکا. به‌ڵام ده‌بێ له‌وه تێبگه‌ین که هیچ کام له‌م داواکارییانه نابێ به پاساوی سست بوونی بزووتنه‌وه‌که به شێوه‌ی کاتیش بێ وه‌لا بندرێن، چونکه ناکرێ داوا کردنی مافی ڕه‌وا به هیچ بیانوویه‌ک بشاردرێته‌وه یان وه‌دوا بخرێ.
به گشتی ده‌کرێ بڵێین که هۆکاری سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌یه: سته‌می پیاو له ژن، ستـــهمی نـــهتهوهی فارس له نه‌ته‌وه‌کانی دی، چه‌وسانه‌وه‌ی چینی هه‌ژار به ده‌ستی چینی ده‌ستڕۆیشتوو، چــــهوســـانهوهی ئایینی و ئایینزایی، چه‌وسانه‌وه‌ی ته‌مه‌نی و چه‌وسانه‌وه‌ی تاک و زه‌وت کردنی مافه‌کانی له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه؛ که‌وابوو له‌م ڕوانگه‌یه‌وه ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه، بزووتنه‌وه‌یه‌کی فره هۆکاره که ڕاپــــهڕیــن دژی ژێرده‌سته‌بوون و چه‌وسانه‌وه تایبه‌تمه‌ندیی سه‌ره‌کییه‌تی.
لـــه ڕوویــــهکی تره‌وه ده‌توانین له ده‌لاقه‌ی زمانییه‌وه بڕوانینه ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه؛ واتا نابێ هۆکاری ” زمــــانی ” یـــــا به واتایه‌کی تر ” گوتاری” له‌بیر بکه‌ین. چونکه ڕاستییه‌کان له‌نێو گوتاره‌کاندا شکڵ ده‌گرن. به واتایه‌کی تر، ته‌واوی دیارده کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان. بۆ نموونه ناوهێنانی کچێکی سه‌قزی به “ژینا” یا ” مهسا” یان درووشمه‌کانی وه‌ک “ژن، ژیان، ئازادی” ، ” می جنگیم، می جنگیم ایران رو پس می گیریم”، ” کوردستان، چشم و چراغ ایران”، “مهاباد، کوردستان، سنگر(الگوی) کل ایران”، ” له مهاباد تا لوڕستان، ڕزگاری ده‌که‌ین کوردستان” یان “کورد، به‌لووچ ،ئازه‌ری، ئازادی، به‌رابه‌ری” هه‌ر کامه‌یان به شێوازی جیا کاریگه‌ریی له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی شکڵ گرتنی بزووتنه‌وه‌که داده‌نێن. مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه که نابێ له ڕۆڵی زمان یان گوتار له چۆنیه‌تیی شکڵ گرتن و گۆڕینی ڕه‌وتی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه چاوپۆشی بکه‌ین. به‌م پێیه، بزووتنه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی بریتییه له کۆمه‌ڵێک توخم و نیشانه که خاوه‌نی واتاگه‌لی په‌یوه‌ندیدار به سه‌رهه‌ڵدان و ناڕهزایهتییهوهن و به شێوه‌یه‌کی رایه‌ڵه‌یی و له‌په‌نا یه‌کتر واتاکانیان له ده‌وری نیشانه‌یه‌ک به ناوی “نیشانه‌ی ناوه‌ندی” (Nodal Point) جێگیر ده‌که‌ن. هه‌روه‌ک ده‌زانین نیشانه‌ی ناوه‌ندیی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه “ژن، ژیان، ئازادی”یه که کۆمه‌ڵێک نیشانه‌ی تر له ده‌وری کۆ بوونه‌ته‌وه و بوونه‌ته بزوێنه‌ری بزووتنه‌وه‌که؛ واتا به‌بێ ئه‌م نیشانانه یان بڵێین ئه‌م “وشانه” بزووتنه‌وه‌یه‌ک له‌گۆڕێدا نییه. کەوابوو، ڕۆلی زمان یان گوتار له قالبی وشه‌کان، چه‌مکه‌کان و درووشمه‌کاندا گرینگن.
شتێکی تر که له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا پێویسته بگوترێ ئه‌وه‌یه که هه‌ڵه‌یه به‌م بزووتنه‌وه نوێیه بڵێین، بزووتنه‌وه‌ی “ژینا”. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پێی بڵێین بزووتنه‌وه‌ی “ژنان”یش هه‌ر هه‌ڵه‌یه، چونکه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که کوژرانی دڵته‌زێنی ژینا بووه هۆی ده‌ست پێکردنی و ژنان ڕۆڵی سه‌ره‌کییان تێیدا هه‌یه؛ به‌ڵام ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه به‌رینتر و قووڵتره له کوژرانی کچێک یان بزووتنه‌وه‌یه‌کی فێمینیستی. که‌وابوو پێم وایه باشترین ناو بۆ ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه ناوی بزووتنه‌وه‌ی “ئاسۆیی (horizontal)” یه. مانوئێل کاستێڵز له کتێبی ” تۆڕه‌کانی تووڕه‌یی و هیوا: بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له سه‌رده‌می ئینتێڕنێتدا”، ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی خواره‌وه بۆ بزووتنه‌وه نوێیه‌کان داده‌نێ:
-
ڕایهڵهیین واتا ئامرازی ئه‌سڵییان مۆبایل و ئینتێڕنێته.
-
هه‌م ناوچه‌یی و هه‌م جیهانین، واتا جگه له شوێنی ئه‌سڵیی بزووتنه‌وه‌که له سه‌رانسه‌ری جیهان به‌ڕێوه ده‌چن.
-
خۆڕسکن.
-
وه‌ک ڕابڕدوو زۆریان پێویستی به ڕێبه‌ری ڕه‌سمی نییه.
-
زوو زوو به‌خۆیاندا ده‌چنه‌وه.
-
دێموکڕاتیک و سیاسین.
به گشتی، چونکه ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه فهرماندەرانه و ستوونی نییه، به‌ڵکوو خۆڕسکه، ڕێبه‌ری ڕه‌سمی نییه، پیاوسالار و ته‌مه‌ن سالار نییه و ژنان، تازه‌لاو و لاو به‌شداریی پڕڕه‌نگیان تێیدا هه‌یه، زۆر مه‌ده‌نییانه و هێمنه، ناوه‌ندگه‌را نییه و نه‌ته‌وه بنده‌سته‌کانی ئێران وه‌ک کورد، تورک، عه‌ڕه‌ب و به‌لووچ تێیدا به‌شدارن، باشترین ناو، ناوی بزووتنه‌وه‌ی “ئاسۆیی”یه که ئاکامه‌که‌ی ڕه‌نگه ببێته شۆڕشێکی ئاسۆیی. ئه‌گه‌ر شۆڕشێکی ئاسۆیی له ئێران ڕوو بدا، له‌وانه‌یه بتوانێ گورزێکی کاریگه‌ر له فارسسالاری، پیاوسالاری، تهمهنسالاری، سه‌ره‌ڕۆیی، ناوه‌ندگه‌رایی و خۆبه‌زلزانی له ئێران بوه‌شینێ.
له درێژه‌دا پێویسته ئاماژه به‌وه‌ش بکه‌م، ئه‌گه‌ر له قۆناغی ئێستا واتا بزووتنه‌وه بگه‌ینه شۆڕش (انقلاب)، باشترین ڕێکار بۆ داهاتووی کوردستان به‌ره‌وپێشبردنی پلانی “گه‌شه‌ی ئاسۆیی” یه. ئه‌م گه‌شه‌یه ده‌که‌وێته خانه‌ی پاڕادایمی “پۆست گه‌شه” ( Post- development) که خه‌ڵک، بهرابەریخواز، ناناوه‌ندگه‌را و ژینگه‌دۆستانه‌یه. گه‌شه‌یه‌ک که زۆر له‌گه‌ڵ ئه‌م بزووتنه‌وه ئاسۆیییه سازگاره؛ هه‌روه‌ها، زۆر دێمۆکڕاتیکه و له‌گه‌ڵ دۆخی فه‌رهه‌نگی- کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریی نهتهوەکهشمان ده‌گونجێ و، ده‌توانین له‌سه‌ر بنه‌ما هزرییه‌کانی دوکتور قاسملوو واتا سۆسیالیزمی دێموکڕاتیک و به خوێندنه‌وه‌یه‌کی ئه‌وڕۆیی و ته‌با له‌گه‌ڵ سه‌رده‌م و کۆمه‌ڵگای خۆمان به‌ره‌وپێشی ببه‌ین.
ڕاستییه‌کان پیشان ده‌ده‌ن که له ئێرانی سه‌د ساڵی ڕابردوودا، گوتارێکی فه‌رمانده‌رانه و سه‌ره‌ڕۆیانه زاڵ بووه. ئه‌م گوتاره له‌مه‌ڕ گه‌شه بووەته ئامرازێک بۆ سازکردنی سه‌رده‌ست – ژێرده‌ست. ئه‌م گوتاره هه‌لی بۆ پیاوان، نه‌ته‌وه‌ی فارس، ئایینی شیعه، به‌ته‌مه‌نه‌کان و چینی سه‌رمایه‌دار ڕه‌خساندووه که سه‌رده‌ست بن و بووەته هۆی بنده‌ست بوونی ژنان، غەیرەفارسهکان، غەیرەشیعهکان، لاوان و هه‌ژاران. نه‌ته‌وه، توێژ و چینی ده‌سه‌ڵاتدار به درێژاییی ئه‌م مێژوویه خۆی له هه‌ر چه‌شنه دابه‌شکارییه‌کی دادپه‌روه‌رانه بواردووه؛ که‌وابوو گوتاری گه‌شه تا ئێستا به په‌هله‌وی و ئیسلامییه‌وه پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی و سه‌روه‌ریی به‌شێک له پیاوان، نه‌ته‌وه‌ی فارس، شیعه‌کان و چینی ده‌ستڕۆیشتوو بووه و ناوه‌ندگه‌رایی و سه‌ره‌ڕۆییه‌کی به‌هێزی لێ کهوتووەتهوه؛ به وته‌یه‌کی تر گه‌شه له ئێران تیۆری و به‌رنامه‌یه‌کی پیاوسالار، فارسته‌وه‌ر، بژاردهسالار، پیرسالار و سه‌رمایه‌دارانه بووه که کاری ئه‌سڵیی سڕینه‌وه‌ی جیاوازییه نه‌ته‌وه‌یی، کلتووری و زمانییه‌کانی خه‌ڵکی ئێران بووه. ڕێگاچاره تێپه‌ڕینه له گه‌شه‌ی باڵاده‌ستانه، ده‌وڵه‌تی، پیاوانه، پیرانه، ناوه‌ندگه‌را و فارسگه‌را بۆ گه‌شه‌یه‌کی یەکسان و به‌رابه‌ر، خه‌ڵکییانه و مرۆڤته‌وه‌رانه. له گه‌شه‌ی ئاسۆییدا، کلتوور و زانستی خه‌ڵکانی خۆجێیی و نه‌ته‌وه جۆراوجۆره‌کان لەبه‌رچاو ده‌گیرێ و هه‌وڵ ده‌درێ جێگه و پێگه‌ی ئابووری، سیاسی و کلتوورییان به‌هێز بکرێ. له‌م گه‌شه‌یه‌دا، گه‌شه له‌سه‌ر ده‌ستی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی و له سه‌ره‌وه به شێوه‌ی فه‌رمانده‌رانه ده‌ست پێ ناکا، به‌ڵکوو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک له گوند و شاره‌کان به ژن و پیاو، گه‌نج و پیره‌وه به‌شدار دەبن. له‌م گه‌شه‌یه‌دا، نه‌ته‌وه جۆراوجۆره‌کان که چاتر له ده‌رد و ژانی خه‌ڵکی خۆیان ده‌گه‌ن، پلانداڕێژ و به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شه ده‌بن. ئه‌م جۆره گه‌شه‌یه دێموکڕاتیکه و ده‌توانێ هێژمۆنیی نابهرابهریخوازانهی گه‌شه‌ی فه‌رمانده‌رانه تێک بشکێنێ و زه‌مینه‌ی به‌شداریی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک له چاره‌نووسی سیاسی و ئابووریی خۆیاندا ساز بکا. به گشتی ئه‌م گه‌شه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌م بزووتنه‌وه ئاسۆیییه گونجاو ده‌بێ و ده‌توانێ پلانێک بێ بۆ لابردنی هه‌موو جۆره‌کانی سته‌م له ئێرانی داهاتوودا. له‌م جۆره گه‌شه‌یه‌دا، سته‌م له ژینگه، ژنان، نه‌ته‌وه‌کان، چینی هه‌ژار، مناڵان، گه‌نجان و تاکه‌کان له‌نێو ده‌چێ و، به هه‌ر یه‌ک له‌وانه مافی هه‌ڵبژاردنی جۆری ژیانی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری و کلتوورییان ده‌درێتێ.
به کورتی پێم وایه ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ی ئێستا بزووتنه‌وه‌یه‌کی “ئاسۆیی”یه؛ چونکه فره‌ڕه‌نگ و فره‌هۆکاره، بێ ڕیزبه‌ندییه و داواکارییه‌کانی خه‌ڵکی لاواز و په‌راوێزخراو له‌خۆ ده‌گرێ. ئه‌مه تایبه‌ته به ژیان له سه‌رده‌می ئینتێڕنێتدا که ڕێگای بۆ سازکردنی کۆمه‌ڵی سیاسی له ده‌ره‌وه‌ی پێکهاته‌ی حقووقیی ده‌وڵه‌ت ساز کردووه. ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه له داهاتوودا، ده‌توانێ ڕێگا بۆ سازبوون و هێژمۆنیک بوونی ” گه‌شه‌ی ئاسۆیی” وه‌کوو دژه‌گوتاری گه‌شه‌ی ستوونیی سه‌د ساڵی ڕابردووی ئێران تا ئێستا خۆش بکا. ئه‌م گه‌شه‌یه لایه‌نگری ئابوورییه‌کی ئهخلاقتهوهرانهیه؛ هه‌روه‌ها، پێشکه‌وتن وێڕای له‌به‌رچاوگرتنی ژینگه، دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌لایه‌تی، به‌رابه‌ریی ژن و پیاو، مافی مرۆڤ، مافی مناڵان، هه‌ژاران، گوندنشینان، مافی گه‌لان، ئازادیی تاکه‌که‌سی و … له‌خۆ ده‌گرێ. له‌م جۆره گه‌شه‌یه‌دا، پلان و به‌رنامه له سه‌ره‌وه و ناوه‌نده‌وه ڕه‌ت ده‌کرێته‌وه و زۆر دێموکڕاتیکانه ئه‌رکی پێشڤه‌چوونی کۆمه‌ڵگا ده‌خرێته ئه‌ستۆی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک.
359
“اینجوری برات نمیرە بالا” یان شکستی پڕۆژەی نەتەوەسازیی فارس...کوردایەتی وەکوو چیمەنتۆ
Scroll to top
چه‌ند تێبینییه‌ک له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی ئێستای کوردستان و ئێران