ئارامتر بخوێنەوە

کوردایەتی وەکوو چیمەنتۆ

سارۆ ئەردەڵان


نزیک سەد و دە ساڵ لەمەوبەر خوێندکارانی کورد لە ئەستانبۆل چەمکی کوردایەتییان داهێناوە و لانیکەم لە سەردەمی دامەزراندنی حیزبی هیوا، کۆمەڵەی ژێکاف و کۆماری کوردستانەوە هەمیشە خەڵکانێک هەبوون کە پێیان وابووە کوردایەتی دەکەن. کوردایەتی وەکوو بەهێزترین چەمکی سازکراوی بیری کورد لەگەڵ خۆیدا چەند چەمکێکی دیکەی وەکوو پێشمەرگە، جاش و کوردستانی گەورەی ساز کردووە. بەم گوێرەیە، کوردایەتی تەنیا سیستەمێکی بیرۆکەکان نییە کە لە بۆشاییدا دروست کرابێ و لە دەرەوەی چالاکیی سیاسیی ژنان و پیاوانی کوردەوە مانای هەبێ، بەڵکوو کوردایەتی ڕێک لەناو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا واتایەکی ڕوونی بە هەڵسوکەوتی خەڵک داوە. خەڵکی کوردستان باس لەوە دەکەن کاتێک لە لایەن دوژمنانەوە ستەمیان لێ دەکرێ یا ئەو کاتانەی خۆیان بە کوردانی پارچەکانی دیکەوە گرێ دەدەنەوە، لە ڕووی دەروونییەوە هەستی کوردایەتییان دەبزوێ. بەم گوێرەیە، ئەم ئایدیۆلۆژییە دەبێتە بەستێنێک کە وشیاریی کۆمەڵایەتی و هەڵوێستی سیاسیی خەڵکی کوردستان تیایدا فۆڕم دەگرێ.

ئایدیۆلۆژیی کوردایەتی دەتوانێ بەرەیەکی یەکگرتوو لەو کوردانەی کە ناڕەزایەتیی سیاسییان هەیە و ناسنامەیان سڕدراوەتەوە یا تووشی چەوساندنەوەی ئابووری، سووکایەتیی کۆمەڵایەتی، کپ‌کردنی ئازادی و پێشلکاریی مافی مرۆیی بوون بە دەوری خۆیدا کۆ بکاتەوە و وەک چیمەنتۆ ئەم پێکهاتە پرشوبڵاوانە پێکەوە بلکێنێ. چیمەنتۆیەک کە هەرچی زیاتر کات بە سەریدا تێدەپەڕێ، ئەو پێکهاتانەی لێک دوور خراونەتەوە، زیاتر لێکیان نزیک دەکاتەوە و توندوتۆڵیان دەکا. کاتێک ئەم ئایدیۆلۆژییە زیاتر لەناو خەڵکدا پەرە دەستێنێ و جێگر دەبێ، چەمکەکانی باشوور، باکوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا نەک تەنیا لە ئەدەبیاتی سیاسیدا، بەڵکوو لە ناوشیاری خەڵکدا جێگر دەبێ. لە ڕاستیدا ئەوە ناوشیارە کە ڕێڕەوی سیاسەت دەسنیشان دەکا، بۆیە بە هەڵکشانی ئایدیۆلۆژیی کوردایەتی لەناو خەڵکدا سیاسەتێک کە ئامانجی سازکردنی دەوڵەت نەتەوە لەسەر خاکی کوردستانە، زیاتر پەرە دەستێنێ. ئایدیۆلۆژیی کوردایەتی وەکوو چیمەنتۆ دەبێتە هۆی پێکەوەبەستنەوەی ئەو ناسنامانەی کە لەژێر گوشاری ناسیۆنالیزمی دوژمنانی کوردستاندا لێک جیا کراونەتەوە.

نەتەوەی کورد لەژێر سوڵتەی چەند نەتەوەیەکی دیکەدا لە مافی دیاریکردنی چارەنووس بێبەش کراوە. ئایدیۆلۆژیی کوردایەتی دەیهەوێ بە بەرزکردنەوەی ئاستی ئاگایی نەتەوەیی بیرۆکەی نەتەوە بۆخۆی بەهێز بکا و هەوڵ دەدا نەریتی خەباتێکی ڕزگاریخوازانە بە مەبەستی ئازادی و سڕینەوەی جۆرەکانی ستەم پەرە پێ بدا. نەتەوەکانی فارس، تورک و عەڕەب لەسەر بنەمای سیاسەتێکی کۆلۆنیالیستی چوار دەوڵەت نەتەوەی ئێران، تورکیا، سوریا و عێراقیان دامەزراندووە و خاکی کوردستان لە نێوانیاندا دابەش کراوە و، لە ئاکامدا نەتەوەی کورد لە دۆخی بندەستیدا هێشتراوەتەوە.

بەپێچەوانەی ئەوەی دەوترێ کە گوایە کوردایەتی پەرچەکردارێک بۆ ناسیۆنالیزمی ئێرانی، تورکی و عەڕەبی بووە، بە ڕەچەڵەکناسیی چەمکی کوردایەتی بۆمان دەردەکەوێ کە هاوکات لەگەڵ نوخبەی ئەو نەتەوانە دەستەبژێری کوردیش باسی لە نەتەوەی کورد و دابەشبوونی بەسەر ئیمپراتۆرییەکاندا کردووە. بۆ نموونە پێش ئەوەی دەوڵەت نەتەوەی ئێران، تورکیا، عێراق و سوریا ساز ببێ، لە گۆڤاری ڕۆژی کورد کە بڵاکراوەی “جڤاتی هێڤی” بووە و لە لایەن خوێندکارانی کورد لە ئەستانبۆل لە ساڵی ١٩١٣ دەرچووە، باس لە کوردایەتی کراوە؛ ئەگەرچی ویستی نوخبەی ناسیۆنالیستی کورد لە هەناوی چەندین بزووتنەوە و شۆڕشدا ڕەنگی داوەتەوە، بەڵام تاکوو ئیستا نەیتوانیوە لە چوارچێوەی دەوڵەت نەتەوەدا خۆی ببینێتەوە.

هەرچەند شیکردنەوەی هۆکاری نێودەوڵەتی و پلانی زلهێزەکان، بەرژەوەندیی سەرمایەداری و، ڕەهەندی ژیۆپۆلتیکی ناوچەکە دەکرێ هەندێک پاساوی لۆژیکی بن بۆ ئەوەی بۆچی تاکوو ئیستا دەوڵەت نەتەوەی کورد دانەمەزراوە، بەڵام بۆ تێپەڕاندنی دۆخی بندەستی، نوخبەی کوردایەتی دەبێ بیر لە سەرلەنوێ داڕشتنەوەی شێوەی بەرەنگاری و شۆڕش بکەنەوە. ئەگەر کۆمەڵە خەڵکێکی وشیار کە نوێنەرایەتیی ئایدیۆلۆژیی کوردایەتی دەکەن، بتوانن ڕێبەریی هاوپەیمانییەک لەو چین و توێژە کۆمەڵایەتییانە ساز بکەن کە ستەمیان لێ دەکرێ، دەتوانن وەکوو کۆمەڵێکی هێژمون خۆیان دەربخەن. بۆ سازکردنی ئەم هێژمونییە پێویستە ویستێکی بەکۆمەڵی نەتەوەیی و خەڵک‌پەسەند لەنێوان گرووپە ستەملێکراوەکاندا ساز ببێ.

کەواتە لەم شێوە خوێندنەوە نوێیەدا، کوردایەتی بیرۆکەیەکی دژەچەوساندنەوەیە و دەتوانێ هەموو ئەو گرووپ و توێژانە لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە کە ستەمیان لێ دەکرێ، پەراوێز دەخرێن و مافەکانیان پێشێل دەکرێ. سازبوونی ئەم بەرە دژەچەوساندنەوەیە زەروورەتێکی مێژوویی‌یە و هەڵبەت دەکرێ لەسەر بنەمایەکی هاوبەشی نەتەوەیی – کۆمەڵایەتی بنیات بنرێتەوە، نەک بیر لەوە بکرێتەوە لە خاڵی سفرەوە شێوازێکی جیاواز ساز بکرێ کە هەموو توخمە پێکهێنەرەکانی نوێ بن. چونکە ناوەندی شێوازی پێشووی کوردایەتی ئەگەرچی زیاتر لەسەر بنەمای هەستی نەتەوەیی ساز ببوو، هێشتا دەتوانێ وەک هێزێکی جووڵێنەر کۆمەڵانی خەڵک لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە؛ بەڵام پێویستە تەنیا لە ڕوانگەی خۆیەوە سەیری ڕزگاری نەکا و هەوڵ بدا ویستی چین و گرووپە ستەملێکراوەکانی دیکە لەبەر چاو بگرێ. بەم شێویە کوردایەتی دەتوانێ بە ڕەچاوگرتنی ستراتێژییەکی شۆڕشگێڕانە بەرەی ناسیۆنالیستیی دوژمن لاواز بکا و نەهێڵێ ئەو کوردانەی داواکاریی چینایەتی، جێندەری، مافی مرۆیی و ژینگەیی‌یان هەیە، پەرتەوازە ببن یا بۆ ڕزگاری لە ستەم پەنا بۆ ئەو چارەسەرییانە ببەن کە دوژمن پێشنیاریان پێ دەکا.

ئایدیۆلۆژیی کوردایەتی لە ئێستادا بەرەوڕووی دوو دوژمنی کۆن و دوو ڕەقیبی نوێ دەبێتەوە. فۆڕمەکانی ناسیۆنالیزمی ئێرانی، تورکی و عەڕەبی دوژمنایەتییەکی لەمێژینەیان لەگەڵ کوردایەتی هەیە. هەروەها ئیسلامی سیاسی خوازیاری سازکردنی حکومەتی ئیسلامی و گرێدانەوەی کورد بە ئومەتی ئیسلامییەوەیە. هەر دوو ئایدیۆلۆژیی ناسیۆنالیزمی دوژمن و ئیسلامی سیاسی کەوتوونەتە بەر ڕەخنەی جیددیی کوردایەتی و ئەدەبیاتێکی سیاسیی بە‌هێز لە بەرانبەریاندا ساز بووە و، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کاتێک سەبارەت بە مافی نەتەوەیی خۆیان وشیار دەبنەوە، هەر دوو ئایدیۆلۆژییەکە بەتوندی ڕەت دەکەنەوە. بەڵام لەم سەردەمەدا کاتێک دوو ڕەقیبی ناوخۆیی، ئانارشیزمی دژە دەوڵەت – نەتەوە و ناسیۆنالیزمی مەدەنی لە کوردستان سەر هەڵدەدەن، کوردایەتی بەرەوڕووی ئاستەنگی دژوارتر دەبێتەوە.

جۆری ئانارشیزمی دژە دەوڵەت، بەڕوونی لە لایەن پەکەکەوە پەیڕەو دەکرێ کە مۆدێرنیتە و دەوڵەت – نەتەوە بە هۆکاری چەوساندنەوەی مرۆڤ دەزانێ و باس لەوە دەکرێ کە کورد دەبێ نوێنەرایەتیی بەڕەی ڕووخاندنی کاپیتالیزم بکا. ئەگەرچی پەکەکە نە ئەو هێزەی هەیە و نە دەیهەوێ هیچ کام لە دەوڵەت – نەتەوەکانی دوژمن بڕووخێنێ، بەڵام هەموو توانای خۆی بۆ پێشگرتن و دژایەتیی سازبوونی دەوڵەت – نەتەوەیەکی نوێ لە کوردستان کە ئامانجی کۆتایی ئایدیۆلۆژیی کوردایەتییە، بەکار دێنێ. ئەم تێگەیشتنە لە ئانارشیزم کە پەڕگیڕییەکی بیرۆکەی چەپە، پێی وایە دەبێ لە جیاتی دەوڵەت، کۆمەڵگایەکی بێ‌دەوڵەت ساز بکرێ کە تیایدا ئەنجومەنە خۆبەڕێوەبەرەکان دژ بە هەر جۆرە دامەزراوەیەکی دەوڵەتی، چینی کۆمەڵایەتی، سیستەمی هێڕەمی و خاوەنداریەتیی تایبەت بۆ ئامرازی بەرهەمهێنان دەبن. لایەنگرانی ئانارشیزم ئۆمێد دەکەن کوردستان بکەنە یەکەم نموونە لە جیهاندا کە لە دەرەوەی سیستەمی جیهانی بتوانێ سەرمەشقێکی ژیان لە دەرەوەی سیستەمی سەرمایەداری بۆ هەموو مرۆڤ ساز بکا.

دووەم ڕەقیبی کوردایەتی، ئایدیۆلۆژیی ناسیۆنالیزمی مەدەنییە کە لە لایەن هەدەپە، ئیسلاحتەڵەبەکانی ڕۆژهەڵات و، هەتا ڕادەیەک جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە باشووری کوردستان نوێنەرایەتی دەکرێ. ئەم ئایدیۆلۆژییەش کە تەمەنی نزیک بە ئانارشیزمی پەکەکەیە، خوازیاری ئەوەیە کە توخمی نەتەوەیی ناسیۆنالیزمی دوژمن و کوردایەتی لاواز بکا و ئەو دووانە لەسەر هەندێک مافی مەدەنی هاوڵاتییان لێک کۆ بکاتەوە. بەم گوێرەیە لایەنگرانی ناسیۆنالیزمی مەدەنی دەیانەوێ لە لایەکەوە ئایدیۆلۆژیی کوردایەتی دەست لە داخوازیی سەرەکیی خۆی کە سازکردنی دەوڵەت – نەتەوەی کوردستانە هەڵبگرێ و، لە لایەکی دیکەوە ئێرانی‌بوون، تورکییەیی‌بوون، عێراقی‌بوون و سوریەیی‌بوون چیتر بە مانای فارس‌بوون، تورک‌بوون و عەڕەب‌بوون نەبێ. کەواتە لەم تێگەیشتنە لیبراڵییە لە ناسیۆنالیزم، چیتر قەومییەت وەک توخمی سەرەکیی ناسیۆنالیزم سەیر ناکرێ، بەڵکوو گرنگی بە بەهاکانی لیبراڵیزم وەکوو ئازادی، یەکسانی، مافەکانی تاک وەکوو هاوڵاتی‌بوون و پێکەوەهەڵکردن دەدرێ. ئایدیۆلۆژیی ناسیۆنالیزمی مەدەنی، کوردایەتی وەکوو دیوارێک سەیر دەکا کە ناهێڵێ کورد بەسەر نەتەوەکانی دوژمندا بکرێتەوە.

کوردایەتی ئەگەرچی مێژوویەکی دوورودرێژتری لە خەبات دژ بە ناسیۆنالیزمی دوژمن و ئیسلامی سیاسی هەیە، بەڵام سەبارەت بە بەربەرەکانی لەگەڵ دوو ڕەقیبی ناوخۆیی کەم ئەزموونترە و، نەیتوانیوە بەشێوەیەکی ستراتێژیک بەرەوڕوویان ببێتەوە. بەشێکی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەر دوو ئایدیۆلۆژیی ئانارشیزم و ناسیۆنالیزمی مەدەنی لە مەیدانی کوردایەتیدا چالاکن و هێز وەردەگرن. بۆیە لە فازی یەکەمدا کوردایەتی دەبێ لە مەیدانی یاریی هاوبەشدا ئیمکانەکانی ئەوان بۆ جماندنی خەڵک و بەتایبەت ڕاکێشانی نوخبە کەم بکاتەوە. لەم فازەدا کوردایەتی دەتوانێ بەڕوونی ویستی نەتەوەیی خۆی بۆ دامەزراندنی دەوڵەت- نەتەوە باس بکا و نیشانی بدا کە سیستەمی جیهانی لانیکەم لە سەدەی بیست و یەکەمدا لەسەر هەمان نەزمی دەوڵەت – نەتەوە دەڕواتە پێشەوە. هەربۆیەش ئانارشیزمی پەکەکە ناتوانێ هیچ کام لە دەوڵەت نەتەوەکانی داگیرکەری کوردستان نە بڕووخێنێ و نە لاواز بکا و، نە بە ڕاشکاوی داوایەکی وەهاشی خستووەتە ڕوو. ئەگەرچی ناسیۆنالیزمی مەدەنی لە کورتخایەندا دەتوانێ فەزایەک بۆ گەیشتن بە هەندێک مافی مەدەنی وەکوو خوێندنی زمانی دایک یا بەڕێوەبەرییەکی سنوورداری ناوچەیی بۆ کورد دەستەبەر بکا، بەڵام چونکە لە بنەڕەتدا پەیوەندیی فارس، تورک و عەڕەب لەگەڵ کورد لەسەر بنەمایەکی کۆلۆنیالیستییە، ناتوانێ پێگەی کورد وەکوو هاوڵاتییەکی دەرەجە دووەم بگۆڕێت. هەروەها، ئیمکانی مەدەنی‌کردنی ناسیۆنالیزمەکانی دوژمن خەونێکی شاعیرانەیە، چونکە ناسیۆنالیزمی دوژمن ئامادە نییە لە دەستکەوتەکانی خۆی لە سەد ساڵی ڕابردوودا دەست بکێشێتەوە.

لە فازی دووەمدا کوردایەتی دەبێ ڕەخنە لە هەر دوو ئایدیۆلۆژیی ئانارشیزم و ناسیۆنالیزمی مەدەنی تێپەڕێنێ و بەرەیەکی مێژوویی نوێ لە کوردستان ساز بکا کە نوێنەرایەتیی خەباتێکی دژەکۆلۆنیالیستی و دژەچەوساندنەوە وەئەستۆ دەگرێ. بەم شێوەیە بەشێک لەو گرووپانەی کە ستەمیان لێ دەکرێ و گەیشتن بە ویستی خۆیان لە لایەنگری لە ئانارشیزم و ناسیۆنالیزمی مەدەنیدا دەبیننەوە، بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ. هەربۆیە پێویستە کوردایەتی سنووری خۆی لەگەڵ ئایدیۆلۆژیی نیولیبراڵییەک کە لە هەرێمی کوردستان بووەتە هۆی زیاتربوونی قەڵشی کۆمەڵایەتی و جیاوازیی چینایەتی ساز کردووە، نیشان بدا. لایەنگرانی کوردایەتی دەبێ لەوە ئاگادار بن کە ئەم ئایدیۆلۆژییە ئەگەر بیهەوێ هێژمونییەک لەو گرووپانە ساز بکا کە دەچەوسێنەوە، ناتوانێ لەگەڵ بیرۆکەی نیولیبرالیزم جومگەبەندی بکرێ. سۆسیالیزمێک کە نزیکەی چل ساڵ لەمەوبەر دوکتۆر قاسملوو پێشنیاری کردبوو تا لەگەڵ ویستی سیاسیی نەتەوەی کورد تێهەڵکێش بکرێ و، لەو ڕێگەیەوە ستەمی نەتەوەیی و چینایەتی بسڕدرێتەوە و ئازادیی مرۆڤی کوردی تێدا بەدی بێ، هێشتا بیرۆکەیەکی کارامە و پێشکەوتوو‌خوازانەیە کە دەتوانێ ببێتە هۆی دەستەبەربوونی سەرەوەریی سیاسیی نەتەوەی کورد و، ڕزگاریی گرووپە بندەست و چەوساوەکان بەدی بێنێ.

داگرتنی بابەت

کوردایەتی وەکوو چیمەنتۆ

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان