کۆمەڵکوژیی کورد لە دەرەوەی یاسا لە ڕۆژهەڵات
پێشەکی
مێژووی کورد، لە هەر چوارپارچەدا و لە زێدی باو و باپیرانی، مێژوویەکی خوێناوییە و پڕە لە ڕووداوی تڕاژیک و خەمبار. ئەو مێژوویە پێمان دەڵێ کە ڕووداوە تڕاژیکەکانی نێو کۆمەڵگەی کوردەواری ئەوەندە زۆر و پەیتاپەیتا بوون کە ئەو کۆمەڵە پێش ئەوەی دەرەتانی ساڕێژی برینی کارەساتێکی بۆ بڕەخسێ، وا کارەساتێکی نوێی بەسەردا سەپاوەتەوە.
لەنێو ڕووداوەکان و کارەساتە خوێناوییەکانی ناو مێژووی کورد، بەسەرهاتی ڕۆژهەڵات لە سەردەمی ئێستادا بە گشتی و لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا بەتایبەتی سرنجڕاکێش و زەقن. ئەو بەسەرهاتانە خاپوورکردنی دێ و شارۆچکە تا تیرباران و لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی خەڵکی نیشتەجێی ئەو بەشە لە وڵاتی کوردان دەگرێتەوە. لەنێو ئەو ڕووداوانەدا کۆمەڵکوژیی دانیشتووانی گوندەکانی قاڕنێ و قەڵاتان یەکێک لەو ڕووداوانەن کە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ بە دەستی کۆماری ئیسلامی زۆر زەق دەکاتەوە. هەرچەندە چەند کۆڕ و کۆمەڵ و ڕێکخراوی چەپی ئەوکات پاش ڕووداوەکە ڕاپۆرتیان لەسەر ئامادە کرد و تەنانەت ئەو ڕووداوانەیان شی کردەوە، بەڵام نە کۆماری ئیسلامی، نە ڕێکخراوە نێونەتەوەیییەکان هەرگیز ڕووداوەکانیان شی نەکردەوە و مافی ئەو کەسانەی لەو ڕووداوە دڵتەزێنانەدا تا ئێستا پێشێل کراوە و لەوبارەوە تاوانبارێک پەلکێشی دادگا نەکراوە و یا خود لێپێچینەوەی لەگەڵ نەکراوە.
دیارە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵات تەنیا خۆی لە جنایەت و کۆمەڵکۆژی لە قاڕنێ و قەڵاتاندا نابینێتەوە، بەڵکوو تیرەباران و لەسێدارەدانی ڕۆڵەکانی کورد دەستەدەستە و بەکۆمەڵ لە تەواوی شارەکانی ڕۆژهەڵات بوون بە دیاردە و ڕەسم و ڕسوماتی کۆماری ئیسلامی بۆ چاوترسێن کردنی خەڵک و بۆ تۆڵەی ئەو پاسدار و بەسیجییانەی کە لە ڕۆژهەڵات و بە دەستی پێشمەرگەی حیزبەکان دەکوژران. بۆ وێنە لە شاری مەهاباد، چەند جار تێکهەڵچوونی قورس و خوێناوی لەنێو شار و لە دەرەوەی شار ڕوویان داوە و لەو تێکهەڵچوونانەدا منداڵی مەلا بەناوبانگەکانی شیعە کوژراون. هەر دوابەدوای ئەو تێکهەڵچوونانە، خەڵکی زیندانیکراوی ئەو شارە بەکۆمەڵ و دەستەدەستە تیرەباران کران. یانی وا وێدەچێ کە ئەو تیرەباران و لەسێدارەدرانانە بە تۆڵەی کوژرانی ئەو کەسانە بووبێ کە لە تێکهەڵچوونەکاندا کوژراون.
سرنجڕاکێشی و زەقبوونی ئەو تیرەباران و لەسێدارەدرانانە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئەو کەسانەی لە “دادگای شۆڕشی ئیسلامی”دا دادگایی دەکرد و ئەو دادگایەش بڕیاری سێدارە و تیرەبارانی دەردەکرد. ئەو دادگایانە بە هیچ پێوەرێکی ئەو سەدەیە دادگایەکی دادپەروەرانە نەبوون و بڕیارەکانیان زۆر جێگای تانە و ڕەخنەیە. هۆکارەکانیشی ئەوەن:
ئەو دادگایانە یاسایەکی پەسەندکراویان نەبووە. خومەینی لە ڕۆژی ٥ی ڕەشەممەی ١٣٥٧ دا بەبێ ئاماژە بە هیچ یاسایەک و تەنیا بە فەرمانێک “دادگای شۆڕشی ئیسلامی” دامەزراند. لە جۆزەردانی ساڵی ١٣٥٨دا پڕۆژەیاسای “دادگاکانی شۆڕش” لە لایەن “شوڕای شۆڕش” پەسەند کرا. ئەو پڕۆژەیاسا و بڕیارانە، پەسەندی خومەینییان لەسەر بوو. بەپێی گێڕانەوەی کاربەدەستانی ئەوسا، بەشێک لە کاربەدەستان هەوڵیان دا خاڵەکانی ئەو بڕیارە لەژێر کاریگەریی خومەینی و مەلاکاندا نەبێ، بەڵام لە ئاکامدا بەپێچەوانەی مەرسوماتی وەزارەتی دادگوستەریی ئیران لەو کاتدا، ئەو پڕۆژەبڕیارانە دەرچوون. ئەوە بەو مانایەیە کە تەواوی بڕیارەکانی دادگای شۆڕشی ئیسلامی تا جۆزەردانی ١٣٥٨، نایاسایی بوونە و ئەو کەسانەی بڕیاریان داوە ناکرێ وەک دادوەر پێناسە بکرێن. ئەوەی کە ئایا “شوڕای شۆڕش” بۆی هەیە بەبێ ئیزنی پاڕلمان یاسایەک پەسەند بکات و ئەرک بۆ بەشی دادی وڵاتێک دابڕێژێ، ئەوەش خۆی جێگەی مشتومڕ و تانەیە. تا ئێستا، نووسەری ئەو دێڕانە نەیتوانیوە نموونەیەک بێنێتەوە کە لەودا شوڕایەک لە دەرەوەی پاڕلمان کۆمەڵە یاسایەکی دەرکردبێ و خستبێتییە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەوە باوە کە “شوڕای شۆڕش” پاش سەرکەوتنی شۆڕش بڕیار دەرکات، بەڵام لە مێژوودا هیچ “شوڕای شۆڕشێک” تا ئێستا یاسای دادوەری دەرنەکردووە، بەڵکوو ئاماژەی بە کۆمەڵە یاسای پێشوو یان کۆنتری ئەو وڵاتە کردووە.
لە دادگاکانی شۆڕشی ئیسلامیدا، بەتایبەت لە دەیەی ٦٠ی هەتاویدا، سەڕۆکی دادگا خۆی ڕۆڵی دیکەی گێڕاوە. ئەوانەی لە ئەوکاتدا چ لە ڕۆژهەڵات و چ لە بەشەکانی تری جوگرافییای ئێراندا، شاهیدییان داوە کە زۆر جاران سەرۆکی دادگا بازجوویی زیندانی بووە. یان خود ئەوەی کە سەرۆکی دادگا ئەندامی سپای پاسداران بووە و بەپێی فەرمانی سپای پاسداران دادگای بەڕێوە بردووە. ئەوە بەو مانایەیە کە دادگا وەک مێکانیزمی دادپەروەری لە مێکانیزمی ئیجرایی جیا نەبووە. هەربۆیەش بڕیارەکانی ئەو دادگایانە نایاسایی و دوور لە مێکانیزمی دادپەروەرانە بووە.
هەروەک لە سەرەوە باس کرا، بنەمای ئەو دادگایانە، تەنانەت پاش دەرچوونی بڕیاڕی شوڕای شۆڕش بۆ دامەزراندنی دادگاکانی شۆڕشی ئیسلامی، بیر و باوەڕی دینی شیعە و داسەپاندنی هێژمۆنیی مەزهەبی بەسەر مێکانیزمی دادپەروەریی وڵاتی ئێران بوو. بڕیارەکانی ئەو دادگایانە تا ساڵی ١٣٧٢ کە یاسای پاڕلمانی بۆ دادگای شۆڕش دەرچووە، لەسەر بنەمای کتێبە دینییەکانی شیعە بوون. دیارە کتێبەکانی دینی، وەک یاسای جەزایی ناچنە سەر وردەکاری و بە پاڕاگراف کردنی سەزاکان وە یا خود ئەو کردەوانەی دەبێ سزا بدرێن. زیادە لەوەش خوێندنەوەی هەر سەرۆک دادگایەک، مەلایەک، لە کتێبی دینی لەگەڵ ئەوانی تر جیاوازە و بۆیەش بڕیارەکانی ئەو دادگایانە لە جێی جیاواز بۆ “تاوانی” دیکە جیاوازن. بۆ وێنە ئەگەر لە ڕۆژهەڵات بەیانییە و نووسراوەی سازمانێکی ڕۆژهەڵاتی سزای سێدارەی دەگەڵ خۆی دەهێنا، هەر ئەو “تاوانە” لە ئیسفەهان سزای زیندانی لێ دەکەوتەوە.
بەپێی ئاماری ساخ کراوە لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاویدا بەلانی کەمەوە ١١٦ کەس بە بڕیاری “دادگاکانی شۆڕشی ئیسلامی” تیرەباران کراون. بۆ وردەکاریی زیاتر بڕوانە دیاگڕامی سەرەوە.
هەروەک لە دیاگڕامەکەوە دەردەکەوێ، سەقز بە ٢٢ کەس، سنە و کرماشان بە ١٧ کەس و پاوە بە ١٣ کەس لە سەرووی لیستەکەدان.
هەرچەندە فەرمانی خومەینی دژی کورد لە ڕێکەوتی ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ دەرچوو، بەڵام ڕووداوەکان و ئەو ئامارەی سەرەوە دەریدەخەن کە کۆماری ئیسلامی بۆ لەنێوبردنی هێژمۆنیی سیاسی و نیزامیی ئەو ڕێکخراوانە و داسەپاندنی هێژمۆنیی خۆی، پەنای بردووەتە بەر دادگای شۆڕش و تیرەباران و لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ. ئەو ڕووداوانە پێش ئەوەی کە وا “فتوای” خومەینی بۆ “جیهاد” دژی کورد دەربچێ.
ڕووداوەکانی پێش و پاش دەرچوونی فتوای خومەینی دەریدەخات کە هێرش بۆ سەر ڕۆژهەڵات و قەڵاچۆی کورد بەرنامەداڕێژراو و سیستماتیک بووە. هەوڵ و تێکۆشانی کوردی ڕۆژهەڵات، بەپێی بەڵگە و سەنەدەکان، بۆ چارەسەریی دۆزی کورد نەیتوانی کەشێکی ئارام بێنێتە ئاراوە و، پێش بە تیرەباران و لەسێدارەدانی خەڵک بگرێ.
ئێستا ئەوە بە باشی پشتڕاست کراوەتەوە کە هەوڵی کوردەکان بۆ چارەسەریی کێشەکان لە ڕێگای دانوستان دەگەڵ نوێنەرانی دەوڵەت بە گشتی شکستیان پێ هێندرا و سەرکەوتوو نەبوون. دوایین هەل بۆ دۆزینەوەی چارەسەر هەوڵی پێکهێنانی “هیئت نمایندگی خلق کورد” بوو. ئێستا پشتڕاست کراوەتەوە کە شکستی ئەو وتووێژانە دوو خاڵی سەرەکی بوون:
لەنێو کۆڕی نوێنەرانی کۆماری ئیسلامیدا، نوێنەرانی بیر و بۆچوونی خومەینی، واتە داسەپاندنی هێژمۆنیی دینی شیعە، تەنیا بە مەبەستی کۆکردنەوەی هێزی زۆرتر و خۆ ئامادەکردن بۆ هێرشێکی بەربڵاوتر لە جاران، وتووێژیان دەکرد. لەو نێوەدا، نوێنەرانی دیکەی کۆماری ئیسلامی کە بیر و بۆچوونی جیاوازتریان لە خومەینی هەبوو، دەرەتانی درێژەپێدان بە وتووێژیان نەبوو.
لەنێو کۆڕی نوێنەرایەتیی کورددا، ئەندامان وەک نوێنەری ڕێکخراوی سیاسیی جۆراوجۆر دەرکەوتن. هەوڵ و تێکۆشانی کەسانی بێلایەن، کە ببوونە هۆی هاتنەئارای وتووێژەکان، بۆ گۆڕینی پێکهاتەی کۆڕەکە یان بە شێوەی ناساندنی ئەوان لە کاتی وتووێژدا سەری نەگرت. ئەوە پشتڕاست کراوەتەوە کە لە شەوی پێش دانیشتن دەگەڵ کۆڕی نوێنەرایەتیی کۆماری ئیسلامیدا، لە دانیشتنی نێوخۆیی کۆڕی نوێنەرایەتیی کورد لە نزیک مەهاباد، تاڕادەیەک مشتومڕ و دمەقاڵە دەکەوێتە نێوان ئەو کۆڕە و لە ئاکامدا کۆڕی نوێنەرایەتیی کورد لە کاتی دانیشتن دەگەڵ کۆڕی نوێنەرایەتیی کۆماری ئیسلامیدا، خۆیان وەک نوێنەری سازمان و ڕێکخراوە چەکدارەکان دەناسێنن و ئەوە جێگای پەسەندی نوێنەرانی دەوڵەت نەبوو.
لە ئاکامی شکستی وتووێژەکاندا کۆماری ئیسلامی هێرشی خۆی بەربڵاوتر، دڕندانەتر و بەهێزتر لە پێشوو دەست پێدەکات وە ئەوە دەبێتە سەرەتای شەڕێکی خوێناوی و تیرەباران و لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی خەڵکی گوند و شارەکانی ڕۆژهەڵات.
بەپێی ئامارە پشتڕاستکراوەکان لە ساڵی ١٣٥٩دا ٩٣ کەس تیرەباران کراون کە بەشی هەرەزۆریان پاش شکستی وتووێژەکان تیرەباران کراون. ڕێژەی تیرەبارانەکان لە ساڵی ١٣٦٠دا دەگاتە ٢٠١ کەس واتە ١١٦٪ بەرز بووەتەوە. لە ساڵی ١٣٦١دا بەلانی کەمەوە ١٧٩ کەس تیرەباران کراون و لە ١٣٦٢دا ئەو ڕێژەیە دەگاتە لوتکە و لەو ساڵەدا ٢٦٨ تیرەباران کراون.
دیارە ئەو ئێعدام و لەنێوبردنە تەنیا شارێک یان تەنیا ڕەگەزێک ناگرێتەوە. ئەو ئێعدامانە ژن و پیاو، گەورە، مێرمنداڵ و منداڵ لەخۆ دەگرێت.
هەروەک ئەو ئامارەی سەرەوە نیشان دەدات، لە کۆی گشتیی ١٠٩٢ کەس کە ئامارەکەی پشتڕاست کراوەتەوە کە ساڵی ١٣٥٨ تا ساڵی ١٣٧٠ ئێعدام کراون، ١٠٠٨ کەسی نێر و ٨٤ کەسی مێ بوونە. واتە ڕێژەی نێرینە ٩٢،٣٪ و مێینە ٧،٧٪ بووە.
بەداخەوە لە کاتی ئامادەکردنی ئەم نووسراوەیەدا، تەمەنی ئێعدامکراوەکان پشتڕاست نەکراونەتەوە، هەربۆیەش لەسەر پشکی منداڵان بەرانبەر بە کۆی گشتی، نووسەری ئەو دێڕانە ناتوانێ ئامارێک بداتە بەدەستەوە.
ئاماری ئەو ١٠٩٢ کەسەی لە ساڵی ١٣٥٧ تا ساڵی ١٣٧٠ ئێعدام کراون، بە باشی ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە ئەو ئێعدامانە تەواوی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە و شارێک نییە کە لەو بابەتەوە پارێزراو بووبێت.
تێبینی: ١٠٣ کەس لەو ئامارەدا شوێنی لەدایکبوونیان پشتڕاست نەکراوەتەوە و ئەو دەستەیـــە بە “ڕۆژهــــەڵاتی” لەقەڵەم دراون.
هەرچەندە ئامارێکی پوخت و پشتڕاستکراوە بۆ بەراوردکردنی ڕێژەی تیرەباران لە ناوچە کوردییەکان بەرانبەر بە ناوچەکانی تر لەبەردەستدا نییە، بەڵام بەدڵنیایییەوە ئەو ڕێژەیە لە تیرەباران و لەنێوبردنی خەڵکی مەدەنیی کورد زۆر زیاترە لە ڕێژەی تیرەباران لە ناوچەکانی تر. ڕادەی ئەم خۆینڕێژییە دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکار:
فتوای جیهادی خومەینی بەرانبەر بە کورد و پاساوی دینی بۆ خوێنڕێژی
هەوڵی سیستمی نوێ بۆ داسەپاندنی هێژمۆنیی خۆی
چاوترسێن کردنی خەڵک بۆ کشانەوە لە هێزە سیاسییەکانی کورد
بەهۆی بەربڵاویی سێنتیمێنی دژ بە ڕێژیم و سۆز و دڵخوازی کورد بۆ وەدیهێنانی بەشێک لە مافە پێشێلکراوەکانی، دژایەتیی بەرانبەر بە ڕێژیم بەربڵاو و هەمەگیر بوو، واتە تەواوی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی دەگرتەوە. هەربۆیەشە ڕێژیم بەرنامەیەکی تۆکمە و سیستماتیکی بۆ سەرکوتی خەڵک پێویست بوو. شوێنەواری ئەو سیستێماتیک بوونە، زۆر بەجوانی لە ئامارەکانی تیرەباران و لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی خەڵکی ڕۆژهەڵاتدا دیارە.
ئاماری تیرەباران و لەسێدارەدان، واتە ئێعدامی زیاتر لە دوو کەس لە لەدایکبووانی شارێک لە یەک ڕۆژدا، نیشان دەدات کە ئەو دیاردەیە لە ساڵی ١٣٥٨ تا ساڵی ١٣٦٧ زۆر بە بەربڵاوی زۆربەی هەرەزۆری شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە.
بەپێی ئاماری باوەڕپێکراو و پشتڕاستکراوە، دیاردەی تیرەباران و لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ هەر لە ساڵی ١٣٥٨ەوە دەستی پێکرد و تا ساڵی ١٣٧٠ بەلانی کەمەوە ٦٢٥ کەس لەخۆ دەگرێ کە دەکاتە ٥٧٪ کۆی گشتیی تیرەباران و لەسێدارەدانی خەڵک لەو ماوەیەدا. واتە لە هەر دوو کەس کە بەپێی “دادگای شۆڕش” لە ماوەی ساڵی ١٣٥٨ تا ساڵی ١٣٧٠ تیرەباران کراوە، یەک کەس کۆمەڵکوژ کراوە. لوتکەی ئەو کۆمەڵکوژییە ساڵی ١٣٦٢ بووە کە لەو ساڵەدا ٢٠١ کەس بەکۆمەڵ تیرەباران کراون یان لەسێدارە دراون.
بەپێی ئامار، ڕێژەی ئەو کۆمەڵکوژییە لە مەهاباد زۆر لە شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات لەسەرتر بووە. لە ساڵی ١٣٦٠دا ٤٤ کەس (٤١٪ ئێعدامی بەکۆمەڵی ساڵی ١٣٦٠) و لە ساڵی ١٣٦٢دا ١٢٢ کەس (٦١٪ ئێعدامی بەکۆمەڵی ساڵی ١٣٦٢) بەکۆمەڵ تیرەباران کراون. بڕوانە ئاماری خوارەوە.
ئەوەی جێی سەرنج و ئاماژەیە ئەوەیە کە بەپێی ئاماری باوەڕپێکراو و پشتڕاست کراوە، لە ڕێکەوتی ١٢ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٢دا ٨٨ کەسی لەدایکبووی مەهاباد تیرەباران کراون یان لەسێدارە دراون. واتە بەپێچەوانەی ئەوەی کە باسی ٥٩ لاوی لەسێدارەدراوی لەدایکبووی مەهاباد دەکرێ، بەڵام ئاماری پشتڕاستکراوە نیشان دەدات کە لە ڕاستییەکەی ئەو کۆمەڵکوژییە ٨٨ کەس بووە کە ٥٩ کەسیان لە تەورێز، ٢٦ کەسیان لە ورمێ و ٢ کەسیشیان لە مەهاباد بووە. کەسێکیش شوێنی ئێعدامەکەی پشتڕاست نەکراوەتەوە. بڕوانە ئاماری خوارەوە.
ئەو ئامارەی سەرەوە دەریدەخات کە کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆمەڵکوژییەکی سیستماتیک و بەرنامەداڕێژراوی ڕەچاو کردووە.
لەو ٦٢٥ کەسەی کە لە ساڵی ١٣٥٨ تا ١٣٧٠ کۆمەڵکوژ کراون، ٢٧ کەسیان ژن بوون کە ڕێژەکەی دەکاتە ٥٪ لە کۆی گشتی. بڕوانە ئاماری خوارەوە (ئەو کەسانەی شوێنی لەدایکبوونیان پشتڕاست نەکراوەتەوە، بە لەدایکبووی ڕۆژهەڵات ناوزەد کراون)
کاریگەریی کارەسات لەسەر کۆمەڵگا
لێکدانەوەی کاریگەریی ئەو کارەساتانە لەسەر کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات یان نەکراوە، یانیش ئەگەر کرابێت، نووسەری ئەم دێڕانە لێی بێخەبەرە. زەخت و زەبر لەسەر کۆمەڵگا تایبەت بە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی ناوین نییە و لە دنیادا کەم نین ئەو نەتەوانەی وڵاتانی دوور و نزیک کە ڕۆژێک لە ڕۆژان لە مێژوودا تووشی کارەسات هاتوون. هۆلۆکاست، ژینۆسایدی هەرمەنییەکان، ڕفاندن، ئەشکەنجەدان و لەنێوبردنی ڕووناکبیران بۆ وێنە لە ئەمریکای لاتین لە دەیەی ٧٠-ی زایینیدا وێنەی بەرچاوی ئەو ڕاستییانەن، هەرچەندە تەنیا وێنە نین. چاوخشاندن بە ئەزموونی ئەو کۆمەڵگایانەی ناویان برا، وەبیرمان دێنێتەوە کە وا کارەساتی تڕاژیک لەو چەشنەی کە مەبەستی ئەو نووسراوەیەیە، چەند قۆناغ دەبڕێ و هەر قۆناغەش ئاکام و دەرەنجامی خۆی هەیە و لە هەر قۆناغەشدا چەند لایەن ڕۆڵ دەگێڕن.
بە کورتی ئەو قۆناغانە، دەرئەنجامەکانیان و ئەوانەی ڕۆڵی تێدا دەگێڕن، ئەمانەن:
قۆناغی یەک، قۆناغی مەرگ و ژیان
لەو قۆناغەدا کەسێک کە تووشی گرتن و زیندان و ئەشکەنجەی زۆر دەبێتەوە، لەو قۆناغەدایە کە لەبەر بیروڕای جیاواز، مەزهەبی جیاواز، یان سەر بە ئێتنیکێکی جیاواز، دەکەوێتە بەر پەلامار و بەبێ بەڵگە یان دادگایییەکی یاسایی، پارێزەر و …. هتد سزای بەسەردا دەسەپێندرێ. بەپێی دادگاکانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ئەوانەی لەسێدارە دران یان تیرەباران کران، هەموویان “مفصد فی الارض” و “محارب با خدا” و “خلق خدا” بوون. بێئەوەی لەسەر ئەو تاوانانە بەڵگەیەک لە ئارادا بێت یان بەندیکراو و پارێزەرێکی هەبێ کە لەسەر یاساییبوون و ئەو تۆمەتانە لە ڕووی یاسایییەوە پارێزگاری لێ بکات. سیستەمی ئیجرایی بەرپرسی گرتن و بازجوویی، سیستەمی یاسایی بەرپرسی دادگایی و بڕیاردان و جێبەجێکردنی بڕیارن.
زۆر بە زەقی دیارە کە لەو قۆناغەدا، زیندانی و حکومەت (سیستەمی ئیجرایی و یاسایی) ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن.
ئەو قۆناغە بە لەسێدارەدان یان تیرەبارانی زیندانی بە دەستی حکومەت تەواو دەبێ.
قۆناغی دوو، قۆناغی خەم و پەژارە و شۆک
لەو قۆناغەدا بنەماڵەی لەسێدارەدراو لەژێر باری خەم و پەژارەدا نوقم دەبێ. کۆمەڵگا تووشی ترس و وەحشەت بووە و حکومەت ئامانجی خۆی پێکاوە. هەر لەو قۆناغەدا ئەرکی لەقاودانی کارەسات دەبێ وەئەستۆ بگرێ و ڕاپۆرتی ئەو کارەساتە هەموو وردەکارییەکانییەوە بە کۆمەڵگا و بنکەکانی نێونەتەوەیی ڕابگەیەنێ. بە دۆکیۆمێنت کردنی ئەو کارەساتە گەرماوگەرمە لە کاتێکدا ڕووی داوە کە دەتوانێ بۆ دوو مەبەست لە داهاتوودا کەڵکی لێ وەربگیرێ، بۆ نووسێنەوەی مێژوو و بۆ پەلکێش کردنی کارگوزارانی حکومەت بۆ دادگایەکی دادپەروەرانە.
قۆناغی سێ، قۆناغی لێکدانەوە، لێکۆڵینەوە
لەو قۆناغەدا، بنەماڵەکان بەدوای ئەم کارەدا دەچن و لێی دەکۆڵنەوە. دەگەڵ ئەوانەی لە زیندان ئازاد دەبن، وتووێژ دەکەن. لە چۆنیەتیی ڕووداو و کارەساتەکە دەکۆڵنەوە. هەر لەو قۆناغەدا بەشێک لە زیندانییانی پێشوو بە نووسینەوەی بیرەوەرییەکان بە دزی یان بە ئاشکرا (لە دەرەوەی وڵات) یارمەتیدەری زیندوو ڕاگرتنی کارەساتەکە دەبن. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەو قۆناغە ئەوەیە کە کۆڕ و کۆمەڵی جیاواز بۆ بەرگری لە مافی زیندانییان، پاراستنی مافی مرۆڤ، پەلکێش کردنی تاوانباران و لەقاودانی کارەساتەکان ساز دەبن. واتە لەو قۆناغەدا بنەماڵەکان، زیندانییانی پێشوو و کۆڕ و کۆمەڵەکان ڕۆڵ دەگێڕن.
قۆناغی چوار، قۆناغی دادخوازی
لەو قۆناغەدا بە شێوەیەک لە شێوەکان، تاکێک، یان چەند کەس یان ئەو سیستەمەی کارەساتەکەی خوڵقاندووە، پەلکێش دەکرێ تا جواب بداتەوە. دیارە ئەو پەلکێش کردنە پەیوەستە بە بارودۆخێکی جیاواز و لە بارودۆخی جیاوازدا شێوە و فۆڕمی جیاواز بەخۆیەوە دەگرێ.
یەکێک لەو شێوازانە، پەلکێش کردنی تاوانباران بە تاک یان وەک حکومەت بۆ دادگاکانی دەرەوەی وڵاتە. لە دوو دەیەی ڕابردوودا، چەند دادگا لە ئەورووپا و ئەمریکا وەک ئاسۆیەک، هەرچەند کەمڕەنگ، بەڵام ڕوون لە باری یاسایییەوە دەکاتەوە.
یاساوڕێسا نێونەتەوەیییەکان
ئەم بەشەی نووسراوەکە هەوڵ دەدات لەسەر ئەو یاسا و قانوونانەی کە وا دەکرێ کەڵکیان لێ وەربگیرێ، ڕوونکردنەوە بدات.
یەکێک لەو چەمکە یاسایییانە کە ماوەیەکە مشتومڕی لەسەرە و باسی دەکرێ، بنەمای دەسەڵاتی دادوەریی گشتگیرە. بە پشتبەستن بەو بنەمایە، دەوڵەتان دەسەڵاتی یاساییی خۆیان بەسەر هێندێک تاواندا دەسەپێنن. ئەو تاوانانە، تاوانی گشتگیری دڕندانەن و جێگەی سەرنج و نیگەرانیی نێودەوڵەتین، بۆ وێنە تاوان و پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ، تاوان و لەژێرپێنانی یاسای جەنگ، تاوانی ژینۆساید. بە پشتبەستن بە بنەمای دەسەڵاتی دادوەریی گشتگیر، دەوڵەتێک دەتوانێ تاوانکاران و پێشێلکاران، بەبێ جیاوازیی ڕەگەزنامە و بەبێ جیاوازیی شوێنی تاوان لە وڵاتی ژێر دەسەڵاتی خۆی دەستگیری بکات و بیداتە دەزگای دادی خۆی بۆ ئەوەی لێپرسینەوەی لێ بکات. دیارە ئەوە تەنیا چەمکێکی تیۆریک نییە و لە پڕاکتیکدا بەکار هێندراوە، هەرچەندە لە پڕاکتیکدا، تەنگوچەڵەمە و بەربەستی زۆری لەپێشە. یەکێک لەو بەربەستانە ئەوەیە کە تاوانبار دەبێ لەو وڵاتەی کە دەوڵەتەکەی دەسەڵاتی زاڵبوونی هەیە، دەستبەسەر بکری. واتە دەوڵەتێک کە یاسای دەسەڵاتی دادوەریی گشتگیری لەنێو یاسای دادوەریی وڵاتەکەیدا جێگیر کراوە، ماف و دەسەڵاتی ئەوەی نییە تاوانبارێک کە لە وڵاتی تاوانبارەکە خۆی دەستگیر بکات، هەرچەندە دەتوانێ تاوانبارەکە داوا بکات. بەڵام کام دەوڵەت هاوڵاتیی خۆی ڕادەستی وڵاتێکی دیکە دەکات؟ بەتایبەت ئەگەر ئەو تاوانبارە هاوڵاتیی وڵاتێک بێ کە لەوێ ڕێژیمێکی سەرکوتکەر و پێشێلکار لەسەر کار بێ و تاوانەکان لە سیستەمی ئەو ڕێژیمەدا ڕوویان دابێ.
بەڵام دیسانیش ئەو یاسایە، بەرەوپێشچوونێکە بۆ بەرگری لە پێشێلکاری و بۆ ئاسۆیەک کە تاوانبار لە ترس و دڵەڕاوکێی پەلکێش کردن بۆ دادگا و بۆ ئەو وڵاتانەی کە دەسەڵاتی دادوەریی گشتگیر دەسەپێنن، سەفەر نەکا. ڕاستییەکەی دەسەڵاتی دادوەری گشتی، دەتوانێ پێش بەوە بگرێ کە تاوانبارانی وڵاتێک، وڵاتانی تر وەک پەناگا و شوێنی خۆحەشاردان و خۆشاردنەوە بەکار بێنن.
بەشێک لە بیرۆکە و مێژووی دەسەڵاتی دادوەریی گشتگیر دەگەڕێتەوە بۆ دوای شەڕی دووهەمی جیهانی و کۆنوانسیۆنی ژێنێڤ. هەرچەندە مێژووی کۆنوانسیۆنی ژێنێڤ کۆنترە و دەگەڕێتەوە بۆ شەڕی سۆلفێرینۆی ناپێلئۆن لە ١٨٥٩، بەڵام کۆنوانسێۆنی ژێنێڤ وەک پەیماننامەیەکی نێونەتەوەیی لە دوای شەڕی دووهەمی جیهانییەوە هاتووەتە ئاراوە. ئەو کۆنوانسیۆنە لە ٤ ڕێککەوتننامەی سەرەکی پێک هاتووە کە پاشان بە سێ پڕۆتۆکۆلی هەموارکراو (١٩٧٧، ١٩٧٧، ٢٠٠٥) دەستکاری کراون. بەیاننامەکان ئەوانەن:
– ڕێککەوتننامەی ژمارە یەک کە ساڵی ١٨٦٤ دەرچووە و، یاساوڕێسای چارەسەرکردنی سەربازانی بریندار و نەخۆش و دامەزراوە پزیشکییەکانی کاتی شەڕەکانی لەخۆ دەگرت.
– ڕێککەوتننامەی ژمارە دوو کە ساڵی ١٩٠٦ دەرچووە و چارەسەرکردنی بریندار، نەخۆش و کەشتیی نوقم بووی شەڕ لە دەریادا بە شێوەیەکی هاوشێوەی ڕێککەوتننامەی یەکەم ڕێک دەخات. ئەم ڕێککەوتننامەیە ساڵی ١٩٤٩ دروست کراوە و جێگەی یاساوڕێساکانی پێشووی شەڕی دەریایی گرتەوە کە لە ڕێککەوتننامەی یەکەمی ژێنێڤ لە ساڵی ١٩٠٦دا لەگەڵ دەیەمین ڕێککەوتننامەی لاهە لە ساڵی ١٩٠٧ هاتبوون.
– ڕێککەوتننامەی ژمارە سێ کە ساڵی ١٩٢٩ دەرچووە یاساوڕێساکانی دیلی شەڕ لەخۆ دەگرێت.
– ڕێککەوتننامەی ژمارە چوار کە ساڵی ١٩٤٩ دەرچووە و لە ١٥٩ بابەت و ٣ هاوپێچ پێک هاتووە و باسی پاراستنی خەڵکی مەدەنی لە کاتی شەڕدا دەکات.
– پڕۆتۆکۆلی هەموارکردنەوەی ژمارە ١ کە ساڵی ١٩٧٧ دەرچووە و پەیوەندی بە پاراستنی قوربانییانی شەڕی چەکداریی نێودەوڵەتییەوە هەیە.
– پڕۆتۆکۆلی ژمارە دوو کە ساڵی ١٩٧٧ دەرچووە و پەیوەندی بە پاراستنی قوربانییانی شەڕی چەکداریی ناوخۆی وڵاتێکەوە هەیە.
– پڕۆتۆکۆلی هەموارکردنەوەی ژمارە سێ کە ساڵی ٢٠٠٥ دەرچووە و پەیوەندی بە پەسەندکردنی نیشانەیەکی جیاوازەوە هەیە.
بەپێی ڕێککەوتننامە و پڕۆتۆکۆلەکانی ئەو کۆنوانسیۆنە، پێشێلکاریی ڕێککەوتننامەکان و پڕۆتۆکۆلەکان، تاوانە و سزا دەدرێن. هەرچەندە پێشیلکاریی ڕێککەوتننامە و پڕۆتۆکۆلەکان وەک یەک مەزەندە ناکرێن. پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی سێ و چوار کە پەیوەستن بە مامەڵەکردن و پاراستنی دیلی شەڕ و مامەڵەکردن و پاراستنی خەڵک و موڵکی مەدەنی لە کاتی شەڕدا، بە تاوانی قورس و گران ناوزەد کراون و دەبێ پێشی پێ بگیرێ. لە ڕێککەوتننامەی سێ و چواردا کوشتنی بەئامانج و بەئانقەست، مامەڵەی نامرۆڤانە، توندوتیژی و تۆڵەسەندنەوە لە خەڵکی سڤیل، بەکارهێنانی چەکی بیۆلۆژیکی بڤەیە و دەبێ پێشی پێ بگیرێ. هەروەها بەپێی ئەو ڕێککەوتننامەیە، دەرمان و کەرەستەی پزیشکی، هەروەها ئەو شتانەی پێویستن بۆ ئەنجامدانی مەراسیمە ئایینییەکان، دەبێت ئازادییان هەبێت بۆ ئەوەی خەڵکانی سڤیل و مەدەنی بتوانن ژیانی ئاساییی خۆیان تێپەڕ بکەن و خۆراک و پۆشاک و ئاو بۆ منداڵانی خوار پازدە ساڵ و ژنانی دووگیان دەبێ گەرەنتی بکرێت.
بە پێچەوانەی پڕۆتۆکۆلەکانی هەموارکردنەوە، کۆی گشتیی وڵاتانی جیهان هەر چوار ڕێککەوتننامەکەیان واژۆ کردووە، بڕوانە ئەم نەخشەیەی خوارەوە.
– ئەو وڵاتانەی هەر چوار ڕێککەوتننامە و هەر سێ پڕۆتۆکۆلەکەیان واژۆ کردووە، بە ڕەنگی کەسک/سەوز دیاری کراون.
– ئەو وڵاتانەی هەر چوار ڕێککەوتننامە و پڕۆتۆکۆلی یەک و دوویان واژۆ کردووە، بە ڕەنگی شین دیاری کراون.
– ئەو وڵاتانەی هەر چوار ڕێککەوتننامە و پڕۆتۆکۆلی یەک و سێیان واژۆ کردووە، بە ڕەنگی مۆر(بنەوش) دیاری کراون.
– ئەو وڵاتانەی هەر چوار ڕێککەوتننامە و پڕۆتۆکۆلی یەک یان واژۆ کردووە، بە ڕەنگی زەرد دیاری کراون.
– ئەو وڵاتانەی هەر چوار ڕێککەوتننامە و پڕۆتۆکۆلی سێیان واژۆ کردووە، بە ڕەنگی پرتەقاڵی(نارنجی) دیاری کراون.
– ئەو وڵاتانەی هەر چوار ڕێککەوتننامەکەیان واژۆ کردووە، بەڵام هیچ کام لە سێ پڕۆتۆکۆلەکەیان واژۆ نەکردووە، بە ڕەنگی سوور دیاری کراون.
وڵاتانی جیهان کە ژێری کونوانسیۆنی ژێنێڤیان واژۆ کردووە، یاسای تایبەتییان لە پاڕلەمانی وڵاتەکەیان پەسەند کردووە و بەشێک لە یاسای سزادانی وڵاتەکەیان بۆ پێناسەکردنی ئەو تاوانانە تەرخان کردووە کە لە ڕێککەوتننامەکاندا دیاری کراون. دیارە واژۆکردنی ژێر کۆنوانسیۆنی ژێنێڤ، وڵاتانی دیکەی لە پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەکەدا پاشگەز نەکردووەتەوە. هەرچەندە ڕێککەوتننامەکان تاوانەکان بەو شێوەیەی لە سەرەوە بە کورتی باسی لێکرا دیاری دەکات، بەڵام مێکانیزمێکی گونجاو، واتە دادگایەکی نێونەتەوەیی بۆ سزادانی تاوانباران لە ئارادا نەبووە. هەرئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە بەشێک لە وڵاتانی پێشکەوتوو و دێموکڕاتیک بە هاوکاریی سازمان و ڕێکخراوی لایەنگری مافی مرۆڤ هەوڵ بۆ دانانی ئەو مێکانیزمە پێویستە بدەن، بە شێوەیەک کە پێشێلکاران و تاوانبارانی مافەکانی مرۆڤ لە خۆحەشاردان و خۆشاردنەوەدا تووشی تەنگوچەڵەمە بن.
هەرچۆنێک بێت، دوای ساڵانێکی زۆر و هەوڵ و تێکۆشانێکی بێوچان، لە ئاکامدا لە مانگی جولای ساڵی ١٩٩٨دا کۆنفڕانسێکی نێونەتەوەیی لە ڕۆمی پێتەختی ئیتالیا گیرا و لەو کۆنفڕانسەدا بڕیاری دامەزراندنی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (ئای سی سی) دەرچوو. هەر لەو کۆنفڕانسەشدا پەیڕەوی ناوخۆی ئەو دادگایە بە ١٢٠ دەنگی بەڵێ و ٧ دەنگی نەخێر و ٢١ دەنگی بێلایەن پەسەند کرا.
ڕێژەی ئەو وڵاتانەی میساقی نێودەوڵەتیی ڕۆمیان پەسەند کردووە و لەنێو سیستەمی دادی وڵاتدا جێگیریان کردووە تا ساڵی ٢٠١٩ زیادی کرد و بوو بە ١٢٣ وڵات. ئەو وڵاتانە بە وڵاتانی پەیوەندیدار ناو دەبردرێن و لە نەخشەی خوارەوەدا بە ڕەنگی سەوز دیاری کراون. وەک لە نەخشەکەدا دەردەکەوێ، تەواوی وڵاتانی ئەورووپا، ئەمریکای باشوور، بەشی زۆری وڵاتانی ئەفریقا ئەو میساقەیان واژۆ کردووە و لە سیستمی دادی خۆیاندا جێگیریان کردووە.
ئەو وڵاتانەی میساقەکەیان واژۆ کردووە، بەڵام لە سیستەمی دادی خۆیاندا جێگیریان نەکردووە، لە نەخشەکەدا بە ڕەنگی زەرد دیاری کراون. وەک لە نەخشەکەدا دیارە، ئێران، میسر و ئەلجەزایر لە ڕێژەی ئەو وڵاتانەدان.
ئەو وڵاتانەی لە واژۆی خۆیان پاشگەز بوونەتەوە و میساقەکەیان بەجێ هێشتووە، بە ڕەنگی زەردی تاریک (مەیلەوقاوەیی) دیاری کراون. وەک لە نەخشەکەدا دیارە، ئەمریکا یەکێک لەو وڵاتانەیە. جێی ئاماژەیە کە ئەمریکا لە زەمانی سەرۆککۆماریی بیل کلینتندا ئەو میساقەی واژۆ کرد و پاشان لە کاتی سەرۆککۆماریی جۆرج بووشی کوڕدا – سەر بە کۆماریخوازەکان – واژۆی خۆی وەرگرتەوە. هێنری کیسینجێر یەکێک لەوانە بوو کە ئەمریکای بۆ وەرگرتنەوەی واژۆی خۆی هان دا.
ئەو وڵاتانەی کە لە واژۆی خۆیان پاشگەز بوونەتەوە و، میساقەکەیان بەجێ هێشتووە، بە ڕەنگی مۆر(بنەوش) دیاری کراون.
ئەو وڵاتانەی میساقەکەیان واژۆ نەکردووە، بە ڕەنگی سوور دیاری کراون. هەروەک لە نەخشەکەدا دەردەکەوێ، وڵاتانی چین، هیندوستان، عەرەبستان و عێراق لە ڕیزی ئەو وڵاتانەدان.
بەپێی پەیڕەوی پەسەندکراو، ئەو دادگایە کە بڕیار درا ناوەندەکەی لە شاری هاگ (هۆلەند) دابمەزرێ، دادگایەکی نێودەوڵەتیی هەمیشەیی و سەربەخۆیە بۆ لێکۆڵینەوە، لێپێچینەوە و دادگایی کردنی ئەو کەسانەی کە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی تاوانی ژینۆساید، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، تاوانی شەڕ و تاوانی دەستدرێژی.
بە پێچەوانەی دادگا تایبەتییەکانی نێودەوڵەتی، بۆ وێنە کەیسی یوگۆسلاوی و ڕواندا، کە لە چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بۆ دۆخێکی تایبەتی و ئەرکێکی تایبەتی دامەزران، دادگای نێودەوڵەتی بۆ بارودۆخێکی تایبەتی و سنوردار نییە، بەڵکوو ئەو دادگایە هەمیشەیییە و ئەرکەکەی سنووردار بە کەیسێکی تایبەتی نییە. هەروەها ئەو دادگایە بە پێچەوانەی دادگا تایبەتییەکانی لاهە کە ئەرکی چارەسەرکردنی ناکۆکیی نێوان وڵاتانی پێ ئەسپێردراوە، کەیسی ناکۆکیی نێوان وڵاتان ناجووڵێنێ.
هەرچەندە ئەو دادگایە پێشکەوتنێکی بەرچاو و هەنگاوێکی گەورەیە بۆ داسەپاندنی یاسای نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی هەمیشەیی و سەربەخۆ، بەڵام ئەو کەیسانەی لەو دادگایەدا دەجووڵێندرێن، سنووردارن. بۆ وێنە:
ئەو دادگایە تەنیا لە حاڵەتێکدا دەتوانێت لێکۆڵینەوە لە تاکەکانی گومانلێکراو بکات و لە شوێنی پێویستدا لێپێچینەوە و دادگایی بکات کە دەوڵەتی پەیوەندیدار بە شێوەیەکی ڕاستەقینە نەیکات، نەتوانێت یان ئامادە نەبێت. مەبەست لە دەوڵەتی پەیوەندیدار لێرەدا ئەو دەوڵەتەیە کە تاکی گومانلێکراو ناسنامەی هاوڵاتی لێی هەیە.
ئەو دادگایە دەتوانێ دەسەڵاتی دادوەریی خۆی بەسەر کەسانێکدا بسەپێنێ کە ناسنامەی هاوڵاتیی وڵاتێكی ئەندامی میساقی ڕۆم بێت یان تاوانەکە لە وڵاتی ئەو دەوڵەتەدا ڕووی دابێ. دیارە ئەو مەرجە ئەو دۆخانە ناگرێتەوە کە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایش و بەپێی بەشی حەوتی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەوانەی داواکاری گشتیی ئەو دادگایە دەکرێن.
پەیڕەوی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە ڕۆژی ١ی جولای ساڵی ٢٠٠٢دا چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەو ڕووداوانەی دوای ئەو بوارە دەتوانێ دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێ. بەپێی خاڵی پێشوو وڵاتی پەیوەندیدار، واتە ئەو وڵاتەی گومانلێکراو ناسنامەی هەیە یان وڵاتێک کە تاوانەکە لەوێدا ڕووی داوە، دەبێ پێش ئەو بوارە بووبێتە ئەندام. بەڵام ئەگەر وڵاتێک پاش ئەو بوارە ببێتە ئەندام، داسەپاندنی یاسای دادگاکە لە ڕۆژی ١ی مانگدا دەست پێ دەکات بەو مەرجەی ٦٠ ڕۆژ لە پێشکەشکردنی داواکە تێپەڕ بووبێت.
ئەو دادگایە کە لە شاری هاگ (هۆلەند) پێشکەوتنێکی بەرچاو و هەنگاوێکی گەورەیە بۆ داسەپاندنی یاسای نێودەوڵەتی و سزادانی تاوانباران و پێشێلکارانی مافەکانی مرۆڤ و لەوانە جێنۆساید، تاوانی دژی مرۆڤایەتی، تاوانی پێشێلکاریی یاسای شەڕ و دەستدرێژی. هەروەها دامەزراندنی ئەو دادگایە شوێنی خۆشاردنەوە و خۆحەشاردان لە تاوانباران بە ڕێژەیەکی زۆر کەم دەکاتەوە، کە ئەوە خۆی لەوانەیە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی تاوان. تا ساڵی ٢٠٢٢ ئەو دادگایە سەرقاڵی ٣١ کەیسی تاوان بووە کە لەسەر ٤ کەیس بڕیاری سزای تاوانبار دراوە و، یەکلایی کراوەتەوە. بڕوانە چارتی دۆسیەکان:
لە بەشی داهاتوودا چەند کەیس کە لەودا یاسای گشتگیر سەپێندراوە، دێتە بەرباس و لە ئاکامدا دەگەڕێنەوە سەر کوردانی لەسێدارەدراوی ڕۆژهەڵات و باری یاسایی کەیسەکان.
کەیسی نموونە لەمەڕ دەسەڵاتی دادوەریی گشتگیر و داسەپاندنی یاسا
لەو بەشەدا دوو کەیسی نموونە کە بەپێی یاسای دادوەریی گشتگیر، خەڵکانێک پەلکێشی دادگا کراون و سزا دراون، باسی لێوە دەکرێ.
دادگای حەمیدی نووری لە ستۆکهۆڵم (سوئێد)
ڕۆژی ٣١ی خەرمانانی ١٣٥٩ بوو بە سەرەتای شەڕێکی خوێناوی لەنێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و عێراق. ئەو شەڕە، شەڕێکی خوێناوی بوو کە ماوەی ٨ ساڵی خایاند و لەو ماوەیەدا دەستەیەکی زۆر لە هەردووک لا کوژران، بریندار بوون یان لە لایەنی بەرانبەرەوە بەدیل گیران. لە ماوەی ئەو ٨ ساڵەدا نەتەوە یەکگرتووەکان و چەند وڵاتی بێلایەن هەوڵێکی زۆریان دا تا کۆتایی بەو شەڕە بێنن تا لە ئاکامدا لە ڕۆژی ٢٩ی پووشپەڕی ١٣٦٧ خومەینی ئاگربەستی بەپێی بڕیارنامەی ژمارە ٥٩٨ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتۆکانی ڕاگەیاند. نووسینی ئەو بڕیارنامەیە لە ساڵی ١٣٦٦ دەستی پێکردبوو و لە ڕۆژی ٢٩ی گەلاوێژی ١٣٦٧دا، واتە مانگێک دوای ڕاگەیاندنەکەی خومەینی، لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران و عێڕاقەوە واژۆ کرا.
یەکێک لەو ڕێکخراوانەی ئێرانی کە بە دژی کۆماری ئیسلامی هەوڵ و تێکۆشانێکی بەردەوامی هەبووە و هەیە، ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵکی ئێرانە. ئەو ڕێکخراوەیە لە ١٣٤٥/١٣٤٤ کە بەردی بناغەکەی دانراوە و چ ئەوکات کە دژی ڕێژیمی پەهلەوی خەباتی دەکرد و چ لە دەورانی كۆماری ئیسلامیی ئێراندا و ئێستاشی لەگەڵ بێ، ڕابردوویەکی خوێناوی هەبووە. ئەو ڕێکخراوەیە بەشدارییەکی بەرچاوی لە ڕووخاندنی ڕێژیمی پەهلەویدا هەبوو. ماوەیەک دوای دامەزرانی کۆماری ئیسلامی ناکۆکی کەوتە نێوان خومەینی و لایەنگرانی لەلایەک و، ڕێکخراوی موجاهیدین لەلایەکی ترەوە. ئەو ناکۆکییە هەر دەهات و قووڵتر دەبووەوە تا ڕێبەریی ئەو ڕێکخراوەیە و بەنی سەدری سەرۆککۆمار ئێرانیان بەجێ هێشت و بەرەو فەڕانسە هەڵاتن. كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش دەستی دایە سەرکوت و قەڵاچۆیەکی بێوێنەی ئەو سازمانە و، ئەندام و لایەنگرانی.
لە کاتی شەڕی ئێران و عێراقدا سازمانی موجاهیدین چەند پێگەیەکی نیزامیی لەنێو خاکی عێراقدا، بە ئیزنی دەوڵەتی عێراق، دامەزراند و ڕێبەرایەتیی ئەو ڕێکخراوەیە لەو پایگایانەوە هەوڵ و چالاکییەکانیان دژی کۆماری ئیسلامی ڕێبەرایەتی دەکرد. تا ئەوکاتەی بەڵێننامەی ئاگربەستی ٥٩٨ی ئەنجومەنی ئاسایش واژۆ کرا، ڕێکخراوی موجاهیدین چەندجار دژی کۆماری ئیسلامی هێزی جووڵاند و لەنێو خاکی عێڕاقەوە هێرشی نیزامی ئەنجام دا. دوایین ئۆپەراسیۆن بەناوی “فروغ جاویدان” لە ڕۆژی ٣ی گەلاوێژی ١٩٦٧ دەستی پێکرد، واتە شەش ڕۆژ دوای ئەوەی کە خومەینی ئاگربەستی شەڕی ڕاگەیاند. هێرشی موجاهیدین چەند ڕۆژی خایاند و لە ئاکامدا کۆماری ئیسلامی هێزەکانی موجاهیدینی قەڵاچۆ کرد و بەشێکی زۆر لەو هێزانە یان بەدەستی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی کوژران یان بەدیل گیران. دەستەیەکی کەم لەو هێزانەی لەو شەڕە خوێناوییەدا بریندار بوون یان ساخ مانەوە، بۆ پێگەی نیزامیی موجاهیدین لەنێو خاکی عێراق پاشەکشەیان کرد.
ئەو شەڕە بووە هۆی ئەوەی کە خومەینی، فتوایەکی زۆر دڕندانە و دژی تەواوی یاساکانی بەشەری دژی ئەندامان و لایەنگرانی موجاهیدین کە لە زیندانەکانی ئێراندا گیرابوون، دەر بکات. بەپێی ئەو فتوایە، ئەو زیندانییانەی کە لەسەر بیر و باوەڕی خۆیان پێداگر بوون، بە دژبەری ئیسلام هەژمار دەکرێن و دەبێ لەسێدارە بدرێن. ئەو فتوایە تەواوی ئێرانی گرتەوە و لایەنگران و ئەندامانی سازمانی موجاهیدین زۆر دڕندانە و بە بەربڵاوی کۆمەڵکوژ کران.
ئەو کۆمەڵکوژییە، بە شەپۆلی هەوەڵ بۆ لەنێوبردنی زیندانییە سیاسییەکان ناوزەد کراوە. دەنگۆی ئەوە هەیە کە خومەینی، چەند ڕۆژ پاش ئەو فتوایە، فتوایەکی تری بۆ لەنێوبردنی ئەندامان و لایەنگرانی سازمان و حیزبەکانی تری ئێران دەرکردووە کە شەپۆلێکی تری ئێعدام و سێدارەی بەدواوە بوو و بە شەپۆلی دووهەم ناسراوە.
لە قۆناغی سێی ئەو کارەساتەدا، ئەوانەی ڕزگاریان بوو و وەبەر ئەو دوو شەپۆلە نەکەوتن، لە دەرەوەی ئێران دەستیان کرد بە هەوڵ و تێکۆشان، بۆ وێنە نووسینی کتێب و وتار، سازکردنی سمینار و … بۆ لەقاودانی ئەو کارەساتە. لە بەشێکی ئەو کتێب، وتار و وتووێژانەدا چەندجار زیندانییانی ڕزگاربوو ناوی کەسێکیان وەک دادیاری زیندانی گەوهەردەشت، بە ناوی نهێنیی “حەمیدی عەبباسی” کە ناوی ڕاستەقینەی “حەمید نووری” بووە، هێناوە.
لە ساڵی ٢٠١٩دا، کوڕێکی کورد کە زڕ-زاوای “حەمید نووری” بووە (وێدەچێ حەمید نووری دوو ژنی هەبووبێ کە ژنی دووهەمی سیغە بووە و ئەو ژنەش، کچێکی هەبووە کە مێردی بە ئەو کوڕە کوردە کردووە.) بە هۆی دووبەرەکیی بنەماڵەکەی، هاوکاریی ڕزگاربوویەکی زیندانی دەکات بۆ دەداوخستنی حەمید نووری لە ستۆکهۆڵم.
دادستێنی سوئێد بۆ کارەساتی مرۆیی بڕیاری گرتنی حەمید نووری دەدات و کاتێک حەمید نووری لە فڕۆکەخانەی ئارلاندای ستۆکهۆڵم دادەبەزێ، بە تۆمەتی بەشداری لە کارەساتی ئێعدام و سێدارەی زیندانییە سیاسییەکان لە ساڵی ١٣٦٧دا لە زیندانی گەوهەردەشتی کەرەج دەستبەسەر دەکرێ. دیارە بە دوو هۆکار ئەو دادگایە سەرنجڕاکێشە:
ڕووداوی کارەساتی ئێعدامەکانی ساڵ ١٣٦٧ لە وڵاتی ئێران ڕووی داوە و بەدەستی پیاوکوژانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، واتە کەسانی ئێرانی ئەو کارەساتەیان خوڵقاندووە. هەروەها تا ئێستا باسی ئێعدامی کەسێکی بە ڕەگەز یان ڕەچەڵەک سوئێدی کە وەبەر ئەو شەپۆلە کەوتبێ، نەکراوە. لەو کارەساتەدا لەوەش زیاتر، حەمید نووری بۆ سوئێد لە باری یاسایییەوە، پیاوێکی بیانییە. جا بە لەبەرچاوگرتنی ئەوانە، پرسیار ئەوەیە کە ئاخۆ چ یاساوڕێسایەک ڕێگا بە سیستەمی دادوەریی سوئێد دەدات کە کەسێکی بیانی بۆ کارەساتێکی ئەوتۆ کە لەودا سوئێدییەک زەرەرمەند نەبووە، دەستبەسەر بکات، بیگرێ و دادگایی بکات؟
حەمید نووری لە ٩ی نوامبری ٢٠١٩ (کە دەکاتە ١٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی) لە فڕۆکەخانەی ئارلاندای ستۆکهۆڵم کاتێک پێ دەنێتە نێو خاکی سوئێدەوە، دەستبەسەر کرا، واتە ئەوکاتەی حەمید نووری دەستبەسەر کرا، ٣١ ساڵ بەسەر کارەساتی ئێعدامی زیندانییەکاندا تیپەڕ ببوو. ئاخۆ ئەو کارەساتە لە ڕووی یاسایییەوە کات بەسەرچوو هەژمار ناکرێ؟
پێش ئەوەی بچینە لێکدانەوەی ئەو دوو پرسیارە با ئاماژە بە ئەوە بکەین کە گرتنی حەمید نووری لەسەر شکایەتی چەند زیندانیی پێشوو بوو کە لە کاتی ئەو کارەساتەدا لە زیندانی گەوهەردەشت بوون. ئەو شکایەتە، لەلایەن دەفتەرێکی وەکالەتی بە ناوی (McCue & Partners LLP)ەوە کە لە لەندەنە، پێشکەش بە بەشی دادستێنی گشتیی سوئێد بۆ تاوانی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی کرا. لەسەر ئەو شکایەتە، دادستێنی سوئێد، لە ڕۆژی ٨ی نوامبر، واتە بڕیاری دادستێنی بۆ گرتنی حەمید نووری پێش گەیشتنی حەمید نووری بۆ سوئێد درا بە پولیسی سوئێد لە فڕۆکەخانەی ئارلاندا.
بەپێی یاسای سوئێد دەستبەسەرکردنی کەسێک بەبێ پاساو ڕێگەپێنەدراوە. لەو یاسایەدا بە یەکێک لەو ٤ ئەگەرەی خوارەوەدا دادستێن بۆی هەیە کە داوای گیرانی کەسێک بکات. پاش گرتنی کەسەکە، لە ماوەی چەند ڕۆژاندا دادستێن دەبێ کەیسەکە پێشکەشی دادگا بکات تا دادگار بڕیاری دەستبەسەرکردنی کەسێک بدات. واتە ئەو دادگایە بڕیار دەدات کە ئایا کەسەکە دەبێ دەستبەسەر بکرێ و تا تەواوبوونی لێکۆڵینەوە لە زیندان بمێنێتەوە یان ئازاد بکرێ. کاتێک دادستێن کەیسی خۆی پێشکەشی دادگا دەکات، دەبێ یەکێک لەو پاساوانە بێنێتەوە:
– دەتوانرێت گومانی لێ بکرێت
– بەڵگە هەیە کە گومانی لێ بکرێت
– ئەگەری گومانلێکراوی هەیە
– بواری تەواو بۆ لێپێچینەوە و دادگایی هەیە
حەمید نووری لە ڕۆژی ١٣ی نوامبری ٢٠١٩ واتە ٤ ڕۆژ پاش گیرانی لە فڕۆکەخانەی ئارلاندا بە پاساوی “بەڵگە هەیە لە گومانلێکراوی و پێشێلکردنی یاسای نێودەولەتی لە ساڵی ١٣٦٧ لە” دادگا بڕیاری دەستبەسەرکردنی دا. ئەو بڕیارە چەند جاران تا تەواوبوونی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردن نوێ کراوە و لە نوێکردنەوەکاندا ئاماژە بە زیادبوونی بەڵگە و شاهید و شاکی دەکرا.
دادستێنی کەیسی حەمید نووری، کریستینا لیندهۆڤ کارلسێن، لە بەشی دادستێنی تاوانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیدا ئەزموونی لە کەیسی تاوانی دژەمرۆیی ڕواندا و سوریا کە لە سوئێد بەڕێوە چوون، هەیە و زۆر بەوشیاری و سیستماتیک لێکۆڵینەوەکانی خۆی درێژە پێدا تا تەواوبوونی لێکۆڵینەوە و ڕۆژی دادگایی.
بەپێی یاسای سوئێد، دەستبەسەرکراو دەبێ پارێزەری هەبێ. دەستبەسەرکراو دەتوانێ بەبێ پارێزەر خۆی لە جوابی پرسیارەکانی لێکۆڵینەوە بپارێزێ. هەربۆیەشە، کاتێک حەمید نووری لە فڕۆکەخانەی ئارلاندا گیرا، دادستێن، دەستبەجێ نووسراوەیەک بۆ باڵوێزخانەی ئێران دەنێرێت کەوا کەسێکی ئێرانیمان لە فڕۆکەخانەی ئارلاندا گرتووە و ئەگەر کۆماری ئیسلامیی ئێران دەخوازێت خزمەتی کونسولی بدات بەو کەسە، فەرموون پارێزەرێک دیاری بکەن. باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامی جوابی ئەو نامەیە ناداتەوە و لە ئاکامدا سوئێد بە خەرجی خۆی پارێزەر بۆ نووری دیاری دەکات. دیارە نووری پاشان بەو پارێزەرە ڕازی نەبوو و لە ئاکامدا پارێزەرەکە گۆڕدرا و دوو پارێزەر لە دەفتەرێکی پارێزەریی سوئێد بە ناوەکانی، توماس سۆدێرکویست و دانیێل مارکوس پارێزەریی نوورییان وەئەستۆ گرت.
پاش تەواوبوونی لێکۆڵینەوەی دادستێن و پۆلیس لە ڕۆژی ٣١ی ژانویەی ساڵی ٢٠٢١ دادستێن تۆمەتباریەتیی خۆی و داخوازی بۆ دادگاییکردنی نووری پێشکەش کرد. پارێزەرەکانی نووری داوای کاتی زۆرتریان کرد و لە ئاکامدا لە ڕۆژی ٢٧ی ژوئەنی ٢٠٢١ کە دەکاتە ٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی، ئەو تۆمەتبارە درا بە دادگا و دادگاش بریاری دا تا لە ڕۆژی ١٠ی ئاگۆستی ٢٠٢١ واتە لە ١٩ی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوییەوە دادگایی دەست پێ بکات. ئەو دادگایە لە ڕۆژی ٤ی مانگی مەی ٢٠٢٢ واتە ١٤ی گوڵانی ١٤٠١ پاش زیاتر لە ٩٠ دانیشتن و ٩ مانگ تەواو بوو و، دادگا بڕیاری خۆی لە ڕۆژی ١٤ی ژوئەنی ٢٠٢٢ واتە ٢٣ی پووشپەڕی ١٤٠١ بڵاو کردەوە.
دادوەری سەرەکیی کەیسەکە توماس زاندێر، ئەویش پێش ئەو دادگایە دوو کەیسی ڕواندا و سوریای بەڕێوە بردبوو و لەو بوارەدا شارەزایییەکی تەواوی هەبوو. دادوەری یارمەتیدەرش ئاننا لیلیەنبەری ئەویش لەو بوارانەدا ئەزموونی دادوەری ڕاسپێردراوی لە بۆسنیادا هەبوو.
ئەو دادگایە ٣٤ شاکی و ٤٠ شاهیدی لەخۆ گرت، بەم شێوەیەی لە خوارەوە ئاماژەی پێکراوە:
لێزان
گشتی
چەپ
موجاهید
–
–
کەسوکار
زیندانیی پێشوو
کەسوکار
زیندانیی پێشوو
–
–
٦
–
٦
٢٢
شاکی
٩
٥
–
١٨
–
٨
شاهید
شاکییەکان، لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهانەوە بوون. ئەوە خۆی نیشان دەدات کە دادستێن چەندە بەوردی و شێنەیی کارەکانی لێکۆڵینەوەی بەڕێوە بردبوو:
دادستێن تۆمەتباریەتیی خۆی لەسەر ئەو دوو خاڵە یاسایییە ساخ کردبووەوە:
– حەمید نووری بەهۆی بەشداری لە کارەساتی ئێعدامی زیندانییەکانی سەر بە موجاهیدین لە گەوهەردەشت، یاسای نێودەوڵەتیی پیشێل و تاوانی گەورەی کردووە.
– حەمید نووری بەهۆی بەشداری لە کارەساتی ئێعدامی زیندانییەکانی چەپ لە گەوهەردەشت، تووشی تاوانی پیاوکوژی و قەتڵ بووە.
بۆیەشە دادستێن داوای وڵامدانەوەی ئەو پرسیارە سەرەکییەی لە دادگا کرد کە ئەو پرسیارە سەرەکییە لە بڕیاری دادگادا زۆر بەڕوونی جواب دراوەتەوە. ئەو پرسیارە سەرەکییە ئەوە بوو کە ئایا بناغەی یاساییی ئەو داگایە چییە، ئایا دادگای سوئێد دەتوانێ ئەو کەیسە بجووڵێنێ؟ دادگا لە جوابدا زۆر بەڕوونی دەڵێت:
– بەپێی ڕێککەوتننامەی ژمارە چواری کونوانسیۆنی ژێنێڤ، پڕۆتۆکۆلی تەکمیلی ١، خاڵی ٨٩ کە لە یاسای سوئێددا ڕەنگی داوەتەوە، دادگای سوئێد بۆی هەیە ئەو کەیسە بجووڵێنێ.
بەپێی یاسای سوئێد، فەسڵی ٢، پاڕاگرافی ٣، خاڵی ٦، دادگایەکی سوئێد بۆی هەیە ئەو کەیسە کە لە سوئێد ڕووی نەداوە و تاوانبارەکانی سوئێدی نین، بجووڵێنێ.
– بەپێی یاسای سوئێد، فەسڵی ٢، پاراگرافی ٥ دادگایەکی سوئێدی کە بە تەمای جووڵاندنی کەیسێکی ئەوتۆیە دەبێ داوای تاقیکردنەوە لە دەوڵەت بکات کە ئایا دادگا بۆی هەیە کەیسەکە بجووڵێنێت یان نا. دەوڵەت پاش تاقیکردنەوە، بڕیاری داوە کە دادگا ئەو ئیزنەی هەیە.
واتە، کۆنوانسیۆنی ژێنێڤ کە لە ساڵی ١٩٦٤دا و لە یاسای تاوانی سوئێد کە بە ١٩٦٤:١٦٩ ناسراوە، وەک بناغەی یاساییی ئەو دادگایە ئاماژەی پێکراوە. واتە ئەوکاتەی کارەساتەکە خوڵقاوە، ئەو کردەوەیە لە یاسای تاوانی سوئێد وەک تاوان ناساندراوە. هەر ئەو یاسایە مافی ئەوە دەدات بە سیستەمی دادی سوئێد کە تاوانبارێکی بیانی بگرێ و سزای بدات. واتە بەپێی ئەو خاڵانەی سەرەوە، دادگای سوئێد بۆی هەیە کەیسەکە بجووڵێنێ و “دەسەڵاتی دادوەریی گشتگیر” داسەپێنێ.
دەوڵەتی سوئێد تا ئێستا بۆ بەرژەوەندیی جیاجیای نەتەوەیی، لە دادگاکانی لەو شێوەیە ڕێگر نەبووە کە لەودا کەسێکی بیانی بە تاوانی پێشێلکردنی یاساکانی نێودەوڵەتی لە سوئێد دەستبەسەر کراوە. لەسەر کەیسی حەمید نووری دەوڵەتی سوئێد لە ٢٢ی دسامبری ٢٠٢٠ واتە ٢ی بەفرانباری ١٣٩٩ی هەتاویدا لەوبارەوە جوابی دادگای داوەتەوە و، پێی لەسەر مافی سیستەمی داد بۆ جووڵاندنی ئەو کەیسە داناوە.
دیارە باسەکانی نێو دادگا، پرسیارەکانی یاسایی دادستێن و جوابی دادگا لێرەدا کۆتایی نایەت. لە ئاکامدا، دادگای ستۆکهۆڵم، بە پشتبەستن بە بەڵگەی حاشاهەڵنەگر، بڕیاری زیندانیی هەتاهەتایی بەسەر گومانلێکراودا سەپاند. بەڵام ئەوەی بۆ ئەم نووسراوەیە گرینگە ئەوەیە کە دنیای پێشکەوتوو مێکانیزمی یاسایی بۆ جووڵاندنی کەیسی دژەمرۆیی هەیە و ئەوە ئەرکی بنەماڵە، ڕێکخراوە مەدەنییەکانی دادخوازی و دیاسپۆرای کوردە کە کەسانی تاوانبار بە بەڵگە و دۆکیۆمێنت پەلکێشی دادگا بکات. لێرەدا دەبێ ئاماژە بەوە بکرێ، کە ئەو دادگایە زۆر بەباشی و ڕوونی دەریخست کە بایەخدان بە قۆناغی سێی کارەسات، واتە قۆناغی لێکۆڵینەوە و لێکدانەوە و بەدۆکیۆمێنتکردنی ئەو کارەساتانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕۆژهەڵاتدا خوڵقاندوونی، بۆ پەلکێشکردنی تاوانباران بۆ دادگایەکی دادپەروەرانە چەندە گرینگە.
کۆتایی
شک و گومان لەوەدا نییە کە ئەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرانبەر بە دانیشتووانی کوردی کردووە، ئەو خاڵانە لەخۆ دەگرێ:
بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لەم نووسراوەیەدا هاتوون، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسادا لەنێوان ساڵانی ١٣٥٧ تا ١٣٧٠ی هەتاوی بە شێوەیەکی سیستماتیک، توندوتیژانە و دڕندانە هاوڵاتییانی مەدەنیی کوردستانی کردە یامانج. ئەو ئامارە مێژوویییانەی لە سەرەوە باسمان کرد، هۆکارن بۆ ئەوەی باوەڕی ئەوە بکەین کە ڕێکارەکانی دەرەوەی یاسا و دادوەری، بێسەروشوێن کردنی زۆرەملێ، دەستبەسەرکردنی ئارەزوومەندانە، ئەشکەنجەدان، دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر گیراوان، سزادانی گرووپی، ئاوارەبوون و چەندین ڕێوشوێنی نامرۆڤانەی دیکە بەرانبەر بە کورد بەئامانجی ڕێگریکردن لە ناڕەزایەتیی ئاشتیخوازانە، ئاوات و داوای ئازادی و یەکسانیی کۆمەڵایەتی بووە. واتە کردەوەی دژەمرۆڤانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاکامی داوای کورد بۆ مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ بووە.
کردەوەی دژەمرۆڤانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ئاکامی فەرمانی جیهادی خومەینییەوە بوو. جیهاد فەرمانێکی ئایینییە و بنەمای یاسایی نییە. ئەو فەرمانە بووە هۆی کاولکاری، وێرانکاری، سووتاندنی گوندەکان و، هەروەک لە سەرەوە و لە ئامارەکاندا ئاماژەیان پێکرا، بووە هۆی کۆمەڵکوژیی خەڵکی مەدەنی و پێشێلکاریی زەقی یاساوڕێساکانی نێونەتەوەیی و لەنێو ئەواندا کونوانسیۆنی ژێنێڤ و پڕۆتۆکۆلەکانی.
دادگای شۆڕش” کە سزای تیرەباران یان لەسێدارەدانی بەسەر زیندانییەکاندا سەپاندووە، بەپێی یاسای بنەڕەتیی (دەستوور) ئێران لەو کاتدا خۆی فەرمانێکی نایاسایی بووە. واتە بڕیارەکانی ئەو دادگایە نایاسایی بوونە.
میساقی ڕۆم و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (ئای سی سی) پێشکەوتنە بۆ دادپەروەری لە جیهاندا و لەوانەیە پێش بە کردەوەی دژەمرۆڤانە بگرێ، یاسای ئەو دادگایە لە ساڵی ٢٠٢٢ی زایینییەوە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، واتە تاوتوێی کەیسی تاوانبار یان تاوانبارانی ئێعدام و لەنێوبردنی سیستماتیکی خەڵکی مەدەنیی کورد لە ١٣٥٧ تا ١٣٧٠ دەکەوێتە دەرەوەی بازنەی زەمانی ئەو یاسایەی دادگاکەی لەسەر دامەزراوە.
یاسای وڵاتانی دێمۆکرات و پێشکەوتوو، تاڕادەیەک دەتوانێ پشتیوانیی دادخوازی بنەماڵەی ئەو کەسانە بێت کە لە ماوەی ١٣٥٧ تا ١٣٧٠دا ئێعدام کراون. بەڵام ئەوە پێویستی بەوەیە کە تاوانبارێک کە دەستی لەو کۆمەڵکوژییانەدا هەبووە، پەلکێشی دادگا بکرێ. ئەوە خۆی پێویستی بەوەیە کە تاوانبار لەو وڵاتە بێت، شکایەتی لێ بکرێ و، بەڵگەی حاشاهەڵنەگر و دادگاپەسەندی لەسەر بێت.
لە شوێنەکانی دیکەی جیهان وەک ئەفریقای باشوور، کومیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە جینایەتەکانی ڕێژیمی ئاپاڕتاید دامەزرا. ئەو کومیتەیە ئەزموونێکە و دەکرێ پاش ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێران سوودی لێ وەربگیرێ و پەردەی ڕەشی سەر ئەو جینایەتانە هەڵبدرێتەوە کە لە کوردستان کراون. دیارە ئەوە پێویستی بە گوتاری هاوبەشی کۆمەڵگای مەدەنیی کورد، دادخوازان، بنەماڵەی ئێعدامکراوان و هێز و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە. ئاخۆ گوتارێکی هاوبەش لەو بابەتەدا لەنێو ئەو کۆمەڵگایانەدا هەیە؟
سەرچاوەکان:
The Secretariat of the Human Rights Council, United Nations:
https://www.ohchr.org/en/instruments-mechanisms/instruments/geneva-convention-relative-treatment-prisoners-war
The International Criminal Court’s Online Library
Assembly of States Parties to the Rome Statute online website and documentation
Rome Statute of the International Criminal Court, 17 July 1998
Stockholms TR B 15255-19 Dom 2022-07-14 (Court verdict on Hamid Noury’s trial)
All the raw data for statistic on victims of the Islamic Republic of Iran are are courtesy of Nemiran.com, a Norwegian based human rights group working on documenting atrocities of the Islamic Republic of Iran
278
بزووتنەوەی ژینا بەربەرەکانێی دیسکۆرسی شوناسخوازانە... مامەڵاتی ئاریاتەباری لە نێوان ئێران و ئاڵمان...
Scroll to top
کۆمەڵکوژیی کورد لە دەرەوەی یاسا لە ڕۆژهەڵات