ئارامتر بخوێنەوە

مشتومڕە ناوخۆییەکانی بزاڤی سیاسیی کوردستان

ئارام کەیخوسرەوی

 

پێشەکی

کورد لە دۆخی بندەستیدا دەژیت. کۆمەڵکوژیی دێریسم، ئەنفال، کیمیابارانی هەڵەبجە، جیهاد بە دژی نەتەوەی کورد، سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و… هتد. هەرهەمووی دەرئەنجامی بندەستیی نەتەوەی کوردن. ئەم وتەیە: «کورد تا دەوڵەتی نەبێت ناتوانێت خۆی بپارێزێت» دەقاودەق ئاماژە بەم دۆخە دەکات و ڕێگەچارە لە دامەزراندنی کیانێکی سەربەخۆ دەبینێتەوە. دامەزراندنی کیانێک بە واتای گۆڕینی دۆخی بندەستی بۆ دۆخی سەروەری. سەربەخۆییخوازی، ئۆتۆنۆمیخوازی و دیموکراسی، لە بزووتنەوەی کوردستاندا هەوڵدانێک بووە بۆ دەربازبوونی کورد لە دۆخی بندەستی. هەر کام لەمانە لەگەڵ کۆمەڵێک گرفت و لەمپەری دەرەکی بەرەوڕووبوونەتەوە. وێڕای ئەوە ئەم هەوڵانە لەگەڵ مشتومڕێکی ناوخۆییی بزاڤی کوردستانیش ڕووبەڕوون. لەم وتارەدا ئاوڕێک لەم مشتومڕانە دەدەینەوە. ئەم مشتومڕانە لە سەر چییە؟ تۆخمە سەرەکییەکانی بابەتی سیاسی لە کوردستان چین؟ پێش سەردەمی مۆدێرن دەستەبژێری کورد چۆن سیاسەتی دەکرد؟ بۆ چی پارادایمی سەربەخۆیی جێی خۆی بە ئۆتۆنۆمیخوازی دا؟ ئایا ڕێگەچارە ڕووخانی دیواری ئیتنیکییە؟ ئایا بە دەستەبەر بوونی مافی هاووڵاتی، کورد دەتوانێت بە مافەکانی بگات؟


بابەتی سیاسی

لە زانستە مرۆییەکاندا هەر لە کۆنەوە تا ئێستا مشتومڕێکی بەردەوام لە سەر پێناسەی سیاسەت لە ئارادایە. لە ئەرستۆ تا بیرمەندانی ئەم سەدەیە ئەم مشتومڕە بەردەوامە. ئەم مشتومڕە زیاتر لەسەر بابەتیی سیاسی (The Political) بووە نەک سیاسەت(Politics)  چونکە جیاوازییەک لە نێوان سیاسەت و بابەتی سیاسی هەیە. مەبەست لە سیاسەت زۆر جار ئەو کردە و ئەکتانەن کە ڕۆژانە لە لایەن سیاسەتمدارێک، حیزبێک یان ڕێکخراویەکەوە دەیبینن. واتە لێرە سیاسەت وەک زانستی سیاسەت و لە بارەی واقیعی سیاسی دەپەیڤێ. بەڵام بابەتی سیاسی زۆرتر پەیوەندیی بە جەوهەری سیاسەتەوە هەیە و لە فەلسەفەی سیاسییەوە بیچم دەگرێت. «لە حەقیقەتدا کاتێک قسە لە فەلسەفەی سیاسی دەکرێت، دەبێت جیاوازییەک لە نێوان ئەو و زانستە سیاسییەکان دابنرێت…. زانستە سیاسییەکان لەبارەی تایبەتمەندییەکانی سیاسەت دەکۆڵێتەوە، بەڵام ئاوڕ لە جەوهەری سیاسەت ناداتەوە. بەڵام فەلسەفەی سیاسی، سەرنجی خۆی دەخاتە سەر چییەتی، واتا و بیچمگرتنی چەمکی سیاسەت» (جەهانبەگلو، ١٣٨٦: ١٢). نابێت وا لێک بدرێتەوە کە فەلسەفەی سیاسی پەیوەندیی بە واقیعی سیاسییەوە نییە و تەنیا کردەیەکی زەینی و دوور لە کۆمەڵگایە، بەڵکوو فەلسەفەی سیاسی مانایەکی گشتیی هەیە و باس لە باشترین جۆری ژیانی کۆمەڵایەتی و باشترین جۆری سیستەمی سیاسی دەکات. «لە ڕوانگەی فەلسەفەی سیاسییەوە پرسیار لە بارەی سیاسەتەوە، پرسیار لە بارەی «ژیانی هاوبەشی» مرۆڤەکانە و فەیلەسووف کەسێکە کە لەبارەی ئەم هەستییە هاوبەشەوە بیر دەکاتەوە» (هەمان: ١١). کەواتە فەلسەفەی سیاسی لەم واتایەدا چالاکییەکی فیکرییە کە ئامانجێکی گشتی و بەرفراوان و کۆیی هەیە نەک تاکی. کاتێک باس لە کۆمەڵگا دەکرێت، باس لە فرەیی دەکرێت و باس لە بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکان دەکرێت. ڕابینسۆن کرۆزۆ کە بەتەنێ لە دوورگەیەکدا دەژیت، ڕەنگە خاوەنی شێوازی ژیان و ئابووری و تەنانەت هونەرێکی تایبەتیش بێت، بەڵام خاوەنی هیچ سیاسەتێک نییە. سیاسەت بە بوونی کەسانی ترەوە دەست پێ دەکات.

لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم تا ئێستا بیرمەندگەلێک وەک شمیت و ئارێنت و دواتر کەسانێکی وەک شانتال موفە زیاتر ئاوڕیان لە مژارێکی نوێ لە فەلسەفەی سیاسی بە ناوی بابەتی سیاسی دایەوە. کاکڵەی باسەکەی ئەوان بە تایبەت شمیت و موفە، جیاوازی لە نێوان سیاسەت و بابەتی سیاسی بوو. «سیاسەت ئاماژەیە بە ئاستی ئنتیک (ontik) لە کاتێکدا کە بابەتی سیاسی پەیوەندیی بە ئاستی ئۆنتۆلۆژیکەوە (ontolohical) هەیە. ئەمە بەو مانایە دێت کە ئاستی ئنتیک پەیوەندیی بە کردەوە جۆراوجۆرەکانی سیاسەتی باوەوە هەیە، لە حاڵێکدا ئاستی ئۆنتۆلۆژیک پەیوەندیی بە شێوازی دامەزراندنی کۆمەڵگەی سیاسییەوە هەیە» (موڤە، ١٣٩١: ١٦).

بابەتی سیاسی لە لای شمیت گۆڕەپانی ململانێ و جیاوازی و بەریەککەوتنی ناسنامە کۆییەکان یان سەرهەڵدانی « ئێمە» لە بەرانبەر «ئەوان»، کە ئەو وەک جیاوازیی نێوان دۆست و دوژمن نێوی دەبات. جیاوازیی دۆست و دوژمن نیشاندەری زۆرترین ئاستی یەکێتی یان پەرتەوازەیی، لەگەڵ یەک بوون یان لە یەک دابڕانە. کەواتە لۆژیکی بابەتی سیاسی لە ڕوانگەی شمیتەوە جیاوازی و ئانتاگۆنیسمی دۆست و دوژمنە. لەم پێناسەیەدا ناسنامە سیاسییەکان لەسەر بناغەی جیاوازی و بەریەککەوتنی “ئێمە و ئەوان” بیچم دەگرن. شمیت لە وتاری “تێگەیشتن لە بابەتی سیاسی”دا دەنووسێت: «بابەتی سیاسیی پێوەری تایبەت بە خۆی هەیە و بە شێوەیەکی تایبەت خۆی دەردەبڕێت… لە بەستێنی ئەخلاقدا، جیاوازیی کۆتایی لە نێوان باش و خراپدا هەیە، لە جوانیناسیدا لە نێوان جوان و ناشیرین و، لە ئابووریدا لە نێوان سوودهێنەر و بێ سوود، کەوابوو پرسیار ئەوەیە ئایا دەکرێت جیاوازییەکی تایبەت بدۆزرێتەوە کە وەک پێوەرێکی ئاسان بۆ دیاریکردن و جیا کردنەوەی بابەتی سیاسی بە کار بێت؟» (ئاگامبن و ئەوانی دیکە، ١٣٩٢: ٩٥). شمیت خۆی دواتر وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە و دەنووسێت: ئەم جیاوازییە، جیاوازیی دۆست و دوژمنە.

دوژمن لەم ڕوانگەیەدا ئەوی ترێکە، بێگانەیەکە، کەسێک کە لە دۆخی ئاوارتەدا ئەگەری شەڕ و ململانێ لەگەڵیدا هەیە. خاڵی گرنگ لە وتارەکەی شمیتدا ئەوەیە کە دوژمن لێرە واتایەکی کەسیی نییە، بەڵکوو مەبەست لە دوژمن، دوژمنێکی گشتییە. دوژمن هیچ کات نابێتە کەسی، دوژمن تەنیا و تەنیا دوژمنێکی گشتییە. هەر لەم بارەیەوە لە بەرانبەر وتەیەکی بەناوبانگی ئینجیلدا کە دەڵێت «دوژمنانی خۆتان خوش بوێ» دەنووسێت: «لە بنەڕەتدا {لەم وتەیەدا} باسی دوژمنی سیاسی لە ئارادا نییە، لە شەڕی هەزار ساڵەی مەسیحییەکان و موسڵمانان، هەرگیز بە بیری هیچ مەسیحییەکدا نەهات کە بۆ ئەوینی عەرەبەکان یان تورکەکان لە جێی بەرگری لە ئەورووپا تەسلیمی دوژمن بن» (هەمان، ٩٨-٩٧).

وەک دیارە بابەتی سیاسی لە لای شمیت لەسەر بناغەی بەریەککەوتن، ململانێی بەردەوام و ئانتاگۆنیسمی دۆست و دوژمن داڕێژراوە؛ بۆیە شەڕ ئەگەرێکی هەمیشە ئامادەیە. لەم پێناسەیەدا کاتێک ناسنامەیەکی کۆیی یا نەتەوەیەک بانگەشەی نەبوونی دوژمن دەکات، لە واقیعیدا خۆی لە تایبەتمەندیی سیاسی وەدەرناوە. «ئەمە خەیاڵێکی گۆترەیە کە نەتەوەیەک دەتوانێت بە بانگەوازی ئەوەی لەگەڵ هەموو جیهاندا دۆستە یان بە چەک کردنی ئارەزوومەندانەی خۆی، جیاوازیی نێوان دۆست و دوژمن بسڕێتەوە، جیهان بەم شێوەیە لە سیاسەت بە تاڵ ناکرێت، ناچێتە دۆخێک کە گرێدراوی ئەخلاق پەتی، دادپەروەریی پەتی یان ئابووریی پەتی بێت. ناکرێت جیهانێک وێنا بکەین کە هیچ سیاسەتێکی تێدا نەبێت» (هەمان، ١٢٠). بناغەی پێناسەی شمیت لە بابەتی سیاسی لەسەر ئانتاگۆنیسمە، واتە جیاوازی و شەڕ و بەریەککەوتنی دۆست و دوژمن یان ناسنامەکۆییەکان یان ئێمە و ئەوان و، لەم پێناسەیەدا ئاشتیی نێوان ئەم ناسنامانە دەبێتە بابەتێکی مەحاڵ. بەڵام شمیت ئەم پێناسەیە تەنیا بۆ دەوڵەتەکان بە کار دەهێنێت، چونکە تەنیا فرەییەک کە شمت باوەڕی پێی هەیە، فرەییی دەوڵەتەکانە. بەڵام دواتر شانتال مووفە هەوڵ دەدات ئەم پێناسەیە بە جۆرێکی تر بۆ گەشەکردنی دیموکراسی لە نێو کۆمەڵگەیەکی سیاسی بە کار ببات.

شانتال موفە بناغە و کاکڵەی پێناسەی شمیت بۆ بابەتی سیاسی قبووڵ دەکات، واتە سیاسەت گۆڕەپانی ململانێ و شەڕ و جیاوازییەکان و لە بەرانبەر یەک وەستانی ئێمە و ئەوانە واتە ئانتاگۆنیسمێک کە شمیت باسی لێوە دەکات لە لای موفەیش قبووڵ دەکرێت. موفە لەم بارەیەوە دەنووسێت: «لەو ڕووەدا کە پێویستیی هەر جۆرە ناسنامەیەکی سیاسی، جیاوازیی «ئێمە» و «ئەوانە»،  ئەگەری سەرهەڵدانی ئانتاگۆنیسم هیچ کات لە نێو ناچێت. بۆیە باوەڕ بە ئەوەی کۆمەڵگایەک دەتوانێت بیچم بگرێت کە بەتاڵ بێت لە ئانتاگۆنیسم، ساویرێک زیاتر نییە» (موفە، ١٣٩١: ٢٣). موفە لە پەیوەندی لەگەڵ بەریەککەوتنی دۆست و دوژمن یان «ئێمە» لە بەرانبەر «ئەوان» دەنووسێت: «ئەم پرسە کاتێک ڕوو دەدات کە “ئەوان” بە جۆرێک وێنا بکرێن کە دەڵێی هەڕەشەیەکن بۆ ناسنامەی “ئێمە” و وەکوو مەترسییەک بۆ بوونی ئێمە وێنا بکرێن» (هەمان، ٢٣).

بەڵام موفە سەرەڕای قبووڵکردنی بابەتی سیاسی وەک بەستێنی جیاوازی و شەڕ، هەوڵ دەدات واتایەکی تر بۆ دوژمن و هەروەها مانایەکی تر بۆ ئانتاگۆنیسمی نێوان “ئێمە” و “ئەوان” بدۆزێتەوە. بۆیە پرسیارێک کە موفە گەڵاڵەی دەکات ئەوەیە کە چ جۆرە پەیوەندییەک دەتوانێت سیاسەت وەک جیاوازیی “ئێمە” و “ئەوان” بهێڵێتەوە و لە هەمان کاتدا ئانتاگۆنیسمی نێوان ئەم پەیوەندییە دەستەمۆ بکات؟ موفە دەنووسێت: «ئەگەر دەمانەوێت لە لایەک بەردەوامیی ڕەهەندی شەڕخوازانەی سیاسەت بە فەرمی بناسین و لە لایەکی تر دەستەمۆی بکەین، دەبێت بە دوای جۆرێکی تر لە پەیوەندیدا بین…. ئەم جۆرە… پێشنیار دەکەم کە پێی بڵێین ئاگۆنیسم، لە کاتێکدا ئانتاگۆنیسم پەیوەندیی ئێمە و ئەوانە کە دوو لایەن دوژمنانێک بە حیساب دین کە لە هیچ بارێکدا هاوبەش و شەریک نین، ئاگۆنیسم پەیوەندیی ئێمە و ئەوانە کە هیچ ڕێگایەکی عەقڵانی بۆ چارەسەرکردنی ململانێکەیان نییە، بەڵام ڕەواییی نەیاران بە فەرمی دەناسن» (هەمان، ٢٧). لەم پێناسەیەدا دوژمن جێی خۆی دەدات بە نەیار. لە ڕوانگەی موفە، تەنیا ڕێگا بۆ پاراستنی دیموکراسی بوونی ململانێی ئاگۆنیسمییە، واتە پێشمەرجی دیموکراسی، ڕەواییدان بە ململانێ و ناسنامە کۆییەکانە. لە واقیعدا موفە دەیەوێت جیاوازییەکان یان پەیوەندیی دۆست و دوژمن کە بناغەی بابەتی سیاسییە، بۆ پەرەگرتنی دیموکراسیەتیکی ڕادیکاڵ بەکار ببات. بۆیە دەنووسێت: «بە جۆرێک لە خوێندنەوەکانی [شمیت] بۆ جیاوازیی دۆست و دوژمن کەڵک وەربگرین و لەگەڵ فرەییخوازییەکی دیموکراتیک هاوتەریبی بکەین…» (هەمان، ٢٢). بە واتایەکی تر «چەلنجی سیاسەتی دیموکراتیک بریتییە لە هەوڵدان بۆ بیچمگرتنی پەیوەندیی ئێمە/ئەوان، هاوڕێ لەگەڵ قبووڵکردنی ئیمکانی ئانتاگۆنیسم بەڵام بە شێوەیەکی جیاواز» (هەمان، ٢٣). لەم پێناسەیەدا سیاسەتی دیموکراتیک بریتییە لەوەی کە هەموو ناسنامە کۆییەکان، هەموو جیاوازییەکان بە فەرمی بناسرێن. هەر ئەمەش خاڵی جیاوازیی ئەم سیاسەتە لەگەڵ سیاسەتی لیبراڵییە کە بناغەی خۆی لەسەر تاک دادەنێت نەک ناسنامەی کۆیی. ئارگیۆمنتی سەرەکیی ئەم دێموکراسییە ئەوەیە، لە کۆمەڵگای مودێرن ناسنامە کۆیییەکان کە بناغەیان لەسەر جیاوازی و بەریەککەوتنی ئێمە/ئەوان داڕێژراوە بوونیان نییە. ئەمە به واتای ئەوە دێت کە سنووربەندییە سیاسییەکان بە شێوەی پێشوو نەماون. تاکگەراییی ململانێ سیاسییەکان بووەتە هۆی ئەوەی ململانێ و بەریەککەوتنەکانی پێشوو کە زۆر جار بە پێی ناسنامەی کۆیی بوون، بایەخی خۆیان لە دەس بدەن. بە واتایەکی تر ئەو مۆدێلە سیاسییە کە بناغەی لەسەر دوژمن و نەیار دارێژرابوو نەماوە (هەمان، ٥٥). کە وابوو لە جێی ململانێ و بەریەککەوتن دەبێ باس لە کۆدەنگی بکرێت.


بیری سەربەخۆییی کوردستان: ئانتاگۆنیسمی نێوان کورد و ئەوی تر

ئەگەر کوردایەتی وەک بیرۆکەیەک بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی و هەوڵدان بۆ پاراستنی کورد پێناسە بکەین، ئەوە هەوڵدان لەم پێناوەدا بەدەر لەوەی کوردایەتی بە ناسیۆنالیزم بزانین یان نا، مێژوویەکی کۆنی هەیە. یەکەم جار ئەحمەدی خانی بە زەم و لۆمەی میرە کوردییەکانی ئەو دەم، باسی دامەزراندنی کیانێکی کوردی بۆ ڕزگاری لە دەستی تورک و عەجەم دەکات. دواتر و بە تایبەت لە سەدەی بیستەمدا ئەم بیرۆکەیەی ئەحمەدی خانی وەک یەکەم هەوڵدانێک بۆ سەربەخۆیی ناسێنرا. جەمال نەبەز لەم بارەیەوە دەنووسێت: «بیرکەرەوی گەورەی کورد ئەحمەدی خانی لە سەدەی حەڤدەیەمدا بە کردەوە خەڵکی هان داوە بۆ تێکۆشان لە پێناوی سەربەخۆییی کوردستاندا و داوای لە کورد کردووە ناکۆکی و دووبەرەکیی نێوخۆیی بخەنە ئەو لاوە و لە ژێر سایەی شایەکی کورددا یەک بگرن و خۆیان لە ژێردەستەیی ترک و عەجەم ڕزگار بکەن و دەوڵەتێکی کوردیی سەربەخۆ دروست بکەن» (نەبەز، ٢٠٠٧: ٨٥). هەندێک لە بیرمەندانی ڕۆژئاوایی وێڕای ئەوەی ئاماژە بە دەوری گرنگی خانی لە هەستی نەتەوەییی کورد دەدەن، پێیان وایە ناتوانین خانی وەک ناسیۆنالیست پێناسە بکەین. لە سەردەمێکدا کە خانی ژیاوە هیچ دەوڵەتێک خاوەنی ناسنامەیەکی ئیتنیکی نەبووە و دەوڵەتەکان و دەسەڵاتەکان زیاتر لە سەر بناغەی ئایینی و وەفاداری بە پاشا دامەزراون.

مارتین ڤان بروینسێن یەک لەو بیرمەندانەیە کە خانی بە ناسیۆنالیست نازانێت، بەڵام لە وتارێکدا دەنووسێت: «… بەرهەمەکانی خانی، بە تایبەت مەم و زین لە سەرجەم قۆناخەکانی گەشەسەندنی بزووتنەوەی کورددا دەوریان گێڕاوە، کەوابوو لە جێی خۆیدایە کە خانی وەک باوکی ناسیۆنالیزمی کوردی بزانین» (ڤان بروینسین، ئەوانی دیکە، ٢٠١٢: ٤٤). وێرای ئەوەی بەشێک لە بیرمەندان، ناسیۆنالیزم بە بیرۆکەیەکی نوێی دونیای مۆدێرن دەزانن، بەڵام لە سەدەی حەڤدەیەم بە دواوە، هزر و کردەگەلێک لە کوردستان و لە سەردەمی میرە کوردییەکان دەبینین کە دواتر وەک ئەکتێک لە پێناو کوردستان و بزووتنەوەی کوردایەتی خوێنرانەوە. “ئەمیر حەسەنپوور” کە خوێندنەوەیەکی مارکسیستی بۆ ئەم هەوڵدانە هەیە، باس لە دۆخێکی ئاوارتە دەکات کە لە هەندێک شوێندا و بەتایبەت لە کوردستاندا ڕووی داوە. واتە دەتوانین پێش دەورانی مۆدێرن و گەشەسەندنی چینی بوورژوا، باس لە ناسیۆنالیزم بکەین. حەسەنپوور دەنووسێت: «لە دۆخێکی مێژووییی دیاریکراو و لە نێو بڕێک لە نەتەوە ژێردەستەکان، چینی فیئۆدال دەبنە ئاڵاهەڵگری یەکیەتیی نەتەوەیی لە بەرانبەر دوژمن یان نەیارێکی بیانی و بێگانە… کوردستان باشترین نموونەی ناسیۆنالیزمی فیئوداڵی نیشان دەدات کە لە سەدەی حەڤدەیەم دەستی پێ کرد و تا ئێستاش درێژەی هەیە» (حەسەن پوور، ١٤٠٠: ١٤٨-١٤٧). جەماڵ نەبەز ئەم شێوازە لە ناسیۆنالیزم، تایبەتی سەرکردایەتیی کلاسیکی کورد دەزانێت. چونکە ئاڵا هەڵگرانی ئەم ناسیۆنالیزمە سەرۆک هۆز و میرەکان، کەسایەتیی ئایینی و فەقێیەکان بوون، کە جڵەوی بزووتنەوەی کوردییان لە سەدەی شازدە و حەڤدەوە تا پێشەوا قازی بە دەستەوە بوو و دەورێکی کاریگەریان لە گەشەسەندنی بیری نەتەوەییدا هەبووە.

نەبەز لەم بارەیەوە دەنووسێت: «بەدرخان پاشای میری بۆتان لە نیوەی یەکەمی سەدەی ڕابردوودا، لەشکری گەورەی دروست کردووە و دراوی بە نێوی خۆیەوە لێداوە و بانگی یەکێتیی هەموو کوردستانی داوە. شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری لە ساڵی ١٨٨٠/١٨٨١ دا لە ڕێگەی ڕێکخستنی هێزێکی سوپاییەوە ویستوویەتی کوردستان بکات بە یەک. شاعیران و ڕووناکبیرانی سەتەی نۆزدە، وەک حاجی قادر کۆیی و شێخ ڕەزای تاڵەبانی و کوردی و…هتد بە هۆنراوەکانیان، کەم و زۆر، خزمەتی بیری سەربەخۆییی کوردستانیان کردووە…. ئەو شۆڕشانەی لە بیستەکاندا و سییەکاندا بە سەرۆکایەتیی شێخ سەعیدی پاڵۆ و شێخ عەبدولقادری شەمزینی و شێخ مەحموود بەرزنجی و قەدەم خێر و سەردار ڕەشید و سمایل خانی سمکۆ و ئیحسان نووری و سەیید ڕەزا و قوچگیری بارزانییەکان ڕوویان داوە و تەنانەت ئەو بزووتنەوانەی لە ماوەی جەنگی جیهانیی دووەمدا سەریان هەڵداوە، هەموو بۆ سەربەخۆییی کوردستان بوون. ئەم بیری سەربەخۆییەی کوردستان بڕبڕەی پشتی بیر و ستراتێژیی سەرکردایەتیی کلاسیکی کورد بوو» (نەبەز، ٢٠٠٧: ٨٥). نەبەز گەورەترین سەرکردەی کلاسیکی کورد لە ماوەی شەڕی جیهانیی دووەم بە پێشەوا قازی محەممەد دەزانێت کە بۆ سەربەخۆییی کوردستان تێدەکۆشا. ئەکت و سیاسەتی سەرکردایەتیی کلاسیکی کورد، وێرای هەندێک جیاوازی و پاپەندبوون بە ئایینی ئیسلام لە سەر بناغەی ئانتاگۆنیسمی نیوان خۆ و ئەوی تر داڕێژراوە. واتە دەتوانین بە شێوەیەکی ساکار “خۆ”یەک لە کردە و ئەکتەکانیاندا بدۆزینەوە. لەبەر ئەوەی بە ساکار نێوی دەبەین چون هەندێک جار سنوورەکانی ئەم خۆیە دەشێوێت و لێڵ دەبێت.

یەک لەو میرە کوردییانە میر بەدرخان بوو کە لە ساڵی (١٨٢١) میری بۆتان بووە. میر بەدرخان لە سەدەی حەڤدەیەم لە بەردەم نێردەی پاشای فەرەنسا دەڵێت: «من شای وڵاتم، نەک سوڵتانی عوسمانی- ئەگەر ئەو لە من بە دەسەڵاتترە، ئەوا من لەو شەریفترم» (کوچێرا، ٢٠٠٩: ١٩). کریس کوچرا بە هێنانەوەی ئەم وتەیەی میر بەدرخان دەنووسێت: «ئەم قسە دلێرانەیە، کە نەجیبزادەیەکی کورد لەسەدەی حەڤدەدا، لە بەردەم نێردەی پاشای فەرەنسادا کردوویەتی لە ڕاستیدا جەوهەر و پوختەی دنیای زەین و بەرزەفڕیی ئەشرافیی کوردیزادەی فیئودالیزمی ئاسیای کۆنە: ئەشرافزادەیەک کە سەرۆکی قەڵایەک یان ئاغای دۆڵێکە و…. خۆی لە سوڵتانی گەورەترین ئیمپراتۆریەتی ئاسیا بە شەریفتر دەزانێت و بە چاوی داگیرکەر سەیری دەکات» (هەمان، ١٩).

ئەگەرچی ئایین کاریگەریی زۆری لەسەر کەسایەتیی میر بەدرخان بووە بە جۆرێک کە دوو میسیۆنەر واتە میستەر ڕایت و میستەر بریت کە دوو مانگ میوانی میربەدرخان بوون دەنووسن: «پیاوێکی خودا ترس بوو، زۆربەی کاتەکانی بە خواپەرەستی و وێردەوە دەگوزەراند، هەندێک جار ڕۆژگاری بەرپرسیارەتیی وەکو بەرپرسی دەوڵەت بە زیکر و خواناسیەوە دەبردە سەر» (عەلی، ٢٠١٠: ٥٤). بەڵام لەگەڵ ئەوەش وەک دوژمن چاوی لە دەسەڵاتی ناوەندیی عوسمانی دەکرد. بناغەی سیاسەتی ئانتاگۆنیسمی میر بەدرخان لەگەڵ دەسەڵاتی عوسمانی لە شێواز و هەڵسوکەوتی حکوومەتەکەی لەگەڵ میر و ماباقیی سەرۆک هۆزەکان بە ڕوونی دیار دەکەوێت. ڕکابەریی نێوان میرەکان بابەتێکی ئاساییی ئەو سەردەمە بووە. بەڵام میربەدرخان سیاسەتی یەکگرتن لەگەڵ میرە کوردییەکانی تری لە بەرانبەر دوژمن واتە سوڵتانی عوسمانی پەیڕەو دەکرد. «میربەدرخان سیاسەتێکی بە حیکمەت و وردی هەبووە لەگەڵ میرەکانی کورد، پێی وا بوو ئەوانە لە ناوچەکانی خۆیاندا شوێنی تایبەتیان لە دڵی شوێنکەوتووانی خۆیاندا هەیە، هەر هەوڵێکی بە زۆر لکاندن بە دەوڵەتەکەی ئەوەوە شەڕی ناوخۆی میللیی لێ دەکەوێتەوە، ئەمەش هەموو لایەک بێهێز دەکات و دوژمن مەبەست لە دەسەڵاتی مەرکەزیی عوسمانی بە هێز دەکات، بۆیە هەوڵی داوە دۆستایەتیی سەرۆک هۆز و میرە کوردییەکان بکات…. و هەتا ڕێککەوتننامەیەک بە ناوی (پەیمانی پیرۆز) ببەستن» (هەمان، ٥٦).

دوای شکستی میرە کوردییەکان، ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەی کوردی دەکەوێتە ئەستۆی کەسایەتییە ئایینییەکانی کوردستان. کریس کوچیرا دەنووسی: «… لە نێو کۆمەڵی پاشکەوتووی دێهاتیاندا تاقمێکی تازە لە «ڕێبەران» پەیدا دەبن. ئەمانە «شێخان» واتە سەرانی مەزهەبی و ئایینین، کە بە حوکمی دەسەڵاتی گەورەیان لە نێو جەماوەری خەڵکی کورددا، دەبن بە جێنشینی میر و ڕێبەرە غایبەکانیان. خەڵکانی سەر بەم تاقمە لە نێو سەدەی دواتردا ڕولێکی سیاسیی گرنگ دەبینین» (کۆچرا، ٢٠٠٩: ٢٢). شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری، شێخ سەعیدی پیران، شێخ مەحموودی بەرزەنجی و… لە گرنگترینی ئەم سەرکردانەن.

شێخ عەبەیدوڵڵای نەهری جگە لە ستراتێژیی سەربەخۆیی، ڕەهەندی نەتەوەییی زیاتری پێوە دیارە. «…چونکە شێخ عوبەیدوڵڵا یەکەم سەرۆکی کورد بوو کە لە نامەکانی خۆیدا وشەی نەتەوەی کوردی بە کار هێنا» (کەریمی، ٢٠١٥: ٣٢). شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری ساڵی ١٨٨٠ لە نامەیەکدا بۆ جێگری کۆنسووڵی بەریتانیا نووسیویە: «خەڵکی کورد نەتەوەیەکی جیان، مەزهەبیان لەگەڵ مەزهەبی خەڵکی تر جیاوازە و داب و نەریتیان جیاوازە..» (ئێلسن، ١٣٧٧: ٢١-٢٠). دیارە نەهری ئەم قسانە بۆ جیاوازیی نێوان کورد و ئێرانی و عوسمانی دەنووسێت. نۆشیروان مستەفا بە جەخت کردنە سەر هەوڵدانی شێخی نەهری بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، ئاماژە بە چەند خاڵی گرینگی تر لە سیاسەتی نەهری دەکات «١-هەموو کورد بێ گوێدانە جیاوازیی خێزان، بنەماڵە، خێڵ، ناوچە، لەهجەی زمان و … لەسەر بنچینەی پەیوەندیی نەتەوەیی کۆبکاتەوە و لە دوو دەوڵەتی بە ناو ئیسلامییان داببڕێ، ٢- دوژمنانی کورد: ئیمپراتۆرییەکانی قاجاری و عوسمانی، لە کوردستان دەربکا، ٣- هەردووبەشی ئێرانی و عوسمانیی کوردستان لە ژێر دەستی بابیعالی و دەرباری قاجار دەربهێنێ و یەک بخات…..» (مستەفا، ٢٠٠٥: ١٨٦)

ئەم هێڵە سیاسییە ئانتاگۆنیسمە کە سەرکردایەتیی کلاسیکی کورد ڕێبەریی دەکرد، تا دوای شەڕی جیهانیی یەکەم و سەدەی بیستەم و تا کۆتاییی کۆماری کوردستان، سیاسەتی زاڵی ڕێبەرایەتیی کلاسیکی کورد بووە. تەنانەت ئەو ڕێکخراوانه کە لە لایەن وردەبورژوای کوردەوە لە سەروبەندی شەڕی جیهانیی یەکەم تا کۆماری کوردستان دامەزران، ستراتێژیی خۆیان لەسەر سەربەخۆییی کوردستان داڕشتبوو. جەماڵ نەبەز بە پشتڕاستکردنەوەی ئەم بۆچوونه دەنووسێ: «.. هەموو ئەو کۆمەڵە کوردییانەی هوردە بورژوازیی ڕۆشنبیری کورد دایمەزراندوون، هەر لە جەنگی جیهانیی یەکەمەوە، تا کۆتاییی جەنگی جیهانیی دووەم، وەک حیزبی سەربەخۆیی کوردستان و حیزبی خویبوون و کۆمەڵەی زەردەشت وکۆمەڵەی برایی و کۆمەڵەی ژ.ک و هتد، کەم و زۆر بۆ سەربەخۆیی کوردستان تێکۆشاون» (نەبەز، ٢٠٠٧: ٨٨).

 دوای شەڕی جیهانیی یەکەم و دارشتنی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوین، دوو بزووتنەوەی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتنە ئاراوە: شۆڕشی سمکۆ و پاش شەڕی جیهانی دووەم دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە شاری مهاباد. ئەم دوو شۆڕشە گەورەی کوردیش لەسەر هەمان بناغەی ئانتاگۆنیسمی و دەکرێت بوترێت لەسەر هەمان ئامۆژگاریی ئەحمەدی خانی بوو کە کوردەکانی هان دابوو بۆ دامەزراندنی کیانێکی سەربەخۆ.

ئەحمەدی کەسرەوی یەک لە ڕۆشنبیرە ئێرانییەکان کە ڕۆڵێکی بەرچاوی لە داڕشتنی ناسیۆنالیزمی ئێرانی هەبوو لەبارەی شۆڕشی سمکۆوە دەنووسێت: «کوردەکان بەردەوام ئەگەر دەرفەتیان هەبا نافەرمانییان دەکرد لەگەڵ دەوڵەت، برای [سمکۆ] جەعفەر ئاغا و باوکی محەممەد ئاغا لە کاتی خۆیدا چەندان جار نافەرمانییان کردبوو، بەڵام سمکۆ بۆ کوردستان سەربەخۆیی دەویست و لە بۆ ئەم ئاواتە تێدەکۆشا» (کەسرەوی، ١٣٥٠: ٨٣٠). کریس کوچرا ئەم بۆچوونە پشتڕاست دەکاتەوە و سمکۆ وەک ناسیۆنالیستێکی ڕاستەقینه نێو دەبات (کوچرا،٢٠٠٩: ٤٨).

بنەمای سیاسەتی ئانتاگۆنیسمی سمکۆ لەگەڵ فارس لە وتووێژی ناوبراو لەگەڵ مستەفا پاشای یامولکی باشتر ڕوون دەبێتەوە. سمکۆ لە وڵامی ئەم پرسیارەی کە بەتەمای چییە و مەبەستی لەو بزووتنەوەیە چییە دەڵێت: «فارسەکان (بێگومان سمکۆ وشەی فارسی بە کارنەهێناوە، بەڵکوو عەجەمی بە کارهێناوە، بەڵام ئەبێ لە وەرگێڕانی ئینگلیزی داوای لێ کرابێ) ڕقیان لە کوردە، لەبەر ئەوە من بە هەموو توانای خۆمەوە، هەوڵ دەدام کوردەکان ڕێک بخەم، بۆ ئەوەی لە دەستدرێژیی فارس ڕزگاریان بێت…» (مستەفا، ٢٠٠٥: ٤١٩). سمکۆ پاشان لە وڵامی پرسیارێک کە بۆ چی ئاڵای خۆت هەڵناکەی و تا بۆ هەمووان ڕوون بێتەوە کە ئامانجت سەربەخۆییە و بۆچی لە کوردستانی تورکیە دەست پێ ناکەی بە ڕوونی وڵام دەداتەوە: «من وای بە باش دەزانم کە لە پێشدا لە ئێرانەوە دەست پێ بکەم. من هیچ بە چاکی نازانم لەم ڕۆژەدا لەگەڵ تورکەکان تێکی بدەم، چونکە ئەوان بە تفەنگ و فیشەکەوە یارمەتیم دەدەن. من هیچ بە پێویستیشی نازانم بۆ بێگانە بەیان و بڵاوکراوە بڵاو بکەمەوە… ئێمە پێویستە تێبکۆشین و پشتیش بە هێزی خۆمان ببەستین و نەهێڵین فارسەکان بگەڕێنەوە ورمێ و سابلاخ» (هەمان، ٤١٩). دیارە ئەوەی کە ڕوونە ستراتێژیی سمکۆیە کە بەردی بناغەی لەسەر پێناسەکردنی عەجەم وەک دوژمن و هەوڵدان بۆ ڕزگاری لە ژێر دەسەڵاتی ئەوان بووە.

ڕەنگە گرنگترین هەوڵی نەتەوەی کورد بۆ ڕزگاری و دامەزراندنی کیانێکی سەربەخۆ بەو جۆرە کە لە ئامۆژگارییەکانی ئەحمەدی خانیدا هاتووە، دەکەوێتە پاش شەڕی جیهانیی دووەم و دامەزراندنی کۆماری کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرکردەی کلاسیکی کورد پێشەوا قازی محەممەد. ئەم قۆناخە گرنگە پاش دامەزراندنی کۆمەڵەی ژێکاف و پاشان حیزبی دیموکراتی کوردستان هاتە ئاراوە. پێشەوا لە وتاری خۆیدا لە ڕۆژی دووی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٢٤ بە بۆنەی دامەزراندنی کۆماری کوردستان دەڵێت: «میللەتی کورد هەزاران سەدد و بەرهەڵستی سەخت و سەهەندەی لە ڕێدا بوو و دەستەودایرەی دیکتاتۆری بێوچان کارشکێنیی ئێمەیان دەکرد و لە هیچ نامەردییەک ڕانەدەوەستان و ئیختلافی عەشایری و داخیلیش ئیشکالێکی گەورە بوو بۆ ئێمە. ئەمما ئەوانە هیچکامیان نەیانتوانی پێش بە ئێمە بگرن. بە دڵێکی بە هێز، پایەداریمان کرد و ئیدامەمان بە فەعالییەتی خۆمان دا تا ئیستقلال و ئازادیی نەتەوەی کوردمان بە دەست هێنا» (کوردستان، ١٧ی ڕیبەندان: ١٣٢٤)

کۆماری کوردستان خاوەنی سوپایەکی نەتەوەیی بە ناوی هێزی پێشمەرگە بوو کە لە ڕاستیدا وەک پێوەرێکی دەوڵەتی مۆدێرن کە خاوەنی ئەرتەشێکی بە دیسیپلین بوون، بۆ پاراستنی خاکی کوردستان و کۆماری کوردستان دامەزرا. هەروەها کۆماری کوردستان خاوەنی ئاڵای نەتەوەییی تایبەت بە خۆ و سیستەمی برۆکراسی تایبەت بە خۆی بوو. قاسملوو لەم بارەیەوە دەنووسێت: «زۆرێک لەم دەستکەوتانە ئاوات و ئامانجی لە مێژینەی گەلی کوردستان بوون کە بۆ یەکەم جار لە ژیانی نەتەوەی کورددا هاتنە ئاراوە» (قاسملو، ١٣٩٢: ٨٥). سروودی نەتەوەییی کوردستان کە بۆ یەکەمجار لە کۆماری کوردستان وترا بە ڕوونی بنەمای ئانتاگۆنیستی و سەربەخۆبوونی نەتەوەی کوردی نیشان داوە. ئەم سروودە بە بانگەوازیک بۆ دوژمن کە لە سروودەکەدا بە “ڕەقیب” ناو براوە دەست پێ دەکات.

بۆ تێگەیشتن لە بنەمای ئانتاگۆنیستیی سیاسەت کە لەسەر بناغەی دۆست و دوژمن لە کۆماری کوردستان داڕێژراوە، وەسیەتنامەی پێشەوا قازی محەممەد دەتوانێت بە باشی دەرخەری ئەم بنەمایە بێت. قازی محەممەد وەک ئەحمەدی خانی ئامۆژگاریی کوردەکان دەکات کە چۆن خۆیان بپارێزن و ڕێکبخەن. ئەم وەسیەتنامەیە نوێکردنەوەی ئەو ئامۆژگارییانە بوو کە لە سەدەی حەڤدەیەم لە لایەن ئەحمەدی خانی ڕووبە کوردەکان وترابوو. لەم وەسیەتنامەیەدا ڕوانگەی کۆماری کوردستان و هێمای ئەو کۆمارە واته پێشەوا قازی محەممەد بەرانبەر بە دوژمن و سیاسەتی کوردستانییەوە ڕوون دەبێتەوە. قازی لە بەشێک لە وەسیەتنامەکەیدا دەنووسێت: «بۆ ڕەزامەندیی خودا دەست لە دوژمنیی یەکتر هەڵگرن، یەک بگرن و بۆ پشتیوانی لە یەکتر هەڵسن، لە بەرانبەر دوژمندا ڕاوەستن، خۆتان بە نرخێکی کەم بە دوژمنەکان مەفرۆشن…. دوژمنانی نەتەوەی کورد زۆرن، زۆردارن، نامەردن و بێ ویژدانن، ڕازی سەرکەوتنی هەر نەتەوەیەک یەکیەتی و پێکەوە بوونە… دوژمنی نەتەوەی کورد لە هەر تاقەم و گرووپ و ڕەنگ و ڕەگەزێک هەر دوژمنە، بێ بەزەیی و ویژدانە… لە ئیسماعیل ئاغای شکاک، تا جەوهەر ئاغای برای و حەمزە ئاغای مەنگوڕ و چەندین و چەند قارەمانێکی دیکە فریوی ئەم زۆردارە مەلعوونانەیان خوارد و ناپیاوانە شەهید کران…» (لە ماڵپەرەکانەوە). وەک دیارە پێشەوا بە ڕوونی باس لە دوژمنانی نەتەوەی کورد دەکات و بە مەلعوون و بێ بەزەییان دەزانێت و وەک قارەمان چاو لە سمکۆ دەکات کە شەهید بووە. بە ڕوونی باس لە دوژمنێکی گشتی دەکات کە بنەمای لە سەر سڕینەوە و بندەستبوونی کورد دارێژراوە، بۆیه قازی بانگی نەتەوەی کورد دەکات بۆ داژیەتی لە بەرانبەر ئەم دوژمنه یەکبگرن. ئەمە بناغەی ئانتاگۆنیسمێکە کە سەرکردایەتیی کلاسیکی کورد وێرای ئەوەی تا چەندە شارەزای پرسی ناسیۆنالیستی بووە، سیاسەت و ستراتێژی و ئەکتی خۆی لە سەر دامەزراندووە.


 سیاسەتی ئاگۆنیسمی بزووتنەوەی کوردستان

هەموو بزووتنەوە سەربەخۆییخوازەکان بە ڕێبەرایەتیی سەرکردایەتیی کلاسیکی کورد کە خاوەنی پێگەیەکی جەماوەریی بە هێز لە نێو خەڵکدا بوون، تووشی شکست هاتن. ئەم شکستە بووە هۆی دوو جێگۆڕکێی بنەڕەتی لە بزووتنەوەی کوردستان. جێگۆڕکێی ئانتاگۆنیسم و ئاگۆنیسم و هەروەها جێگۆڕکێی سەرکردایەتیی کلاسیکی کورد و وردە بورژوازیی کورد. تا پێش ئەم شکستە، ڕێبەریی بزووتنەوەکان بە دەستی سەرکردایەتیی کلاسیک بوو و وردەبورژوازیی کورد لە ژێر کاریگەریی ئەم سەرکردایەتییە بوو. جەمال نەبەز لەم بارەیەوە دەنووسێت: «هوردە بورژوایی کورد- بە پێچەوانەی سەرکردەیەتیی کلاسیکەوە، کە جەماوەری ڕەش و ڕووتی کورد پشتگیریی دەکرد، خۆی هیچ جەماوەرێکی لە کوردستاندا لە پشتەوە نەبوو. بێجگە لەوەش کە جەنگی جیهانیی دووەم بڕایەوە، سەرکردەیەتیی کلاسیکی دەسەڵاتداری خاوەن جەماوەری وەک قازی محەممەد یان بارزانی چەنگ نەدەکەوەت کە هوردە بورژوایی ڕۆشنبیر خۆی بخاتە پاڵی. لەبەر ئەوە هوردەبورژوایی کورد ناچار بوو ستراتێژیی خۆی بگۆڕێت و لە سەربەخۆییی کوردستانەوە بیکاتە ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان» (نەبەز، ٢٠٠٧: ٩٥). گۆڕینی ستراتێژی لە سەربەخۆیی بۆ ئۆتۆنۆمی، وەک جێگۆڕکێی ستراتێژی ئانتاگۆنیسمی بە ئاگۆنیسمی پێناسە دەکەین.

کوردایەتی بە واتای ئانتاگۆنیستی سێ پرەنسیپی هەیە. یەکەم، باوەڕ بە نەتەوە بوونی کورد، دووەم، باوەڕ بە داگیربوونی کوردستان، و سیهەم باوەڕ بە خەبات لە پێناوی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان. ئەم پرەنسیپانە کەم و زۆر لە هەموو بزووتنەوەکانی پێشووی کورددا ڕەنگدانەوەیان هەبوو بە تایبەت لەو ڕێکخراوانەی بەشێک لە خوێندەوارانی کوردستان لە ژێر کاریگەریی سەرکردەی کلاسیکی کورد دایانمەزراندبوون. بەڵام ئەم پرەنسیپانە بە هۆی دۆڕان و شکستێکی مەیدانییەوە تووشی ئاڵوگوڕ هاتن و دەستەبژێری کورد بە ناچار ڕێگایەکی تری هەڵبژارد و ئەو پرەنسیپانە وەک ئارمان و یۆتۆپیایەکی خەیاڵی مایەوە، ئەگەرچی هەموو کەسایەتی و دەستەبژیرەکانی کورد ڕەواییی خۆیان لەو ئارمانەوە وەردەگرت.

ستراتێژیی ئاگۆنیسمی ئەو سێ پرەنسیپەی بە جۆرێکی تر داڕشتووە. نەتەوەبوونی کوردی وەک هێڵی سوور دەستنیشان کرد و پێگەی ئەوی تری کوردی لە دوژمنەوە بۆ نەیار گۆڕی و لە بارەی مافی دیاریکردنی چارەنووس ناچار ئۆتۆنۆمیی هێنایە ئاراوە. واتە ستراتێژییەک کە سیاسەتی کوردی پاش کۆماری کوردستان ڕەچاوی دەکات، خاوەنی هەندێک تایبەتمەندییە. یەکەم پاراستنی ناسنامەی کۆیی واتە نەتەوە بوونی خۆی، دووەم جەخت کردنە سەر مۆدێلێک لە دیموکراسی کە پارێزەری ئەو ناسنامەیە بێت و دامەزراندنی کیانێکی خۆبەڕێوەبەر. ئەم جێگۆڕکێیە دەتوانێ بە مانای ئەوەش بێت کە لە سیاسەتی ئاگۆنیسمی کوردیدا ناوەڕۆک گرنگیی زیاتری هەیە. بۆیە قاسملوو دەڵێت: «شکل گرینگ نییە، ئەوەی گرینگە نێوەرۆکە. هەر کاتێک گەلی کورد لە ئێراندا بە مافێکی ئەوتۆ گەیشت و لەو ڕاستییە گەیشت کە ئیدی لە ژێر ستەمدا نیە و ئەوە بۆ خۆیەتی لە چارەنووسی خۆیدا دخاڵت دەکا، بە پێداگرتنەوە دەبێ بڵێم کە لە حاڵەتی ئاوادا گرینگ نییە کە ئایا گەلی کورد بە خودموختاری گەیشتووە یان سەربەخۆیی، چونکە هەردووکیان بە کردەوە یەک نێوەرۆکیان هەیە» (قاسملوو ٢٠٠٦: ٣٦).

عیرفان مستەفا بیرمەندی کورد بە شێوازێکی تر گرنگایەتیی ئەم ناوەڕۆکە ئاگۆنیسمییە لە بزووتنەوە کوردییەکاندا کە خواستی ئۆتۆنۆمییان هەیە نیشان دەدات. عیرفان مستەفا دەنووسێت: «ئۆتۆنۆمی بە پێی بنەمای کوردبوون ئەوەیە کە دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری و کولتووری لە ناو دەوڵەتی مۆدێرندا کە دەسەڵاتێکی ناوەندییەوە، بگۆڕێت بۆ چەند دەسەڵاتێکی ئۆتۆنۆمی و ناوچەیی….ئەو جۆرە لە ئۆتۆنۆمی کە بزووتنەوە کوردییەکان لەسەر بنەمای کوردبوون داوای دەکەن، لە لۆجیکی سیاسیی دەوڵەتە مۆدێرنەکاندا مانای دابەشبوون و جیابوونەوە دەگەیێنێ و بە پێی ئەم لۆجیکە جێبەجێکردنی داوایەکی لەو جۆرە تەنها نەتەوەکە ناکات بە دوو پێکهاتەی نەتەوەییی سەربەخۆ، بەڵکوو دەوڵەتەکەش دەکات بە دوو دەوڵەتی سەربەخۆ…. واتە گۆڕینی حکوومەتی ناوەندیی ناو دەوڵەتە بۆ چەند حکوومەتێکی سەربەخۆ لە سیاسەت و کولتوور و بەڕێوەبردندا بە بێ دابەشبوونی دەوڵەتەکە بۆ چەند دەوڵەتێکی سەربەخۆ… ئەو ئۆتۆنۆمییە کە بزووتنەوە کوردییەکان داوای دەکەن، وەرگرتنی کۆمەڵە مافێکی کولتووری و ئیداری نییە، داوایە بۆ گۆڕینی ئەو سیستەمە کە دەوڵەتە نەتەوەیییەکەی لەسەر دامەزراوە…» (مستەفا، ٢٠١١: ٥٤٣-٥٤٢).

ئەم ئاڵوگۆڕە دەستپێکی قەیرانێک بوو لە بزاڤی سیاسیی کوردستاندا. واتە سیاسەتی ئانتاگۆنیسمی کوردی و سیاسەتی ئاگۆنیمسی کوردی کەوتنە مشتومڕەوە. ژێرخانی بزووتنەوەی کوردستان لە سەر بناغەی ئانتاگۆنیسم داڕێژرابوو، بەڵام بزاڤی سیاسی ناچار بوو بە فەرمی سیاسەتێکی ئاگۆنیسمی ڕەچاو بکات. کەلێنێک لە نێوان ڕۆحی بزووتنەوەکە و جەستەی بزووتنەی کورد ساز بوو کە لە درێژاییی بزاڤی کوردستان بە شێوازی جۆراوجۆر خۆی دەرخستووە. ئەم کەلێنە لە سەردەمێکدا بۆ سەردەمێکی تر چالاک و سڕ کراوە. بەڵام زۆر جار خۆی لە دووانەی ئارمانخوازی و ڕیئالپۆلێتیکدا پێناسە کردووەتەوە. لەوێدا کە ئارمانی سیاسیی کورد هەیە، ڕوخساری دزێوی واقعیەتیش دانیشتووە، لەوێدا کە واقیعی سیاسی هەیە، ئارمانیش قورساییی خۆی هەیە. قەیرانەکە لەوێوە سەر هەڵدەدات کە بزوێنەری ئەوەی دێتە پانتاییی ئایدیۆلۆژیی کوردایەتییەوە، ئارمانی کوردایەتییە کە بناغەی لەسەر ئانتاگۆنیسمی کورد و فارس، یان کورد عەرەب یان کورد و تورک داڕێژراوە، بەڵام ناچارە خۆی لە سیاسەتێکی ئاگۆنیسمی ببینێتەوە، کە بریتییە لە دیموکراسیخوازی و هەر جۆرە ئۆتۆنۆمییەک. وێڕای ئەوە کەسایەتیی سیاسیی کورد و ڕێکخراوەکان چاوێکیان لە کوردایەتی بە واتا ئانتاگۆنیسمییەکە و چاوێکیان لە کوردایەتی بە واتا ئاگۆنیسمییەکەیە. واتە ناتوانێت سەربەخۆییی کوردستان ڕەت بکاتەوە، چون بناغەی خۆی لەدەست دەدات و بەڵام ناشتوانێت بە فەرمی داوای بکات. میتۆدی خەباتەکەشی، چەکداربوونی، پێناسەکردنی هێزێکی نەتەوەیی بە ناوی پێشمەرگە، بوونی ئاڵای تایبەت بە خۆ، بەشداریی چالاکانەی لە پارچە جیاوازەکانی کوردستان و تەنانەت شەهید بوونی لە پێناوی پارچەیەکی تر لە کوردستان، هەموو دەرخەری ئەوەیە کە بزوێنەری کوردایەتی، ئەکت و تێکۆشانی تاکی کورد لەسەر بنەمای ئارمانی کوردایەتییدا داڕێژراوە.

کەسایەتیی سیاسیی کورد کە مێژوو دەنووسێت، کە لە کوردایەتی دەپەیڤێ، باس لە پارچەپارچە بوونی کوردستان و داگیر بوونی کوردستان دەکات، بەڵام کە دێتە سیاسەتی فەرمییەوە، لە دیموکراسی و دیموکراتیزە بوونی ئەو وڵاتانە دەدوێت کە کوردستانیان بەش کردووە، واتە کەسایەتیی سیاسیی کورد لە سیاسەتی فەرمیدا خۆی نییە.  بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان، ڕێبەڕانی سیاسی، ڕێکخراوەکان و هتد، لە سەردەمی پارادایمی ئاگۆنیسمیدا، ڕۆخسارێکی ژانووسییان هەیە. کولتووری زاڵ، فەرهەنگی سیاسیی نێو بزووتنەوەکە، واتاکانی و بزوێنەری سۆز و عاتیفەی خەڵکی، لاینگری لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان، پیرۆزیی ئاڵا و هێما نەتەوەییەکانی هەر هەموو گوزارشت لە بناغە و کاکڵەی جووڵانەوەی کوردستان بۆ سەربەخۆییی کوردستان دەکات. بەڵام سیاسەتی فەرمیی ڕۆخساریکی تری هەیە. کۆی بزووتنەوەی کوردستان لە دەورەی سیاسەتی ئاگۆنیسمی، ئەم ڕۆخسارە ژانووسیەی پێوە دیارە.

بۆ میناک دەتوانین ئاماژە بە دکتۆر قاسملوو بدەین. کە لە چۆنیەتیی ناساندنی خۆیدا لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسی بیانی کارۆڵ پروونهووبێر دەڵێت: «کاتیک کەسێک بیوگرافی دەنووسێ، دەبێ بڵێ کاتێک سمکۆ کوژرا ئەمن لە دایک بووم» ( پروونهوبێز،٢٠٠٩: ٣٠٢). وتەکەی قاسملوو بەو مانایە دێت کە لە ساڵێکدا کە ڕێبەرێکی سیاسیی کورد بە دەستی دوژمنانی کوردستان شەهید بوو، ڕیبەرێکی تر لە دایک دەبێت. واتە قاسملوو بەردەوامییەک لە بزووتنەوەی کوردستاندا لە پێش سەردەمی مودێرن و سەردەمی مودێرن دەبینێت. بە واتایەکی تر خۆی بە درێژەدەری ڕێبازی سمکۆ کە ڕێبازێکی ئانتاگۆنیسمیی کورد و عەجەم بوو دەزانێت. وێرای ئەوە بەرگری لە مافی دیاریکردنی چارەنووس لە فۆرمی سەربەخۆییدا دەکات، واتە پابەندە بە ئارمانی گەلی کوردستانەوە و هەمیش زیاتر لە هەموو کەس باسی دیموکراسی دەکات. ئەگەر بە شێوەیەکی مێژوومەند ڕوانگە و بیر و بۆچوونی قاسملوو لێک بدەینەوە، حاشای لێ ناکرێت کە قاسملوو لە ژێر کاریگەریی هزری چەپ و مارکسیسم بووە کە لەو سەردەمدا هزرێکی زاڵ بووە، بۆیە گەیشتن بە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانی بەستووەتەوە بە دژایەتیی ئیمپریالیزم و ڕووخانی ئیمپریالیزم، بەڵام لەگەڵ ئەوەش لە بارەی مافی دیاریکردنی چارەنووس دەنووسێت: «کوردیش وەک هەموو نەتەوەیەک مافی دیاریکردنی چارەنووس و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی هەیە. سروشتێکی تایبەت کە لە مەسەلەی کورددا هەیە ئەوەیە کە مەسەلەکە تەنیا جیابوونەوە نییە، بەڵکوو پێش هەموو شتێک یەکگرتنەوەیە… ئەوەی ئێمە مەبەستمانە باسی بکەین مافی نەتەوەی کوردە بۆ یەکگرتنەوە لە نێو دەوڵەتێکی سەربەخۆدا….هەر ئەندازە یەکگرتنەوەی کوردستان دوور و ناڕاست بێتە بەرچاو، حەق ئەوەیە دانی پێدا بنرێت کە کورد مافی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی هەیە…» (قاسملوو، ٢٠٠٤: ٢٧٦). بەڵام قاسملوو وەک ڕێبەرێکی سیاسی، پرۆژەی سیاسیی خۆی لە سەر بناغەی ئاگۆنیسم دادڕێژێ کە باس لە دیموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان دەکات. هەر بۆیە لە نامیلکەی کورتەباسدا دەنووسێت: «لەباری مەسەلەی نەتەوەییە، نێوەرۆکی ئەم مەسەلەیە لە ڕاستیدا ئەستاندنی مافی «دانانی چارەنووس»ە. ئەم مافە دەکرێت بە چەند شێوە جێبەجێ بکرێ: یەکەم؛ بە شێوەی سەربەخۆیی …  دووەم؛ بە شێوەی «فیدراڵیزم» واتە وەرگرتنی مافی نەتەوەیی لە چوارچێوەی حکوومەتێکی فیدراڵدا. سیهەم؛ خودموختاری. ئێمە بە لەنەزەرگرتنی وەزعی کوردستانی ئێران و وەزعی تایبەتی ئێران و وەزعی گشتیی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، خودموختاریمان هەڵبژاردووە..» (قاسملوو، ٢٠٠٣: ٩). وەک دیارە ڕیالپۆلیتیک لە سیاسەتی قاسملوودا ئەولەویەتی هەیە. چونکە سیاسەتی خۆی بە پێی دۆخی ناوخۆی کوردستان، دۆخی ئێران و دۆخی گشتیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوین داڕشتووە.

 لە ڕوانگەی قاسملووەوە، خودموختاری پەیوەندیی بە دیموکراسییەوە هەیە، واتە ئەگەر دیموکراسی نەبێت گەرەنتییەک بۆ خودموختارییش نییە، بۆیە لە شرۆڤەی دروشمی دیموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان دەنووسێت: «… هاتووینە سەر ئەو بڕوایە کە بە بێ دیموکراسیی ڕاستەقینە، تەنانەت ئەگەر ئێمە خودموختارییشمان دەست کەوێ، ئەو خودموختارییە زامنێکی دیکەی نییە.» (قاسملوو، ٢٠٠٦: ٢٨٥).  مەبەستی قاسملوو لە دیموکراسیی ڕاستەقینە هەمان ڕەهەندی ئاگۆنیسمییە، ئەم شێوازە لە دیموکراسی تەنیا قەتیس نابێتەوە بۆ سەر مافی شارۆمەندی و ئازادییە کەسییەکان، بەڵکوو دیموکراسی لە سەر بناغەی ئاگۆنیسم یان ئەوی کە لە ئەدەبیاتی سیاسی بزووتنەوەی کوردیدا هەیە دیموکراسیی ڕاستەقینە وێڕای پاراستنی ئازادییە کەسییەکان، باس لە پاراستنی ناسنامە کۆییەکان دەکات. لەم مۆدێلەدا ناسنامە کۆییەکان ڕەت ناکرێنەوە، بەڵکوو بە فەرمی دەناسرێن. هەر وەک دیاره سیاسەتی ئاگۆنیسمیی کوردی ئاگاداری ڕەهەندی ئانتاگۆنیسمییە؛ لە هەر کوێ باس لە ئۆتۆنۆمی دەکات، پاساوێک بۆ ئەم دروشمە و هەڵنەگرتنی دروشمی سەربەخۆیی دەهێنێتەوە. کۆی ئارگیۆمنتەکانی بە پێی واقعی سیاسی دادەڕێژێت. لەم سیاسەتەدا ئەوە ڕیاڵپۆلێتیکە کە سیاسەتی کوردی دیاری دەکات. بەڵام ئارمانی سەربەخۆیی لە هەست و نەستی گەلی کوردستاندا ئەوەندە بەهێزە کە هەموو ڕێکخراوەکان و ڕێبەڕانی سیاسی، ناچارن وڵامێکیان بۆ ئەم ئارمانە هەبێت. هەر ئەمەش وا دەکات کە بزووتنەوەی کوردی ڕوخاسارێکی ژانووسی بگرێت. بەڵام ئەم ڕۆخسارە بەرەوڕووی ڕەخنەیەکی جددی بووەتەوە.

لە ڕوانگەیەکەوە دەکرێ پشتیوانی لە سیاسەتی ئاگۆنیسمی بکرێ؛ لە وێدا کە بناغەی لەسەر دێموکراسیی ڕاستەقینە، پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و هەڵوەشاندنەوەی ئێران لەسەر تەوەرەی نەتەوەی فارسە. بەڵام دەکرێت لە ڕوانگەی ئانتاگۆنیسمییەوە بدرێتە بەر ڕەخنە ئەگەر ئەویترەکان ئامادە نەبوون دەسەڵات بەش بکەن، ناسنامەی نەتەوەییی کورد بەفەرمی بناسن، ئەگەر نەتەوەی سەردەست ئامادە نەبوو دێموکراسیی ڕاستەقینە قبووڵ بکات، کورد دەبێ چ ڕیگایەک بگرێتە بەر؟ یان ئەگەر دێموکراسی ئەوەندە بەهێزبوو لە ئێراندا چما لە جیاتی ئۆتۆنۆمی، سەربەخۆیی هەڵنەبژێرین؟ ئەمە ئەو پرسیارانەن کە لە گۆڕینی پارادایمی سەربەخۆیی بۆ ئۆتۆنۆمی، هەر لە سەرەتاوە تا ئێستە بەردەوام لە بزووتنەوەی کوردیدا هەن و هەنووکەش لە دوای بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، زیاتر لە هەموو کاتێکی تر کەوتوونەتە ڕۆژەڤ. لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا بنەڕەتیترین پرسی ناوخۆییی کوردستان، ورووژاندنی زیاتری ئەو پرسیارانە بوو. لە ئێستا ئەم پرسه واته “چی کردن؟”  کاکڵەی فیکریی چالاکان، ڕێکخراوە سیاسییەکان و ڕووناکبیری کورده. دوو ئاراستە هەیە کە هەردوو باوەڕیان بەوەیە کە ئەم ڕۆخسارە ژانووسییە دەبێ ببێ بە ڕۆخسارێکی یەکە. یان ئاوێتەبوونی یەکجاری لەگەڵ نەتەوەی سەردەست و یان گەڕانەوە بۆ پارادایمی ئانتاگۆنیسمی.

گەڕانەوە لە نێوانی ڕێگای سێهەم و دیواری ئیتنیکی

دوای زیاتر لە حەوت دەیە دەبێت دان بەوەدا بنرێت کە ناسنامەی نەتەوەییی گەلی کورد هێشتا بە شێوەیەکی فەرمی لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەش بووە، دانی پێدانەنراوە. ئاسۆ و دوورە دیمەنی گەیشتن بە دیموکراسی -بەو جۆرە کە کورد دەیەوێت- لە ڕۆژهەڵاتی ناوین لێڵ و ناڕوونە. هەر ئەمەش وای کردووە کە باس لە گۆڕینی پارادایمی ئاگۆنیسمی بکرێت. ئەم گۆڕینی پارادایمە زیاتر خۆی لە چوارچێوەی “مافی هاووڵاتی” بوون دەبینێتەوە. لە گۆڕینی پارادایمی ئانتاگۆنیسمی بۆ ئاگۆنیسمی، کوردایەتی بە شێوەیەکی تر خۆی داڕشتبوویەوە، واتە بناغە و هێڵە سەرەکییەکانی خۆی لەدەست نەدابوو. بەڵام لە گۆڕینی پارادایمی ئاگۆنیسمی بۆ مافی هاووڵاتی یان دێموکراسییەتێکی لیبراڵ لە سەر بناغەی تاک -نەک ناسنامەی کۆیی- کوردایەتی بە تەواوی دەخرێتە پەراوێزەوە. واتە لەم سیاسەتەدا دیار نییە کە جیاوازیی نێوان مرۆڤێکی کورد و مرۆڤێکی فارس لە چیدایە؟ تایبەتمەندییەکانی بزاڤی کوردی و خواستەکانی ون دەبن. لێرە دوو پاشەکشەی بنەڕەتی ڕوو دەدەن، یەکەم پاشەکشە لە کوردایەتی و دووەم پاشەکشەکردن لە دیموکراسیی ئاگۆنیسمی یا ڕاستەقینە بۆ دێموکراسیەتی لیبراڵ. لەم ستراتێژییە هەموو ڕەخنەگرەکان دەبن بە ڕادیکالیست و سیاسەت وەک پانتاییەک بۆ ئیمکانەکان تا خوارترین ئاستی خۆی ئیمکانەکانی بەرتەسک دەکاتەوە. ئەم ڕوانگەیە سەرەڕای ئەوەی دژبەرانی خۆی بە ڕادیکالیست نێوەدەبات، بەڵام خۆی لە پەرەگرتنی ئەم ڕادیکالیسمە ڕۆڵی تایبەتی هەیە.  موفە لەبارەی دێموکراسیی ڕۆژئاوا کە بناغەی لەسەر تاک دارێژراوە نەک سیاسەتێکی ئاگۆنیسمی، باوەرێ وایه ڕەهەندی کۆییی سیاسەت لە بەین ناچێت. ئەو بانگەوازەی باسی سەرکەوتنی تاکگەرایی دەکات دروست نییە و دژی سیاسەتی دیموکراتیکە. ئەگەر ناسنامە کۆیییەکان لە سیاسەتی حیزبە سوننەتییەکاندا نەبن، بە ئەگەری زۆر خۆیان لە ڕێگەیەکی ترەوە نیشان دەدەن. ئەمە ڕووداوێکە کە لەڕێگەی گوتاری پۆپۆلیستی دەستەڕاستی خۆی نیشان دەدا و بە لاوازبوونی چەپ/راست جۆریکی نوێ لە ئێمە/ئەوان بەرهەم دێت. (موفە، ١٣٩١:٧٤). بانگەوازی نەبوونی دوژمن، پاشەکشەکردن لە سیاسەتی کوردستانی و ناسنامەی کۆییی کوردستان بۆ جورێک لە دیموکراسی لەسەر بناغەی تاک و مافی هاووڵاتی، ئەویش بە پاساوی مەدەنیەت، دژی ناوەڕۆکی گوتاری نەتەوەییی خەڵکی کوردستانه. بێجگه لەوە ئەم گوتاره خۆی لە پەرەگرتنی جۆرێکی تر لە توندئاژوویی کە خۆی لە بەرانبەریدا پێناسە دەکات ڕۆڵی هەیە. واته ئەم گوتارە دژی بناغە فیکرییەکانی خۆیەتی. چونکە بابەتی سیاسی لە کوردستان لەسەر بناغەی ئێمە و ئەوان دارێژراوە؛ ئەگەر لە ڕیگای ڕێکخراوەکاندا ئەم سیاسەتە ڕەچاو نەکرێت، ئەوە لە شوێنیکی تر و ڕەنگە تۆندئاژۆتر سەرهەڵدەدات و خۆی دەردەبڕێت.

دیارترینی ئەم هەوڵانە کە وەک ڕێگای سێهەم پێناسەی دەکەین، لەو بانگەوازانەدا دەبینرێت کە بەردەوام باس لە نەبوونی دوژمن لە بەستێنی سیاسیی کوردستان و هەروەها ئەو هەوڵانەی کە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی لەسەر لانی کەمەکان کە دیارترینیان مەنشووری جۆرج تاون بوو دەردەکەوێت. نەبوونی دوژمن لە بەستێنی سیاسەتی کوردستاندا بە واتای بردنە ژێر پرسیاری بناغەی ئانتاگۆنیسمی و ئاگۆنیسمیی سیاسەت و ئەو پرەنسیپانە دێت کە کۆڵەکەی سەرەکیی کوردایەتین. بێجگە لەوە بانگەوازی دۆستایەتی لەگەڵ هەموو جیهان و نەبوونی دوژمن بە وتەی شمیت بە واتای وەدەرنرانی خۆت لە سیاسەت پێناسە دەکرێت. نەتەوەیەک کە دوژمنی نییە، پێویستی بە سیاسەت نییە. بەدەر لەوە هەوڵدان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی بە بێ ڕەچاو کردنی تایبەتمەندییەکان واتە پاراستنی ناسنامە کۆییەکان، هەم لادان لە کوردایەتییە و هەمیش پاشەکشەکردنە لە دیموکراسی.

ئەم هێڵە فیکرییە لە لایەن ڕێفۆرمخوازی کوردەوە و لە نێو پێکهاتەی سیاسیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش ڕەچاو دەکرا. واتە پەڕاوێزخستنی ڕەهەندی ئانتاگۆنیسمی و ئاگۆنیسمی، پێناسەکردنی کوردایەتی وەک ڕادیکالیسم و سیاسەتێکی دۆڕاو و پەراوێزخستنی ناسنامەی نەتەوەییی کورد و داڕشتنی سیاسەت لە سەر لانیکەمەکان و ئازادییە کەسییەکان و خۆشبژێویی تاک. بە هەمان شێوە پارادایمی مافی هاووڵاتی یان ڕێگای سێهەم ئەو خواستانەی لە نێو پێکهاتەی سیاسیی نوێ لە ئێرانی پاش کۆماری ئیسلامی هەیە. ئەم ڕوانگەیە بەردەوام دۆڕان، لاوازیی دیپلۆماسیی خۆی، قبووڵ نەکران لە لایەن ئەویترەوە و پاشەکشەی مەیدانی، به پاشەکشەی گوتاری وڵام دەداتەوە کە دەرئەنجامی لادان لە جەوهەری بزووتنەوەی کوردستان بە پاساوی سیاسەت کردنە. لەم ستراتێژییەدا بابەتی سیاسیی وەک بەریەککەوتنی دۆست و دوژمن یان دۆست و نەیار دەخرێتە پەراوێزەوە. بەتاڵکردنی سیاسەت لە دۆست و دوژمن یان “ئێمە”/”ئەوان” لە لای موفە، وەک ڕوانگەی پاش-سیاسی پێناسە دەکرێت. واتە ململانێ و بەریەککەوتن جێی خۆی دەدا بە کۆدەنگی و ڕێککەوتن، ناسنامەی کۆیی جێی خۆی دەدا بە “تاک”. ئەمە بە مانای ڕەتکردنەوەی کۆدەنگی یان ڕێککەوتن نییە، بەڵکوو بە مانای ئەوە دێت کە کۆدەنگی و ڕێککەوتنەکان لە ناوەڕۆک بەتاڵ کراون. پرسی نەتەوەیی بۆ پرسی دیموکراسییەتی سیکۆلار و مافی هاووڵاتی سڕ کراوە؛ واتە بزووتنەوەی نەتەوەییی کورد، لە ناوەڕۆکی نەتەوەیی بەتاڵ دەکرێت. بۆیە کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستان بەردەوام ئەم پرسیارانە دەورووژێنێت: ڕێککەوتن لەسەر چی؟ کۆدەنگی لەسەر چی؟


دیواری ئیتنیکی

هەر لەم چوارچێوەیەدا بەشێک لە ئەکادیمیسیەنی کورد وەک “عەباس وەلی” باس لە شکانی دیواری ئیتنیکی لە نێوان کورد و باقی پێکهاتەکانی نێو ئێران دەکەن. وەلی لە شرۆڤەی ئەم ڕوانگەیەدا دەڵێت: «وەختی ئەوە گەیشتووە لە دیواری ئیتنیکیی سیاسەتی کوردی تێپەڕ ببین و مەیدانێکی تازە بۆ خۆمان بکەینەوە، تێپەڕبوون بە مانای دەستکێشان لە هۆویەتی نەتەوەیی نییە…[i]» وەلی باسەکەی قەتیس دەکاتەوە سەر بابەتێکی گرنگ لە سەپاندنی دەسەڵات کە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی دەوڵەتی مۆدێرنە. بۆیە دەڵێت: «لە دەرەوەی لایەنی سەختی دەسەڵات وەک زەبروزەنگ و زیندان کە دەوڵەت بەوە ناسراوە.. هەوڵ دراوە لە چوارچێوەی دەوڵەت-میللەتی مۆدێرندا، ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی مودیرییەت بکرێت… ئەو مودیرییەتە بنەمای کۆنترۆڵێکی زۆر زۆر گەورەترە لە مەسەلەی زەبروزەنگ… دەوڵەت هەوڵ دەدات ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی، خواردن، نوستن، بێهداشت، قوتابخانە و … بە شێوەیەکی نادیار و نەبینراو کۆنترۆڵ بکات … بنەمای ئەو مەیدانە تازەیە کۆمەڵگای مەدەنییە … ئەو مەیدانە لە چوارچێوەی جوگرافیای وڵاتەکەدایە، بۆیە جیاوازییەکانی ئیتنیکی، ڕەنگی و جنسیەتی بەو شێوەیە ڕەنگ ناداتەوە … ئەوە بنەمایەک دێنێتە پێشێ بە دژی دەسەڵات … دەبێ حزوورێکی زۆر چالاکمان لە مەیدانی ژین-سیاسەت هەبێت[ii]»

بنەمای ئارگیۆمنتەکانی وەلی لەسەر بیروبۆچوونەکانی فۆکۆ لەبارەی دەسەڵاتەوە داڕێژراوە. فۆکۆ مانایەکی بەربڵاو بۆ دەسەڵات دادەنێت و وەک تۆڕێکی بەربڵاو لە پەیوەندییەکان لە کۆمەڵگادا پێناسەی دەکات، واتە لە لای فۆکۆ دەسەڵات تەنیا ڕەهەندی قەزایی و زەبروزەنگ نییە. «بە بۆچوونی فۆکۆ سیستەمی دەسەڵات لە دونیا و کۆمەڵگای مۆدێرن، زۆر قووڵتر و نادیارتر لە دەسەڵات لە سیستەمە سوننەتییەکانە … بۆ تێگەیشتن لە دەسەڵات لە دونیای نوێدا دەبێت لەسەرووی پێناسە کلاسیکەکانی دەسەڵات بگەڕێن … بە بۆچوونی فۆکۆ، دەسەڵات بەدەستی کەسانێکی تایبەتەوە نییە. دەسەڵات مەجمووعەیەکی ئاڵۆز و تۆڕێکە لە پەیوەندییەکان» (حەقیقی، ١٣٧٩: ١٩٣-١٩١).

وەک دیارە باسەکەی وەلی دەبێت لە سەرەوەی ئەو پێناسە کلاسیکە کە بۆ دەسەڵات هەیە بخوێنرێتەوە. واتە وەلی باس لە دەسەڵات-ژین و سیاسەت-ژین دەکات. ئەم شێوازە لە کۆنترۆڵکردن یان سەپاندنی دەسەڵات، لەگەڵ سەرهەڵدانی دیاردەیەکی گرنگ وەک «حەشیمەت» هاتە کایەوە. «سیاسەت-ژین لەگەڵ حەشیمەت سەروکاری هەیە، حەشیمەت وەک پرسێکی سیاسی … وەک پرسێکی ژینەیی و پرسی دەسەڵات» (فوکو، ١٣٩١:٣٢٦) لەم شێوازە ژیان دەبێتە ئۆبژەیەک بۆ دەسەڵات.

تێپەڕ بوون لە دیواری ئیتنیکی لێکچوونی هەیە لەگەڵ ئەو بیرۆکەیەی گیدێنز کە پێی وایە لە سەردەمی کۆمەڵگای پیشەییدا دەبێت لە دەرەوەی دوانەی چەپ و ڕاست بیر لە سیاسەتێکی تر بکەینەوە، کە پێی دەڵێت سیاسەتی ژیان. بە بۆچوونی گیدێنز «سیاسەتی ژیان لە پەیوەندی لەگەڵ بڕیارەکانی ژیاندایە» (گیدنز، ١٣٨٦: ٥١). کە «بریتییە لە باس و بابەتی ژینگە، گۆڕانی جەوهەری بنەماڵە، کار و ناسنامەی کەسی و فەرهەنگی..» (هەمان، ٥١). بە وتەی گیدێنز هیچ کام لەم بابەتانە تەنیا پەیوەندیی بە چەپ و ڕاستەوە نییە، بەڵکوو پەیوەندیی بە ژیانی مرۆڤەوە هەیە. بە هەمان شێوە وەلی پێی وایە ئەم پرسانەی کە دەچێتە چوارچێوەی ژین-سیاسەتەوە، پەیوەندیی بە ئیتنیکەوە نییە. هەر بۆیە دەڵێت: «لە کاروباری ڕۆژانەی ژیان، جیاوازییەک لە نێوان بنەماڵەیەکی تارانی و ئیسفەهانی و کورددا نییە و هەموو وەک یەک دەکەونە بەر ئەم شێوازە لە دەسەڵات[iii]»

وەلی ئامانج لەو سیاسەتە واتە شکاندنی دیواری ئیتنیکی ئاوا ڕوون دەکاتەوە کە: «… دەبێت سیاسەتێکی گەورە لە چوارچێوەی ژین- سیاسەت لە ئێران هەبێ، ئەگەر ئەوە نەبێ، ئەتۆ ناتوانی بنەمایەک بۆ قسەکانت لە پاشەڕۆژدا، وەختێکی ڕژێم ڕووخا لە هیچ کوێی ئێران بێجگە لەو چوارچێوەیەی جوگرافیای ڕۆژهەڵات بدۆزیتەوە». دیارە کە وەلی ئەوەی وەک ڕێگایەک بۆ ڕەواییی سیاسیی پرسی کوردستان و ڕێکخراوە سیاسییەکان لە داهاتووی دوای کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات؛ بۆیە بە هێنانەوەی ئیدیۆمێک دەڵێت: «ئەتۆ نابی مەوعزە بۆ کەسێک بکەیت کە ئیمانی هێناوە، دەبێ مەوعەزە بۆ کەسێک بکەی کە ئیمانی نەهێناوە و تۆ ناناسێت و سیاسەتی تۆ ناناسێ، بۆیە دەبێ ئیشتراکی منافع لە حەوزەی ژین- سیاسەت هەبێت[iv]»

وەلی باس لە مەیدانێکی گەورە بۆ چالاکی دەکات، بەڵام بە دیاریکراوی ڕوونی ناکاتەوە کە مەبەست چ جۆر چالاکییەکە. ئەگەرچی وەلی ئاماژە بەوە دەکات کە ڕووخانی دیواری ئیتنیکی بە مانای دەست کێشان لە ناسنامەی نەتەوەیی نییە بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە لە دۆخێکی نایەکسان کە هەموو جومگەکانی دەسەڵات لە بەرژەوەندیی نەتەوە و ئیتنیکی فارسدایە، کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستان چۆن دەتوانێت وێرای ڕووخانی دیواری ئیتنیکی لە-بەستینی ژین-سیاسەت دا- ناسنامەی نەتەوەییی خۆی بپارێزێت؟ لە ئارگیۆمێنتەکەی وەلی، بەردەوامی و پەیوەندیی ناسنامەی ئیتنیکیی دەوڵەتی ئێرانی/فارسی، لەگەڵ کۆمەڵگای مەدەنیی ئێرانی بزر دەکرێت. واتە هەم کۆمەڵگای مەدەنیی ئێران و هەمیش دەوڵەت لەسەر ئەو ناسنامەیە کۆدەنگن. بەردەوامییەک و کۆدەنگییەک لە کۆمەڵگای مەدەنیی ئێران و دەسەڵاتدا هەیە. وەلی بە دروستی ئاماژە بە پانتایی ژین-سیاسەت دەکات، بەڵام ئەو پانتاییە لە بەستینی سیاسیی ئێراندا دیسان ئیتنیک و نەتەوەی سەردەست تێیدا ڕەنگی هەیە. بێکاری، نەبوونی خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی، لاوازبوونی خزمەتگوزاریی تەندروستی و تێکدانی ژینگە لە کوردستان کە دەکرێت لە چوارچێوەی ژین سیاسەتدا بخوێنرێنەوە، وێرای ناکارامەییی سیستەمی سیاسی، دەتوانێت هۆکاری ئیتنیکی یان هەمان ناسنامەی ئیتنیکیی دەوڵەت لە ئێرانیشی لە پشتەوە بێت، بۆیە ئەوە قسەیەکی بەناوبانگی کۆمەڵگای کوردستانە کە نەبوونی کۆی ئەوانە گرێ دەداتەوە بە کورد بوون، واتە ناسنامەی نەتەوەییی خۆی. ئەم نایەکسانییە کە به هۆی ناسنامەی ئیتنیکیی دەسەڵات لە ئێراندا هەیە، لە بەرژەوەندیی نەتەوەی سەردەسته، واته کۆمەڵگای ئێرانی لەو نایەکسانییە سوود دەبات.

  بزوێنەری بیچمگرتنی کۆمەڵگایەکی مەدەنیی چالاک لە کوردستان لە بناغەدا ناسنامەی نەتەوەییە. ئەگەر بەهێزبوونێک لە کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستاندا دەبینرێت، هۆکارەکەی بۆ ناسنامە و دیواری بەهێزی ئیتنیکی دەگەڕێتەوە. ناوەڕۆک یان لۆژیکی بزاڤە ژینگەییەکان، ئەو ڕێخراوانەی کە بە دژی مادەی هۆشبەر و ڕێکخراوە مەدەنییەکان یان ئەو ڕێکخراوانە کە بە شێوەی خۆڕسک لە دۆخێکی ئاوارتە وەک سەردەمی کۆرۆنا لە کوردستان بیچم دەگرن، لەسەر ئەو بناغەیە داڕێژراون کە دەوڵەت و کۆمەڵگای نەتەوەی سەردەست، وەک ئەوی ترێک خوازیاری تێکدانی ژینگەی کوردستانن و نەبوونی خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی دەگەڕێننەوە بۆ ناسنامەی ئیتنیکیی دەوڵەتی ئێران. لە ڕوانگەی کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستاندا، دەوڵەت بە شێوەی سیستەماتیک و کۆمەڵگای نەتەوەی سەردەست بە پشتگوێخستن و گرنگی نەدان، ڕۆڵیان هەیە. لە ڕوانگەی کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستانەوە پەیوەندیی ئێران-چ وەک دەسەڵات و چ وەک کۆمەڵگای مەدەنی و کوردستان پەیوەندییەکی کۆڵۆنیالیستییە.

دیار نییە کە وەلی کاتێک باس لە ڕووخانی دیواری ئیتنیکی دەکات، مەبەستی لابردنی لەمپەری ئیتنیک تەنیا لە بەرانبەر ئیتنیکی فارسە یان بۆ باقی نەتەوەکانیش دەبێت ئەو دیوارە بڕووخێ. چونکە کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستان بە دروستی و بە ئاگاییەوە لە زۆر شوێندا ئەو دیوارەی سڕ کردووە. لەسەر هێڵی هاوچارەنووسی، ڕەنجی هاوبەش تا ڕادەیەک توانییویە پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی-سیاسی لەتەک بەلووچ ساز بکات، واتە لە شوێن و فەزای چالاکیی خۆی دەرکەوتووە. بە شێوەیەکی دیار ئەوەی لە دۆخێکی ئاوارتە وەک لافاوی بەلووچستان کە پەیوەندیی بە پانتایی ژین-سیاسەتەوە هەیە دەرخست.

وەلی ئاماژە بەوە دەکات کۆمەڵگای مەدەنی بە دوو شێوە لەگەڵ دەسەڵات بەرەوڕوو دەبێتەوە، یەکەمیان ئەو ململانێیە کە کۆمەڵگای مەدەنی لەتەک ڕەهەندی سەختی دەسەڵات واتە دامەزراوە ئەمنییەتی و قەزاییەکانی کۆماری ئیسلامی هەیەتی و دووەمیان کە پەیوەندیی بە ژین- سیاسەتەوە هەیە و بە شێوەیەکی هاوبەش و لەسەرووی ئیتنیک لە کۆمەڵگای ئێراندا و کۆی کۆمەڵگا بە چالاک و ناچالاکەوە لە ژێر ئەم شێوازە لە دەسەڵاتن. واتە دەکرێت لە پێناوی بەرژەوەندیی هاوبەش لە سەرەوەی ناسنامەی ئیتنیکی، کۆدەنگی لە کۆمەڵگای مەدەنی ساز ببێت.[v] دەکرێت هەمووان لەپێناو بەرژەوەندیی هاوبەش یان خەیری گشتی، دژی سیستەمی داپڵۆسێنەری کۆماری ئیسلامی کۆدەنگ بن و ڕێک بخرێن. بەڵام بە شێوەیەکی عەینی لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و بە تایبەت ئەو بەشەی کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە کۆمەڵگای مەدەنییەوە بوو، ئەم کۆدەنگییە ساز نەبوو. بازاڕ لە کوردستان چەندین جار مانی گرت. سەرەڕای ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە لایەن چالاکانی مەیدانی هەوڵ درا دەنگی مانگرتنی کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستان بگاتە کۆمەڵگای مەدەنیی ئێران، کۆمەڵگەی مەدەنیی ئێران و بە تایبەت بازاڕ نەک پشتیوانیی نەکرد، بەڵکوو بە پێی ئەو ڕاپۆرتە مەیدانییانە کە بڵاو دەکرانەوە، بازاڕییانی ناوەندی ئێران گوشار و زەختی ماڵییان بۆ بازاڕیانی کوردستان دروست کردبوو. بۆیە دەکرێت بگوترێ کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستان سەرەڕای ئەوەی دیوارێکی بەرزی ئیتنیکیی بە دەوری خۆیدا کێشاوە، هەندێک جار لە پێناوی بەرژەوەندیی گشتی واتە دژایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەوڵی داوە هاوبەشییەک ساز بکات و هەندێک جار بە ئاگاییەوە لە پێناوی دژایەتیی نەزمی زاڵ، واتە ڕژێمی حەقیقەتی ئێرانی/فارسی، لە سەر هێڵی هاوچارەنووسی و ڕەنجی بندەستبوون لە تەک پێکهاتە نەتەوەیییەکانی تر هاوئاهەنگ بێت.


گەڕانەوە

بیری سەربەخۆیی بۆ کوردستان بیرێکی نوێ نییە. سەربەخۆیی کاکڵەی سەرەکیی کوردایەتییە. بۆیە هەموو ڕێکخراوە سیاسییەکان و ڕێبەرانی سیاسیی کورد بەردەوام لەبەردەم پرسیاری “سەربەخۆیی”ی کوردستان بوون و هەن. هەڵگرتنی دروشمی ئۆتۆنۆمی، پرسیاری ” بۆچی سەربەخۆیی نا؟”ی لەگەڵ خۆی هێناوە. کۆی ئەو وڵامانەی بەم پرسیارە دراونەتەوە دەکرێت لە چوارچێوەی ڕیالپۆلێتیکدا بخوێنرێنەوە، نەک باوەڕ. هەر بۆیە قاسملوو لە شرۆڤەی دروشمی خودموختاری بۆ کوردستان دەڵێت: «با لە پێشدا ئەوە بڵێین ئێمە وەک حیزبی دیموکرات حەقی سەربەخۆیی بۆ هەموو میللەتێکی زۆرلێکراو لەم دنیایەدا قایلین یانی حەقی جیابوونەوە، کەوابوو دەبێت ئەو حەقە بۆ خۆشمان قایل بین. ئەگەر جودا نابینەوە، داوای جودایی ناکەین، دەلیلمان بۆ ئەوە هەیە، دەبێ ئەو دەلیلە باس بکەین…» (قاسملو، ٢٠٠٦: ٢٨٩). قاسملوو لە سێ ئاستدا واتە نێوخۆی کوردستان، ڕۆژهەڵاتی ناوین و ئاستی نێونەتەوەیی، ئارگیۆمێنتی خۆی بۆ داوانەکردنی سەربەخۆیی باس دەکات، کە کۆی ئەوانە دەتوانین وەک ڕوانگەی ڕیالپۆلێتیکی بخوێنینەوە. هەر سێ ئاست کە قاسملوو باسیان دەکات لە دەرەوەی بزووتنەوەی کوردیدا بەسەر بزووتنەوەکەدا سەپاون، واتە هەڵقوڵاوی باوەڕ و ناوخۆی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان نین. ئەم ئارگیۆمێنتانە زیاتر وەک جەبرێکی سیاسی و جەبرێکی ژیئۆپۆلێتیک دەردەکەون کە بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان بە ناچار دەبێت خۆی لەگەڵیان هاوتەریب بکات. واتە ویستی سیاسی و ئامانجی نەتەوەیی لەگەڵ واقیعی سیاسی بەریەک دەکەون. ئامانج دەبێت بە یۆتۆپیا و دەکەوێتە ژێر باندۆڕی ڕیالپۆلێتیک. بەڵام وردبینیی قاسملوو لەوەدایە کە ڕێگایەک بۆ نەوەی نوێ و داهاتوو دەهێڵێتەوە و لە وتووێژێکدا بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەکات کە «ئەمن لە نەسلی خودموختاری و دیموکراسیم و بۆ ئەوە خەبات دەکەم، ئەوەی کە نەسلی داهاتوو شتێکی دیکەی بوێ گیروگرفتی ئێستای من نییە» (قاسملوو، ٢٠٠٦: ٣٥). و لە درێژەدا ئەو ویستەی نەسلی خۆی گرێ دەداتەوە بە واقیعی سیاسی و دەڵێت: «لە سیاسەتدا دەبێ واقعیەت لە نەزەر بگیرێ» (هەمان، ٣٥)

ئەو پرسیارە جەوهەرییە کە لە هەناوی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستاندا بەردەوام لە بەرانبەر ئۆتۆنۆمیخوازیدا هەبووە لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا زیاتر لە هەموو کاتێکی تر زەق بووەتەوە. زۆرێک لە نیشتمانپەروەرانی دەرەوەی حیزبە سیاسییەکان و بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبە سیاسییەکان ئەو پرسیارەیان ورووژاندووە. لایەنگران و بەدەنەی حیزبە سیاسییەکان بە پشتبەستن بە جەوهەری بزووتنەوەی سیاسی و شرۆڤەکردن و تەفسیرێکی جیاواز لە مێژووی حیزبەکان بە تایبەت حیزبی دیموکرات و هەروەها بە پشتبەستن بە وتەی قاسملوو سەبارەت بە نەسلی داهاتوو خوازیاری گرتەنەبەری سیاسەتێکی تر یان گەڕانەوە بۆ ستراتێژیی ئانتاگۆنیسمی لە بەرانبەر کورد و ئەویترەکان و داڕشتنی ستراتێژیی سەربەخۆیی بۆ کوردستانن. ئەم نەسلە نوێیە لە بەرانبەر ئەو بیرۆکەیە کە سەربەخۆییی کوردستان بە خەیاڵ و یۆتۆپیایەکی جوان پێناسە دەکات، پێی وایە بیرۆکەی دیموکراسیی ئاگۆنیسمی یا دیموکراسیی ڕاستەقینەش دوورە لە واقیعی سیاسی. لە ڕوانگەی ئەم نەسڵەدا ئەگەر دوورەدیمەنی گەیشتن بە سەربەخۆییی کوردستان لێڵ و ناڕوون و پێی لەسەر زەویی سیاسەت نییە، ئەوە دوورەدیمەنی گەیشتن بە دیموکراسیی ئاگۆنیسمییش بە هەمان ڕادە خەیاڵی و دوورە لە واقیع. لەم ڕوانگەیەدا ئەگەر سەربەخۆیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین کە کورد بە سەر چوار دەوڵەتدا دابەش بووە، وەک بابەتێکی بەدی نەهاتوو دێتە ئەژمار، لە ژینگەیەکی سیاسیی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوین کە شەڕ، ململانێی نەتەوەیی و ئایینی و تیرۆریزم نەک بابەتانێکی ئاوارتە، بەڵکوو یاسایەکی باوی ئەم ناوچەیەن، دیموکراسی و بیرۆکەی دیموکراسی، پێی لەسەر زەوی نییە؛ بێجگە لەوە ئەزموونی سەد ساڵەی ئەو دەوڵەتانەی کوردستانیان بە سەردا دابەش بووە نیشانی داوە کە خاوەنی کولتوورێکی کۆمەڵایەتیی دیموکراتیک نین و لە سەد ساڵی ڕابردوودا یەک لە دەوڵەتە نا دیموکراتیکەکانی ناوچە بوونە.

خاڵی گرنگ بۆ ئەوانەی ستراتێژیی خۆیان لەگەڵ ڕیالپۆلێتک یان سیاسەت لەسەر بناغەی «هونەری مومکین» داڕشتووە، ئەوەیە کە ئەوان پێیان وایە بە یەکگرتوویی و بوون بە هێزی شوێندانەر دەتوانن ئۆتۆنۆمی لە دەرەوەی خواستی نەتەوەی سەردەست بسەپێنن، بە بێ ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین یان لە ئاستی نێونەتەوەییدا لەمپەرێکیان بۆ ساز بێت. ڕەخنەیەک کە لە نەسلی نوێ دەگیردرێت ئەوەیە کە بەردەوام باس لە باشی و سوودەکانی سەربەخۆیی و بوون بە دەوڵەت دەکرێت، بەڵام لەسەر چۆنیەتیی گەیشتن بە سەربەخۆیی پلانێکیان نییە و لە پانتاییی سیاسەتی کردەییدا لەگەڵ واقیعی سیاسی ڕووبەڕوو نەبوونەتەوە. ئارگیۆمێنتی ئۆتۆنۆمیخوازەکان لە “نەتوانین”ێکەوە سەرچاوە دەگرێت کە گرێدراوی ڕیالپۆلێتیکە. نەسلی نوێ خواستەکانیان لەسەر “توانستێکەوە” دادەڕێژن بەڵام دیار نییە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئەو توانستە بێجگە لە “خەڵک” لە کوێدایە. عەباس وەلی لە وڵامی ئەوەی کە هەستی نەتەوایەتی لە کوردستان بەهێزە دەڵێت: «هزری چەپیش لە کوردستان بەهێزە» بۆیە ئەو پێی وایە تەنیا پشتبەستن بە هەستی خەڵک ناتوانێت وڵامدەر بێت و داوای بەرنامەیەکی ڕوون دەکات. وەلی بە ڕەخنەگرتن لە نەسلی نوێ کە خاوەنی بەرنامەیەکی دیار نییە دەڵێت: «بۆ چی بە من ناڵێن کە قەدەمی ئەوەڵ و دووەم و سێهەم و چوارەم و … ئەوەیە. دەبێ بەرنامەیەک هەبێ تا من بزانم دەتوانم لەگەڵی ببم یان نا..»

 نەسلی نوێ بە دروستی ڕەخنە لە شێوەی هەڵسوکەوتی ئۆتۆنۆمیخوازەکان لە بەرانبەر ڕئالپۆلێتیکدا دەگرێت، بەڵام دیار نییە کە ئەم نەسلە بۆخۆی چ بەرنامە و پلانێکی لە بەرانبەر ڕئالپۆلێتیکدا هەیە. نابێ کۆی ئامانج و تیکۆشانی نەتەوەییی گەلی کورد بە پاساوی سیاسەتی «هونەری مومکین» و ڕیالپۆلێتیک بخرێته پەراوێزەوە. سیاسەتێک کە دەیان ساڵە نەیتوانیوە لە پانتاییی سیاسەتی ئێراندا چارەسەرێک بدۆزێتەوە. نەبوونی چارەسەر نابێت بە پاشەکشەی گوتاری وڵام بدرێتەوە. بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێ ئەوەش ڕوون بێتەوە کە ڕیالپۆلێتیک لەمپەڕێکی ئێجگار گەورەیە لە بەردەم بزاڤی سیاسیی کوردستاندا. کەوابوو بزاڤی سیاسیی کوردستان دەبێت لە دیالۆگێکی نیشتمانیدا ڕیگەچارەیەک بۆ دەربازبوون لەم فەزا دەرنەچووە بدۆزێتەوە.


ئاکام

بابەتی سیاسی یان کوردایەتی، بناغەی لەسەر جیاوازی و پێناسە کردنی «ئێمەی کورد» و «ئەوانی ناکورد» (فارس، عەرەب، تورک) داڕێژراوە. ئەم بناغەیە هەم لەو بزووتنەوانەی سەرکردەی کلاسیکی کورد ڕێبەرایەتیی دەکردن و هەمیش دواتر و لە ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان بە هەندێک گۆڕانکارییەوە پارێزراوە. واتە مەبەستی هەر دوو لا پاراستنی ناسنامەی نەتەوەییی کورد بووە، یەکیان لە فۆرمی سەربەخۆیی و ئەوەی تر لە فۆرمی ئۆتۆنۆمیدا.

لەم پێناسەیەدا ڕوانگەیەک کە ئاستی داخوازیی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی هێندێک مادە یاسای دەستووری کۆماری ئیسلامی ئێران دادەبەزێنێت، (ڕێفۆرمخوازیی کورد)، یان خواستی بزووتنەوەی سیاسیی کورد بۆ مافی هاووڵاتیبوون لە دوای کۆماری ئیسلامی دادەبەزێنێت، کە بناغەی ئەم خواستە لە سەر «تاک» داڕێژراوە، لە دەرەوەی کوردایەتی پێناسە دەکات. ئەم ڕوانگەیە دەتوانێت لە کوردستان هەبێت، بەڵام ناچێتە چوارچێوەی بزووتنەوەی کوردی و کوردایەتییەوە، چونکە لە تایبەتمەندییەکانی سیاسەتی کوردستانی بەتاڵ کراوە.

لەم وتارەدا جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە وێڕای جیاوازییەکان، هاوبەشییەکی جەوهەری لە نێوان ئۆتۆنۆمیخوازی و سەربەخۆییخوازیدا هەیە. ئەو خاڵەی کە جیاوازیی نێوان ئەم دوو ڕوانگەیە زەق دەکاتەوە لە دەرەوەی بزووتنەوەی کوردیدا بەسەر بزووتنەوەکەدا سەپاوە. جیاوازییەکە لە نەتوانینێکی سیاسیی گرێدراو بە ڕئاڵپۆلێتیک لە لایەن ئۆتۆنۆمیخوازان و تواناییەکەوە کە سەربەخۆییخوازی بانگەشەی بۆ دەکات دەردەکەوێت. جەختمان لەسەر ئەوە کردەوە پانتاییەکی هاوبەشی زۆر لە نێوان ئۆتۆنۆمیخوازی و سەربەخۆییخوازیدا هەیە کە دەکرێت دەرگای وتووێژێکی هەمەلایەنە بکرێتەوە. کوردایەتی بابەتێکی تەنیا سیاسی نییە، بەڵکوو بارگاوییە بە ئەخلاقێکی نیشتمانییەوە. ئەخلاقییە لەبەر ئەوەی مژاری سەرەکیی گوتاری کوردایەتی، ڕزگاریی نەتەوەییی خەڵکانێکە کە سەدان ساڵە ماڵ و گیان و کێ بوونیان لە مەترسیدایە. بۆیە پێویستە لە سەرەوەی ڕکابەریی حیزبی، ئایدۆلۆژیک و لە سەرەوەی حەز و ویستی کەسی کە زۆر جار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەبینرێت، بە دوای ڕێگەچارەیەکی نیشتمانییەوە بین کە هەموو لایەک چالاکانی سیاسی، حیزبەکان، کۆمەڵگای مەدەنی و ڕووناکبیران تێیدا بەشدار بن. دەکرێت لە چوارچێوەی پلاتفۆرمێک لەسەر بناغەی «خەیری گشتی»، پلان و ستراتێژییەکی نیشتمانی بۆ داهاتووی بزووتنەوەکە دابڕێژرێت. چالاکانی ناوخۆی کوردستان، بە ئەکادمیسیەن و ڕووناکبیرەوە کە زیاتر لە هەموو کەس لە شەڕ و ململانێیەکی مەیدانیدان، دەتوانن دەستپێشخەری ئەو هەنگاوەبن. پەیوەندیی ریالپۆلێتیک و ئامانجی نەتەوەییی گەلی کورد، لە دووتوێی “زانست-خەیری گشتی”دا خوێندەوەیەکی هەمەلایەنەی بۆ بکرێت. شێوازی هەڵسوکەوت و ئەو پرەنسیاپانەی ڕێگەخۆشکەرن بۆ وتووێژێکی نیشتمانیی نێو بزاڤی کوردستان و دەرەوەی بزاڤی کوردستان دیاری بکرێن. ئەمە دەتوانێت سەرەتایەک بێت بۆ دامەزراندنی بەرەیەکی نیشتمانیی گشتگیر کە هەموو بیروبۆچوونەکان مادامێک بە دووی ڕزگاریی نەتەوەییی گەلی کوردەوەن تێیدا بەشدار بن. ئەم بەرەیە دەتوانێت بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەو سیناریۆیانەی ئەگەری ڕوودانیان هەیە بخوێنێتەوە و بە پێی سیناریۆکان پلانی یەکەم و دووەم و سێیەم دابڕێژرێت.


سەرچاوە کوردییەکان

پڕوونهووبێر، کاڕۆڵ (٢٠٠٩). خولیا و مەرگی قاسملووی کوردان. وەرگێڕانی فەتاح کاویان. هەولێر: چاپخانەی ڕۆژهەڵات.

عەلی، عوسمان (٢٠١٠). چەند لێکۆڵینەوەیەک دەربارەی بزاڤی هاورچەرخی کورد. وەرگێرانی کامەران جەمال بابان زادە. هەولێر: چاپخانەی چوارچرا.

ڤان بروینسێن، مارتین، مایکێل گونتەر، جانیت کلاین، ئاندرو کورتیس، دیڤید رۆمانۆ، هاکان ئوزئوغلو (٢٠١١). ناسیۆنالیزمی کورد و ڕوانگەی ڕۆژئاوا. وەرگێڕانی وریا ڕەحمانی. سلێمانی: دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم.

قاسملوو، عەبدولڕەحمان (٢٠٠٣). کورتەباس. نووسینەوە و ئامادەکردنی: سەلاح شەشە. سوید.

قاسملوو، عەبدولڕەحمان (٢٠٠٤). کوردستان و کورد. وەرگێڕانی عەبدوڵڵا حەسەن زادە. سوئید.

قاسملوو، عەبدولڕەحمان (٢٠٠٦). تاڤگەی هەقیقەت، بەشێک لە بەرهەمەکانی دوکتور قاسملوو. بەرگی یەکەم  و دووەم (کۆکردنەوەی کاوە بەهرامی). سلێمانی.

کۆچرا، کریس (٢٠٠٩). کورد لە سەدەی نۆزدە و بیستەمدا. وەرگێڕانی حەمە کەریم عارف. هەولێر: کتێبفرۆشیی سۆران.

کەریمی، ئەییوب (٢٠١٥). پێکهاتەی ئیدیۆلۆژیی کوردایەتی. گوتارنامە، ژمارەی ١٩، ٢٠، زستان:  ٣٦-٣١.

مستەفا ئەمین، نەوشیروان (٢٠٠٥). کورد و عەجەم: مێژووی سیاسیی کوردەکانی ئێران. سلێمانی: چاپخانەی ڕوون.

مستەفا، عیرفان (٢٠١١). بوونی نەتەوەییی کورد لە نێوان فەلسەفە و سۆسیۆپۆلەتیکدا. هەولێر: چاپخانەی ڕەنج.

نەبەز، جەمال (٢٠٠٧). ناسنامە و کێشەی ناسیۆنالی کورد لە چەند سمینار و کۆڕێکی زانستیدا. هەولێر: چاپخانەی منارە.

وتووێژی ڕادیۆ دیالۆگ لە گەڵ عەباس وەلی: https://www.youtube.com/watch?v=KXxUPhrBj5U&t=2447s

سەرچاوە فارسییەکان

آگامبن، جورجو و دیگران (١٣٩٢). قانون و خشونت گزیده مقالات جورجو آگامبن، کارل اشمیت، والتر بنیامین، ترجمەی مراد فرهادپور و دیگران. تهران: فرهنگ صبا.

اولسن، رابرت (١٣٧٧). قیام شیخ سعید پیران. ترجمه ابراهیم یونسی. تهران: انتشارات نگاه.

جهانبگلو، رامین ( ١٣٨٦). حاکمیت و آزادی درس هایی در زمینه فلسفەی سیاسی مدرن. تهران: نشر نی.

حسن پور، امیر (١٤٠٠). اشکال ناسیونالیسم. ایران نامگ. سال ششم، شماره ١، بهار: ١٧٨-١٤٧.

حقیقی، شاهرخ (١٣٧٩). گذار از مدرنیته؟ نیچە، فوکو، لیوتار و دریدا. تهران: آگاه.

فوکو، میشل (١٣٩٠). باید از جامعه دفاع کرد. ترجمه رضا نجف زاده. تهران: رخداد نو

قاسملو، عبدالرحمن (١٣٩٢). چهل سال مبارزه در راه آزادی. ترجمه اتحادیەی دانشجویان دمکرات کردستان ایران.

کسروی، احمد (٢٥٣٧ [١٣٥١]). تاریخ هیجده سالەی آذربایجان یا سرنوشت گردان و دلیران. تهران: انتشارات امیرکبیر.

گیدنز، آنتونی (١٣٨٦). راه سوم: بازسازی سوسیال دموکراسی. ترجمه منوچهر صبوری کاشانی. تهران: شیرازه.

موفە، شانتال (١٣٩١). درباره امر سیاسی. ترجمه منصور انصاری. تهران: رخداد نو.

[i]https://www.youtube.com/watch?v=KXxUPhrBj5U وتووێژی ڕادیۆ دیالۆگ لە گەڵ عەباس وەلی

[ii] هەمان

[iii] هەمان

[iv] هەمان

[v] هەمان

داگرتنی بابەت

مشتومڕە ناوخۆییەکانی بزاڤی سیاسیی کوردستان

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان