ئارامتر بخوێنەوە

چۆنیەتیی بەشداریکردن لە دەسەڵات لە وڵاتانی فرەچەشن و پلۆڕاڵدا

سۆهراب ڕەحمەتی


کورتەیەک

پێشکەوتن و گەشەی چوارچێوەگەلی سیاسی_ کۆمەڵایەتی یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی جیهانی ئەو سەردەمەیە. بێگومان هەر دەسەڵاتێک بە پێی جۆری کولتوور، ئایدیۆلۆژی و تێفکرینی ئارایی لە کۆمەڵگەی سیاسیی خۆیدا، شێوازی بەڕێوەبەری و چۆنیەتیی حکومەتداریی خۆی بنیات دەنێ کە مەبەست لێی گەیشتن بە ئارامی، سەقامگیری(سوبات)، سەروەری و پاراستنی قەوارەی سیاسیی ئەو وڵاتەیە. لەو پڕۆسەیەدا، نیزامگەلی سیاسی پێویستە کۆڵەکەکانی حوکمڕانیی خویان لەسەر چەندین ئەسڵ دابمەزرێنن کە گرینگترینیان بەشداریکردنی گشتییە لە پڕۆسەی بڕیارداندا. بەشداریکردنی گشتی پڕۆسەیەکی ورد و ئاڵۆزە، گەڕانەوە بۆ هزر و ئاوەزی گشتیی کۆمەڵگەیە، واتە هزری هەموو تاکەکانی کۆمەڵە. ئەگەرچی کۆکردنەوەی ئەو هەموو بیر و بۆچوونە لە دەوری بەرنامەیەکی سیاسیی درێژخایەن بۆ داهاتوو کارێکی ئاڵۆزە، لە هەمان کاتدا یەکێک لە سەرەکیترین ڕەگەزەکانی شەرعییەت‌پێدانی دەسەڵاتی سیاسییە. به واتایەکی تر هەر دەسەڵاتێکی سیاسی که شەرعییەتی نەبێ لە بنچینەدا نوێنەرایەتیی گەل ناکا و هەنگاوەکانی ئاوێنەی باڵانوێنی بەرژەوەندیی گشتی نابێ، بەڵکو دەبێتە هۆی زاڵبوون و هێژمۆنیی تێفکرینێکی تایبەت بەسەر کۆی کۆمەڵگە و هەموو جیاوازییەکاندا. بەو شێوەیە خۆسەپاندنی زۆرینە دێتە ئاراوە و ئەو مێکانیزمە باوەی پێی دەڵێن دێموکڕاسی یا گەڕانەوە بۆ ڕای گشتی لە بەرژەوەندیی بەشێک،  کەسانێک یاخود لە پێناو بنەمایەکی هزریی تایبەتدا مۆنۆپۆل دەکرێ. لەم دێڕانەدا هەوڵ دەدرێ شیکاریی چونیەتیی پڕۆسەی بەشداریکردن لە دەسەڵات لە وڵاتانی فرەچەشندا، بە کەڵک‌وەرگرتن لە بیردۆزی بیرمەندێکی لیبڕاڵی ئامریکایی به ناوی جان ڕاڵزەوە تاوتوێ بکرێ. جێی ئاماژەیە ناوبراو خاوەنی سێ بەرهەمه که کۆکراوەی کۆمەڵێک وتاری زانکۆیی خۆیەتی و، لەژێر ناوکانی “بیردۆزی عەداڵەت، ١٩٧١”، “لیبڕالیزمی سیاسی، ١٩٩٣” و “یاسای گەلان، ١٣٩٠” بڵاو کراونەتەوە.


وشە سەرەکییەکان

یاسای بنەڕەتی، گەل، نەتەوە، بەشداریکردنی سیاسی، ئازادی، یەکسانی، هزری گشتی، شەڕعییەت، مەزنیخوازی


پێشەکی

بەدرێژاییی مێژووی مرۆڤایەتی، گەیشتن بە شێوازێک لە بەڕێوەبەریی گونجاو (دێموکراسی) و لە ئاکامدا چێ کردنی کۆمەڵگەیەکی بەختەوەر سەرنجی گەلێک لە بیرمەندانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە. لە پڕۆسەی وێکهەڵکردندا، دوو چەمکی “ئازادی” و “یەکسانی” بوونەتە چەقی ململانێی نێوان شکڵ و شێوازگەلی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان که هەوڵیان داوە کۆمەڵگە بەپێی زەینییەت و ڕێکخستنی ئەوان ڕێک بخرێ. لەگەڵ ئەوەی ئەو ململانێیە جیهانێکی دوو جەمسەری خوڵقاندووە، لە شوێنی نەهادینەبووی هەر یەک لەو چەمک یا تیۆرانەدا(وڵاتانی لیبڕاڵی- سەرمایەداریی باوەڕمەند بە ئازادیی تاک و وڵاتانی سۆسیالیستیی باوەڕمەند بە یەکسانیخوازی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی) گەلانی بەش‌مەینەت و چەوساوە وەبەرچاو دێن که لەپێناو گەیشتن بە دەروویەکی ڕووناکدا خەبات دەکەن. بەدەر لەو چوارچێوەگەلە سیاسییەی توانیویانە بنەماکانی پێکەوەژیان و دیمۆکراسی لەناو خۆیاندا جێ بخەن، وڵاتگەلێکی دیکە هەن و هەوڵیان داوە ڕەچاوی هەندێک لە بنەماکانی دێموکراسی بکەن و شەرعییەتی کۆمەڵ وەرگرن و بەبێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازییەکان دەست بەسەر کۆی جومگەکانی دەسەڵاتدا بگرن و شکڵ و فۆڕمێکی خەڵکی بوون بە دەسەڵاتەوە بلکێنن.

جان ڕاڵز یەکێک لەو بیرمەندانەیە کە هەوڵی داوە لە نێوئاخنی کتێبی “یاسای گەلان”دا، وڵاتان پۆلێنبەندی بکا. ئەو پۆلێنبەندییە پێنج ئاستی هەیە: “گەلانی لۆژیکی لیبڕاڵ، گەلانی ئابڕوومەند، دەوڵەتە یاساشکێنەکان، گەلانی ژێرچەپۆکە و گوشاری نائاسایی و دەوڵەتە موتڵەق و ڕەهاکان کە پێیان وایە خێرخوازن بەسەر گەلەکەیانەوە” (١٣٩٠، ٥١). جێی ئاماژەیە کە ڕاڵز بیردۆزی عەداڵەتی لە بەستێنی نێوخۆیی گواستووەتەوە بۆ ئاستی نێودەوڵەتی. ئەو پێی وایە کە تەنیا دوو فۆڕمی یەکەمی ئەو پۆلێنبەندییە، گەلانی لۆژیکین و بنەماکانی دادپەروەرییان تێدا نەهادینە کراوە و ئەو سێ شێوازەی تر توانایی خۆگونجاندنیان وەک گەلانی لۆژیکی نییە و پێویستە گۆڕانکارییان تێدا پێک بهێندرێ. لە لایەکی ترەوە ناوبراو لە هەر دوو کتێبی تیۆریی عەداڵەت و لیبڕالیزمی سیاسیدا هەوڵی داوە هەر دوو چەمکی ئازادی و بەرابەری پێکەوە ئاشت بکاتەوە و وەک جەوهەر و کاکڵی تیۆرییەکەی خوی بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی بەختەوەر کە تاکەکان تیایدا هەم وەک شارۆمەندێکی ئازاد و یەکسان کە لەسەر دیاریکردنی  شەرت و مەرجی چۆنیەتیی هاوکاریی کۆمەڵایەتیی نێوان خۆیان بڕیار بدەن و لە لایەکیش لۆژیکی و ماقوڵ بن بۆ ئەوەی بتوانن کۆمەڵگەیەکی بەختەوەر بنیات بنێن. ئەو شێوازەی هاوکاریی لەژێر ناوی “دێموکراسی لەسەر بنەما یا باشترە بگوترێ لە توێ‌توێی یاسای بنەڕەتی”دا ناودێر کردووە. ناوبراو هەوڵی داوە وڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە کە “چۆن دەکرێ کۆمەڵگایەکی بەختەوەر، جێگیر و بەردەوام بێچم بگرێ کە تاکەکان وەک شارۆمەندێکی ئازاد، سەربەخۆ و یەکسان کە هەر یەکەیان لەسەر بنەمای تێفکرینێکی جیاواز بەڵام لۆژیکی دینی، فەلسەفی و ئەخلاقی که لە گرووپ‌گەلێکی تەواو جیاوازدا دەژین”(ڕاڵز١٩٩٣، ١٣١). بۆ گەیشتن بە وڵامی ئەو پرسیارە پێویستە ئاماژە بە ڕای ڕاڵز لەهەمبەر چەمک‌گەلی “کۆمەڵگەی بەختەوەر”، “تاکی ئازاد و بەرابەر”، “بۆچوونی لۆژیکی دینی، فەلسەفی و ئەخلاقی” و “گرووپ‌گەلی جیاواز” بکرێ. بەو شێوەیە دەتوانرێ جوگرافییایەکی سیاسی وێنا بکرێ کە تاک یا کۆمەڵەیەک لە تاکەکان بتوانن لەگەڵ بەشداریکردنی چالاکانە لە بڕیاردانی سیاسی، مافی پاراستنی کولتوور و بەهاکانی کۆمەڵەکەیان مسۆگەر بکەن.

  شایەنی باسە کە کۆمەڵگەیەکی بەختەوەر ئامانجە کە تیایدا شادەماری پێوەندییە کۆمەڵایەتیەکان لەسەر بنەمای رێزگرتن و بەرەوپێشبردنی مافە زاتییەکانی مرۆڤ، ئازادی و بنەما دێموکڕاتیکەکان دامەزراوە. گرینگترین کاراکتەری کۆمەڵگەی بەختەوەر تاکە و ئەویش سرووشتێکی سیاسی هەیە. واتا بوونەوەرێکی سیاسییە و خۆی لەنێو ئایدیا و بۆچوونە دوگم و چەقبەستووەکان _ چ زەوینی بێ یا خود ئاسمانی _  ناهێڵێتەوە، هەربۆیە لە سێ
ڕەهەنددا خۆی ئازاد دەبینێ: یەکەم، ئەوەی کە پێی وایە هەم خۆی و هەم تاکەکانی دیکەی کۆمەڵ، خاوەنی ئەوە توانایەن کە خێر و بەرژەوەندییان(گشتی نە وەک کەسی) دەستەبژێر بکەن. دووهەم، ئەوەی کە تاک خۆی بە سەرچاوەی هێز و ئیعتباربەخشین بە داخوازییە لۆژیکییەکان دەزانێ. سێیەم، لە ڕێی پشت‌بەستن بە ئەو دوو تایبەتمەندییەی پێشوو، تاکەکان بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجەکانیان هەموو بەرپرسیارەتییەک وەئەستۆ دەگرن.(١٩٩٣،  ١١٤-١١٧) دوو فاکتەری تری کۆمەڵگەی بەختەوەر هەمان “تاکەکانی کۆمەڵگەن کە لە چوارچێوەی گرووپ‌گەلی” (ئایینی، قەومی، نەتەوەیی و ..) خاوەن “ئایدیا و بۆچوون و تێفکرینی جیاوازن” کە لە ئەساسدا، ڕاڵز پێی وایە ئەو فرەیی‌یە دەتوانێ نماد و نوێنگەی پێکەوەژیان بێ. بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندییەکانی تاکەکانی کۆمەڵگا کە خاوەنی سرووشتێکی سیاسین، ڕاڵز جیاوازی لەنێوان دوو تێڕوانینی بنەڕەتی دادەنێ. یەکەمیان ئامۆژە و بنەما و بیروبۆچوونە (آموزە) گشتگیرە نەگونجاوەکانە و ئەوی تریان ئامۆژە و بۆچوونە لۆژیکییەکانە. کەواتە تاکی کۆمەڵگەی بەختەوەر و پێگەیشتووی خاوەن سرووشتێکی سیاسی کە خاوەنی تێفکرینە لەگەڵ ڕێزگرتن لە تێڕوانینە گشتگیرە نەگونجاوەکاندا هەول دەدا بە تێفکرینێکی قووڵ شەرعییەت ببەخشێ بە هەر بۆچوون و ئامۆژەیەکی لۆژیکی تەنانەت ئەگەر لە تەک تێڕوانینەکەی خۆی یەکانگیر نەبێ یا خود ئەگەر ئەو بنەما فکرییانە لە هەناوی گرووپێکی ئایینی، نەتەوەیی و قەومیی جیاواز لە خۆی هەڵقووڵابێ.

وەک پێشتر ئاماژەی پێ درا، شێوازی بەشداریکردنی گشتی به شێوەی دابینکردنی دێمۆکراسی لە توێ‌توێی یاسای بنەڕەتیدایە، بەڵام بە مەبەستی بەشدارییەکی بێ‌غەش کۆمەڵێک ڕێکاری تایبەتی هەیە کە پێویستە ڕەچاو بکرێ. دەکرێ بگوترێ کە لەگەڵ ئەوەی مەبەست لێی بەشداریکردنی گشتی و لە هەمان کاتدا ئازادانەیە، بەڵام لە هەندێک قۆناغدا تاکەکانی بەشدار لە پڕۆسەی هاوکاریی کۆمەڵایەتی کۆتوبەندیان دەخرێتە سەر. به گشتی پڕۆسەی بەشداریکردن لە هێنانەدیی دێمۆکراسیی پشتبەستوو به یاسای بنەڕەتیی وڵاتدا به چوار قۆناغدا تێدەپەڕێ کە بریتین لە:

قۆناغی یەکەم: پەسندکردنی دوو ئەسڵی دادپەروەری لە دۆخی سەرەتا (دەسپێک)دا (Ahypothetical situation)

ڕاڵز دەڵێ: هەر ناوەند و نەهادێکی کۆمەڵایەتی کە دادپەروەری تێدا نەبێ، چەوسێنەرە و کۆمەڵگا بەرەو ناعەداڵەتی دەبا و پێویستە کۆمەڵگا لێی تێپەڕێ. کەواتە بۆ ئەوەی نادادپەروەری چێ نەبێ، پێویستە پێش هەموو شتێک  تاکەکان لەسەر بنەما و ئەسڵەکانی دادپەروەری ڕێک بکەون. ئەسڵە دڵخوازەکانی ڕاڵز ئەمانەن:

ئەسڵی یەکەم: هەموو تاکێکی کۆمەڵگا بە شیوەی یەکسان لە ئازادی و مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ بەهرەمەند دەبن. واتە هەر تاکێک مافی یەکسانی لە کۆی ئازادییە بنەڕەتیەکان هەیە هاوشێوەی هەموو تاکەکانی تری کۆمەڵگا و ئەو مافانەی لە یاسای بنەڕەتیدا گەرەنتی بۆ وەردەگیرێ(١٩٧١، ١١٠).

ئەسڵی دووهەم: پێویستە ناهاوسەنگییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان بە شیوەیەک رێک بخرێن کە : ا- زیاترین بەرژەوەندی بۆ کەم‌داهاتترین و لێقەوماوترین توێژی کۆمەڵگا بێ.  ب-  لە پێوەندی لەگەڵ پۆست و پێگە و بەرپرسیارەتیی هەموو کەس مافی دەرفەتی یەکسان لە خۆپێگەیاندن و هەلی یەکسانیان بۆ گەیشتن بەو پۆستانەی بۆ بڕەخسێندرێ.

ئەو ئەسڵانە لە قوناغی سەرەتادا پەسند دەکرێن. قۆناغی دەستپێک یا سەرەتا ئەو بەستێنەیە کە یەکەم گرێبەستی تێدا لەسەر پەسەندکردنی دوو ئەسڵی عەداڵەت ئەنجام دەدرێ. دەکرێ بگوترێ بەستێنێکە لە چەشنی گرێبەستی کۆمەڵایەتیی بیرمەندانی وەک ژان ژاک ڕۆسۆ، جان لاک و کانت، بەو جیاوازییەی کە تاکەکان تیایدا بە ناچاری پەنا نابەنە بەر ئەو گرێبەستە، بەڵکو تاکەکانی تیایدا بە شێوەی ئازاد و یەکسان بڕیار لەسەر پێکەوەژیان و هاوکارییەکی هاوسەنگی دەدەن. لەو قۆناغەدا تاکەکان لەبارەی بەردی بناغە و شادەمارەکانی دەسەڵاتی سیاسی  بڕیار دەدەن و هەروەها شەرعییەتیشی پێ دەبەخشن و یەک جار بۆ هەمیشە بڕیار دەدەن کە لەناو ئەو هاوکارییە کۆمەڵایەتییە چ شتێ بە زوڵم هەژمار دەکرێ و چ کردەوەیەک دادپەروەری بەرهەم دێنێ.(ڕاڵز١٩٧١، ٤٣) کەواتە جگە لەو دوو ئەسڵەی کە جان ڕاڵز لە تیۆرییەکەی خۆیدا دەیگونجێنێ دەکرێ تاکەکان لەسەر شێوازی حکوومەت و بنەماکانی حوکمـڕانی بڕیاری کۆتاییی خۆیان بدەن. چەمکێکی تر کە ناوبراو بە مەبەستی گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی بەختەوەر بە پێویستی دەزانێ دەستەواژە یا چەمکی “پەردەی بێ‌ئاگایی‌یە”. ئەو چەمکە بۆ ئەو مەبەستە بەکار هاتووە کە تاکەکان لە سۆنگەی ئەو ئیمتیاز و پێگە کۆمەڵایەتییەی کە لە دۆخی نابەرابەریی پێشوودا بەدەستیان هێناوە، بە مەبەستی دمەتەقەی زیاتر لە کاتی پەسەندکردنی بنەما و ئەسڵەکانی دادپەروەریدا بەکاری نەهێنن.


قۆناغی دووهەم: نووسینەوەی یاسای بنەڕەتی

یاسایی بنەڕەتی، یاسای دامەزرێنەرە. واتە ئەو یاسایە بنەمایەکە بۆ هەموو ئەو یاسا ئاسایی‌یانەی کە لە پارلەمان دەردەچن. ڕاڵز دەڵی ئەسڵی یەکەمی (تا ئەسڵی یەکەم جێگیر نەبێ، ئەسڵی دووهەم ئەگەر جێبەجێش بکرێ، بایەخی نییە) عەداڵەت کە لە دۆخی دەستپێکدا لە لایەن تاکەکانی کۆمەڵگاوە پەسەند کراوە، پێوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ماف و ئازادیی تاکەکان هەیە. کەواتە لێرەدا کۆسپێک لەبەردەم نوێنەرانی گەل هەیە کە پێویستە لە ئیرادەی تاکەکان لا نەدەن و پێویستە ئازادی و مافە بنەڕەتییەکانی وەک مافی دەنگدان و دەنگ‌وەرگرتن، مافی بەشداریکردن لە سیاسەت، ئازادیی ویژدان، ئازادیی ئەندیشە و بەیان، ئازادیی دامەزراندنی ئەنجومەن و ڕێکخراوە گەلی سیاسی و … و هەروەها هەموو پشتیوانییەک کە لەئەستۆی دەسەڵاتی یاسایە، دەقنووس بکرێ. لە لایەکی دیکەوە کۆمەڵێک ئەسڵی بنەڕەتی کە پەیوەستن بە پێکهاتەی گشتیی حکوومەت، شکڵ و شێوازی حکومەت و دەسەڵاتەکانی جێبەجێکار، یاسادانان و قەزایی حکوومەت و چۆنیەتیی حکوومەتی زۆرینەی پارلەمانی، وەک زەروورییاتی یاسای بنەڕەتی دەبێ جێگیر بکرێن کە لە کاتی پێکهاتنی زۆرینەیەکی پارلەمانی ناشێ بە پێی بەرژەوەندیی ئەوان ئاڵوگۆڕی تێدا پێک بێ، تەنیا مەگەر بەرژەوەندیی گشتی بخوازێ.

قۆناغی سێیەم قۆناغی یاسادانانە. لەو قۆناغەدا تاکەکان بە شێوەی ناڕاستەوخۆ و لە ڕێگەی نوێنەرانی هەڵبژێردراوی خۆیانەوە لە نووسینەوەی یاسا عادییەکاندا بەشداری دەبن. ڕاڵز دەڵێ “لەبەر ئەوەی نوێنەرانی هەڵبژێردراو لە کاتی نووسینەوەی یاسا ئاسایی‌یەکاندا ناتوانن لە زانیاری و ئایدیا تایبەتییەکانی خۆیان دەرباز بن پێش هەموو شتێ دەبێ لە هەوڵی نووسینەوەی دادپەروەرانەترین یاسادا بن و یاسا ئاسایی‌یەکان جگە لەوەی ناکرێ پێچەوانەی یاسای بنەڕەتی وەک یاسای دامەزرێنەر بێ، بەڵکوو دەبێ مافە ئەساسییەکانی دوو ئەسڵی دادپەروەریشی تێدا ڕەچاو بکرێ کە ڕاستەوخۆ تاکەکان لە داڕشتنیان و پەسندکردنیاندا ڕۆڵیان هەبووە.

قۆناغی چوارەم قۆناغی پێداچوونەوە(ئیسڵاح)، تەفسیر و ئەرکی پاراستنی یاسای بنەڕەتییە. ڕاڵز زۆرینەیەکی پارلەمانی بە مەترسی لەسەر یاسای بنەڕەتی هەژمار دەکا، کاتێک بیهەوێ یاسای دامەزرێنەر لەپێناو خواستی سیاسیی خۆیدا شرۆڤە بکا یا خود پێیدا بچێتەوە. هەربۆیە هێزی شرۆڤە و پێداچوونەوەی یاسای بنەڕەتی تەنیا لایەنێک دەتوانێ بیکات ئەویش دیوانی بەرزی وڵاتە کە پێویستە ئەویش لەژێر ڕۆشنایی عەقڵی و ئاوەزی گشتیی کۆمەڵگا بێ و پێویستە زەرووریاتەکانی یاسای بنەڕەتی و ئەسڵەکانی دادپەروەری تێدا ڕەچاو بکات، چونکە هزری گشتیی کۆمەڵگا تاکە سەرچاوەیەکە دیوانی بەرزی وڵات وەک بنەما دەگەڕێتەوە سەری، ئەویش لەبەر ئەوەی دیوانی بەرزی وڵات تەنیا ناوەندێکی دەسەڵاتە کە لەدایکبووی هزر و ئاوەزی گشتیی کۆمەڵگایە و هەر جۆرە پێچەوانەیی و بەریەککەوتنێک لە شرۆڤە و پێداچوونەوەکانی ڕوو بدات، ئەو پڕۆسەیە نادادپەروەرانەیە.


ئێران وەکوو جوگرافییایەکی سیاسی و دوایین هەنگاوەکان بۆ پێکەوەژیان

بە لەبەرچاوگرتنی ئەو تیۆرییەی باس کرا، دەبینین کە پڕۆسەی دێموکراسی بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی بەختەوەر لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا جێی گرتووە. هاوتەریب لەگەڵ جێکەوتنی پڕۆسەی دێمۆکراسیخوازی لە وڵاتان، لە بەشێک لە وڵاتانی تری مەزنیخواز، پاوانخواز و نیزامگەلی تیۆلۆژیک لە چوارچێوەیەکی دوگمی بەڕێوەبردندا ماونەتەوە و نەک هەر نەیانتوانیوە وڵات بەرەو بەختەوەری بەرن، بەڵکوو بە سوڕانەوە بە دەوری هەموو بنەما زاتییەکانی مافی مرۆڤ و بە بارمتەگرتنی ئامرازی دەنگدانی گشتی هەوڵی ڕەوایی دان بە نیزامی بەڕێوەبەریی خۆیان دەدەن.

بەدەر لە مێژووی دروستبوون و چۆنیەتیی دەسەڵاتداری لە ئێرانی پێش ناودێرکردنی، ئەو وڵاتە هەم وەکوو چوارچێوەیەکی سیاسی، وڵاتێکی فرەچەشنی مەزهەبی، نەتەوەیی، فەرهەنگی و لە دەروستبوونی دەوڵەتی مۆدێرنەوە بگرە تا ئێستاش وڵاتێک بووە کە لەسەر بنەمای پاراستنی نیزامی سیاسی نەوەک پێکەوەژیان و بەشداریی گشتیی جیاوازییەکان بە مەبەستی بڕیاردان لەسەر چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی وڵات، بنیات نراوە. لە شۆڕشی  ژن ، ژیان، ئازادی  لەو وڵاتەدا دەرکەوت کە پڕۆسەی پاوانخوازی لەو وڵاتەدا سنوورەکانی تەیفی دەسەڵاتداری بەزاندووە و بەداخەوە نەیارانی کۆماری ئیسلامی لە نەتەوەی باڵادەست و تەنانەت بەشێکی بەرچاوی ئازادیخواز و جیلی ڕۆشنبیرانی ئێرانیی گۆشکراو بە پەروەردەی مەزنیخوازیی ئێرانی هەمان بیرۆکەی نیزامی کۆن و نوێی _ پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی- ئەو کیانە سیاسییەیان لە ناخ و مێشکدا بەخێو کردووە. ئەوەی کە جان ڕاڵز بە “بنەما فکرییە گشتگیرە نەگونجاوەکان” ناوزەدی کردوون. لە لایەکی ترەوە کۆمەڵێک هێز و ڕێکخراوە و ئۆپۆزسیۆنی سیاسی – بەتایبەتی شوناسخوازە/نەتەوەیی‌یەکان – هەرچەند خاوەنی بەرنامەی دیاریکراوی سیاسی و کردەیی بۆ ڕەوتی شۆڕش تا سەرکەوتن! نەبوون، بە شێوازی سەردەمیانە هەوڵی هاوئاهەنگی و ئاراستەدان بە ڕەوڕەوەی شۆڕش بەرەو سەرکەوتن، بوون. ئەوەی کە ڕاڵز بە “بنەما فکرییە گشتگیرە لۆژیکییەکان” ناودێری کردوون.

بە ڕای نووسەری ئەو دێڕانە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوی کە یەکەم، تەنیا ئەسڵ بۆ پێکەوەژیان پاراستنی مافی مرۆڤە_ بە شێوەی داننان بە هەموو جیاوازییە کولتووری، ئایینی، نەتەوەیی و ڕەگەزیی_ نەوەک پاراستنی یەکپارچەییی سەرزەوینی یا خود نیزامی سیاسی. دووهەم، مانیفسێتی سیاسیی ئۆپۆزسیۆنی شوناسخواز (بەتایبەتی سیستەمی فێدراتیو لە شێوازی داخوازیی هەرێمە نەتەوەیی‌یەکان لە ئێراندا کە زیاتر حیزبە کوردییەکان پێداگری لەسەر دەکەن) و سێیەم، ئەو فەرهەنگە سیاسییە ناوەندگەرا داخراوە کە زۆرینەی نزیک بە کۆی جیهانبینیی تاکی ئێرانیی پاوانخوازی گرتووەتەوە، دەکرێ بە کەڵک وەرگرتن لە “تیۆریی دادپەروەری” دوایین هەنگاوەکان بۆ پێکەوەژیان لە ئێران بنرێ. ئەو پڕۆسەیە پێویستە لە ئێستاوە دەست پێ بکات. واتە “دۆخی دەستپێک یا سەرەتا”ی ئەم تیۆرییە ئەو دۆخەیە کە کۆی “بنەما فکرییە گشتگیرە لۆژیکییەکان” (هەموو نەتەوە شوناسخواز و ئازادیخوازانی خوازیاری پێکەوەژیان لە چوارچێوەی وڵاتێکدا و بە بەشداریی هەموو جیاوازییەکان) کە وەک کولتوورێکی سیاسیی سەردەمیانە بەڵام پەراوێزخراو دەیانهەوێ کارتێکەریی خۆیان هەبێ و بەرنامەیەکی سیاسی بۆ داهاتوو بخەنە بەردەستی کۆی توێژی پاوانخوازی دەسەڵاتدار و بە لایەنی کەم  ئۆپۆزسیونی پاوانخواز. لەو بەرنامە سیاسییەدا لەگەڵ ئەوەی کە ئەسڵەکانی دادپەروەری _کە دوو ئەسڵی ئازادی و یەکسانین _ دەگونجێندرێن ، بە تەعبیری جان ڕاڵز دەکرێ هەر ئەسڵێکی دیکە بورووژێندرێ کە زامنی ئازادی و بەرابەریی زیاترە بۆ دانیشتووانی نێو کیانێکی سیاسی لە کۆی پڕۆسەی وێکهەڵکردندا.

ئەگەرچی ڕاڵز پێی وایە زەقکردنەوەی بچووکترین تا گەورەترین جیاوازییەکان دەبێتە هۆی ناکۆکیی نێوان تێفکرینە جیاوازەکان – بۆ وێنە ناڵێ که بنەماکانی دینێکی تایبەت لە کۆمەڵگادا بۆ بەڕێوەبردنی وڵات ناگونجێ_  بەڵام لەسەر چەندین ئەسڵ پێداگری دەکا و پێی وایە بنەماکانی ئەو تێفکرینە دوگمە کەسی یا گروپییانە دەکرێ لە چوارچێوەی تایبەتیی هزری تاکدا بمێنێتەوە، بەڵام تاکی سیاسیی کۆمەڵگەی بەختەوەر دەکرێ لەسەر تێفکرینە ئەمرۆیی‌یە هاوبەشەکان به مەبەستی هاوکاریی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیان ئایدیای خۆیان بگۆڕن یا لانیکەم لە ئاکامدا، لە بەستێنە گشتییەکاندا بەکاری نەهێنن. هەربۆیە ناوبراو بە مەبەستی قەڵاچۆکردنی کولتوورە گشتگیرە ناکۆکەکان چەمکی “پەردەی بێ‌ئاگایی” دێنێتە نێو تیۆرەکەی خۆیەوە: ئەو پێداگری لەسەر ئەوە دەکا کە:

یەکەم، زاڵبوونی بنەمایەکی فکری بەسەر کۆی کۆمەڵگادا، چەوسانەوە بەرهەم دێنێ” (١٩٩٣، ٢١٥).

 دووەەم، ڕێوشوێنەکانی پێکەوەژیان نە لە لایەن ناوەندێکی بەدەر لە تاکەکانی نێو کۆمەڵگەیەکی سیاسیی دیاریکراودا و نە لە لایەن یاسای خواوەند یا ژوورە سرووشتییەکان – ما بعد الطبیعی- پەسند دەکرێ، بەڵکو ڕاستەوخۆ لە ئاکامی سازانی نێوان تاکە ئازاد و یەکسانەکانی نێو کۆمەڵگاوە سەرچاوە دەگرێ.( ١٩٩٣، ٢٦٠)

سێیەم، هیچ کەس یا گرووپ لە تاکەکانی کۆمەڵ مافی دەمەتەقەی زیاتریان بەسەر تاکەکانی ترەوە نییە و هیچ کەس لە ڕێگەی بەهرەگەلی سرووشتی یا دۆخێکی کۆمەڵایەتیی ڕەخساوی پێشوو نابێ زیانمەند یا بەهرەمەند بێ و گەرەنتیی ئەوە بکرێ کە هیچ بۆچوونێکی تایبەت، ئارمانجێکی دیاریکراو یا خود بەرژەوەندییەکی کەسیی  کاریگەری بەسەر بنەماکانی پێکەوەژیاندا هەبێ.(١٩٧١، ٥٣)

چوارەم، سیاسەتگەلی ڕەگەزپەرەستانە، ڕەگەزتەوەرانە، سەروەت و سامان، ڕەنگی پێست، زیرەکی، فەرهەنگێکی زاڵ و نەتەوەیەکی بانتر یا هەر چەشنە سیاسەتێک کە زاڵێتیی تەیفێک بەسەر کۆی کۆمەڵگادا وێنا بکا، نادادپەروەرانەیە و دەبێ  تەریک بخرێ و  دوور بهاوێژرێ.

کەواتە هەنگاوی “پەردەی بێ‌ئاگایی” ڕاستە ئاراستەی کۆی دانیشتووانی وڵات کراوە کە پێویستە لە کاتی پەسندکردنی ئەو ئەسڵانەدا وا بڕیارە لە داهاتوودا لە لایەن دەسەڵاتی یاساوە بەسەریاندا جێبەجێ بکرێ، بەڵام نییەتی بنەڕەتی لێی، بۆ پاڵاوتن و لادانی کۆی ئەو تایبەتمەندییانەیە کە بەشێک لە تاکەکان یا لە گرووپ‌گەلی جیاوازدا _جا چ سەر بە دین یا مەزهەبێکی دیاریکراو یا نەتەوەیەکی باڵادەست و یا هەر تێفکرینێکی پاوانخوازیی تر_  دەیانهەوێ زاڵبوونی خۆیانی تێدا مسۆگەر بکەن. کەواتە بە مەبەستی پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی بەختەوەر کە هەموو تاکەکان تیایدا قورسایی‌یان بێ، پێویستە پێش هەموو شتێک تایبەتمەندییە جیاوازە ناکۆکان و هەروەها ئەو کولتوورە سیاسییە ناوەندگەرا چەقبەستووەکان(ئێرانشاری/پاشایەتی، شیعی/ئێرانی) لە دۆخی سەرەتادا و لە ڕێگەی گرێبەستی کۆمەڵایەتییەوە لەغاو بکرێن.

ئەو وەبیرهێنانەوەیە بۆ ئەوە بوو کە لە شۆڕشی “ژن، ژین ،ئازادی”دا، دەروەستترین ئازادیخوازە ناوەندگەراکان پڕۆسەی پێکەوەژیان و وێکهەڵکردن بۆ داهاتووی ئێرانیان دەخستە پاش تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامیی ئێران و بێگومان لە کۆتاییدا بە دەنگی زۆرینە بەستێنی خۆسەپاندنی ئەو بۆچوونە ئێرانشارییە پاوانخوازەیان دەخستەوە سەر هەمان ڕێچکەی بیری تاک‌نەتەوەیی و تاک‌زمانی و پەراوێزخستنەوەی هەموو نەتەوە، ئایین و جیاوازییە ڕیشەیی‌یەکانی تر.


ئەنجام:

بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئارایی لە هەر کۆمەڵگەیەکی سیاسیی نادێمۆکڕاتیکدا، پێویستە بزووتنەوەی ڕزگاریخواز ڕێگەچارەیەکی ڕیشەیی بۆ تێکۆشانی خۆی هەبێ. بە پشتبەستن بە “تیۆریی دادپەروەری” هیچ یەک لە نیزامە سیاسییەکانی پاشایەتی و دەسەڵاتی ئیسلامی- شیعی کۆماری ئیسلامیی ئێران و تەنانەت ئەو کولتوورە سیاسییە پاوانخواز و ناوەندگەرایەی ئۆپۆزسیونی ئێرانی ناتوانن بنیاتنەری کۆمەڵگەیەکی بەختەوەری فرەچەشن بن. هەرچەند لە واقعییەتی ئێستای کۆمەڵگەی جیهانی کە دەوڵەتان وەک کەسایەتییەکی نێودەوڵەتیی یاسای نێونەتەوەیی ناسراون، دەرفەتی گەمەکردنی سیاسی بۆ بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان کەمترە، لە لایەکی ترەوە بە هۆی ئەو کولتوورە سیاسییە ناوەندگەرایەی نەیارانی کۆماری ئیسلامی دەرفەتی پێکهێنانی بەدیلێکی بەهێز، لاوازە. بەڵام باشترین ڕێگەچارە ئەوەیە لە بەرانبەر ئەو تێفکرینە چەقبەستووە ناوەندگەرایە و هەروەها دەسەڵاتێکی سیاسیی نادێموکڕاتیکی وەک ئێران کە نەک لە پێشێلکاریی مافی مرۆڤدا تەنانەت پێملی بنەما گشتییەکانی یاسای نێودەوڵەتیش نابێ، پێویستە کۆدەنگییەکی بەهێز لەنێوان کۆی نەتەوە ڕزگاریخواز و شوناسخوازەکان پێک بهێندرێ و لە توێی مانیفێستێکی هاوبەشدا تێفکرینی سیاسیی خۆیان بە مەبەستی بەشداریکردن لە وڵاتێکی فرەچەشنی وەک ئێران – ئەوەی کە جان ڕاڵز پێی دەڵێ ئامۆژە یا بنەمای فکریی گشتگیر و لۆژیکی-  لە بەرانبەر یا بە هاوتەریبی نەک لەگەڵ شێوازی دەسەڵاتی نادێمۆکڕاتیکی ئێستای ئێران بەڵکوو لەگەڵ کولتووری سیاسیی ناوەندگەرا و پاوانخواز و لە هەمان کات ڕێکخراودا لە ئاستی ناوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتی پێشکەش بکەن. بێگومان ئەو شێوازە هاوتەریبییە لە بەرەنگاریی هزرییە، سەرنجی تاکی پرسیارکەر ڕادەکێشێ کە یەکێک لە کۆڵەکەکانی بزووتنەوەیەی ڕزگاریخوازانەیە و لە ئەگەری هەر بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی لە چەشنی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”دا وەک بەدیلی ئەو تێفکرینە چەقبەستوویە کە لە ئاکامدا کۆمەڵگەیەکی نابەختەوەر بەرهەم دێنێ، قورسایی بەو هۆیەی ئەنجام لێی بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی سامانمەند و بەختەور دەبێ و لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیشدا دەکرێ بڵێی کە هەمیشە  شەرعییەتێکی ئاماژەگەرانە(ضمنی) دەبێ.


سەرچاوە:

–  رالز جان. ١٩٩٣. لیبرالیسم سیاسی. ترجمه موسی اکرمی. نشر ثالث

–  رالز، جان. ١٣٩٠. قانون مردمان. ترجمه جعفر محسنی، تهران، ققنوس.

–  رالز، جان.١٩٧١. نظریه عدالت. ترجمه سید محمد کمال سروریان و مرتضی بحرانی. پژوهشکده مطالعات فرهنگی و اجتماعی. وزارت علوم و تحقیقات و فناوری.

 تێبینی: بێگومان لەو نووسینەدا تەنیا گشتاندنی چەمکەکان کراوە و ڕوحی تیۆریی دادپەروەریی جان ڕاڵز نەپێکراوە. گرینگیی ئەو تیۆرە لە شیکردنەوەی ئەسڵەکانی ئازادی و بەرابەری و هەروەها چۆنیەتیی نووسینەوەی یاسای بنەڕەتی و هزری گشتیدا زیاتر دەردەکەوێ.

داگرتنی بابەت

چۆنیەتیی بەشداریکردن لە دەسەڵات لە وڵاتانی فرەچەشن و پلۆڕاڵدا

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان