ئارامتر بخوێنەوە

ڕەگەزپەرستیی ئێرانی: یەکتربڕی نێوان پێکهاتە و بکەرە کۆمەڵایەتییەکان[1]

داود عوسمانزادە


پێشەکی

ساڵی ڕابردوو، ئەنجامی توێژینەوەیەکی فراوان لەلایەن کینگز کالجی لەندەن لەبارەی ئاستی قبوڵکردنی ئەو کەسانەی کە لەگەڵ ئێمە یان لە نزیک ئێمە دەژین بڵاوکرایەوە(Duffy et al. 2023) . بە پێی دێیتاکانی ئەم توێژینەوەیە، کە ژمارەیەک بابەتی جیاواز لە ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی جیهان پێوانە دەکات، لە چەند بوارێکدا ئێران وەک ڕەگەزپەرستترین وڵات دەردەکەوێت. سەرەڕای بڵاوبوونەوەی لێکۆڵینەوەیەکی وەها گرنگ، دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکە ڕەنگدانەوەیەکی ئەوتۆی لە میدیا و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی فارسی – ئێرانیدا نەبوو. ئەمە لە کاتێکدایە کە هەر ڕووداوێکی ئەرێنی لە دوورترین بەشی جیهان، ئەگەر بچوکترین پەیوەندی بە ئێرانەوە هەبێت، بۆ ماوەیەکی زۆر دەبێتە مانشێتی میدیای فارسی زمان و کاریگەری لەسەر زۆرینەی ناوەڕۆکە بەرهەمهاتووە فارسییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دادەنێت. هەرچەندە ئەم یادداشتە مەبەستی شیکردنەوەی دێیتاکانی ئەو لێکۆڵینەوەیە نییە، بەڵام لێکۆڵینەوەکە بوو بە بیانوویەک بۆ شیکردنەوەیەکی کورتی ڕەگەزپەرستی ئێرانی. لەم یادداشتەدا هەوڵ دەدرێت پێوەندی دوولایەنەی نێوان پێکهاتەکان و بکەرە کۆمەڵایەتییەکان لەپێوەندی لەگەڵ ڕەگەزپەرستیی ئێرانی و بەردەوامییەکەی پێشان بدرێت.

تیۆری پێکهاتنی ڕەگەزی: یەکتربڕی پێکهاتە و بکەرە کۆمەڵایەتییەکان

تیۆری “پێکهاتنی ڕەگەزی” (Racial Formation) کە لەلایەن مایکڵ ئۆمی (Michael Omi) و هۆوارد وینانت (Howard Winant) لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە چوارچێوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا پێشنیار کراوە، باس لەو میکانیزمانە دەکات کە لە ڕێگەیانەوە پۆلێنبەندییە ڕەگەزییەکان لەلایەن هێزە کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابوورییەکانەوە پێکدەهێنرێن(Omi and Winant 2012, 304). ئەم تیۆرییە هەردوو فاکتەری ئاستی فراوان، پێکهاتەیی و پرۆسە ئاست وردەکان کە بەشدارن لە بنیاتنانی پۆلێنبەندییە ڕەگەزییەکان دەستنیشان دەکات. تیۆریی پێکهاتنی ڕەگەزی، بە تایبەتی تەرکیز لەسەر ئەو خاڵە دەکاتەوە کە چۆن مانا و تێگەیشتنە ڕەگەزییەکان ناوەڕۆک و گرنگیی پۆلێنبەندییە ڕەگەزییەکان پێک دەهێنن. بەم پێیە، تیۆری پێکهاتنی ڕەگەزی ڕوانگەیەکی هەمەلایەنە بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕەگەز و ڕەگەزپەرستی دابین دەکات کە کارلێکی نێوان پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان و ئەزموونە تاکەکەسییەکان پێشان دەدات(Omi and Winant 2020, 12).

تیۆری پێکهاتنی ڕەگەزی پێشنیاری ئەوە دەکات کە ڕەگەز، وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی، بەهۆی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان و نواندنەوە کولتوورییەکانەوە بەرهەم دەهێندرێت. ئۆمی و ئینانت دەڵێن پێکهاتنی ڕەگەزی “پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتی-مێژووییە” کە لە ڕێگەیەوە ناسنامە ڕەگەزییەکان، وەک توێیەکی ناسنامەی بەکۆمەڵ، دروست دەبن، بەردەوام دەبن و دەگۆڕدرێن. بە بڕوای ئەوان ڕۆڵی ڕەگەز بە قووڵی لە پێکهاتە و دامەزراوە جۆراوجۆرەکاندا جێگیر بووە و ئەوەیش توێژبەندی و ململانێی سیاسی لێ دەکەوێتەوە (Kandaswamy 2012, 23). ئەوان پێیان وایە حکومەتەکان و دەزگاکانی حکومەت شوێنی سەرەکیی بەرەنگاربوونەوە و ململانێ ڕەگەزیەکانن. پرۆسەکانی پێکهاتنی ڕەگەزی لەلایەک لەژێر کاریگەریی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان دان و لەلایەکی دیکەشەوە لەأێر کاریگەریی کلتوور دان. هەردووک لایەنیش، واتە هەم پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان و هەم کلتوور، بەشێوەی جیا، بەڵام لەپەیوەندیی لەگەڵ یەکتردا، ڕۆڵێکی بنەڕەتی دەگێڕن.

            لەم تیۆرییەدا چەمکی “پڕۆژە ڕەگەزییەکان” (Racial Projects) ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت. پڕۆژە ڕەگەزییەکان بریتین لە هەوڵدان بۆ داڕشتن و دابەشکردنی سەرچاوەکان بەپێی هێڵە ڕەگەزییەکان. لەم ڕووەشەوە ڕەگەز دەبێتە بەشێک لە عەقڵی گشتی و ڕێگایەکی تێگەیشتن و ڕوونکردنەوە و مامەڵەکردن لە جیهاندا (Omi and Winant 2014, 12-13). پڕۆژە ڕەگەزییەکان ئامرازگەلێک بۆ بکەرە کۆمەڵایەتییەکان دابین دەکەن بۆ ئەوەی خۆیان و ئەوانی دیکە لە پۆلێنبەندییە جیاوازەکاندا بناسن و بناسێنن؛ ئەو پۆڵێنبەندییانەی کە هیرارشییەکی ڕەگەزییان هەیە.

ئۆمی و وینتات پێیان وایە تێگەیشتنێکی گشتگیر لە پۆلێنبەندیی ڕەگەز و بەم پێیەش ڕەگەزپەرستی، پێویستی بە تێڕوانینێکی یەکگرتوو هەیە. نەگرتنەبەری ڕێبازێکی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی تێگەیشتنێکی ناتەواو لە بابەتەکە. بۆ ئەوەی ئەم کەموکوڕییە شیکارییە ڕوونەدات، نووسەران پێشنیاری دامەزراندنی پەیوەندییەک لە نێوان ڕەهەندە فراوان (ماکرۆ) و وردەکانی (میکرۆ) ڕەگەز دەکەن. ئەوان تێڕوانینێکی جێگرەوە بۆ گەیشتن بەم ئامانجە دەخەنەڕوو کە بەهۆیەوە پڕۆژە ڕەگەزییەکان وەک ئامرازێکی ئایدیۆلۆژی بۆ دروستکردنی پەیوەندییە پێویستەکان کاردەکەن. نووسەران بە پشتبەستن بە تیۆری پێکهاتنی ڕەگەزی، ڕوونی دەکەنەوە کە پڕۆژەیەکی ڕەگەزی هەم لێکدانەوە، نواندنەوە، یان ڕوونکردنەوەی داینامیکی ڕەگەزییە و هەم هەوڵێکە بۆ دەستنیشانکردنی سەرچاوەکان و درێژەپێدانی سەرچاوەکان بەدرێژایی سنوورە ڕەگەزییە گریمانەییەکان. پڕۆژە ڕەگەزییەکان بە بەستنەوەی مانای ڕەگەز لە گوتارێکی دیاریکراودا بە ڕێکخستنی ڕەگەزیی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان و ئەزموونە ڕۆژانەییەکان، کە لەسەر بنەمای ئەو مانا ڕەگەزییانانە دامەزراون، پەیوەندییە پێویستەکان دروست دەکەن ( Omi and Winant 2002, 124-125).

بەکورتی، بەپێی تیۆریی پێکهاتنی ڕەگەزی، ڕەگەز و ڕەگەزپەرستی لە لایەن پێکهاتە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانەوە دروست کرێن، لە دامودەزگا حکومییەکانی کۆمەڵگادا جێگیردەکرێن و لە ڕێگەی پڕۆژەی ڕەگەزییەوە ڕێگەی خۆیان بۆ ئاستی ورد دەدۆزنەوە. بەم شێوەیە واتا و تێڕوانینە ڕەگەزییە دەروونیکراوەکانی لە ژیانی ڕۆژانەدا بەردەوامی بە ژیانی خۆیان دەدەن و کاریگەری لەسەر لایەنە جیاوازەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی دادەنێن. بە مانایەکی تر ڕەگەز و ڕەگەزپەرستی لە یەکتربڕینی نێوان پێکهاتە و ئەکتەرە کۆمەڵایەتییەکان دروست دەبن و بەردەوامی بە ژیانی خۆیان دەدەن.


ڕەگەزپەرەستیی ئێرانی

بۆ دۆزینەوەی مێژووی ڕەگەزپەرستیی ئێرانی پێویستە بگەڕێینەوە پێش دامەزرانی یەکەیەکی سیاسیی بەناو ئێران. لە سەدەی هەژدە و نۆزدەدا نوخبەی حکومەتی قاجار، هاوکات لەگەڵ لوتکەی مێژوونووسی ناسیۆنالیستی و سەرهەڵدانی بیرۆکە ڕەگەزییەکان لە ئەوروپا، ڕووبەڕووی ئەوروپا بوونەتەوە. پێشتر ڕۆژهەڵاتناسان بەستێنە مەعریفییەکان دابین کردبوو. لەم نێوەندەدا نووسینەکانی نووسەری فەرەنسی ئارتوور دی گوبینۆ، یەکێک لە دامەزرێنەرانی تیۆریی ڕەگەزی، و فەیلەسوفی ئەڵمانی فریدریش ماکس مۆلەر کە جیاوازی لە نێوان ئەوروپی و غەیرە ئەوروپیدا دەکرد، زۆر کاریگەر بوون. لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا نوخبەی دەرباری قاجار ڕوویان لە نووسەرانی ناسیۆنالیستی ئەوروپی وەک گۆبینۆ کرد کە کتێبەکەی لەسەر ئێران جەختی لەسەر تیۆرییە ڕەگەزییەکانی باڵادەستی ئاریەکان کردووەتەوە- کتێبێک کە چەندین جار وەرگێڕدرایە سەر زمانی فارسی. دوو ڕۆشنبیری قاجار بە ناوەکانی میرزا فەتحعەلی ئاخوندزادە و میرزا ئاغاخان کرمانی بە ناساندنی چەمکی باڵادەستی ئاریاییەکان، بەردی بناغەی ناسیۆنالیزمی ئێرانیان دامەزراند. بازنەی بەرلینی ناسیۆنالیستە ئێرانییەکان، کە لە سەردەمی جەنگی جیهانی یەکەمدا پێکهاتبوو، بەشێوەیەکی بەرچاو لە ژێر کاریگەریی بیری ڕەگەزیی ئەوروپیدا بوون. دوای ئاخودندازادە و کرمانی، بازنەی بەرلین بناغەی فیکریی ناسیۆنالیزمی ئێرانیان دانا و کاریگەرییەکی درێژخایەنیان هەبوو. لێکدانەوەی ڕەگەزیی بۆ ناسنامەی ئێرانی لەگەڵ بانگەشەی باڵادەستی ڕەگەزی ئارییەکان/ئاریاییەکان و ئەرکی مێژوویی بەشارستانیکردنی کۆمەڵگاکان درێژکرایەوە بۆ مێژوو و “ڕۆح”ی ئێران.

گەرچی لە سەرەتادا ڕەگەزپەرستی ئێرانی بەتەواوی لایەنێکی نوخبەیی هەبوو، بەڵام وردە وردە لە ڕێگەی حکوومەتی مۆدێرن و دامەزراوەکانییەوە بوو بە پڕۆژەیەکی ڕەگەزی و بەشێک لە ناسنامەی دەستەجەمعی ئێرانی. بەم شێوەیە پرۆسەی پێکهاتنی ڕەگەزی لە ئێران دامەزرا. لەم نێوەندەدا بازنەی بەرلین ڕۆڵێکی جەوهەریان لە پێکهاتن و بڵاوبوونەوە و بەدامەزراوەییکردنی ڕەگەزپەرستیی ئێرانی بینی و دواتر کاریگەریان لەسەر سیاسەتەکانی حکومەت لە سەردەمی پەهلەویدا هەبوو. دوای پێکهێنانی دەوڵەتی مۆدێرن لە سەردەمی ڕەزاخان، پێکهاتنی ڕەگەزی دەگۆڕێت بۆ پرۆژەی ڕەگەزی. گۆڕینی ناوی پارس بۆ ئێران و جەختکردنەوە لەسەر میراتی ئاریایی، ئاماژەیە بۆ بڵاوبوونەوەی ناسیۆنالیزمی ڕەگەزی ئێرانی/فارسی لە سەردەمی ڕەزاخاندا. سیستەمی پەروەردەی گشتی و کتێبە دەرسییەکان پێناسەی ڕەگەزییانەی ئێرانیان بەرەوپێش دەبرد، ئەو سیاسەتانەی تا ئەمڕۆش بەردەوامن (Soleimani and Osmanzadeh 2022). گرنگیی بازنەی بەرلین و ڕۆڵی جەوهەری لە دروستکردنی ناسیۆنالیزمی ئێراندا لە تیشک خستنە سەر توخمە ڕەگەزییەکان دایە. فاکتەرە کاریگەرەکانی ئەم گۆڕانکارییە بریتی بوون لە گەڕان بەدوای هۆکارەکانی شکستەکانی قاجار، پێویستیی حکومەتی مۆدێرن بۆ بنیاتنانی یەک ناسنامەی نەتەوەیی، بڵاوبوونەوەی ئایدۆلۆژیای ڕەگەزی لە ئەوروپا و کاریگەریی ئەم ئایدیۆلۆژیایانە لەسەر دامەزرێنەرانی ناسیۆنالیزمی ئێرانی، بەدامەزراوەییکردنی بیرۆکەی ناسیۆنالیستیی ڕەگەزیی، و کاریگەریی سیاسەتە نازییەکان و ڕادیۆ زایزن کە لەلایەن وەزارەتی پڕوپاگەندەی ئەڵمانیای نازییەوە بە زمانی فارسی لە ئێران دەستی بە وەشان کردبوو.

هەڵبەت گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە تاکە سەرچاوە و دەرکەوتنی ڕەگەزپەرستیی ئێران پەیوەندی بە ئاریاییگەرییەوە نییە. ڕەگەزپەرستی وەک هەڵاواردن لە دژی گروپە کۆمەڵایەتییە ڕەگەزێندراوەکان (Racialized Social Groups) یان کۆمەڵگە وێناکراوەکان کاردەکات. لەم ڕووەوە ڕەگەزپەرستی هەوڵ دەدات لەسەر بنەمای گوتاری ڕەگەزپەرەستانە هەندێک تایبەتمەندیی کلتووری، مێژووی و کۆمەڵایەتی گرووپێکی مرۆیی دیاریکراو وەک تایبەتمەندیگەلێکی سرووشتی پێناسە بکات. پاشان هەوڵ دەدات کۆمەڵەی مرۆیی هاوچەشن دروست بکات و ئەم تایبەتمەندییە بەسرووشتکراوانە بەسەر تاک بە تاکی کۆمەڵە مرۆییەکاندا بسەپێنێ. دواترئەم تایبەتمەندییە بە سرووشتیکراوانە دەکرێنە پێوەری پلەبەندییە مرۆییەکان و گرووپە مرۆییەکانی لەسەر دابەش دەکات. ڕەگەزپەرەستی کەڵک لە گوتاری ڕەگەزی وەردەگرێت بۆ دروستکردنی گروپی هاوچەشن لەسەر بنەمای جیاوازییە سروشتی و کولتوورییە کڵێشەیی و جەمسەرگیرییەکان دامەزراون. پاشان ئەم جیاوازییانە پلەبەندی دەکرێن و بە شێوەیەکی نەرێنی هەڵدەسەنگێندرێن. دواتر گوتاری ڕەگەزی ئەم جیاوازییانە بە سروشتی دەکات و بە تایبەتمەندییە بەڕواڵەت زگماکیەکانەوە دەیانبەستێتەوە و جیاوازیی دەسەڵات و هەڵاواردنی پێ پاساو دەداتەوە. ئەم پێکهاتە کۆمەڵایەتییەی بەسروشتیکردنە، تایبەتمەندییە جێگیر و نەگۆڕەکانی پەیوەست بە تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتی، کولتووری یان دەروونییەکان لەخۆدەگرێت (Wodak & Reisigl 2015, 578-579). به پێی ئه­م پێناسهیه، له پرۆسه یه کی کۆمه ڵایه تی-مێژوویی له کاتی پێکهێنانی ڕه گه زیدا، ئێرانییه کان بیرۆکه یه کی ناسنامه ی به کۆمه ڵیان دەروونی کردووە ، که تیایدا – له ژێر کاریگه ڕیی گێڕانه وه ی باڵاده ستیی ڕه گه زیدا – ئێرانییه کان خۆیان وه ک بوونێکی تاک، تایبه ت، جیاواز و باڵاتر له ئه وانی دیکه، واتە غەیرە ئێرانییەکان، پێناسەیان کردووە و لەژێر کاریگەریی ئەم ئایدیۆلۆژییە ڕەگەزییە پێیان وابووە هەندێک تایبەتمەنیی بان مێژوویی و زاتیی تایبەت بە خۆیانیان هەیە. بەلەبرچاوگرتنی پێناسەکانی ناسنامە و پێویستیی هەبوونی ‘ئەویتر/ئەوانیتر’ بۆ ‘خود’، لەم پێناسەیەی ئێرانییەکان لەخۆیان کردووە، ئەوانێکیتری پەستتریش وێنا و پێناسە کراون کە بەپێی ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیزمی ڕەگەزپەرەستانەی ئێرانی کۆمەڵێک تایبەتمەندیی جێگیر، نەگۆڕ و زاتیی نەرێنی و خراپیان هەیە کە تێپەڕینی کات کاریان لێناکات. کەواتە، لە تێگەیشتنی ڕەگەزپەرستیی ئێرانیدا، ئەویتر نەک هەر تایبەتمەندییە زاتیی و سرووشتییەکانی ئێرانییەکانی نییە، بەڵکوو کۆمەڵێک تایبەتمەندیی نەرێنیی زاتی و نەگۆڕیشی هەیە.

لەم ڕووەوە ناسیۆنالیزمی ڕەگەزی ئێرانی/فارس بە پەنابردن بۆ پڕۆژەی ڕەگەزی وەک ئامرازێکی ئایدیۆلۆژی لە لایەک و سیاسەتی کۆلۆنیالیستی لە لایەکی دیکە، سەرچاوەی جیاوازیی ئابووری، سیاسی، کولتووری و کۆمەڵایەتی بە درێژایی سنوورە گوماناوییە ڕەگەزییەکان دابەش کردووە. بۆ نمونە سامانە سروشتی و سەرمایە جۆراوجۆرەکانی بەلوچستان و کوردستان و نەتەوەکانی تری غەیرە فارس لە لایەن یەکەی کۆلۆنیالی ئێرانی فارسییەوە تاڵان دەکرێن و لە ئێران وەبەرهێنانیان بۆ دەکرێت. توانای پاساوهێنانەوە بۆ ئەو جۆرە تاڵانکردنە لە لایەن پڕۆژە ڕەگەزییەکانەوە دروست دەبێت، کە وەک ئامرازێکی ئایدیۆلۆژی نەک هەر بەستێن بۆ قبوڵکردنی ئەم تاڵان و ڕووتاندنەوەیە دەڕەخسێنێت، بەڵکوو وا دەکات وەک شتێکی قبوڵکراو و خوازراو و سروشتیش دەربکەوێت.

ڕەنگە بکەرانی ئێرانی لە کاتی بیستنی ئەو بانگەشەیەی سەرەوە بشڵەژێن و نکۆڵی لێ بکەن. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئەم سامان و سەرمایە سروشتیانە لە لایەنەکانی کۆنکرێتترن. بە واتایەکی تر ڕەنگە شتی وا لە دەرەوەی تێگەیشتن و سیستەمی مانایی ئەو ئەکتەرە ئێرانییانە ڕووبدات. بەڵام ڕێگایەک هەیە بۆ تاقیکردنەوەی ئەو بانگەشەی پێشتر باسمان کرد کە لە تێڕوانینی ئەو چالاکە ئێرانییە تێدەپەڕێت و ئەویش ڕووبەڕووبوونەوەی چالاکانی ئێرانییە لەگەڵ مافی دیاریکردنی چارەنووسی غەیرە فارسەکان. بە واتایەکی دیکە لەڕێگەی پرسیار لە مافی سەروەریی سیاسیی نەتەوە ژێردەسرکراوەکانی جوگرافیای سیاسیی ئێران لە بکەریی ئێرانی دەکرێ بانگەشەکانی سەرەوە تاقی بکرێنەوە . لەبەرئەوەی پرسیارێکی لەو جۆرە تێگەیشتن و سیستەمی مانایی بکەرە ئێرانییەکان، یان بە واتایەکی تر، سەرچاوە و تەکوزی گوتار، دەرگیر دەکات، تاقیکردنەوەیەکی گونجاوە بۆ سەلماندنی پڕۆژە ڕەگەزییەکانی ئێران.

ئەو نموونانەی بە ڕوونی هەبوونی پڕۆژەی ڕەگەزی لە ئێراندا نیشان دەدەن زۆرن. هێرشی ئێرانییەکان بۆ سەر ئاڵا و سیمبولەکانی کوردستان لە بزووتنەوەی ژینا لە دایاسپۆرا، هەڕەشە و بێڕێزی بە کوردستان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان، شێوازی ڕووماڵی میدیایی پێشهاتەکانی کوردستان لەلایەن ئێرانییەکانەوە، سیاسەتی ناولێنان و چۆنیەتی ئاماژە بە ناوی ژینا، شێوازی نواندنەوەی پێشهاتەکانی کوردستان لە میدیاکانی ڕۆژئاوادا لە لایەن ئێرانییەکانەوە، ئارگومێنتی میوانانی شەبەنگە سیاسییە جیاوازەکانی ئێران لەسەر تۆڕە فارسییەکان بۆ دژایەتیکردنی مافە سەرەتاییەکانی نەتەوە ژێردەستکراوەکانی غەیرە فارس، شیکردنەوە و لێکدانەوەکانی مامۆستایانی زانکۆکانی ئێران و ڕۆشنبیرانی ئێرانی لەسەر بارودۆخی کوردستان، ڕەتکردنەوەی بەکارهێنانی وشەی نەتەوە بۆ ئاماژەکردن بە غەیرە فارسەکان و هتد.

ئەم نموونانەی سەرەوە و سیاسەتەکانی حکومەتە جیاوازەکانی ئێرانییەکانی لە یەک سەدەی ڕابردوودا خاوەن خاڵێکی هاوبەشن و ئەویش هەبوونی ڕەگەزپەرەستیی ئێرانیی لە هەردووک جەمسەریی بەردەوامییەکەدایە. لەلایەکەوە، دەسەڵاتی سیاسیی لەڕێگەی هەموو دامەزراوەکانییەوە مانا و تەعبیری ڕەگەزپەرەستانەی لە خۆی و ئەویتر/ئەویترەکانی پێناسە و جێبەجێ کردووە. لە لایەکی دیکەیشەوە، بکەرە کۆمەڵایەتییەکان، لە ئاستی جیاوازدا، ئەم تێگەیشتن و پێناسە ڕەگەزپەرەستانەیان لە ڕەفتارەکانی خۆیاندا پێشان داوە. بەم شێوەیە ڕەگەزپەرستیی ئێرانی لە خاڵی بەیەکگەیشتنی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ بکەرە کۆمەڵایەتییەکان مانا دەدات، و درێژە بە ژیانی خۆی دەدات.


سەرچاوەکان

Duffy, Bobby, George May, Kirstie Hewlett, James Wright, and Paul Stoneman. “Love thy neighbour? Public trust and acceptance of the people who live alongside us.” (2023).

  Kandaswamy, Priya. “Gendering racial formation.” Racial formation in the twenty-first century (2012): 23-43.

   Omi, Michael, and Howard Winant. “Racial formation rules.” Racial formation in the twenty-first century 302 (2012).

  Omi, Michael, and Howard Winant. “Racial formation.” In The new social theory reader, pp. 405-415. Routledge, 2020.

             Omi, Michael, and Howard Winant. “Racial formation.” In The Race Critical Theor145ies: Text and Context, pp. 123-. Blackwell, )2002.

             Omi, Michael, and Howard Winant. Racial formation in the United States. Routledge, )2014(.

             Soleimani, Kamal, and Davoud Osmanzadeh. “Textualising the ethno‐religious sovereign, history, ethnicity and nationalism in the Perso‐Islamic textbooks.” Nations and Nationalism 28, no. 3 (2022).

  Wodak, Ruth, and Martin Reisigl. “Discourse and racism.” The handbook of discourse analysis (2015): 576-596.

[1] ئەم وتارە پێشتر بە زمانی فارسی لە ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.

داگرتنی بابەت

ڕەگەزپەرستیی ئێرانی: یەکتربڕی نێوان پێکهاتە و بکەرە کۆمەڵایەتییەکان

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان