ئارامتر بخوێنەوە

“اینجوری برات نمیرە بالا” یان شکستی پرۆژەی نەتەوەسازیی فارس

داود عوسمانزادە


مێژووی خەونی بیناکردنی (Construction) یەکەیەکی سیاسیی یەکپارچەی بەهێز لە جوگرافیای بەناو ئێران بۆ کۆتاییەکانی قۆناغی قاجار و سەرهەڵدانی نوخبەی ناسیۆنالیستی فارسی، واتە ئاخوندزادە و کرمانی، دەگەڕێتەوە. لەگەڵ سەرهەڵدانی نوخبەی ناسیۆنالیستی فارسی لە کۆتاییەکانی قاجار و پەرەپێدانی بۆچوونە ناسیۆنالیستییە ڕەگەزپەرەستانەکەیان لەلایەن بازنەی بەرلین و پاشان دامەزراندنی دەوڵەتی نوێی فارسی لە ساڵی ١٩٢٥ –پاشان بە فەرمانێکی ڕەزا پاڵەوی لە ساڵی ١٩٣٦دا ناوەکەی گۆڕدرا بۆ ئێران – هەموو هەوڵەکانی ناسیۆنالیزمی ئێرانی فارسی بیناکردنی دەوڵەتێکی یەکپارچەی بەهێز لەسەر بنەمای ڕەگەزە پێکهێنەرەکانی شوناسی فارسی بووە. دامەزراندنی دەوڵەتی نوێ لە جوگرافیای سیاسیی ئێران دەرفەتێکی زێڕینی دا بە “باوکانی” ناسیۆنالیزمی رەگەزپەرەستانەی ئێرانی فارسی بۆ ئەوەی هەموو دامەزراوە دەوڵەتییەکان بخرێنە خزمەت جێبەجێکردن و وەدیهێنانی خەونی وەها یەکەیەکی سیاسی – واتە یەک دەوڵەت و یەک نەتەوە. هەر لە سەرتاوە دامەزراوەگەلێکی وەک “سازمان پرورش افکار”، “سپاە دانش”، و “پەروەردەی گشتی” بە ئاشکرا ئەرکی وەدیهێنانی لایەنی نەرم و ئایدیۆلۆژیکی وەها پرۆژەیەکیان وەئەستۆ گرت؛ دواتر رادیۆ و تەلەڤزیۆن و ئینجا میدیای دیجیتاڵیش هاتنە مەیدان و بەشدارییەکی گرینگیان لە ڕاپەڕاندنی پرۆژەکەدا کرد. بەشی ڕەقی پڕۆژەکەیش لەلایەن ئەرتەش، دامەزراوە چەکدارییەکان، و دامەزراوە ئابوورییەکان جێبەجێ دەکرا. ئەم هەوڵانە تا ئێستایش لەڕێگەی هەموو دامەزراوە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەکان، و تەنانەت لە ڕێگەی ژیانی ڕۆژانەی ئەکتەرە کۆمەڵایەتییە ئێرانییەکانیشەوە، بەردەوامە.

یەکێک لە بنەڕەتیترین لایەنەکانی وەدیهێنانی ئەم دۆخە کۆمەڵایەتییە خوازراوە زمانی فارسیییە. هەر لەسەرەتاوە، زمانی فارسی لەلایەن ڕوناکبیران و کاربەدەستانی ئێرانی وەک کۆڵەکەی شوناسی ئێرانی پێناسە کرا و هەوڵی سەپاندنی بەسەر هەموو نەتەوە و ئەتنیکەکانی جوگرافیای سیاسیی ژیردەستی فارسدا درا. لەم پڕۆسەیەدا ڕۆژهەڵاتناسەکانیش رۆڵێکی سەرەکیان بینی و تەنانەت پێش سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی فارسی کەسانی وەک گۆبینۆ بەستێنە ئایدیۆلۆژییکییەکانی وەها خەونێکیان دابین کردبوو.  

گرینگی ڕۆڵی زمانی فارسی لە پرۆژەی دەوڵەتسازی و نەتەوەسازیی ناسیۆنالیزمی فارسی ئێرانیدا کاتێک دەردەکەوێ کە لە بەستێنی بۆچوونەکانی بیرمەندی دژەکۆلۆنیالیستی کێنیایی نگووگی (Ngũgĩ )دا سەیری ڕۆڵی زمان لە پەیوەندیی نێوان کۆلۆنیالیست و کۆلۆنیکراودا بکەین. نگووگی پێی وایە کە زمانی کۆلۆنیالیستی گرینگترین ئامرازی گواستنەوەی ئایدیۆلۆژیای کۆلۆنیالیستییە. زمانی کۆلۆنیالیستی نەک هەر کاریگەریی قووڵ لە شێوەی بیرکردنەوەی کۆلۆنیکراو لەبارەی کۆلۆنیالیست و کۆلۆنیالیزمەوە دادەنێت، بەڵکوو کاریگەریی لەسەر شێوازی بیرکردنەوەی کۆلۆنیکراو لە خۆی وەک تاک و نەتەوە و لە کۆلۆنیکاریشدا هەیە. جگە لەم کاریگەرییە قوڵەی نگووگی باسی دەکات، بەشێکی گرینگی واقیعی کۆمەڵایەتیش لە زماندا ڕوو دەدات و بونیاد دەندرێت.

زمانی فارسی، وەک یەکێک لە گرینگترین ئامراز و ئامانجەکانی کۆلۆنیالیزمی فارس، توانیویەتی لە مێژووی نزیک سەت ساڵەی دەوڵەتی فارسدا کاریگەریی قوڵ لەسەر تێگەیشتن، جوانیناسی، چێژ، و کەسایەتیی کۆلۆنیکراوی کورد دابنێ. بەشێکی بەرچاوی سووژەی کۆلۆنیکراوی کورد لە ڕێگەی زمانی کۆلۆنیایستیی فارسییەوە بەشداریی لە پەرەپێدان، بەهێزکردن، و گواستنەوەی میراتی کۆلۆنیالیستیی ئێرانی فارسیدا هەبووە و هەیە. ئەم بەشدارییە لە باری ئاست و شیوازەکانی جیاواز و فرەچەشنە.

لەم نووسینەدا خاڵی گرینگ ڕۆڵی زمانە لە بیناکردنی پرۆژەی دەوڵەتسازی و نەتەوەسازیی ئێرانی؛ پڕۆژەیەک کە لە بنەڕەتدا کۆلۆنیالیستی و فاشیستییە و لەسەر نکۆڵی و تواندنەوە، و ڕووتاندنەوەی ئەوانیتری نافارس دامەزراوە. زمانی فارسی لە ئەدەبیات­ڕا هەتا فەلسەفە و زانستە سرووشتییەکان، لە ژیانی ڕۆژانەڕا هەتا موسیقا و بیاڤی ڕوناکبیری کاریگەریی قوڵی لەسەر هەست و نەستی کورد داناوە، تا ئەو جێگایەی زۆر کات بیستوومانە کوردێک کوتوویەتی خەونی دیتووە و خەونەکەی بە زمانی فارسی بووە. ئەم کاریگەرییە قوڵ، فرەڕەهەند، درێژخایەن، و فرەچەشنانە بەشێکن لە ئەرکی زمان و ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیزمی فارسی بۆ نەتەوەسازیی و دەوڵەتسازیی ئێرانی.

بەڵام، فۆکۆ گوتەنی لەبەرانبەر هەرچەشنە دەسەڵاتێکدا بەرگریش هەیە. بۆیەیشە هەر لە سەرەتاوە پرۆژەی ناسیۆنالیستی فارس تووشی ئالنگاریی جدی و بنەڕەتیی کورد و هەندێک ئەتنیکی دیکە بووەوە. ئەگەرچی دژایەتیی کورد لەگەڵ کۆلۆنیالیزمی فارسی ئێرانی تەنیا بەرگری یان پەرچەکردار نەبوو، بەڵکوو درێژەی پرۆژەیەکی کۆنتری خۆی بوو کە مێژووەکەی لانیکەم بۆ سەردەمی شێخ عوبەیدووڵا نەهری لە دەیەی هەشتای سەیەی نۆزدەهەم دەگەڕێتەوە. هەروەک چۆن فارس تا ئێستایش بەردەوامە لە هەوڵی وەدیهێنانی خەونی یەک دەوڵەت و یەک نەتەوە، بە هەمان شێوە کوردیش لە سەردەمی شێخ عوبەیدووڵاوە تا ئێستا بەردەوام هەوڵ دەدات لە دەرفەت و فۆڕموڵی جیاوازدا پرۆژەی خۆی بەرەو پێش ببات.

ئەوەی بابەتی ئەم نووسینەیە شکستی پرۆژەی ناسیۆنالیزمی ئێرانییە لە وەدیهێنانی دەوڵەتێکی یەکپارچە و یەکچەشن – واتە یەک دەوڵەت و یەک  نەتەوە  (فارس). نموونەی شکستی پرۆژەی ناسیۆنالیستی فارس لە بیناکردنی ئەم دۆخە خوازراوە زۆرن، بەڵام لێرەدا تەنیا تەرکیز لەسەر یەک نموونە دەکەمەوە: “اینجوری برات نمیرە بالا”.

بزووتنەوەی شۆڕشگێریی ژینا بزووتنەوەیەکی زۆر ئاڵۆز و فرە ڕەهەندە. لەم بزووتنەوەیەدا ڕووداوی فرەچەشن هەبوون، هەندێکیان خەفەتباریان کردووین، هەندێکیان ورەیان داوینێ، و هەندێکیشیان بۆ چەند ساتێک بزەیان خستووەتە سەر لێومان. یەکێک لەم ڕووداوانەی لەم بزووتنەوەیەدا بزەی خستە سەر لێوی زۆربەی خەڵکی کوردستان وتنی ئەم جنێو یان هەڕەشەیە لەلایەن خۆپێشاندەرێکی گەنجی کورد بوو: “اینجوری برات نمیرە بالا…”. ئەم جنێو یان هەڕەشەیە زیاتر لە پێکەنینێک هەڵدەگرێ و من لێرەدا وەک نیشانەیەکی گرینگی شکستی پرۆژەی ناسیۆنالیزمی فارس سەیری دەکەم.

پرۆژەی ناسیۆنالیزمی ئێرانی فارسی کە نزیک یەک سەدەیە هەموو جۆرەکانی دەسەڵات و هێزی بۆ دروستکردنی سووژەی ئێرانی فارسی لەم جوگرفیایەدا بەکار هیناوە، لە دەربڕینێکی زمانیدا بەشێک لە شکستەکانی ئاشکرا دەبن. “ئاوات بۆ ناچێتە سەر” دەربڕینێکی کوردییە، ئەکتەرێکی گەنجی کورد لە خۆپێشانداندا ئەویتری قێزەونەکەی لەڕێگەی زمانی کۆلۆنیالیستەکەیەوە دەکاتە ئامانج، بەڵام تەنیا وشەکانی فارسین؛ پێکهاتەکە تەواو کوردییە. ئەم پێکهاتەیە لە ڕێزمانی زمانی کوردیدا لەگەڵ ریزبوونی یەک لەدوای یەکی چەند وشەیەک پەیامێکی مانادار دروست دەکەن. بەڵام دانانی ئەم وشانە بە هەمان پێکهاتەی زمانی کوردی، لە زمانی فارسی و لەم دۆخەی دەربڕیندا هیچ واتایەکی مانادار ناگەیێنێت. ئەم ڕێزمانە کوردییە لە دەربڕینی “اینجوری برات نمیرە بالا”دا دەتوانێ گوزارشت لە ڕیزمانی زەینی و هابیتاسی کورد بکات. بەم مانایە کە گەرچی لەڕووی ناچاری و بە زۆرەملێ فێری زمانی فارسی بووین، بەڵام بەشێک لە نەست، زەین، و هابیتاسی ئێمە بەردەوام لەگەڵ ئەم زمانە و پێکهاتەکانی لە ململانێ دایە، قەبوڵی ناکات و لەوەها دۆخێکدا ئەم ململانێ و ڕەتکردنەوەیە خۆی دەردەخات.

ئەم دەربڕینە کوردییە بە شێوازێکی نەخوازراو فۆڕم، پێکهاتە و ڕێزمانی زمانی سەپاوی فارسی تێک دەشکێنێ و سەرکەوتنەکەی لە کوردستاندا دەخاتە ژێر پرسیار. ڕاستە بەشێکی بەرچاوی کوردی ڕۆژهەڵات گرفتێکی ئەوتۆیان لە پەیوەندیگرتن و بەکارهێنانی زمانی فارسیدا نییە. بەڵام هەندێک مارکێر و نیشاندەر لەکاتی ئاخاڤتن بە زمانی فارسی لە زۆربەی نزیک بە تەواوی کورد بەدی دەکرێت. کاتێک کورد بە زمانی فارسی قسە دەکات، بەشێک لە ئاخێوەران زۆرترین هەوڵ دەدەن بە جۆرێک فارسی بدوێن کە کوردبوونەکەیان دەرنەکەوێ و “وەک فارسێکی تارانی” بە زمانی فارسی بدوێن. ئەم میمیک و لاساییکردنەوەیە هەوڵێکی کوردی ژیردەستکراوە بۆ وەدەستهێنانی زۆرترین دانپێنان و پەسەندی ئەویتری کولۆنیکار. ئەم هەوڵە لە نێوان بەشێک لە کورد گەیشتووەتە جێگایەک کاتێک کوردێک لە کاتی ئاخافتن بە زمانی فارسی لەهجەی هەیە، دەورووپشتییەکانی گاڵتەی پێ دەکەن: گاڵتەکردن بەوەی کوردەکە لە میمیک یان خۆبەئەوەیترکردندا زۆر سەرکەوتوو نەبووە! بەڵام ماڕکێر و نیشاندەرە شوناسییەکان هەردەم لەگەڵ ئێمەن، تەنانەت ئەو کاتانەیش خۆمان قەبوڵمان نین یان گوشارێکی زۆر بۆخۆمان دەهێنین تا خۆیان لێ بپارێزین ئەویتر دەیانبینێت و پێیان دەزانێت. “اینجوری برات نمیرە بالا” لە مارکێرێکی زمانی واوەتر دەڕوا و پێکهاتە زمانی کۆلۆنیالیست و ئایدیۆلۆژیایەکەی تێک دەشکێنێت و ڕەتی دەکاتەوە.

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی میتۆدی فۆکۆ، بەپێچەوانەی بەشێکی بەرچاوی مێژووی زانست و فەلەسفەی ڕۆژئاوا، خۆپاراستنە لە ڕۆچوون لە قووڵایی و ئاستە شاراوەکانی دیاردەکان بۆ تێگەیشتن لە مانای ئەم دیاردانە. فۆکۆ پێی وایە تایبەتمەندیی قوڵبوونەوە لە دیاردەکان بووتە هۆی چاوپۆشی لەم ڕووداو و مانایانەی لە دەرەوە، لە دەوورووپشتی خۆمانن، ڕووداو و دیاردە بەڕواڵەت بچووک و ئاساییەکان. بۆ تێگەیشتن لە شکستی پڕۆژەی ناسیۆنالیزمی فارسیش هەمیشە پێویست ناکات بە قووڵایی دیاردەکاندا شۆڕ ببینەوە، سەیرێکی دەورووپشتمان بکەین چەند هۆکارێک دەدۆزینەوە. لە وەها بەستێنێکدا خۆپێشاندەرێکی گەنجی کورد لەوپەڕی تووڕەیی و حەماسەتەوە دەردەکەوێت و هەموو هاوکێشەکان لە دەربڕینێکی زمانیدا دەباتە ژیر پرسیار و دەڵێ “اینجوری برات نمیرە بالا”. دەربڕینەکە زۆر ڕاستە، “باوکان”ی دامەزرێنەی ناسیۆنالیزمی فارس هەر لە سەرەتاوە دەبوایە زانیبایان “اینجوری برایشان نمیرە بالا” و ڕێگەی بیناکردنی یەک دەوڵەت و یەک نەتەوە لە کوردستان هیچ چارەنووسێکی جگە لە شکست نابێت.

"اینجوری برات نمیرە بالا" یان شکستی پرۆژەی نەتەوەسازیی فارس

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان