ئارامتر بخوێنەوە
با لە بزووتنەوەی ژینادا یادگەی بەکۆمەڵ لەبیر نەکەین
بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان یەکێک لە مەیدانە گرینگەکانی بیچم گرتنی یادگەی بەکۆمەڵی مرۆڤەکانن. تایبەتمەندیی جەماوەریی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان گەرم و گوڕی و جۆش و خرۆشێکی تایبەت بە پڕاکسیسی کۆمەڵایەتی، سیستەمەکانی مانابەخشین، سیمبولەکان و تێگەیشتنی مرۆڤەکان دەدەن. هەموو ئەمانە لەلایەن ڕاگەیاندنەکان، درووشمەکان، سروودە ناڕەزایەتییەکان و ئاڵا جۆراوجۆرەکان بەشێکی گرینگی یادگەی بەکۆمەڵی بەشداربووانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان داگیر دەکەن. بەشداربووانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان وەک بیرەوەری ساڵانێکی زۆر پاش بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان ئەم دروشم، ڕووداو، و سیمبۆلانە بۆ نەوەکانی داهاتوو دەگێڕنەوە، لە دەفتەری بیرەوەرییەکانیاندا دەیاننووسنەوە، لە دڵی خۆیاناندا یان لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا یادیان دەکەنەوە. وێنە و هێما و ئاڵا و درووشمەکانیان لە ئەلبۆمی یادەوەرییەکانیاندا دەپارێزن و توێژەران لەسەر بنەمای ئەوم ماتڕیاڵانە مێژوو دەنووسنەوە و ڕاڤەی دەکەن. لەبەر ئەوەی لە سەردەمی تەکنۆلۆژیای ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەژین، ئەو کەسانەی ڕاستەوخۆ بەشداریی لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانیشدا ناکەن دەچنە ژێر کاریگەریی تایبەتمەندییەکانی بزووتنەوەکان و بەشێک لە یادگەیان لەڕێگەی سیستەمە جیاوزەکانی مانابەخشینی ئەم بزووتنەوانەوە داگیر دەکرێت. یادگەی بەکۆمەڵیش یەکێک لە سەرچاوەکانی شوناس و ناسنامەی بەکۆمەڵ، و هاوکات ڕەهەندێکی دانەبڕاوی ئەم شوناسەیە. هەر بۆیە دەتوانین بڵێین یەکێک لە لێکەوتە و ئەنجامە پێشبێنینەکراوەکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەریی ئەم بزووتنەوانەیە لەسەر شوناسی بەکۆمەڵی کۆمەڵگا.
یادگەی بەکۆمەڵ وەک پردێک وایە و بەشێک لە ڕابردوو و داهاتوو بەیەکەوە دەبەستێتەوە. یادگەی بەکۆمەڵ نەک هەر کاریگەریی لەسەر شوناسی بەکۆمەڵی کۆمەڵگا هەیە، بەڵکوو سەرچاوەیەکی گرینگیی بونیادنانی سیمبولیکی واقیعی کۆمەڵایەتی و هەروەها چوارچێوەیەکی گرینگی کردەی بەکۆمەڵیشە. ئەو سەرچاوانەیش کە کار لەسەر یادگەی بەکۆمەڵ دەکەن بەشێکیان موشڕوعییەت و ڕەوایی لە ڕابردوو وەردەگرن و بەشێکیشیان پەیوەندییان بە ڕووداو و دۆخە هەنووکەییەکانەوە هەیە – گەرچی ڕاڤەی ڕووداوە هەنووکەییەکانیش بەتووندی بە مەعریفەی پێشووەوە بەستراوەتەوە.
بزووتنەوەی ژینایش، وەک زۆربەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە، هەر لە ساتی یەکەمەوە بووە مەیدانێکی ململانێی ئەو دروشم، سیمبول، سروود، و مانایانەی کە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر یادگە و شوناسی بەکۆمەڵی کۆمەڵگای کوردستان و کۆمەڵگاکانی دیکەی جوگرافیای سیاسیی ئێران هەیە. ئەگەرچی ئاخێزگەی ئەم بزووتنەوەیە بە هەموو دروشم، سیمبول، و ماناکانییەوە کوردستان بوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بە تووندی کاریگەریی لە ژینگەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی خۆیان وەردەگرن – و کاریگەریش لەسەر ژینگەکانی دەورووپشتیان دادەنێن – و هاوکات لەبەر هەوڵی بەشداریپێکردنی نەتەوەکانی دیکەی ئەم جوگرافیا سیاسییە، لە باری مانا، سیمبول و درووشمەکانەوە بزووتنەوەکە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی تێپەڕاند و ئێرانیشی گرتەوە. بەهەمان شێوە، مانا، سیمبول، و دروشمەکانی ئەم جوگرافیا سیاسییەیش خۆیان خزاندە ناو بزووتنەوەکەوە.
لەم نێوەدا، گەرچی تا ئەم ساتە ئاستی بەشداریی ناوچەکانی ئێران و بەتایبەت ناوچە فارسنشینەکان لەگەڵ بەشداریی کوردستان – و پاشان بەلووچستان – لە بزووتنەوەی ژینادا بەراورد ناکرێ، بەڵام بەهۆی ئەوەی قەومی فارس نزیکەی یەک سەدەیە هەموو سەرچاوەکانی جوگرافیای سیاسیی ژیردەستی خۆی بۆ گەشەپێدان و سەپاندنی توخمە جیاوزە کەلتوورییەکانی خۆی، زمانی فارسی، گێڕانەوەی فارسی و ئەفسانە و سیستەمی مانایی فارسی بەکار هێناوە، ئەم توخم و ڕەگەزانەی قەومی فارس پێگەیەکی هێژمونیکیان وەدەست هێناوە، بوونە خاوەن سەرمایەی سیمبولیک و توانای دیاریکردنی نۆڕم و بەها کۆمەڵایەتییەکانیان هەیە. لە وەها دۆخێکدا، کلتووری قەومی فارس خاوەن دەسەڵاتێکی خۆسەپێنە، کەچی نەتەوەکانی جوگرافیای سیاسیی ئێران ئەم دەسەڵاتەیان نییە. ئەم جیاوازیی دەسەڵاتە دەبێتە هۆی ئەوەی، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئاستی بکەریی و بەشداریی فارسەکان لەم بزووتنەوەیەدا، لە هەندێک رێگەی زۆر سادە و ساکار و کەمتێچووەوە توخم و ڕەگەزەکانی ناسنامەی فارسی خۆیان بەسەر بزووتنەوەکە و سیستەمە ماناییە نا/دژە فارسییەکاندا بسەپێنن و بزووتنەوەکە کۆلۆنایز بکەن. لەم ڕێگەیەیشەوە ببنە بەشێک لە ناسنامەی بزووتنەوەکە و کار لەسەر یادگەی بەکۆمەڵی کوردستانیان بکەن.
کۆلۆنایز و داگیرکردنی بزووتنەوەکە لەلایەن توخم و ڕەگەزەکانی کەلتوور و سیاسەتی فارس، تاڕادەیەک بێ بەرگرییەکی ئەوتۆ لەلایەن بکەرە کۆمەڵایەتییە نافارسەکان لە بزووتنەوەکەدا پڕاکتیزە دەکرێن و بەم شێوەیە بەشێک لە یادگەی بەکۆمەڵی کورد لەم بزووتنەوەیەدا پێک دەهێنن و خۆیان دەخزێننە ناو ناسنامە و شوناسی بەکۆمەڵی نەتەوەی کورد.
نموونەی ئەم کۆلۆنایزکردن و خۆسەپاندنە لە بزووتنەوەی ژینادا زۆرن. بۆ نموونە، هەر لە هەفتەکانی یەکەمی خۆپێشاندانەکاندا گۆرانیی “برای” توانی نەستی بەشێک لە کوردستانیان داگیر بکات و گەنجەکان و تەنانەت بەشێک لە چالاکانی سیاسی بیڵێنەوە و بە بیستنی تووکی جەستەیان قرژ بێت! یان بەشێک لە هونەرمەندانی کورد لەژێر کاریگەریی ئەو گۆرانییەدا بەرهەم بە کوردی بچڕن. سەیر لەوەدایە ئاستی ئەم کاریگەرییە دەگاتە جێگایەک ئەم گۆرانییە – کە ئازاری پیاوی فارسی ئێرانی، ژنی فارسی ئێرانی، ئاژەڵی پیاو و ژنی فارسی ئێرانی ناوەرۆکەکەی پێک دەهێنێ – لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی حیزبە کوردییەکانیش بڵاو دەکرێتەوە. نموونەیەکەی دیکەی ئەم کاریگەرییە دەتوانێ لە وتنەوەی درووشمەکانی “نەمان بۆ دیکتاتۆڕ”، “حیز تویی، هرزە تویی، زن آزادە منم”، “امسال سال خونە/سید علی سرنگونە”دا خۆی پێشان بدات.
لایەکی دیکەی ئەم بزووتنەوەیە توخم و رەهەندە کوردستانییەکانی سیمبول، دروشم، و سیستەمە ماناییەکانە. ئەم لایەنە جگە لە ڤێرژنی بەفارسیکراوی “ژن، ژیان، ئازادی” بە هیچ شێوەیەکی دیکە لە جوگرافیای کلتووری و زمانیی ناوچە فارسنشینەکاندا خۆی پێشان نەداوە. تەنانەت کاتێک ناوچە فارسنشینەکان ویستیان پشتگیریی لە کوردستان بکەن، تۆنی فاشیستیان بە دروشمەکان بەخشی و دروشمەکانیان گۆڕی بۆ “کوردستان، کوردستان چشم و چراغ ایران” (ئەم دروشمە بەڵگەیەکی دیکەی هەردووک کۆلۆنیالیزمی وەخۆگری ئێرانی، و کۆلۆنیالیزمی ڕۆژانەی فارسە). مەبەست لە هێنانەوەی ئەم نموونانە پێشاندانی ئاستی دەسەڵات و توانای خۆسەپاندنی توخمە کلتوری و سیاسییەکانی کەلتووری فارسە لە بزووتنەوەی ژینادا.
دیارە جوگرافیای کاریگەرییەکانی ئەم خۆسەپاندنە فارسییە – هەروەک خودی دروشمەکانی بزووتنەوەکە لە کوردستان – بەپێی ئاستی کاریگەری و حزووری ناسیۆنالیزمی کوردی دەگۆڕێ. لە هەرشوێنێک ناسیۆنالیزمی کوردی بەهێزتر بووە، بەرگرییەکی زیاتر لەبەرانبەر خۆسەپاندنە فارسییەکەدا هەبوو و ڕەهەندە فارسییەکان کەمتر کاریگەرییان هەبووە. ئەم جوگرافیایەیش هەندێک کات لە گەڕەکێک بۆ گەڕەکێکی دیکەی شارێک جیاواز بووە و گرێدراوی زۆر خاڵە و دەکرێ لە یادداشتێکی دیکەدا بە وردی باسی بکرێ.
خاڵی تەرکیزی ئەم نووسینە بریتییە لەوەی کە ناکرێ و نابێ بزووتنەوەی ژیان بە بەردەوامی یان کۆتاییهاتنی، سەرکەوتنی لە گۆڕینی ڕژێم، یان سەرنەکەوتنی لەم ئامانجە کورت بکرێتەوە. گەرچی ئەم باسانە – وێڕای ئاڵۆزی و ناڕوونیی زۆریان – یەکجار زۆر گرینگ و بنەڕەتین، بەڵام دەبێ ئەوەیشمان لەبیر بێت کە هەر لە چرکەساتی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژیناوە بەشێکی گرینگی یادگەی بەکۆمەڵ، مێژووی سیاسی، و شوناسی بەکۆمەڵی کورد چووە ژیر کاریگەریی بزووتنەوەکە و تا ئێستایش ئەم کاریگەرییە هەر بەردەوامە و خەریکە ڕوو دەدات. لە وەها دۆخێکدا، دەبێ هەموو لایەک ئاگاداریی ئاستی کاریگەریی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر یادگە، کردە، و شوناسی بەکۆمەڵی کۆمەڵگای کوردستان بن و بە هەستیارییەکی زیاترەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە بکەن.