خوێندنەوەی شێعری “رەشنووسی مەنشووری برین”
لە ئۆستوورەی یونانی کەونارادا، ئیکارۆس/ Ikaros کوڕی دایدالۆس داهێنەری دەرباری مینۆس شا (کوری زێئوس)ە. دایدالۆس بۆ زیندانییەکانی مینۆس شا “لابۆرینت”ێک (داڵان لەناو داڵان کە پڕ پێچ و ئاڵۆزە) دروست دەکا کە هاتنە دەر لێی مەحاڵە. ڕوژێک خودی دایدالۆس و کوڕەکەی واتە ئیکارۆس دەخرێنە ئەو لابۆرینتە. دایدالۆس بەهۆی کارێک دەکەوێتە بەر غەزەبی مینۆس شا.
کاتێک دایدالۆس و کوڕەکەی ئیکارۆس دەخرێنە داڵانە پێچاوپڵووچەکە، دایدالۆس لە مۆم و پەڕ بۆ خۆی و کوڕەکەی باڵ دروست دەکا تا پێی بفڕن و لە زیندان نەجاتیان بێ. دایدالۆس بە ئیکارۆس دەڵێ کە نابێ زۆر بەرز بفڕێ بەڵام ئیکارۆس دەیەوێ بەرزتر و بەرزتر بەرەو خۆر بفڕێ. بەهۆی گەرمای خۆر مۆمەکە دەتوێتەوە و ئیکارۆس دەکەوێتە ناو دەریا.
کێشەی دایداڵۆسی داهێنەر و هونەرمەندە لەگەڵ مینۆس شا ئەو لابۆرینتەیە کە تێسێئووس دەتوانێ لێی ڕابکا. کاتێک پۆسێیدۆن (خودای دەریا و ڕووبارەکان) گایەک دەنێرێ بۆ مینۆس شا تا لە کرێتا قوربانی بکرێ، مینۆس گایەکە قوربانی ناکا. هەر بۆیە پۆسێیدۆن کە خودای دەریاکانە، ژنی مینۆس شا واتە پاسیفائێ، جادوو دەکا کە ئاشقی گایەکە بێ. پاسێفائێ بۆ گەیشتن بە گایەکە داوا لە دایدالۆس دەکا کە شتێکی بۆ دروست بکا. لە گایەکە و پاسیفائێ کوڕێک/ مینۆتاوورۆس دێتە دنیا کە نیوەی ئینسانە و نیوەی گایە. ئەو “نە گا نە ئینسان”ە لە لابۆرینتەکەی مینۆس دا دەژی. دواتر مینۆتاوورۆس بەدەست تێسێئووس لە داڵانە پێچاوپڵووچەکەدا دەکوژرێ. تێسێئووس یارمەتی لە خوشکی مینۆتاوورۆس واتە ئاریادنێ وەردەگرێ. ئاریادنێ شمشیرێک و هەوداوێک دەداتە تێسێئووس کە کاتێک دەچێتە ناو داڵانە پێچاوپڵووچەکە بتوانێ مینۆتاوورۆس بکوژێ و بە هەوداوەکە بگەڕێتەوە دەر و ون نەبێ. ئاریادنێ لەگەڵ تێسێئووس ڕا دەکا بەڵام تێسێئووس لە خەودا بەجێی دەهێڵێ. کاتێک ئاریادنێ لە خەو هەڵدەستێ گێژووێژ دەبینێ تەنیا ماوەتەوە. دیۆنیسۆس لەگەڵ ئاریادنێ زەماوەند دەکا و زێووس نەمری بە ئاریادنێ دەبەخشێ.
من پێم خۆشە خوێندنەوەی خۆم هەبێ لەسەر ئۆستوورەی ئیکارۆس لە ژێر سێبەری شێعرێک دا. بەتایبەت لەسەر لابۆرینتەکانی ناو ئەم ئۆستوورەیە. ئۆستوورەی ئیکارۆس لە زۆر ڕووە شی کراوەتەوە و هێما و نمادەکانی هاتوونەتە بەرباس. لایەنی گرینگی ئۆستوورەی ئیکارۆس بەرزەفڕی ئیکارۆس بەرەو هەتاو و کەوتنی بۆ ناو دەریایە.
بەڵام بەڕای من لایەنی هەرە گرینگی ئەم ئۆستوورەیە خودی لابۆرینت/داڵانە پێچاوپڵووچەکانە کە بە دەستووری مینۆس شا دروست کراوە و کەس ناتوانێ لێیان دەرباز بێ. داڵانێک کە بە دەست داهێنەر و موهەندسێک/ دایدالۆس دروست کراوە و تەنیا ئەو، ئیکارۆس و تێسێئووس توانییان لێی دەربازبن.
ئۆستوورەکان لەڕاستیدا ئاوێنەی شەڕی ئینسان لەگەڵ ئینسان و لەگەڵ دەسەڵاتە کە لایەنی دەروونی تێیاندا زۆر بەرجەستەیە. لە ئۆستوورەی ئیکارۆس دا داڵانە پێچاوپڵووچەکانی دەسەڵات شوێنی زیندانی کردنی ئینسانەکانە؛ ئەوانەی دژبە دەسەڵاتن. ئەو داڵانە دەبێتە قەفەسی “ئەویتر”ەکان کە لە باقی کومەڵگا ناچن. ئینسان لەناو ئەو داڵانە پێچاوپڵووچانەدا هێندە دەسووڕێتەوە تا لە پێ دەکەوێ و دەمرێ.
مەنشوورە یەک لە دوای یەکەکانی دوای ڕاپەڕینی ژینا ڕاست داڵانە پێچاوپڵووچ و زنجیرەکانی دەسەڵاتێکن کە لە دوای مەشرووتە و سازبوونی دەوڵەتی ئێرانی هەرگیز دانیان بە مافی نەتەوەکانی دیکە دانەناوە و دەستوباڵی ژێردەستەکانی بەستووە. ئەو دەسەڵاتانە بە هەر ڕەنگ و فۆڕمیک کە بوون بە نووسینی مەنشوور و بە ڕێگای ئاپاراتووسی یاسایی و بە حوکمی جۆراوجۆر کە لەسەر پایەکانی دینی شیعە، نێرسالاری و مەزنخوازی زمان و دەسەڵاتی ئێتنیکی فارس دامەزراوە، تەنیا داڵانێکی پێچاووپڵووچیان پێک هێناوە کە ژێڕدەستەکان تێیدا گێژ دەبن و لەو داڵان لەناو داڵانەدا تەنیا ڕاکەڕاکەیانە و هێندێک جار سەریان وێک دەکەوێ و تەنانەت یەکتر دەکوژن.
مەنشوورە جۆراوجورەکانی چین و توێژەکانی نەتەوی سەردەست هیچکام دیوارەکانی ئەم داڵانە ناڕووخێنن تا ئینسانی ژێردەست بە ئازادی و بە پێی بڕیار و مافەکانی خۆی بژی. لەناو هەموو ئەو مەنشورانەدا داوی ڕێنوێن بۆ هاتنە دەر لە داڵانەکە هەر نییە و یا ونە.
کەچی هێندێک باڵندەئاسا لەم چەند مانگەدا هەموو سەد ساڵی ڕابردوویان هێنا ژێر پرسیار و مەنشووری ئازادیی خۆیان بانگ دا. ئەوان بوونە گەروویەکی نەرم بۆ سروودی ڕزگاری. لەوان مەنشووران، “رەشنووسی مەنشووری برین”ە کە دەقێکی شاعیرانەیە. ڕەشنووسێک کە پڕە لە هەنسیکی سەدساڵە. پڕە لە دڵپڕی ئینسانی کورد لە شەقامی تەنیایی دا. ئەو ڕەشنووسە پەردە لەسەر ڕووی ڕاستەقینەی داگیرکەران لادەدا. لەم مەنشوورەدا شاعیرێک دەبێتە ماسی و قووڵایی هەموو ئاوەکان هەڵدەداتەوە. لەدوای بن بەستەکان دیوارەکان دەسڕێتەوە. بە هەموو باخەکانی نیشتمان دەڵێ “دایە” و بە هەموو وەرزەکانیش دەڵێ “دەزگیران”.
شاعیر نە لابۆرینت بەڵکوو ڕێگایەک بۆ ئازادی دەخوڵقێنێ کە ئەوسەری بگاتەوە ژنێکی چاوڕەش و یەکیتریش دەگاتە کیژێک کە دەستەکانی ڕاڤەی دەریان.
یۆنس ڕەزایی لە مەنشوورێکی ڕاستگۆیانەدا، و بە شێعرێکی مافخوازانە هاوڕێ لەگەڵ شەقام دە خاڵی سپی دادەنێ و دەڵێ کە ئێمەی بندەست دەبێ ڕێگای دیکە بگرینە بەر:
١- ئێمە لە ترسی بەستەڵەک
بە دەوری ئاورەوە سروود دەخوێنین
٢ـ دەبێ یاساکان
بە رێنووسی ترێ بنووسین
٣- زمانی فەرمی لەوە بەو لا
زمانی باڵە
٤- مێژووی ئێمە پێشینەی تەنیایی دارە
٥- هەموو پاسارییەکان
بەیانی دەبێ بێنە سەر گوێسوان
٦- بەرەبەیان روو بە شاخەکان بڵێن:
بەیانیت باش داهاتوو
٧- ئێواران روو لە فانووسێک بڵێن:
شەوباش رووناکی
٨- هەر کەس
لەسەر گەمییەک خەون ببینێ
شەپۆلی دەمارەکانی خۆی بناسێ
٩- دەنگ بدەن بە رێگا
بە رێبواریش
بە پێدەشت و بە بناریش
دەنگ بە شەقام بدەن
ئەو دەمەی بێدەنگە
کاتێک پڕە لە هاواریش
١٠- سنوورەکانی نیگای کچان بەفەرمی بناسن
کە هەم تۆفانیان زانیوە
هەم ئایەتی دلۆڤانیش
.
دواتر ڕەزایی واژۆکەرانی ئەم ڕەشنووسە ئاشکرا دەکا:
شاعیرێک بە رستەیەک ژانەوە
ژنێک بە بەرهەڵبێنەیەک بارانەوە
کوڕێک بە یادی بەندیخانەوە
پەنجەرەیەک لە سەردەمی کرانەوە
حەشێمەتی تەنیاییەکان
لە هەرێمی خیابانەوە.
بەڵام شاعیر بە هەناسەی ئینسانەوە، دەستی خەڵک لەناو کۆڵانە پێچاوپڵووچەکانی دەسەڵاتدا نابەستی و هەودای گەیشتن بە ئازادی و هاتنە دەر لە لابۆرینت دەداتە دەستی خەڵک تا کێی دیکە بخوازێ ناوی خۆی لێ زیاد بکا. شاعیر وەک ئیکارۆس بۆ گەیشتن بە هەتاو و ئازادی بەرز دەفڕێ، هێندە بەرز کە دواتر دەکەوێتە ناو دەریای زانست و ئەزموون و وشە تا وەک ماسی مەلە بکا.
وە من ناوم بە واژۆکەرانی “رەشنووسی مەنشووری برین” زیاد دەکەم.
*
رەشنووسی مەنشووری برین
یۆنس ڕەزایی
لە دوای دەستپێکی هەنیسک
باران بەفەرمی دەبارێ
لە پاش رێسای تەڕی باران
حەفتەی روانەوەی چیایە
من دڵپڕی خۆم درکاندووە بۆ ئێوە
ئەی دارەکانی سەر شەقامی تەنیایی
بۆیە گەڵا گەڵاتان رێژنە بوو
ئێوەش
پایزی خۆتان ئاشکرا کرد بۆ کۆڵان
وا هەر شەپۆلە و رادەبێ بە دابی گڕ
لە پاش زامی چۆمەوە من ماسیم
قووڵایی هەموو ئاوەکان هەڵدەدەمەوە
لە سەرەتای سوورایی زمانی ون بووم دەگەڕێم
لە واتای برینی ئەو رووبارەش
لە مێژە لە من دا دەبزوێ
لە دوای بن بەستی وەرزەکانی ژنێک
دیوارەکان دەسڕمەوە لە واتای رێدا
هەنگاوەکان بە تامی مێوینەیی بەهار دەژمێرم
بە هەموو باخەکانی نیشتمان دەڵێم دایە
بە هەموو وەرزەکانیش دەڵێم دەزگیران
کۆڵانێک دەخوڵقێنم ئەوسەری بگاتەوە ژنێک
چاوی رەش بێ
یەکی تریش بە کیژێک کۆتایی بێ
دەستەکانی راڤەی دەریابن
ئێستا لە شێعرێک دا
چەند خاڵی سپی دادەنێم
هاوڕێ لەگەڵ تێکڕای شەقام
١- ئێمە لە ترسی بەستەڵەک
بە دەوری ئاورەوە سروود دەخوێنین
٢ـ دەبێ یاساکان
بە رێنووسی ترێ بنووسین
٣- زمانی فەرمی لەوە بەو لا
زمانی باڵە
٤- مێژووی ئێمە پێشینەی تەنیایی دارە
٥- هەموو پاسارییەکان
بەیانی دەبێ بێنە سەر گوێسوان
٦- بەرەبەیان روو بە شاخەکان بڵێن:
بەیانیت باش داهاتوو
٧- ئێواران روو لە فانووسێک بڵێن:
شەوباش رووناکی
٨- هەر کەس
لەسەر گەمییەک خەون ببینێ
شەپۆلی دەمارەکانی خۆی بناسێ
٩- دەنگ بدەن بە رێگا
بە رێبواریش
بە پێدەشت و بە بناریش
دەنگ بە شەقام بدەن
ئەو دەمەی بێدەنگە
کاتێک پڕە لە هاواریش
١٠- سنوورەکانی نیگای کچان بەفەرمی بناسن
کە هەم تۆفانیان زانیوە
هەم ئایەتی دلۆڤانیش
واژۆکان:
*شاعیرێک بە رستەیەک ژانەوە
*ژنێک بە بەرهەڵبێنەیەک بارانەوە
*کوڕێک بە یادی بەندیخانەوە
*پەنجەرەیەک لە سەردەمی کرانەوە
*حەشێمەتی تەنیاییەکان
لە هەرێمی خیانانەوە
کێی دیکە ناوی زیاد دەکا
با ببێتە نیشتە جێی شێعرێک
بە پەراوێزی هەناسەی ئینسانەوە
یۆنس رەزایی
338
لاوان، حیزبەکان و پەروەردەی سیاسیچە کسی در کردستان از مرگ ژینا امینی می ھراسد؟...
Scroll to top
خوێندنەوەی شێعری "رەشنووسی مەنشووری برین"