ئارامتر بخوێنەوە

ڕوحی هیتلێر و شەوانی شووشە و خوێن لە کوردستان

داود عوسمانزادە


مانگی نۆڤەمبەری ١٩٣٨ حیزبی سۆسیال ناسیۆنال لە ڕایشی ئەڵمان هێرشێکی دڕندانە دەکاتە سەر جووەکان. ئەم هێرشە لەنێوان ٧ بۆ ١٣ی نۆڤەمبەر بەردەوام دەبێ و، تێیدا سەدان جوو دەکوژرێن، بریندار دەکرێن، خانوو، پەرستگە، دووکان و تەنانەت گۆڕستانی جووەکانیش دەکەوێتە بەر شاڵاوی هێرشی دڕندانەی نازییەکان. جگە لەم هەموو کوژراو و بریندارە، ژمارەیەکی زۆری جووەکانیش دەنێردرێن بۆ ئۆردووگای کاری زۆرەملێ و، لەوێ لەژێر نامرۆڤانەترین دۆخ لە کاری زۆرەملێدا دەمرن، یان لەدار دەدرێن. شەوانی ٩ و ١٠ی نۆڤەمبەری هەمان ساڵ کۆمەڵێک هێرشی بێ‌بەزەیی‌یانەی ڕێکخراو دەکرێتە سەر جووەکان، لە شەقامی شارەکانی ئەڵمان و ڤییەن شووشە و پەنجەرەی دووکانی جووەکان دەشکێندرێن و خوێنی جووەکان لەسەر شەقامەکان لەگەڵ وردەشووشەی دووکانەکانیان تێکەڵ دەبن. ئەم شەوە کە تێیدا خوێن و شووشە لەگەڵ یەک تێکەڵ بوون، ناو دەنرێ KRISTALLNACHT (شەوی شووشە: شەوێک کە شووشە و خوێن تێکەڵی یەک بوون)، بەڵام دواتر بۆ ئاماژەکردن بەم شەوە، وشەی شەوی پۆگڕۆم (Pogromnacht) بەکار دەهێنرێت. ٨٤ ساڵ دوای ئەم کۆمەڵکووژییەی جووەکان، ڕێک لە مانگی نۆڤەمبەردا هێزەکانی ڕژێمی ئێران بەهەمان شێوە، شەو بە چەکی قورس بە شەقامەکانی شارەکانی کوردستان وەردەبن، کارەبا دەپچڕێنن، بە شێوەی هەڕەمەکی تەقە لە ماڵ و دووکانی خەڵکی کوردستان دەکەن، هێرش دەکەنە سەر ماڵەکان، خەڵک دەگرن و دەیانبەنە بەندیخانە، تەقە لە خەڵک و شووشە و پەنجەرەی ماڵان و ئۆتۆمۆبێلان دەکەن و، خوێنی خەڵکی کوردستان لەسەر شەقامەکان تێکەڵ بە شووشە و پەنجەرەی ماڵەکانیان دەکەن. بە هەمان شێوەی نازییەکانیش سەر دیوار و نێوماڵی خەڵکی کوردستان بە پێنووسی ڕەش دەنووسن و شوێنەواری دڕندەییی خۆیان بۆ بڵاوکردنەوەی ترس بەجێ دەهێڵن. بەم شێوەیە شەوی تێکەڵبوونی خوێن و شووشە لەسەر شەقامەکانی کوردستان لەلایەن نەوەکانی هیتلێرەوە لە هەمان مانگدا شەوێکی پۆگڕۆمی دیکە لە جوگرافییایەکی دوورتردا بۆ مێژووی دڕندەیی تۆمار دەکات. نا! ئەم ڕێکەوتە هەڵەیە. شەوی پۆگڕۆم لە کوردستان یەکەم جار لەگەڵ فەتوای خومەینی ڕوو دەدات. ئەمەیش ڕێکەوتێکی دروست نییە، بەڵکوو شەوی پۆگڕۆمی کوردستان لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی نوێی ئێران (دەوڵەتی پاڵەوی لە ساڵی ١٩٢٥) و بەدامەزراوەیی کردنی ناسیۆنالیزمی نازیستیی ئێران دەست پێ دەکات و، تا نۆڤەمبەری ئەمساڵ هەموو جارێک هیتلێرەکان بە تاوانی کوردبوون لە شەقامەکانی کوردستان خوێن و شووشەی شکاوی ماڵ و دووکانەکانی خەڵکی کورد تێکەڵ بە یەکتر دەکات. مەتیاس کوتزێل بە دروستی ئاماژە بەوە دەکات کە ناسیۆنالیزمی ئێرانی زڕمنداڵی نازیسم و ناسیۆنال سۆسیالیزمی ئەڵمانە. جگە لە ئۆستوورەی ئاریایی و، هاوبەشی بناغە سەرەکییەکانی ناسیۆنالیزمی ئێرانی لەگەڵ نازیسمی ئەڵمانی، بەشێک لە خەڵکی ئێرانیش بۆ ماوەیەکی زۆر لەژێر کاریگەریی پڕوپاگەندەی نازیسمدا بوون و، ئەم کاریگەرییانە تا ئێستایش بەشێوەی جیاواز دەردەکەوێت. لە کاتی شەڕی دووهەمی جیهانیدا وەزارەتی پڕوپاگەندەی ئەڵمانیا ڕادیۆ زیسێنی بە زمانی فارسی لە ئێران دامەزراندبوو. ئەم ڕادیۆیە هەوڵی پەرەپێدان بە نازیسمی ئەڵمانی دەدا. کاریگەریی ئەم ڕادیۆیە تا ئەو ئاستە بوو کە بە پێی بەڵگەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمان بەشێکی بەرچاوی خەڵکی ئێران گەیشتبوونە ئەو بڕوایەی کە هیتلێر هەمان ئیمامی مەهدییە و، لە وڵاتی ئەڵمان وەدی هاتووە! ناسیۆنالیزمی ئێرانی لە زۆر ڕووانەوە بەتوندی لەژێر کاریگەریی نازیسمی ئەڵمانیدایە، هەربۆیە بووەتە فاشیزمێکی مەترسیدار کە توانای هەڵکردن لەگەڵ هیچ ئەویترێکی جیاوازی نییە و “چارەسەریی کۆتایی The Final Solution *[1]”ی بۆ هەموو جیاوازییەکان پێیە. لەخۆڕا نییە لە کاتی سەرۆککۆماریی ئەحمەدینەژاددا ناوبراو چەندین جار لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەڕێوەبەڕەکانی وڵاتی ئەڵمان باس لە هاوبەشیی نەژادیی ئێرانییەکان و ئەڵمانییەکان دەکات؛ دەربڕینێک کە تووڕەيی، شەرم، و سەرسووڕمانی ئەم کاربەدەستانەی بەدوادا دێت. فاشیزمی ئێرانی زۆر خاڵی هاوبەشی لەگەڵ نازیسمی ئەڵمانی هەیە و لە هەموو دەرفەتێک بۆ ئەنجامدانی تاوانی گەورە لەگەڵ هەموو ئەوانیتری غەیرەفارسدا کەڵک وەردەگرێت. گرینگ نییە جلی فاشیزمی ئێرانی جلێکی سێکولار بێ یان جلێکی ئایینی، ئەم فاشیزمە لە هەردووک دۆخدا تەنیا وێرانی و دڕندەیی لەدوای خۆی بەجێ دەهێڵێ. تا ئەو کاتەی فاشیزمی ئێرانی زیندووە و دەسەڵاتی هەیە، ڕوحی هیتلێریش لە شەقامەکانی کوردستان لە جلی پاستارانی ڕژێمی ئێرانیدا دەردەکەوێت و، هەموو شەوێک ئامادەی دروستکردنی شەوێکی پۆگڕۆمە بۆ کورد. [1] چارەسەریی کۆتایی لە سەردەمی ساڵانی شەڕی دووهەمی جیهانی فۆڕموڵ و پلانی نازییەکان بوو بۆ چارەسەریی هەمیشەیی ئەوەی ناویان نابوو پرسی جوولەکە. ئەم چارەسەرییە کۆتاییەیش بریتی بوو لە جێنۆساید و کووشتنی هەموو جولەکەکانی دونیا.

ڕوحی هیتلێر و شەوانی شووشە و خوێن لە کوردستان

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان