ئارامتر بخوێنەوە

ژینا ئەمینی: ئەو ژنەی مردنەکەی بووە چەخماخەی ناڕەزایەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان


دکتۆر لوقمان ڕادپەی

گۆڤاری نەشنال (سکۆتلەند) –  ٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢

وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەنپوور


ژینا ئەو ڕۆژە، یان هەر ڕۆژێکی دیکە، بەتەمای شەهید بوون نەبوو. وەک هەر ژنێکی تەندروستی مودێڕن لە تەمەنی ٢٢ ساڵیدا، ژینا ئەمینی بەتەمای ژیان بوو. واتە، ژیانێک کە ئەو و خۆشەویستانی پێیان وا بوو لە پێشیانە، بە هەموو بەڵێنی، بەرپرساییەتی و خۆشییەکانییەوە.

ئەو لەگەڵ بنەماڵەکەی لە سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ سەردانێک لە تاران-ی پایتەخت بوو. کوردەکان ڕوانگەیەکی کراوەتریان لەمەڕ ژیان هەیە کە ئەوان لە دەسەڵاتدارە تیۆکراتیکە ئێرانییەکانیان جیا دەکاتەوە. کوردەکان لەسەر ئەو بڕوایەن کە ئەوان گەلێکی جیاوازن، چونکوو ئەوان: خەڵکێکی جیاوازی نافارسن، زمانی خۆیان هەیە، بە شێواز و ڕوانگەی مودێڕنەوە نزا دەکەن، جلوبەرگی جێگای ڕێز بە پێوەری خۆیان دەپۆشن، مێژوو، ڕۆژژمێر و نیشتمانی خۆیان هەیە.

لە کوردستان، ژینا ژیانێکی تا ڕادەیەک ئازادی هەبوو، بە تایبەت جلوبەرگی لە دەرەوە نەبووەتە هۆی هەڵسوکەوتێکی نەشیاو لەگەڵی. شێوەی جلوبەرگ پۆشینی سەپێنراو لەلایەن ئێرانییەکانەوە هیچ لایەنگرێکی لەناو ژنانی کوردستاندا نییە، ژینا کە ڕوانگەیەکی مودێڕنی هەبوو، دەیزانی لە تاران هەلومەرج جیاوازە. حیجاب لەوێ زۆرەملییە. نابێ هیچ جێیەکی قژی دیار بێت. هەروەها ماکیاژیش بە گوێرەی ڕێساکان ڕێگا پێنەدراوە. “گەشتی ئیرشاد”، کە زۆرجار پێی دەڵێن “پۆلیسی ڕەوشتیی” بۆ سەپاندنی ئەو بڕیارە پەسەند کراوانە، بە ئۆتومبێلی وەن لە شاردا دەگەڕێن.

ژینا دروست لەبەر ئەوە ئامادەی سازش بوو، چونکە ئەو بەتەمای بەدناوبوون نەبوو، چ بگا بەو کۆتاییە لەناکاوە دڕندانەیە، یان بۆ شەهید بوون. ئەو ڕۆژە ژینا لە تاران حیجابی پۆشیبوو. بەڵام حیجابەکەی بەو ڕادەیە نەبوو کە گەشتی خۆتێهەڵقورتێنی ئیرشاد چاوەڕوانییان دەکرد.

بۆیە دەستبەسەر کرا. ئەویان گواستەوە بۆ ناو وەنێک و دەستیان کرد بە لێدانی. ژنانی دەستبەسەرکراوی دیکە لە هەمان وەندا ئەو لێدانانەیان پشتڕاست کردۆتەوە. ئەو ڕۆژی، پۆلیسە ڕەوشتسەپێنەکانی گەشتی ئیرشاد، بە یونیفۆرمە بێ پەڵەو و ڕدێنە قەڵەمکراوەکانیانەوە دەیان ژنی دیکەیان بەهەمان تاوان دەستبەسەر کردبوو. بەڵام ئامۆژگارانی ڕەوشتپاکیی بە توندی لە ژینایان دا. وەها توند کە ئەو لە هۆش چوو و کەوتە دۆخی کۆما و سێ ڕۆژ دواتر لە نەخۆشخانە بە هۆی ئەو زەبرەی لە مێشکی درابوو، گیانی سپارد. قەرار بوو دەستبەسەر کرانەکەی شتێکی کاتی بێ، بۆ هۆشیار کردنەوە لەمەڕ ڕێسای بەرگپۆشین.

کە وا بوو، بۆچی ژینا تەنیا کەسێک بوو کە لەبەر لادان لە ڕێسای حیجاب گیانی لێ ئەستێندرا؟ بە گوێرەی برای ناوبراو، ئەو بە ئەفسەرەکانی گوت لە تاران غەریبەیە، ناڕاستەوخۆ ئاماژەی بە شوناسی کوردیی خۆی کرد. بەڵام کەس گوێی نەدایە. یان بە ڕاستی گوێیان دایە، بە وەڵامێکی کوشندە.

ڕۆژانە زۆر خەڵکی بێ تاوان لە سەرانسەری جیهان نادادپەروەرانە دەکوژرێن و بە نەناسراوی دەمێننەوە. چۆنە ژنێکی ٢٢ ساڵانە تەنیا لەبەر لەچکەیەک، حیجاب، شەهید دەکرێ  و نەتەنیا دەبێتە نوێنەر و ڕەمزی سەرکوتی ژنان، بەڵکو ژێردەستەکردنی گەلێک، واتە کورد؟

ڕۆژی دواتر و پاش ڕێوڕەسمی ناشتنی ژینا، ناڕەزایەتییەک لە سەقز دەستی پێکرد کە سەرانسەری ئێرانی گرتەوە. ئەوە یەکەمجار نەبوو کوردەکان ناڕەزایەتییان دەردەبڕی. دوای “شۆڕشی ئیسلامی” لە ١٩٧٩، کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕێبەریی فواد مستەفا سوڵتانی (ناسراو بە کاک فواد)، یەکەم جووڵانەوەی بەرگرییان دامەزراند کە لەوێدا ڕێپێوانێک بۆ ئۆردووگایەک لە دەرەوەی شاری مەریوان دژی هەڕەشە و بوونی هێزەکانی ڕێژیم بەڕێوە چوو.

ئەو هەنگاوە کوردەکانی شارەکانی دیکەی هان دا تا بە ئاشکرا دژی دەسەڵاتی نوێ لە تاران بوەستنەوە. هێندەی پێ نەچوو کورد بەرەوڕووی فەتوای جیهادی ئایەتوڵڵا خومەینی دژی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ئاگوستی ١٩٧٩، بوونەوە. هێزە ئەمنییەتییەکان بەرەو ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێ کران کە فەتوایەکە لەوێ بووە هۆی جینایەت و تیرۆری پشتگیریکراو لەلایەن دەوڵەتەوە دژی کوردان. لەو کاتەوە کوردەکان پەیتاپەیتا سەرهەڵدانیان کردووە، بە تایبەتی بە مانگرتنی گشتی، جار لە دوای جار بەرەوڕووی سیاسەتە سەرکوتکارانەکەی پەسەندکراو لەلایەن ڕێژیمی ئێران دژی مافە سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانیان بوونەوە.

تا ئەم دواییانە، ڕژیم لە ورووژاندنی پشتگیریی لە بەشەکانی دیکەی وڵات، بە بیانووی ئەوە کە کوردەکان هەوڵ دەدەن ئێران بەش بەش بکەن، سەرکەوتوو بوو. ڕژیم کوردەکانی لە ڕوانگەی ئەتنیکی و ئایینییەوە کردۆتە “ئەویتر”. بەڵام ئەو ستراتێژییە ئێستا شکستی هێناوە. وەک پرسێکی هاوبەش دەگەڵ کوردان، کوشتنی ژینا بۆتە بیانوویەک بۆ یەکگرتنی کۆمەڵگا پەرتەوازە نەتەوەیی و ئەتنیکییەکان کە بە هەمان شێوە بە دەست سیاسەتەکانی تارانەوە دەناڵێنن.

وەک هەمیشە، ناڕەزایەتی بەرانبەر بەوەی ژینا تووشی بوو، بەرەوڕووی سەرکوت بۆتەوە. بە گوێرەی ڕێکخراوەی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، ٣٠ کورد کوژراون و ١٤٠٠ بریندار بوون. لە دەستبەسەرکردنە بەکۆمەڵەکاندا کە بە تایبەتی شەوانە جێبەجێ دەکرێن، زیاتر لە ٢٠٠٠ کەس، لە ناویاندا ژنان، دەستبەسەر کراون کە بەرەوڕووی چارەنووسی مەترسیدار دەبنەوە.

بەرپەرچدانەوەی دەسەڵاتدارانی حاکم بەرانبەر بەو خۆپیشاندانانە بێ وێنەیە، چونکوو بووەتە پرسی مان و نەمانی ڕێژیم. لەبەر بێتوانایی کپکردنی ناڕەزایەتییەکان، ڕژیم وەک هەمیشە بۆ تۆڵەکردنەوە بە درۆنی خۆکوژ و هاژەک هێرشی کردۆتە سەر ئامانجە مەدەنییەکان، لە ناویاندا قوتابخانەیەکی سەرەتایی و بنکەی بەڕێوەبەرایەتیی حیزبە کوردییەکان لە باشووری کوردستان (لە عێراق) کە لە ئاکامدا ١٦ کەس کوژراون، لە ناویاندا ژنێکی دووگیان و کۆرپەکەی و، ٤٧ کەسیش بریندار بوون.

تا ئەمڕۆ، بۆمبارانەکان بەردەوامن. پێشێلکردنی سەروەریی دەوڵەتێکی دیکە بە مەبەستی بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی لە سەرنجدان بە خۆپیشاندانەکانی ناوخۆی ئێران و تاوانبارکردنی حیزبە کوردییەکان وەک هاندەری ئەو خۆپیشاندانانە بووە. وەکوو تووڕەیی جەماوەریی بە هۆی سیاسەتە سەرکوتکارانەکانیان پێویستی بە ورووژاندنی دەرەکی هەبێ.

ئەگەرچی ژینا ئیستا بۆتە سیمبۆلی خەباتی کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خەڵکی ئێران دژی سەرەڕۆیی سیستەمی ئایینی، ئەوەی کوردەکان دەیانهەوێ مافە سیاسیی، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانیانە کە لە ماوەی ڕژیمەکانی پێشوو و ئێستادا  زەوت کراون. کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هیچ دەسەڵاتێکیان بە سەر دامەزراندنی ئەو ڕژیمانەدا نەبووە و هەموو دەسەڵاتێکی سیاسییان لێ زەوت کراوە. هیچ دەوڵەتێک وەزیری ئەوتۆیان نەبوون کە نوێنەری گەلی کورد بن. 

لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا، کوردەکان زۆر جار لە هەوڵەکانیان بۆ مافە بنەڕەتییەکانی چارەی خۆنووسینی خۆیان وەک گەلێکی جیاواز و لێکدابڕاو بەسەر چەند دەوڵەتی خانەخوێدا، خیانەتیان لەگەڵدا کراوە. ئەوە میراتی سیاسەتی بریتانیا و فەڕانسە لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەمە، کە مافی هەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆیان لێ زەوت کرا.

پاش ئەوە، بە وەلانانی پرینسیپەکان، زلهێزەکان خۆیان تێنەگەیاند. چونکوو لەگەڵ سیاسەتی ئەوان یەکی نەدەگرتەوە. بە هۆی نەبوونی سەربەخۆیی، کوردەکان لە سەدەی ڕابردوودا قەڵاچۆ کراون. هەر هەوڵێکی کوردان بەرەو کوردستانێکی سەربەخۆ بە شێوەیەکی دڕندانە و بە کۆمەڵکوژیی سیستماتیک و چەوساندنەوە، سەرکوت کراوە.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆلۆنیکردن شێوازێکی ناوخۆیی بەخۆوە گرتووە. ڕژیمی ئێران ناوچە کوردییەکانی بە سیاسەتی هەڵاواردن لەسەر بنەمای ئەتنیک و ئایینەوە ژێردەستە کردووە. سەرەڕای ئیدیعای ڕێژیم لەمەڕ دژی کۆلۆنیال و دژی ئیمپریالیست بوون، ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک ناوچەیەکی بێماف ماوەتەوە.

تاران گەشەی ئابووریی پارێزگا کوردەکانی پشتگوێ خستووە و وەک شێوازێکی کۆلۆنیالیزمی ئابووری بەرزترین ئاستی بێکاریی بەسەردا سەپاندوون. لەجیاتی وەبەرهێنان، ڕژیم کەڵک لە سیاسەتی پێشکەوتووی ئەمنییەتی، لە ناویاندا میلیتاریزەکردن و سنووردارکردنی ژیانی کوردان، ڕەچاو کردووە.

گیانی ژینا ئارام بێ. سێ حەوتوو لە یەکەم پڕیشکێک کە بووە هۆی دەستپێکی سەرهەڵدانێک تێپەڕ بووە، کە بێتوو سەرکەوتوو بێ، کاردانەوەی بۆ سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێ. ئەگەری سەرکەوتنی ئەو سەرهەڵدانە بەستراوەتەوە بە بەردەوامیی بەربەرین بوونەوەی.

بەڵام پشتیوانیی ناونەتەوەیی دەتوانێ هێزێکی پاڵنەر بێ. پشتیوانیی لە کوردان لە ناوچە ناسەربەخۆکانی کوردستان (باشوور، باکوور و ڕۆژاوا) نموونەیەکی دیکەیە بۆ کردەوەی هاوبەش لەناو گەلێکدا کە بەیەکەوە وڵاتێکی کۆرپە پێکدێنن: واتە کوردستان.         

ژینا ئەمینی: ئەو ژنەی مردنەکەی بووە چەخماخەی ناڕەزایەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان