ئارامتر بخوێنەوە

ژێئۆپۆلیتیکی بزووتنەوەی ژینا

چیا کاویان


پێشەکی

تەواوی بزووتنەوە سیاسی – کۆمەڵایەتییە ڕادیکاڵەکان جگە لە لایەنی کولتتوری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری لایەنێکی ژێئۆپۆلیتیکیشیان هەیە، سەرکەوتنی ئەم بزووتنەوانە سەرەڕای ئەوەی پێویستی بە لەباربوونی بارودۆخی ناوخۆ هەیە تا ڕادەیەکی زۆر دەبێت زەمینەی گۆڕان لە دەرەوەشدا ئامادە بێت، دەنا لە ناو دەچێت یان بە لاڕێدا دەبردرێت. ئەگەر سەرنجی زۆرێک لەو بزووتنەوانەی ئەم دواییانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدەین، بەتایبەت لە میسر و سووریا گرینگی لایەنی ژێئۆپۆلیتیکی وڵاتانی ئاخێزی ئەم بزووتنەوانەمان بۆ دەردەکەوێت. ژێئۆپۆلیتیک دواهەمین حەڵقەی کامڵبوونی ئەم بزووتنەوانەیە کە چارەنووسی گرێدەدات بە ژینگەی سیاسی نیونەتەوییەوەو شوێنپێ کۆمەڵیک هێز لە دەرەوی بازنەی ئەم بزوتنەوانەمان بۆ دەردەخات کە ئەگەر نەبینرێت و هەوڵ نەدرێت هەنگاوەکانی شۆڕش لە ناوخۆ لە گەڵ بەستێنی سیاسەتی نێودەوڵەتی هاوتەریب بکرێتەوە ئیدی شۆڕش لە شەرێکی دۆن کیشۆتیانەی بێ‌ئامانج و ستراتیژی دەچێت کە وەهم و سووڕانەوە لە بازنەی بەتاڵ دەکات بە نەسیبمان.

ڕەنگە هیچ نەتەوەیەک بە ئەندازەی کورد لە سەد ساڵەی مودێرنی خۆیدا قوربانی ژێئۆپۆلیتیک نەبووبێت و لە هەمان کاتیشدا بێ‌ئاگا و نەزانانە مامڵەی لەگەڵ ئەم بکووژەی خۆیدا نەکردبێت. ئەگەر ژێئۆپۆلیتیک بە واتای کاریگەری جۆغرافیا، هەڵکەوتەی جۆگرافیایی، تۆپۆگرافی، پانتایی، سەرچاوە ژێرزەوی و ڕووزەوەییەکان و حەشیمەت لە سەر سیاسەت بێت، ئەوە کورد لەمەدا پشکی شێری بەرکەوتووە و کۆی ئەم فاکتەرانە دەورێکی نەرێنی گەورەیان لە سەر چارەنووسی سیاسیدا گێڕاوە. ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە کورد هیچکات نەیتوانیوە بەشێوەیەکی ئاگامەند سیاسەتی خۆی بخاتە خزمەتی بێ‌کاریگەر کردنی ئەم لەمپەرە جۆغرافییانەوە بەڵکوو تەسلیمی چارەنووسی سیاسی سەپێنراوی ئەم فاکتەرانە بووە. ڕاستە زۆربەی ئەو فاکتەرانەی لە ژێئۆپۆلیتیکدا دەوری کاریگەر دەگێڕن نەگۆڕن بەڵام ململانێ هێزەکان، بەستێن و موحیتی ئەم ململانێیانە، بەرژەوەندی و ستراتیژی ئەوان لە قۆناغە مێژووییە جۆراوجۆرەکاندا درگا لە سەر تەفسیر و ڕۆڵی جیاواز بۆ ئەم فاکتەرە نەگۆڕانە دەکاتەوە و چارەنووسی سیاسی جیاواز درووست دەکات.

ئەگەر هەڵکەوتەی زاگرۆس – تۆرۆس لەناو دڵی کوردستان دەورێکی نەرێنی گەورەی لە بێ پەرژین کردنی ناوەندە گەورە شارەکانی کوردستاندا گێڕاوە، کولتووری خێڵەکی لەناو کورددا بەهێز کردوە، ڕۆحی سەرەڕۆیی و یەکتر قەبووڵ‌نەکردنی درووست کردووە، بەری بە گەشەی سرووشتی کۆمەڵگای کوردی گرتووە، کوردستانی کردووە بە ناوچەی ململانێی هێزەکان، بە پردەبازی شۆڕش ئەمڕۆکە دەتوانێت دەروازەیەک بێت بۆ ڕزگاری کوردستان و لابەلا کردنەوەی کێشە ژێئۆپۆلیتیکییەکانی ناوچەکە. کەواتە پێش لەوەی هەنگاو بۆ ڕزگاری هەڵبێنین دەبێ بزانین لە چ قۆناغێکی مێژووییدا دەژین؟ ململانێی هێزەکان بە چ شێوەیەکە؟ سیستەمی جیهانی و نەزمی نێودەوڵەتی چۆنە و بەرەو چ ئاقارێک دەڕوات؟ جێگەو پێگەی ئێمە لە نێوان ئەم هێزانە لە کوێدایە و بەرژەوەندی ئێمە لە کوێدا و بە چ شێوەیەک لەگەڵ ئەم هێزانەدا هاوجووت دەبێتەوە؟ سیاسەتی کوردی خۆی بەرهەمی ژێئۆپۆلیتیکە، پەرچەکردارێک بووە لە بەرانبەر بکەری هێزە ژێئۆپۆلیتیکییەکاندا بەڵام لە سەر نەبینین و حاشا لێکردنی ژێئۆپۆلیتیک ڕاوەستاوە. بەڵگەش بۆ ئەم قسەیە بەشێکی گەورەی شۆڕشەکانی کوردە کە بە هۆی لە بەرچاو نەگرتنی بارودۆخی ژێئۆپۆلیتیکی تووشی شکست بووە، تەنانەت ئەو ساتەوەختانەی بارودۆخەکە لەبار بووە ئەم نابیناییە وایکردووە کە هێزە کوردییەکان بە هەڕەشە و گوشاری دەرەکی لە دەوری یەکتر کۆبوونەتەوە. لێرەدا ڕەنگە جێگەی نەبێت لەمە زیاتر باس لەم دەردە کوشەندە مێژووییە بکەم بەڵام کاکڵەی سەرەکی ئەم نووسینە لەسەر گرنگیدان بە لایەنی ژێئۆپۆلیتیکی کیشەی کورد ڕاوەستاوە.

گریمانەی بنچینەیی ئەم باسە ئەوەیە شۆڕشی کورد لە هەر پارچەیەکی کوردستان کاتێک سەردەکەوێت کە بارودۆخی ژێئۆپۆلیتیکی لەبار بێت هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ سرووشتی ئەم کێشەیە کە لە بنەڕەتدا کێشەیەکی ژێئۆپۆلیتیکییە. کەواتە ئەو شۆڕشەی ئێستا کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەریکی بڵێسە سەندنە لایەنێکی ژێئۆپۆلیتیکی زۆر گرینگی هەیە کە پێویستە لە دەرەوەی ئەو هات و هاوارە سیاسییە و شەڕی هەیمەنە، کورسی و پلەوپایەی دواڕۆژی هێزە سیاسییەکان دەبێت بە شێوەیەکی وردبینانە شیکردنەوەی بۆ بکرێت. ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تایبەتمەندییە ژێئۆپۆلیتیکییەکانی بەشێکن لە جۆغرافیای ئێران و ژێئۆپۆلیتیکی ئەم وڵاتە. بۆیە سەرەتا دەبێت بە شێوەیەکی زانستی پەردە لە سەر کۆی تایبەتمەندییە ژێئۆپۆلۆتیکییەکانی ئێران بە شێوەیەکی مێژوویی لابدەین، کەلێنە ژێئۆپۆلیتیکییەکانی بناسین، ستراتیژییەکانی ڕوون کەینەوە ئەوسا دەتوانین باس لە ئەگەری ئامادە بوونی بەستێن و بارودۆخی ئەو بزووتنەوەیە بکەین کە لەئارادایە. ژێئۆپۆلیتیک گۆڕەپانێکە ئێمە لەگەڵ کۆمەڵێک بژاردەی سنوورداردا ڕووبەڕووین وەکوو سەفحەی شەترەنج وایە کە هەر مۆرەیەک جووڵەیەکی سنوورداری هەیە و جێگەی فاڵ گرتنەوە و نووشتە پێچانەوە نییە. بۆیە هەم ئێمەی کورد و هەم حکوومەتی ئێران لەم بەستێنە ژێئۆپۆلیتیکییە دیارکراوەدا لەگەڵ چەند بژاردەی سنوورداردا ڕووبەڕووین و ئەگەر بمانەوێت بە سەر بەرانبەرەکەماندا سەربکەوین مەحکوومین بە ئەنجامدانی. ئەوەی ئایا سیاسەتی کوردی لەم قۆناغە هەستیارەدا دەتوانێت شەڕی حیزبی و ئایدیۆلۆژی بکات بە فیدای بەرژەوەندیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پرسیارێکە من ناتوانم لە سەر وڵامدانەوەکەی بە ئەرینی و نەرینی گرێو بکەم، بەڵام بە بڕوای من هێزە کوردییەکان لە ئاست گەورەوەیی ئەو ڕووداوانەدا نین کە خەریکن ڕوو دەدەن.


تایبەتمەندییە جوغرافیاییەکانی ئێران

بۆ ناسینی بارودۆخی ژێئۆپۆلیتیکی ئێران دەبێت دوو فاکتەری گرینگ لە بەرچاو بگرین. یەکەم پانتایی ئەم وڵاتە چەندەیەو دووهەم تۆپۆگرافی (بەرزایی و نزمایی) لە جۆغرافیای ئێراندا بە چ شێوەیەک هەڵکەوتووە. ڕووبەری ئێران ١،٦٤٨،١٩٥ کیلۆمەتری دووجارە و بە یەکێک لە وڵاتە خاوەن گەورەترین ڕووبەرەکانی جیهان دادەندرێ. ئەگەر چاوێک بە نەخشەی ئێراندا بخشێنین دەبینین کێوەکان سنوورەکانی ئەو وڵاتەیان پێکهێناوە و شارە گەورەکانی ئێرانیان لە داوێن گرتووە و هارتلەندی(‌ Heartland) ئەم وڵاتەیان پێناسە کردووە. زنجیرە کێوەکانی زاگرۆس و ئەلبۆرز گرینگترین کێوەکانی ئەم جۆغرافیایەن و ڕۆڵێکی مێژوویی گرینگیان لە چارەنووسیدا گێڕاوە. زاگرۆس لە باشووری قەوقاز و لە نێوان باکووری کوردستان و ئەرمەنستانەوە دەست پێدەکات و تا گەرووی هۆرمۆز شۆڕ دەبێتەوە. زاگرۆس پەرژێنێکی مێژوویی بووە لە بەرانبەری مێزۆپتامیادا و دەڕوانێتە سەر دەشتاییەکانی ئەم ناوچەیەدا. پەرژینێکی دیکە زنجیرە کێوەکانی ئەلبۆرزە کە لە کەنارەکانی دەریای خەزەرەوە بەرەو ڕۆژهەڵات مل دەنێ و وەکوو سەنگەرێک دەڕوانێتە سەر دەشتاییەکانی تورکەمنستاندا و تا سنووری ئەفغانستان شۆڕ دەبێتەوە. لە لای ڕۆژهەڵاتەوە لە سنووری پاکستان و ئەفغانستانیش بە هۆی کۆمەڵێک زنجیرە کێوەوە حەساریکی سرووشتی پاراستویەتی و دەشتی کەویر و سەحرای لووت دوو لەمپەری سرووشتی دیکەن لەم ناوچانە. جۆگرافیای ئێران ئەم وڵاتەی کردووە بە دژێکەوە کە لە سێ لاوە بە کێو و لە لایەکەوە بە دەریا هارتلەندی ئەم وڵاتەی بە شێوەی مێژوویی پاراستووە و وڵاتێکە زۆر بە سەختی داگیر دەکرێت. هەرچەند ئێران سنووریکی ئاویی گەورەی هەیە، بەڵام ئێران هیچکات لە مێژوودا هێزێکی ئاوی (Sea power) نەبووە بەڵکوو هێزی وشکانی (Land power) بووە. زۆربەی حەشیمەتی ئێران لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەم وڵاتەدا نیشتەجێن و لە باری ئابوورییەوە کز و لاوازن، خاڵی گرینگ لێرەدا ئەوەیە زۆرینەی کەمینە نەتەوەیی، ئایینی و زمانییەکانی ئێرانیش هەر لەم ناوچە شاخاوییەدان کە گرینگی ژیئۆستراتیژیک و ژێئۆپۆلیتیکی ئەم زنجیرە کێوانە زۆر بەرجەستە دەکاتەوە. باری تۆپۆگرافی ئێران وایکردوە بە هۆی شاخاویبوونی ناوچە سنوورییەکانی و هەروها بی ئاوی و وشکبوونی دەشتاییەکانی ناوەوی ئێران کە هارتلەندی ئەم وڵاتە پێک دێنن، ئەم وڵاتە بەردەوام بە دوای شوێنی لبار بۆ نیشتەجێ بوون بگەڕێت. ئەگەر سەرنجی جوغرافیای ئێران بدەین تاکە دەروازە بۆ پەڕینەوە و بەدەستهێنانی فەزای حەیاتی ( Lebensraum) سنوورەکانی ڕۆژئاوای ئەم وڵاتە واتە زنجیرە کێوەکانی زاگرۆسە، لە باکوورەوە تورکەکان و ڕووسەکان پێشی دەگرن و لە ڕۆژهەڵاتەوە ئەفغانستان و پاکستان شوێنی لەبار بۆ ژیانی زۆر کەم تێدایە. بۆیە پەڕینەوە لە زاگرۆس و داگیرکردنی دەشتاییەکانی مێزۆپۆتامیا تاکە دەرووی ژێئۆپۆلیتیکی ئێرانە و تەنیا شوێنێکە ئێران دەگەیەنێتە سەر دەریای مەدیتەرانە. ئەم دەشتاییانە لە مێژووشدا بنەمای هێزی ئێمپراتوورییە ئیرانییەکان بوونەوە هەر لەم ناوچانەوە توانیویانە هێژموونی لە جیهاندا بۆ خۆیان ساز بکەن. کەواتە جۆغرافیای ئێران لە حەسارێکی سرووشتی کەڵک وەردەگرێت کە لە مێژوودا پاراستوویەتی هەرکات بە هێز بووە سنووری ئەم کێوانەی دەرباز کردەوە و توانیویەتی ببێت بە هێزێکی ناوچەیی و هەرکاتیش لاواز بووە تا پشت کێوەکان دوای کەوتوون و لەوێدا خۆی حەشار داوەو پارێزراو ماوەتەوە، بۆیە تا ئەو کاتەی کێوەکان لە سنووری جوغرافیای ئێران بمێننەوە ئێرانیش دەمێنێتەوە.


کەلێنە ژێئۆپۆلیتیکییەکانی ئێران

هەرچەند ئێران وڵاتێکە کێوەکان پاراستوویەتی بەڵام درز و کەلێنی ژێئۆپۆلیتیکیشی بۆ درووستکردوون. هەرواکە پێشتر باسم کرد ئەوەی گرینگی دەدات بە ڕۆڵی کێوەکان لە ئێران باری ژێئۆکاڵچری ئەم کێوانەیە کە وادەکات ئەو خەڵکانەی نیشتەجێ ئەم پەرژینە گرینگانەن لە باری ئەتنیکی، ئایینی، زمانی و کولتوورییەوە جیاوازن لە ناوەند و هارتلەندی ئەم وڵاتە. لە زاگرۆسدا کورد، عەرەب، لۆر و تورک دەژین لە ئەلبۆرزدا مازەنی، گیلەکی و تورکەمەن لە ڕۆژهەڵاتی ئەم وڵاتە بەلووچ و سوونە مەزهەبەکان. بەگشتی کێوەکان لە ئێراندا پارێزەری پلۆڕالیزمی ئایینی، کولتووری و نەتەوەیی بوونە. فاکتەری گرینگ لێرەدا هاوجووت بوونەوەی کەلێنە ژێئۆپۆلیتیکییەکانە لەگەڵ درزە ئایینی و نەتەوەییەکاندا. لەو شوێنانەی زۆرترین جیاوازی لەباری ئایینی و نەتەوەییەوە لەگەڵ هارتلەندی ئێران بوونی هەیە وەکوو کوردەکان، عەرەبەکان و بەلووچەکان ئەم درزانە بەرچاوترن و هەڵکەوتەی جوغرافیایی ئەم ناوچانە وایکردوە ولاتانی دژبەری ئێران بتوانن کەڵکی لێ وەرگرن. زاگرۆس بە هۆی تایبەتمەندییە ژێئۆکاڵچرییەکەیەوە هەروەها چونکە تاکە دەرووی ژێئۆپۆلیتیکی ئێرانە گرینگترین کەلێنی ژێئۆپۆلیتیکی ئەم وڵاتەیە.

ئێران تەنیا لە ڕێگەی زاگرۆسەوە دەتوانێت ببێ بە هێزێکی ناوچەیی و هێژمۆنی بەدەست بهێنێت. ڕاستە پەرژینێکی قایمە بۆ بەرگری لە هەمان کاتیشدا لەمپەرێکی گەورەیە بۆ پشتیوانی لۆجستیکی بۆ هێرش بردن. بۆیە ئێران تەنیا بە یەک شێوە دەتوانێت عێراق و باشووری کوردستان داگیر بکات ئەویش هاوکاری هێزە کوردییەکان و عێراقییەکانە کە ئەمەش بە هۆی بوونی ئامریکا وەکوو فاکتەرێکی ڕێگر ئیمکانی نییە. دەشتاییەکانی مێزۆپۆتامیا لە میژوودا بەردەوام ناوچەیەکی حائیل بوونەو ئێرانییەکان هیچکات نەیانتوانیوە بە تەواوەتی کۆنترۆڵی بکەن و زۆر جاریش یونانییەکان، ڕۆمییەکان، عۆسمانییەکان، ڕووسەکان، بریتانیاییەکان و لەم دواییانەشدا ئەمریکییەکان وەکوو ناوچەیەکی بافێر (buffer zone) بەکاریان هێناوە و شەڕەکانی خۆیان دژی ئێران گواستوەتەوە. شەڕی ئێران و عێراق نیشانیداین کە هیچ هێزێک لە دەشتاییەکانی مێزۆپۆتامیاوە ناتوانێت زاگرۆس تێپەڕێنێت و پێچەوانەکەشی لە زاگرۆسەوە بە هۆی ئەستەمبوون باری لۆجیستیکی نامومکینە. بۆیە بژاردەی هێرشی وشکانی بۆ سەر ئێران بە هۆی بارودۆخی تۆپۆگرافی و پانتایی ئەم وڵاتە هیچ کات لەسەر مێز نەبووە. ئەوەی ئێران بە شێوەیەکی مێژوویی لێدەترسێت هەر ئەو شتەیە کە بریتانیاییەکان لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا لە ڕێگەی داگیرکردنی مێزۆپۆتامیاوە دەستێوەردانیانی ئێرانیان کرد و شای باوکیان هێنایە سەر کار. ئێستاش هەمان مەترسی لەئارادایە و تەواو لە دەستێوەردانی ئەمریکییەکان بۆ گۆڕینی حکوومەت لە ناوەند لە باشووری کوردستان دەترسن. لەم دواییانەدا. ناردنی لەشکەر  لە لایەن ئێرانەوە بۆ ئەم ناوچانە و ئەمنییەتی‌کردنەوەی زاگرۆس پەرچەکردارێکە بۆ ڕەواندنەوەی ئەم ترسانە، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین ئێرانییەکان بە هۆی بوونی ئامریکا هیچکات ئەو هەڕەشانە لە سەر داگیرکردنی باشووری کوردستان دەیکەن ناتوانن بیخەنە بواری جێ بەجێکردنەوە. بە هەمان شێوە تورکیە ناتوانێت لە ڕۆژئاوای کوردستان هەڕەشەکانی خۆی بخاتە بواری جێ بەجێکردنەوە.

بارودۆخی ژێئۆپۆلیتیکی و ژێئۆکاڵچەری ئێران لە سەد ساڵەی مودێرندا پێویستی بە حکوومەتێکی ناوەندی و سیستەمێکی ئەمنی بەهێز و چەند لایەنە بووە. حکوومەتەکانی ئەم جوغڕافیایە بەردەوام گرینگیەکی زۆریان بە لایەنی ئەمنی و نیزامی داوە و کەمتر پەرژاونەتە سەر باری ئابووری و گەشەسەندنی وڵات. حکوومەتەکانی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی لەم سیاسەتەدا هاوبەش و هاوشێوەن. بۆیە ئێرانییەکان لە بەرانبەری ئەم مەترسییە ژێئۆپۆلیتیکییانەدا لە ناوخۆ لە لایەک هەوڵ دەدەن خەڵکانی نیشتەجێ کێوەکان لەگەڵ خۆیان هاوڕا بکەن و ئەگەر ئەمەیان بۆ نەچووە سەر ئەم ناوچانە ئەمنییەتی بکەن و بە توندترین شێوە سزایان بدەن. ئەگەر چاوێک بخشێنن بە سەر نەخشەی ئەو سەرکوت و کوشتارەی ئێستە لە ناوخۆی ئێران بەڕیوە دەچێت بەباشی دەردەکەوێت کە ناوچە شاخاوییەکانی ئەلبۆرز و زاگرۆس و هەروەها بەلووچستان پشکی شێریان بەرکەوتووە.


گرەند ستراتێژیی ئێران

تەنیایی ستراتێژی (Strategic loneliness) و هەست کردن بە جۆرێک لە نائەمنیی مێژوویی بنەماکانی گرەند(گەورە) ستراتێژیی ژێئۆپۆلیتیکی ئێران پێکدێنن. ئێران لە دوای ئیمپراتووریەتی هەخامنەشی و ساسانییەکانەوە تا ئەمڕۆکە جگە لە سەردەمی نادرشا، هێژموونی ناوچەیی خۆی لەدەستداوە و ڕەوتێکی بەرگریکارانەی گرتوەتە بەر. ئێرانییەکان لە دوای لەدەستدانی هێژموونی خۆیان لە ناوچەکە بەردەوام لە ناو ترس و دڵەڕاوکەیەکی مێژووییدا ژیاون و بە تەواوەتی هەستیان بە تەنیایی و بێپشتیوانی لە ناوچەکەدا کردوە و هۆکاری ئەمەش هەڵکەوتەی جوغرافیایی ئێرانە کە ئیمکانی پەیدا کردنی هاوپەیمانی ستراتێژی بۆ دەستەبەر نابێت. ئەم بێهاوپەیمانییە تایبەت بە سەردەمی مودێرن نییە و دەگەڕێتەوە بۆ هاتنی هێزە ئەرووپاییەکان بۆ ناوچەکە. پێشووتر شاکانی قاجار کاتێک کەوتنە نێوان بەرداشی کایەی گەورەی (Great game) بریتانیا و ڕووسەوە هەوڵی هاوپەیمانی بەستن لە گەڵ فەڕانسە و ئەمریکییەکانیان دا. بەڵام لە ئاکامدا خاکێکی زۆریان لە ئەفغانستان و قەوقاز لە دەست دا. شای باوکیش لە شەڕی جیهانی یەکەم لە هەمان لۆژیکی قاجارەکان بۆ پاراستنی ئێران کەڵکی وەگرت و هەوڵی هاوپەیمانی لەگەڵ ئاڵمانی دا، بەڵام لە سەر کار لایان برد و ئێران داگیر کرا و دابەش بوو بە سەر سێ ناوچەدا.

شای کوڕیش چەندین جار باسی لەم بێهاوپەیمانیەی کردبوو و چەند هەنگاوێکیشی گرتە بەر، بەڵام لە شۆڕشی ١٩٧٩ دا بە هەمان دەردی شاکانی پێش خۆیەوە چوو. ئیستاش ئێران لە هاوکێشەی شەڕی ڕووسیە-ئۆکراین لە لێواری بێپشتیوان بوون و فروشتنی لە لایەن ڕووسیایە و ئەمە بە بروای من مەترسیەکی گەورەیە بۆ ئێران و هەر ڕوو دەدات و تەنیا پرس کاتەکەیەتی. ئەم نەریتە لە بێهاوپەیمانی و پشت خاڵی کردن لە لایەن زلهێزەکانەوە بەڕوونی دەرخەری ئەم دۆخە نالەبارەیە بۆ ئێران، دۆخی تەنیایی ستراتیژی و نائەمنیی قووڵی مێژوویی. ئەم تەنیاییە ستراتیژییە وایکردوە ئێران بۆ دەستەبەرکردنی ئەمنیەتی خۆی و ڕەواندنەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی سەر خۆی پەنا بەریتە ستراتیژێکی بەرگریکارانە کە ئەساسی لە سەر پشتیوانی کردنە لە بکەرە نادەوڵتەتییەکانە (None state actors). لە ئێران مەحیەدینی سراجی بە داڕێژەری ئەم ستراتیژییە دەزانن کە باوەڕی وایە ئێران بە شێوەی مێژوویی لە هاوپەیمانی ستراتیژی لە نێو وڵاتە زلهێزەکاندا بێبەشە. بەڵام سەرەتای بە کارهێنانی ئەم ستراتیژییە بۆ سەردەمی شای کۆڕ دەگەڕێتەوە. کودەتای ١٩٥٨ قاسم خاڵی وەرچەرخان بوو لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران و مامەڵە کردن لە گەڵ بکەرە نادەوڵەتییەکان. دوای ئەمە شای کۆڕ دژ بە هەڕەشەی کۆمۆنیزم و پان‌عەربیسم و بۆ ڕواندنەوەی مەترسییەکانی سەر ئێران سەرەتا لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی و دواتر لەگەڵ شێعەکانی لوبنان ڕێکەوت و هەوڵیدا بە جۆرێک ئەم تەنیاییە ژێئۆپۆلیتیکییە تا ڕادەیەک قەرەبوو بکاتەوە.

هەرچەند شای ئێران لە ڕێککەوتنی ئەلجەزایری ١٩٧٥ باشووری کوردستانی لە گەڵ چۆمی ئەروەند گۆڕاوە، بەڵام دواتر ئەم ستراتیژییە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە و لە ژێر ناوی هەناردەکردنی ئینقلاب درێژەی پێدرا و ئێستاکە ئەم وڵاتە دەست و پەیوەندی باشی بۆ خۆی لە ئەفغانستان و پاکستانەوە تا کەناری دەریای مەدیتەرانە درووستکردوە. بەڵام ئەم هەیمەنەیە باری ئابووری ئێرانی خراپتر کردووە چونکە ناتوانێت ئەم نفووزەی خۆی بکات بە پارە و بەپێچەوانەوە پارەی تێدا خەرج دەکات، چونکە ناتوانێت هاوپەیمانی ستراتێژیکی بۆ پەیدا بکات وبە پێچەوانەوە دژبەرەکانی هاوپەیمان ستراتیژیکی یەکەن، ئەمە خاڵێکی زۆر گرینگە بۆیە ئێران هەول دەدەات لە ڕێگەی کۆمەڵێک بکەری نادەوڵەتییەوە شەڕەکان لە سنووری خۆی دوور بکاتەوە و وڵاتانی دژبەری خۆی دەورپێچ بکات. تاکە ستراتیژی ئامریکا لە هەمبەر ئێران دەورپێچ کردنییەتی، بەڵام پێویستە بزانین کە ئیمکانی تەریکخستنی ئێران دەستبەر نابی، بۆیە هەوڵی ئامریکا و ڕۆژئاوا بەگشتی گۆڕینی ڕژیمە لە ئێران نەک داگیرکردنی و کەس نابێت لە سەر ئەمە قومار بکات. لەم دۆخەدایە جارێکی دیکە دەبیت باس لە بایەخی ستراتیژیی زاگرۆس بکەین کە هەم دەروازەیەکە بۆ پەڕینەوەی ئێران بەرەو مەدیتەرانە و بەرپەرچدانەوەی مەترسییەکانی سەری، هەمیش سەنگەرێکە بۆ سنووردارکردن و لاواز کردنی ئێران. لە زاگرۆسەوەیە کە ئاسایشی وڵاتانی کەنداو و هەڕەشە لە سەر ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئامریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست درووست دەبێ، بۆیە ژێئۆپۆلیتیکی زاگرۆس ئەمڕۆکە گرینگی و بایەخێکی زۆری هەیەو جێگەی خۆی لە ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتانی ناوچەکە گرتەوەتەوە و کورد دەبێت بە وردی دەرک بە گرینگی زاگرۆس بکات.


ژێئۆپۆلیتیکی بزووتنەوەی ژینا

کورد لە سەردەمی ژێئۆپۆلیتیکی جەبری موحیتیدا لە نێوان بەرداشی کایەی گەورەی بریتانیا و ڕووسیەدا بوو بە قوربانی و دواتر لە سەردەمی شەڕی سارددا و جیهانی دوو جەمسەری کورد کەوتە نێو وڵاتانی حائێلی (ئێران، عێراق، تورکیە، سووریە، ئەفغانستان) ململانێی ئەم دوو هێزەوە. ستراتیژیی ئەم زلهێزانە خۆی لە یەکپارچەیی و بەهێزی وڵاتانی حائیلدا دەبینێتەوە، بۆیە تەواوی شۆڕشەکانی ئەم سەردەمەش قوربانی جەبری ژێئۆپۆلیتیکی بوون. لەم سەردەمەدا کورد بە وتەی کسینجێر کارتێکە دەبێ مەعاملەی پێوە بکرێ (Bargaining chip). خاڵی وەرچەرخان لە ژێئۆپۆلیتیکی کورددا لە دوای ڕووخانی سۆڤیێەت ١٩٩١ بوو کە دەسپێکی نەزمی جیهانیی تاکە جەمسەرییە. لەم نەزمەدا هەڕەشەی کۆمۆنیزم دەڕەوێتەوە و فاندامێنتالیزمی ئیسلامی دەبێت بە دژبەری یەکەمی ئامریکا و کۆمەڵێک وڵاتی ئیسلامی کە سێ لەو وڵاتانە کوردی بە سەردا دابەش بووە دەکەونە بەرەی میحوەری شەیتانەوە (Devil axis).

لەم چرکەساتەدایە کە لە دوو پارچە لە کوردستان لە باشوور و دواتر لە ڕۆژئاوا دەروویەکی ژێئۆپۆلیتیکی بە سەر کورددا دەکرێتەوە و کورد پێگەیەکی یاسایی – سیاسی بۆ خۆی دەستەبەر دەکا. بە بڕوای من ئێستاکە ئەم دەرووە لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش کراوەتە و وەکوو ئەگەرێکی بەهێز لە کورتخایەندا ڕوودەدادت. پرۆژەکە بەم شێوەی دەبێ کە ئامانج گۆڕینی حکوومەتە لە ئێران و ئامرازی ئەم گٶڕانەش لە پلەی یەکەمدا کورد، عەرەب، بەلووچ، مازەنی و گیلەکە. ئەم گۆڕانە گەورەیە ژێئۆپۆلیتیکی کێوەکانی ئێرانی داینامیک کردووە و کێشە کەڵەکە کراوەکانی ناوخۆی ئێرانیش تەواوی کەلێنە ئەتنیکی، ئایینی و کولتوورییەکانی ئەم ناوچانەی بەدرێژایی سنووری ناوچە شاخاوییەکان بەزاندووە. کاتێک دەڕوانینە ژێئۆپۆلیتیکی بزووتنەوەی ژینا بەڕوونی بۆمان دەردەکەوێ کە کێوەکانی ئێران هارتلەندی ئێرانیان دەورپێچ کردووە و خەریکن پەرژین و حەساری خۆیان لە دەوری ئێران لادەبەن. قووڵایی بزووتنەوەی ژینا لەسەر کەلێنە ژێئۆپۆلیتیکییەکانی ئێران ڕاوەستاوە و کاتێک دەڕوانینە ئاستی بەشداری و پشتیوانی ئەم بزوتنەوەیە و جوگرافیاکەی بۆمان دەردەکەوێ کە ئەم شۆڕشە شۆڕشی ناوچەی بافێر (حائێل) و پەرژینە مێژووییەکانی ئێرانە دژی هارتلەندی ئێران. پێموایە هۆکاری ئەوەی هارتلەندی ئێران بەشدارییان لەم بزووتنەوەیەدا زۆر کەمە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ باشتربوونی بارودۆخی ئابووری و کەمتربوونی چەوساندنەوە و ستەمەکان.

بەپێی داتای فەرمیی ئێران زیاتر لە نیوەی بودجەی ئێران سەرفی چوار پارێزگای ئیسفەهان، تاران، کرمان و مەرکەزی دەکرێت. ڕاستە هەژاری و ناڕەزایەتی لە ناوەندی ئێرانیشدا زۆرن بەڵام بە بەراوەرد لەگەڵ شوێنەکانی دیکەدا کەمترن و بەتایبەت لەناو چینی مامناوەندی شاری و کانسێرڤاتیڤەکانی ئەم ناڕەزایەتییانە کاڵترە. بەشێکی دیکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەم نادڵنیاییە مێژووییە و ترس لەوەی ناوەندبوونی خۆیان لە کیس بدەن. ئەمە ترسێکە بەشێکی گەورەی ئۆپۆزسیۆنی فارسیش هەستی پێکردەوە و بەردەوام هەوڵی دووبارە بنیاتنانەوەی حکوومەتێکی ناوەندگەرا دەدەن. ناوەندی ئێران لە ئاکامدا ئەگەر ئەم ترسانەیان بڕەوێتەوە، پەیوەست دەبن بە بزووتنەوەکە و چونکە کەلێنێکی گەورەی بەهاکان، کولتووری و ئایدۆلۆژیکیان لەگەڵ حاکمییەتدا هەیە کەمێک درەنگتر پەیوەست دەبن. بەڵام کە پەیوەست بوون ئیدی حاکمییەت توانای بەرەنگاری نامێنێت. ئەم گریمانەیە بۆ ئازەرییەکانیش ڕاستە ئەوانیش درەنگ پەیوەست دەبن بەڵام ئەم درەنگ پەیوەستبوونە بە واتای ڕازیبوون بەم دۆخە نییە.

تەورێز لە دوای هاتنی مەغوولەکانەوە بەردەوام گرینگترین ناوەندی سیاسی و ئابووری ئێران بووە و تا سەردەمی قاجارەکان شارێکی وەلیعەهد نشین بووە بەڵام لە سەردەمی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامیدا پێگەی بەتەواوی لاواز بووە. ڕاستە تەورێز بە بەراوەرد لەگەڵ کوردستان و بەلوچستان لە دۆخێکی باشتردایە بەڵام بە بەراوەرد لەگەڵ سەردەمانی پێشووی خۆیدا چەند قات زیاتر لە دۆخێکی خراپدایە و ئەگەر نیگەرانییەکانی سەر دواڕۆژی سیستەمی داهاتووی ئێران برەوێتەوە ئەوانیش پەیوەست دەبن. بە بڕوای من کۆماری ئیسلامی دوا حکوومەتی ناوەندگەرایە لە ئێران و هیچ جۆرە پشتیوانیەکی نێونەتەوەیی و ناوچەیی بۆ ئەم فۆرمە لە حکوومەت بوونی نییە و ئێرانیش وەکوو سووریا و عێراق ئیدی هیچکات ناتوانێت وەکوو پێشووتر ببێت بە بکەرێکی گەورەی ناوچەیی و هەرێمی. مۆدێلێکی سیاسی کە لە هەناوی عێراق و سووریا تاقیکرایەوە مۆدێلی دەوڵەت – نەتەوەی بێهێزە لە بەرانبەری نا دەوڵەت – نەتەوەی بەهێز کە لە ئێرانیش تاقی دەکرێتەوە و کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەکوو باشوور و و ڕۆژئاوا دەبێت بە نادەوڵەت – نەتەوەیەکی بەهێز.

بە بڕوای من ئێستاکە دوو مەترسی زۆر گەورە لەسەر کورد دەبیندرێ کە دەتوانن کۆی ئەو دەسکەوتانەی کورد سنووردار بکەن و ببنە هۆی لاوازی پێگەی کورد لە داهاتووی ئێراندا. یەکەم نایەکگرتوویی هێزە سیاسیەکانە و دووهەم لە دەستچوونی یەکپارچەیی سەرزەمینی و مانەوەی بەشێکی زۆر لە خاکی رۆژهەڵاتی کوردستان وەکوو باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان لە دەروەی سنووری ئیدارەی لامەرکەزیی کوردی. من پیموایە ئەگەر ئەم ئاستە لە کورتبینی لەناو هێزە سیاسیەکانی کورددا بەردەوام بێت زیانی گەورە لە ئاسایشی نەتەوەیی کورد لە داهاتووی رۆژهەڵاتی کوردستان دەدرێت. کورد دەبێت سەرەتا هاوپەیمانییەک لە ناوخۆدا و بە بێ پەرواێز خستنی هیچ هێزک دابمەزرێنێت. ئەو یەکگرتنەوانەی ئەم دواییانەی هێزە کوردییەکان بەرهەمی داینامیکبوونی ژێئۆپۆلیتیکی زاگرۆسە، مکانیزمەکەی دەرەکییەوە بە گوشاری هێزە هەرێمییەکان لە دەوری یەک کۆبوونەتەوە. بۆیە کاتێک باس لە هاوپەیمانی دەکەین دەبێت مێکانیزمەکەی ناوخۆیی بێت و بەرهەمی عەقل و وشیاری ستراتێژیکی کورد بێت. ئەگەر ئەم هاوپەیمانییە ڕوو بدات هەر کام لەم هێزانە دەتوانن لە ناوچەیەک لە کوردستان ڕۆڵی کارا بگێڕن. بۆ نموونە ڕەنگە هێزێک لە ناوچە موکریان، لایەنێکی دی لە کرماشان و ئیلام ڕۆڵ بگێڕێت و ئەمە دەتوانێت پشتیوانی یەکپارچەیی سەرزەمینی کوردستان بێت. دووهەم کورد دەبێ بەپێ نەخشەی سەرهەڵدانەکانی ئەم بزووتنەوەیە هەوڵی پێکهێنانی هاوپەیمانی بدات لەگەڵ عەڕەب، بەلووچ، مازەنی و گیلەکی و دواتر لە گەڵ فارس و تورک. کورد نابێت پەلە بکات لە هاوپەیمانی لە گەڵ فارسدا، ئەگەر بتوانێت لە دەرەوەی فارس هاوپەیمانی درووست بکات ئەوا فارسەکانیش لە پێگەیەکی لاوازەوە ناچار دەبن بەشدار بن. لە کۆتاییدا بە بڕوای من بژاردەکانی بەردەم ئێران زۆر بەرتەسکن و هیچکات لە بەرانبەر ئەم ‌هەڕەشە جدییانەدا ناتوانێت لە دەرەوەی سنووری ئێران وڵامی ئەم مەترسییانە بداتەوە و تەنیا کارێکە دەتوانێ بیکات ئەمنییەتی کردنەوە و تووندتر کردنەوەی سەرکوتە لەو ناوچانەی شۆڕش تێیدا پەرەی سەندووە.

ژێئۆپۆلیتیکی بزووتنەوەی ژینا

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان