ئارامتر بخوێنەوە

دەرفەت و ئالنگارییەکانی شۆڕشی جەماوەریی نەتەوەکانی ئێران

د. ڕەحیم سورخی


هەرچەند ناسنامە نەتەوەیی، زمانی و ئاینییە جیاوازەکان و میکانیزمەکان (پڕۆسەی پێوەندیی هۆ و ئەنجامەکان)ی گۆڕان و، بەرەوپێشچوونی بزووتنەوەکەشی تاڕادەیەک جیاواز کردووە، بەڵام ناکاراییی ڕژیم لە کۆنتڕۆڵی قەیرانەکان (ڕەوایی، سیاسی، ئابووری و کولتووری) و سەرکوتی توندوتیژانە، درۆ و چەواشەکاری لەلایەک و، سێ پێکهێنی(وشە)ی سەرەکی لە یەک دروشمدا (ژن، ژیان و ئازادی) لەلایەکی دیکەوە،  وایان کردووە شوناسە جیاوازەکان لە دەوری یەکتر کۆ ببنەوە و هەمووان بۆ یەک ئامانجی هاوبەش، کە ڕووخانی سیستەمی دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقیهییە لەسەر خۆپێشاندانەکان بەردەوام بن.

 سەرەڕای ئەوەش، لەگەڵ بەردەوامیی خۆپێشاندانەکان دەرفەت و ئالنگارییەکانیش بەرەبەرە خۆ دەردەخەن. ئەم ئالنگاری و دەرفەتانە ئەوکاتە ڕوونتر دەردەکەون کە میکانیزمەکانی بەرەوپێشچوونی بزووتنەوەکە لە ڕووی ژینگەیی (واتە ئەو هۆکارە دەرەکییانەی لەسەر توانای ئەکتەرەکان بۆ بەشداربوون لە گۆڕانکاریدا کاریگەرن)، هەروەها هۆی ناسینی(مەعریفی) کە چۆنێتیی درک پێکردنی کاراکان لە ناسنامە، هۆگری و ئیمکاناتێکی بۆ گۆڕان هەیانە، دەگۆڕێت. لە ئەنجامدا، میکانیزمی پێوەندی لەئارادایە کە کار دەکاتە سەر ئەو پێوەندییانەی لەنێوان کاراکان و تۆڕەکانیان هەیە، بە شێوەیەک کە توانایان دەکات بۆ بەدیهێنانی گۆڕان.

لە ڕووی ژینگەی فەرمیی سیاسییەوە ڕێژیم تا ئێستا ویستوویەتی خۆپێشاندانی هێمنانەی خەڵک وەک هەمیشە بە ئاژاوە و هەڕەشە بۆ ئاسایشی دەوڵەت-نەتەوە بنوێنێت، هەربۆیە خۆپێشاندانەکانی بە دوژمن و قوتابخانە، زانکۆ و شەقامەکانی وەک گۆڕەپانی شەڕ ناو بردووە. لەباری نافەرمییەوە، نوخبە و دەستەبژێری کۆمەڵایەتی، هونەری، وەرزشی و سیاسی و ڕۆشنبیری بە زۆری کەوتووەتە بەرەی پشتیوان بۆ خۆپێشاندەران. بەتایبەتی چالاکانی سیاسی، ڕۆژنامەنووسان و میدیاکانی دەرەوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دەورێکی گرنگیان لە هاوئاهەنگی و ڕێکخستنی پێوەندیی نێوان کارا کۆمەڵایەتییەکان و تۆڕەکانیان بۆ گۆڕان و پێشکەوتن لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکەدا هەبووە. لایەنێکی تری ژینگەیی ئەو کەلێنە نەتەوەیی و ئاینییەیە کە بە سەرکوت و پەراوێزخستن و هەڵاواردن لە باری ناسنامەیی‌یەوە خۆی دەرخستووەتەوە. پاشخانی بزووتنەوەی نەتەوەیی – دیموکراتیکی کورد لەباری ناسنامەیی و ئەو توانا و  ئاگایی‌یەی لە ڕووی ڕۆشنبیریی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ڕێکخستنی هەیەتی، لە باری مەعریفییەوە توانیوێتی بزووتنەوەکە ڕادیکاڵتر بکات. لەگەڵ ئەوەشدا، توێژی ڕووناکبیر و خوێندکاری زانکۆکانی ئێران لە باری شیکردنەوە و لێکدانەوەی چەمکەکان و تیۆریزە کردنی شۆڕشەکە وەک شۆڕشێکی دژی کۆنەپەرەستی و سەرەڕۆیی مەزهەبی توانیوێتی لە بەئامانج‌گرتنی بنەماکانی کۆماری ئیسلامی و داماڵینی لە بەپیرۆزکردنی سیستەمەکە و هەڵوەشاندنەوەی گێڕانەوە ساختەکانی بە دژەگێڕانەوەکانی پیلان و کاری دەزگا ئایدۆلۆژییەکانی ڕژیم لەگەڵ شکست بەرەو ڕوو بکات.  لەلایەکی دیکەوە بوونی ژنان وەک هێزێکی کۆمەڵایەتیی کاریگەر لە باری کردەکییەوە بزووتنەوەکەی پێش خستووە و هێزی سەرکوتی ڕژیمیشی پاسیڤ کردووە.

لەگەڵ ئەوەشدا، بزووتنەوەکە لەگەڵ ئالنگاریش بەرەو ڕوویە کە دەکرێت ئاماژە بە چەندیان بکرێت. یەکەم، دڕدۆنگیی ئیلیتی نەتەوەی باڵادەست و، ئەو زێهنیەتەیە کە هێشتا نەیتوانیوە دان بە ناسنامەکانی تر و مافەکانیان دابنێت. لە نێویاندا بەتایبەتی ئەو ڕەوتە کە وەک ڕیفۆرمیست ناسراوە و هێشتا پێیەکی لە سیستەمەکەدایە، خەریکە بە خشکە و یەک لە ناڵ و یەک لە بزماردان خۆ بهێنێتە ناو بزووتنەوەکەوە، یان ڕۆڵی ناوبژیوان بگێڕێت. پەیامی خاتەمی بۆ قوربانییەکانی دەستی ڕژیم لە <شاهچراغ> و بێدەنگبوونی لە ئاست کوژرانی ٩٦ کەس لە بەلوچستان و برینداربوونی دەیان کەسی دیکە نیشانەیەکی ئەو هەڵاواردنە پێکهاتەیی‌یە لە زەینییەتی ئیلیتی نەتەوەی باڵادەستدا.  ئەم زەینییەتە هێشتا لە تێڕوانینی ئاسایشی دەوڵەتەوە، نەتەوەکان دەبینێت. هەربۆیە ئەو جەنایەتانەی ڕژیم، بەتایبەتی، دەرحەق بە بەلووچستان دەیانکات مەحکووم و ڕسوا ناکات و وەک پێویست و بەتایبەتی هەڵوێستەی لەسەر ناکات، یان لە پرسی گشتیی ئێران و یەکپارچەییی نیشتمانییەوە دەینوێنێتەوە یان خۆی لێ بێدەنگ دەکات. نموونەیەکی دیکەی ئەمە، پێوەندییەکی تەلەفۆنیی (ئایەتوڵڵا موسەویی تەبریزی)یە کە لەگەڵ مەولەویی عەبدولحەمید هەیبووە و تێیدا لەبری ئیدانەکردنی جینایەتەکە، بەداخبوونی خۆی دەربڕیوە و دڵنەوایی داوەتەوە. بەڵام لە دڵنەوایی‌یەکەیدا زیاتر وەفادارییەکەی مەولەویی عەبدولحەمیدی بۆ (بابەتە نیشتمانی و دەوڵەتییەکان) بەرز نرخاندووە و، سپاسی کردووە.

ئالنگارییەکی دیکە، ناهاوشانی نەتەوەکان و ئاستی هاوبەشیان لە خۆپێشاندانەکاندایە. واتە جگە لە زانکۆکان، بە ئەو شێوەیەی شارەکانی کوردستان تێوەچوون، هێشتا شارەکانی دیکەی ئێران بەتایبەتی شارەکانی ئازەربایجان و تەنانەت شارە فارس‌نیشنەکان تێوە نەگلاون. جگە لەوەش، شێوەی بەشداری، دروشمەکان و ڕێکخستنی سیاسییانەی خۆپێشاندانەکان، بۆ نموونە لە کوردستان و بەلووچستان لێک دوورن. ئەم ئالنگارییەش خۆی پێوەندیی بە میکانیزمی ژینگەی سیاسی-کۆمەڵایەتیی شۆڕشەکەوە هەیە. جگە لە ڕێژەی ئاپۆرای جەماوەری، جیاوازیی چەوساندنەوەکان، ئاستی خوێندەواری و باری ژینگەی جوگرافیی ناوچەکانی کوردستان و بەلووچستان، باری ئایینی و، جیاوازیی پێکهاتەی بەشدارانی خۆپێشاندانەکان لەم دوو شوێنە لە باری ڕەگەزییەوە، هەروەها ئیلیتی ڕێکخەر و دەمڕاستی خۆپێشاندانەکان جیاوازن. یەکێک لە ئالنگارییەکان لەم ڕووەوە ئەوەیە کە مەولەویی عەبدولحەمید هەرچەند وەک مامۆستایەکی بوێر، بەویژدان و دادخواز خاوەندارێتیی لە خەڵکەکەی کردووە، بەڵام باری پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکەی لە سەرەوە(باری ستوونی) بۆ خوارەوە (ئاسۆیی)گۆڕیوە. ئەم بابەتە هەرچەند ئێستا دەکرێت، وەک لایەنێکی یەکگرتووی خۆپێشاندانەکان دەربکەوێت، بەڵام بەستراوەییی خۆپێشاندانە جەماوەرییەکەش بە ئەوەوە وەک دەمڕاستی بەلووچەکان وایکردووە ڕژیم و مۆرە ڕیفۆرمیستەکانی بە خستنەلاوەی کوشتارە جەماوەرییەکان بە دڵنەوایی‌یە کەسییەکان هەوڵی دابڕینی بەلووچستان لە خۆپێشاندانە سەرانسەرییەکە لەلایەک و، داپۆشینی تاوانەکە بۆ لەدوونەدانی لەلایەکی دیکەوە بدەن.  ئەمە بەتایبەتی، ئەوکاتە زیاتر دەردەکەوێت کە هاوکات، پاش بێدەنگییەکی زۆر، نوێنەری ڕژیم لەسەر ناوی خەڵکی بەلووچستان لە پارلەمانیش ڕەخنەی لە توندوتیژییەکان گرت، بەڵام بە ئاماژەدان بە خامنەیی وەک (ڕێبەری مەزن) و، هەوڵی بێبەریکردنی لە کوشتارەکەدا. ئەوە لە حاڵێکدایە لە سەرانسەری ئێران خامنەیی وەک کەسی یەکەمی نیزامەکە کەوتووەتە بەر نەفرەت و بێزاریی خەڵک.

بە کورتی، دەکرێت بڵێین توندوتیژی و قایلکردن هەردووکیان ئەو کەرەستانەن کە دەوڵەت بۆ گەرەنتیی بەرهەمهێنانەوەی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و زاڵبوون بەکاری دەهێنێت. لەگەڵ ئەوەی ئەم ئالنگارییانە هەن و پێویستە ئیلیتی کورد لە ناوخۆ و دەرەوە و، هێزە سیاسییەکانی کوردستان هەوڵ بدەن ئاستی متمانەی چەندلایەنە بۆ بەردەوامیی شۆڕشەکە زیاتر بکەن، پێویستە ئەوەش بڵێین دەرفەتەکانی سەرکەوتنی شۆڕشەکە زیاترن لەبەر ئەم هۆیانەی خوارەوە:

١. دەزگا ڕاوێژکاری و عەقڵانییەکانی ڕژیم بە هۆی تاکڕەوییەکانی خامنەییەوە بێ‌کەڵک بوون و هێزی تەشخیس و ناسینیان لاواز بووە. پشتیان بە هێزی زۆر بەستووە، لەلایەکی تریشەوە دەزگا ئیدۆلۆژییەکانی ڕژیم بە درۆ و گێڕانەوەی ساختە خەڵکیان بێزار و تووڕەتر کردووە.

٢. خەڵک وەک بازاڕی، کرێکاران، ئەکادیمی و فەرهەنگیان لە ڕێژیم دابڕاون، هەروەها ترسیشیان لە کوشت و بڕی دەزگای سەرکوتکەر نەماوە.

٣. داوەرین لە ڕیزی کاربەدەستانی ڕژیمەوە دەستی پێکردووە، یان پشتیان لە یەکتر کردووە، یان بێدەنگ بوون، یان ناکارایی‌یان دەخەنە ئەستۆی یەکتر.

٤. شۆڕشە جەماوەرییەکە لەبنەڕەتەوە بنەماکانی کۆماری ئیسلامی کردووەتە ئامانج و، سەری سازانی لەگەڵی نییە، ڕێژیمیش کارتەکانی گەمەکردن بە دەسەڵاتی پێشوەختە سووتاندووە.

٥. دەزگای پڕۆپاگەندای ڕێژیم بێ ئێعتیبار بووە و کاریگەری نەماوە.

٦.  لەگەڵ ئەو قەیرانانەی بەهۆی تەحریمەکانەوە لە ئاستی ناوچە و جیهانی پێشوەختە تێی کەوتووە، وڵاتانی ڕۆژئاوایی خەریکن پشت لە سیاسەتی چاوپۆشی لە ڕژیم دەکەن و، گوشارەکانیان لە باری مافی مرۆڤەوە بۆسەر ڕژیم زیاد کردووە.

٧. دەوڵەتی ڕەییسی لە کۆنتڕۆڵی قەیرانەکان داماوە و، یەکدەستیی دەوڵەتەکە بە جۆرێکی لێهاتووە کە خامنەیی و سپای پاسداران ڕاستەوخۆ بەرپرسیارن و، دامەزراوەکانی دەوڵەت لە باری ئەرکییەوە دەستەوەستانن.

دەرفەت و ئالنگارییەکانی شۆڕشی جەماوەریی نەتەوەکانی ئێران

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان