ئارامتر بخوێنەوە

کێشەی خاک لەنێوان کورد و تورکی ئازەربایجانی لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە ئێراندا

ڕێبوار مەعرووف‌زادە (ئەحمەد هەمزە)


“ئەم وتارە سەرنج دەخاتە سەر کێشەی خاک لە نێوان تورکی ئازەربایجانی و کورد لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە ئێراندا. وتارەکە لەسەر سێ قۆناغی ١٩٢٠ەکان، ١٩٤٠ەکان، و دوای شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران جەخت دەکاتەوە. ئەم قۆناخگەلە هەلومەرجێکی دڕدۆنگیی تەناهیی نێوخۆیی لە پارێزگای ئازەبایجانی ڕۆژئاوادا خولقاند، کە بەهۆیەوە فارسەکان، وەک دەسەڵاتدارترین و گەورەترین گرووپی ئیتنیکیی ئێران، ئەو ناکۆکییەکەیان بەکار برد بۆ بۆ ئەوەی دوو کەمینەی ئێتنیکیی کورد و تورک دابەش بکەن و درێژە بە کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی (internal colonialism) بدەن . ئەم وتارە بۆ شیکردنەوە ئەوەی کە کێشەی خاک لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا نوێیە (مۆدێڕن) و لەسەر بنەمای کۆمەڵایەتی دروست بووە، لە چەمکی دڕدۆنگیی تەناهیی نێوخۆیی (intrastate security dilemma) کەڵک وەردەگرێت. هەروەها ئەم وتارە لە شرۆڤەیەکی تیۆریکی مێژووی هاوچەرخی کێشەی خاک لەنێوان کورد و تورک تێدەپەڕێت و کۆمەڵێک پێشنیار بە ئامانجی چارەسەری کێشەکە دەخاتەروو.”

کێشەی خاک لەنێوان کورد و تورکی ئازەربایجانی لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە ئێراندا

 فارس، تورکی ئازەربایجانی، کورد، بەلووچ و عەرەب لە ئێرانی فرەئیتنیکدا دەژین. فارسەکان گەورەترین گرووپی ئێتنیکیی ئێرانن کە نزیک بە ٥٠٪ دانیشتووان پێکدەهێنن. لەکاتێکدا، تورکی ئازەربایجانی، وەک دووهەم گرووپی ئیتنیکی گەورە و کورد وەک سێهەم گرووپی گەورەی ئێتنیکی، بە ڕیزەوە نزیک ٢٠٪ و ١٠٪ی دانیشتووانی ئێران پێکدەهێنن.

 (Crane 2008; UNPO 2018). هێندێک لێکۆلەر ژمارەی دانیشتووانی فارس بە کەمتر لە ٥٠٪ دەزانن. بۆ وێنە، برێندا شافێر لە وتارەکەیدا بەناوی [ئێران زۆرترە لە فارس] Iran is more than Persia دەنووسێ: ئێران وڵاتێکی فرەئێتنیکە؛ فارسەکان کەمتر لە نیوەی دانیشتوانی ئێران پێکدەهێنن . بە پێچەوانەی ناوچەی ناوەندی ئێران کە لە ژێر دەسەڵاتی فارسەکانن، زۆرینەی ڕەهای گرووپە نافارسەکان بەزۆری لە پارێزگا سنوورییەکانی ئێراندا نیشتەجێ بوون(2021, p.3).

لە دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەی مۆدێڕنی ئێرانی لە ١٩٢٠ ەکانەوە، فارسەکان بە کەڵکوەرگرتن لە تاکتیکی دووبەرەکی نانەوە و حکوومەتداری کردن، کەمینە نافارسەکانیان لەژێر چەشنێک لە کۆلۆنیالیزمی نێوخۆییدا ڕاگرتووە. ئەم وتارە باس لەوە دەکات کە فارسەکان لە کێشەی خاک لە نێوان کورد و تورکی ئازەربایجانی لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا، وەک ئامرازێکی سەرەکی بۆ دابەشکردن و داپڵۆسینی ئەو دوو کەمینە گەورەیە کەڵکیان وەرگرتووە. کێشەی خاک لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، هەلومەرجێکی نادڵنیاییی تەناهی نێوخۆیی-نێوئیتنیکی دێرینی وەهای لە نێوان کورد و تورکی ئازەربایجانیدا دروست کرد، کە لە بنەڕەتەوە ڕێگەی لە هاوکارییەکی ئاوەزمەندانەی ئەو دوو گرووپە دژ بە داپڵۆسینی درێژخایەنی فارسەکان گرتووە. نادڵنیاییی تەناهی لەنێوان ئەو دوو گرووپە بەردەوام ئەو پرسیارە دینێتەئاراوە کە ئاخۆ کورد و تورکی ئازەربایجانی لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا لە ئەگەری تێکڕووخانی ئێراندا شەڕی یەکتر دەکەن یان هاوپەیمانییەک دادەمەزرێنن؟


 پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا: دابەشبوونی ئێتنیکیی تورکی ئازەربایجانی و کورد

 پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران هەڵکەوتووە، دانیشتووانی کورد و تورکی ئازەربایجانی لەخۆدەگرێت. سنووری هاوبەشی لەگەڵ سێ دەوڵەتی دراوسێی ئازەربایجان، تورکیە و عێراقدا هەیە. بەگوێرەی دوایین سەرژمێریی حکوومەتی ئێران لە ٢٠١٦دا، ڕێژەی دانیشتوانی پارێزگاکە ٣.٢٦٥.٢١٩ کەسە ( ناوەندی ژمێریاریی ئێران ). پارێزگاکە لە ١٧ شارستان پێکدێت کە ورمێ، ناوەندی پارێزگا و پڕدانیشتووترین شارە و نزیک بە یەک ملیۆن دانیشتووی هەیە ( ناوەندی ژمێریاریی ئێران، ٢٠١٤). زۆرینەی دانیشتووانی پێنج شاری مەهاباد، بۆکان، سەردەشت، پیرانشار و شنۆ کوردن. ئەم پێنج شارە بە ناوچەی موکریان ناسراون و بەدرێژایی مێژوو، موکریان ناوەندی ناسیۆنالیزمی کوردی لە ئێران بووە. زۆربەی دانیشتووانی شارەکانی پۆلدەشت، شووت و چایپارە تورکن. نۆ شارەکەی دیکە واتە ورمێ، سەڵماس، خۆی، چاڵدران، ماکۆ، نەغەدە، میاندواو، شاییندێژ و تیکاب تێکەڵەیەک لە دانیشتوانی کورد و تورکیان هەیە. نەخشەی خوارەوە دابەشبوونی ئێتنیکیی ١٧ شارستانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا نیشان دەدات. نەخشەکە دابەشبوونی ئیتنیکیی پارێزگاکە ڕوون دەکاتەوە کە تێیدا ڕەنگی سوور شارە تێکەڵە-کێشە لەسەرەکان نیشان دەدا، ڕەنگی زەرد بەزۆری دانیشتووانی تورکە و ڕەنگی سەوز بەزۆری کوردن .

تێبینی: نووسەر شارەکان / شارێک لە پارێزگاکەدا بە کێشەلەسەر لەنێوان کورد و تورکی ئازەربایجانیدا دەستنیشان دەکات کە لە ساڵی ١٩٢٠ کان بەملاوە، واتە لە سەرەتای بیچمگرتنی دەوڵەت نەتەوەی فارسی لە ئێراندا، بەڵگەی کێشەی خاک لەنێوان ئەو دوو گرووپەدا بوونی هەبێ.

 حکوومەتی ناوەندیی فارس یان لایەنێکی سێهەم وەک نەتەوە یەکگرتووەکان، هیچ زانیارییەکیان لەپێوەندی لەگەڵ دابەشبوونی ئیتنیکی لە پارێزگاکەدا نەخستووەتە بەردەست. حکوومەتی ناوەندیی فارس ڕێگە بە ئەنجامدان و بڵاوبوونەوەی هیچ جۆرە سەرژمێرییەک لەسەر بنەمای ئێتنیکی نادا بۆ ئەوەی کەمینە نافارسەکان لەپێوەندی لەگەڵ ڕێژەی دروستی دانیشتووانیان لەکۆی گشیی دانیشتوانی ئێراندا لە دڕدۆنگی و ناڕوونیدا بمێننەوە. نووسەر لەسەر بنەمای مێژووی سیاسیی هاوچەرخی کورد و تورکی ئازەربایجانی لەم پارێزگایەدا نەخشەکەی داڕشتووە. لە ١٩٢٠ ەکانەوە، شارستانە سەوز و زەردەکان هیچ کێشەیەکی ئێتنیکیی کورد و تورکیان ئەزموون نەکردوە، لەکاتێکدا شارستانە سوورەکان تووشی کێشەی ئیتنیکی بوون.

 لە دەیەکانی ڕابردوودا، بەوپێیەی کە هەم کورد و تورک لە چەندین پارێزگای جیاوازی ئێران و هێندێک لە وڵاتانی دراوسێی ئێراندا دەژین، خواستی لکاندنەوە و دروستکردنی ولاتێکی گەورەی یەکگرتوو لەنێوان هەر دوو نەتەوە گەشەی سەندووە. تورکی ئازەربایجانی خۆیان بە خاوەنی خاک لە چەند پارێزگاکانی ئێران لەوانە ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، ئەردەبێڵ، زەنجان و قەزوێن دەزانن. تورکی ئازەربایجانی لە ئێراندا، تورکی ئازەربایجانی لە وڵاتی کۆماری ئازەربایجان بە ئامۆزای یەکەم و دانیشتوانی تورکی تورکیا بە ئامۆزای دووهەمی خۆیان دەزانن. کوردەکان خۆیان بە خاوەنی چوار پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان و ئیلام دەزانن. کورد لە ئێراندا هاوسۆزییان بۆ کورد لە دەوڵەتە دراوسێکانی عێراق، تورکیا و سووریادا هەیە .

 لە بواری ئایینییەوە، تورکی ئازەربایجانی لە ئێراندا بەزۆری شیعەن لەکاتێکدا کورد بەزۆری سوننەن. لەپارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا، تورکی ئازەربایجانی شیعەن لەکاتێکدا کورد سوننین. لەباری ئایینی یەوە، تورک و فارسەکان، شیعەبوون پێکەوەیان دەبەستێتەوە.

* کێشەی ئیتنیکی: هۆکارەکان و چارەسەرەکان

ئیتنیسیتە هەڵدەگەڕێتەوە بۆ شوناسی گرووپێک کە تێیدا ئەندامانی ئەو گرووپە هەستی پێکەوەگرێدراوی و مێژوویەکی هاوبەشیان هەیە. تیۆرییە سەرەتایییەکانی نەتەوەخوازی primordialism باس لەوە دەکەن کە تایبەتمەندییە بنەمایییەکانی گرووپێکی ئیتنیکی لەڕێگای جیلەکانەوە دەگوازرێنەوە. بەمجۆرە ئەم تایبەتمەندییە گرووپییانە وادەردەکەون کە بە ئاستەم بگۆڕدرێن. لە شرۆڤەی کێشەی ئیتنیکیدا، تیۆرییە سەرەتایییەکان لەسەر ڕقی قووڵ و کۆن لەنێوان گرووپە ئیتنیکییە جیاوازەکاندا جەخت دەکەنەوە. بەلام تیۆریی کانستراکتیڤیزم (constructivist) باس لەوە دەکات کە گرووپە ئیتنیکییەکان زۆرتر لەوەی کە مێژوویەکی بەردەوامی دۆستایەتی یان دژایەتییان هەبێ، قۆناخگەلێکی ئاشتی و ناکۆکییان ئەزموون کردووە. ڕێبازی کانستراکتیڤیزم لەسەر گرینگیی جیاوازی و وێکچوونەکانی ئەندامی گرووپە ئیتنیکییەکان، وەک زمان و دین، پێداگری دەکا، بەڵام جەخت لەوەش دەکاتەوە کە ئەم تایبەتمەندییە هاوبەشانە، لەلایەن بزووتنەوە ناسیۆنالیستییە مۆدێڕنەکانەوە پێکدەهێنرێن و دەگۆڕدرێن. ئێرنێست گێڵنێر (ل ٦٢-٥٣، ١٩٨٣) لە کتێبی ” نەتەوەکان و ناسیۆنالیزم ” دا باس لەوە دەکات کە نەتەوەخوازی هێندێک تایبەتمەندیی فەرهەنگی و مێژوویی هەڵدەبژێرێت و زۆربەی کات ئەم تایبەتمەندییانە بە شێوەیەکی بنەڕەتی دەگۆڕێن. بەواتایەکی تر، گێڵنێر لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ئیدیۆلۆژیی ناسیۆنالیزم، گرووپە ئێتنیکی/ نەتەوەیییەکان و دەوڵەت-نەتەوەکان بەرهەم دەهێنێت نەک بەپێچەوانەوە. ڕێبازی پرایمۆردیالیست (primordialist) ناتوانێ ڕۆڵی ناسیۆنالیزم لە بەرهەمهێنانی ناکۆکییە ئێتنیکی / نەتەوەییەکاندا شی بکاتەوە و وڵامی ئەوە بداتەوە کە بۆچی هێندێک گرووپی ئێتنیکی، ناکۆکییەکانی خۆیان چارەسەر کرد بەڵام هێندێکی تر بەردەوامن لە تووندووتیژی بەرامبەر یەکتر.

 شوناسی ئیتنیکی دواجار نوێنەرایەتیی شوناسێکی سیاسی دەکا. شوناسی ئیتنیکی تەنیا ئاماژە بۆ هێندێک تایبەتمەندیی هاوبەشی گرووپێک نییە، بەڵکوو ئاماژەیە بۆ هەلومەرجی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسیی ئەو گرووپە بە بەراورد لەگەڵ گرووپەکانی دەوروبەریدا. وەک ئەوەی میشێل هێختێر (١٩٩٩) لە کتێبەکەیدا بەناوی کۆلۆنیالیزمی نێوخۆ (Internal Colonialism) باسی دەکات، ئیتنیسیتە وەک پێوانەیەکی ژمارەیی ساکار بۆ دەستنیشانکردنی گرووپی زۆرینە یان کەمینە پڕبایەخ نییە، بەڵکوو وەک دەربڕینی سیاسیی گرووپێک کە گیرۆدەی هەڵاواردنی سیاسی، فەرهەنگی و ئابووری بووە جێی بایەخە. زۆربەی کات گرووپی زۆرینە لە ناوەندی سیستەمی سیاسی و ئابووری لەنێو وڵاتێکدا جێ دەگرێ، لەکاتێکدا گرووپی کەمینە لە پێگەیەکی سیاسی و ئابووریی خوارترەوە لەپەڕاوێزدا جێ دەگرێ. هەموو کەمینە ئێتنیکییەکان لە ئێراندا، بە کورد و تورکی ئازەربایجانییەوە، بەشێوەیەکی گشتی، لە ئاستێکی خوارتر لە فارسەکان جێ دەگرن. وێنەی ژمارە دوو، لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە (ل ١٩، ١٩٩١) ئامادە کراوە و ناهاوچەشنیی فاکتەری گەشەی مرۆیی ( Human Development Index ) ئێران لە ساڵی ١٩٩٦دا دەخاتە بەرچاو. هەموو پارێزگا سەوزە تۆخەکان کە خاوەنی گەشەی مرۆییی بەرزن، پارێزگا فارسەکانن. بەمجۆرە لۆژیکی ناوەند لەبەرانبەر پەڕاوێزدا بۆ ئێران گۆنجاوە چونکە فارسەکان واتا ناوەند، لە کەمینە نافارسەکان واتا پەڕاوێزی ئێران، ئاستی ژیانیان لەزۆر ڕوویەوە باشترە.

 سێڤۆلۆد . ڤ . ئیسازیڤ، لە بەرهەمەکەی بە ناوی “پێناسەی باسەکەی و ڕەهەندەکانی ئیتنیسیتەدا: چوارچێوەیەکی تیۆریکی”، Definition and Dimensions of Ethnicity : A Theoretical Framework باس لەوە دەکات کە زۆربەی کات چەمکی ئیتنیسیتە دەبێت بە هاوتای چەمکی کەمینە، چونکە گرووپی زۆرینە هیچ پێناسەیەکی ئیتنیکی هەلناگرێ. لە ئێراندا، فارسەکان، وەک گرووپی زۆرینە، دەبن بە ئەو گرووپەی شوناسی ئێتنیکی هەڵناگرن لەکاتێکدا هەموو گرووپە کەمینەکانی تر، وەک تورکی ئازەربایجانی، کورد و عەرەب پێداگری لەسەر شوناسی ئیتنیکییان دەکەن. زۆربەی سیاسەتڤانان و تەنانەت نووسەرەکانیش، لە ناوەوە و دەرەوەی ئێران، دەستەواژەی ئێرانی و فارس بەشیوەی هاوتەریب و هاومانا بەکار دەبەن (شافێر، ٢٠٠٠، ل ٤٤٩ ). چالاکانی ئۆپۆزیسیۆنی فارسی ئێرانی پێداگری لەسەر ئیتنیسیتەیان ناکەن چونکە دەوڵەتی ئێران، هەرچەند نادێموکڕاتیکیش بێت، دەوڵەتێکە لەسەر بنەمای ئیتنیسیتەی فارس. کەوابوو فارسەکان پێویست ناکا بەدوای هیچ چەشنە دادپەروەرییەکی کۆمەڵایەتی، سیاسی و کولتووری لەسەر بنەمای ئیتنیسیتەکەیانەوە بن.

 ناکۆکیی ئێتنیکی دەتوانێت بەهۆکاری جۆراوجۆرەوە سەرهەڵبدا. دەیڤید لەیک باس لەوە دەکا کە ترسێکی هاوبەش بۆ داهاتوو باوترین هۆکاری ناکۆکیی ئێتنیکییە؛ ترسی هاوبەش بۆ داهاتوو دەتوانێ بەهۆی هەلومەرجی نادڵنیاییی تەناهی، دەستپێڕانەگەیشتن بە زانیاری، یان هەلپەرستیی سیاسییەوە ڕوو بدات ( براون، ١٩٩٧، ١٣١-٩٧ ) . بۆوێنە، ڤ . پ . گاگنۆن (V.P Gagnon) باس لەوە دەکا کە ناکۆکیی ئیتنیکی لە یۆگۆسلاڤیای پێشوودا، نەک بەهۆی ڕقی قووڵی مێژوویی لەنێوان سێربەکان و گرووپە ئێتنیکییەکانی تردا، بەڵکوو بەهۆی شەڕی دەسەڵات لەنێوان ڕێبەرە سێربەکاندا ڕووی دا. گاگنۆن باس لەوە دەکا کە حیزبی کۆمۆنیستی سێربیی دەسەڵاتدار لەبەرانبەر حیزبە ڕێفۆرمیستە سێربییەکانی تردا لاواز ببوو، بۆیە حیزبی کۆمۆنیستی سێربی هەڕەشەی گرووپە ناسێربییەکانی لەناو سێربەکاندا گەورە کردەوە (براون، ١٩٩٧، ل ١٤٥-١٤٢).

 چەمکی دڕدۆنگیی تەناهی لەسەرەتادا لەلایەن لێکۆڵەرانی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانەوە و بۆ لێکدانەوەی شەڕی نێوان وڵاتان بەکار برا، بەڵام لەگەڵ زۆربوونی شەڕە نێوخۆییەکاندا و بەهۆی ئەوەی زۆرێک لەو ناکۆکییانە لە شەڕی ئیتنیکی دەچوون، توێژەرانی ناکۆکییە ئێتنیکییەکان ئەو چەمکەکەیان سەرلەنوێ پێناسە کردەوە. لە ساڵی ١٩٤٥ بەمڵاوە، شەڕی نێوخۆیی زۆرتر لە شەڕی نێوان دەوڵەتەکان ڕوو دەدەن؛ هەروەها شەڕ لەسەر بنەمای ئێتنیکی زۆرتر لە نیوەی شەڕە نێوخۆیییەکان پێکدەهێنێ ( تانگ، ٢٠١٥، ل ٢٥٦ ). بیرمەندانی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە چەمکی دڕدۆنگیی تەناهی (Security Dilemma) بۆ شیکردنەوەی شەڕی دەسەڵات و شەڕی نێوان دەوڵەتەکان کەڵک وەردەگرن. وەک چۆن بیرمەندانی پرایمۆردیالیست و کانستراکتیڤیست پێناسەی جیاوازیان بۆ چەمکی ئیتنیسیتە هەیە، نێۆرئالیست و کانستراکتیڤیستەکانی بواری پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانیش، بە شێوەی جیاواز پێناسەی دڕدۆنگیی تەناهی دەکەن. جان هێرتس، بیرمەندێکی نێۆرئالیست لە بواری پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان، دڕدۆنگیی تەناهی وەک سیستەمێک پێناسە دەکا کە لەودا دەوڵەتەکان، ” بەبێ ئەوەی دەسەڵاتێکی سەرووتر پرەنسیپەکانی پێوەندییان بەسەردا بسەپێنێ و بەمجۆرە لە هێرشکردنە سەر یەکتری بیانپارێزێ، دەجووڵێنەوە ” ( ویلیامز و گۆڵدشتاین، ٢٠٠٦، ل ٢٦٨). بە واتایەکی تر، پێکهاتەی ئانارشیی پێوەندییە نێودەڵەتییەکان، دەبێ بەهۆی ئەوەی کە دەوڵەتەکان بەردەوام لە بارودۆخێکی دڕدۆنگیی تەناهییدا بژین و وەک یەکەیەکی خۆیارمەتیدەر (self-help) بجووڵێنەوە و خۆیان بۆ خراپترین سێناریۆکان ئامادە بکەن. لە لای نێۆرئالیستەکان، دەوڵەتەکان لە هەلومەرجێکی دڕدۆنگیی تەناهیدا لەدایک دەبن و ئەمە لە ڕوانگەی پرایمۆردیالیستەکانی بواری کێشەی ئیتنیکی دەچێ کە پێیان وایە شوناس و ناکۆکیی ئیتنیکی بوونێکی هەمیشەیی و بەردەوامی هەیە نەک ئەوەی لە بەستێنێکی کۆمەڵایەتی دیاریکراو دروست بێ و بگۆڕدرێ.

ئەلێکساندێر ڤێندت (Alexander Wendt) تیۆریسییەنی بەناوبانگی کانستراکتیڤیزم لە بواری پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لە وتارەکەیدا، ” ئانارشی ئەو شتەیە کە دەوڵەتەکان دروستی دەکەن” تێگەیشتنی نێۆریالیستەکان بۆ دڕدۆنگیی تەناهیی نێودەوڵەتی دەخاتە ژێر پرسیار، بە ئاماژەکردن بەوەی کە “دەوڵەتەکان لەبەرانبەر دۆست و نەیاردا جیاواز دەجووڵێنەوە چونکە نەیارەکان هەڕەشەئامێزن و دۆستەکان ئاوا نین” ( ویلیامز و گۆڵدشتاین،٢٠٠٦، ل ٣٦٥ ). هەر بەوجۆرە کانستراکتیڤیستەکانی بواری ناکۆکیی ئیتنیکی، ڕقی کۆن و قووڵ وەک هۆکارێکی سەرەکیی ناکۆکیی ئێتنیکی دەخەنە ژێر پرسیار بە ئاماژەکردن بەوەی کە بۆچی هێندێک گرووپی ئێتنیکی، گرفتەکانیان چارەسەر دەکەن و ئەوانی تر تووشی توندووتیژی دەبن. تیۆریسییەنەکانی کانستراکتیڤیزمی بواری پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەو بڕوایەدان کە جۆری پێوەندیی دەوڵەتەکان دەتوانێ دڕدۆنگیی تەناهیی نێوان دەوڵەتەکان کەم یا زیاد بکا. ئاڵمان و فەڕانسە یەکیەتیی ئورووپایان دامەزراند دوای ئەوەی لە شەڕی جیهانیی دووهەمدا دژی یەکتر شەڕیان کرد. ئاڵمان و فەڕانسە دوای شەڕێکی خوێناوی، بوون بە دۆستی یەکتر لەکاتێکدا دەوڵەتەکانی تر وەک سووریە و ئیسراییل لە ناکۆکی بەردەوامن.

 پۆل ڕۆ (١٩٩٩، ل١٨٨)، لە وتارەکەیدا چەمکی دڕدۆنگیی تەناهی سەرلەنوێ دادەڕێژێتەوە بۆ ئەوەی بۆ ناکۆکیی ئیتنیکیی نێوخۆییی نێو دەوڵەتەکان بەکاری ببات. ڕۆ، دڕدۆنگیی تەناهیی ئێتنیکی بەو هەلومەرجە پێناسە دەکا کە تێیدا نەبوونی دەوڵەتێکی ناوەندیی بەهێز، گرووپە ئێتنیکییە جیاوازەکانی نێو وڵاتێک ناچار دەکات هەرکامە لە هەوڵی دابینکردنی تەناهیی گرووپی خۆیاندا بن. گرووپە ئیتنیکییەکانی نێو وڵاتێک ڕەنگە بەردەوام لە چەشنێک لە دڕدۆنگیی تەناهیی کۆمەڵایەتیی لەبەرامبەر یەکتردا بژین، بەڵام کاتێک دەوڵەتی ناوەندی دەڕووخێ، گرووپە ئیتنیکییەکان ڕاستەوخۆ بەرەوڕووی هەڕەشە و مەترسیی گرووپە ئیتنیکییەکانی دیکە دەبنەوە و ناچار دەبن بۆ مانەوەی گرووپەکەی خۆیان هەوڵ بدەن. ڕۆ (١٩٩٩، ل ١٨٩ ) ئاماژە بەوە دەکا کە ڕووخانی دەوڵەتی ناوەندی لە وڵاتێکی فرە ئیتنیکدا مەرج نییە ببێتە هۆی شەڕێکی ئیتنیکی؛ کاتێک دەوڵەتی ناوەندی دەڕووخێ، گرووپە ئێتنیکییەکان لەسەر بنەمای ئەوە کە هەر کام لەم گرووپانە لە ڕابردوودا و لە بارودۆخێکی هاوشێوەدا چۆن هەڵسوکەوتیان لەگەڵ یەکتر کردووە، هەلسەنگاندن و هەڵسوکەوت دەکەن. بەواتایەکی تر، وەک ئەوەی ڤێندت لەسەر بارودۆخی دڕدۆنگیی تەناهی نێوان دەوڵەتەکان باسی دەکات، گرووپە ئیتنیکییەکان لەناو ولاتێکدا لەگەڵ مێژوویەک لە پێوەندییەکانی ڕابردوویان و توانایەک بۆ گۆڕینی ئەم مێژووە دەچنە نێو بارودۆخێکی دڕدۆنگیی تەناهیی نوێ.

کاتێک حکوومەتی ناوەندی دەڕووخێ، گرووپە ئیتنیکییەکانی نێو ئەم دەوڵەتە دەبێ پێوەندیی خۆیان لەگەڵ گرووپەکانی دیکە لە کورتخایەن و درێژخایەندا هەڵبسەنگێنن؛ زۆر هۆکاری وەک پێگەی ئەو گرووپە ئیتنیکییانە لەنێو دەوڵەتی پێشوودا، ڕابردووی پێوەندیی نێوان ئەو گرووپانە و ئاستی ڕێکخستنی سیاسی و نیزامییان دەتوانێ کاریگەریی لەسەر ئەم لێکدانەوەیە هەبێ. کەوابوو گرووپە ئیتنیکییەکان دوای سەربەخۆیی لە ترس و نادڵنیایییەکی بەردەوام لەپێوەندی لەگەڵ توانایی و خواستی گرووپە ئیتنیکییەکانی دراوسێیاندا دەژین ( پۆزێن، ١٩٩٣، ل٣٤-٢٩ ). ئەم بارودۆخە پێی دەوترێت دڕدۆنگیی تەناهیی نێو-ئیتنیکی و ئەگەر ئەم گرووپانە دەوڵەتی خۆیان دامەزراند، بارودۆخەکە دەگۆڕدرێ بۆ دڕدۆنگیی تەناهیی نێودەوڵەتەکان.

هاوتەریب لەگەڵ ڕێبازی کانستراکتیڤیزم لەپێوەندی لەگەڵ ناکۆکیی ئێتنیکیدا، ئەم وتارە لە سەرەتادا ڕابردوو واتە مێژووی مۆدێڕنی ناکۆکییەکە دەخاتە بەردەست و دواتر بۆ چارەسەری ئەو ناکۆکییە، کۆمەڵێک پێشنیار دەکا. وتارەکە لەسەر ئەو قۆناخگەلە جەخت دەکاتەوە کە تێیدا حکوومەتی ناوەندیی فارس لاواز بووە یان ڕووخاوە، چونکە دەسەڵاتی کورد و تورکی ئازەربایجانی بەشێوەی بەرچاو لە وەها قۆناخگەلێکدا بەرجەستە بووە.


پێوەندییەکانی کورد و تورک لە سەردەمی پێش دامەزرانی دەوڵەتی مودێرن

 لە زۆربەی سەردەمی پێش دامەزرانی دەوڵەتی مۆدێڕن لە ئێران، کورد لە ئێراندا وەک کەمینەیەکی بەبێ ئیمپراتۆری ژیاوە، لەکاتێکدا تورکی ئازەربایجانی لە ئیمپراتۆرییە جیاجیاکاندا دەسەڵاتیان بەسەر ئێراندا هەبووە. دەسەڵاتدارانی هەردوو ئیمپراتۆریی سەفەوی و قاجار تورک بوون. شا سمایل، کابرایەکی تورک، لەساڵی ١٥٠١ دا ئیمپراتۆریی سەفەویی دامەزراند و تەورێزی کرد بە پێتەختی ئیمپراتۆرییەکەی. هەتا هەنووکەش تەورێز وەک پێتەختی تورکی ئازەربایجانی لە ئێراندا جێ کەوتووە. لە سەردەمی قاجاردا (١٩٢٤ – ١٧٧٩)، ئێران لە چوار ئیالەت (پارێزگا) پێکدەهات کە بریتی بوون لە ئازەربایجان، خوراسان، فارس و کرمان – سیستان؛ هەرکام لەم ئیالەتانە خاوەن ویلایەتی (ناوچە/بەش) جۆراوجۆر بوون؛ تەورێز لە سەردەمی قاجاردا گەشەی زۆری سەند و بوو بە شوێنی دەسەڵاتداریی جێگرەوەی شا و کۆشکی شازادەی قاجار ( ئەتابەکی، ٢٠٠٥، ل ٢٦).

بەرلە سەدەی بیستەم، جیاوازییە گرووپییەکان، وەک هەبوونی زمان و ئایینی جیاواز، ڕۆڵێکی بچووکی لە شەڕەکانی نێوان کورد و تورکدا دەگێڕا. هێندێک جار پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لەنێوان بنەماڵەی چینی بژاردە و سەرەوە، سەرەڕای شوناسی ئیتنیکیی جیاوازیان، ئەوانی دەکردەوە هاوپەیمان و هاورێ. بۆ وێنە، خوشکێکی خان ئەحمەد خان، حاکمی ئەمارەتی کوردی ئەردەڵان، شووی کرد بە شا عەباسی سەفەوی (١٦٢٩-١٥٧١)؛ خان ئەحمەد خان بوو بە هاوپەیمانێکی نزیکی شا عەباس و لە دۆستایەتیەکە بۆ سەرکوتی هۆزە کوردەکانی بڵباس و موکری کەڵکی وەرگرت (مەک داوڵ، ٢٠٠٧، ل ٣٢ ).

 لە پێش دامەزرانی دەوڵەتی مودێرن، پێوەندییەکانی کورد و تورکی ئازەربایجانی بەزۆری ئاکامی بڕیاری سەرۆک هۆزە کورد و تورکە ئازەربایجانییەکان بوون کە لەبریی ئاشتی و شەڕ لەسەر بنەمای ڕێکسختنی گرووپی، دەسەڵاتی تاکەکەسیی خۆیان بەهێز کرد. لەگەڵ ئەوەشدا مێژووی پێش مۆدێڕنی کورد و تورکی ئازەربایجانی لە ئێراندا بیچمی دا بە هێندێک تایبەتمەندیی ئەو دوو گرووپە کە کاریگەریی لەسەر پێوەندییەکانی سەردەمی هاوچەرخیان داناوە. تورکی ئازەربایجانی بەهۆی ئەوەی کە دەسەڵاتیان بەسەر ئێراندا هەبووە یان لەنێو ئیمپراتۆرییە دەسەڵاتدارەکانی ئێراندا بەشدار بوون، پێگەیەکی کۆمەڵایەتی/ئابووریی بەرزتریان دەستەبەرکرد. بەپێچەوانەوە، لە زۆربەی مێژووی پێش مۆدێڕنی ئێراندا، کورد لەژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆرییە ناکوردییەکاندا ژیاوە و خووی بە چەشنێک لە سەربزێوی گرت.


سەردەمی مۆدێڕن: فارسەکان نەیانتوانی کورد و تورکی ئازەربایجانی بتوێننەوە

لە سەرتای سەدەی بیستەمدا، فارسەکان لەڕێگای ناسیۆنالیزمێکی سەرەڕۆیانەوە دەستیان کرد بە مۆدێڕنیزەکردنی ئێران. لە کاتی شۆڕشی مەشرووتەدا (قانوونی بنگەهی) ( ١٩٠٩- ١٩٠٥ )، فارسەکان یەکەمین هەوڵی خۆیان دا بۆ دروستکردنی دەوڵەت نەتەوەیەکی مۆدێڕنی فارس. لەم سەردەمەدا، بۆ یەکەمین جار زمانی فارسی بوو بە زمانی فەرمی لە ئێراندا ( وەلی، ٢٠١١، ل ٤ ) . شارە گەورەکانی وەک تاران، تەورێز، شیراز و قوم زۆرترین پشتیوانییان لە شۆڕشی مەشرووتە کرد. تورکی ئازەربایجانی، بەتایبەت لە تەورێزدا، چالاکانە پشتیوانیان لە شۆڕشی مەشرووتە کرد بەڵام کورد، کە نیشتەجێی ناوچە پەڕاوێزەکان بوون، بەشدارییان نەکرد .

 ڕووناکبیرانی فارس بانگەشەی نەتەوەخوازییەکی سەرەڕۆیانەی ڕەهایان دەکرد بۆ ئەوەی شوناسە نا-فارسەکان بتوێننەوە یان بەزۆرەملی بیانسڕنەوە . موحەممەد ئەفشار، سەرنووسەری گۆڤاری ئایندە، لە ساڵی ١٩٢٥ دا داوا دەکا کە تەنانەت ئەگەر پێویست بە گواستنەوەی گرووپە نا-فارس زمانەکان بۆ هەرێمە فارس زمانەکان بکا، دەبێ هەموو جیاوازییە زمانی و فەرهەنگییەکانی ئیتنیکە نافارسەکان لەنێو ببردرێن (ئەتابەکی، ٢٠٠٥، ل ٣٢-٣١).


یەکەمین قۆناخی دڕدۆنگیی ئیتنیکی نێوخۆیی: قۆناغی سمکۆ

 شۆڕشی مەشرووتەی فارس سەرنەکەوت و ئێران بەر لە شەڕی جیهانیی یەکەم و دوای ئەو شەڕەش بە بەبێ دەسەڵاتێکی ناوەندی مایەوە. لە نزیک شاری ورمێ لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، سمایل ئاغا (سمکۆ)، کە سەرۆکهۆزێکی کورد بوو، لە ساڵی ١٩١٨ بۆ ١٩٢٢ حکوومەتێکی دامەزراند. سمکۆ حکوومەتێکی دیفاکتۆی لە چەندین شار دامەزراند کە مەهاباد و ورمێی لەخۆ دەگرت (کووهی، کەمالی، ٢٠٠٣، ل ٨١-٨٠ ).

 مێژوونووسە فارسەکان، وەک ئەحمەد کەسرەوی (٢٠٠٧، ل ٦٨٨-٦٨٤ )، سمکۆ تەنیا بۆ ئاستی سەرۆکێکی خێڵەکی دادەبەزێنن؛ کەسێک کە دانیشتوانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوای تاڵان و کوشتوبڕ کردووە. ئەم بچووکردنەوەیەی حکوومەتەکەی سمکۆ لە لایەن مێژوونووسانی فارسەوە دوو لاوازیی گەورەی هەیە. کاتێک مێژوونووسە فارسەکان باسی دەسەڵاتەکەی سمکۆ دەکەن، ئەم سەردەمە وەها وێنا دەکەن وەک ئەوە کە دەسەڵاتێکی ناوەندیی ڕەوا بوونی هەبووە و سمکۆ وەک هێزێکی خێڵەکیی ناڕەوا جووڵاوەتەوە و بووە بە هۆی ئاژاوە، تاڵانی و کوشتنی بەکۆمەڵ. لەڕاستیدا، لە ئێراندا لەو سەردەمەدا هیچ دەسەڵاتێکی ڕەوا بەدی نەدەکرا و وڵاتەکە، بە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوایشەوە، دۆخێکی شێواوی ئەزموون دەکرد. هۆما کاتووزییان، مێژوونووسێکی فارس، بەمجۆرە باس لەوە دەکا کە چۆن دەسەڵاتدارە ئێرانییەکان بەر لە ١٩٢٠ەکان و لەو ماوەیەدا ڕەواییان بەدەست هێنا:

 “ڕەوایی دەسەڵاتدارە ملهوڕەکان بەسترابووەوە بە توانای ڕێژەیی ئەوان بۆ ڕاگرتنی ئاشتی، لەناوبردنی سەربزێوییەکان و بەڕێوەبردنی ئەرکە تایبەتە (function) کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی ترەوە. بەڵام ئەمە ڕیشەی لە یاسا، نەریت و مافە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکاندا نەبوو. کەوابوو – لەبنەڕەتەوە – سەرهەڵدان (rebellion) هەروەک دەسەڵاتی خۆسەپێن ڕەوا بوو و دوایین تاقیکاری بۆ ڕەوایی، توانای دەستبەسەرداگرتن و ڕاگرتنی هێز بوو (کرۆنین، ٢٠٠٣، ل ١٨).

هەروەها لە ساڵی ١٩١٣ دا، سمکۆ یەکەمین خوێندنگەی کوردیی لە شاری ماکۆ لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا دامەزراند؛ لە ساڵانی دواتردا سمکۆ خوێندنگەیەکی تری کوردیی لە شاری خۆی کردەوە (سڵێمانی، ٢٠١٧، ل٣). سمکۆ تەنانەت بڕیاری چاپکردنی ڕۆژنامەیەکی کوردی- فارسیی بەناوی کورد دەرکرد کە تێیدا باسی لە مافەکانی کورد وەک نەتەوەیەک کرد کە پێویستە دەوڵەتی تایبەت بەخۆیان هەبێ (سڵێمانی، ٢٠١٧، ل ٤). کەمال سلێمانی لەو بروایەدایە کە دامەزراندنی خوێندنگە کوردییەکان و ڕۆژنامەیەک، نیشاندەری ئەوەن کە سمکۆ، سەرەڕای بنەما خێڵەکییەکەی، بەدوای بەرنامەیەکی سیاسیی کوردییەوە بووە.

 سمکۆ هەوڵی دا کە پشتگیریی تورکەکانی ورمێ بە دیاریکردنی حاکمێکی تورک بۆ ورمێ بۆلای خۆی ڕابکێشێت ( سڵێمانی، ٢٠١٧، ل ٦ ). بەهەرجۆرێک بێ، تورکە ئازەربایجانییەکانی ئەم قۆناخە زۆرتر لە تورکبوون بەرەو شیعەبوون ئامێزیان کردەوە، بۆیە نەیانتوانی لەبەرانبەر فارسە شیعەکاندا هیچ سازانێک لەگەڵ سمکۆ، کە بۆ ئەوان وەک ڕێبەرێکی سوننیی کورد بوو، بکەن. تورکی ئازەربایجانی خۆیان هاوچەشنی فارسە شیعەکان دەبینی. چەمکی عەجەم شوناسی تێکەڵکێشکراوی (overlapped) تورکی-فارسی لە ١٩٢٠ ەکاندا نیشان دەدا. ئەو چەمکە بە بەربڵاوی لەلایەن کوردەوە بەتایبەتی بۆ ئەوانەی لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا دەژیان بەکار دەبرا. عەجەم بە شیعە ناکوردەکان و بەکردەوە بە فارس و تورکی ئازەربایجانیی شیعە دەکوترا (سڵێمانی، ٢٠١٧، ل ٨-٧). چەمکی عەجەم لەماوەی ناکۆکیی دوورودرێژی سەفەوییەکان و عوسمانییەکاندا کە لە سەدەی شانزدەهەمەوە دەستی پێ کرد، بڕەوی پەیدا کرد. ئەو ناکۆکییە درێژخایەنە، فارس و تورکی ئازەربایجانیی بەرەو یەکگرتنی شیعەکان بە دژی سوننەکان (عوسمانییەکان) هان دا.

 لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، لە شۆڕشی مەشرووتەی ئێرانەوە تا کۆکردنەوەی دەسەڵات لە ناوەند لە ١٩٢٥ دا، ئێران بەو هۆیەوە کە حکوومەتێکی ناوەندیی کاریگەری نەبوو، ئاستێک لە ئانارشیی ئەزموون کرد و هەر گرووپێکی ئێتنیکی دەبوو بەتەنیا تەناهی و مانەوەی خۆی مسۆگەر بکا. ئەم قۆناغە یەکەمین نادڵنیایی تەناهیی نێوخۆیی مۆدێڕن لەنێوان کورد و تورکی ئازەربایجان دایە کە تێیدا کورد – بە ڕێبەرایەتیی سمکۆ – نەیانتوانی هاوپەیمانی و دۆستایەتی لەگەڵ تورکی ئازەربایجانی دروست بکەن، فارس و تورکی ئازەربایجانی شوناسێکی هاوچەشنی شیعەگەرییان پێکەوەی گرێدابوون و کوردیان وەک دوژمن و هەڕەشە دەبینی ( خاتەمبەخش،١٩٨٤).

 دوای ئەوەی ڕەزاخان لە ساڵی ١٩٢٢ دا بەسەر سمکۆدا سەرکەوت و تورکی ئازەربایجانی دەستیان بەسەر پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا گرتەوە، تورکی ئازەربایجانی هیچ جۆرە داواکارییەکیان لەسەر بنەمای تورکبوون نەکرد. تەنانەت کاتێک شێخ موحەممەد خیابانی لەساڵی ١٩٢٠ لە تەورێزدا حکوومەتێکی تەمەنکورتی دامەزراند، ڕەدی کردەوە هیچ جۆرە سیاسەتێک لەسەر بنەمای ئێتنیک وەک برەودان بە زمانی تورکی لە خوێندنگەکاندا، بەڕێوە ببات؛ خیابانی چونکە کوردی وەک دوژمن و هەڕەشە دەبینی بیری لە هیچ چەشنە هاوپەیمانییەک لەگەڵ سمکۆ نەدەکرەوە (خاتەمبەخش، ١٩٨٤).

 لە شکستی سمکۆ لە ١٩٢٢ ەوە تا لابردنی ڕەزاخان لە ١٩٤١ دا، تورکی ئازەربایجانی هیچ هەوڵ و داخوازییەکیان بۆ ژیاندنەوەی تورکبوون (Turkish-ness) نەنواند. حکوومەتی فارس لەکۆتاییدا سمکۆی لە داوێکدا لە شاری شنۆ لە ساڵی ١٩٣٠دا کوشت ( نێرڤی، ٢٠١٢، ل ٨٠). لەماوەی دەسەڵاتەکەی سمکۆدا، بۆ یەکەمجار کورد بە شێوەی سیاسی و نیزامی بەسەر پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا زاڵ بوو. سمکۆ یەکەمین ڕێبەری کورد بوو کە ناکۆکیی کورد-تورکی لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا بەسیاسی کرد و ئەوەش وای کردووە سمکۆ بە قێزەوترین ڕێبەری کورد لەنێو تورکەکانی ئێراندا لەقەڵەم بدرێ.

 لە ١٩٢٠ەکاندا، ڕەزاخان دەسەڵاتی لە ناوەنددا کۆکردەوە و ناسیۆنالیزمێکی فارسیی سەرەڕۆیانەی لەئێراندا پەرەپێدا. نەتەوەخوازیی سەرەڕۆیانەی فارسەکان لەسەردەمی ڕەزاخاندا گەشەی نەتەوەخوازیی کورد و تورکی ئازەربایجانیی خێراتر کرد. ڕێژیمی دیکتاتۆریی ڕەزاخان ڕێگای لە هەرچەشنە باسکردنێکی کێشەی خاک لە نێوان کورد و تورکی ئازەربایجانی گرت. کاتێک هێزە هاوپەیمانەکان لە ١٩٤١ دا هێرشیان کردە سەر ئێران و ئەرتەشی فارس تێکشکا، کێشەی خاک لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا دیسان بووە بە ڕۆژەڤ.


قۆناخی دووهەمی دڕدۆنگیی تەناهیی ئیتنیکی نێوخۆیی: کۆمارەکانی ئازەربایجان و کوردستان

 لە ساڵی ١٩٤١ دا، یەکیەتیی سۆڤیەت و بریتانیا بەبێ ئەوەی ئەڕتەشی فارس هیچ بەرگرییەک بکات چوونە نێو تاران. ڕەزاخانیان بەزۆر دوورخستەوە و جموجووڵی سپای فارسیان بۆ هێندێک ناوچەی ناوەند لە دەوروبەری تاراندا سنووردار کرد ( نێرڤێی، ٢٠١٢، ل ١٠١-٩٨ ). بۆشایی سیاسی و نیزامی دوای ساڵی ١٩٤١ ڕێگای بۆ پێکهاتنی بەڕێوەبەرایەتییە سەربەخۆکان لە کوردستان و ئازەربایجان خۆش کرد. لە سەرەتای دێسامبری ١٩٤٥ دا، سەرەتا تورکەکان کۆماری ئازەربایجانیان دامەزراند و تەورێزیان وەک پێتەختی خۆیان ڕاگەیاند و چەند ڕۆژ دواتر لە ١٧ دێسامبردا، کوردەکان کۆماری کوردستانیان دامەزراند و شاری مەهابادیان وەک پێتەخت هەڵبژارد (نێرڤێی، ٢٠١٢، ل ١٣٤) .

 ئەم قۆناخە هەلومەرجێکی دڕدۆنگیی تەناهیی نێوخۆی دیکە بوو چونکە حکوومەتی ناوەندیی تاران لە هێندێک ناوچەی ئازەربایجان و کوردستاندا ڕووخابوو و ئەم هەلومەرجە نوێیە، کورد و تورکی ئازەربایجانی ناچار کرد هەر کام بیر لە مانەوە و داهاتووی خۆیان بکەنەوە. هەردوو کۆمارەکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەرجۆرە سێناریۆیەک لەپێوەندی لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیدا هاوکاریی نێوان یەکتریان بە کارێکی بەکەڵک و پێویست دەزانی. هەروەها بوونی یەکیەتیی سۆڤیەت هەلومەرجی نادڵنیایی تەناهیی نێوخۆیی ئاسان کرد چونکە یەکیەتیی سۆڤیەت بۆ دابینکردنی ڕادەیەک لە ئاسایش و سەقامگیری، پێشی لە هەرجۆرە شەڕێکی ڕاستەوخۆ لەنێوان کورد و تورکی ئازەربایجانیدا دەگرت.

 دوو کۆمارەکە لەباری قەوارەی جوغرافی، پێگەی کۆمەڵایەتی- ئابووری، ئیدیۆلۆژی و ڕادەیەی پشگیری سۆڤیەت زۆر جیاواز بوون. کۆماری ١٩٤٦ ی ئازەربایجان بە هەڵسەنگاندن لەگەڵ کۆماری ١٩٤٦ ی کوردستاندا دەسەڵاتی بەسەر جوغرافیایەکی گەورەتردا هەبوو؛ شاری تەورێز، پێتەختی کۆماری ئازەربایجان لەو کاتەدا دووهەم شاری گەورەی ئێران لە باری دانیشتووان ئەژمار دەکرا (مابڵی، ١٩٧٩، ل ١٢). کۆماری ئازەربایجان ناوچەکانی تەورێز، ئەردەبێڵ، زەنجان و نزیک بە هەموو شارە کێشەلەسەرەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوای لەخۆ دەگرت لەکاتێکدا کۆماری کوردستان تەنیا دەسەڵاتی بەسەر چوار شاری بچووکی مەهاباد، بۆکان، نەغەدە و شنۆدا هەبوو ( ڕۆزڤێڵت، ١٩٤٧، ل ٢٥٨-٢٥٧\). کۆماری ئازەربایجان، ناوەندێکی ئابووریی بەرچاوی ئێران بوو کە لەو کاتەدا ٢٥٪ی گەنم، ٢٠٪ی شەکر و ٢٢٪ی ئاژەڵی ئێرانی بەرهەم دەهێنا ( ڕۆزڤێڵت، ١٩٤٧، ل ٢٥٢ ).

 لەباری ئیدیۆلۆژیکەوە، کۆماری کوردستان بە هەڵسەنگاندن لەگەڵ کۆماری ئازەربایجاندا بەرنامەیەکی کۆنەپارێزانەتری هەبوو. کۆماری کوردستان پشتی بە هێزی نیزامیی سەرۆک هۆزە کوردەکان بەستبوو هەربۆیە کۆمارەکە نەیدەویست بە بەڕێوەبردنی کۆمەڵێک سیاسەتی کۆمۆنیستی وەک دابەشکردنی زەویوزار، سەرۆک هۆزەکان لەخۆی بتۆرێنی. ناوچەی کۆماری کوردستان ناوچەیەکی بێلایەن لەنێوان هێزەکانی سۆڤیەت و بریتانیا بوو لەکاتێکدا یەکیەتیی سۆڤیەت لە دوای هێرشەکەی ١٩٤١ دا بۆ سەر ئێران، ناوچەی کۆماری ئازەربایجانی کۆنترول کردبوو. کۆماری ئازەربایجان، بەپێچەوانەی کۆماری کوردستان، ئاستێکی بەرزتر لە شارنشینیی هەبوو و لە پشتیوانیی نیزامیی ڕاستەوخۆی ئەرتەشی سۆڤیەت کەڵکی وەرگرت. بەم هۆیانەوە کۆماری ئازەربایجان هێزێکی توندوتۆڵی ناوخۆیی هەبوو و ڕێفۆرمێکی بەربڵاوی زەویی بەڕێوەبرد. لەنێو شارە کێشەلەسەرەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا، کۆماری کوردستان تەنیا دەستی بەسەر نەغەدەدا دەڕۆیشت لەکاتێکدا کۆماری ئازەربایجان شارە کێشەلەسەرەکانی تری بەڕێوە دەبرد. ئەمە بوو بە سەرچاوەی سەرەکیی ناکۆکیی نێوان دوو کۆمارەکە. سەرۆک هۆزە کوردەکان لە پارێزگای ئازەبایجانی ڕۆژئاوادا، داوایان لە قازی موحەممەد، سەرۆککۆماری کۆماری کوردستان کرد کە هەموو شارە کێشەلەسەرەکان کۆنترۆل بکات. کۆمارە بچووکەکەی کوردستان دەسترۆیشتووییی دیپلۆماتیکیی کەمتری لە حکوومەتی فارس لە تاراندا هەبوو، هەربۆیە قازی موحەممەد ویستی هاوپەیمانییەک لەگەڵ کۆماری ئازەربایجاندا دابمەزرێنێت بۆ ئەوەی دیپلۆماسیی کورد لە تاران بەهێزتر بێ ( هەورامی، ٢٠٠٧، ل ٥١ ).

 هێزی نیزامیی گەورەتری هۆزە کوردەکان لەنزیک شارەکانی ورمێ، خۆی، ماکۆ و میاندواو دەسەڵاتی کۆماری ئازەبایجانیان لە بەڕێوەبەریی ئەو ناوچانەی لاواز کردبوو. لەڕاستیدا کۆماری ئازەربایجان نەیدەتوانی شارە کێشەلەسەرەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، بەبێ پشتبەستن بە یەکیەتیی سۆڤیەت بەرێوە ببات. یەکیەتیی سۆڤیەت هانی کورد و تورکەکانی دا کە کێشەی خاکی نێوانیان چارەسەر بکەن و تەنانەت پێشنیاری بەڕێوەبەرییەکی هاوبەشی لە شارە کێشەلەسەرەکاندا کرد؛ کۆماری ئازەربایجان ئەم پێشنیارەی ڕەد کردەوە و دوو کۆمارەکە تاکتیکی جیاوازیان بۆ گوشارخستنە سەر یەکتر گرتەبەر (مابڵی، ١٩٧٩، ل ٧٦-٧٤).

 کورد گلەییان هەبوو کە بەڕێوەبەریی ئازەربایجان لە شارەکانی ورمێ، ماکۆ، خۆی، و میاندواودا کوردەکانیان بەتەواوەتی بێبەش کردووە؛ هەروەها تورکەکان گلەییان دەکرد کە حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران، ئەو تورکانە بە ئەندام وەردەگرێ کە دژایەتیی کۆماری ئازەربایجان دەکەن (هەورامی، ٢٠٠٧، ل ٦٦-٥٦). ئەم گۆشارخستنە سەریەکترە لەنێوان دوو کۆمارەکەدا تا ٢٣ی ئاوریلی ١٩٤٦ درێژەی کێشا هەتا دواجار کۆماری کوردستان و ئازەربایجان بە ناوبژیوانیی یەکیەتیی سۆڤیەت گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی مێژوویی کە ئەو برگانەی خوارەوەی لەخۆ دەگرت (ڕۆزڤێڵت، ١٩٤٧، ل ٢٥٩-٢٥٨):

١. دوو حکوومەت کە واژۆی ئەو ڕێکەوتنەیان کردووە، هەرکاتێک بە پێویست زانرا نوێنەر دەگۆڕنەوە .

٢. لەو ناوچانەی ئازەربایجان کە کەمینەی کورد هەیە، کورد لە دامەرزارەوەکانی بەرێوەبەریی حکوومەت بەشدار دەبن و لەو بەشانەی کوردستاندا کە کەمینەی ئازەربایجانی هەن، ئازەبایجانییەکان لە دامەزراوەکانی حکوومەت بەشدار دەبن.

٣. کۆمیسیۆنێکی ئابووریی هاوبەش دادەنرێت بۆ چارەسەری کێشە ئابوورییەکانی هەر دوو نەتەوە. ئەندامانی ئەم کۆمیسیۆنە لەلایەن ڕێبەرانی ئەو دوو حکوومەتەوە دادەنرێن.

٤. هێزە نیزامییەکانی ئەو دوو نەتەوەیە هەرکاتێک پێویست بێ یارمەتیی یەکتر دەکەن.

٥. هەر وتووێژێک لەگەڵ حکوومەتی تاران دەبێ بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی هاوبەشی حکوومەتە نەتەوەییەکانی ئازەربایجان و کوردستان بێت.

٦. حکوومەتی نەتەوەییی ئازەربایجان هەنگاوی پێویست هەڵدەگرێت بۆ بڕەوپێدانی بەکاربردنی زمانی کوردی و پەرەسەندنی فەرهەنگی کوردی لەناو کوردەکانی ئازەربایجاندا و حکوومەتی نەتەوەییی کوردستانیش هەنگاوی هاوچەشن هەڵدەگرێت لەپێوەندی لەگەڵ ئەو ئازەربایجانیانەی لە کوردستاندا دەژین .

٧. هەردوو نەتەوەی واژۆکەری ئەو ڕێککەوتنە ڕێوشوێنی پێویست دەگرنەبەر بۆ سزادانی هەر تاک یان تاقمێک کە بیەوێ هاوڕێیەتیی مێژوویی و دێموکڕاتیکی کورد و ئازەربایجانی تێکبدات.

 بەندەکانی ٢، ٦، و ٧ نیشان دەدەن کە تورک و کورد لە شارە کێشەلەسەرەکاندا دەبێ لە مافی زمانی و بەشداری لە پێگە ئیدارییەکاندا هاوبەش بن. بەواتایەکی تر ڕێککەوتنەکە کورد و تورکی ئازەربایجانی لە پارێزگاکەدا بە خاوەن مافی ڕەوا دەزانێ. هەروەها هاوپەیمانییەکە هەردوو کۆمارەکە بۆ وتووێژ یان شەڕ لەگەڵ تاراندا دەخاتە هەلومەرجێکی نیزامی و دیپلۆماتیکی باشترەوە.

 هەروەها ڕێککەوتنەکە ئەوە نیشان دەدات کە کورد و تورک لەو ڕوانین و هەڵسوکەوتە تێپەڕین کە پێشتر بۆ یەکتر هەیانبوو. لە ١٩٢٠ەکاندا، تورکی ئازەربایجانی، خۆیان وەک شیعە دەبینی و هیچ دەرفەتێکیان بۆ هاوکاری لەگەڵ کورددا نەدەبینی. بەڵام ڕێبەرە نوێکان، جەعفەری پیشەوەری و قازی موحەممەد، هاوپەیمانییەکیان بۆ بەرژەوەندیی هاوبەش دروست کرد. لەم سەردەمەدا تورکی ئازەربایجانی لە شوناسی شیعەی ئێرانیی ١٩٢٠ ەکان تێپەڕین کە فارسەکانی وەک دۆست و کوردی وەک دوژمن پێناسە دەکرد. ئەم سەردەمە بەو جۆرەی کە کانستراکتیڤیستەکان باسی دەکەن، سەلمێنەری ئەوەیە کە شوناسی ئیتنیکی دەتوانێ بەتێپەڕینی کات بگۆڕدرێ و گرووپە ئێتنیکییەکان ڕەنگە سەرەڕای مێژوویەک لە دوژمنایەتی پێکەوە ئاشت ببنەوە و هاوکاریی یەکتر بکەن.

 کاتێک کۆماری ئازەربایجان لەگەڵ تاراندا بەجیا ڕێککەوت و کورد لەباری دیپلۆماتیکەوە خۆی بە تەنیا و لاواز بینییەوە، کۆماری کوردستان ڕێگای دا (هەروەها هانیدا) بۆ ئەوەی هۆزە کوردەکان گۆشار بخەنە سەر کۆماری ئازەربایجان. حکوومەتی ناوەندەی لە تاران پێی لەسەر ئەوە دادەگرت کە دەیهەوێ بە جیا لەگەڵ دوو کۆمارەکەدا وتووێژ بکات. ڕێککەوتنی تاران – تەورێز، بەکردەوە کۆماری ئازەربایجانی بچووک کردەوە بۆ حکوومەتێک بە دەسەڵاتی کەمتر و لە ناوچەیەکی بچووکتر. هەروەها ڕێککەوتنی تاران – تەورێز، قازی موحەممەدی ناچار کرد بەجیا وتووێژ بکات و ئەو نەیتوانی بگاتە هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ تاراندا. لە ئاکامدا کورد هێرشیان کردە سەر شارەکانی خۆی و ماکۆ و داوای حکوومەتێکی هاوبەشی کورد – تورکیان لەم شارانەدا کرد؛ کوردەکان تەنیا دوای ئەوەی یەکیەتیی سۆڤیەت هەڕەشەی دەستێوەردانی نیزامیی لێ کردن لەم شارانە کشانەوە (مابڵی، ١٩٧٩، ل ٨٥-٨٤). هەروەها لە سێپتامبری ١٩٤٦ دا، ئەرتەشی کۆماری کوردستان و چەکدارانی هۆزی شکاک بەرەو ورمێ ڕۆیشتن و دەستیان بەسەر ئەم شارەدا گرت؛ هێزە کوردەکان تەنیا ئەو کاتە کشانەوە کە سۆڤیەت هەڕەشەی کرد و تورکەکان بەڵێنی بەڕێوەبەرییەکی هاوبەشی کورد – تورکیان پێ دان ( مابڵی، ١٩٧٩، ل ٨٩-٨٨ ) .

 حکوومەتی فارس لە سەرەتادا کۆماری ئازەربایجانی بە دابینکردنی هێندێک مافی بچووک ڕازی کرد بەبێ ئەوەی ئەو مافانە بە کۆماری کوردستان بدا. ئەم سیاسەتەی حکوومەتی ناوەندیی فارس نەک هەر هاوپەیمانیی نێوان دوو کۆمارەکەی بەتاڵ کردەوە، بەڵکوو کێشەی خاکی نێوان ئەو دوو کۆمارەی گۆڕی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نیزامی. ئەوکاتەی ئەرتەشی سۆڤیەت پاشەکشێی کرد و لەشکری فارس خۆی تەیار دەکرد بۆ هێرشکردنە سەر کۆماری ئازەربایجان، بەکردەوە هاوکارییەک لەنێوان دوو کۆمارەکەدا نەمابوو. ئەرتەشی فارس سەرەتا کۆتایی بە کۆماری ئازەربایجان هێنا و دواتر دەستی بەسەر ناوچەی کۆماری کوردستاندا گرتەوە. ئەگەرچی کۆماری ئازەربایجان لەگەڵ تاراندا ڕێککەوتبوو، حکوومەتی ناوەندی پاش ئەوەی تەورێزی داگیر کردەوە هیچ چەشنە مافێکی ئیتنیکیی بۆ تورکی ئازەربایجانی لەبەرچاو نەگرت. بەواتایەکی تر حکوومەتی ناوەندیی فارس لە وتووێژ بۆ دابەشکردن و داگیرکردنەوەی ئازەربایجان و کوردستان کەڵکی وەرگرت.

 ئەگەرچی دڕدۆنگیی تەناهیی ئێتنیکیی نێوخۆیی لە ١٩٤٠ ەکاندا، لە ئاکامدا دامەزراندنی دەوڵەتی بۆ هیچکام لە کورد و تورکی ئازەربایجانی لێ نەکەوتەوە، کورد و تورک هاوپەیمانی و دۆستایەتیەکی کورتخایەنیان ئەزموون کرد کە پیشانی دەدا کێشەی خاک لە ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا دەتوانێت چارەسەر بکرێ. ئیرادەی سیاسی لەسەر بنەمای ڕێز و قازانجی دوولایەنە، ئەو دوو گرووپەی ڕازی کرد کە سەرەڕای ئەوەی مێژوویەک لە دوژمنایەتییان هەبوو، بەڵام دیسان بەدوای هاوپەیمانی و دۆستایەتیدا بڕۆن. تێپەڕین لەم سەردەمە پاڵپشتی ڕێبازی کانستراکتیڤیزم لە بواری کێشەی ئیتنیکی دەکات کە کێشە و شوناسی ئیتنیکی، لە هەلومەرجێکی کۆمەڵایەتییەوە پێکدێ و نەگۆڕ نییە.


قۆناخی سێهەمی دڕدۆنگیی تەناهیی ئێتنیکیی نێوخۆیی : شۆڕشی ١٩٧٩ ی ئێران

 دوای شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران بۆ چەندین مانگ حکوومەتی ناوەندی، دەسەڵاتی بەسەر زۆربەی ناوچە کورد و تورکەکاندا نەمابوو، هەر بۆیە هەلومەرجێکی تری دڕدۆنگیی تەناهیی نێوخۆیی لە نێوان کورد و تورکی ئازەربایجانیدا پێکهاتبوو. دوای شۆڕش، تورکەکان خاوەنی ڕێکخستنێکی گەورەی سیاسی و نیزامی نەبوون بۆ ئەوەی داوای ئۆتۆنۆمی یان هەرجۆرە شێوازێکی دیکە لە دیاریکردنی مافی چارەنووس بکەن. بەڵام حیزبە کوردییە چەکدارەکان، پانتاییەکی جۆغرافیی گەورەیان گرتەدەست و هەرێمێکی ئۆتۆنۆمی دیفاکتۆیان دروست کرد. کورد نەک شارە کوردەکانی کۆماری کوردستانی ١٩٤٦، بەڵکوو ئەمجارە پارێزگای کوردستان و هێندێک شاری پارێزگای کرماشانیشیان کۆنترۆڵ کرد.

 حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران پێنج شاری کوردی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوای کە بریتی بوون لە مەهاباد، بۆکان، سەردەشت، پیرانشار و شنۆ بەتەواوەتی کۆنترۆل کرد. لە یەکەمین کۆبوونەوەی ئاشکرا کە حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران لە مەهاباد گرتی، نزیکەی ١٠٠.٠٠٠ کورد کۆبوونەوە کە تێیدا ڕێبەری ئەو حیزبە، عەبدولڕەحمان قاسملوو وتی: “حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، دامەزرێنەری کۆماری کوردستان، یەکەمین دەوڵەتی کوردی لە مێژووی نوێی (مۆدێڕن) کوردستاندایە” ( بێهرووز، یووتیووب، ٢٠١٦). بەردەوامییەک لە ناسیۆنالیزمی کوردی لە کۆماری کوردستانی ١٩٤٥ تا شۆڕشی ١٩٧٩ دەبینرا. دوای شۆڕشی ١٩٧٩، کورد وەک کەمینەیەکی ئێتنیکی خاوەن پتەوترین ڕێکخستنی سیاسی و نیزامی لە ئێراندا دەرکەوت. لە یەکەمین هەڵبژاردنی ئازاد بۆ مەجلیسی خوبرەگان کە بۆ نووسینەوەی یاسای بنەڕەتی بەرێوەچوو، دوکتور قاسملوو، هەڵبژاردنەکەی لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا بردەوە؛ ئەو تاکە ئەندامی سێکۆلاری ئەو مەجلیسە بوو، بەڵام بەهۆی هەڕەشەی کوشتنی لە لایەن خومەینییەوە نەچووە تاران (ڕەحمانی، ٢٠١٨).

 لەم قۆناخەدا چەند هۆکارێک پاڵی بە تورکەکانەوە نا کە هاوشانی فارس و بەدژی کورد خۆیان ڕێکبخەن. خومەینی وەک کاریزماتیکترین ڕێبەری شۆڕشی ئێران پێی لەسەر ئیسلام و بەکردەوە مەزهەبی شیعە داگرت، هەربۆیە تورکەکان دەیانتوانی خۆیان لە گۆتاری خومەینیدا ببیننەوە. خومەینی، بەر لە توندوتۆڵکردنی ڕێژیمەکەی، لەڕێگای درووشمە پۆپۆلیستییەکانی وەک کارەبای بەخۆڕایی و دابەشکردنی یەکسانی داهاتی نەوتی ئێران لەنێوان هەموو ئێرانییەکاندا، گرووپە جیاوازە ئێتنیکی و ئیدیۆلۆژیکەکانی بۆلای خۆی ڕاکێشا (ئینتخابیفەرد، ٢٠١٤). کاتێک تورکەکان بە ڕێبەرایەتیی ئایەتوڵڵا کازم شەریعەتمەداری بەرهەڵستی حکوومەتی ناوەندی بوون، خومەینی هەڕەشەی لێ کردن کە بەهەمان شێوەی کوردستان سەرکوت دەکرێن (شەریعەتمەداری، ٢٠١٩). کەوابوو خومەینی بە بەکاربردنی تێکەڵەیەک لە فڕتوفێڵ و تۆقاندن، تورکەکانی ئازەربایجانی سەرکوت کرد. لەباری سیاسییەوە، تورکەکان خواستی ئۆتۆنۆمیی کوردیان، ئەگەر وەک هەڕەشەش لەقەڵەم نەدابا، وەک پرۆژەیەک سەیریان دەکرد کە پێوەندیی بە چارەنووسی ئەوانەوە نەبوو. هەروەها زاڵبوونی نیزامیی کورد لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا بوو بەهۆی ئەوەی تورکەکان پەنا بۆ فارس بەرن تا باڵانسی سەربازی لەو پارێزگایە لەبەرژەوەیی خۆیان بگۆڕن.

 شەڕی نێوخۆیی لە شاری تێکەڵاوی نەغەدە بوو بە سەرەتای دەستپێکی ڕێکخستنی نیزامیی تورکەکان لە دژی کورد. شەڕی نەغەدە ئەو کاتە دەستی پێ کرد کە حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران کۆبوونەوەیەکی حیزبیی لە ٢٠ ی ئاوریلی ١٩٧٩ لە شاری نەغەدەدا گرت (وریا، ٢٠١٢). نەغەدە لە دانیشتوانی کورد و تورکی ئازەربایجانی پێکهاتووە کە تێیدا ئەو دوو نەتەوەیە لە دراوسێیەتیی یەکتردا دەژیان. تەنانەت هەنووکەش گەڕەکە تورک و کوردەکان لە نەغەدەدا لێک جیان. حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران بۆ ئەو کۆبوونەوەیە ستادیۆمێکی فووتباڵی لە گەڕەکێکی تورک لە نەغەدەدا هەڵبژارد و زۆرێک لە بەشداربووە کوردەکان چەکدار بوون. بەدەر لەوەی مەبەستی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران چ بوو، تورکەکان ئەو کۆبوونەوەیان وەک پێشاندانی هێزی سیاسی و نیزامیی کورد لە نەغەدە بینی. کاتێک دوکتور قاسملوو دەستی کرد بە قسەکانی، تەقەکردن دەستی پێ کرد و شەڕێکی سێ ڕۆژە لەنێوان کورد و تورک لەو شارەدا دەستی پێ کرد.

 ئەگەرچی زانیارییەکی ورد و بڕواپێکراو لەسەر ژمارەی کۆژراو و بریندارانی شەڕی نەغەدە لەبەردەستدا نییە، چەند ڕۆژنامەیەک ئاماژە بەوە دەکەن کە لە هەردوو دانیشتووانی کورد و تورک سەدان کەس کوژران و چەند هەزاریش ئاوارەی شارە دراوسێکان بوون (خۆشحاڵی، ل ٣٦-٢٩). لەکۆتاییدا دوای سێ ڕۆژ شەڕ لەنێوان کورد و تورکدا، ئەڕتەشی فارس بە چەکی قورسەوە چووە نێو شارەکە و قەدەغەی هاتوچۆی بۆ چەند ڕۆژێک سەپاند (خۆشحاڵی، ل ٨-٧). حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران، ئایەتوڵڵا غوڵامڕەزا حەسەنی، کەسایەتیی تورکی شیعەی شاری ورمێی، تاوانبار کرد بە هاندانی هێنذێک لە تورکەکان بۆ ئەوەی کۆبوونەوەکە بەرەو توندوتیژی ببەن (خۆشحاڵی، ل ٣٠-٢٩)؛ حەسەنی دواتر بوو بە نوێنەری خومەینی لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا و تا کاتی مردنی لە ساڵی ٢٠١٨ دا لەم پێگەیەدا مایەوە (ڕووداو، ٢٠١٨). شەڕی نەغەدە پیشانی دەدا کە هەلومەرجێکی نادڵنیاییی تەناهیی نێوخۆیی، واتا ترسی تورکەکان لە هێزی سیاسی و نیزامیی کورد، بە هۆی لاوازیی پێوەندیی کوردەکان یان پلانی دەوڵەتی ناوەندی، شەڕی ئەو دوو نەتەوەیەی لەو شارەدا لێ کەوەتەوە.

 کاتێک کوردەکان نەیانتوانی بگەن بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ خومەینیدا، لەشکری فارس و حیزبە کوردە چەکدارەکان چوونە ڕووبەڕووبوونەوەی نیزامییەوە. دواتر کە شەڕی ئێران-عێراق دەستی پێ کرد، خومەینی ئێرانییە شیعەکانی ڕێکخست بۆ ئەوەی دژی هێرشی سەددام حوسەین، ڕێبەرێکی عەرەبی سوننە، شەڕ بکەن. هەردوو شەڕی نێوان کورد و حکوومەتی ناوەندی و شەڕی ئێران-عێراق (١٩٨٨-١٩٨٠) دەرفەتی بە فارسەکان دا کە تورکەکان لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و پارێزگا تورکنشینەکانی دیکە، بۆ پاڵپشتیی حکوومەتێکی نوێی فارسی شیعە، ڕێکبخەن.

 ناوچەی موکریان بڕبڕەی پشتی شەڕی نیزامیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران بە دژی حکوومەتی ناوەندی لە ١٩٨٠ کاندا بوو. بەگوێرەی کتێبی شەهیدەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران، لە ١٩٧٩ وە تا ٢٠٠٧، ئەو حیزبە زیاتر لە ٤٠٠٠ پێشمەرگەی کۆژراوە. ٦٧٪ ی شەهیدانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران لەم سالانەدا، کە نزیکەی ٢٧٠٠ پێشمەرگە دەکا، لەدایکبوو و دانیشتووی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بوون . خشتەی ١ ژمارەی ئەو هێزانە پیشان دەدا کە حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران لە شارە جیاوازەکان لە چوار پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان و ئیلامدا لەدەستی داون. بەپێی خشتەکە بەڕیز ١٨٤، ١٨٢، ١٧٨، و ٤٩ کەس لە شەهیدانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران لە ١٩٧٩ وە بۆ ٢٠٠٧ سەر بە چوار شاری کێشەلەسەری سەڵماس، نەغەدە، ورمێ و خۆی بوون. ئەو ئامارانە نیشان دەدەن کە دانیشتووانی کوردی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە شەڕی کورد لە ١٩٨٠ کاندا بەشداریی گەورەیان هەبووە.

خشتەی ١ . شەهیدەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ وە بۆ ٢٠٠٧ .

تێبینی: بۆ دەستخستنی ئەو ئامارانە، نووسەر کەڵکی لە سێ بەرگی کتێبی ئالبۆمی شەهیدان وەرگرتووە، کە لە ٢٠٠٧ دا بە کوردی و لەلایەن کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێرانەوە بڵاو کراوەتەوە . نووسەر ئەو شەهیدانەی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران کە بەر لە شۆڕشی ١٩٧٩ ی ئێران یان ئەوانەی بەهۆکاری سرووشتی وەک نەخۆشی و ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە، ئەژمار نەکردووە.

 حیزبە سیاسییە کوردەکان لە ١٩٨٠ کاندا شەڕی خۆیان بە دژی حکوومەتی ناوەندی دەست پێ کرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە زۆرترین تێکهەڵچوونەکان لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا ڕوویان دا، تورکی ئازەربایجانی خەساری زۆریان بەرکەوت. بۆ حکوومەتی ناوەندیی فارس، بەکار‌هێنانی دانیشتوانی تورکی خۆجێیی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، لەباری لۆژیستیکی و ئابوورییەوە، زۆر باشتر بوو لەوەی کە هێزە چەکدارە فارسەکان لە پاڕێزگا ناوەندییەکانەوە بهێنێ. چونکە تورکی ئازەربایجانی لە ناکۆکی لەگەڵ کورددا خەساری زۆریان بەرکەوت، ڕقێکی قووڵ بەدژی کورد لەنێو بنەماڵەی قوربانیانییە تورکە ئازەرییەکاندا پەرەی سەند. لەباری سیاسییەوە، بەکارهێنانی تورکی ئازەربایجانی لەلایەن حکوومەتی ناوەندیی فارسەوە دوژمنایەتیی نێوان کورد و تورکی ئازەربایجانیی قووڵتر کردەوە.

 لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩حکوومەتی ناوەندی بۆ چەندین مانگ لاواز بوو، قۆناخێکی دیکە لە دڕدۆنگیی تەناهیی ئێتنیکیی نێوخۆیی لە ئێراندا دروست بوو، کورد و تورک لە ئێراندا جۆرێک لە خۆبەڕێوەبەرییان هەبوو و لە کۆتاییدا ئەم گرووپانە دەبوو چارەنووسی خۆیان، دوست و دوژمنەکانیان بۆ ئەو قۆناخە هەلبژێرن. لەگەڵ ئەوەدا کە کوردەکان ڕێکخراوترین کەمینەی ئیتنیکیی ئەم قۆناخە بوون، خاوەنی هیچ ستراتێژی و گوتارێک بۆ دامەزراندنی دۆستایەتی و هاوپەیمانی لەگەڵ تورکی ئازەربایجانیدا نەبوون بەواتایەکی تر، لە شەڕی کورد بۆ ئۆتۆنۆمیدا، پێگەی تورکی ئازەربایجانی و بەتایبەتی چارەنووسی شارە کێشەلەسەرەکان لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا لە باشترین حالەتدا ناڕوون بوو. حکوومەتی ناوەندیی فارس، ئەمجارە فارسی شیعە، هەمان سیاسەتی حکوومەتی فارسی پێشوویان گرتەبەر: دووبەرەکییان خستە نێو کورد و تورک، هەوڵیان دا بۆ هاندان و ڕێکخستنی تورکەکان دژ به ڕاپەرینی کوردەکان، دوژمنایەتیی نێوان ئەو دوو نەتەوەیان قووڵتر کردەوە. تورکەکان، لەباری سیاسی و نیزامییەوە، ناڕێکخراوتر لە کوردەکان بوون و ئەوەش وای کرد پشت بە هێزی فارسەکان ببەستن. بەو پێیە هەر ماوەیەکی کورت دوای شۆرشی ١٩٧٩، کێشەی خاک لە نێوان کورد و تورک دا پەرەی ئەستاند.


گەشەی نەتەوەخوازیی تورکەکانی ئازەربایجان: پێکدادانی سیاسی و فەرهەنگی لەگەڵ فارس و کورد

 دوای ١٩٩٠ ەکان، نەتەوەخوازی لەنێوان تورکەکانی ئازەربایجاندا پەرەی سەند و ئەوان دەستیان کرد بە داواکردنی مافی سیاسی و فەرهەنگیی زیاتر لە ئێراندا. لە ١٩٩٠ ەکاندا، هەردوو شەڕی ئێران–عێراق و شەڕی چەکداریی کورد کۆتایی پێهات. لە دوای ١٩٩٠ەکانەوە، تورکەکان بۆ دەستخستنی جۆرێک لە مافی دیاریکردنی چارەنووس، وەک فێدراڵیزم یان سەربەخۆیی هێندێک حیزبی سیاسییان دامەزراند.

 لە ١٩٩٠ ەکاندا هەردوو کۆماری نوێی ئازەربایجان و تورکیا یارمەتیاندا بە گەشەی نەتەوەخوازی لەنێو تورکەکانی ئازەربایجان لە ئێراندا. بەتایبەتی سەرهەڵدانی کۆماری سەربەخۆی ئازەربایجان، لە ١٩٩١دا و لە دوای هەرەسهێنانی یەکیەتیی سۆڤیەت، یارمەتیدەر بوو بۆ گەشەی ناسیۆنالیزم لەنێوان تورکەکاندا لە ئێران. ئەوەی ئێستا وەک وڵاتی ئازەربایجان دەناسرێ، لە دوای دۆڕانی ئێران لە شەڕێک لەگەڵ ڕووسیا لەسەرەتاکانی سەدەی نۆزدەدا خرایەسەر ئیمپراتۆریی ڕووسیا و لە ١٩٩١ دا دوای هەڵوەشانەوەی یەکیەتیی سۆڤییەت، سەربەخۆیی وەرگرت. هێشتا هەردوو تورکی ئازەربایجانی، لە نێوخۆی کۆماری ئازەربایجان و لە نێو سنوورەکانی ئێراندا، بە زمانێکی هاوبەش قسە دەکەن. هەروەها، دوای ١٩٩٢، زۆرێک لە تورکەکانی دانیشتووی ئێران لەڕێگای سەتەلایتەوە توانیان سەیری میدیاکانی تورکیا بکەن و بۆ یەکەمجار ئەوان وێنەیەکی ئەرێنییان لە شوناسی تورکیدا بینی کە تێیدا تورکەکان خوێندەوار و دەوڵەمەند بوون (شافێر، ٢٠٠٠، ل ٤٦٣). تێگەیشتن لە هەبوونی وڵاتێکی تورک واتە تورکیا کە لە ئێرانێکی فارسی پێشکەوتووتر بوو، متمانەبەخۆبوونی تورکەکانی نێو ئێرانی بەرز کردەوە و بیرۆکەی سەردەستیی فەرهەنگی و سیاسیی فارسەکانی لاواز کرد.

 لە چەند دەیەی ڕابردوو، تورکەکان دەستیان بە ڕێکخستنی ناسیۆنالیسی کردووە. بزووتنەوەی هەستانەوەی نەتەوەییی ئازەربایجانی باشوور (سەنەم / SANAM)، لە ١٩٩٥ دا لە باکۆی پێتەختی کۆماری ئازەربایجان دامەزرا و بۆ دەستەبەرکردنی مافی تورکەکان لە ئێراندا تێدەکوشێ. ڕێبەری سەنەم، مەحموودعەلی چێهرێگانی لە هەڵبژاردنی ١٩٩٦ ی پارلەمانی ئێراندا بەشداریی کرد و بە جەختکردن لەسەر مافە ئێتنیکی و زمانییەکانی ئازەربایجانییەکان لە بانگەشەی هەڵبژاردن، ٦٠٠ هەزار دەنگی دەستەبەر کرد. حکوومەتی ناوەندی ڕێگای نەدا چێهرێگانی بڕواتە نێو پارلەمان و بۆ دوو ساڵ خستیە بەندیخانە (کۆکنار، ٢٠٠٦) .

 گەشەی نەتەوەخوازی لەنێوان تورکەکانی ئێراندا لەدوای ١٩٩٠ ەکان بوو بەهۆی پێکدادانی سیاسی و فەرهەنگی لەگەڵ فارسەکاندا. بۆ وێنە، لە ساڵی ٢٠٠٦ دا، هەزاران تورک لە شارە تورکنشینەکاندا بەدژی کاریکاتۆرێک کە ڕۆژنامەی دەوڵەتیی ئێران بڵاوی کردبووەوە خۆپێشاندانیان کرد؛ کاریکاتۆرەکە منداڵێکی کێشابووەوە کە لەگەڵ بەرسوورکەیەکدا بە فارسی قسەی دەکرد و بەرسوورکەکە بە تورکی وڵام دەداتەوە و دەڵێ “مەبەستت چییە ؟” (کاڵینز، ٢٠٠٦). هەروەها، تراکتۆرسازی، یانەیەکی فووتباڵ لە تەورێز، بووەتە بە هێمایەکی ناسیۆنالیستیی تورکەکان و بە دەیان هەزار تورک لە ستادیۆمەکان پشتگیریی تیمی تراکتۆرسازی دەکەن (سڵێمانۆف، ٢٠١١، ل ٢٧-٢٦ ). لە یارییەکانی تراکتۆرسازیدا، زۆر کات هەزاران تورکی ئازەربایجانی درووشمگەلێک دەڵێنەوە وەک “تەورێز، باکۆ، ئانکارا، ڕێگای ئێمە لە ڕێگای فارس جیایە “، “ئازەربایجان ئی ئێمەیە، ئەفغانستانیش ئی ئێوەیە” و “بژی ئازەربایجان و کەوتن بۆ ئەوانەی ئێمەیان خۆش ناوێت ” (سڵێمانۆف و کراوس ، ٢٠١٧، ل ٨١ ).

 هەروەها گەشەی نەتەوەخوازیی تورکەکان لە ئێراندا گرژیی لە نێوان تورکەکان و کورد زۆرتر کردەوە. گرژی و ناکۆکییەکانی کورد – تورک لەپاش ١٩٩٠ ەکانەوە، بەشێوەی سەرەکی لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا چڕدەبێتەوە. ڕێکخراوی بەرگریی نەتەوەیی ئازەربایجان (ئانرۆ / ANRO)، حیزبێکی سیاسیی تورکەکانە کە لە ٢٠٠٦ دا لە دەرەوەی ئێران دامەزرا و بە چڕی هانی گرژیی نێوان تورک و کورد دەدات. زۆربەی ئەندامانی ڕێبەریی ئانرۆ سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوان. ئانرۆ ژمارەیەک ڕاپۆرت و نامیلکەی لەسەر بزووتنەوەی کورد لە ئێراندا بڵاو کردۆتەوە. لە ٢٠١٦ دا، ئەوحیزبە (ل ١١-٥) ڕاپۆرتێکی لەسەر شەڕی ١٩٧٩ ی نەغەدە بڵاو کردەوە کە تێیدا حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران تاوانبار دەکات کە هەوڵی داوە لە نەغەدەدا پاکتاوی ئیتنیکیی دانیشتوانی تورکی ئەو شارە بکات. لە هەمان ڕاپۆرتدا ئانرۆ باسی مەترسیی پاکتاوی ئیتنیکیی تورکەکان لە داهاتوودا بەدەستی کوردەکان لەپارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا دەکات؛ ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە ڕووداوەکانی دوای شەڕی نێوخۆییی سووریا دەدا و دەڵێت کە دوای بۆشاییی دەسەڵات لە سووریادا،هێزەکانی یەپەگە، هێندێک ناوچەی کە بەزۆری دانیشتوانی عەرەب و تورکمەنی لێ بووە، کونترۆل کردووە و سناریۆیەکی هاوشێوە دەتوانێت بۆ تورکەکان لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا ڕوو بدات، ئەگەر خۆیان تەیار نەکەن ( ل ١٥-١٣). هەر بەم شێوەیە کە دەیڤید لەیک، پسپۆرێکی بواری کێشەی ئیتنیکی، ترسی گشتیی گرووپێک لەهەمبەر داهاتووی، وەک هۆکارێکی سەرەکیی دروستبوونی کێشەی ئیتنیکی پێناسە دەکات، حیزبی ئانرۆ ئاگری ترسی تورک لە بزووتنەوەی کورد لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا خۆش دەکات.

 ئەگەرچی شەڕی چەکداریی کورد لە ١٩٨٠ کاندا تێکشکا، بەڵام ناسیۆنالیزمی کورد لە پەرەسەندنی سیاسی و فەرهەنگیی خۆی هەر بەردەوام بووە. گەشەی نەتەوەخوازی لەنێوان هەردوو نەتەوەی کورد و تورک لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا بووەتە هۆی کێبڕکێی ئەو دوو گرووپە بۆ دەستخستنی پێگە حکوومەتییەکانی ئەو پارێزگایە. لە دوایین ئاڵۆزییەکانی کورد-تورکدا لە گەڵاوێژی ٢٠١٩ دا، موحەممەد حەزرەتپوور، سەرۆکی شارەوانیی شاری ورمێ، لە دانیشتنێک لەگەڵ ئەندامانی شوورای ئەو شارەدا بە تورکی قسەی کرد. کاتێک خالید حاتەمی، ئەندامێکی کوردی ئەو شوورایە، داوای لێ کرد کە بە فارسی قسە بکا، سەرۆکی شارەوانی ئەو داوایەی ڕەت کردەوە و ئەوە بووە هۆی دەمەقاڵەی ئەندامانی شوورا و کاردانەی زۆری لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێ کەوتەوە (بی بی سی فارسی، ٢٠١٩). کۆمەڵێک فارس، کورد و تورک کاردانەوەیان بە ڤیدیۆی ئەم دانیشتنە نیشان دا. ئومید دانا (٢٠١٩)، پان–فارسێکی توندڕەو، ئەو ڤیدیۆیەی وەک بەڵگە و نموونە هێناوە کە بەکارهێنانی زمانە نافارسییەکان دەبێتە هۆی ناکۆکیی ئێتنیکی لە ئێراندا و باشترە هەموو گرووپە ئیتنیکییەکان لە ئێراندا بە فارسی قسە بکەن. هەروەها لە پرۆگرامێکی تەلەڤیزیۆنی ئێران ئینتێرناشناڵ (٢٠١٩) لەسەر ئەو دانیشتنە، دیالۆگی نێوان ڕۆژنامەوانێکی کورد و چالاکێکی سیاسیی تورک بەخێرایی گۆڕدرا بۆ قسەکردن لەوەی کام نەتەوە، زۆرینە و خاوەنی خاکە لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا. ئاڵۆزی لەسەر مافە زمانییەکان لەنێوان کورد، تورکی ئازەربایجانی و فارسەکاندا تەنیا بەشێکە لە شەڕێکی گەورەترە لەسەر ئەوەی لەو پارێزگایانەی کە زۆربەی دانیشتووانی کورد یا تورک یا تێکەلاوێک لە کورد و تورکن، کام گرووپ ڕەواییی ئەوەی هەیە کە خاوەنی خاک بێ.


چارەسەری کێشەی ئیتنیکی-خاک لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا

 لە هەمبەر پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا، هەرسێ گرووپی ئیتنیکیی فارس، کورد و تورکی ئازەربایجانی خۆیان بە تاقە مافداری پارێزگاکە دەزانن. کام گرووپ شایانی ئەوەیە مافە خاکییەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا وەربگرێت؟ کام گرووپی ئێتنیکی پێویستە مافی ئەوەی هەبێ لە سەرچاوە سروشتییەکانی ئەو پارێزگایە کەڵک وەربگرێ، جووڵەی کەسەکان و شتومەکەکان لەو پارێزگایە کۆنترۆل بکا و دامەزراوە سیاسییەکان لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا دابمەزرێنێت؟

 بۆ وڵامدانەوەی ئەم پرسیارە بنەڕەتییە، نووسەر کەڵکی لە کتێبی ” تیۆرییەکی سیاسیی خاک” ی مارگارێت مور وەرگرتووە. مور (٢٠١٥، ل ٣٠-١٥) لەنێوان چەمکەکانی موڵک (property) و خاکدا (territory) جیاوازی دادەنێت؛ ئەو باسی ئەوە دەکات کە موڵک تایبەتە بە پێوەندیی ئابووری لەنێوان تاکێک و ئەو بەشە لە زەویدا، لەکاتێکدا خاک گرێدراویی فەرهەنگی، ئابووری و سیاسیی گرووپێک لە خەڵکە بۆ زەویوزاری ناوچەیەکی دیاریکراو. مور (٢٠١٥، ل ٦٦-٥٠) لەو بڕوایەدایە کە گرووپێک مافی خاوەندارێتیی خاکێکی هەیە ئەگەر ئەو گرووپە لە خەڵک، ئەو خاکەی لە ڕابردوودا بە شێوەیەکی ڕەوا دەستخستووە، گرێدراوییەکی کۆمەڵایەتی وفەرهەنگیی لەگەڵ ئەو خاکەدا دامەزراندوە؛ لەنێوان ئەندامەکانیدا ئیرادەیەکی بەکۆمەل بوونی هەیە و ئەو گرووپە خاوەنی مێژوویەک لە خەباتی سیاسییە. بە واتایەکی تر، مور پێی وایە گرووپە فەرهەنگییەکان کە مێژوویەک لە خەبات و ڕێکخستنی سیاسییان نییە و لە جوغرافیایەکی پێکەوەگرێدراودا ناژین، پێویستە تەنیا خاوەنی مافی فەرهەنگی و نیشتەجێبون بن. بە بڕوای ئەو بیرمەندە سیاسییە، گرووپێک کاتێک دەتوانێ داوای مافی خاوەندارێتی بەسەر خاکێکدا بکا کە پێوەندیی کۆمەڵایەتی-فەرهەنگی و سیاسیی توندوتۆڵی لەگەڵ ئەو خاکەدا دامەزراندبێ.

 بە کەڵک وەرگرتن لە تیۆریی سیاسیی خاکی مور، گرووپی ئتنیکیی فارس ڕەواییی ئەوەی نییە خاوەن مافی خاک بێ لەو پارێزگایانەی ئێراندا کە زۆرینەی دانیشتوانی کورد و تورکی ئازەربایجانین چونکە ئەوان لەپێوەندی لەگەڵ ئەو پارێزگایانەدا پێوەندییەکی نیزامی-ئابوورییان دامەزراندووە، بەبێ ئەوەی پێوەندییەکی کۆمەڵایەتی-فەرهەنگی بوونی هەبێ. فارس لەو ناوچانەی کە دانیشتووانی بەزۆری کورد و تورکن، کەمینەیەکی بچووک لە کۆی دانیشتووە خۆجێییەکان پێکدەهێنن و زۆربەیان بەهۆکاری ئابووری و بەهۆی کارکردن لە ئەڕتەش و دامەزراوەکانی دەوڵەت، لەو ناوچە نافارسانە دەژین. زۆربەی ئەو فارسانەی کە لە پارێزگا نا-فارسەکاندا دەژین، بۆ وێنە لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا، لەوێ لەدایک یان گەورە نەبوونە، گرێدراویی فەرهەنگییان بەم پارێزگایانەوە نییە و بۆ دەستکەوتی ئابووری کۆچیان بۆ ئەم پارێزگایانە کردوە. هەر بە هەمان شێوە، لە دەیەکانی دواییدا، زۆرێک لە کورد و تورکەکان بۆ دەستخستنی دەرفەتی کار و هەلومەرجی ژیانی باشتر کۆچیان بۆ تاران کردوە و ئەوانیش هێشتا پێوەندییەکی کۆمەڵایەتی فەرهەنگییان لەگەڵ خاکی تاراندا دروست نەکردوە و هیچ بانگەشەیەکی خاوەندارێتی بەسەر تارانیان نییە. بەڵام نیشتەجێبوونی کورد و تورکی ئازەربایجانی لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا بۆ سەدان ساڵ دەگەڕێتەوە و ئەو دوو نەتەوەیە پێوەندییەکی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و سیاسیان لەگەڵ ئەو خاکەدا دامەزراندووە.

 مێژووی سیاسیی هاوچەرخ لە سەدەی بیستەوە تاکوو ڕۆژگاری ئێستا دەریدەخا کە هەردوو شوناسی تورکی و کوردی بە تێپەڕینی کات گۆڕاون و ڕێبەر و بزووتنەوە سیاسییەکان ڕۆڵێکی سەرەکییان لە بیچمدان بە کێشەی خاک لە نێوان ئەو دوو نەتەوەیە لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا هەبووە. لە ١٩٢٠ ەکاندا و دواتر لە شۆڕشی ١٩٧٩ ی ئێراندا، ڕێبەرانی تورک و کورد نەیانتوانی بۆ بەرژەوەندیی دوولایەنە و بە دژی هەڕەشەی هاوبەشی حکوومەتی ناوەندیی فارس هاوکاریی یەکتر بکەن. بەڵام ئەو دوو نەتەوەیە لە ١٩٤٦ دا بە ڕێبەرایەتیی جەعفەر پیشەوەری و قازی موحەممەد، هاوپەیمانییەکیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەیەکی هاوبەشی حکوومەتی ناوەندیی فارس دامەزراند و هەر دوو نەتەوەی کورد و تورکیان بە خاوەنی مافی خاوەندارێتیی خاک لەو پارێزگایە لەقەڵەم دا. بە واتایەکی تر، کێشەی خاک لە نێوان کورد و تورک لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا، نەک لە ئاکامی ڕقی کۆنی قووڵ لەنێوان ئەو دوو نەتەوەیەدا، بەڵکوو بەهۆی کردەوەی چالاکانی سیاسیی کورد وتورک و دووبەرەکینانەوەی حکوومەتی ناوەندیی فارس لە سەردەمی هاوچەرخدا بووە.

 بەرلە سەرهەڵدانی قۆناخێکی دیکە لە دڕدۆنگیی تەناهیی نێوخۆیی نێوان کورد و تورک، نوێنەرانی حیزبە سیاسییەکانی کورد و تورکی ئازەربایجانی دەتوانن لە ئورووپا یان ئامریکا وتووێژ بکەن و ڕادەیەک لە تێگەیشتن و متمانە لەنێو خۆیاندا لەهەمبەر کێشەی خاک لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا دروست بکەن. کورد و تورک لە ئێران بانگەشەی خاوەندارێتی بەسەر چەند پارێزگایەک لە ئێراندا دەکەن، بۆیە چارەسەرکردنی کێشەی خاک لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا دەتوانێ کاریگەریی ئەرێنیی گەورەی هەبێ لە بەرەوپێشبردنی خەباتی ئەو دوو نەتەوەیە لە دژی حکوومەتی ئێستای فارس و ئاسۆیەکی گەشتر لە پێوەندیی نێوان ئەو دوو نەتەوەیە لە دوای هەرەسهێنانی حکوومەتی ناوەندی دروست بکا.

 دوو نەتەوەی کورد و تورک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی خاک لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا، پێویستە هەوڵ بۆ جێبەجێکردنی پڕەنسیپەکانی خوارەوە بدەن:

١) دانپێدانان بەوەی هەردوو نەتەوەی کورد و تورکی ئازەربایجانی خاوەندارێتیی ڕەوای خاکیان هەیە لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا. پێویستە ئەوە بنەمایەک بێ بۆ چارەسەری کێشەی خاک. کاتێک حیزبە سیاسییەکانی کورد و تورک، ئەو پارێزگایە وەک کوردستانی یان ئازەربایجانی پێناسە دەکەن، ئەوان بنەمای خاوەندارێتیی هاوبەشی خاک لەو پارێزگایە پشتگوێ دەخەن .

٢) کورد و تورک دەتوانن ڕێکبکەون کە لە دوای هەرەسهێنانی حکوومەتی ناوەندیی فارس، بەڕێوەبەرییەکی هاوبەشی کورد-تورک لە شارە کێشەلەسەرەکان لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا هەبێ.

٣) کورد و تورک دەتوانن لە بەشداریی لایەنێکی سێهەم کە هیچ بەرژەوەندی و پێوەندیی بەو کێشەیەوە نەبێ، کەڵک وەربگرن بۆ ئەوەی هێندێک فاکت و ڕاستی لەسەر ئەو کێشەیە دابمەزرێنن و دیالۆگ لەسەر کۆمەڵێک میکانیزم بۆ چارەسەریی ئەو کێشەیە بکەن.

  • کارناســی بــاڵای پێوەندیــی نێودەوڵەتی لە زانکــۆی ویلایەتی میزووری لە ئەمریکا / ماموستای ڕاوێژکار: د . دەیڤید ڕۆمانۆ

    ڕوونکردنەوە: دەســتەی نووسەرانی گۆڤاری تیشک لەگەڵ ناونیشان و بەشــێک لە ناوەرۆکی ئەم وتارە هاوڕا نییە وتارەکەش تەنیا وەک خوێندنەوەی نووسەر و، ڕایەکی جیاواز بڵاو دەبێتەوە.


داگرتنی بابەت

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان