ئارامتر بخوێنەوە!

بنەماڵە؛یەکەم مەتەرێزی فێمێنیسم

وڵات زاگرۆس

“هەر شۆڕش و تێکۆشانێک ئازادیی ژن نەکاتە ناوەندی تێکۆشانەکەی و لەو بوارەدا زۆرترین مەودا نەبڕێت ئەوا چارەنووسەکەی هەرچی بێت هەر بن کەوتنە”.
دوکتور سادق شەرەفکەندی

مێژووی مرۆڤایەتی بە درێژاییی تەمەنی خۆی، مێژووی هەڵاواردن و چەوساندنەوەی مرۆڤ بە دەستی مرۆڤ و خەباتی چینی ژێردەست لە پێناو نەهێشتنی ئەم هەڵاواردنەیە؛ ئەمە تەعبیری کارل مارکس لە مێژوو و توخمی بزوێنەری مێژووە. ئەم بۆچوونەی مارکس و فەلسەفەکەی بە درێژاییی نزیک بە دوو سەدە، هەوێنی زۆرێک لە شۆڕشەکان و خەباتەکانی مرۆڤ لە سەرانسەری دونیادا بووە. ئەگەر مارکس و فەلسەفەکەی وەک بەرهەمی سەردەمی ڕۆشنگەری پێناسە بکەین، دەتوانین چەندین بزووتنەوە و قوتابخانەی هزریی تر ئاماژە پێ بدەین کە بە خوێندنەوەیەکی تر لە مێژوو، لەم سەردەمەدا هاتنە ئاراوە و هەوڵی نەهێشتنی چەوساندنەوەیان دا. فێمێنیسم وەک بەرهەمی ڕۆشنگەری، ئاماژە بە ڕێباز و بزووتنەوەیەکە کە جیهان لە دەلاقەی ڕوانینی ژنانەوە سەیر دەکا. ژن بە درێژاییی مێژوو، ئەو دەستە و گرووپە بووە کە چەوساندنەوە و زۆرداری، بەشێکی جیانەکراوە لە ژیانی ڕۆژانەی بووە. هەندێک لە بیرمەندانی بواری فێمێنیسم پێیان وایە هەڵاواردنی ڕەگەزی، کۆنترین مۆدێلی هەڵاواردنە و هەر لە دێرزەمانەوە ژن وەکوو ڕەگەزی ژێردەست لەنێو جڤاک و بنەماڵەدا چەوسێندراوەتەوە.
بە دەستپێکردنی سەردەمی ڕۆشنگەری و هاتنەئارای گۆڕانکاریی قووڵ لە هەموو ڕەهەندە فکری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، ژنانیش وەک نیوەی کۆمەڵگە و گرووپێک کە زیاترین ڕێژەی هەڵاواردنی لەسەرە، وەخۆ کەوتن و بیرمەندانی ئەم گرووپە لە قۆناغگەلی جیاوازدا توانیویانە بە پێکهێنان و پەرەپێدانی تیۆریی فێمێنیسم، ژنان وەک بزووتنەوەیەک بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان و لەنێوبردنی هەڵاواردنەکان، ڕێکبخەن. تیۆریی فێمێنیسم لە هەموو تەمەنی خۆی و قۆناغە جیاوازەکانیدا لە فەلسەفە و تیۆرییە سیاسییە جیاوازەکان بۆ دەوڵەمەندکردنی خۆی کەڵکی وەرگرتووە و ئەگەر فێمێنیزم وەک بەرهەمی سەردەمی ڕۆشنگەری و فەلسەفەی ڕۆشنگەری(واتە لیبرالیسم) بزانین، ئەوە دەتوانین بڵێین فێمێنیسم لە بنەڕەتدا بەرهەمی بیری لیبراڵی بۆ وەدەستهێنانی مافی بەرانبەر لەگەڵ پیاوان بووە. بەڵام دواتر و لە قۆناغگەلی جیاوازدا، هزری فێمێنیستی بە هەست کردن بەوەی کە لە چوارچێوەی دنیای لیبراڵی و بیری لیبراڵدا نەیتوانیوە مافەکانی دەستەبەر بکا، کەوتووەتە کەڵک وەرگرتن لە گوتارە شۆڕشگێڕ و دژە سیستەمەکانی سەردەمی خۆی و لە زۆر شوێندا بە دژی نەزمی لیبراڵ وەستاوەتەوە.
پێناسەی فێمێنسیم
کارێکی زۆر دژوارە ئەگەر بمانهەوێ پێناسەیەکی کورت و پوخت لە فێمێنیسم کە هەموو فێمێنیستەکان لەسەری کۆک بن بەدەستەوە بدەین. لەڕاستیدا بیرۆکەی فێمێنسم، بەهۆی فرەچەشنی و جیاوازیگەلێک کە ئاوێتەیەتی، کەمتر وەک بیرۆکەیەکی یەکانگیر و یەکدەست دەچێت بەڵکوو زیاتر وەک دەمەقاڵەی بێ پایانی نێوان داڕێژەرانی ئەم بیرۆکەیە خۆی دەنوێنێت. لەنێو مێژووی دوور و درێژی بیرۆکەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ڕۆژئاوادا، ئەم چەمکە (واتە فێمیێنیسم) تا ڕادەیەک نوێیە و بەم مانایە چوارچێوە و دیمەنێکی نوێش پێشکەش دەکا. جیا لەمە، ”پێناسەی ئەو، بە تێپەڕبوونی کات گۆڕانی زۆری بەسەردا هاتووە و مانای چەندلایەنەی هەنووکەیییەکەی، جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ پێناسەی لە دەیەی١٨٩٠دا هەیە.
دەتوانین وەک پێناسەیەکی گشتگیر بۆ فێمێنیسم کە بتوانێت هەموو جیاوازییە زۆرەکانی ئەم بیرۆکەیە لە تەمەنی خۆیدا لەخۆ بگرێت، ئاماژە بەو خاڵانە بکەین: “بیرۆکەی فێمێنستی بەشێک لە کۆمەڵە لێکۆڵینەوەیەک دەربارەی ژنانە کە بە شێوەی پاڵەکی، یا فەرمی سیستەمێکی هزریی بەربڵاو و گشتی لەمەڕ تایبەتمەندییە بنەڕەتییەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئەزموونی تاکەکەسی لە گۆشەنیگای ژنێکەوە بونیات دەنێت”.
لەلای فێمێنیستەکان بەگشتی بەنیسبەت بیرۆکەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی نەریتیی ڕۆژئاوا، ڕەخنە و تێبینیی بەرچاو هەیە و پێیان وایە پێگەی ژن لە هزری سیاسی و کۆمەڵایەتیی ڕۆژئاوادا زۆر لاوازە یا خود خاوەن هیچ پێگەیەک نییە. لەوانەیە بێرنادێت موسالای فێمێنیست پوختەی ئەم بۆچوونەی بەجوانی نیشان دابێت ئەو کاتەی لەمەڕ هەڵوێستی ئەوان دەربارەی ژنان دەڵێت: “ناهەقی و دەسدرێژی بەنیسبەت پیاوان تراژێدییە، ناهەقی کردن بەرانبەر بە ژنان نەریت”. هەر بۆیە دەسپێکی سەردەمی ڕۆشنگەری و هاتنە ئارای پرسگەلێک وەک ماف، ئازادی، یەکسانی و بەرابەری، بەستەرێکی لەباریان پێکهێنا بۆ ئەوەی ژنانیش داوای مافەکانی خۆیان بکەن و بەرانبەر نایەکسانیەکانی کۆمەڵگە ڕاوەستن و لە ڕاستیدا خەبات و بزووتنەوەکەیان فورمولە بکەن. لە ڕوانگەیەکی دیکەوە هەمیشە جۆرە ڕوانگەیەکی فێمێنیستی، “بە واتای بەرەنگار بوونەوەی زوڵم”، بوونی هەبووە. لەهەر شوێنێک ژنان لەژێر گوشاردا بووبێتن-کە کەم و زۆر هەموو کات و لە هەموو شوێنێک بەو چەشنە بووە – ژنگەلێکیش هەبوون کە بەم ناهەقییەیان زانیوە و بە جۆرێک دژکردەوەیان بەرانبەری هەبووە.
لە جیهانی ڕۆژئاوا، مێژووی فەرمیی دەستپێکردنی فێمێنیسم، بەو چەشنەی هەنووکە لە ئارادایە، بە بەرهەمگەلێک کە وەک دژکردەوە بەنیسبەت دۆخی نالەباری ژنان بەرهەم هاتوون دەناسرێت. بێجگە لە چەن بابەتێک، ئەم جۆرە بەرهەمانە بۆ جاری یەکەم لە دەیەی1630 وەبەرچاو دەکەون. ئەم مێژووە بە بەراورد لەگەڵ ئەوەی کە بۆ یەکەم جار مافی دەنگدانی ژنان لە ئامریکا لە ساڵی 1920 وەدی هاتووە، نیشان لەوەیە کە کولتوور و بیری پیاوسالارانە زۆر بەهێز و ڕیشەدارتر لەوەیە تا بە ئاسانی و لە ماوەیەکی کورتدا بتوانین بە ئاواتی یەکسانی و نەمانی ستەمی جێندەری لە کۆمەڵگەدا بگەین.
فێمێنیسم وەک بزووتنەوەیەکی سەربەخۆ
لە دەسپێکی سەردەمی ڕۆشنگەریدا بە پێچەوانەی ئەو بەڵێنانەی کە بۆ ئازادی و مافی بەرانبەر بۆ هەموو تاکێک لە لایەن ڕۆشنبیرانی ئەو سەردەم دەدرا، لە واقیعدا مافی بەرانبەر و مافی دەنگدان تەنیا بۆ پیاوانی سپی پێستی موڵکدار بوو و بە نیسبەت ئەو مافانە بۆ باقیی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە خۆیان نەبان کردبوو. هەر ئەمە وای کرد ژنان و باقیی چینە مافخوراوەکان کە لە سەرەتادا بە ئاواتی گەیشتن بە ئەو بەڵێنانە لەگەڵ ڕەوتی سەرەکی و ڕەسمیی خەبات و هەروەها تیۆریی ئەوان کەوتبوون، وردە وردە بکەونە خۆ و هەم تیۆری و هزری نوێ بۆ وەدەسهێنانی مافەکانیان لەم سیستەمە نوێیەدا بەرهەم بهێنن و هەم سنوورەکانی کاری ڕێکخراوەیییان لەگەڵ ئەوان ڕوونتر بکەن و بە چاوێکی واقیعبینانەتر بڕواننە گۆڕەپانی خەبات. فێمێنیسم بەپێی سەردەم و بۆ بەهێزتر کردنی بیرۆکەی خۆی لە تیۆری و قوتابخانە فکرییە جیاوازەکان کەڵکی وەرگرتووە، هەر بۆیە فێمێنسم دابەش دەبێت بەسەر دەستەگەلێکی جیاوازدا کە زۆرجار دەتوانین بێژین دژ بە یەکن. بەڵام هەر وەک چۆن لە سەرەتادا کۆمەڵگەی پیاوسالار ژنانی لە ڕیزی مرۆڤە خاوەن ماف و ئازادییەکان بە ئەژمار نەدەهێنا، لە کۆڕ و کۆبوونەوە ئاکادێمیک و ڕۆشنبیرییەکانیش بە هەمان شێوە دژوار بوو کە بتوانن لێکۆڵینەوە و دەسکەوتە هزری و کولتوورییەکانی فێمێنیسم لەناو خۆیان قەبووڵ بکەن و وەبەرچاوی بگرن.
زانایانی فێمێنیستی سەردەم، کۆمەڵێک بەرهەمی هزرییان پێشکەش کردووە کە گەشەکردنێکی بەرچاو، دەوڵەمەندییەکی ناوازە و پانتایەکی زۆر لەخۆ دەگرن. ئەوان بزووتنەوەیەکی بەرینی ڕۆشنبیرییان وەرێ خست کە لیستێکی دوور و درێژ لە تیۆرییە جیاوازەکانی فێمێنیسم لەخۆ دەگرێ وەکوو: فێمێنیسمی ڕەشپێستەکان، فێمێنیسمی دەروونشیکارانە، فێمێنیسمی ڕادیکاڵ، فێمێنیسمی مارکسیستی، فێمێنیسمی سۆسیالیستی و زۆرێکی تر. ئەم فراوانییە زۆرە و ئەو هەوڵە شێلگیرانەیەی ژنان لە سەرانسەری دونیادا، وای کرد کە لەبەرچاونەگرتنیان بۆ کۆمەڵگەی نەریتی و پیاوسالار نەک هەر دژوار بەڵکوو نامومکین بێت. ئێمە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕەنگاوڕەنگییە فراوانەی کە لەنێو فێمێنیستەکاندا هەیە، هەوڵ دەدەین لێرەدا سێ چەشن لە گرنگترین خوێندنەوەکان بۆ فێمێنیسم کە تا ڕادەیەک دەتوانین بڵێین هەموو خوێندنەوەکانی تر بەجۆرێک ژێرشاخەی ئەمانن بخەینە بەرباس:

لیبراڵ فێمێنیسم:
فێمێنیسمی لیبراڵ ناسراوترین شێوەی هزری فێمێنستییە و زیاتر ڕواڵەتی میانەڕەو یاخود ڕەسمیی فێمێنیسم نیشان دەدات. بەڵام لە نێو ڕەوتەکانی هەنووکەییی فێمێنیسمدا، فێمێنسمی لیبراڵ زۆر لاوازە و لە کەمینەدایە.
لیبراڵیسم لە بنەڕەتدا بزووتنەوەیەک بوو بە دژی مافە تایبەتییەکانی چینی زەویدار و ئاریستۆکرات و بانگەشەیەک بوو بۆ یەکسانی و مافی یەکسان بۆ هەمووان. بەڵام نابێ ئەمە لەبەرچاو نەگرین کە بازنەی ئەم “هەمووانە” لە دەسپێکدا زۆر بەرتەسک بوو و تەنیا ئەو کەسانەی دەگرتەوە کە بەهۆی ئاڵوگۆڕێک کە بەسەر پەیوەندییە ئابووریەکاندا هاتبوو، چینێکی تایبەتیان پێکهێنابوو، واتە چینی مامناوەندی شاریی ئوروپایی، کە ماف و ئازادییەکانی ئەم چینە نوێیە لە لایەن ئاریستۆکراسییەوە قەبووڵ نەدەکرا. “کەواتە گشتاندنی ئەم مافانە بۆ هەموو مرۆڤەکان، تەنیا لەبەر ئەوەی کە مرۆڤن، لە هزر و باوەڕی کەمتر کەسێک لە لیبراڵە سەرەتایییەکاندا دەبیندرا”.
بزووتنەوەی فێمێنیستییش لە سەرەتادا بە کەڵک وەرگرتن لە چەمک و ئایدیالەکانی لیبراڵی، خوازیاری مافی یەکسان لەگەڵ پیاوان و مافی دەنگدان و چاکسازی لە یاسا لە چوارچێوەی سیستەمدا بوون.”ئەگەر لیبراڵیسم وەک هەوڵێک دژ بە مافە تایبەتییەکانی ئاریستۆکراسی و دەسەڵاتی ڕەهای ئەوان و بۆ وەدەس هێنانی ئازادی و یەکسانی بۆ هەمووان لەبەرچاو بگرین، دەتوانین فێمێنیسم لە بنەڕەتدا وەک بەرهەمی لیبراڵیسم بزانین”. واتە دەکرێت بەها لیبراڵییەکانی سەرەتای فێمێنیستەکان، وەک بەهای هەمیشەیی و نەگۆڕی فێمێنیسم تا ئێستەش حیساب بکەین بەڵام ئەوەی کە گۆڕانی بەسەر هاتووە، چۆنیەتی و مێکانیسمەکانی فێمێنیستەکانە بۆ دەستەبەرکردنی ئەم بەها و مافانە. قۆناغی یەکەمی فێمێنیسم کە دەتوانین بڵێین بە تەواوی لە ژێر کاریگەریی بیر و ئایدیالەکانی لیبراڵیسم و مێکانیسمەکانی جێ پەسەندی ئەو بووە، لە دەیەی1630 تا سەردەمی شۆڕشی فەڕانسەیە کە زیاتر بە نووسینی بەرهەمگەلێکی پەڕتەوازە دەربارەی مافی بەرانبەر بۆ ژنان دەسنیشان دەکرێت و کەمتر دەتوانین وەک بزووتنەوەیەکی گشتگیر، کە لە مەیدانی واقیعدا توانای ڕێکخستنی ژنانی هەبێت، حیسابی بۆ بکەین. لە کۆتایییەکانی سەدەی ١٨وە، بەرهەمە فێمێنیستییەکان و بزووتنەوەی فێمێنیسم، بە کاریگەری وەرگرتن لە شۆڕشی فەرانسە و سەربەخۆییی ئەمریکا، بەگوڕوتینتر لە جاران دێنە مەیدانی خەبات و نووسین بۆ وەدەس هێنانی مافەکانیان. لیبراڵ-فێمێنیستەکانی سەدەی نۆزدە بە کۆکردنەوەی ئەزموونی زیاتر و خوێندنەوەی ڕەخنەگرانە بۆ پێشینیانی خۆیان بەو ئەنجامە دەگەن کە تەنیا بە بەڵگەهێنانەوە و دیالۆگی لۆژیکی ناتوانن مافێک کە هەزاران ساڵە لێیان زەوت کراوە وەری بگرن، هیچ جیاوازییەکیش ناکات کە لایەنی بەرانبەر دەسەڵاتی ڕەهای پاشاکان و قەشەی کەنیسەکان بن یا خود ئەو لیبراڵە تازە بە دەسەڵات گەیشتووانەی کە هەموو قسەی ئەوەڵ و ئاخریان ئازادی و مافی بەرابەرە. گۆڕانی کۆمەڵگە پێویستی بە گۆڕینی هاوکێشەکانی هێز هەیە و ئەم کارەش جودا لە تیۆری و بیرۆکەی بەهێز پێویستی بە ڕێکخستن و نیشاندانی هێزی ماددی هەیە. نابێت ئەوە لە یاد بکەین کە لیبراڵیسم دژ بە سەرەڕۆییی پاشایەتی وەستایەوە کە هەزاران ساڵ تەمەنی بوو، هاوکات سیستەمی ئابووری و کۆمەڵایەتیی داڕێژراو لەسەر مافی تایبەتی ئاریستۆکراتەکانی لەبەریەک هەڵوەشاند کە ئەمە لە کاتی خۆیدا لەوانەیە هێندەی بیرۆکەی مارکس دژ بە خاوەنداریەتیی تایبەت ڕادیکاڵ بووبێت. کەواتە هەر بەو جۆرەی کە لیبراڵە سەرەتایییەکان لە هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵات و ملهوڕیی ئاریستۆکراتەکان دوودڵ نەبوون و ئەمەیان دژ بە بنەماکانی لیبراڵیسم نەدەزانی، فێمێنیستەکانیش بە هەمان شێوە دژبەرایەتیی پیاوان وەک چینی سەردەست و هەوڵ بۆ تێکدانی باڵادەستیی ئەوانیان دژ بە بنەماکانی لیبراڵیسم نەدەزانی. بەم پێیە دەتوانین بێژین کە فێمێنیسمی لیبراڵ، فێمێنیسمێک نییە کە حەتمەن داواکارییەکانی سنووردار و بەرتەسک بن، بەڵکوو هەندێ جار وەسفی لیبراڵیسم بۆ ئەم تیۆرییە، ئاماژەیەکە بۆ ئەو بنەما شیکارییەی کە سەرچاوەگرتوو لە بیرۆکەی لیبراڵیسمە. کەوابوو فێمێنیسمی لیبراڵیش هەندێ جار دەتوانێ ڕادیکاڵ بێت و داوای گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە تەکووزیی کۆمەڵگەدا بکات، بەڵام ئەم گۆڕانکارییە بنەڕەتییانە ناتوانن بگەنە نکۆڵیکردن و سڕینەوەی ئەو بنەمایانە کە لە چوارچێوەی ئاکار و بایەخە بنەمایییەکانی لیبراڵیسمدان: وەک ڕەسەنایەتی و لەسەرتریی وێکچوون بە نیسبەت جیاوازی، ئاشتی بە نیسبەت تێکهەڵچوون، تەکووزی بەنیسبەت بشێوی، یاسا بەنیسبەت شۆڕش و… . ئەم بەها و ئامانجە بنەمایییانەی لیبراڵیسم ڕێک ئەو شوێنەن کە ژنان و فێمێنیستەکانی تر لە سەردەم و شوێنی جیاوازدا وا لێ دەکات کە ڕێگەی خۆیان لە لیبراڵ-فێمێنیسم جودا کەنەوە؛ ئایا هەموو ژنان وێکدەچن؟ ئایا پێگەی ژنی کرێکار و ژنی دەوڵەمەند، ژنی ڕەشپێست و سپی پێست، یا خود ژنی نەتەوەی بندەست و سەردەست وەک یەکە و بە قەد یەک ستەمیان لێ دەچێ؟ ئایا تەنیا ئەوەی کە ژنان مافی دەنگدانیان هەبێ و ڕێگەی کار لە بازاڕی کاریان بۆ بڕەخسێ ئیتر ستەم تەواو دەبێ؟ ئایا هەموو کات لە چوارچێوەی یاسادا دەکرێ ماف بسێندرێ؟

ڕادیکاڵ فێمێنیسم
ئەو پرسیارانەی سەرەوە بوون بە هۆکار بۆ ئەوەی کە لە ناوەڕاستەکانی سەدەی نۆزدەوە، خوێندنەوە جیاوازەکان لە فێمێنیسم بێنە مەیدان و تا ڕادەیەکی زۆر لیبراڵ-فێمێنیستەکان ببنە کەمینەی مەیدان. یەکێک لەم خوێندنەوانە فێمێنیسمی ڕادیکاڵە. تایبەتمەندیی زۆر بەرچاوی فێمێنیسمی ڕادیکاڵ، قایل بوونی بایەخی زۆر پۆزێتیو بەنیسبەت ژنان و تایبەتمەندیی ژنانە و هەوڵ بۆ دروستکردنی پێوەندیی دەستەخوشکایەتی لەنێوان ئافرەتان و ڕق و بێزاریی زۆر قووڵ بە نیسبەت ستەمی پیاوانە دەرحەق بەوانە. “فێمێنیستە ڕادیکاڵەکان تایبەتمەندیی سەرەکی و گشتگیری کۆمەڵگە بە ستەمکاری دەزانن”. ئەمەش وا دەکات کە ئەوان هەموو فۆڕماسیۆنە باوەکانی کۆمەڵگە بە بیانووی ئەوەی کە زاڵێتی و ستەمکاریی پیاوانە بەرهەم دێننەوە ڕەت بکەنەوە، گرنگتر لە هەمووشیان فۆڕمی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لە چوارچێوەی ژن و مێردایەتی، پێکهاتەی بنەماڵە و جار و باریش دەوڵەت. نابێت ئەمە لەبەرچاو نەگرین کە “فێمێنیسمی ڕادیكاڵ بەربڵاوترین شێوەی فێمێنیسمە کە تاکوو ئێستە لەگەڵی بەرەوڕوو بووین” و هێنانەوەی هەموو ڕەنگاوڕەنگییەکانی ئەم خوێندنەوەیە لە فێمێنیسم، کارێکی زۆر دژوارە بەڵام ئەو ئاماژانەی کە لەسەرەوە پێمان دا، گشتگیرترین تایبەتمەندییەکانی ئەم ڕەهەندە لە فێمێنیسمن. بە ئاشنایییەکی کەم لەگەڵ مێژووی هزری ڕۆژئاوادا، بۆمان دەردەکەوێ کە ڕیشەی ئەم جۆرە بۆچوونانە کە هەموو جۆرە پلەبەندی و دەسەڵاتێک بە بیانووی دروست کردنی زاڵێتی ڕەت دەکەنەوە، دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆزدەهەم و سەرهەڵدانی خوێندنگەی هزری ئانارشیسم، کە پەیدابوون و سەرهەڵدانی کەم و زۆر هاوکاتە لەگەڵ دامەزران و پەرەسەندنی مارکسیسم. ئەوەی کە ئانارشیسم تا ڕادەیەک، کەم یا زۆر، کاریگەریی لەسەر هەموو ڕەوتە فەلسەفی، ئەدەبی، هونەری و زۆری دیکە لە بوارەکاندا هەبووە، شتێکە حاشاهەڵنەگر، بەڵام نابێ ئەوە لە یاد بکەین کە ئانارشیسم هیچکات نەیتوانی ببێتە ڕێکخەری هیچ بزووتنەوە یا ئەزموونێکی سەرکەوتووانە (بە پێچەوانەی مارکسیسم و ئەو کاریگەرییەی کە لەسەر شۆڕشەکانی دوو سەدەدا هەیبوو). ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو خوێندنەوە تایبەتەی کە بۆ چەمکی ئازادی و پەیوەندیی ئازادی لەگەڵ پێکهاتەی دەسەڵات هەیانە. مرۆڤ بۆ ئازادی پێویستی بە دەسەڵات هەیە. دەسەڵاتیش بێ پێکهاتەی دەسەڵات دەستەبەر نابێ. پێوەرەکانی واقیعبینی و مێژووی مرۆڤایەتی، پێمان دەڵێن کە ڕەتکردنەوەی پلەبەندی و دەسەڵات ناتوانێت هیچ کۆمەڵگەیەک بەرەو ئازادی ببات و لەڕاستیدا ئەم بۆچوونە جۆرە ئاواتێکی ڕۆمانتیکە کە بۆ هەڵهاتن لە دزێوییەکانی ئەمڕۆ پەنا بۆ ڕابردوویەکی خەیاڵی دەبا (هەروەک چۆن ئانارشیسم باس لە ڕابردوویەک دەکا کە هیچ دەسەڵات و پلەبەندییەک نەبووە و مرۆڤەکان بە شێوەی ئۆرگانیک و ئازاد لەپاڵ یەک گەشەیان کردووە) و هیوادارە ئەو کۆمەڵگە خەیاڵییە جارێکی دیکە دابمەزرێنێتەوە. فێمێنیسمی ڕادیکاڵیش سەرەڕای ئەوەی کە کاریگەریی بەهێزی لەسەر شیکردنەوەی وردبینانەی پرسی ژنان و شرۆڤەی جۆرەکانی زاڵێتی هەبووە، بەڵام لە زۆر شوێندا ڕەخنەی جیددیی لەسەرە. “هەڵەی ئەوان ئەوەیە کە زیادە لە حەد جەخت لەسەر پیاوسالاری دەکەن. ئەم پێداگرییە توندڕەوانەیە بووەتە هۆی ئەوەی کە ڕاستییەکانی سیستەمی کۆمەڵایەتی و نایەکسانیی کۆمەڵایەتی ساویلکانە لێکبدەنەوە و لەبارەی شێوازەکانی گۆڕانکاری بۆ چاکسازیی دۆخی ژنان، بەراوردێکی دوور لە واقیعیان هەبێ”. هەروەها ئەوان بە بینینی جیاوازیی جێندەری لە کۆمەڵگە و بنەماڵەدا و ڕەچاوکردنی پلەبەندی لەسەر ئەساسی جێندەر، بە دروستی دژی ئەم تەکووزییە وەستاونەتەوە بەڵام ئەم دژکردەوەیە لەجیاتی ئەوەی کە هەوڵ بدات هاوکێشەکانی ئەم تەکووزیە سەرلەنوێ بە قازانجی خۆی (ژن) دابڕێژێتەوە، ڕاست خودی تەکووزیەکە و هەرجۆرە پلەبەندییەکی پلان بۆ داڕێژراو ڕەت دەکاتەوە. لەحاڵێکدا هەموو ئەزموونەکانی بەڕێوەبەری و ڕێکخستن لە مێژوودا و زانستی بەڕێوەبەری، پێمان دەڵێن کە پلەبەندی و پلانداڕێژی پێویستی بێ ئەملا و ئەولای پێشکەوتن و گەشەیە. هیچ مەرجێک نییە کە پلەبەندی لە سیستەمی کۆمەڵایەتیدا لەڕووی پێوەری جێندەرەوە بێت و لەلایەکی تریشەوە مەرج نییە ئەو پلەبەندییانەی لەنێو کۆمەڵگەدا هەن حەتمەن بگوازرێتەوە بۆ ناو بنەماڵە و لە ئەگەری پلەبەندییشدا، ئەگەر ئەو پلەبەندییە لەسەر ئەساسی توانایی و لێهاتووییی تاکەکان بێ، ئەوە لەجیاتی زاڵێتی دەتوانێ هەست بە بەرپرسیارێتی و توانای کاری هاوبەش لەنێو تاکەکاندا بەهێز بکات. “ئاڵتێرناتیڤی ڕادیکاڵەکان یان جیاکردنەوەی تەواوی دوو ڕەگەزە کە بەرچاوترین کێشەی سڕانەوەی مرۆڤایەتییە، یاخود پەیوەندیی نێوان دوو ڕەگەز لە چوارچێوەیەکی جودا لە ژن و مێردایەتییە، کە ئەگەر ئەمە بە شێوەی پەرتەوازە و تاک و تووک بێ، ئەوە تەکووزی و بنەمای کۆمەڵگە دەکەوێتە مەترسییەوە و ئەگەریش گشتگیر و بە بەرنامە بێت، ئەوا هەر هەمان بەستراوەییەی کە هۆکاری ڕەتکردنەوەی ژن ومێردایەتی بوو بەرهەم دێتەوە؛ ناونیشانی ژن ومێردایەتی نییە کە دەبێتە پێکهێنەری زاڵێتیی پیاوسالاری، تاکوو بۆ نموونە لە ژیانی بێ ژن و مێردایەتیدا یاخود لە سیستەمی بنەماڵەییی کۆمۆنی و تێکەڵاودا کێشەکە چارەسەر بێ. کێشەی سەرەکی، هەمان ئایدیۆلۆژیی بەرهەمهاتوو لە کەونارای پێوەندییە نابەرانبەرەکانی هێزە، کە ڕێگەچارەی ڕێفۆرمی هەنگاو بە هەنگاوی یاسا و کولتوورە. ئەزموونی مێژوویی، باشترین بەڵگەی ئەم بۆچوونەیە”.

فێمێنیسمی سۆسیالیستی
فێمێنیسمی سۆسیالیستی، خوێندنەوەیەکی تر لە فێمێنیسمە کە هەرچەند لەژێر کاریگەریی مارکسیسم و بزووتنەوەی چەپی نوێدایە، بەڵام لەگەڵ فێمێنیسمی مارکسیستی جیاوازیی هەیە. فێمێنیسمی سۆسیالیستی بە پێچەوانەی فێمێنیسمی مارکسیستی و فێمێنیسمی ڕادیکاڵ کە پێگەی ژنان تەنیا لە دەلاقەی ستەمی چینایەتی یاخود ستەمی پیاوسالارییەوە هەڵدەسەنگێنن، بە خوێندنەوەیەکی بەربڵاوتر هەوڵ دەدەن هەموو شێوەکانی ستەم و نابەرابەری کە دیاریکەری پێگەی ژنانن هەڵسەنگێنن و خوێندنەوەی بۆ بکەن. سەرەڕای ئەوەی کە وەک هەموو ڕەوتەکانی تری فێمێنیسم، سەرنجی ئەوان لە سەر ستەم بەرانبەر ژنانە بەڵام تیۆریسیەنانی سۆسیالیست هەموو جۆرە ئەزموونەکانی ستەمکاری، چ لە لایەن پیاوان و چ لە لایەن ژنانەوە، تاوتوێ دەکەن. ئەوان ئەوەش لەبەرچاو دەگرن کە چۆن هەندێک لە ژنان، سەرەڕای ژێردەستە بوون، دەتوانن لە ستەم کردن نیسبەت بە ژنانی دیکە بەشداریی کارایان هەبێت. بۆ میناک، ژنانی سپی پێستی ئەمریکایی کە ژنانی ڕەش پێستیان دەچەوساندەوە. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەو خوێندنەوە جیاوازانەی کە لەم وتارەدا ئاماژەیان پێ درا، بۆمان دەردەکەوێ کە جیاوازیی سەرەکیی ئەم دەستەی ئاخر بە نیسبەت ئەوانی پێشوو، ئەوەیە کە جیاوازییەکان دەبینێ، و ئەمە تایبەتمەندییەکی زۆر گرنگ و جێگای سەرنج لە تیۆریی فێمێنیسم لە ساڵانی دواییدایە. لە چوارچێوەی تیۆریی فێمێنیسمدا، هۆگرییەکی ڕووەوهەڵکشان بەنیسبەت چەوساندنەوەی ژنانی چین، نەژاد و کەمینە ئەتنیکییەکان بە دەستی ژنانی چین، نەژاد و ئەتنیکەکانی دیکە، وە یا هەڵوێستی جیهانیی ژنانی دیکە بەرانبەر ئەم جۆرە چەوساندنەوەیە بەدی دەکرێت. بەواتایەکی تر پرسیارێکی نوێ کە بۆ تیۆریسیەنەکانی فێمێنیسم هاتووەتە پێش ئەوەیە: “دەربارەی جیاوازییەکانی نێوان ژنان چی دەزانین؟”.
هەر لە فێمێنیسمی لیبراڵەوە هەتا فێمێنیسمی مارکسیستی، نیگایەکی گشتگیر و تاک لایەنیان بەنیسبەت ژنان هەیە و ڕێگەچارە لە هەڵگرتنی تەنیا یەک شکڵ لە ستەمدا دەدۆزنەوە. ئێمە لەمەڕ ئیدعای لیبراڵەکان، بە ڕاشکاوی دەبینین کە بە وەدەست هێنانی مافی هەڵبژاردن و دابین کردنی هەلی کار لە بازاڕدا، سەرەڕای ئەوەی کە لە باشتربوونی دۆخی ژناندا کاریگەر بووە، بەڵام ژن لە کۆمەڵگەی ڕۆژئاواییدا لەگەڵ کێشەی نوێ و زۆر ئاڵۆز چ لەنێو هاوکێشەکانی بازاڕدا و چ لە کولتووری نوێی جیهانیدا بەرەوڕووە کە لەوانەیە چارەسەرکردنیان زەمەنێکی زۆری پێویست بێ. بەنیسبەت ئیدعای فێمێنیستە مارکسیستەکانیش هەرچەن ئەزموونێکی سەرکەوتوو کە بکرێت وەک نموونە هەڵیسەنگێنین لەبەردەست نییە، بەڵام لە سەردەمی ئێستەدا زۆر ڕوونە کە دابەزاندنی مەسەلەی ژنان و کورتکردنەوەی تەنیا بۆ جیاوازیی چینایەتی، خوێندنەوەیەکی تەواو سەقەت و تاک لایەنەیە.
لەڕاستیدا هێڵی جیاکەرەوەی خوێندنەوە جۆراوجۆرەکانی فێمێنیسم لە زۆر بواردا ناڕوونە و لە هەندێ جێگەدا هەر لەناو دەچێ. ئێمە لە ڕەهەندە جۆراوجۆرەکاندا، لە هەندێ شوێن هەڵوێست و هەڵسانگاندنی هاوشێوە دەبینین و هەروەها پێناسەگەلێک وەک فێمێنیسمی سۆسیالیستیی ڕادیکاڵ یا تەنانەت لیبراڵی ڕادیکاڵ و شتی لەم شێوەیە دەبینین. ئەمە خۆی وڵامێکی بەجێیە بۆ ئەو کەسانەی کە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە فێمێنیسم نابێت وەک تیۆرییەک کە خاوەنی ئامانج و هەڵوێستی ڕوونە سەیر بکرێ. لەڕاستیدا فێمێنیستەکان لەسەر ئەو بڕوایەن کە تیۆریی زانستی، خاوەن پێگەیەکی کۆمەڵایەتییە و باشترین ڕێگەچارە بۆ هەر پێگەیەکی کۆمەڵایەتی، گوێگرتنە لە هەموو ئەو کەسانەی لەو پێگەیەدا هاوبەشن. مێژووی خەباتی ژنان نیشانی داوە کە تا گەیشتن بە ئامانجی یەکسانی ڕێگەیەکی دوورودرێژ و دژوار لە پێشە. هەتا کاتێک گۆڕانکاریی قووڵ لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی، کولتووری، ئابووریدا نەیەتە پێش، ناتوانین هیوادار بین کە کۆمەڵگەیەکی بەختەوەرمان چ بۆ ژنان و چ بۆ پیاوان هەیە. ژن لە کۆمەڵگەیەکدا کە لە قۆناغی خەباتی نەتەوەییدا بێت، بەرپرسیارەتیی زۆر قورستری لەسەر شانە چون هەم دەبێ لەگەڵ ئەو باوەڕە کولتوورییە دواکەوتووانەی کە بەهۆی گەشەنەکردووییی کۆمەڵگە سەقامگیرن بەشەڕ بێ و هەم وەک تاکێکی ئەو کۆمەڵگەیە خەباتی نەتەوەیی بکا.
خەبات بۆ وەدەس هێنانی مافی ژنان لە کوردستانی خۆرهەڵات
ئەگەر بمانهەوێت بەپێی ئەو مێژووە کورتەی کە لەم وتارەدا باس کرا، خوێندنەوەیەکی بەراوردکارانە بۆ خەباتی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دەستەوە بدەین، دەتوانین دەسپێکی سەردەمی ڕۆشنگەری لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بگەڕێنینەوە بۆ ساڵەکانی نزیک بە دەسپێکی کۆماری کوردستان. هەر لە سەردەمی کۆماریشدایە کە ژنان بە شێوەی فەرمی دێنە ناو گۆڕەپانی جڤاک و سیاسەتەوە و بە شێوازی ڕێکخراو و تاک، هەوڵ بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان ئەدەن. سەردەمی کۆماری کوردستان و یەکیەتیی ژنان وەک ڕێکخراوەی سەر بە ئافرەتان، هەنگاوێکی گەورە لە مێژووی خەباتی ژنانی کوردستانە کە هەرچەند تەمەنی کۆمار کورت بوو بەڵام کاریگەریی قووڵی لەسەر کۆمەڵگای پاش خۆی دانا. یەکێک لە هەوڵەکانی ئەو کات دەگەڕێتەوە بۆ خۆشکردنی ڕێگا بۆ خوێندنی کچان کە لەو سەردەمەدا وەک شۆڕشێکی کەلتووری دێتە پێش چاو و ڕێگەی بۆ هەنگاوەکانی دیکە لەبارتر دەکرد. لە پاش ڕووخانی کۆمار، تا سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێران هەوڵی یەکگرتووانە و ڕێکخراوەیی لەم پێناوەدا بەدی ناکرێت (ئەمە بە واتای نەبوونی هەوڵی تاکەکەسیی ژنان نییە). پاش شۆڕش و سەرهەڵدانەوەی خەباتی ئاشکرای پارتە سیاسییەکان، لەم سەردەمەدا دیسانەوە خەباتی ژنان و بەشداریی ژنان لە جڤاکدا بە ڕادەیەکی بەرچاو گەشە دەکات. ئەم بەشدارییە بەرچاوەی ژنان لە کۆمەڵگە و لە خەباتدا، کاریگەریی زۆر بەرچاوی لە متمانەبەخۆییی ژنان و گۆڕانی نیگای نەریتیی کۆمەڵگە بەرانبەر ژنان دەبێت کە دەکرێ وەک خاڵێکی زۆر پڕشنگداری مێژووی خەباتی ژنان لەبەرچاوی بگرین. بەڵام ئەم خەباتە، تەنیا خەباتێکی فێمێنیستی نییە بەڵکوو خۆی لە چوارچێوەی بەرنامە و جیهانبینیی پارتە سیاسییەکاندا دەبینێ و هاوکاتیش خەبات بۆ وەدەست هێنانی مافی ژنان دەکا. ئەم جۆرە فێمێنیسمە، ناتوانرێت بە پێناسەیەکی دیاریکراو وەک ئەوجۆرانەی کە باس کرا دەسنیشان بکرێت و لەڕاستیدا تێکەڵەیەکە لە هەموو فێمێنیسمەکان، مەبەست ئەوەیە کە هەم فێمێنیستی ڕادیکاڵی تێدا دەبیندرێ هەم سۆسیالیستیی تێدا دەبیندرێ هەم لیبڕال. ئەم سەردەمە لە خەباتی ژنان تا ساڵی 75 و کۆتایی هاتنی خەباتی چەکداری درێژەی هەیە و تا ئەم کاتە، پارتە سیاسییەکان، زیاترین کاریگەرییان لەسەر هەموو بوارەکانی کۆمەڵگا و یەک لەوان خەباتی ژنان هەیە. پاش ئەم قۆناغە، بەرەبەرە و بە ماوەی نزیک بە بیست ساڵ کاریگەریی حیزبە سیاسییەکان کەم و کەمتر دەبێتەوە و ئەم ڕەوتە کە لە نیوەی دەیەی حەفتای هەتاوییەوە دەستی پێ کرد، تا هەنووکەش هەر بەردەوامە . پاش ساڵی حەفتا و پێنج و گەشە کردنی هێندێک ئازادی کە دەسەڵات لەبەر ئەو هەڕەشانەی لەسەری بوو بە جڤاکی ئەدا و هەروەها پەرەگرتنی ڕاگەیاندنە گشتییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هاتنە مەیدانی ژنان گەشەی بەرچاو بە خۆیەوە ئەبینێ. هەر لەم سەردەمەدا جۆرێک لە خەباتی جیا لە حیزب و ڕێکخراوەکان لە لایەن دەسەڵاتەوە بەسەر کۆمەڵگادا دەسەپێت و لەم ڕێڕەوەشدا و بە هۆی ئەو ئازادیانەی کە دراوە ژنانیش هەوڵ بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان ئەدەن. لەم سەردەمەدا ڕێژەی چوونی کچان بۆ زانستگەکان و دەنگدانیان وەک ڕەگەزێکی تایبەت (مەبەست لە مافی دەنگدان نییە) کاریگەریی لەسەر هەڵبژاردنەکان دادەنێن و تەنانەت لە هەندێ شار وەک نوێنەر و وەک ئەندامی شۆڕای شاریش هەڵدەبژێردێن و هەروەها هەندێ ئازادی کەبەهۆی کراوەییی کولتووریی کۆمەڵگە پێکهاتووە بۆ ژنان دێتە ئاراوە.
ئەوەی کە دیسان تایبەتمەندیی ئەم سەردەمەیە و مەترسیدارە، ڕێژەی زۆری تەڵاق و لێک هەڵوەشانەوەی بنەماڵەکانە کە دەتوانین بێژین جگە لە زۆربوونی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان وەک هەژاری و تووشبوون بە مادە سڕکەرەکان و…، یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم تەڵاقانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو جیهانبینییە نوێیە کە لەنێو ژنان و پیاوان هاتووەتە ئاراوە و ڕاست بنەماکانی پێکهاتەی بنەماڵە دەپێکێت و لاوازی دەکات کە هەروەک لەم وتارەدا ئاماژەمان پێ دا، ئەمە دەکرێت بە جۆریک وەک کاریگەریی فێمێنیسمی ڕادیکال لەسەر بیر و هزری کۆمەڵگە سەیری بکەین. لە هەمان کاتدا ژمارەی زۆری خۆکوژییەکان لە نێو ژناندا وەک دژکردەوەیەک لە هەمبەر چەوساندنەوەکان و ئەو زوڵمەی لێیان دەکرێت، تایبەتمەندییەکی دیکەی ئەم سەردەمە و تراژێدییەکی زۆر ترسناکی ئەم سەردەمەیە کە باس لە بێ هیوایییەکی قووڵ بۆ داهاتوو و نەبوونی هیچ ئاسۆیەک دەکات و توێژینەوە و شیکردنەوەی، پێویستی بە هەوڵ و ماندووبوونی جیددی هەیە.
هەوڵ بۆ فێمێنیسمی سەربەخۆی کوردی
هەروەک چۆن زۆربەی ڕەوتە هزرییەکانی بە گشتی ڕۆژهەڵاتی دنیا، لاسایی کردنەوە و هەندێ جاریش کۆپییەکی سەقەتی ڕەوتە فکرییەکانی ڕۆژئاوایە، ژنانی خۆرهەڵاتیش لەم سەردەمەدا بێبەش لەم هەڵە کوشەندەیە نین و هزری فێمێنیستی، زیاتر دەبێتە لاسایی کردنەوە نەک گونجاندنی لەگەڵ نەتەوە و نەریتی جڤاکی خۆیان. لەم سەردەمەدا زۆربەی هەوڵەکان و ئامانجەکان تاکەکەسین و کۆمەڵگا یان تەنانەت تەواوی ژنانیش ناگرێتەوە؛ بۆ نموونە هەوڵە بۆ هاتنە ناو کار و بازاڕەوە کە لەم سەردەمەدا وەک گەورەترین دەسکەوت پێناسە دەکرێ؛ خافڵ لەوەی کە تا کاتێک هاوسەنگیی هێز لە بناغەوە نەگۆڕدرێت، هاتنە ناو بازاڕیش خۆی دەبێتە چەوساندنەوەیەکی زیاتر.
پاش ڕاسانی ڕۆژهەڵات هەندێ لە هاوکێشەکان گۆڕانی بەسەردا هاتووە. هەرچەند هێشتا و بە ڕێژەی چاوەڕوانییەکان نییە بەڵام شیمانەی ئەوە دەکرێ کە بکرێ ژنان لە شێوازێکی ڕێکخراو یان بە هزرێکی تایبەت بە کۆمەڵگای زاگرۆس و ڕوون لە هەمبەر کێشەکانی ژنان، هەوڵ بۆ دەستەبەر کردنی مافەکانیان بدەن. بەڵام ژنی کورد نابێ ئەوە لەبە چاو نەگرێت کە ئەو ژنە لە کۆمەڵگایەکی ژێردەست و ئەندامی نەتەوەیەکی ژێر دەستە و لە هەمان کاتدا نابێ لە بیرمان بچێت کە یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی کۆمەڵگای ڕۆژئاوایش لەبەر یەک هەڵوەشانەوەی خێزانەکانە. (سەیری فیلمەکانی هالیوود بکەی، یەکێک لە پەیامە سەرەکییەکانیان کە لە زۆربەی فیلمەکاندا پێداگریی لەسەر دەکرێتەوە پاراستنی بنەماڵەیە). کە واتە دەبێ ژنی کورد ئەوەشی لەبەر چاو بێت کە ئەوان بەشێکن لەو نەتەوەیە و ئەگەرلە نەتەوەیەکیشدا بنەماڵە لەنێوچوو ئەوە هەمووان دەکەونە بەردەم هەڕەشەی لەنێوچوون و ڕازی سەرکەوتنی نەتەوەیش بنەماڵەیە. هەر بۆیە ئێمە دەبێ لە هەمان کاتدا کە شێلگیر بین بۆ وەدەست هێنانی مافەکانمان و هەوڵ بۆ لەناوبردنی هەرجۆرە چەوسانەوەیەک بە نیسبەت ژنان لە هەموو ئاستێکدا بدەین، هاوکات دەبێ پارێزەری بنەماڵە و نەتەوەکەمان بین و نابێت ئەو هەڵەیەی کە کۆمەڵگای ڕۆژئاوا لەو بوارەدا تووشی بووە (ڕێژەی زۆری هەڵوەشانەوەی بنەماڵەکان) ئێمە بیپێوینەوە.
کۆتایی
خەباتی ژنان لە سەردەمی کۆماردا و پاشانیش تا ساڵی حەفتاوپێنج، خەباتێکی تەنیا ژنانە نییە بەڵکوو خەباتی ڕێکخراوەیی و تاکەکەسییە بە ژن و پیاوەوە بۆ دەستەبەرکردنی مافی ژن و لە پاش حەفتا وپێنجەوە ژن خەبات دەکا بۆ خۆی؛ هەرچەن هەندێ پیاو هەن کە تێکەڵی ئەم خەباتە دەبن بەڵام زۆرکات ژن و پیاو لەم پێناوەدا نابنە هاوکاری یەک، بەڵکوو دەبنە دژبەری یەک و هەوڵ بۆ سڕینەوەی یەکدی ئەدەن (یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی فێمێنیسمی ڕادیکاڵ). نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت کە خەباتی ژنان تەنیا سیاسی، ئابووری یان کەلتووری نییە. بەرەوپێشچوون لە بواری سیاسی و ئابووریدا، تا ئەو کاتەی بەستێنی کەلتوور و نەریت بۆ ئەم خەباتە ئامادە نەکرێ، ئەستەمە بە ئاواتەکانی بگات هەر بۆیە بۆ دەستەبەرکردنی ئەم ئاواتانە یەکەم هەنگاو و لە هەمان کاتیشدا گرینگترین هەنگاو بنەماڵەیە و هەربۆیە تا کاتێک بنەماڵە نەگاتە ئەو ئاستەی کە مافی ژن و پیاو بە فەرمی بناسێ، هیچکات مافی ژن یان هیچ توێژێک دەستەبەر نابێ و وەک شەهیدی ڕێبەریش دەفەرمێ تا زیاترین مەودا بۆ ئازادیی ژنان نەبڕین هیچکات سەرناکەوین.

سەرچاوەکان

ڕیتزر،جورج. نظریه جامعهشناسی در دوران معاصر. ترجمه محسن ثلاثی.- تهران: علمی، 1374- ص495
2 بیسلی، کریس. چیستی فمنیسم. ترجمه محمدرضا زمردی. تهران: ڕوشنگران و مطالعات زنان، 1385- ص17
3 ڕیتزر، جورج. نظریه جامعهشناسی در دوران معاصر، ص459
4 بیسلی، کریس. چیستی فمنیسم، ص29
5 ڕیتزر، جورج. نظریه جامعهشناسی در دوران معاصر، ص464
6 همان، ص467
7 بیسلی، کریس. چیستی فمنیسم، ص85
8 ڕیتزر، جورج. نظریه جامعهشناسی در دوران معاصر، ص474
9 پاکنیا، محبوبه- مردیها، مرتضی. سیطره جنس. تهران: نشر نی 1388، ص25
10 همان، ص26
11 همان، ص52
12 ڕیتزر، جورج. نظریه جامعهشناسی در دوران معاصر، ص488
13 همان، ص490
14 کەریمی، ئەییووب. ئازادی و دەسەڵات. چاپەمەنی مانگ،١٣٩٤، ل٩١
15 ڕیتزر، جورج. نظریه جامعهشناسی در دوران معاصر، ص491
16 پاکنیا، محبوبه. سیطره جنس. ص189
17 ڕیتزر، جورج. نظریه جامعهشناسی در دوران معاصر، ص492
18 همان، ص495

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان