ئارامتر بخوێنەوە

قەیرانی دێموکڕاسی؛ داهاتوویەکی نادیار و بەردەوامیی کێشەکان

بیریار ژاوەرۆیی


“پاش شۆڕشی 1979، بە ناو ڕووناکبیر و سیاسەتوانانی نەتەوەی فارس نەتەنیا دەسکەوتە دێموکڕاتیکە سەرەتایییەکانی شۆڕشی گەلانی ئێرانیان لەنێو برد بەڵکو بە یارمەتیی وێژمانی ئیسلامی و ئیسلامی سیاسی، دیسان دەسەڵاتیان قۆرخ کردەوە و گەورەترین گورزیان لە دێموکڕاسی دا و زۆربەی نیشانە دێموکڕاتیکەکانی پێشووشیان سڕییەوە. لەم پەیوەندییەدا پرسیار ئەوەیە کە کێشە چییە و بۆ دێموکڕاسی دەکرێتە ئامانج؟ وەک گریمانەیەک لەڕاستیدا کێشەکە لە جێنەکەوتنی دێموکڕاسی و نەبوونی بڕوا بەوەوەیە. نەتەوەی باندەست گەورەترین ترسی لە جێکەوتنی دێموکڕاسی لە کۆمەڵگادا هەیە وەک مەترسی بۆ سەر زاڵیەتیییەکەی و ئەگەری لەدەستدانی هەرێمە داگیرکراو و پاشکۆکراوەکانی. بە گشتی، بەڕەوازانینی مافی سەربەستی و بەرابەریی مرۆڤ و گەلانی جیاواز، زۆر قورس و ئاستەمە بۆ تاکی فاشی-شۆڤێنیستی بە دیکتاتۆرکراوی خاوەن زەینییەتی نادێموکڕاتیک.”

بە درێژاییی تەمەنی دەوڵەتی نیمچەمۆدێڕن لە ئێراندا، وێرای باس لە دێموکڕاسی و بانگەشەی دێموکڕات بوون لەلایەن هەندێ حێزب و کەسایەتی جیاوازەوە و هەروەها هێنانەئارای هەندێ لایەنی دێموکڕاسی لە یاسای بنەڕەتیی مەشرووتەدا، هیچ کات کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی پێوەندیدار بە دێموکڕاسی لەو وڵاتەدا چارەسەر نەکراون و گرنگایەتیی ئەوتۆیان پێ نەدراوە. دیارە ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە. یەکێک لە گرنگترین پێوەرەکانی دێموکڕاسی لەم جۆرە وڵاتانەدا، ڕادەی ڕەچاوکردنی مافی نەتەوەکانە و ئەوەی کە تا چەندە چارەنووسی خۆیان بە دەستی خۆیان دیاری دەکرێت. دەکرێ بوێژرێت کە ئەمە لە ئێراندا لە هیچ ئاستێکدا ڕەچاو نەکراوە. پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی فرەنەتەوەی ئەو وڵاتە لە پێکهاتە سیاسییەکەیدا هیچ ڕەنگدانەوەیەکی نەبووە. بۆیە کێشەکان وەک خۆیان ماونەتەوە. تەنانەت زەینییەتی نادێموکڕاتیکی بە ناو ڕووناکبیر و سیاسەتوانانی فارس، گەورەترین بەربەست و ڕێگر بووە لە بەردەم هەندێ ڕێکاری سادەی پێوەندیداریش وەک بەشی “ئەنجومەنە ئەیالەتی و ویلایەتییەکان” لە یاسای مەشرووتەدا کە دوایی بە شانازییەوە ئەو نیشانە بچووکەی دێموکڕاسیشیان لە یاسای کۆماری ئیسلامیدا بەتەواوی سڕییەوە. پاش شۆڕشی 1979 بە دەرکەوتنی هەندێ نیشانەی زیاتری دێموکڕاسی بۆ ماوەیەکی کورت، خێرا ڕووناکبیر و سیاسەتوانانی نەتەوەی باندەست کەوتنە پەیجۆر و نەتەنیا نەیانهێشت دەسکەوتە دێموکڕاتیکە سەرەتاییەکانی شۆڕشی گەلانی ئێران بپارێزرێن، بەڵکوو دیسان بە قۆرخ کردنی دەسەڵات بە یارمەتیی وێژمانی ئیسلامی و ئیسلامی سیاسی، گەورەترین گورزیان لە دێموکڕاسی دا و زۆربەی نیشانە دێموکڕاتیکەکانی پێشووشیان سڕییەوە. لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە کە کێشە چییە و بۆ دێموکڕاسی دەکرێتە ئامانج؟ وەک گریمانەیەک لەڕاستیدا کێشەکە لە جێنەکەوتنی دێموکڕاسی و نەبوونی بڕوا بە دێموکڕاسییە. لەبەر ئەوەی کە بڕوای ڕاستەقینە بە دێموکڕاسی لە ناخدا هەڵگری بەڵێنی و هەلێکە بۆ سەربەستیی نەتەوە بندەستەکان و ئەوەش وەک مەترسی بۆ سەر زاڵیەتیی نەتەوەی باندەست و ئەگەری لەدەستدانی هەرێمە داگیرکراو و پاشکۆکراوەکانی دێتە ئەژمار، ئەو نەتەوەیە گەورەترین ترسی لە جێکەوتنی دێموکڕاسی هەیە. دیارە کە بەڕەوازانینی مافی سەربەستی و بەرابەریی هەموو مرۆڤ و گەلانی جیاواز زۆر ئاستەمە بۆ تاکی فاشی-شۆڤێنیست و خاوەن زەینییەتی نادێموکڕاتیک و چاندی دیکتاتۆری.

بڕوا بە دێموکڕاسی و ئاکاری دێموکڕاتیک بناخەی چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان و یان لانیکەم کەمکردنەوەی توندوتیژیی بەرچاو و گەورەیە لە نێوان گرووپە کۆمەڵایەتییەکاندا. هەڵسوکەوتی دێموکڕاتیک بریتی لە ڕێزگرتن لە بیروڕای یەکتر و بڕیارنەدان لە جێی یەکتری دەبێت وەها لە کۆمەڵگادا جێکەوێت کە نەتەنیا بەرپرسێکی سیاسیی بەرزەوەبوو لە ناو کۆمەڵگا کە بەرپرسیارێتییەکی گشتی لە ئەستۆ دەگرێت، بەڵکو تاکێک لە ناو خێزانەکەشیدا ڕێگە بە خۆی نەدات لەخۆڕا و بە بێ هیچ نوێنەرایەتییەک بڕیار بۆ کەسی تر بدات. واتە، فێری پێکەوەبڕیاردان ببێت. دیارە ئەم ڕوانگەیە لەسەر پێناسەیەکی لانی زۆرە لە دێموکڕاسی و پێویستی بە بارهێنانێکی بناخەیی لە ناو خێزان، دواتر خوێندنگە، زانکۆ و کۆمەڵگادا هەیە. کۆمەڵگایەک کە ئەم گەشە دێموکڕاتیکە بە خۆوە نەبینێت، هەر دەم دەبێت چاوەڕوانی پێشێلکردنی مافەکانی تاک و کۆمەڵانی خەڵکی تێدا بکرێت. لەو پێوەندییەدا، سیستەمی بارهێنانی کۆمەڵایەتیی نادێموکڕاتیک و لە ئاکامدا نەبوونی تاکی خاوەن زەینییەتی دێموکڕاتیک وای کردووە کە لە وڵاتانی داگیرکەری کوردستاندا تاک و کۆمەڵانی فارس، تورک و عەرەب، بە ساکاری ڕێگە بە خۆ دەدەن لە جێی گەلی کورد بڕیار بدەن. بۆیە تا جێکەوتنی چاندێکی دێموکڕاتیکی ڕاستەقینە لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، داهاتووی ئەم کۆمەڵگایانە نادیارە و ڕەنگە کێشەکانیان بەردەوام بن. لە ئاکامدا، شەڕ و خوێنڕشتن و توندوتیژیی هەر تایبەتمەندیی دیاری ئەوانە دەبێت و خەڵک ڕووی ئاسوودەیی بە خۆوە نابینن.

ئەوڕۆکە ئێران بە گشتی و نەتەوەی فارس بەتایبەتی، لە نموونە بەرچاوەکانی کۆمەڵگا نادێموکڕاتیکەکانن. زۆرینەی ڕووناکبیر و سیاسەتوانانی فارس لەوانەن کە لە مێژووی نزیکەو سەد ساڵەی دەوڵەتی نیمچەمۆدێڕنی فارس لە ئێراندا نەیانتوانیوە باوەڕ بە دێموکڕاسی لە ناخی خۆیان و لە کۆمەڵگایاندا گەشە پێ بدەن و ئەوە بووەتە هۆی ئەوەی کە بە هاسانی و بێ تێڕامان مافی مرۆیی نەتەوەکانی تر پێشێل بکەن. بوونی زۆرینەیەکی بەرچاوی بە مێشک و کردەوە دیکتاتۆر و فاشیست لە سیاسەتوان و بە ناو ڕووناکبیرە فارسەکان و دژایەتیی نێوان قسە و کردەوەی هەندێ لەوانەش کە بە ڕواڵەت پێشتر و ئێستا جاروبار باسی دێموکڕاسییان کردووە، پیشاندەری نەزانی و نائاگاییی ئەوان یان خۆگێل کردن و خۆ لە نەزانی دانە لەسەر دێموکڕاسی. دیارە ئەمانە لە چاندێکی دێموکڕاتیکدا بەخێو نەکراون و بارهێنراوی چاندێکی نەریتیی دواکەوتوون کە تێیدا دێموکڕاسی چ لە ئاستی تاک و بنەماڵە و کۆمەڵگا و چ لە ئاستی سیاسەتدا جێنەکەوتووە. ئەو تاقمەشیان کە دواتر بە ڕێکەوت و هەڕەمەکی ناوێک لە دێموکڕاسییان بیستووە و بۆ خۆهەڵکێشان، خۆنواندن و فیز و فەلاسقە، بە ڕواڵەت و قسە تێکەڵی ڕەوتی دێموکڕاسیخوازەکان بوون، نەیانتوانیوە تێگەیشتنێکی ئەوتۆ و قووڵیان لەو چەمکە هەبێت. بۆیە دواهاتی کار و چالاکیی سیاسیشیان لانیکەم لە بەرانبەر نەتەوەکانی تردا جیاوازییەکی لەگەڵ هێزە سەرکوتکەر و دیکتاتۆرەکان نەبووە.

لە نێو فارس، بەفارسکراو، بەخێوکراو و بارهێنراوانی دەسەڵاتی فارسدا کێشەی نادێموکڕاتیک بوون ئەوەندە قووڵە و ئەوەندە دیکتاتۆری لە ناخی تاکەکاندا بەهێز کراوە کە تەنانەت تاکێکی فارسی دژە ڕێژیمی ئیسلامییش لە دەرەوەی وڵات، بەبێ کاریگەری وەرگرتن لە جیهانی دێموکڕاتیکی دەوروبەری لە دوورەوە بە ڕاشکاوی لە جێی نەتەوەکانی تری ئێران بڕیار دەدات و بیری ئەوەی بە مێشکدا نایەت کە دەبێت ڕێگە بدات ئەو نەتەوانە خۆیان لەسەر چارەنووسی خۆیان بڕیار بدەن. لە مێژووی سەردەمی جیهاندا هەندێ نەتەوە بە ئاشتەوایی و دەنگی خەڵک سەربەخۆییان وەرگرتووە و هەندێکیش هەر بە دەنگی خەڵک لە پێکەوەژیاندا ماونەتەوە. کەچی کابرای فارس کە خۆیشی لە ئێران دەرکراوە و لە بەریتانیا، کەنەدا و وڵاتانی دێموکڕاتیکی تردا دەژیێت و لە بەر چاویەوە سکۆتلەندی، کێبێکی و نەتەوەکانی تر لەسەر چارەنووسی خۆیان بڕیار دەدەن، هێشتا لەو وڵاتانەوە لە دژی کورد هاوار دەکات. لە دوورەوە لە جێی خەڵکی کوردستان بڕیار دەدات و ناتوانێت وەکو خەڵکی ئەوێنانە قبووڵ بکات کە نابێت ئەو ڕێگەیە بە خۆ بدات. پرسیار لە خۆ ناکات کە، بۆ وێنە، بۆچی خەڵکانی دەرەوەی کێبێک ڕێگە بە خۆیان نادەن لە جێی کێبێکییەکان بڕیار بدەن و بۆچی کێبێک تاکو ئێستا جیا نەبووەتەوە. بیر لەوەی ناکاتەوە کە ئەوەی بووەتە هۆی مانەوەی کێبێک لە ناو کەنەدا، نەک زۆر و هەڕەشە و دیکتاتۆرییەت بەڵکوو ئاستی بەرزی بڕوا بە دێموکڕاسی و بەڕێوەبەرایەتیی دێموکڕاتیک و دادپەروەرانە بووە کە ماف، تەناهی و ئاسوودەییی کێبێکییەکانیشی بە دوادا هاتووە و تاکو ئێستا زۆرینەیان دەنگیان بە سەربەخۆیی نەداوە. ئەو جۆرە کەسانە فێر کراون کە لە پاساویشیدا بڵێن هەلومەرجی ئێران تایبەت و جیاوازە! ئێران لە هەموو ئەو وڵاتە فرەنەتەوانە لە هەموو جیهان، تەنانەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە دێموکڕاسی و سیستەمی فێدڕاڵییان پەرەپێداوە بە جیاواز دەزانن و بە بیانووی جۆراوجۆر لەمپەڕ دەخەنە سەر ڕێگای چوونی ئەو وڵاتە بەرەو دێموکڕاسی. مەبەستی سەرەکیی خۆیان دەشارنەوە و ناڵێن بە هۆی زەینییەتی فاشیستی-شۆڤێنیستی خۆیان و مەترسی لەسەر بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی فارس و داگیرکارییەکانیان وا دەڵێن. لەکاتێکدا کە لە دێموکڕاسیدا خەڵک مافی دەنگ و بڕیاردانی سەربەستانەی هەیە و ئەو کەسانە ئەگەر باوەڕیان بە دێموکڕاسی هەبوایە نەدەبا ئەو پاساوە نابەجێیانە بهێننەوە. نەدەبا خەڵک و مافەکانیان بکەنە قوربانی سنوورێکی دەسکرد کە بە زۆر ڕاگیراوە و هیچ قازانجی خەڵکی تەنانەت بە فارسەکانیشەوە تێدا نەبووە. ئاستەمە بۆیان بیرکردنەوە لەوەی کە بوون و نەبوون یان پاراستنی زۆرەکی و ملهوڕانەی چوارچێوەیەک، ساتێک ئازادی و مافی ئەو خەڵکە ناژیێت. تەنیا لەبەر ئەوەی کە ئەو زەوییە سووتاوەی ناو سنوور و چوارچێوەیەک بە ناوی ئێران بۆ ماوەیەکی درێژخایەنتر بپارێزن، نایانەوێت بزانن کە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی خەڵک و بەڕێوەبەرایەتیی دروست لە وڵاتانێکی بچووکدا باشترە لە بەڕێوەبەرایەتیی گەندەڵانەی وڵاتێکی بەرین و چەوساندنەوەی خەڵکەکەی. نایانەوێت تێبگەن کە زەوی و خاک بۆ مرۆڤ دەبێت نەک مرۆڤ بکرێتە قوربانیی چوارچێوەیەکی دەسکردی بێ قازانجی مرۆیی. نایانەوێت بیر لەوە بکەنەوە کە لە جێی شێوازی پێشووی سەرکوت و توندوتیژیی، وەک وڵاتانی دێموکڕاتیک ڕێگای ئاشتەوایی و ڕێککەوتن و پێکەوە بڕیاردان لە ئاستی وڵاتەکەدا بگرنە بەر. ئەم کێشەیە ئەوپەڕی قەیرانی دێموکڕاسی و بێ بڕوایی بە دێموکڕاسی لە ناو تاک و کۆمەڵگاکانی ئێرانیدا پیشان دەدات. بەتایبەت، ملهوڕی و دیکتاتۆری ئەوەندە لە ناخی تاکی فارس و بەفارسکراودا جێکەوتووە کە دەرەتانێکی بۆ دێموکڕاسی نەهێشتووەتەوە.

چارەسەرکردنی کێشەی دیکتاتۆریەت و چاندنی تووی دێموکڕاسی لە ناخی تاک و کۆمەڵانی خەڵکی ئێراندا خەباتێکی بێ وێنەی دەوێت. ساڵانی ساڵ هەوڵی سیستەماتیک دراوە بۆ چاندنی تووی دیکتاتۆریەت، بۆیە سڕینەوەی هاسان نییە. بەوەشەوە، بزووتنەوەی خۆڕاگری و خەبات لە دژی ئەو چاندەی دیکتاتۆری و فاشیستی-شۆڤێنیستی ڕۆژ بە ڕۆژ لە گەشەدا بووە کە گرنگترین بەشی ئەوە بزاڤی زانستیی و ڕووناکبیریی نەتەوە بندەستەکان بووە کە لە هەوڵدایە خوێندنەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ژێر زاڵیەتی توێژەرانی سەر بە دەوڵەتانی نەتەوە باندەستەکان دەرهێنێت. ئەوڕۆکە هەندێ لە توێژەرانی ئەو نەتەوانە، پیلانی زۆرێک لە بە ناو توێژەرانی مشەخۆری دەوڵەتی داگیرکەریان خستووەتە دەرەوە و بۆ خەڵک زیاتر دەرکەوتووە کە چەندە هەوڵ دراوە تاکوو مێژوویەکی درۆینە بۆ ئەو وڵاتە دەسکردە پێکبهێنرێت. لەو پێوەندییەدا، بەتایبەت هەوڵ و تێکۆشانی توێژەر و ڕووناکبیرانی سەربەخۆی کورد لە زانکۆ و ناوەندە زانستییەکانی سەرانسەری جیهاندا جێی سەرنجە. خوێندنەوە و توێژینەوە کوردییەکان بە شێوەی زانستی، سەربەخۆ و کوردانە لە زۆربەی بوارەکاندا لەسەر کوردستانی گەورە جێبەجێ دەکرێت. بە هۆی ئەو هەوڵانەوە خەریکە مێژووی کورد لە ژێر ڕکێفی مێژووی ساختە و دەسکردی دەوڵەتانی داگیرکەر دەکێشرێتە دەرەوە. توێژەرانی کوردی بوارە جۆراوجۆرەکان بەتایبەت زانستە کۆمەڵایەتییەکان لەوانە زانستی سیاسی وەک گرێدەری کۆمەڵناسی، یاسا و مێژوو، سەرکەوتووانە خەریکن زانستی سەربەخۆ لە ڕوانگەی کۆلۆنیالیستی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان گەشە پێ دەدەن. ئەمە دەسپێکی هەوڵێکی گرنگە لە پێناو خەباتی دێکۆلۆنیالیستی نەتەوەی کورددا بۆ ڕزگاربوون لە دەست ئێپیستمە/مەعریفەی فارس، تورک و عەرەب-تەوەردا و هەنگاونان بەرەو ئێپیستمە/ناسیارییەکی کوردیی. لەڕاستیدا بە هۆی بەهێزتربوونی ئەو بزاڤە زانستییە و ئەو مەعریفەی کە پێکهاتووە دەکرێ بوێژرێت کە لەو ساڵانەی دواییدا بە کردەوە و بە زۆرینە خۆئاگایی لەسەر نەتەوەبوونی کورد زیاتر گەشەی سەندووە؛ نەتەوەیەک کە خۆی دەناسێت و چی تر نایەوێت بە ناوی ئێرانی، تورکیایی، عێراقی و سووریایی پێناسە بکرێت و شوناسەکەی لە ژێر ئەو ناوە سەپاوانەدا بشاردرێتەوە. دیارە دواهاتی ئەو بزاڤە، سیاسەتێکی سەربەخۆی کوردستانی دەبێت و سیاسەتوانانی کورد دەتوانن پشت بەو کارە زانستییانە، ئاگایانە و بوێرانەتر لە ڕابردوو لە سیاسەتی کردەوەییدا هەنگاو هەڵێنن.

هەرچۆنێک بێت، دەسکەوتی گەورەی کاری زانستی سەربەخۆ و ئەو گەشەسەندنە ناسیارییانە/مەعریفییانەیە سەرهەڵدانی وەچەیەکی نوێی کوردستانی و وریا بووە کە چی تر وەک وەچەی پێشووی بارهێنراوی دەوڵەتانی داگیرکەر بیر ناکاتەوە و ئێرانچێتی، تورکیا، سووریا و عێراچێتی ناکات. ئەمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا گرنگایەتیی تایبەتی هەیە. لە کاتی سەرهەڵدانی دەوڵەتی نیمچەمۆدێڕنی ئێرانەوە بە هۆی مێژووکردنەوەی دەسکرد و ڕاسپێردراو کە لە ڕێگای خوێندنگە و زانکۆکانەوە وەچەکانی پێشوویان پێ ڕاهێنا، وەچەیەکی کورد پێکهاتبوو کە وێڕای شوناسی کوردی، خۆیشی بە ئێرانی دەزانی و سیاسەتوانانی فارسیش پەیتاپەیتا بە گوێیاندا دەهێنا کە ئێوە ئێرانیی ڕەسەنن! بەڵام ئێستا بۆ خەڵک ڕوون بووەتەوە کە ئەوانە زۆربەیان بۆ فریوی خەڵک بووە. لەڕاستیدا وڵاتێک بە ناوی ئێران لە مێژوودا نەبووە و پێش سەردەمی دەوڵەتی نیمچەمۆدێڕنی ئێران، بێجگە ماوەیەک لە سەردەمی قەجەرەکاندا کە “مەمالیکی مەحرووسەی ئێران” گوتراوە و دیارە ئەوەش بریتی بووە لە مەملەکەتە جیاوازەکان و یەک وڵات نەبووە، لەسەر نەخشە بەشی گرنگی ئێرانی ئێستا عێراقی عەجەم بووە. کەچی کورد خاوەن وڵات و دەسەڵاتە ناوچەییەکانی خۆی بووە. لە مێژووشدا پاشاگەردانی بە سەر ئەو خاکەی کە ئێستا پێی دەگوترێت ئێران زاڵ بووە. هەر ناوچەیەکی لە ژێر دەسەڵاتی هۆزێکدا بووە و هەرتاوەو هۆزێک بڕێک زیاتر لەوانی تر بەهێزتر بووە. ئەو هۆزانەش کە زیاتر دەسەڵاتیان هەبووە عەرەب، تورک یان کورد بوون و فارس هیچ کات تاکو سەردەمی هاوچەرخ دەسەڵاتی زاڵی سیاسیی بە دەستەوە نەبووە. تا دوای خەلافەتی عەبباسی لەڕاستیدا ئەو خاکە بەشێک لە دەسەڵاتی ژێردەستی عەرەب بووە و دواییش سەفەوی، ئەفشار، زەند و قەجەرەکان تورک و کورد بوون. بەڵام لە سەدەی ڕابردوودا نەتەوەی فارس دەسەڵاتی قۆرخ کرد و مێژوویەکی دەسکردی پێکهێنا و بەداخەوە لە ڕەوتی زاڵبوونیشیدا هەندێ نافارس و بەفارسکراو لە ڕووی نائاگایی و بۆ پارە یارمەتییان دان. ئێستا ئەو قۆناخە تێپەڕیوە و ئەوانەی لە خزمەتی فارسدا بوون لەقاودراون و بەپێچەوانەی وەچەی هەڵخڵەتاوی پێشوو یان وەچەی خاوەن سیاسەتی شاردنەوە و تەشەنە، وەچەی خوێندەواری نوێی نەتەوەی کورد خۆی بە ئێرانی نازانێت. هیچ نەبێت و تەنانەت ئەگەر مێژووش ڕەچاو نەکرێت، لانیکەم لەبەر ئەوەی کە بۆ پاشکۆکردن و دانانی لە ناو سنووری وڵاتێکی وەک ئێراندا هیچ پرسێک بە گەلی کورد نەکراوە و بە بڕیاری خۆی نەبووەتە بەشێک لەو وڵاتە. ڕاپەڕینەکانی مێژووی سەردەمی کورد بە جوانی ئەوە دەسەلمێنێت. ئەمە سەبارەت بە نەتەوەکانی تری ناو ئێرانیش ڕاستە. بەرزبوونەوەی ئاستی تێکۆشانی توێژەر و ڕووناکبیرانی نەتەوە بندەستەکان، ئەو ناسین و گەیشتن بە قۆناخی ڕاستەقینەی ئاگایی نەتەوەییە لە ناو نەتەوەکانی تری ئێرانیشدا پەرە پێ دەدات و هەوڵیان چڕتر دەکات بۆ خۆ ڕزگار کردن لە ژێر ڕکێفی نەتەوەی فارسدا تاکوو نەهێڵن توێژەر و ڕووناکبیرانی فارس پێناسەیان بکەن و وەکو بەشێک لە خۆیان بیانناسێنن. دەرەنجامی ئەم جۆرە لە گەیشتن بە ئاگایی، دەتوانێت بەرگیری لە بڕیاری ملهوڕانە و دیکتاتۆریانەی لایەنە فارسەکان لە داهاتوودا بێت. ئەم ئاگاییە پێکهێنەری هێزە لە بەرانبەر هێزدا و دەبێتە هۆی داکوتان و دامرکاندنی نەتەوەی فارس لە جێی خۆیدا، نەک نەتەوەیەکی باندەست و زاڵ کە سەدەیەکە گەورەترین پێشێلکەری دێموکڕاسییە و قۆڵی لێ هەڵماڵیوە بۆ تواندنەوەی هەموو نەتەوەکانی تر. بە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاگایی و زانیاریی خەڵک، گەر هەلی سەربەستی بۆ نەتەوە بندەستەکان بڕەخسێت، بە ئەگەری زۆرەوە ناهێڵن نەتەوەی باندەست بڕیاریان بۆ بدات و لانیکەمی ویستیان بۆ مانەوە لەو وڵاتە و لە نێو سنوورە دەسکردەکاندا بە مەرجی بەرابەریی تەواویان لە هەموو بوارەکانەوە لەگەڵ ئەو نەتەوەیە دەبێت.

قبووڵکردنی ئەو بەرابەرییەی سەرەوە لەلایەن نەتەوەی باندەستی نادێموکڕاتیکەوە ئاستەمە و پێویستی بە زەینییەت و چاندێکی دێموکڕاتیک هەیە کە لە ئێستادا لە نێویاندا بوونی نییە. بۆیە لە داهاتووشدا گەر زەینی چەقبەستوویان بەردەوام بێت، ئەوە کێشەکان وەک خۆیان دەمێننەوە و دواهاتەکەی لە جێی چارەسەری دێموکڕاتیک، دیسان شەڕ و توندوتیژیی دەبێت. لەو ئاراستەیەدا، بۆ بەرگیری لە داهاتوویەکی ناخۆش و پڕ لە مەترسیی توندوتیژی لە ئێراندا، پێویستە لایەنە سیاسیییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمی ئیسلامی بە چڕی تیشک بخەنە سەر کەلەپووری سیاسی-کۆمەڵایەتیی دێموکڕاتیک لە  نێوان خۆیاندا و هەوڵیش بدەن ئەو چاندە لە نێو کۆمەڵگای پێوەندیداردا گەشە بستێنێت تاکو لە داهاتوودا لایەنە سیاسییە نادێموکڕاتیکەکان نەتوانن دیسان لە هەست و سۆزی خەڵک کەڵک وەرگرن و هەڵیانخڕێنن بۆ شەڕ لە دژی یەکتر و زاڵبوون بە سەریەکدا. پێویستە لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن، دێموکڕاتیکانە لەگەڵ یەکتر هەڵسوکەوت بکەن و ڕێگە نەدرێت لایەنێک خۆی بە زلتر و لەسەرەوەتر بزانێت و ڕەچاوی ڕێککەوتن نەکات. لێرەدا ڕۆڵی لایەنی نەتەوە بندەستەکان گرنگە و دەبێت هەوڵی خۆیان بۆ سڕینەوەی ئەو چاندە دیکتاتۆرییە لە ناو ئۆپۆزیسیۆنی فارسدا بخەنە گەڕ و ڕێگە نەدەن درێژە بەو چاندەیان بدەن. وەک ئاماژە کرا، زۆرێک لە ئۆپۆزیسیۆنی فارس لە دەرەوەی وڵاتن و دەم لە ئازادی و دێموکڕاسی دەدەن، کەچی لە بەرانبەر کورد و نەتەوەکانی تردا هەر سیاسەتی کۆماری ئیسلامییان هەیە و فڕیان بە دێموکڕاسییەوە نییە. دیارە دانیشتن و کۆبوونەوە لەگەڵ ئەمانەدا بێ کەڵکە تا کاتێک کە بە ڕاشکاوی و بە بەڵگە، بەتایبەت بە ئامادەبوونی لایەنی سێهەمی نێوبژیوانی نێودەوڵەتی، نەیسەلمێنن کە ڕێگە بە خۆیان نادەن لە جێی نەتەوەکانی تر بڕیار بدەن، باوەڕیان بە بەرابەریی هەمەلایەنە هەیە و ڕێز لە دەنگی خەڵکی ناوچە پەڕاوێزخراوەکانی نیشتەجێگەی نەتەوەکانی تر دەگرن، تەنانەت گەر داواکارییان سەربەخۆییش بێت. خەڵکی فارس پێویستە تێبگەن و فێر بن کە وەک چۆن هیچ کورد، بەلووچ، تورکمەن یا عەرەبێک داوای تاران، ئەسپەهان و ناوچەکانی تری دەرەوەی ناوچەکانی خۆیانیان نەکردووە و نەیانکوتاوەتە سەریان و ڕێگەیان بە خۆیان نەداوە لە جێی خەڵکی ئەو ناوچانە بڕیار بدەن، ئەوانیش دەبێت بەو ئاستە لە ئاگاییی دێموکڕاتیک بگەن و هەڵنەکوتنە سەر ناوچەکانی تر. هەروەها، لە کاتێکدا کە ڕووناکبیر و سیاسەتوانانی فارس بە شێوازی ملهوڕانەی کۆنی خۆیان دەدوێن و سیاسەت دەکەن و باسی جیاییخوازیی نەتەوە بندەستەکان دەکەن بۆ بەدەستهێنانی بیانووی سەرکوتکردن، پێویستە ڕووناکبیر و سیاسەتوانانی ئەو نەتەوانەش بەریان پێ بگرن و پرسیار بخەنە سەر بڕوایان بە دێموکڕاسی. چۆنکوو بە بوونی ئەو بڕوایە نابێت بڕیاردان لە جێی خەڵکی تر درێژەی پێ بدرێت و لە کۆمەڵگایەکی دێموکڕاتیکدا قەت ڕێگەی پێ نادرێت. دیارە بەرپەرچدانەوەی بوێرانە و ڕاشکاوی کردەوەیەکی نادێموکڕاتیک کاتێک ڕوودەدات کە ڕووناکبیران و سیاسەتوانانی نەتەوە بندەستەکان بە ئاستێک بگەن کە چیتر بە ناوی سیاسەتکردنەوە مافەکانیان نەشارنەوە و بوێرانە زەینییەتی نادێموکڕاتیکی ڕووناکبیر و سیاسەتوانانی نەتەوەی باندەست بکەن بە نیشانە و لە بەرانبەر کردەوەی نادێموکڕاتیکیاندا ڕابوەستن. بەو شێوە ڕەنگە لانیکەم بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆن کە بە ڕواڵەت خۆیان بە لایەنگری دێموکڕاسی دەزانن لە خەو هەڵسێندرێن و ئاگادار ببنەوە کە بڕیار لەسەر مانەوە و نەمانەوە لە چوارچێوەی سنوورێکی دەسکرددا هی خەڵکی هەرێمە جیاوازەکانە و ڕەوا نییە کە خەڵکانی تر خۆ بکەن بە خاوەنی ئەو ناوچانە.

ئەگەر ئەو کارانەی سەرەوە و ئەو هەڵوێستە ڕاشکاوانە نەبێت لە بەرانبەر دەسدرێژیی بێ وچانی نەتەوەی باندەستدا، بە سیاسەتی شاردنەوە و پاڕانەوە و لاڵانەوە ماف دەستەبەر ناکرێت و لەم قۆناخەدا ئەو بەناو سیاسەتە خۆخەڵەتاندنە. پێویستە بە توندی و ڕاشکاوانە پێداگری لەسەر مافی خۆ بکرێت. مێژووی سەردەم پیشان دەدات کە بە پێچەوانەی بیرۆکەی ئەو ڕووناکبیر و سیاسەتوانانەی نەتەوەی بندەست کە پێیان وایە لە ڕێگای سیاسەتی تەشەنەکردن و شاردنەوەوە دەتوانن پلە بە پلە بچنە پێشەوە، لە ژوورە هزرییەکانی سەر بە دەسەڵاتی نەتەوەی باندەستدا کە ئاگادار و زاڵن بەسەر بابەت و کەشی سیاسیی پێوەندیداردا، هزر و پلانی ئەوان دەخوێندرێتەوە و گەڵاڵە و پلانی بەرەنگاری و پووچەڵکردنەوەیان بۆ دادەڕێژرێت. لە ئاکامدا زۆرێک لەوانە خۆیان دەبنە ئامرازی جێبەجێکردنی سیاسەتی نەتەوەی باندەست. بۆیە مادام کە نەتەوەی فارس بەو ئاستە لە دێموکڕاسی نەگەن کە ڕێز لە مافی نەتەوەکانی تر بگرن، هیچ چاوەڕێ ناکرێت کە لە داهاتوودا ئۆپۆزیسیۆنێ کە حکوومەتی داهاتوو دەگرێتە دەست، دیسان گەلانی تر و لەوانە گەلی کورد سەرکوت نەکات و هیچ گەڕەنتییەکیش نییە. کەواتە پێویستە هەر لە ئێستاوە ئاگادار بکرێنەوە لەسەر زەینییەتی نادێموکڕاتیکیان و بوێرانە لە بەرانبەریاندا هەڵوێست بگیردرێت تاکوو هەموو لایەنەکان فێر بن ڕێز لە مافی خەڵک بگرن و خەڵکیش دانەبەزێنن بۆ گرووپێکی تایبەت بەوجۆرەی کە سیاسەتوانە ئیسلامیستەکانی پاش شۆڕشی 1979 خەڵکیان دابەزاند بۆ فارسی شیعەی گرێدراو بە ڕێژیم. واتە، تەنانەت لە ناو فارسە شیعە و حیزبە ئایینییەکانیشدا تەنیا حیزبەکانی سەر بە ڕێژیم ئازادییان هەبوو. دیارە هەردوو لایەنی سیاسەتوانانی ئۆپۆزیسیۆنی نەتەوەی باندەست و سیاسەتوانانی پێڕەوی سیاسەتی تەشەنە و شاردنەوە لە ناو کورددا، دەزانن کە خەڵک، بەتایبەت گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، ئێستا تا ڕادەیەک ئاگاداری مافەکانی خۆیانن و بەو قۆناخە لە ئاگایی گەیشتوون کە لە دەرەتانی کراوەدا نەهێڵن لە ژێر ناوی جۆراوجۆردا لە جێیان بڕیاری سیاسی بدرێت. بۆیە چیتر خۆگێلکردنی لایەنی یەکەم و پارێزکاریی لایەنی دووەم وەڵامدەر نییە و پێویستە ئەم بابەتە ڕەچاو بکرێت کە لە سەردەمی ئێستاکەدا نە زۆر و توندوتیژی دەتوانێت نەتەوە بندەستەکان لە بەدواداچوونی مافەکانیان پاشگەز بکاتەوە و نە چیتر پێویست بە شاردنەوەی داواکارییە ڕەواکانە.

کەواتە، دەستەبەرکردنی مافەکان ویست، دەربڕین و بەرگریی ڕاشکاوانەی دەوێت. داهاتوو و شێوازی چارەسەرکردنی ئاشتیخوازانەی کێشەکانیش گرێدراوە بە ڕادەی پەرەسەندنی بڕوا بە دێموکڕاسی و جێکەوتنی ئەوە لە زەین و کردەوەی تاک و کۆمەڵگاکانی ئێران بە گشتی. کاتێ بڕوا بە دێموکڕاسی نەبوو، جێگرەوەکەی بۆ چارەسەریی کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لە وڵاتە فرەنەتەوەکاندا شەڕ و پێکدادان و توندوتیژی دەبێت. کاتێک مافی مرۆیی نەتەوەیەک لە ڕێگای ئاشتی و دێموکڕاسییەوە مسۆگەر نەکرا، ئەوە پەنا دەبردرێتە بەر شەڕ و توندوتیژی بۆ بەدەستهێنانی. لێرەشدا ئەوەی تەقسیربار و بەرپرسیارە نەک نەتەوەی بندەست بەڵکو لایەنی بەرانبەرە. لەڕاستیدا، ئەوەی لە ئێراندا بینراوە و دەبینرێت کۆلۆنیالیزمێکی ناوخۆیییە. دیارە بەدێموکڕاتیک بوونی وڵاتێک بە تەنیا ناتوانێت ببێتە هۆی لەنێوچوونی کۆلۆنیالیزم، بەڵام چۆن بە کۆلۆنی کردن لە خۆیدا کارێکی نادێموکڕاتیکە، دێموکڕاسی هەلی خەباتی ئاشتیخوازانە لە دژی دەڕەخسێنێت. کۆلۆنیالیزم زیاتر هی سەردەمانێکە کە لەڕاستیدا هێشتا بە گشتی و لە کردەوەدا دێموکڕاسی گەشەیەکی ئەوتۆی نەسەندووە. بە گەشەی هاوکاتی دێموکڕاسی لە وڵاتانی ناوەند و خەباتی دژە-کۆلۆنیالیستی، چ ئاشتیخوازانە و چ توندوتیژاویانە، لە وڵاتانی بندەستدا بوو کە شێوازە کۆنەکانی کۆلۆنیالیزم بەرەو لەنێوچوون ڕۆشتن. تەنانەت ئەو وڵاتانەی کە دێموکڕاسی لە ناو وڵاتی داگیرکەریاندا گەشەی زیاتری سەند هاسانتر، زووتر و بە تێچووی کەمترەوە ڕزگار بوون. ئەوە لەکاتێکدایە کە ئەو جۆرە کۆلۆنیالزمە هەندێ کاریگەریی ئەرێنیشی بەدواوە هەبووە. بۆیە زۆرجار هەندێ لە خەڵکی ئێران ئێستاش ئاواتەخوازن کە بریا وڵاتەکەی ئەوانیش زووتر، ڕاستەوخۆ کۆلۆنیی وڵاتێکی زلهێزی ڕۆژئاوایی دەبوو چونکوو پێیان وایە کە بەو جۆرە بارودۆخیان باشتر دەبوو. لە ئێراندا نەتەنیا بارودۆخ لە وڵاتێکی بەکۆلۆنیکراو خراپتر بووە، بەڵکو کۆلۆنیالیزمێکی ناوخۆیی زۆر خراپتر پەرەی سەندووە. بە کۆلۆنی کردنی ناوخۆیی لەلایەن نەتەوەیەکی بە زۆرینە شۆڤێنیست و دەوڵەتێکی فاشیست و دیکتاتۆرەوە نە تەنیا بێجگە لە کاریگەریی نەرێنی شتی دیکەی بەدواوە نەبووە، بەڵکو ڕزگاربوون لە دەستیشی زۆر ئاستەمە. بەتایبەت لەبەر ئەوەی کە لە پێناوی دەسەڵاتی زاڵی خۆیدا، دەوڵەتی داگیرکەر هەمیشە دێموکڕاسیی ڕاستەقینەی کردووەتە ئامانج و ناهێڵێت پەرە بستێنێت. بەوەشەوە، دیسان پێویستە دەست بخرێتە سەر ئەم خاڵە لاوازەی. ڕەنگە پەرەسەندنی دێموکڕاسی (بەو پێناسەی سەرەتا لێی کرا نەک دابەزاندنی بە هەندێ ڕواڵەتی دێموکڕاسی وەک هەڵبژاردنی نائازادانە) لە ناو نەتەوەی باندەستدا کاریگەر ببێت و تاڕادەیەک ڕێگا بکرێتەوە بۆ گوشار خستنەسەر حکوومەتەکەیان تاکوو وازلە داگیرکاری و کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی بهێنێت.

هەرچۆنێک بێت لەبەر ئەوەی کە ئاستی باوەڕی ڕاستەقینە بە دێموکڕاسی لە ئێران و لە ناو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیشدا بە ڕادەی پێویست گەشەی نەسەندووە و پێویستی بە ماوە و ڕەوتێکی درێژخایەنترە، خەباتی ڕزگاریخوازانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاوکات دوو ئاراستەی گرتووەتە بەر؛ یەکەم، خەباتێکی هەمەلایەنە دژ بە ملهوڕی و دیکتاتۆرییەتی جێکەوتوو بە یارمەتیی هەموو گەلان بۆ پەرەپێدانی دێموکڕاسی لە ئێران و دووەم، لە کوردستانیشدا خەباتێکی دژە-کۆلۆنیالیستی و دێکۆلۆنیالیستیی هەمەلایەنە لە بەرانبەر دەوڵەتی دارگیرکەر و گروپە شۆڤێنییە فارسەکان بۆ ڕزگاربوون و هەروەها بۆ سڕینەوەی شوێنەواری کۆلۆنیالی بە هەموو لایەنەکانیەوە.[1] هەر لەو ئاراستەیەدا، پێویستە دێموکڕاسیی ناوخۆیی و زەینییەتی دێموکڕاتیک لە ناو بزووتنەوەی کوردیدا بۆخۆیشی، بە گشتی زیاتر گەشە بستێنێت. لەڕاستیدا، بێجگە لە  کۆمەڵگا بندەستەکان کە بە هۆی سیستەمی نادێموکڕاتیکی دەوڵەتی داگیرکەر ئەوانیش بە نادێموکڕاتیک ماونەتەوە، ئاستی نزمی دێموکڕاتیک بوونی لایەنە سیاسییەکانی ئەوانەش خۆی زیاتر ڕێگای بۆ سیاسەت و هەڵسوکەوتی نادێموکڕاتیکی نەتەوەی باندەست خۆش کردووە. نەبوونی دێموکڕاسیی ناوخۆیی، نەبوونی هاودەنگی بەدواوە دەبێت و نەبوونی ئەوەش بە واتای ڕازی بوون بە درێژەی داگیرکارییە. ئەگەر هەموو لایەنەکانی بزووتنەوەی کوردی لە ژێر چەتری بەرەیەکی نەتەوەییی دێموکڕاتیکدا لەسەر بنەما گشتییە هاوبەشەکان، وێڕای پاراستنی جیاوازییەکان، کۆ نەبنەوە و واز لە بەرژەوەندییە بەرتەسکە تاکەکەسی و حێزبییەکان نەهێنن، ئەوە دەستەبەرکردنی یەکیەتی و یەکدەنگی ئاستەم دەبێت کە بۆخۆی بابەتێکی گرنگە لە چارەسەریی کێشەکاندا. بەوجۆرە وەک ڕابردوو قورساییی دەنگی کورد لە هاوکێشە سیاسییەکاندا دادەبەزێت.

وەک دوایین وتە، پێویستە بوێژرێت کە وێڕای پێویستیی هاوکاتبوونی هەر دوو جۆری خەباتی دژە-کۆلۆنیالیستی، کاتێک دەسەڵاتی زاڵ باوەڕی بە دێموکڕاسی نییە، نە خەباتی ئاشتییانەی نەتەوە بندەستەکان بە تەنیا واتایەکی دەبێت و نە شەڕ و پێکدادانی نەتەوەیەکی بندەست بە تەنیایی دەسکەوتێکی ئەوتۆی دەبێت. گەرچی لەوەها دۆخێکدا بە ناچار خەباتی توندوتیژانە، گرنگترین شێوازی خەبات دەبێت، بەوەشەوە بە هۆی نابەرابەریی هێز لە ئێرانیشدا، ناکرێ ئاراستەی یەکەمی خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردستان واتە هەرەوەزی و هاودەنگی لەگەڵ گەلانی تر بۆ پەرەپێدانی دێموکڕاسی و هەروەها خەباتی ئاشتیخوازانە بەتەواوی بنرێنە لاوە. پێویستە ئەوانەش ڕەچاو بکرێن لەبەر ئەوەی کە ڕەنگە بێ گەشەی دێموکڕاسی سەرکوتی هێزە ڕزگاریخوازەکان بۆ درێژخایەن بەردەوام بێت. هەرچی ئاستی دێموکڕاتیک بوونی نەتەوەی باندەست زیاتر پەرە بستێنێت، خەباتی ئاشتیخوازانەی نەتەوە بندەستەکان گرنگتر و خەباتی توندوتیژانەشیان تێچووی کەمتری دەبێت و ڕەنگە زووتر بە ئاکام بگات. هەرچۆنێک بێت، تاکوو دێموکڕاسی تاڕادەیەک لە زەین و کردەوەدا بەتایبەت لە نێو نەتەوەی باندەستدا جێنەکەوێت، کێشەکان هەر بەردەوامن و داهاتوو نادیار. لەم پێناوەدایە کە حیزبە دێموکڕاتەکان، بەتایبەت حیزبی دێموکڕاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تیشکی سەرەکییان خستووەتە سەر دێموکڕاسی و لە دروشمە ستراتیژییەکانیاندا پەرەپێدان و جێبەجێکردنی ئەوە بە کردەوە و دامەزراندنی ڕێژیمێکی دێموکڕاتیکی ڕاستەقینە وەک بناخەی چارەسەرکردنی کێشەکان ڕەچاو کراون.


پەراوێز

[1]  لێرەدا پێویستە ئاماژە بکرێت کە دوو چەمکی دژە-کۆلۆنیالیزم و دێکۆلۆنیالیزم وێڕای پێوەندیی قووڵ، تاڕادەیەک جیاوازن. دژەکۆلۆنیالیزم (anticolonialism) وەکو ڕووداوێکی مێژوویی بە واتای خەباتە لە دژی دەسەڵاتی ئیمپێریال لە وڵاتە بەکۆلۆنیکراوەکاندا. وەکو بزووتنەوەیەکی فەلسەفی و شیکاریی ڕەخنەگرانەش تاڕادەیەک ڕێخۆشکەری بیردۆزیی پاش-کۆلۆنیالی بووە. دێکۆلۆنیالیزم (decolonialism) خوێندنگەیەکی هزرییە کە تیشکی خستووەتە سەر ڕزگارکردنی بەرهەمهێنانی زانست و زانیاری لە ژێر ڕکێفی ئێپیستمە/ناسیاریی داگیرکەر-تەوەر. لە دێکۆلۆنی کردندا لە جیاتی ورەی ڕوو لە دەسەڵاتی زاڵ کە داگیرکەران باسی دەکەن، ورەی ڕوو لە خەڵک و نەتەوە، بوونی هەیە بۆ پشت بەستن بە خۆ.

داگرتنی بابەت

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان