ئارامتر بخوێنەوە

وتووێژ لەگەڵ سۆران عەلیپوور


بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی، بەتایبەتی سەڵتەنەتخوازەکان و کەسانی وەک شەهریار ئاهی، لە سەرەتای پێکهاتنی هاوپەیمانییەکان لە شۆڕشی ژینادا بە ڕاشکاوی باسیان لەوە دەکرد کە ئێمە دەمانەوێ لەگەڵ تاکەکاندا هەڵسوکەوت بکەین نەک لەگەڵ ڕێکخراوە و حیزبەکاندا. پێتان وایە هۆی گرتنەبەری ئەم شێوەیە لە کرداری سیاسی چییە؟ دەکرێ شیکردنەوەی ئێوە لەم بارەوە بزانین؟

بە بڕوای من هەر لە سەرەتاوە هیچ هەوڵێکی جددی لە لایەن ئەو جۆرە لە ئۆپۆزسیۆنی مەجازی بۆدروستکردنی هاوپەیمانییەکی دێموکراتیکی، گشتگیری، هەمەرەنگ لەئارادا نەبوو. خوێندنەوەی ئەوان بۆ هاوپەیمانی و حکومەت کردن خوێندنەوەیەکی ناوندگەرایانەی پاوانخوازە و لە میراتی ئایدیۆلۆژیکی کۆنسێپتی دەوڵــەت-نەتەوەی ڕەزا میــرپــەنج و کوڕەکەیەوە سەرچاوە دەگرێ. ئەو وێژمانە ناوەندگەرا و داپلۆسێنەرە زیاتر لە بیری ڕابەرایەتی، کۆنترۆل کردن و ئەجێندای سیاسی خۆی دابوو تا ئەوەی ببێتە ئاوێنەی باڵانوێنی شۆڕشی ژینا، ئەو وێژمانە دەیەوێ ئێرانی داهاتوو بە شوناسێکی میللیی دیاریکراو ببەستێتەوە و ڕەنگ و دەنگە جیاوازەکان، داخوازیی نەتەوەکانی ئێران بە وڵامی کلێشەیی لەپێشدا “هێز” دوایە “ماف” وڵام بداتەوە، پێشڕەوانی ئەو کۆنسێپتە ئەزموونکراوە چەند کێشەیەکی بنەڕەتییان هەیە، بەر لە هەر شتێک تێگەیشتن و خوێندنەوەی دروستیان لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی نەبوو، خۆیان لەئاست پەیامە دێموکراتیک و ئازادیخوازییەکانی ئەو شۆڕشە دا کەڕ کرد و زیاتر لە بیری زیندوو کردنەوەی خەونی تاج و پاشایەتی دابوون، ئەوەش لە ئێرانێکی یەک میللەتی خاوەن یەک ناسنامەدا. ئەو تیپە لە ئۆپۆزیسیۆن لە پارادۆکسێکی سەیر دا دەژین، دژایەتیی ڕێژیمێکی تۆتالیتار دەکەن کە ئازادییە سەرەتاییەکانی لە خەڵکی ئێران و یەک لەوانەش ئازادیی ڕادەربڕین و فرە حیزبی قەدەغە کردووە و ئەوانەش بە هەمان چەمکی پاوانخوازیی و میراتی ئەزموونێکی تاقیکراوە و شکستخواردوو، دەیانەوێ ئالتێرناتیڤ بن. پێداگرتن لەسەر کۆکردنەوەی خەلک و دروشمەکانیان لە دەوری تاکەکەس، گەورەترین گورزی لە شۆڕشی ژینا دا، ئەوان لە لایەکەوە یەکدەنگیی و یەکگرتوویی وێژمانی خەڵکیان پارچە پارچە کرد، زوومی سەرنجەکانیان لە ناوخۆ و دەرەوە لە سەر ویستە ڕاستەقینەکانی خەلکی ئێران لابرد و خستیانە سەر نوسخەیەکی لەپێشدا نووسراوی بێ نێوەرۆک. ئەوە بێجگە لەو ناکۆکی و ناتەباییەی خستیانە ڕیزەکانی هێزە کوردیەکانیشەوە. ناوەندگەراکان هەرچی لە دەرەوەی تێگەیشتنی ئەوان بۆ داهاتووی ئێران بێ و لــەگــەڵ خەت و نیشانەکانی ئەواندا یەکنەگرێتەوە بە ئاژاوەگێڕیی، جودایخوازیی … نێودێر دەکەن. ئەو روانگەیە بۆ یەکپارچەیی و یەک نەتەوەیی و یەک مێژوویی و یەک ناسنامەیی سەر بە ئایدیۆلۆژییەکی ترسناکی پاوانخوازە کە ئێمە دەباتەوە بۆ ساڵەکانی دوای نەمانی قاجاری لە ئێران. ترسی ئەوان لە فرەحیزبی و پلۆرالیزمی سیاسی لەگەڵ بنەما هەرە سەرەتاییەکانی دێموکراسی لە دژایەتی دایە، ئێمە دەزانین کە حیزبەکان لە پێکهێنان و بەردەوامبوونی حکوومەتێکی دێموکرات دا فاکتەری سەرەکین، بەلام ئەو تیپە کە ترسیان لە هەبوونی حیزبەکان هەیە لە لایەکەوە لە ڕابردوو و ئەزموونی بێحیزبی دەناڵێنن و لە لایەکی دیکەشەوە ترسیان لە لاوازیی پێگەی خۆیانە لە نێو خەڵکدا.



لە کاتی بزووتنەوەی ژینادا شێوازێکی پۆپۆلیستی لە دروشمی لایەنە ئێرانییەکاندا دەبیندرا کە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد دەبێ هەموومان پێکەوە و یەکدەنگ بین تا ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بڕووخێنن، ئەوکات دەکرێ باس لە جیاوازییەکان و ڕژێمی داهاتووی ئێران بکەین. ئێوە پێتان وایە ئەم مێکانیزمە بۆ ڕووخانی ڕژێم گونجاوە؟

کۆنسپێتی لە پێشدا ڕووخانی حکومەت و دوایی باس لە مافەکانی خەڵک لە گەڵ هیچ یەک لە مافەکانی وەک ئازادیی تاکەکەسیەکان و مافەکانی هاووڵاتی لە ئێرانێک دا کە ئەوان تان و پۆکەیان دارشتبێ کێشەیان نەبوو، مەبەستی ئەوان لە دواخستنی باس لە مافەکان و جیاوازییەکان بۆ دوای ڕووخانی ڕێژیم، تەنیا مافی نەتەوە و کەمەنەتەوەکانی ئێران بوو، ئەگەر سەرنجتان دابێ دەتاندیت خاوەنانی ئەو وێژمانە چەند بە وریایی و پارێزەوە باسیان لە چۆنیەتی حکوومەتی داهاتوو دەکرد و لە هیچ کوێدا سیستەمێکی ناوەندگەرای خاوەن ئۆتۆریتەیان ڕەت نەدەکردەوە، با ئەو حکوومەتە هێندێک بۆن و ڕەنگی دێموکراتیک، مۆدێڕن و خەڵکیشی پێ بدەن، ناوەرۆکی وێژمانی سیاسی و ئیداری ئەوان لەگەڵ ئایدیۆلۆژیی ئیسلامی سیاسیی ئاخوندەکان دا یەک شتە، تەنیا جیاوازیی لە گۆڕینی ئەکتەرەکان و ناوەکاندایە، کوردەکان لە سەرەتای شۆڕشی ١٩٧٩ش دا گــوێبیستی هـــەمــــان وادە و بەڵێن بوون، بەڵام کات زۆر زوو نیەتی راستەقینەی ئاخوندەکانی دەرخست.

شۆڕشی ژینا توانی لە هەموو ئێران دا ناسنامەیەکی هاوبەش لە دەوری ژن، ژیان، ئازادی پێک بێنێ، سەڵتەنەت خوازەکان بە تەواوی لە دژایەتی کردنی ئەو ناسنامە هاوبەشەدا هەنگاویان هەڵدەگرت، ناسنامەی دروستکراوی ئەوان کە لەسەر بنەمای دەسەڵاتێکی ناوەندی خاوەن ئۆتۆریتەی تاک نەتەوەیی دامەزرابوو، ڕێک رووی پێچەوانەی ئەو ناسنامە دێموکراتیک، هاوبەش و مۆدێرنە بوو کە شۆڕشی ژینا دروستی کردبوو. کورەکەی شای پێشوو ئەگەر لەبیرتان بێ چوار بنەمای بۆ داهاتووی حکوومەت کردن لە ئێران دا دانابوو، مافی مرۆڤ، دێموکراسی، سێکۆلاریزم و یەکپارچەیی ئێران . لێرەشدا مەبەست لە مافەکانی مرۆڤ دان پێدانان بە جیاوازیی نەتەوەیی، فەرهەنگی و ناسنامەیی لە ئێران دا نەبوو، تەنانەت لەگەڵ برەودان و بەکارهێنانی زمانی زگماکیش کێشەی هەبوو، ئەوە هەر لەسەرەتاوە دیار بوو کە ئەوان خوێندنەوەی تایبەت بەخۆیان لە مافی مرۆڤ هەیە و سیاسەتێک نییە هەمووان بانگهێشتی کۆکردنەوە بکا و جیاوازیەکانیان پەسند بکرێن، بەلام لە راستیدا خوێندنەوەی ئەوان لە مافی مرۆڤ لە چوارچێوەی ئەو ئۆتۆریتە سیاسییە ناوەندگەرایە بوو کە روانینێکی هیرارکی بۆ نەتەوەکان و ناسنامە جیاوازەکانی دیکەی ئێران بوو.

سێکۆلاریزمی سەڵتەنەت خوازەکان هەمان خوێندنەوەی ڕەزا میرپەنج و مستەفا کەمالە بۆجیاوازی دین و دەوڵەت، بە شێوەیەک کە پێش لە ئازادیە تاکەکەسییەکانی خەلک دەگرێ. لە مێژوی کوردستان دا ڕاپەرینی کەسایەتییەکی ئایینیمان هەیە بە ناوی مەلا خەلیلی گۆڕەمەری و هۆکاری سەرەکی ئەو ڕاپەرینەش بە پێی سەرچاوە مێژووییەکان، قەدەغەکردنی جلوبەرگی کوردی و سەپاندن و یەکدەست کردنی جلوبەرگێک بوو بۆ ئەوەی رەزاشا پێیوابێ کە بە سەپاندنی شێوازێکی دیاریکراوی جلوبەرگ حکوومەتێکی سێکولار و مۆدێڕن و نەتەوەیەکی یەکدەست و بەهێزی دروست کردبێ. باس کردن لە یەکپارچەیی ئێرانیش، تەنیا بۆ زەق کردنەوە و تۆمەتبارکردنی نەتەوەکانی دیکە بە جیاخوازیی و ئاژاوە گێڕییە، تێگەیشتنی ئەوانی بۆ حکوومەت کردن دەرفەتێ بە پلۆرالیزمی حیزبی و فەرهەنگی نادەن، دێموکراسییان زیاتر وەک سیستەمێکی ئیداریی حکوومەت کردن قبووڵە، نەک وەک کولتوورێکی سیاسیی دەوڵەتداریی کە ڕێز لە جیاوازیی و فرە ناسنامەیی بگرێ. ناوەندگەراکان دەبێ لەو هاوکێشەیە تێبگەن کە بزووتنەوە و وشیاریی سیاسی لە بەستێنی ناتەباییەکانی نێوان وێژمانی خەڵکی کوردستان و دنیابینی کۆلۆنیالیستانەی حکوومەتی ناوەنددا لەدایک بووە، تا ئەو ناتەبایی و پارادۆکسە قووڵتر بێت و ڕۆڵی ناوەند/پەراوێز ڕۆڵێکی هیرارکی ستەمگەرانە بێ، ئەوا پانتایی بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان فراوانتر و ڕادیکالتر دەبنەوە.



ئایا دەکرێ بزووتنەوەی ژینا وەکوو بزووتنەوەیەکی فێمینیستی سەیر بکەین؟ ئەگەر وەڵامەکە ئەرێ بێت، ئایا بزووتنەوەی نەتەوەییی کورد و بەردەوامیی خەباتی نەتەوەکەمان لە پێناو ئازادیدا کە ژنانیش دەورێکی بەرچاویان تێیدا هەبووە، ناخرێتە پەراوێزەوە؟

بە بروای من شۆڕشی ژینا شۆرشێکی فرە ناسنامەیە و بەهیچ شێوەیەک ناکرێ بە تەنیا لە روانگەی ئایدیۆلۆژی، دنیابینی یا گوتارێک دا خوێندنەوەی بۆ بکرێ. داوا فێمینیستییەکان و رۆلی ژنان لە شۆڕشی ژینا دا بەرچاو بوون، ئەوان قوربانییەکی سەرەکی سیاسەتی هەڵاواردن و پەراوێز خستنی کۆماری ئیسلامین، هاتنە مەیدان و ئامادەیی ئەوان لە شەقامەکان و بەرزکردنەوەی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی ئاماژەیە بە گۆڕانکارییەکی ڕادیکال لە ستروکتور و پێکهاتەی کۆمەلایەتی خەلکی ئێران دا. لەبیریشمان نەچی، نەوەیەکی لاو و تازەلاوی پڕ لە وزە، خوێندەوار و هۆشیار لە ڕیزی پێشەوەی ئەو ڕاپەرینەدان کە سەرەڕای ئەوەی بە سیستەمی پەروەردەی ئەو ڕێژیمە گەورەکراون، مەودایەکی زۆریان لە گەڵ بەها و پێوەرەکانی کۆماری ئیسلامی گرتووە. ئەو نەوەیە هۆشیارە بەوەی کە کۆماری ئیسلامی لە چ قەیرانێکی دەسەڵاتداریی دایە و چۆن لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دا خراوەتە پەراوێزەوە، ئەوان ئاگادارن کە بە تاڵانبردنی سامانی وڵات و خەرجکردنی لە سیاسەتە ئەودیوی سنوورییەکانی ڕێژیم دا چۆن خەڵکی ئێرانی تووشی قەیرانی هەژاری، بێکاری و ئابوورییەکی لاوازی داڕماو کردووە. کچان و ژنانی ئێران کە لە زانکۆکاندا زۆرینەن، ئاگادارن لەوەی کە چۆن سیاسەتی هەڵاواردنی ساختاریی، ئەوانی لە بازاڕی کار و مەیدانە سیاسی، کلتووری و ئابوورییەکان دوور خستۆتەوە. هەموو ئەو هۆکــارانــــە و هـــاوکات پێگەیشتوویی شعووری سیاسی لـــەو نەوەیەدا کە بەئاسانی توانایی بـــەراوردکـــردن و هەڵسەنگاندنی هەیە، ژنان و لاوان و چین و تــوێــژەکانی دیکەی هێنایە سەر شەقام.

زۆر جار کە باس لە شۆڕشی ژینا دەکرێ، تیۆری ئیننتەرسێکشنالیزم دێتە گۆڕێ وەک چوارچێوەیەکی تیۆری بۆ خوێندنەوە و لێکدانەوەی ئەو دیاردە ئالۆز و تێکەڵاوە، کە تێیدا کۆمەڵێک فۆرمی دیسکریمینێرینگ و هەڵاوردن، نایەکسانی و بێدادی بەیەکەوە وا لەتاکەکەسێک دەکەن کە لە کۆنتێکستێکی دیاریکراودا بە جۆرێک کاردانەوە بنوێنێ و هەڵسوکەوت بکات، لەوێدا بۆ نموونە هەڵاواردنی رەگەزیی، نەتەوەیی، ئابووری و فەرهەنگی لە خاڵێک دا یەکدەگرنەوە. بۆ ژنێکی کوردی سەر بە بنەماڵەیەکی کۆڵبەر کە لەهەمان کات دا لەڕووی نەتەوەیی و ناسنامەییشەوە زوڵمی لێدەکرێ، پرسی ژنبوونەکەی، نەتەوەکەی و هەژارییەکەی کار دەکاتە سەرئەوەی کە بێتە سەرشەقام و دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بدا. بۆ کچێکی تارانی لەوانەیە ئازادییە تاکەکەسییەکان و هەڵاواردنە ئابورییەکان لە پێشەوەی ئەو هۆکارانەدا بن.

لە لایەکی دیکەشەوە نابێ لەبیرمان بچێ کە جیاواز لە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی دوو دەیەی پێشوو، هیچ باڵێکی ریفۆرمخواز یا کەسایەتییەکی ریفۆرمیست نەیتوانیوە مۆرکی خۆی بەو ڕاپەرینەوە بنێ و پێدەچێ بە یەکجاری سەناریۆی ریفۆرم لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامیدا پێگەی خۆی لەدەست دابێ. یەکگرتوویی و هاودەنگییەک لە دەوری دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” هەیبوو، وایکردووبوو نەتەوە جیاوازەکان و پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی ئێرانی بە ژنانیشەوە بێ ئەوەی ترسیان لە لەدەست دانی داخوازییە فێمینیستی و سیاسییەکانی خۆیان هەبێ، ئەو دروشمە بە هی خۆیان بزانن. ئەوە بەو مانایە نییە کە کوردەکان یان پێکهاتەیەکی دیکەی ئەو کۆمەڵگەیە پشت لە داوا ئەتنیکی و ویستە سیاسییەکانی خۆیان بکەن، ئەو قۆناغە پێویستی بە یەکدەنگییەک هەیە، پێویستی بە فۆرمی تازەی سیاسەت کردن و مامەڵەکردن هەیە کە بتوانێ هەم لە ئاستێکی بەرفراوانی گوتاریدا و لەگەڵ هەموو پێکهاتە سیاسی و ئەتنیەکانی دیکە برەوی پێبدا، هەم بتوانێ پەرچەمی داخوازییە هەرێمییەکانیشی شەکاوە ڕاگرێ. بۆ وەبیر هێنانەوەش بێ گرینگە بزانین کە کوردەکان لەمێژە مافەکانی خۆیان و گەیشتن بەو مافانەیان بە هەبوونی دێموکراسی لە ناوەند و هەموو ئێراندا گرێ داوەتەوە، بێجگە لەوەی کە پرسی مافەکانی ژنان لە داوا سیاسی و نەتەوەییەکانی ئەحزابی کوردی و بزووتنەوەی کوردیدا رەنگی داوەتەوە. بۆیە ناکرێ هەموو بەرپرسایەتیی پاراستنی ئەو گوتارە هاوبەشە و ناوەرۆکە فرە ناسنامەییەکەی بە تەنیا بخرێتە سەر نەتەوەیەک کە لەمێژە نیازپاکیی خۆی لە ئاست پلوڕالیزمی سیاسی و کلتووری، مافی ژنان و پێکهاتەکانی دیکەی کۆمەڵگە پێشان داوە و قـــوربـــانیشی بۆ داوە.



چاوەڕوان دەکرا حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی ئێراندا پێکەوە مەنشوورێکیان هەبایە، پێتان وایە تایبەتمەندییەکانی ئەم مەنشوورە دەکرێت چی بن؟

لە وەڵامی پرسیاری پێشوودا، ئاماژەیەکم بەوەدا کە شۆڕشی ژینا ئێمەی خستۆتە بەردەم دۆخێکی نوێ و جیاوازەوە. کوردەکان و حیزبە کوردییەکان خۆیان لە داوا گشتییەکانی شۆڕشی ژینا لە هەموو ئێراندا دانەبڕی، ئەو راستییە دەزانن کە کۆ کردنەوەی شۆڕش لە ناوچەیەک دا و گرێدانەوەی بە تاکە پرس و ناسنامەیەکەوە یان تاکە گوتارێکەوە، زەربەی کاریگەر لە پەیکەری شۆڕشەکە دەدا، هەمان هەڵەی کە سەلتەنەت خوازەکان و هاوکارەکانیان کردیان. باسی ئەوەم کرد کە حیزبە کوردییەکان دەبێ لە ئاستێک ژوور نەتەوەیی و ناوچەییەوە سیاسەت بکەن وهەوڵبدەن ئەو فرە ناسنامەیی و لە هەمانکاتیشدا هاوگوتارییەی لە دەوری دروشمی ژن، ژیان، ئازادی هەیە بیپارێزن. هەرچەند ئامادەیی دیپلۆماسی و جیهانی حیزبەکان لە دەرەوە و لەناوەندە سیاسی و بریاردەرەکانی جیهاندا لە ئاست ئامادەیی مەیدانی و شەقامی خەڵکی کوردستاندا نەبووە، شتێک کە فارسەکان زیاتر توانیان کەمی ئامادەیی نێوخۆ بە خۆپێشاندان و چوونە ناوەندەکانی بڕیار پڕ بکەنەوە. بەلام حیزبەکان هەر ئەو بەرنامە سیاسی، ئیداری و ئابووری، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەی لە پەیڕەو و پرۆگرامەکانیان دا هەیانە، دەتوانن ئەجێندای سیاسی خۆیان لەو قۆناغەدا پێشبەرن، بە بڕوای من گرینگە کە هێماو کۆدە شاراوەکانی ناوەندگەراکان بۆ دێموکراسی، سێکۆلاریزم و مافی مرۆڤ ئاشکرا بکەن، هاوکات پێداگری بکەن لەسەر پلۆرالیزمی سیاسی و فرەنەتەوەیی و فرە ناسنامەیی، دەرفەتی ئابووری و ئیداری و هــــاوبــەش لە داهـــاتووی ئێران دا.

کۆنسپێتی یەک نەتەوە، یەک مێژوو، یەک زمان، یەک ناسنامە، درز دەخاتە پێکهاتەی سیاسی و کۆمەلایەتی خەلکی ئێران و تا ئەو مێنتالیتەیە لەپشت سیاسەتکردنی ئۆپزسیۆنی ئێرانی یان سەرانی حکوومەت (ئیسلامی و غەیرە ئیسلامی) دا هەبێ، نارەزایی و ڕاپەڕینەکان لە پەراوێزدا شەرعیەتی حاکمیەتی سیاسی و ئیداری ناوەند دەخـــەنــــە مــــەترسییەوە.



هەندێک پێیان وایە داواکارییەکانی بزووتنەوەکە لە هەندێک شوێنی وەک کوردستاندا جیاواز لە ناوچەکانی دیکەی ئێران بووە و ڕەنگ و بۆنی نەتەوەیی/ئەتنیکی بەخۆوە گرتووە، کە واتە ناکرێ لە یەکەیەک وەکوو خەڵکی ئێران قسە بکەین. ئێوە چۆن ئەم باسە شرۆڤە دەکەن؟

ئەوەی کە لە کوردستاندا بزووتنەوەکان رەنگ و ڕووی نەتەوەییان هەیە ریشەی لە کۆمەڵێک فاکتی مێژوویی و سیاسی دایە، ئەگەر دووبارە بگەڕێمەوە بۆ تیۆری ئینتەرسێکشنالیزم، کە یەکێک لە بنەماکانی ئەوەیە کە شوناسی تاکەکەس شوناسێکی گۆڕدراو و زیندوو و خەسڵەتێکی یەک رەهەندی نییە، بە تەنیا ناسنامەی چینایەتی، ئەتنیکی، رەگەزی یا زمانی، ناسنامەی مرۆڤێک دروست ناکەن، دروشمی ژن، ژیان، ئازادی و دروشمەکانی دیکەش جۆڕێک لە چەترێکی هاوبەشیان بۆ هەموو خەڵکی ئێران دروست کردبوو کە ناسنامە جیاوازەکان دەیانتوانی ئۆتۆنۆمی شوناسیی خۆیان بپارێزن و هاوکات بەشێکیش بن لە بزووتنەوەیەکی گەورەتر.

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ کوردستان و باس لەوە بکەین بۆ لە کوردستان دا هۆشیارییەکی گشتی یا ویژدانێکی گشتیی زیندوو هەیە، دەبێ سوود لە تیۆرییەکی دۆرکهایم وەربگرین لەوبارەوە.

دۆرکهایم کە بە دامەزرێنەری زانستی کۆمەڵناسییش ناو دەبرێت، لە نووسینەکانیدا گرینگییەکی تایبەت بە پەیوەندیی نێوان گشت لەگەڵ تاکدا دەدات. ئەو دەنووسێ کە لە هێندێک قۆناخدا گەڕانی تاک بە دوای کۆنتێکستێکی گشتیدا کە لەسەر هەست دامەزراوە، کۆمەڵگە دەگەیەنێتە دۆخی هەڵچوون (Collective effervescence). هەڵچوونی کۆمەڵایەتی چەمکێکی کۆمەڵناسییە کە لە هەلومەرجێکی دیاریکراودا ئەندامانی کۆمەڵگەیەک لە ئامانجێکی هاوبەش و کردەوەی هاوبەشدا یەک دەگرنەوە و وا دەکا کە تاکەکانی کۆمەڵگەیەک لە یەکەیەکی گەورەتردا ڕێک بخا. هەڵچوونی کۆمەڵایەتیی هەستێکی گشتیی بەهێزە و وا دەکا کە تاکەکەس بەتەواوی خۆی لەبیر بکا و تەنانەت پرسە گرینگەکانی وەک بنەماڵەش وەلاوە بنێ، بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو کۆنتێکستەدا خۆی تێکەڵ بکا. ئەو هەستە بەهێزە کاتێک دروست دەبێ کە تاکەکانی کۆمەڵگەیەک وشیارییەکی گشتی یان ویژدانێکی گشتیی لێکیان نزیک دەکاتەوە، ئەو وشیارییە لای دۆرکهەیم بریتییە لە هەستی سروشتیی مرۆڤ تایبەت بە بوونی خۆی و هەروەها باوەڕ و هەستی هاوبەشی زۆربەی ئەندامانی کۆمەڵێک. دۆرکهایم پێی وایە کە هەر کام لە ئێمە دوو ویژدانمان هەیە، ویژدانێکی گشتیی و ویژدانێکی تایبەتی. بە هۆی ئەو وشیارییە گشتییەوە دیاردەیەکی دیکە دروست دەبێ کە پێی دەگوترێ نوێنەرایەتیی گشتیی، کە نوێنەرایەتیی ئەو نۆرم و بایەخانە دەکا کە کۆمەڵ لەسەریان ڕێک کەوتووە و ویژدانی تایبەتی لە ویژدانی گشتیدا دەتوێنێتەوە. بە بڕوای دۆرکهایم ویژدانی گشتیی لەو کۆمەڵگایانەدا بەشێکی گەورەی ویژدانی تاکەکەسەکان پێک دێنێ کە یەکگرتوویی میکانیکی تێیدا زاڵە. لە وەها کۆمەڵگەیەکدا کە ئەندامانی کۆمەڵگە جیاوازییەکی زۆریان لەگەڵ یەکتر نییە و بەها و نۆرمی هاوبەشیان هەیە، ئەوە بە پێچەوانەی یەکگرتوویی ئۆرگانیکە، کە لەوێدا تاکگەرایی زاڵە و سەقامگیریی کۆمەڵایەتی زیاتر لەسەر بنەمای جیاوازییەکانە تا بنەما هاوبەشەکان.

لەو وتووێژەدا ناپرژێینە سەر ئەوەی کە بە وردی باس لەو تیۆرییە بکەین و مەبەستیش زیاتر ئەوەیە کە زیاتر لەو ڕووداوانە تێ بگەین کە لە کوردستان و ئێراندا ڕوو دەدەن، لە ماوەی حوکمڕانیی کۆماری ئیسلامیدا زۆرجار ئەو یەکگرتوویی و یەکدەنگییە لەلایەن کەسانێکەوە بە مەبەست و بێ‌مەبەست خراوەتە ژێر پرسیار. کۆماری ئیسلامییش هیچ کات لە نانەوەی دووبەرەکی‌ و لێک‌ترازاندنی ڕیزەکانی ئەو کۆمەڵگەیە دەستی نەپاراستووە، بەڵام دوای چل‌و‌سێ ساڵ لە سیاسەتی میلیتاریزەکردن و ئاژاوەنانەوە و بڵاوەپێکردن، ئێستا بە ڕوونی شاهیدی ئەو ڕاستییەین کە کۆمەڵگەی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆمەڵگەیەکی ئامانجداری خاوەن چارەنووسێکی هاوبەشە و لەوەش گرینگتر ئەوەیە کە ئەو کۆمەڵگەیە وشیارییەکی گشتیی و ویژدانێکی گشتیی زیندووی لە ئاست ئەو بەها و باوەڕە هاوبەشانەدا هەیە.

ئێمە ڕۆژانە دەبینین کە چۆن ئەو ویژدانە گشتییە لە وتاری کەسوکاری شەهیداندا، لە لاپەرەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا و لە خۆپێشاندانی خەڵکدا و لە بۆنە جیاوازەکاندا شەپۆلان دەدا. ئەگەر لە ڕوانگەی تیۆرییەکەی دۆرکهایمیشەوە تەماشای ئەو ڕووداوانە بکەین، دەتوانین بڵێین ئەو کۆمەڵگەیە لە دۆخێک‌دایە کە تاکەکەسەکان تەنانەت ویستە تایبەتی و پەیوەندییە خێزانییەکان و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی خۆیان، تەنانەت گیانی خۆشیان خستۆتە خزمەت ئەو ئامانج و بەها باڵایەنە کە لە دروشمی ژن، ژیان، ئازادیدا کورتیان کردۆتەوە.

لەوانەیە پرسیار بێ کە بۆ لە کوردستاندا ویژدانی گشتی تا ئەو ئاستە زیندوویە و ئەو یەکگرتووییە کۆمەڵایەتییە لە دەوری کۆمەڵێک ئامانجی ڕادیکاڵی سیاسی لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟ کوردستان لەمێژە سەنگەری بزووتنەوەیەکی سیاسیی مافخوازە، ئەو بزووتنەوەیە لە شێوە مۆدێرنەکەی خۆیدا لە سەردەمی دیکتاتۆریی پاشایەتییەوە دەستی پێ کردووە و لە کۆماری کوردستاندا گەیەندراوەتە لوتکە، لەوانەیە ڕەنگ وئایدۆلۆژیی دیکە لە هەلومەرجی جیاوازدا بە سەر ئەو بزووتنەوەیەدا زاڵ بووبی یان کاریگەریی هەبووبێ، بەڵام هەمیشە لە ژێر هێژەمۆنی هێما و سیمایەکی دێموکراتیکی نەتەوەییدا بووە و ئێستاش لەگەڵ ئەوەدا کوردستان و هێزە سیاسییەکانی هەموو هەوڵی خۆیان داوە کە هاوهەنگاو و هاودەنگ لەگەڵ خەڵکی دیکەی ئێران بچنە پێشێ و لە ئاستێکی بەرفراوانتر و لە ژوور پرسە کوردستانییەکانەوە سیاسەت بکەن، بەڵام داوا نەتەوەییەکان هیچ کات نەچوونە ڕیزی دووهەمەوە. هۆکارێکی دیکەی هەبوونی ویژدانی هاوبەش لە کوردستاندا وەرێخستنی بزووتنەوەیەکی مەدەنی بوو کە لە بووژاندنەوە و وشیارکردنەوەی خەڵکدا ڕۆلیان گێڕا، ئەوان بە دامەزراندنی ئەنجوومەنەکان و بڵاوکردنەوەی گۆڤار و بڵاڤۆکەکان و بنکەکانی فێربوونی زمانی زگماک و زۆر چالاکی و کردەوەی دیکە ئەو سەرمایە کولتوورییەیان لەنێو کوردی ڕۆژهەڵاتدا بەهێز کرد کە بنەمایەکی گرینگە بۆ وشیاربوون لە ئاست شـوناس و ئـامانجی هاوبەشدا.

لەگەڵ ئەوانەش دا هەم خەلکی کـــوردستان و هەم حیزبەکانیش هێڵی سیاسی خــۆیان لـــە خەلکی دیکەی ئێران جیا نەکردەوە، بە بروای من ئەو تاکتیکە ئالترناتیڤێکی دروست بوو.



ئایا سەرکوت دەتوانێ بزووتنەوەی ژینا لەناو بەرێ؟ ئێوە داهاتووی ئەم بزووتنەوەیە چۆن دەبینن؟

لە هیچ قۆناغێکی مێژوویی دا نەماندیتووە کە سەرکوت دەنگی ناڕەزایەتی لەناو ببا، لە زانستی مێژوودا وەک هەموو زانستە مرۆییەکانی دیکە، پێشبینیکردن کارێکی ئەستەمە، بەڵام بنەمایەک لەو زانستەدا هەیە کە دەڵێ “لە هەرشوێنێک زوڵم هەبێ، بەرەنگاری و نارەزایەتیش بوونی دەبێ.” لەوانەیە شۆڕشی ژینا یان بزووتنەوەکانی داهاتوو هەوراز و نشێوی خۆیان هەبێ، لە فۆرمی جیاوازدا بەردەوام بن، بەڵام کۆتاییان پێ نایەت. یەکساڵی رابردوو کۆمەڵێک دەرس و ئەزموونی بە خەلک و ئۆپۆزیسیۆن داوە کە گرینگە بە چاوی بایەخەوە لێی بڕوانن، بەر لە هەرشتێک چۆن هەنگاوە سیاسی ودیبلۆماسییەکانیان لەگەڵ ویستی خەڵک و شەقام هەماهەنگ بکەن و لە پەیامە بنەڕەتییەکانی ئەو بزووتنەوەیە تێبگەن. فرە ناسنامەیی و لە یەک کاتیشدا کۆبونەوە لە ژێر یەک چەتر دا، تایبەتمەندی سەرەکی ئەو شۆڕشەیە، ئەوەش لە واقعیەتی کۆمەلایەتی و ئەتنۆلۆژی و سیـــاسیی ئێـــــران ســــەرچــــاوە دەگرێ.

داگرتنی بابەت

وتووێژ لەگەڵ سۆران عەلیپوور

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان