ڕێنووسی کوردی ‌

ئامادەکردن:
بەشی زمانەوانی

“بە سەرنجدان بەوەی نووسەرانی تیشک و خوێندەوارانی کورد، بنەما گشتییەکانی ڕێنووسی کوردی دەزانن، بە پێویستیمان نەزانی هەموو بەشەکانی ڕێنووسی کوردی لێرە بنووسینەوە و تەنیا لەم نووسراوە کورتەدا ئاماژە بەو خاڵانە کراوە کە بەشێکی زۆر لە نووسەران لەبەرچاویان ناگرن و بە هەڵە دەیاننووسن…”


کێشەی (ڕ)ی سەرتا

تەنیا لە شێوەزاری کرمانجیی سەروودا پیتی «ر» لە سەرەتای وشە دەتوانێ بچووکیش بێت. لەباقیی شێوەزارەکان واتا شێوەزارەکانی کوردیی ناوەندی و کوردیی گۆرانی و خوارەوەدا، ڕێی سەرەتا هەمیشە قەڵەوە و بە قەڵەویش دەنووسرێت. ڕزگار، ڕێگا، ڕێباز، ڕێنوێنی.

کێشەی (و)ی پەیوەندی
پیتی (و) کاتێک بۆ پێکەوە بەستنەوەی دوو وشە پێکەوە دێتە ناو ڕستەوە، ڕۆڵی وشەیەکی سەربەخۆ دەگێڕێ و نابێ بلکێندرێ بە وشەی پێش یا پاش خۆیەوە.
ژن و پیاو
حیزب و لایەنەکان
کۆمەڵگا و حکوومەت
حەز و خولیا
لەو وشە لێکدراوانەی کە لە لێکدرانی دوو وشە بە (و) دروست بوون دەبێ بە یەک دانە (و) بنووسرێ نەک دوو دانە:
گفتوگۆ
هاتوچۆ
توندوتیژی
کەشوهەوا
کشتوکاڵ
هەڵسوکەوت

کێشەی (ی) ی خستنەسەر و ئاوەڵناو
هەموومان دەزانین بۆ لکاندنی ناو بە ئاوەڵناو یان موزاف بە موزاف ئیلەیهەوە، کەڵک لە نیشانەی (ی) وەردەگیررێت و (ی) دەلکێت بە ناوەکەوە.
پێشمەرگە + ی + ئازا = پێشمەرگەی ئازا
کتێب + ی + بەسوود = کتێبی بەسوود
خولیا + ی + ڕزگاری = خولیای ڕزگاری
خەڵک + ی + کوردستان = خەڵکی کوردستان
بەڵام ئەگەر ناوێک خۆی بە (ی) کۆتایی بێت، دیسان دەبێت نیشانەی (ی)ی بچێتە سەر.
دیاری + ی + کوردستان = دیاریی کوردستان
یەکێتی + ی + نیشتمانی + ی + کوردستان = یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
ئەگەر وشەکە بە دوو (ی) کۆتایی بێت، دیسان دەبێت نیشانەی (ی) وەربگرێت و بە سێ (ی) بنووسرێ.
ئاوارەیی + ی + کورد = ئاوارەییی کورد
شارەزایی + ی + کاربەدەستان = شارەزاییی کاربەدەستان
قەیرانی + ژینگەیی + ی + کوردستان = قەیرانی ژینگەییی کوردستان

(ی)ی جێناوی سێهەم کەسی تاک
پیتی (ی) جێناوی سێهەم کەسی تاکە. وەک ئەو سێ حاڵەتەی لە سەرەوە بۆ (ی)ی خستنەسەر باسمان کرد، ئەگەر لە شوێنێک پێویست بە (ی)ی جێناوی سێهەم کەسی تاک بێ دەبێ بنووسرێ. زۆربەی نووسەران بۆ حاڵەتی یەکەمدا کە حاڵەتی سادەیە دەینووسن بەڵام لە حاڵەتی دووهەم و سێهەمدا ناینووسن بەڵام نووسینی پێویستە.
١.
پرسیاری کرد
وتاری نووسی
کتێبی خوێندەوە
٢ و ٣.
کورد ئازادیی دەوێ
شەریف چالاکیی ژینگەییی دەکرد
(لە یەکەمیاندا «ی» بۆ خستنەسەرە و لە دووهەمدا جێناوە)
خۆپێشاندانی ناڕەزاییی بەڕێوە برد
(لە یەکەمیاندا «ی» بۆ خستنەسەرە و لە دووهەمدا جێناوە)
نەتەوەی کورد سەربەخۆییی دەوێ
(لە یەکەمیاندا «ی» بۆ خستنەسەرە و لە دووهەمدا جێناوە)
جێناوی لکاوی (ی) بۆ سێهەم کەسی تاک و (یان) بۆ سێهەم کەسی کۆ، کاتێک لەگەڵ «کاری تێپەڕ / فعل متعدی» دا بێن دەبێ وەک خۆیان بنووسرێن.
نموونەی گەردانکردن
گرتم، گرتت، گرتی / گرتمان، گرتتان، گرتیان
ئەگەر قەدی کردارەکە خۆی بە پیتی …ــی کۆتاییی هاتبێت، کاتێک کە جێناوی لکاویان دەخرێتە سەر نابێت …ـــی بقرتێنرێت:
نووسین: نووســی:
نووسیم ، نووسیت، نووسیی (نووسی هەڵەیە لەبەر ئەوەی قەدی کاری کردووەتە نووس)
نووسیمان، نووسیتان، نووسییان (نووسیان هەڵەیە لەبەر ئەوەی قەدی کاری کردووەتە نووس)
پرســـیـــن:
پرســـی + م = پرســـیــم
پرســی + ت = پرســـیـــت
پرســی + ی = پرســـیـــی
دەبێت وا بنووسرێن: من پرسیم، تۆ پرسیت، ئه‌و پرسیی. (نه‌ک ئه‌و پرسی).
پرسی + مان = پرسیمان
پرسی + تان = پرسیتان
پرسی + یان = پرسییان
دەبێت بنووسرێن: ئێمە پرسیمان، ئێوە پرسیتان، ئەوان پرسییان (نەک ئەوان پرسیان)
نموونه‌ی تر:
کاری تێپەڕ: (دزین، بڕین، کڕین، گۆڕین، نووسین)، که‌ له‌ سێیه‌م که‌سی تاکدا ده‌بنه‌ (ئه‌و دزیــی، ئه‌و بڕیی، ئه‌و کڕیی، ئه‌و گۆڕیی، ئه‌و نووسیی).

جێناوی لکاو لە کاری (تێنەپەڕ / لازم)دا:
بەڵام ئەگەر کردارەکە (کاری تێنەپەڕ / فعل لازم) بوو وەک (بارین، فڕین، خزین، وەرین، پژمین) ئەو کاتە لە دۆخی ڕابردوودا کەڵک لەم جێناوە لکاوانەی (…م، …ی / یت، … ـــ / …ین، …ن، …ن) وەردەگرین. ئەگەر قەدی کردارەکە بە …ـــیـــ کۆتاییی هاتبێت لە کاتی خستنەسەری ئەو جێناوانەدا نابێت …ـــیـــ لەبیر بکرێت و پێویستە بنووسرێت. نموونەی گەردانکراو:
فڕین؛ فڕیــ م = فڕیم = من فڕیم، فڕیــ ی = فڕیی = تۆ فڕیـــیـت، فڕیــ ـ = فڕی = ئەو فڕی.
تاک: فڕیم، فڕیی / فڕییت، فڕی.
کۆ: فڕیین، فڕین، فڕین.
نموونه‌ی تر:
کاری تێپەڕ: (دزین، بڕین، کڕین، گۆڕین، نووسین)، که‌ له‌ سێیه‌م که‌سی تاکدا ده‌بنه‌ (ئه‌و دزیی، ئه‌و بڕیی، ئه‌و کڕیی، ئه‌و گۆڕیی، ئه‌و نووسیی).
هەروها لە دۆخی کۆی سێیەم کەسی کۆش هەر بە هەمان شێوەیە:
پرســیـــیـان (نەک پرسیان)
گۆڕییان (نەک گۆڕیان)
دزییان (نەک دزیان)

کێشەی (ە) وەک فرمانی پەیوەندی و (ی)ی یاریدەدەر
بزوێنی (ە) لە زمانی کوردیدا 12 کارکردنی هەیە کە نووسەران زۆربەی کات بە شێوەی ئاسایی و بێ هەڵە بەکاریان دینن بەڵام لە چەند حاڵەتێکدا کە لێرە ئاماژەیان پێ دکەین تووشی هەڵە دەبن.
یەکێک لە کارکردەکانی (ە) لە کوردیدا بۆ کاری دانە پاڵە یا کاری نەتاوە
کچەکە جوانە
گوارەکەی زێڕە
کتێب بەسوودە.
کوردستان خۆشە.
بەڵام ئەگەر وشەیەک بە (ە، ا، ۆ، ی، ێ) کۆتایی بێت، دەبێت (ی)یەکی یاریدەدەر زیاد بکرێت و لەجێی (ە)، (یە) دەچێتە سەر موسنەد.
ئەو شارەزایە.
کارێکی بەجێیە.
برینم کارییە.
کراسەکەی کرێشەیە.
یەکێکی دیکە لە کارکردەکانی (ە) ئەوەیە کە دەبێتە بەشێک لە هاوەڵناوی نیشانە.
ئەم گۆڤارە
ئەم کتێبە
ئەم حیزبە
ئەم کوردستانە
لەم حاڵەتەشدا وەک حاڵەتی پێشوو ئەگەر وشەیەک بە (ە، ا، ۆ، ی، ێ) کۆتایی بێت، دەبێت (ی)یەکی یاریدەدەر زیاد بکرێت و لەجێی (ە)، (یە) دەچێتە سەر موسنەد.
ئەم کۆبوونەوەیە
(زۆربەی نووسەران ئەگەر وشەیەک بە «ه» کۆتایی هاتبێ «یە» نانووسن کە هەڵەیە)
ئەم چیایە
ئەم ڕادیۆیە
ئەم ئەم ئاسانکارییە
ئەم جێیە
ئەم پێکهاتەیە
هێندێک جار ئەو دوو (ه)یە کە لە دوو حاڵەتی پیشوودا باسمان کرد بە دوای یەکدا دێن. لەم
هیوام بەم گۆڤارەیە
هیوام بەم کۆبوونەوەیەیە (وەک حاڵەتی پێشوو زۆربەی نووسەران ئەگەر وشەیەک بە «ه» کۆتایی هاتبێ «یە»ی دووهەم نانووسن کە هەڵەیە)
چاوم لەم حیزبەیە
چاوم لەو چیایەیە
کورد نشتەجێی ئەم کوردستانەیە
کورد نشتەجێی ئەم جێیەیە
بە قازانجی ئەم پێکهاتەیەیە

کێشەی (بە، بێ)
(بە) بەمانای دارا و خاوەن و (بێ) بە مانای بێبەری بوون، هەم لە ئاستی وشەی سەربەخۆدا لە ڕستەدا دەور بگێڕن و هەم لە ئاستی وشەسازیدا کارا بن.
هەر کاتێک (بە) بەو مانایەی سەرەوە ئاوەڵناوێکی تازە دروست بکات، بەسەر ناوەکەوە دەنووسرێت: بەسوود، بەتام = بەچێژ، بەبڕوا = بڕوادار
هەر وەها ئەگەر بێ بە مانای (بەبێ) نەبێت و دەستەی ئاوەڵکار دروست نەکات، بەسەر ناوەکەوە دەنووسرێت و ئاوەڵناوێکی تازە دروست دەکات.
ئەو هیچ کاتێک مرۆڤێکی بێهیوا نەبووە. بێهیوا = ئاوەڵناو
بەڵام
بەبێ هیوا لەم تاریکستانە ڕێ دەر نابەیت.
یان بێ هیوا لەم تاریکستانە ڕێ دەر نابەیت. بێ هیوا = دەستەی ئاوەڵکار

کێشەی پێشبەندی لە
ئەگەرچی (لە) خۆی وەکوو ئامرازێکی سەربەخۆیە و لە بنەڕەتدا خۆی کار دەکاتە سەر وشەگەلی وەکوو (سەر، پشت، ژێر، ناو و …) بەڵام ئیستا لە زمانی کوردیدا ئەم وشەیلە بە یەک وشە و بە پێشبەندی حەساب دەکرێن: لەسەر، لەپشت، لەدوا، لەناو، لەنێوان، لەتەنیشت،
لەسەر ڕێگای گەڕانەوەم..
لەنێو ئەم دارستانەدا،
کێوێکی بەرز لەنێوان ئەم دوو شارەدایە.
لەپشت پەنجەرەکە ڕاوەستابوو.
تێبینی ا: سەر ئەگەر بەمانای خودی سەر بێت، ئیتر بە جیا دەنووسرێت.
بەردێکی لە سەری دا.
سەرتاپای لەشی تەڕ بووە. (سەرتاپا یەک وشەیە، بەواتای هەمووی جەستەی)
….، هەر لە سەر تا پاتەوە.
تێبینی٢: لە ئەم لا — لەم لا
لە ئەو کا— لەو لا

کێشەی (دا)
(دا) لە کوردیدا بە سێ شێوە دەردەکەوێت.
(دا) وەکوو بەشێک لە دووانەی (لە…دا) و (بە…دا) و (دە…دا) کە هەمیشە بە وشەی پێش خۆیەوە دەلکێنرێت.
لە کوردستاندا، بەو ڕێگایەدا هاتم.
(دا) وەکوو پێشگری دروستکەری کاری داڕێژراو: بە حوکمی پێشگر بوون و سەربەخۆ نەبوونی، لەگەڵ ئەو وشەیەدا دەنووسرێت کە دەچێتە سەری:
دانیشتن
داگرتن
چۆکی دادا.
تێبینی: ئەو حوکمە بۆ دوولاگرەکانی تری وەکوو (لە…ەوە) و (لە…ڕا) و… دروستە.
(دا) وەکوو کاری سەربەخۆ کە هەمیشە بەجیا دەنووسرێت.
بەردێکی لە پەنجەرەکە دا.
خەنجەرێکی لەسەر دڵی دا.

کێشەی (ڕا)
ڕا دۆخێکی سادەتری لە دا هەیە. ڕا وەکوو بەشێک لە دوولاگری (لە…ڕا) و (بە…ڕا) هەمیشە بە وشەی پێش خۆیەوە دەلکێنرێت.
ڕا دەوری پێشگر دەبینێت و کاری داڕێژراو دروست دەکات: ڕاهاتن، ڕاخستن
بە شتێک ڕاهاتن بە واتای فێر بوون و خوو پێوە گرتنە.
لەم موبایلە نوێیەت ڕازیت؟ ـ بەڵێ، پێی ڕاهاتووم.
تا ئیستە بۆ سندووس چوویت؟ ـ جارێک پێیڕا هاتووم.

ئەم/ئەو
ئەم و ئەو چ وەکوو جێناوی ئاماژە و چ وەکوو ئاوەڵناوی ئاماژە، وشەی سەر بەخۆن و نابێت بە وشەی پاش خۆیانەوە بلکێنرێن.
بەڵام وشەگەلی وەکوو ئەمشەو، ئەمڕۆ، ئەمساڵ بوون بە وشەی سەربەخۆ و ئەو ڕێسایە نایانگرێتەوە.
ئەمشەو بێ شێو سەر دەنێیتەوە.
ئەم شەوە چەند تاریک و بێدەنگە.
تێبینی:
لە ئەو — لەو
لە ئەم — لەم
لە ئەوێ — لەوێ
لە ئەمێ — لەمێ
لە ئێرە — لێرە

کاری پێشبەندی
پێ/ لێ/ تێ، جۆرێیکی تر لە دەربڕینی دۆخی بە/ لە/ دە ـ ن و بەشێوەی ئاسایی دەبێت سەربەخۆ مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.
پشتم پێ بەست
کتێبم پێ دا
گوشاری دوژمن چۆکمان پێ دانادا
دەستم لێ هەڵگرت
تێی هەڵدە
دەستی پێ بکە
هەندێک کار بە پێشبەندەکانیانەوە مانای تازە دروست دەکەن بۆیە دەبێ بەسەر یەکەوە بنووسرێن.
پێگەیشتن
تێگەیشتن
پێکەنین

ئیدیۆم
دەبێت مانای ئیدیۆمیی چەند وشە لەگەڵ کاری لێکدراو جیا بکەینەوە. ئیدیۆمێک کە لە چەند وشە پێکهاتووە، بە پیچەوانەی کاری لێکدراو وشەکانی بە جیا دەنووسرێن.
دەست لێ هەڵگرتن
= وازهێنان
دەست لێ بەردان
= واز لێ هێنان
ئاسنی سارد کوتان
= کاری بێهوودە کردن
چاو لێ داخستن
= گرنگی پێ نەدان


ڕێنماییی نووسین

مه‌رجه‌ گشتییه‌کانی وه‌رگرتنی وتار

تیشک به‌ زمانی کوردی بابه‌ت بڵاو ده‌کاته‌وه‌. ئه‌گه‌ر نووسه‌رێک له‌به‌ر هه‌ندێک هۆکار بیهه‌وێ په‌یامه‌که‌ی به‌ زمانی فارسی بگه‌یه‌نێت، دوای په‌سندی ده‌سته‌ی نووسه‌ران وتاره‌که‌ی وه‌رده‌گیرێت.
له‌ هه‌ر ژماره‌یه‌کی گۆڤاری تیشکدا، لێکۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر مژارێکی تایبه‌ت ده‌کرێ؛ به‌ڵام توێژه‌ران ده‌توانن له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌شدا و به‌ مه‌رجێک که‌ وتاره‌که‌یان په‌یوه‌ندیی به‌ پرسی کورد و کوردستانه‌وه‌ بێ، لێکۆڵینه‌وه‌کانی خۆیان بۆ گۆڤاری تیشک بنێرن.
گۆڤاری تیشک گرنگی به‌ چوار شێوازی وتارنووسین ده‌دا و داوا له‌ نووسه‌ران ده‌که‌ین له‌ یه‌کێک له‌و شێوازانه‌دا وتاره‌که‌ی خۆیان ئاماده‌ بکه‌ن:
وتاری هه‌ڵسه‌نگاندن: له‌ نێوان ٨٠٠ تا ١٥٠٠ وشه‌؛ توێژه‌ران ده‌توانن هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئه‌و کتێب، فیلم، مۆسیقا و شانۆیانه‌ بکه‌ن که‌ پێوه‌ندییان به‌ پرسی کورده‌وه‌ هه‌یه‌.
وتاری شیکاری: له‌ نێوان ١٥٠٠ تا ٢٥٠٠ وشه‌؛ له‌م شێوازه‌دا مه‌رج نییه‌ که‌ نووسه‌ر ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌کان بکا، به‌ڵام ده‌بێ بابه‌ته‌که‌ له‌سه‌ر بنه‌مای بیرۆکه‌یه‌کی ڕوون ئاماده‌ کرابێ و ده‌ره‌نجامی توێژینه‌وه‌که‌ شی بکرێته‌وه‌.
وتاری تیۆری: له‌ نێوان ٢٥٠٠ تا ٤٠٠٠ وشه‌؛ له‌م شێوازه‌دا پێویسته‌ که‌ نووسه‌ر ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌کان بکا و که‌ڵک له‌ تیۆرییه‌کی تایبه‌ت بۆ لێکۆڵینه‌وه‌که‌ی وه‌ربگرێ. تکایه‌ سه‌یری سیسته‌می سه‌رچاوه‌دان بکه‌ن.
وه‌رگێڕان: له‌م به‌شه‌دا هه‌وڵ ده‌درێ هه‌ندێک وتاری گرنگ که‌ له‌سه‌ر کوردستان به‌رهه‌م هاتوون، له‌ زمانی یه‌که‌مه‌وه‌، ته‌رجه‌مه‌ بکرێنه‌وه‌. له‌ ڕووی زانستییه‌وه‌ و له‌به‌ر گونجان له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌ی گۆڤاری تیشک ده‌بێ وتاره‌کان له‌ لایه‌ن ده‌سته‌ی نووسه‌رانه‌وه‌ په‌سند بکرێن.
ئه‌و توێژه‌رانه‌ی که‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵات ده‌ژین ده‌توانن وتاره‌کانیان به‌ ناوی خوازراوه‌وه‌ بڵاو بکه‌نه‌وه‌ به‌ مه‌رجێک که‌ سه‌رنووسه‌ر په‌سندیان بکات.
ده‌سته‌ی نووسه‌رانی تیشک دوای هه‌ڵسه‌نگاندنی وتاره‌کان نووسه‌ران له‌ شێوازی چاپ و گۆڕانکاریی پێویست ئاگادار ده‌کاته‌وه‌.
پێویسته‌ له‌گه‌ڵ وتاره‌کان پوخته‌یه‌کی کورت له‌ نێوان ٥٠ تا 70 وشه‌ ئاماده‌ بکرێ.

شێوازی سه‌رچاوه‌دان
گۆڤاری تیشک که‌ڵک له‌ سیسته‌می سه‌رچاوه‌ دانی شیکاگۆ وه‌رده‌گرێ. نووسه‌ران له‌ هه‌ر شوێنێکدا که‌ پێویستیان به‌ ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌یه‌ک هه‌بوو یا ده‌یانه‌وێ له‌ په‌راوێزدا شرۆڤه‌یه‌کی زیاتری بابه‌ته‌که‌ بکه‌ن، ده‌بێ هه‌موویان هه‌ر له‌ په‌راوێزی کۆتاییدا بێنن. نووسه‌ران ئاگادار ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ ده‌بێ به‌ ته‌واوی سه‌رچاوه‌که‌ بنووسن و ژماره‌ی لاپه‌ڕه‌کان دیار بکه‌ن. له‌ کۆتاییدا پێویست ناکا لیستی سه‌رچاوه‌کان به‌جیا دووپات ببێته‌وه‌. له‌ خواره‌وه‌ ئاماژه‌ به‌ چه‌ند شێوازی سه‌رچاوه‌ دان ده‌که‌ین:

١. کتێب

عه‌بدوڵڕه‌حمان قاسملوو، کوردستان و کورد، وه‌رگێڕانی عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن‌زاده‌ (هه‌ولێر: چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات، ٢٠١٤)، ٣٢٠.
دیوید مکداول، تاریخ معاصر کرد، ترجمه‌ ابراهیم یونسی (تهران، پانیذ، ١٣٨٣) ٥-٦.
Robert Olson, The Emergence of Kurdish Nationalism and the Shikh Said Rebellion 1880-1925 (Austin, University of Texas Press, 1989) 83-4.

٢. به‌شێک له‌ کتێب

Abbas Vali, “Nationalism and the Question of Origins,” in Essays on the Origins of Kurdish Nationalism, ed. Abbas Vali, (Costa Mesa: Mazda Publisher, 2003), 8-9.

3. گۆڤار و ژورناڵ

ئیدریس ئه‌حمه‌دی، «شار و ڕاسان،» گۆڤاری تیشک ٤٨ (٢٠١٨): ١٣-١٧.
Ahmad Mohammadpour and Kamal Soleimani, “Interrogating the tribal: the aporia of ‘tribalism’ in the sociological study of the Middle East,” The British Journal of Sociology (2019 online): 18.

فۆڕمی سەبسکرایب

دەتوانن ئاگاداری دوایین بڵاوکراوەکانی گۆڤاری تیشک بن، لە ڕێگەی سەبسکرایب کردنی ماڵپەڕەکەمان.

سەرکەوتوو بوو، زۆر سپاس!

کێشە هەیە!

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان