ئارامتر بخوێنەوە

نەتەوەسازی لە ئێراندا لە سەر سێ تەوەری:

نەوت، قوتابخانە، میدیا

ڕۆژیار ڕۆژهەڵات


“ئەم وتارە هەوڵێکی ڕەخنە گرانەیە لەمەڕ پڕۆسەی دەوڵەت/نەتەوە و نەتەوەسازی لە ئێرانی فرەنەتەوەدا، باسکردنە لە کێشەی سەرەکی سەبارەت بە فرە ئیتنیکی/نەتەوەیی بوونی ئەم وڵاتە بە درێژایی مێژوو، بە تایبەت لە دەسەڵاتداریەتیی کۆماری ئیسلامیی فەندەمینتاڵی بناژۆخوازدا.”

مرۆڤ ئەو  بوونەوەرەیە لە داڕێژەی ئاناتۆمیدا وا چێ کراوە ناتوانێ تاک و تەرا و بە تەنیایی ژیان بەڕێ بکات و حەتمەن دەبێ لەگەڵ کۆ و هاوڕەگەزانیدا ژیان پێک بێنێ. واتا دەبێ خۆشی و ناخۆشییەکانی ژیانی ڕۆژ و شەوی بە هاوکاریی یەکتر تێپەڕێنێ. هەر بۆیە بە درێژاییی چاخ و سەدە و هەزارەکانی ساڵ توانیویەتی شوێنی نیشتەجێ بوون دەستەبەر بکا و یاسایەکی تایبەتی بخوڵقێنێ.

لۆژیک و شعوور، دوو چەمکی سەرەکین بۆ ڕێبازی ژیان و یاریدەدەری مرۆیین بۆ چێ کردنی ژیان و بۆ گۆڕینی واتای ژیان لە سەرەتایی‌ و کلاسیکەوە بۆ مۆدێڕن بوون، بۆ سازاندنی نەتەوە، بۆ دروست کردنی وڵات و کیانێکی نەتەوەیی/جوگرافیی تایبەتی خۆی.

پێناسەیەکی گشتی بۆ ناساندنی نەتەوە، هەڵگری پاڕادایمی تایبەت بە خۆیەتی. یانی لەم نەتەوە بۆ ئەو نەتەوە تا ئەندازەیەکی بەرچاو جیاوازیی بنەڕەتی لە ئارادایە. ژینگە، سروشت، ژێئۆ پۆلێتیک، زمان  و کلتور و …. زۆر چەمک و دەستەواژەی ‌تر لەخۆ دەگرێ. بۆ نموونە جوو یان جوولەکە ئایینی یەهوە و مووسایی پێناسەی هەرە گرینگی نەتەوایەتییانە. ئایین لە زۆر شوێنی دیکەش نیشانە و هێمای نەتەوایەتییە. لە نێو عەڕەبدا ئیسلام دەتوانێ هێمای گشتیی عەڕەب زمان بێ چونکە ئایینی ئیسلام هێژمۆنییەکی گشتییە بە سەر دنیای عەڕەب بووندا.

لە کوردستاندا ئەوانەی دەبنە تووتمی شوناسی کوردی بوون ناسراون. زۆرێک لە نووسەرانی خۆمان واتا کورد، بە گشتی دوو چەمک و هێما دەستنیشان دەکەن. یەکەم مێژووی دێرینی نەتەوایەتیی گەلی کورد، دووهەم خەبات و شۆڕشی بەرحەقی کوردستانی لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا. بەڵام بە پێناسەی مودێڕنی ئەمڕۆ کە بۆ نەتەوەی دەکەن، دەتوانین بڵێین زمانی کوردی فاکتەری هەرە گرینگە بۆ شوناسی کوردی بوون؛ بۆ ئەوەی کورد بە دنیا بناسرێ بۆ دەستەبەر کردنی خواست و خوازەی نەتەوایەتی. هەڵبەت دەکرێ تووتم و  هێمای دیکەش دەستنیشان بکرێ وەک کلتوور، تەنانەت ژێنی تایبەت کە لە باری پزشکی و زانستییەوە جیاکەرەوەی کەسایەتیی تاکی کوردە لە باقی نەتەوەکانی دراوسێ. چونکە ئێستاشی لەگەڵدا بێ، بەعزە نەتەوەیەکی وەک فارس، کورد بە ئامۆزای خۆی دەزانێ، کە زۆرتر بۆ خۆڵ کردنە چاو  و شاردنەوەی ڕاستییەکان و واقیعی حاشا هەڵنەگرە.

بەڵام بۆ فاکتی زمان بۆ نەتەوەی کورد هێندە گرینگە؟ چونکە بە داخەوە کورد هێشتا نەبووەتە خاوەن دەوڵەت و دەسەڵاتی سەربەخۆ، ئەینا دەکرا بڵێین ئاڵا و سروود و زۆر هێمای دیکەش نیشانەی گەلی بوون و نەتەوەیی بوونە.

بەو پێشەکییە، دێینەوە سەر چەمکی نەتەوەسازی. نەتەوسازی، پڕۆسەیەکی گشتی بۆ سازکردنی نەتەوەیەک بۆ کۆ کردنەوەی کۆمەڵگایەکی دیاریکراو لە قەوارەیەکی جۆگڕافیاییدایە. ئەو پڕۆسەیە بە هێز و قووەتی دەسەڵات و ئۆتۆریتەی حاکمییەتەوە هەنگاوی بۆ هەڵدەگیرێ. هەموو وڵاتانی  ئەم جیهانە باگراوەندی بنەڕەتییان هەبووە بۆ سەرکەوتوویی ئەو پڕۆسێسە، کە پڕۆپاگەندە و زمان و دەسەڵات/ئۆتۆریتە، ڕۆڵگێڕانی سەرەکیی ئەو پڕۆژەیەن. وڵاتی ئێران بە هۆی فرەئیتنیکی بوونی هەمیشە جێگای مشتومڕی لێکۆلەران بوە، چونکە بە داخەوە هەمیشە نکۆڵی لە ماف و شوناسی نەتەوەیییان کراوە و بوون و نەبوونیان بە قازانجی نژادی باڵادەستی دەسەڵات پێشێل کراوە، نەتەوەسازی هەر لە دەرکەوتنی ناسیۆنالیزم بەملاوە خۆی نیشان داوە. لە ئێران بە هاتنەسەرکاری ڕەزاشای پەهلەوی ستارتی دەوڵەت/نەتەوەسازی لێدرا، ئەو پڕۆسەیە لە پەهلەویی دووهەم و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا درێژەی پێ دراوە. ئاندریاس وەیمێر وەک پسپۆڕێکی زانستە سیاسییەکان، سێ فاکتەر بۆ سەرکەوتنی پڕۆژەی نەتەوەسازیی درێژماوە و چەسپاو دەستنیشان دەکات:

  1. پێکهێنانی ستڕاکچێرێکی مەدەنی لە کۆمەڵگادا.
  2. دابەش کردنی بەربڵاوی پێداویستییە گشتییەکان لە هەموو ناوچەکان بە شێوەیەکی بەرانبەرو یەکسان.
  3. ڕەخساندنی هەلێکی شیاو و پەسندکراو بۆ وێژمانی هاوبەش و گشتی لە نێوان توێژەکانی کۆمەڵگادا.

وەیمێر، لە باسەکەیدا ئاماژە بە “درێژماوە و چەسپاو” دەکات. کاتێ دەڵێین درێژ ماوە، یانی وەک ڕۆژی هەوەڵ هەروا بە تین و گوڕ بێ و لەوە گرینگتر بە چڕی لە لایەن چین و توێژی جۆراوجۆری کۆمەڵگاوە پشتیوانیی لێ بکرێ. بۆ نموونە ژنڕاڵ تیتۆ،  پڕۆژەی یۆگوسلاویی پێشووی بنیاد نا. ئاکامەکەی چی بوو؟ ژینۆساید و کوشتوبڕی سربینیتسا و بۆسنی هێرزەگۆیینی لێ کەوتەوە،  نیشاندەری ئەوەیە لەو پڕۆژە نەتەوە سازییەی یۆگۆسلاویدا، مافی نەتەوەکانی دیکە لەبەرچاو  نەگیراوە و پەڕاوێز خراون و دەسەڵاتی ئایدیۆلۆژیستیی ناوەند سانتڕاڵ تەوەری پاوانخواز بوە، بەڵام هیندووستان کاتێ لە کلۆنیالیزمی بەریتانی ڕزگاری دەبێ، مافی کەمینە لە بەرچاو دەگیرێ و ئێستا لە قوتابخانەکانی وڵاتی هێند 22 زمانی ڕەسمی کاری پەروەردەییی پێ دەکرێ.

چەمکی نەتەوەسازی لە ئێراندا هەر لە ئەساسدا هەوڵێک بووە لە بابەت بەرفراوان کردنی کەلێنی نێوان ئیتنی/نەتەوەکانی ئێران لە گەڵ فارسدا. گەلانی ئێران هەتا دەسەڵاتی سەفەوییە و قاجارەکان، دەسەڵاتێکی نیمچە خۆ بەڕەێوەبەرییان هەبوو. کاروباری خۆیان بەڕێوە دەبرد و باج وخەراجیشیان بە دەسەڵاتی ناوەندی دەدا؛ واتا ئێرانێکی “ملوک‌الطوایفی”.

بەڵام هەر لە جێگیر بوونی پەهلەویی یەکەمەوە هەتا بە ئەمڕۆ، بەبێ پرس کردن بە باقیی نەتەوەکانی دیکە خۆیان کردە داشداری ئێرانی فرە ئیتنیک و ژیار و ئوستوورەگەری 2500 ساڵەیان دامەزراند بە یاریدەدەری و هاوتەریبیی ئایینی شیعەوە. مەبەست لەو پڕۆژەیە دامەزراندنی یەکەیەکی سیاسیی سانتڕاڵ، یەک زمان، یەک ئایین، یەک نژاد، یەک کلتوور و یەک شێوە جلوبەرگ و لیباسی هاوشێوە بوو. ئامانجی درێژ خایەن: لاواز کردنی کلتوور و زمانی نەتەوە غەیرە فارسەکان و وردە وردە سڕینەوەیان بە قازانجی نەتەوەی داشدار.

تەنانەت بۆ نووسینی دەستوور لە سەردەمانی مەشڕووتەدا زمانی گەلانی ئێرانی وەک کورد و تورک وعەڕەب لەبەر چاو نەگیرا کە خۆی لە خۆیدا نیشانەی ڕیشەی مێژووییی چەوسێنەرانەی نەتەوەی حاکمە لە ئێرانی فرە نەتەوەدا. ئەگەر چاوێک لە پڕوسەی دەوڵەت/نەتەوە سازی لە وڵاتانی ئەوروپادا بکەین، دەبینین ئەوان چەکی “ئاوڕدانەوەیەکی ژیرانە retroactive”یان ڕەچاو کردووە. واتا بۆ مێژوو و ئوستوورە و زمانی هەمە لایەنەی وڵاتەکەیان، سەرنجیان داوەتە ڕابردوو.هەمیشە گەلانی چەوساوەی ئێران بە “کەمینە” ناوبراون. کەمینە(اقلیت)یانی هەڵاواردن، سڕینەوە، لەخۆ بێگانە کردن، تێکەڵاو کردن لە بەدەنەی سیاسی/نەتەوەیی فارسدا. بە گشتی ئاسیمیلە کردن و تواندنەوە.

ئەگەر کێشە و پرسی هەرەگەورەی پەهلەویی یەکەم شکست پێ هێنانی شۆڕشی سمکۆی مەزن بوو و بە جۆرێک دوای شەهید کردنی سمکۆی ڕێبەر هەموو ساڵێ ڕەزاشا لە ساڵوەگەڕیدا شایانە و جێژنی دەگێڕا؛ ئەگەر پرسی سەرەکیی پەهلەویی دووهەم کۆماری کوردستان و کۆماری ئازەربایجان بوو؛ بێ شک پرسی گەورە و سەرەکیی کۆماری ئیسلامییش لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، ڕووداوەکانی کوردستان و دەنگی ئازادیخوازی کوردستان بوو، لە سەر بڕیاری شوڤینیستانەی فەتوای جەهادی خومەینی لە 28ی گەلاوێژی 1358دا. ئەو بابەتە نیشاندەری ئەو ڕاستییەیە کە نەتەوەی کورد، بۆ دەسەڵاتداران، چەندە گرینگ و هەستیارە.

لە بابەت نەتەوەسازی لە سێ حکوومەتی پەهلەویی یەکەم، پەهلەویی دووهەم و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەرنج دەدەینە سەر سەرچاوە کلتوورییەکان، وەک یەکێ لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەو پڕۆسەیە لەو سێ دەسەڵاتەدا، ڕەزا شای پەهلەوی لە درێژەی نەتەوەسازی و سانتڕالیزە کردنی دەسەڵات لە ئێراندا پلانێکی شۆڤینیستانەی بۆ عێل وهۆزەکان داڕشت لە سێ تەوەردا:

  1. بێدەسەڵات کردنی سەرۆک عێلەکان. بە کوشت و کوشتار و دەستبەسەرکردنی سەرۆک هۆز و گەورەکانیان؛ وەک: کوشتنی سەردار ئەسعەد کە وەزیری شەڕی ڕزا شابوو!
  2. نشتەجێکردن و ڕێگری کردن لە کۆچەر بوونی هۆز و عێلەکان. کۆچەر نەبوونی هۆز و عێلی وەک بەختیاری و قەشقایی و بۆیر ئەحمەدی بە مانای مەرگ و فەوتانە. ئەو هەڵمەتە نگریسە بە “تختە قاپو”، واتا گوندنشین کردن، بەنێوبانگ بوو.
  3. داماڵینی چەک لە عێل و هۆز و عەشیرەکان.

لە درێژەی کاری پەهلەویی یەکەم، حەمەڕەزاشا نە تەنیا هیچ هەوڵێکی پڕاگماتیکانەی بۆ هۆزە دڵ بریندارەکان نەدا بەڵکو بە خشکە ڕەوت و پلانی ڕزاشای درێژە پێدا. هەرچەندە بۆ خۆڵ کردنە چاوی جەماوەری عێل و هۆزەکان دووهەم هاوسەری خۆی لە بەختیارییەکان خواست.

دووهەم پلانی محەمەد ڕەزاشا بۆ تێکدانی سەرچاوە کلتووریەکانی گەلانی ئێران، چۆڵ کردنی گوندەکان بوو بە مەبەستی:

  1. “ئینقلابی سپی”؛ ئەو پڕۆژەیە کە بە شۆڕشی شا و جەماوریش بەنێوبانگە بە ڕواڵەت ڕەشاییەکانی کردە مالیک و خاوەن زەویی کشتوکاڵ، بەڵام لە ئەساسدا بە مەبەستی ڕاکێشانی بەرەی لاو بۆ شارەکان بوو بۆ ئەوەی کۆمەڵگا بەرەو شارنشنی هەنگاو بنێ و هێز و پوتانسییەلێکی ئامادە بۆ کارگە و بیناسازیی مودێرن و نوێی شارسازی دەستەبەر بکرێ.
  2. بە مەبەستی گۆڕینی زمان و کلتووری گوندەکان و شەیدابوونی لاوەکان بە ئیمکانات و ڕواڵەتی جوانی شارە گەورەکان. بە گشتی بۆ شێواندن و تێکدانی باری دێمۆگڕافیای یەکدەستی گوند و ئاوایییەکان.
  3. هەر وەها گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە کۆمەڵگایەکی بەرهەمهێنەر بۆ کۆمەڵگایەکی بەرخۆر و مەسرەفی.

لە درێژەی ئاسیمیلە کردنی سەرچاوەی بەرهەمی کلتووریی ئیتنیکەکانی ئێران، دەسەڵاتی تازە پێگەیشتووی سانتڕاڵ تێئۆکڕات تەوەری ئیسلامیی ئێران، پلانی پەهلەویی دووهەمی لە بابەت زەربە لێدان لە گوند و ئاوایییەکان درێژە پێدا.

 ئامانج لەو سیاسەتە:

  1. درێژەدانی کۆمەڵگای بەرهەمهێنەر بۆ کۆمەڵگایەکی بەرخۆر.
  2. وێران کردنی دێهاتەکان لەبەر ئەوەی ئەوەی شوێنی حەسانەوە و پەناگەی شۆڕشگێڕان و دژبەرانە، وەک پێشمەرگەی کوردستان.
  3. بە هۆی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق و بە مەبەستی خۆراکی شەڕ، لاوانی شار و دێیان دەناردە بەرەکانی شەڕ. بەو مەبەستەی نەتەنیا هێزی شەڕی مسۆگەر دەکرد، بەڵکوو بەرەی لاوی وا لێ دەکرد فکری دژبەر بوونی لە گەڵ دەسەڵاتی ناوەندی لە بیر بچێتەوە یان لە بەرەکانی شەڕدا لە ناوبچێت.

ئەگەر تەبایی و هاوتەڕیبی لە نێوان شوناسی کۆمەڵایەتیی ناوچەکانی هەر وڵاتێکدا پێک نەیەت و قورسایی و هاوسەنگیی نێوانیان ڕەچاو نەگیرێ، ئیدی شوناسی نەتەوایەتی مانا و بوونێکی ئەوتۆی نابێ و دەبێتە هۆی باڵادەست بوونی لایەنێکی ئیتنیکی و بێ بایەخ نرخاندنی نەتەوە ئیتنیکەکانی دیکە، نموونەی هەرە ڕوون، وڵاتی ئێرانە. لە ئەساسدا دەبێ پلۆرالیسم و وێژمانی کلتووری/زمانی، بە بێ هیچ پەڕاوێزخرانێک لەبەرچاو بگیرێ و لە تیۆرییەوە بۆ پڕاگماتیک بگوازرێتەوە. چونکە کردار ئەساس و بنەڕەتی کارە، لەبەر ئەوەی کردار ڕۆڵگێڕی سەرەکییە. کورد گوتەنی: قسە فەقیرە هەموو کەسی پێی دەوێرێ. بۆ نموونە لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە چەند خاڵی سەرەکی لە دەستوور و یاسای بنەڕەتیدا گونجێندراوە؛ واتا ئەسڵەکانی 12، 15 و 19. ئەو چەند ئەسڵە بۆ کڵاو لەسەرنان و خۆڵ کردنەچاوی نەتەوەکانی ئێران بوو. لە ئەسڵی 15دا، ئیزن  دەدەن خوێندنی زمانی زگماکی نەتەنیا هیچ بەربەست  و لەمپەرێکی بۆ ساز نەکرێ بەڵکوو دەسەڵات دەبێ پاڵپشتیشی بێ. ئەسڵی 19 باسی بەرابەری و یەکسانی دەکات.  دەڵێ: دانیشتوانی وڵاتی ئێران بە دوور لە عێل و نژاد و زمان و تایفە، هیچ فەرق و جیاوازییەکیان نییە و هەموو وەک یەک بەرابەر و یەکسانن.   تەنانەت خاڵی 22 دەڵێ: پشکنینی بیرو باوەڕی کۆمەڵگا یاساغە. کەچی دەبینین کار و پێشەی سەرەکیی ئەو ڕێژیمە ئاپشناڵ وئینگیزاسیۆنە. پاڕادۆکس و کونتڕاست لە تەواوی ئاکاری ئەو دەسەڵاتە دژی گەلییەدا خۆ دەنوێنێ. ئاکامەکەشی دوو دیاردەیە:

  1. چەمک و دەستەواژەی درۆ. بە هۆی کردارە قێزەونەکان و ناڕاست بوونی دەسەڵاتدارانی تاران، درۆ کردن، فریودانی یەکتر، پاشقول دان، بێ ئەخلاقی و داڕمانی ئەخلاقی و …. بوەتە ئەرزش و بەها لە نێو جەماوەری کۆمەڵگادا.
  2. ئەم چەمک و دەستە واژانەی لە خاڵی یەکەمدا باس کرا و ناوەندی فکری و هزری دەسەڵات بە ئەنقەست بڵاوی دەکاتەوە و پاشاگەردانیی بۆ دەکات لە ئەساسدا ئامانجێکی نگریسانەی لە پشتە. واتا ئەگەر کۆمەڵگا درۆ و بوختان و فریو و کڵاو لەسەرنانی تێدا بووە باو، ئیدی ئەوسا لە کۆمەڵگایەکی ماف خوازەوە دەگوازرێتەوە بۆ کۆمەڵگایەکی چەوسێنەر و خۆ داپڵۆسێنەر، ئیدی ئەو کۆمەڵگایە هیوابڕاو و دواڕۆژێکی ڕەش دەبینێ و دەبێتە کۆمەڵگایەکی ئۆتووتالیتەی بێ هەڵوێست.

وڵاتی ئێران سێ دەسەڵاتی یەک لە دوای یەک خەریکی نەتەوە سازین بە چەمکی فارس تەوەرییەوە. ڕەوتی دەوڵەت/نەتەوەسازی لە ئێرانی ئێمپڕیال لە سەر دوو تەوەرەدا خول دەخوات:

  1. یەکڕەنگی و یەکدەست کردنی کلتووری؛ ئەم شێوازە لە ڕێگای زمان، ئایین و ئایینزا، تایبەتمەندیی ڕەفتاری، قوتابخانە، ڕاگەیەنەگشتییەکان هەوڵی گشتیی بۆ دەدرێ. هەرکام لەم فاکتەرانە شرۆڤەی خۆی پێویستە.
  2. زمان: یەکێ لە سەرەکیترین ئامرازەکانی ڕاکێشانی بیرو زەینی تاکە بۆ لای زمانی دەسەڵاتی داسەپاو. زمان لە دامەزراوە ئیدارییەکان و ناوەندە گشتییەکان ڕێک و ڕاست لە گەڵ تاک و کۆ پەیوەندیی چڕوپڕی هەیە و بۆ ڕاپەڕاندنی کار و ئیشەکان، کۆمەڵگا مەجبوور دەکرێ فێری بێ و وەدوای کەوێ.
  3. ئایین: دەسەڵاتدارانی ئێران، لە دوو دەورەی مونارشی و بە تایبەت لە ئێستای تێئۆکڕاتیکی ئابسلووتدا، ئایینیان وەک کەرەسەی بەرەو پێش بردنی سیاسەتی شوینیزم/ڕاسیزم بە کار هێناوە و بۆ دووبەرەکی نانەوە بە کاری دێنن. یەکێ لە هۆکارەرکانی پشتیوانی لەو ئایینزایە لەسەر ئەو تەوەرە بنیادنراوە.
  4. تایبەتمەندیی ڕەفتاری: لە ڕێژیمە پاونخواز و دیکتاتۆر سفەتەکاندا سەبارەت بە پێتەخت یان ناوەندی دەسەڵات هەمیشە دوو دەقی پاڕادۆکسیکال لە زەینی گەلانی زوڵم لێکراودا دەگونجێنن. یەکەم: ناوەند وەک قیبلەگا پێناسە دەکرێ، یانی ڕووگەیەکی پیرۆزە و کاتێ سەری لە بەر دانەوێنی هەموو خواست و نیازێکت دەگاتە ئەنجام. لێرەدا ناوەند شیرینە، چاک و پیرە، دەبێ سوژدەی بۆ بەری، لە باری پسیکۆلۆژییەوە تاک بە تاکی موعتاد کراوی ئایدۆلۆژی وا لێدەکا خۆی بە کەم بزانێ و ناوەند بە گەورە و بەرز بنرخێنێ، خۆی و کۆمەڵگا سەراپا شەڕ و نەگبەتی، ناوەندی دەسەڵات پاک و ئاوی کەوسەر. هەر بۆیە لە لیبی، فەدائیانی قەزافی، لە سەردەمی سەدام حوسەین فەدائیانی سەدام، لە ئێرانی فەندەمینتاڵ بەسیج و سپاو حەشدی لێ دەکەوێتەوە.

 هەر وەها لە ڕوانگەیەکی ‌دیکەوە، ناوەندی سانتڕاڵ تەوەر فۆبیایە. ئەگەر خۆیی نەبی دەبێتە ئاوری بە قودرەت، بۆ ئەوەی نەیار و دژبەران لە ترس و خۆف و فۆبیای تۆقێنەری دەسەڵات زراویان بتەقێ.

لە باری دابەشکاریی شار و گوند وپێتەختەوە، لە چارتی نەخشەی ئیداریی ئێراندا، دێ و گوند لە خزمەت شاردایە، یانی پێداویستییەکانی شار بەرهەم دەهێنێ، شارەکان لە خزمەت ناوەندی پارێزگادا دەبن، هەر بۆیە دەبینین ئیمکانات و پێداویستیی سەردەمیانە زۆرتر لە ناوەندی پارێزگاکاندا گونجێندراوە. سەرئەنجام گوند و شار و هەموو ناوەندەکانی پارێزگاکان لە خزمەت ناوەندی دەسەڵات و پێتەختی ڕێژیمدان. ناوەند بەو هۆیەی سانتڕاڵ تەوەرە،  هەموو پێداویستییە سەرەکییەکان بەرەو ئەوێ دەکاتەوە تاکوو تاک و کۆی کۆمەڵگا پێویستی بەردەوامیان پێی هەبێ. تاکوو کۆمەڵگای بندەست بەستراوە و گوێڕایەڵی ناوەندی دەسەڵات بێ.

2.هاوشێوە کردنی ستڕاکچێری کلتووری: لە ڕێژیمە توتالیتارەکاندا فرە دەنگی ‌و فرە ڕەنگی و بە تایبەتی فرە ئیتنیکی، مانایەکی ئەوتۆی نییە و “گوناحی کەبیرەیە”. تێکهەڵکێش کردنی ئیتنیک و گرووپ و دەستەکان، وەک باشگا وەرزشییەکان، حیزب و ئوپوزیسیۆنە ناوخۆیییەکان، لە ڕێگای ڕەوتە باوەکانی کۆمەڵگای سەردەمەوە بە سیاسەتی ژێربەژێر و بە پێدزە. وەک: لە سەردەمی پەهلەویی دووهەما حیزبی ڕەستاخیز، لە کۆماری ئیسلامیدا دوو باڵی چەواشەکاری دەسەڵات، بناژۆخواز و ڕیفۆرمیستەکان. هەموو لایەنێک دەشزانین ئەو بەناو حیزب و ئوپۆزیسیۆنانە، تەنیا بۆ ئەوەن فکر و ئایدیای چینی ناوەندیی کۆمەڵگا بە لاڕێدا  بەرن. دیتمان بەناو ڕێفۆرمیستەکانی ئەم ساڵانە، قەت بۆ یەکجاریش لە ئەساس و بنەڕەتی دەسەڵات لایان نەدا و تەنیا ئامانجیان سەروەدەرنان و دوایە سەرکوت و ناهومێد کردنی لایەنی ئەکتیڤی کۆمەڵگا بوو و ئێستاش ئەو ئۆپۆرتونیستانە هەروا پاسیڤن و لە گوێی گادا خەوتوون.

هەروەها لە پێناو پڕۆسەی نەتەوەسازی لە ئێراندا، کەڵک لە کلتووری باقی نەتەوەکانی ئێران وەردەگیردرێ تاکوو بە فارسی بکرێ، بە واتایەکی ڕوونتر مۆرکی فارسی بوون یان زمانی نەتەوەی باڵادەستی لێ بدرێ. لە پێناو ئەو تێکهەڵکێشکردنی کلتوورییەدا، ژن و ژنخوازی باندۆڕێکی گرینگی بە سەر نەتەوەی ژێردەستدا هەیە، فتوا وەک دەستوورێکی نەنووسراوی خومەینی، ئێستاش لە ناوچەکانی کوردستاندا لە بیر نەچووەتەوە، کاتێ کوتوویە: “ژن بە کوردەکان بدەن بەڵام ژنیان لێ مەخوازن.” کاتێ کە دەڵێن منداڵ یەکەم شتێک کە فێری دەبێ زمانی دایکیەتی، دیارە منداڵێکی کورد ئەگەر دایکی کورد نەبێ و بە زمانێکی دیکە گۆچ بکرێ، بێ شک مەیل و تاسەی زۆرتر بۆلای زمانی دایکییەوە دەچێ چونکە بە منداڵی قوڕگ و گەرووی بەو زمانە ڕاهاتوە.

  1. ئابووری/نەوت: ئابووری یەکێ لەو فاکتەرە هەرە گرینگانەیە کە لە چەسپاندن و جێگیر کردنی دەسەڵات و دەوڵەتاندا، پارسەنگی زەق و بەرچاوی باڵی بە هێزی هەر نەتەوە و کۆمەڵگایەکە و بە پشتبەستن بە ئابووریی بەهێزەوەیە کە حکوومەتەکان دەتوانن سەقامگیری، سەرخستنی دامەزراوە و ناوەندەکانی گشتیی وڵات و خۆنیشاندان بۆ ناساندن و خۆ ڕێکخستن وەک وڵات، لە هاوکێشەو دامەزراوە نێونەتەوییەکان دەستبەسەر بکەن.

 ئابووری لە هەر وڵاتێکدا دەبێ ئەو ئامانجانە بپێکێ:

 ـ  گەشەی ئابووری بۆ؛ پلانداڕێژیی تۆکمە.

ـ  هەوڵ بۆ هەڵێنجانی کانە ژێر زەوییەکان.

     ـ  هەوڵ بۆ گۆڕینی بنەماکان.

  ـ نۆژەنکردنەوە و کەڵک وەرگرتن لە بنەما فکری و ئایدیا نوێخوازەکان.

  ـ کەڵک وەگرتن لە تێکنۆلۆژیای سەردەم بۆ گەیشتن بە دەسەڵاتێکی تێکنۆکڕات.

  ـ گەشەی ئابووری وەک پڕۆسەیەکی گشتیی بەرانبەر، بەدوور لە هەڵاواردن و جیاکاری.

بە گشتی گەشەو پێشکەوتووییی ئابووری دەبێ سێ فاکتەری سەرەکیی لەبەر چاو بێ و ئەوسێ خاڵە ببێتە  بنەمای فکری و پلانداڕێژیی: خۆش بژێوی، ڕەزامەندی، سەرنج و هیوا.

گەشەی ئابووری لە هەر وڵاتێکدا بە مەبەستی خۆشگوزەرانی و ڕەزامەند بوونی جەماوەری کۆمەڵگا دەکەوێتە گەڕ. لەوەش گرینگتر، کۆمەڵانی خەڵک دەبێ دڵخۆش بکرێن و ببێتە هۆی سەرنج و هیوابەخش بوونیان، ئەوەش بە هاوسەنگی و تەباییی نێوانیان مسۆگەر دەکرێ بە دوور لە هەر چەشنە هەڵاواردنێکی سیاسی/ئابووری.

خاڵی هەرە زەق و بەرچاوی گەشەی ئابووری لە گەشە سەندنی دامەزراوە مەدەنی و کلتووری و ڕامیاری و NGO کۆمەڵایەتییەکاندایە. نەهاد یان دامەزراوەکان دوو دەستەن: ڕەسمی و دەوڵەتی، مەدەنی و نافەرمی.

دامەزراوە دەوڵەتییەکان وەک بانکی ناوەندی، زانکۆکان. دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان وەک سەندیکاکان. NGO کان. ئەنجومەنە ئەدەبی و هونەرییەکان و ….

لە وڵاتی ئێراندا نەوت وەک چەکێکی بەهێز لە دەست دەوڵەتی ساتنڕاڵتەوەری ئابسلووتدایە، وەک دەسەڵاتی بە گشتی قۆڕغ کردووە، هەموو داهاتی وڵات و بە تایبەت داهاتی بێ ئەژماری نەوتیشی قەبزە کردووە. هەر لە سەردەمانی دۆزینەوەی نەوت لە ئێراندا دەوڵەتانی یەک لە دوای یەک، پشتیان پێ بەستوە و هەر بۆیە ئابوورییەکی داهاتی ڕانتی و بەستراوەیی لێ کەوتووەتەوە. پێناسەیەکی تایبەتی لەمەڕ ئابووریی تاک داهات لە ئێرانی  ئایدۆلۆژیست تەوری مۆنۆپۆلدا:

      ـ پەڕەگرتنی ئابووریی ڕانتی و کەڵەکە بوونی گەندەڵیی بەربڵاو و سیستماتیک.

     ـ پەڕاوێزخستنی توانستی هێزی چینە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بەرهەمهێنانی داهاتێکی گشتی/نەتەوەیی.

      ـ دابەزینی ئاستی ئاماریی دەرکەوتە کۆمەڵایەتییەکان و ناستاندارد بوونیان.

      ـ سەرهەڵدانی ئابوورییەکی چینایەتیی شکستخواردوو بە ڕاندمانێکی زۆر کەم.

     ـ پێکهاتنی چینێکی زۆروبۆری مووچە خۆران.

     ـ کەلێنی بەرینی چینایەتی.

     ـ بەربەست و بەرتەسک کردنەوەی مەیدانی  چینی مامناوەند لە ئاستی ڕامیاری/ئابووریدا.

     ـ سانتڕاڵ تەوەریی ڕامیاری و ئابووری.

     ـ  دامەزراندنی گرووپ و حیزبی بەستراوەی سەر بە دەسەڵاتی سانتڕاڵ تەوەر.

دامەزراوە مەدەنییەکان بەرهەمی کۆمەڵگایەکی پێشکەوتووی مودێڕنن، کۆمەڵگای مودێڕنیش بە گیرفانی خاڵی نایەتە ئەنجام و دەبێ ئابوورییەکی تۆکمەی لە پشت بێ، ئابووریی تۆکمە بە بێ پلانی بەرپرسیارانەی دەسەڵات لە سەر بنەمای سیاسەتێکی هەمەلایەنە نایەتە بەرهەم. دامەزراوە مەدەنییەکانی کۆمەڵگای مودێڕن، بۆ لێک نزیک کردنەوەی لایەن ونەتەوە جیاجیاکانی وڵاتن. ئەو لێک نزیک بوونەوەیەش متمانەی گشتیی لێ دەکەوێتەوە. لە ئێراندا لەمەڕ مۆدێڕنیزاسیۆن، ئەگەر فلاشبەگێک لێدەین دەبینین لە ساڵی1285_1284 یاسای مەشرووتە دەنووسرێ و هاوکات ئێران پێی نایە دنیای مودێڕنیزمەوە و هەر خێرا یەک ساڵ دواتر نەوت دۆزرایەوە. مەبەست ئەوەیە هەر لەو سەردەمەوە ئەگەر هەوڵ بۆ دامەزراوە مەدەنییەکان بدرایەت، ئێستا هاوشانی وڵاتێکی ئەورووپی دەبوو یان کۆریای باشوور و ژاپۆن. بەڵام هەر لەو سەردەمەوە، دەسەڵات پووڵ وسەرمایەی بۆ کۆنتڕۆڵکردن بەکارهێناوە نەک بۆ هەموار کردنی ڕێگا.

وەک گوترا لە ئابووریی مۆدێڕندا نزیک کردنەوەی هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگای لێ دەکەوێتەوە، بۆ نموونە لە مونتاژی ماشێن یان هەر پیشەیەکی دیکەدا، بە مونتاژ و بەرهەمهێنانی بەشە زۆر جیاجیاکانی ماشێنەوە دەتوانرێ تەواوەتی کۆمەڵگای پێوە بچەرخێنێ تاکوو پێکەوە پەیوەندییەکی هاوکارانە و دۆستانەیان هەبێ، نەک تەنیا قۆرغکراوی ناوچە ناوەندییەکانی ئێران بێ.

دەسەڵاتی پاوانخوازی ئیسلامیی ئێران، بە ئەنقەسەت لە باری پەیوەندییەوە کۆمەڵگای ئیتنیک/نەتەوەکانی پەڕاوێز خراوی بە شێوازی نەریتی هێشتووەتەوە، ئەو تیۆرییە دوو ئاکامی هەیە:

  1. ڕێڕەوی پەیوەندی بەرەو لای دەسەڵات هان دەدرێ. لەولاوە دووبەرەکی لە نێوانیاندا دەنێتەوە، لە نێوان کورد و تورکی ئازەری. یارسانی وسوننە، بەختیاری و عەڕەبی خوزستان و…….
  2. کاتێ کۆمەڵگا خۆبژێو نەبوو و بەرهەمی بژێویشی ‌لێ هەڕاج کرێت، ناڕاستەوخو چاو لەدەستی دەسەڵات دەبێ و پردی پەیوەندیی نێوان نەتەوەکانی ئێران کەمڕەنگ دەبێ و بەرەو لای دەسەڵات هان دەدرێن. هەر بۆیە دەبینین لە ناوچەی کرماشان وئیلام، بە هۆی بێکاری و بێ دەرامەدییەوە، پێوەست بوون بە “نیروی انتظامی” ڕێژەیەکی بەرچاوی هەیە.

دەسەڵاتی کۆنسێرواتیڤ سفەتی تاران، لە پڕۆسەی نەتەوەسازیدا هەموو هەوڵی بۆ سەرخستن و ڕێزدار نیشاندانی گەلی دەسەڵاتدارە، چونکە لە پلانەکانی سیستەمی ئابووریدا، بە پێوەری قازانجی سانتڕاڵ دەجووڵێتەوە و باقی گەلانی ژێردەستەی ئێران لە دوورەبەشیدا دەهێڵێتەوە. دەبینین تاران و شارەپیشەسازییەکانی ئێران، ڕواڵەتێکی مودێڕنتر و تێرو تەسەلیان پێوە دیارە و لە باری کلتووریشەوە وا نیشان دەدرێ ئەوان مۆدێڕن و ناوچەکانی دیکەی ئێران نەریتین. بۆ نموونە: بە داخەوە کەم نین ئەو کەسانەی دەڵێن کوردی ڕۆژهەڵات لە چاو بەشەکانی دیکەی کوردستان ژیر و کامڵترن، خاوەن کۆمەڵگایەکی مەدەنیترن. ئەگەر لێیان دەپرسی بۆ؟ دەڵێن چونکە ئەوان لە تاران نزیکن و لە گەڵ فارەسەکان پەیوەندییان هەیە!!

جیاوازیی کۆمەڵگای مەدەنیی مودێڕن و نەریتی لەوەدایە، لە نەریتیدا دەسەڵات و زیپک و زاکونی حکومەت لە کۆمەڵگا  زۆرترە، چونکە کۆمەڵگای نەریتی بە شێوەی بەش بەش و ئۆرگانیک پێکەوە دەعاملێن، بەڵام لە شێوازی مەدەنیی مۆدێڕندا کۆمەڵگا لە سەرێ و دەسەڵات لە خوارێیە، واتا هێزی کۆمەڵگا بە سەر دەوڵەتدا زاڵە. هەر بۆیە سێ دەوڵەتی یەک لە دوای یەکی ئێران بە تایبەت دەسەڵاتی ئاخوندیی ئۆپۆرتۆنیزمی پاوانخواز، قەت ناهێڵێ دامەزراوە مەدەنییەکان بە جوانی دامەزرێن و گەشە بکەن، بە تایبەت لە ناوچەکانی کوردستان. هەر بۆیە خێرا تاوانی ئەمنیەتی و دژە شۆڕش بوونیان بە سەردا دەسەپێنێ. ئەگەریش بهێڵێ و لە دەستی دەرچێ ئیزنی بە سازمان بوونی ڕەسمییان پێ نادا.

لە ئەورووپادا نەهاد و دامەزراوە مەدەنییەکان دەوڵەت کونتڕۆڵ دەکەن و لە سەرەڕۆیی دەیپارێزن، چونکە بەستراوەی دەستی دەوڵەتان نین. بەڵام لە وڵاتێکی وەک ئێراندا، چونکە ئابوورییەکی سوبسیدی چاولەدەستی بنیاد ناوە و لە هەڵێنجانی نەوت و گازی خۆڕایی گێرفانی لێ دەئاخنێ و دامەزراوە مەدەنییەکان هیچ ڕۆڵ و کاریگەرییەکیان لە سەر ئابووری وڵات نییە، هەر بۆیە بە ئاسانی دەسەڵاتی ملهوڕ سەرکوتیان دەکات. وەک سەرکوتی ڕێکخراوەی خوێندکارانی زانکۆ، سەندیکای مامۆستایان و کرێکاران، بنکە ئەدەبی و کلتووریەکان و ……

باسێکی هەرە گرینگی دیکە لە پەیوەندیی مژاری ئەم وتارە:

قوتابخانە وناوندە خوێندکارییەکان،

میدیاو سوشیاڵ میدیا.

قوتابخانە و ناوەندە خوێندکارییەکان:

مامۆستا عەلائەدین سەججادی لە مەڕ زمانی کوردی فەرموویەتی: “من لە ئێستا ناترسێم، بەڵکوو ترسم لەو کاتەیە کتێبی خوێندن لە سەر زمانی داگیرکەر، بچێتە قوتابخانەی گوندی کوردییەوە و منداڵی کوردی پێ پەروەردە بکرێ.”

بیرمەندان هەمیشە ترسیان لە تواندنەوەی سیستماتیک بووە ئەویش بە چەک و کەرەسەی مۆدێڕنیتەی پەروەردە. نیزامی پەروەردەی ئێران لە ساڵی 1304وە بە شێوەی مودێڕن دەستبەکار بووە و پلاتفۆڕمێکی تاک لایەنانەی تێدا داڕێژراوە و بووەتە مانیفێستی ئەو کات و ئێستای ئەو سیستمە و لە هیچ شوێنێک باسێک لە فرەزمانی و پلۆڕالیسمی زمانی نەکراوە.

سیستەمی پەروەردە لە ئێراندا بێ شک لە خزمەت دەوڵەت/نەتەوەسازیی بە فارسی بووندایە بەم خواست و تاکتیک و ستڕاتێژییانەی خوارەوە:

  1. هەوڵ بۆ کز کردن و سڕینەوە و تێکەڵکردنی زمانی غەیرە فارسەکان لە زمانی دەسەڵاتی ناوەندا.
  2. جێگیر کردن و شیرین کردنی کلتوور و مێژووی ساختە لە مێشک و هزری منداڵانی دوو زمانە.
  3. باس نەکردن لە تەواوەتی کلتوور و مێژوو و مەزنایەتییەکانی نەتەوە ژێردەستەکان.
  4. مونتاژ کردن و سازکردنی قارەمانیەتی و سێلێبریتیی فارسی بوون و پان ئیرانیسمی ساختە و کاریزماتیک، بۆ نموونە کورش بە: دادگەر، عاقڵ، زیندووکەرەوەی ئێران، یەکەم کەسی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ، داڵدەدەری لێقەوماوان و چارەڕەشان، ناوی دەبرێ بێ ئەوەی بە هەڵکەوت ئاماژەیەک بە کەسایەتی و ئوستوورەکانی دیکە بکرێ. لە باری ئاینییشەوە هەموو کەسایەتییەکانی بنەماڵەی خەلیفەی چوارەم وەک سەرباشقەی ئیسلام دەژمێردرێ و جیا لەوانە  هەموویان خراپەکار و زاڵم و گەندەڵ بوون.
  5. سیاسەت و هەوڵی زمانی قوتابخانە، لینگۆسایدی زمانییە بە هاوشانیەتیی ژینۆسایدی کلتوری، ژینگەیی و مرۆیی.
  6. نیشاندانی زمانی فارسی بە زمانی سەروەری ئێران و ڕاهێنانی قوتابی بە شانازی کردن بەوەی بە زمانی فارسی بئاخێوێت.
  7. سووکایەتی کردن بە زمانی دایکیی قوتابی، بۆ نموونە بۆ هەڵخەڵەتاندنی جەماوەری ڕەشۆکی، جارنەجارێ لە پڕۆپاگەندەی هەڵبژاردن و دانیشتنە ئیدارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن زمانی دایکی لە قوتابخانەکان بخوێندرێ. یانی زمانی خۆمان لە لایەن دەسەڵات و زمانێکی دیکەوە بەرنامەی خۆێندنی بۆ دابڕێژرێ! هەرچەند ئیتنیک/نەتەوەکانی پەڕاوێزخراو خوێندنی زمانی دایکییان ناوێ بەڵکوو خوێندن بە زمانی دایکییان مەبەستە.
  8. گوشار خستنەسەر مامۆستایانی قوتابخانە لە لایەن “حەراست”ەوە بۆ ئەوەی لە سەر پۆلەکان حەتمەن بە زمانی فارسی لەگەڵ منداڵان بدوێن.
  9. جیا لە دەرس و وانەی بە فارسی کردنی قوتابییان، بە درێژاییی ساڵی خوێندن، دەیان بەرنامەی جۆراوجۆر بە سەر قوتابیاندا دەسەپێندرێ _کە سەدا نەوەد و پێنجیان هێچ پەیوەندییەکی دەرسی و قوتابخانەیییان نییە_ بۆ ئەوەی هیچ دەرفەت و کەڵێنێک بۆ منداڵ نەهێڵێتەوە نەوەک بیر لە زمانی زگماکی خۆی بکاتەوە.
  10. زۆر گەڵاڵەی پەیوەندیداری ئایینی و مەزهەبی بەسەر قوتابی و قوتابخانەدا دەسەپێندرێ؛ ڕێک هەموویان بۆ بڕەو پێدانی هێژمۆنی ئاینزای شێعەی عەلەوییە و بەس.
  11. بە هیچ شێوەیەک باسێک لە سەر نەتەوە و گەلانی غەیرە فارس لە کتێبە دەرسییەکاندا نابینرێ. بۆ نموونە: لە ساڵانی پێشوودا لە کتێبی “مێژوو”ی ناوەندی یان دوا ناوەندیدا، باسێکی کورتی یەک بەند لە سەر کۆماری کوردستان و کۆماری ئازەربایجاندا هەبوو، بەڵام هەر زۆر خێرا سڕیانەوە.
  12. کەڵک وەرگرتن لە ئیدیۆم ودەستەواژەی فارسی لە لایەن چینی ئاکادمیکەوە.
  13. هەوڵ بۆ پەڕە پێدانی ئەو بیرۆکە سەقەتەی کە، لە ماڵێوە بە فارسی لە گەڵ منداڵانی بچووک قسە بکرێ تاکوو لە قوتابخانە کێشەی ئەوتۆی فێر بوونی زمانی فارسییان نەبێ.

دامەزراندنی سیستەمی پەروەردە وبارهێنان هاوکاتە لەگەڵ پڕۆسێسی دەوڵەت نەتەوەسازیی ڕزاشا. داڕێژەران و  ئەندازیارانی ئەو پڕۆژەیە، قوتابخانەیان وەک یەکێ لە ناوەندە سەرەکییەکانی کوشەندەی زمانی دایکی منداڵ لەبەرچاو گرتوە. جیا لەوەی لە باری مۆرفۆلۆژییەوە بۆ خوێندکارانی غەیرە فارس زۆر سەقەت و ناجێگیرە، لە باری فکری و هزریشەوە دووفاقێتی وپاڕادۆکسە، یانی منداڵ لە ماڵێ بە جۆرێک و بە زمانێکی خۆیی دەدوێ و بیر دەکاتەوە و لە باری دەروونییەوە زۆر ئازادە و دەتوانێ هەموو هەست و سۆزی وجوودی خۆی پێ دەرببڕێ، بەڵام لە قوتابخانە ڕاست بە پێچەوانەوە شتێکی نامۆ و نەچەسپاوی ڕۆحی و دەروونیی دەرخوارد دەدرێ. بە تایبەت لە ئاستی مامناوەندی و ناوەندیدا مێژوو و کلتوورێکی ساختە و دوور لە پەروەردەی بنەماڵە و نەتەوەی خۆی دەبینێ. دیارە دووپاتە و چەندپاتە بوونی ئەو دەرس و دەورە لە مێشک و هزردا تەواو دەچەسپێ و لە زانکۆدا تەواو دەگاتە چڵە پۆپە، ئیدی تاک بە تەواوەتی بیرو ئەندێشەی لەگەڵ ئەو بۆچوونانەدا هەڵدەشێلدرێ بە دوور لە ناسینی شوناسی  ڕاستەقینەی خۆی. مەگەر ئەوەی بە دوور لە قوتابخانە و زانکۆ، بە موتاڵا و خوێندنەوە، دەروویەک بۆ مێشکی خۆی بکاتەوە.

تاکی کۆمەڵگای غەیرە فارس چونکە هەر لە توفڵییەوە هەتا سەردەمانی لاویەتی لەگەڵ کلتوور و زمانێکی چەوسێنەری زاڵی زاڵم  پەروەردە دەکرێ، بۆ نوسین بە زمانی  دایکی تاکوو ئاستێکی زۆر کێشەی ڕستەسازیی هەیە چونکە بمانهەوێ و نەمانهەوێ، بە زمانی قوتابخانە بیر دەکاتەوە و بە زمانی خۆی دەنووسێ. هەر بۆیە جیلی ئەوڕۆ لەگەڵ زۆر وشە و گوڵ وشەو ئیدیۆمی دێرینی کوردی ناتەبایە، چونکە بە داخەوە یان کاری پێ نەکردووە یان کەمتری کایەی زمانی پێ کردوە. هەربۆیە زمانی ئاخافتنی کۆمەڵگا بەرەو سادە بوون ڕۆیشتووە و خەریکە لە قەوارەی زمانێکی فەننی و پڕکار دێتە دەرێ.


میدیاو سوشیاڵ میدیا:

دەسەڵاتی سانتراڵتەوەری تاران دوو باڵی بەهێزی بۆ کۆنتڕۆڵ کردن و زەربە لێدان لە زمان و کلتووری نەتەوایەتی کردووەتە هاوشانی یەکتر. قوتابخانە و زانکۆ، بە هاوکاری و یاریدەدەریی میدیا و سوشیاڵ میدیا، ڕێگاخۆشکەری مەیدانداریەتیی زمانی دەسەڵاتن. ئەگەر زمانی قوتابخانە تاک زمانی ڕاسیسم تەوەرییە، کردار و پڕاگماتیکی میدیا هەوڵ ئەدا نەتەوەکانی غەیرە فارس بەرەو هەڵدێری ئیلیناسیۆن بەرێت.

میدیای ئێرانی لە سەر ئەساس و بنەما فکرییەکانی ڕێبەرانی ئاگۆئیزم/فەناتیک دامەزراوە و بێ شک لە سەر سێ چوکڵەی: فارس-شێعە-ئێران، کار دەکات. لە پاتۆلۆژیی فکری/میدیای ئێرانییەکاندا، چەمکگەلێکی دیاریکراوی ئایدۆلۆژی ڕەچاو دەکرێ: وەک ئێران، فارس، شێعە، وەلی فەقیهـ، شەهید و …. ئەو دەستەواژانە دەلالەت لە چەند فاکتەرێک دەکەن بۆ ئەوەی ئاسمانی ئەندێشە و کەشی ئایدیای حاکم بەسەر کۆمەڵگادا پڕ بکات لە ترس و فۆبیا و دڵەڕاوکێ.

فەلسەفەی”فۆبیا” لە کۆماری ئیسلامیدا یەکێ لە کۆڵەکەکانی پارێزگاری کردنیەتی:

  1. ترس لە جیابوونەوەی نەتەوەکانی غەیرە فارس. هەر جۆرە گلەیی و خۆپیشاندانێکی سەندیکایی و زۆر ئاساییی گەلانی پەڕاوێزخراوی ئێران بە ئەمنیەتی و سیاسی دەشوبهێندرێ.
  2. هەمیشە دوژمنێکی خەیاڵی لە زەینی خەڵکیدا دروست دەکرێ. بۆ چەواشەکاری و بە لاڕێدا بردنی بیر و هزری جەماوەر. تەنانەت ئێستا لە سۆشیاڵ میدیاکانی جیرەخۆری دەسەڵاتدا، ڕەخنە گرتن لە ئیسلام و قیامەت و تەنانەت خوداش، بووەتە باو و زۆر ئاسایییە. دەیانهەوێ هەر جۆرە ڕەخنە و لێکدانەوەیەک ئازاد بێ، بەڵام باس کردن لەو چەمکانە تابۆیە: چوارچێوەی ئێران، مافی بەرحەقی گەلان، بەرابەریی مافی نەتەوە مافخوراوەکان لە گەڵ فارسدا.

میدیای ناوخۆ هاوشانی دادگاکانی ئینقلابی ڕێژیم، دژبەران بە بێگانە و دوژمنی خودا ناوزەد دەکەن. میدیای دەرەوە گەرچی بەناوی ئۆپۆزیسیۆن بوون چالاکن، ئەگەر دێنە سەر پرسیار لە ڕۆڵەکانی خەباتکاری کورد،  پرسیارە سەرەکییەکەیان لەسەر چەند فاکتەری دیاریکروادا خۆ دەردەخات: ئایا تۆ جیاییخوازی؟ باوەڕی تەواوت بە گشتایەتیی ئێران هەیە؟ و دەیان پرسیاری بۆنداری لەو چەشنە. مەبەست ئەوەیە کاتێک دەسەڵاتی پاوانخواز، دوژمنایەتیی گەلانی ئێران بە تایبەتی گەلی کورد دەکات، ئەوە پاڕامێتری دوژمنکارانەی خۆی نیشان دەدات، ئەو دوژمنە و ئەرکی خۆی بەڕێوە دەبات. بەڵام چینی ڕۆشنبیری فارسی/ئێرانی بەناو لایەنگری  دێموکراسی و پلۆڕالیسمن، بەڵام لە هەڵسوکەوتی میدیایی یان سۆشیاڵ میدیادا، بە پانەوە بەربەرەکانێ لەگەڵ مافخوازیی گەلانی ئێران دەکەن و دژکردەوە و بەرهەڵەست بوونی خۆیان ناشارنەوە. بە داخەوە تاکوو ئێستا لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، میدیا یان نووسەرێکی فارس زمانی بەرچاو نابیندرێ پارێزگاری و داکۆکیکاری لە مافی گەلانی ژێردەسەتەی ئێران بکات و بۆ ساتێک ببێتە ئیسماعیل بێشکچی. وتەی زۆربەیان ئەوەیە:”مافی کەمینەکانی ئێران دەبێ پێشێل نەکرێ. کەمینە بوون بە کەم زانینە لە بەرانبەر فارسدا. لە وڵاتی ڕەنگاڵەییی ئێراندا کەمینەی ئیتنیکی/نەتەوەییمان نییە، بە واتایەکی ڕوونتر، نە زۆرینەمان هەیە نە کەمینە.”

میدیای دەرەوە و ناوخۆ بە پڕۆپاگەندەی ڕەش، ژنان و بەرەی لاوانیان کردووەتە ئامانج. هەر لە سەردەمانی دەسەڵاتی دوو پەهلەویدا بە ئێستاشەوە، فارسی قسەکردن بە(لهجە)وە، بە بێسەوادی یان کەمسەوادی نیشان دەدرا و دەکەوتە بەر لۆمە و گاڵتەی فارس زمانان. لۆبیی فارس کارێکی وای کردووە، لە ناو باقی نەتەوەکانی دیکەشدا کەم تا زۆر ڕەچاو دەکرێ.

میدیا و سوشیاڵ میدیا بە باگراوەندێکی پان ئیرانیزمییەوە، بە فیلم و دێکۆمێنتاری و دڕاما بێ ناوەڕۆکەکان، هەوڵی بۆ شیرین کردنی زمانی فارسییە، هەڵبژاردنی ناوی فارسی بۆ منداڵان. جێگێرکردنی “خالە. دایی. عمە. عمو. مامان”، تەنیا چەند نموونەیەکی هەرە بچووکی هەوڵی میدیاکاران و ناوەندە شۆڤینیستەکانی ڕێژیمن. گۆڕینی شوێن و مەکان و شاخ و گوند و کۆڵان و شەقامی شارانیش، هەر لە درێژەی ئەو سیاسەتە نگریسەدایە.

 هانا ئاڕێنت ڕوو بە توتالیتێرێکی وەک دەسەڵاتی ئێرانی دژی سکۆللار/پلۆڕالیزمدا دەڵێ: “مرۆڤەکان ئەگەر پێکەوە بەرابەر و هاوشان نەبن، چۆن دەتوانن لە فەرق و جیاوازییەکانی یەکتر تێ بگەن؛ چۆن دەتوانن هاوخەمی یەکتری بن و لە ئازار و نەهامەتییەکانی یەکتردا خۆیان بە هاوبەش و خەمخۆری یەک بزانن.” هەر بۆیە تاکی فارس ناتوانێ یان ڕەنگە نەیهەوێ بزانێ خەم و مەینەتییەکانی کورد چییە. چونکە ڕاستەوخۆ لە ژێر کاریگەری و باندۆری دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکە هاوشێوەکاندان. لە کۆمەڵگای فرە نەتەوەی فرە کلتووریدا، نەتەوەسازی بۆ پڕ کردنەوەی کەلێنی نەتەوەیی، ئایینی، نژادی وکلتوورییە. بەڵام لە ڕوانگەی ئێرانیی تاکڕەهەندیدا کە باوڕی بە فرەڕەنگی و فرە دەنگی نییە، دەوڵەت/نەتەوەسازی یانی دەسەڵاتی یەک ڕەگەز ونژادی تاک زمان. یانی لە خزمەتدا بوونی گشتایەتیی ئیتنیک/نەتەوەکانی دیکە بە زمان و کلتوور و ڕەسەنایەتیی خۆیانەوە بۆ سەرخستن و باڵادەست بوونی زمانی دەسەڵات.  دەسەڵاتی ئێرانییەکان بە چینی ڕوناکبیریشیانەوە، سەقامگیری و ئەمنییەت لە بێدەنگی وکپ کردنی دەنگی گەلانی ستەملێکراودا دەبینن. دەسەڵات لە ئێراندا هێڕەمییە و لە سەرەوە بۆ خوارێ دەڕوانێ. نەتەوەسازی لە ئێرانی پۆپۆلیسمی پاوانخواز، تێپەڕین لە فرە ئیتنیکی/نەتەوەیی بەرەو تاک زمانی و تاک کلتووری، بەرەو دەسەڵات و ئایدیایەکی سەمپاتی تاک ڕەهەندە.


وتەی کۆتایی

کورد خاوەن وڵاتە بەڵام بێ دەوڵەتە. هەتا نەتەوەیەک سەربەست و ئازاد نەژی و نەبێتە خاوەن دەوڵەت و ئۆتۆریتەی بەهێزی خۆی نەسەلمێنێ، تاک و کۆی ئەو نەتەوەیە ئەو جۆرەی پێویستە ڕێز وئێحتڕامی پێویستیان لێ ناگیرێ، تەنانەت خۆشیان هەست بە کەمایەسی دەکەن و باوەڕمەندییەکی قووڵ و ئەساسییان بە خۆیان نابێ.



ژێدەر

  1. پست مدرنیسم: لارنس کهون. مترجم: عبدالکریم رشیدیان.
  2. وضع بشر :هانا آرنت. مترجم مسعود علیا.
  3. انقلاب: هانا آرنت. مترجم : عزت‌الله فولادوند.
  4. ایدئولوژی سیاسی و هویت اجتماعی در ایران: حسین بشیریه .
  5. قومیت و قومگرایی در ایران: حمید احمدی.

داگرتنی بابەت

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان