ئارامتر بخوێنەوە

ئیلاهیاتی نەفی[1]

(لێکدانەوەیەکی فەلسەفییانەی بوونی یەکەخوازیی ئایینی و دەرەنجامە ستەمکارانەکانی)

سروشت کوردی


“ئیلاهیاتی ئیسلامی بە گشتی ئیلاهیاتێکی نەفیکەرە. لە بانگ و سەڵاوە گرتوویەتی تا دەگاتە وتاربێژیی مەلاکانی، هەمووی نەفی غەیری خۆی دەکات. ئەوەی لەو جیاواز بێت بە شەڕی دەزانێت و داوای نەمانی دەکات. بوونی یەکەخواز وەکوو میتافیزیکێکی نەفیکەر لە لایەن ئیلاهیناسەکانی جیهانی ئیسلامەوە لە فاڕابی تا دەگاتە غەزالی پاساودراوە و دژی هەموو جیاوازییەکان بووە. لە بواری سیاسەتدا وشەی “ئۆمەتی ئیسلامی” بۆ نەفیی نەتەوەی جیاواز بووە، تەنانەت کاتێکیش باس لەوە دەکرێت ئێمە هەموومان لە نەتەوەی جیاواز خوڵقاوین، بۆ ئەوە نەبووە باوەڕ بە جیاوازی بکرێت، بەڵکوو ڕێگەی ڕزگاری، لە یەکگرتنەوە و تواندنەوە لە ناو ئۆمەتێکی یەکەدا بووە.”


دوو شێوازی فەلسەفی کاریگەرییان لەسەر بیرکردنەوە هەبووە. بیرکردنەوەی پلۆرالیستی باوەڕی بە بیر و بۆچوونی جیاواز هەیە و بیری یەکەخواز، لای وایە تاکە شێوازێک بۆ بیرکردنەوە هەیە و ئەوەدوای بیرکردنەوەکان هەڵەیە و بیری یەکەخواز ئایینی و پیرۆزکراوە. لەم وتارەدا هەوڵی ئەوە دەدرێت ئیلاهیاتی ئیسلامی کەوا بنەمایەکی میافیزیکیی یەکەخوازانەی هەیە لێکبدرێتەوە و نووسەر لای وایە ئیلاهیاتی یەکەخواز، بنەمایەکی میتافیزیکی چەقبەستوو و نەگۆڕی هەیە و لە هەمان کاتیشدا دەرەنجامەکانی، ستەمکاریی ئایینیی لێ دەکەوێتەوە.


بوون و ماهییەت

لە کۆنەوە یەکێک لە چەمکە سەرەکییەکانی فەلسەفە و میتافیزیکی کۆن، لێکدانەوەی بوون و ماهییەت بووە. بیرمەندان لایان وابووە تەواوی شتەکان و بوونەوەرەکان بوون و ماهییەتیان هەیە؛ لە لایەکەوە هەموویان هەن و لە لایەکی دیکەش ماهییەتیان هەیە. ئەم بیرکردنەوەیە، دوو ڕێچکەی لێ دەکەوێتەوە:

یەکەم: ئەوانەی لایان وایە ماهییەت یان چییەتیی شتەکان لە پێشدایە، باوەڕیان بە فرەڕەهەندی و فرەلایەنی لە بیرکردنەوەدا هەیە. لێکدانەوەی ماهییەتی شتەکان پرسهەڵگرە. واتە پرسیاری بەردەوام لە شتەکان بۆ خۆی پاڵنەری سەرەکیی مەعریفەیە و مەعریفەی تازەش بەرهەم دەهێنێت. کاتێک دەڵێین ئەوە چییە یان A چییە؟ دەمانەوێ ئەو شتە بناسین و بزانین چۆنە و بۆ ناسینی چییەتیی شتەکان عەقڵ و ئەزموون دەکەین بە بنەما و پێوەر. مەعریفە و ناسینی شتەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە ماهییەتی شتەکان بە وردی بکۆڵینەوە.

دووهەم: لایەنی دیکەی بابەتەکە بوونی شتەکانە، شتەکان هەن یان B هەیە. هەندێک لە بیرمەندان بوونی شتەکان و بوونەوەرەکانیان لێکداوەتەوە و لایان وابوو، بوون پێش هەموو شتەکان دەکەوێت. کاتێک بوون دەبێ بە بنچینەی شتەکان، بۆخۆی زنجیرەپلەیەک لە بوونەکان پێک دێنێت و لە ناو ئەودا، باوەڕ بە پلەی یەکەم و دووم .. ساز دەبێت. کاتێک دەڵێین دار هەیە بەرد هەیە و مرۆڤ و بوونەوەرانی دیکە هەن، لێرەدا وشەی هەیە دەبێت بە بنچینە بۆ تەواوی شتەکان و پێش ماهییەتیان دەکەوێت. لە میتافیزیکی کۆن و بەتایبەتی لە بیرکردنەوەکانی پلۆتنیۆس(ئەفلووتین) بوونی یەکە و تاقانە لەسەرەوەی هەموو شتەکان جێگیر بوو و بوون بوو بە بنەما بۆ ئیلاهیاتی مەسیحی و ئیسلامی.

بوونی یەکە، چاکەی بێگەرد(نەگۆڕە)

بوون – عەقڵ و ئایدیاکان

گیانی جیهان- گیانی تاک

لەشەکان _ مادە

ئەم زنجیرەیە لە کۆنەوە لە لایەن پلۆتنیۆسەوە دانراوە و پشتی بە فەلەکناسیی کۆن بەستووە کە هەمان فەلەکناسیی بەتلەمیۆسە. واتە جیهان دابەش کراوە بۆ چەندین پلە لە سەرەوە بۆ خوارەوە. ئەم بۆچوونە کۆنە، بنەمای ئیلاهیاتی ئیسلامیی پێکهێناوە. لە ئیلاهیاتی مەسیحیدا ڕەب -گیانی پاک- مەسیح، سێکۆچکەی ئایینەکە دادەڕێژن و بە نەگۆڕی دەمێنێتەوە. بەڵام لە کولتووری مەسیحیدا، حەقی شا لە حەقی ڕەب جیا دەکرێتەوە. ئەوەی پەیوەندیی بە ئیپمڕاتۆرەوە هەیە، پێی دەدرێت و دین و دونیا لێک جیا دەکرێتەوە. بەڵام لە ئیلاهیاتی ئیسلامیدا، فۆڕمێکی دیکە بە خۆیەوە دەگرێت. اڵلە لە سەروی هەمووی شتەکاندایە و بوونی نەگۆڕە و شەریکی نییە و پیرۆزە و کەس مافی نییە گومان لە بوونی بکات. لە حیکمەتی ئەنتۆلۆژیکی ئیسلامیدا کە لە لایەن بیرمەندانێکی وەکوو فاڕابی و ئیبنی سینا و دواتر مەلا سەدرا پەرەی پێدەدرێت و بە چڕوپڕی شی دەکرێتەوە. بوون لە نەبوونەوە سەرچاوە دەگرێت و دەبێتە بنچینەی ئایدیۆلۆژیی ئیلاهی و اللە، بوونی نەگۆڕی هەیە و ئیلاهیاتی یەکەخواز، یان یەکانەگی بوونی لێ دەکەوێتەوە.


ئوستوورەی بوونی یەکەخواز

ئیلاهیاتی بوونی یەکەخواز تاکڕەهەندە و باوەڕی بە بوونی فرەیی و فرەخوازی و جیاوازییەکان نییە. بوونی تاقانە نەگۆڕە؛ بوونی مەلا وەکوو نوێنەری اللە، پیرۆزە و کەس مافی ئەوەی نییە گومان لە بوونی بکات (ئەمە هاوشێوەی سەدەکانی ناوەڕاستە کە پاپا پیرۆز بوو و کەسێک دژ بە کڵێسە بوەستایەتەوە دەسوتێنرا یان زمانیان دەبڕی، نموونەکەی جۆردانۆ بڕۆنۆ بوو کە لە لایەن کڵێسەوە سووتێنرا). جیهانی ماددە، جیهانی شەڕە و کەسێک کە خۆی لە بوونی تاقانە نزیک بکاتەوە، ڕزگار دەبێت. بۆیە لە ئوستوورەی بوونی یەکەخوازدا، ئیمانی ڕەها بە بوونی یەکەیە کە ڕزگاریی مرۆڤی لێ دەکەوێتەوە. کێشەی نێوان چاکە و خراپە و تاریکی و نوور، بەردەوام لە ئیلاهیاتی یەکەخوازدا خۆی دەرخستووە. نوور ڕووی لە شەرقە و هەرچی بەرەو ڕۆژئاوا یان غەرب بڕۆین تاریکایی زیاتر دەبێت. نوور یان ڕۆشنایی، لە کەلامی سۆهرەوەردی جۆرێک لە عیرفانە و ئەوەی لە ڕووناکایی نزیک بێتەوە دەگاتە ڕووناکیی ڕووناکاییەکان و ئەمەش شڕۆڤەیەکی دیکە بۆ چەسپاندنی بوونی یەکەیە. بوونی یەکەخواز، دژ بە مێژووی هەر چەشنە گۆڕانکارییەکە و چاوپۆشی لە هەموو ڕاستییەکان دەکات. ئوستوورەی بوونی یەکەخواز، هەندێک لە ڕاستییەکان کە لە بەرژەوەندییدایە گەورەی دەکاتەوە و ئەوەی لە بەرژەوەندیی نەبێت دەیسڕێتەوە و خۆی لە قەرەی بابەتی شەڕ نادات کە یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی ناو جیهانە. ئوستوورەی یەکەخواز ڕووی لە جیهانی سەرەوەیە و چونکە باوەڕی بە زنجیرەپلەی نەگۆڕ هەیە، لای وایە ئاوڕدانەوە لە وردەکارییەکان و تەنانەت شەڕی ناو جیهان لە ئاستی ئەودا نییە. ئوستوورەی بوونی یەکەخواز، لە ڕێگەی هەڵپەساردنی مرۆڤەکان لە جیهان و سڕینەوەی ئازادییەکانی مرۆڤ و نابەرپرسکردنی لە ئاست ژیانە – جیهانی خۆی، دەستەمۆیان دەکات بە جۆرێک لە ڕەوشتی ئاغا و نۆکەر کەڵک وەردەگرێت بۆ ئەوەی زیاتر هەست بە نامۆیی بکەن، چونکە لەش و دەروونیان لە دەستی مرۆڤ خۆیدا نییە و موڵکی خودا و دەسەڵاتی ئاینییە و بە تاوانبارکردنی مرۆڤ، تووی ترس لە گوناح و ترس و عەزابی دواڕۆژ لە ناخی مرۆڤەکاندا دەچێنێت. لە ڕێگەی مەحکوومکردن و داسەپاندنی ئاکاری داخراو و خێڵەکی، کۆمەڵگە وەک یەک و هاوچەشنی یەکتری دەکات بە جۆرێک کە هەموو وەک یەکیان لێ دێت. نموونەکەی چیرۆکی تەختی پرۆکرێستە. (پرۆکرێست وەکوو سەرۆکی دزەکان تەختێکی هەبووە کاتێک خەڵکیان تاڵان دەکرد هەرکەسێکیان بگرتایە لەسەر تەختەکە دایاندەنا، ئەگەر نەفەرەکە لە تەختەکە درێژتر بووایە دەست و لاقیان دەقرتاند و ئەگەر لە تەختەکە بچووکتر بووایە، دەست و لاقیان دەکێشا تا لەگەڵ تەختەکە ڕێک بووایەت). ئەمە نموونەیەک بۆ لێکدانەوەی ئوستوورەی بوونی یەکەخوازە.


ئیلاهیاتی نەفی

هەروەک پێشتر باس کرا، بوونی یەکەخواز چونکە بێگەرد و پاکە، خۆی لە قەرەی جیهانی مادە نادات و ئەوەی دژی بێت نەفیی دەکاتەوە. ئیلاهیاتی ئیسلامی بە گشتی ئیلاهیاتێکی نەفیکەرە. لە بانگ و سەڵاوە گرتوویەتی تا دەگاتە وتاربێژیی مەلاکانی، هەمووی نەفی غەیری خۆی دەکات. ئەوەی لەو جیاواز بێت بە شەڕی دەزانێت و داوای نەمانی دەکات. بوونی یەکەخواز وەکوو میتافیزیکێکی نەفیکەر لە لایەن ئیلاهیناسەکانی جیهانی ئیسلامەوە لە فاڕابی تا دەگاتە غەزالی پاساودراوە و دژی هەموو جیاوازییەکان بووە. لە بواری سیاسەتدا وشەی “ئۆمەتی ئیسلامی” بۆ نەفیی نەتەوەی جیاواز بووە، تەنانەت کاتێکیش باس لەوە دەکرێت ئێمە هەموومان لە نەتەوەی جیاواز خوڵقاوین، بۆ ئەوە نەبووە باوەڕ بە جیاوازی بکرێت، بەڵکوو ڕێگەی ڕزگاری، لە یەکگرتنەوە و تواندنەوە لە ناو ئۆمەتێکی یەکەدا بووە.

 دوو جۆر تواندنەوەی جیاوازییەکان لەناو ئیلاهیاتی ئیسلامی: ١. جۆری یەکەخواز ٢. جۆری عیرفانی. هەر دوو لایەنەکە نەفی غەیر و ئەوەی جیاواز بێت دەکەنەوە. لایەنی یەکەم لە لایەن موتەکلیمەکانەوە پاساو دراوە و لایەنی دووەم لە لایەن عارفەکانەوە پاساودراوە. ئەوەی لە ناو جەرگەی ئیلاهیاتی ئیسلامی سەری هەڵداوە، دژی زانست، بیری نوێ و نەتەوەی جیاواز بووە. ئیلاهیاتی نەفی، بۆ سەلماندن و پاساوی بوونی نەگۆڕی خۆی پشتی بە سیفەتی نەفیکردنەوە بەستووە. اللە بێگەردە، بێ شەریکە، چاکەیە و ڕەهایە لە هەرچەشنە نەبوونێک. بەڵام ئەوەی جیاوازییە لە خۆی دادەماڵێت بۆ ئەوەی بە ڕەهایی بمێنێتەوە و کەس گومانی لێی نەبێت. هەروەک چۆن ڕێبەری ئیسلامی پێویستی بە ئۆمەتی یەکە هەیە، یەکڕیز و یەکدەنگ بێت و فرە دەنگی و فرە کولتووری و فرە نەتەوەیی وەکوو دوژمنی سەرەکیی خۆی دەزانێت. لە سەرەتای هاتنە سەرکاری مەلاکان لە ئێران و گرتنە دەستی دەسەڵات، ئیلاهیاتی ئیسلامی لە جۆری ئێرانییەکەی دژی نەتەوە و زمانی جیاواز بوو. پشتئەستوور بە هەمان ئیلاهیاتی یەکەخواز، جیاوازییەکانی نەفی کرد. لەناو ئیلاهیاتی ئیسلامی – ئێرانی، کەوا کۆماری ئیسلامی خۆی بە نوێنەری دەزانێ، باڵی عیرفانی لە جۆری عەلی شەریعەتی، بوو بە بنەمای ئیلاهیاتی کۆماری ئیسلامی کە توندڕەوانە دژی هەر چەشنە بیری ئازاد و کۆمەڵگەی ئازاد بوو. بە دانانی بنەمایەکی ئایدیۆلۆژیکی شیعەگەرایانە، ئاینزاکانی دیکەیان بە هەڕەشە دەزانی، بۆیە هەموویان دوور خرانەوە یان کەوتنە بەر تیغی نەفی و لە ناوچوون. عیرفانی شەریعەتی لەگەڵ عیرفانی ئەحمەدی فەردید کە ئەویش شڕۆڤەیەکی سەقەتی فەلسەفەی هایدیگەر بوو، بۆ پاساودانی ڕێبەرایەتیی کۆماری ئیسلامی یەکیان گرتەوە. ڕەوتێکی دیکە، ڕێگەی سروش بوو، گەرچی خۆی بە پێشەنگ دەزانی و پشتی بە فەلسەفەی زانستیی پۆپێر بەستبوو، بەڵام چونکە تێکەڵ بە (خووی ئایینی) کرابوو لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی جیاوازییەکی ئەوتۆی نەبوو. کەواتە هەموو ڕەوتێکی بیرکردنەوە لە خزمەتی ئیلاهیاتی ئایینی و بۆ پاساوی دەسەڵاتی ئایینی بوو. هەربۆیە هیچ بیرێکی نوێ و تەنانەت کۆمەڵگەیەکی مودێڕنی هاوشێوەی ئەوروپای لێ نکەوتەوە. تەنانەت بیرکردنەوەی ئێرانگەرایانە لە عەرەب، ئایینیترە و تووشی کێشەیەکی قووڵتر بەناوی “خووی ئایینی”یە. خووی ئایینی جۆرێک لە ڕوانینی عیرفانی-ئایینییە کە لای وایە هەموو شتێک لە ڕێگەی ئایینەوە پاساو دەدرێت و پێویستی بە زانستی نوێ و مەعریفەی نوێ نییە. واتە بۆ لێکدانەوەی هەر بابەتێک سا ئەو بابەتە پەیوەندیی بە پزیشکی و زانستی فیزیا و فەلەکناسییەوە بێت، لە ڕێگەی ئایینەوە پاساو دەدرێت. ئەگەری هەیە کەسێک کە خووی ئایینیی هەیە، نوێژ و ڕۆژو نەگرێت بەڵام باکگراوەندی مێشکی خووی گرتووە بە ئایین. کەواتە بیرمەندانی ناو ئەم دەسەڵاتە، بیرکردنەوەیان بۆ پاساودان و پاراستنی دەسەڵاتی ئایینی بەکارهێناوە. نە باوەڕیان بە مەعریفەی عەقڵی ئەزموونی هەیە، نە باوەڕیان بە پێشکەوتنی زانست هەیە؛ تەکنۆلۆجی و زانست، تەنیا ئەوەندە گرنگە کە بتوانێ لە خزمەتی دەسەڵاتی ئایینیدا بێت. ئەویش زانستێکە بتوانێ چەکی پێشکەوتوو بەرهەم بێنێت بۆ ئەوەی زووتر نەیارەکانی خۆیان کە دژ بە بیرکردنەوەی دەسەڵاتی ئایینەکەیانن لەناوببەن. کەواتە ئیلاهیاتی نەفی لە ناخی هەموو ئیماندارێکی ئیسلامیدا هەیە و خووی دینییەکە بە هۆی پەروەردەی سەقەت لە مێشکی تاکی ئیمانداری ئیسلامیدا خۆی حەشارداوە دژی بیری نوێ، پێشکەوتنی نوێ، ئازادیی تاک و کۆمەڵگەی کراوەیە. دەسەڵاتی سیاسی بوونی یەکەخواز بەم شێوەیە:

بوونی یەکە(نەگۆڕ و بێ شەریکە)

دەسەڵاتداری یەکەخوازی نەگۆڕ (مەلاکان)

کۆمەڵگەی یەکدەستکراو (ئۆمەتی واحید)

لە سەروەی هەمووانەوە بوونی یەکەیە کە دەتوانێ هەمان خودا بێت کەس ناتوانێ شان لە شانی بدات و تەنیا و تاکە و شەریکی نییە و پێویستی بە کەس نییە. نوێنەرەکانی لە غیابی ئەودا، دەسەڵاتدارانی ئایینین کە لە بوونی یەکەخوازەوە سەرچاوەدەگرن و پلەیەک لە خوارووی یەکەی ڕەهاوەن و دەبێت دەسەڵات بدرێتە دەستی ئەوان و ئەوانن نوێنەری خودا لەسەر عەرزن و پیرۆزن و کەس بۆی نییە دژیان بوەستێتەوە و هەرچەشنە شۆڕشێک دژ بەوان دژایەتی لەگەڵ خودایە بۆیە بە کافر لەقەڵەم دەدرێت. کەسێک کە باوەڕداری ڕاستەقینە بێت پێویستە گوێڕایەڵی دەسەڵاتی ئایینی بێت و کوێلەی فەرمانەکانی ئەوان بێت. ئیمان و بەڵێنی لە پێناو دەسەڵاتی ئایینی مەرجی سەرەکییە و لە دوای ئەوە ئێمانداران ئازادن لە کۆمەڵگە سەرقاڵی ژیانی ڕۆژانەیان بن. بەڵام نابێ لەو مەرجانەی دەسەڵاتداری ئایینی بە ناوی شەرع بۆیانی داناوە دەرباز بن. گەرچی پێناسەی ئایین گەلێک ڕوونە و ئەویش “پیرۆزکردنی مادە”یە و ئەو شوێنەی پیرۆزکرا دەسەڵاتی ئایینی دەستی بەسەردا دەگرێت و بە ناوی دینەوە زەوتی دەکات. دەسەڵاتی ئایینی بۆ دەستەمۆکردنی زیاتر، جگە لە میکانیزمی ترس کە بە درێژاییی مێژوو ئایین کەڵکی لێ وەرگرتووە، لە دەسەڵاتی ئایینیی مەلاکان بە باشترین شێواز، ئەویش لە ڕێگەی چەک و دەسەڵاتی سەربازی جێبەجێی کردووە.


دووفاقی چاکە و خراپە

بوونی یەکەخواز، ڕوانگەیەکی دووفاقیی هەیە و چونکە بنەمایەکی میتافیزیکیی هەیە و خوڵقاندنی شەڕ لە ژێر ناوی دابینکردنی ئاسایش و خوڵقاندنی وەهمی شەڕ، لە ناخی ئۆستوورەی بوونی یەکەخوازدا، وەکوو دەستەبەرکردنی چاکە لێکدەدرێتەوە. بوونی یەکە لە جۆری سیاسەت، خۆی لەگەڵ کولتوورێکی ڕۆژهەڵاتی بە تەواوەتی تۆتالیتەر و سەرکوتکارە. بوون لەگەڵ عیرفانی ڕادیکاڵ کە هەموو شتێک نەفی دەکاتەوە، لەگەڵ ناواخنێک کە بە ئیلاهیاتی جەبرگەرا متوربە کراوە. بۆیە بوونی یەکەخواز خۆی بە پاک و بێگەرد دەزانێت، بەڵام مەنتقی دەروونییەکەی تێکەڵ بە شەڕە و ئەویش شەڕێک لە چوارچێوەی چاکەی بەرزە. بەڵام مرۆڤەکانی ناو کولتووری بوونی یەکەخواز کە باوەڕیان بە “وەحدانییەت” هەیە، ڕەوشتێکی دوو ڕوویانەیان هەیە؛ بەڵام دووڕووییەکە، ناوەوە و دەرەوەی یەکیان گرتووەتەوە. لە ناخی هەر ئێماندارێکی یەکەخوازدا، پیرۆزکردنی خود هەیە بۆ ئەوەی خۆی لە ڕەخنە بە دوور ڕابگرێت و خۆی لە بەرپرسیارێتیی کۆمەڵگە بدزێتەوە و بۆ ئەوەی دەست بەسەر ئەم دونیایەشدا بگرێت، هەندێک شوێن پیرۆز دەکات و قۆڕغی دەکات. هەر چەشنە بیر و ئایدیایەکی ئازادیخواز وەکوو “غەیرێک یان نەیارێک” چاوی لێ دەکرێت و زیاتر سێبەر و مۆتەکەیە بۆیە جیهان بە شوێنی شەڕ دەزانن و بۆ ئەم مەبەستەش ئەخلاقێکی یەکەخواز دەخوڵقێنن و هەموو دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکان دەسڕنەوە و لە ناوی دەبەن. ڕەهەندی دیکەی بوونی یەکەخواز، سیاسەتی سەرکوتکارانە و دادگای پشکنینە. گەر بە وردی سەیری (دادگاکانی کۆماری ئیسلامی بکەیت، چۆن پۆل پۆل خەڵکیان بە بێ لێکۆڵینەوە ڕیز دەکرد و ئێعدام دەکران). مەیلی سەرکوت بۆ ئەوەیە ناخی ئەم ئایدیۆلۆژییە لەوەدایە جیهان لە شەڕ پاک بکاتەوە و ئەمەش بۆ ئەوەیە خۆی لە فەوتان بپارێزێت. لە لایەکی دیکەوە ئیلاهیاتی یەکەخواز، مێژوو لە ناوەڕۆکی خۆی بەتاڵ دەکاتەوە و دەرهەستی دەکات و مێژوو وەکوو شوێنێک بۆ ئامۆژگاری و پەندوەرگرتن چاو لێ دەکات و ئەمەش خوڵقاندنی وەهمە و ئەم وەهمە هێندە دەچێتە پێش نهێنیترین و تایبەتیترین شوێنی ژیانی مرۆڤەکانیش دەگرێتەوە. تەنانەت چاودێریی خواردن و خەوتن و ژیانی هاوبەشیش دەکات! کەواتە بوونی یەکەخواز، شوێنێک بۆ مرۆڤەکان ناهێڵێتەوە و پلە و پێگەی مرۆڤەکان تا ئاستی مرۆڤێکی غەریزی دادەبەزێنێت و دەیکاتە مرۆڤێکی کاسبکار بۆ ئەوەی بیری بە لای بژێوی ژیانی ڕۆژانەوە بێت و بیر لە ئازادی و سەربەستی نەکاتەوە. بوونی یەکەخواز، ئیلاهییاتەکەی چارەنووسخوازانەیە و هۆیەک دەخوڵقێنێت بۆ ئەوەی کێشە و مەعریفەی مرۆیی نەخوڵقێنێت. لە شوێنێک کەوا بیری مرۆیی گەشە نەکات، بە دڵنیایییەوە کولتووری مرۆییش گەشە ناکات؛ بۆیە لە ناو ئیلاهیاتی یەکەخوازی ئیسلامی – ئێرانیدا، دەسکەوتێک لە بواری بیری نوێ و هزری نوێ نەخوڵقاوە. بە دڵنیایییەوە ئەگەر بیرکردنەوەی مرۆیی نەبێت، کولتووری مرۆییش بەرهەمی نوێی نابێت. مرۆڤەکان لە ڕوانگەی ئیلاهیاتی یەکەخوازەوە، جەبر و چارەنووس بەسەریاندا زاڵە و ئەمەش وا دەکات مرۆڤەکان جگە لە هۆکردێک و مرۆڤێکی ناچارکراو شتێکی دیکە نەبن. بۆنموونە “خودا غەزەبی لێگرتووین”، “خودا کارێک نەکات نابێت”، “خوا هەموو شتێکی بۆ دیاریکردوین”، هەمووی ئەمانە دەرهاویشتە و دەرەنجامی زاڵبوونی ئیلاهیاتی یەکەخوازن و ئەمەش جگە لە کۆمەڵگەی ستەمکار شتێکی دیکە نەبووە. کەواتە ئیلاهیاتی یەکەخواز لەگەڵ پیرۆزییەکی یەکەخوازانە، تاکە مەنتقەکەی، پاک و بێگەردکردنی خۆی لە حوکم و بڕیارەکانە و تووڕدانی هەموو شتەکان و لکاندنیان بە چەمکی شەڕە. سڕینەوەی جیاوازییەکان و داسەپاندنی وتاری زارەکی و لە جۆری مۆنۆلۆگ، دژی هەر چەشنە دیالۆگ و بیری ئازادە. بۆیە گوتاربێژەکانی بوونی یەکەخواز پڕن لە توندوتیژی و هەڕەشە و زمانەکەیان زمانی نەفییە و تا ئێستاش جگە لە کارەسات شتێکی دیکەی نەخوڵقاندووە. کەواتە دووفاقی(دوالیزم)ی نەزۆک و کارەساتاویی بوونی یەکەخواز، ڕووداوەکان دەسڕێتەوە یان چاوپۆشییان لێ دەکات چونکە، خۆی بەرزتر لەو شتانە دادەنێت ئاوڕیان لێ بداتەوە و زیاتر نۆستالۆژیی بۆ ڕابردوو هەیە ئەویش بۆ پاراستنی میراتێکە لە ڕابردوودا ماوەتەوە و نەگۆڕدراوە و هەموو بیرێک کە تازەگەریی پێوە بێت لە بیری دەکات. بەڵام نۆستالۆژیی ڕابردوو لەگەڵ ترس و تۆقاندن و ئەوی دیکە بە تاوانبار ناساندن، بۆنموونە دیسکۆرسی دوژمن سازکردنی بە شێوەی وەهمی و خەیاڵی، بەردەوام لە ناخی ئیلاهیاتی نەفیدا ئامڕازێکی گرنگ بووە. نەبوونی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و سیاسی و تێکدانی مێژووی کۆمەڵگەیەک کە چوارچێوەکەی لە پێشدا دیاری کراوە، هەمووی پێکەوە بۆ ئەوەیە کە کۆمەڵگە تەریک و داخراو بێت. عیرفانی شەڕەنگێزانەی ئایینی و کولتووری بڕەودان بە شەهیدپەرەستی و خوێن و عیرفانی شەریعەتی-فەردیدی و جۆری سروش، هەمووی ڕۆڵی چێشتلێنەرەکانی زەحاکیان بووە. ئیلاهیاتی نەفی پێویستی بە خوێن و کوشتن هەیە. مان و نەمانی ئیلاهیاتی نەفی، پیرۆزیدان بە مردنە و ترس و دڵەڕاوکێی مردن جێگەی ژیان دەگرێتەوە و مەودایەک لە نێوان ژیان و مردندا نامێنێتەوە. تەنانەت ئیلاهیاتی عیرفانی ڕادیکاڵ، کاتێک دەگاتە ئاستی شاگەشکە، جۆرێک لە نەخۆشینی دەروونیی کولتوورێکمان پیشان دەدا (گریان) و فرمێسک ڕشتن و لەخۆدان، جۆرێک لە مازوخیسمی پێوە دیارە. تەنانەت لە بیری عیرفانی ڕادیکاڵی خومەینیزمدا باس لەوە دەکرێت (فرهنگ ما فرهنگ گریە است!).


ئیلاهیاتی ئەشکەنجە

لە کۆنەوە ئازار و ئەشەنجەی نەیارانی ئایین باو بووە. لە ئەشکەنجەوە تا دەگاتە کوشتن و سووتاندن و بەتاوانبار لەقەڵەمدانی نەیاران و بیر جیاوازەکان، مێژووییەکی کۆنی لە ناو ئایینەکاندا بووە. لە دەسەڵاتی مەلاکانی ناو دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئەشکنجە و کوشتن بەشێکی دانەبڕاو لەو ئایدیۆلۆژییە بووە و ئێستەش وەکوو خۆی ماوەتەوە. کاتێک مەلاکان لە ژێر چەتری ویلایەتی فەقێی ڕەها، خۆیان بە پیرۆز دەزانن و حوکمی خودایی وەردەگرن، مرۆڤەکان دابەش دەبن بە ئیماندار و بێ ئیمان، کۆمەڵگە دابەش دەبێت بۆ کۆمەڵگەی دۆست و دوژمن و جیهانیش بە پێی ئیلاهیاتەکان بۆ ڕووناک و تاریک دابەش دەکرێت. دابەشکردن و دژمن سازکردن ڕێگەیەک بۆ مانەوەی دەسەڵاتی داخراوی ئایینییە. کاتێک مرۆڤ تووی تاوان و گوناح لە ناخیدا بە زەبری ترس دەچێندرێت، ورەی ئازادی و سەربەستی لەناخیدا دەپووکێتەوە. ئەشکەنجەدانی لەش وەکوو جۆرێک لە پاکبوونەوە لە گوناح، بەشێک لە ئامرازەکانی ئایین بووە. لە لایەکی دیکەوە، خۆ بە پاک زانین و بێگەرد بوون لە گوناح، ڕێگە بۆ ئەوە دەکاتەوە کەسانی دیکە بە تاوانبار بزانن و بیانهێننە سەر ڕێگەی ڕاست. بۆیە لە دەسەڵاتی ئایینیدا ڕێگەی ڕاست ئەوەیە، خۆیان دایانناوە و لاڕێکردن، سزاکەی ئەشکەنجەیە. دەسەڵاتی ئایینی بە پێی سیاسەتێک کە بوویەتی، زۆر بە ئاسانی نەیارانی خۆیان ئەشکەنجە و ئازار دەدەن و هەست بە گوناحیش ناکەن چونکە خۆیان بە پاک دەزانن و لە هەمان کاتیشدا خۆیان بە نوێنەری خودا لەسەر عەرز دەزانن.

کێشەی دیکە لەناخی ئیلاهیاتی ئەشکەنجەدا بیرۆکەی تۆبە و پەشیمانی لە ناو ڕەوشتی ئیلاهیاتی نەفی بۆ ئەوەیە مرۆڤەکان تاوانبارن و پاک ببنەوە بەڵام بۆ لەبیرکردنی ڕابردوو، دەبێت ڕابردو پاک بکرێتەوە. توخمی گوناح و لەبیرکردن لە ناخی تاکی کۆمەڵگە و پشتبەستن بە دروشمی عیرفانی و ئایینی بۆ سڕینە و نۆستالۆژیی ڕابردوو لەگەڵ ترس و تۆقاندن و “ئەوی دیکە” بە تاوانبار ناساندن و دیسکۆرسی دوژمن سازکردنی بە شێوەی وەهمی و خەیاڵی بەردەوام لە ناخی ئیلاهیاتی نەفیدا، ئامرازێکی گرنگ بووە. بیرۆکەی تۆبە و پەشیمانی لە ناو ڕەوشتی ئیلاهیاتی نەفی بۆ ئەوەیە مرۆڤەکان تاوانبارن و پاک ببنەوە، بەڵام بۆ لەبیرکردنی ڕابردوو پێویستە ڕابردوو پاک بکرێتەوە. توخمی گوناح و لەبیرکردن، لە ناخی تاکی کۆمەڵگەدا هەوێنی بەستووە و پشتبەستن بە دروشمی عیرفانی و ئایینی بۆ سڕینەوەی خوێنێکە لە پێناو عیرفان و ئیلاهیاتی یەکەخوازدا. ڕوانینی سیاسیی بوونی یەکە، بۆ جیهانێک کە پڕ لە گوناح و فیتنەیە و بۆ دەستەبەرکردنی پاکی و بێگەردی، پێویستی بە پیرۆزیدان بە زەوی و پاککردنەوەی جیهان لە شەڕ هەیە و ئەویش لە ڕێگەی فتوای ئایینییەوە جێبەجێ دەبێت کە سەکۆی وتاربێژە تاریکپەرەستەکانە.

پێشتر وتمان هەرکەسێک ئەندازەکەی، هێندەی “تەختی” ئیلاهیاتی یەکەخواز نەبێت، دەبێت خۆی لەو ئەندازەیەدا بگونجێنێت، دەنا لە ناو دەچێت. ئەمەش سڕینەوەی توخمی عەقڵانی لە تاکەکان، بە پشتبەستن بە بیری چارەنووسسازە و ئەمەش ئاسایشی دەروونیی مرۆڤەکان زەوت دەکات و مرۆڤەکان بەناو ئاسایشەوە دەبێت باجی ترس و ئاسایشەکە بدەن. دوالیزمی بوونی یەکەخواز، پاڵنەری میتافیزیکیی ناعەقڵانییە. دیارە شێوازی سزادان و ئەشکەنجەی نەیارانی دەسەڵاتی ئایینی لە تۆبەکردنەوە دەست پێ دەکات و چونکە دروشمی ئیلاهیاتی یەکەخواز ئیماندار و بێ ئێمانە و دەرکەوتە سیاسییەکەیشی دۆست و دوژمنە، بۆیە کەسانێک هەن خۆیان بە پاکترینی مرۆڤەکان دەزانن و حوکمی خۆیان لە خودا و پێغەمبەر وەرگرتووە و بە فەیزی ئیلاهی گەیشتوون و دەتوانن هەموو یاسایەک ژێر پێ بنێن و بە لایانەوە گرنگ نییە دادپەروەری و ئازادیی بیر و بۆچوون چییە. کەواتە نوێنەرانی ئیلاهییاتی یەکەخواز حوکم لە خودایەک وەردەگرن لە لای ئەوان خودای سزا و تۆڵەکردنەوەیە و چونکە لەش و ڕۆحی مرۆڤ ئەوانن، مافی زیندوبوون و مردنیان پێ دەبەخشن و بە ئاسانی ئەوەی بیانهەوێ بە سەر نەیارانی خۆیانی دەهێنن. لە ئەشکەنجەی لەشەوە بگرە تا دەگاتەوە لاقەکردنی نەیارەکانیان. بۆ ئەوەی حوکمی خودا و نوێنەرەکەی جێبەجێ بکەن سڵ لە هیچ بەهایەکی مرۆیی ناکەنەوە و هەمووی ژێر پێ دەنێن و خۆیان بە خاوەنی لەش و ڕۆحی مرۆڤ دەزانن.

 ئیلاهیاتی ئەشکەنجە لە لایەن ئیماندارە دەمارگرژەکانی وەکوو تاڵەبان و داعش و کۆماری ئیسلامی یەکێکن، ئەگەر ئیسلامی سیاسی هەزار لق وپۆی هەبێت یەک دەندووکی هەیە. ئیلاهیاتی یەکەخواز، دەست بەسەر ژیان و لەش و دەروونی مرۆڤەکاندا دەگرێت و مان و نەمانی مرۆڤەکانی لە ئەستۆیە. خۆیان لە هۆدەی ڕووناکایی داناوە بۆ ئەوەی نەیارەکانی خۆیان لە ڕێگەی سزادان و کوشتن و بڕین و دانپێدانان، بە فەیزی لایەتەناهییان بگەیەنن. دەبینین ئیماندارە دەمارگرژەکانی وەکوو کۆماری ئیسلامی چەندە عاشقی تەکنیک و تەکنۆلۆجیی نوێن و دەستەبەرکردنی چەکی نوێ باشترین هەنگاوە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان ئەویش پاککردنەوەی جیهان لە بێ دین و کافرەکانە. کۆماری ئیسلامی وەکوو نوێنەری ڕاستەقینەی توندئاژۆترین دەزگای ئایینی، بە باشی ئیلاهیاتی نەفیی ئیسلامی جێبەجێ کردووە. کێشەیەکی دیکە بەکارهێنانی ئەخلاقی دژە ئەخلاقە. بە پێی بەرژەوەندی و پاراستنی دامودەزگای ئایینی، دەتوانی درۆ بکەیت. درۆ لە ناو ئایینەوە هاتووەتەوە ناو سیاسەت و کۆمەڵگەوە. چەمکی “تەقیە”، شێوازێک لە دووڕوویی و درۆکردن لەگەڵ خۆتە تا دەگاتە دانوستان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەهێز. کاتێک دەسەڵاتی ئایینی توانای بەرەنگاربوونەوەی لەگەڵ دوژمنی زلهێزی خۆی نەبێت، بێدەنگی هەڵدەبژێرێت و کاتێک دەسەڵاتی گرتە دەست، حاشا لە هەموو شتێک دەکات. درۆی مەسڵەحەتی، بەشێک لە کولتووری کۆمەڵگەی ئێرانی، بە هۆی داسەپاویی دەسەڵاتی ئایینییە. تەنانەت لایان وایە بۆ پاراستنی دەسەڵات پێویستە هەموو بێ ئەخلاقییەک بکەیت.



کۆتایی

ئەوەی لە کۆتاییدا جێی وەبیرهێنانەوەیە ئەوەیە، ئیلاهیاتی نەفی، تیۆرییەکی ئایینییە و لە کۆمەڵگەی ئایینیی وەکوو ئێراندا، لە پلەی یەکەمدا ڕۆڵی گرنگی هەیە و گرووپە سەلەفییە جیهادییەکان، پێویستییان بەم جۆرە تیۆرییانە نییە، چونکە ڕاستەوخۆ کۆمەڵگە دەکەن بە دوو چینی ئیماندار و بێ دێن و کوشتن و سووتاندن بە مافی ڕەوای خۆیان دەزانن. گەرچی هەموویان لەم خاڵەدا هاوبەشن، جیهانێکی یەکە و پاک و بێگەرد و پڕ لە ئیمانداریان دەوێت و دروشمیان داگیرکردنی گشت جیهانە. بەڵام بوونی یەکەخواز، ئایدیۆلۆژییەکی سەرومێژووە و گرنگی بە ڕاستییەکان نادات و سەرکوتی دەکات و ئەم مەرامە لە ناو نازییەکانی ئاڵمان هەبووە و بە لایەنگری لە بیری بوونگەرایی، سیستەمێکی دڕندە و نامرۆڤانەیان ساز کرد و دەرەنجامەکەی ئاشۆیتس بوو.

کەواتە ئیلاهیاتی یەکەخواز و دەسەڵاتی ئایینی لە جۆری کۆماری ئیسلامی، لە لایەکەوە فاشیستییە چونکە ناسیۆنالیزمی ئێرانی پێش خۆی هەڵگرتووە و لە لایەکی دیکەوە مەزهەبی و ڕەگەزپەرستانەیە چونکە باوەڕی بە سەرخستنی ئایینزای شیعەگەری هەیە و سەرکوتکارانەیە چونکە هێزی چەکداری سەرکوتکاری هەیە و باش دەزانن ئێران وڵاتێکی فرە نەتەوە و فرە زمانە و بە ئاژاوەنانەوەی ئایینی و ئیتنیکی، خەڵکی لە یەک جیاکردووەتەوە و خەڵکیان ئەتۆمیزە کردووە بە جۆرێک کە تەنیا بیر لە بژێوی ژیان بکەنەوە و بیر لە ئازادی و دادپەروەری نەکەنەوە و چونکە لایەنی پەروەردەش خۆیان دایدەڕێژن، جگە لە دەستەمۆکردن و متوربەکردنی ئایدیۆلۆژیی خۆیان شتێکی وەها لە ناو پەروەردەدا نییە جێگەی دڵخۆشی بێت.



سەرچاوەکان

١.بدایە الحکمە، علی شیروانی، چاپ قم، جلد ١

٢.فەلسەفە در قرن بیست، کریستیان دولاکامپانی، ترجمە باقر پرهام

٣.تاریخ فلسفە در جهان اسلام، حنا فاخوری، ترجمە ایتی

٤.تکنیک و ئیمان، نیکفر، ١٣٨٦

٥.امتناع تفکر در فرهنگ دینی، ارامش دوستدار

[1] .negative theology

داگرتنی بابەت

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان