ئارامتر بخوێنەوە
زنجـــــیر
مەعروف كەعبی*
“ئەم دەقە پێش باڵوبوونەوە لە الیەن چەند کەسەوە خوێنراوەتەوە و لە تێبینییەکانیان بەهرەی زۆرم بردووە. بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگای قسەوباس لە گەڵ پۆلێک لە توێژەرانی ئێرانیی بواری ئەدەبیات بە درێژایی چەند ساڵ سەبارەت بە چۆنییەتی نووسینەوەی بیرەوەریی کەڵکی زۆرم وەرگرتووە. لەو ماوەدا ئەوان بە تامەزرۆییەوە بەشگەلێکی دیکە لە بیرەوەرییەکانی کوردستانیان
خوێندەوە. بیرەوەرییەکان ئێمەی پێکەوە زۆرتر نزیک کردەوە. هەروەها بەتایبەت سپاسی کاوە قوبادی دەکەم کە تێبینی و ڕێنوێنییەکانی سەبارەت بە چۆنیەتی گێڕانەوەی داستان یەکجار پڕبایەخ بوون. هەروەها سپاسی ناسر مورادی دەکەم کە چەند جار بە وردی دەقەکەی خوێندەوە و لە تێبینییەکانی کەڵکم وەرگرت.بیرەوەرییەکانی دیکەی نووسەر کە ساڵەکانی نێوان ڕاپەڕێنی ئێران و ١٣٧٠( ١٩٩١-١٩٧٩ ) دەگرێتە خۆ، لە دوو کتێب لە ژێر ناوەکانی »دەشتی دارێ« و »ئەڤین و قین«دا باڵ‌و کراونەتەوە. “
ئەم دەقە کورتە کە دەیخەمە کۆشی گەرمی خوێنەر، داستانی ڕووبەڕووبوونەوەی تاکێکە لە گەڵ گەلێک ڕووداوی چاوەڕواننەکراو بەدوای کۆچیدا بۆ تورکیا لە نێوان بەهاری ١٣٧٠ و پاییزی ١٣٧١ (١٩٩٢- ١٩٩١) و بەدوای ئەوە دونیایەکی ئەولاوەتر واتە ئورووپا. ئەو هۆکارەی وا بۆ نووسینەوەی بەسەرهاتەکانی ئەو ساڵانە هانی دام، چاوەڕواننەکراویی تورکیا و دواجار ئورووپایەک بوو کە وە‌ک دیوارێک هاتە سەر ڕێگام و سەرم بە توندی پێیدا دا بەجۆرێک کە ئاڵوگۆڕێکی قووڵی لە تێگەیشتنەکانی من سەبارەت بەو دونیایە و دونیای پێشتری خۆم پێک هێنا. نووسینەوەی بیرەوەریی خاوەن کێشەکانی خۆیەتی وەکوو چی بنووسرێ و چی لابچێ و چۆن بنووسرێ. وادیارە ئاستی نووسینیش بە باڵا و بوێریی نووسەر بۆ نووسینەوە بەندە. هەموو کەس لە نووسیندا ئامانجێکی هەیە. کازانزاکی نووسەری بەناوبانگی یۆنانی نووسین لە خزمەت شەڕی ڕووناکی لە گەڵ تاریکیدا دادەنێت. شێرکۆ بێکەس ئامانجی نووسین گەیشتن بە ئازادی دەزانێت. نووسین بۆ زۆر کەسیش بەشێکە لە ژیان و حەزێکە بۆ دەربڕینی قسەی دڵ و ئامانجەکەی بە ئامانجی ژیانی نووسەرەوە گرێ دراوە.
ئەم بەسەرهاتانە لە سلێمانییەوە دەست پێ دەکات و داستانەکە لە زمان کەسێکەوەیە کە ئەو کاتە پێشمەرگەی کۆمەڵە بوە. بەدوای ڕاپەڕینی کوردستانی باشوور لە نەورۆزی ١٩٩١/١٣٧٠ دا، ئەو شارە ماوەیک بوو لە ئازادی‌دا دەژیا. بەڵام لە ئاکامی گرتنەوەی ئەو ناوچەیە لە لایەن ڕژیمی بەعسەوە لەو مانگەدا، سلێمانی و شارەکانی دیکە چۆڵ کران و بەوجۆرە زۆرتر لە دوو ملیۆن کەس ئاوارەی کوردستانی ئێران و تورکیا بوون. ئەو ڕووداوە بە کۆڕەو ناوی دەرکرد و گەلێک کارەساتی ناخۆشی لێ کەوتەوە. زۆربەی هێزەکانی پێشمەرگەی کۆمەڵە لە دەورووبەری سلێمانی جێگیر ببوون. دوای ماوەیەک کە بارودۆخەکە ئەهوەن بوەوە، خەڵکی سلێمانی بۆ شارەکەیان گەڕانەوە. لەو ماوەدا ژماره‌یه‌ک له پێشمه‌رگه‌کانی هاوڕێمان به‌ره‌و تورکیا ڕۆیشتبوون تا لەوێوە بۆ ئورووپا بڕۆن. به‌مجۆره ته‌وه‌ری ڕۆیشتن بۆ تورکیا له ناو ئێمەی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەدا بوه بابه‌تێک. لە ماوەی دوو ساڵی پێش ئەوەدا و لە جەرگەی کێشە ناوخۆییەکانی کۆمەڵەدا، بابەتی ڕۆیشتن بۆ ئورووپا زەقتر ببوەوە. لە کۆتایی ساڵەکانی دەیەی ١٣٦٠/١٩٨٠ ڕیزی ئەوانە‌ی داوایان دەکرد بۆ ئورووپا بەڕێ بکرێن، لە بەردەم کومیتەی ناوەندییدا درێژتر دەبوەوە. لە ئاکامدا، ناوەندیی لە کۆبوونەوەی بەرینی خۆی لە بەهاری ١٩٨٨/١٣٦٧دا ڕەخنەی لەو دیاردە گرت و بەدوای ئەوەدا کاک سەید برایم عەلیزادە دەبیری یەکەمی کۆمەڵە هات بۆ گوڵان کە لە دۆڵی ئاکۆیەتی و بەرامبەر بۆتێ هەڵکەوتوە، تا ئاکامی باسەکان و بڕیارەکانی ئەو کۆبوونەوەیە بگێڕێتەوە. لە قسەکانیدا هەروەها باسی مەسەلەی ڕۆیشتن بۆ ئورووپای کرد و ڕەخنەی لەوە گرت کە زۆر کەس و بەجۆرێکی نامەعقوول داوای ناردنیان دەکەن. سەرەڕای ئەمە، ورەی مانەوە بەرزتر بوو. ماوەیەک دوای ئەوە لە دۆڵی بۆتێ بووین کە لە لایەن هاوڕێیەکەوە لە ئورووپاوە پاسپۆڕتێکم بۆ هات. لە مەقەڕ دانیشتبووین کە کەسێک هات و پاسپۆڕتەکەی دا دەستم. دوای ئەوەی پیادا ڕوانیم، پێشکەشم کرد بە هاوڕێم مەحموو کە لە پەنام دانیشتبوو تا ئەگەر بیهەوێ ئەو کەڵکی لێ وەربگرێت. بەڵام پاسپۆڕت دەستاودەست ڕۆیشت و نەمزانی چی بەسەرهات. بۆیە لە هەمان کاتدا و بە هەمان ڕادە لە سەر مانەوەش پێداگریی زۆرتر دەکرا و زۆربەی هێزەکانی پێشمەرگە لە هاوینی ٨-١٣٦٧ (٩-١٩٨٨) دا چالاکیی زۆریان لە ناوچە داگیرکراوەکان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بەڕێوە برد.
هۆکارەکانی زەقتربوونەوەی مەسەلەی ڕۆیشتن بۆ ئورووپا، گرێدراوی هەلومەرجی نوێ و کۆمەڵێک هۆکاری نیزامی و ڕێکخراویی بوو. کەسەکانێک لە ڕێبەرایەتی کۆمەڵەدا دواتر هۆکاری کۆچی پێشمەرگەکان بۆ دەرەوەی وڵاتیان دەخستە خانەی «شکست» و «هەزیمەت» کردن. لە ماوەی نێوان باسە ناوخۆییەکان و کۆڕەوەکەدا، لە بەر ئاکامەکانی شەڕێ ئێران و عێراق و داخرانی سنوورەکان هەلومەرجی چەکدارانە بە زیانی پێشمەرگە شکابوەوە و درێژەی چالاکیی لە ناوەوەی ئێرانی بەرتەسکتر و مەترسیدارتر کردبووەوە. لە هەمان کاتدا هێزی پێشمەرگە لە باری جیسمییەوە هێزێکی ماندووی دە ساڵ چالاکیی بەردەوام و بێپسانەوە بوو. لە لایەکی دیکەوە کۆمەڵەش ئاڵوگۆڕی سیاسی و ڕێکخراوەیی تاقی دەکردەوە. باسە ناوخۆییەکانی کۆمەڵە دوو لایەنی هەبوو. لایەنێک کە بە «چەپ» ناوی دەرکرد، پشتیوانی بۆچوونێک بوو لە ژێر ناوی کۆمۆنیزمی کرێکاری (کە ئەندامێکی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیست واتە مەنسوور حیکمەت دامەزرێنەری بوو). بە پێی ئەو بۆچوونە، مەترسی تەواوبوونی شەڕی ئێران و عێراق بۆ سەر هێزەکانمان، ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی لە چۆنیەتی چالاکییەکانی کۆمەڵە و هێزی پێشمەرگەدا داوا دەکرد. لایەنی دووهەم کە بە «ڕاست» زڕا و ناوبانگی دەرکرد، لایەنگری لە کۆمیتەی ڕێبەری دەکرد کە بەرپەرچی ئەو جۆرە بۆچوونەی دەدایەوە. لە ئاکامدا، حیکمەت و لایەنگرانی لە کۆمیتەی ناوەندنی حیزبی کۆمۆنیست و کۆمەڵەدا لە پلۆنۆمی شانزدەدا سەرکەوتنیان بەدەست هێنا و لایەنەکەی دیکە بە بۆچوونی دژی کرێکار و کۆمۆنیزم تۆمەتبار کران. ئەم سەرکەوتنە لە بەر ئەوە بوو ئەندامانی کۆمیتەی ڕیبەری لەو پلۆنۆمەدا ڕەخنەیان لە خۆیان گرت. بەدوای ئەوەدا، لایەنی دووهەم، تەنانەت سەرەڕای ڕەخنەی ژمارەیەکیان لە خۆیان، کەوتنە ژێر فشارێکی قووڵی فیکریی و ڕەخنە و تانەوتوانج. کەسانێک کە پێشتر بە پێشڕەوی چینی کرێکار خۆیان دەبینی، ئێستا جێگایان لە بەرەی بورژوازی و ناسیۆنالیزمدا بۆ دیاری دەکرا. لە دوو بەرەکیدا هیچ لایەنێک بێ‌خەتا نایەتە دەر. خراپتر ئەوەیە کە ڕەوشتە ناشیرینەکان لە پێناو ئامانجێکی گوایا پیرۆزتر پاساو بدەن. بەرەی بە «ڕاست» ناسراویش تۆمەتەکانی خۆی بەرامبەر بە لایەنەکەی دیکە خەستتر و توندتر دەکردەوە. لە ناوچەی سەقز کە جێگای منیش بوو، زۆربەی هەرە زۆرمان لە بەرامبەر بیرۆکەی کۆمۆنیزمی کرێکاریدا وەستابوون، ئەگەرچی ئەوەمان لە کۆمۆنیزم و کرێکار جیا دەکردەوە. دوای باسەکان، ئێمەش کەوتینە هەوڵدان بۆ سەلماندنی ئەوەی ئێمەش هەروا «چەپ» ماوینەتەوە. بەڵام ئەو هەوڵانە سوودێکی نەبوو. تۆمار ئیمزا دەکرا کە تا پانزە ڕۆژ ڕاستەکان مەجالیان هەیە یا ڕەخنە لە خۆ بگرن یا ئه‌وێ جێهێڵن. بێحورمەتی و تانە و توانجەکان کۆتای‌یان نەئه‌هات. لە کۆبوونەوەیەکی ئەندامان، کەسێکی «چەپ» هەستایە سەر پێ و لە کاتێکدا کە بە قامک ئاماژەی بە شوێنی ئوردووگای حیزبی دیمۆکرات-ڕێبەرایەتی شۆڕشگێر دەکرد، بە سەرماندا دەیقیژاند کە ئەگەر تۆمار ئیمزا ناکەن، «ئەوێ جێگای ئێوەیە بۆ ناڕۆن»؟ سەرەڕای ئەمانە، زۆربەمان وردە وردە ئەو دووبەرەکایەتییەیان بە جددی وەرنەگرت و تەنانەت هاوڕێیەتی تازەمان پێک هێنا. بە کورتی، بەرتەسک‌بوونەوەی چالاکیی پێشـمەرگە لە ناوەوەی کوردستانی ئێران و بێ‌ئاسۆییەک کە لە ئاکامی گردەلوولی کوتوپڕی بەناو کمونیزمی کرێکاری کە کۆمەڵەی لە گەڵ خۆ هەڵگرت، هۆکارگەلێکی گرینگ بوون کە ڕۆیشتن بۆ ئورووپای ورەدە وردە کردە مەشغەڵەمان.
لە کاتی کۆڕەوەکەدا ئەو پۆلە پێشمەرگە کە پێشتر بڕیاری ڕۆیشتن بۆ تورکیایان دابوو، گەیشتنە ئانکارای پایەتەختی ئەو وڵاتە. بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە ژماره‌یه‌کی زۆرتری بۆ ڕۆیشتن هاندا. له‌و بارودۆخەدا شه‌ش که‌س بڕیارمان دا بۆ تورکیا بڕۆین. پێش ڕۆیشتنمان، کەسێک یا دوو کەس چوون بۆ دیتنی ئەندامێکی ناوەندیی کۆمەڵە و ئاگاداریان کرد کە ئەگەر ئەوان (واتە ناوەندیی کۆمەڵە) بەتەمان لە بەرامبەر مەنسووری حیکمەت وئەوانی دیکەدا کارێک بکەن (واتە بوەستنەوە و خۆیان جیا بکەنەوە)، ئێمەش لە ڕۆیشتن پاشگەز دەبینەوە. بە وتەی ئەو هاوڕێیە، جوابێکی وای نەبیست کە ئێمە پاشگەز بکاتەوە. دیارە لەدوای ئه‌و هەموو ساڵە، گێڕانەوەکان لێڵتر دەبن. بەڵام ئەو هەوڵ و داواکارییە لە لایەن کەسانی دیکەشەوە ڕوویان دا. بەداخەوە ئەو ورەی کە بەدوای باسەکاندا پەرەی پێ دەدرا، خاوکردنەوەی ڕەخنە و تەمکین‌کردنی لێ کەوتەوە. ژمارەیەکی زۆر لە کادرەکان کۆ کرانەوە و بۆ دەرەوە نێردران. ناوەندیی کۆمەڵە چەند جار ئەو هەلەی بۆ هەڵکەوت کە هەڵوێست بگرێ و بەوجۆرە هێزێکی زۆرتر لای خۆی ڕابگرێت. هەموو جارێک ئەو هەلانەی لە کیس دا. کەچی دواجار و بەدوای چەندین جیابوونەوە، چەند کەسێک لە ڕێبەرانی کۆمەڵە ڕەوایەتێکیان کردە باو کە ڕۆیشتن بۆ تورکیای، بەوانەی کە بە چەپیش دەناسران و دواتر ڕۆیشتن، بە «هەزیمەت» دەناساند. یەکێک لە ڕێبەرانی کۆمەڵە کە دەوری سەرەکیی هەبوو بۆ جێخستنی کۆمۆنیزمی کرێکاری یا لە کاتی وەستانەوەی سەدان کەسی دیکە لە بەرامبەر ئه‌و بیرۆکە فکرلێنەکراوەدا هیچ دەورێکی نەنواند، سی ساڵ دواتر ڕەوایەتی هەبوونی ڕەخنە و وەستانەوە لە بەرامبەر ئەو بیرۆکەدا دەنووسێت و لەوێدا خۆی بوەتە ناوەندی ئه‌و ڕەوایەتە، بەجۆرێک کە مێژوو بەدەور ئه‌ودا دەخولێتەوە. کەچی هەموو ئه‌و کەسانەی دیکەی کە لە بەرامبەر ئەو بیرۆکەدا ڕاوەستان، لە بیر کردوە. لە ڕاستیدا، ڕەخنە لە بەرپرسی بەوجۆرە تەنها بەوە بەرتەسک نابێتەوە کە تێگەیشتنێکی هەڵەی لە دیاردەکان هەبوە. ڕەخنەی سەرەکی دەبێ ئەوە بێ کە وەها بەرپرسانێک بەدیلێک کە خەریک بوو لە بەرامبەر کۆمۆنیزمی کرێکاریدا شکڵ بگرێت، سەرکوت کرد. قۆناغە مێژوییەکان دەریدەخەن کە سەرکەوتنی بەناحەقی هەر ڕەوتێک هاوکات لە گەڵ سەرکوتی بەدیلی خۆی و پێکهێنانی کەشوهەوای ئەو سەرکوتە لە ڕێگای مێکانیزمەکانی سەرکوت (وە‌ک ناوزڕاندن و تۆمەتبار کردن بە لادان لە ڕێبازی ڕەسمی یا بنەما فیکرییەکان) مسۆگەر دەکرێت.
بیرۆکەی چوونەدەرەوە بۆ ئورووپا سەرچاوەیەکی کۆنتری هەیە. زۆربەی ناوەندییەکانی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیست هەر لە ساڵەکانی ١٣٦٣ و ١٣٦٤/١٩٨٥ەوە خاوەن پاسپۆرتی ئورووپا بوون. ئەوانە‌ی وا ماوەیەکی زۆر بوو لەوێ دەژیان، کارێکی شیاوی سیاسی و جەماوەری و تیۆریشیان له‌وێ نەکردوە کە پاساو بۆ ڕۆیشتنەکەیان بهێنینەوە. کۆمەڵە هەموو مانگێک حەوت هەزار دۆلاری بۆ کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیست لە دەرەوە بەڕی دەکرد! تازە بە پێی بەڵگەکان ئەوانە‌ی دەرەوە داوای زۆرتریشیان دەکرد. ئەوە لە کاتێکدا بوو کە لە ساڵەکانی دەیەی ١٣٦٠دا، پێشمەرگەی کۆمەڵە زستانەوزستان جلوبەرگ و پێلاوی لاستیقی تازە دەکردەوە و پوڵی وەرنەدەگرت، چوونکوو لە گەڵ بیروباوەڕی نەدەهاتەوە. زۆر کەسی دیکە بە هۆی هاوسەرەکانیانەوە یا بە هۆی نەخۆشییەوە چوونە ئورووپا. هەرچی بۆ دواوەتریش دەچین، بەرۆکی ئه‌و کەسانە دەگیرێت کە چەمکی هەزیمەت بەکار دەبن. لە گەڵ جێگیربوونی ناوەندیی لە باشووری کوردستان و پێکهاتنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە کۆتایی هاوینی ١٣٦٢/١٩٨٣دا و گەشەکردنی دەوری کەسانی لایەنەکەی دیکە لەو حیزبە و لە کۆمەڵەدا، وردە وردە واژەگەلێک بە ئەدەبیاتی ئێمەی پێشمەرگە زیاد کرا: سۆئێد، ئورووپا. ئه‌و واژانە تەنها لە بەر بریندارەکانی شەڕ کە تەنها بڕێکیان بۆ ئه‌وێ دەنێردران، بڵاو نەببونه‌وە. پاساوی ئیدیۆلۆژیکیی ئه‌و جێگانەی وە‌ک ناوەندی «خەباتی چینایەتی جیهان» دەناساند کە دواتر بیرۆکەی خاوی کۆمۆنیزمی کرێکاری لێ هاتە دەر.
هەڵوێستی ئێمە بۆ ڕۆیشتن بۆ تورکیا بەمانای ڕۆیشتنی سەربەخۆ بوو بەڵام کۆمەلەش وە‌ک یارمەتی بە هەرکامەمان سێسه‌د دۆلاری دا و به‌ره‌و سنووری دیانا به‌ڕێ کراین تا لەوێوە بچین بۆ تورکیا. چه‌ند که‌سی دیکه‌مان له‌گه‌ڵ بوو که پێیان سپێردرابوو ڕە‌وانه‌مان بکەن به‌لام وه‌ک گول چاویان لێ ده‌کردین. بەهاری ١٩٩١ بوو کە گەیشتینە یەکەم گوندی کوردستانی تورکیا بە ناوی ئاناداغ (کێوی دایک). لەوێ چاوه‌ڕوانی ئه‌ندامێکی کۆمه‌ڵه‌مان کرد کە پێشتر لە لایەن کۆمەڵەوە لەبەر ئەوەی ئەو شارەزای زمانی خەڵک بوو، بۆ دۆزینەوەی ڕێگا بۆ ئەو ناوە نێردرابوو. نێوان ئەو کەسە و پێشمەرگەکانی موکریان و ورمێ لە بەر لێڵی لە بەسەرهاتی تاڵی گوردانی ورمێ کە ئەو فەرماندەیان بوو، دەمێکە بوو تێکەلێک بوو لە گومان و ناخۆشەویستیی. زستانی ١٣٦٤ ئەو هێزە لە کاتی پشووداندا تارومار دەکرێن و زیاتر لە بیست کەس گیانیان بەخت دەکەن. سمایل کە پێشـمەرگەیەکی گوردانی ورمێ بوو و لەو کارەساتە بەجۆرێک دەرباز ببوو، زۆر شتی بۆ گێڕابوومەوە. ئەو فەرماندەیە هێزەکەیان بەجێ دەهێڵێت یان وە‌ک خۆی دەڵێ ون دەبێت و دواتر لە ڕێگای شارەکانی ئێرانەوە دەگەڕێتەوە بۆ لای کۆمەڵە. ئەویش لە لەبەر لووتبەرزی و خۆبایی بوون، گومانەکانی بۆ سەر خۆی زۆرتر کرد. کە گەڕایەوە، ئەندامێکی ناوەندیی کۆمەڵە چەکێکی کلاشینکۆفی «جوانی»ی پێ خەڵات دەکات. دواتر کرا بە بەرپرسی ئاموزشگای (ناوەندی فێرکردنی) پێشمەرگە. لە هاوین و زستانی ١٣٦٥دا لە بەر ئەوەی سێهەم کەس لە بنەماڵەکەمان واتە سدیقی برام گیانی‌بەخت کردبوو، لە ئاموزشگادا ڕێک خرا بووم. بەسەرهاتەکانی ئەو ساڵانە لە کتێبی «دەشتی دارێ» دا باس کراون. بەرپرسی نوێی فێرگە جار بە جار لە سەفەری گەڕانەوەی شتێکی دەگێڕایەوە. ئەو جۆرە گومانانە هیچ کات ڕوون نەکرانەوە. هەروەک چۆن زۆر بەسەرهاتی دیکە ڕوون نەکراونەتەوە. ئەزموونی کۆمەڵگای سیاسی واتە حیزبی سیاسی لە بزووتنەوەی کوردستانیشدا هەتا ئێستا ئەندامەکانی وا فێر کردوە کە کێشەکان وە‌ک تەپوتۆزی سەر فەرش بە گزکێک ڕاماڵێنە ژێر فەرشەکە بۆ ئەوە نەبینرێن. بەمجۆرە نە کادر پێک دەهێنرێت نە ڕێکخراوەکەش چابوکتر دەبێت. کە دواجاریش کەسەکان باڵا ئەکەن و ئەو لە جێگای خۆیەتی و هەلەکان ناقۆزێتەوە، دەڵێ بۆ «هەزیمەت» دەکەن، بۆ بوونەتە «ڕاست»؟
تاریک داهات کە ئەو و کەسێک بە ناوی ئیرەج لە شەمزیناوە کە پێنج ساعەت بە ماشێن دوور بوو، خۆیان گەیاندە ئاناداغ. که گەیشتە لامان، حاشای له‌وه کرد ئاگاداری هاتنی ئێمه‌یه ئه‌گه‌رچی ده‌مانزانی پێی سپێردراوه ته‌نانه‌ت کارتی په‌نابه‌رانی ئوردوگای دیاربه‌کریشمان پێ بدات بۆ ئەوەی سەربازانی تورک لە پشکنینەکاندا بەرمان نەگرن. ئێمه‌ش بڕیارماندا بێ یارمه‌تی ئه‌وان درێژە به ڕێگا بده‌ین. لە دەمەو بەیاندا و به یارمه‌تی پیاوی ساحێب مال له‌و گونده که بنکەی سه‌ربازانی تورکی لێ بوو، لە ئاناداغ وەده‌رکه‌وتین. تا لای نیوه‌ڕۆ رێگامان بڕی و چه‌ند سەربازخانەمان ده‌ور لێدایه‌وه. گه‌یشتینه هه‌وارێک لە نزیک گوندی دەرەجیک که تاقه ماڵی حاجییه‌کی لێ بوو. له‌وێ پشوومان دا. له ناکاو دوو جه‌هێڵی کوردی باشوور هاتن و ده‌رکه‌وت شوێنی ئێمه‌یان گرتوه و له زووه‌وه له ژێر چاوەدێری ئه‌وانداین. ئێمه‌یان وه‌ک موجاهید ده‌ناساند. بەدوای ڕاپەڕینەکەی کوردستانی باشووردا، موجاهدینی خەڵقی ئێران هاوڕێیەتی ستوونەکەی عیزەت دووری‌یان کرد بۆ گرتنەوەی کوردستان. هەر چیمان کرد باوه‌ڕیان پێنه‌کردین. ئه‌یان وت ئه‌ی بۆ کچه‌کانتان وا گورج و گۆڵن؟ هه‌ر کامیان ده‌مانچه‌یه‌كیان له که‌مه‌ر به‌ستبوو. به‌دوای تۆزێک ده‌مه‌قڕێ ئێمه‌یان به‌جێهێشت به‌ڵام له خوارتره‌وه خۆیان مات کرد. له به‌ر ئه‌وه و هەروەها لە بەر ئەوەی ناشارەزای ڕێگا بووین، بریارماندا بۆ زەڕگوێز بگه‌ڕینه‌وه.
هەوڵی دووهەمان بۆ کۆچ بۆ تورکیا چەند هەفتەیەکی خایاند. لەو ماوەدا گەلێک گۆڕانکاری سیاسی ناوخۆیی لە کۆمەڵەدا ڕووی دابوو. بەڕێوەبردنی کۆمەڵە بەدەست چەپەوە ئاکامی چاکی لێ نەکەوتبوەوە و بەڵێنیی ناوەندیی حزبی کۆمۆنیست و مەنسور حیکمەت بۆ ڕێکخستنی کۆچی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە بۆ ئورووپا لە ڕێگای ڕێکخراوی نێونەتەوەیی و بە تەیارە لە بەغداوە وە‌ک بلقی سەر ئاوی لێهاتبوو. ناڕەزایەتی لە باروودۆخەکە بە ئاشکرا دەبینرا و هەموو کەسی گرتبوەوە. تەنها ڕێگایەک کە دەمایەوە هەمان ڕێگای تورکیا بوو. «چه‌پ»یش هاتبوه سه‌ر ئه‌و قه‌ناعه‌ته هه‌موو که‌س بۆ تورکیا بنێرێت. ئەمجارە چوار کەسی دیکە لە چەپەکان بوونە هاوڕێمان. ئەوان هاوسەرەکانیان بۆ دەرەوە ناردرابوون. لە گه‌ڵ یه‌کێکیان پێش سه‌فه‌ری یه‌که‌مجارمان، به‌هه‌ڵکه‌وت له زەرگوێز پێکه‌وه ئاشپه‌ز بووین. په‌یتا په‌یتا سه‌ری قسه‌ی داده‌مه‌زراند و ڕۆیشتن بۆ تورکیای به ئاشبه‌تاڵ ده‌زانی. که‌چی ئه‌مجاره خۆی هاوسه‌فه‌ر بوو، بێ ئەوەی خۆی تێک بدات. به ڤیزای خێزانی که پێشتر بۆ ئورووپا نێردرابوو، مه‌جالی ڕۆیشتن بۆ ده‌ره‌وه‌ی له تورکیاوه بۆ ڕە‌خسابوو. ئه‌وان وە‌ک یارمەتی هه‌شت سه‌د دۆلاریان وەرگرتبوو. دیارە هاوسەفەرەکانمان ئەو جۆرە زانیارییانەیان لە ئێمە دەشاردەوە.
گه‌یشتینه‌وە ئاناداغ. ئه‌مجاره هاوڕێیەک بە ناوی نەجمە به‌رپرسی کاروانه‌که‌مان بوو که زمانی ئه‌و ناوه‌ی ده‌زانی و خۆی له ئانکاراوە هاتبوه‌وه. له گه‌ڵ پیاوێكی قاچاخبه‌ر لە ئاناداغ قه‌ول و قه‌راری دانابوو. خۆمان گه‌یانده لای ئەو کەسە. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ماوه‌ی قه‌راره‌که به‌سه‌ر چبوو، ئیتر ئەو پیاوە ئاماده نه‌بوو یارمه‌تیمان بکات. ئێمه هاوڕێکانمان ئاگادار کرد که ئێمە تا ڕادەیەک شارەزاین، پێشتر ئه‌و ڕێگامان کردوه و بۆمان گێڕانه‌وه که چلۆن به‌هه‌مان ڕێگا به شه‌و ده‌رکه‌وتبووین. به‌قسه‌یان کردین و به‌وجۆره خۆمان گه‌یانده تاقه ماڵه‌که‌ی دەرەجیک. له ئێواره‌دا به‌ره‌وخوار بووینه‌وه و چووینه گوندێکی دیکه. شه‌و له‌وێ ماینه‌وه و به‌رپرسه‌که‌مان توانی چه‌ند که‌س به قه‌ناعه‌ت بگه‌یێنێت به دوو ماشێن بمانبەن بۆ شه‌مزینان کە له نزیک شاری وان هەڵکەوتوە. لە ئاناداغ و لە ڕێگای گەلی‌شین خۆمان گەیاندە شەمزینان.
له شه‌مزینان کەسێکی لاینگری کۆمەڵەی لێ بوو. دۆلارەکانی ئێمەیان وەرگرت بە نیازی ئەوەی بیگۆڕنەوە بە لیرەی تورکی. لیره که‌م هات. بەرپرسی کاروانەکەمان به‌ڵێنیدا دواجار ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه پێمانی بگه‌یێنێت. ساڵێکی برد. هه‌واڵێک نه‌بوو. به زۆرەملی و نامه نووسین تۆزێکمان وه‌رگرته‌وه. له ناوماندا تاهیر و شه‌وبۆ زۆربه‌ی پووڵه‌که‌یان به‌وجۆره له‌كیس چوو که دوای ماوه‌یه‌کی زۆر ئه‌ویش نه‌ک هه‌مووی، درایه‌وه. چوار که‌سه‌که‌ی دیکه که له گه‌ڵمان که‌وتبوون، پووڵەکانیان نه‌گۆڕییه‌وه! دوای ماوه‌یه‌کی کورتیش به هاتنی ڤیزای هاوسه‌ره‌کانیان بۆ ئورووپا ڕۆیشتن.
ڕۆژی دوایی چووینە گاراجی شەمزینان تا بۆ شاری وان بڕۆین. بەڕیوەەبەرانی گاراج لە پێشدا ویستیان بە ئوتوبوسێک بمان نێرن کە سەربازێکی زۆری تێدا بوو. لە بەر هۆیەک کە لە بیرم نەماوە، بە ئوتوبوسی دوای ئەوان بەڕێ کراین. بەرەو وان دەڕۆیشتین کە لە سەر کەلێک گەیشتینە هێزێکی زۆری سوپای تورک. بۆمان دەرکەوت کە ئوتوبوسی سەربازەکان لەو جێگایە کەوتوەتە کەمینی گەریلاوە. کاتێک بە پەنای ئوتوبوسەکەدا تێپەڕ بووین، لە بەختی خۆمان بیرمان دەکردەوە. لە شاری وانیشەوە بەرەوە ئانکارا ڕۆیشتین. ئەمجارە کە کارتی پەنابەرانی دیاربەکرمان پێ‌بوو، لە پشکنینی سەر جادەکان کێشەیەکمان بۆ پێک نەهات. دوای پانزە ساعەت گەیشتینە ئانکارا. تا یەک دوو حەفتە لە ماڵی چەند هاوڕێیەکی دیکە بووین کە پێشتر گەیشتبوونە ئەوێ و ماڵێکیان گرتبوو. دواجار شەش کەسەکەمان پێکەوە ماڵێکمان بەکرێ گرت. لەو ماوەشدا خۆمان بە ڕێکخراوی UN واتە نەتەوە یەکگرتوەکان ناساند.
دوو یا سێ مانگ دوای خۆناساندنمان بە یوئێن، بە پێی قانوونی پۆلیسی تورکیا کە پەنابەرانی بۆ شارەکانی دیکە دەنارد، لە گەڵ سروه‌ی هاوسه‌رم بۆ نۆشه‌هیر (تازەشار) دابه‌ش کراین. لەو ماوەی کە لە ئانکارا بووین، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری پێک هات و چەپ و مەنسووری حیکمەت کۆمەڵەیان بەجێ هێشت. کەسانی یەکەمی کۆمەڵەش کەوتنە خۆ. دوای باران کەپەنک؟ کەسانێکیان هاندا بۆ ئوردووگای کۆمەڵە لە زەڕگوێز بگەڕنەوە تا کۆمەڵە بەهێز بکرێت. بە قسەمان نەکردن. کاریگەری ڕووداوەکانی پێشوو، هەستێکی ناخۆش و بەردەوامی لە زەینماندا لە خۆ جێ هێشتبوو.
لە نۆشەهیر چووینه ماڵی هاوڕێیه‌کمان و دوای چه‌ند ڕۆژ دیوێکمان له ژێرخانی ماڵێک به کرێ گرت. ساحێب‌مالەکان ژن و پیاوێکی مێهربان بوون. پیاوەکە لە ژنەکە بەتەمەنتر بوو. ئێوارەیەک هاتنە سەردانمان. کتێبێکی فێربوونی زمانی تورکیمان لا بوو. پیاوەکە کتێبەکەی بەسەرکردەوە و تۆزێک ئامۆژگاری کردین. ژمارە تەلەفوونی ماڵی ئەوانمان دابوو بە بنەماڵەکانمان لە ئێران. کە تەلەفوونمان بۆ دەهات، ژنەکە دەهات ئاگاداری دەکردین. بۆ دوای ماوه‌یه‌ک دوو هاوڕێی دیکه کە ئەوانیش هاتبوون بۆ تورکیا، دیوه‌که‌ی دیکه‌یان له‌و ژێرخانه به‌کرێ گرت و به‌وجۆره بووینه هاوماڵ. به‌دوای چه‌ند مانگ ئاگادار بووین که به زوویی منداڵمان ده‌بێت. له هه‌ل و مه‌رجێکی زۆر خراپ‌دا، ئاره‌ش به بنه‌ماڵه‌که‌مان زیاد بوو. شه‌وی پێش له دایک‌بوونی ئاره‌ش، بە یارمەتی ماڵی ساحێب‌مال و سەحەر کە لە گەڵ هاوسەرەکەی ببوە هاوماڵمان، هاوسەرەکەم گەیاندە نەخۆشخانە. به‌یانی زوو له به‌ر ده‌رگای نەخۆشخانە وه‌ستا بووم. پیاویان بۆ ناوه‌وه ڕێگا نه‌ده‌دا. له ناکاو ده‌رگا کرایه‌وه و ژنێک هاواری کرد «پیاوه ئێرانییه‌كه با بێته ژووره‌وه». خۆم گه‌یانده ئه‌وێ. منداڵێکی تازه له‌دایکبوو له سه‌ر مێزێک دانرابوو. لە بەر چاوم وا بوو کە ئه‌توت له ماست هه‌لژە‌نراوه. نه‌مده‌زانی ده‌بێ چ بکه‌م. پرسیاریان کرد ئه‌وه کوڕی تۆیه؟ بێ ئەوەی مەحتەلی جواب بن، بە پێی داب و نەریت کردمیانه ده‌ره‌وه. خۆم گه‌یانده ماڵی هاوڕێیان ڕابێ و حامید که ئەوانیش هاتبوونە تورکیا و لەو شارە بوون. ئەوان بەتەمەنتر و بەئەزموونتر بوون و خاوەن منداڵێکیش بوون. وتم کوڕمان بوه و دەمانهەوێ ناوی بنێین ئاره‌ش. له‌گه‌ڵ ڕابێ چوینەوە بۆ نەخۆشخانە. به‌ڵام سه‌حه‌ر هاته ده‌ره‌وە و ئاگادای کردین هێشتا منداڵه‌که له دایک نه‌بوه. ئەو منداڵە چەرمۆڵانە منداڵی زه‌وجێکی دیکه بوو. سه‌ره‌نجام منداڵ چاوی بە دنیا هەڵێنا. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کوڕ بوو، لەو ناوەی بۆمان دانا، بە خەسار نەچوو. چەندین ساڵ پێش ئەو ڕووداوە، کاتێک کە ساڵی ١٣٦٤ ماوەیەک لە دۆڵی مالومەی پشت پیرەمەگروون مامەوە، منداڵی زەوجێک ناوی ئارەش بوو. ناوەکەم بەلاوە خۆش هات و دیارە لە زەینمدا مابوەوە.
به‌دوای دوو ساعه‌ت له نەخۆشخانە ده‌ریان کردین. چووینه ماڵە‌وه. ڕابێ هه‌تا سێ ڕۆژ و شه‌و ئاگاداریی له ئارەش کرد. سەحەریش کە داییمە لە لامان بوو. جارێکیان لە نیوه‌شه‌ودا له خوارتره‌وه ڕاکشابووم. ڕابێ داوای کرد شیر بگرمه‌وه. نازانم بۆ، به‌ڵام لیوانێکم پڕ کرد لە شیر و دامه ده‌ستی. زۆرێک به‌وه پێکه‌نی. ژنانی ئه‌و گه‌ڕە‌که په‌یتا په‌یتا ده‌هاتن و ده‌چوون. له زمانی یه‌ک باش تێنه‌ده‌گه‌یشتین. به‌ڵام ئه‌وه نه‌ده‌بوه له‌مپه‌رێک. ماست، دۆ، که‌ره، نان، جلی منداڵ و گه‌لێک که‌لووپه‌لی دیکه‌یان بۆ هێناین. ده‌رگا داییمه کراوه بوو. ژنێک ده‌هات، ژنێک ده‌ڕۆیی. من هه‌تا هەتایه مه‌دیوونی ئه‌و دڵسۆزیی و یارمه‌تییانه‌م کە ڕابێ و سه‌حه‌ر و ژنانی تورکزمانی ئه‌و گه‌ڕە‌که‌ی شاری نۆشه‌هیر به ئێمه‌یان کرد. ئێستاش جاربەجار بۆ ئەوەی لەو گەڕەکە دوور نەکەومەوە، گوێ لە گۆرانی تورکی دەگرم. گۆرانی «سیل باشتان» (لە سەرداوە) بە دەنگی کیبارییە، بەمە دەست پێ دەکات: گوجون واڕمێ سۆگیلیم/ دێرین سولاردا ئینجی تانەسی ئارامایا…/ (ئایا هێزی ئەوەت هەیە عەشقم/ لە قووڵایی ئاوەکان بۆ مرواری بگەڕێی؟/ جەسارەتی ئەوەت هەیە/ لە گەڵ من لە عەشق بدوێی؟ ئایا ژیان خەریکە کایەمان لە گەڵ دەکا؟/ و هەستەکانی تۆش شێوابێتن؟/…/جاری وایە پێویستە لە سەرداوە دەست پێ بکرێت/ژیان بخرێتەوە ساتی یەکەم/هەموو شتێک فەرامۆش بکەیت/جاری وایە تۆ پێویستە لە سەرداوە عاشق بیتەوە/جاری وایە…). هەروەها گۆرانی «بیلیۆرسوون» (تۆ دەزانی) بە دەنگی سێزێن ئاکسوو، لە ژیانی پڕ غەم ئەدوێ: حەیات بازێن ئۆیلێ ئینساف‌سیز کی… (جاری وایە ژیان وەها بێ ئینسافە/ کە لە بۆشاییەکی بچووکیش کەڵک وەردەگرێت/ بێ ئەوی ئاگاداری بیت، لە لاوازترین کاتتدا / کت‌وپڕ لە دڵەوە بریندارت دەکات/…/ بڕێ شت هەیە ناوترێت/ و ئێمە بە بێدەنگی لە پەنای قسەکانمان تێپەڕ دەبین/ تەنانەت ئەگەر ئینسان لە ئێشا بەخۆیەوە بچێت/ ئەگەر لەو عەشقەدا جارێکی دیکە لە دایک بێت/ تەنانەت ئەگەر دونیاکەی لەسەرداوە درووست بکاتەوە/خەون و ڕاستیی لە یەکتر جیان).
بگەڕێمەوە بۆ ڕاستییەکانی ژیان. وەرگرتنی پەنابەر لە لایەن یوئێنەوە و دواجار هەناردنیان بۆ وڵاتێکی دیکەی ئورووپایی یا ئوسترالیا و کانادا بە پێی بەرنامەیەکی دیاریکراوی یوئێنەوە بەڕێوە دەچوو. هەر پەنابەرێک کە دەهات بۆ تورکیا، لە شاری ئانکارا خۆی بە یوئێن دەناساند کە لە گەڕەکی چانکایا دا هەڵکەوتبوو. دواجار کاتی وت‌ووێژیان بۆ دادەنا. ئەگەر کەسەکە لە وتووێژەکەدا سەرکەوتوانە دەهاتە دەر، هەم یارمەتییەکی مانگانەی بۆ دەبڕایەوە و هەم دواجار ناوی دەدرا بە هەیئەتی وڵاتێکی دیکەی ئورووپایی، کانادا یا ئوستراڵیا. ئەو وڵاتانەش لە کاتێکی دیاریکراودا، وت‌ووێژیان لە گەڵ دەکرد. ئەگەر وەریان بگرتایە دواجار ڤیزایان بۆ دەنارد. وتووێژی من لە گەڵ یوئێن لە گەڵ وەکیلێک بەناوی لۆڕانس بەڕێوەچوو کە خۆی پێشتر پەنابەرێکی خەڵکی ئامریکای لاتین بوو و بەدەست دیکتاتۆری چەکدارانەوە هەڵاتبوو. پرسیار و وەڵامەکان زیاتر لە دە دەقیقەی نەخایاند. لە جێگایەک لە قسەکان کە باسی بارودۆخی کوردستان بەدوای ڕاپەڕینی ئێران کرا، لۆڕانس وتی کە ئەویش ئەو کاتە سەردانی کوردستانی ئێرانی کردبوو. هەر ئەو ساتە وەریگرتین و جوابەکەی نەخستە کاتێکی دیکە. لە وتووێژەکەدا لە جوابی ئەوەی ئایا کەسێکم لە دەرەوەی وڵات هەیە یان نە، باسی ئەوەم کرد کە برایەکم لە فەرانسە دەژیت. لۆڕانس لە بەر ڕەوشتی خۆنەویستی خۆی و بۆ یارمەتیدانی ئێمە، کوتی کە ناوی من و هاوسەرەکەم دەدا بە سفارەتی فەڕانسە تا ئەوان دواجار پەیوەندیمان لە گەڵ بگرن.
یارمەتییەک که له ی‌و ئێنەوە پێمان دەدرا، یه‌کجار که‌م بوو. لەو ڕۆژانەی وا چاوڕوانی لە دایک‌بوونی منداڵەکەمان بووین، هاوسەرەکەم هەتا دەهات لاوازتر دەبوو و ئەمە زۆر نیگەرانی کردم. هه‌زار خه‌یاڵ بەسەرمدا دەهات. مانه‌وه‌مان له تورکیا هه‌تا ئه‌هات دڕێژخایه‌ن‌تر ده‌بوه‌وه. وادیاربوو کە فەڕانسە بەتەمای هیچ پەیوەندی گرتنێک لە گەڵ ئێمە نەبوو. لەو هەلومەرجەدا له گه‌ڵ چه‌ند که‌س له په‌نابه‌ران بۆ کاری مێوژ چووین، ئەگەرچی کارکردنی په‌نابه‌ر قەدەغە بوو. هاوڕێیانی پێشمه‌رگایه‌تیم عه‌بدوڵا و جه‌میل و چه‌ند په‌نابه‌ری دیکه وه‌کوو فه‌قێ که پێشتر پێشمه‌رگه‌ی حیزبی دیمۆکرات بوو، هه‌موو رۆژێک ده‌چووینه ئه‌نبارێکی مێوژ و تای مێوژمان بار دەکرد. هه‌تا ئیواره هه‌ر چه‌نده تۆنمان بار بکردایه، به‌و ڕاده‌یه حه‌ق‌ده‌ستمان وه‌رده‌گرت. یک تۆن بەرامبەر بە هه‌زار لیر. لە بازاڕ نانێک (ئه‌کمه‌ک) به پانسه‌د لیر دەفرۆشرا، کیلۆیەک گۆشت بە نۆ هەزار لیر. تا ئێواره خۆمان بکوشتایه، هه‌ر یه‌که سی یان سی و پێنج هه‌زارمان ده‌ستده‌که‌وت. سه‌رکاریگه‌ره‌که‌مان ناوی سوات ئابی بوو. ئابی بە مانای برایە. سوات ئابی کە کارگێڕ و بۆ ساحێب کار کاری دەکرد، مرۆڤێکی پاک و دڵسۆز بوو. له گه‌رمای هاویندا و ئه‌گه‌ر چی کورد و غەریب بووین، به‌ڵام دۆ و سه‌هۆل و سیگاری هەرزانی ماڵتەپەی بۆ ده‌هێناین. به یارمه‌تی هاوسه‌ره‌که‌ی نانی نیوه‌ڕۆیشی بۆ دابین ده‌کردین. لە گەڵ بنەماڵەیەکی کوردی تورکیاش لە نەخۆشخانە بووینە ئاشنا. چەند جار سەردانیان کردین و جل و بەرگ و بێشکەیان بۆ هێناین. ساحێب‌کاری کوردیش هەبوون کە لە کاردا زۆر ئازاریان دەداین. چەند کەسی وا هەبوون کە کاری بیناسازییان دەکرد. هەر کەسی تازەیان بۆ بچوایە، تەپۆڵکەیەک زیخ و ماسەیان بۆ دادەنا تا لە هێڵەکی بدات. یەکەم ڕۆژی من لە ژێر باراندا و چەند ساعەت هەربەوجۆرە کارم کرد. بەڵام هەم کارەکە لە تاقەتبەدەر بوو و هەم لە گەڵ کەسەکان پێک نەهاتین. بۆیە ئیتر نەچووم بۆ ئەو کارە. ژومارەیەک لە پەنابەران تەنانەت دەچوون بۆ شوێنێک کە بەردی قورسیان بار دەکرد. واتە لە بەیانییەوە هەتا ئێوارە بەردی گەورە و قورسیان باری بارکێشەکان دەکرد. ڕۆژانەیەکی کەمییان وەردەگرت و زۆر ماندوو دەبوون. کاری مێوژەکە لانیکەم لەوانی دیکە باشتر بوو.
چەند جار چووم بۆ ئانکارا و سەردانی یوئێنم کرد تا داوا بکەم لانیکەم پەروەندەکەمان بدەن بە وڵاتێکی دیکە. سەرەنجام و بەدوای زیاتر لە ساڵێک، ئێمەیان بە وڵاتی فینلاند ناساند. کاتێک کە هەیئەتی ئەو وڵاتە هات، وت‌ووێژیان لە گەڵ کردین و قبووڵیان کردین. لە ئۆکتۆبری ١٩٩٢دا بە ڤیزای ئەو وڵاتە چووین بۆ فینلاند. دوای ماوه‌یه‌ک که لە وڵاتی فینلاند وەرگیرابووین و به ته‌مای ڕۆیشتن له تورکیا بووین و ئیتر کارم نه‌ده‌کرد، له بازاڕ توشی سوات ئابی بووم. وتی بۆ نایه‌ی له قاوه‌خانه‌ی فلان که‌س کار بکه‌یت «چونکو بیر ته‌میز ئاده‌م ئێستیۆرۆم». دیارە کەس بە کار لە قاوەخانە شاگەشگە نابێت. بەڵام لەو نەبوونییەدا و لە شوێنێکی نامۆ، بیستنی وەها قسەیەک مانایەکی یەکجار زۆری هەبوو. سپاسی هه‌موو دڵسۆزی و یارمه‌تییه‌کانیم کرد و وه‌ک ماڵاوایی ده‌ستم گوشی.
له‌و کاتانه‌دا زۆر که‌س فریای یه‌كتر ده‌که‌وتن. کاتێک له لای سوات ئابی کارمان ده‌کرد، جار به جار له لایه‌ن ساحێب ئه‌نباره‌وه حەقدەست که‌م ده‌هات. بۆیه هه‌ر جاره بڕێکمان وه‌رده‌گرت و بڕەکەی دیکەی دەمایەوە بۆ کاتێکی دیکە. ڕۆژێکیان ڕووداوێکی چاوەڕواننەکراو ڕووی دا کە قەت لە بیر ناچێتەوە. ئەگەر هەموو ڕووداوەکانی ژیانم لە بیر بکەم، ئەو ڕۆژە لە بیر ناکەم. ڕۆژی یه‌کشه‌ممه و هەتا بڵێی ڕۆژێکی سارد بوو. له ده‌رگایان کوتا. کە کردمەوە، فه‌قێ لە پشت دەرگا بوو. چاکوچۆنیمان کرد و فەرمووم کرد بێتە ژوورەوە. فەقێ سپاسی کردم و کوتی بەپەلەیە و ناتوانێت. هه‌موو حه‌قده‌سته‌که‌ی بۆ هێنا بووم و دایە دەستم. له وه‌ڵامی پرسیاری مندا کە ئایا هەموو کەس حەقدەستی خۆی وەرگرتوە، وتی «بەڵێ، هه‌موو که‌س حه‌قده‌ستی خۆی وه‌رگرتوه و هەر تۆ مابوویت کە ئەوا بۆم هێنای». دیسان سپاسم کرد و ئەویش ماڵاوایی کرد و ڕۆیشت. دواجار ئاگادار بووم کە فەقێ ته‌نها حه‌قده‌ستی منی به‌ته‌واوه‌تی هێناوه و خۆی و ئه‌وانی دیکه ته‌نها به‌شێک له حه‌قده‌سته‌که‌یان وه‌رگرتوه. خۆم گه‌یانده فه‌قێ و پرسیارم کرد بۆ ئەو ڕۆژە تەنها حەقدەستەکەی منی بەتەواوی بۆ هێنام؟ له وه‌ڵامدا وتی: «لە بەر ئەوەی ئێوه منداڵتان هه‌یه». ئەو ڕەوشتە بەرزەی فەقی زۆر کاری تێ‌کردم. بۆ وشەیەکی شیاو دەگەڕام، بەڵام هیچم بۆ نەدۆزرایەوە لە وەڵامدا بیڵێم. لە جووڵە کەوتبووم، دەمم نەدەکرایەوە و تەنها بەودا دەمڕوانی. نە پێشتر دەمناسی و نە لە باری بەرنامە و ڕێبازی سیاسییەوە لە یەک نزیک بووین. ته‌مه‌نی فه‌قێ به حاڵه‌حاڵ خۆی له بیست ده‌کوتا. هیوادارم ئه‌م دێرانه بگەنە بەردیدی فه‌قێ له هه‌ر کوێ هه‌یه و دیسان سپاسی بکەن.
لە ماوەی مانەوەمان لە نۆشەهیر، بەرەوڕووی زۆر کات و ساتی ناخۆش بووین کە گێڕانەوەی ئاسان نییە. دوورکەوتنەوە لە وڵات و ڕێکخراوێک کە ساڵەها گیانمان بۆ دابوو، قسە تاڵەکان و تانە و توانجەکان و پێناسە‌کردنت بە دوژمنی چینایەتی، ئەمانە خەمێکی گەورە و بەردەوامیان پێک هێنا بوو کە لە سەر شانم داییمە قورساییان دەکرد. کاتێک ئارەش لە دایک بوو لە هەلومەرجێکی زۆر خراپ‌دا بووین، ئەگەرچی کاریشمان دەکرد. جاری وا هەبوو توانی کڕینی شیری منداڵمان نەبوو. دایکی ئارەشیش زۆر لاواز ببوو بەجۆرێک کە ترسی ئەوەم لێ نیشت کە دەبێ چی بەسەر بێت. ڕۆژێکیان چوومە بازاڕ و ئەنگوستیلەکان و سەعاتەکانمان فرۆشت. دواجار ئەگەر کەسێک پرسیاری بکردایە بۆ ئەنگوستیلە ناکەمە قامکم؟ وەڵامم دەدایەوە کە باوەڕم بەو شتانە نییە. لە ڕووم هەڵنەئەهات تەلەفوون بۆ کەسانی دەرەوە بکەم و داوای یارمەتییان لێ بکەم. کەسوکاریش لە ئێران جوابیان کردین کە ناتوانن یارمەتی بکەن. دایکم چەند ساڵ پێشتر کۆچی دوایی کردبوو. باوکیشم نەخۆش و لە بارودۆخی منیان ئاگادار نەکردبوو. بەدوای هەر دەرگاکوتان و نەکردنەوەیەکدا، شەرم سەرتاپێی دەگرتمەوە. دەیشمزانی ئەوانە‌ی دەرەوە وا نییە کە بارودۆخی زۆر باشیان هەبێت. بۆ چاره‌سه‌رکردنی بێ‌پووڵیی جارێک بلیتی ئوتوبوسم بۆ شارێکی دیکه کڕی بۆ ئه‌وه‌ی خۆم بگه‌یێنمه هاوڕێیه‌کم و داوای یارمه‌تی لێ بکه‌م. که گه‌یشتمه لای، لە ڕووم هه‌ڵنه‌هات هیچ بڵێم. بۆیە چۆن چبووم هه‌رواش گه‌ڕامه‌وه. جارێکیش نامەیەکم لە لایان کەسێکی نزیکمەوە بۆ هات کە دوای ئەوەی لە عێراقەوە بە ڤیزا بۆ دەرەوە ناردرابوو، بۆ بەهێزکردنەوەی کۆمەڵە هەمیسان گەڕابوەوە بۆ کوردستانی باشوور. بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڵکوو نامەکە یارمەتییەکی تێدا بێت، به په‌له کردمه‌وه. پاکەتەکە جگە لە نامەیەک بە زمانی فارسی، شتێکی دیکەی تێدا نەبوو. نامەکەش باسی کوردستان و کۆمه‌ڵه‌ی دەکرد. له جێگایه‌ک بە ئاماژە بە «ئەرکی ئەمڕۆمان»، ئەوەی نووسیبوو کە «کمونیسم در کردستان در خطر است». نامەکە هیچ ئەحواڵپرسینێکی تێدا نەبوو، هیچ دڵسۆزییەکم تێدا بەدی نەدەکرد. به دڵێکی شکاوه‌وه نامه‌که‌م ده‌ق کرده‌وه. له دڵی خۆمدا کوتم: ئەگەر باوەڕمەندان خۆیان نه‌یخه‌نه مه‌ترسییه‌وه، بۆ ده‌که‌وێته خه‌ته‌ر؟
جارێکیان بە پەنجا هەزار لیرەوە چوومە تەلەفوونخانەێ نۆشەهیر تا بۆ ڕەوفی برام تەلەفوون بکەم و داوای یارمەتی لێ بکەم. بەڵام چل و نۆ هەزار لیر قسەم کرد بێ ئەوەی لە ڕووم هەڵبێت هیچ لەو بابەتەوە بڵێم و لە وڵام و ئیسراری ئەو دا دەمکوت حاڵمان زۆر باشە. گەڕامەوە بۆ ماڵەوە. دواجار کە لە بارودۆخم ئاگادار بوو، لەخۆبردوانە یارمەتی کردم. سەعید سنە و شەهناز لە سوئێدەوە یارمەتییان بۆ ناردم بێ ئەوەی داوای بکەین. ئەو ئێوارە کە لە تەلەفوونخانە گەڕابوومەوە، ئاگادار بووم کە ئەندامێکی ناوەندیی کۆمەڵە لە سوئێدەوە هاتوە بۆ ئەو شارەی ئێمە. وا دەردەکەوت دەیهەوێت ئەندام بۆ کۆنگرە کۆ بکاتەوە کە قەرار بوو لە کوردستان بگیرێت. لای ئێوارە لە گەڵ یەک دوو کەس هاتن سەردانی ئێمەیان کرد. سێ هەزار لیری پوولە وردەمان لە لیوانێکدا کۆ کردبوەوە. چوومە شەممە بازاڕ و بەو تۆزقاڵە پووڵە، تەماتە و بامجانم کڕی. بۆ میوانەکان هەتیمچەی بێ‌گۆشتمان لێ نا. خۆمان لە ماڵەوە نانمان دەکرد. بەڵام ئەوان بۆ نانی شەو دانەنیشتن. لە گەڵیاندا ڕۆیشتم بۆ ئەو ماڵەی ئەوانی لێ بوو. پێشتر پووڵیان بە کەسێک دابوو تا یەک دوو مریشک بکڕێ و بەوجۆرە سفرەی شامیان ڕازاندەوە.
دوای یەک دوو ڕۆژ بە ناچاری په‌یامێکی ده‌میم بۆ دوو هاوڕێم حامید شێڕخانی و ئاڕمان عەزیمی کە له وڵاتی سۆئێد دەژیان نارد و ئاگادارم کردن کە پێویستم بە یارمەتی هەیە. دوو یا سێ ڕۆژ دوای ئەوە، لە ماڵەوە دانیشتبووم کە لە دەرگایان دا. دەرگام لە ڕووی کاک ستار ئه‌وێهه‌نگ کە پێشمەرگەی ناوچەی سنە و هاوڕێیەکی ناسراوم بوو، کردەوە. بێ ئەوەی ئاگادار بم، لە ئانکاراوە هاتبوو بۆ شارەکەی ئێمە. دوای تۆزێک حەسانەوە، دەستی بە گریفانیدا کرد و لە لایەن حامید و ئاڕمانەوە دوو سه‌د دۆلاری دایه ده‌ستم. ناتوانم وەسفی بکەم کە ئەو یارمەتییە چەندە بەکەڵمان هات. کاک ستار ئاگاداری کردم که به‌ته‌مان که‌سێک وه‌ک نوێنه‌ری کۆمه‌له له تورکیا دیاری بکه‌ن و دەبیری یەکەمی کۆمەڵە من پێشنیار دەکات. کاتێک کەسێک ئاماژە به کۆتایی‌هێنانم لە ئه‌ندامه‌تی کۆمه‌ڵه دەکات، ئەویش ده‌لێت قه‌یناکات و گرینگی به‌وە نادات. هه‌بوونی ئه‌و متمانه، لە باری ده‌روونییەوە کاریگه‌ریی باشی له سه‌ر من به‌جێهێشت. پێشتر له نامه‌یه‌کدا و به‌هۆی زاڵ بوونی دیاردەی بەناو کۆمۆنیزمی کرێکاریی، وازم له ئه‌ندامه‌تی حیزبی کۆمۆنیست و کۆمه‌ڵه (که له یه‌ك جیا نه‌ده‌کرانه‌وه و هەرچی هەبوو هەر کۆمەڵە بوو) هێنا بوو. سه‌ره‌ڕای ئه‌و متمانه‌یه، ئه‌و پێشنیاره‌م وه‌رنه‌گرت.
دوو ساڵ مانه‌وه له تورکیا له باری نه‌فسییه‌وه خراپترین کاریگه‌ری له سه‌ر من به‌جێهێشت. شه‌وق و وره‌ی شاد و سه‌رحاڵبوون هەتا دەهات لە مندا کەم دەبوەوە. به‌ته‌واوه‌تی گۆڕدرام. کاتێک چاره‌نووسمان نادیار بوو و نه‌مانده‌زانی بۆچی فه‌رانسه وه‌رمان ناگرت و ئاسۆیه‌كمان به‌دی نه‌ده‌کرد، به دزییه‌وه ده‌موچاوم له سه‌ر سه‌رینێک داده‌شارد و به توندی ده‌گریام. به‌ده‌ست خۆم نه‌بوو. به دیتنی تێکشانی جه‌سته‌ی هاوسه‌ر و هاوڕێم، وه‌بیرهاتنه‌وه‌ی باسه ناشیرینه‌كانی چه‌پ و ڕاست و به‌ین تێکه‌وتنێکی گه‌وره‌ی نه‌فسیی و جۆگرافی له‌گه‌ڵ کرده‌وه و ئه‌رکه‌کانی پێشووم، بابه‌تگه‌لێک بوون له سه‌ر زه‌ینم قورساییان ده‌کرد. پێشتر کاتێک له سه‌ر شاخێکی سه‌رکه‌شی ناوچه‌ی سه‌قز له ده‌مه‌وبه‌یانیدا له سه‌ر به‌ردیك ڕاده‌وه‌ستام و ده‌بوومه شاهیدی سه‌رهه‌ڵدانی خۆر، ئا، له‌و گزنگی به‌یانه‌دا، له‌و ساته‌ی ده‌یان که‌س به هۆی بوونی ئێمه ڕۆژێکی دیکه‌یان له ژێر ڕکێفی پاسدارەکان تێده‌په‌ڕاند، له‌و ساته‌ی ده‌یان که‌س به دڵخۆش بوون به ئێمه له به‌رامبه‌ر ئه‌شکه‌نجه و ئازاره‌کانی زیندان خۆیان ڕاده‌گرت، لەو ساتەی زۆرکەس بە گوێدان بە سروودەکانی ناسر و نەجمە و مەرزیە تۆزێک هێزیان بۆ دەست و پەنجە ماندوەکانیان وەردەگرت، لەو کاتەدا کە ئێمە و هەژاران لە خەیالی خۆماندا باوەشمان بەیەکتردا دەکرد، ڕێک له‌و ساته‌دا که لە گەڵ خۆردا باوه‌شمان به یه‌كتردا ئه‌کرد، خۆم به سه‌ربه‌رزترین مرۆڤی سەر زەوەی و خاوه‌ن باشترین بیروباوه‌ڕەکان ده‌زانی. هەستم دەکرد ئەوانەم لە بەر ئەو باسە بێهوودانە و ئەو بەین تێکەوتنە زۆرەملییە هەمووی لە کیس داوە. لەو کاتەدا فرمێسکەکانم دەشاردەوە. لای کەس باسم نەدەکرد. ماوەیەکی زۆر بە دوای ئەوەش پێم عەیب بوو باسی فرمێسک ڕشتنەکانم بکەم. کێشەیەکی نووسینی بیرەوەریی ئەوەیە نازانی دەبێ هەموو شتێک باس بکەیت یان نە. گەڵێک ساڵ بەدوای ئەوەدا لە جێگایەک خوێندمەوە کە شۆڕشگێڕێکی شۆڕشی ١٨٤٨ی ئورووپا بە ناوی ڕۆبێرت بلووم لە کاتی تیرباران کردنیدا بەدوای تێکشکاندنی شۆڕشەکە، بە چاوی پڕ فرمێسکەوە لەجوابی تانەلێدانی سەربازێکی ناو دەستەی تیرباران دەڵێت: «ڕژاندنی فرمێسک بۆ هاوسەر و منداڵ جێگای شەرم نییە».
نەبوونیی زۆر و پێدوایستییەکان کەم بوون. بۆیە ده‌بووا زوو زوو جل و پەڕۆی منداڵ ببەم بۆ حەمامەکە و لە تەشتێکدا بیانشۆم. هەمووجارێک لەو کاتەدا، هه‌ڵمی ئاوی گه‌رم بیرەوەرییە تاڵەکانی بیردەهێنامەوە و وەکوو هەورێکی ڕەش بەسەرمدا دەکەوتنە خول خواردن و مێشکیان داگیر دەکردم. هێزی بیرکردنه‌وه‌یان لێ دەستاندم. دەستم لە جلەکان دەخست و ڕووداوەکانی پێشوو و قسە تاڵەکان لە بەرچاومدا دەهاتن و دەچوون. بەرچاوم تاریک دادەهات. کە تەواو دەبوو، هەستم دەکرد لە کابووسێکی ناخۆش ڕزگارم بوە. هەرکاتێکیش کە لای که‌سانی دیکه داده‌نیشتم، به شەپڵاخە لاملی خۆم سوور ده‌کرده‌وه. تورکیا ناخۆشترین و تاڵترین ئه‌زموونێک بوو له ژیانمدا تاقیم کرده‌وه. ئێستا کە بە ژیاندا دەڕوانم، وادیارە له باری نه‌فسییه‌وه تورکیا ئه‌و خاڵی وه‌ڕچه‌رخانه بوو که که‌لێنێکی گه‌وره‌ی له نێوان ئێستا و ڕابردوومدا پێک هێنا. ئەگەر بیرەوەرییە خۆشەکان و کەسە باشەکان بدەمە پاڵ بەسەرهاتە تاڵەکان، تورکیا دەبێتە شوێنێکی تاڵ و شیرین لە ڕابردوومدا و بەشێکی گرینگی ناسنامەی من پێک دەهێنێت.
ئه‌و کاته وه‌ک «شەرقی» واتە خەڵکی «ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست» خۆم پێناسه نه‌ده‌کرد. تەنها بایه‌خم به دابه‌شکردنی چینایه‌تی ده‌دا و سنوورم نه‌ده‌ناسی. به‌ڵام گەیشتنم بۆ ئورووپا ئەو جۆرە بیرکردنەوەی خستە ژێر پرسیارەوە. وە‌ک مرۆڤێکم لێ هات لە نێوان دوو دونیادا. بەزوویی تێگەیشتم کە لە ئورووپادا پێوانە سەرەکییەکان بۆ پێناسەکردنی ئینسانەکان بریتین لە جۆگرافیا و نەتەوە و ڕەنگی پێست و قژ، نەک پێگەی چینایەتی. کەسێک دەتوانێت ساڵەهای ساڵ لە ئورووپا و ئسکاندیناویدا بژیت. داییمە پرسیاری لێ دەکرێت: تۆ خەڵکی کوێیت؟ یەکجاریش لێی ناپرسن تۆ سەر بە چ چینێکی کۆمەڵایەتیت و جیهان‌بینییەکەت کامەیە؟ کەوابوو ئەوەندەی نەبرد تێبگەم کە ڕاستییەکانی ئێستا لە گەڵ تێگەیشتنەکانی پێشووم سەبارەت بەو بەشەی جیهان نەدەهاتنەوە.
له ڕۆژی ده‌ی ئۆکتۆبری ١٩٩٢ ( ١٨ ڕە‌زبه‌ر ١٣٧١) له ئیستانبوڵه‌وه بۆ هێلسینکی پێته‌ختی وڵاتی فینلاند هه‌ڵفڕین. له ئانکاراوە بۆ ئیستانبوڵ پۆلیسێکی چاوچنۆکی تورک چاوەدێری ڕۆیشتنمانی دەکرد تا دراینه دەست به‌رپرسانی ڕێکخراوی نەتەوە یه‌کگرتوەکان. بۆ ئه‌وه‌ی بیانوه‌کانی ببڕین و گرفتمان بۆ درووست نه‌کات، پێشتر چەند پاکەت سیگارم بۆ کڕیی بوو. پۆلیسی تورکیا ئه‌وه‌نده گه‌نده‌ڵ و ڕشوەخۆر بوون که به ئاشکرا داوای بەرتیلیان ده‌کرد. یه‌كه‌مجار بوو سواری فڕۆکه ده‌بووم. ده‌بوا خۆمان به‌ستبایەته‌وە. تۆزێکی خایاند تا فێر بووم. ژماره‌یه‌کی زۆر بووین. نزیک سی که‌سێکمان پێشـمه‌رگه‌ی پێشووی کۆمه‌ڵه و بنه‌ماڵه‌کانیان بووین. له هێلسینکی دوای تۆزێک ماتڵ‌بوون، بۆ شاری یواسکولا به‌ڕێ کراین. شارێک له ناوەڕاستی فینلاند. له تورکیا تۆزێک ئینگلیزی فێر ببوم. له کاتی کەمەر به‌ستندا، کارکه‌رێکی ناو فڕۆکه‌کە هات یارمه‌تیم بدات. ئه‌مجاره به ئینگلیزی وتم «دەزانم». بزه‌یه‌کی کرد. ساڵه‌کانی دوایی له‌وە بیرم ده‌کرده‌وه. بزه‌که‌ی ئه‌و ئافه‌رینێک بوو بۆ «پێشکه‌وتن»ی من له‌و ماوه که‌مه‌دا. که ته‌یاره ده‌نیشته‌وه، هاوسه‌فه‌ره‌کانمان ده‌سیان به چه‌پڵه لێدان ده‌کرد. تێنه‌ده‌گه‌یشتم بۆ وا دەکەن. هاوسه‌رەکەم و من زه‌وقێکمان تێدا به‌دی نه‌ده‌کرا. ئارشی کوڕمان که ته‌نها شه‌ش مانگ ته‌مه‌نی بوو، له تەب و یاودا ده‌سووتا.
له یواسکلا دابه‌زین. ژماره‌یه‌ك له په‌نابه‌ران و ناسراوان به‌ره‌و پیرمان هاتبوون. دوو که‌س له په‌نابه‌ران ئێمه‌یان به ماشێن بۆ نەخۆشخانە برد. به‌رپرسی ئیداره‌ی خزمه‌تگوزارییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان (سوسیال) ئێمه‌ی به‌وان سپارد و کلیلی ئەو ماڵەیان دایەدەستمان کە بۆمان دابین کرابوو، تا داوجار ئەو دوو کەسە ئێمە بۆ ئەوێ بەرن. دیتنی ستانداردی باڵای نەخۆشخانە‌ی ئه‌وێ به ئاسانی هه‌واڵی جیاوازییه‌کی گه‌وره‌ی له نێوان وڵاتێکی وا و نەخۆشخانە‌ی له قه‌ساوخان‌چووی تورکیای پێده‌گه‌یاندین. نیوه‌شه‌و بوو کە ئەو دوو کەسە ئێمه‌یان گه‌یانده «ماڵه‌که‌مان». ده‌رگایان بۆ کردینه‌وه. کلیلیان دایه ده‌ستمان و به‌جێیان هێشتین. یه‌کێکیان ناسراوێکی سه‌قزیی بوو و ئه‌وی دیکه‌یان دۆکتۆرێکی فارس زمان به ناوی په‌ردیز. ماڵاواییان لێ‌کردین و په‌ردیز به‌ڵێنی دا سه‌ردانمان بکات. ماڵه‌که چوار ئوتاقی هه‌بوو. ئاشپه‌زخانه‌یه‌کی گه‌وره. یه‌خچال و فریزێرم کرده‌وە. پڕ بوو له خواردن. به ڕاده‌یه‌کی نه‌ک زۆر به‌ڵام باش ماڵه‌که‌یان به که‌لوپه‌لی ده‌سی دوو بۆ ڕازاندبووینه‌وە. که گه‌یشتینه یواسکولا، نمه بارانێک ده‌باری. عه‌رز ڕەش بوو. خه‌وتین. به‌یانی زوو که چاوم کرده‌وە و به ئاسماندا ڕوانیم. هه‌ستم کرد ئاسمان سپی هه‌ڵگه‌ڕاوە. خۆم گه‌یانده به‌ر په‌نجه‌ره‌که. له‌وه‌یکه دیم سه‌رم سووڕما. به‌فر! تا نێو قه‌دی مرۆڤێک. له‌وه سه‌یرتر ماشێنەکان و ئۆتوبوسه‌کان به خێرایی و نه‌ک هێواش به شه‌قامه‌که‌ی به‌رده‌م ماڵه‌که له هاتوچۆدا بوون. تەگەری ماشێنەکان زنجیری پێوە نەبوو. ئه‌وه‌ش پرسیارێکی دیکه. چوومه ده‌ره‌وه تا شاره‌که ببینم. به‌فری زۆر و سه‌رمایه‌کی له ڕاده‌به‌ده‌ر و نه‌زانینی ڕێگا به‌ره‌و ماڵه‌وه پاڵیان پێوه‌نام. ماڵه‌که حه‌مام و سۆنای هه‌بوو واته حه‌مامی هەڵـم. ماڵه‌که بۆ ئێمه گه‌وره بوو. ڕۆژی یه‌کشه‌مه بوو. له ده‌رگایان دا. په‌ردیز و ژنەکەی کە خەڵکی فیلیپین بوو و منداڵه‌که‌یان هاتن بۆ لامان تا بزانن حاڵمان چۆنه. دوای ڕۆیشتنی ئه‌وان هه‌میسان له ده‌رگایان دا. کە دەرگام کردەوە، کوڕێکی موته‌رجمی فارس زمان و دوو خانمی کارمه‌ندی ئیداره‌ی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان (سوسیال) لە پشت دەرگا وەستابوون و بزە لە سەر لێویان بوو. بەخێرهاتنمان کردنە ژوورەوە. له ئه‌حواڵیان پرسین. تۆزێکیش زانیاریی سەرەتاییان پێ داین. دوامان لێ‌کرا ڕۆژی دواتر بۆ دیتنی ئه‌وان بۆ ئیداره‌که‌یان بچین. دوای ئەوەی سپاسی ئەوەمان کرد کە ماڵەکەیان ڕازاندوەتەوە، وتمان پێویستی نه‌ده‌کرد یه‌خچال پڕ که‌ن له خواردن. ئه‌ی پووڵەکەی؟ له وه‌ڵامدا وتیان دواجار له موچه‌ی مانگانه‌تان که‌می ده‌که‌ینه‌وه. پاکەتێکی نامه‌یان دایه ده‌ستمان و وتیان پانسه‌د مارکی فینلاندیی تێدایه نه‌کا پێویستان بێت. ئێمه‌ش وه‌رمان نه‌ده‌گرت. به ئیسرار بۆیان دانانین و وتیان ئه‌وه به‌شێک له موچه‌که‌تانه، دوای نیوه‌ڕۆ ده‌توانن بچن بۆ بازاڕ، لەوانەیە شتێکتان پێویست بێت. لە پێشمەرگایەتیدا، یەکێک لەو شتانەی تاسەم دەکرد، سۆسیسی گۆشتی گا بوو. لە دڵی خۆمدا وتم، کەوابوو دەچین بزانین چ جۆرە سۆسیسێکی لێیە. ڕازی بووین کە پووڵەکە گل بەینەوە. به‌ڵام پاکەتەکە له سه‌ر مێزه‌که‌ی به‌ردممان دانرابوو. ته‌ماشایه‌ک له‌وان و سه‌رنجی ئێـمه. سه‌ره‌نجام به‌رپرسه‌که‌یان ڕووی تێ کردین و پرسیاری کرد بۆچی پووڵەکە ناژمێرن؟ له وه‌ڵامدا وتم: خۆ قه‌رزمان لاتان نییه، باوه‌ڕمان پێتانه. ئه‌و جوابه زۆر خۆشحاڵی کردن. بە تایبەت موته‌رجمەکەی زۆر شاد کرد. دیاربوو دوای بیستنی ئەو جوابە، هەستێکی تایبەت سەرتاپای داگرت. بە ڕوویەکی گەشتر و چاوی پڕ لە ئاوەوە وتی: «دمت گرم. دمت گرم. ما را سربلند کردی. اونای دیگه همچین تف میزدن و پولها رو میشمردن انگار حقوق ماهانشون عقب افتاده بود. دمت گرم داداش..». دیار بوو هه‌موو کرده‌وه و قسه‌یه‌ک، ته‌نانه‌ت نه‌خوازراو، له ژێر چاوه‌دێری فەرهەنگدایه. وه‌کوو قایشی ناو فڕۆکه‌که. ئەویش بۆ بەڵگە دەگەڕا تا فەرهەنگی باشی خەڵکی خۆی پیشان بدات.
ده‌سپێکردنی ژیانێکی نوێ له وڵاتێکی نوێ تێکه‌ڵێک بوو له ئه‌زموونی خۆش و ناخۆش. پێڕاگه‌یشتن به پەنابه‌ران و ئاماده‌کردنی خولی فێربوونی زمان لایه‌نه باشه‌کان بوون. ئه‌زموونێکی به‌نرخی دیکه ئەوە بوو کە لە گەڵ ژماره‌یه‌ک لە بنه‌ماڵه و تاکی فینلاندی ئاشنایان کردین. دوای چەند مانگ چووم بۆ لای به‌رپرسی سوسیال. کوتی بۆ هاتووی؟ وتم سەبارەت بە ماڵەکە کێشەیەک هەیە. خەم سەرتاپای داگرت و بە دەنگێكی لاوازەوە پرسیاری کرد «خراپی ماڵەکە چییە»؟ لە وەڵامدا وتم ئه‌و ماڵه بۆ ئێمه گه‌وره‌یه. شادی سەروچاوی داگرت. سپاسێکی زۆری کردین و وتی داماویین جێگایه‌ک بۆ چه‌ند که‌سێک کە تازە هاتوون، بدۆزینه‌وه. خێرا دوو کەس لە کارمەندانی بانگ کرد و فەرمانی دا ئێمە بەرن و ئەو سێ ماڵەمان پێ پیشان بدەن کە ئێستا بە تاڵە تا هەر کامەیان دەوێت، هەڵیبژێرن. یەکەم ماڵمان هەڵبژارد بێ ئەوەی سەردانی ئەوانی دیکە بکەین. گوازتمانه‌وه. گه‌ڕە‌کە تازەکە ناوی مێسی‌کاممێن یان په‌نجه ورچ بوو. بەو جۆری لە ماوەی پێنج ساڵدا تاقیمان کردەوە، ئەو گەڕەکە جێگای دانیشتنی باشترین مرۆڤه‌کانی ئه‌و شاره بوو. بۆ پێنج ساڵ هاوسێیان بووین و یه‌کجار له‌گه‌ڵیان تێکه‌ڵاو.
ئه‌زموونه ناخۆشه‌کانی پەنابەری بە گشتی بریتی بوون لە تاقی کردنەوەی تانه و ته‌شه‌ر، سه‌یرکردنمان و پێناسەکردنمان بە «سه‌ر ڕەش». یەکەمجار نۆبه‌ی دوکتۆری ددانم بۆ هات. هەرکەسێک دەبوا لای ددانسازیك خۆی تۆمار بکات. یەکەمجار کە چوومە مەتەبی ددانساز، دوو پەرەستار ڕێنوێنیان کردم بۆ ئوتاقی دیتنی نەخۆش. لە پێشدا یەکێکیان پرسیاری لێکردم ئایا له وڵاتی ئێوەدا ده‌زانن مسواک چییه؟ ئەمە لەو جۆرە پرسیارانەیە، نازانی چۆن وەڵام بدەیتەوە. چوونکوو ئەوە پرسیار بۆ وەرگرتنی زانیاریی نییە. ئیدیعا و تێگەیشتنێکە لە قاڵبی پرسیاردا.
هەفتەیەک دوای گەیشتنمان بۆ فینلاند، ئێوارەیەک داوەتیان کردین بۆ کۆبوونەەوەیەک کە لە هۆڵێکدا دەگیرا. کە چووین بۆ ئەوێ، ئاگادار کراین کە ژمارەیەک بنەماڵە و تاکی فینلاندیش بۆ ئەوێ داوەت کراون. بەرپرسان بەرنامەکەیان ئەوە بوو تا پەنابەران لە گەڵ فینلاندییەکان بە یەک بناسێنن و ئەوە ببێتە سەرەتایەک بۆ پەیوەندییەکی درێژخایەنی بنەماڵەیی و دۆستانە. ئێمەیان بە دوو بنه‌ماڵە ناساند. بنەماڵەی پێڕتی و تاینا کە سێ منداڵیان هەبوو و هەروەها زەوجێکی دیکە بەناوەکانی تاڵاس و سارا. بەخێرایی پەیوەندییەکی نزیک لە نێوانماندا ساز بوو. ساڵه‌ها له پشتیوانیی ئه‌وان به‌هره‌مه‌ند بووین و ئیتر وە‌ک کەسوکاری یەکترمان لێ هاتبوو. هەفتەیەک دوای کۆبوونەوەکە، کاتێک یه‌که‌مجار بۆ سه‌ردانی بنه‌ماڵه‌ی پێڕتی و تاینا و کچەکانیان هانا و ڕییکا و کورەکەیان لاوریی ڕۆیشتین، وا دەردەکەوت پێشوازیی کردنیان به پێی نه‌سێحه‌تێکه. دانیشتین و بە شەربەتێک بەخێرهاتنیان کردین. قسەوباس دەستی پێ کرد. دیارە پێرتی بە ئینگلیسییەکی زۆر باش قسەی دەکرد و وای نەئەنواند کە ئایا ئێمە ئینگلیزی دەزانین یان نە. وە‌ک کەسی بەرامبەر هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکردین. منیش تۆزێک تێدەگەیشتم و وەڵامم دەدایەوە. چارەکە سەعاتێکی نه‌برد، هەڵسوکەوتی ڕەسمییانە جێگای خۆیدا بە هەڵسوکەوتێکی زۆر هاوڕێیانەتر و تێکەڵ بە شۆخی و پێکەنین. تاینا بە پێكه‌نینه‌وە وتی «پێمان وتراوە ئه‌گه‌ر له ناکاو کابرا هه‌ڵسا ده‌سی به لێدانی ژنه‌که‌ی کرد پێتان سه‌یر نه‌بێت…». هه‌زار و یه‌ک ئامۆژگاری «فەرهەنگیی» دیکه کە تەنها لە چەند خولەکدا پووچەڵ دەکرانەوە. دواجار لە ناخی خوێندنی مێژوودا تێگەیشتم سەرچاوەی ئەو جۆرە بۆچوونانە مەکتەبێکە کە بە «ڕۆژهەڵاتناسیی» دەناسرێت.
نۆبه‌ی ئه‌وان هات سه‌ردانمان بکه‌ن. دوای تۆزێک قسه‌وباس، ئالبۆمه‌کەمان خسته به‌ر ده‌ستیان. ئالبۆمێک کە ژمارەیەک وێنەی سەردەمی پێشمەرگایەتی تێدا بوو، وە‌ک یادگارییەکی پڕبایەخ لە گەڵ خۆمان گەڕاندبوومان. ئەوە شتێک نەبوو وە‌ک ئەنگوستیلە و ساعەت بە ئاسانی لە خۆمانی دوور بکەینەوە. وێنه‌ی ژنان و پیاوانێک که له شۆرشی کوردستان و ڕیزی کۆمه‌ڵه‌دا گیانیان به‌خت کردبوو. پێرتی ئالبۆمەکەی خستە کۆشییەوە و تاینا و کچەکان و کوڕەکەیان سەریان بەرەوە وێنەکان دەسووڕان. گێڕانه‌وه‌کانی ئێمه و شیی کردنه‌وه‌ی وێنه‌کان، لاپه‌ڕه‌کانی بەوان هه‌ڵده‌دایەوە. گەیشتنیە ئاخر وێنە. پێرتی سەری هەڵبڕی و بۆ ئه‌و خه‌باته پیرۆزبایی لێ‌کردین. ئه‌وه باشترین دیاریی بوه هەتا ئێستا له «ڕۆژاوا» پێم دراوه. پێوه‌ندییه‌که‌مان تێكه‌ڵاوێک له سه‌ردانی یه‌کتر و گۆڕینه‌وه‌ی بیر و ڕا و ئه‌زموونه‌کان بوون. دوای دوو یان سێ ساڵ بوو به هه‌ڵکه‌وت و دوای خوێندنه‌وه‌ی کتێبچه‌یه‌ک که پێرتی بۆی هێنام، تێگه‌یشتم که ئەو پله‌ی پسپۆڕیی هه‌یه و له زانکۆ وانه ده‌ڵێته‌وه. خۆ به چکۆله‌زانین و فیز لێنه‌دان، که بۆ گه‌ڵێک خاوه‌ن پله‌ی ئەکادمیکیی و شۆغڵیی ئاساییه، ده‌رسێکی به‌نرخ بوو. تایناش لە بەشی تەندرووستی خاوەن گەلێک بەرپرسایەتی بوو.
ژیانی په‌نابه‌ری تێکه‌ڵاوێک بوو له به کرده‌وه ده‌رهاتنی جۆری بیرکردنه‌وه‌ی زاڵ (گوتاری زاڵ) سه‌باره‌ت به خه‌ڵکانی وه‌ک ئێمه (واتە ڕۆژهەڵاتی یا شەرقی) و هه‌روه‌ها هه‌وڵه‌کانی که‌سانی دیکه وه‌ک دۆسته تازه‌کانمان بۆ بێ بایه‌خ کردنی ئه‌و جۆره بۆچوونانه. به‌ڵام کرده‌وه‌ی په‌نابه‌رانیش کاردانه‌وه‌ی خۆی هه‌بوو و ده‌یتوانی لایه‌نێک له‌و دوانه قورس‌تر بکات. پێشینه‌ی سیاسیی ئەو کۆڕە پەنابەرەی پێکەوە لەو شارە دەژیاین، هۆکارێکی گرینگ بوو بۆ ئەوەی ئەو کۆڕە کاریگه‌رییه‌کی باش له سه‌ر جۆری بیرکردنه‌وەی خه‌ڵک و به‌رپرسانی شاره‌که به‌جێ بهێڵێت. ئەگەرچی تێگەیشتنەکانمان لە زۆر لایەندا کرچوکاڵی پێوە دیار بوو، بەڵام کراوەتر بوو و پێی لە سەر بایەخە کۆمەڵایەتییەکان دادەگرت و سنوورە فەرهەنگی و قەومییەکانی بە هیچ دەگرت. ڕێکخراوێکمان پێک هێنا بە ناوی «دونیای بێ سنوور» کە به‌رهه‌مێکی هه‌وڵه‌کانی ئێمه بوو لە شاری یواسکلا. تا ئەو جێگای لە بیرم مابێت ژمارەیەک لە ئەندامانی ڕێکخراوەکە بریتی بوون لە مۆحسین، جەماڵ، حەمەی سنە، هیوا، کاک مستەفا، مێهران، سروە، ئاسۆ، چیمەن، خدر، ڕووناک، دادە فاتم، حەمە، حەبیت، نەجمە و چرۆ. له کۆبوونه‌وه‌ی یه‌کی ئه‌یار وتاری خۆمان خوێنده‌وه. له ده‌مه‌وبه‌یانی ڕۆژی یه‌کی ئه‌یار، خۆمان گه‌یانده گۆڕستانی سووره‌کان. سووره‌کان لایه‌نێکی شه‌ڕی ناوخۆ له‌گه‌ڵ سپییه‌کان بوون که به‌دوای جه‌نگی جیهانی یه‌که‌م و گیان به‌ختکردنیان، له‌وێ ئه‌سپه‌رده کرابوون. ئاگادار کرابووین سه‌رۆکی یه‌کێتی کرێکاران له پێشدا سه‌ردانی ئه‌وێ ده‌کات و دواجار له کۆبوونه‌وه‌ی نیوه‌ڕۆدا وتار پێشکه‌ش ده‌کات. سه‌رمایه‌کی له ڕاده‌به‌ده‌ر بوو. خۆمان گه‌یانده قه‌برستان. کە گەیشتین، یه‌کێک خه‌ریکی وتار پێشکه‌ش کردن بوو. زۆر به باشی له قسه‌کانی تێنه‌ده‌گه‌یشتین. ژماره‌یه‌کی بیست یان سی که‌سی بە دەورییەوە بوون. ئەوان جار بە جار سه‌یری ئێمه‌یان ده‌کرد. وا دیار بوو له خۆیان ده‌پرسی ژماره‌یه‌ک پیاوی سمێڵیی و سه‌ر ڕه‌ش لێره چی ده‌که‌ن؟ ده‌بێ چ مردوویێکیان لێره نێژرابێت؟ له کۆتاییدا دەستیان کرد بە خوێندنی سروودی ئه‌نتێرناسیۆناڵ. ئێمه‌ش به کوردیی دەستمان کرد بە خوێندنی سروودەکە. شێعر و بەتایبەت ئاهه‌نگی ئه‌و سرووده به هه‌ر زمانێک بوترێته‌وه، له‌یه‌ک ده‌چن. فینلاندییەکان درێژەیان بەخوێندن دەدا: «تیۆن ئۆریات، سۆڕۆن ییۆستا نەوسکا…». ئێمەش بەدوایان دا: «هەستن ئەی هۆزی بەش مەینەتان/ دیلانی برسیەتی دونیا / لە تەنوورەی بیروباوەڕمان / قرمژنی تریشقە ڕاسا…/». ئەو جەماعەتە کە ئەمەیان بینی، سه‌رسووڕمانیان زۆرتر بوو. گۆڕکەنێک بە بێڵاسنەوە لەملامانەوە وەستا بوو. سەیرکردنەکەی دونیایەک پرسیاری پێوە دیاربوو. ئێستاش دەمووچاویم لە پێش چاوە. هیچ کامەیان نەهاتن سڵاومان لێ بکەن و بڵێن ئەوێ کێن و چۆنە ئاهەنگی سروودەکەتان لە هی ئێمە دەچێ.
ڕۆژی کرێکار واتە ڕۆژی یەکی ئەیار (مانگی مەی) یا یازدەی گوڵان لە فینلاند وە‌ک جەژن بەڕێوە دەچێت و بەو ڕۆژە دەڵێن «واپوونا». هەموو جلی جوان لە بەر دەکەن. شار پڕ دەبێ لە خەڵک و دەیان هەزار کەس لە ڕێژەیەکی یەک دوو ساعەتەدا بەشداری دەکەن. لە بلیندگۆکانەوە سروود و گۆرانی بڵاو دەبێتەوە. ئەو ڕۆژە، بەدوای ڕێژەکە گەیشتینە مەیدانێکی شار. کەسەکان دەهاتن و وتاریان پێشکەش کرد. ڕێکخراوی دونیای بێ‌سنووریش وتارێکیان نووسیبوو کە بڕیار درابوو من بیخوێنمەوە. نوبەمان هات. بەدوای تەواو بوونی وتارەکە، خەڵکەکە هەتا دە خولەک چەپڵەیان بۆ لێداین. ئاڵاکانیان دەشەکاندەوە و کە لە سەر سەکۆکە هاتمە خوارەوە تا بڕۆمە لای هاوڕێکانم، چەن کەس دەستیان لە پشتم دەکوتا و دەیانکوت «هوڤا، هوڤا» (باش) واتە زۆر باشە، ئافەرین. ساڵی دوایی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وتاره‌که‌مان له قسه‌کانی به‌رپرسی یه‌کییەتی کرێکاران «توند و تیژتر» بوو، ئیتر ڕێگایان نه‌داین له یه‌کی ئه‌یاردا وتار پێشکه‌ش بکه‌ین. وتنی ئه‌وه‌ی «ئه‌م دونیا هه‌تا ده‌ڕوات، بێکاریی و هه‌ژاریی زیاتر ده‌کات»، و «تکایە کرێکارانی ئێران کە ماڤی ڕێکخراوەییان نییە، لە بیر مەکەن»، ده‌بێ چ توندوتیژییه‌کی تێدا بووبێت؟ بەرپرسی یەکییەتییەکە هەمان کەس بوو کە لە قەبرستان سروودی ئەنتێرناسیۆنالی دەخوێند، کەچی لە کۆبوونەوەکەدا و لە پێش ئەو هەموو خەڵکەدا دەیکوت «تکایە حکوومەت چاوێکی تێمانەوە بێت».
گه‌لێک په‌نابه‌ری دیکه‌ش هه‌ر له‌به‌ر پێشینه‌یان جۆرێکی دیکه له هه‌ڵسووکه‌وتیان له خۆ ده‌نواند. له‌به‌ر بچووک بوونی کۆمه‌ڵگاکه، ئه‌و جۆره هه‌ڵسووکه‌وتانه زه‌ق ده‌بوونه‌وه و ئه‌مه‌یان لایه‌نی گوتاری زاڵی به‌هێز ده‌کرد. ئه‌و هه‌لومه‌رجه ئاسایی بوو له سه‌ر په‌نابه‌ران کاردانه‌وه‌ی رۆحی و نه‌فسی هه‌بێت. واژەیەکی وە‌ک «سه‌ر ڕه‌ش»، خولقاوی پێکهاتەکانی کۆمه‌ڵگایه‌کی وه‌ک فینلاند و ڕاسیسم بوو. به‌ڵام کاتێک وشه و پێناسه‌یه‌ک ده‌سه‌لمێ و دووپات ده‌بێته‌وه، مرۆڤه‌کان بێ ئه‌وه‌ی خۆیان هه‌ستی پێبکه‌ن، له دووپات کردنه‌وە و به‌هێزکردنی ئه‌و ڕوانینه به‌شدار ده‌بن. به قسه‌ی بیرمه‌ندێک، ده‌سه‌ڵات (قدرت) بنه‌مای هه‌موو ئه‌مانه پێک ده‌هێنێت. ده‌سه‌ڵات تەنها نیهادێکی دیاریکراو نییه تا بتوانیت ده‌ست‌نیشانی بکه‌یت. دەسەلات تۆڕێکه له پێوه‌ندییه‌کان. نامه‌رئیه. نابینرێت. به‌ڵام خۆی له زه‌ین و بیرتدا ده‌ئاڵێنێت. که‌وابوو، په‌نابه‌رانیش بێ ئه‌وه‌ی خۆیان هه‌ستی پێبکه‌ن، خۆیان وه‌ک سه‌ر ڕه‌ش ده‌بینن. ئه‌و جۆره دیتنه هه‌لسوکه‌وت و ئاستی گه‌شه‌یان له بواری کۆمه‌ڵایه‌تیدا دیاری ده‌کات. بۆیه په‌نابه‌ر ده‌بێ خۆی جۆرێکی دیکه ببینێت تاکوو خۆی به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگاکه‌یدا زاڵ بکات. له وڵاتێکی وه‌ک فینلاند و سۆئێد په‌نابه‌ر دایمه پێی وایه خه‌ڵکی ئه‌و وڵاتانه سه‌یریان ده‌که‌ن. ساڵه‌های ساڵه له‌وێن و بوونه‌ته به‌شێک له‌و وڵاتانه به‌لام هه‌موو ڕۆژێک ئه‌و هه‌سته له خۆیاندا زیندوو ده‌که‌نه‌وه.
هه‌ڵسوکه‌وتی ئه‌ندامانی›دنیای بێ سنوور کاریگه‌ری زۆری به‌جێهێشت. یه‌كێک له هه‌وڵه باشه‌کانیان فێر بوونی زمان و هه‌وڵدان بۆ خوێندن له ئاستی به‌رزتردا بوو. جۆری بیرکردنه‌وەیان که له پێشینه‌یانه‌وه ده‌هات، سه‌رنجی به‌رپرسانی ئیداره‌ی خزمه‌تگوزارییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و شاره‌وانی به‌لای خۆیاندا ڕاکێشابوو. به‌رپرسی سوسیال جارێکیان ڕوو ده‌کاته ژماره‌یه‌ک په‌نابه‌ر کە چەند ساڵ پێشتر لە ئێمە بۆ ئەوێ هاتبوون و دەڵێت ئێوه‌ش ده‌بێ وە‌ک ئه‌وان کاره‌کانی خۆتان جێ به جێ بکه‌ن. له ڕۆژنامه‌ی کێسکی‌سۆماڵاینن یان ناوه‌ندی فینلاند، گه‌لێک جار وتارمان ده‌نووسی. به‌رپرسی شۆرای شار له شاره‌وانی چەندین جار داوای لە سروه کرد له کۆبوونه‌وه‌که‌یاندا به‌شدار بێت و سه‌باره‌ت به‌و گرفتانه‌ی کە ژنانی په‌نابه‌ر ده‌گرێته‌وه، ئەوان رێنوێنی بکات. وتار و هه‌ڵسووکه‌وتی ئه‌و کە لەو ڕۆژنامەدا بڵاو ببوەوە، سه‌رنجی ئه‌وانی بۆ لای خۆی ڕاکێشابوو. جارێکیان کە لە مەدرەسەی پیشەیی ئەو شارە دەمخوێند، له پۆلی وانه‌ی فەرهەنگ و هونه‌ردا مامۆستا داوای لە خوێندکاران کرد هەر کامە باسی هونەرمەندێک بکەن. بەشێک لە باسەکەی من لە سەر هۆنراوەکانی شاعێری ڕەش پێستی ئەمریکا لێنگێستن هیووز بوو. لە سەردەمی پێشمەرگایەتیدا، هەر وە‌ک چۆن زۆربەی کاتەکان برسی و بێ‌نان دەبووین، بێ‌مۆسیقا و ئاهەنگیش دەبووین. ڕادیۆ تەنها ڕێگای گوێگرتن بۆ مۆسیقا و گۆرانی و شێعر بوو. هەر وە‌ک چۆن کەسێکی برسیی هەموو کون و قوژبنێک دەگرێ تا خواردنێک دەست بخات، ئێمەش کە دەستمان دەگەیشتە ڕادیۆیەک، هەموو ئێستگەکان دەگەڕاین بەڵکوو دەنگی گۆرانییەکی ئاشنای لێ ببیستین و بیکەینە خۆراکی مێشک. لە ڕێگای ڕادیۆ کۆمەلەوە شێعرەکانی هیووز سەرنجی ڕاکێشابووم، بەوجۆرە ناوی شاعێرەکە لە بیرمدا مابوەوە. بەدوای ئەوەدا، شێعرێکم خوێندەوە لە ژێر ناوی «سەرزەوی من» هۆنراوه‌ی ژنە شاعیری ئیسپانیایی فیگونە ئامریچ، کە لە کاتی شەڕی ناوخۆی ئێسپانیا لە ساڵەکانی ١٩٣٠دا دایناوە. یەکێک لە ئەندامانی دونیای بێ سنوور بە ناوی هیوا لە گەڵ دۆستە کچەکەی، ئەو شێعرەیان لە تەرجومەی فارسی ئەو هۆنراوە لە لایەن ئەحمەد شاملووەوە هەڵگێڕابوە سەر زمانی فینلاندی: ئێن هاڵوا سوودێلما موودەن/ ئێن هاڵوا وێرتا موودەن…| من نامهه‌وێت ماچ بفرۆشن/ خوێن بفرۆشن و شنە بكڕن و با بدەن بە کرێ/ من نامهەوێت گەنم بسووتێ و نان دەسنەکەوێت/ من نامهەوێت لە ماڵەکان سەرما هەبێ و لە کۆڵانەکان ترس و لە چاوەکان تووڕەیی/ من نامهەوێت باوکەکان بێ تووتن و دایکەکان بێ عەتر بمێننەوە و کچەکان بێ عەشق/ من نامهەوێت لە نێوان لێوەکان درۆ بەسترابێتەوە و لە گاسنووقەکاندا میلیۆنها سروەت زیندانی کرابێ…/ من نامهەوێ کوڕەکەم ڕێژە بڕوات و کوڕی دایکەکان ڕێژە بڕۆن و تفەنگ و مەرگ بە کۆڵیانەوە بگێڕن…/ من نامهەوێت لە دەریاکان ئێمپراتوری بتاشن…/ من نامهەوێت دەمم داخەن ئەو کاتەی دەڵێم من نامهەوێت|.
کە لە خوێندنی ئەم شێعرە بوومەوە، لە پێشدا بێ دەنگییەک بە سەر پۆلەکەدا زاڵ بوو. تەرجومەکە بە شێوەیەکی زۆر جوان مانا و هێزی ئەو شێعرەی بۆ زمانی فینلاندی گوازتبوەوە. بۆیە لە ناکاو مامۆستاکە هەستایە سەر پێ و بەرەورووم هات. کە گەیشتە لام، لاپەڕەکەی بە هێواشی لە دەستم وەرگرت و پاشان بەرەو دەرگاکە چوو. دەرگاکەی تۆزێک کردبوەوە کە لای کردەوە و وتی «دەچم کۆپییەکی لێ بکەم. کێی دیکە دەیهەوێت؟». هەموو خوێندکارەکان دەستیان هەڵێنا. دوای دە تا پانزە دەقیقە، مامۆستاکەمان بە باوەشێک شێعری ئامریچ گەڕایەوە. ئورووپا تەنها بە پێوانەکانی گوتاری زاڵ ناناسرێتەوە. مرۆڤایەتی ناسنامەیەکی بەهێزی بەشێکی زۆری خەڵکی ئورووپایە.
ساڵی دووهەم یان سێهەمی خوێندن، ڕۆژێکیان مامۆستای زمانی فینلاندی بە ناوی ئاننێ هوتتوونێن هات بۆ لام و وتی بەرپرسی خوێندنگاکە کاری پێتە. بەرپرس ئاگاداری کردم کە گرووهێک لە بەشی فێرکردن و خوێندنی وڵاتی تورکیاوە دێن بۆ ئەو خوێندنگایە. بەدوایدا پرسیاری کرد «ئایا گرفتێک دەبینی». زۆرم بەلاوە سەیر هات کە زانیم بۆ ئەوە بانگ کراوم. لە وەڵامدا کوتم گرفت لە گەڵ حکوومەتی ئەو جۆرە وڵاتانەیە، نەک لە گەڵ خەڵک یا ئەوانە‌ی وا دەیانهەوێت لە گەڵ ئێوە زانیاری لە بواری خوێندن و فێرکردن‌دا بگۆڕنەوە. ئەو جۆرە هەوڵە جەمعیی و تاکەکەسییانە کە لە سەرەوە باس کران، سەرنجی زۆر کەسی لەو شارەدا بۆ لای خۆی ڕاکێشابوو. ئانێ هووتتونێن و ئانێ هیتۆنێن، کە ناوەکانیان لە یەک دەچونو، یەکەم مامۆستاکانی زمانی فینلاندی ئەو گرووهەمان بوون کە پێكەوە چووین بۆ ئەو وڵاتە. دوو ژنی تێگەیشتوو و زۆر مێهرەبان بوون. هاوکات کە خولی فێربوونی زمان بەرەو پێش دەچوو، لە ڕێگای ئەو گرووهەوە زۆرتر لە گەڵ فەرهەنگ و مێژووی کوردستان و ئێران ئاشنابوون. وردە وردە بۆیان دەرکەوت کە سنووری فەرهەنگی و جیهانبینییەکانمان زۆر ناسک‌تر لەوەیە کە پێشتر بیریان دەکردەوە. کە بەرەو کۆتایی خولەکە دەچووین، ئیتر بۆ میوانیی سەردانی ماڵی گرووهەکەی ئێمەیان دەکرد و ئێمەش چووینە ماڵیان. لە کۆتایی دەورەی فێربوونی زمان، ئاگاداریان کردین کە دەمانبەن بۆ گەشتێکی فینلاند و پرسیاریان کرد کوێمان پێخۆشە. زۆر بە لایانەوە سەیر بوو کە داوامان کرد بمانبەن بۆ شاری تامپێڕە کە مووزەی لنینی لێ بوو وە‌ک تەنها مووزەیەک کە مابوەوە. بە قسەیان کردین و لە مووزەکەدا زۆر شتی سەرنجڕاکێشمان بینی. لەوانە ئەو بەڵگەنامە بوو کە تێیدا ڕێبەرانی شۆڕشی ڕووسیا سەربەخۆیی وڵاتی فینلاندیان ئیمزا کردبوو. فینلاند بەدوای ئەوەی ماوەیەک بەشێک لە پاشایەتی سۆئێد دەبێ، دەبێتە موڵکی ڕووسیا. فینلاندییەکان بە گشتی لە بەر سەلماندنی سەربەخۆییەکەیان لە لایەن ڕێبەرانی شۆڕشەکەوە، زۆر خراپەی ئەوانیان نەدەوت. بەڵام زۆر دژی ئێستالین بوون. ڕووداوێکی سەرنجڕاکێشی مێژوویی وەستانەوەی قارەمانانەی وڵاتی بچووکی فینلاندە لە بەرامبەر داگیرکاری سپای زەبەلاحی سۆڤییەت و ئێستالین. لە کۆتاییدا ئاگربەس دەکەن، بەڵام غەرامەیەکی زۆر دەخەنە سەر ئەو وڵاتە. بۆ دەیان ساڵ بەدوای جەنگی دووهەم، وڵاتی فینلاند خواردن و پێداویستییەکان لە ڕێگای کۆپن بۆ خەڵک دابین دەکات. کە دەگاتە ساڵەکانی ١٩٨٠، قەرزەکانی داوەتەوە و لە باری ئابووری و کۆمەلایەتییەوە بەرەوە هەڵکشان دەچێت. بەجۆرێک کە بواری تەلەفوونی مۆبایل، سەنعەتی كەشتی و ئامرزای بەرهەمهێنانی کاغەز دەبنە بەشێکی گرینگ لەو ڕەوتە ڕوو لە گەشەیە. فینلاند، وە‌ک سۆئێد و ئەوانە‌ی هاوسێی، دار و جەنگەڵی زۆرە و بەو سروەتە دەڵێن زێڕی سەوز. هەروەها هەزاران دەریاچەی هەیە و فینلاند بە وڵاتی هەزار دەریاچە ناوی دەرکردوە. سەرکەوتنی ئەو ڕەوتە بەدوای جەنگی دووهەمدا، تەنها لە نەبوونی گەندەڵی ئابووریی و سیاسی و فەرهەنگی لەو ڕەوتەدا و لە بڕیاری بەجێی بڕیاردەران سەرچاوەی گرتوە.
که‌وابوو، تا ئەو جێگای بە ژیانی پەنابەری دەگەڕێتەوە، هه‌ڵسوکه‌وتی په‌نابه‌ریش ده‌توانێت هێزی نامه‌رئی گوتاری زاڵ بخاته ژێر فشاره‌وە. ئه‌و بۆچوون و بیرکردنه‌وه دووپات بکاته‌وه و بیری لێبکاته‌وه که ئارامشی نه‌فسیی بۆ ده‌هێنێت. یانی به‌جۆرێک خۆی به زل بزانێت و فەرهەنگ و خەڵکی خۆی دانەبەزێنێت. بەڵام هەوڵ بدات خاڵە هاوبەشەکان بەهێز بکات. له‌و رۆژانه‌دا گوریسەکانی ئه‌و هێزه نامه‌رئیه به منیشه‌وه ئاڵابوون. ئه‌و کاتانه داییمه هه‌وڵمده‌دا خۆم بنوێنم و بیسه‌لمێنم که منیش مرۆڤێکی «پێشکه‌وتوو»م و وه‌ک ئه‌وانم. که‌ره‌سه‌یه‌کی به‌هێز بۆ سه‌لماندنی «پیشکه‌وتوو»یی ئاماژه به گرفتی ژنه. ئه‌وه‌ی پێداگریمان له سه‌ر ده‌کرد، دیسان له جلوبه‌رگ واوەتر نه‌ده‌چوو. له کۆمه‌ڵگایەکی وه‌ک فینلاند یا سۆئێد، ڕووسه‌ری و سمێل دەبنە پێناسه‌کانی «دواکەوتویی» و زەختی کۆمەڵایەتی لە سەر کەسەکان زیاد دەکەن.
لەو ساڵانەدا هانا به بنه‌ماڵه‌كه‌مان زیاد بوو. هه‌ڵبژاردنی ناوه‌که‌ی بۆ ئه‌وه بوو هێز و هانای لێوه‌ربگرین. ناوی هانا هه‌م کوردییه و هه‌م نێونه‌ته‌وه‌یی. کچێکی بنه‌ماڵه‌ی پێرتی و تاینا به هانا بانگ ده‌کرا کە له به‌راوه‌رد له گه‌ڵ ته‌مه‌نی، ڕه‌وشت به‌رز و خوێن‌گه‌رم و تێگه‌یشتووتر ده‌ینواند. یه‌کێک له حه‌زه‌کانی خوێندنه‌وه‌ی شۆڕشه‌کانی ئامریکای لاتین بوو. که هانای ئێمه‌یش باڵای کرد و خۆی گرت، به‌و جۆره‌ی لێده‌رهات. هه‌ر له ساواییه‌وه کتێبمان ده‌دا ده‌ستی. بێ‌ئه‌رک بوو. ئه‌رکی گه‌وره بوونی له سه‌ر شانی ئارش که‌وت که قسه‌کردن، ڕێگا ڕۆیشتن و کایه‌کردنی فێر کرد. کاریگه‌ری هانای کچی ناسراوه‌که‌مان وای کرد ئه‌و ناوه هه‌ڵبژێرین. بەڵام په‌نابه‌ریی بۆ زۆر کەس ژیانێکی دژواره. هه‌موو ساتێک ده‌بێ بیانویه‌ک بۆ درێژه‌دانی ئه‌و ژیانه بدۆزیته‌وه. ئێمه‌ش هانا و هێزمان ده‌ویست.
دوای نزیک شه‌ش ساڵ ژیان له‌و وڵاته، وڵاتی ئینگلیز سه‌رنجی ڕا‌کێشام. هه‌ست به‌وه‌ی ناوێکی بێگانه وه‌ک مه‌عروف له‌مپه‌ری دۆزینه‌وه‌ی کار و پێشچوونه، هەبوونی بێکاریی و قه‌یرانی ئابووریی، سه‌رما و به‌فر، فشاری ڕۆحی و نه‌فسی، گرفت و ده‌مه‌قڕێی ژنوشوویه‌تی، بێ‌تاقه‌تیی و که‌م ئه‌زموونی بابه‌تگه‌لێکی دیکه بوون پاڵیان پێوه ده‌ناین. ئاسۆی ژیانێکی باشتر، خوێندن له زانکۆکانی له‌نده‌ن، گه‌شه له بواری کاری سیاسی، له‌و بابه‌تانه‌ی دیکه بوون ڕایان ده‌کێشاین. ئەو جێگاگۆڕینە دەسکەوتێکی یەکجار زۆری هەبوو، بەڵام هەروەها چاوی زۆرتر کردمەوە.
لە لەندەن دامەزراین. لەوێ به تین و ته‌وژمێکی زۆره‌وه ده‌ستم به کار و خۆ ئاماده کردن بۆ خوێندن کرد. ئەگەرچی یارمەتی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان هەبوو، بەڵام له باری مادییه‌وه پێویست بوو ژێرخانێکی باشترمان هەبێت. پێش هاتنمان که‌لوپه‌لی ماڵەکەمان لە فینلاند فرۆشت. به‌شێکی به‌رچاو له پووڵه‌که‌م به هه‌ڵه به نامە بۆ له‌نده‌ن نارد کە له نێوان کارتۆنێکی چکۆله‌ی که‌لوپه‌لی پێویست حه‌شار درابوو. که‌لوپه‌له‌کان گه‌یشت به‌ڵام پووڵه‌که ون ده‌بێ. له‌و شاره‌ی به‌ره‌و له‌نده‌ن ڕۆیشتین، هاوڕێم غوڵامڕه‌زا گه‌یاندمیه فڕۆکه‌خانه و ده‌ستی برد و بە زۆر و ئیسرار چەند سەد مارکی پێدام. ڕەزا تێکۆشەرێکی دێرین و پێشتر پێشمەرگەیەکی فیداکاری ناوچەی سنە بوو. له له‌نده‌ن بۆ کار ده‌گه‌ڕاین. ناسراوه‌کان و هاوڕێکان جێگایه‌کیان پێناساندین. ورده ورده ئه‌و بیره بڵاو ده‌بووه‌وه که دووکان دانان و یان به‌وجۆره‌ی ده‌وترا «بیزنێس» کردن کارێکی باشه. ئه‌و بیره له منیش‌دا به‌هێز ده‌بوو که له په‌نای خوێندن بتوانین «بیزنێس»ێک دابنێین. بۆیە لە گەڵ چەند کەس و بەشەریکی دووکانێکمان کردەوە. ئەو دووکانەش بۆ خۆی داستانێکی دوورودرێژ و پڕ ماجەرایە. بە کورتی، تا لامان کرده‌وه چه‌ند ساڵ تێپه‌ڕی. ئاسه‌واری زه‌ره‌ره ڕۆحییه‌کان خۆیان ده‌رده‌خست. ئابووریی ئینگلیز به سه‌ر پەیوه‌ندییه‌کی به‌هێزی ماڵیی (فاینانس) داڕیژڕاوه. لەو پێكهاتەدا، «ئانێستی» (ڕاستگۆیی) مه‌لاک نییه. پێت ده‌ڵێن ده‌بێ «سماڕت» (زیره‌ک) بیت. کاتێک لەو کارە وام هێنا و بەتەواوەتی ڕوومکردە خوێندن، ماوەیەکی برد هەتا ئاسەوارە ماددی و نەفسییەکان وردە وردە سڕانەوە. بەڵام لە بەرامبەر ئەوانەدا پشتم لە عەرز نەکەوت. مرۆڤ لەوانەیە بکەوێت. بەڵام دەتوانێت هەلسێتەوە، و دەبێ هەڵسێنتەوە، هەر چەند جاریش بێت. هاوڕێیەکی تازەم جاریک پرسیاری کرد بۆچی دونیا وای لێهاتوە؟ ئەو هۆکارەکەی لە جیاوازی لە نێوان ساڵەکانی یەکەمی سەدەی بیستویەکەم و ساڵەکانی پێشتر دەزانی. بە بڕوای ئەو، جیاوازی ئەو دوو سەردەمە لە جیاوازی لە نێوان ئیدەئالیسم و ماتریالیسمەوە سەرچاوە دەگرت. واتە لە لای زۆر کەس، سەردەمی بیرۆکە یا ئیدە مەزنەکان نەماوە و ئێستا ژیانی ماددی گرینگە. بەوجۆرەی دەڕوانمە ژیانی کۆچبەریی و پەنابەریی لە ئورووپا، ئەو وتە ڕاستییەکی تێدایە. هەڵخڕێنەری زۆرێک لە ئینسانەکان گەیشتن بە ئامانجێکی ماددییە بە هەر شێوەیەک بێت. بۆیە درۆکردن و دووڕوویی و تەنانەت هەڕەشە‌کردن و پەنابردن بۆ دەست و داوێنی خەڵک بۆ خۆ زاڵکردن بەسەرتدا، لە لای زۆرکەس بوەتە باو. پێوانەکانی «سەرکەوتوو»بوون پێوانەگەلێکی ماددین. جارێک هاوڕێیەک کوتی «پێوانەکانی جاران چ‌گوارایی بوون، بەڵام پێوانەی ئێستا بیزنێسمەنێکی (خاوەن کاسبییەکی) سەرکەوتووە». سەر دەکێشرێتە ژیانی خسووسیتەوە. کەچی ئەو کەسانە وا حەزیان لێیە ژیانی خەڵکی دیکە بزانن، دەورووبەری ژیانی خۆیان بێ هیچ درزێک گرتوە. لە ژیانی پەنابەریدا، سەرزەنشت‌کردن و قەزاوەت‌کردنی یەکتر بوەتە باو. ڕەنگە لە هەموو جێگایەک لە دەسپێکی سەدەی بیست و یەکەمدا، ورەیەک پەیدا بوە کە مرۆڤەکان هان دەدات چاوەڕوانی کەوتن و نەک هەڵکشانی ئەوانی دیکە بن؛ هەروەها، کەسانی دیکە بە هۆکاری هەڵەکانی خۆیان و نەگەیشتن بە حەزە ماددییەکانیان دەزانن. بێ‌متمانە‌یی دیاردەیەکی زەقە و ئەمە خراپترین ئاکامی ژیانی ئیستایە. ژیانی پەنابەریی لایەنێکی سیاسیشی هەیە. خۆت لە ناو «عەشیرە» و «خێڵی» هاوبیرانت دا دەبینییەوە. بە درێژایی زەمان، وردە وردە خێڵەکەت بچوکتر دەبێتەوە. خورەیەک دەکەوێتە ناوییەوە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان مرۆڤەکان کاڵ دەکاتەوە و لە ئاکامدا لە یەکیان ئەپچرێنێت. لە گەڵ بچووکبوونەوەی کۆڕەکان، کە دابڕانی سیاسی هۆکارێكی گەورەیە، زمانەکانیش توندتر و ددانەکانیش لە یەکتر سپی‌تر دەبنەوە. متمانەکان ڕووخاون. پێویست ناکات پێوانەکان چ‌گوارایی بن، بەڵام هەموو پێوانەکانی جاران خراپ نەبوون.
لە ماوەی دە ساڵ ژیان لە بریتانیا، ژیانی تاکه‌که‌سییم هه‌تا ده‌هات ژێره‌وژوور ده‌بوو. له ته‌پوتۆزی گۆڕانه‌كان و ئاڵوگۆڕه‌کان که‌وتبووم. ئه‌وه‌ی به هانامه‌وه ده‌هات گۆڕانێکی فیکریی بوو هه‌ستم ده‌کرد تاقی ده‌که‌مه‌وه. پێشتر و به هاتنه مه‌یدانی که‌ره‌سه‌ی کامپیۆتێر بڕیارم دا ئه‌و مه‌یدانه له خوێندن هه‌ڵبژێرم. به‌ڵام له‌وه تینوتر بووم. کاتێک منداڵ بووم و تۆپێکی فوتباڵ دونیای منی پێکده‌هێنا، بێ ئەوەی بزانم له سه‌ر ڕێگای گرده‌لوولی ڕاپه‌ڕینی ئێران ڕاوه‌ستابووم. گردەلوول هه‌ڵیگرتم و هاوسەفەری خۆی کردم و بۆ زۆر شوێنی دیکەی بردم. تۆپ هەر لەوێ بە جێ‌ما. حه‌زی گه‌لێک بابه‌تی دیکه‌م تێدا پێکهات. خوێندنه‌وه‌ی مێژوو له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه بوو. له له‌نده‌ن ڕووم کرده کۆلیجی بێڕبێک له زانکۆی له‌نده‌ن. خولێکی یه‌کساڵه‌یان پێناساندم پێش ئه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ زانکۆ ده‌ست پێ پکه‌م. حه‌وتوی ڕۆژێک. دەورەکە لە دەور بابەتێک لە ژێر ناوی «هه‌لومه‌رجی کۆمه‌ڵایه‌تی بریتانیا له نێوان دوو شه‌ڕی جیهانیی» پێک هاتبوو. ئه‌و‌ە‌ی وانه‌ی ده‌وته‌وە، ژنێکی مێژووزان بوو به ناوی مه‌گی میلمان. ژنێکی به‌ته‌مه‌ن. مه‌گی له چه‌ند کۆبوونه‌وه‌ی یه‌که‌مدا هه‌وڵیدا له حه‌ز و ئاستی زانیاریی مێژووییمان تێبگات.
بەڵام فشاره نەفسییەکان و دژوارییه‌کانی ژیانی کار له دوکانێکدا هه‌موو جارێک وره‌یان داده‌به‌زاندم و له به‌شداری کردنی خولەکە ده‌یانسڵه‌ماندوە. مه‌گی به ناردنی ئی‌مه‌یل هانی دام. دیسان به‌شداریم کرده‌وه. ئەو خولە کۆتایی هات. دوای ساڵێک زانکۆم ده‌ستپێکرد. که ده‌وره‌ی لیسانس ته‌واو بوو، ئی‌مه‌یلێکم بۆ مه‌گی نارد و سپاسم کرد که هاندانه‌که‌ی نه‌یهێشت واز بهێنم. گه‌لێک به‌وه شاد بوو. به شه‌و خوێندن و به ڕۆژ کار. به‌دوای ئه‌وه بوو هه‌لێکم بۆ هه‌ڵکه‌وت و له «بیزنێس»ێک که بە دەست و لاقمەوە ئاڵا بوو، وازم هێنا و ڕزگار بووم. سه‌رده‌می خوێندن له بێڕبێک (کە کەسی وە‌ک ئێریک هابزبام وانەی تێدا وتوەتەوە) پڕ بوو له فێر بوون و پێکهاتنی ئاڵوگۆڕی فیکریی. ڕوانینم بۆ چه‌مکی مێژوو گۆڕدرا. تێگه‌یشتم که مێژوو ڕاسته‌خه‌تێکی پێشکه‌وتن (پێشڕه‌فت) له سه‌رده‌می کۆنه‌وه بۆ ئێستا نییه که ده‌بوایه به فێربوون و له‌به‌ر کردنی ڕووداوه مێژوییه‌کان، ببیته مێژووزان. به پێچه‌وانه مێژوو گێڕانه‌وه و جه‌ختکردن له‌سه‌ر ڕەوتەکانی ئاڵوگۆڕه له کۆمه‌لگاکاندا بۆ شیی کردنه‌وه و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و ڕەوتانە. ئەمە ئەو بنەمایەیە کە ناهێڵێت ڕووداوە مێژووییەکان تەنها بە شکست و هەزیمەت پێناسە بکرێن. جیاوازیی بۆچوونه مێژووییه‌کان، مێژووزانی جۆراوجۆر ده‌خولقێنێت. که‌وابوو تۆیش وه‌ک خوێندکار و دواجار وه‌ك توێژه‌ر بۆچوون و هاوبیری خۆت ده‌دۆزیته‌وه. به‌رامبه‌ر به بۆچوونه‌کانی دیکه فێر ده‌بیت بوه‌ستێیت. بۆ به‌خاوه‌نکردنی خۆت به زه‌ینێکی هه‌ڵسووڕاو هان ده‌درێیت. ده‌توانی وا له خۆ بکه‌یت له سه‌ر سەفحەی تلویزیۆن له ژێر وێنەکەت بنووسرێت «شاره‌زای گرفته‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست»، واتە دۆکتۆری نەخۆشییەک، یان خۆت ئاوێته‌ی ئالقه‌یه‌کی به‌رینی چالاکانی کۆمه‌لایه‌تی، سیاسی و فیکری و توێژه‌رانی مێژوویی بکه‌یت که بۆت هه‌یه زۆر جاریش له گێڕانه‌وه‌ی مێژوودا لایه‌نگر بیت نه‌ک بێ‌لایه‌ن؛ ئەگەرچی ناتوانی بەحەزی خۆت دەورگێڕانی مێژوویی بسڕیتەوە یا زلیان بکەیتەوە. هەروەها، دەتوانی کێشەی نێوان ئیدیعا و کرداری ئەوانە‌ی وا بەرپرسایەتی و دەسەڵاتیان هەیە لێک بدەیتەوە. خوێندنی مێژوو چاوت چه‌کدار ده‌کات. هه‌ر ده‌ق و بابه‌تێک بخه‌نه به‌رده‌مت به خێرایی له مه‌به‌سته‌که‌ی تێده‌گه‌یت. بۆ تێگه‌یشتن له بابه‌ته‌که، ئه‌مجاره چاو بۆشایی نێوان ڕسته‌کانیش ده‌خوێنێته‌وه که مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی ده‌قه‌که‌ی له خۆ گرتوه. مێژوو پەیوەندییەکی چڕوپڕی لە گەڵ ناسنامە هەیە و جواب بەو پرسیارە دەداتەوە کە تۆ کێیت و چۆن گەیشتوویتەتە ئێرە. بۆیە هەموو کەس بەجۆرێک مێژووزانە و قسەکانی بە ئاماژە بە مێژوو دەسەلمێنێت.
ئه‌وه‌یکه نووسینێکی جددیتری بیره‌وه‌رییه‌کانم له له‌نده‌نه‌وه ده‌ست پێده‌کات، ڕووداوێکی به‌هه‌ڵکه‌وت نییه. پێکهاتی کۆمه‌ڵایه‌تیی ئه‌و وڵاته و بوونی خه‌ڵکانی جۆراوجۆر، مه‌جالی داوه تێگه‌یشتنێکی قووڵتر له بابه‌ته‌کان مسۆگه‌ر بێت. ئازادی و فرەفەرهەنگیی مەجالی ئەوە دەڕەخسێنێت کە تاک تا ڕادەیەک لە گەڵ غەریبیی ململانێیەکی سەرکەوتوانە بکات، ئەگەرچی ئەوە ڕاستە هەر کوێ بچێت ئاسمان هەر ئەو ڕەنگەیە. به‌هه‌مان شێوه گه‌ڵێک زانکۆی دیاریکراو شوێنی باڵاکردنی فیکریی و نه‌زه‌ریی ئه‌و که‌سانه‌یه ده‌یانهه‌وێت له بواری ئاکادمیی و کرده‌وه‌دا ڕێگای خۆیان شوێن بگرن. بریتانیا مێژوویه‌کی پڕ ده‌سکه‌وتی هه‌یه. سیستەمی پزیشکی لەو جۆرە دەسکەوتانەیە. بۆ دیتنی دوکتور پێویست نییە پوولی سەردانی دوکتور بدەیت. لە ئینگلیز ئەگەر بێکار بیت، ئەوا نووسخەی دەرمانەکانت بە خۆڕاییە؛ لە سکاتلەند بۆ هەموو کەس بەخۆڕاییە. گرفتەکانی خۆیشی هەیە. به‌ڵام بریتانیا داییمه له ململانێ و ڕکه‌به‌ڕکێدایه بۆ پاراستن و ستاندنه‌وه‌ی ئه‌و جۆره ده‌سکه‌وتانه. بۆیه ده‌سکه‌وته‌کان خودایه‌ك نه‌یداون و ته‌نها له «عه‌قڵ» و «پێشكه‌وتن» سه‌رچاوه ناگرن. به‌ڵكوو شوێن پێی هه‌وڵدان و تێکۆشانی ده‌یان ساڵه‌ی مرۆڤه‌کان و ڕێکخراوه‌کانی پێوه دیاره. هۆکارێکی دیکه که کاریگه‌ری بنه‌ڕه‌تی له سه‌ر بالاکردنی تێگه‌یشتن و توانی لێکدانه‌وه‌ی مرۆڤ داده‌نێت، فێر بوون و خوێندن له ناوه‌نده‌کانی ئاکادمییه. له‌وه ناچێت هیچ خه‌ڵکێک بێ پێکهێنانی ناوه‌ندی به‌وجۆره بتوانێت خۆی به‌خێو بکات یا ئەدەبیات و فەرهەنگی هەبێت. کۆمەڵگای کوردەواریی بە ژێرخانی نیهادەکانی حوجرە و خانەقا پێی نایە سەردەمی هاوچەرخ کە یەکێک لە پێناسە دیارەکانی بریتییە لە جەماوەریکردنی خوێندنی نوێ. بە درێژایی سەدەکانی ڕابردوو هەزاران کەس بە بڕوانامەی مەلا خوێندنیان پەرە پێدا، شاعیریان لێ هەڵکەوت و بەگشتی توێژی ڕووناک‌بیری کۆمەڵگای کوردەوارییان پێک دەهێنا. ئەمە زۆرێک ژنە شاعیر و دەسەڵاتداری خێڵێک یا مامۆستای سەردەمی هاوچەرخ وە‌ک مەستوورە و حەپسەخان و عەزیزە‌ملووک دەگرێتەوە. هەر وە‌ک لە بیرەوەرییە بەنرخەکانی کەسانی وە‌ک هێمنی شاعێر و چالاکانی وە‌ک حیسامی و مەلا خدری عومەرزادە (دۆڵەگەرمێ) دەردەکەوێت، بیرۆکەکانی هاوچەرخ کە خوێندن یەکێک لەوانە بوو، لە ڕێگای ئەو توێژەوە جەماوەریی کران. حاجی قادری کۆیی بێ هەبوونی ئەو ژێرخانە نەیدەتوانی ببێتە پێشەنگی بیرۆکە نوێکان، هەر وە‌ک چۆن قانعەکان بە پێ بە کوردستاندا دەگەڕان و وشیارییان بڵاو دەکردەوە، یا مەلا ئاوارە ئەبێتە سومبولی ڕووناکبیرانی شۆڕشگێڕ و گۆڕانخواز کە سەردەمێکی دیاریکراویان پێناسە ئەکرد. بۆ گۆڕێنی دنیا، چالاکیی فیکریی حەیاتییە.
ئێستا کە بۆ زۆر دواوە‌تر دەڕوانم، مرۆڤێک دەبینم کە بەدەم ڕێگاوە ئەزموون تاقی دەکاتەوە. لەو ئاوڕدانەوە بە ژیاندا، دوو دیاردەی بنەماڵە و هاوڕێیەتی، فکر و هۆشم بەخۆە خەریک ئەکەن. نازانم بۆچی، بەڵام وشە و بابەتی بنەماڵە هەتا هاتوە فکر و هۆشمی بەخۆوە خەریک کردەوە. کاتێک داستانێک دەخوێنمنەوە، سەرنجی ئەو لایەنە دەدەم تا بزانم بەسەرهاتی بنەماڵەکان و مرۆڤەکانی دیکە چۆن بوە. یا کاتێک داستانی ژیانی ئینسانەکان لە ڕێگای فیلم و سریاڵی تلویزیۆنی و بەرهەمە هونەری و فەرهەنگییەکانی دیکە دەخرێنە بەردەستمان، سەرنجم بۆ ئەو لایەنە زۆر ڕادەکێشرێت. لەم دواییانەدا داستانێکی کەمتربیستراوم خوێندەوە بە ناوی «ئەو ڕۆژگارانی وا بەسەر چوون». منداڵێکی ئێرانی بەدوای شەڕی یەکەمی جیهانی لە ناوچەی مازندەرانەوە بەشوێن باوکی‌دا بۆ باکوی ئازەربایجان کۆچ دەکات. لە غەریبیدا وردە وردە خۆیان جێ دەخەن و ئەو منداڵە لە خوێندنگاکانی ئەو وڵاتە نوێیە بە سیستەم و باوەڕەکانی ڕژیمی نوێ گەورە دەبێت. کەچی لە کاتی بگرە و بکووژەکانی ستالین‌دا، بنەماڵە لە یەکتر دەپسێت. ئەو منداڵە کە ئیتر گەورە بوە، لە گەل هاوسەرەکەی بۆ ئوردووگای کار لە سیبری بەڕێ دەکرێت. لەوێ منداڵیان تیا دەچێت. چەندین ساڵ لەوێ و لە باروودۆخێکی یەکجار خراپ‌دا هەوڵ دەدەن تا زیندوو بمێننەوە. مانەوەکەیان هەتا دوای شەڕی دووهەمی جیهانی درێژەی دەبێت. ئەگەرچی لە سیبری حەبس کراون و دەچەوسێنەوە، بۆ سەرکەوتنی وڵاتەکە لە شەڕدا جێژن دەگێڕن. پێیان وایە هەڵەیەک کراوە بۆیە بۆ سیبری نێردراون! دێنەوە بۆ ئێران و دیسان لە گۆڕەپانی سیاسەتدا، ئەو منداڵە کە ئیتر پیاوێکی بەتەمەنە، تووشی چەرمەسەری و دوورخستنەوە دەبێت. دیسان لە منداڵ و هاوسەرەکەی دوور دەکەوێتەوە.
لە حەڵقەیەکی دیکەی تلویزیۆنی‌دا، بنەماڵەیەکی دەستکورتی تورک لە بەستێنی ساڵەکانی ١٩٧٠ی دیکتاتۆری تورکیادا دەکەونە گەمارۆی زوڵم و هەر چی دەکەن ناتوانن لەو گەمارۆیە بێنە دەرەوە. ژیانێکی پڕ لە عەشق و سادە دەبێتە ئامانجی گەندەڵیی جەماعەتێک و حەسوودی و چاوچنۆکی جەماعەتێکی دیکە. باوکی دەستکورت کە کارگایەکی بچووکی پێڵاوی هەیە و وەستای پێلاوە، تەنها لە ڕێگای شێعرەکانی نازم حیکمەت هێز و توان بۆ تێکشکاندنی گەمارۆ کۆ دەکاتەوە. بە بیستنی هەواڵێکی دڵتەزێن دایک و باوکی بنەماڵە خەم بە دەموچاویاندا دێتە خوارەوە. یان کاتێک بە دیتنی نوورێکی بچووک لە تاریکیدا تۆزێک بزە دەکەوێتە سەر لێویان و چاویان دەکرێتەوە. لە کاتی شادییدا دەوریان شلووغ دەبێ، کەچی لە کاتی خەمدا، یا وە‌ک پێشینیان دەڵێن کاتێک گڵۆڵە دەکەوێتە لێژیی، خەڵک لێیان ئەتاکێتەوە. لەو کاتانەدا بینەر نوقمی هەست و جووڵە و ژیانی ئەوان دەبێت. لە گەڵ هی کەسوکاری خۆی بەراوەردی دەکات. بنەماڵە بیرۆکە نییە کە لە گەڵ خۆت بیگێڕێت. دیاردەیەکی زیندووە. دەبێ لە گەڵی بیت، لە پەنای بیت. لە سەرەتای ١٣٦٠دا، کاتێک هەموو چوار براکانم پێشمەرگە بوون، لە پەنای باوکم وەستا بووم کە دوای بیستنی قسەی تاڵی هاوسێ دوکان، چاوی پڕ بوو لە فرمێسک و حەسرەتی کوڕە دوورکەوتوەکانی دەخوارد. هاوڕێیەتی؟ کەس نابێ هاوڕێیەتی کەسێکی دیکە بە زەمانه‌ت بگرێت. دەبێ بایەخی بۆ دابنێت. چوونکوو بۆی هەیە لە کیسی بچێت.
لە کۆی ئەو وتانەی وا لە مێژوودا خۆیان چەسپاندوە، ئەم وتەی ڕووسۆ زۆرتر سەرنجی ڕاکێشاوم کە «مرۆڤ بە ئازادی لە دایک دەبێ کەچی لە هەموو شوێنێک زنجیر کراوە». بەسەرهاتەکان دەریدەخەن کە ئێمە هەر بە زنجیرکراویی دەمێنینەوە. تەنها ڕواڵەتی ئەو زنجیرە‌یە کە دەگۆڕدرێت. لینگێستۆن هیووز لە شێعری «خەون»دا پیشانی دەدات کە ئەمە بەو مانا نییە کە مرۆڤی زنجیرکراو دەبێ واز لە خەون و ئاواتەکانی بهێنێت:
هۆڵد فاست تو یوور دڕیم
فۆڕ ئیف دڕیمز دای
لایف ئیز ئەی بڕۆکن-وینگ بێڕد
دەت کەننات فڵای.
هۆڵد فاست تو یوور دڕیم
فۆڕ ئیف دڕیمز گەو
لایف ئیز ئەی باڕێن فیڵد
فڕەوزن ویت سنەو.
توند دەست بە خەونەکانتەوە بگرە
چونکوو گەر خەون بمرێ
ژیان باڵندەیەکی باڵشکاوە
کە ناتوانێ بفڕێ.
توند دەست بە خەونەکانتەوە بگرە
چوونکوو گەر خەون نەما
ژیان دەشتێکی بێ سەمەرە
بەستوویە بە بەفر و سەرما.
کەوابوو، خۆم لە سەر بناغەیەک دەبینمەوە کە پێکهاتێکە لە ئەزموونی بەنرخ، بەسەرهاتی تاڵ و شیرین. کە بۆ ڕابردوو دەڕوانم، هەستێک تێم ئەئاڵێت لە شێوازی شێعرێکی بێکەس: کە لێرەوە چاوی تەنیاییم ئەبڕمە چاوی یادت/ ئێستەم لە نێو دوێنێی تۆدا/ وە‌ک خۆرنشینی پائیزێ/ وردە وردە نوقم ئەبێ/ هەموو جارێک بیرم ئەچێ/ ئاگری سەر غوربەتم داگرم تاکوو نەسووتێ/ وەختێ لە لای تۆ دێمەوە/ کاڵانەی چاو پڕ دووکەڵە و/ ئەڤینێکی بە‌هاڵاوی لێ دەڕژێ|. بناغەیەکی هاندەرە. تارەکانی ئەو بناغەیە جێ دەست و پێی زۆر کەسی پێوەیە کە زۆریان ئێستا نەماون. لە کاتە سەخڵەتەکاندا، لەو سەردەمەی وا کاغەز و قەڵەم گرینگ‌ترین ئامرازەکانی پەیوەندی لە نێوان مرۆڤەکاندا بوون، ئەوە باو بوو کە کەسە بەتەمەنترەکان لە سەر لاپەڕە‌ی کاغەزێک شێعرێک یان وتەیەک بۆ ئێمەی لاوتر بنووسن. سدیق وتەی ماکسیم گورکی بۆ نووسیم: معنای واقعی زندگی در زیبایی و نیروی تلاش بسوی هدف است/ و هستی در هر لحظە باید هدفی بس عالی داشتە باشد|. شتێک هانم دەدا بۆ بەردەوام بوون: پیرۆزبایی پێرتی و تاینا لە خەباتی ژنان وپیاوانی کوردستان؛ دڵسۆزیی و ژیریی فەقێی لاو و یارمەتییەکانی سوات ئابی، سەحەر و ڕابێ، و ژنانی تورکی هاوسێ کە لە کاتی دژوار‌دا سنوورەکانی ئایدۆلۆژیا و فەرهەنگ و زمان و قەوم بە پووچ دەگرن. شتێک لە دژی زنجیر هانم دەدا: ئەو بایەخە ئینسانییانەی وا بنا‌غە و پێوانەکان پێک دەهێنن و هەموو جارێک لە نێو تەم و مژدا ئاسۆ پیشان دەدەنەوە و مانا بە ژیان دەبەخشن.
*. دوکتۆرای مێژوو، مامۆستای زانکۆی سەینت ئاندرووس، و توێژەر لە زانکۆی خوێندنگای ئابووریی لەندەن.
داگرتنی بابەت