کێشەی ئایدیۆلۆژیا و پرسی ئاپاڕاتووسەکانی دەوڵەتی ئێرانی
ڕێناس خۆرهەڵات
“سەکۆ لە وتارگەلێک پێک دێ کە پێگەی وتاری سەرنووسەر یاکوو دەستەی نووسەرانی هەیە، بەم جیاوازییەوە کە لە هەر ژمارەیەکدا کەسانی شارەزا لە دەرەوەی بازنەی بەڕێوەبەرانی گۆڤاری تیشک، نووسینەکەی دەگرنە ئەستۆ. ئامانج ئەوەیە کە جۆراوجۆریی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و بەرپرسانە سەبارەت بە گوتاری نەتەوەیی لە سەکۆدا ڕەنگ بداتەوە.“
پوختە
لەم وتارەدا بێ ئەوەی ئاماژە بە لەدایکبوونی دەوڵەت لە ئێران بکرێت، هەوڵی دروست کردنی مشتومڕێکی زانستی لەسەر هەبوون یان نەبوونی دەوڵەتی ئێرانی لە سەردەمانی ڕابردوودا دەکات، لەسەر مێژووی ئێستاکەی دەوڵەتی مۆدێرن و ئاپاڕاتووسەکانی زمان و مێژووی ئێرانی لەناو ژیانی ڕۆژانە و تایبەتیی ئەو مرۆڤە ڕاوەستە دەکات کە لەناو سنوورە فەرمییەکانی ئێراندا، بە کوردستانیشەوە دەژین. پێویستیی ئاماژەکردن بەم بابەتە لەم ڕووەوە گرینگە کە کورد لە ڕێگای ئایدیۆلۆژیای دەوڵەتی مۆدێرنی ئێرانییەوە، بە نێونجیی ئاپاڕاتووسەکانی پەروەردە، وەرزش، موزیک، زمان و مێژووی ئێرانی ناسنامەکەی بەردەوام لە حاڵی سڕینەوەدایە و ئەم ئاپاڕاتووسانە بە دزەکردنە ناو سۆبژیکتیویتی مرۆڤی کورد، تەنانەت جیهانێکی هاوبەشیان لە سیمبۆلە ئێرانییەکان بۆ کورد خوڵقاندووە، تەنانەت ئەگەر کەسێک بە کتێبی “گوڵستانی سەعدی”یەوە وێنە بگرێت، یان “شیعری حافز”ی ئێرانی بکاتە کوردی یان موزیکی شەجەریان و وێنەکانی هاوبەش بکات، ئەوە کێشەیەک بۆ ناسنامەکەی دروست نابێت. بەڵام ئەوەی ئەم عەقڵانییەتە لێی تێنەگەیشتووە و بەلافی کوردبوون و دامەزرانی دەوڵەتی کوردییەوە خەریکە لێی ڕا دەکات، ئەو ڕاستییەیە هێشتا کولتووری ئێرانی وەک هێزێکی ئیمپڕیالیستی بۆخۆی پێناسە نەکردووە؛ کە ئەم کولتوورە دەتوانێ بەردەوام لە ڕێگای ئاپاڕاتووسەکانییەوە هاوکات شەرعییەت بۆخۆی بەدی بێنێت و شوناسەکانی دەرەوەی خۆی بسڕێتەوە؛ بێ ئەوەی ئەو مرۆڤە کوردە لێی ئاگادار بێت.
پێشەکی
لە سەردەمی ڕێفۆرمەکان لە ئێراندا، لەژێر کاریگەریی شکستی جیهانیی چەپ، کاریگەریی لیبڕاڵیزم و پڕاگماتیزمی ئەمریکی کە خەریک بوو لە پانتای زانکۆکان خۆی لە ڕووی هزرییەوە سەقامگیر دەکرد، ژیانەوەی سەرلەنوێی تێزی کۆتاییی ئایدیۆلۆژییەکان و بوونی ئەمریکا لە ناوچەکە، چەشنە دژایەتی کردنێکی ساکار لەگەڵ چەمکی ئایدیۆلۆژی پێک هات و خوێندکاران و بەشێکی گەورەی توێژی ئەکادیمیی کوردیش وەک لاسایی کردنەوەی هەندێک لە نووسەرە ئێرانییەکان، مۆرکی ئیدیۆلۆژیکیان لەو کەسانە دەدا کە پێیان وابوو پرسی کورد لە بنەڕەتەوە پرسێکی بوونناسانەیە؛ ئەم توێژە پێی وابوو دەرکەوتە ئایدیۆلۆژیکەکانی بزاڤی کوردی یان بزاڤە ناسنامەتەوەرەکان و بەتایبەت بزاڤی کوردی تەنیا فۆڕمێکی نوێی ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیزمی چەپ یان ڕاست یان ئاوێتەیەک لەم دووانەیە و، لە ئاکامدا بەرەو چەقبەستووییی بیر و ڕامان، لە چوارچێوەی بەرتەسکی ئایدیۆلۆژیک، هەنگاو دەنێت. دەرەنجامەکانی ئەم درزە فکرییە یان کەوتە باوەشی پۆست مۆدێرنیزمیکی ڕووکەشییانەی نێهیەلیستی کە تەنیا خۆی لەناو باسوخواسی ناو کۆفیشۆپەکان و ئەڵقەی شێوە-ڕووناکبیرییەکاندا دەدۆزییەوە یان لەوپەڕەکەی خۆیدا کەوتە ناو ئەو لیبڕاڵیزمەی لەژێر کاریگەریی گۆشەنیگای ئەکادیمیسییەنە ڕیفۆرمخوازە ئێرانییەکانەوە کەشوهەوای ئێرانی داگیر کردبوو. ئەم گۆشەنیگا لیبڕاڵیستییە بێ ئەوەی بڕوانێتە سەر پێشینە و میراتی فکریی بەهێزی سەدەی هەژدەی لیبڕالیزم و بەبێ لەبەرچاوگرتنی نەریتی فکریی چاخی ڕۆشنگەری، لیبڕاڵیزمی لە دژایەتیی ڕامانی چەپ پێناسە دەکرد و، تەنانەت ئەوەشی لەبیر کردبوو نەریتی چەپ بە مارکسیشەوە بەشێک لەو نەریتە لیبڕاڵییەی سەدەی هەژدەی بەدواوە بووە. گرینگترین دەرەنجامی سیاسیی ئەم چەشنە تێڕامانە لە جیهان و خود، پڕۆسەی سیاسەت سڕینەوە لە پرسی کورد لە ڕێگای دژایەتی کردنی چەمکی ئایدیۆلۆژی بوو.
سەرەڕای ئەوەی گەڕانەوە بۆ ئەو ساڵانە و شەنوکەوکردنی دەرکەوتە فکرییەکانی ئەو سەردەم و کاریگەرییەکەی لەسەر دۆخی فکریی کوردان پێویستی بە تێبینیی ورد هەیە، بەڵام نکۆڵی لەوەش ناکرێت بەشێک لە توێژی ئەکادیمی لە کوردستان هەوڵی ئەوەیان دا نەکەونە ژێر کاریگەریی ئەم دۆخە بەهەژموونکراوە و پەیوەندییەکی دوولایەنە لەنێوان تیۆر و کردە، لە جوگرافییای سیاسیی کوردستان بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی وێنا بکەن؛ هاوکات لەم بەشەی نووسراوە و لێکدانەوەکانیاندا، بە لەبەرچاوگرتنی زۆر فاکتەری جیاواز، کوردستانیان لە دەرەوەی ئێران، وەک قەوارەیەکی سیاسی، بەڵام لەژێر کاریگەریی سیاسەت و ئابووریی و ئایدۆلۆژیای ئێرانی پێناسە کرد و بناخەکانی دیسکۆرسێکی نوێیان بۆ سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی شوناسی کورد، وەک شوناسێکی جیاواز لە ئێرانیبوون پەرە پێدا. ئەم ڕەوتە تا ئەمڕۆکە توانیویەتی لەباری مەعریفی، پەیوەندییەک لەنێوان بەرهەمهێنانی زانست و ئایدیای سیاسی پێک بێنێت. بەڵام لە هەوڵدانەکانی خۆیدا، سەرەڕای کێشە و کەمایەسیی زۆر، لە ڕووی تیۆر و پرەکتیسی پارتە سیاسییەکان، بنەما جەماوەرییەکانی ڕێکخستنی سیاسی، بیری جیاکردنەوەی کورد لە ئێران بە زۆر هۆکاری جیاوازەوە، لەناو دەقی کۆمەڵگای کوردیدا بەردەوام تووشی کۆسپ بووەتەوە یان بەگوێرەی پێویست و بەتەواوی لە ڕووی سۆبژێکتیڤیتییەوە نەکەوتووەتە ناو گشت جومگەکانی کۆمەڵگای کوردییەوە.
هۆکارەکانی ئەم کیشەیە شەبەنگێکی بەرفراوان لە هۆکاری ئابوورییەوە تاکوو هۆکاری کۆمەڵایەتی دەگرنە خۆیان، بەڵام بە گرینگی پێدانی پرسی پەروەردە، ئەم وتارە لە هەوڵی ئەوەدایە بە ئاماژەپێدانی ڕۆڵی دەوڵەت و ئایدیۆلۆژیا، پرسی ئاپاڕاتووسەکانی بەرهەمهێنانەوەی سوبژێکتێکی پاسیڤ و گوێڕایەڵی دەوڵەتی ئێرانی و هەروەها پڕۆسەی سڕینەوەی سیاسەت لەناو کورددا پێناسە بکات. بۆ ئەم مەبەستە وێنایەک لە پەیوەندیی نێوان ئایدیۆلۆژیا و دەوڵەت دەخرێتە ڕوو و دواتر چۆنیەتیی دەرکەوتنی ئەم ئایدیۆلۆژیایە لەناو ئاپاڕاتووسی مێژووی دەوڵەتی ئێرانیدا شی دەکرێتەوە. لە کۆتاییدا هەوڵ دەدرێت ئاوڕێک لەم ئاپاڕاتووسە لە سەردەمی ئەمڕۆکەدا بدرێتەوە. بەڵام بە گشتی، لەم وتارەدا مەبەست لە دەوڵەتی ئێرانی ئەو دەوڵەتەیە بە پشتبەستن بە کولتوور و بیرۆکراسی، ئاپاڕاتووسی مێژوو، وەک ئامرازی شەرعییەت بەخشین بە دەسەڵاتی خۆی لە سەردەمی مۆدێرن، ئەو بەڵگاندنە ئایدیۆلۆژیکە پەرە پێ دەدات کە ئێران لە سەردەمانی چاوهەڵێنانی مێژووە هەبووە، ئێمپراتۆڕییەکانی پێشوو هاوواتای دەوڵەتی مۆدێرنی ئێستاکە بوون و مێژوو و زمانی فارسی وەک بەردەوامییەک بەسەر تەواوی دانیشتووانی هەرێمەکەدا بە بەردەوامی زاڵ بووە. ئەم سێ بەڵگاندنە هاوکات لەوانەیە کەمترین دەلالەتی ڕاستەوخۆی سیاسییان هەبووبێت، بەڵام بناخەی هەر چەشنە کردەیەکی سیاسیی دەوڵەتی مۆدێرن لە ئیرانی بوون و بە مەبەستی شەرعییەت بەخشین بە دەسەڵاتی دەوڵەتی ئێرانی، لە ڕێگای ئاپاڕاتووسەکانی خۆیەوە، هەوڵی هاوچەشنکردن و سڕینەوەی ناسنامەی کوردیان داوە. کوردیش وەک نەتەوەیەک کە خاوەنی بیرۆکراسی نەبووە و زۆر درەنگتر کەوتووەتە ناو قۆناخی خۆ تەیارکردنی مێژوویییەوە، تا سەردەمی ئێستاش بە هۆی فۆڕمە جیاوازەکانی ئاپاڕاتووسە جیاوازە ئێرانییەکانەوە، وەک ئۆبژێکتێکی پاسیڤ، لەناو نەستی سیاسیی خۆیدا، بەردەوام ئاپاڕاتووسە ئێرانییەکانی بەرهەم هێناوەتەوە و، تەنانەت ئەو کاتەی کردەی سیاسیشی ئەنجام داوە، ناڕاستەوخۆ هەر لەژێر کاریگەریی ئەو ئاپاڕاتووسانەدا بووە. لەسەر ئەم بنەمایە گرینگ نەبووە دەسەڵاتدارە ئێرانییەکان لە بەرەی چەپ یان ڕاستی ئایدیۆلۆژیی سیاسی بووبن یان ئیسلامی شیعی دەسەڵاتی بەدەستەوە بووبێت، ئەوەی گرینگ بووە، بەردەوامیی دەزگای دەوڵەتی مۆدێرن، ئایدیۆلۆژییەک بە ناوی ئێرانیبوون و بەردەوامیی ئەم ئایدیۆلۆژییە لە ڕێگای ئاپاڕاتووسەکانییەوە بووە کە بەردەوام خۆی لە سەردەمە مێژوویییەکاندا تەنانەت لەناو کردەی سیاسیی کوردیشدا بەرهەم هێناوەتەوە.
ئایدیۆلۆژی
لە جیهانی “ئەنگلۆ-ئەمەریکەن”دا، لەژێر کاریگەریی پڕاگماتیزمی سیاسی، ئایدیۆلۆژیا زۆر جار وەک بەرهەمێکی دەرەکی، بابەتێکی بەرهەمهێنراوەی خەون و خولیاڕێسەکان، بەرهەمی ڕووناکبیرانی جیهانێکی تر یان مەکینەکارانی خەریک بە دیزاینی تۆتالیتاریانیزمە؛ یان ئەو کەسانەی زۆرتر پەیوەندییان لەگەڵ تیۆرییە ئەبستڕاکتەکان هەیە. لەم ڕوانگەیەوە، ئایدیۆلۆژی جۆرێکی نەفرەتهێنەر لە تیۆرییەکی قەبەیە؛ ئەم تیۆرییە قەبەیە بەتایبەتی پەیوەندی لەگەڵ مێژووی سەرەتا و ناوەڕاستەکانی سەدەی بیستەم هەیە کە فاشیستەکان بۆ گرتنی دەسەڵات بەسەر جیهاندا هەوڵیان دەدا، لەگەڵ کۆمۆنیستەکان بەرەوڕوو ببنەوە. بەڵام وەک مژارێکی سەیروسەمەرە، بە لایەنی فکرییەوە، دوابەدوای مارکس و ئێنگێلس، هەر ئەو تیۆریزانانە پێشوازییان لە ئایدیۆلۆژی کرد کە خۆیان ببوون بە دوژمنە سوێندخواردووەکانی!
بەڵام لەناو جیهانی تیۆرییە سیاسییەکاندا، ئایدیۆلۆژی لەژێر کاریگەریی بای مۆدە فکرییە ئەکادیمییەکاندا، نەک هەر کاکڵی بنچینەیی بەرژەوەندییەکان، بەڵکوو میتۆدۆلۆژییە دەسەڵاتدارەکانیش دەنوێنێتەوە و لە ڕاستیدا کەم و زۆر پاساوهێنانەوەی خودی ئایدیۆلۆژیای زاڵە لە ڕووی میتۆدۆلۆژیی باڵادەستەوە؛ ئەم ڕاستییەش لە چاوی زۆربەی بەکارهێنەرەکانیدا ونە. هەر ئەوەش وای کردووە دوای ماوەیەک، بە تێڕامانێک لەسەر کردە و تێفکرینەکانمان ئەو پرسیارە بەرەوڕوومان بێتەوە ئاخۆ سیاسەت، زانستە یان هونەرە؟ ئاخۆ سیاسەت بنەمایێکی ماتماتیکی و لۆژیکی بەسەریدا زاڵە یان ئاوێتەیەک لە لۆژیک و بنەما هەست و سۆزاوییەکانی مرۆڤە کە زۆر جار ئیرادە، باوەڕ و ویستەکانیش دەتوانن ببنە داینەمۆی گۆڕانکارییەکان؟
ئەگەر بەوردی لەسەر بنەما و ئاقارەکانی ئەم پرسیارانە بیر نەکرێتەوە، ئەوە لەژێر کاریگەریی لیبڕاڵیزم وا بیر دەکرێتەوە مرۆڤ خەریکە لەهەمبەر هێرشەکانی دووانەی کۆمۆنیزم یان فاشیزم یان هەر چەشنە ئایدیۆلۆژییەکی دیکەدا خەریکی شەڕە و بە پێی ئەم جۆرە تێفکرینە، زۆر جار چەمکی لیبڕاڵیزم لەناو نەستی سیاسیی ئێمەدا جێگای ئازادی دەگرێتەوە. بەڵام وەک ئەزموونێکی مێژوویی، هیچ دەوڵەت، پارتێکی سیاسی یان کەسێک نەبووە لەناو جەغزێکی ئایدیۆلۆژیکدا بیر نەکاتەوە یان کردە سیاسییەکەی دەرەنجامێکی ئایدیۆلۆژیکی لێ نەبووبێتەوە یان بەشێک لە کردە سیاسییەکانی لەژێر کاریگەریی بیر و باوەڕە ئایدیۆلۆژیکەکانیدا نەبووبێت.
ئەم پرسیارە کە ئاخۆ ئایدیۆلۆژی مژارێکی داهێنراوە یان مژارێکە دۆزراوەتەوە و لە پێواژۆی ژیانی کۆمەڵایەتی-سیاسیدا کەشف کراوە، لانیکەم دەکرێ لە دوو ئاستدا بەرسڤ بدرێتەوە. یەکەم؛ مژاری ئایدیۆلۆژیا وەک دەستەواژەیەک و ئایدیۆلۆژیا وەک فۆڕمێکی سیاسیی تایبەت لە تێڕامانی سیاسی بە مەبەستی پاساوهێنانەوە یان شەرعییەت بەخشین بۆ ئەو پێداویستییانەی باسیان لێ نەکراوە یان ناکرێت. لە ئاستی یەکەمدا ئایدیۆلۆژیا بە پێی پێناسەی کلۆد لێفێور[1] دیاردەیەکی مۆدێرنە، چونکە ئایدیۆلۆژیا خاوەنی پانتایییەکی جیاوازە، واتە دەربڕینی قەڵشتێکی مێژوویی لەنێوان کردەوە نواندنەوەی ئەودایە. لە ڕوانگەیەکەوە ئایدیۆلۆژیا لە دەرەنجامی دابەشبوونی کاری کۆمەڵایەتییەوە وەدی دێت؛ کە لەناویدا هێز وەک یاسا و بەربەست بە دامەزراوەیی دەکرێت و دیسکۆرسە ئایدۆلۆژیکەکان تووشی دابڕانێکی هاوشێوە لە پڕەکتیسە کۆمەڵایەتییەکان دەبنەوە. لێفیۆر تا ڕادەیەک پابەندی جۆرێک مەعریفەناسیی مارکسی لە ئایدیۆلۆژیا دەمێنێتەوە؛ بەم پێیە ئایدیۆلۆژی خۆی ئامرازێکی هێزە، بەڵام ئامرازێکی ڕیاکارانە کە دەوری شاردنەوەی باڵادەستی دەگیڕێت. لەسەر ئەم بنەمایە ئایدیۆلۆژی گەشەپێدانێکی ئاڵۆزکاو لەناو پانتای کۆمەڵگای مۆدیڕنە. (Freeden 2022, 100)
بەڵام بە لایەنی دووهەمدا، ئایدیۆلۆژی بەشێکە لە پڕۆسەی شەرعییەت بەخشین بە هێز و تەنانەت خۆی بەشێکە لە هێز. لەم ڕوانگەیەوە، ئایدیۆلۆژیا لە ڕێگای جیاوازی هەوڵدان بۆ قایلکردن، شەرعییەت بەخشین و پاساوهێنانەوە بۆ هەر چەشنە کردەیێکی سیاسی وەک هێزی نەرم، لە خزمەت کردەی سیاسیی دەوڵەت یان هەر دامەزراوەیێکی سیاسیدایە. لەسەر ئەم بنەمایە، ئایدیۆلۆژیا لە سەردەمی پێکهاتنی دەسەڵات و دواتر لەناو فۆڕمی دەوڵەتدا، لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە، بەردەوام هەبووە.
دەستپێکردنی دژایەتیی ئایدیۆلۆژی بە مارکس دەست پێدەکا؛ مارکس گرینگیی ئەم تێگە فکریی-سیاسییە بۆ زۆر کەس ڕوون دەکاتەوە. مارکس دەست لەسەر ئەم خاڵە دادەنێت ئەندامانی ئیتلیجێنسیا خۆیان، بە هۆی سەرڕاستکردنەوەی ڕوانگە ئایدیۆلۆژیکەکان گرینگییەکی زۆریان وەدەست هێنابوو. قورسایی و کاریگەریی ئەندامانی ئێنتلیجێنسیا لەسەر تیۆریزانە سیاسییەکان وای کرد تیۆریزانە سیاسییەکانیش تامەزرۆیانە لەناو مشتومڕەکانی پەیوەندیدار بە هەودا ئەخلاقییەکانی نەتەوەکەیان، یان هەڵبژاردن و پێناسەکردنی کۆتایییە ئەخلاقییەکان بەشدار بن و لەم ناوەدا ئاشکراکردنی ئایدیۆلۆژییەکان، بە باش و خراپەوە، مەیدانێکی لە کردەی سیاسی هاوبەش کردەوە، چونکە بەکارهێنانی ئامرازییانە و کردەیی لە ئایدیۆلۆژییەکان لەلایەن دەستەبژاردەی سیاسی یان دژبەرە سیاسییەکان ئیتر کەشف کرابوو. (Freeden 2022, 101) بەڵام ئەم توێژەش بە فۆڕمێکی تر لە ئایدیۆلۆژی، خەریکی دژایەتیی ئایدیۆلۆژییەکی تر بوون.
دەوڵەت وەک مەکینەی بەکارهێنەری ئایدیۆلۆژی
دەوڵەت وەک دەزگایێکی بەڕێوەبەریی داهێنراو لەلایەن “هۆمۆ ساپییەن”ەوە، وەک فۆڕمێکی سیکۆلار لە جەبەڕووت و گەورەییی خوا لەناو ئایینە ئیبڕاهیمییەکان، مەیلێکی زۆری بۆ ملکەچکردن وگویڕایەڵیی مرۆڤ لە ڕێگای ئایدیۆلۆژییە جۆراوجۆرەکان، لە ڕاستەوە تاکوو چەپ لە خۆی نیشان داوە. ئەم دەزگا بەڕێوەبەرییە وەک دەرەنجامی پێکگەیشتنەوەی زۆر ڕەوت و ڕووداوی مێژوویی لە ئەورووپا، وەک دەوڵەتی مۆدێرن سەری هەڵێناوە و مۆدێل و کارکردەکانی لە هەموو شوێنێکی جیهان، وەک پێناسە و کردەکانی خوا، تەشەنەی کردووە. هەر بۆیە ئەگەر لە هەموو شوێنێکی جیهان لە ڕووی فۆڕمەوە هاوشێوەیەک لەنێوان دەوڵەتەکاندا دروست بووبێت، ئەوە لە ناوەڕۆکدا بە پێی زۆر فاکتەری جیاوازی وەک کولتوور، جیهانبینی، ئایین و زمان، دەوڵەتەکان جیاوازیی گەورەیان بەخۆیەوە بینیوە. بەڵام خاڵی هاوبەش، هەبوونی ئایدیۆلۆژی وەک جەوهەری دەوڵەتە. ئەم جەوهەرەیە لە هەر حاڵدا، پیرۆزی دەدا بە هەندێک مژاری فکری، سیستەمێک بۆ پێناسەکردنی بەرژەوەندی، دۆست و دوژمن، ئەخلاقی کردەی نەتەوەیی و بەها و نۆڕمەکان دەخوڵقێنێت و لەم ڕێگایەوە، ئەندامانی خۆی دێنێتە ناو تەکووزییەکی کۆمەڵایەتی-سیاسییەوە. بەڵام لەم ناوەشدا، مێژووی هزری سیاسی وەک مێژووی مێتافۆری سیاسی بەردەوام بۆ پێناسەکردنی دەوڵەت لە وێنا و مێتافۆری تایبەت کەڵکیان وەرگرتووە. هەر بۆیە لەم وتارەدا نووسەر بەمەبەستی ڕوونکردنەوەی وڵامی دەوڵەت چییە و چۆن دەخزێتە ناو گشت جومگەکانی ژیانی تاک و کۆمەڵگاوە، هەوڵ دەدات بە کەڵکوەرگرتن لە وێنا و مێتافۆرەکانی وەک مەکینە و ئاپاڕاتووس، بۆ ڕوونکردنەوەی چۆنیەتیی کاریگەری دانانی دامودەزگاکانی دەوڵەت کەڵک وەرگرێت.
سەرەڕای ئەوەی هەر چەشنە هەوڵدانێک بۆ پێناسەکردنی دەوڵەت لە ئاست ئەم پرسیارەدا بەرەوڕوومان دەبێتەوە ئاخۆ دەکرێ ئەم پێکهاتەیە بەردەوام ڕوو لە گۆڕانە، ئابستڕاکت و ئاڵۆزکاوە دابەزێنینە سەر چەمکێکی کۆنکرێت و ڕوون؛ وڵامە فەلسەفییەکانیش تا ڕادەیەک بەرسڤێکی ڕوونیان بۆ ئەمە پێ نەبووە؛ “هێردێر” پێی وابوو دەوڵەت شتێکی ئابستڕاکتە و نە دەبینرێت و نە دەبیسرێت؛ “کانت” لەسەر ئەم بڕوایە بوو دەوڵەت شتێکی سەرووی تێگەیشتنی ڕاستەوخۆیە و لە ڕوانگەی “ژۆزێف ڤۆن هێڵد”ەوە دەوڵەت قەوارەیێکی ئابستڕاکت بوو و تەنانەت بۆ “فیختێ”ش دەوڵەت جگە لە قەوراەیێکی ئابستڕاکت شتێکی تر نەبوو. (Anter 2014, 9)
لەم ناوەدا، ئەوەی گرینگە پرسیارکردن لە ساتەوەختی لەدایکبوونی دەوڵەت هەڵەیە، پانتایییەکی بەرفراوان لە پێکهاتەی دەسەڵاتداریی ناهاوچەشن لە سەردەمی جیاواز، لە هەرێمی جۆراوجۆردا گەشەیان کردووە و بە درێژاییی مێژوو لە فۆڕمە جیاوازەکانی دەسەڵاتداری لە دێر زەمانەوە تاکوو سەردەمی ئێمە خۆیان دەرخستووە. سەرەڕای ئەوەی میتافۆڕی “لێڤیاتان” لە چوارچێوەی گرێبەستی کۆمەڵایەتی وەک دەرکەوتنی دەوڵەت لە چوارچێوەی فکریدا سەیر دەکرێت بەڵام “گیۆرگ جلینک”[2] لەسەر ئەم بڕوایەیە سەرچاوەکانی دەوڵەت، وەک سەرچاوەی گشت دامەزراوە مرۆڤییەکان، بۆ ئێمە لەناو لێڵییەکدا شاردراوەتەوە و تیۆری مۆدێرنی سیاسی پێی وایە لێڵیی سروشتیی ڕیشەکانی هەر فۆڕمێکی دەوڵەت تەنیا ڕێگای ئەو گریمانەگەلە سەبارەت بە وەدیارکەوتنی ئاپاڕاتووسەکانی دەوڵەت دەکاتەوە. (Anter 2014, 153) “فڕانسیس بێکێن” یەکەم کەس بوو دەوڵەتەکانی وەک بزوێنەر یان مۆتۆڕی گەورە پێناسە کرد و “تۆماس هۆبز”یش لە “لێڤیتاتان”دا سێ وینای بۆ دەوڵەت کێشاوەتەوە.
لەسەر لاپەڕەی ناونیشانی یەکەمی چاپی ئینگلیزیی لێڤیاتان (١٦٥١) ئایەتێک لە کتێبی “ئەییووب”دا[3] ٢٤:٤١ هاتووە و دەڵێ: هیچ کەسێک لەسەر زەویدا هاوتای ئەو نییە non est)
potestas super terram quae comparetur ei)… مرۆڤێکی زەبەلاح کە لە زۆر مرۆڤی بچووک پێک هاتووە، لە کاتێکدا شمشێرێکی لە دەستدایە و لە دەستەکەی تریدا گۆچانێکی قەشەیی، بەرگریی لە شارێکی ئارام دەکا. (Schmitt 1996, 18) هۆبز هەر لە سەرەتای کتێبەکەیدا پێی وایە civitas یان res publica مرۆڤێکی زەبەلاح، لێڤیاتانێکی گەورە، بوونەوەرێکی دەستکرد، حەیوانێکی دەستکرد، سەربەخۆ یان مەکینەیەکە. (Schmitt 1996, 19) هۆبز لە سەرەتای کتێبی دووهەمی لیڤیاتان-دا دەڵێت: ئەگەر بەڕێزەوە قسە بکەین، [لێڤیاتان] هەمان خوای هەرمانە deus mortalis کە بە هۆی ئەو تۆقاندنەی لە هێزەکەیەوە سەرچاوە دەگرێت، ئاشتی بەسەر هەموواندا دەسەپێنێ. (Schmitt 1996, 19) وێناکانی هۆبز لە لێڤیاتان لە بنەڕەتەوە لەسەر بنەمای تێڕوانینە ئایینی و کابالیستییەکانەوە دامەزراون و وێنای لێڤیاتانیش خۆی لە تەوڕاتەوە وەرگیراوە. بەڵام گۆڕانی چەمکی دەوڵەت لە تێگەیێکی فەلسەفییەوە بۆ ڕاستییەکی ناو کۆمەڵگای مۆدێرن، بە ماکس ڤێببێر-ەوە دەست پێدەکا.
بە بڕوای ماکس ڤێبێر وا دێتە بەرچاو دەوڵەتی مۆدێرن مەکینەیەک، میکانیزمێک، یان ئاپاڕاتووسێکی دامەزراوە یان کارگایەکە. دەکرێ یاسای عەقڵانی وەک مەکینەیەک پێشبینی بکرێت، دەکرێ چالاکییەکانی دەزگای داد و بەڕێوەبەرایەتی وەک مەکینە حیساب بکرێن، بیرۆکراسی وەک هەر مەکینەیێکی تر چالاکە، کاربەدەستەکانی ئەڵقەی پەیوەندیی ناو مەکینەیێکن کە بە بەردەوامی هەڵدەسووڕێت و پارتە سیاسییەکانیش جگە لەو مەکینەیە شتێکی تر نین. (Anter 2014, 195) ئەم تێڕوانینە لە تەواوی سەدەی هەژدەدا بەردەوام بوو و لە سەردەمی ملهوڕیی ڕۆشنگەری لەم سەدەیەدا، باس لە مەکینە یان ئاپاڕاتووسی دەوڵەت دەکرێت. لە بەردەوامیدا تێگەیشتنی ماکس ڤێبێبر لە دەوڵەت وەک مەکینەیەک و، بەڵگاندنی لەمەڕ مەکینەبوونێکی حاشاهەڵنەگر، دەگەڕایەوە سەر لێکدانەوەی ڤێبێر لە دەوڵەت وەک بەشێک لە ڕەوتی بە عەقڵانیبوونی ڕۆژئاوا. ڤێبێر پێی وابوو گەشەپێدانی دەوڵەت پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ تەکنۆلۆژیا هەیە و ئەمە خۆی کاریگەری لەسەر دەوڵەت دادەنێت و هاوکات خۆشی لەلایەن دەوڵەتەوە بیچم دەگرێت. هەر ئەم مەکینەیە لە بەردەوامیی ڕەوتی خۆیدا، بە سەپاندنی هێزی خۆی، دامودەزگای تری جگە لە بیرۆکراسی خوڵقاند و پەرەی پێدا. واتە دەرفەتی حکوومەتکردن بەسەر مرۆڤ، لە ڕێگای دەزگایەکی زەبەلاح بە ناوی دەوڵەت، تەنیا بە نێونجی دامودەزگاکانی قایلکردنی مرۆڤ بە بەڵگاندنێکەوە دەکرا. ئەم دامودەزگایانە، ڕامان، بەڵگاندن، پاساوهێنانەوە، سیستەمی بیرکردنەوە و پەروەردەکردنی تایبەتی دەوڵەتییان دەخوڵقاند، پەرەیان پێ دەدا.
ئاپاڕاتووسەکانی دەوڵەت
سەرەڕای ئەوەی بۆ یەکەم جار ئاپاڕاتووس یان دامودەزگاکانی دەوڵەت وەک دەستەواژەیێکی فەلسەفی-سیاسی لەلایەن “لوییز ئالتۆسێر” لە وتارێکدا لەژێر ناوی Ideology and ideological Stat Apparatuses لە ساڵی ١٩٧٠ لە گۆڤاری La Pense چاپ و بڵاو کردەوە، لە ناوەڕاستی ساڵانی ١٩٧٠-شدا وەک تەکنیکێک بۆ نیشاندانی حکومەت کردن بەسەر مرۆڤەکاندا لەژێر کاریگەریی “ژان هیپۆڵت”، لەلایەن “میشێل فوکۆ”وە پێناسە کرا. سەرەڕای ئەوەی فوکۆ قەت پێناسەیەکی ڕوونی لەم چەمکە بە دەستەوە نەداوە، بەڵام لە دەقی دیمانەیەکیدا لە ساڵی ١٩٧٧ هەندێک لە لایەنەکانی ئەم دەستەواژە یان چەمکە ڕوون دەکاتەوە. فوکۆ لەم دیمانەیەدا ئاپاڕاتووس وەک کۆمەڵەیێکی ناوهاوچەشنی بریتی لە گشت لایەنە زمانی و نازمانییەکانی وەک دیسکۆرسەکان، سازی و ڕیکخراوەکان، بیناکان، یاساکان، ئامرازە پۆلیسییەکان، ڕستە فەلسەفییەکان و… پێناسە دەکات. بەم پێیە؛ ئاپاڕاتووس خۆی تۆڕێکە لەناو ئەم ڕەگەزانەدا دامەزراوە؛ ئاپاڕاتووس بەردەوام کارکردێکی ستراتیژیکی کۆنکرێتە و بەردەوام لەناو پەیوەندییەکانی هێزدا جێگیر بووە و بەم شێوەیە، لە دووڕییانی پەیوەندییەکانی هێز و پەیوەندییەکانی زانستەوە دەردەکەوێت. (Agamben 2009, 3)
ئاگامبێن لەسەر ئەم بنەمایە و لە گەشەپێدانی چەمکی ئاپاڕاتووسدا دەڵێت: من … بە هەر شتێک و بە هەر شێوازێک کە توانستی گرتن، ئاراستەکردن، یەکلاییکردنەوە، لێکدانەوە، داڕشتن، کۆنتڕۆڵ یان ئەولەهی بەخشینی بە هێما و ئاماژەکان، ئاکارەکان، فکرەکان یان دیسکۆرسی زیندەوەرەکانەوە هەبێ، ئاپاڕاتووس دەڵێم. هەر بۆیە نە تەنیا زیندانەکان، شێتخانەکان… بەڵکوو قەڵەم، نووسراوە، ئەدەبییات، فەلسەفە، کشتوکاڵ،… زمان خۆی کە ڕەنگە کۆنترین ئاپاڕاتووس بێت (Agamben 2009, 14) وەک ئاپاڕاتووس سەیر دەکرێن. لەسەر ئەم بنەمایە ئاگامبێن پێی وایە دوو چینی سەرەکی، واتە بوونەوەرەکان(جەوهەرەکان) و ئاپاڕاتووسەکان هەن و لەنێوانی ئەم دووەشدا سۆبژێکتەکان. سۆبژیکتیش لەناو پەیوەندی یان کێشە و ململانێی بەردەوامی بوونەوەرەکان و ئاپاڕاتووسەکان دەردەکەوێت. (Agamben 2009, 14)
بەڵام بە بڕوای ئاگامبێن پێویستە ڕیشەی ئاپاڕاتووسەکان لەناو پڕۆسەی بە مرۆڤبوون یان بەمرۆڤکردن[4]دا بدۆزرێتەوە (Agamben 2009, 16)هاوکات ئاپاڕاتووسەکان وەک بەدیهێنەری مرۆڤی وشیار، ئامرازێکن بۆ ئەوەی سوبژێکت ئاکارە حەیوانییەکانی خۆیشی-کە لێیان جیا بووەتەوە بێ کاریگەر بکات. ئەم تێگەیشتنە لە ئاپاڕاتووس لەسەر بنەمای ڕەوتی تێهەڵکێش بوونی چەمکی کۆنی یۆنانی oikonomia لەگەڵ تیۆلۆژیای مەسیحییەت دامەزراوە و لە ئاکامدا لە سەرەدەمی کاپیتاڵیزم بە شێوازێکی تر، وەک سڕینەوەی سوبژێکت[5] خۆی نیشان دەدات. واتە بە هۆی هەژمۆنیی ئاپاڕاتووسەکان، سۆبژێکتیک کە نەتەنیا توانستی خوڵقانی نەماوە، چیتر ناتوانێت پڕەکتیسی سیاسی لە دەرەوەی ویستی ئاپاڕاتووسە داسەپاوەکان ئەنجام بدات. لەم خاڵەدایە هاوڵاتییەکی دەستەمۆ و ملکەچ لە ئاست ئاپاڕاتووسەکان، کۆتایی پێ هاتنی کردەی سیاسی و لە کۆتاییدا مژاری سیاسەت دەخوڵقێت. واتە ئاپاڕاتووسەکان خۆیان دەخزێننە ناو گشت جومگەکانی ژیان و تەنانەت شێوازی تێفکرین و هەڵسوکەوت و نەستی سیاسی و تەنانەت ڕابواردنەکانیش یەکلایی دەکەنەوە.
“ئاڵتوسێر”یش تەرکیز لەسەر ڕۆڵی ئاپاڕاتووس لەناو دەوڵەتدا دەکات و پێی وایە ئاپاڕاتووسە ئایدۆلۆژیکەکانی دەوڵەت لەگەڵ ئاپاڕاتووسەکانی سەرکوتی دەوڵەت جیاوازییان هەیە و هەر لەسەر ئەم بنەمایە پێی وایە ئاپاڕاتووسە ئایدیۆلۆژیکەکان خۆیان لە فۆڕمی سازی و دامەزراوە جیاواز و بەتایبەتکراوەکانی دەوڵەتدا دەخەنە ڕوو. (Althusser 1971, 143) ئەم ئاپاڕاتووسانە بریتین لە سیستەمی کڵێسا جیاوازەکان، ئاپاڕاتووسی پەروەردە کە خۆی لەناو سیستەمی قوتابخانە تایبەت و گشتییەکاندا دەبینێتەوە، ئاپاڕاتووسی بنەماڵە و … ئاپاڕاتووسی کولتوور کە بریتییە لە ئەدەبییات، هونەر و وەرزش. (Althusser 1971, 143)بەڵام ئەوەی گرینگییە، بەربڵاوی و فرەییی ئاپاڕاتووسەکان، نەبینیراوییان و بوونیان لەناو پانتای تایبەت- نەک پانتای گشتیدایە. لەم پانتا تایبەتەدا ئایدیۆلۆژیای دەوڵەت بە مەبەستی شەرعییەت پێدان بە خۆی دێتە ناو ژیانی ڕۆژانەی تاکەکانەوە و ویستەکانی خۆی لە ڕێگای ئاپاڕاتووسەکان وەک بابەتێکی ڕوون و حاشالێنەکراو، وەک ئاکسیۆمێک کە تەنانەت نابێ بیریشی لێ بکرێتەوە، دەخاتەڕوو. ئەم تێگەیشتنە لە ئاپاڕاتووسەکانی دەوڵەت و ئایدیۆلۆژیا، پێویستی بە بەرهەمهێنانەوە هەیە. مارکس خۆی باس لەوە دەکا هەر چەشنە ڕەوتێکی بەرهەمهێنان هاوکات ڕەوتێکی سەرلەنوێ بەرهەم هێنانەوەیە. (Dear 1984, 62) هەربۆیە هەر چەشنە ڕەوتێکی بەرهەمهێنان دەبێ نەک تەنیا ئۆبژێکتی مادی بەرهەم بێنێتەوە، بەڵکوو پێویستە بە بەردەوامی بەرهەمهێنانی پەیوەندییەکانیش سەرلەنوێ بەرهەم بێنێتەوە. ئەوە بەم واتایەیە لەناو دەوڵەتێکدا، ئایدیۆلۆژیا، لەناو پەیوەندییە مرۆڤییەکاندا پێویستی بەوە هەیە هەر کام لە سوبژێکتەکان بانگهێشت بکات و ویستەکانی خۆیان سەرلەنوێ وەبیر بێنێتەوە. ئەم بانگهێشتکردنەوەیە، لە ڕێگای ئاپاڕاتووسەکانەوە بەڕێوە دەچێت.
ئاپاڕاتووسی پەروەردە و مێژوو لە ئێران
بە تێگەیشتنێکی نزیک لەم چوارچێوە تیۆریکە، ئەوەی لەژێر ناوی دەوڵەتی ئێرانیشدا پێناسە کراوە تاڕادەیەک خاوەنی هەر ئەو خەسڵەتانەی سەرەوەیە؛ واتا ئەم دەوڵەتە خاوەن ئاپاڕاتووسی تایبەت بە خۆیەتی، لە هەوڵی دزەپێدانی بنەما شەرعییەت بەخشەکانی خۆی بۆ ناو ژیانی ڕۆژانەی تاکەکان بووە و لە ڕێگای ئایدیۆلۆژیای تایبەتیی خۆی کە دەرکەوتەکەی ویستی هێز و ملکەچکردنی سۆبژێکتەکانە، بە درێژاییی مێژووی سەد ساڵی ڕابردوو هەوڵی داوە بە پێی تێڕوانین و کولتووری خۆی سوبژێکتێکی دەستەمۆکراو و گوێڕایەڵ بخوڵقێنێت و دەوڵەتێکی مۆدێرن لە چەشنی لێڤیاتان پێک بێنێت. ئەگەریش ئەم دەوڵەتە تاکوو ئێستا پێک نەهاتبێت، ئەوە تیۆریزانەکانی وەک ئەلتەرناتیڤی دوای کۆماری ئیسلامی، خەریکی فۆرموولەکردنی ئەم لێڤیاتانەن. هەربۆیە ئەگەر فۆڕمەکانی ئەم دەوڵەتە بە پێی سەردەمە جیاوازەکان و ئایدیۆلۆژییە جیاوازەکانەوە گۆڕانی بەسەردا هاتووە یان هاتبێت، بەڵام ئاپاڕاتووسەکان ڕۆڵی خۆیان بە درێژاییی ئەم ماوەیە پەرە پێداوە و لە داهاتووشدا پەرەی پێ دەدەن.
سەرەڕای ئەوەی لە سەردەمی شۆڕشی مەشرووتە لە ئێران لە ساڵی ١٩٠٦، مێژوونوسە ئێرانییەکان لە ڕوانگەی فارس و ئێرانەوە وەک دەوڵەتێکی لەمێژینە زمانی نەتەوەخوازانەی خۆیان بۆ پێناسەکردنی مێژووی ئێرانی دەست پێکرد، بەڵام هێشتا ئەو نەتەوە خەیاڵکردە ئێرانییە پێک نەهاتبوو و زۆربەی دانیشتووانی ئێران، هەر بەم جۆرەی لە یەکەم دەستووری مەشرووتەشدا ئاماژەی پێکرابوو، وەک بەختیاری و خەمسە و ئەفشار و… ناویان دەهێنرا. هەربۆیە دەکرێ دەرکەوتنی ئاپاڕاتووسی مۆدێرنی ئایدیۆلۆژیی ئێرانی گرێ بدرێتەوە بە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی. ئەم ئاپاڕاتووسانە بە بونیاتنانی یەکەم دامەزراوە فەرمییەکانی پەروەردە لە ئێران دوا بەدوای شەڕی یەکەمی جیهانی دامەزران. یەکەم ئامانجی ئەم دامودەزگایانە بونیاتنانی ناسنامەی نەتەوەییی ئێرانی بوون. بە وتەی بێنجامین فۆرتنا[6]پەروەردەی گشتی و فێرە نووسین و خوێندن کردن [بەشێک لە] ئەو ئامرازانە بوون کە دەوڵەتەکان دەبووایە لە ڕێگای ئەوانەوە ئامانجەکانی خۆیان سەبارەت بە خوڵقاندن و فۆڕم بەخشینی ناسنامە و وەفاداریی نەتەوەیی، بەتایبەت لە ڕێگای ئامرازەکانی مامۆستا و کتێبی وانەوتنەوە textbook بەردەوام کردبایە. (Benjamin 2011, 19) هەر لەسەر ئەم بنەمایە بوو کۆلێژی پەروەردەی مامۆستایان، دواتر زانکۆی تاران، پەروەردەکردنی کادیرانی ڕاهێنانی مامۆستایانی قوتابخانە سەرەتایی و ناوەندییەکان لەم سەردەمەدا دامەزران. لە کۆتاییی ساڵانی ١٩٣٠ دەوڵەتی مۆدێڕنی پەهلەوی دامەزراوە کولتوورییەکانی وەک “سازمان پرورش افکار و موسسە وضع و خطابه” دامەزراند. ئەم دوو ڕێکخراوەیە مێژوویان بۆ ئامانجەکانی پڕۆپاگاندا بەکار دەهێنا. دامەزراوە پەروەردەیییە دەوڵەتییەکان بەرەیەکیان لە مێژووزانی پرۆفیشناڵ پەروەردە کرد و بە پێچەوانەی زاناکانی سەردەمی پێشوو کە زۆر کاریان لە هەموو بەشەکاندا بەدەستەوە بوو، مێژووزانەکانی نێوان دوو شەڕی جیهانی، کەم و زۆر بریتی بوون لە خوێندکاران و مامۆستایەکان. (Vejdani 2015, 60)
چاوپێداخشاندنەوەیێکی خێرا بەسەر کتێبەکانی ئەو سەردەم و تەنانەت پەهلەویی دووهەمیش ئەم ڕاستییەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە کتێبی قوتابخانەکان و بەتایبەت وانەی مێژوو مۆدێلێکیان بۆ پێناسەکردنی پیشکەوتن و داڕمانی نەتەوەکان دەخستەڕوو. بۆ ئەمەش کتێبەکان لە دەستەواژەی ڕەگەز، ژیار و ئایین کەڵکیان وەردەگرت تاکوو ئەم خاڵە ڕوون بکەنەوە کە بۆ هەندێک سەردەم لە مێژووی ئێران، لە سەردەمەکانی تر گەشەی زۆرتری بەخۆوە بینیوە. بۆ وێنە، ئەحمەد مەتین دەفتەری وەک یەکەم سەرۆکی “سازمان آموزش عمومی” کە دوابەدوای دامەزرانی “موسسە وضع و خطابه”، لە ساڵی ١٩٣٨ دامەزرابوو، ئەم ڕێکخراوەیە وەک دەزگایێکی پڕۆپاگاندای ئەورووپی کە بریتی بوو لە بەشەکانی وتاردان، چاپ، شانۆ، ڕادیۆ و سینەما، بە مەبەستی گەشەپێدانی هەستی نەتەوەیی و ڕێزگرتن لە سەڵتەنەت لەناو خەڵکی ئاساییدا پێک هێنابوو. لە دەم “فەرزین وێجدانی”یەوە ئاماژە بە وتارێکی ڕەشید یاسەمی دەتوانێ ڕۆڵی ئاپاڕاتووسێکی وەک مێژوو بۆ شەرعییەت بەخشین بە دەوڵەتی ئێرانی زیاتر ڕوون بکرێتەوە؛ ڕەشید یاسەمی لە یەکێک لە وتارەکانی خۆیدا ئاماژە دەکاتە سەر مێژوو وەک ئامرازێک بۆ ڕوخساربەندی و پێناسەکردنی بیری گشتی. بە وتەی یاسەمی مێژوو نێونجێک بوو بۆ ئەوەی ئێرانییەکان نەتەوەی خۆیان خۆش بوێت. بۆ ئێمە ئێرانمان خۆش دەوێت، چونکە دەیناسین، چۆن دەیناسین؟ لە ڕێگای مێژووەوە… لە وتەکانیدا یاسەمی لەسەر ئەو بڕوایە بوو زانستی مێژوو دەتوانێت “وڵاتپەرەستی”ی[7] ئێرانی بزرینگێنێتەوە و پێی وابوو مێژووی گریمانە بۆکراوی نەپساوە و بەردەوامبووی ئێرانی لە ڕۆحێکی شاراوەی ئاسمانییەوە سەرچاوە دەگرێت و ئەمەی بە چەمکی کۆنی فرە ئیزەدییەوە گرێ دەدایەوە…. (Vejdani 2015, 69)
داکۆکیکردن لەسەر ئەم نەپساوەیی و بەردەوامییەی نەتەوەبوونی ئێران، شاهەنشاهیبوونی ئیران وەک دەوڵەتێک و ڕەگەزی ئاریایی ڕێگایەک بوو بۆ چەسپاندنی یەکگرتووییی نەتەوەیی لە پێناو دەوڵەتدا. ئەگەرچی لە دوای ساڵانی ١٩٢٠ەوە بزووتنەوەکانی ناوچەییش سەرهەڵدەدەن، بەڵام وەک خاڵێکی بەرەنگاربوونەوە لە دژی ئەم ئاپاڕاتووسە نوێیە کە شەرعییەتی دەبەخشییە دەوڵەتی ئێرانی، هیچ بڵاوکراوەیەک سەبارەت بە مێژووی ناوچەکانی تری ئەو جوگرافییای کە ناوی ئێران بوو، بڵاو نابێتەوە. کەچی ئەوە لە کاتیکدا بوو کە تەواوی بزووتنەوەکانی ناوچەگەلێکی وەک کوردستان، گیلان، خوزستان، باڵادەستیی تارانیان لە جومگەبەندیی ناسیۆنالیزمی ئێرانی هێنابوویە ژێر پرسیار. (Vejdani 2015, 127) ئاماژەکردن بە ڕەگەزی ئاریایی وەک ئاپاڕاتووسێکی شەرعییەت بەخشین بە بەردەوامیی عەقڵانییەت و دەوڵەتی ئێرانی لەم ڕووەوە گرینگە کە سەرەڕای فۆنکسیۆنەکانی خۆی لە ماوەی مێژوویی ڕابردوودا، داهاتووی سیاسیی ئێرانیش لە هەوڵی بە هەژموون بوونە؛ هاوکات ئەم ئاپاڕاتووسە کەم و زۆر لەسەر جیهانی سۆبجێکتیویتی کوردیش کاریگەری داناوە و کورد بۆ جیاکردنەوەی خۆی لە تورک و عەرەب زۆر جار کەڵکی لەم ئاپاڕاتووسە بەتایبەت لە سەردەمی ڕووخانی عوسمانی وەرگرتووە.
دوابەدوای شۆڕشی ١٩٧٩ی گەلانی ئێران، ئاپاڕاتووسەکانی دەوڵەت لەسەر بنەمای ئایینی ئیسلام، کولتووری ئیسلامی شیعە، زمانی فارسی و چەمکی ئێرانیبوون سەرلەنوێ بنیات نرانەوە و لە ڕێگای دەزگای پەروەردەوە وەک ئاپاڕاتووسێکی گەورەی دەوڵەت بەرهەم هێنرانەوە. سەرەڕای ئەوەی ئەم ئاپاڕاتووسە یەکێک لە خاڵە پێکهێنەرە سەرەکییەکانی سیاسەتی کۆماری ئیسلامی وەک ئامرازێک بۆ کاریگەری خستنە سەر کولتووری لاوان و وەدەست خستنی لایەنگریی ئەوان بوو (Litvak 2017, 224) بەڵام لە دەرەنجامی گشتیدا ئەم دەزگایە بەتایبەت لە کوردستاندا هەوڵی ئەوەی دا بە سەپاندنی زمانی فارسی و پێناسەکردنی مێژووی ئێرانی، سڕینەوەی سۆبژیکتی مرۆڤ کورد بە قووڵی لەناو جومگەکانی خوارەوەی کۆمەڵگادا بسەپێنێت؛ دەرەنجامی کۆتاییی ئەمە وەک سڕینەوەی کورد لە کوردبوون، لەبیربردنەوەی ڕێزمانی زمانی کوردی لە نەستی مرۆڤی کورد- و داسەپاندنی ئاپاڕاتووسەکانی دەوڵەتی ئێرانی، شانامەی فردۆسی یان گوڵستانی سەعدی لەناو سۆبژیکتیڤیتی مرۆڤی کورد یان باسکردن لە مێژووی درەوشاوەی ئێران لە سەردەمانی کۆن بووە.
بانگهێشت کردنەوەی ئەم ئاپاڕاتووسە مێژوویی یان کولتوورییە ئێرانییانە، بە درێژاییی ساڵانی ڕیفۆرمخوازیش لە ١٩٩٧ – ٢٠٠٥ دیسکۆرسێکی نوێ لە ئێران پەرەی پێدرا کە هەوڵی هاوسەنگییەکی نوێ لەنێوان چەمکە ئیسلامییە-شیعییەکان و سەردەمی ئێرانی بەرلە ئیسلام بە ڕەنگێکی سیکۆلارترەوە بوو. ئەم فۆڕمەی پێناسەی ئێرانیبوون لە غیاب و کاڵبوونەوەی ئیسلامی شیعی وەک ئایدیۆلۆژیای دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی، لە بەردەوامیی خۆی وەک ئاپاڕاتووسێک خەریکی وەرچەرخانێکی نوێ لە ڕەنگی داکۆکی کردن لەسەر زمانی پاکی فارسی و چەمکی ئێرانشەهرە. هەربۆیە پێویستە لە شرۆڤەی ناسیۆنالیزمی ئێرانیدا، هەر وەک سەنتێزی ئیسلام-تورک لە تورکیا، ئایین لە دەرەوەی ئەم ناسیۆنالیزمە دانەنرێت، بەڵکوو وەک تەفسیرێکی مومکین لە ئایدیۆلۆژیای دەوڵەتی ئێرانی سەیر بکرێت. بەڵام ئەم سەنتێزە ئێرانییە، دەتوانێ لە سەنتێزە تورکییەکەی بەربڵاوتر و بە لایەنی ئایدیۆلۆژیکەوە مەترسیدارتر بێت، چونکە لەجیاتی خاڵی تورکبوون، لە خاڵی ئێرانیبوون وەک داڵێکی بەرفراوانتر بە دەلالەتی بەرفراوانتری ئایدیۆلۆژیک کەڵک وەردەگرێت.
دەرەنجام
کورد ئێستاکە لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین بە گشتی و بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بەرەوڕووی قۆناخێکی یەکجار مەترسیدار بووەتەوە. ئەگەر لە باکووری کوردستان وەک ئەکتەرێکی سیاسی-سەربازی و مەدەنی هاوکات خەریکی کایەی سیاسییە، یان لە باشووری کوردستان لە دۆخێکی دانپێدانراوی ناودەوڵەتی و ناوخۆییدایە و خەریکی سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی سۆبژێکیتی سیاسیی خاوەن بیرۆکراسی و کایەی سیاسییە یان لە ڕۆژئاوای کوردستان بە هۆی بەدەستەوەبوونی جوگرافییایێکی سیاسی و کایەکردن لەناو گەمەی زلهێزەکاندا لانیکەم تا ئێستا توانیویەتی ستاتۆیێکی هەبێت، ئەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هیچ کام لەم ئالیەتانەی نەتەنیا بەدەستەوە نییە، بەڵکوو بە هۆی پەرتەوازەبوونی پارتە سیاسییەکانیش وەک هێزێکی سیاسی توانای کایەی سیاسی نەبووە و بە هۆی سەپاندنی چەمکی ئێرانیبوونی کورد وەک چەمکێکی ئایدیۆلۆژیکی کولتووری و سیاسی، لە داهاتووی سیاسیشدا ئەگەری بەرتەسکبوونەوەی ویستە سیاسییەکانی زۆرترە. ئەوە لە کاتێکدایە کورد لەم بەشەی کوردستاندا لەسەر ستراتێژیی سیاسیی خۆیشی ساخ نەبووەتەوە تاکوو بە پێی ئەوە بتوانێت ئاپاڕاتووسە سیاسییەکانی خۆی یەکانگیر بکات و لەناو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا جێگیریان بکات.
کورد وەک نەتەوە لەپشت دەرگای مێژوو ماوەتەوە، دەوڵەتی ئێرانی بە هۆی بیرۆکراسی-کە وەک بڕبڕەی دەوڵەت دەناسرێت- خۆی توانای خوڵقاندنی ئایدیای دەوڵەتی هەبووە و لە سەردەمە جیاوازەکانی مۆدێرنیشدا توانیویەتی لە ڕێگای ئایدیۆلۆژی، نێونجی ئاپاڕاتووسەکانی ئەم ئایدیۆلۆژیایە، شەرعییەتی بۆ پێک بێنێت و هەر کاتێکیش دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخسابێت، لە سیمای لێڤیاتانێکدا خۆی نیشان بدات، بەڵام عەقڵانییەتی سیاسیی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە زۆر هۆکاری جیاوازەوە، لەو کاتەی لە دژوارترین دۆخی خۆشیدا بووبێت، نەتەنیا نەیتوانیوە هەوڵێک بۆ هەژموون کردنی ئایدیۆلۆژیای خۆی وەک بنەمای خەباتی سیاسی لەبەرانبەر دەوڵەتی ئێرانی بدات، بەڵکوو بە هۆی کێشە ناوخۆیییەکانییەوە، بنەما شەرعییەکانی خۆشی لەرزۆک کردووە و زۆر جاریش بۆ ڕاکردن لەم دۆخە، بە پێچەوانەی تواناکانی خۆی، دروشمی گەورەتری بەرز کردووەتەوە.
لە ئاست دزەپێدانی ئاپاڕاتووسەکانی دەوڵەتی ئێرانی، لەهەمبەر ئایدیۆلۆژیای ئێرانیبوون و ب ئێرانیکردندا، کورد پێویستی بە دامەزراوەی بە ڕێکخستنکراو هەیە تاکوو بەدوور لە هەر چەشنە حیزبایەتییەک یان پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پارتێکی سیاسیی تایبەتدا، بتوانێ بە پێی کولتوور و سروشتی کۆمەڵگای کوردی، بە پێی ناسنامەی کوردی، بە پێی خوێندنەوەیەک لە واقیعی مێژوویی کورد، دیسکۆرسی جیاوازی خۆی لە دەرەوەی چەمکی ئێرانیبوون بخوڵقێنێ. کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتەکانی تەکنۆلۆژیا، خوڵقاندنی هێما کوردییەکان، پێداگری لەسەر گرینگیی فێرکاریی منداڵان بە زمانی کوردی … ڕێگاگەلێکن لانیکەم ئاستی کارتێکەریی ئاپاڕاتووسە ئێرانییەکان کەمتر دەکاتەوە، بەڵام وا وێدەچێ ئەم کارانەی لەم پەیوەندییەدا تا ئێستاکە کراون، لەم قۆناخە بەدواوە، پێویستی بە کاری ڕێکخراوەییتر و هەمەلایەنەتر هەبێت. کورد نابێت لەبیری بچێت کولتووری ئێرانی خاوەن خەسڵەتی ئیمپڕیالیستییە و دەوڵەتی ئێرانیش بەردەوام بە کەڵک وەرگرتن لە گشت ئالیەتەکانی بەردەستی، بەردەوام هەوڵی داوە ببێتە ئەو لێڤیاتانەی هۆبز باسی کردووە، جا گرینگ نەبووە ئەم لێڤیاتانە سیمای شاهانەی هەبێت یان عەمامەی مەلای بەسەرەوە بووبێت.
Bibliography
Andreas Anter. Max Weber’s Theory of the Modern State: Origins, Structure and Significance. Tłumacz: Keith Tribe. New York: Palgrave Macmillan, 2014.
Carl Schmitt. The Leviathan in the state theory the Thomas Hobbes. London: Greenwood Press, 1996.
Farzin Vejdani. Making History in Iran: Education, Nationalism, and Print Culture. California: Stanford University Press, 2015.
Fortna Benjamin. Learning to Read in the Late Ottoman Empire and the Early Turkish Republic. New York: Palgrave Macmillan, 2011.
Giorgio Agamben. What Is an Apparatus? Tłumacz: Dawid Kishik and Stefim Pedatella. California: Stanford University press, 2009.
Gordon L.clark and Michael Dear. State Apparatus: Structures and language of legitimacy. Boston: Georg Allen & Unwin, 1984.
Louis Althusser. Lenin and philosophy and Other Essays. Redakcja: Ben Berwester. New York: Monthly Review Press, 1971.
Meir Litvak, red. Constructing Nationalism in Iran: From the Qajars to the Islamic Republic. New York: Routledge, 2017.
Michael Freeden. Ideology Studies: New Advances and Interpretations. New York: Routledge, 2022.
Note
[1] Claude Lefort
[2] Georg Jellinek
[3] The Book of Job
[4] humanization
[5] desubjectificaLiun
[6] Benjamin Fortna
[7] patriotism