سیاسەتی تاکزمانی لە ئێران و خۆڕاگریی کورد

د. ڕەحیم سورخی



ڕەحیم سورخی(١٩٧٠) لە لقی زمانناسی، زمانناسیی کارەکی و شیکردنەوەی گوتار مامۆستای زانکۆیە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە شاری بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەواو کردووە. بەکالۆریۆسی زمان و ئەدەبییاتی فارسی لە زانکۆی «ورمێ» (١٩٩٨) لە ئێران تەواو کردووە و، پاشان هەر لەوێ وەک دەستەی نووسەرانی گۆڤاری «سروە» دەستبەکار بووە. ماستەر(٢٠٠٥) و دکتۆرای(٢٠١١) لە زمانناسی و زمانی کوردی لە زانکۆی سەلاحەددین لە هەولێر تەواو کردووە. نزیکەی ١٢ ساڵ لەو زانکۆیە تا پلەی پرۆفیسۆری یاریدەدەر وانەی لە بەشی زمانی کوردی لە کۆلێژی زمان گوتووەتەوە. ساڵی ٢٠١٧ وەک مامۆستای میوان لە زانکۆی کارڵتن لە ئۆتاوا، کانادا وەرگیراوە و، ساڵێک وەک پڕۆفیسۆری یاریدەدەر وانەی زمانی کوردی و شیکردنەوەی ڕەخنەیی گوتاری لە ئەو زانکۆیە گوتووەتەوە. هەروەها، وەک مامۆستای لێکۆڵەر کاری کردووە و ئێستاش وەک «پڕۆفیسۆری لێکۆڵەری پێوەندیدار» لەگەڵ ئەو زانکۆیە پێوەندی هەیە. چەندین لێکۆڵینەوەی زانستی لە گۆڤارە ئەکادیمییەکاندا بڵاو بووەتەوە. ئەم بەرهەمانەشی وەک کتێب چاپ و بڵاو کراونەتەوە: شیکردنەوەیەکی ڕەخنەیی گوتاری ڕۆژنامەنووسیی کوردی ١٩١٨-١٩٣٢. پڕۆسەی پێوەندیی جەماوەی(زمان، مۆدێل و ڕێبازی توێژینەوە) مەبەستناسی(پراگماتیک)، جۆرج یوڵ، وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە زمان، هزر و کولتوور(کۆمەڵە وتار، وەرگێڕان لە فارسییەوە). ٥. ساخکردنەوەی کتێبی «دیوانی قاصد»، حاجی بەکر ئاغای حەوێزی بە هاوکاریی مامۆستا شکور مستەفا. هەواڵنووسیی مۆدێرن (وەرگێڕان لە فارسییەوە، یونس شُکرخواه).


دەروازە: هــــــەڵگەڕانەوە لە سروشتی فرەزمانی

بەر لە پێکهاتنی دەوڵەت-نەتەوە نوێیەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، نەتەوەی کورد لەپاڵ و لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەدا لە ناوچەیەکی فرەزمانیدا لە پێوەندیی زمانیدا، بەدەگمەن لە ڕکابەریی و پێکدادانی زمانیدا دەژیا. جاشوا فیشمەن لە کتێبی «زمانەکەتان بە تەنیا جێ مەهێڵن»دا ئاماژە بە چیرۆکی پێشبڕکێی دۆزینەوەی شاژنێک بۆ پاشای ماد و پارسەکان لە کتێبی پیرۆزی ئیستردا دەکات، کە تێیدا نامە بۆ ١٢٧ ویلایەتی ئیمپراتۆرییەکەی (لە هیندەوە تا ئەتیۆپی دەگرتەوە) بەخەت و زمانی تایبەت بە خۆیان دەنێرێت و ئەمەش بە «ئاماژەیەکی ئاشکرای سیاسەتێکی زمانیی پێشکەوتوو و فرەکولتوور بۆ سەردەمی کەونار» (p.1, 2006, Fishman) ناو دەبات. بەم پێیە، سیاسەتی تاکزمانی لە ئێران هەڵگەڕانەوەیە لە نەریتێکی کۆنی مێژووی «فرەزمانی» لە «پێوەندیی زمانەکان» لە سەردەمی ئیمپراتۆرییەکانی ماد و هەخامەنەشییەوە تا کۆتاییی سەردەمی قەجەرەکان (1796–1925) کە تێیدا بە گرتنەبەری سیاسەتی تاکزمانی، فرەزمانی و جۆراوجۆریی زمانی وەک نۆڕم و پێوەرێک لە مێژووی نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گۆڕادرا بۆ بارێکی هەڵوارتە(استثنا ). واتە، گرتنەبەری سیاسەتی تاکزمانی لە وڵاتێکی «فرە نەتەوە-زمان»دا. لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا لە ئێران(١٩٢٥) و سەرەتاکانی پێکهاتنی دەوڵەتە ئەتنۆزمانییە نوێیەکانی زاڵ بەسەر کوردستاندا (تورکیا) لە ١٩٢٣وە) لە عێراق ( ١٩٦١) و سوریا (١٩٦٢)وە لە پاش بە پەراوێزخستنی زمانیی، تاواندنەوە لە ڕێگای دەستبەسەرداگرتنی زۆربەی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان، دابەشکردن و وەرگرتنی زمانەوە دەستی پێکرد.

واتە، بژاردە (نوخبە) و کاربەدەستانی دەوڵەتە ئەتنیکییە زاڵەکان بە هەڵبژاردنی زمانە فەرمییەکان و ناساندنیان بە زمانی نیشتمانیی دەوڵەت-نەتەوە، هەڵبژاردنی ئەلفوبێ و دیاریکردنی زمانێکی دیاریکراو وەک ئامرازی خوێندن و فێرکردن، بەبێ ڕەچاوکردنی بەستێنە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکانی کێشەکانی زمان و ئەو هێز و هۆکارانەی یارمەتیی پاراستن یان گۆڕانی زمانیان دەکرد، بە «لەدوودانێکی ڕێکخراوی چارەسەری کێشەکانی زمان لە ئاستی] بەناو[ نیشتمانی یان نەتەوەییدا»(Fishman,1973, pp. 23-24) زمانەکانی دیکەیان وەک «کێشە» لەبەر ڕێی یەکدەست کردنی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی (یەکێتیی نەتەوەیی) خۆیاندا دیت. هەر بۆیە، سیاسەتی «تاواندنەوە»یان وەک چارەسەر هەڵبژارد. ئەم بژار و بڕیاردانانە لەبارەی زمان و دەسەڵاتەوە کە بنیادی «سیاسەتی تاکزمانیی» لە ئێران، تورکیا، عیراق و سوریا لەسەری ڕۆنرا، لەپاڵ ئامانجە سیاسی-ئابوورییەکاندا، هاوکات بوو لەگەڵ سەرکوتی توندی ئەتنی و کولتووری و، لە ئەنجامدا داگیرکردنی خاکیشی بەدوادا هات. بە گشتی، کوردستان بوو بە کۆلۆنی یان موستەعمرەیەکی ناوخۆیی هەریەک لەو وڵاتانە. دژکردەوە بەرانبەر ئەم سیاسەتانەش بوو بە هەوێنی ئامادەکاریی کۆمەڵایەتیی، یان بزووتنەوەی نوێی کوردایەتی، کە خۆڕاگریی زمانی بەشێکی گرنگ و سەرەکیی ئەو بزووتنەوەیە پێک دێنێت.



دەوڵەتی ئەتنۆزمانیی فارسی شیعی

ئێران، لەســـــــەر بنەمای یاسای مەشرووتە (١٣٢٤ک.م/١٩٠٦ز) زمانی فارسیی وەک تەنیا زمانی ڕەسمیی وڵاتەکە ڕاگەیاند(Mirvahedi, 2019, p. 6)، هەروەها، شیعەی جەعفەریی دوازدە ئیمامی وەک ئایینی ڕەسمی ڕاگەیاند. لە کۆماری ئیسلامیدا لە ( ١٣٥٨ک.ه/١٩٨٠) لە دوو مادەی ١٥ و ١٢ی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیدا ئەو تاک ئایینی و تاک زمانییەی یاسای مەشرووتە جەختی لەسەر کراوەتەوە. بە پێی مادەی ١٥، هەرچەند دانی بە فرەزمانیی ئێران داناوە، بەڵام بێ ئەوەی ناوی هیچ یەک لە زمانە تایبەتەکان (کوردی، تورکی، بەلوچی و عەرەبی) بێنێت، بیرۆکەی فرەزمانی بە تەمومژاوی بەجێ هێشتووە. لەهەمان کاتدا، بە تەرخانکردنی تەواوی توانا مادی، پەروەردەیی، سیاسی و سەربازییەکان زمانی فارسی لە ململانێ زمانییەکاندا سەرخستووە. بە پێی مادەی ١٩ کە دەڵێت «خەڵکی ئێران لە هەر ئەتنیک یان خێڵێک بن، مافی وەک یەکیان هەیە و زمان و شتی لەو بابەتە نابێتە هۆی جیاوک(امتیاز)ێک»، لەسەر بنەمای فەلسەفە ئیسلامییەکەی نەتەوەکانیشی لە «ئوممەتی ئیسلامی»(شیعی)دا، بەشێوەیەکی هاوپێچ لە ئەم بڕگەیەدا تاواندووەتەوە. پێکناکۆکیی مادەکانی یاساکانی ئێران، لە هەناوی ئەو واقعە کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە هاتووە کە دەوڵەتی ئێرانی لەسەر بنیاد نراوە. ئەم بڕگانە چونکە بەبێ ڕەچاوکردنی سەرچاوە گرنگە ڕکابەرییە ناسنامەیی‌یەکان بە زۆر و هێژێمۆنیی زاڵی نەتەوەی زاڵ بەسەر نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی دیکەدا سەپێنراون، وایان کردووە زمان یان خوێندەواری ببنە ئامرازێک بۆ پێشگرتن لە دەستڕۆیشتووییی کۆمەڵایەتی، سیاسی و پەروەردەیی یان ئابووریی ئاخێوەرانی زمانە بەکەمینە کراوەکان. هەربۆیە، خەبات بۆ ڕاگرتنی زمان خەباتێکی دادپەروەرانەیە بۆ نەهێشتنی نایەکسانی و نادادپەروەریی کۆمەڵایەتیش.


ئالنگاری و ناکۆکییەکانی تاکزمانی

ڕیشەداریی زمان و کولتووری نەتەوە غەیرە فارسەکان، بەتایبەتی نەتەوەی کورد بە ئاپۆرایەکی بەربڵاوی ئاخێوەران لە جوگرافییایەکی زمانی پەیوەستە لە دەرەوە و ناوەوەی جوگرافییای سیاسیی وڵاتی پێکهێنراوی ئێراندا و، ناجێگیریی حکومەتە سەرەڕۆکانی زاڵ بەسەر ئەو وڵاتەدا، سیاسەتی تاکزمانی لە پێناو بەدیهێنانی دەوڵەتێکی یەکپارچەی یەک نیشتمان یەک زماندا تووشی ئالنگاری کردووە و مشتومڕێکی بەردەوامی زۆری ناوەتەوە. لەم دوو دەیەی ڕابردوودا، ئەم بابەتە بوو بە تەوەری ململانێی باڵەکانی ناو دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بۆ کۆکردنەوەی دەنگی ئاخێوەرانی زمانە بەکەمینەکراوەکان و ئەمەش نیشانەی پێکناکۆکیی سیاسەتی تاکزمانی، دەستوور و یاساکانی دەوڵەت و ڕەفتاری کاربەدەستانی دەوڵەتە بۆ زمانە ژێردەستکراوەکان. هەوڵی هێندێک پەرلەمانتار بۆ کاراکردنی مادەی ١٥ی یاسای بنچینەیی و ڕەتکردنەوەی لە دوو مەجلیسی ئیسلاحات و بناژۆخوازەکاندا، هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی ٢٠١٣ کە بابەتی زمانی دایک و فیرکردنی بوو بە یەکیک لە تەوەرەکانی هەڵبژاردن هەم لە دەقی بەرنامەکاندا و هەم لە دەمەتەقیی پاڵێوراوەکاندا، کە تێیدا بەڵێنی فێرکردنی زمانی دایکیان دا. پێکهێنانی «ژووری ]بەناو [فکر» بۆ تاوتوێی زمانە بەکەمینەکراوەکان لە وەزارەتی پەروەردەی ڕێژیم (٢٠١٤)، هەڵوێستی دژ و توندی «فەرهەنگستانی زمان و ئەدەبی فارسی»، لێکەوتەوە کە بە «پیلانگێڕی» لە دژی زمانی فارسی لێکیان دایەوە. بەگشتی، زمان وەک ماف بینین و وەک کێشە و پیلانگێڕی لەدژی زمانی زاڵدا بابەتێکی بەردەوامی لێدوانە میدیایی، سیاسی، ئەکادیمییەکان، کاربەدەستانی دەوڵەت و بژاردە(نوخبە)ی فارس بووە، کە ئێستا تین و تاوێکی زیاتری سەندووە (لە درێژەی ئەم وتارەدا هێندێکیان دەخەینە بەرباس). لە ئەنجامدا، ئەوەی وەک سیستەم و بەکردەوە جێبەجێ دەکرێت، «سەرکوتی مەعریفی»، «فیزیکی» و «ئایدۆلۆژیای بە سوک سەیرکردن»ی ئاخێوەرانی زمانە غەیرە فارسییەکان بەگشتی و، زمانی کوردی، بەتایبەتییە. نموونەکەی بەرنامەی «پلانی شایستەیی/لێهاتوویی زمانی» (طرح بسندگی) بۆ منداڵانی غەیرە فارس لە خوێندنی پێش سەرەتاییدا، شکاندنەوەی ئاخێوەرانی زمانە غەیرە فارسییەکان لە میدیای زاڵی فارسیدا لەبەر شێوەزاری دەربڕێنی فارسییان (هەبوونی لەهجە)، و سەرکوتی مامۆستایانی زمانی کوردی و بەندکردنیان، وەک «زارامحەممەدی» و بیانووپێگرتن و داخستنی ئەنجومەن و ناوەندە خۆبەخشە فێرکارییەکانی زمانی کوردی لە کوردستاندا. بە کورتی، دەرەنجامی سیاسەتی تاکزمانیی دەوڵەت، کولتووری زمانیی نەتەوەی باڵادەست، و هەڵمەتی بەردەوامی زۆرینەیەکی بەربڵاوی بژاردەی فارس گۆڕانی زمانە بەکەمینەکراوەکان بەرەو فارسی و لە ئاکامدا کوشتنی بەرەبەرەی زمانە غەیرە فارسییەکانی لێدەکەوێتەوە.


چــوارچــــێوەی تیۆری بۆ لێکدانەوەی بابەتەکە:

ناسیۆنالیزمی زمــــــانی و دیالێکتیکی کۆنترۆڵ و بەرەنگاری
مێژووی تاکزمانی بە دیالێکتیکی کۆنترۆڵ (بەڕسمی ناسینی زمانێک و سەپاندنی) و بەرەنگاری لەدژی ئەو سەپاندنە پێک هاتووە. چونکە، «کاتێک زمان وەک نیشانەیەکی ناسنامەیی پۆلێک و دیاریکەری دەستڕاگەیشتن بە دەسەڵاتی سیاسی و سەرچاوە ئابوورییەکان دادەنرێت، ئەگەری پێکدادانی زمانی زیاد دەبێت، و پۆلە ئەتنۆزمانییەکان بە دەوری مەسەلەکانی زمانەوە کۆ دەبنەوە(Tollefson, 2002, p.6) . واتە، زەروورەتی چەسپاندنی زمانێک لە کاتێکی دیاریکراودا بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی ستانداردکردن، بۆ بەدیهێنانی ناوێکی تایبەتیی هاوبەش، کردارێکی تەواو سیاسی و ئایدۆلۆژییانەیە، و بەشێوەیەکی تایبەت، دەکەوێتەوە دەرەوەی کردارە بەکەڵک و ئەنجامەکان. چونکە زمان دەبێتە ئامرازێکی سیاسی، ئامرازی ڕکابەری و هەڵاواردن لە پێناو یەکهەوایی و ستاندارد کردندا. زمان هەروەها دەبێتە بابەتی بەرەنگاری، چونکە لە پشت گەمەی ئامانجەکانی هاوچەشنکردندا گرەوی ئایدۆلۆژی و بژاری سیاسی وا هەن کە زمانەکان، جۆرەکان و کردارەکان بە پێی ئامانجی لێکۆڵینەوە دەخرێنە پلەبەندییەکی لەسەرەوە بۆ خوارەوە(Duchene, 2009, p. 12).

سیاسەتی تاکزمانی لە ئێران کۆپیکراوی «تیۆرییەکی سیاسی بوو کە لە کۆتایی‌یەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا لە کۆمەڵی پیشەسازیی ئەورووپادا سەری هەڵدا کە پێی وابوو جۆراوجۆریی کولتووری و زمانی هەڕەشەیە لە یەکێتیی نەتەوە]دەوڵەت[. بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم جۆراوجۆرییە، تاقمی ئەتنیکیی زاڵ بۆ سیاسەتی نیشتمانی –لە باری سیاسی، ئابووری و زمانی- بە بەکارهێنانی سەرچاوەکان، هاندان و دەسەڵاتی ڕەمزییانەی خۆی بۆ کارتێکردن لە کردە و کارلێککردنی خەڵک ڕوانگەیەکی تاوێنەرانەی گرتەبەر»( Cartwright, 2006, pp-196-197) . لەم سۆنگەیەوە، یاسابەندکردنی زمان بە ئامانجی گۆڕینی باری پێوەندیی نێوان تاقمە زمانییەکان، بە خورتی کەوتە پۆلێنکردنی تاکەکانیش لەسەر بنەمای هێڵە ئەتنۆزمانییەکان. ڕۆناڵد شمیت، مامۆستا لە زانکۆی دەوڵەتیی کالیفۆرنیا(١٩٩١، ١٩٩٨) بە بەراوردێکی ناکۆکیی سیاسەتە زمانییەکانی ئەمریکا و کەنادا، پێی وایە کە ئەم ناکۆکییە لە پانتای سیاسیی جیهانی هاوچەرخدا ڕوو لەزیاد بوونە و لە دوو هەلومەرجدا برەو دەستێنێت: یەکەم، کاتێک کە ڕکابەریی توندی نێوان پۆلە ئەتنیکییەکان لە دەوڵەتێکدا گەلەکۆمەکێی سیاسی(political mobilization) و پێکدادانی ئەتنیکی لێ بەرهەم دێت. دووەم، کاتێک زمان وەک تەوەرێکی گرنگ بۆ مانەوە، بەهێزی، یان هەردووک لایەنی ناسنامەیی و پێگەی دەسەڵاتی پۆلێک یان چەند پۆلێکی ئەتنیکی لە دەوڵەتێکدا دادەنرێت. لەم ڕووەوە، ناکۆکیی سیاسەتە زمانییەکان لە خودی زماندا نییە، بەڵکوو سەرچاوەکانی لە ناکۆکیی پۆلە ئەتنیکییەکاندا دەدۆزرێتەوە. واتە، بەکارهێنانی زمان و سیاسەتی زمانی ڕەمزاندن(symbolize)ی ناکۆکییەکی گەورەتری نێوان پۆلە ئەتنۆزمانییەکانە لەسەر پێگەی هێزی ڕێژەیی‌یان لە کۆمەڵەیەکی سیاسیدا(Schmidt, 1998, pp. 38-39) . مێژووی بزووتنەوەی نەتەوەییی کورد لە شۆڕشی شێخ عوبەیدیللای نەهری(١٨٨٠)یەوە بۆ پاراستنی ناسنامە و پێگەی دەسەڵاتی نەتەوەیی لە ململانێ لەگەڵ تاقمی ئەتنۆزمانیی زاڵ لە دەوڵەتە داگیرکەرەکاندا ئەم بۆچوونەی «شمیت» پشتڕاست دەکاتەوە.


ئەو دەستەبەندییانەی بە پێی مشتومڕە سیاسییەکان لەسەر زمان لە ژینگە جیاوازەکانی دنیادا هاتووەتە ئاراوە، دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە جێگیرکردنی ناسنامەی زمانی و خەبات لە پێناو مافی زمانیدا بۆ نەتەوە بندەستەکان، بەشێک لە خەبات بۆ مافێکی گەورەتر، واتە مافی «نەتەوە»یی‌یە. لەم پێوەندییەدا، پاتێن و کیملیکا(٢٠٠٧)، وێڕای ئاماژەیان بە کێشەی بنیادنانەوەی دەوڵەتە نوێیەکانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات -لەپاش هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤیەت و وڵاتانی کۆمۆنیستی لە ئەورووپای ڕۆژهەڵات- لەسەر سیستەمی تاکزمانی، بەشێک لە کێشەکانی زمان لە ئاستی ڕۆژئاوا لە دەستەی «زمانە ناوچەیی‌یەکان/ناسیۆنالیزمی کەمینە» دا پۆلێن دەکەن و دەڵێن: لە ڕۆژئاوادا چەندین جۆر کێشەی چارەسەرنەکراوی زمانی ماوەتەوە: کە لە ڕووی مێژوویی‌یەوە ناخۆشترینیان پێکدادانی نێوان پۆلە زمانییە زاڵەکان و ئەو پۆلە زمانییانەیە کە ئەگەر بچووکیش بن، بەڵام پۆلی بەهێزی ناوچەییی جێگیر و مێژوویین. وەک لە بلژیک(فلاندێرز)، ئیتالیا (تیرولی باشوور)، ئاڵمانی زمان) ئیسپانیا (کاتالۆنیا و وڵاتی باسک)، لە کانادا (کوبەک و هێندێک بەش لە چەند پارێزگای ئەو وڵاتە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا(پۆرتریکۆ) و سویس(کانتۆنە فەرانسی و ئیتالیایی زمانەکان). ئەمانە نموونەی ئەو ململانێیانەی ڕۆژئاوان کە لە ئەورووپای ڕۆژهەڵاتیش دەیانبینین، کە تێیدا گرووپە نەتەوەیی‌یە زاڵەکان و ئەو کەمینە زمانییانەی لەباری مێژوویی‌یەوە لە ناوچەکە ڕیشەدارن لە پێکداداندان. تاقمی زاڵ دەیهەوێت زمانی خۆی وەک زمانی دەوڵەت بەسەر هەموو وڵاتەکەدا، بەتایبەتی بەسەر ئەو ناوچانە کە کەمینەکان بە نیشتمانی مێژووییی خۆیانی دەزانن، بسەپێنن. ئەم چەشنە هەوڵانە خۆڕاگری و بەرەنگاریی توندی لە ناڕەزایەتیی هێمنانەوە تا بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازی بەدی هێناوە… ئەنجامەکەی ئەوە بووە کە لە هەموو ئەو ناوچانەدا، زمانە ناوچەیی‌یەکە تەقریبەن وەک زمانی ڕەسمی ناوچەکە دیاری کراوە و، ئەو توانایی‌یەی بە ئاخێوەرانی زمانە ناوچەیی‌یەکە داوە کە دامەزراوە گشتییەکانی وەک، قوتابخانەکان، دادگاکان، میدیا، و دەوڵەتی خۆجێی بە زمانی خۆیان بێت. شایانی سەرنجەکە ئەو وڵاتانەی ئەم ڕێبازە فرەزمانییەیان گرتووەتەبەر، وڵاتانی ئاشتی‌پارێز، خۆشبژیو، ئازاد و دیموکراتیکن( لل. ٤-٥).


بەبێ شک نموونەی خۆڕاگریی و بەرەنگاریی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەم لەباری مێژوویی، و هەم لەباری هۆکاری چڕیی دانیشتووانەکەی(دیمۆگرافی)، دامەزراوەیی و پێگە زمانییەکەی کە پێکهاتەی ژیوەرێتیی ئەتنۆزمانییەکەی پێک دێنن، تاڕادەیەک هاوشێوەی نموونەکانی ڕۆژئاوایە. بەڵام بەو جیاوازییەشەوە کە خەباتی بزووتنەوەی نەتەوەییی کورد بۆ بەدەستهێنانی مافی زمانی، سەروەریی سیاسی و خۆبەڕێوەبەرییەکەی توند و خوێناویترە. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە دەوڵەتی تاقمی زاڵ، سەرەڕۆ، نادیموکراتیک، و نەژادپەرستن و بەشێوەی هێمنانە مل بۆ داواکانی کورد نادەن. خاڵێکی گرنگی هاوشێوەیی کوردی و زمانە بەکەمینەکراوەکانی ڕۆژئاوا ئەوەیە کە «هەم لە ئەورووپای ڕۆژهەڵات و هەم لە ڕۆژئاواشدا، مشتومڕ لەسەر زمانە ناوچەیی‌یەکان هیچ کات مشتومڕ هەر تەنیا لەسەر زمان نەبووە. بۆ تاقمە زمانییە ناوچەیی‌یەکان، تەقریبەن هەمیشە لەسەر پۆلە «نەتەوەیی»یەکان بووە. واتە، ئەوان خۆیان هەر وەک زمانی جیاواز نەبینیوە، بەڵکوو خۆیان وەک «نەتەوە»ی جیاواز لە دەوڵەتی گەورەتردا بینیوە. ئەوانە لەپشتی پارتی سیاسیی نەتەوەخوازدا بە ئامانجی خودموختاری کۆبوونەتەوە. مافی زمانی بەشێک بووە لە مافێکی گەورەتری ناسیۆنالیزمی نیوچە دەوڵەتی. لە ئەنجامدا مشتومڕ لەسەر پێگەی زمانی ناوچەیی، مشتومڕ لەسەر سەروەریی نەتەوەیی بووە» (Kymlicka & Patten, 2007, p. 5) . ئەمەش لەلایەک بۆ سروشتی لیبڕالیزمی ڕۆژئاوایی دەگەڕێتەوە، کە لەژێر تەوژمی بازاڕ، ئابووری، و ئیمپریالیزمی زمانیدا ئەوەندەی گرنگی بە مافی تاک دەدات، ئەوەندە حەز بە کۆمەڵە ئەتنۆزمانییەکان ناکات. لەلایەکی دیکەشەوە، هەبوونی مافی زمانی لە ڕۆژئاوا یان لە ئەورووپای ڕۆژهەڵات لە ئێستادا، بە تەنیا بەس نییە بۆ هاوشانیی هێز یان دەستڕۆیشتووییی یەکسان لە ئاستی سەرانسەریی وڵاتەکاندا، چونکە هەموو ڕکابەرییە سیاسی، ئابووری، و کولتوورییەکان بۆ دەسەڵات لە زماندا بەرهەم دێنەوە و «ڕاگرتنی زمان»(language maintenance) وەک «بەکارهێنانی بەردەوامی زمانێک لە ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ڕکابەریکردنی لەگەڵ زمانێکی ناوچەیی و کۆمەڵایەتیی بەهێزتردا»(Mesthrie and Leap, 2000, p. 253) پێویستی بە پشتگیریکردنی دەوڵەت یان خۆبەڕێوەبەرییەکە کە داکۆکی لە مافی ئاخێوەرانی زمانە بەکەمینەکراوەکان و برەوپێدانی زمانەکایان بکات. سەبارەت بە کوردستان و زمانی کوردی، نەک هەر دەسەڵاتێکی دیموکراتیک لە وڵاتانی زاڵ بەسەر کورد (بەتایبەتی لە باکوور و ڕۆژهەڵات) نییە کە مافە ئەتنۆزمانییەکانی کورد بەڕەسمی بناسێت، بەڵکوو سەرکوتێکی چەند قاتی مەعریفی و فیزیکییش لەسەر پێکهاتەی نەتەوەیی کورد هەیە. تەنانەت، لە ناوچە داگیرکراوەکانی باشووری کوردستان وەک کەرکووک و دوزدا، مەیلی لێسەندنەوەی مافی زمانی لە نەتەوەی کورد لەلایەن ئیدارەی دەوڵەتی فیدراڵی عێراقەوە زاڵە. بۆ نموونە، زمانی کوردی لە کەرکووک لە پرۆگرامی خوێندنی پۆلی ١٢ لە ساڵی ٢٠٢١لادرا(ك٢٤، ٢٠٢١)، هەندێک جار دیمەنی زمانی کوردی لە شاری کەرکووک لەسەر تابلۆ و شوێنە گشتییەکان دەستکاری دەکرێت(كوردستان تیڤی، ٢/١/٢٠٢٢). هەربۆیە، دوانەی «زمان» و «نەتەوە»، دوانەیەکی تەواوکەری یەکترن و ئەگەر بزووتنەوەی نەتەوەیی مافی زمانی نەکاتە تەوەری سەرەکیی خۆڕاگریی خۆی، تەنیا لە بەربەرەکانێیەکی ئەتنی(قەومی)دا دەمێنێتەوە کە لە درێژخایەندا لە گرووپی زاڵدا دەتوێتەوە. هۆیەکەشی ئەوەیە کە بۆ نموونە لە ئێران، هەموو دەرفەتەکانی دەستڕاگەیشتن بە زمانی فارسی وەک زمانی زاڵ ڕەخساوە، و پاڵنەرەکانیش، بەتایبەتی لەباری کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە بەرەو گۆڕان و بەرەو ئەو زمانە زاڵەیە. ئەمەش بابەتی فرەزمانی لە ئێراندا و لە درێژخایەندا بێ واتا و ڕاگرتنی زمانی دایک زۆر ئەستەم دەکات. هەروەک پاولستۆن (١٩٩٦، ل. ٤٧) ئاماژەی پێدەکات، «ئەو گرووپە ژێردەستانەی کە چەقی هەرەوەز و گەلەکۆمەکێی کۆمەڵایەتییان «ئەتنیسیەتە»(قومیت)یە، لەوانەیە بە سەرەنجدان بە دەرفەت و پاڵنەرە] ڕەخساوەکان بۆ زمانی زاڵ [، بەرەو زمانی گرووپی باڵادەست بگۆڕدرێن، بەڵام ئەو گرووپانەی کە تیشکۆی کۆمەڵایەتییان لەسەر هەستی نەتەوایەتییە، ئەگەری هەیە زمانی ئەتنیکی(قەومی)یان بپارێزن».


بەگشتی، بەکەمینە کرانی زمانی کوردی لە ئێران، پڕۆژەیەکی دەوڵەتسازی بەناوی تاکە تاقمیێکی ئەتنۆزمانیی(فارس)ەوە بووە، و بەرهەمی ئەو ناسیۆنالیزمە بووە کە حاشای لە بوونی کورد وەک نەتەوەیەکی جیاواز کردووە. هەربۆیە، مەنتیقی خۆڕاگری و ناسیۆنالیزمی زمانی بۆ کوردیش وەک ڕێگایەک بۆ خۆڕاگری لەبەرانبەر دەسەڵاتی ئەتنۆزمانیی زاڵدایە بۆ سەلماندنی بوون و مەوجودییەتی خۆی.


لە باری مێژوویی‌یەوە، لە ڕەوتی حکومەتمەندیی زمانی لە ئێراندا، دوو سیاسەتی سەرەکی بۆ برەوپێدانی زمانی فارسی وەک زمانی هاوبەش و هەستی هاوبەشی ناسنامەی ئێرانی بوون گیراوەتە بەر: یەکەم، دەوڵەت لەسەرئەوە پێداگر بووە کە هەموو فێرکردنە گشتییەکان دەبێت بە یەک گەیەنەر (زمانی فارسی) بێت و لە گەیاندنی خزمەتگوزاریی گشتی بە زمانەکانی دیکە خۆی پاراستووە. واتە، داگەڕان(convergence/ همگرایی) و هاومەیلی بۆ زمانی فارسی و ناسنامەی هاوبەش سیاسەتی سەرەکیی هەڵبژێرداروی دەوڵەت بووە. دووەم، لە هێندێک بواری تردا، بەتایبەتی لە پاش شۆڕشی نەتەوەکانی ئێرانەوە(١٩٧٩)، لەژێر گوشاری ڕێکخستنە سیاسی و شۆڕشگێڕییەکانی کوردستاندا، ئەم سیاسەتی داگەڕانە لە ئەنجامی سیاسەتەکانی دیکەی دەوڵەتەوە، هەرچەند نەخوازراو، بەڵام پێشبینیکراو بووە، ئەو سیاسەتانە بوون کە دوورەپەڕێزیی کۆمەڵایەتیی کوردیان لە ناوچە شاخاوییەکاندا کەم کردووەتەوە- وەک لێدانی ڕێگاوبان، پرد، و ئەو خزمەتگوزارییانەی بەناوی «جیهادی سازەندەگی»یەوە کراون، یان ئەوانەی پێوەندییە سەرانسەرییەکانیان شیاندووە. وەک بزووتنەوەی خوێندەوارکردن (نێهزەتی سەواد ئامووزی)ی گەورەکان، تەلەفۆن یان دامەزراندنی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن، تەنانەت ئەگەر ئامانجەکانیان لە شوێنی دیکەش بێت، ویستی داگەڕانی زمانییان هەیە. پلانی «سپای دانش» لە سەردەمی حکومەتی پەهلەوی و «سەربازمامۆستا» لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا ئامانجە سەرەکییەکەی داگەڕان بەرەو زمانی فارسی بووە. بەگشتی، «هاومەیلی و داگەڕانی زمانی ئەنجامێکی لاوەکییانەی ئەو سیاسەتانە بوون کە پاساودانیان زەحمەت نییە. لێدانی ڕێگاوبان و کێشانی ڕێی ئاسن کە شارۆچکەکان بە ناوچەکانی دیکە دەبەستنەوە، پەرەپێدانی ئابووری، برەوپێدان و بژار و دەرفەتی کراوە بۆ ئەو تاکانەی کە پێشتر لە دوورەپەرێزییەکی ڕێژەیی‌یدا ژیابوون، دەڕخسێنێت. بەڵام لە کاتێکدا خەڵک دەست بە دامەزراندنی پێوەندیی ڕێکخراو لەگەڵ شوێنەکانی دیکەی وڵاتەکەدا دەکەن- بە ڕێگای سەفەر، کۆچ، بازرگانی و هتد- نموونەکانی بەکارهێنانی زمانیان بەناچار دەگۆڕێت، کاتێک هەنبانەی زمانەکەیان دەستی بە گۆڕان کرد، جێگای سەرسوڕمان نییە»(Kymlicka & Patten, 2007, p. 38). ئەم شێوەیە لە بەستنەوە و بە پاشکۆ کردنی زمانی، ئابووری و ڕۆشنبیری کە لە ڕەوتی حکومەتمەندیی ئێراندا بە دامەزاروەکانی دەوڵەت لەسەر کوردستان و ناوچە غەیرە فارسەکانی دیکەی ئێران کراوە، جگە لەوەی زمانی کوردی و زمانە بەکەمینەکراوەکانی بەرەو گۆڕانێکی ڕێژیی بردووە و لە درێژخایەن مەترسیی لەناوچوونیشیان لەسەرە، کاریگەریی دەروونیی خراپیشی لەسەر ئاخێوەرانی کوردی هەبووە.


بەپێی توێژینەوەیەکی کە «ڕەزایی» و «بەهرامی»( ٢٠١٩) لەسەر ژیوەرێتیی ئەتنۆزمانی(سرزندگی قومی-زبانی) لەسەر زمانی کوردی لە شاری ئیلام وەک شارێکی کوردستانی شێعەنشین کردوویانە، «ئاخێوەرانی ئەو شارە تێڕوانینێکی ئەرێنییان بۆ ڕاگرتنی زمانی خۆیان هەیە و زۆربەی داتاکان ژیوەرێتی و پتەویی زمانی کوردی پشتڕاست دەکەنەوە. سەرەڕای ئەوەش ڕوانگەی زۆرینەی ئەوانەی لە ڕەگەز، ئاستی خوێندەواری و تەمەنی جیاوازدا تێڕوانینیان وەرگیراوە، تێڕوانینی زۆر ئەرێنییان بۆ زمانی کوردی وەک زمانی دایکیان هەیە و شانازی پێوە دەکەن، بەڵام لەباری پێگەی کۆمەڵایەتیی زمانەکەیانەوە، هێندێکیان لە کاتی چوونیان بۆ تاران کاتێک مۆرکی»شارستانی بوون» یان لێدەدەن، هەست بەکەمی دەکەن (ل. ١٠٣). بەکارهێنانی دەستەواژەی»شارستانی بوون»، بەواتای تارانی نەبوون، و لە ئەنجامدا پاشکەوتوو بوون، لەڕاستیدا هەڵگری چەمکی « ئایدۆلۆژیای بەسووک سەیرکردن»(ideology of contempt)ە، کە گریلۆ(١٩٨٩) ئاماژەی پێدەکات. «ئێستیفان مەی» لە کتێبی «زمان و مافەکانی کەمینەکان(٢٠١٢)»دا دەڵێت: زمان گۆڕینی کەمینەکان لە زمانی دایکەوە بۆ زمانی زاڵ هەڵبژاردنێکی ئازادانە نەبووە، بەڵکوو ئەنجامی سەپاندنی ئایدۆلۆژی بووە. ئەو بە وەرگرتنی دەستەواژەی» ئایدۆلۆژیای بەسووک سەیرکردن» لە گریلۆ(١٩٨٩) دەیبەڵگێنێت کە «ئایدۆلۆژیای بە سووک سەیر کردن کە لەلایەن ڕێبەرانی کولتووریی گرووپی زاڵەوە بۆ ئاماژە بە زمانی گرووپی ژێردەست دەردەبڕدرێت، پێگەی زمانە ژێردەستەکە نزم دەکاتەوە، و پێگەی نزمیش بۆ زمانێک بەرەبەرە دەگات بە مەرگی ئەو زمانە. لە (85. Kymlicka & Patten, 2007, p) وەرگیراوە.


جگە لە ئەو خۆ بەکەمزانینە دەروونییەی بە هۆی ئایدۆلۆژیای بەسووک سەیرکردن لەلایەن گروپی زاڵەوە دروست بووە، دەبێت تێبینیی ئەوەش بکەین کە ئەم تێڕوانینە ئەرێنییانەی لە ئەم جۆرە توێژینەوانەدا دەخرێنە ڕوو، هەرچەند زۆر گرنگن بۆ مانەوە و ڕاگرتنی ئەتنۆزمانی کوردی، بەڵام ڕاستیی گۆڕانی زمانی کوردی بەرەو زمانی فارسی لە پێکهاتەی وشەسازی و تەنانەت ڕێزمانیشدا داناپۆشن. چونکە ئاخێوەری زمانی کوردی بێ ئەوەی بەخۆی بزانێت بەهۆی «حکومەتمەندیی زمانی»ی گرووپی زاڵەوە لە سیستەمێکی سیاسی-ئایینیدا هەموو پێوەندییەکانی ڕێکخراوە و بە چەقی دەسەڵاتی گرووپی زاڵەوەی بەستووەتەوە و ئێمە ئێستا زۆر بە زەقی هەست بەو گۆڕانەی وشەدانی زمانیی ئاخێوران لە زمانی کوردیدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین(بڕوانە، ڕەحیم سورخی، ٢٠٢١، تیشک، ژمارە٦١). هێندێک لە لێکۆڵینەوەکان کە لەسەر زمانی تورکی ئازەرییش(لە تەورێز و زەنجان، و ئەردەبیل) لە ئێران کراون ئەو گۆڕانە لەو زمانەشدا پیشان دەدەن(بڕوانە میر واحدی ٢٠١٧) و (میر واحدی و جعفری ٢٠١٨). بەتایبەتی، هێندێک لەوانە بەپێی ئەنجامی داتاکانیان پێیان وایە فارسی بە چڕی چووەتە هەرێمی خێزانە ئازەرییەکانەوە و لە درێژخایەندا فارسی جێگەی ئازەری دەگرێتەوە (رضائی و دیگران ٢٠١٧) و نووری(٢٠١٥). لە لێکۆڵینەوەکانی جەعفەری(٢٠١٩)دا ئەو داگەڕانە بەرەو فارسی لە «ئەردەبیل»یشدا بە شێوەیەکی نەرمتر دەبیندرێت، و «ئەگەرهەوڵێک بۆ پشتگیریکردنی ئازەری نەدرێت، گۆڕانێکی بنەڕەتی لە ئاخاوتنی نەوەکانی داهاتووی ئاخێوەرانی ئەو زمانەدا ڕوو دەدات و کۆمەڵەی ئاخێوەرانی زمانی تورکی بە زاڵبوونی زمانی دووەم بەسەر زمانی دایکیاندا دەچێتە قۆناغی دوو زمانەوە کە تێیدا فارسی لە خێزاندا بەرفراوانتر بەکار دێت(Jafari 2019, p. 44).


بەگشتی، لە ئەنجامی ئەو سیاسەتانە و ئەو پێگەیەی بە زمانی زاڵیان بەخشیوە، ئێستا، هەڵچوونێکی زیاتر بۆ هێرش و سووکایەتی بە زمانی نەتەوە بەکەمینەکراوەکان لە ئێران دەبیندرێت. ئەوە لەحاڵێکدایە کە «وتەی ئاوێتەی نەفرەت و بێزاری هێرشی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر مافی بوون و جیاواز بیرکردنەوە. ئەوە هەر بە ڕەوانبێژی و دەربڕینی زمانی ناوەستێت، چونکە ئەو وزە متبووەی هەیە کە زەین و تێڕوانینی کەسانێک بە شێوەیەک پێک بێنێت کە بێنە سەر ئەو باوەڕەی مافی ئەوەیان هەیە مافی کەسانی دیکە لاواز بکەن. کۆمەڵێکی دیموکراتیک ناتوانێت ئازادیی سەرکوتی هەبێت. لەبەرانبەردا، دەبێ دیاری بکەین کە چۆن هاوسەنگیی نێوان ماف و ئازادییەکان ڕابگرین (Boe-Buquicchio, 2010). بڕوانە (Pupavac, 2012, p.2). لانیکەم لە کوردستان بینیومانە کە داخستنی ناوندەکان و ئەنجومەنەکانی فێرکردنی زمان(داخستنی «ناوەندی هزریی ئەحمەدی خانی» لە ورمێ، ناوەندی سۆما لە مەهاباد) یان بەندکردنی مامۆستایانی وانەبێژی خۆبەخشی زمانی کوردی وەک «زارا محەممەدی» سەرکوتێکی فیزیکیشی لەگەڵە. سەرەڕای ئەوەش، ناسیۆنالیزمی کورد و بەگشتی «کوردایەتی» لەگەڵ ئەوە کە خەباتێکی دیموکراتیکە بۆ مافی زمانی و ئازادییەکان، ئەو ورەیەشی داوە بە تاکی کورد کە ئاگایانە داکۆکی لە ڕەوایەتی مافەکانی بکات و بەرەنگاری نادادپەروەریی نەتەوەی زاڵ بێتەوە.



کولتووری زمـــانی و ڕۆڵی زمانناسان لە سـەرخستنی ئایدۆلۆژیای
تاکزمانیدا
لە باری مێژووەیی‌یەوە، ئەو هێزە سیاسییە باڵادەستانە «ئوستوورە»ی تاکزمانی پێک دێنن کە پانتا/فەزا، زمان و کولتووریان دەکەنە ناسنامەی سیاسی. زمانناسان کە زمانە نەتەوەیی‌یەکان ڕێک دەخەن و ناویان لێدەنێن یان وایان لێدەکەن شیاوی ناونان بن، بەشێک لە پشکی خۆیان جێبەجێ دەکەن، بەڵام زۆربەی زمانناسانی نوێ ئەو وتەیەی «واینریش(Weinreich) پشتڕاست دەکەنەوە کە دەڵێت «زمان، زار(دیالێکت/گویش)ێکە بە سپا و هێزی دەریایی‌یەوە» و تاکزمانی وەک ڕاسپێردراو و ڕوانگەیەکی سیاسی دادەنێن(Wagner, 2018). زمانناسانێکی وەک محەممەد ڕەزا باتنی و یەحیا مودەڕەسی بۆ گونجاندنی زمانە ناڕەسمییە جیاوازەکان لەگەڵ سنوورە سیاسی-کۆمەڵایەتییەکانی دەوڵەتی ناوەندی بە پێوەری فارسیی تارانی وەک «دایالێکت»(گویش) پێناسەیان دەکەنەوە. بۆ کەسانێکی وەک مودەڕەسی(٢٠١٤) و سادقی(١٩٧٠) زار/دایالێکت(گویش)، ئەو جۆرەی زمانە کە ئاخێوەرانی تاران بە ئاسانی لێی تێ ناگەن، و باتنی(٢٠١٤)، زار بە پێی سیستەمی نووسین و پێگە سیاسی-کۆمەڵایەتییەکەی پێناسە دەکات و دەڵێت: زار(گویش) زمانێکی ناڕەسمییە کە لەناو سنوورە سیاسییەکانی دوەڵەتێکدا قسەی پێدەکرێت. هەروەها ئەو جۆرەیە کە ئەدەبییات و سیستەمێکی سەربەخۆی نووسین و هەمان پێگەی سیاسی-کۆمەڵایەتیی زمانە فەرمییەکەی وڵاتەکەشی نییە. بە نموونەش ئاماژە بە کوردی، گیلەکی، مازەندەرانی و بەلووچی دەکات(Switzer, 2021, p. 41-42). ئەوەش لەو ڕاستییەوە دێت کە ناودانانەکانیان لە ڕوانگەی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە کردووە لەبریی ئەوەی لە ڕووی زمانییەوە بێت و لە ڕوانگەی ئەوانەوە زمانێک دەبێتە زار(دایلێکت) ئەگەر بە ئەم شێوەیە ناو ببرێت و بناسرێت. ئەمە خۆی هەڵوەشانەوەی ئەو دەنگۆیە دەردەخات کە ڕەوتی پێوەندیی زمانەکان لە ئێران دەستکاری نەکراوە و زمانی فارسی بە ڕەوتێکی سروشتی و ئاساییدا ئەو پێگە زاڵەی وەرگرتووە. ئەم پێناسانە هەموویان پاش بەفەرمیکردنی زمانی فارسی، و قەدەغە کردنی زمانەکانی دیکە لە خوێندن و پەروەردەی ڕەسمی و میدیادا دەرچوون، کە نەک هەر پێشێلکردنی مافی زمانی بەڵکوو پێشێلکردنی مافی سیاسیی نەتەوەی کورد و ئەوانەیە کە بە غەیرە زمانی فارسی قسە دەکەن. واتە، لێرەدا زمانناسان بەرپرسیارن لە پاراستنی ئەو پلەبەندییە کۆمەڵایەتییەی زمانەکان لە پێناو بەرژەوەندییەکانی ئەتنۆزمانی زاڵ(فارسی)دا و فەزا، زمان و کولتووریان لە وڵاتێکی فرەنەتەوە -زماندا کردە ناسنامەی سیاسیی تاکە ئتنۆزمانێک(فارسی).
بە کورتی، مادەی(١٥) یاسای بنچینەیی لە بەفەرمی ناساندنی زمانی فارسی، تیۆریزە کردنی تاکزمانی لەلایەن کۆمەڵناسانی زمانەوە بە ناساندنی زمانی فارسی وەک زمانی پێوەر(ستاندارد/معیار) و ناونانی زمانەکانی دیکە وەک «زار(گویش=دیالێکت)، و ڕێکخستنی یاساکانی زمانی فارسی، و سەپاندنی بەسەر زمانەکانی دیکە لەسەر بنەمای سنوورە سیاسی-کۆمەڵایەتییەکانی دەوڵەت لە ڕەوتی حکومەتمەندیی زمانیدا، بناغەکانی «ڕێژیمێکی گوتاری»یان دامەزراند کە تێیدا هەر تاکێکی فارسزمان بۆخۆی بەڕەوا بزانێت لەبارەی ڕەفتاری زمانیی نەتەوکانی دیکەوە بڕیار بدات. بۆ نموونە، بڕوانە ئەم لێدوانانە لەسەر ڕەفتاری زمانیی نەتەوەکانی دیکە لەلایەن نوخبە و ئەکادیمیی فارسەوە:

«ئەگەر کوردێک لە ئازەربایجان، یان ئازەرییەک لە خوزستان، یان عەرەبێک لە بەلووچستان بیهەوێت لەگەڵ کەسانێک پێوەندی دامەزرێنێت، دەبێت بە چ زمانێک جگە لەفارسی بدوێ؟ «(حسن زولفەقار، مامۆستای زمان و ئەدەبی فارسی، سایتی تەسنیم، ۸ بهمن ۱۴۰۰ – ۱۰:۰۲).


ئەم تێڕوانینە هەر لەبنەڕەتدا بەردەوامی و نەگۆڕیی تاکزمانی لە ئێران، بە پێشگریمانە وەرگرتووە. داننانی بە زمانی نەتەوەکانی غەیرە فارسی بە واتای تووڕهەڵدانی فارسی وەک زمانێکی ئامرازییانە لە پێوەندیدا وەرگرتووە کە مەرج نییە وابێت. تاک خۆی بە پێی بەستێنی کۆمەڵایەتیی ئاخاوتن و پێوەندییەکان دیاری دەکات چ زمانێک بۆ گەیاندنی مەبەستەکەی لە پێوەندییەکانی لەگەڵ ئەوانی دیکەدا بەکار بێنێت. سەرەنجام، لەسەر ئەم بە نەگۆڕیی گریمانە کردنەی ئەتنۆزمانی زاڵ لە ئێراندا، لەسەر نموونەی چەند تاکێکی دگمەن کە ڕێیان لەو شوێنانە بکەوێت کە ناوچەی زمانیی خۆیان نییە، حاشای لە مافی مرۆڤی زمانیی ملیۆنان ئاخێوەری زمانە غەیرە فارسییەکان کردووە. هەر ئەو ئەکادیمییە فارسە دەڵێت:

«زمانی دایک پێویستی بە فێرکردن لە قوتابخانە نییە»، «بەڵام زمانی فارسی کە زمانی نیشتمانی و ڕەسمییە بە پێی قانوونی ئەساسی، دەبێ لە قوتابخانەدا بەهێزی بکەین، چونکە زمانی کارەکی(کاربردی)، کارگێڕی و پەروەردەیە، زمانێکە کە کتێبەکان بە ئەو زمانە دەنووسرێ. و میدیاکان پێی دەدوێن و…»(هەمان سەرچاوە).

ئەم بۆچوونانە، ئەوە دەردەخەن لە مێشکی تاکی سەر بە تاقمی زاڵدا هیچ ڕەوایەتدانانێکی بۆ ناسنامەی نەتەوەیی و زمانیی غەیری فارسدا نییە. چارەنووسەکەیانی بە پاشکۆیەتییان بە خۆیەوە ئەبەدی کردووە. بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە «بەڵگە توێژینەوەیی‌یەکان دەریانخستووە کە نرخی خوێندن بە زمانی دایک جێگای مشتومڕ نییە، مشتومڕەکە خۆی سیاسییە. ئەوانە لە قازانج و نرخی حاشاهەڵنەگری خوێندن بە زمانی دایک بێ‌ئاگان، چونکە ئەوان لە وڵاتێکدا دەژین کۆلۆنی(موستەعمرە) نییە، بەڵکوو تێیدا باڵادەستن و زمانی دایکیان زمانی ڕەسمییە، بەتایبەتی خەڵکێکی زۆر بە زمانەکەیان قسە دەکەن، و پەروەردەشیان لە ڕێگای زمانێکەوەیە کە لێی تێدەگەن و دەیزانن، مامۆستا و دایک و باوکیشیان بە ئاسانی لە یەکتر تێدەگەن (Skutnabb-Kangas, 2013, p. 1).

لە پاش کەمپەینی «منوفارسی»دا(کە تاکە غەیرە فارسەکان، ئەزموونی خۆیان لەو نەهامەتییانەی بە هۆی نەزانینی فارسییەوە تووشی بوون تێدا دەخستە ڕوو)، ئاکادیمییەکی تر (کۆمەڵناسێک)، دەڵێت: « گەورە کردنەوەی زمانی دایک و فێرکردنی زمانی دایک هەوڵێکی بێوچانی ئەتنیکخوازان(قومگرایان)ە لە ئێراندا. مادەی ١٥ی یاسای بنەڕەتی هەر ئاماژەی بە «زمانی دایک» نەکردووە… ئاماژە بە زمانە ناوچەیی‌یەکان و زارەکانی تەواوی ئەتنیک و دانیشتووانی ئێران کراوە. ئاماژە بە گوتنەوەی ئەدەبییاتەکەیان کراوە نەک فێرکردنی زمان. سەرەڕای ئەوەش هێشتا لە ئێران ڕەوتێک لە دژی زمانی دایک پێک نەهاتووە کە پاراستنی زمانی دایک ببێتە پرسێکی کۆمەڵایەتی (حسین نورینیا، روزنامه سازندگی؛ دیدگاه: یادداشت روز، سهشنبه 19 بهمن 1400).


ئەم ئیدعایە، جگە لەوەی ملهوڕییەکی تەواوی لە خۆسەپاندن و حاشا کردن لە مافی زمانی نەتەوەکان تێدایە، خۆگێلکردن یان نەزانییەکی قووڵی ئەو کۆمەڵناسەش لە کێشە کۆمەڵایەتییەکانی وڵاتەکەی و دادپەروەریی کۆمەڵاتی دەگەیەنێت. هەروەها، لە کاتێکدا کراوە کە لە ١٩٢٥ وە تا ئێستا زمانە غەیرە فارسییەکان لە پەروەردەی فەرمی لە ئێراندا قەدەغە کراون، لە کۆماری ئیسلامیدا پلانی کوشتنی زمانی دایکی منداڵانی نەتەوە غەیرە فارسەکانیان بە ناوی تاقیکردنەوەی لێهاتوویی زمانی بۆ داناون، چالاکانی خۆبەخشی زمانی دایک لە کوردستان ئازار دەدرێن و بەند دەکرێن، جگە لەوەش، ناوەندی فێرکردنی زمانی کوردی، «سۆما « لە مەهاباد پاش ١٨ ساڵ کار و چالاکی داخراوە.


جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی فێرکردن و توێژینەوەکانی مەجلیسی کۆماری ئیسلامی دەڵێت: « گوتنەوەی زمانە ناوچەیی و ئەتنییەکان پێچەوانەی ئاسایشی نیشتمانییە. … یەکێک لە خەسارەکانی سیستەمە پارلەمانییەکان ئەمەیە کە لەوانەیە نوێنەرانی هێندێک ناوچە بۆ ئەوەی کەمینەیەک لە خۆیان ڕازی بکەن، هێندێک بەڵێن دەدەن کە تەنانەت خۆشیان باوەڕیان پێی نییە و تەنیا وەک ئامراز بەکاری دەهێنن»(ئەحمەد نادری، نوێنەی تاران لە مەجلیس، همشهری، پنجشنبه ۱۸ آذر ۱۴۰۰ – ۱۴:۱۵). ئەم قسانەی ئەحمەد نادری، لە وڵامی قسەکانی سەرۆکەکەی خۆی، عەلیڕەزا مونادی، نوێنەری تەورێزدا هاتووە کە وەک سەرۆکی کۆمیسیۆنی پەروەردە و توێژینەوەی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران، پشتگیری لە مافی خوێندن بە زمانی دایکی کردبوو.

ئەم ئاخاوتنە دژ بەیەکانە لانیکەم سێ بابەتی گرنگ دەردەخەن:
ئەوەی سەر بە نەتەوەی باڵادەستە (ئەحمەدی نادری، نوێنەری تاران، فارس، لەباری دەسەڵاتی کارگێڕییەوە لە پلەیەکی نزمتر لە عەلیڕەزا مونادی، تورک، نوێنەری تەورێزە)، پرسی زمان بە ئاسایشی نیشتمانی- سنوورداربوونی دەسەڵاتی ئەتنۆزمانیی خۆی-دەزانێت. ناسیۆنالیزمی فارس، تەنانەت لە دەسەڵاتێکی ئایدۆلۆژیی وەک سیستەمی ویلایەتی فەقیهی لە ئێرانیشدا بەسەر مەزهەبدا بۆ پرسە ئەتنۆزمانییەکان زاڵترە.
بژاردە(نوخبە)ی ئەکادیمی-سیاسیی فارس، بۆی ئاسایی‌یە سیستەمی پارلەمانی لەبەر پاراستنی دەسەڵاتەکەی بەسەر ئەوانی دیکەدا هەڵوەشێنێتەوە، تەنانەت ئەگەر ئەو سیستەمە ڕیاکار و چەواشەکارانەیش بێت کە خواستی خەڵک بۆ مافەکانیان وەک ئامراز بۆ مانەوە لە دەسەڵاتدا بەکار بهێنرێت.
ویستە ئەتنۆزمانییەکان لە ئێران بەهێزە و تەنانەت ئامرازێکیشە بۆ بە دەسەڵات گەیاندنی هێندێک کەسی تایبەت کە ئەو ویستانە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان لە دەسەڵاتدا بەکار بهێننەوە، هەربۆیە، بەشێوەیەکی نەخوازراو بەرهەم دێتەوە و بەردەوام سیاسەتی تاکزمانی لەگەڵ ئالنگاری بەرەوڕوو دەکات.

لەوانەیە ڕۆژانە لەگەڵ دەیان تێڕوانینی لەم شێوەیە سەبارەت بە زمانە غەیرە فارسییەکان لە میدیای حکومەتی و ناحکومەتیی فارسی، یان ئاخاوتنی ئاساییی ئاخێوەرانی فارس لە تۆڕەکانی میدیای جەماوەری وەک تویتەر، فەیسبووک، تێلگرام و تەنانەت ئاخاوتنی ڕاستەوخۆی نێوان کەسی بەرەوڕوو بین. ڕاستییەکەی، ئەمانە بەر لەوەی بۆچوونێکی تاکەکەسی بن، نوێنەرایەتیی گوتارێک دەکەن، گوتاری ئەتنۆزمانیی زاڵ. هارۆڵد شیفمەن(٢٠٠٦، ل. ١١٢) « بە «کولتووری زمانی»(culture linguistic) ناوی دەبات و پێی وایە سیاسەتی زمانی (بڕیاردان لەبارەی زمانەوە) بە دانەبڕاوی بەستراوە بە کولتووری زمانییەوە ، واتە کۆی بیرۆکە، بەها، باوەڕ، تێڕوانین، دەمارگرژی و ئوستوورەکان، توندیی ئایینی، هەموو ئەو «توێشە/کەشکۆڵە» کولتوورییانەی دیکە ئاخێورانی زمانێک لە کولتووری خۆیانەوە بۆ هەڵسوکەوت لەگەڵ زمان هەڵیانگرتووە و دەیهێنن.» کولتووری زمانی هەروەها پێوەندیی بە گوێزانەوە و ڕەمزاندنی زمانەوە هەیە کە کاریگەریی لەسەر خوێندەواری، پیرۆزاندنی دەقەکانیش دادەنێت. بە دەربڕینێکی تر من پێم وایە گرینگە کە سیاسەتی زمان نەک هەر وەک بڕیاردانێکی ئاشکرا، یاسایی، «ڕەسمی»، و «لەسەرەوە بۆ خوارەوە» سەبارەت بە زمان ، بەڵکوو بە شێوەی هاوپێچ، نەنووسراو، شاراوە، ڕاستەقینە، جەماوەری، و ئەو بیرۆکە و گریمانە ناڕەسمییانەش لەبەرچاو بگرین کە دەتوانن کاریگەرییان لەسەر دەرکەوتەکانی سیاسەتدانان هەبێت». تێڕوانینی بەنزم سەیرکردنی نەتەوە و زمانە غەیرە فارسی بووە بە ئایدۆلۆژیا و لە ئاخاوتنی ئاخێوەرانی زمانی زاڵدا سروشتی بووە. ڕاستییەکەی بەشێوەیەک بووە بە دیاردە کە بەکارهێنەکانیان هیچ شەرم و سڵە لە دەربڕینیان ناکەنەوە و بەلایانەوە ئاسایی بووە، تەنانەت ئەگەر لە تەلەڤزیۆنی تۆڕی ٣ی دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامیشدا، مامۆستایەکی بواری ئاواز و مۆسیقا ڕوو لە ئاخێوەری زمانێکی بەکەمینەکراو بکات و بڵێت:» تۆ بڕۆیت لەهجەکەت بگۆڕی» بۆ ئەوەی بتوانی بە پاراوی بە فارسی گۆرانی بڵێیت( تەلەڤزیۆنی ئێران ئینتەرنەشناڵ، ٢٨ مارس، ٢٠٢٢، لە کاناڵی ٣ی تەلەڤزیۆنی ئێرانی وەرگرتووە).



کاریگەریی تاکزمانی لە پەروەردەدا

پێشگریمانەی فێرکردن و زاڵکردنی زمانی فارسی لە ئێران بەسەر نەتەوەکانی دیکەدا، لەلایەک، فارساندنی نەتەوەکانی دیکە و لەلایەکی دیکەوە، پێگەیاندنی کادری دەوڵەتیی ئەوتۆ لەنێو نەتەوەکانی دیکەدا بوو کە لە پلەی نزم و پەراوێزدا خزمەت بە ئامانجەکانی دەوڵەت بکات. دیارە، وەک هەر سیاسەتێکی کۆلۆنیالیستی/ئیسعماریی تر فێرکردن لەسەر دوانەتییەکی «خۆ» و «ئەوی دیکە» دامەزرابوو. نەتەوە غەیرە فارسەکان «ئەوی تر» بوون و ئامانجی پەروەردەکەش کەمکردنەوەی ئەو غەیرییەت و بێگانەیی‌یە لە خەڵکی نەتەوەکانی دیکەدا بوو بەو ئامانجە کە ئاگایی‌یان سەبارەت بە مەحکوومییەت و داگیرکراویی خۆیان بەلاڕێدا بەرن (2005, p. 22 Martin,& Lin ). پەروەردە بە زمانی زاڵ کاریگەریی سەرەکی دەبێت لەسەر دەربڕینی ئایدیاکان و بیرۆکەکان بە زمانی دایک بۆ ئەوانەی بۆ ماوەیەکی درێژخایەن دەخرێنە بەر خوێندنی زمانی زاڵ. بە پێی لێکۆڵینەوەیەکی ئیرگن ئۆپنگن(٢٠١٢، ل. ١٧٤) کە لە سێ ناوچەی شاری(دیاربەکر)، شارۆچکە(هەکاری) و سێ گوندی شەمزینان کردوویەتی، ئەو کەسانەی لەبارەی خۆنرخاندنیان بۆ دەربڕینی بیرۆکەیان بە زمانی کوردی یان تورکی پرسیاریان لێکراوە، ئەوانەی خوێندنی دواناوەندی(دەبیرستان) و زانکۆی ژێر خوێندنی باڵا(بەکالۆریۆس)یان تەواو کردووە بۆ دەربڕینی بیر و بۆچوونەکانیان بە زمانی تورکی ڕاحتترن. هەروەها، تەنیا ٢٠٪ یان لێهاتووبوون بۆ خوێندنەوە و نووسینی کوردی(Öpengin, 2012, p. 170).

ئەوە لە حاڵێکدایە، زۆرینەی ئاپۆرای کورد تا کۆتایی سەدەی بیستەم نەخوێندەوار بوون و هەر بەم پێیەش زمانێکی غەیرە کوردییان نەزانیوە. ئەگەر زانیبێتیشیان، زمانی ئاخاوتنێکی ئاسایی لە پێوەندیی نێوان کەسیدا بەکاریان هێناوە و زمانی پاراوی دەربڕینیان نەبووە. «یەکەم سەرژمێریی نوێ کە لە هەندێک پارێزگای کوردیی تورکیە (بایەزیت، بتلیس، دیاربەکر، هەکاری، ماردین، سێرت و وان) لە ساڵی ١٩٢٧دا کراوە، ئاستی خوێندەواری لە سەرووی ٣.٤٪ پیشان دەدات. تەنانەت سێ دەیە دواتریش کاتێک کە لە ١٩٥٦ سەرژمێرییەک لە ئێران کرا، تەنیا ٤٪ دانیشتووانی گوندەکانی ناوچەی موکریان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان توانای خوێندنەوە و نووسینیان هەبوو. هەربۆیە، خوێندەواری بە مەلاکان، و هەندێک بازرگان بەسترابووەوە، ژمارەیەکی زۆر کەمی ئەندامانی دەرەبەگەکان، کاتب(میرزا بنووس)ەکانیان، کە ڕێژەیەکی کەمتر لە ١٪ دانیشتووانی گوندەکانیان پێک دەهێنا بەسترابووە «( Hassanpour, 2018, p. 8). واتە، ئەمە لەلایەک دەریدەخات کە سەپاندنی زمانی زاڵی تاقمی ئەتنۆزمانیی داگیرکەر لە خوێندنگە فەرمییەکاندا چەند کاریگەر بووە لەسەر زمانکوژیی زمانی کوردی، و لەلایەکی دیکەوەشەوە، ئەو دەنگۆیەی نوخبە و دەوڵەتی فارس ڕەت دەکاتەوە کە زمانی فارسی لە ڕەوتێکی ئاسایی و سروشتیدا لەلایەن نەتەوەکانی دیکەوە وەرگیراوە. بەڵگە فەرمییەکانی دەوڵەت ئەوە دەسەلمێنن کە کردنەوەی قوتابخانەکان بە زمانی فارسی لە کوردستان لە ڕاستیدا بە ئامانجی فارساندنی ئەندامانی نەتەوەکانی دیکە بووە.


واڵتێر (٢٠٠٣، ٢٠٠٨) لە دوو لێکۆڵینەوەی گرنگدا بە پوختی هێندێک بەڵگەی خستووەتە ڕوو کە هەڵبژاردنی زمانی خوێندن کاریگەرییەکی سەرەکی لەسەر چوونە بەر خوێندنێکی کارا هەیە. ئەو وا مەزەندە دەکات کە لانیکەم بۆ یەک لەسەر سێی ئەو منداڵانەی ] لە دنیادا[ دەچنە بەر خوێندن، قوتابخانەکەیان بە زمانێکە کە لێی تێناگەن. بە پێی گرایمز(١٩٩٦)، لە ٦٨٨٣ زمان کە لە دنیادا قسەیان پێدەکرێت، لە ٥٩٩ زمان زیاتر لە پەروەردەدا بەکار ناهێنرێن. لە ئەنجامدا، زیاتر لە٢.٣ میلیارد کەس، واتە نزیکەی ٤٠٪ خەڵکی دنیا کەوتوونەتە بەر کاریگەریی نەرێنیی سیاسەتی ڕەسمی لەسەر زمان بەکارهێنان لە پەروەردەدا( Spolsky, 2021, p. 27).


گەورەترین کاریگەریی سیاسەتی فێرکردنی زمان ئەوەیە کە منداڵان ناچار دەکات جۆرە نوێیەکانی]زمان [فێر بن بۆ ئەوەی لە مامۆستاکانیان تێبگەن، شتێک کە لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە دەتوانێت حەوت ساڵ بەرێت(Spolsky, 2021, p. 27). چونکە ئەوان دەبێت جیا لەوەی شارەزای پێوەندیی نێوان کەسیی سەرەتایی(basic interpersonal communicative skills) بن و بە پاراوی بە زمانی دووەم قسە بکەن، دەبێت لێهاتووییی زمانی ئەکادیمی مەعریفی(cognitive academic language proficiency)یشیان هەبێت. واتە، تواناییی تێگەیشتن و دەربڕینی چەمکەکان و بیرۆکەکانیشان لە هەردوو شێوەی نووسین و ئاخاوتندا هەبێت کە پێوەندیی بە سەرکەوتنیان لە قوتابخانەوە هەیە(Cummins, 2008, p. 71). لەگەڵ ئەوەشدا، لە درێژخایەندا و لە خوێندنی بەردەوامدا، ئەوەی کە بەدەستهێنان و زاڵبوون بەسەر ئاخاوتنی دووەم یان ئەکادیمی بۆ ئەو تاکانەی زمانی دووەمیان بەسەردا سەپاوە زەرووری دەکات، ئەوەیە کە «شانسی ژیانیان ڕاستەوخۆ بە ڕادەی تێگەیشتن و بەکارهێنانی ئەم زمانەوە دیاری دەکرێت»(هەمان سەرچاوە). لە زۆربەی قوتابخانەکانی ناوچە غەیرە فارسەکاندا، وەک کوردستان، ئازەربایجان، خوزستان و بەلووچستاندا لەبەر ئالنگارییەکان و کاتبردن بۆ تێگەیشتن، لەوانەش گرنگتر، زاڵبوونی زمانی یەکەم/زمانی دایک وەک زمانی بەهێزی ناوچەییی خۆیان، «ئەم سیاسەتە زمانییە]بەکارهێنانی فارسی[ لە پۆلەکانی خوێندندا پشتگوێ دەخرێت و ڕوو دەکەنە زمانوەرگێڕان (translanguaging) و قوتابخانە بە زمانی ماڵێ دەکرێتەوە»(Spolsky, 2021, p. 28). ئەم دۆخە وایکرد کە ڕێژیم پلانی «شایستەییی زمانی» بۆ منداڵانی غەیرە فارسی زمان دابنێت تا بەتەواوی بتوانێت زمانی دایک لە قوتابخانە ڕەسمییەکان دەرپەڕێنێت. هەربۆیە، لە ئەنجامدا زمانەکەیان بە ناچار دەگۆڕێت. ئەم سیاسەتە دەریدەخات کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی خەریکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سیاسەتە زمانییەی پەهەلەویی یەکەم(١٩٢٥-٤١) گرتبوویە بەر کە دامەزراندنی قوتابخانە فارسییەکانی بۆ فارساندنی زمانی کوردەکان دامەزراند و جگە لەوەش بەکارهێنانی زمانی کوردی لە قوتابخانە بۆ مامۆستایان و قوتابییەکانیش قەدەغە کرد کە لە فەرمانێکی دایرەی مەعاریفی کوردستان لە ساڵی ١٣٠٧دا هاتووە، «هەموو ئەوانەی لە قوتابخانەکان کارمەندن لە مامۆستا و قوتابی لەسەریانە ئاگایان لە برەودان و پاراستنی زمانی فارسی بێت و تەنیا بە زمانی فارسی قسە بکەن(ساکما، ١٣٠٧ :٢٩٧/٣٠٤٨٢)»(بڕوانە، رسولی، و دیگران ١٣٩٥ ). ڕێژیمی پەهلەویی یەکەم، بۆ سەپاندنی زمانی فارسی بەسەر منداڵانی کورددا، هەم هێزی زۆر(چەکداریی) بەکار هێنا، چونکە خەڵک لە ناردنی منداڵەکانیان بۆ قوتابخانە دەوڵەتییەکان خۆیان دەبوارد، هەم مامۆستای فارسی لە ناوەندەوە دەنارد. لە بەڵگەیەکی «سازمانی کتێبخانەی میللیی ئێراندا لە ساڵی ١٣١٠دا هاتووە: «بۆ ئەوەی لە داهاتوودا تەواوی خەڵکەکە ناچار بە قسەکردن بە فارسی بکرێن، دامەزراندنی قوتابخانەکان لە بەشەکان و شارەکان و ناردنی مامۆستا لە ناوەندەوە زەروورییە کە لە ئەنجامی پەروەردەوە ئیتر بە هیچ شێوەیەک زمانە کوردییەکەی خۆیان نەناسن»(ساکما، ١٣١٠: ٢٩٠/٧٧٦٣)لە ( دهقانی و دیگران، ١٣٩٦، ل. ١٦٢ وەرگیراوە). هێندێک حاڵەتی لەو شێوەیە تەنانەت لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیشدا، بۆ نموونە لە کرماشان دووبارە بووەتەوە.


پاراستنی سنوورداریی پەیکەری زمان بەبێ پێگەی زمان: کوشتنی بەرەبەرەی زمان

زاراوەی پلاندانانی زمانی لە دەیەی ١٩٦٠ی زایینیدا پێوەندیی بە پڕۆسەی مۆدێرنکردنی ئەو وڵاتە ڕوو لە گەشانەوە بوو کە پاش کۆتاییی کۆلۆنیالیزم/ئیستعمار سەربەخۆیی‌یان بەدەست هێنابوو. ئەمە وەک «کەڵکەڵەی پسپۆڕانێک کە بەو تەکنیکە کاریگەرانەی لەبەردەستیان بوو، وەک ڕەوتێکی بابەتییانەی دابڕاو لە ئایدۆلۆژیا لەبەرچاو گیرا و لە پلاندانی کۆمەڵایەتی و ئابووریی ئەو قۆناغە بە نموونە وەرگیرابوو کە هەرچەند پێویستی بە پەسندکردنی کاربەدەستانی سیاسیی دەوڵەت هەبوو، وەک «چارەسەرێکی مەنتیقیی کێشەکان» دادەنرا(Spolsky 2009, p. 6). لە درێژاییی ئەم قۆناغەدا، گەلێک زمانناس بۆ یارمەتیکردن بە پەرەپێدانی ڕێزمان، پێڕەوکانی نووسین و فەرهەنگی وشەکان بۆ زمانە ڕەسەنە خۆجێی‌یەکان دامەزرێندران و بەم پێیە، و لە دەرەوەی ئەمە، حەزکردن بەوەی کە چۆن بە باشترین شێوە زمانێک پێش دەخرێت- واتە» پلاندانانی پەیکەرەی زمانی- زیادی کرد. «هاوگن» کە بە باوکی ئەم لقەی زمانناسیی کارەکی دەناسرێت، لە ١٩٥٩ زاراوەی پلاندانانی زمانی هێنا ئاراوە و وەک «چالاکیی ئامادەکردنی ڕێنووس، ڕێزمان و فەرهەنگی وشەکان بۆ ڕێنوێنی کردنی نووسەران و ئاخێوەران لە کۆمەڵەیەکی ناهاوچەشندا(Haugen, 1959: 8)» پێناسە کرد. ئەمەی هاوگن وەسفی دەکات، بە پلاندانانی پەیکەری زمان دەناسرێت کە زیاتر پێوەندیی بە گۆڕانی فۆڕمەکانی زمانەوە هەیە. کەچی، هێندێک لە پلاندانەر و لێکۆڵەران هۆگری ئەوە بوون کە چۆن کۆمەڵێک بە باشترین شێوە دەتوانێت ئەرکەکان / بەکارهێنانەکانی زمانێکی تایبەت دابەش بکات کە بە پلاندانانی پێگە ناسراوە، جیاوزییەک کە «کلۆس»(١٩٦٩) هێنایە ئاراوە. پلاندانانی پێگە ئەم پرسیارانە دەگرێتە خۆی: کامە زمان/زمانان دەبێت فەرمی بن. چ زمانێک دەبێت لە قوتابخانە بەکار بێت؟ چ زمانێک دەبێت لە میدیادا بەکار بێت. (بڕوانە، Johnson 2013).

ئەوەی پێوەندیی بە پلاندانان/سیاسەتی زمانی لە ئێرانەوە هەبێت، دەکرێت بڵێین بە شێوەیەکی سنووردار، کار بە «پلاندانی پەیکەرە»ی زمان کراوە. لە میدیادا، سەرەتا تەنیا بۆ تەلەڤزیۆن و ڕادیۆی دەوڵەتی و گەیاندنی پەیامی دەوڵەت لە چەند کاتژمێرێکی کەمدا ڕێگە بە زمانی کوردی لە پارێزگا کوردستانییەکان درا و پاشان بە دامەزراندنی ناوەندی «بلاوکردنەوەی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی» و ئینتیشاراتی سەلاحەددینی ئەیووبی- سەرەڕای ئەوەی دەوڵەت تەشکیلاتێکی هاوتەریبی کۆنتڕۆڵی ئاسایشی لەپاڵدا دامەزراند و هەم ناوەرۆکی گۆڤاری سروەی کۆنترۆڵ دەکرد، هەم ڕەوتی چالاکییە کولتووری و نەتەوەیی‌یەکانی کوردی لە دنیادا پێوشوێن دەگرت. بەگشتی، زیاتر لەسەر بەشێک لە پەیکەرسازیی زمانی کوردی کار کرا، وەک لەچاپدانەوەی هێندێک لە دیوانی شاعیرانی کورد، فەرهەنگی وشەی کوردی، دانانی ڕێزمانی کوردی و تۆمارکردنەوە و پاراستنی هەندێک بەیت و دەقە فۆلکلۆرییەکانی دیکە و ڕێگەی بە شاعیران و نووسەرانی بواری ئەدەبی دا کە هێندێک لە دیوانی شێعری، ڕۆمان و کورتە چیرۆکەکانیان چاپ و بڵاو ببنەوە. هەرچەند لە بواری شێعر، ڕەخنەی ئەدەبی، و ڕۆمان و چیرۆک داهێنانی بەرچاو کرا، بەڵام لەڕاستیدا، کۆمەڵی خوێنەرانی ئەم بەرهەمانە لەوانەیە هەر ئەو کۆمەڵە نووسەر و ئەدیبانە بن کە بە کوردی دەنووسن و ژمارەیەک لەوە زیاتر. چونکە بەشی سەرەکیی وەرگرەکانیان هەرچەند بە کوردی دەدوێن، بەڵام لەبەر ئەوەی خوێندنیان بە زمانی دایک نەبووە، هەر بە خوێنەری فارسی دابنرێن تا کوردی. بەتایبەتی، لەپاش ٢٠٠٠ەوە بە دووزمانەکردنی بڵاوکراوە میدیایی‌یە ئەلیکترۆنی و چاپییەکان لە کوردستان وایکرد فارسی وەک سێبەر لە هەموو شوێنێکی ژیانی کۆمەڵایەتیی تاکی کورددا بەسەرییەوە بێت و ڕێگە لە گەشەکردنی زمانی خوێندنەوە و نووسینی کوردی بگرێت. بۆ نموونە، تەنانەت لە یەکێک لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە خەریکە زمانی کوردی تێیدا بە سنوورداری قەتیس بکرێت، «تەواوی بڵاوکراوەکان (٤٩بڵاوکراوەی چاپی)ی پارێزگای کوردستان]بە ناوەندێتیی شاری سنە[، دوو زمانە (فارسی- کوردی)ن و ناوی زۆربەی ئەم بڵاوکراوەنە کە ڕێگای بڵاوبوونەوەیان پێدراوە، کوردین و ناوەکانیان لە سروشتەوە وەرگرتوون(هەفتە نامە ڕۆژان ژ. ١٦٨)». مەبەستیش لە سروشت ئەوەیە هیچ کامیان ناوەکانیان ئاماژەیەک نییە بۆ ناسنامەی مێژوویی، کۆمەڵایەتی و سیاسیی کورد. هێندێک لەو بڵاوکراوانە وەک ئاویەر(١٨٦ ژمارەی لێ بڵاوکرایەوە و داخرا)، سەر بە ڕەوتی بناژۆخواز و سیروان(لە ١٣٧٧وە تا ئێستا بەردەوامە) سەر بە ڕێفۆرمخوازەکانی ئێران بوون و هەرچەند لە بواری ئەدەبی، کورتە چیرۆک، شێعر و لێکۆڵینەوە و ڕەخنەی ئەدەبی بابەتیان بە کوردی بڵاو کردووەتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا تریبوونی ململانێی سیاسیی ڕەوتەکانی ناو دەسەڵاتی دەوڵەتی ئێران بوون بۆ پڕۆپاگاندای دەسەڵات و پاساوهێنانەوە بۆ ڕەوایەتی دەسەڵاتی ئیستعمارییانەی ئێرانیان لە کوردستاندا.


بەگشتی، دەکرێت بڵێین ئێران دوو بواری گرنگ و پێکەوەبەندی پلاندانان و سیاسەتی زمانی لێک هەڵبڕیوە؛ بە شێوەیەکی سنووردار پلانی پەیکەرسازیی زمانی کوردی لە بەرنامەدا هەبووە، کە ئەوەش بەتەواوی وەک کاردانەوە لەبەرانبەر گوشار و هێزی سیاسیی-چەکداری بزووتنەوەی نەتەوەخوازی و کوردایەتیی کورددا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئاڵۆگۆڕە ناوچەیی‌یەکان و دەسکەوتەکانی نەتەوەی کورد لە پارچەکانی دیکە، بەتایبەتی لە باشوور، ملی بە بەشێکی زۆر کەم بەو پشکە لە مافی زمانی کوردیدا ناوە. لە هەمان کاتدا، بەشێوەیەکی تایبەت، هەوڵی داوە، ڕەوتی چالاکییە ئەدەبی و زمانییەکانی کورد لە سنووری پارێزگایەکی کوردستانیدا، واتە پارێزگای»کوردستان» بە ناوەندێتیی شاری سنە، بپەستێوێت. بەتایبەتی، بە گوێزانەوەی سروە و ناوەندی بڵاوکردنەوەی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی بۆ شاری سنە و گۆڕینی گۆڤارەکە لە تاکزمانی کوردی(تەنیا سەروتارەکەی فارسی بوو)، بۆ دووزمانە و تێخزاندنی پڕۆپاگاندای ئایینی(شیعە)- پاشان بە جێگیرکردنی زیاتری دامەزراوەکانی و پەروەردەکردن و سپاردنی گۆڤارەکە بە هێندێک کوردی ڕاهێنراوی سەر بەڕێژیم، و زاڵکردنی دامەزراوە دەوڵەتییەکان لە کوردستان لە ڕووی «حکومەتمەندی»یەوە، ئەویشی بەیەکجاری داخست- هەوڵی دا دوو توخمی سەرەکیی زمانی فارسی و ئایینی ڕەسمی وەک ناسنامەی دەوڵەتی ئەتنۆزمانی فارسی تێدا بەرهەم بهێنێتەوە و بەسەر کوردیدا بسەپێنێت. واتە لەگەڵ ئەوەدا کە مەیدانی بەکارهاتنی زمانی کوردی بەرەبەرە لەئەستۆی پشتگیریی دەوڵەتیش لە چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردی کردەوە، بە هاندان و ڕێکخستنی دەرفەت و پاڵپشتی و سەرخستنی فارسی بەسەر ئاخێوەرانی نەتەوەی کورددا، ئەرکە کۆمەڵایەتی، ناسنامەیی، سیاسی، زانستی و تەکنۆلۆژییەکانی لە زمانی کوردی زەوت کرد و وای لێکرد هیچ قازانج و بەرژەوەندییەکی ڕۆژانەی کۆمەڵایەتی تاکی کوردی پێ دابین نەکرێت و بێ‌کەڵکی بکات. لەوانەیە یەکێک لەو پلانانەی کە زیاتر لە درێژخایەندا زمانەکە لای ئاخێوەرەکانی خۆی داماو دەکات، کردنەوەی بەشی زمانی کوردی لە زانکۆی کوردستان لە شاری سنە بێت کە زمان و ئەدەبی کوردی تەنیا وەک لقێکی ئەکادیمی و بۆ توێژینەوە سنووردا بکرێت، بەبێ ئەوەی هیچ داهاتوویەک بۆ دەرچووانی ئەو بەشە لە کۆمەڵدا لەبەرچاو گیرابێت کە ئەمە دیسان شکانەوەی زمانەکەیە لەلای ئاخێوەرەکانی.


فیشمەن (١٩٧٩:١٢) تێبینی دەکات کە پەیوەندییەکی نزیک لەنێوان پلاندانانی پێگە و پلاندانانی پەیکەرەی زماندا هەیە: پلاندانانی پێگە بەبێ هاوڕێیەتی پلاندانانی پەیکەرە بە بنبەست دەگات. بە پێچەوانەشەوە، پلاندانانی پەیکەرە، بەبێ پلاندانانی پێگە گەمەیەکی زمانییە، ڕاهێنایکی تەکنیکییە بەبێ لێکەوتەی کۆمەڵایەتی(Johnson, 2013, p. 28). هەربۆیە، سیاسەتی بێ‌کەڵکردنی زمانی کوردی، کە بە جۆرێک لە توندوتیژیی مەعریفی دادەنرێت، لەپاڵ سەرکوتی زەبروزەنگی فیزیکیدا، دەربڕی سیاسەتێکی شاراوەی ڕێژیمن بۆ لەمەیدان بەدەر کردن و «کوشتن»ی زمانی کوردی بە دوو شێوەیە:


بەبێ کەڵک پیشاندانی زمانی کوردی بە هۆی سنووردارکردنی بەکارهاتنەکەی و لێسەندنەوەی ئەرکە سیاسی، ئابووری، یاسایی و کارگێڕیی و پەروەردەیی‌یەکان لێی، ئاخێوەرەکانی ناچار بە دەستهەڵگرتن و بەجێهێشتنی زمانەکەیان بکات؛

بە سەرکوت و زەبروزەنگیش کەشێکی ئەمنییەتی و میلیتاریستی بەسەر ئاخێوەرانی کورددا بسەپێنێت کە بە زۆری دەست لە زمانەکەیان هەڵگرن. لێرەدا ڕێژیم کە جاران لە شار و گوندەکانی کوردستان لەبەر زەبری پێشمەرگەی کوردستان ، ناچار ببوو، دەرفەتێک بە زمان لە ڕەهەندە ئەدەبییەکەیدا، فۆڕم (پەیکەرە)ی زمان، بدات تا هەناسە بدات، ئێستا دەیهەوێت هەناسەی کوردییانەی ئاخێوەرەکانیش کپ بکات.



بەرەنگاری

ژیوەرێتیی ئەتنۆزمـــــانی و سەرچاوە ستراتیژییەکانی ڕکابەریی ناســـنامەیی کورد
ڕاگرتنی زمان بۆ نەتەوە ژێردەستکراوەکان بەندە بە ئەو هۆکارە کولتووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییانەوە کە هێزی پێ دەبەخشن وەک سەرچاوەیەکی گرنگی ستراتیژیی ڕکابەریی ناسنامەیی لەبەرانبەر ڕکابەرەکانیدا بۆ بەردەوامیی خۆی پشتیان پێ ببەستێت و لە بەکارهێنانی بەردەوامیی زمانەکەیدا بەرگەی ئەو تێڕوانینە نەرێنی و پیلانانە بگرێت کە لە دەرەوە لە دژی بەکار دێت. بە پێی بۆچوونی «گیلز»، «بورهیس» و «تایلۆر» (١٩٧٧، ل. ٣٠٨) ژیوەرێتیی پۆلێکی ئەتنۆزمانی ئەوەیە کە وا لە پۆلەکە دەکات کە وەک بوونێکی کۆیی جیاواز و چالاک لە بارودۆخە نێوان پۆلییەکاندا ڕەفتار بکات»؛ و پێیان وایە سێ هۆکار یان بگۆڕی پێکهاتەیی هەن لەسەر ژیوەرێتیی ئەتنۆزمانی شوێن دانێن:
پێگەی گرووپەکە کە هەندێک لایەنی وەک ئابووری، کۆمەڵایەتی و مێژوویی دەگرێتەوە کە دەربڕی پریستیژی زمانێکی ئەتنیکییە)؛
هێزی ئاپۆرای دانیشتووان یان دیمۆگرافی کە پێوەندیی بە دابەشکردنی ئەتنی و ژمارەی ئەندامەکانی گرووپەکەوە هەیە (وەک ڕادەی تۆخ و چڕیی ئاخێوەرەکانی، ئاستی لەدایکبوون و بەرهەمهێنانەوەی زمان لە خێزاندا)؛
پاڵپشتیی دامەزراوەیی (وەک نواندنەوەی ئەتنیک و زمان لە پەروەردە، ئایین و ئامرازی گەیاندندا).
هەر نەتەوەیەک کە ئەم بگۆڕە پێکهاتەیی‌یانەی ژیوەرێتی بەهێز بێت، ژیوەرێتییەکی بە گوڕوتینی دەبێت، هەربۆیە زمانەکەی دەپارێزێت و تایبەتمەندییە جیاوازەکانی ڕادەگرێت. بە پێچەوانەوە ئەو نەتەوەیەی ئەم هۆکارانەی لاواز بێت، ژیوەرێتیی ئەتنۆزمانیی لە کزی دەدات و لە ئاکامدا مەیلی تاوانەوەی دەبێت و لەوانەیە دەست لە ناسنامەی خۆی وەک ناسنامەیەکی کۆیی جیاواز هەڵبگرێت(Landry and Allard 1994).
پێگە (status) پریستیژی کۆمەڵە ئەتنۆزمانییەکە دەگرێتە خۆی و پێوەندی بە بارودۆخی ئابووری، کۆمەڵایەتی، کۆمەڵایەتی-مێژوویی و زمانیی گرووپەکەوە لە نێوخۆی و لە دەرەوەی خۆیەوە هەیە.»هەرچەندی پۆلێکی زمانی لە بەستێنی کارلێککردنە نێوان پۆلییەکانی خۆیدا پێگەی گەورەتر بێت، وەک بوونێکی کۆیی و گشتی ژێوەرێتییەکی زیاتری دەبێت. هەمان شت بۆ ئاپۆرای دانیشتووانی کۆمەڵە ئەتنۆزمانییەکە دەکرێ ڕاست بێت کە لە ڕووی ژمارەیان و دابەشبوونێکی پەیوەستەیانەوە لە سەرانسەری ناوچەیەکی جوگرافیدا دەژین و ئاستی زاوزێ، ئاستی زەواجی تێکەڵاو و کۆچکردن و پەناهێنان پێوەندییان بە پێگەی ئەتنۆزمانییەوە هەیە. بۆ نموونە، چونکە بەڕوونی لە ڕێگای سەرژمێرییەکانی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان ناکرێت زانیارییەکی جێی باوەڕ بەدەست بێت کە پشتی پێ ببەسترێت، ئۆپنگن، ٢٠٢١ لە ڕێی چەند سەرچاوەیەکی تری وەک ئیتنۆلۆگەوە ئاپۆرای ئاخێوەری کورد بە زیاتر لە ٣٠ ملیۆن مەزەندە دەکات: ١٥ ملیۆن باکوور، ٨ ملیۆن ڕۆژهەڵات، ٦ ملیۆن باشوور، ٢ملیۆن ڕۆژئاوای کوردستان( Opengin, 2021, p. 604). بە پێی سەرژمێرییەک کە لە ساڵی ٢٠٠٦ کراوە، ئاپۆرای دانیشتووانی کورد لە ئێراندا ٤٢.٦٪ لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، ٢٨.٨٪ لە کرماشان، ٢١.٣٠٪ لە کوردستان، و ٨٪ لە پارێزگای ئیلام دەگرێتەوە(Rezaei & Bahrami, 2019). پشتگیرییە دامەزراوەیی‌یەکان لە پۆلە ئەتنۆزمانییەکە بە ئەو سنوورە جوگرافییە ڕەسمی و ناڕەسمییە دەگوترێت کە تێیدا ئەندامەکان دەتوانن زمانی زگماکیی خۆیان بەکار بهێنن و لە ڕووی میدیایی، پەروەردە و فێرکردن، خزمەتگوزاریی دەوڵەتی، پیشەسازی، ئایین، کولتوور و سیاسەتەوە پشتگیری بکرێن.

لە باری پێگەی ئابوورییەوە، کوردستان بە هۆی هەڵکەوتە ژیۆسیاسییە گرنگەکەی، و سەرچاوەی وزە و ئاوەوە دەوڵەمەندە و هەر ئەمەش لە پێش پێکهاتنی دەوڵەتە نوێیەکاندا دەورێکی سەرەکیی لە زیندوویەتی و ژیوەرێتیی زمانی کوردیدا هەبووە. بەڵام لە ئێستا، بەهۆی ڕێسا قانوونییەکانی دەوڵەت ڕێگە بە دەرخستنی ئەو سەرچاوە و وزە ئابوورییانە بۆ پێشخستنی ژێرخانی ئابووری نادرێت(TESEV 2006: 21 )(لە ئۆپنگن ٢٠١٢ وەرگیراوە)، تەنانەت لە ئێران بە بەرفراوانیش لەلایەن دەوڵەتەوە بۆ ناوەندی ئێران دەگوازرێتەوە. زمانی کوردی لە میرنشینە کوردییەکاندا خاوەن پریستیژێکی ئەدەبی و دامەزراوەیی سیاسی بوو. خاوەن سەرچاوەیەکی کولتووریی دەوڵەمەند و ئەدەبییاتێکی دێرین بوو کە بە هەر سێ زاری سەرەکیی کوردیی باکووری، کوردیی ناوەڕاست و کوردیی باشووری لە ڕووی ئەتنۆزمانییەوە خۆی بە جیاواز لە ئەتنۆزمانە دراوسێیەکانی تێدا وەک «ئەتنۆزمانی کوردی» بە نووسراو وێنا کردبوو. ئەم سەرچاوانە دەوری گرنگیان لە سەرهەڵدان و گەشەسەندنی بزووتنەوەی کوردایەتی و ژیوەرێتیی ئەتنۆزمانیی کورددا هەبووە.

شایانی سەرنجە کە زۆربەی لێکۆڵەرانی بواری زانستە مرۆیی‌یەکان، بۆ نموونە، انتصار (1984)، حەسەن پوور (1992)»، ڕۆمانۆ، (2006)، دورهام (2010)، «هەستی گشتیی سەر بە کوردبوون، یان «کوردایەتی» بۆ چەندین سەدە بەر لە ناسیۆنالیزمی سیاسی کورد دەگەڕێننەوە». ئەم هەستە سەبارەت بە «زمانی کوردی» بە هەر سێ جۆری کوردیی باکووری(کورمانجی)، کوردیی باشووری (گۆرانی) و کوردیی ناوەندی (سۆرانی) لەبەرانبەر زمانەکانی دیکەدا، بەتایبەتی، فارسی لە ئەدەبییاتی کلاسیکی کوردیدا بە زەقی خۆی نواندووەتەوە، هەموویان جۆری زارەکەی خۆیانیان بە «کوردی» ناو بردووە: «خانی»(1650-1706)، نالی(1800-1877)، و خانای قوبادی( 1700–1759).
خانی:
خانی ژ کەمالێ بی کەمالی
مەیدانێ کەمالێ دیت خالی
یەعنی نە ژ قابیلی و خەبیری
بەلکی ب تەعسسوبا عەشیری
حاصل ژ عیناد ئەگەر ژ بێداد
ئەڤ بیدعەتە کر خیلافی موعتاد …

دا خەلق نەبێژتن کو ئەکراد
بێ مەعریفەتن بێ ئەسل و بونیاد
ئەنواعێ میلل خودان کتێبن
کورمانج تەنێ د بێ حسێبن

خانای قوبادی:
هەرچەن مەواچان فارسی شەکەرەن
کوردی جەفارسی بەس شیرین تەرەن

مەعلوومەن جە دەور دنیای بەدەئەندێش
دڵشادەن هەرکەس وە زوان وێش

نالی:
تەبعی شەککەر باری من ئەگەر کوردی ئیشا دەکا،
ئیمتیحانی خۆیە مەقسوودی، لەعەمدەن وادەکا
یا لەمەیدانی فەساحەتدا بە میسلی شەهسەوار
بێتەئەمول بەو هەموو نەوعە زوبانی وا ڕادەکا
کەس بە ئەلفازم نەڵێ خۆ کوردییە خۆکردییە
هەرکەسێ نادان نەبێ خۆی تالیبی مەعنا دەکا

ئەو هەست و ئاگایی‌یە بە زمانی کوردی، لای پێشەنگی شاعیرانی کوردایەتی، حاجی قادری کۆیی(١٨١٧- ١٩٩٧) نوێ دەبێتەوە و کوردی بە زمانێکی بێ‌هاوتا ناو دەبات و دەڵێت:

شەبیهی جۆڵە کە ڕازی نەبێ بە سەر دڕی خۆی
مەڵێن فەساحەتی کوردی بە فارسی ناگا
بەلاغەتێکی هەیە، هیچ زوبانێ نایگاتێ
لە بێ تەعەسوبی کوردانە بێ ڕەواج و بەها
[جۆڵە: جۆڵا؛ سەدڕ: جلوبەرگی چنراوی دەست جۆڵا]


تەنانەت، لەباری فێرکردنی زانستیشەوە، کوردی لە ڕێگەی وەرگێڕانەوە ئامرازێکی گوێزەرەوەی زانستە ئاینییەکان(شەریعەتی ئیسلامی) بوو. فەرهەنگی دوو زمانی(عەرەبی- کوردی)ی وەک نۆبەهاری ئەحمەدی خانی(فەرهەنگێک بۆ منداڵانی کورد) و سەرفا کورمانجی وەک یەکەم کتێبی پەخشانی کوردییە لە سەدەی حەڤدە/هەژدەهەمدا لەسەر ڕێزمان(مۆرفۆلۆژیی کوردی) هیی عەلی تەرەماخی(Leezenberg, 2021, p. 715) دانراون، دەربڕی ئەو دۆخەن. لەوانەیە ئەو مۆرکە جیاکەرەوەیی‌یەی ئەدەبی فۆلکلۆری لە پێوەندییە نێوان پۆلییەکانی کۆمەڵەی زمانیی کوردیدا لە سیمای ژیوەرێتیی ئەتنۆزمانیی کورد و کوردایەتی دەدات، دەگمەن و بێ جێگرەوە بێ. بەتایبەتی، لە فرەییی جۆرەکانی، لەباری قالب و ناوەرۆکەوە و تەنانەت نواندنەوەی کورداندنی ئایین لە کولتووری کوردەواریشدا. بۆ نموونە، لەوانەیە دەقی فۆلکلۆریی وەک ئەم دەقەی خوارەوە لە لاوکی «ئایشەگوڵ»(لە کوردیی ناوەندیدا) کە ئاوا هاوژینیی ئەوین و ئایین بنوێنێت لەنێو نەتەوەکانی دراوسێیدا دەگمەن بن :

«…خۆ من نەمدەزانی، ئەگەر چووکەلە سوارەکەی من جەلبی بەدوودا دێ
ئەگەر بڕواتەوە لەبۆ سەفەری دە کاولە لەحسایە،
ئەگەر نوێژی دە سبحەینێ ڕا هەر دەهات و هەر دەپاڕایەوە لەبۆ تاقە ماچێکی من
بە سەرێکی شین و ملێکی لارێ، نەمدەدایە.
ئەگەر بێت و بێتەوە لەوێ سەفەری دە کاولە لەحسایە،
ئەرێ شەرت بێ بە شەرتی دە خودای کوڵمێ ڕاستی دەبەر بگێڕم
چەپەشی دەبەمەوە ڕەجایە،
ئەگەر بەوێ قسەم دەگەڵ ئاشت نەبێتەوە،
دوگمێ سینگ و مەمیانی لەبۆ بترازێنم
هەر وەکوو کتێبێکی ئەگەر مەلایان شەوی دە جومعە و ڕۆژی دە مەبارەکی لێک دەکەنەوە
لەپێشی خۆی دادەنێن و لێی دەکەنەوە موتاڵایە.»
لەباری دامەزراوەیی‌یەوە، دامەزراوە ئایینەکان (پەرستگە و حوجرەی مزگەتەکان یان تەکیە و خانەقاکان) بە سەرچاوەیەکی ستراتیژیی ڕکابەریی ناسنامەیی بۆ کورد دادەنرێن. دوو ئایینی ڕەسەنی ئیزەدی و یارسانیی کوردەواری کە دەقە ئاینییەکان (مەسحەفا ڕەش و سەرەنجام) و پەروەردەی ئاینییان بە زمانی کوردی (کوردیی باکووری و کوردیی باشووریی)ە. لە چوارچێوەی دینی ئیسلامیشدا، «عەلەوی»یەکان لە کوردستانی باکوور، و سوننەکان لە ئێران لە ڕێی مەکتەب و حوجرەکانەوە سەرچاوەیەکی ڕکابەری و بەرهەمهێنانەوەی زمانی بوون لەبەرانبەر بەرهەمهێنانی ئایینی بە زمانی زاڵ و فەرمیی نەتەوەی فەرمانڕەوادا. هەروەها ڕێبازەکانی سۆفیگەریی قادری و نەقشبەندی لە جووڵاندنی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کورددا لە پێوەندییەکانی دەسەڵاتی شێخایەتیدا لە بەرهەمهێنانەوەی زمانی کوردی و بزووتنەوەی کوردایەتیدا دەوری بەرچاویان هەبووە. «فێرکردنی کوردی بە شێوەی نوێ لە بەرزترین بەرایی‌یەکانی شێخ عوبەیدوڵا لە هەوڵدانی بۆ دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستاندا بوو. بۆ ئەو فێرکردن، کتێب و قوتابخانە لە پێویستییە سەرەتایی‌یەکانی بووە و لەنێوان فێرکردنی ئایینی و سیکۆلاریشدا جیاوازی دانەناوە. هەروەها، شێخ سەعیدی نورسی لەخۆبردوویی لە پێناو زمانی دایکدا بە ئاوێنەی «نواندنی هەستی نەتەوەیی» داناوە و پێی وابووە پێوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەنێوان برەودان بە هەستی نەتەوەیی و بەرز نرخاندنی زمانی دایکدا هەیە و دەڵێت: « زمانی دایک ئاوێنەی تیشکدانەوەی هەستی نەتەوەیی‌یە، ئاوی ژیانە ، و درەختێکە کە بە ڕەنجی ئەدەبی چەقاندراوە(Soleimani, 2021)».

لەڕاستیدا، زمان بۆ کورد ڕەمز و کەرەستەی بەرخۆدان و خۆڕاگریی نەتەوەیی‌یە لەبەرانبەر تاواندنەوە و لەناوچووندا و بەشێوەیەکی خۆڕسک دەبێتە نیشانکەری بزووتنەوەیەکی سیاسی کە هەڵگر و دەربڕی ڕاستییەکی کۆمەڵایەتیی- کولتوورییە. بەگشتی، ««لەوانەیە هەڵسوکەوتی کوردەکان بە دەرک پێکردنی هەلومەرجی کۆمەڵایەتی ڕەخساندن یان سنووردارکردن شیاوی ڕوونکردنەوە بێت. سەبارەت بە لێکەوتە زمانییەکانی ئەم ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییە تاڕادەیەک دەگمەنە داتا و تێڕامانی زیاتر گەرەکە «(Paulston,1994, P.26).


بەگشتی، ئەزموونی ئەو نەتەوانەی کە لەژێر سەرکوتێکی مێژوویی‌یدا بوون وەک باسکەکان، کاتالانەکان، کوبەکییەکان و وێڵزییەکان دەریخستووە لەو شوێنانەی فۆڕمەکانی نەتەوەخوازی زۆر شێلگیر و بەگوڕ بووە، ڕێژەیەک لە ئازادی و خودموختارییان بەدەست هێناوە کە پێشکەوتنێکی گەورەی لێ کەوتووەتەوە. «چیرۆکی ئەو وڵاتانە چێرۆکی ناسیۆنالیزمە ڕکابەرەکان و سیاسەتی زمانی و مافی زمانیی کۆڵەکەیەکی کاریگەری شکاندنەوە و گێڕانەوەی بروسکی ئەم ناسیۆنالیزمە ڕکابەرانەن. هەربۆیە زمان دەبێتە بەشێک لە تەلارسازیی ڕەمزییانەی هێژێمۆنییە ڕکابەرەکان(Williams 2013, p. 231).


هەربۆیە، پێویستە کە ڕێکخراوە سیاسییەکانی کورد، کوردایەتی بخەنەوە بەراییی هەوڵ و خەباتی خۆیان. چونکە ئێستا، خۆیان کەوتوونەتە بەر لۆمەی کۆمەڵی کوردەواری کە دەوری لاوازکردنی پێوەندیی کۆمەڵایەتی دەگێڕن. هەرچەند بە پێی سەردەم و هەلومەرجی جیاواز پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کورد چ وەک هێزی سیاسی، چ وەک ڕادیۆ، تەلەڤزیۆن و بڵاوکراوە ئۆرگانییەکانیان، هەروەها پەروەردە و ڕێکخستنەکانیان پاڵپشتیی دامەزراوەیی ئەو ژیوەرێتییە بوون، بەتایبەتی کاریگەرییان لەسەر خۆ بە جیاواز بینین و نەتوانەوە لە کولتووری زاڵدا هەبووە و هێزی کۆمەڵایەتیی کوردیان لە بزووتنەوەیەکی سیاسی- نەتەوایەتیدا ڕێک خستووە. پاولستۆن(١٩٩٤) بە ئاماژە بە پرسیارێکی تۆرەین(١٩٨٥) بزووتنەوەی ئۆکسیتانی لە فەرانسە بە نموونە دێنێتەوە و دەوری ڕێکخراوی نەتەوایەتی لەم ژیوەرێتی و ڕاگرتنەی زماندا بەم شێوەیە ڕوون دەکاتەوە: «لەو ڕووە کە بزووتنەوەی ئۆکسیتانیستی ناتوانێت حیزب یان بزووتنەوەیەکی ڕێکخراو بێت، و لە ئەو ڕووەوە کە ململانێیە سیاسی و یەکێتیخوازانەکان لە سەرانسەری چەپی فەڕانسەدا بڵاو بووەتەوە، و هەروا بەو ڕادەیەش لەنێوان لایەنگرە «سیاسی» و «کولتووری»یەکاندا دابەش بووە، ئایا بەڕاستی دەکرێت بڵێین بزووتنەوەیەک لەئارادا هەیە؟»(1985,Touraine). هەربۆیە «پاولستۆن» پێی وایە کە «لەڕاستیدا، پرسیارێکی کراوەیە کە تا چ ڕادەیەک منداڵە ئۆکسیتانییەکان کە تاک زمانن لە فەڕانسیدا]واتە، هەر زمانی فەڕانسی دەزانن و زمانی دایکیان گۆڕاوە بۆ فەڕانسی[، هەست بە]ناسنامە[ی ئەتنیکیی خۆیان دەکەن. ناسنامە مێژوویی‌یەکەیان ڕوونە، بەڵام ئەوە کە لە گۆڕانی زماندا هەستی ئەتنیکی هەروا دەمێنێتەوە و بەردەوام دەبێت ناڕوونترە. پرسیارێکی تر ئەوەیە کە ئاخۆ بزووتنەوەی ئۆکسیتانی شایانی ئەوەیە کە ناوی بزووتنەوەیەکی ئەتنیکی هەڵبگرێت؟ ئەمە لە پلەی یەکەمدا بزووتنەوەیەکی ڕووناکبیری/زانکۆیی‌یە (ڕێبەرانی ڕووناکبیر بۆ بزووتنەوەی ئەتنیکی پێویست نین) و تایبەتمەندیی ئاسایی سنووری ئەتنیکی، شەڕی دەسەڵات، خەباتکارانە و توندوتیژانەی نییە و بە لێکدانەوەی من لە ڕکابەریدا بۆ سەرچاوەی دەگمەن وەک ستراتیژییەک لەبەرچاو ناگیرێت، بەڵکوو وەک نوێکردنەوەیەکی ناسنامەی کولتووری بۆخۆی دادەنرێت»(Paulston,1994, P.56). لە کوردستانیش، ڕاستییەکەی ئەوەیە بزووتنەوەی کوردایەتی، ئەو هێز و ورەیەیان بە ئەندامانی نەتەوەکەیان بەخشیوە کە بەرەنگاریی بکەن و شەڕ بۆ زمانەکەیان بکەن. چونکە، وەک «مەی» دەڵێت: «سەرکوتی زمانی لەو شوێنەوە دەست پێدەکات کە خەڵک لە شەڕکردن بۆ زمانەکەیان بێبەش بکرێن(Mey, 1985, p.351).


یەکێک، لە ڕێگاکانی بێبەشکردن ئەوەیە، کە تەواوی هێز و وزەی مادی و زانستی، ئابووری و سیاسی بۆ زمانی زاڵ دابنرێت و پشتی بگیردرێت، بەڵام زمانە ژێردەستکراوەکە، بەبێ هیچ پشتگیرییەکی دەوڵەت یان دەرفەت پێدانێک بۆ هەبوونی ئاسۆیەکی ڕوون لە بەرهەمهێنان بەو زمانە بخرێتە ئەستۆی ئاخێوەرە ژێردەستکراوەکانی. ئەویش بۆ نەتەوەیەکی ژێردەستی پەراوێزخراو لە هەموو دەستڕاگەیشتنێک بەسەرچاوە سیاسی، ئابوورییەکان. ئەم هەوڵە بۆ ئەوەیە لە درێژخایەندا، ئاخێوەرانی ئەو زمانە ناچار بە وازهێنان لە زمانەکەیان بکات. لەوانەیە، دەرچووانی خوێندنی بەشی زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆی سنە و ناوەندە خۆبەخشەکانی فێرکردنی خوێندن و نووسینی کوردی زۆرترین قورساییی ئەم بێ پشتیوانی و ناڕوونییەی دواڕۆژیان لەسەر شان بێت.


شایانی سەرنجە، وزەی مرۆیی و زانستیی ئێستای کورد لە ڕۆژهەڵات، و ڕژدبوونیان لەسەر پاراستنی زمان و کولتووری نەتەوەیی‌یان، لە دەرەوەی ناوەندەکانی دەوڵەت، وەک هێندێک لە شاعیران، ڕەخنەگران، ڕۆژنامەنووسان و ڕۆماننووسانی کوردستان بە ئافراندنی دەقی ئەدەبی بە زمانی کوردی دەورێکی گرنگیان لە گوێزانەوەی زمانی کوردی و پەیکەرسازی و ژیوەرێتیی زمانەکەدا هەبووە و ئەم ڕەوتە بەردەوامە. بەتایبەتی، دانانی پەیکەرەی دەقی کوردیی ئاسۆ سافت(AsoSoft text corpus) لە کوردیی ناوەندیدایە کە نزیکەی ١٨٨ملیۆن وشە کە لە سەرچاوەی جیاوازی وەک وێب سایتە کوردییەکان، کتێبە چاپکراوەکان، گۆڤار و ڕۆژنامەکان کۆکراونەتەوە، دەگرێتە خۆی (2020 Veisi,MohammadAmini and Hosseini). هەروەها، گۆڤاری زانستیی «هۆژین» کە لە ماوەی پێنج ساڵدا تا ئێستا ١٢ ژمارەی لێ بڵاو کراوەتە و یەکەم گۆڤارە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە تایبەتە بە زانستە بنەڕەتییەکان (وەک فیزیک، بیرکاری و هتد) ئەو ئیرادە پتەو و خۆڕاگرە بێت کە سەرەڕای هەموو ناهموارییەکان لە گوێزانەوەی پەیکەری زمانی کوردی و پاراستنی لە پێوەندییە نێوان نەسلییەکاندا دەورێکی بەرچاو دەگێڕێت.


هەروەها، لە کارە زۆر پڕبایەخەکانی تر «پرۆژەی ڤەژینبوکس»ە لە مەریوان کە «هەوڵێکە بۆ کۆکردنەوەی زانستییانەی دەقی ئەدەبی و مێژوویی کوردستان لە پێناو دروستکردنی کۆگایەکی دەق (corpus) لە بەرهەمی نووسەران و شاعیرانی کورد، کۆکردنەوەی زانیاریی زیادە (metadata) وەک شێوەزار، ڕێکەوت و … لەگەڵ دەقەکاندا، دیاریکردنی بەشە تایبەتەکانی نێو دەقەکان وەک تاگی زمان بیانی و تاگی ناوی تایبەت و …بەهێزکردن و بەرزکردنەوەی پلەی زمانی کوردی لە ناوەرۆکی سەر وێبدا، و دابینکردنی پێگەیەکی ناوەندی بۆ بەژێدەرکردن و ئاماژەپێدان بە سەرچاوە مێژوویی و ئەدەبییەکانی کوردستان» (بڕوانە، https://books.vejin.net). دەورێکی گرنگ دەبینێت لە ئاسانکاری بۆ دەستڕاگەیشتنی توێژەران و بەکارهێنەرانی ئەو بوارانە لە بەرهەمهێناوەی زمانەکەدا.



زمان، جوگرافییا و نەتەوە

پێوانەی کوردستان بە تێکڕایی دەگاتە نیزیکەی ٤٠٩٦٥٠ کیلۆمتری چوارگۆشە، یانی بە تەنیا لە خاکی بریتانیا و هۆڵەند و بەلژیک و سویس و دانمارک بەرینترە کە ١٢٤هەزار و ٩٥٠ کلیلۆمەتری چوارگۆشەی کەوتووەتە بەر ئێران(قاسملو، ١٩٧٣، ل. ١٤). ئەم پانتا و قووڵایی‌یە سەرزەمینییە لە هەڵکەوتەی جوگرافیی زمان گرنگە بۆ مانەوەی و، بەرینی جوگرافییای زمانی کوردی بەسەر سنووری جوگرافییای سیاسیی هەر یەک لە دەوڵەتانی داگیرکەردا دەوری گرنگی لە ناکارا کردنی سیاسەتە زمانییەکانیان بە شێوەیەکی ڕێژەیی لە هاوکێشە ناوچەیی‌یەکانی ئەو دەوڵەتانە و پێکناکۆکیی بەرژەوەندییەکانیاندا هەبووە. ئەوەی شایانی تێبینییە ئەوەیە کە کورد بتوانێت سەرچاوە ستراتیژییەکانی ڕکابەریی ناسنامەیی نەک هەر بپارێزێت، بەڵکوو نوێ بکاتەوە، برەوی پێ بدات و بەرهەمی بهێنێتەوە. گرنگ ئەوەیە لە باری سەرزەمینییەوە لەو سنوورە جوگرافییەدا، پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی بەهێز بکات. پەیوەستەیی کولتووری، هونەری، زمانی و دانیشتووانەکەی بپارێزێت. چونکە ژیوەرێتی بەتەنیا گەرەنتیی مانەوەی ناکات. «ژیوەرێتیی(Vitality) توانایی کۆمەڵەیەکە بۆ هەڵسوکەوتکردن وەک مەوجوودییەتێکی کۆیی، بەڵام بەرگەگرتن(sustainability) توانایی بەردەوامیی هەبوونە. بۆ نموونە، دیاسپۆرای ئیستۆنییەکان کە لە کۆتاییی جەنگی دووەمی جیهانیدا نزیکەی ٧٠ هەزار ماڵی خۆیان لەبەر داگیرکردنی کۆمۆنیستی بەجێ هێشت و ڕوویان لە ئەمریکا، کانادا، سوێد و ئوسترالیا کرد، لە کۆمەڵەی دانیشتووانێکی زیاتر لە ١٠ کەسی لەو وڵاتانەدا لە ئاستی شوێنی(لۆکاڵ) ، ناوچەیی و جیهانی ڕێکخراو، قوتابخانە، کلێسە و ڕێکخراوی خۆیان دامەزراند. ئەم کۆمەڵانە، بۆ ماوەی نزیک بە ٥٠ ساڵ زۆریان بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوایی هێنا کە کۆتایی بە پاشکۆیەتیی ئیستۆنی بە یەکێتیی سۆڤیەت بێنن. تەنانەت پاش سەربەخۆییی ئیستۆنیش هەر لە چالاکییە کولتوورییەکانیان بەردەوام بوون. بەڵام لەبەر ئەوەی کۆمەڵەی بچووکن، پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لە دەرەوەی کۆمەڵەی خۆیان لە ئاستی بەرزدا بووە، بووەتە هۆی تواندنەوەی ئەوانەی گەنجترن. واتە هەرچەند پێوەندییە نێوان نەسلییەکانی پێشینیان چالاکە و ژیوەرێتیی کۆمەڵەکەی ڕاگرتووە، بەڵام ناکرێت بە بەرگەگرتوو دابنرێت، چونکە پێوەندیی نێوان نەسلیی زمانی و کولتوور لەناو چووە(Ehala. 2010)»، بەتایبەتی، بەوەش کە لە جوگرافییای نیشتمانیی خۆیان هەڵکەندراون. ئەمە بەتایبەتی بۆ کۆمەڵەی کوردی لە دیاسپۆرا زۆرگرنگە، کە بتوانێت هەم ژیوەرێتیی ئەتنۆزمانیی خۆی ڕابگرێت، و ئەو توانایی‌یەیشی هەبێت و وەک پۆل/گرووپێک هەڵسوکەوت بکات کە پێوەندییە نێوان نەسلی/جیلییەکانی زمان و کولتووری ڕابگرێت و لەبەرانبەر هێژێمۆنی و باڵادەستیی زمان و کولتووری زاڵدا بەرگە بگرێت. دیارە، ئەمە نەک بۆ دیاسپۆرا، بەڵکوو، بەگشتی بۆ کورد لە ئێرانیشدا هەروایە، بەتایبەتی لە پارێزگاکانی ئیلام و کرماشان.

بە باوەڕی «لاپۆنس» ١٩٨٧ لە دەوڵەتێکی فرەزماندا، زمانی لاواز پەناگەی پێگەیەکی سەربەخۆی نابێت، هەربۆیە، لەگەڵ زمانی زاڵدا لە بەرەنگارییەکی بەردەوامدایە کە وەک زمانی هاوبەش دەوری خۆرەیەکی داڕزێنەری لە سەرانسەری وڵاتەکەدا هەیە. تەنانەت، کاتێک زمانە لاوازەکە لە وڵاتێکی فرەزماندا پێگەی فەرمیشی پێ بدرێت، ئەگەر لە یەکە کارگێڕییە حکومییەکان و قوتابخانە/خوێندنگەکاندا بەرایی پێ نەدرێت، تەنیا زمانێکی ڕەمزی دەبێت. هەربۆیە، بۆ خۆپاراستن لە تاوینەوە و بنکۆڵبوون، ئەندامانی زمانە بەکەمینە کراوەکان دەبێت ئەتنیسیتە/نەتەوایەتیی خۆیان لەبانگ بدەن. بانگێکی ئاشکرای ئەوتۆ کە بتوانێت لە داواکانیان بۆ کۆنترۆڵی زیاتر بەسەر ناوچە ئەتنی/نەتەوەیی‌یەکەدا دەربکەوێت. «کارتروایت» بە ئاماژە بەم باوەڕەی «لاپۆنس» دەگاتە ئەو ئەنجامە کە «هەرچەندە زمانی بەکەمینەکراو لە باری جوگرافییەوە لەڕێی کۆنترۆڵی سەرزەمینییەوە لەپشت سنوورێکی پارێزەرەوە زیاتر چڕ بێتەوە، زمانە زاڵەکە کەمتر مەترسیدار دەبێت بۆ ژیوەرێتی و زیندوویەتیی کۆمەڵەی زمانە بەکەمینەکراوەکە و ناسنامە ئەتنییەکییەکەی. هەربۆیە لە ژینگە فرەزمانییەکاندا ئەو زمانانە دەمێننەوە کە دەوڵەت پارێزگارییان لێ دەکات، چونکە لە وتووێژە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکاندا دەخرێنە بەرایی‌یەوە. ئەوانەی کە تەنیا هێزێکی کولتوورییان هەیە و دەستیان بەسەر ویلایەت یان هەرێمێکدا ناڕوات کەمتر توانای مانەوەیان هەیە «(Cartwright, 2006, p. 200).


لە ئەنجام و کۆتاییی ئەم باسەدا دەکرێت ئەوە بڵێین کە تاکزمانی لە ئێران سەرەڕای ئەوەی بە زەبری سەرکوت بنیاد نرا و بەردەوامە، بەڵام ڕەهەندە سیاسی-کۆمەڵایەتییەکانی ژیوەرێتیی ئەتنۆزمانیی کورد لە باری مێژوویی، جوگرافی و ژمارەی زۆری دانیشتووانەکەی(دیمۆگرافی) لە بەردەوامی و پەیوەستییەکی زمانیی ناوخۆییدا و پێگە بەهێزەکەی لە ڕووی کولتووری، ئەدەبی و سیاسییەوە، بەتایبەتی بەهۆی بزووتنەوەی کوردایەتییەوە، بووەتە سەرچاوەیەکی گرنگی ڕکابەریی ناسنامەیی بۆ کوردایەتی و لە پێشکەوتندایە. هەروەها، بەهۆی کەلێنە نەتەوەیی‌یەکانی نێوان پێکهاتە نەتەوەیی‌یەکان لە ئێراندا، سیاسەتی تاکزمانی بەگشتی تووشی ئالنگاریی توند بووەتەوە و پرسی خوێندن بە زمانی دایک بووە بە بابەتی مشتومڕی کاربەدەستانی باڵەکانی ناو ڕێژیم لە ململانێیان لەگەڵ یەکتردا بۆ گەیشتن بە دەسەڵات لە هەڵبژاردنەکاندا. لێکەوتەکەشی بەڕۆژەڤ کردنی زیاتری مافی زمانی بەکەمینەکراوەکان بووە، و پێکناکۆکیی یاسا و سیاسەتدانانی زمانی لەلایەک و ڕەفتاری کاربەدەستانی دەوڵەت لەلایەکی دیکە زیاتر خستووەتە ڕوو. بە کورتی، لەگەڵ ئەوەی هەر هەنگاوێک کە بۆ پاراستن، پەرەپێدان، بووژانەوە و خوێندن بە زمانی کوردی هەڵبگیرێت، دەبێت بە بایەخەوە سەیری بکرێت و پێشوازی لێ بکرێت، هەرچەند ئەو هەنگاوە لەلایەن دەوڵەتەکانیشەوە بێت، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە زمان و ناسیۆنالیزمی کورد لێک جیا نەکرێتەوە و تەنیا لە ڕێکخستنێکی سیاسی-کۆمەڵایەتیی کورد خۆیدا کە سەروەرییەکی سیاسیی ڕێژەیی بۆ کوردستان مسۆگەر بکات، ئەتنۆزمانی کوردی ڕادەگیرێت و لە ڕکابەری لەگەڵ زمانی زاڵدا بەرگەی مانەوە دەگرێت. هەر وەک کاتالانییەکان، کوبەکییەکان و ئەو نەتەوانەی لانیکەمی خۆبەڕێوەبەرییەکی ئیداریی-سیاسیی خۆیان هەیە، توانیویانە زمانەکەیان ڕابگرن و برەویشی پێ بدەن و ئەو نەتەوانەش کە زمانیان وەلا ناوە، و تەنیا لە ڕکابەرییەکی ئەتنی (قەومی)دا بوون، ناسنامە ئەتنییەکەیان بەرگەی نەگرتووە و بەرەبەرە لە نەتەوەی باڵادەستدا تواونەتەوە.


سەرچاوەکان

– Cartwright, 2006, p. 196). Cartwright, D. 2006. Geolinguistic Analysis in Language Policy in T. Ricento (Ed.), An introduction to language policy: Theory and methods (pp. 194–209). Oxford, UK: Blackwell Publishing.
– Cummins. (2008). Bics and Calp: Empirical and Theoretical Status of the Distinction. In Encyclopedia of Language and Education (Vol. 2).
– Duchene. A,. (2009). Ideologies across Nations: The Construction of Linguistic Minorities at the United Nations . Journal of Sociolinguistics, 13(4), 573–.
-Durham, Whitney Dylan. 2010. «The 1920 Treaty of Sevres [sic] and the Struggle for a Kurdish Homeland in Iraq and Turkey between World Wars.» Ph.D. diss., Oklahoma State University.
– Edwards, John. 1992. Sociopolitical aspects of language maintenance and loss: towards a typology of minority language situations. In Willem Fase, Koen Jaspert & Sjaak Kroon (eds.), Maintenance and loss of minority languages, 37–54. Philadelphia: John
– Ehala. (2010). Refining the notion of ethnolinguistic vitality. International Journal of Multilingualism, 7(4), 363–378
– Giles, H., Bourhis R., & Taylor, D. (1977). Towards a theory of language in ethnic group relations. In H. Giles (ed.), Language, ethnicity and intergroup relations (pp. 307–48). London: Academic Press.
– Hassanpour. (2018). Essays on Kurds : historiography, orality, and nationalism. Peter Lang Publishing, Incorporated.
– Hassanpour, Arnir. 1992. Nationalism and Language in Kurdistan, 1918-1985. San Francisco, CA: Mellen Research University Press.
– Jafari. (2019). Exploring Azerbaijani Speaking Parents’ Linguistic Practices and Ideologies in Ardebil, Iran, in (Mirvahedi, ed.) The Sociolinguistics of Iran’s Languages at Home and Abroad: The Case of Persian, Azerbaijani, and Kurdish. Springer International Publishing AG
– Kymlicka, & Patten, A. (2007). Language rights and political theory.
Landry, Rodrigue & Réal Allard. 1994. Diglossia, ethnolinguistic vitality and language behavior.
International Journal of Sociology of Language 108. 15–42.
– Leezenberg, M, 2021. Elî Teremaxî and the Vernacularization of Medrese Learning in Kurdistan. In Bozarslan, Yadirgi, V., & Gunes, C. The Cambridge history of the Kurds (Eds.). Cambridge University Press.
– Lin, & Martin, P. P. (2005). Decolonisation, Globalisation: Language-in-Education Policy and Practice (Vol. 3). Channel View Publications.
– May. (2012). Language and minority rights : ethnicity, nationalism and the politics of language (2nd ed.). Routledge
– Mirvahedi. (2019). The Sociolinguistics of Iran’s Languages at Home and Abroad The Case of Persian, Azerbaijani, and Kurdish (Mirvahedi, Ed.). Palgrave Macmillan
– Mesthrie, Rajend & Willian L. Leap. 2000. Language contact I: Maintenance, shift and death. In Rajend Mesthrie, Joan Swann, Andrea Deumert & William L. Leap (eds.), Introducing sociolinguistics, 248–278. Edinburgh: Edinburgh University Press.
-Schmidt, R. (1998) “The Politics of Language in Canada and the United States: Explaining the Differences”, in T. Ricento and B. Burnaby (eds.), Language and Politics in the United States and Canada, Mahwah, New Jersey: Lawrence Erlbaum Associates.
– Soleimani, K. (2021). Religious Narrations of the Kurdish Nation during the Late Nineteenth and Early Twentieth Centuries. In H. Bozarslan, C. Gunes, & V. Yadirgi (Eds.), The Cambridge History of the Kurds (pp. 138-165). Cambridge: Cambridge University Press. doi:10.1017/9781108623711.006.
– Spolsky. (2021). Rethinking language policy. Edinburgh University Press.
– Skutnabb-Kangas, Tove.( 2013),. Mother-Tongue-Medium Education, In Carol A. Chapelle (Ed). The Encyclopedia of Applied Linguistics. Blackwell Publishing Ltd.
DOI: 10.1002/9781405198431.wbeal0776
– Switzer. (2021). Language Identification in Iran. Thesis (Ph.D.) – Carleton University, 2021
– Opengin, 2021. The History of Kurdish and the Development of Literary Kurmanji in
-Bozarslan, Yadirgi, V., & Gunes, C. The Cambridge history of the Kurds (Eds.). Cambridge University Press.
– Opengin. (2012). Sociolinguistic situation of Kurdish in Turkey: Sociopolitical factors and language use patterns. International Journal of the Sociology of Language, 2012(217), 151–180.
– Paulston. (1994). Linguistic minorities in multilingual settings implications for language policies. John Benjamins Pub
– Pupavac. (2012). Language rights : from free speech to linguistic governance. Palgrave Macmillan.
– Rezaei & Bahrami. (2019).Attitudes toward Kurdish in the City of Ilam in Iran, in (Mirvahedi, ed.) The Sociolinguistics of Iran’s Languages at Home and Abroad: The Case of Persian, Azerbaijani, and Kurdish. Springer International Publishing AG.

– Ricento, & Burnaby, B. (1998). Language and Politics in the United States and Canada Myths and Realities. Taylor and Francis.
– Tollefson. (2013). Language policies in education : critical issues (2nd ed.). Routledge.
– Mey, J. (1985) Whose Language? A Study in Linguistic Pragmatics. John Benjamins, Amsterdam.
https://books.vejin.net/ck/project/about- Romano, David. 2006. The Kurdish Nationalist Movement. Cambridge: Cambridge University Press.
– Entessar, Nader. 1984. «The Kurds in Post-Revolutionary Iran and Iraq.» Third World Quarterly 6 (4): 911-933.
– Veisi, MohammadAmini, M., & Hosseini, H. (2020). Toward Kurdish language processing: Experiments in collecting and processing the AsoSoft text corpus. Digital Scholarship in the Humanities.
– Wagner. (2018). Multilingual and Multimodal Interactions. Applied Linguistics, 39(1), 99–107.
-Williams. (2013). Minority Language Promotion, Protection and Regulation The Mask of Piety (1st ed. 2013.). Palgrave Macmillan UK.

– رسولی، ح. دهقانی، ر. کریمی، ع. (١٣٩٥) سیاستهای زبانی پهلوی اول در کردستان و پیامدهای آن(با تأکید بر مدارس). مطالعات تاريخ فرهنگي؛ پژوهشنامه‌ی انجمن ايراني تاريخ. سال هشتم، شمارهي سي ام، صص 76ـ77 .

– دهقانی ، رضا و دیگران(١٣٩٦)، واکنش اهالی کردستان به گسترش آموزش نوین در دورة رضاشاه. پژوهشنامه تاریخ‌های محلی ایران،سال ششم- شماره اول – پیاپی ١١(صفحات ١٦٦-١٥٣)

فۆڕمی سەبسکرایب

دەتوانن ئاگاداری دوایین بڵاوکراوەکانی گۆڤاری تیشک بن، لە ڕێگەی سەبسکرایب کردنی ماڵپەڕەکەمان.

سەرکەوتوو بوو، زۆر سپاس!

کێشە هەیە!

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان