ناسنامەی کوردستانی و بەریەککەوتنی لەگەڵ “ئەویترەکان”یدا

ڕێبین ڕۆژهەڵات

“سەکۆ لە وتارگەلێک پێک دێ کە پێگەی وتاری سەرنووسەر یاکوو دەستەی نووسەرانی هەیە، بەم جیاوازییەوە کە لە هەر
ژمارەیەکدا کەسانی شارەزا لە دەرەوەی بازنەی بەڕێوەبەرانی گۆڤاری تیشک، نووسینەکەی دەگرنە ئەستۆ.ئامانج ئەوەیە کە جۆراوجۆریی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و بەرپرسانە سەبارەت بە گوتاری نەتەوەیی لە سەکۆدا ڕەنگ بداتەوە.”


پێشەکی
خـــــۆ وێنا کـــــردن بە کۆی تایبەتمەندییەکانەوە تەنیا تایبەت بە مرۆڤە و زەینی سنوورنادیاری مرۆڤ لە کات و شوێن و بارودۆخە جیاوازەکاندا ئەو وێنایە دەگۆڕێت. واتە خۆوێناکردن لە  هەلومەرج و ژینگە سەربەخۆ نییە و کارلێکی ئەو دووانە هەردووکیان دەگۆڕێت. سا  خۆوێناکردن سەرەڕای هەبوونی بیچمێکی سەقامگرتوو، بگۆڕە.

کــــــۆمەڵە مــرۆڤێک کە لە هەل‌ومەرجێکدان، لە وێنا کردنی خۆیاندا تا ڕادەیەکی زۆر لێک دەچن. بارودۆخی  کۆمەڵایەتی – ئابووری – کەلتووری و لە سەرووی ئەوانەوە هەلومەرجی سیاسی ئاراستە و شێوازی  ژیانی ئەندامانی کۆمەڵگا دیاری دەکات. درێژخایەن بوونی بارودۆخێک لە کۆمەڵگایەکدا تایبەتمەندیی هاوبەش  لە تاکەکانی کۆمەڵگادا دەهێنێتە دی. ئەگەر بابەتەکە بهێنینە سەر کورد و کوردستان، پێویستە داڕشتنێکی هزری- زانستی-  میتۆدۆلۆژیی تایبەت بەم یەک جوگرافی-  کۆمەڵایەتی- ئابووری و سیاسییە بێتە ئاراوە. هاتوچوویەکی بەردەوام لە نێوان زەینی تاک و بارودۆخی  کۆمەڵگا لە گەڕدایە و زەینی  تاک دەبێتە  بەستێنی ڕەنگدانەوەی ناسنامەی کۆمەڵگا. هەر بۆیە ئەندامەکانی کۆمەڵگا لە کەسایەتیی کۆمەڵایەتیدا لێک دەچن. ڕێپێشاندەری ئەم داڕشتنە تایبەتە پرسیارمەندکردنی پێکهاتەی کوردستانە. پرسیار لە گۆڕانکارییەکان بە دیوی ناوخۆ و دەرەوەی کوردستاندا. زنجیرەی پرسیارەکان یەک لە دوای یەک و لە وەڵامی پرسیاری  پێش  خۆیاندا سەر هەڵدەدەن.

پرسیارە یەک‌ لەدوای یەکەکان بە زەیندا دێن و پێویستە وەڵام بدرێنەوە. ئەو پێویستییە لەوێڕا دێت کە بەرچاوڕوونیی تاک و کۆمەڵی کوردستانی لە پرس و کێشەکانیدا بە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە بەستراوەتەوە.

بە شوێنگرتنی زنجیرەی پرسیارەکاندا دەگەینە پرسیاری بنەماییی ” ناسنامە چییە؟” لە وەڵامی ئەم پرسیارەوە زنجیرەی پرسیار و وەڵامەکان دەست پێ دەکەن.

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە سەرەتا پێویستە چەند زاراوە لێک بدرێتەوە. ناسین، ناساندن، پێناسە، ناسنامە ئەو وشەگەلەن مرۆڤ بۆ پەیوەندی لەگەڵ جیهانی دەوروبەریدا کاریان پێ دەکات. مرۆڤ وەکوو گیانلەبەرەکانی تر هەوڵ ئەدات ژینگەی بناسێت و ئەزموونی بکات. هەوڵ ئەدات خۆی بە مرۆڤەکان و ڕەنگە گیانلەبەرانی تر بناسێنێت. لەمەشدا لەگەڵ گیانلەبەرانی تردا لێک دەچن. پێناسە و ناسنامە تایبەت بە مرۆڤن و دەتوانێ دیارییان بکات، بیانگۆڕێت یان هەڵیانبوەشێنێتەوە. ئەو تایبەتبوونە لەوێڕا دێت کە مرۆڤ سەرەتا لە زەیندا وێنای دەکات و پاشان بەپێی ئەو وێنایە لەگەڵ جیهانی دەوروبەردا پەیوەندی دەگرێت.

پێناسە و ناسنامە بەرهەمی دوو پرۆسەی ناسین و (خۆ)ناساندنن و لێرەدا دەردەکەوێ وێڕای دیاربوونی بیچمەکەی، بگۆڕن. ناسنامە بەستێنێکە کە مرۆڤ پێناسەی خۆی لێ هەڵدەگرێ. تاکی مرۆڤ بەپێی مەودای پەیوەندیی لەگەڵ جیهان، دەتوانێ پانتایی ناسنامەی خۆی لە بوارە جیاوازەکاندا بەرین بکاتەوە.

سا ناسنامە بەستێنێکە کە مرۆڤ خۆی لەودا دەبینێتەوە. ئەم بەستێنە شتێکی لە کۆی زانیارییەکان زێدەترە. ئەویش چۆنییەتیی جمگەبەندی بوونی زانیارییەکان و پەیوەندیی دەروونیی مرۆڤە لەگەڵیدا. لێرەدا سێ خاڵی گرنگ دەردەکەون.

یەکەم: ناسنامە یەکدەست نییە و ڕەهەند و بواری جیاواز و ڕەنگە دژواز لەخۆ بگرێ. دووهەم: مرۆڤ یان پێمل بە ناسنامەیەکی پێشتر دیاری کراو دەبێ یان بۆخۆی هەڵیدەبژێرێت. سێیەم ناسنامە قووڵایی مێژووییی هەیە. کۆی ئەم سێ خاڵە لە خۆ جیاواز زانین لە هەمبەر “ئەویتر”ەکاندا واتادارە. واتە ئەگەر تاک لە تەنیاییدا بژیێت و هەر  لە سەرەتاوە کەس نەبینێت، وێنایەکی لە  مرۆڤەکانی تر نییە. بەڵام لە ئاستێکی خوارتردا  خۆی بە بوونەوەرێکی جیاواز  لە ژینگە دەزانێت. بە وتەیەکی تر؛ مرۆڤ لە هەر ئاستێک و بارودۆخێکدا لە بوونی ئەویتر یان ئەویترەکاندایە کە دەگەڕێتەوە سەر خۆی و جیاوازیی خۆی بە خۆی و ئەوانی تر دەسەلمێنێ.


هەر یەک لەو سێ خاڵە لێک‌ ئەدەینەوە

 یەکەم؛ ناسنامە ڕەهەندی جیاواز و ڕەنگە دژوازی ببێت. ڕەهەندەکانی ناسنامە بە ئەندازەی ڕەهەندەکانی ژیانن. مرۆڤ لە زۆر ڕەهەندی نائاگایە و بە پێی سەردەم و هەل‌ومەرج بە پرسیارەوە ڕووبەڕووی/یان دەبێتەوە. بە پێی قۆناغەکانی پێگەیشتن چۆنیەتیی ئەو ڕووبەڕووبوونەوە دەگۆڕدرێت. لە ساواییدا مرۆڤ دایک و باب و کەسانی نزیک دەناسێت. کە چووە قۆناغی خوێندنەوە، دەچێتە ئاستی هاوماڵان  و کۆمەڵگا. لە میرمنداڵیدا بە خۆیدا دێتەوە و بەها کۆمەڵایەتییەکان دەخاتە ژێر پرسیار و ڕەخنەوە. لە گەنجیدا ڕێچکە هزری و بەها کۆمەڵایەتی و  تاکەکەسییەکان تاقی دەکاتەوە و تا مردن کەم تا زۆر ئەو شێوەژیانەی هەڵیبژاردووە تێپەڕ دەکات. دەتوانین ڕەهەندە جیاوازەکانی ناسنامە لە قۆناغەکانی ناسنامەدا بەم شێوە لێک بدەینەوە کە؛ مرۆڤ بە لەدایکبوون لە بنەماڵەیەکدا دەچێتە بەستێنێکی کۆمەڵایەتیی ئامادەوە.

بنەماڵە یان جێگرەوەکانی بە زمان و شێوەی هەڵسوکەوتی تایبەت بە خۆیان بنچینەی کەسایەتی و کۆمەڵایەتی بوونی ئەو منداڵە دادەنێن. ناو، تۆڕی پەیوەندیی خێزانی- کۆمەڵایەتی، بەها و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان تا پێش چوون بۆ فێرگە بیچم دەگرن. لە فێرگەدا وێڕای پەرەدان بە هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتی، سیستەمی پەروەردەی سەر بە دەسەڵات هەوڵ ئەدات منداڵ بە ئیدیۆلۆژیی زاڵ گۆش بکات. تا مێرمنداڵی، منداڵ ملکەچی کۆمەڵگایە و داوەریی کۆمەڵگای لەمەڕ چاک و خراپبوون لە لا گرنگە. لە مێرمنداڵیدا پێکهاتەی زەین دەگاتە ئاستی دەرهەست و لەش زۆرتر پێدەگات. مێرمنداڵ لە ئاست ڕابردوو،  هەست بە جیاوازی دەکات. لەم هەلومەرجەدا ئامادەیە باوەڕێکی ڕەها وەربگرێت و پێی وایە تەنیا ڕێگای چاکسازیی کۆمەڵگا و بەختەوەریی مرۆڤە. لە گەنجیدا بە وەرگرتنی ئەزموون و زانیاری و چوونە ناو ئەرکە کۆمەڵایەتییەکان (خوێندنی باڵا، کار و پیشە، هاوژینی و… هتد)ەوە لە باوەڕی ڕەهادا هێور دەبێتەوە، بەڵام کورۆکەکەی ڕادەگرێ، مەگەر ئەوەی ڕێبازێکی تر هەڵبژێرێت. لەم قۆناغەوە تا کۆتایی ژیان تاک پێناسەیەکی تا ڕادەی زۆر سەقامگیر هەڵدەبژێرێت.

لە پیریدا مرۆڤ ئاوڕ لە ڕابردوو ئەداتەوە. ئەگەر قۆناغەکانی ژیانی لە دۆخی ئاساییدا تێپەڕ بووبێت (پەروەردە بوونی تاک پەیوەست بە ژینگەی خۆی بووبێت و تووشی خەسار و وەیشوومە نەهاتبێت)، دەتوانێ ڕەهەندەکانی ناسنامەی خۆی بناسێتەوە. بەڵام ئێمە لێرەدا بەرچاوڕوونییەک دەدەینە تاک کە هەر لە ئێستاوە ڕەهەندەکان ببینێت و بە ویستی خۆی ڕووبەڕوویان ببێتەوە.

ناسنامە بە پێی تەمەن بەرینتر و فرەڕەهەندتر ئەبێتەوە. ئاستی تاک، بنەماڵە، هاوماڵان و کۆمەڵگا، جیهان. بە پێی پێگەیشتنی زەین ئەم ئاستانە لێک دەئاڵێن و تێگەی “خۆ” لە زەینی مرۆڤدا پێک دێنن.  کە واتە پێناسەیەک کە مرۆڤ لە چرکەساتێکدا لە/بۆ خۆی دیاریی دەکات لەو بەستێنە زەینییەوە دێت کە بۆ ناسنامەی خۆی هەڵیبژاردووە.

کاتێ چەمکی “خود” لە زەیندا جێگیر دەبێت، لە هەموو شتێکدا “ئەویتر”ێک پێناسە دەکات. بابی خۆم لە هەمبەر بابی ئەویتر. دەستی خۆم لە هەمبەر دەستی ئەویتر و لەوانە. لەگەڵ بەرین و چەندڕەهەندی بوونەوەی ناسنامەدا “ئەویتر”یش تا ئەو ئاستە بەرین و چەندڕەهەندی ئەبێتەوە. شاری من لە هەمبەر شارەکانی تر. وڵاتی من لە هەمبەر وڵاتانی تر. نەتەوەی من لە هەمبەر نەتەوەکانی تر. ئەم بەرینبوونەوە لە دۆخێکی ئاساییدا ڕوو دەدات. واتە ئاساییە کە مرۆڤ سنووری ناسنامەیی خۆی دیاری بکات و خۆی لەوانی تر جودا بکاتەوە. ئەمە کارکرد و دەرکەوتەی زەینە. بەڵام لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ ئەو دادپەروەرییە کە ڕێگە بدات هەر تاک و کۆمەڵگایەک ڕەوتی پێگەیشتنی ئاسایی خۆی بپێوێ نەهاتووەتە دی. لە نێوان تاکەکان، تاقمەکان، کۆمەڵەکاندا هێز بڕیاری داوە و هەر کام هێزیان زۆرتر بووە، خۆیان بە سەر ئەوانی تردا سەپاندووە. زۆر کۆمەڵ نەیانتوانیوە لە ژێر ئەو زەختەدا خۆیان بگرن و لە ناو چوون. زۆر کۆمەڵ بە لێکدران لەگەڵ ئەوانی تردا ناسنامەیەکی نوێیان هێناوەتەدی.

دووەم؛ مرۆڤ یان ناسنامەیەکی پێشوەختە هەڵدەبژێرێت، یان دایدەڕێژێت یان پێمل بە ناسنامەیەک دەبێت. هەڵبژاردن و پێمل بوون دژ بە یەکن. هەڵبژاردن ئاگامەندانەیە و پێملبوون دەتوانێ بەئاگا یان نائاگا بێ. ئەگەر ئاگامەندانە پێمل ببێت، هەڵبژاردنێکی ناچالاکانەیە. هەڵبژاردن پێویستی بە پرسیارمەند کردنی ناسنامەیەکە کە سەرنجی  تاکی ڕاکێشاوە. بۆ میناک؛ ئێرانیبوون. ئێران چییە؟ کوێیە؟ سەرچاوە ڕەسەنەکانی زانیاری بۆ وەڵامی ئەو دوو پرسیارە کامانەن؟ نسبەتی من وەکوو تاکێکی کورد لەگەڵ ئێرانیبووندا چییە؟ نسبەتی کوردبوون و ئێرانیبوون چۆنە؟ بۆ  ڕوونتر وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە خاڵی سێیەم پێویستە.

سێیەم؛ ناسنامە قووڵایی مێژوویی هەیە.  مێژوویی بوون  بە واتای نەگۆڕبوون نییە. هۆگرانی پڕێمۆردیالیسم دەڵێن نەتەوەکان لە کۆنەوە هەبوون.  بەپێچەوانە، ئامرازخوازەکان لە سەر ئەو  باوەڕەن کە نەتەوە  بەرهەمی سەردەمی مۆدێڕن و گۆڕانکارییەکانیەتی.  تاکێک کە گەیشتووەتە هەڕەتی گەنجی (خاڵی یەکەم) و بۆ ناسنامەی خۆی دەگەڕێ (خاڵی دووەم) لە ئاستی نەتەوەدا ڕووبەڕووی ئەم پرسیارە دەبێتەوە. بابەتێک کە جێی سەرنجە ئەمەیە کە ئەم دوو بۆچوونە لە لایەن سەردەست و ژێردەستەوە ڕاڤەی جیاوازی بۆ دەکرێ.  بۆ وێنە ئێران و تورکیا نەتەوەی خۆیان بە کۆن  دەزانن  و هەوڵی نەتەوەخوازیی نەتەوە بندەستەکان بە بەرهەمی سەردەمی مۆدێڕن هەژمار دەکەن کە بەرهەمی دەستێوەردانی زلهێزان و دەستەبژێرانی سەر بە دوژمن و یان زۆرکاریی دەوڵەتە پێشووەکان و…هتد لە بەرانبەردا بندەستانیش  هەر ئەو  خوێندنەوە دەدەنە پاڵ سەردەستەکان. لێرەدا خوێندنەوەی وردبینانەی مێژوو یەکلاکەرەوەیە. پرسیار  دەکرێ کە سەرچاوە ڕەسەنەکان چۆن  باسی دەوری زلهێزان لە دامەزراندنی ئێران و تورکیا و ئێراق و مامەڵەیان  لەگەڵ بزاڤی نەتەوەخوازیی کوردستاندا دەکەن؟

ئەم خاڵە بۆ چی لە ناسنامەی تاکدا گرنگە؟ بۆ ئەوەی کە بەشی بنەمایی بەستێنی ئەو ناسنامەیە کە تاک لە چرکەساتێکدا پێناسەی خۆی لێ وەردەگرێ.

وێڕای ئەوە، هاوکێشەی من- ئەویتر لە سەردەمی مۆدێڕندا واتایەکی تری لە خۆ گرتووە. ئەم واتایە و میکانیزەکانی ئەو ڕەوتە ئاساییەی پێشتر نووسیم شێواندوویە و دەشێوێنێت. سا لە دۆخی مۆدێڕندا تاک لە ژێر هێژمۆنیی سیستەمێکی نائاساییدا پەروەردە دەبێت و ناسنامە بە شێوەیەک وێنا دەکات کە لەجێی من- ئەویتر بووەتە ئەویتر- ئەویتر(‌ئەویتر- من). لێرەدا پێویستە ئەم دوو چەمکە ڕوون بکرێنەوە. ساوا بە لەدایکبوونی دەکەوێتە بەستێنێکەوە کە کۆمەڵگای پێ دەوترێت.  ڕەگەز، ناو، بنەماڵە و هتد… پێشوەختە دیاری کراوە. منداڵ لە دەروونیدا بێجگە لە ژێنیتیک شتێک نییە. هەست و سۆز، هێما و نیشانە و بە گشتی زمان دەبێتە هۆی ئەوەی زەینی منداڵ ببێتە وێنەیەک لە دەرەوەی خۆی.  دەرەوە بۆ منداڵ ئەبێتە “ئەویتر”. ئەم ئەویتربوونە بۆ پێگەیشتنی مروڤ پێویستە. بە زمانی ژاک لەکان “من” پڕە لە “ئەویتر”. ئەویترێک کە ئەگەر نەبێت، کەسایەتیی مرۆڤ بیچم ناگرێت و پێناگات. پرسیارێک دێتە گۆڕێ کە ئەگەر ئەم بەستێنە گشتییە هاوبەشە، بۆچی مرۆڤەکان لێک ناچن؟ لە وەڵامدا دەگوترێت کە چەند هۆکار کە کارلێکییان پێکەوە هەیە دەبنە هۆی ئەوەی مرۆڤەکان سەرەڕای وێکچوون لێک جیاواز بن.

 ژێنیتیک لە مرۆڤەکاندا جیاواز خۆی دەنوێنێ. بۆ وێنە یەکێ زیرەکە، یەکێ کەمزەینە.

 جیاوازیی لە خوو و خەدە. یەکێ هەڵدەچێ، لە بەرانبەردا یەکێ هێور و لەسەرەخۆیە. ژێنیتیک لێرەدا کاریگەرە بەڵام هۆرمۆنەکان ڕاستەوخۆ شوێندانەرن.

 پەروەردە کە بریتییە لە هەڵسوکەوتی مرۆڤانی دەوروبەر لەگەڵ منداڵ و منداڵ لەگەڵ ئەوان.

خاڵی سێیەم لە بیچمگرتنی زەیندا زۆر کاریگەرە و مەودای چەمکی خۆ/ ناسنامە  لەو بەستێنەدا دیاری دەکرێت.

لە نێوان مرۆڤاندا ئەم خاڵانە جیاوازییان تێدایە و دەبنە هۆی جیاوازی لە کۆی کەسایەتیی تاکدا. هەر بۆیە لفەدووانە وێڕای وێکچوون، لە کەسایەتیدا لێک جیاوازن.

مرۆڤ لە پەروەردەی ئاساییدا بە ئامرازی ئەویتر پەروەردە دەبوو و بە هۆی ئەو سێ خاڵەوە لێک جیاواز دەبوونەوە.  ئەنجامی ئەم پڕۆسە جیاوازییە  لە ئاستی تاک و وێکچوونە لە ئاستی کۆمەڵگادا.

لە سەردەمی پێش مۆدێڕندا “ئەویتر”ەکان دیار بوون. خێڵی ئێمە لە هەمبەر خێڵی ڕکەبەر. حکوومەتی سەفەوی لە هەمبەر خێڵە کوردەکاندا. سەردەمی مۆدێڕن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جیاواز لە ئورووپا و ئەمریکا دەستی پێ کرد و هەر ئەمە بووە هۆی ئاڵۆزبوونی پێگەیشتنی ناسنامە لە هەموو ئاستەکاندا.


لێرەدا شرۆڤەیەکی مێژوویی پێویستە؛

بە دەستێوەردانی زلهێزان لە پێکهاتەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەتەوەی کورد و کوردستان (وەکوو بەستێنێک کە خاوەن پێکهاتەی ناسنامەیی خۆی بوو و تاکی کورد لەوێدا ئاسایی پەروەردە دەکرا) لە نێوان چوار وڵاتدا پارچەپارچە کرا. پێشتر وڵاتی کوردان لە نێوان ئەشکانی و ڕۆم، ساسانی و ڕۆم دابەش و دەست بە دەست دەکرا. لە کاتی دەسەڵاتی عەرەبەکان و ئیمپراتوریی سەلجووقیشدا تەواوی کوردستان لە ژێر یەک دیواندا بەڕێوە نەدەچوو. بە سەرهەڵدانی عوسمانی و پاشان سەفەوی قووڵایی مێژوویی دابەشکرانی کوردستان لە سەردەمی مۆدێڕندا دەستی پێ کرد. پەیمانە یەک لەدوای یەکەکانی عوسمانی و سەفەوی تا عوسمانی و قاجاڕ کوردستانی کردە دوو بەشی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواوە.  بە پلانی سایکس و پیکۆ بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی عوسمانی بەشی ڕۆژئاوا بوو بە چوار بەشەوە. جیاوازی سنوور لە پێش مۆدێڕن و مۆدێڕندا گرنگە. خێڵە  کوردەکان تا حکوومەتی پەهلەوی و تورکیە سنووریان  وەرنەگرتبوو. پێکهاتە و شێوەژیانی خێڵەکی و کەمدەسەڵاتیی حکوومەت لە کونتڕۆڵی سنوورەکاندا دەبوونە هۆی کاریگەرنەبوونی سنوور لە سەر پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی کوردستاندا.

هەر کام لەم بەشانە کەوتنە ژێر سیاسەتی کوشتن و بڕین و کۆچی زۆرەملێ و شێواندنی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی- ئابووری.

سەردەستەکان کە خۆشیان لە پێگەیشتوویی کۆمەڵایەتیدا لە ئاست کوردەکاندا بوون، هەر یەک هەوڵی دا بەشی بندەستی خۆی لە خۆیدا بتوێنێتەوە. هەوڵ درا بە هەر ئامرازێک بێ، سنوور بە سەر کۆمەڵگادا بسەپێنن. لە ناو ئەو سنوورەدا سیستەمی پەروەردەی ئەو وڵاتانە کە لەخۆیدا لاواز بوو، شێلگیرانە هەوڵی ئەدا تاکی کورد بە زمان و بەها زاڵەکان و خۆشەویستیی حکوومەتی داگیرکەر پەروەردە بکات. دەسەڵاتی عەجەم لەو پێناوەدا زۆر وردتر و نەرمەبڕانەتر کاری دەکرد و بە ئێستەشەوە هەر ئەو سیاستە لە پەروەردەدا پەیڕەو دەکات. بەڵگە مێژووییەکانی سەردەمی بیچمگرتنی ئێران و تورکیا و عێراق سیاسەت و پیلانی دەوڵەتگەلی بەرهەمی زلهێزان دەردەخەن کە چۆن هەوڵیان دا نەتەوە بندەستەکان بە تایبەت کورد لە دیسکۆرسی خۆیاندا گیرۆدە بکەن. کەسانێک وەکوو ڕەشید یاسمی، محەممەد مەردووخ کە خۆیان کورد بوون- بۆ نزیککردنەوەی ناسنامەی کورد لە فارسی(ئێرانی) پارەیان وەرگرتبوو.

پڕۆژەی پەروەردەکردنی سووژەی سەر بە داگیرکەر مەترسیدارترین میکانیسمی دزە کردن لە ناسنامەیەکی تایبەتدایە. پەروەردەی مۆدێڕن لە جێی ئەوەی خزمەت بە ناسنامەی هەر کۆمەڵگایێک بکات، بوو بە ئامرازی تواندنەوەی نەتەوە بندەستەکان لە ناسنامەی داسەپاودا.

تاکی کورد لەو کاتەوه لە ژێر تەوژمی پەروەردەی داگیرکەر و بەپەراوێزکرانی ئابووری-کۆمەڵایەتیی کوردستان بە شێوەی ئاسایی پەروەردە نەکراودایە.

ئەو بەستێنەی کە ئەویتری ئاسایی ئەو بوو، بە دەستێوەردانی داگیرکەر نائاسایی کرا. داگیرکەر لە پێناو ڕاگرتن و پەرەدان بە دەسەڵات و بەرژەوەندیی خۆی پەروەردەی کردووەتە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی و لەم پیلانەدا پشوودرێژ و زیرەکانە جووڵاوەتەوە. وێڕای سیستەمی پەروەردەی فەرمی، هەوڵ دەدا لە پەروەردەی ناحکوومیشدا پەل باوێژێ. دامەزراندنی “ئێن جی ئۆ”گەلێک کە لە بواری خۆیاندا ناسنامەی کوردستان دەکەنە بەشێک لە ناسنامەی ئێرانی، ئەو ئەرکەیان پێ سپێردراوە و سپای پاسداران و لایەنە ئەمنییەکان بەئاشکرا و نهێنی پشتیوانیان لێ دەکەن. حکوومەتە پێش مۆدێڕنەکان تەنیا جوگرافیایان داگیر دەکرد و لە پێکهاتەی گشتیی کۆمەڵگادا ئەندازیارییان دەکرد. بۆ وێنە خێڵە بەهێزەکانیان لاواز و ملکەچ دەکرد. بەڵام پەروەردەی داگیرکەرانی سەردەمی مۆدێڕن، بە کەڵک وەرگرتن لە زانستی سەردەم، هەوڵ ئەدەن کەسایەتی و زەینی تاکی کورد پڕ بکەن لە ناسنامەی خۆیان. ناسنامەیەک کە زۆربەی لە پڕۆسەیەکی ساختەکارانەدا پێک هات.


شرۆڤەیەکی بەرهەست

داگیرکەران وێڕای قەیرانی ناسنامەی خۆیان کە تێیدا قەتیس ماون و لێی دەرباز نابن، قووڵ و بەرینکردنەوەی کەلێنەکانی ناسنامەی کوردستانیان کردووەتە ئامانج. زمان، ناوچە، ئایین و ئایینزا لەو کەلێنانەن. ستراتێژیی سەرەکی داگیرکەران شێواندنی هاوکێشەی “من – ئەویتر”ە. بەراوەژۆکردنی بە “ئەویتر – من” واتە تاکی کورد لە خۆی نامۆ بکات.

(هیچ کس حق ندارد قبل از کوردها خود را ایرانی بداند!) هەوێنی ستراتێژیی ئێرانی فەرهەنگییە بۆ تواندنەوەی کوردستان. مەترسی ئەوەیە لە سێ بەشی تری کوردستانیشدا کاری بۆ دەکات و کردووەتە قووڵایی ستراتێژیی خۆی و پیلانەکەی لە ئاستی ئاکادێمیا و مووسیقا و هونەر و پەیوەندیی کۆمەڵایەتیدا بە ڕوونی دەر دەکەوێ. سووژەی ” ئەویتر – من”ی کوردی لە خۆنامۆ خەریکن کاری بۆ دەکەن. پاشکۆی ڕێفۆرمیستەکانی ئێران، پەیمانکارەکانی سپای پاسداران لە ژێر دەمامکی نەتەوەییدا لەو تاقمەن.

داگیرکەر هەوڵ ئەدات لە دیوی ناوخۆی کوردستاندا لێکدابڕان ساز بکات. هەر بۆیە لە هەر هزر، ئیدیۆلۆژی، بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی- سیاسیی ئایینی و نائایینی بۆ دژایەتی لەگەڵ ڕەوتی نەتەوەخوازی کوردستان پشتیوانی دەکات. تەنانەت هەوڵ ئەدات وەها تاقمێک ساز بکات. لە باڵێکی ترەوە لە ئیخوانولموسلمین و ڕەوتە چەپەکان بۆ سەقامگیرکردنی سنووری خۆی کەڵک وەردەگرێ. بۆ گۆرانیسم و فەیلی بانگەشەی ناسنامەی جیاواز دەکات و لە (دایرە‌المعارف بزرگ اسلامی) و ڕێکخراوەکانی تردا گاڵتەجاڕانە تێۆریزەی دەکات.

ئاکادێمیسیەنی ئاست نزم و بەدڕەوشت دەکاتە تریبۆنی خۆی و وەکوو پەیکەرە ئەسپی ترۆی کەڵکاژۆیان لێ دەکات. ئەو کاناڵانەی سەر بە ئاکادێمیسیەنی جێی بڕوای داگیرکەرن پرسی کوردستان دەکەن بە بابەتێکی پۆپۆلیستی- لۆمپەنیستیی تێکەڵ بە حیماسەی خێڵەکی. ئەمە بەشێکە لە هەوڵدان بۆ بەلاڕێدابردنی بزاڤی نەتەوەیی و لەخشتەبردنی جەماوەری کوردستان. ئەمەش تاکتیکێکی   ئێرانی-فەرهەنگیی نەرمە. وردبوونەوەیەکی کورت لە کاناڵ و سایتەکانی بواری مێژوو و سیاسەت و …هتد ئەم ڕاستییە باشتر ئاشکرا دەکات.  لە ئاستێکی خوارتردا کاناڵ و سایتەکانی سەر بە داگیرکەر کە لە گشت شار و ناوچەدا چالاکن، هەوڵ ئەدەن ڕاشکاوانە پێناسەیەکی ئێرانی لە ناسنامەی کوردی ئاراستەی کۆمەڵگا بکەن. تا ئێستە ڕوون بووەتەوە کە داگیرکەر لە ئاستی گوتار و زانستدا بە ساختەکاری شەرعییەت بە خۆی دەدات، سیستەمی پەروەردە هەوڵ ئەدات ئەم شەرعییەتە بکات بە بنەمای پەروەردەی تاکی کورد. زانکۆی سەر بە ئەو و ئاکادێمیسیەنە بەدڕەوشتەکان و چالاکی بەکرێگیراو و میدیا و حەوتوونامە و هەواڵنێری بێبنەما لە ئاستە جیاوازەکاندا بانگەشەی بۆ دەکەن.

بۆ بەرەنگاربوونەوە لە هەمبەر ئەویتر،  بۆ تاکی کورد پێویستە ستراتێژییەکی نەتەوەیی لە بەرچاو بگیردرێت و  پەیڕەو بکرێت کە تایبەتمەندییەکانی بریتین لە:

 “نە” وتن بە ئەنستیتۆکانی داگیرکەر کە هەوڵ ئەدەن ببن بە دەمڕاستی ناسنامەی کوردستان. تاکی کورد لێرەدا پێویستە لە پەیوەندیی سۆزدارانە داببڕێت و بەرژەوەندیی نەتەوەیی بکاتە بنەما بۆ هەر جۆرە پەیوەندییەک.

 جمگەبەندی کردنی چالاکیی ئەندێشەیی و کۆمەڵایەتی لە پێناو ستراتێژیی نەتەوەییدا. ئەم  کارە پێش بە لەخۆنامۆ بوونی تاکی کورد دەگرێت.

 حیزب و لایەنە سیاسییەکان گوتار و بانگەشەیان نەتەوەیی بێ کە تەنیا مەرج “لە پێناو دەستەبەرکردنی دەسەڵاتی سیاسیی کوردستانە”. جەماوەری کوردستان تەنیا بەم مەرجەوە شەرعییەت بە حیزبە سیاسییەکان دەدەن.

 چالاکیی هزری و میدیایی کوردانی تاراوگە، بەخۆبواردن لە سۆزداری و حیماسە، دروشم و نۆستالۆژی تەواوکەری چالاکیی ناوخۆی کوردستان بێ. دیارە ئەم خاڵە پێویستی بە پەیوەندیی بەردەوام و چڕوپڕی هێزە نەتەوەیییەکانی دەرەوە و ناوخۆی ڕۆژهەڵات هەیە.

فۆڕمی سەبسکرایب

دەتوانن ئاگاداری دوایین بڵاوکراوەکانی گۆڤاری تیشک بن، لە ڕێگەی سەبسکرایب کردنی ماڵپەڕەکەمان.

سەرکەوتوو بوو، زۆر سپاس!

کێشە هەیە!

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان