ســـــهروتار
د. ئازاد محەمەدیانی
ئەگەر زمان وەک چەمکێکی کۆمەڵایەتی ئەرکی پێوەندیی نێوان ئینسان، کلتوور و ژینگە جیاوازەکانی لە ئەستۆیە، وەک بابەتێکی شوناسناسانەش، ئەرکی جیاوازیی نەتەوە، فەرهەنگ و گەلە جۆراوجۆرەکان وە ئەستۆ دەگرێ. بەڵام سەرەڕای ئەم دوو ئەرکە کە تایبەتمەندیی هەموو زمانێکە، زمان لە دۆخێکی جیاوازدا دەتوانێ ئەرکێکی تایبەتیشی هەبێ، ئەویش ئەرکی سیاسییە. کاتێک زمان دەبێتە کەرەسەیەکی سیاسی و تەنانەت ئامرازی داپڵۆسینی نەتەوەیەکی ژێردەست، ڕۆڵێکی سیاسی بە ئامانجی چەوساندنەوەی نەتەوە یا نەتەوە چەوساوەکانی لە ئەستۆیە. مەبەست لەم ئەرکە لەناوبردن یا لاواز کردنی زمانی ژێردەست و چەسپاندنی سەروەریی نەتەوەی باڵادەستە لە ڕێی نەهێشتنی جیاوازییەکانەوە، کە زمان وەک چەمکێكی شوناسناسانە، ئەم جیاوازییە دەپارێزێ. لە ڕاستیدا بەسیاسیبوونی زمانی سەردەست وەک کەرەسەی داپڵۆساندن، دەبێتە هۆی ئەوەی زمانی نەتەوەی داگیرکراو وەک چەمکێکی سیاسی ڕووبەڕووی دژبەرەکەی بێتەوە و دەبێتە ئامرازی بەرگری و حەول بۆ پاراستنی شوناسی نەتەوەیی. لەم دۆخەدا بە شێوەیەکی ئوتوماتیک زمان بەرهەمهێنی پەیامێکی سیاسی دەبێ. بەکارهاتنی ئەم زمانە لە لایەن نەتەوەی ژێردەستەوە کەرەسەیەکی بەهێزە بۆ پاراستنی شوناسی نەتەوەیی و شکستهێنان بە داگیرکارییە کلتوورییەکانی زمانی باڵادەست.
لەو سەردەمەوە کە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتدارێتیی ڕەزاشادا، بە کەڵک وەرگرتن لە «گوتاری ناسیۆنالیستیی کەوناراخوازی پەهلەوی»، زمان بوو بە ئامرازی داپڵۆسانی نەتەوەی کورد، زمانی کوردی وەک گرینگترین بابەتی کلتووری لە توێی گوتاری نەتەوەییی کورددا جومگەبەندی کرا. لە ڕاستیدا زمان بووە یەک لە هەرە کەرەسە گرینگەکانی بەرگریی کورد لە شوناسی نەتەوەیی و هەر لەو ڕۆژەوە ئەو زمانە گەشەی کرد. دوای شۆڕشی گەلان لە ساڵی ٥٧دا، بەکارهێنانی زمانی کوردی بووە بەهای سەرەکیی کورد و لە سەری ڕاوەستەی کرد و پێداگرانە حەولی پەرەپێدانی دا، کە ئەوە ڕوونترین شێوەی بەسیاسیبوونی زمانە کە زۆر ڕاشکاوانە ئەم ئەرکەی بە ئەنجام گەیاندووە. بەکارهێنانی زمانی کوردی لە لایەن نەتەوەی کوردەوە سەرەڕای ئەو هەمووە زەبر و زەختە لە سەر کورد و زمانەکەی، هەڵگری ئەو پەیام و ئەرکە سیاسییە بووە کە کورد شوناسێکی جیاوازە، نەتەوەیەکی زیندووە و ملکەچی داگیرکاری و داپڵۆسین نابێت و زمانی کوردی تواناییی ڕاگواستنی بەها کلتووریەکانی نەتەوەکەی بە نەوەی نوێی هەیە.
دوژمنانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات ویستوویانە ئۆبژەییی کورد لە ڕێی بێزمانی یا لانیکەم لاوازی و ناکارەمەییی زمانییەوە بسەلمێنن تا لەو ڕێگەیەوە تواناییی هیزی داگیرکارییان بسەپێ، بەڵام کورد بە پێداگری لەسەر چەمکە کلتووری و جیاوازییەکانی خۆی، توانی وەک سووژەیەکی شوناسناسانە خۆی ببینێتەوە. زمانی کوردی چەشنی کەرەسەی بەرگری لە دوو دەورەی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامیدا بووە سیاسیترین چەمکی گوتاری نەتەوەییی کورد. لەو سەردەمەوە کە ئەدەبی کورد لە سەر زمانی خۆی پێداگریی کردووە، تەنانەت ئەو کاتەی کە ئەدەبێکی سیاسیشی پێ نەخوڵقاوە، هەڵگری پەیامێکی سیاسی بووە. لە ڕاستیدا زمان وەک بابەتێکی سەر بە شوناسناسیی کورد، گرینگترین ئامرازی بەرگری و سەلماندنی شوناسێکی جیاواز بووە. ئەگەر داگیرکەر دەیهەوێ زمان وەک ئاپاراتووسێکی داگیرکارانە بە دژی کورد بەکار بێنێ، زمانی کوردی هەڵگری ئەرکێکی گرینگی سیاسییە کە سەلمێنەری سەربەخۆیی و جیاوازیی زمانی و کلتوورییە.