ســـــه‌روتار

ئاگری ئیسماعیل‌نژاد

“ئەویتر”ەکانی کورد یان کورد وەکوو “ئەویتر”


 
لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە، کۆتاییی شەڕی یەکەمی جیهانی گرینگترین خاڵی وەرچەرخانی مێژووی نوێی کوردستانە:

یەکەم: لە دابەشکاریی براوەکانی شەڕدا کورد هیچ دەسەڵاتێکی پێنەبڕا.

دووهەم: نەتەوەی کورد لەلایەن جیرانەکانییەوە وەک “ئەویتر”ی هەرسێک نەتەوەی دراوسێیەوە پێناسە کرا.

ئەوەی نەتەوەی کورد وەکوو “ئەویتر”ی نەتەوەکانی دراوسێی پێناسە کرا، تەنانەت لەوەی خاکی کوردستان داگیر کراوە، بۆ تاکی کورد مەترسیدارتره. چون ئەو پێناسە نوێیەی نەتەوەی کورد، ئەو نەتەوەیەی خستە دۆخی ژینۆسایدی بەردەوامەوە! بەو مانایە کە لە ڕووی فەرهەنگییەوە هەوڵی توانەوە و داگیرکردنی فەرهەنگی کورد درا و، ئەوەی بۆ کوردیش مایەوە، وەک فەرهەنگی سووک پێناسە کرا. لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە کەسایەتیی تاکی کورد تێک شکێندرا و، ناسنامەی کورد گرێدراوە بە بوونی نەتەوەی باڵادەستەوە!

لە ڕووی ئابوورییەوە، بەرەوڕووی ئابووریی تاڵان بووینەوە، سەرچاوەی ئابووری بە شێوازی جۆراوجۆر لەلایەن نەتەوەی باڵادەستەوە داگیر کرا و دەستی بەسەردا گیرا. هاوکات پێش بە گەشەی کوردستانیش گیرا، پێشگرتن بە گەشەی کوردستان و بە پەراوێزکردنی کوردستان، نەتەوەی کوردی تووشی قەیرانی هێزی مرۆیی کرد!

لە ڕووی تەناهییەوە کوردستان بوو بە شەڕگەی هێزی چەکدارەکانی ئەو نەتەوانەی کوردیان وەک “ئەویتر”ی خۆیان دەناسی؛ هەر چوارپارچەی کوردستان لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا  قەتلوعامی تێدا کراوە!

لە ئاستی نێودەوڵەتیشەوە چوار دەوڵەت کە ڕەواییی نێودەوڵەتییان لەپشت بوو، هاوکات دژی بەرژەوەندیی نەتەوەی کورد کاریان دەکرد!

ئەم وێنایە پێناسەی دۆخی ژینۆسایدی بەردەوامە! “ئەویتر” ناساندنی کورد لەلایەن دراوسێیەکانییەوە، دۆخێکی خوڵقاند که بەشێک لە کۆمەڵگای کوردستان بۆ ئەوەی لە “ئەویتربوون” ڕزگاری بێت! خۆی دژی کوردبوونی خۆی دەوستێتەوە و، بەها و بایەخەکانی مرۆڤی کورد بە سووک سەیر دەکات!

دۆخی مرۆڤی کورد ئێستا دەکرێت لەگەڵ دۆخی مرۆڤی جوو لەپێش دامەزرانی دەوڵەتی ئیسڕائیل هەڵسەنگێندرێ، پێش دامەزرانی ئیسڕائیل مرۆڤی جوو “ئەویتر”ی نەبوو، بەڵکوو جووبوون ببوو بە “ئەویتر”ی کۆمەڵگای کریستییانەکان، واته جووبوون نەک وەک پێناسەیەکی جێگای ڕێز و خاوەن ماف لەلایەن کۆمەڵگای کریستییانەکانەوە سەیر نەدەکرا، بەڵکوو بە ماکەی شەڕیش دادەندرا!

مرۆڤی کوردیش لەلایەن دەسەڵاتدارێتییەکانی ئێستای داگیرکەری کوردستانەوە وەکوو “ئەویتر” و هەوێنی شەڕ پێناسە دەکرێت! ئەوه وایکردووە لە ڕوانگەی داگیرکەرانەوە کوردبوون خۆی لە خۆیدا ناسنامەیەکی خاوەن ماف نەبێت، بەڵکوو “ئەویتر”ێک بێت کە هەوێنی شەڕە! ئەو پێناسەیەی نەتەوەکانی دراوسێی کوردستان لە نەتەوەی کورد هەیانە ، وێڕای داگیرکەریی خاكی کوردستان لەلایەن نەتەوەکانی دراوسێیەوە، وایکردووە دۆخێکی دوژمنایەتی لەنێوان کورد و نەتەوەکانی جیرانیدا ساز ببێت، ئاسایی بوونەوەی ئەو دۆخە دوژمنایەتییە لە گرەوی ئەوەدایە کە نەتەوەکانی جیران یەکەم: چی دیکە کورد وەکوو “ئەویتر”ی خۆیان پێناسە نەکەن! دووهەم: قایل به مافی سەروەری بۆ نەتەوەی کورد بن.

ئاشکرایە هەتا گەیشتن بەو قۆناغە نەتەوەی کورد بە پێی مافی بەرگریی ڕەوا دەتوانێ بە هەموو چەشنێک بوونی خۆی بپارێزێ . بەڵام کاتێک کورد گەیشتە قۆناغێک که چی دیکە “ئەویتر”ی هاوسێیەکانی نەبێ، ئەوە دۆخی دوژمنایەتی دەگۆڕدرێ بۆ دۆخی ئاسایی!

فۆڕمی سەبسکرایب

دەتوانن ئاگاداری دوایین بڵاوکراوەکانی گۆڤاری تیشک بن، لە ڕێگەی سەبسکرایب کردنی ماڵپەڕەکەمان.

سەرکەوتوو بوو، زۆر سپاس!

کێشە هەیە!

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان