ئارامتر بخوێنەوە

هەوڵی ئاسمیلە کردنی نەتەوەیی، بە جەخت کردنەوە لەسەر کرماشان تا کەنداو

زاگرۆس ڕۆژهەڵات


“شوناسی نەتەوەیی بریتییە لە کۆمەڵێک کردار و تایبەتمەندیی مێژوویی و کەلتووری کە نەتەوەکان لە یەک جیا دەکاتەوە و لە هەمان کاتدا ئەندامانی نەتەوەیەک پێکەوە گرێ دەدات. شوناسی نەتەوەیی بەرزترین ئاستی شوناسی بەکۆمەڵ لە هەر وڵاتێکدایە و وەدەست هێنانی شوناس لەم ئاستەدا دەبێتە هۆی شوناسی بەکۆمەڵ و لە ئاکامدا چەشنێک هەستی بەکۆمەڵ کە بە شوناسی نەتەوەیی ناودێر کراوە. شوناسی نەتەوەیی ئاخرین پلەی وەدست هێنانی شوناسە کە تاک لە ڕێگەی بنەماڵە، قوتابخانە و ڕاگەیاندنەکان و کتێب و چاپەمەنی و پاڵنەرە سیاسییەکانەوە دەستی پێی ڕادەگات.”

 

شوناس

شوناس بەواتای کێ بوونە. ئەوەی کە تاک یان گرووپێکی مرۆڤی خۆی چۆن دەناسێت و دەیهەوێ چۆن بناسێنێت و چۆن بیناسن. شوناس وڵامێکی سروشتی لە مرۆڤدایە بۆ ناساندنی خۆی لە ڕێگەی توخم و دیاردەگەلێکی وەک کولتوور، مێژوو و جوغڕافیا و زمانەوە. هەروەها شوناس بە واتای چی بوون و کێ بوونە و لە پێداویستیی سروشتیی مرۆڤ بە ناسراوبوون لە پەیوەندی لەگەڵ شتێک یان شوێنێکەوە دێت. ئەم پێویستییە بە گرێدراو بوون بە شتێک یان شوێنێک، ڕیشەی لە زات و غەریزەی مرۆڤدایە. هاتنەدی ئەم پێویستییە دەبێتە هۆی خودوشیاریی تاک لە مرۆڤەکاندا و دەسڕاگەیشتن پێی لە نێو گرووپێکی مرۆڤیدا سەرەنجام دەگاتە خودوشیاریی بە کۆمەڵ و هاوبەش یان شوناسی نەتەوەیی[1].

وشەی شوناس (identity) لە ڕیشەی وشەی یۆنانیی identitcaske کە لە idem بە واتای وەک یەک و لەیەکچوو وەرگیراوە. لە لایەکەوە بە واتای وەک یەک بوون و لەیەکچوونە، کە دەگەڕێتەوە بۆ بەردەوامی و دووپات بوونەوە و لە لایەکی دیکەوە بە واتای جیاوازی و دژوازیی لێکچوونە و پێداگری لە سەر ئەویتر بوون دەکات. هەرچەند ئەم دوو پێناسەیە لە شوناس، وەک دژوازیی یەک دێنە پێش چاو، بەڵام باس لە دوو ڕەهەندی جیاوازی شوناس دەکەن. یەکیان شوناسی تاکەکەسی و ئەوی دیکەشیان شوناسی نەتەوەیی، شوناسی نەتەوەیی لە نێوان خەڵکی خۆیدا بەدوای لێکچووندا دەگەڕێت و لەسەر هێما و شتە هاوبەشەکانی وەک زمان و و کولتوور و مێژوو …. پێک دێت و پێداگرییش لە سەر جیاوزییەکانی لەگەڵ نەتەوە یان شوناسی نەتەوەیی جیاواز دەکات، بەڵام شوناسی تاکەکەسی  بە چەشنێک ئاگاهی دەوترێت کە تاک لە ڕەوتی کۆمەڵایەتی بوون و هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەوانی دیکە لەمەڕ خۆی وەدەستی دێنێت و بە کورتی هەستی جیاوازیی تاکە لەوی تر و خۆ ناسین و پێکهێنانی کەسایەتیی سەربەخۆ [2].

لە ڕوانێنێکی گشتیدا بۆ پرسی شوناس دەتوانین بێژین کە دەرونناسان لە بنەماوە شوناس لە ڕوانگەی کەسییەوە و کۆمەڵناسان لە ڕوانگەیەکی جڤاکییەوە لێکئەدەنەوە. دەرونناسان واتای شوناس گرێ ئەدەنەوە بە تایبەتمەندیی تاکەکەسی و هەستی تاک، لەم بوارەوە شوناس بریتییە لە هەست کردن بە جیاوازیی تاکەکەسی و هەستی تاک و بەردەوام بوونی کەس و هەستی سەربەخۆیی و جیاوازی لەگەڵ ئەوانی دیکە و هەستی سەربەخۆیی لە کەسانی دیکە؛ بەڵام دەرونناسانیی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵناسان لە سەر ئەو باوەڕەن هەستی شوناس بە هۆی پەیوەندیی دوولایەنە لە نێوان تاک و جڤاکدا پێک دێت. لە راستیدا کەسایەتی، بە شێوازی کۆمەڵایەتی و بێ ناوەندگیری لە قۆناغگەلی جیاوازی کۆمەڵایەتیبووندا، بیچم ناگرێت.

کاتێک کە تاک نەتوانێ شوناسی تایبەت بە خۆی لە باری تاکەکەسیەوە پێک بێنێت، لە باری دەروونییەوە خەساری مەزنی بۆ تاک خۆی دەبێت و بەشێکی مەزن لە کێشە کۆمەڵایەتییەکان لە جڤاکدا دەگەڕێتەوە بۆ نەبوون و پێکنەهاتنی ئەم شوناسە لە تاکدا کە بەدەر لە بابەتی ئەم نووسینەیە. بەڵام کاتێک کە شوناسی نەتەوەیی پێک نەیەت کۆمەڵگا بەگشتی زیان دەبینێ و جیاواز لە کێشەی کۆمەڵایەتی نەتەوەیەک بە گشتی بەرەو فەوتان و لە ناوچوون و توانەوە لە ناو نەتەوەی دیکەدا پاڵ پێوە دەنێت کە ئەم هەستە بۆ لانی کەم بە درێژایی سەدان ساڵ لە ناو نەتەوەی تواوەدا بەدی دەکرێت و بە درێژاییی تەمەنی چەندین نەوە، هەست بە چووکتر بوون لە نەتەوەی باڵا دەستدا دەکرێت و ئەم گرێ دەروونییە لە ناو پێکهاتەی نەتەوەی بێ شوناسدا، سەدان ساڵ دەمێنێتەوە و تاک بە تاکی ئەندامانی ڕەنج لەم خۆبەکەمزانین و توانەوەیە دەبیننن.


شوناسی قەومی

شوناسی قەومی و نەتەوەیی، دوو دەسکەوتی کۆمەڵگای مرۆڤین کە هەرکامەیان قۆناغی جیاوازی ڕەوتێکی بەردەوامن و هەرکامەیان گرێدراوی تاک لە قۆناغی جیاواز بە جڤاکەوە وەک خۆی پیشان دەدەن. شوناسی قەومی چکۆلەترین و ڕەنگە بەرهەستترین ئاستی گرێدراوی بە کولتوورێکی هاوبەش بێت کە لەخۆگری ڕیشەکان و مێژووی هاوبەش، شێوازی ژیان و زمانی هاوبەش و شوێنی ژیانی هاوبەشە و بە گشتی شێوازی ژیانی هاوبەشە بۆ تێپەڕاندنی ژیانی ڕۆژانە[3]. لە ڕاستیدا شوناسی قەومی چکۆلەتر لە شوناسی نەتەوەیییە و پانتایی و جەماوەرێکی کەمتر لە خۆ دەگرێت. وەک شوناسی قەومیی موکری، کرمانجی، هەورامی، لوڕی و … و پاشان لە ڕەوتی چێکردنی شوناسی نەتەوەییدا، گشت ئەم شوناسە قەومییانە (بە هەموو وردە جیاوازییەکانەوە کە سروشتی هەموو نەتەوەیەکە) دەبنە پێکهێنەری شوناسی نەتەوەیی (پێکهاتنی شوناسی نەتەوەیی بۆ کورد لەو قەومانەی کە ئاماژەمان پێ کردن). بڕینی قۆناغی قەومی و گەیشتن بە شوناسی نەتەوەیی، لەناو قەومەکانی هەر نەتەوەیەکدا بەرهەمی دیاردە پێشکەتوەکانی سەردەم وەک پەروەردە و ڕاهێنانی گشتی، پەرەگرتنی پەیوەندی لە نێو قەومەکان، ڕاگەیێنە گشتییەکان، دەوڵەت-نەتەوە، پێکهێنانی زمانی ستاندارد و دروست کردنی هێمای نەتەوەیی و بەگشتی هەموو ئەو دیاردە هاوبەشانەیە کە ئەم قەومانە لە دەوری شتە هاوبەشەکانیان کۆ دەکاتەوە.


شوناسی نەتەوەیی

یەکێک لە ڕەهەندە گرینگەکانی شوناسی نەتەوەیی بریتییە لەوەی کە تاک تەنیا لە ڕوانگەی کردەی عەقڵانییەوە سەیر ناکات، بەڵکوو دەنواڕێتە سروشتی ئەو، وەک تاکێک کە لەگەڵ ئەوانی دیکە هەڵسوکەوتی هەیە و هەموو کات تێدەکۆشێ بۆ پەرەپێدان بە ڕوانگەی خۆی بۆ هاوبەشی لە بایەخە ئاکاری و هاوبەشەکانی، لەگەڵ ئەوانی دیکە پەیوەندی و یەکیەتی و یەکگرتوویی دامەزرێنێت[4].

کەوابوو شوناسی نەتەوەیی بریتییە لە کۆمەڵێک کردار و تایبەتمەندیی مێژوویی و کەلتووری کە نەتەوەکان لە یەک جیا دەکاتەوە و لە هەمان کاتدا ئەندامانی نەتەوەیەک پێکەوە گرێ دەدات.

شوناسی نەتەوەیی بەرزترین ئاستی شوناسی بەکۆمەڵ لە هەر وڵاتێکدایە و وەدەست هێنانی شوناس لەم ئاستەدا دەبێتە هۆی شوناسی بەکۆمەڵ و لە ئاکامدا چەشنێک هەستی بەکۆمەڵ کە بە شوناسی نەتەوەیی ناودێر کراوە. شوناسی نەتەوەیی ئاخرین پلەی وەدست هێنانی شوناسە کە تاک لە ڕێگەی بنەماڵە، قوتابخانە و ڕاگەیاندنەکان و کتێب و چاپەمەنی و پاڵنەرە سیاسییەکانەوە دەستی پێی ڕادەگات.

لەڕاستیدا شوناس بەواتا نەتەوەیییەکەی، پێناسە کردنی خودی تاکەکەسی یان گرووپی لە کانتێکسی کۆمەڵایەتیدایە، کە لەودا ڕۆڵەکان، مافەکان، ئەرکەکان وکارکەردەکانی دیکە وێنا دەکرێن و دەکرێ واتا بکرێنەوە و بەرهەم بێن. شوناسی مۆدێڕن کە لە ناوەڕاستەکانی سەدەی حەڤدەیەمەوە وێنای خۆی لە چوارچێوەی شوناسی نەتەوەییدا خستەڕوو، لەسەر بناغەکانی جوغرافیایی و کولتووریی تایبەت دامەزرا کە بەهۆیەوە دەرخستن و وەدەستخستنی شوناس بۆ نەتەوە، بەواتا سەردەمییەکەی یانی سەقامگیربوون لە چوارچێوەی سنووری دەستنیشانکراو و دیاریکراودا. هەر بەم هۆیە، شوناسی نەتەوەیی هاوڕێ بوو لەگەڵ هاوبەشیی کولتووری و لە زۆربەی کاتدا زمانی نەتەوەیی بۆ پێناسەکردنی خود کەڵکی لێ وەرگیرا. تیۆرییەکانی سەربەخۆییی نەتەوەیی و دەوڵەت-نەتەوە و دەسەڵات لەناو سنوورەکانی نەتەوەیەکی تایبەت، کەرەسەکانی وەدیهاتنی شوناسی نەتەوەیی و پاراستن و پارێزراوبوونی شوناسی نەتەوەیی دەخەنەڕوو.[5] کەوابوو ئەگەر پێکهاتنی شوناس بەسەر دوو قۆناغی سەرەکیدا دابەش بکەین (بەدەر لە شوناسی تاکەکەسی)، سەرەتا هاتنەدیی شوناسی قەومییە و پاشان بە هۆی یەکگرتنی ئەم شوناسە قەومییانە کە خاوەن توخمەکانی هاوبەشی پێکهێنەری شوناسی نەتەوەیین، شوناسێکی گشتگیرتر بە ناوی شوناسی نەتەوەیی پێک دێت. بەڵام لەم ڕێڕەوەدا هەمیشە قەومە هاوشوناسەکان ناتوانن بگەنە قوناغی پێکهێنانی شوناسی نەتەوەیی و لە دنیای سەردەمدا بە هۆی دابەش بوونی قەومی یان نەتەوەییی نەتەوەکان لە نێوان چەند وڵاتدا، بە هۆی سیاسەتە کۆلۆنیالیستیەکانەوە، یان ژێردەست بوونی قەومەکانی پێکهێنەری نەتەوە جیاوازەکان لە نێوان چەند وڵاتدا و هەوڵی پاکتاو کردن و ئاسمیلە کردنیان لە پێناو دروست کردنی دەوڵەت-نەتەوە سەپێندراوەکاندا، بەشێک یان گشتیەتی نەتەوەیەک دەکەوێتە بەردەم هەڕەشەی لەنێوچوونی بەشێک لە شوناسە قەومییەکانی یان گشت شوناسی نەتەوەیییەکەی. گەلی کوردیش وەک نەتەوەیەکی کۆلۆنی کراو لە هەڕەشەی پاکتاو کردن و ئاسمیلە بوون پاش هاتنە ئارای دەوڵەت-نەتەوە خۆسەپێنەکان بێبەش نەبووە و هەوڵی سڕینەوەی شوناسی قەومیی بەشێک لەم نەتەوەیە لە بن دەسەڵاتی دەوڵەت-نەتەوەی فارسدا لە کرماشانەوە تا کەنداو(بەشی باشووری زاگرۆس) بە شێوازێکی چڕوپڕتر و پلان داڕێژراوتر بەڕێوە دەچێت کە لە دێڕەکانی داهاتوودا دەپەرژێینە سەر ئەو بابەتە.


کۆلۆنالیزم و هەوڵەکانی بۆ سڕینەوەی نەتەوەی کۆلۆنی‌کراو

لە سەدەی نۆزدەیەمدا بوو کە کۆلۆنالیسم پێی نایە قۆناغێکی نوێ و هەمەلایەنەتر. دەرهێنانی کانزاکانی نەتەوەی ژێردەست زیاتر پەرەی گرت، بازرگانی گرینگیی زیاتری پەیدا کرد، دامودەزگای حکوومەتی بە شێوازێکی بەرفراوانتر خۆیان بەسەر خەڵکانی ژێردەستدا سەپاند و قوتابخانە و پەروەردە و فێرکردنی فەرمی و بە زمانی نەتەوەی باڵادەست بە فەرمی دامەزرا کە سەرەتا بۆ بلیمەتەکان بوو و پاشان درگاکانی بە ڕووی تەواوی خەڵکدا کرایەوە[6]. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو وڵاتانەی کە ئاخی کوردوستانیان داگیر کردووە، ئەم دیاردەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی بیستەم و هاوکات لەگەڵ بەتاڵان بردنی هێز و وزە و سامانە سروشتییەکانی ئێمە و کوشتوبڕی خەڵک، هەوڵ بۆ سڕینەوەی بەیەکجاری و تواندنەوەی نەتەوەی ژێردەست بە دامەزرانی قوتابخانە و پاشان هاتنە ئارای ڕاگەیێنە گشتییەکان گەیشتە لووتکەی خۆی.

دەسەڵاتی داگیرکەری زاگرۆس لەو وڵاتەی کە بەناوی ئێران هەنووکە ناودێر کراوە، لە سەردەمی پاڵەوی و کۆماری ئیسلامیدا، ئەوپەڕی هەوڵی خۆی داوە کە هەستی شوناسخوازی بە پانتایی هەموو خاک و نەتەوەی کورد و بە تایبەت لە ناوچەکانی باشوری زاگرۆس، لە لایەکەوە بە گەورەکردنەوەی ئێرانشاری فارس و دروست کردنی مێژوویەکی وەهمی و ناڕاست، ئەم بەشە گرێ بدات بە ئێران و نەتەوەی فارسەوە و لە لایەکی دیکەوە بە مەزن پێشاندانی جیاوازیی ئایین و ئایینزایی، ئەو هەستە لەناو خەڵکدا دروست بکات کە ئەوان لەگەڵ فارسەکان بە هۆی ئایینزاوە خاوەن شوناسی هاوبەشن. هەرچەند ئایین و ئایینزاکان دەتوانن گرێدەری تاکەکان بن پێکەوە، بەڵام لە دونیای مۆدێڕندا، ئەم توخمگەلە وەک ڕابردوو کاریگەریی ئەوتۆ لە سەر شوناسسازی دانانێن.

پلانەکانی داگیرکەر بۆ ئاسمیلە کردنی نەتەوەی ئێمە بە شێوازیکی هەمە ڕەهەند بە پانتاییی هەموو خاکەکەمان و لەسەر کۆی نەتەوەکەمان بەڕێوە دەچێت بەڵام ئەگەر سەیری پلانەکانی داگیرکەر بکەین لە کرماشانەوە بەرەوخوار و تا دەگاتە کەنداو ئەم هەوڵە بۆ توانەوەی نەتەوەی ئێمە زۆر چڕتر دەبێتەوە و دەسەڵات لە ناوچەکانی کرماشان و ئیلام، بە کەڵک وەرگرتن لە هەموو کەرەسەکانی بەردەستی، هەوڵی ناشرین کردن و بە دوواکەوتو لەقەڵەمدانی شوناسی نەتەوەییی ئێمە و جوان و پێشکەوتنخواز نیشاندانی بەفارس بوون دەدات.

 لە بەشی لوڕستان، سەرەرای گرتنەبەری پلانی ئاماژە پێکراو، بە بڵاو کردنەوەی سەدان کتێب و بابەت و  چێکردنی دەیان بنکەی بەناو فەرهەنگی و ئەدەبی، هەوڵ ئەدات بە چێکردنی مێژوویەکی ساختە لە بەشی لوڕستاندا وا وێنا بکەن کە خەڵکی لوڕ هەر بەشێک بوون لە نەتەوەی فارس. یەکەمین شوێنیش بۆ سڕینەوەی شوناسی راستەقینەی بەشێک لەم گەلە لە قوتابخانەکانەوە دەست پێدەکات و کاتێک مێژوویەکی وەهمی و درۆ لەجیاتی مێژووی ڕاستەقینەی ئەم گەلە دادەنرێ، هەوڵی چەواشەی هەموو ڕووداوەکان دەدرێ و بە زۆر ناوی کەنداو دەکەنە کەنداوی فارس لە کاتێکدا لە هیچ لایەکەوە فارس لە دەوری ئەم کەنداوە نییە، کاتێک باس لە شوناسی ڕەسەنیش دەکرێ، سەرەتا بە کۆیلەیەکی ئەزەلیی نەتەوەی فارس ناویان دەبرێ و لە راگەیاندنیشدا هەوڵی ئەوە دەدەن وا بنوێنن بۆ ئەوەی پێشکەوتوو بین دەبێ خۆمان بە بەشێک لە فارسەکان بزانین، وەک ئەوەی کە بە هۆی درەنگ گەیشتنی ژیار و شارستانییەت پێیان، نەتوانن بە زمانی فارسیی پاراو قسە بکەن. هەروەها ڕوونە کە لە پلانێکی ڕانەگەیاندراودا، لوڕەکان وەک فارسی دوور لە شارەستانییەت و سادە پێناسەیان بۆ کراوە و ئەم دیاردەیە لە سەدان جۆک و تەنزدا کە نەتەوەی باڵادەست بەرهەمیان دێنێت، خۆی دەنوێنێت.

ئەمە لە کاتێکدایە کە زۆربەی نزیک بە گشت بەساڵاچووانی لوڕستان، لە شوناسی نەتەوەییدا خۆیان وەک کوردێکی لوڕ پێناسە دەکەن بەو واتایە کە وەک قەومی لوڕ خۆیان بە بەشێکی نەتەوەی کورد دەزانن و هەڵپەڕکێ و زەماوند و شینگێڕانیان و ئاکاری کۆمەڵایەتی و دابونەریتیان، وەک تەواوی وڵاتی زاگرۆسە و زۆر لەیەک نزیکە.

 
هەوڵدان بۆ پێکهێنانی شوناسی نەتەوەیی

ئەگەرچی نەتەوەکان پێکهێنراوگەلێکی کۆمەڵایەتین، بەلام وایش نییە کە لە هیچ دروست کرابێتن، نەتەوەکان بنەما و ڕیشەی مێژوویی و ئەتنیکییان هەیە، تەنانەت ئەگەر ئەم بنەما گەلە لە ئەفسانە و دیرۆک دروست کرابێتن. ئەم شێوە بۆچوونە هەروەها لەگەڵ بۆچوونی سەمبۆلیزمی ئەتنیکی لە ڕوانگەیەکەوە جیاوازیی هەیە. ئەم ڕوانگەیەش ئەوەیە کە من لە نێوان نەتەوە- وەکوو خەڵک- و دەوڵەت- نەتەوەدا جیاوزی دادەنێم، مەبەستیشم ئەوەیە کە ئەو هەڵوێستەم ڕەخنەگرانە بێت کە گوایە نەتەوەیەک ناتوانێت بوونی هەبێت بە بێ ئەوەی دەوڵەت-نەتەوەی هەبێت.

 شوناسی نەتەوەیی نیشاندەری ئەو هەستە هاوبەشانەیە کە کاتێ دێتە ئاراوە، مرۆڤ هەست بەوە بکات کە بەشێکە لە کۆمەڵی کولتووری یان نەتەوەیی. بەڵام لە هەمان کاتیشدا نیشاندەری جیاوازییەکانە لەگەڵ گرووپ و شوناسە نەتەوەیییەکانی دیکە. پێناسەی نەتەوەیی بەر لە هەموو شتێک پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتییە، لەگەڵ ئەمەشدا بنەمای ئیتنیکی و مێژووییی هەیە، تەنانەت ئەگەر ئەم بنەمایانە دەسکردیش بن. بە باوەڕی کاستێلز: زۆربەی ناسیۆنالیزمە سەرکەوتووەکان لایان وایە کە هەر لە سەرەتاوە هەرێم، زمان یا خود کەلتووری خوایانیان هەبووە کە ئەمانەش کەرەستەی خاوی مییلەتێکی ڕۆشنبیرانە چێ دەکەن. بە واتایەکی تر، ئایدۆلۆجییە ناسیۆنالیستەکان لە پێناو بەهیز کردنی گرێ هاوبەشە نەتەوەیییەکاندا، مێژوو و بیرەوەری، هەرێم و بەرژەوەندیی زمان و ژمارەیەکی هەرە زۆر لە هێما و ئوستوورە سیاسی و کولتوورییەکانی تر بەکار دەهێنن. ئەوەش شایانی باسە کە شوناسی نەتەوەیی، بەردەوام لە جوڵەدایە. نە شتێکی کۆن و بنەڕەتییە و نە شتێکە کە هەتاهەتایە وەک خۆی بمێنێتەوە. شوناس گرێدراوە بەو بەستێنەوە و بە تەنیا هەڵناسەنگێندرێت؛ کە ئەوەش مانای ئەوەیە پێکهاتە پچڕپچڕ و جیاوازەکانی شوناسی نەتەوەیی، بە پێی بەستێن و ئەو جەماوەرەی کە پێناسەی لەوێوە هەڵدەگیرسێت، شێوە و سیمای جیاواز بە خۆیانەوە دەگرن. گفتوگۆ و مشتومڕی بەردەوام لەسەر شوناسی نەتەوەیی دەبێتە هۆی پێکهێنان، سەرلەنوێ ساغکردنەوە و سەقامگیریی پێناسە نەتەوەیییەکان؛ کەواتە لە خوێندنەوەی شوناسدا دەبێت بەوردی لەسەر گوتاریش لێکۆڵینەوە بکرێت. پاژەکانی گوتارێکی ناسیۆنالیستی زۆر جار بریتین لە پێکهێنانێکی پچڕپچڕ لە کەلتوورێکی هەموانی، زمان، ئاو و خاک، هێماکان، مێژوو و ئێستا و داهاتوویەکی هاوبەش[7].

بێ هەبوونی پێناسەیەکی دروست لە شوناسێکی کۆمەڵایەتی، کەرامەتی تاک و مانەوەی نەتەوەیی مسۆگەرنابێت. لە دنیای سەردەمدا کە بە لێکدانەوەی کاستێلز نەک لە گوندی جەهانی بەڵکوو لە کەوێڵی جیاواز لە یەکتردا دەژین و لە سەردەمی شۆڕشی تێکنۆلۆژی و زانیاریدا کە دنیای دەوروپشتمان بەردەوام خەریکی نوێ بوونەوەیە و بەردەوام بەستێنێکی ئاوەڵاتر بۆ دەورگێڕانی تاک و کۆمەڵگاکان بەڕوویاندا دەکرێتەوە، بەڕیوە بردنی دەور لە هەڵسوکەوتی ناوچەیی و جەهانیدا، پێویستی بە خاوەن بوونی پێناسەی گشتگیر لە خود  لە ئاستی تاک و کۆمەڵگادایە. سەرەڕای ئەوەی کە هەندێ کەس جەهانیبوون و تێکنۆلۆژیی پێوەندیدار، وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر دەوڵەت نەتەوەکان پێناسە دەکەن، وا دێتە بەرچاو کە جەهانیبوون دەرفەتێکە بۆ دەوڵەت-نەتەوەکان یان نەتەوە کۆلۆنیکراوەکان کە بە شێوازێکی ژیرانە ئەسپی خۆیان لەم بەستێنەدا تاو بدەن و هەرچی زیاتر خەڵک لە دەوری خۆیان کۆ بکەنەوە[8].

کاتێک کە تاک یان کۆمەڵگا ئاگاداری توخمەکانی پێکهێنەری شوناس نەبن یان توخمەکانی پێگەی خۆیان وەک پێوەرەکانی ناسینی کۆمەڵگایەک لە کیس بدەن و توخمی دیکەش لە جیاتی ئەوان دانەنرێت، تاک یان کۆمەڵگا لەگەڵ کێشەی شوناس ڕووبەڕوو دەبێتەوە. بەم لێکدانەوەیە، تاک یان جڤاک بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە دەبێت لە نێو کولتوور، زمان ئایین یان ئایدئۆلۆژی خۆیدا بۆ بایەخی پۆزەتیڤ و بەردەوام بگەڕێت، تا لەم بشێوی و سەرگەردانییە کە بەردەوام ئازاری ئەدات ڕزگاری بێت و شوناسی ڕەسەنی تاک یان کۆمەڵگای خۆی وەدەس بێنێت[9].

لە بابەتێکی گرینگی وەک شوناسی نەتەوەیی و بەردەوامییەکەی، بێ هەڵسوکەوت لەسەر ناسینی یەکتر، ئیمکانی وەدی هاتنی نییە. سەرەڕای ئەمە لە باری داڕشتنی سیاسەتی کۆمەڵایەتیشەوە ڕایەڵەی دیالۆگی کۆمەڵایەتی، هەڤیازیی باش بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی پێک دێنێت، بەو واتایەی کە نۆڕمی کۆمەڵایەتی کە هەمووان یان لانی کەم زۆربەی تاکەکەکان قەبووڵیان بێت پێک دێت و بایەخی ئاکاری هاوبەش دروست دەبن و ئەمانەش گشتیان پێکەوە چەشنێک هاوپێوەندیی گرێدراوی کۆمەڵایەتی-نەتەوەییی ڕیشەدار پێک دێنن کە پچڕپچر کردن و لەنێوبردنی دەبێتە کارێکی دژوار بۆ دژبەرانی[10].

بیچم گرتنی کۆمەڵگای سیاسیی داڕێژراو لەسەر نەتەوە و بۆچوونەکانی دەوڵەت-نەتەوە گونجاوترین بەستێنی وەدیهاتنی شوناسی مۆدێڕن لە بارودۆخی پاش سەدەکانی ناوەڕاستن. لە کاتێکدا کە بۆچوونەکانی هاوبەشی بایەخە کۆنەکان وەک ئایین و پێگەی کۆمەڵایەتیی لە پێشدا داڕێژراو، نەیاندەتوانی لە دنیای نوێدا پارێزگاری لە مانەوەی خۆیان بکەن، شوناسی نەتەوەیی یانی ڕێککەوتن لەسەر بایەخەکانی داڕێژراو لەسەر ئازادی و دادپەروەری، باشترین جێگرەوەی پێوەرەکانی پێشوو بوون. پشتیوانیکردن لەم بارودۆخە نوێیە و بایەخەکانیشی، لەگەڵ چەمکگەلێک وەک کۆمەڵگای مەدەنی-سیاسی، دەسەڵاتی نێو سنوورەکانی خۆت، سەربەخۆیی و ئەمەگدارییە نوێیەکان، لە سەر بنەمای شوناسی نەتەوەیی پێناسە دەکرێن.

ئەم چەشنە لە پەیوەندیی نێوان چەمکەکەکان و پێکهاتنی چەمکی گشتگیری شوناسی نەتەوەیی، بە هاتنەئارای ڕێککەوتنی وێستفالی لە ساڵی 1846 و پێکهاتنی دەوڵەت-نەتەوە، بوونە حەقیقەتی ژیانی کۆمەڵایەتی. هزری ئەم سەردەمە، زمان وەک پێوەری سەرەکی بۆ وەدیهاتنی شوناسی نەتەوەیی پێناسە دەکات، زمان وەک ئامرازی دەربڕینی شوناسی سەربەخۆ و ئازادانە، گرینگترین پێویستیی ناسینی نەتەوە و پەیوەندییان لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەیە. زمانە کە دەتوانێ پرسیارە بنەڕەتییەکانی نەتەوەیەک بێنێتە گوڕێ و لەسەر بنەمای هەمان پێداویستییە شوناسییەکان، وڵامیان بداتەوە.

نەتەوە و دەوڵەت-نەتەوە لە ڕەوتێکی بە تەواوی هاوتەریبدا پێک نایەن[11] و گریمانەی  ئەوە هەیە کە نەتەوەیەک پێش یان پاش گەیشتن بە دەسەڵاتی نەتەوەییی خۆی، بتوانێ شوناسی نەتەوەیی لەناو ئەندامانی خۆیدا پێک بێنێت یا خود هەرگیز نەتوانێ شوناسی نەتەوەییی خۆی چێ بکات و لەناو نەتەوەکانیتردا بتاوێتەوە. هەوڵدان بۆ پێکهێنانی شوناسی نەتەوەیی، هەروەک گەلانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، لە ناو کوردیشدا مێژوویەکی دوورو درێژی نییە چون هەر لە بنەمادا، ناسیۆنالیزم وەک بیرۆکەیەکی تۆکمە لە جیهانیشدا خاوەن مێژوویەکی زۆر دوور و درێژ نییە و سەرەتاکانی دەگەڕیتەوە بۆ پاش سەدەکانی ناوەڕاست لە ئورووپا. هەوڵدان بۆ پیکهێنانی شوناسی نەتەوەیی لە ناو کوردیشدا هەرچەند بە شێوازە ئەدەبییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ خانی، بەڵام لە ڕووی سیاسی و پێکهێنانی دەوڵەت نەتەوەوە تەمەنی زۆر زیاتر لە سەد ساڵ تێناپەڕێت.

حاشای لێ ناکرێت کە مرۆڤ و کۆمەڵگا و لایەنەکانی کە کێشەی چێکردنی شوناسی نەتەوەیییان هەیە، دەبێت خاوەن پلان بن بۆ پێکهێنانی ئەم شوناسە لە ڕێگەی بنەماڵە، ڕاگەیاندنەکان، بەستێنی خوازەکی و لە هەمووی گرینگتر وتاری سیاسی و سیاسەتێکی تۆکمە و داڕێژراو لە سەر دیسکۆرسێکی نەک بەرەنگاری بەڵکوو هێرشبەرانە و تێکشکێنەری ئەو بابەتانەی کە داگیرکەر وەک ڕاستی بە گوێی بەشێک لە نەتەوەی ئێمەیدا کردووە و بەشێکی مەزنی نەتەوەی ئێمەی پێ بەلاڕێدا بردووە.

 لە دنیای سەردەمدا ناتوانین ڕەوتی پێکهاتن و سەرهەڵدانی شوناسی نەتەوەیی بە بێ ئاماژە و گەڕانەوە بۆ ڕۆڵی تێکنۆلۆژی و پەیوەندی بە باشی دەرک پێ بکەین. هەروەک چۆن مەک لووهان لە سەر ئەو باوەڕە بوو کە چاپ، میعماری ناسیۆنالیزمە[12]و بە هۆی هاتنە گۆڕێی ئینتێرنێت و ڕاگەیێنە گشتییەکانەوە، نەتەوە بێ دەوڵەتەکان تا ڕێژەیەکی بەرچاو دەتوانن لەم ڕێگایانەوە کاریگەری لەسەر خەڵکانی خۆیان بۆ پێکهێنانی شوناسی نەتەوەیی دابنێن؛ هەرچەن خاوەن دەوڵەت-نەتەوەی خۆشیان نەبن.

شوناس و هەڵبژاردنی شوناس لە دنیای سەردەمدا تا ڕادەیەکی زۆر دڵخوازە و هەر بۆیە ئەگەر شوناسی کوردی دەیهەوێ باڵادەست بێت و ئەم بەشە مەزنە لە خاک و خەڵکەکەی لە دەست نەچێت، ئەوە دەبێت بە کاری کولتوری و سیاسی و وێنا کردنی دنیایەکی باشی دواڕۆژ لە سەر پلانی تۆکمە و زانستی، سەرنجی ئەم خەڵکانە بۆ شوناسی نەتەوەییی ڕەسەنی خۆیان ڕابکێشێتەوە و هەروەها بە پلانەکانی، شکست بە فاشیزمی فارسیش بێنێت.

لە سەردەمی ئێستادا هەوڵ بۆ دروست کردنی نەتەوە یان پێکەوەنانی ئەو بەشانە لە نەتەوە کە لێکدابڕاون یان دەسەڵاتی باندەست بە هۆی گوشارەوە کارێکی کردووە کە کەلێنی مەودای لە باری خاکەوە (وەک کۆچاندنی بە زۆرەملیی بەشێک لە نەتەوەیەک بۆ شوێنێکی دوور لە ئاخی نیشتەجێبوونی) یان لە باری هەستەوە و هەستی گرێدراوی بە نەتەوەی خۆت کەمڕەنگ بێتەوە، دەکرێ لە ڕێگەی ئینتێرنت و ڕاگەیێنە گشتییەکانەوە، بە ڕێژەیەکی بەرچاو و بە تێچوویەکی کەم، قەرەبوو بکرێتەوە کە بەداخەوە نەتەوەی ئێمە بە تایبەت ڕووناکبیران و لایەنە سیاسییەکان، لەم بوارە گرینگەدا خەمساردییەکی قووڵیان تێدا بەدی دەکرێت و لە ڕاستیدا لەنێو نەتەوەی ئێمەدا ئەگەر هەوڵێکیش هەبێت، بەر لەوەی هەوڵی پێکهێنانی شوناسی نەتەوەیی بێت، هەوڵی بڕەوپێدان بە لایەن و ئایدئۆلۆژییەکی تایبەتە. ئەو ڕاستییە لەبەرچاو نەگیراوە کە ئەگەر درەنگ بجووڵێنەوە، بەشێکی مەزن لە نەتەوەکەمان لەدەست دەچیت.


ئاستەنگەکانی بەردەم بیچم گرتنی شوناسی نەتەوەیی

کاستێلز، شوناس بە سەر سێ بەشی مەزندا دابەش دەکات کە بریتین لە:

یەکەم، شوناسی ڕەواییدەر، کە لە ڕێگەی دامەزراوەکانی زاڵ بەسەر کۆمەڵگادا بۆ زاڵ بوونیان بەسەر بکەرانی کۆمەڵایەتیدا دروست دەکرێن.

دووهەم، شوناسی بەرەنگار بوونەوە، کە لە لایەن ئەو بکەرانەوە چێ دەکرێت کە لە بارودۆخێکدان کە لە لایەن لۆژیکی زاڵەوە بە بێ بایەخ ناودێر دەکرێن و یان بە خراپ و کۆیلانە ناودێری کردوون.

سێهەم، شوناسی بەردەوام کە لە لایەن بکەرانی کۆمەڵایەتی و بە کەڵک وەرگرتن لە هەر چەشنە توخم و چەمکی کەلتووری کە لەبەردەستیاندایە دروست دەکرێت بە مەبەستی پێناسەیەکی دروست و گونجاو لەم چەمک و توخمانە و یەکگرتنی کۆمەڵایەتی و پێکهێنانی شوناسی نەتەوەیی[13].

لێرەدایە کە دەبینین شوناسی ڕەواییدەر لەم ناوچانە، بە هۆی زاڵ بوونی داگیرکەر لەسەر خاکەکەمان بە دەستی داگیرکەرەوەیە و بە پێی پلانی خۆیی و لە ڕێڕەوی توانەوەی ئێمەدا کەڵکی لێ وەردەگرێت. دۆخی نادڵخواز ئەوەیە کە شوناسی بەرەنگار بوونەوە لەلایەن ئێمەوە لەم ناوچانە گرینگیی تایبەت بە خۆی پێ نەدراوە و ئامادە بوونێکی لاوازی هەیە. هەر ئەم نەبوونەیش وای کردووە کە نەتەوەی سەردەست، لە ئامانجەکانی خۆی نزیک بێتەوە و خەریکە دەگاتە دروست کردنی شوناسێکی بەردەوام لە ڕێڕەوی مەرامی خۆیدا و بە دژی شوناسی ڕەسەنی خەڵکی دەڤەرەکە. بە گشتی بەربەستەکانی بەردەم پێکنەهاتنی شوناسی نەتەوەیی لە ناوچەی زاگرۆسدا دەتوانین بەسەر دوو لایەندا دابەش بکەین.


یەک: بواری ناوخۆیی

لە ڕاستیدا تێپەڕین لە تێگەیشتنی تاکەکەسی بەرەو بیچمگرتنی شوناسی کۆمەڵایەتی، بەستێنێک پێک دێنێ کە لەودا حەز و داخوازی و بۆچوون و ئارمانەکانی ئێمە دەبنە خاوەن واتا. ئەگەر بەستێنەکانی هەڵسوکەوت تەوەرانە بۆ بەرەوپێشچوونی گەشەی مرۆڤ لەبەرچاو نەگیرێت، ئیمکانی پێناسەی کولتووری و شوناسی هیچکات پێک نایەت و شوناس و کەسایەتیی ئەوانی دیکە لەبەرچاو ناگرێت. ئەمە سەرەکیترین هۆکاری بێبەش بوونی کۆمەڵایەتی و لە ئاکامدا نادادپەروەرییە. لێرەدایە کە جارێکی دیکە پێداگری بکەینەوە کە بیچمگرتنی شوناسی کۆمەڵایەتی، هاوڕێیە لەگەڵ ڕامانی قووڵی ئاکاری[14].

 شوناسی نەتەوەیی وەک هەستی گرێدراوی و ئەمەگداری بە توخم و هێمای هاوبەشی کۆمەڵایەتی لێک ئەدرێتەوە، ئەم توخم و هێماگەلەیە کە دەبنە هۆی هەست کردن بە یەکیەتی لەگەڵ ئەوانەی لە تۆ و قەومەکەت دەچن و جیاوازی لەگەڵ ئەوانی دیکە[15].
ئەندامانی بەشێک لە کۆمەڵگا، کاتێک کە هەست دەکەن لە لایەن ئەندامانی ناوەندەوە دەکەونە بەردەم هەڵاواردن، هەستی خۆ دەربازکردن لەم شوناسە کۆمەڵایەتییە و دۆزینەوەی شوناسێکی دیکە یان سەر لێشواوی و توانەوە لە شوناسێکی باڵا دەستدا تێیاندا دروست دەبێت. ئەگەر مێژووی نوێی خۆمان لە سەد ساڵی ڕابردوودا و پاش سەرهەڵدانی هەستی شوناسخوازی لە وڵاتەکەماندا لەبەرچاو بگرین، دەردەکەوێ کە سەرهەڵدانەکانی نەتەوەی ئێمە تایبەت بووە بە باکووری زاگرۆس یان لانی کەم زۆربەی سەرهەڵدانەکان و ڕێبەرانیان لەم جوغزە و لە دەوروپشتی ئەم ناوەندە هەڵکەوتوون؛ هەر بۆیە بە باش یان خراپ، ئەم ناوچەیە بۆ ئێمە دەبێتە ناوەند و دەبێت چەند لە لایەن کەسانی دەروپشتی ئەم ناوەندەوە هەوڵ دەدرێ بۆ خۆ لکاندن بەم مێژووە یان ئەم شوناسەوە، بە دەیان قات زیاتر لە لایەن ناوەندەوە ئەم هەستە بەهێز بکرێت کە ناوەند ئەوانی دیکەی نەخستووەتە پەڕاوێزەوە و هەمووان دەتوانن خاوەن یەک کاریگەری بن و دەسکەوت و شکستەکان بە مڵکی هەموو خاوەنانی شوناس بزانرێ نەک دەسکەوت هی ناوەند و شکست بۆ کەسانی دەرەوەی ناوەند بگێڕێتەوە.

بە باوەڕی بێهروز بوچانی نووسەری کتێبی هیچ دۆستێک جگە لە چیاکان کێشەکە دەگەڕێتەوە بۆ پارێزگاکانی باکوری زاگرۆس چون لەوێیە کە شوناسی کوردیی خەڵکی کرماشان و ئیلام و لوڕستان  وەک کورد هەنووکەش قەبووڵ نەکراوە. بۆ نموونە ئەگەر ئیلامییەک کەسێکی باکووری زاگرۆس پێناسە بکات دەڵێ کوردە و هیچ کێشەیەک لە ناسینی وەک کورد و شوناسێکی هاوبەش پێک نایەت بەڵام بە پێچەوانەوە ئەگەر کەسێکی باکووری زاگرۆس، ئیلامییەک بناسێنێت، سەرەتا ئیلامییەکە بە شیعە و پاشان ئیلامی و دواتر وەک کوردێک و هاوشوناسێک پێناسەی بکات[16]

کەوابوو بزووتنەوەی کوردیش نەیتوانیوە لەو شوێنانەش کە چالاکیی زیاتر بووە، بە باشی شوناسی کوردبوون وەک یەک نەتەوە بوون بە پانتای گشت ئاخەکەمان بچەسپێنێ. ئەمە سەرەڕای ئەوەیە کە لە دنیای ئێستای سۆشیال میدیادا و ڕاگەیاندنەکان وەک TV کەمترین کات و وزە بۆ دروست کردنی شوناسی نەتەوەیی لەم ناوچانە تەرخان کراوە.

ڕوونە کە کێشەکە، کێشەیەکی دوو لایەنەیە؛ یانی هەر چەند ئەگەر دەسەڵات یان دەستی دەرەکی بووەتە هۆی ئەوەی شۆڕش و بەرخۆدانی کوردی و کردەوەی ئازاد کردنی ئاخی کۆلۆنیکروامان بە شێوازی خەباتی هەمەلایەنە و دەسەڵاتی کوردی نەگەیشتووەتە ئەم بەشانە، بەڵام بەداخەوە دەبینین کە کێشەکە تەنیا لاوازی یان سەرکوتی هەستی دروست بوونی شوناسی کۆمەڵایەتیی هاوبەش نییە. کێشە لەوەدایە کە زۆر کەس پێێان وایە شوناسی کورد بوون لەم ناوچانە (لە کرماشانەوە هەتا کەنداو) شوناسی پلە دووە.

کە واتە ئەمە خەسارێکی دوو سەرەیە لە لایەکەوە ئەو بەشە لە نەتەوەی ئێمە کە لە پارێزگاکانی سنە و ورمێن (باکوری زاگرۆس) بە هۆی کەمتر بەشداری کردنی هاوشوناسەکانیان لە خوارەوە لە خەباتدا، پێناسەی کوردبوونیان دەخەنە پاش پێناسەی ئایین یان شارەکەیانەوە. هەر بۆیە دەتوانین پەیوەندییەکی خاوەن واتا لە نێوان شۆڕش و هەستکردن بە شوناسی کوردی دەسنیشان بکەین. شوناسی کوردایەتی دەبێت لە ڕێگەی بەرفراونکردنی خۆی لە هەموو ڕەهەندەکانەوە، لە لایەک هەستی پێویستیی ڕزگار بوون لە کۆلۆنیالیزم لە تەواوی چوارچێوەی نەتەوەکەی خۆیدا پەرە پێ بدات و لە لایەکی دیکەوە ئەو بەستێنەش پێک بێنێت کە جیاوازیی ئایینی یان ئایینزایی و ناوچەیی، نەبێتە بەربەست لەسەر ڕێگەی پێکهێنانی شوناسێکی گشتگیری نەتەوەیی.


دوو؛ بواری دەرەکی

دەسەڵاتە داگیرکەرەکان ئەوپەڕی هەوڵیان داوە ئەم ناوچانە وەک بەتاڵ لە شوناسی کۆمەڵایەتیی خۆیان بنوێنن یان وا وێنای بکەن کە خاوەن ئەو کێشە و ئارەزوو خواستانە نین کە لە پارێزگاکانی باکووری زاگرۆس تاکی کورد خاوەنیەتی و ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆش هەندێ جار تێیدا سەرکەوتوو بووون و لە دێڕەکانی سەرتردا باسمان لە هەوڵەکانی دەوڵەت-نەتەوەی فارس لەم بەشەی زاگرۆسدا کرد و پێویست بە دووپات بوونەوەی ناکات. لێرەدا بە کورتی ئاماژە بە بەرگرتن بە دوو هەوڵی ڕێبەرانی کورد دەکەین بۆ پەرەپێدانی شوناسی نەتەوەیی لەم ناوچانە و پێشپێگرتنیان لە لایەن زلهێزانی جەهانییەوە.

ولە مێژووی نوێ و پاش سەرهەڵدانی بیری شوناسخوازیی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە زاگرۆسیش، دەستێکی دەرەکی واتە زلهێزە جیهانییەکان، هاوکات لەگەڵ دەستی داگیرکەر بۆ پێشگرتن لە تەشەنەسەندن و کشانی شوناسی نەتەوەیی بۆ ئەم بەشانە دەبیندرێ. لە کاتی شۆڕشی سمکۆدا، بەرگرتن بە شۆڕش بۆ شۆڕىوونەوە بۆ ئەم ناوچانە لە لایەن زلهێزانەوە و لە لایەکی دیکەوە لەسەردەمی کۆماری کوردستاندا پێشگرتن لە پەرەگرتنی کۆمار لە لایەن دیسانەوە زلهێزانەوە دەکرێ وەک دەستی دەرەکیی جیهانی چاو لێ بکەین و وەک عارف قوربانی دەڵێت: زلهێزەکان خوازیاری سەرنەکەوتنی نەتەوەی کورد و پێک نەهاتنی دەوڵەت-نەتەوە بۆ ئەم گەلە و دژی بەهێز بوونی کورد لە گشتییەتی خۆیدان[17].


زمان و هەستی دڵخوازانەی گرێدراوی بە نەتەوەیەک وەک گرینگترین توخمەکانی پێکهێنەری شوناسی نەتەوەیی

لە نێوان بەشە جۆراوجۆرکانی شوناسی نەتەوەییدا زمان، ڕۆڵ و گرینگایەتییەکی بنەڕەتیی هەیە. تەنانەت ئەگەر ڕوانگەی جەوهەرخوازانە سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان زمان و شوناسی نەتەوەیی هەندێک جاریش پەسەند کراو نەبێت. لانی کەم سێ بەڵگە بۆ پێداگری لەسەر گرنگیی زمان لەمەڕ پێناسە کردن و پێکهێنانی شوناسی نەتەوەیی بوونی هەیە:

یەکەم، بۆ زۆربەی خەڵک، بە تایبەت بۆ گرووپە کەمینەکان، زمان یەکێک لە بەرزترین نیشانەکانی ڕەسانەیەتی و شوناسی نەتەوەیییە. ئەم بابەتە بە تایبەت سەبارەت بە زمانی کوردی شتێکی زۆر ڕاست و دروستە.

دووهەم، پەیوەندیی بە ڕۆڵی  ئامێری بوونی زمانەوە هەیە. کیملیکا و ئێستراییل لە سەر ئەو باوەڕەن کە سیاسەتی دێمۆکڕاتیک، سیاسەتێکە کە لەسەر زمانی دایکی دامەزرابێت. شارۆمەندێکی ئاسایی تەنیا ئەو کاتە هەست بە ڕاحەتی دەکات کە بابەتە سیاسییەکان بە زمانی دایکی خۆی باس بکرێن. بە واتایەکی دیکە ڕێژەی بەشداریکردن لە ژیانی فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و سیاسیی کۆمەڵگایەکدا، پەیوەندیی بە ڕێژەی دەسڕاگەیشتنی شارۆمەندانی ئاسایی بە زمانی خۆیانەوە هەیە.

سێهەم، بە ڕاستی تەنیا لە ڕێگای زمانەوەیە کە پاژەکانی دیکەی شوناسی نەتەوەیی پێک دەهێنرێن. بیلینگ لەو باوەڕەدایە کە هەبوونی شوناسی نەتەوەیی بریتییە لە هەبوونی دەرەتان و دەرفەت بۆ قسە کردن سەبارەت بە نەتەوە[18].

هەرچەند فاشیزمی فارس وای دەنوێنێت کە جیاوازیی زاراوە لە نێو نەتەوەی ئێمەدا شتێکی سەیرە و لە بنەڕەتا جیاوازیی زاراوە نییە بەڵکو جیاوازیی زمانییە، لە کاتێکدا کە کوردیش وەک هەموو نەتەوەکانی دیکە بە هۆی پانتاییی خاکەکەی، ئاسایییە کە جیاوازیی زاراوەییشی تێدا بێت و بە پێچەوانەی بانگەشەی ئەوان بە تەواوی لە بەستێنی زماندا ئەمە دۆخێکی سروشتییە و بە تایبەت سەرەڕای نەبوونی دەوڵەت-نەتەوە لەناو نەتەوەی ئێمەدا و نەبوونی پەروەدە و فێرکردن بە زمانی خۆمان و پێکنەهاتنی زمانی ستاندارد، کەچی هێشتاش جیاوازیی زاراوەیی لە ناو ئێمەدا زۆر کەمترە تەنانەت لە فارسەکان؛ سەرەڕای دەیان ساڵ پەروەردەی یەکدەست و یەک زاراوەیی، چاو لێکە فارسێکی تارانی زۆر بە دژواری لە فارسێکی تاکستانی تێدەگات کەچی بۆ ئەوان ئەمە دەوڵەمەندیی زمانەکەیانە و بۆ ئێمە جیاوازیی زمانییە!

هەستی گرێدراویی مێژوویی بە گرووپێکەوە لە وڵاتی باوباپیران، دیرۆکی هاوبەش و بیرەوەرییە مێژوویییەکان، باوەڕ و گڕێدراوی بە کولتوورێکی گشتییەوە و بنەمای ئابووریی هاوبەش، هەموویان لە پێویستییەکانی وەدیهاتنی شوناسی سەردەمیانە و نەتەوەین.

بە باوەڕی جێنکێنز شوناسی کۆمەڵایەتی یارییەکی دوولایەنەیە و پێی وا نییە خاوەن واتایەکی زاتی و ئەزەلی بێت، بەڵکوو وەک بەرهەمی گەیشتن بە ڕێککەوتن و دەستڕاگەیشتن بە لێک تێگەیشتن لێکی ئەداتەوە و لە سەر ئەو باوەڕەیە کە بێ شوناسی کۆمەڵایەتی هەر لە بناغەوە کۆمەڵگاش پێک نایەت[19] کەوابوو ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەو کەسانەی ئەمڕۆکە خۆیان بە بەشێک لە نەتەوەیەک دەزانن، لە داهاتوودا ئەو هەستەیان نەبێت و ئەم شتە پێچەوانەکەشی ڕاستە.

سەرەڕای زمان، هەستی هاوشوناس بوون و هەڵبژاردنی ئازادانەی شوناس لەم سەردەمەدا، کاریگەرییەکی گەورە لە پێکهاتنی شوناسی نەتەوەییدا دادەنێن. لە ڕێگەی پرسیار و تێکەڵ بوون لەگەڵ خەڵکی لوڕ بۆم سەلماوە (هەرچەند نەمتوانیوە بە شێوازێکی فەرمی پرسیارنامە بڵاو بکەمەوە و لێکۆڵینەوەیەکی تەواو زانستی بەڕیوە بەرم) بە شێوازی ڕێژەیی زیاتر لە پەنجا لە سەدی ئەم خەڵکە بە تایبەت ئەوانەی کەمتر لە ژێر کاریگەریی هێژموونیی ڕاگەیاندنەکانی ناوەندتەوەردان، خۆیان وەک کوردی لوڕ پێناسە دەکەن و گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک و ناسری ڕەزازی، پڕ گوێگرترین گۆرانییەکان لەم ناوچانانەن و زۆربەی هەڵسوکەوت و داب و نەریتەکانیان و زاراوەکان لەگەڵ باکووری زاگرۆس یان هاوبەشە یان جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە کە بە دوو نەتەوەی جیاواز پێناسە بکرێن.

لە باری مێژوویی و زمانیشەوە بە دەیان کتێبی مێژوویی هەن کە لوڕەکان وەک بەشێکی گەورەی نەتەوەی کورد پێناسە دەکەن و هیچ کتێبێکی مێژوویی نییە یان من نەمدیوە شتێک بەدەر لەمە ببێژن[20]بۆ نموونە هەر لەم بارەیەوە دوکتور قاسملوو، کەریم خانی زەند وەک پاشای کورد ناو دەبات و سەرەڕای ئەوەی لە باری هۆز یان قەومیشەوە وەک لوڕ ناوی لێ دەبرێت.


دەرەنجام

هەرچەند هەستی نەتەوەیی و پێکهاتنی ئەم چەمکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مێژوویەکی دوورو درێژی نییە و چێ کردنی ئەم شوناسەش بۆ کورد وەک نەتەوەیەکی کۆلۆنیکراو کارێکی ساکار نییە، بەڵام ئێمە بە پانتاییی زاگرۆس هێندەمان هاوبەشی کەلتووری و مێژوویی، هاوچارەنووسی و لە هەمووی گرینگتر زمانی هەیە، کە بتوانین پێکەوە بە ناوی نەتەوەیەک و وەک هەموو نەتەوەکانی دیکە بە جیاوازیی تایبەت بە خۆمانەوە لە ژێر شوناسێکی یەکگرتوودا هەنگاو بۆ دەرباز بوون و ڕزگاری لە کۆلۆنیالیسم بنێین.

پێکهاتنی شوناسی نەتەوەیی لە پانتای زاگرۆسدا بە واتای ماکۆ تا کەنداوی لوڕستان لەو پێویستییە ستراتێژی و گرینگانەیە کە کێشەی ئاخی کۆلۆنیکراوی ئێمە دەخاتە قۆناغێکی دیکە و ئەو بەستێنەمان بۆ دەخوڵقێنێ کە بە هێزێکی مەزنتر و جەماوەرێکی زیاتر و لە باری جوغڕافیاییشەوە بە دەستڕاگەیشتمان بە ئاو لە تەنگەتاوی سنووری دەربازبین و ئێستەش ئەو کاتەیە کە نەتەوەی ئێمە لە ژێر هەر ناوێکدا کە زۆربەی دانیشتوانی ئەم پانتایە پێیان گونجاو بێت، شوناسێکی نەتەوەیی بۆ خۆی پێک بێنێت و هاوخەباتی و گشتاندنی خەباتەکەی بباتە قۆناغێکی دیکەوە.

کتێبە مێژوویییەکان، داب و نەریت، جوغرافیا، زمان، هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتی و… هەمووان بانگەوازی یەک نەتەوە بوونی ئێمە دەکەن و دەیسەلمێنن و بە دڵنییایییەوە کاتێک ئێمە بتوانین شوناسی نەتەوەیی لە زاگرۆسدا دروست بکەین، ئەو کات چارەنووسمان بە باری ئەرێنیدا دەگوڕدرێ و بێ ئەوەی تووشی وەهم بین دەبینە بەهێزترین نەتەوەی هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چون گرینگرین سەرچاوەکان، ڕێگەکان و … لەم ناوچەیەدا هەڵکەوتوون و لە ڕاستیدا دەسەڵاتداریەتی بەسەر زاگرۆسدا دەسەڵاتداریەتی بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە.



سەرچاوەکان

  1. بررسی هویت طلبی در فضای مجازی(سایبر) نمونەی موردی کردستان، محمود مبارکشاهی، فصلنامە فرهنگی، ادبی، اجتماعی، سال هفدهم، شمارەی83،84پاییز و زمستان92ل271-279
  2. جهانی شدن رسانەهای ارتباطی نوین و تاثیرات آن بر هویت قومی جوانان شهر سنندج، داود قاسمی، محمد قربانیان، کەژاڵ مدرسی، فصلنامە فرهنگی، ادبی، اجتماعی، سال هفدهم، شمارەی83،84پاییز و زمستان92ل225-240
  3. هویت های قومی و معمای هویت ملی، غلام عباس توسلی، مهدی اصل زعیم، مجلە مطالعات توسعە اجتماعی ایران، سال سوم، شمارە دوم، بهار1390، ل75-99
  4. هویت ملی وشرایط جهانی شدن، محمودمسائلی، ایران آکادمیا، ژورنال علوم انسانی و اجتماعی، شمارە5، بهار 1399، ل62-85
  5. هویت ملی وشرایط جهانی شدن، محمودمسائلی، ایران آکادمیا، ژورنال علوم انسانی و اجتماعی، شمارە5، بهار 1399، ل62-85
  6. درآمدی بر جامعەشناسی انسانی. آبرام وسوان. ت:جعفر نجفی زند. نشر دوران. ساڵ چاپ1382ل224
  7. میدیای دیجیتاڵ و شوناسە نەتەوەییەکان، جەعفەر شێخولئیسلامی، وەرگێڕان:سدیق محەمەد جانی، فصلنامە فرهنگی، ادبی، اجتماعی، سال هفدهم، شمارەی83،84پاییز و زمستان92ل42-59
  8. هویت های قومی و معمای هویت ملی، غلام عباس توسلی، مهدی اصل زعیم، مجلە مطالعات توسعە اجتماعی ایران، سال سوم، شمارە دوم، بهار1390، ل75-99
  9. بحران هویت و هویت دینی، بهمن اکبری، پیک نور، سال ششمم سال چهارم، سال87، ل219
  10. هویت ملی وشرایط جهانی شدن، محمودمسائلی، ایران آکادمیا، ژورنال علوم انسانی و اجتماعی، شمارە5، بهار 1399، ل62-85
  11. درآمدی بر جامعەشناسی انسانی. آبرام وسوان. ت:جعفر نجفی زند. نشر دوران. ساڵ چاپ1382ل202-203
  12. شوناس، زمان و میدیای نوێ: کەیسی کوردی، ن:جەعفەر شێخولئیسلامی، و:خالید شێخی، فصلنامە فرهنگی، ادبی، اجتماعی، سال هفدهم، شمارەی83،84پاییز و زمستان92ل 108-131
  13. شوناس، زمان و میدیای نوێ: کەیسی کوردی، ن:جەعفەر شێخولئیسلامی، و:خالید شێخی، فصلنامە فرهنگی، ادبی، اجتماعی، سال هفدهم، شمارەی83،84پاییز و زمستان92ل 108-131
  14. هویت ملی وشرایط جهانی شدن، محمودمسائلی، ایران آکادمیا، ژورنال علوم انسانی و اجتماعی، شمارە5، بهار 1399، ل62-85
  15. هویت های قومی و معمای هویت ملی، غلام عباس توسلی، مهدی اصل زعیم، مجلە مطالعات توسعە اجتماعی ایران، سال سوم، شمارە دوم، بهار1390، ل75-99
  16. بڕوانە وتووێژی بێهروزی بوچانی، لەگەڵ شەن سابیر، Kurdistan times
  17. بڕوانە وتاری عارف قوربانی بە ناوی کێشەی کورد کێشەیەکی نێودەوڵەتییە.
  18. شوناس، زمان و میدیای نوێ: کەیسی کوردی، ن:جەعفەر شێخولئیسلامی، و:خالید شێخی، فصلنامە فرهنگی، ادبی، اجتماعی، سال هفدهم، شمارەی83،84پاییز و زمستان92ل 108-131
  19. هویت های قومی و معمای هویت ملی، غلام عباس توسلی، مهدی اصل زعیم، مجلە مطالعات توسعە اجتماعی ایران، سال سوم، شمارە دوم، بهار1390، ل75-99
  20. بۆ زانیاری زیاتر سەردانی ئەم بابەت و کتێبانە بکە1.ڕیشە و ڕەچەڵەکی(کوردە لوڕەکان)باشتر بناسە، نەوزاد بۆسکانی2.قاموساالاعلام.3.شەرەفنامە لە نووسینی شەرەفخانی بەتلیسی.5.کورد کێیە؟لە نووسینی سۆران حەمەڕەش.6.طبقات الامم، نووسینی جرجی زیدان، چاپی قاهرە.7.تاریخ گزیدە حمداللە مستوفی.8.مێژوو، لە نووسینی یاقوت حەمەوی و دەیان کتێب و بابەتی زانستی دیکە لەسەرئەم بابەتە.

[1]بررسی هویت طلبی در فضای مجازی(سایبر) نمونەی موردی کردستان، محمود مبارک شاهی، فصلنامە فرهنگی، ادبی، اجتماعی، سال هفدهم، شمارەی83،84پاییز و زمستان92ل271-279

[2]جهانی شدن رسانەهای ارتباطی نوین و تاثیرات آن بر هویت قومی جوانان شهر سنندج، داود قاسمی، محمد قربانیان، کەژاڵ مدرسی، فصلنامە فرهنگی، ادبی، اجتماعی، سال هفدهم، شمارەی83،84پاییز و زمستان92ل225-240

[3]هویت های قومی و معمای هویت ملی، غلام عباس توسلی، مهدی اصل زعیم، مجلە مطالعات توسعە اجتماعی ایران، سال سوم، شمارە دوم، بهار1390، ل75-99

[4]هویت ملی و شرایط جهانی شدن، محمودمسائلی، ایران آکادمیا، ژورنال علوم انسانی و اجتماعی، شمارە5، بهار 1399، ل62-85

[5]هویت ملی و شرایط جهانی شدن، محمودمسائلی، ایران آکادمیا، ژورنال علوم انسانی و اجتماعی، شمارە5، بهار 1399، ل62-85

[6]درآمدی بر جامعەشناسی انسانی. آبرام وسوان. ت:جعفر نجفی زند. نشر دوران. ساڵ چاپ1382ل224

[7]میدیای دیجیتاڵ و شوناسە نەتەوەیییەکان، جەعفەر شێخولئیسلامی، وەرگێڕان:سدیق محەمەد جانی، فصلنامە فرهنگی، ادبی، اجتماعی، سال هفدهم، شمارەی83،84پاییز و زمستان92ل42-59

[8]هویتهای قومی و معمای هویت ملی، غلام عباس توسلی، مهدی اصل زعیم، مجلە مطالعات توسعە اجتماعی ایران، سال سوم، شمارە دوم، بهار1390، ل75-99

[9]بحران هویت  و هویت دینی، بهمن اکبری، پیک نور، سال ششمم سال چهارم، سال87، ل219-231

[10]هویت ملی و شرایط جهانی شدن، محمودمسائلی، ایران آکادمیا، ژورنال علوم انسانی و اجتماعی، شمارە5، بهار 1399، ل62-85

[11]درآمدی بر جامعەشناسی انسانی. آبرام وسوان. ت:جعفر نجفی زند. نشر دوران. ساڵ چاپ1382ل202-203

[12]شوناس، زمان و میدیای نوێ: کەیسی کوردی، ن:جەعفەر شێخولئیسلامی، و:خالید شێخی، فصلنامە فرهنگی، ادبی، اجتماعی، سال هفدهم، شمارەی83،84پاییز و زمستان92ل 108-131

[13]شوناس، زمان و میدیای نوێ: کەیسی کوردی، ن:جەعفەر شێخولئیسلامی، و:خالید شێخی، فصلنامە فرهنگی، ادبی، اجتماعی زرێبار، سال هفدهم، شمارەی83،84پاییز و زمستان92ل 108-131

[14]هویت ملی و شرایط جهانی شدن، محمودمسائلی، ایران آکادمیا، ژورنال علوم انسانی و اجتماعی، شمارە5، بهار 1399، ل62-85

[15]هویت های قومی و معمای هویت ملی، غلام عباس توسلی، مهدی اصل زعیم، مجلە مطالعات توسعە اجتماعی ایران، سال سوم، شمارە دوم، بهار1390، ل75-99

[16]بڕوانە و تووێژی بێهروزی بوچانی، لەگەڵ شەن سابیر، Kurdistan times

[17]بڕوانە وتاری عارف قوربانی بە ناوی کێشەی کورد کێشەیەکی نێودەوڵەتییە

[18]شوناس، زمان و میدیای نوێ: کەیسی کوردی، ن:جەعفەر شێخولئیسلامی، و:خالید شێخی، فصلنامە فرهنگی، ادبی، اجتماعی، سال هفدهم، شمارەی83،84پاییز و زمستان92ل 108-131

[19]هویتهای قومی و معمای هویت ملی، غلام عباس توسلی، مهدی اصل زعیم، مجلە مطالعات توسعە اجتماعی ایران، سال سوم، شمارە دوم، بهار1390، ل75-99

[20]بۆ زانیاریی زیاتر سەردانی ئەم بابەت و کتێبانە بکە:

  1. ڕیشە و ڕەچەڵەکی (کوردە لۆڕەکان) باشتر بناسە، نەوزاد بۆسکانی 2. قاموس الاعلام. 3. شەرەفنامە لە نووسینی شەرەفخانی بەتلیسی. 5.کورد کێیە؟ لە نووسینی سۆران حەمەڕەش. 6. طبقات الامم، نووسینی جرجی زیدان، چاپی قاهرە. 7. تاریخ گزیدە حمداللە مستوفی. 8. مێژوو، لە نووسینی یاقوت حەمەوی و دەیان کتێب و بابەتی زانستیی دیکە لەسەرئەم بابەتە.

داگرتنی بابەت

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان