ئارامتر بخوێنەوە

بەرەو یەکدەستبوون یان تەکجەناحی؟

داهاتووی کۆماری ئیسلامیی ئێران

د. ئیدریس ئەحمەدی


“دەرئەنجامی هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ساڵی ٢٠٢١ لە ئێراندا پێشبینیکراو بوو. لەگەڵ ئەوەی هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامیدا بەڕێوە دەبردرێن کە تەنیا ئەو کاندیدانەی شۆرای نیگابان و خامنەیی پەسەندیان کردوون، دەتوانن بەشدار بن، هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئەوساڵ لەچاو ساڵانی پێشوو جیاواز بوو. هەڵبژاردنی ئەوساڵ بە چەشنێک بەڕێوە برا، کە ئیبراهیم ڕەئیسیی بتوانێ تێیدا براوە بێ. دەرئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە نیشانەیەکە لە کۆتاییهاتنی قۆناغێک و دەستپێکی قۆناغێکی نوێ. عەلی خامنەیی لە هەوڵدایە کۆماری ئیسلامی، رێژیمێک کە لەگەڵ ئەوەی لە بنەڕەتدا یەکدەستە، بەڵام باڵباڵین تێیدا بەرچاوە، بەرەو تەکجەناحیی ببا و ئەوساڵ لەو هەوڵەدا سەرکەوت. هەڵبەت ڕوون نییە، ئایا لە درێژخایاندا بتوانێ لەوەدا بەتەوای سەرکەوێ یان نە.”

لەگەڵ ئەوەش، ئەم قۆناغە نوێیە لە مێژووی کۆماری ئیسلامییدا جێگای سرنجە و لەو پەیوەندییەدا دوو پرسیاری سەرەکی دێنە گۆڕێ، کە ئەم وتارەی بەردەست هەوڵ دەدا وەڵامیان بداتەوە: یەکەم، شێوەی حكوومڕانی لە قۆناغی تەکجەناحیدا چۆن دەبێ و کۆماری ئیسلامی لەمەودوا، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا چۆن دەجووڵیتەوە؟ دووهەم، قۆناغی تەکجەناحی لە کۆماری ئیسلامیدا چ ئاکامگەلێکی دەبێ لە پەیوەندی لەگەڵ سەقامگیریی ڕێژیمی ئیسلامی و بە گشتی لە پەیوەندی لەگەڵ داهاتووی کۆماری ئیسلامیدا؟

باڵباڵین لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا

سەبارەت بە باڵباڵێن لە کۆماری ئیسلامیدا، دەشێ سێ قۆناغی سەرەکی لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا لێک جیا بکرێنەوە. لە قۆناغی یەکەمدا، گرفتی باڵەکان لەسەر سیستەمی وەلایەتی فەقیھ بوو. خومەینی لەو ململانێیەدا سەرکەوت و سیستەمی وەلایەتی فەقیھی چەسپاند. لە قۆناغی دووهەمدا، باڵەکانی ڕێژیم زۆرتر لە سەر مەسەلەی ئابووری ناکۆک بوون و بە سەر باڵی “چەپ” و “ڕاستدا” دابەش دەبوون. تاکوو خومەینی مابوو، ململانێی نێوان باڵەکانی ڕێژیم بە دەستێوەردانی ناوبراو یەکلا دەکرایەوە. لە قۆناغی سێهەمدا، باڵی بەناو رێفۆرمخواز سەری هەڵدا و خۆی لەبەرانبەر باڵی کۆنەواردا پێناسە دەکرد.[i]

خاڵی گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە پاش چەسپاندنی وەلایەتی فەقیھ، کە کاکڵی ئایدیۆلۆژی کۆماری ئیسلامی لە ئێراندا پێک دێنێ، باڵەکانی ڕێژیم لە سەر مەسەلەی بنەڕەتیی دەستووری و ئایدیۆلۆژی کۆک بوونە. لەگەڵ ئەوەی محەمەد خاتەمی و لایەنگرانی باسیان لە “رێفۆرم” دەکرد، بەڵام جێگای ئاماژەیە کە ناوبراو ساڵی ٢٠٠٠ لە لێدوانێکدا تەنانەت باسکردن لە رێفۆرمی دەستووریی دژ بە “نیزام” و بە “خەیانەت” بە بزووتنەوەی رێفۆرمخوازی لە قەڵەم دا.[ii] لە لایەکی دیکەوە، بەدەر لە تەرحێک کە ساڵی ٢٠٠٠ سەبارەت بە پێداچوونەوە بە قانوونی ڕاگەیاندن لە مەجلیس پێشکەش کرا، بەڵام دواتر خامنەیی نەیهێشت ئەو گەڵاڵەیە پەسند بكرێت، باڵی رێفۆرمخواز هیچ کات مانیفێستێکی سەبارەت بە رێفۆرم پیشکەش نەکردووە. لەگەڵ ئەوەش، باڵی بەناو رێفۆرمخواز توانیی سێ سوودی بۆ کۆماری ئیسلامی هەبێ. یەکەم، ئەو باڵەی ڕێژیم توانیی پشتیوانیی بەشێکی بەرچاو لە دانیشتووانی ئێران وەدەست بێنێ و بە هیوای “رێفۆرم”، واداریان بکا کە لە هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمدا بەشداریی بکەن و بە مانایەک ڕێژیمێکی دیکتاتۆر کە کەڵکی ئامرازیی لە هەڵبژاردن وەردەگرێ، بکا بە دیکتاتۆرییەکی هەڵبژێردراو. دووهەم، قسە لە رێفۆرم دواجار توانیی ئوپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی لەت بکا. سێهەم، هەبوونی بەناو رێفۆرمخواز لە دەروونی کۆماری ئیسلامیدا وڵاتانی ڕۆژئاوای وادار کرد کە سەبریان لەگەڵ ئەو ڕێژیمە هەبێ و سیاسەتی دیالۆگ لەگەڵ کۆماری ئیسلامییدا بگرنە بەر، بە هیوای ئەوەی ئەو بەناو رێفۆرمخوازانە دواجار بتوانن سیاسەتی نێوخۆیی و دەرەوەی ئێران بگۆڕن. هەڵبەت لەگەڵ ئەوەی خاتەمی دوو دەورە سەرکۆمار بوو و رێفۆرمخوازەکان لە مەجلیس تاکوو ٢٠٠٤ زۆرینەی کورسییەکانیان بەدەستەوە بوو، هیچ جۆرە رێفۆرمێک نەكرا.

بەو پێیە، کۆماری ئیسلامی ڕێژیمێکی یەکدەستە؛ باڵەکانی ڕێژیم لە سەر مانەوەی کۆماری ئیسلامی و کاکڵەی ئەو سیستەمە، کە بریتییە لە ویلایەتی فەقیھ، کۆکن. هەروها سەبارەت بە سەرکوتی دانیشتووانی ئێران و چەوساندنەوەی نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی دیکە لە پێناو پاراستنی کۆماری ئیسلامیدا و ڕاگرتنی باڵادەستیی نەتەوەی فارس، کۆکن. لە لایەکی دیکەوە، سەبارەت بە بەرنامەی ناوکی و مەزنخوازی لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا، کۆکن. ئەگەر جیاوازییەکیان لەسەر سەرکوت و چەوساندنەوە لە نێوخۆ و سیاسەتی دەرەوەدا هەبێ، جیاوازیی تاکتیکین، نەک ئەوەی لە دیدی ستراتیژیکدا بۆ ئەو مەسەلانە جیاوازییان هەبێ. بە واتایەکی دیکە، رێفۆرمخواز و میانەڕەو پێیان وایە دەبێ سەرکوت کەم بکرێتەوە، نەک ئەوەی سەرکوت لە پێناو پاراستنی ڕێژیمدا نەمێنێ، هەروها پێیان وایە ئێران باشتر دەتوانێ بەرنامە ناوکییەکەی و پرۆژەی مەزنخوازیی لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا بەڕیوە ببا ئەگەر دیالۆگ و دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا بکەن.

پرسیارێک کە لێرەدا دێتە گۆڕێ ئەمەیە: ئەگەر باڵەکانی ڕێژیم لە دیدی ستراتیژیکدا بۆ مەسەلە گرنگەکان جیاوازییان نییە، بۆ لە نێو کۆماری ئیسلامیدا ململانێ لە ئارادایە و وەک دەرکەوتووە، باڵی بەناو کۆنەوار یان توندڕەوی خامنەیی لە هەوڵی پەراوێزخستنی باڵی بەناو رێفۆرمخواز و میانەڕەودایە؟ لە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەدا، دەکرێ ئاماژە بە جیاوازیی سیاسیی نێوان ئەو باڵانە بدرێ. ئەوەی لێرەدا بە جیاوازیی “تاکتیکی” ناودێر کرا، بە مانایەک جیاوازیی سیاسی دەگرێتەوە. بەڵام لە بنەڕەتدا، ململانێی نێوان باڵەکانی کۆماری ئیسلامی، لە سەر دەسەڵاتە. شێوەی یەکلاکردنەوەی ئەو ململانێیە، جیاوازیی هەیە لەگەڵ ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەکان لە وڵاتانی دێموکراتیکدا؛ ئەویش بریتییە لە کەڵکوەرگرتن لە زەبرووزەنگ و مێتۆدی دیکە بۆ پەراوێزخستنی یەکتر. لە کۆتایی نەوەدەکاندا، باڵی خامنەیی بە هەڕەشە و تەنانەت هەوڵی تیرۆرکردنی سەعید حەجاریان، کە بە یەکێک لە بیرمەندانی رێفۆرمخوازیی لە ئێراندا دەناسرێ، هەوڵی لاوازکردن و پەراوێزخستنی ئەو باڵەی ڕێژیمیان دا. دواتر، شۆرای نیگابان رێگریی لە بەشێک لە رێفۆرمخوازەکان کرد بۆ خۆپاڵاوتن لە هەڵبژاردنی مەجلیسدا. لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٤ بۆ مەجلیس و هەڵبژاردنی سەرکۆماری لە ساڵی ٢٠٠٥دا، رێفۆرمخوازەکان  پەراوێز خران. خامنەیی لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٩دا، لە پێناو هەڵبژاردنەوەی مەحموود ئەحمەدینژادا ئامادە بوو هەزینەی سیاسیی زۆر بدا، چونکە ناوبراوی بە وەفاداری خۆی دەزانی. ئەوە بوو،  دوای ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٢٠٠٩، بزووتنەوەی سەوز سەری هەڵدا، دواتر میرحوسێن مووسەوی و مێهدی کەڕوبی دەستبەسەر کران. هەڵبەت کاتێک کە ئەحمەدینژاد لە هەوڵی دروستکردنی پێگەی دەسەڵاتدا بوو بۆ خۆی، خامنەیی دواجار ئەویشی پەراوێز خست. رەفسەنجانی، یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆماری ئیسلامی، ئەویش پەراوێز خرا و تەنانەت دەنگۆی ئەوە هەیە ناوبراویش كوژرابێت. پاش ئەوەی رێفۆرمخوازەکان پەراوێز خران، لە هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ساڵی ٢٠١٣و ٢٠١٧دا، پشتیوانییان لە حەسەن ڕۆحانی کرد، کە خۆی بە “میانەڕەو” لە قەڵەم دا. هاوشێوەی رێفۆرمخوازەکان، ڕۆحانیش هێندێک بەڵینی سەبارەت بە کەمکردنەوەی سەرکوت لە نێو خۆی وڵات و دانوستاندن لەگەڵ ڕۆژئاوا دا، بەڵام بەدەر لە ڕێکكەوتنی ناوکی، کە ئەویش دواجار لە لایەن ئیدارەی ترامپەوە هەڵوەشێندرایەوە، ئەو بەڵێنیانە جێبەجێ نەکران.[iii]

بە لەبەرچاوگرتنی دەرئەنجامی هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ساڵی ٢٠٢١، هەوڵی تەکجەناحکردنی کۆماری ئیسلامی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٤ و ٢٠٠٥ بەدواوە دەستی پێ کرد و لەو سڵەدا گەیشتە لووتکە. هەڵبەت مەرج نییە ئەو هەوڵە سەر بگرێ. جێگای ئاماژەیە، لە ساڵی ٢٠١١دا، کاتێک ئەحمەدینژاد دەردەسەریی بۆ خامنەیی دروست کرد، ناوبراو تەنانەت هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی پۆستی سەرکۆمارییشی کرد.[iv] بە لەبەرچاوگرتنی کێشەی نێوان خامنەیی و ئەحمەدینژاد، کە لە پێشدا بە هاوبیر لەقەڵەم دەدران، رەنگ بێ خامنەیی لەگەڵ ڕەئیسیش تووشی کێشە ببێ. لەگەڵ ئەوەش، ئێستا هەم مەجلیس و هەمیش پۆستی سەرکۆماری لە دەست ئەو كەسانەدایە كە وەفادارن بە خامنەیی.  

لەگەڵ ئەوەی ململانێی نێوان باڵەکانی کۆماری ئیسلامی واقعییە، بەڵام هەم بۆ دانیشتوانی ئێران و هەمیش بۆ ڕۆژئاوا، بێئاکامە، مەگەر ئەوەی بگاتە شوێنێک کە ڕێژیم ناسەقامگیر بکا. رەنگ بێ هەوڵی تەکجەناحکردنی ڕێژیم بتوانێ لەو پەیوەندییەدا دەور بگێڕێ، بە تایبەت پاش مەرگی خامنەیی و بە مەرجێک دیاریکردنی جێگرەوە بۆ خامنەیی بەپێچەوانی دیاریکردنی جێگەرەوە بۆ خومەینی، بێ گرفت نەبێ. تاکوو ئەوکات و بە مەرجێ کێشەی جیددی لە نێوان خامنەیی و رەئیسیدا نەیەتە ئاراوە، دەکرێ لە ساڵانی داهاتوودا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی وەک تەکجەناحی لە قەڵەم بدرێ. لێرەدا هەروەها دەبێ ئەوەی لێ زیاد بکەین کە تەکجەنابوونی کۆماری ئیسلامی بە واتای حکوومەتی تاکەکەسیشە[v] (واتە کۆکردنەوەی جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵات لە دەستی یەک کەسدا)، چونکە لە ئەساسدا بە واتای ئەوەیە کە خامنەیی، کە دەسەڵاتداری سەرەکیی ڕێژیمە، هەروها مەجلیس و سەرکۆمار، دەخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی. پرسیار ئەوەیە کە لە قۆناغی تەکجەناحییدا، سیاسەتی نێوخویی و دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، هەروەها مەسەلەی سەقامگیری یان ناسەقامگیریی ڕێژیم و لە درێژەی ئەوەدا، داهاتووی کۆماری ئیسلامی چۆن دەبێ؟


داهاتووی کۆماری ئیسلامی

لە وەڵامی ئەو پرسیارانەی سەرەوەدا، دەکرێ پشت ببەستین بە دوو دەستە لێکۆڵینەوە لە زانستی سیاسیدا کە بە شێوەی جیاواز پەرژاونەتەوە سەر دوو مەسەلە؛ ئاکامی حكوومەتی تاكەکەسی لە بواری سیاسەتی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیی حكوومەتە دیکتاتۆرەکان لە لایەک، لە لایەکی دیکەوە ئاکامی حكوومەتی تاكەكەسی لە پەیوەندی لەگەڵ داهاتووی ئەو وڵاتە دیکتاتۆرانەی کە بەرەو دەسەڵاتی تاكەکەسی هەنگاویان ناوە. لەو لێکۆڵینەوانەی کە سەبارەت بە حكومڕانی و سیاسەتی دەرەوەی وڵاتانی دیکتاتۆر كراون، بە گشتی دوو جۆر وڵاتی دیکتاتۆر لێک جیا دەکرێنەوە؛ لە لایەک ئەوانەی کە وەک عێراق لە سەردەمی دەسەڵاتداریی سەددام حوسێندا حكوومەتی تاكەکەسیی تێیاندا زاڵە، لە لایەکی دیکەوە ئەوانەی کە هاوشێوەی چین لە پاش مەرگی مائۆوە تاکوو بەدەسەڵاتگەیشتنی ژی ژینپیین بە شێوەی دیتکاتۆریی بەكۆمەڵ تێیاندا حكوومەت دەکرێ.[vi]

بە گوێرەی یەکێک لەو لێکۆڵینەوانە، حكوومەتی تاكەكەسی لە وڵاتانی دیکتاتۆردا دەبێتە هۆی زیادبوونی سەرکوتی زیاتر لە ئاستی نێوخۆدا. ئەمەش دوو هۆی هەیە. یەکەم، بەرتەسکبوونەوەی بازنەی دەسەڵات بە مانای بەرتەسکبوونەوەی ڕێژیمە؛ بە واتایەکی دیکە، پەراوێزخستنی بەشێک لە نوخبەی سیاسی و لاوازکردنی ئەو دامەزراوانەی کە ڕێژیم کەڵکیان لێ وەردەگرێ بۆ پێکهێنانی پشتیوانی لە نێو کۆمەڵگادا، رێژیم لە ڕووی سیاسی و پێگەی جەماوەرییەوە لاواز دەکا. لە کاتی وادا، ڕێژیم بۆ کۆنتڕۆڵی دۆخەکە، پێویست دەکا زیاتر لە جاران دەست بەرێ بۆ سەرکوت. دووهەم، بۆ ئەو مەبەستە، دیکتاتۆر پێویستی بە هێزی ئەمنییەتییە کە وەفادار بێ بە خۆی، بۆ ئەوەی جیابیران و خەڵک سەرکوت بکا. ئەو هێزانەش لەو پرۆسەیەدا چارەنووسی خۆیان گرێ دەدەنەوە بە مانەوەی دیکتاتۆرەوە. هەر بۆیە بە زیادبوونی ناڕەزایەتی، ڕێژیم ناچارە دەست بۆ سەرکوتی زیاتر ببات.[vii]

دەسەڵاتی تاكەكەسی لە کۆماری ئیسلامیدا دیاردەیەکی نوێ نییە. ئەوەی کە ڕەنگ بێ نوێ بێ، دەسەڵاتی تاکەکەسییە لە قۆناغی تەکجەناحیدا. لە لایەکی دیکەوە، سپا و بەسیج لە سەرەتاوە بە مەبەستی پاراستنی ڕێژم دامەزراون. لەگەڵ ئەوەش، بە سرنجدان بە بارودۆخی ئێران، دەکرێ پێشنینی بکەین کە سەرکوت ڕوو لە زیادبوون دەکا. سەبارەت بە باڵەکانی ڕێژیم، بە دەر لە هەوڵی تیرۆری سەعید حەجارییان لە ساڵی ٢٠٠دا، خامنەیی زۆرتر کەڵکی لە شێوەی دیکە وەرگرتووە بۆ پەراوێزخستن و بێدەنگکردنی ناڕازیانی نێو ڕێژیم. مووسەوی و کەڕووبی لە ماڵەوە دەستبەسەر کراون. رەفسەنجانی سەرەڕای ئەوەی ڕێگریی لێ کرا لە هەڵبژاردنی سەرکۆماریدا کاندید بێ و منداڵەکانی هەڵسوکەوتی توندیان لەگەڵدا کرا، بەڵام دژی ڕێژیم نەوەستایەوە. خاتەمی لە لایەن ڕاگەیاندنەکانی ڕێژیمەوە بایکۆتی لەسەرە و ناوبراو مافی سەفەرکردن بۆ دەرەوەی وڵاتی نییە. لە لایەکی دیکەوە، خاتەمی سەرەڕای ئەوەی پەراوێز خراوە، بەردەوام لە کاتی هەستیاردا، بۆ نموونە لە کاتی هەڵبژاردندا، لە خزمەت ڕێژیمدا بووە و وەفاداریی خۆی بە ڕێژیم سەلماندووە. رۆحانی کاتێک سەرکۆماری بوو، جار جار رەخنەی لە سپا دەگرت، بەڵام بەگشتی وەفادار ماوەتەوە بە ڕێژیم. تەنیا ئەحمەدینژاد بە ئاشکرا ڕەخنە لە ڕێژیم دەگرێ. بەو پێیە، کەسانی کلیدیی ڕێژیم بە شێوەی جیاواز جووڵاونەتەوە و بە گشتی، سەرەڕای پەراوێزکەوتنیان، وەفادار ماونەتەوە بە ڕێژیم.

لە لایەکی دیکەوە، دانیشتوانی ئێران تاکوو دێ زۆرتر ناڕەزایەتییان نیشان داوە و لە خۆپێشاندانەکانی ساڵانی ڕابردوودا، بە توندی سەرکوت کراون. بەدەر لە ناڕەزایەتی لە خوزستان لە هاوینی ئەمساڵدا، پەتای کۆرۆنا ناڕەزایەتسی جەماوەریی لە ئێراندا لە حاڵەتی هەڵپسێردراودا هێشتووەتەوە. هەڵبەت بەلەبەرچاوگرتنی قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری، کەمبوونی ئاو، هاوکات کە گەمارۆی ئەمریکا هەڵنەگیراون و گەندەڵی و سیاسەتە پڕهەزینەکانی ڕێژیم لە بواری نیزامی و ناوچەییەوە داهاتی وڵات بە فیڕۆ دەدەن، دەتوانین پێشبینی بکەین ناڕەزایەتیی جەماوەری دیسان لە ئێراندا سەر هەڵدەدنەوە و داخوازیی خەڵک ڕادیکاڵتر دەبنەوە. ئەمەش بە نۆرەی خۆی تەنیا بە سەرکوتی زیاتر وەڵام دەدرێتەوە. ئەوەی کە ئایا ئەو ناڕەزایەتییانە شکڵی ڕێکخراو بەخۆیانەوە بگرن و ئوپۆزیسیۆنی نێوەوە و دەرەوەی وڵات لێک گرێ بدەن و لەو پرۆسەیەدا هەڵوەرین لە نێو ڕێژمیدا ڕوو بدا، پرسیارێکی کراوەیە.

سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەی ئەو ڕێژیمانەی کە بەرەو حكوومەتی تاكەكەسی هەنگاو هەڵدەگرن، لێکۆڵەرێک دەنووسێ کە بە هۆی ئەوەوە کە لە کاتی وادا دیكتاتۆر ئیتر بەربەستی نێوخۆیی لەبەردەمدا نامێنێ، ئەو جۆرە ڕێژیمانە دەست دەبەن بۆ بەکاربردنی هێزی نیزامی لە سیاسەتی دەرەویاندا.[viii]کە ئەگەڕێتەوە سەر کۆماری ئیسلامی دەبێ بڵێین لەم ڕووەشەوە ڕەنگ بێ گۆڕانێکی ئەساسی لە سیاسەتی ڕێژیمدا نەیەتە کایەوە. وەک لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ جەواد زەریفدا دەرکەوت، سپای قودس سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناویندا دیاریی دەکا.[ix] ئێران تاکوو ئێستا خۆی بواردووە لەوەی بە ئاشکرا هێزی خۆی بەکار بێنێ بۆ ئەوەی هێرش بکاتە سەر وڵاتێکی دیکە، بەڵکوو زۆرتر لە ڕێگای پێکهێنانی میلیشیا و گرووپی تێرۆریستییەوە ئەو کارەی کردووە. هەڵبەت هەم مووشەکی دوورهاوێژ و هەمیش فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی لە ساڵانی دواییدا بەکار بردووە. ئەگەر ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین ڕووبەڕووی ئێران نەبنەوە، ئەوجا لەوانەیە ئێران زیاتر کەڵک لە هێزی نیزامی وەرگرێ بۆ ئەوەی بە ئامانجەکانی بگا لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا، ئەویش لەو شکڵی تاکوو ئێستا شاهیدی بوون، نەک ئەوەی هاوشێوەی سەددام حوسێن هێزی نیزامی بەکار بەرێ بۆ ئەوەی هێرش بەرێتە سەر وڵاتێکی دیکە.  

لەگەڵ ئەوەی جۆری حكوومەتە دیکتاتۆرەکان جیاوازن – لە دیکتاتۆریی پاشایەتییەوە بگرە تاکوو دیکتاتۆریی نیزامی – دەکرێ، وەک پیشتر ئاماژەی پێ درا، بە سەر دوو دەستەی سەرەکیدا دابەش بکرێن: دیکتاتۆریی بە کۆمەڵ و دیکتاتۆریی تاكەكەسی. سەبارەت بە سەقامگیری یان مانەوە و لەنێوچوونی ئەو جۆرە ڕێژیمانە، چەند لێکۆڵەرێک بە وردبوونەوە لە کۆمەڵێک ڕیژیمی دیکتاتۆر، بەو دەرئەنجامە گەیشتوون کە لە کەیسی دیکتاتۆرییە نیزامییەکاندا، هەنگاونان بەرەو حكوومەتی تاكەكەسی دەتوانێ ماوەی مانەوەی ئەو جۆرە ڕێژیمانە درێژ بکاتەوە. لێرەدا دەتوانین ئاماژە بە کەیسی شیلی بدەین، کاتێک ئاوگوستۆ پێنوشێ سەرانی دیکەی ڕێژیمی دیکتاتۆریی نیزامیی شیلیی پەراوێز خست و دەسەڵاتی لە دەستی خۆیدا چڕ کردەوە. دەنا ئەو جۆرە ڕێژیمانە ناسەقامگیرن و کودەتا لە دوای کودەتا ئەزموون دەکەن، هاوشێوەی عێراق تاکوو کاتێک سەددام حوسێن دەسەڵاتی تاكەكەسی خۆی لەو وڵاتەدا سەپاند. هەڵبەت لە کەیسی دیکتاتۆرییە تەک حیزبییەکاندا، بەو دەرئەنجامە گەیشتوون کە ئەگەر بێت و دەسەڵات لە دەستی یەک کەسدا کۆ بێتەوە، ئەوجا دامەزراوەکانی ئەو ڕێژیمە، بە تایبەت حیزبی حاکم، لاواز دەبن و دواجار دوای مەرگی دیکتاتۆر، تووشی گرفتی دیتنەوەی جێگرەوە دەبن بۆ دیکتاتۆری کۆچکردوو.[x] چین لێرەدا نموونەیەکە. هەڵبەت پاش مەرگی مائۆ، ڕێژیمی چین توانیی جێگرەوەی بۆ دیاریی بکا. بۆیە، مەرج نییە هەمیشە وا بێ. لە کوباش جێگرەوە بۆ کاسترۆ دیاری کرا. کوریای باکوور نموونەیەکی دیکەیە، لەوێدا سێ نەسڵی هەمان بنەماڵە تاکوو ئێستا لەسەر دەسەڵات بوون. دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەدیش لە سووریە لەو بارەوە جێگای ئاماژەیە. بەو پێیە، ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوەیە دەکرێ بخرێتە ژێر پرسیار. هەروها لە ئێراندا ئەو شکە درووست بووە کە خامنەیی کار بۆ ئەوە دەکا، پاش مەرگی خۆی، کوڕەکەی وەک وەلی فەقیھ جێگای بگرێتەوە.

کۆماری ئیسلامی، کە تێکە‌هڵکێشێکە لە دامەزراوەی کۆماریی و وەلایەتی فەقیھ، لە هیچکام لەو ڕێژمانە ناچی کە ئاماژەیان پێدرا. لە لایەکی دیکەوە، بە هەق دەتوانین بڵێین لە کۆماری ئیسلامیدا، دەسەڵات لە ئەساسدا لە دەستی وەلی فەقیهدا چڕ کراوەتەوە. بە واتایەکی دیکە، مەجلیس و سەرکۆمار لە کۆماری ئیسلامیدا لە ژێر کۆنتڕۆڵی ناڕاستەوخۆی وەلی فەقیهدان. بەو پێیە، دەکرێ بڵێین لە کۆماری ئیسلامیدا، هەر لە سەرەتاوە، حكوومەتی تاكەكەسی زاڵ بووە. بەڵام دوای مەرگی خۆمەینی و کۆتاییهاتنی شەڕی ئێران و عێراق، دوو فاکتەر گۆڕاوە. یەکەم، دەسەڵاتی سپای پاسداران لە بواری ئابووریی و سیاسییەوە لە نێو ڕێژیمدا زیادی کردووە. هەرچەند بە هۆی گەندەڵی و نەبوونی شەفافییەتەوە زانیاریی جێگای باوەڕ لە بەردەستدا نییە، بەڵام وێدەچێ سپا ئەوڕۆ بەشێکی بەرچاوی ئابووریی ئێرانی خستبێتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی.[xi] لە لایکی دیکەوە، سپا هەروها لە سیاسەتی ئێراندا دەور دەگێڕێ. سپای قودس لە ڕاستیدا سیاسەتی ناوچەیی ئێران دیاری دەکا و زۆر کاری کردووە کە وەزارەتی دەرەوە ئاگای لێ نەبووە. لە ئاستی نێوخۆدا، سپا بە شێوەی جۆراوجۆر دەست لە سیاسەت وەردەدا. لە هاوینی ٢٠١٧دا، ڕۆحانی لە لێدوانێکدا تەنانەت وتی: “بەشێک لە ئابووریی ئێرانمان داوە بە دەست حكوومەتێکەوە کە خاوەن چەکە.”[xii]

دووهەم، ململانێی نێوان باڵەکانی ڕێژیم، وەک باس کرا، گەیشتووەتە لووتکە و باڵی خامنەیی ئێستا مەجلیس و پۆستی سەرکۆمارییان لەدەستدایە و باڵەکانی دیکەیان پەراوێز خستووە. ئەگەر پێشتر دیکتاتۆریی تاكەكەسی وەلی فەقیھ لە بەستێنی باڵباڵیندا وجوودی هەبوو، ئێستا دەسەڵاتی تاكەكەسی خامنەیی چووتە قۆناغی تەکجەناحییەوە.

لەم پرۆسەیەدا، کۆماری ئیسلامی دامەزراوەکانی خۆی لاواز کردووە. ساڵی ٢٠٠٩ و لە کاتی سەرهەڵدانی خۆپێشاندانی جەماوەریدا، کاتێک زەبرووزەنگ دژ بە لایەنگرانی بزووتنەوەی سەوز بەکار برا، هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامیدا وەک مێکانیزمێکی گرنگ بۆ بەدامەزراوەییکردنی ململانێی نێوان باڵەکانی ڕێژیم و هەروها وەک ئامرازێک کە ڕێژیم کەڵکی لێ وەرگرتووە بۆ ئەوەی بتوانێ لافی ئەوە لێ بدا ڕەوایەتی سیاسی و تەنانەت پشتیوانیی جەماوەریی هەیە، تووشی قەیرانی جیددی بوو. بە هاتنی ڕۆحانی، ڕێژیم توانیی ئەو قەیرانە کەم بکاتەوە، بەڵام بە هێنانی ڕەئیسی و بایکۆتی بەرینی هەڵبژاردنی سەرکۆماری لەو ساڵدا، ئەو قەیرانە دیسان قووڵ بووەتەوە.

روونە کە ڕیژیمی ئیسلامی لە ئێران ڕەواییەتی بەرە بەرە کەم بووەتەوە. هەم ملمانێی ناو ڕێژیم، هەمیش بێهیوابوونی دانیشتوانی ناوچە فارسنشینەکان و بایکۆتی هەڵبژاردن لەو ساڵدا، نیشانەی ئەوەن. هاوکات، دامەزراوەکانی ڕێژیم لاواز بوونە. ئەوەی کە ڕێژیم لە دەستیدا ماوەتەوە، ئامرازی سەرکوتە. راستە، لە مێژە گوتراوە کە ڕێژمە دیکتاتۆرەکان ناتوانن تەنیا لە ڕێگای سەرکوتەوە بمێننەوە، بەڵام نموونەی کۆریای باکوور، کوبا و سووریەمان لەبەردەستایە. ڤێنێزوێلا، وڵاتێکی داڕماوە لە ڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە، نموونەیەکی دیکەیە. ئەو جۆرە ڕێژیمانە لەوانەیە نەتوانن بە سەرکوت لە دوورمەودادا لە سەر دەسەڵاتدا بمێننەوە، بەڵام لانی کەم بۆ ماوەیەکی زۆر دەتوانن لە دەسەڵاتدا بمێننەوە. ئەو ڕێژیمانە هەروەها کۆمەڵگا بە چەشنێک وێران دەکەن، کە پاش ڕووخانیان زەمینەی دێموکراسی ئەستەم دەکەن. عێراقی پاش ڕووخانی بەعس نموونەیەکە لەو بارەوە، لیبیی پاش ڕووخانی رێژیمی قەزافی نموونەیەکی دیەکە.

بەو پێیە، سەبارەت بە سەقامگیریی کۆماری ئیسلامی بە مانای مانەوە یان لەنێوچوونی ڕێژیم، ناکرێ بە دەرئەنجامێکی ڕوون بگەین. وێدەچێ تاکوو کۆماری ئیسلامی بەگوێرەی پێویست داهاتی نەوتی هەبێ بۆ ڕاگرتنی سپا و بەسیج، دەتوانێ بە سەرکوت لە سەر دەسەڵات بمێنێتەوە، بەڵام ڕوون نییە تاکوو کەی. لێرەدا قۆناغی پاش خامنەیی چارەنووسساز دەبێ. راستە، ڕێژیم دوای مەرگی خومەینی توانیی جێگرەوەی بۆ دیاریی بکا، بەڵام ئەوەی ئایا دەتوانن پاش مەرگی خامنەیی، بە بێ کێشە جێگرەوەیەک بۆ ناوبراو دیاریی بکەن، جێگای پرسیارە. وەک باس کرا، دوو گۆڕانی گرنگ لە ئێراندا پێش هاتووە، زیادبوونی دەسەڵاتی سپا و تەکجەناحبوونی ڕێژیم. تەکجەناحبوونی ڕێژیم دەتوانێ ئاسانکاری بۆ دیاریکردنی جێگرەوە بۆ خامنەیی بکا، بەڵام دیاریکردنی جێگرەوە بۆ ناوبرا دەبێ رەزامەندیی سپای لەسەر بێ. لەوانەیە پرۆسەی تەکجەناحبوون و نفووزی سپا پێکەوە بتوانێ یارمەتیدەری دیاریکردنی جێگەرەوە بێ بۆ خامنەیی و بەو شێوەیە، رێژیم بتوانێ بمێنێتەوە. هەڵبەت ڕوون نییە کە ئەو باڵەی ئێستا لە پشتی خامنەیی ڕاوەستاون، بتوانن یەکگرتوو بمێننەوە، هەروها ڕوون نییە ئایا سپا لە حاڵەتێکی وادا یەکدەست دەمێنێتەوە یان نە.  


دەرئەنجام

ئەگەر داهاتووی کۆماری ئیسلامی لە کورتماوەدا، نێوەندمەودا و دوورمەودادا پێشبینی بکەین، دەتوانین بڵێین، لە کورتمەودادا (لانی کەم چوار ساڵی داهاتوو) ڕیژیم توانایی نابێ قەیرانە کەڵەکەبووەکانی وڵات چارسەر بکا، بەڵام بە بەکاربردنی سەركوتی زیاتر دەتوانێ لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە. لە نێوەندمەودادا (هەشت بۆ دە ساڵی داهاتوو) لەوانەیە خامنەیی کۆچی دوایی بکا و ئەوەش دەتوانێ یان ڕێژیم زیاتر ناسەقامگیر بکا، یان ئەوەی رێژیم بتوانێ جێگرەوەیەک بۆ ناوبراو دیاریی بکا. پێشبینیکردن لە دوورمەودادا (دە بۆ بیست ساڵی دیکە) ئەستەمە، چونکە داهاتووی ڕێژیم تا ڕادەیەکی زۆر بەندە بەوەوە ئایا لە نێوەندمەودادا دەتوانن جێگرەوە بۆ خامنەیی دیاریی بکەن یان ئەوەی ڕێژیم تووشی ناسەقامگیریی زیاتر دەبێ. لێرەدا تەنیا فاکتەری نێوخۆییمان لەبەرچاو گرتووە. ئەگەر ئێران و ئەمریکا نەتوانن بە ڕێکەوتن بگەن، ئەوجا ئێران ناچار دەبێ پەنا ببا بۆ چین. کۆماری ئیسلامی سەربەخۆیی بەلاوە گرنگە، بەڵام ڕێکەوتنی ٢٥ ساڵە لەگەڵ چین مەترسیی ئەوەی هەیە بیکا بە وابەستەی چین. چینیش کە بەرژەوەندییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا لە پەرەئەستاندندایە، ناتوانێ ڕێگا بدا بە ئێران ناوچەکە ناسەقامگیرتر بکا و بەتایبەت بەرژەوەندی وزەیی چین لە سعوددییە و وڵاتانی دیکەی خاوەن نەوت بخاتە خەتەرەوە. بە کورتی، ئەگەر ئەمریکا گەمارۆ لە سەر ئێران هەڵنەگرێ و رێکەوتنی ٢٥ ساڵە لەگەڵ چین یارمەتیدەری قەیرانی ئابووری نەبێ لە ئێراندا، کۆماری ئیسلامی بەرەو لاوازی و بگرە داڕمان دەڕوا و ناچار دەبێ زیاتر و زیاتر سەرکوت بەکاربەرێ بۆ ئەوەی لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە. ئەگەر قەیرانی ژینگەیی، تەندرووستی و کۆمەڵایەتی لەبەرچاو بگرین، ئەگەری زۆرە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرەو دەوڵەتێکی شکستخواردوو بەرێ.

راستە لە کورەی باکوور، کوبا و فێنێزوێلا ڕێژیمی دیکتاتۆر توانیویانە لە دەسەڵاتدا بمێننەوە، بەڵام ئەو جۆرە حكوومەتانە تەنیا لە ڕێگای سەرکوتەوە ماونەتەوە و کۆمەڵگای خۆیان وێران کردووە. جیاوازیی ئێران لەگەڵ ئەو وڵاتانە لەوەدایە کە لە لایەکەوە حەشیمەتی لەوان زۆرترە، لە لایەکی دیکەوە هەم ئەمریکا و هەمیش ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو، بەرژەوەندییان لەوەدایە ئێران سیاسەتی خۆی بگۆڕێ؛ لەو پێناودا، درێژە بە فشارهێنان بۆ سەر ئێران دەدەن. بەو پێیە، لەوانەیە کۆماری ئیسلامی نەتوانێ هاوشێوەی ئەو ڕێژیمانە، بۆ ماوەیەکی زۆرتر لە ڕێگای سەرکوتەوە لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.


سەرچاوان

[i]Mehdi Moslem, Factional Politics in Post-Khomeini Iran (Syracuse: Syracuse University Press, 2002).

[ii]” Khatami Warns against Constitutional Amendment”, Kuwait News Agency, June 6, 2000: https://www.kuna.net.kw/ArticlePrintPage.aspx?id=1129743&language=en

[iii]Idris Ahmedi and Ali Abdelzadeh, ”Iran”, in Carsten Anckar & Thomas Denk (red.) Komparativ politik: Tio politiska system (Lund: Studentlitteratur, 2021).

[iv]Robert F. Worth,” Iran’s Power Struggle Goes Beyond Personalities to Future of Presidency Itself”, The New York Times, October 26, 2011.

[v] Personalist rule

[vi]Jessica L. Weeks, “Strongmen and Straw Men: Authoritarian Regimes and the Initiation of International Conflict,” The American Political Science Review, Vol. 106, No. 2 (May 2012); Barbara Geddes, Joseph Wright, and Erica Frantz, How Dictatorships Work: Power, Personalization, and Collapse (Cambridge: Cambridge University Press, 2018); Erica Frantz et al., “Personalization of Power and Repression in Dictatorships,” The Journal of Politics, Vol. 82, No. 1 (January 2020).

[vii]Frantz et al., “Personalization of Power and Repression in Dictatorships,” pp. 373-74.

[viii]Weeks, “Strongmen and Straw Men: Authoritarian Regimes and the Initiation of International Conflict,” passim.

[ix]” Tape of Foreign Minister Zarif reveals regime rift in Iran,” Dusche Welle, April 30, 2021: https://www.dw.com/en/tape-of-foreign-minister-zarif-reveals-regime-rift-in-iran/a-57392575

[x] Geddes, Wright, and Frantz, How Dictatorships Work, Chap. 8.

[xi] Misagh Parsa, Democracy in Iran: Why It Failed and How It Might Succeed (Cambridge, Mass: Harvard University Press, 2016), passim.

[xii] ”IRGC Commander’s Sharp Response To Rouhani”, Radio Farda, June 27, 2017: https://en.radiofarda.com/a/iran-rouhani-irgc-response-on-economy/28581813.html

داگرتنی بابەت

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان