ئارامتر بخوێنەوە

کینە ئەم؟

پاوەرپۆینتی ناسنامە

ئەفراسیاب گرامی 


جگەرخوێن (١٩٠٣ ـ ١٩٨٤) لە شێعری «کینە ئەم»دا بە شێوەیەکی دیالێکتیکی مێژوویی و ڕۆمانسییانە، جوگرافیا و مێژووی کوردستان دەکاتە پێوەری ناسنامەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردستانیبوونی «خۆی» و «ئێمە» و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ «ئەوی‌تر»دا.  ئەم پێناسەیە لە ڕوانگەی جوگرافیای سیاسییەوە پێوەندیی جگەرخوێن بە «کوردستان» وەک فەزایەکی واتادار و تایبەت گرێ دەدات. فەزایەکی واتادار کە کۆی پێوەندییەکانی خەڵکی کوردستان بە هەموو جیاوازییە ئایینی، نەتەوەیی و کولتوورییەکانییەوە بەشدارن و بەشێکن لە پێکهێنەرانی سەرمایەی سیاسی ـ کۆمەڵایەتیی دانیشتووانی کوردستان. لەم پرسیارە بوونگەرایانەی جگەرخوێندا،  «کینە ئەم؟» بریتییە لە دیسکۆرسی فرەکولتووری، فرەنەتەوەیی، فرەئایینی لە کوردستاندا کە پاوەرپۆینتی دەسەڵات، ناسنامە و ژیۆپۆلیتیکی فەزای مانەوەی «کوردستان» دیاری دەکات. بەڵام ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ «ئەوی‌تر»دا، «سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم» و کۆتایی‌هاتن بە شکۆی شکاوی کوردستانە. بێگومان ناسنامەی تاکەکەسی و گرووپە کۆمەڵایەتییەکان بەشێکی گەورەی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتیی مرۆڤ دیاری دەکەن و کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر ژینگەی دەوروبەر و فۆڕمی کۆمەڵایەتی دادەنێن. ناسنامە جیا لەوەی هەڵگری پێناسەی کەسێتیی تاک و کۆمەڵە، نەرمەئامێرێکە بۆ تێگەیشتن لە «خود»، «ئێمە» و «ئەوی ‌تر» کە فاکتەرە فیزیکی و نافیزیکییەکان بەکار دەهێنێت و ڕاڤەیان دەکات. ئەم فاکتەگەلە دەتوانێ جوگرافیا، شوێن، ڕووبار، دەریا، گۆل، مەیدانی شارێک، پەیکەرێک، نیقابێکی دینی، زمان، زاراوە، میتافۆرێک، هەستێک یان ڕەنگێک و یان بەیداخێکی دەروێشانە بێت. کەواتە ناسنامە پلاتفۆڕمێکی بیۆلۆژیکی، دەروونی، کۆمەڵایەتی و کولتووریی مرۆڤە کە چوارچێوەیەک و فەزایەک بۆ پێناسەی مرۆڤ و کۆمەڵ دروست دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا ناسنامە ئامرازێکە بۆ پێوەندی و کۆمۆنیکەیشن یان جیاوازی و پەراوێزخستنی یەکتری لە کۆی بەها کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان. ئامرازێک کە دەتوانێ ناسێنەری تاک و کۆمەڵ بێ و دەشتوانێ بە وتەی «ئەمین مەعلووف»، «ناسنامەکان بکوژ بن»( Maalouf, & Fosser, 1999)[١]. کەواتە ناسنامەکان لە پێناویدا خوێن دەبەخشن و لە پێناویشیدا ڕووباری خوێن وەڕێ دەخەن. بەم پێشەکییە کورتەوە دەرگای باسێکی چڕ و ئاڵۆزی زانستە مرۆیی‌یەکان دەکەینەوە کە، ناسنامە هەڵگری چ پێناسەیەکە؟ لەم کورتە وتارەدا بە کەڵکوەگرتن لە تێکنیکەکان و گۆشەنیگای هونەری، هەوڵم داوە ڕاڤەی ڕوانگەکان بۆ ناسنامە بخەمە بەرباسەوە.


١ ـ تەنیا چیاکان دۆستمانن

«تەنیا چیاکان دۆستمانن»، دروشمێکی مێژووییی کورد و میتافۆرێک بۆ دەربڕینی ناسنامەی نەتەوەییی کورد بە پانتاییی جوگرافیایەکی بەرین کە دەتوانین بڵێین فەزای مانەوە و ژیان (Lebensraum)ی خەڵکی کوردستان بووە و هەیە. مێژووی ژیوار و ژیاری خەڵکی کوردستان لەگەڵ شاخ و دەشت و ڕووبارەکان، بەشێکن لەم مێتافۆرە کە ناسنامەی کولتووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی بە خەڵکی کوردستان دەبەخشێ. چیاکان سەخت و سەرکەشن، هاوکات خاڵێکی ژیۆپۆلیتیکی سەخت بۆ بەرگری و مانەوەی نەتەوەیەک بوون. بەڵام چیاکان سەرچاوەی ئاو و ڕووبارە گەورەکان بوون کە هەتا ئەمڕۆ سەرچاوەی ئاوەدانی و لانکەی ژیاری مرۆڤی ناوچەکە بوون. چیاکان و ڕووبارەکان هەمیشە بەردەوام بوون، ئەوەی گۆڕاوە، تەونی کۆمەڵایەتیی خەڵکی کوردستان بووە. لە سەردەمی سومێڕییەکانەوە کە لانکەی شارستانییەتی کشتوکاڵی بوون و ناوەندی پەرەپێدان بە کولتووری نێوان دوو ڕووباری دیجلە و فوڕات (مێزۆپۆتامیا) بوون، هەتا دەگاتە ئەمڕۆ؛ کوردستان ناوەندی زۆر گۆڕانکاریی مێژووییی گەورە بووە. ڕووبارەکان تەنیا «ئاو» کە، گرینگترین پێویستیی مانەوەی مرۆڤ و سرووشتە، ناگوێزنەوە. بەڵکوو کولتوور و کۆمۆنیکەیشن لەگەڵ خۆیان دەبەن کە بونیادی کۆمەڵایەتی، دەروونی، ئابووریی و کولتووریی هاوبەش دادەمەزرێنن. لەوێڕا کە ڕووبارەکان ناسنامەکان دەگوێزنەوە، ناسنامەکانیش گەشە پێدەدەن و بە مەودای مێژوویی کۆمەڵایەتیی مرۆڤ، گۆڕانکاری بە خۆیانەوە دەبینن. بۆیە زۆرجار مێژووی ڕووبار، شاخ، دەشت، بیابان و تەنانەت ڕێگای ئاسنی وڵاتێک دەتوانێ حەکایەتی ژیانی کۆمەڵایەتیی نەتەوەیەک یان خەڵکێک بێت. ڕووباری «نیل» هاوشانی دیجلە و فۆڕات، لانکەی شارستانییەتی گەورەی میسری بووە. ڤۆلگا گەورەترین ڕووباری وڵاتی ڕووسیایە کە لە ڕووی ئابووری کۆمەڵایەتییەوە گرینگیی تایبەتی لە مێژووی شارستانییەتی ڕووسەکاندا هەبووە. یەکێ لە شاعیرەکانی ڕووسیا دەنووسێ: «ئێمە هەموو نەوەی ڕووباری «ڤۆلگا»ین». ڕووباری یانگتسی لە وڵاتی چین کە لە «تەبەت»ەوە سەرچاوە دەگرێ، جیا لەوەی لە یەکخستنەوەی ڕووبەری گەورەی هانەکانی چین، سەرچاوەی ژیاری ئەو ناوچەیە، خاڵی پێکدادانی ناسنامەی تەبەتییەکان و چینییەکانە. ڕووباری میسی سی‌پی تەواوکەری شەڕی ناوخۆییی ئەمریکا و بونیادنانی دەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو. سەدان نموونەی ڕووبار و شاخ، دەشتایی و کەویر هەن کە ناسنامەی نوێیان بە مرۆڤەکان بەخشیوە و ئێستاکە لە پێناویدا لە شەڕی مان و نەماندان. لە کوردستانیشدا نموونە زۆرن، هەر لە زەنجیرە چیاکانی زاگرۆسەوە هەتا دەگاتە ئارارت و لەوێڕا تا دەگاتەوە عەفرین، کوردستان مەڵبەندێکی شاخاوی و سەرچاوەی ئاو و ئاوەدانی بووە و هەیە. وەک نموونە؛ ئاوەدانییەکانی پاڵ ڕووباری سیروان کە دەیان گۆرانی و بەندی کوردیی ناوچەی گەرمیان هەیە «ڕووباری سیروان» دەکاتە لانکەی خۆشەویستی، غەریبی و ژیان.


٢ ـ ناسنامە (identity)

وشەی ناسنامە لە ئەدەبییاتی ڕۆژانەدا چەمکێکی ئاڵۆزە و هەڵگری پێناسەی جۆراوجۆرە کە پانتایی‌یەکی بەرفراوانی لە زانستە مرۆیی‌یەکاندا هەیە و هەر کام ڕوانگەیەکی جیاوازیان بۆ پێناسەی ئەم چەمکە هەیە. وشەی «ئایدێنتیتی» لە زمانی لاتینەوە وەرگیراوە کە بە مانای «وەک ئەوە یان وێکچوون»ە. لە پلاتفۆڕمی ڤەژین‌لێکس[2]‌دا کە کۆمەڵێک فەرهەنگی کوردی وەک هەنبانەبۆرینە، خاڵ، کانی، ئەندیک، کوردستانیکا و … بە شێوەی ئانلاین لە بەردەستایە بە «ناسنامە، شوناس، پێناس، هەویەت، وێکچوونی، هاوچەشنی، …» هاتووە. من لەم وتارەدا لە وشەی «ناسنامە» بەرانبەر بە ئایدێنتیتی کەڵک وەردەگرم کە لە ڕەگی کرداری «ناسین»ەوە وەرگیراوە و لە واتای ئایدێنتیتێت نزیکترە. ناسنامە چەمکێکی ئاڵۆزە کە لە ڕوانگەی بیۆلۆژی، دەروونی، کۆمەڵناسی، ئانترۆپۆلۆژی و پێداگۆژییەوە پێناسەی جۆراوجۆری بۆ دەکرێ. لە سادەترین پێناسەدا، ناسنامە بریتییە لە وڵامدانەوە بە پرسیاری «من کێم؟ ئێمە کێین؟ ئەو کێ‌یە؟». پرسیارێکی فەلسەفی، کۆمەڵایەتی و سیاسییە کە سێ هەزار ساڵ پێش سوقرات لە دیالۆگەکانیدا وەبیری مرۆڤی هێنایەوە کە بە دوای «من کێم؟» دا بگەڕێ کە، هەم تاکەکەسی و هەمیش گرووپییە. ناسنامە ڕەهەندێکی واتادارە بۆ ژیانی کۆمەڵایەتیی تاک، گرووپ، ڕێکخراو یان کۆمەڵێک؛ واتە چۆن تاک، گرووپ و کۆمەڵ پێناسەی خۆیان دەکەن و چۆن دەتوانن هاوبەشییەکی واتادار پێکەوە بونیاد بنێن(Jordhus-lier & Stokke, 2017). لەم ڕوویەوە ناسنامە هەڵبژاردنێکی ئازادانە و وشیارانەیە بۆ قبوڵکردنی هاوبەشییەک لەگەڵ ئەوانی دیکەدا. کاتێگۆرییەکانی ناسنامە بەرفراوانن وەک: ئیتنیکی، زمانی، ئایینی، جەستەیی و ڕەگەزی کە هەم پردی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن و هەم دیوار و سنووری جیاوازی دروست کردووە.


لە ڕوانگەی فەلسەفەوە ناسنامە دوو لایەنی هەیە: یەکەم، جەستەی مرۆڤ کە بریتییە لە کۆسیستمی جەستە کە مێشک بەڕێوەی دەبات، دووهەم، مەنتاڵیتێت یان زەین کە وێنەیەکی ئابستڕاکت لە دنیای دەوروبەر وێنا دەکات کە، پەیوەستە بە پێوەندیی جەستە، ژینگە و کۆمەڵەوە. بۆیە ناسنامە دەتوانێ هەستپێکراو بێ لە ناسنامەیەکی بیۆلۆژیکی وەک جیاوازیی ژن و پیاو یان پیر و گەنج کە، کۆسیستەمی جەستە پێناسەی دەکات، هەروەها دەشتوانێ ئابستراکت و بەرهەست بێ وەک ناسنامەی کولتووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و دینی. «ژان پۆل ساتر»، فەیلەسووفی فەڕانسەوی، پێی وایە کە پرسیاری ناسنامە، پرسیارێکی بوونگەرایانەی مرۆڤە. واتە مرۆڤ کە لە دایک دەبێ، خاوەنی هیچ ناسنامەیەک نییە و بە هەڵبژاردنی دەبێتە خاوەنی ئەو تایبەتمەندییە. کەواتە ناسنامە بریتییە لە ئەزموونی مرۆڤ لە خۆی و دنیای خۆیدا. ناسنامە هەست و زەینێکی فۆڕمگرتوو و چوارچێوەدار لە دەوروبەرە کە پریستیژ، پێگە و دەسەڵاتی ناسین و ناساندن بە مرۆڤ دەبەخشێت. ناسنامەی بیۆلۆژیکی کە پەیوەستە بە جەستە، بیرکردنەوە، هەست و کردەوەی مرۆڤ لە هەموو دۆخەکانی ژیانیدا و لە ژینگەیەکی تایبەتدا، بەشێکی گەورە لە ناسنامەی کۆمەڵایەتی پێک دەهێنێت. لەم ڕوانگەوە سلوولەکان، هۆرمۆن و جێنەکانی مرۆڤ بە کارتێکەری لە ژینگەی دەوروبەری مرۆڤ، فانکشێن یان کارکردەکانیان دەگۆڕێت و ناسنامەیەکی جیاواز بە مرۆڤ دەبەخشێت کە لە ئەوانی دیکە ناچێت (Skårderud, 2000). ناسنامەی بیۆلۆژیکیی مرۆڤ لەگەڵ هەستەکاندا ئاوێتەیە، کاتێک هەست بە بوونی خۆی جیاواز دەبینێ. تووڕەبوون، خۆشحاڵی، سەرنجڕاکێشی، بێ‌تاقەتی و زۆر هەستی دیکە پەیوەستە بەوەی کە مرۆڤ بە چی دڵخۆش، تووڕە یان بێ‌تاقەت دەبێت. ئەمە ئەو دۆخەیە کە جەستە لە ناوەندی مێتافۆر و چەمکە ئابستراکتەکاندایە و لە ڕێگای عەسەبناسیی مێشکەوە تەتەڵە و ڕاڤەی دەکات. عەسەبەکانی مێشک بە شێوەیکی دینامیک و فۆڕمۆلەکانی کیمیایی، هەستەکان، کردەوەکان، بیرکردنەوەکان دەجووڵێنێ، ئەو دەمەی «سروودێکی نیشتمانی» جۆش و خرۆشێكی تایبەت بە مرۆڤ دەبەخشێت.


کاتێ ناسنامەی «من» لەگەڵ «ناسنامەی کەسێکی ‌تر» کە بە سەدان کیلۆمیتر لە یەکترییەوە دوورین و هیچ کات ڕوو نادات پێکەوە دابنیشین و قسە بکەین، هەستێکی هاوبەش دروست دەکات، واتە تەونی کۆمەڵایەتی، ئابووری سیاسی، جوگرافیا، ڕەوتی گەشەکردنی کۆمەڵایەتی، فەزایەکی هاوبەشی بۆ پێوەندیی «من» و «ئەو»ی هاوبەش، دروست کردووە کە بە «هەستی هاوبەش» ناودێر کراوە. هاوکات ناسنامەی «من»ێکی کورد لە گوندێکی کوردستاندا لەگەڵ «ئەوی ‌تر»ێک کە لە جوگرافیایەکی دیکە لە سنووری نێوان دوو گوند یان ڕایەڵەیەکی دووری ئەنتەرنێتەوە ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە، ناسنامەی «ئەوی دیکە» ناودێر دەکرێت. ئەم هاوبەشی و پێکدادانەی ناسنامەکان، دەرخەری ڕەوتی دینامیک بوونی ناسنامەخوازییە. هەستی هاوبەش، بەشێکی بچووکە لە ژینگەی کۆمەڵایەتیی مرۆڤ. جۆرج هێربێرت مید، دەروونناسی ئەمریکایی، لەم پێوەندییەدا دەڵێت کە مرۆڤ لە ژینگەی منداڵیدا و لە ڕێگای ڕۆڵ گێڕان و یاریکردن بناخەی تیگەیشتنی بۆ دنیا و ناسنامەی کۆمەڵایەتیی خۆی دادەنێت. ئەو پێی وایە منداڵ هەر لە منداڵییەوە بە گشتاندنی ڕۆڵی گەورەکان لە ژیانی خۆیدا، لە ڕێگای وەرگرتنی ڕۆڵی ئەوی ‌تر بە لاساییکردنەوە، ئەزموون و چاوەڕوانییەکانیان دنیابینی خۆی گەشە پێ دەدات. «پێر بۆردیۆ» ناسنامە لە چوارچێوەی «هابیتۆس» پێناسە دەکات کە مرۆڤ بە پێی ژینگەی دەوروبەر و بەستێنە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی ژیانی فۆرمی گرتووە. ئەم چەشنە لە فۆرم‌وەرگرتن لە دەوروبەر، جۆرێک شێوەژیانی تایبەت بە خۆی ئاراستە دەکات کە بە «هابیتۆس» ناوی دەهێنێت و وەک بەشێک لە «سەرمایەی کولتوور» پێناسەی دەکات(Aarebrot, 2014). ناسنامەی گرووپی ئێمە بەشێکە لە ئەزموون و ڕۆڵی کۆمەڵایەتی دەوروبەرمان لە پانتایی‌یەکی بەرفراواندا.



١ـ ٢  کارامەییی ژیان وەک پشتوێنی ناسنامە  

 لەم وێنەیەی سەرەوەدا، کە لە وێنەکتێبی منداڵانەوە وەرگیراوە، یوهانێس یەنسن، کاراکتێرەکە کە لە تیمساح دەچێت بەڵام ژیانێکی ڕۆژانەی ئاسایی وەک خەڵکانی دیکە هەیە. وێنەکان تیمساحێکمان نیشان دەدات، بەڵام ناونیشانی کتێبەکە پێمان دەڵێت کە «یوهانێس یەنسن، هەست دەکات کە جیاوازە». واتە ناڵێ کە ئەو تیمساحە، بەڵکوو دەڵێ کە ئەو هەست دەکات جیاوازە لە ناو کۆمەڵدا. ئەم وێنەیە لە ناسینی خود، وێنەیەکە هەموو مرۆڤەکان لە خۆیاندا دەیبیننەوە و بە شێوازی جۆراوجۆر پێناسەی خۆیان دەکەن. لەم وێنەیەدا مرۆڤ تووشی قەیرانی دەروونی یان ناڕێکیی عەسەبەکانی مێشک نەبووە کە هەست بە جیاوازی دەکات، بەڵکوو مرۆڤ توانایی‌یەکانی و تایبەتمەندییە بیۆلۆژیکی، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی خۆی جیاوازتر لەوانی دیکە دەبینێت. توانایی‌یەکانی خۆپێناسەکردن بەشێکە لە کارامەییی مرۆڤ لە ژیانیدا. ئالبێرت باندوورا لە تیۆری خۆکارامەیی ( self-efficacy)، پێی وایە کە «مرۆڤ تواناییی ئەوەی هەیە مامۆستای خۆی بێت، ئامانجێ دەستنیشان بکات، لە زەینیدا وێنای بکات، هەڵیسەنگێنێ و لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا پێناسەی بکات»(Imsen, 2020). ئەم ڕوانگەیە پێمان دەڵێ کە ناسنامە بریتییە لە «تێگەیشتن لە توانایی‌یەکانی خود، ئەوی ‌تر و دەوروبەر». لە ڕوانگەی دەروونناسییەوە، کارامەیی لە ژیاندا پشتوێنەی ناسنامەیە،  کە بریتییە لە زانیاری دەربارەی (هەست، بیرکردنەوە، جەستە و پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، و ڕوانین (تواناییی بەرقەرارکردنی پێوەندی لەگەڵ دنیای دەوروبەر و دیاردەکانی)، کارامەیی (توانایی بەکارهێنانی زانیاری و ڕوانگەکان لە ژیانی ڕۆژانەدا) (Imsen, 2020).  لەم ڕوانگەیەوە تاک وەک فاکتەرێکی گۆڕانکاریی ناسنامەی کۆمەڵ دەبینرێت.  «ئەرڤین گۆفممان» ناسنامە دەخاتە ناو چوارچێوەیەک بۆ ڕاڤە و کۆنترۆڵی ژیانی ڕۆژانە لە ڕێگای ڕۆڵگێڕانی تاکەکانەوە لە دۆخە جیاوازەکاندا. گۆففمان ژیانی مرۆڤی وەکوو تەختەی شانۆ وێنا کردووە، کاتێ تاکەکان ڕۆڵی جیاوازیان لە «پشت شانۆ» و «لەسەر شانۆ» دەنوێنن و خۆیان لە شانۆیەکی کۆمەڵایەتیی ڕۆژانەدا دەنوێنن و پێناسە دەکەن (Goffman, 1969). مرۆڤ ناتوانێ ببێتە تاكێک لە کۆمەڵگا، ئەگەر بە پڕۆسەیەکی کۆمەڵایەتی و ناسنامەخوازییدا تێپەڕ نەبووبێت. لەم ڕوویەوە، تەندروستیی ڕۆحی تاک لە کۆمەڵدا، تەندروستیی ڕۆحی کۆمەڵە. لەم ڕوانگەوە تاک هەمیشە ڕۆڵی هەیە، دیارە و کاراکتەرێكە و گۆڕانکاری لە شوێن و هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتی دادەنێت. بەڵام ئەوەی دیلەما و دووڕیانی ناسنامە و کارامەییی ژیانی مرۆڤ لە ژیانی ڕۆژانەدا تێک دەدات، گاڵتەپێکردن، هەڵاواردن، تێکشکاندنی کەسایەتی، لەکەدارکردن و پەراوێزخستنی تاک و توانایی‌یەکانیەتی. لە قەوارەیەکی گەورەتر و پەرسپێکتیڤێکی گەورەتردا، شکاندنی شکۆی نەتەوەیەک، هەڵاواردن و پەراوێزخستنی، کارامەیی‌یەکانی لێ زەوت دەکرێ و ڕۆحی کۆمەڵ خەوشدار دەبێت.


ناسنامە لە چەند پەرسپەکتیڤێکی هونەریدا:

٢ ـ ٢   پەرسپێکتیڤی باڵندە

 ئەم ڕوانگەیە باڵندەیەک بە ئاسمانەوە وەک مۆتیڤ دادەنێ کە کاتێ بە ئاسمانەوەیە و دیاردە گەورەکانی وەک ماڵ، شاخ، ڕووبار و هەتا دوایی دەبینێ و دیاردە وردەکان نابینێ. لەم ڕوانگەوە دیاردە گەورەکان چارەنووسسازن و بەشێکن لە ناسنامەی کۆمەڵایەتیی مرۆڤ. ناسین و خوێندنەوە بۆ دیاردە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر پڕۆسە گەورەکانی کۆمەڵگا لەبەرچاو دەگیرێ و بیر لە پڕۆسەی کەلانی کۆمەڵایەتی بۆ هاوبەشییەکی گەورە دەکاتەوە. جوگرافیا، مێژوو، کولتوور، زمان، نەتەوە، شەڕ، شۆڕش، ئایدۆلۆژی و ئابووریی سیاسی داڕێژەری ئەم ناسنامەیەن. ئەزموونی هەڵەی ئەم ڕوانگەیە کاتێکە دەوڵەت ـ نەتەوەکانی سەدەی ١٩ و ٢٠م  بە کەڵکوەرگرتن لە سیاسەتی زبر، سەرکوت و ئاسمیلەکردن لە هەوڵی کۆنترۆڵ و یەکدەستکردنی ناسنامەی تاکەکان و کۆمەڵگای خۆیان بوون. داریۆنیزمی کۆمەڵایەتی (کاتیگۆری‌ کردنی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و جیاکردنەوەیان لە یەکتری)، نەتەوەسازی، داگیرکاری و کۆلۆنیالیزم لە هەموو ئاستەکاندا بەرهەمهێنەری ئایدۆلۆژیای نازی و فاشیزمی سەدەی بیستەم بوون کە لەم شێوە ڕوانینە بۆ ناسنامە و ناسنامەخوازی سەرچاوەی گرتبوو.


دەوڵەت ـ نەتەوەکان تەنیا بە زەبری سەرکوت و دەسەڵاتی زبر ناسنامەکانی دیکەیان نەتوانەوە، بەڵکوو بە کەڵکوەرگرتن لە دەسەڵاتی نەرم زیاتر لە هەوڵی توانەوە و سڕینەوەی ناسنامەکانی دیکەدا بوون. کاتێ «ئاندرسۆن»، نووسەری کتێبی کۆمەڵگا خەیاڵییەکان، نەتەوە بە بەرهەمی سەنعەتی چاپ دادەنێت بە ڕوونی ئاماژە بە دروستکردنی نەتەوە و خەیاڵی نەتەوەیی لە کتێبە دەرسییەکاندا دەکات کە چۆن کتێبە دەرسییەکان سوپا و لەشکری ناسنامەبەخشین و توانەوەی ناسنامەی ئەوی‌ تر بوون. بەڵام پەرسپەکتیڤی باڵندە دەتوانێ بەربەرەکانێ و لەڕووداوەستان بەرانبەر بە ناسنامەی نەتەوەسازیی ساختە و ئایدۆلۆژیای سەردەست هەبێت. ئەم لە ڕووداوەستانە بە کردەوەی شۆڕش، بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم و هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی گەورەی یەکسانیسازیی کۆمەڵ بە ئاراستەی قبوڵکردنی جیاوازییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی کۆمەڵگادایە. بزووتنەوەی کورد، فەلەستین، تامیل، تەبەت و زۆر بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەییی گەورەی دنیا نموونەن بۆ ئەم لەڕووداوەستانە و هەوڵ بۆ بەرگری لە ناسنامەی نەتەوەیی.


٣ـ٢  پەرسپێکتیڤی بۆق

ئەم ڕوانگەیە بۆقێک دەکاتە مۆتیڤ کە چۆن سەیری دنیای خۆی دەکات و هەموو دیاردە بچووکەکان بە گەورەیی دەبینێت و دیاردە گەورەکانی دەوروبەر یان نابینێ یان ئەوەی توانایی بینینیانی نییە. دیاردە و بزووتنەوە وردەکان بە شێوەی کەوتنی دۆمینە چارەنووسی کۆمەڵگا دەگۆڕن کە زیاتر «بەفەرمی ‌ناسین» و دابینکردنی مافەکانیانە. ڕاڤەی ژیانی ڕۆژانە کە لە فەلسەفەی سیاسیی «فۆکۆ»دا بە «بایۆسیاسەت» ناسراوە، ئاماژە بە ناسنامەی سیاسیی گرووپەکان دەکات کە، دەبنە بەشێک لە ئەهرۆمەکانی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کۆمەڵگا. فۆکۆ ناسنامەی بە بەشێک لە بایۆپۆلیتیک، واتە سیاسەتی تەندروستیی کۆمەڵ و ڕێکخستنی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ ناودێر کردووە. فۆکۆ پێی وایە ناسنامە بە شێوەیەکی مێژوویی لەناو کۆمەڵێک دیسکۆرسی جیاوازدا بیچمی گرتووە کە پێگە و پرستێژێکی کۆمەڵایەتی بە مرۆڤ دەبەخشێت و سۆبژێکتیڤە. ئەم پێگەیە ناسنامە بە پشتوێنەی جەستە، ژیانی ڕۆژانە و دەسەڵات دەبەستێتەوە. فۆکۆ ناسنامە بە «تێکنۆلۆژیی خود» پێناسە دەکات و پێی وایە شێوازی پێناسەی خود و ئەوانی دیکە و وشیاریی خود، ئەو سیستەمەیە کە تاکەکانی کۆمەڵی پێ ڕێک دەخرێت و دەچێتە نێو خانەی کۆسیستەمی کۆمەڵایەتییەوە.


 لەم ڕوانگەیەدا دەروونناسیی کۆمەڵایەتی و ڕوانگەی کۆگنیتیڤ (ناسیاری) ی مرۆڤ پێی وایە مرۆڤ بە هەڵکەوت نییە کە خاوەنی تایبەتمەندییە، بەڵکوو ئەوە سرووشتی جەستەیی، کۆمەڵایەتی و ژینگەی دەوروبەرییەتی کە کاریگەری لەسەر مێشک و مەنتاڵیتەی مرۆڤ دادەنێت. کەواتە ناسنامەی کۆمەڵ پەیوەستە بە ئاراستەی ناسنامەی تاکەکانەوە. «فۆکۆیاما» لە پێناسەی ناسنامەدا کەڵک لە وشەی «تیموس thymos»ی سوقڕات وەردەگرێ کە چۆن «مەیلی بەفەرمی ‌ناسین» دەبێتە هۆکاری ناسنامەخوازیی گرووپی. ئەو دەڵێ کە «ڕابوونی ناسنامەکان» و «ناسنامەی گرووپی» وەک چەمک لەوانەیە تازە بێت، بەڵام مێژوویەکی کۆمەڵایەتی و ئابووریی درێژخایەنیان هەیە کە زۆربەی خەڵکی دنیا نەیانتوانی ناسنامەی خۆیان هەڵبژێرن. لە ڕوانگەی فۆکۆیاماوە، کۆمەڵگای لیبڕالیستی وەک شەپۆلێکی گەورە وایە کە تا چەندە دەتوانێ فەزای ئۆکسیژن لەناو خۆیدا حەشار بدات و تا چەندە ناسنامەی «من» دەکاتە پێوەری گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی. هەڵەی ئەم ڕوانگەیە ئەوەیە کە دەبێتە هۆکاری ستیگما و لەکەدارکردنی گرووپە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە. ستیگما (لەکەدارکردن / پەڵەدارکردن) لە ڕوانگەی «گافمەن»ەوە واتە بێ‌ئێعتبارکردن، سووککردن، ڕەشکردن و ناتۆرە هەڵواسین بە تاک یان گرووپێکی کۆمەڵایەتیی تایبەتەوەیە. ئەم جۆرە ڕوانینە لە میدیا، کتێبە دەرسییەکان، لە دیاردە زمانییەکان، لە دروستبوون و گەشەکردنی گرووپە کۆمەڵایەتییەکاندا شکڵ دەگرێت و بە شێوەیەکی دۆمینە کار لەسەر ناسنامە گەورەکانی دیکە دەکات(Eriksen, & Sajjad, 2020). بەکارهێنانی چەمکی ئەدەبییاتی بوومی یان «مرزبانان غیور»، یان «ایرانیان اصیل» نموونەیەکە بۆ لەکەدارکردن و پەڵەدارکردنی ناسنامەی کۆمەڵایەتی و کولتووریی کوردستان.


٤ ـ ٢ پەرسپێکتیڤی پانۆڕاما

 ئەم پەرسپێکتیڤە لە نزیکەوە دیاردەکان وەک خۆی دەبینێت. لەم ڕوانگەیەدا ناسنامە دیاردەیەکی مۆدێڕنە و پێوەندی بە ژیانی کۆمەڵایەتیی ئێستای تاکەکانەوە هەیە و شوێنێکی لە مێژوودا نییە. ئۆبژێکتیڤ بوونی ئەم پەرسپێكتیڤە زیاتر خۆی دەنوێنێ، کاتێ ناسنامەکان وەک خۆیان لە کۆمەڵدا بەشدار دەبن. سوبژێکتیڤ بینین لەم ڕوانگەیەدا کاڵ دەبێتەوە کە لایەنی ئەرێنی ئەوەیە، کاتێ تایبەتمەندییەکان و توانایی‌یەکانی ناسنامە جیاوازەکان وەک خۆیان دەرئەکەون و سوبژێکتیڤ نین. ئوبژێکتیڤ واتە دیاردەکان وەک خۆیان کە هەیە دەبینرێن، بەڵام سوبژێکتیڤ واتە دیاردەکان لە ڕوانگەی تاکەکانەوە جیاوازن. لەبەر ئەوە ڕوانگەی پانۆڕامایی فرە سیمایی، فرە ڕوانگەیی جێگای دەبێتەوە و ناسنامەیەک ئەوی دیکە ناسڕێتەوە. بەڵام لایەنی هەڵەی ئەم پەرسپێکتیڤە ئەوەیە کە پێی وایە ناسنامەکان گەشە ناکەن و دەکرێ بە ئاسانی دەسکاری بکرێن و گۆڕانکاری تێدا بکرێ. وەک گۆڕانی دێمۆگرافیی ناوچەیەک، تێکدانی بازاڕی مەسرەف و شێوەژیانی کۆمەڵگا یان بەکارهێنانی سیاسەتی نەرم بۆ کاڵکردنەوەی سیمای کۆمەڵایەتیی نەتەوەیەک، شارێک یان کۆمەڵێک. لەم ڕوانگەیەدا پەراوێزەکان جێگایان نابێتەوە و قورسایی‌یان نییە و پشکی بەشدارییان لە کۆمەڵدا پەراوێز دەخرێت و تواناییی گەشەکردنیان پێ نادرێت. پەراوێزەکان لە کۆمەڵناسیی‌ سیاسیدا دەتوانێ زمانی دایک، کەمینە ئایینی و نەتەوەیی‌یەکان، خەڵکانی خۆجێیی و کولتوورە جیاوازەکان بێت. لەم ڕوانینەدا کەمایەتییەکان مەحکوومن بە کەمایەتی و پەراوێزەکان هەمیشە پەراوێزن.


٥ ـ ٢ پەرسپێکتیڤی بەها و نرخاندن

 ئەم نیگارە، وێنەیەکە لە وێنەکتێبی منداڵان کە تێیدا باوک هەموو ژوورەکەی تەنیوە و منداڵ و دایکەکە بچووکتر لە چنگ‌وپەلی باوک دەرئەکەون. وێنەکە پێوەندیی باوک، دایک و منداڵ نیشان دەدات و لە چاوترووکانێکدا پێگە و پرستیژی باوک دەگوازێتەوە. لەم ڕوانگەیەدا قەوارەی گەورەیی، بچووکی، ڕەنگ، فۆڕم و شێوازی چنینی وێنەکان لە پاڵ یەکتردا گرینگی پێ دەدرێت. نرخاندن و بەهادان بە بەشێک یان خاڵێک لە وێنەکەدا، ڕاڤەی کۆی وێنەکە دەکات و تواناییی ناساندنی قەوارەیەکی گەورەتر لە خۆی دەکات. بەو مانایە ڕەنگێکی سوور لە پانتایی‌یەکی ڕەشدا دەتوانێ واتایەکی بەرفراوانتر بدات، ئەگەرچی کەمیش بێت. یان گەورەییی کاراکتێرێک و بچووک نیشاندانی کاراکتێرێکی‌ تر لە وێنەیەکدا پێگە و پرستیژێکی دیکە بە کاراکتێرەکە دەدات کە ڕۆڵی گەورەتر و چارەنووسسازتری هەیە.  لەم ڕوانگەیەوە، بەها و دیاردەیەکی وردی کۆمەڵایەتی و کولتووری، خاڵێکی جوگرافی یان ئابووری و سیاسی دەکاتە بەستێنی لێکدانەوە و ڕاڤەی ناسنامەی تاک و کۆمەڵ. لەم ڕوانگەیەوە کاتی دیاریکراو، شوێن، ڕووداو، چین و توێژ، زمان یان زاراوە، کەسایەتی، حزب یان ئایین و مەزهەبی تایبەت، دەبێتە مۆتیڤ و نرخ و بەهایان پێ دەدرێ. لەبەر ئەوەی خاوەنی دەسەڵاتێکی دیار و نادیارن و کاریگەرییان هەیە. وەک چۆن ڕەنگێکی سوور لە تابلۆیەک یان لۆگۆیەکدا واتایەک دەبەخشێ و هێمایەکە بۆ گەیاندنی پەیامێکی سیاسی یان کۆمەڵایەتی، ئاوهاش شوێنێک دەتوانێ بۆ پەیامێکی گەورەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بنرخێندرێ. 


 لە ڕوانگەی کۆمەڵناسیی سیاسییەوە ئەم دیاردە و بەهاگەلە دەتوانێ زاراوەی سۆرانی لە زماندا بکاتە پێوەری ستاندارد، شاخێکی وەک قەندیل کە خاڵێکی تۆپۆگرافیکە، بکاتە پێوەری پێناسەی کۆی شۆڕشەکانی کوردستان و ژیۆپۆلیتیکی سەختی کوردستان، مەیدانی چوارچرا لە ساتەوەختێکی مێژووییدا بکاتە هێمای بزووتنەوەی نەتەوەیی، زیندانی ئیمڕاڵی بکاتە خاڵی وەرچەرخان لە سیاسەت و ستراتێژیی ڕوانینی تورکیا بۆ پرسی کورد، یان شاری کەرکووک بکاتە سیمبۆلی قودسی کوردستان بۆ یەکلایی‌کردنەوەی سنووری نەتەوەییی کورد و عەڕەب و… هەتا دوایی. خاڵی لاوازی ئەم ڕوانگەیە ئەوەیە کە تواناییی تێگەیشتن لە فرەسیمایی، کولتووری کۆمەڵ و جیاوازییەکانی نییە و هەموو توانایی‌یەکانی کۆمەڵگا کۆ ناکاتەوە. حیزبە کوردییەکان بە کەڵکوەگرتن لەم ڕوانگەیە، کۆمەڵێک قۆناخی مێژوویی، ئاکتۆری سیاسی، ڕووداو، ناوچە یان سیمبوولی ڕێکخراوەیی دەکەنە پێوەری ناسنامەی بزووتنەوەی کورد کە تەعبیر لە کۆی بزووتنەوەی کوردستان ناکات و بە چەشنێک دەبێتە هۆی بێ‌ئێعتبار کردن و ستیگمای ڕەوت و بزووتنەوەکانی دیکەی کوردستان.


٦ ـ ٢ ئۆڵترا پەرسپێکتیڤ

 وێنەیەک بێننە پێش چاوی خۆتان و گەورەی بکەنەوە هەتا دەبێتە پەڕەیەکی شەترەنجی، و دواتر فۆکووس لەسەر خاڵێکی شەترەنجی وێنەکە بکەن و وردەوردە فۆکووسەکە دابەزێنن هەتا وێنەکە بە تەواوەتی دەرئەکەوێت. ئەم ڕوانگەیە لە هونەری فۆتۆگرافیدا پێی دەگوترێ ئولترا پەرسپێکیڤ. ئۆڵترا پەرسپێکتیڤ ڕوانگەیەکی هونەرییە و کاتێك فۆکووس دەخاتە سەر خاڵێک، یان بەشێکی بچووک لە وێنەیەکی گەورەتر و دواتر لە ڕێگای دانەپاڵی بەشەکانی دیکەی وێنەکە، پێناسەی وێنەیەکی گەورەترمان دەداتێ. ئەم ڕوانگەیە زیاتر نرخاندنە، کاتێ ڕەنگ، شکڵ، ڕووناکی، تاریکی، گۆشەی ڕوانین و زۆر ڕوانگەی دیکە چوارچێوەیەک بۆ تێگەیشتن لە وێنەیەکی گەورەتر دیاری دەکات و لەو خاڵەوە واتای وێنەکە دەست پێدەکات یان کۆتایی دێت. ئەم ڕوانگەیە لەگەڵ ڕوانگەی بەها و نرخاندن نزیکن تەنیا بە جیاوازییەک کە بینەری وێنەکە خۆی هەڵی دەبژێرێت کە کام خاڵ، کام بەش و گۆشەی وێنەکە دەکاتە پێوەری ناساندن و گەورەکردنەوەی وێنەکە. لەم ڕوانگەیەدا ناسنامە هەڵبژاردن و وشیارییەکی سوبژێکتیڤە بۆ ناسینی دنیا و تێگەیشتن لە خود و ئەوانی دیکە.


ناسنامە و کولتوور چوارچێوەیەک بۆ پێوانە و هەڵسەنگاندنی ناسنامەی ئەوانی دیکە ئامادە دەکات کە زۆرجار ئامرازی پێوانەکەی هەڵەیە و بە پێوەری چوارچێوەکانی خۆی ئەوانی دیکە هەڵدەسەنگێنێت. ئەم ڕوانین و تێگەیشتنە ئێتنۆسەنتەریزم بەرهەم دێنێ کە نەتەوە یان کولتوور یان ناسنامەی گرووپێک دەخرێتە چوارچێوەی پێناسەکانی خۆیەوە و بەرواردی دەکات و بە پێوەری بەها و ئەرزشە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانی خۆی هەڵیدەسەنگێت. بۆ نموونە لە ئایینی هیندیدا «سووتاندنی تەرمی مردوو»، بەهایەکی دینی و کۆمەڵایەتییە، بەڵام لە زۆرێک لە کولتوورەکاندا بە تابۆ و دیاردەیەکی قێزەون نیشان دەدرێت(Eriksen, & Sajjad, 2020). ئەم ڕوانگەیە هەڵسەنگاندنی کولتوورێکی دیکە بە پێوەری ئەرزش و بەهاکانی کولتوورێکی دیکەیە، نەک خودی کولتوورەکە.  لە کۆمەڵگای کوردیدا ئەم ڕوانگەیە بۆ هەڵسەنگاندنی کولتووری هەورامی و یەزیدی، یارسان و کەمایەتییەکان زۆرتر دەردەکەون، لەوێدا کە کولتووری گشتی دەکرێتە پێوەر بۆ ناساندنی کولتووری کەمایەتییەکانی کوردستان. بۆ نموونە کاتێک پێناسەی هەورامی دەکرێت، زیاتر نەریت، شێوەژیان کە بریتییە لە کڵاش، فەرەنجی، سیاچەمانە، و … دێتە بەرباس و وەک کولتوورێک ڕەوتی گەشەپێدانی خۆی دەپێوێ و بەشێک لە ناسنامەیەکی گەورەتر نیشان نادرێت.


٦ـ٢ ڕوانگەی پێکهاتە ‌هەڵوەشاندنەوە (Deconstruction)

«ئێدوارد سەعید» لە کتێبی «ڕۆژهەڵاتناسی»دا بە ڕوونی دژی ئێتنۆسەنتەریزم ئەوەستێتەوە و لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆلۆنیالیزمی ڕۆژئاواییدا پێی وایە کە «ڕۆژهەڵاتناسی» ئامرازێکە ڕۆژئاوا بە پێوەرەکانی خۆی، ڕۆژهەڵات هەڵدەسەنگێنێت. لەو پێناسەیەدا ڕۆژئاوا سەرچاوەی زانست، پێشكەوتن و شارستانییەتە، لە بەرانبەردا ڕۆژهەڵات سەرچاوەی دواکەوتوویی و ڕەشۆکیبوونە. بیرکردنەوەیەک کە نزیک بە سێ سەد ساڵ داگیرکردنی وڵاتەکان و قاڕەکانی بە ئاسایی و پێشکەوتنی شارستانییەت لەقەڵەم دەدا. سەعید پێی وابوو کە بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ بیری ڕۆژهەڵاتناسانە، پێکهاتەشکێنی و هەڵوەشاندنەوە (deconstruction) پێویستە پێوەرەکانی هەڵسەنگاندن و نرخاندن لە بنەڕەتەوە بگۆڕین (Eriksen, & Sajjad, 2020). 


ئەم ڕوانگەیە گرینگیی تایبەتی بۆ سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم یان داگیرکاری (decolonization) هەیە. بۆ نموونە وێنەی خوارەوە پێمان دەڵێ کە ئێمە چۆن نەخشەی جیهان دەناسینەوە. زەینی ئێمە لە ڕێگای کۆنتێکستی پەروەردە، میدیا و زانیاریی گشتییەوە وا ئامادە کراوە کە نەخشەی دنیا  لە چاوترووکانێکدا  لە وێنەی لای چەپ بناسینەوە، بەڵام بۆ ناسینەوەی هەمان نەخشە لە گۆشەنیگای جیاوازەوە، کاتی دەوێ هەتا وێنەکان بخەینە پاڵ یەکتری و بیناسینەوە.


 لەم وێنەی خوارەوە نەخشەی کوردستانی گەورە (وێنەی نەخشەکە لە کوردپێدیاوە وەرگیراوە). بە گۆڕینی فۆڕمی نیشاندانی جیاوازی وێنەکە دەتوانین بە شێوەیەکی دیکە پێگەی کورد لە ناوچەکەدا لێک بدەینەوە. هەڵوەشاندنەوەی ڕوانگەی ئاسایی و مەنتاڵیتەی تێگەیشتن بۆ وێنەیەک دەتوانێ، هەڵوەشاندنەوەی کۆی مەنتاڵیتێتەی ناسنامەیەک بێت. کورد لەم وێنەیەدا دەتوانێ لە گۆشەی ڕوانینی جیاوازەوە خۆی پێناسە بکات. هەروەها دەتوانێ تواناییی بینینی فاکتەرە جوگرافی و کۆمەڵایەتییە جیاوازەکانی دەوروبەری ببینێ و بیکاتە پێوانەی لێکدانەوەی ژیانی ڕۆژانەی خۆی.


ئەم ڕوانینە پێمان دەڵێ ناسنامەی سیاسیی کوردستانی بوون دەرفەتی زۆرتر و گەورەتری لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی سەرلەنوێ خۆی بناسێ. تێگەیشتن لەوەی کە ڕوو یان پشت لە کام دیاردە و فاکتەری خۆناسین بکەی، سڕینەوەی بەشێکی گەورەی کۆلۆنیالیزمە. لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێ ئەم وێنەیەی سەرەوە ئامرازێک بێت بۆ تێگەیشتن لە ڕێتۆریکی سیاسیی حیزبە کوردییەکان، ململانێی ناوخۆیی، پێوەندیی کورد لە گەڵ دەوڵەتانی دراوسێ و تەنانەت شەڕی ناوخۆییی کورد لەگەڵ یەکتری.


٣ ـ کینە ئەم؟ ناسنامەی «من»ی ڕیشەدار

 ئەم نەخشەیەی سەرەوە، وێنەی مێزۆپۆتامیا و شارستانییەتەکانی نێوان دوو ڕووباری دیجلە و فوڕات نیشان دەدات. کوردستان لە ڕووی جوگرافیایی‌یەوە لە ناوچەیەکدا هەڵکەوتووە کە پێشینەی ژیار و ژیواری لەنێوان دوو ڕووباری گەورە و پڕ ئاوی دیجلە و فوڕات بووە. مێژوونووسانی یونان ئەم ناوچەیان بە «مێزۆپۆتامیا» ناو هێناوە کە مەبەست لە ناوچەی «نێوان دوو ڕووبار»ە. ئەم ناوچەیە بە پێی توێژینەوەی کەوناراناسان، توێژەرانی ئاسەوارناسی، ئانتڕۆپۆلۆژی و زانستی توێکاریی لەش و DNA یەکەم ناوچەیە کە، مرۆڤ ژیانی پێکەوەبوونی پێک هێناوە و گەشەی کردووە. «تەریە تڤەد» (Terje Tvedt)، لە کتێبی مێژووی جیهان لە ئاوێنەی مێژوودا، لە ڕوانگەی مێژووجیهانی (Globalhistorie)یەوە، گرینگی بە خوێندنەوەیەکی نوێی مێژووی کۆنی ڕۆژهەڵات و شارستانییەتە کۆنەکانی میزۆپۆتامیا، میسر، چین، هیندوو، یونان و ئەمریکا دەدات. «تەریە» چوار هۆکار بۆ کاریگەریی میزۆپۆتامیا لەسەر شارستانییەتی کۆن و ئەمڕۆ دەستنیشان دەکات کە یارمەتیی خوێندنەوەی دژەکۆلۆنیالیستی یان سڕینەوەی کۆلۆنیالیستی دەدات:


 ئاسەوارناسەکان لە ڕێگای دۆزینەوەی کەرەستەی ناوماڵ و کشتوکاڵ، شوێنەواری دیوار و خانووی داڕماو و بەجێماو توانیویانە ئەوە بسەلمێنن کە مرۆڤی ئەو ناوچەیە نزیکەی ١٠ هەزار ساڵ پێش زایین، ژیانی بە کۆمەڵیان ڕێک خستووە و توانیویانە بونیادی یەکەم شارستانییەت لەسەر بنەمای کشتوکاڵ دابمەزرێنن. شێوە ژیانی نوێ، دۆزینەوەی دانەوێڵە و سەنعەتی کشتوکاڵ، تەونی کۆمەڵایەتی و سیاسیی گەل و هۆزەکانی نێوان دیجلە و فۆراتی گۆڕیوە. سەنعەتی ئاودێریی کێڵگەکان نموونەی کۆنترۆڵی ئاو و دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەکانی ئاو بووە. قۆناخی کشتوکاڵی بونیادی شێوە ژیانێکی نوێی بۆ مرۆڤی نێوان دوو ڕووبار ڕێک خستووە کە بوە وەرچەرخانێکی مێژوویی لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا و دەکرێ بڵێین هەتا سەدەی هەژدە و سەرهەڵدانی قۆناخی پیشەسازیی مرۆڤ، درێژەی هەبووە.


 مێژوونووسان بە پشتبەستن بە یەکەم سەرچاوەی نووسراوی سەر خشتەکان، قەواڵە کۆنەکان و هەروەها چیرۆکەکانی گێڵ‌گەمێش، گێڕەرەوەی سیستەمێکی کۆمەڵایەتی، کولتووری و سیاسییە کە مرۆڤی ئەو ناوچەیە خاوەنی بەرهەمێکی کۆمەڵایەتی بوون. ئەفسانە و چیرۆکەکان، زمان و کولتووری سومێڕییەکان کە گەورەترین شاری مێزۆپۆتامیا بووە، کاریگەریی قووڵی لەسەر زمان و کولتووری شارستانییەتەکانی پاش خۆی هەبووە. بۆ نموونە دەکرێ ئاماژە بە سیستەمی ژمارەیی ٦٠ بکەین کە لەمڕۆدا لە سیستەمی کاتژمێر واتە، شەست چرکە، شەست خولەک و دواتر ٢٤ کاتژمێر و ٣٦٠ ڕۆژ بۆ ساڵ، بکرێت.


 چەرخی گەشەکردنی شارنشینی و ژیانی بەکۆمەڵ، تۆڕێکی بەرینی پێوەندی لەگەڵ گەل و نەتەوەکانی دەوروبەر پێک هێناوە کە بە بنەمای یەکەم تۆڕی گلۆباڵی ئابووری و بازرگانی ناودێر دەکرێت. پێوەندیی نەتەوەکان و تێکەڵاوبوونی کۆمەڵایەتی و وەرگرتنی ئەزموون و داهێنان لە یەکترییەوە، پێمان دەڵێ کە کۆی شارستانییەتەکانی دنیا بە شێوەیەک لە شێوەکان بەردەوام لە پێوەندیدا بوون و کارگەرییان لەسەر ڕەوتی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتیی یەکتری هەبووە. ئەم ڕوانگەیە پێمان ئێژێ کە گلۆبالیزم بەرهەمی قۆناخی پیشەسازی و مۆدێڕن نییە، بەڵکوو هەمیشە پێوەندی لەنێوان کولتوورە جیاوازەکاندا هەبووە و ئەزموونەکانیان لەگەڵ یەکتری دابەش کردووە.


 سرووشتی شاخاوی و ڕووبارە سەرکەشەکانی ناوچەی میزۆپۆتامیا، مەنتاڵیتێت و کولتووری گەل و هۆزی ناوچەکەیان پێکهێناوە. زمان، ئایین، کولتوور و نەریتی هاوبەشی ناوچەکە، بەشێکە لە پێوەندیی مرۆڤی ناوچەکە بە سرووشت و سامانەکەیەوە. هاوکات توێکاریی زانستی لەسەر جەستە و ژینگەی ناوچەکە باس لەوە دەکات کە مرۆڤ و سرووشت پێوەندییەکی دانەبڕاویان پێکەوە هەبووە کە بە «سیستەمی ئێکۆلۆژیی کۆن» ناو دەبردرێت. واتە کۆی سەرچاوەکانی وزەی ژیان لە خۆرەوە وەرگیراوە. هاوکات ڕووداوە سامناکەکانی سرووشتی، پەتا و نەخۆشی یەکێ لە هۆکارەکانی تیاچوونی شارستانییەتەکانی ئەو سەردەمە بووە. ئەم هۆکارە لە ڕێگای توێکاریی DNA و شێوازە زانستییەکانی دیکە و هەروەها لە ڕێگای چیرۆکەکانی گێل‌گەمێش کە دواتر لە قورئان و تەورات و ئینجیلدا سەرلە نوێ باس کراون، هاتووە. نموونەی ئەو چیرۆک‌گەلە دەتوانین ئاماژە بە چیرۆکی «تۆفانی نۆح» وەک کارەساتێکی سرووشتی بکەین، یان چیرۆکی «نیمروود» کە پاشایەکی زاڵم بووە و دواجار خواوەند لە ڕێگای مێشوولەیەکەوە تووشی پەتایەکی قورسی دەکات و دەیکوژێ. چیرۆکی «نیمروود» جۆرێک لە پەتای ئەو سەردەمە بووە کە هاوشێوەکەی لە دنیای ئەمڕۆدا «کۆڕۆنا»یە. هێنانەوە بەرباسی هۆکارە سرووشتییەکان و ڕۆڵی ژینگە لە شارستانییەتە کۆنەکاندا پێمان دەڵێ کە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەلەمێکە، چارەنووسێکی هاوبەشیان هەیە. وەک چۆن شارستانییەتەکان بە هۆکاری تووڕەییی سرووشت لەناو چوون، ئاوەها گەرمبوونی زەوی و پیسبوونی ژینگە دەتوانێ لەسەر کۆی ژیانی کۆمەڵایەتیی مرۆڤ کاریگەری بەجێ بهێڵێ (Tvedt, 2020).


«تەریە» پێمان دەڵێ کە هەموو گەل و نەتەوەکان بەشداری پێشکەوتنی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بوون و هیچ شارستانییەتێک لە دەرەوەی بازنەی مێژوو نییە، هیچ نەتەوە و دەسەڵاتێک خواوەندی و پیرۆز نییە، هیچ ڕەگەزێکی پاک و بێگەرد نییە، بەڵکوو کۆمەڵێک فاکتەری جوگرافیایی، کۆمەڵایەتی و کولتووری لە بەستێنێکی مێژووییدا دەست دەدەنە دەستی یەکترەوە بۆ گەشەکردن یان داڕمانی نەتەوە یان شارستانییەتێک.


ناسنامەی «من»ی ڕیشەدار لەگەڵ کۆی شارستانییەتی میزۆپۆتامیا هەڵگری پێناسەیەکە، کورد و شارستانییەتی کورد بە درێژاییی مێژوو، بەشێك بووە لە پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و ژیاری مرۆڤایەتی. لەم ڕوویەوە، مێژووی دیجلە و فۆرات و هەروەها مێژووی زاگرۆس و زنجیرە چیای ئارارات، گێڕانەوەی مێژووی شارستانییەتێکی زیاتر لە هەزار ساڵەیە کە کوردستان لانکەی ئەو شارستانییەتە بووە. ئاو و ئاوەدانی بەشێکی گەورەی ناسنامەی کوردستانی پێک دەهێنێ و لە پاڵ هەر کانی و ڕووبار و سەرچاوەی ئاوێک، ئاوەدانییەک هەیە. ناوی سەدان گوند و ئاواییی کوردستان بە کانی و ئاو دەست پێ‌دەکات یان کۆتایی دێت. تەنانەت وشەی «شارستانییەت» هاومانایە بە «ئاوەدانی»، کە لە هەر شوێنێک ئاو هەبێت، شارستانییەت و ئاوەدانیش هەیە. لەناو ئەم دەشت و دۆڵانەدا و لە پەنای ئەم ڕووبار و کانیاوانەدا دەیان و سەدان کولتووری جیاواز و فرەڕەنگ پێکەوە بونیادێکی کۆمەڵایەتیی هاوبەشیان دامەزراندوە و نەوە بە نەوە، سەرەڕای هەڕەشەی سرووشت و شارستانییەتەکانی دەوروبەر، ماوەتەوە. هەر بەم هۆیەوەیە کە «من»ی ڕیشەدار و ڕەگداکوتاو لە چوارچێوەیەکی دیاریکراوی جوگرافیاییدا، واتای هەیە و هەڵگری پێناسەی کوردستانیبوونە.


٤ ـ ناسنامەی «من»ی گەڕۆک

مرۆڤەکان هەم ڕیشەیان هەیە و هەمیش پێی ڕۆشتن و گەڕان. واتە مرۆڤەکان هەم پەیوەستن بە خاک و قەلەمڕەوی ژیانی کۆمەڵایەتییەوە، هەمیش پێی گەڕان و دۆزینەوەی سەرچاوەی ژیانی دیکەیان هەیە. گەڕۆک‌بوونی مرۆڤ لە کۆنەوە هەتا ئەمڕۆ بووە. میزۆپۆتامیا یەکەم مەڵبەند و تۆڕی پێوەندیی کولتوورەکان لەگەڵ بە تایبەتی میسر و یونان هەبووە. ویلیام جۆنز لە ساڵی ١٧٧٣ی زاییندا کە لە هیندووستانی ژێر دەسەڵاتی بریتانیا دەبێت، پەی بەوە دەبات کە زمانی هیندی و ئینگلیزی هاوشێوەیەکی بنەڕەتییان پێکەوە هەیە و بنەمای تیۆریی هیندۆئەورووپایی‌ دادەمەزرێنێت. دواتر بە توێژینەوەکانی دیکە دەرکەوت کە بنەماڵەی زمانیی هیندووئەورووپایی لە هیندووستانەوە بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەتا دەگاتە زۆربەی وڵاتەکانی ئەورووپایی کشاوە. ئەم توێژینەوەیە لە ڕوانگەی تەریە تڤەردەوە، تۆڕی زمانی و کولتووری هیندووئەرووپاییە کە میزۆپۆتامیا سەرچاوەکەیەتی. لە حاڵێکدا تورک کە پردی پەڕینەوەی بنەماڵەی زمانی هیند و ئەورووپایی‌یەکانە بۆ ئەورووپا دەپچڕێت و بە ڕوونی دەرئەکەوێ کە ڕووداوێک لە مێژوودا ئەم بەستێنە و پێوەندییە کولتوورییەی تێک داوە.  ئەم تێگەیشتنە ئەوەمان پێ دەڵێت کە لە کۆڕەوی خێڵ و هۆزەکان هەتا پێوەندییەکانی سومێڕ و مێزۆپۆتامیا لەگەڵ شارستانییەتی کۆنی میسر، هیندو، چین و یونانەوە، تا مێژووی کۆچ، تێکەڵاویی کولتووری، ئاوێتەبوون و توانەوە، دوورکەوتنەوە لە نیشتمان و دابڕان،  هەروەها هەتا دەگاتە سەردەمی ئەنتەرنێت و ڕایەڵەی مەجازی لە دنیای گلۆباڵدا، «من»ێکی «گەڕۆک»ی بونیاد ناوە کە کۆی ناسنامەی کوردستانی‌بوونی لە کۆڵ ناوە و دەگەڕێ. لەم ڕوانگەوە ناسنامەی کوردستانی بوون تەنیا بە جوگرافیایەکی دیاریکراوەوە پەیوەست نییە، بەڵکوو ناسنامەیەکە دەتوانێ لە ئەفغانستان، لە خوراسان، لە لوبنان، لە سوودان، لە ڕووسیا و لە ئەورووپای ناوەندی و سکاندیناڤیادا و لە تۆڕێکی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک و ئینستاگڕامدا هەڵگری ناسنامەیەکی کوردستانی بێت.


٥ ـ ناسنامەی مەجازی

 لەم وێنەیەدا چاوەکان، ڕوانینەکان و قووڵاییی هەست و بینینی تاکەکان لە دنیای مەجازیدا جیاوازە. لە دنیای ئەوڕۆکەدا، ناسنامەی «من»ی گەڕۆک و فەزای هاوبەشی کۆمەڵایەتی لە دنیای مەجازیدا بەرین بووەتەوە. ناسنامەی دیجیتاڵ، بەرهەمی پاڕادیمشیفتێک بوو کە ئەنتەرنێت فەزایەکی بۆ مرۆڤایەتی کردەوە کە خۆی لە فەزایەکی ئابستڕاکت و وێنەییدا پێناسە بکات. «کۆمەڵگای وێنەیی»، ناسنامەی مەجازیی مرۆڤی گەورەتر کردەوە کە چی دیکە «ئیزۆفۆریسم» واتە هاوبیچمی، کۆتایی هات و سنوورەکان شەقیان برد و ناسنامەکان لە ڕێگای ڕایەڵەکانی ئەنتەرنێتەوە دەگەڕێن و دەگوازرێنەوە. «من»ی دیجیتاڵ، «من»ێکی واتادارە و بەها کۆمەڵایەتییەکان ڕۆڵ و ئەرکی کۆمەڵایەتیی نوێ دیاری دەکات. کەڵکەڵەی دنیای دیجیتاڵ تەنیا بەشداری نییە، بەڵکوو گەڕان بە دوای ناسنامەی خود، ئێمە و ئەوی ‌ترە کاتێ کە بیر، جەستە و کردەوەکانی ئێمە دەبێتە بەشێک لە فانکشێن و کارکردەکانی مۆبایل، لاپتۆپ، ئاپڵیکەیشن و … هتد. وشەی «هەست» تەنیا دەربڕینێکی جەستەیی بۆ دەست‌لێدان لە مۆبایل یان بینینی ڕووداوێک، یان گوێگرتن لە موزیکێک نییە، بەڵکوو جەستە و هۆڕمۆنەکانی لەش تێکەڵ بەو پێوەندییە دەبن کە لە ناسنامەی بیۆلۆژیکیی مرۆڤەوە بۆ ناسنامەی کۆمەڵایەتی لە ژینگەی مەجازیی مرۆڤ دەگۆڕدرێن. ئەو دەمەی «لایک» دڵ ئەهەژێنێ و هۆڕمۆنەکان ئەڕژێنە لاشەمانەوە، یان ئەو دەمەی بە»دیسلایک»ێک، ناوچاومان گرژ و مۆن، تووڕەیی ژیانی ڕۆژانەمان داگیر ئەکات. لێرەوە مرۆڤ لە ڕووبارێکی مەجازیدا خەریکە شارستانییەتێکی دیکە بونیاد دەنێ و تێکنۆلۆژی ئەبێتە درێژەی پێناسەی خود لە دنیا و دەوروبەری.

 
بەم ڕوانگەوە پرسیاری ناسنامە چەقبەستوو، ڕیشەداکوتاو و نەگۆڕ نییە، بەڵکوو ناسنامە پرسیارێکی دینامیکە و بەردەوام لە گۆڕاندایە و هەموو فۆڕمەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیی مرۆڤ دەگرێتەوە. واتە ناسنامەیەک کە دەتوانێ لە گوندێکی دوورکەوتووی کوردستاندا خاوەنی بەرهەمی «فەرهەنگی کوردستانیکا[3] «بێت و، دەکرێ لەوپەڕی جوگرافیای کوردستان و لە گێژاوی مەرگ و نەماندا خاوەنی بەرهەمی «تەنیا چیاکان دۆستمانن[4] «بێت، دەشکرێ دووکولتووریی دیاسپۆرا و گەشەی بەردەوامی نێوان ـ کولتووری و ناسیۆنالیزمی دوور بێت. ناسنامەی منی «گەڕۆک» لە دنیای مەجازیدا، ناسنامەیەکە لە ڕێگای شەپۆل و فڕێکانسەکانی ئەنتەرنێتەوە بە شێوەیەکی میکانیکی دەگوازرێتەوە و وەردەگیرێ، هاوکاتیش فڕێکانسی نوێ و شەپۆلی نوێ تێکەڵ بە جەستەی مرۆڤ و کۆمەڵ بکات. نموونەی دیاری ئەم گۆڕانکارییە لە «بەهاری عەرەبی» و کاریگەرییەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بێت یان «بزووتنەوەی MeTOO»ی ژنان کە دژ بە دەسەڵاتخوازیی پیاوسالارانە وەستایەوە و تەشەنەی سەند، بێت. گرفتی ناسنامەی مەجازی لەوەدایە کە جووتناسنامەیی پێک هێناوە و، پێوەندیی تاکی کورد بە ناسنامەی حەقیقی و ڕاستەقینەی لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیدا کە پەیوەستە بە ژیانی کۆمەڵایەتییەوە، دوور کردووەتەوە. ئەم فەزا مەجازییە، ناسنامەی مرۆڤی کوردی پاسیڤ کردووە. کاتێ بەکارهێنەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە جووڵەی فیزیک و پێوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دەوروبەردا کەڵک وەرناگرن، هەموو کەرەستە کولتووری، کۆمەڵایەتی و زمانییەکان ئامادە نین. واتە مرۆڤ لە ژینگە، جەستە، شوێن، نۆڕمە کۆمەڵایەتییە باوەکان دوور دەکەوێتەوە و دەچێتە فەزایەکەوە کە نۆڕمی کۆمەڵایەتیی دیکەی بەرهەم هێناوە. هاشتەگ، لایک، ئیمۆجی، گیف، تاگ و سەدان ئالگۆریتمی دیکە ڕێکخەر و ئامرازی ئەم فەزا کۆمەڵایەتییە نوێیەن.  فەزایەک کە لە ڕێگای ئامرازەکانی دیجیتاڵی و ئالگۆریتمەکانەوە بەڕێوە دەچن. دوالیزمی کەسایەتی لە دنیای مەجازییدا، ڕۆڵی کۆمەڵایەتی و ناسنامەی کۆمەڵایەتیی مرۆڤیش بەرەو دوو ئاراستەی جیاواز دەبات.


٦ ـ ناسنامە چیمان پێ دەبەخشێ

زانایانی کۆمەڵناسی و دەروونناسیی ناسنامە بە هۆکاری گەشەی دەروونی و کۆمەڵایەتیی مرۆڤ و بونیادی کەسایەتیی تاک لە کۆمەڵدا دەناسێنن. مرۆڤی خاوەن ناسنامە، واتا بە کۆمەڵ دەبەخشێت. ئارنە هۆلتە  دەروونناسی بەناوبانگی نەرویژی حەوت خاڵ وەک حەوتەوانەی مافەکانی تەندروستیی کۆمەڵ دەستنیشان دەکات کە پێوەندی بە ناسنامەخوازییەوە هەیە: 

 ناسنامە و خۆقبووڵ کردن: هەست بە خۆکردن و هەست بکەیت کە بەهایەکی کۆمەڵایەتیت هەیە.

 واتادار بوون لە ژیاندا: هەست بکەی بەشێکی لە شتێ، لە گرووپێ، لە کۆمەڵێ کە لە تۆ گەورەترە و خۆتی تیا دەبینیتەوە. ئەم هەستە دەکرێ گرووپێکی فووتباڵ بێ، هاوڕێ یان دراوسێ بێ، حیزب یان ڕێکخراو یان لە قاڵبێکی گەورەتر نەتەوە، ئایین یان کۆمەڵگایەک بێت.

 کارامەیی: هەستێک کە توانایی‌یەکانی تۆ دەتوانێ داهێنەرانە بێت، کارامە بێ و دەتوانی گۆڕانکاریی دروست بکەیت.

 هەستی هاوپێوەندی: هەستکردن بەوەی کە سەر بە ماڵێکی و لەو ماڵە، لەو گرووپە یان لەو شوێنەدا ئارەزووەکان و خەونەکانت ئەگەشێتەوە و سەرکوت ناکرێن و دڵت پێ ئەکرێتەوە.

 هەستی پارێزراوی: هەستێک کە بیرۆکەکانی تۆ، هەستەکانی تۆ، خەونەکانی تۆ پارێزراون و ئاسوودە دەتوانی ببیت بە بەشێک لە خەونێکی گەورەتر. 

 هەستی بەشداری: هەستێک کە ڕۆڵێکت لە کۆمەڵ یان گرووپێکدا هەیە، ڕۆڵ و کارامەیی و توانایی‌یەکانی تۆ کاریگەری هەیە.

 هەستی پێکەوەبونیادنان و هاوبەشیکردن: هەستێک کە چالاکییەکانی تۆ بەشێکن لە پڕۆسەیەکی گەورەتر، و دەتوانی ئازادانە و بەبێ ترس لەگەڵ خەڵکانی دیکە دابەشی بکەیت. ئەو هەستەی کە تۆ تەنیا نیت، بەشێکی لە کۆمەڵێک کە بەدوای ناسنامەی خۆیدا دەگەڕێت (Hålte, 2017).


بەرەو بیرکردنەوەیەکی دیکە …

ناسنامە و ناسنامەخوازی چەمکێکی ئاڵۆزترە لەوەی کە بە پەرسپێکتیڤی هونەری یان مێتافۆرەکانی «من»ی ڕیشەدار و «من»ی گەڕۆک پێناسە بکرێت. ڕوانگەکانی سەرەوە لە کەوانەیەکدا پرسیارە گەورەکانی وەک پێوەندیی «دەسەڵات»، «خەڵک»، «نەتەوە»، «شوێن»، «سەرچاوەکانی ژیان»، «هاوبەشی» و «فۆڕمەکانی ڕێکخستنی کۆمەڵ» «کارامەیی‌یەکانی تاک و کۆمەڵ» و هەزاران پرسیاری گەورەی دیکە دەخوێندرێتەوە و ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵ ئاراستە دەکات و ناسنامەیان پێ دەبەخشێت. هەر لەبەر ئەوەیە، دەگەڕێمەوە بۆ پرسیاری «جگەرخوێن» کە بەڕاستی «کینە ئەم؟» و چۆن دەتوانین لە جیهاندا مانا بە خۆمان بدەین و تێکەڵ بە جیهانی پڕ لە کەڵکەڵە و پێکدادانی ناسنامەکان ببین؟ چۆن کارامەیی‌یەکانی ژیان بەرز بکەینەوە و توانایی‌یەکانمان بەکار بهێنین؟ ئەوەی گرینگە و پەیامی ئەم وتارەیە ئەوەیە کە ناسنامەکان نەگۆڕ و چەقبەستوو نین و هیچ کام لە ڕوانگەکانی سەرەوە موتڵەق و ڕەها نین، بەڵکوو ناسنامەکان دینامیک و گۆڕان‌هەڵگرن. لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی ‌تر، لە کۆمەڵێکەوە بۆ کۆمەڵێکی دیکە جیاوازن. کوردستان خاوەنی تواناییی زۆرە کە پشتوێنەی ناسنامەی کوردستانیبوون هەڵبگرێ و لە دەرەوی بازنەی ناسنامە ساختەکاندا گەشە بکات. ناسنامەیەک کە ناسنامەکانی‌ دیکە خەوشدار و لەکەدار نەکات و خۆی و ئەوانی دیکە ببینێ و بناسێت. هەر بۆیە ناسنامەی کوردستانی پەیوەستە بە کوردستان وەک فەزایەکی جوگرافیاییی واتادار کە ناسنامەی تاک و تاکەکان لەناو ئەو فەزایە و دەرەوەی ئەو فەزایەدا بێت. ناسنامەی گەلانی دانیشتووی کوردستان و ئەو گەلانەی کە لە ڕەوتی مێژوودا تواونەتەوە و ئاسەواریان نەماوە، هەروەها ناسنامەی کۆمەڵێکی پەراوێز و دەرەوەی پەراوێزەکان و دیاسپۆرا و پەراوێزە دوورەکان ئەودیوی کوردستانە. لە کۆتا ڕستەدا دەتوانم بێژم کە ناسنامە دەتوانین لە ڕوانگەی جۆراوجۆر و نەرمەئامێری جۆراوجۆر وەسفی ناسنامە بکەین و خۆمان بناسێنین، بەڵام ناسنامە ئابستڕاکتە و ناتوانین بە شێوەیەکی ڕەها بڵێین: ئەوە ناسنامەی «من»ە.



پەراوێزەکان

  1. ناسنامە بکوژەکان، لە نووسینی ئەمین مەعلووف.
  2. https://lex.vejin.net
  3. مەبەست، بەرهەمی فەرهەنگی چەند بەرگیی کودستانیکا لە نووسینی نووسەر «ئاکۆجەلیلیان»ە.
  4. مەبەست، ڕۆمانی «تەنیا چیاکان دۆستمانن» لە نووسینی نووسەر «بێهرووز بووچانی»یە.


سەرچاوەکان

Eriksen, & Sajjad, T. A. (2020). Kulturforskjeller i praksis: perspektiver på det flerkulturelle

Goffman. (1969). The presentation of self in everyday life. Penguin.

Hålte, Arne (2017). de syv psykiske helserettighetene, hentet fra: https://arneholte.no/de-syv-psykiske-helserettighetene/

Imsen. (2020). Elevens verden : innføring i pedagogisk psykologi (6. utgave.). Universitetsforlaget.

Jordhus-Lier, & Stokke, K. (2017). Samfunnsgeografi : en innføring. Cappelen Damm akademisk.

Maalouf, & Fosser, P. E. (1999). Identitet som dreper ([Nytt oppl.]., p. 137).

Skårderud, Frogner, P., & Berge, G. (2000). Uro. NRK lydbokforl.

Tvedt, & Skjervøy, A. (2020). Verdenshistorie : med fortiden som speil. J.M. Stenersens forlag.

Aarebrot, & Evjen, K. (2014). Land, makt og følelser : stats- og nasjonsbygging (p. 399). Fagbokforl.

داگرتنی بابەت

کینە ئەم؟

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان