ئارامتر بخوێنەوە
ئیمتیازی تایبەت[١]، جیاوازی و نایه‌کسانی
له جیهانی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه نایه‌کسانه‌کاندا
بەرزوو ئه‌لیاسی*
و: سوارۆ کوردی
“چەمکی ئیمتیازی تایبەت دەکرێت ئەوەمان بۆ ڕوون بکاتەوه که بۆچی بەشێکی زۆر له فارسەکان سەبارەت به ئەدەبیات، موسیقا، مێژوو و زمانی عەرەبەکان، کوردەکان، ئازەرییەکان، تورکەمەنەکان و بەلووچەکان نائاگان. ئەو جەهالەته دەکرێت بەشێوەیەکی زۆر سانا و لەڕێگەی لێکۆڵینەوەیەکی سادەوە دەربکەوێت؛ بۆ وێنه ئەگەر سەبارەت بەو باسه له عەرەبەکان، ئازەرییەکان، کوردەکان، بەلووچەکان یان تورکمەنەکان سەبارەت به ئەدەبیاتی فارسی بپرسین و هەروەها بە پێچەوانەشەوه له فارسەکان سەبارت به ئەدەبیاتی غەیرەفارسەکان پرسیار بکرێت، دەبێت بڵێین غەیرەفارسەکان ئاگایی و زانستێکی زۆرتریان سەبارەت به ئەویتری زاڵی خۆی واته فارسەکان هەیه. “
ئه‌م وتاره ده‌په‌رژێته سه‌ر پرسگه‌لی ئیمتیازی تایبه‌ت (ئینحساری)، جیاوازی و نایه‌کسانی له به‌ستێنی ده‌وڵه‌تی ئێرانی‌دا و شێوه‌کانی ته‌مێکردنی گروپه بهکهمینیه کراوه‌کان که وه‌کوو مه‌ترسییه‌ک بۆ سه‌ر یه‌کگرتوویی سه‌رزه‌مینی و سیاسیی ده‌وڵه‌تی ئێرانی ده‌بیندرێت. یه‌کسانی و نایه‌کسانی به‌بێ تێگه‌یشتن له چۆنێتی جیاوازی پێکهاته جیاوازه‌کاندا واته چۆنێتی پۆلێنبهندیکردن، بایه‌خ دانانه‌که‌یان و ڕیزبه‌ندییه‌که‌یان فام ناکرێت. چه‌مکی جیاوازی به‌رده‌وام له به‌ستێنی ڕیزبه‌ندی ڕه‌گه‌زی[٢] و ئیتنۆ-سیاسی‌دا ڕۆحی هاتووه‌ته به‌ر (بڕوانه Phillips 2021).
لە کاتێکدا هەندێک جیاوازی لە ڕێگەی هەژموونی سیاسی و ئایدیۆلۆژییەوە پێگەیەکی گشتگیر قۆرخ دەکەن، هەندێک جیاوازی دەبنە ئۆبژەی کێشەدارکردن و وەک کۆسپێک لەبەردەم یەکێتی و ئاسایشی نەتەوەیی نیشان ده‌درێت. ئامانجی سه‌ره‌کی ئه‌م وتاره هه‌ڵته‌کاندن و نائاسایی کردنه‌وه‌ی زاڵ بوونی که‌لتووری و سیاسیی ده‌ستوورانه بوونی(نۆرماتیڤیتی)شوناسی فارسییه و بانگه‌وازێکه بۆ کۆ-گه‌راییه‌کی چه‌ند لایه‌نه له ئێران‌دا؛ واته چیتر شوناسی فارسی وه‌ک کرۆکی ژیانی گروپه بهکهمینهکراوهکان نییه تاوه‌کوو جیاوازییه‌کانیان وه‌کوو شووره‌یی و به‌که‌م زانین بێته به‌رچاو و هه‌روه‌ها له ده‌لاقه‌ی مه‌ترسی بۆ سه‌ر ته‌ناهیی نه‌ته‌وه‌یی سه‌یر بکرێن.
به مه‌به‌ستی سازکردنی به‌ستێنێک بۆ ئه‌م وتاره کورته ئیزن بده‌ن له‌گه‌ڵ گێڕانەوهیهکی تاکه‌که‌سیی لاوێکی کورد ده‌ست پێ بکه‌م که له ئێراق وه‌کوو په‌نابه‌رێکی کورد له‌دایک بووه و پاشان گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ ئاواییه‌که‌یان له کوردستانی ئێران؛ پێش ئه‌وه‌ی به‌ره‌و سوید کۆچ بکات. ئه‌و لاوه که من بۆ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک سه‌باره‌ت به بێده‌وڵه‌تبوونی و ئه‌ویتربوونی سیاسی وتووێژم له‌گه‌ڵ کرد (Eliassi 2021)خۆی وه‌کوو که‌سێکی سیاسی نه‌ده‌دیت به‌ڵام له ڕێگه‌ی چیرۆکه‌که‌یه‌وه نیشانی دا که چلۆن سیاسه‌ت کرۆک و ناوه‌ندی ژیانی کوردییه له ئێرانی نایه‌کساندا. ئه‌و لاوه بۆ نیشاندانی ئه‌وه‌یکه چۆن شوناسی کوردی له به‌ستێنی ئێرانی‌دا له پێگه‌یه‌کی بندهستانهدایه ئه‌زموونی خۆی سه‌باره‌ت به به‌فه‌رمی نه‌ناسین له به‌ستێنی ڕێکخراوه‌ییدا گێڕاوه؛ ئه‌وه‌ش کاتێکه که کورده‌کان ئیزنیان نییه یان دڵ‌سارد ده‌کرێنه‌وه له‌وه‌ی ناوی کوردی له‌سه‌ر منداڵه‌کانیان دابنێن و ده‌بێژێت:
من کوردێکم و خه‌ڵکی کوردستانی ڕۆژهه‌ڵاتم (ئێران) و له که‌مپی ئاواره‌کان له عێراق له‌دایک بووم. بنه‌ماڵه‌که‌م ناوێکی کوردی‌یان له‌سه‌ر دانام. بنه‌ماڵه‌که‌م گه‌ڕانه‌وه ئاواییه‌که‌مان له کوردستان. له ئێران من و دوو برا بچووکه‌که‌م ناچار بووین ناوه‌که‌مان بگۆڕین و به‌رپرسه‌کان ناوه کوردییه‌کانی ئێمه‌یان بۆ ناوی فارسی و عه‌ره‌بی گۆڕی، به‌ڵام له ماڵه‌وه و هاوڕێکانم به ناوه کوردییه‌که‌م بانگیان ده‌کردم. له قوتابخانه هه‌رده‌م به ناوی فارسی بانگ ده‌کرام. کاتێک له‌گه‌ڵ ژنێکی کورد له سوید ژیانی هاوبه‌شم پێک هێنا، یه‌که‌مین شت که بۆی گه‌ڕامه‌وه ناوه کوردییه‌که‌م بوو به‌سه‌ر کارتی شوناسی سویدییه‌که‌م. من سه‌ردانی باڵوێزخانه‌ی ئێرانم کرد بۆ ئه‌وه‌ی پاسپۆرتی ئێرانی بۆ کوڕه تازه لهدایکبووهوهکهم وه‌رگرم. لێیان پرسیم چ ناوێکت بۆ منداڵه‌که‌ت هه‌ڵبژاردووه. من وڵامم دایه‌وه: کاردۆ. بالوێزخانه‌ی ئێران پێیان گوتم ئه‌وان ناتوانن ئه‌و ناوه قبووڵ بکه‌ن و پێشنیاریان دا ناوێکی فارسی له‌سه‌ر دانێم، ئه‌رده‌شێر. من قبووڵم نه‌کرد و یه‌کێک له کارمه‌نده‌کانی باڵوێزخانه‌که به تووڕه‌ییه‌وه پێی گوتم: “تۆ ئه‌وڕۆ ناوی کوردیت ده‌وێت سبه‌ینێ داوای ده‌وڵه‌تی کوردیش ده‌که‌ی وه‌کوو کورده‌کانی عێراق. ئه‌وان به ناقایلییەوە قبووڵیان کرد که من بیسه‌لمێنم ئه‌و ناوه ناوێکی دژه شۆڕش نییه. ئێستا من منداڵێکی تازه له‌دایکبووی دیکه‌م هه‌یه و ئه‌گه‌ر بمهه‌وێت پاسپۆرتی ئێرانی و کارتی شوناسی بۆ وه‌رگرم ده‌بێ وریا بم ناوێکی کوردی بۆ هه‌ڵبژێرم که جێگه‌ی مه‌ترسی نه‌بێت و سیاسیش نه‌بێت.
گه‌رچی ئه‌وه ئه‌زموونێکی تاکه‌که‌سییه، به‌ڵام بایه‌خێکی زۆر و به‌ربڵاوی هه‌یه، چونکه هه‌ستی باڵاده‌ستی و سهرووبوونی شوناسی فارسی یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه گرینگه‌کانی ته‌کوزیی سیاسیی ئێرانییه. ئه‌زموونی ئه‌و کوڕه لاوه نیشانی ده‌دا که چۆن زوڵم و توندوتیژی سێمبولیک نه‌ته‌وه بێده‌وڵه‌ته‌کان ده‌پێکێت و ئه‌ویش له کاتێکدایه پێش به ناونانی منداڵه‌کانیان ده‌گرن و ناهێڵن به پێی شوناسی خۆیان له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی یه‌کسان بژین.
منداڵانی فارس یان ئاخێوه‌رانی فارسی به‌ره‌به‌ره ئه‌وه ده‌زانن که شوناسه فارسییه‌کان له‌لایه‌ن ڕێکخراوه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له کۆمه‌ڵگای ئێرانی‌دا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌یه و پێکهێنه‌ری ئه‌و شوناسه‌ن. له‌و ڕۆژه‌وه‌ی ئه‌و منداڵانه ده‌چنه قوتابخانه‌کان، زمانی فارسی که زمانی په‌روه‌رده‌یه فێر ده‌بن، مێژوویه‌ک فێر ده‌بن که هی فارسه‌کانه، هونه‌رێک فێر ده‌بن که هی فارسه‌کانه، سروودگهلێک فێر ده‌بن کهفارسییه و ته‌نانه‌ت ناوه جوگرافییهکانیش که کوردین کراونه‌ته فارسی. به واتایه‌کی دیکه منداڵانی فارس فێر ده‌بن کە جیهانی ژیانیان له ماڵه‌وه و ده‌ره‌وه یه‌کانگیر و یه‌کگیره. ئه‌گه‌ر ئێمه ئاوڕێک له منداڵانی غه‌یره فارس وه‌کوو ئازه‌رییه‌کان، عه‌ره‌به‌کان، تورکمه‌نه‌کان و کورده‌کان بده‌ینه‌وه؛ ئه‌وان به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌زانن که شوناسه‌که‌یان له‌نێو ئه‌و ڕێکخراوه کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌دا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی نییه و ناچارن یان هان ده‌درێن بایه‌خه‌کان و زمانی فارسی باڵاده‌ست وه‌خۆبگرن (ده‌روونی بکه‌نه‌وه)، ئه‌وه له کاتێکدایه ئامانجی ڕیکخراوه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له ئێران وه‌کوو قوتابخانه‌کان فارسی سازیی کۆمه‌ڵگای ئێرانییه.
هه‌ر به‌م هۆکاره‌یه شوناس و زمانی فارسی وه‌کوو سازکه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی “ئێرانی بوون” ده‌بیندرێت؛ ئه‌وه‌ش له کاتێکدایه که زمانی کوردی و به‌لووچی وه‌کوو زارهوهگهلی به‌لاڕێدا ڕۆیشتووی زمانی فارسییه و ئازه‌ری، تورکه‌مه‌ن و عه‌ره‌بیش وه‌کوو زمانێکی بێگانه سه‌یر ده‌کرێت. هه‌ندێک کات هێز و ئیلیتی فارسی کورده‌کان وه‌کوو “ڕه‌سه‌نترین” ئێرانییه‌کان به‌ئه‌ژمار ده‌هێنن. به‌پێچه‌وانه‌وه کاتێک که‌ڵک له ده‌سته‌واژه‌ی “ڕه‌سه‌نایه‌تی” له گوتاری سیاسه‌تی شوناسی له‌لایه‌ن خه‌ڵکانی ڕه‌سه‌ن و کۆلۆنی کراو له جیهاندا وه‌رده‌گیرێت مه‌به‌ست گه‌یشن به مافی زۆرترە، به‌ڵام له‌مه‌ڕ کورده‌کان داکشانی مافه‌کان مه‌به‌سته. هه‌ندێک له کورد، ئازه‌ری و عه‌ره‌ب، به‌لووچ و تورکه‌مه‌نه بهفارسکراوهکان هاوده‌نگ و هاوڕێی گوتاری زاڵن و ڕۆڵێکی سه‌ره‌کی له به‌هێزکردنی هێزی که‌لتووری، سیاسی و ئابووریی فارسه‌کان دەگێڕن و ئه‌وه‌ش له ڕێگه‌ی یه‌کگرتوویی له‌گه‌ڵ ڕێژیمه‌کانی ئێرانه و بزاڤه غه‌یره فارسه‌کانیش به “ته‌جزیه ته‌ڵه‌ب” و “دژه ئیسلام” یان “ئه‌سبی تێڕۆوا”ی زایۆنیزم و پلانه‌کانی ئیمپریالیسته‌کان تۆمه‌تبار ده‌که‌ن که گوایه ده‌خوازن یه‌کگرتووییی سیاسی و زه‌مینیی ئێران لاواز بکه‌ن.
ئێمه چۆن ده‌توانین ئەم جیاوازییه له‌نێوان فارسه‌کان و گروپهکهمینهکراوهکان که له بواری که‌لتوورییه‌وه جێگای به‌دناوی و سه‌رشۆڕین و له ژێر ده‌ستی ئیمپریالیزمی که‌لتووریی فارسیدان شی بکه‌ینه‌وه؟ چه‌مکی ئیمتیازی تایبه‌ت چه‌مکی سه‌ره‌کی بۆ تێگه‌یشتن له‌وه‌یه که چۆن نایه‌کسانی به‌شێوه‌ی سیاسی سازمان دراوه و ڕێک خراوه؟ له ڕاستیدا ئیمتیازی تایبه‌ت لایەنێکی دیکه‌ی سه‌رکوت و هه‌ڵاواردنه. له‌م بواره‌دا ئاڵیسۆن به‌یڵی (1998) ئیمتیازی تایبه‌ت وەها پێناسه ده‌کات: “ئیمتیازی تایبه‌ت به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی به‌خشراوی سیستماتیکه به که‌سه‌کان که به‌هۆی ئه‌ندامێتی له گروپه زاڵهکاندایه و ده‌ستیان به سه‌رچاوه و هێزی ڕێکخراوه‌یی ڕاده‌گات و له سه‌روویی به‌رژوه‌ندییه ئاساییه‌کانی شارومه‌ندانی په‌ڕاوێزخراوه“. ئه‌و گروپ و که‌سانه‌ی ئیمتیازی تایبه‌تیان هه‌یه له ستراتێژییه تایبه‌ته‌کان بۆ ڕاگرتن و مانه‌وه‌ی پێگه‌ی خۆیان که ده‌بێته هۆی ده‌سته‌به‌ربوونی ئیمتیازه تایبه‌ته‌کان سوود وه‌رده‌گرن. ئه‌و ستراتێژییانه ئیمتازه تایبه‌ته‌کان نه‌بیندراو ده‌که‌ن و پێگه‌که‌یان وه‌کوو شتێکی سروشتی و ئاسایی لێ ده‌کات و هه‌ستی به حه‌قبوونی پێگه‌که‌یان له‌خۆ ده‌گرێت. ئه‌وه شتێکی نائاسایی و سرووشتی نییه که حاڵه‌تێکی به‌رگریکارانه و هه‌ست به دڵه‌ڕاوکێ بگرنه به‌ر کاتێک گروپهزاڵهکان وه‌کوو ئیمتیازی تایبه‌ت ئاماژه‌یان پێ بکه‌ن و دۆخه‌که‌یان بخه‌نه ژێر پرسیاره‌وه. له سۆنگه‌ی ئه‌و باسه‌ی سه‌ره‌وه ده‌بێت ئه‌وه بزانین ئیمتیازی تایبه‌ت ته‌نیا نایه‌کسانیی که‌لتووری، ئابووری و سیاسی گه‌مارۆ نادات، به‌ڵکوو نائاگاداری و جه‌هاله‌تیش گەمارۆ دەدات.
چه‌مکی ئیمتیازی تایبه‌ت دەکرێت ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون بکاته‌وه که بۆچی به‌شێکی زۆر له فارسه‌کان سه‌باره‌ت به ئه‌ده‌بیات، موسیقا، مێژوو و زمانی عه‌ره‌به‌کان، کورده‌کان، ئازه‌رییه‌کان، تورکه‌مه‌نه‌کان و به‌لووچه‌کان نائاگان. ئه‌و جه‌هاله‌ته ده‌کرێت به‌شێوه‌یه‌کی زۆر سانا و له‌ڕێگه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی سادهوە دەربکەوێت؛ بۆ وێنه ئه‌گه‌ر سه‌باره‌ت به‌و باسه له عه‌ره‌به‌کان، ئازه‌رییه‌کان، کورده‌کان، به‌لووچه‌کان یان تورکمه‌نه‌کان سه‌باره‌ت به ئه‌ده‌بیاتی فارسی بپرسین و هەروەها بە پێچه‌وانه‌شه‌وه له فارسه‌کان سه‌بارت به ئه‌ده‌بیاتی غه‌یره‌فارسه‌کان پرسیار بکرێت، ده‌بێت بڵێین غه‌یره‌فارسه‌کان ئاگایی و زانستێکی زۆرتریان سه‌باره‌ت به ئه‌ویتری زاڵی خۆی واته فارسه‌کان هه‌یه. ئه‌م فۆڕمه له نائاگاهی مۆڵه‌تپێدراو له به‌رژه‌وه‌ندیی گروپی زاڵ و باڵاده‌ستدایه و پێگه‌ی ئیمتیازه تایبه‌ته‌که‌یان به‌هێزتر ده‌کات. له سوید له‌و وڵاته‌ی من تێیدا ده‌ژیم چه‌نده‌ها جار په‌نابه‌ره فارسه‌کان لێیان پرسیوم گه‌لۆ له ماڵه‌وه له‌گه‌ڵ منداڵه‌کانم به فارسی قسه ده‌که‌م؟ ئه‌و جۆره پرسیارانه نیشان ده‌دا که چلۆن که‌لتووری ده‌ستوورانه (نۆڕماتیڤ)ی فارسی وه‌کوو شوناسی گشتگیری (جهانشمول) ئه‌و بواره کار ده‌کات واته ئه‌و بواره‌ی چاوه‌نواڕی به‌جێهێنان و قبووڵکردنی زاڵبوونی شوناسی فارسی ده‌کات. گه‌رچی من زۆربه‌ی کات به‌رپه‌رچیان ده‌ده‌مه‌وه و ده‌بێژم ئه‌گه‌ر ئێوه‌ش له‌گه‌ڵ منداڵه‌کانتان له ماڵ به کوردی قسه بکه‌ن. له‌م دۆخه‌دا ئه‌وان ناڕاحه‌ت ده‌بن و ده‌توانن بڵێن که پێویستیان به فێربوونی زمانی کوردی نییه، چونکه فارسی له هه‌موو شوێنێک قسه‌ی پێ ده‌کرێت. ئه‌و “هه‌موو شوێنه“ له ئێران‌دا نیشانده‌ری ئه‌وه‌یه که چۆن کۆگهراییهکی سه‌رکوتکه‌ر کار ده‌کات، چونکه زمانی فارسی به‌شێوه‌یه‌کی سروشتی له‌لایه‌ن خه‌ڵکانی جیاوازه‌وه قسه‌ی پێ ناکرێت به‌ڵام له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تەوە له ڕێگه‌ی ڕێکخراوه زاڵه‌کانی وه‌کوو سیسته‌می په‌روه‌رده، میدیای به‌کۆمه‌ڵ داسه‌پێندراوه و ئه‌گه‌ر که‌سێک له‌م ته‌کووزه لا بدات ته‌مێ ده‌کرێت، سووک ده‌کرێت و له کۆمه‌ڵگا ده‌ریده‌خه‌ن. ئه‌وه له‌ژێر ڕکێفی ته‌نزیماتی سیاسی و دۆخ و توندوتیژیی بیرۆکه‌ی ناسیونالیستیدایه که گروپه‌کان به‌که‌مینه ده‌کرێن و ده‌بنه عه‌لامه‌ت و له‌کاتێکدا گروپی زاڵ بێنیشانه‌یه و سرووشتی بووه‌ته‌وه (بڕوانه Pandey 2006) ئه‌وه شتێک نییه جگه له‌و ئیمتیازه تایبه‌ته‌ی که فارسه‌کان له کۆمه‌ڵگای فره چه‌شنی وه‌کوو ئێران ئه‌زموونی ده‌که‌ن.
خۆبه‌ده‌سته‌وه‌نه‌دانی شوناسی ئێرانی
به پێچه‌وانه‌ی ده‌وڵه‌تانی تورکیە و سووریە که به ئاسانی ده‌کرێت شوێنپێی سه‌رده‌ستیی ئیتنیکی تورک و عه‌ره‌بی تێدا ببیندرێت، ناوی ئێران خۆ به‌ده‌سته‌وه نادات و که‌متر ئیتنیکییه و پتر وه‌خۆگره، له کاتێکدا ڕاستیی زاڵبوونی ئیتنیکی فارس ده‌شارێته‌وه. ئه‌فسانه‌یه‌کی به‌ربڵاو هه‌یه سه‌باره‌ت به‌م بیرۆکه‌یه که ده‌ڵێت ئێران کۆمه‌ڵگایه‌کی فره ئیتنیک و فره ئایینیی هاوئاهه‌نگه. ده‌ی که‌واته ئه‌و کۆگهراییهی ئیدیعای ده‌که‌ن له کرده‌وه‌دا له ئێران چۆنه؟ نوێنه‌رانی ده‌وڵه‌تی ئێران له بۆنه‌کاندا ڕه‌تی ده‌که‌نه‌وه زمانی کوردی زمانێکی سه‌ربه‌خۆیه و به‌ره‌و زاراوه‌یه‌ک دایده‌به‌زێنن. له ساڵی ٢٠١٤دا کۆنسولگه‌ریی ئێران له هه‌رێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کرده‌وه که زمانی کوردیی سووک و چرووک کرد. کۆنسولگه‌ری ئێران گوتی “زاراوه‌ی کوردی زمانێکی سه‌ربه‌خۆ نییه به‌ڵکوو هی زمانه ئێرانییه‌کانه و تێکه‌ڵاوێکه له زمانه‌کانی عه‌ره‌بی، تورکی و فارسی”. ئه‌مه له کاتێکدایه له بهقهرزوهرگرتنی وشه‌کان و ئاڵۆگۆڕی زمانی به‌شێکه له گه‌شه‌سه‌ندنی زمانه‌کان؛ جێگه‌ی سه‌رنجه که کۆنسولگه‌ریی ئێرانی/فارسی باس له بابه‌تی “تێکه‌ڵاوی” ده‌کات له کاتێکدا زمانی فارسی و وشه‌دانه‌که‌ی به‌شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو له‌ژێر کاریگه‌ری و ده‌سه‌ڵاتی زمانی عه‌ره‌بیدایه. ئامانجی سه‌ره‌کیی کۆنسولی ئێران ئه‌وه بوو کە لەسەر شایسته‌یی کورد بۆ ئیدیعای نه‌ته‌وه‌بوون و ده‌سه‌ڵاتدارێتی له ناوچه‌یه‌ک که له‌ژێر ته‌راتێنی عه‌ره‌ب، فارس و تورکدایه گومان دروست بکات. کاتێک ئه‌م باسه ده‌گاته منداڵان و که‌مبوونی ئاستی زانستی و زانین له‌سه‌ر زمانی فارسی به‌م جۆره ده‌جووڵێنه‌وه؛ له ساڵی ٢٠١٩دا ڕێزوان حه‌کیمی جێگری سه‌رۆکی په‌روه‌ده‌یی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و ڕاهێنانی ئێران گوتی ئه‌م ئاسته لاوازه له‌سه‌ر زمانی فارسی ده‌کرێت هۆکاره‌که‌ی که‌موکۆڕی بیولۆژیکی بێت. له ساڵی ٢٠١٩دا به‌رپرسانی ئێرانی زارا موحه‌ممه‌دی مامۆستای زمانی کوردی و داژداری مافی مرۆڤیان خسته به‌ندیخانه‌وه. زارا به‌وه تۆمه‌تبار کرابوو که “گروپێکی له دژی ته‌ناهیی نه‌ته‌وه‌یی پێک هێنابوو”. بۆ وێنه هه‌ندێک له ئه‌ندامانی ئاکادیمایی زمان و ئه‌ده‌بیاتی فارسی جه‌ختیان ده‌کرده‌وه که خواستی که‌مینه‌کان بۆ مافی په‌روه‌رده به زمانی غه‌یره-فارسی ده‌بێته هۆی لاواز بوونی ته‌ناهیی نه‌ته‌وه‌یی، یه‌کده‌ستیی کۆمه‌ڵایه‌تی و یه‌کگرتوویی خاکی ئێران. ئه‌م بێزارییه به‌رانبه‌ر به خواستی کورد بۆ مافه که‌لتووری-ئیتنیکییه‌کانی نیشانده‌ری ئه‌وه‌یه که ڕێژیمی ئیران و رووناکبیره‌کانی شوناس و زمانی کوردی وه‌کوو دیارده‌یه‌کی به‌دناو به‌ئه‌منییه‌تی ده‌که‌ن و ئه‌مه‌ش له‌ژێر ناوی شوناسیی نادیمو‌کراتیکی ئێرانی داسهپاودایه که ڕه‌هه‌ندی ده‌ستوورییانه‌ی که‌لتووری شوناسی فارسی ده‌شارێته‌وه و هه‌مدیسانیش به‌رهه‌می ده‌هێنێته‌وه (بڕوانه شێخولئیسلامی 2012، سه‌باره‌ت به دۆخی زمانی کوردی له ئێران).
ئه‌وه ڕاستییه‌که که ئێران گروپه ئیتنیکی و ئایینییه جیاوازه‌کان له‌خۆ ده‌گرێت و ناسیونالیزمی خه‌ڵکی هه‌میشه هاوگری ناسیونالیزمی فه‌رمی نییه، ده‌وڵه‌تێک ئیدیعای یه‌کێتی له‌نێو فرهچهشنیدا ده‌کات، به‌ڵام له‌ڕاستیدا شارومه‌ندی ئێرانی و شوناسی نه‌ته‌وه‌یی ئیمتیازێکی تایبه‌ته بۆ ئاخێوه‌رانی زمانی فارسی یان ئیتنیکی فارس. ده‌کرێت به دروستی بڵێین که شوناسی ئێرانی دیکۆڕاسیونێکه له کۆنتڕۆڵی سیاسی، که‌لتووری و ئابووریی فارسه‌کان به‌سه‌ر ئێران‌دا (Soleimani & Mohammadpour 2019). له‌م باره‌یه‌وه من که‌ڵک له کاری “کریشان کومار”ی کۆمه‌ڵناس (2000) وه‌رده‌گرم بۆ ئه‌وه‌ی باس له چۆنیەتیی کارکردنی ناسیونالیزمی ئێرانی له ئاستی دروشم و کرده‌وه‌دا بکه‌م. ده‌کرێت ناسیونالیزمی ئێرانی له‌سه‌ر بنه‌مای سه‌روه‌ری فارس وه‌ک ناسیونالیزمێکی ئیمپریال و میسیونێری ناو بنێن که ئه‌مه له‌خۆده‌گرێت “پێوه‌ندییه‌کی له‌نێوان گروپی ئیتنیکی زاڵ یان سه‌ره‌کی و یه‌که‌ی ده‌وڵه‌تی هه‌یه که خۆی وه‌کوو پێبه‌ند و دهروهستهیهک بۆ هه‌ندێک ئامانجی گه‌وره‌ی ئاینیی، که‌لتووری یان سیاسی ده‌بینێت (Kumar 2000:580). سیاسه‌تمه‌داران و ڕێبه‌رانی فارس زۆربه‌ی کاته‌کان له قسه کردن سه‌باره‌ت به زاڵبوونی فارسه‌کان وه‌کوو شوناس و بواری حاکم خۆ ده‌بوێرن و جه‌خت ده‌که‌نه‌وه که ئێران وڵاتی به‌رهه‌مهێنه‌ری ئاشتی، برایه‌تی، فره‌چه‌شنی و ئیسلامه له جیهانی ئیسلامدا. کاتێک گروپه بهکهمینهکراوهکان نایه‌کسانییه ئایینی و ئیتنیکییهکانیان سیاسی ده‌که‌نه‌وه، ڕیژیمی ئێران و ڕووناکبیره‌کانیان ده‌خوازن ئه‌و کێشه‌یه وه‌کوو پلانی سازکراوی رۆژئاوا و زایۆنیزم به ئامانجی لێپڕژانی ئێران نیشان بده‌ن. کۆمار ده‌بێژێت ئه‌گه‌ر گروپی باڵاده‌ست به‌رپرس بێت پێویست ناکات “بۆی له ده‌هۆڵ بدات” له‌ڕاستیدا ئه‌نجامی ئه‌و کاره مه‌ترسییه‌که بۆ بنه‌مای پێگه‌ی زاڵبوونیان و ئه‌گه‌ر بنده‌ستبوونی گروپه‌کانی دیکه بهێنێته‌وه بیریان ڕه‌نگه هانیان بدات مشوورێک له خۆیان بخۆن(Kumar 2000:590). به‌م حاڵه‌وه کاتێک ناسیونالیزمی ئیتنیکی ڕووی خۆی ده‌رده‌خات که هێزی سێمبولیکیی ئیتنیکییهکهی بکه‌وێته مه‌ترسییه‌وه، بۆ وێنه له‌بابه‌ت “که‌نداوی فارس” کاتێک عه‌ره‌به‌کان ده‌خوازن ناوه‌که‌ی بکه‌نه “که‌نداوی عه‌ره‌ب” ده‌هۆڵی نوینه‌رانی ناسیونالیزمی فارسی زۆرتر ده‌نگی دێت و زاڵبوونی شاره‌وه‌ی فارسی پتر ڕووی خۆی ده‌رده‌خات. کاتێک حه‌سەنی ڕۆحانی له ساڵی ٢٠١٣دا وه‌کوو سه‌رۆککۆماری ئێران هه‌ڵده‌بژێردرێت، کورده‌کان چاوه‌ڕوانی زمانێکی سیاسیی نوێ بوون تاکوو مافه که‌لتووری و سیاسییه‌کان ئاستیان به‌رز بێته‌وه. به‌ڵام کاتێک بووه بە سه‌رۆککۆمار جه‌ختی کرده‌وه له ئێران ته‌نیا یه‌ک شوناسی ده‌سه‌ڵاتدار هه‌یه و ئه‌ویش شوناسی ئێرانییەو بهناقایلییهوه گوتی له‌ژێره‌وه‌ی شوناسی ئێرانی هه‌ندێک “ورده که‌لتوور”یش هه‌یه. پێناسه‌کردنی ئیتنیکه غه‌یره‌فارسه‌کان وه‌ک “وردهفهرههنگ” ده‌کرێت به‌م شێوه‌یه فام بکرێت که ئه‌وه ستراتێژییه‌کی سیاسییه بۆ بێبه‌ریکردنیان له ئیدیعای نه‌ته‌وه‌بوون و خودموختاری و هه‌روه‌ها به‌مه‌به‌ستی دانانیان له‌ژێره‌وه‌ی شوناسی ئێرانی کۆخوازیی داسه‌پاوه. ئیدیعای کورده‌کان بۆ په‌ره‌پێدانی چه‌مک و تێگه‌یشتنی له شارومه‌ندی ئێرانی بۆ ئه‌وه‌ی به‌ربڵاوتر بێته‌وه وه‌کوو پرسێکی ته‌ناهیی نه‌ته‌وه‌یی هه‌ڵسوکه‌وتی له‌گه‌ڵ ده‌کرێت که به‌ڕواڵه‌ت پێوه‌ندی گشتی نێوان گروپه‌کانی ئێران داده‌ڕزێنێت و په‌رتووکیان ده‌کاته‌وه و به‌رژه‌وه‌ندییه ئیمپریالیستییه‌کان ده‌سته‌به‌ر ده‌کات. هاوکات حیزبه کوردییه‌کانیش له شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ئێرانیدان و زۆربه‌ی کات وه‌کوو لایه‌نێک که سۆبژێکتیویته‌ی سیاسی نییه ده‌بیندرێن و وه‌کوو ئامرازی ده‌ستی ئیسرائیل و ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ده‌بیندرێت بۆ ئه‌وەیکه ئه‌و هارموونییه ئیدیعاییهی جیهانی ئیسلام که به‌تاڵه له هه‌ر چه‌شنه هیرارشییهکی ئیتنیکی-ئاینیی وه‌له‌رزه بخات و بشێوێنێت.
له جیهانێکدا جیاوازیی جۆربه‌جۆر بوونی هه‌یه، یه‌کسانی و یه‌کبوونی نه‌ته‌وه‌یی وه‌کوو مه‌ترسییه‌ک کار ده‌کات بۆ ئه‌و که‌سانەی خۆیان به هی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه نازانن. گه‌رچی ئینتما و باوەر بۆ خۆشبژێویی مرۆڤ پێویسته، دروست کردنی سیاسه‌تێک له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رابه‌ری و یه‌کسانیش پێویسته (Butler 2012). له‌و جێگایهوهی زۆربه‌ی ده‌وڵه‌تانی ڕۆهه‌ڵاتی ناوین کێشه‌ی چه‌قبه‌ستوویی ئیتنیکی-ئاینییان هه‌یه، ده‌توانن فۆڕمولێکی دیکه بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌که جگه له ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌ی بێبهریانه ده‌کار بکه‌ن. بۆ وینه ئه‌وان ده‌توانن که‌ڵک له فێدراسیونێک له نه‌ته‌وه جۆراوجۆره‌کان وه‌رگرن؛ “شیمانه‌کردنی نه‌ته‌وه‌یه‌ک یان کرده‌وه‌کانی له ده‌ره‌وه‌ی به‌ستێنی کرده‌وه‌ی به‌کۆمه‌ڵ و گشتی مومکین نییه“ (Butler 2021:146). له ناو چوارچێوه‌ی ئه‌و فێدراسیونهدا ده‌سه‌ڵات ناتوانێ له‌سه‌ر بنه‌مای خواستی یه‌ک نه‌ته‌وه بێت؛ چونکه ئه‌و سیاسه‌ته خۆی به‌رپرسه بۆ “فۆرمێکی ژیانی سیاسی که خوازیاری هاوبه‌شیی هێز و کرده‌وه‌ی هاوبه‌شی به‌کۆمه‌ڵ و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات به‌ره‌و هێزێکی به‌کۆمه‌ڵه و هه‌روه‌ها خۆی به به‌رپرس ده‌زانێت بۆ یه‌کسانی له‌نێوان پێوه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا”(هه‌مان سه‌رچاوه). له‌م ڕووه‌وه وه‌ها فێدراسیونێک ده‌توانێت گرێنگ بێت و ببێته هۆی ده‌سته‌به‌رکردنی ڕۆژهه‌ڵاتێکی ناوین که دۆستی جیاوازییه‌کانه، شوێنێک که جیاوازیی که‌لتووری، ڕه‌گه‌زی و ئایینی چی دیکه عه‌یب نییه و چیتر چاوه‌ڕوانی ئاسمیلاسیون بۆ نۆڕمه زاڵه‌کان نابێته نرخ و به‌هایه‌ک بۆ به‌ده‌ست هێنانی یه‌کسانی و ڕێز و حورمه‌ت (Fraser 2003:7). به‌فه‌رمیناسینی جیاوازییه‌کان نابێت ته‌نیا له‌ڕێگه‌ی سیاسه‌ته‌وه دیکته بکرێت جا با ده‌وڵه‌ت بێت یان فیدراسیونێک بێت، خودی خه‌ڵک نابێت ته‌نیا وه‌کوو وه‌رگرانی پاسیڤی به‌فه‌رمیناسین و بهڕهواناسین بێنه به‌رچاو؛ به‌ڵکوو به‌شێوه‌یه‌کی به‌رچاو له مشتومڕی بهڕهواناسین چالاکن. ئه‌م فۆڕموله سیاسییه ده‌توانێت پێوه‌ندیگه‌لێکی به‌قازانجی گشتی له‌نێوان بواره جیاوازه‌کاندا دروست بکات به‌بێ ئه‌وه‌ی پیویست بێ چه‌ک و توندوتیژی بۆ بوون و داواکردنی مافه‌کان بێته گۆڕێ. بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌وه‌ش ده‌بێ یاساکان، بایه‌خه‌کان و ڕێکخراوه‌کان پێکه‌وه کار بکه‌ن و بیرۆکه‌ی سه‌روه‌ریی ئیتنیکی-نه‌ته‌وه‌یی ڕه‌وایی لێ بستێندرێته‌وه و ڕێز و قبووڵکردن و پێکه‌وه‌یی یه‌کسان له‌نێوان جیاوازییه‌کاندا هه‌بێت. به‌ڵام جارێ ده‌بێ چاوه‌ڕێ بین پێکه‌وه ژیان له‌نێوان جیاوازییه‌کان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و جیهانێکی گشتی‌تر ده‌توانێت شانسێک بێت بۆ ئه‌وه‌ی ببێته “مه‌رجێک بۆ ژیانی سیاسیی ئێمه“ (Butler 2012:23).
جیاوازی و یه‌کسانی
ئه‌وه ئێمه به‌ره‌و پرسیاری یه‌کسانی و جیاوازی هان ده‌دا و هه‌روه‌ها پاڵنه‌رێکه بۆ ئه‌و بیرۆکه‌یه که چ که‌سێک شایسته‌ی مرۆڤبوونه و له‌ڕێگه‌ی مافه‌کان، ڕهواناسین و ڕێز‌و حورمه‌ت وه‌خۆ بگرێت. له ڕه‌هه‌ندێکی مێژووییه‌وه زۆریه‌ک له خه‌ڵکه‌کان به‌هۆی ئایدیایه جیاوازه‌کانی کۆگه‌رایی و نکۆڵی له دۆخی مرۆڤبوون ڕاو نراون. کاتێک که گروپگه‌لێکی به‌که‌مینه‌کراو وه‌کوو کورد ده‌ڵێن ئه‌وانیش مرۆڤن بایه‌خی ئه‌وه‌یان هه‌یه وه‌کوو نهتهوهسهقامگیرهکان به‌فه‌رمی بناسرێن، خۆیان به مودده‌عی و لایه‌نگری یه‌کسانی و عه‌داڵه‌ت داده‌نێن و به‌رهه‌ڵستی ئه‌و دابه‌شکاری و هیرارشییهی که بووه‌ته هۆی بندهستبوونیان ده‌بنه‌وه، ئه‌وه بابهتێکە که فیڵیپس (2015) به وردی له کتێبه‌که‌یدا به‌ناوی سیاسه‌تی مرۆڤ شه‌ن و که‌وی کردووه. فیلیپس له‌سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌یه که به نکۆڵیکردن له گرینگیی جیاوازییه ئیحتمالییه‌کان وه‌کوو که‌لتوور، ڕه‌نگی پێست و مه‌یلی ڕه‌گه‌زی و ئیدیهعای پێوه‌ندییه هاوبه‌شه‌کانی ئێمه وه‌کوو مرۆڤ؛ ئیده‌ئالێکی ئه‌خلاقیی به‌هێز دێته ئاراوه؛ چونکه ده‌توانێت وه‌کوو چه‌کێکی گوتاری له دژی ئیدئۆلۆژیی دووبه‌ره‌کییانه‌ی راسیزم و سێکسیزم کار بکات. له ڕوانگه‌ی فیڵیپس چه‌مکی شوناسی گشتی و هاوبه‌شی مرۆیی ده‌بێته هۆی مه‌ترسییه‌ک بۆ بیرۆکه و واقعییه‌تی جیاوازبوون. بۆ وێنه ئه‌گه‌ر بخوازین گروپه بهکهمینهکراوهکان و بهڕهگهزیکراوهکان له به‌ستێنی هیرارشی ئیتنیکی-نه‌ته‌وه‌ییدا بمێننه‌وه و گله‌یی و گازه‌نده‌کانی خۆیان وه‌لا بنێن و له‌سه‌رووی ئه‌وانه‌وه بڕوانن؛ ئه‌و مه‌ترسییه هه‌یه که هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئیمتیازێکی تایبه‌ت بۆ گروپی باڵاده‌ست قایل بین (بڕوانه Young1990). ئه‌وه به‌هه‌ڵکه‌وت نییه که گروپه په‌راوێزخراوه‌کان به‌شێوه‌یه‌کی به‌رچاو نیگه‌رانی لاتاوە بێئابڕووییهکهیان و به‌ڕه‌وا نه‌ناسرانی جیاوازییه‌که‌یان بن. وتنی ئه‌وه‌ی که گروپه په‌راوێزخراوه‌کانیش مرۆڤن به‌بێ ئه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌کانی هێز بگۆڕدرێت و دیموکراتیزه بکرێت” له باشترین حاڵه‌تی خۆیدا سانتیمانتیاڵیزمێکی هڵۆڵه و له خراپترین حاڵه‌تیشیدا ئیدئۆلۆژیی درۆی سارترییه“ (Phillips 2015:38). فیڵیپس زۆر به‌باشی باسی ئه‌وه ده‌کات که بۆچی گروپه بهکهمینهکراوهکان پێداگری له‌سه‌ر جیاوازییه‌کانیان ده‌که‌ن:
ئه‌گه‌ر پێشتر به‌شێوه‌یه‌کی ئه‌من له ڕیزبه‌ندی و هیرارشیی هێزدا سه‌قامگیر بووبێتی، زۆر ئاسانتره تاوه‌کوو تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی خۆی وه‌لا بنێی؛ له ئاکامدا ئه‌وان له‌نێو ناچن و پێویستیان به سه‌رنجێکی تایبه‌تی نییه چونکه ئه‌وان پێشتر تێکه‌ڵ به‌و شته بوون که وه‌کوو نۆڕمی مرۆیی فام کراوه
(Phillips2015:13). ئه‌وه نیشان ده‌دات که چلۆن کۆگه‌رایی درۆیین کارده‌کات و خۆی له‌ڕێگه‌ی دژایه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌وگروپه دیارانه‌ی خوازیاری جیاوازییهکانیانن بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌وایی گشتی و ڕێکخراوه‌یی، ڕێز و حورمه‌ت و ڕهنگدانهوهکهیان به‌ده‌ست بهێنن هه‌مدیسان به‌رهه‌م ده‌هێنێته‌وه. ئه‌و شته‌ی ئیدئۆلۆژیی باڵاده‌ست له گروپه په‌راوێزخراوه‌کان ده‌یه‌وێت ئەستاندنهوهی تایبهتمهندییهکانیانه بۆ ئه‌وه‌ی دۆخی مرۆڤبوون یان دۆخێکی گشتگیر (یونیڤێرساڵ)یان پێ بدات؛ هه‌ر ئه‌و شته‌ی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه به‌ڕواڵه‌ت پێیان ده‌به‌خشێت. زۆربه‌ی کاته‌کان به‌شێوه‌یه‌کی پێشبینیکراو گروپه دیاره‌کان ده‌وڵه‌ت و خاوه‌ن هێزه‌کان ده‌خاته ژێر فشاره‌وه بۆ ئه‌وه‌ی پانتاییی یه‌کسانی زۆرتر بکات تاوه‌کوو ڕوانگه و ئه‌زموونه‌کانیشیان قبووڵ بکات. کاتێک خه‌ڵکانی بێده‌وڵه‌ت کێچ ده‌خه‌نه که‌وڵی ده‌وڵه‌ته‌وه بۆ ئەوەی کە هیرارشیی ئیتنیکی-نه‌ته‌وه‌یی خۆی به‌رئاوه‌ژوو بکاته‌وه، دیسان پێناسه‌ی بکاته‌وه و به‌پێی بایه‌خه نوێیه‌کان ههڵیسهنگێنێتهوه، له‌ڕێگه‌ی داوه‌ریکردن له‌نێوان عه‌داڵه‌ت و بێعه‌داڵه‌تی خۆیان سیاسی ده‌که‌نه‌وه (Isin2002) و شکڵی سروشتیی باڵاده‌ستبوون شه‌قار شه‌قار ده‌که‌ن (Rancière1999).
به‌دڵنیاییه‌وه بێده‌وڵه‌تبوون وه‌کوو برینێکی سیاسی، ڕووداوێکی به‌هه‌ڵکه‌وت له ژیانی خه‌ڵکی کورددا نییه به‌ڵکوو کاریگه‌رییه‌کانی ڕاسته‌وخۆی نه‌ته‌وه‌خوازی کۆلۆنیال و ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه ئینحسارییهکانه(Matin 2020). یه‌کسانی ده‌کرێت له سه‌رووی یه‌کبوونی نه‌ته‌وه‌یی به‌ده‌ست بێت ئه‌گه‌ر ئێمه به‌شێوه‌ی سیاسی و یاسایی ئه‌و ڕێکخراوه و گوتارانه بگۆڕین که حاشا له جیاوازییه‌کانی گروپه بنده‌سته‌کان ده‌که‌ن، سووکیان ده‌که‌ن و ده‌یانسڕنه‌وه، جیاوازیی بندهستگهلێک که هه‌وڵ ده‌ده‌ن یه‌کسانیی گشتی و به‌ڕه‌وا ناسین و حورمه‌ت به‌ده‌ست بهێنن. له‌وه‌ها به‌ستێنێکی سیاسی‌دا مرۆڤبوون، یه‌کسانی و جیاوازی نابێت وه‌کوو شتێکی نه‌شیاو و دوژمنانه سه‌یر بکرێت(Scott1994). تا ئه‌و کاته‌ی نایه‌کسانی و نکۆڵیکردن له ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌کاندا درێژه‌ی هه‌بێت؛ به‌ده‌گمه‌ن کۆمه‌ڵگایه‌ک ده‌توانێت به ئاشتی، پێکه‌وه ژیان و سه‌قامگیرییه‌کی هه‌میشه‌یی و به‌رده‌وام بگات؛ چونکه نایه‌کسانی و نکۆڵیکردن به‌ستێنێک بۆ به‌رهه‌مهێنانی شوناسه جه‌مسه‌رییه‌کان دروست ده‌کات ئەوسیش له جیهانێکدا که گروپه دیاره‌کان خۆیان له‌ژێر ڕکێفی مافه‌کاندا ده‌بینن و ئیمتیازه تایبه‌ته‌کانیش به‌نرخی بهڕهگهزیکردن و بێێدهوڵهتیی گروپه‌کان ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت. له ئاکامدا ئه‌وه له‌ڕێگه‌ی گۆڕینی نۆرماتیڤیتیی سیاسیی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌کان و ڕێژیمه‌کانی شارومه‌ندیی هیرارشییانه به‌ده‌ست دێت (Vali 1998)، که ده‌کرێت داهاتوویه‌کی گشتگیری نوێی سیاسی شیمانه بکرێت که له‌سه‌رووی باڵاده‌ستبوون و ژێرده‌ستبوونی سیاسیدایه.
بۆ بزاڤه سیاسییه غه‌یره فارسه‌کان که بۆ ئێرانێکی پلۆڕاڵ و دیموکراتیک شه‌ڕ ده‌که‌ن پێویسته شوناسی فارسی بخه‌نه‌وه ناو پارێزگاکانی خۆیان (ئوستانیکردنی شوناسی فارسی) و بیکه‌نه‌وه به شوناسێکی ناوچه‌یی له ئێران‌دا واته ئه‌و شوناسه‌ی که له ڕێگه‌ی ئاسمیلاسیون و هێژموونیی که‌لتووری کۆگهراییهکهی خۆی ساز کردووه ناوچه‌یی بکرێته‌وه. تا ئه‌و کاته‌ی شوناسی فارسی وه‌کوو شوناسی باڵاده‌ست له ئێران ببیندرێت و یاسای گه‌مه‌که له مه‌یدانی نابه‌رانبه‌ردا ئه‌و دایڕێژێت، غه‌یره فارسه‌کان ناتوانن چاوه‌ڕوانی یه‌کسانی بن، به‌ڵکوو له پێگه‌ی بە قەوڵی فارسەکان “که‌مینه”دا ده‌مێننه‌وه و ده‌بێت چاوه‌ڕوانی خێر، باوکایه‌تی و خێرخوازیی ده‌وڵه‌تی ئێرانی بن. ئافڕاندنی ده‌وڵه‌تی به‌رابه‌ریخوازی له ئێران‌دا پێویستی به سڕینه‌وه‌ی ئیمتیازه تایبه‌ته‌کانی فارسه‌کانه واته ئه‌و منداڵه غه‌یره فارسه‌کان وا لێده‌کات که بێنه جیهانێکه‌وه شوناسه‌که‌یان، ناوه‌کانیان، مێژووه‌که‌یان، ئایینه‌که‌یان، که‌لتووره‌که‌یان، گۆرانییه‌کانیان و زمانه‌که‌یان سووک ناکرێت و یاساغ نییه، به‌ڵام بوونێکی نۆرماتیڤی له هه‌موو ڕێکخراوه‌کانی ئێران‌دا هه‌یه. ئه‌وه هه‌مان ئه‌سڵی یه‌کسانیی بێمه‌رجه که که کورده‌کان پێویسته به‌دواوه‌ی بن ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێت له زوڵم و توندوتیژیی سه‌ره‌ڕۆیانه له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تێکی ئێرانی ده‌رباز بن. هه‌ر به‌و جۆره‌ی فیڵیپس (2021:112) ده‌ڵێت: “یه‌کسانی و به‌رابه‌ری شتێکه که کاتێک ڕوو ده‌دات که خه‌ڵک له قبووڵکردنی دۆخی بنده‌ستیی خۆیان خۆ ببوێرن. یه‌کسانی به‌رپرسیارێتییه و ئیدیعایەکه“. له‌م ڕووه‌وه یه‌کسانی و یه‌کبوونی شتێکی هاوشێوه نییه و یه‌کسانی و جیاوازییه‌کانیش دژی یه‌کتری نین. به‌کورتی کورد پێویست ناکات ته‌سلیم ببێت یان جیاوازییه‌کانی خۆی وه‌لا بنێت تاکوو یه‌کسانی به‌ده‌ست بهێنێت و پێگه‌ی یه‌کسانیی بێمه‌رج بۆ خۆی ده‌سته‌به‌ر بکات.
*. پڕۆفیسۆری هاوکار لە زانکۆی لینیۆس، سوید
پەراوێزهکان
- privilege
- gender
سه‌رچاوه‌کان
Bailey, A. (1998). Privilege: Expanding on Marily Fry’s Oppressioon. Journal of Social Philosophy, 29(3): 104-19.
Butler, J. (2012). Parting Ways: Jewishness and the Critique of Zionism. New York, NY: Columbia University Press.
Scott, J. W. (1994). Deconstructing equality-versus-difference: Or, the uses of poststructuralist theory for feminism. In Steven, S. (ed.), The Postmodern Turn: New Perspectives on Social Theory (282-298). Cambridge: Cambridge University Press.
Eliassi, B. (2021). Narratives of Statelessness and Political Otherness: Kurdish and Palestinian Experiences: Cham: Palgrave Macmillan.
Fraser, N. (2006). Social Justice in the Age of identity Politics: Redistribution, Recognition, and Participation. In Nancy, F. & Axel, H. (eds.) Redistribution or Recognition? A Political-Philosophical Exchange (pp. 8-109). London: Verso.
Isin, E. F. (2002). Ways of being political. Distinktion: Scandinavian Journal of Social Theory, 3(1): 7-28.
Kumar, K. (2000). Nation and Empire: English and British identity in comparative perspective. Theory and Society, 29(5): 575-608.
Matin, K. (2020). Liminal Lineages of the “Kurdish Question”. Middle East Report 295. https://merip.org/2020/08/liminal-lineages-of-the-kurdish-question/ Accessed 7 April, 2021.
Pandey, G. (2006). Routine Violence: Nations, fragments, histories. Stanford University Press.
Phillips, A. (2015). The Politics of the Human. Cambridge: Cambridge University Press.
Phillips, A. (2021). Unconditional Equals. Princeton: Princeton University Press.
Rancière, J. (1999). Disagreement: politics and philosophy. Minneapolis: University of Minnesota Press.
Sheyholislami, J. (2012). Kurdish in Iran: A case of restricted and controlled tolerance. International Journal of the Sociology of Language, 217: 19-47.
Soleimani, K. & Mohammadpour, A. (2019). Can the Non-Persian speak? The sovereign narration of “Iranian identity”. Ethnicities, 9(5): 925-947.
Vali, A. (1998). The Kurds and Their “Others”: Fragmented identity and Fragmented Politics. Comparative Studies of South Asia, Africa and the Middle East, 18(2): 82-95.
Young, I. M. (1990). Justice and the Politics of difference. Princeton: Princeton University Press.
داگرتنی بابەت