ئارامتر بخوێنەوە

دەرئەنجامە ئابوورییەکانی گەمارۆی ڕووسیا:

وانەگەلێک لە کتێبی دەرئەنجامە ئابوورییەکانی ئاشتی[١]

نووسینی ئابووریناس جۆن مینارد کینز[2]

ڕاژان کوردستانی 


“لەم لێکۆڵینەوەیەدا هەوڵ دەدەین بە کورتی چاوێک بە کتێبەکەی کینزدا بخشێنین و، به بەراورد کردنی چۆنیەتیی هەڵسوکەوتی وڵاتەکان لەگەڵ شەڕی ئۆکڕانیا و ڕووسیا و، ئەوەی لە سەردەمی کینزدا دەرەقەت بە وڵاتانی دۆڕاوی جەنگی یەکەمی جیهانی، بەتایبەت ئەڵمانیا ڕووی دا، وێنەیەکی ڕوون لە ئەو دۆخەی کە ئێستا خەریکی ڕوودانە و ئەوەی ئەگەری هەیە لە داهاتوودا لە ئەنجامی ئەم جەنگەدا بەسەر کەشوهەوای سیاسیی نێودەوڵەتیدا زاڵ بێت، نیشان بدەین.”


پێشەکی

بیرمەندانی زانستە مرۆیی‌یەکان بەردەوام هەوڵیان داوە بە تێگەیشتن لە زنجیرە مێژوویی‌یەکان و ڕەوتی ڕووداوەکانی ڕابردوو و تێگەیشتن لە سروشت و هۆکارەکانی ئەو ڕووداوانە زانستێکی دروست لەبارەی ئەو هۆکارانەی کە بەشدارن لە ڕوودانی دیاردە و ڕووداوەکانی دەوروبەری کۆمەڵگا مرۆیی‌یەکان بەدەست بهێنن. لە پشت هەموو توێژینەوەکانی زانستە مرۆیی‌یەکانەوە، شوێنەواری مێژوو و ڕەوتی ڕووداوە مێژوویی‌یەکان و کاریگەریی مێژوو لەسەر ئەنجامی توێژینەوەکانی توێژەران و زانایان دیاره. له سەرەتای سەدەی بیستەمدا مێژوو دەبێت بە شاژنی زانسته مرۆیی‌یەكان و لە ڕێگای پاڕادایمی دەروونشیکاری بەڵێنمان پێدەدات کە بە دووبارەبیناکردنەوە و زاڵبوون بەسەر ڕابردووماندا و، بە لەخۆبیرکردنەوەی بەکۆمەڵ و فراوانتر، دەبێ بە تێگەیشتنێکی باشتر لە ئێستامان بگەین و هەنگاوی کاریگەرتر بەرەو داهاتوو بنێین، ئەگەر ئەو بابەتە مێژوویی‌یانە بە باشی شیکاری نەکرێن و ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو ڕێگایەک هەنگاو بنێین کە ڕابردوومان لەبیر بچێتەوە؛ مێژوو قورسایی‌یەکی زیاتر دەخاتە سەر شانمان و داماوی و بێ‌دەسەڵاتی بەرانبەر بە دەروبەرمان و جیهانی دەرەوە بەسەرماندا زاڵ دەبێت. کەواتە دەتوانێت بگوترێت ناسینی مێژوو پەیوەندیی قووڵی بە پرسی ڕزگاری و ئازادی لە هەڵبژاردنی مرۆڤەکانیشەوە هەیە. وەسفکردن و دەربڕینی ڕوانگەی دیاردەیەک بە شێوەیەکی ئەگەری و پێشبینیکردنی ئەو ڕێگایانەی لەپێشن، مومکین نابێ، مەگەر بە گەڕانەوە بۆ سەرەتا و چۆنیەتیی درووستبوونی دیاردەکە و ئەو فاکتەرانەی دۆخەکەیان ساز کردووە و تێگەیشتنی دۆخەکە و ئەو شتانەی خەریکی ڕوودانن.

بابەتی ئەم توێژینەوەیە شیکاریی لەشکرکێشیی ڕووسیا بۆ سەر سنوورەکانی ئۆکڕانیا و باس کردنی داهاتووی ئەم شەڕەیە.


دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئۆکڕانیا و ڕووسیا و لەشکرکێشیی سوپای ڕووسیا بۆ سەر سنوورەکانی ئۆکڕانیا چەلێنجی بنەڕەتیی بۆ حکومەتەکانی ئەورووپا و جیهان دروست کردووە. حوکم کردنی داهاتوو و درێژەی ئەم شەڕە و کارلێککردن و چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم پرسە لە داهاتوو و ئێستادا یەکێکە لە تەوەرە سەرەکییەکانی ئەم توێژینەوەیە.


ئەوەی سەرنجڕاکێش دەردەکەوێت هەڵوێستی تاکلایەنەی ڕۆژئاوا و ئەمەریکایە بە سەپاندنی سزای توندی ئابووری و سیاسی بەرانبەر بەو وڵاتەی کە گرژییەکانی دەست پێکرد، واتە وڵاتی ڕووسیا. ئامانجی سەرەکیی ئێمە شیکردنەوەی کاردانەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوا لەمەڕ دەستپێکردنی جەنگ و ئەو گەمارۆیانە کە هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی جەنگەوە و، بە شێوەیەکی هاوئاهەنگ لەلایەن وڵاتانی ئەورووپا و ئەمەریکاوە دەست پێکران. سیاسەتێک کە وێدەچێت ئامانجی زۆر فراوانتری لەلای ڕۆژئاواوە هەبێت و ڕەهەندی تری جگە لە شەڕی ئۆکڕانیای لەپێش چاو بێت.


لە ڕاستیدا ئێمە هەوڵ دەدەین کە نیشان بدەین دەرئەنجامەکانی ئەم گەمارۆیانە بە تەنیا لە ئەستۆی حکومەتی ڕووسیا یان سەرۆکی ڕووسیا نابێت و مەودای کاریگەرییان بۆ ماوەیەکی زۆر لە  داهاتووشدا دیار دەبێت و دامەزرێنەری سیاسەتەکانی تری دەوڵەتی ڕووسیا و تەنانەت کۆمەڵگای ڕووسیا لە ساڵانی داهاتوودا بێت.


دیارە کە پێویست نییە بڵێین ئامانجمان بەرگریکردن یان لایەنگری هیچ کام لە لایەنە شەڕکەرەکان نییە و تەنیا دەمانەوێت ڕێبازێکی دیکە بۆ شەڕ و ململانێ و گەمارۆیەکانی پەیوەندیدار بەو شەڕە نیشان بدەین. ئامرازی سەرەکیی ئەو شیکارییە، وەک لە خوارەوە ڕوونی دەکەینەوە، مۆدێلکردنی بیرۆکەکانی یەکێک لە ئابووریناسە گەورەکانی سەدەی بیستەم، جۆن ماینارد کینزە. کینز لە سەرەتای ساڵەکانی کۆتایی هاتنی جەنگی  یەکەمی جیهانی بە نووسینی کتێبێک لەسەر دەرئەنجامەکانی چۆنیەتیی مامەڵەکردنی وڵاتان لەگەڵ لایەنی دۆڕاوی شەڕ و ڕاگەیاندنی ناڕەزایەتی و دژایەتیی خۆی لەمەڕ سیاسەتەکانی وڵاتانی سەرکەوتوو، پێشبینیی شەڕێکی دیکەی کردبوو. کینز لەم کتێبەدا بە پشکنینی دەرئەنجامەکانی پەیمانی ئاشتی لە کۆتاییی جەنگی یەکەمی جیهانیدا کە بە پەیمانی ڤێرسای ناسراوە، لێکۆڵینەوە و پێشبینیی داهاتوو و ئەگەری ڕوودانی جەنگێکی دیکە دەکات.


لەم لێکۆڵینەوەیەدا هەوڵ دەدەین بە کورتی چاوێک بە کتێبەکەی کینزدا بخشێنین و، به بەراورد کردنی چۆنیەتیی هەڵسوکەوتی وڵاتەکان لەگەڵ شەڕی ئۆکڕانیا و ڕووسیا و، ئەوەی لە سەردەمی کینزدا دەرەقەت بە وڵاتانی دۆڕاوی جەنگی یەکەمی جیهانی، بەتایبەت ئەڵمانیا ڕووی دا، وێنەیەکی ڕوون لە ئەو دۆخەی کە ئێستا خەریکی ڕوودانە و ئەوەی ئەگەری هەیە لە داهاتوودا لە ئەنجامی ئەم جەنگەدا بەسەر کەشوهەوای سیاسیی نێودەوڵەتیدا زاڵ بێت، نیشان بدەین.


کینز و دەرئەنجامە ئابوورییەکانی ئاشتی

لەنێوان ساڵەکانی شەڕی دووهەمی جیهانی، جۆن مینارد کینز و فرێدریش فون هایێک[٣] لەگەڵ مامۆستا و خوێندکارانی دیکەی زانکۆی کینگز کالێج، بە درێژاییی شەوەکان لە سەربانی کلیسای ڕازاوە و جوانی گوتیک بە نۆبە نیگەهبانییان دەدا. ئەو دوو ئابووریناسە لە کاتێکدا بەیەکەوە لەبەر ئەوەی پێش بە ئاگرگرتنی سەربانی کلیساکە بگرن بەیەکەوە لەوێ وریا بوون، کە هەر دووکیان هاوکات هاتن و سەرهەڵدانی ستەمکاری و ڕژیمی سۆسیالیستیی نەتەوەییی هیتلێڕیان پێشبینی کردبوو. ترسی لە شەڕ، ئەم دوو ئابووریناسەی کە لە تیۆریی ئابووریدا پەیوەست بوون بە دوو بەرەی جیاوازی هزری ئابووری لەیەک نزیک کردبووەوە. ئەو دێوەزمەی هەردووک ئابووریناس لێی دەترسان، وەڕاست گەڕابوو.


لە ساڵانی پێش دەسپێکردنی شەری جیهانی دووهەم و سەرەتاکانی کۆتایی هاتنی شەری جیهانی یەکەم واتا ساڵی 1919ی زایینی، کینز لەگەڵ  شاندێکی وڵاتی بەریتانیا و سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی ئەم وڵاتە دێڤید لۆید جۆرج[٤]، بە مەبەستی ڕاوێژدان بۆ کۆنفەڕەنسی ئاشتی پاریس بەشداری کردبوو و ئەو شتانەی لەونێوان وتووێژیەکان ئاشتی چاوی پێ کەوتبوو، تووشی شۆکی کرد. لەبەر ئەوەیکە وڵاتانی بەرەندەی شەڕەکە تاوانی دارایی تووندیان خستبوو سەر وڵات و نەتەوەی ئەڵمانیا.


کیـنز پێی وابوو کە بێچارە و گۆشەگیرکردنی وڵاتێکی وەک ئەڵمانیا ڕێگە خۆشکەرە بۆ وەدیهێنانی دۆخێکی سیاسەتی توند و بەستراوەی دیکە لە داهاتوودا.  کینز پێی وابوو کە پەیماننامەی ڤێرسای[5] کە زۆرتر بریتی بوو لەوەی کە دەبێ زۆرتری خاکی ئیمپڕاتۆریی ئەڵمانیا لەم وڵاتە جیا بکرێتەوە، پاڵنەرێکە بۆ سەرهەڵدانی شەڕێکی دیکەی جیهانی، واتە شەڕی دووهەمی جیهانی (کینز،23).


لە بەشێک لە بڕگەکانی ئەم گرێبەستەدا ئاماژە بەوە کرابوو کە وڵاتی ئەڵمانیا دەبێ شەش ملیارد و شەشسەد ملیۆن لیرەی سترلینگ غرامە بدات بە وڵاتانی براوەی شەر.


بە پێی ئەم گرێبەستە تەواوی کەشتیی شەڕکەرەکان و بازرگانییەکانی وڵاتی ئەڵمانیا، بە وڵاتانی فەڕانسە و بەریتانیا درا و هەرچی چالاکیی دەریایی بوو لە وڵاتی ئەڵمانیا کۆتایی پێ هات. هاوکات بڕیار وابوو تا ساڵانێکی زۆر لە داهاتوودا ئەڵمانیا کەشتی بۆ فەڕانسە و بەریتانیا ساز بکات. لەگەڵ ئەوەشدا تەواوی سامانە دارایی‌یەکانی ئەڵمانیا لە دەرەوەی وڵات دەستی بەسەردا گیرا. بەرهەمهێنانی پێنج هەزار مەکینەی شەمەندەفەڕ و 150هەزار ئۆتۆمبێل بۆ لایەنی براوەی شەڕەکە، بەشێکی تری ئەو غەرامەیە بوو کە بۆ ئەڵمانیا دیاری کرابوو. هەروەها بڕیا وابوو بۆ ماوەی دە ساڵ ئەڵمانیا بە وڵاتانی فەڕانسە و ئیتاڵیا و بەلژیک، بەردی خەڵوزی بەلاش بدات تاکوو پێداویستییە ئابوورییەکانی ئەم وڵاتانە دابین بکرێ. لە گرێبەستی ڤێرسادا هاتبوو کە هێزی نیزامیی ئەڵمانیا دەبێ کەم بکرێتەوە و مافی هەبوونی ژێردەریایی و وەرگرتنی سەربازی شەڕ لەم وڵاتە زەوت کرا. ئەڵمانیا هەروەها کۆنتڕۆڵی کانزاکانی وەکوو بەردی خەڵوز، بەدری ئاسن و سۆربی خۆی لەدەست دا(زەندی، 1391).


لەم کاتە و هاوکات لەگەڵ کۆنفڕانسی ئاشتیی پاریس و گرێبەستی ڤێرسای بوو کە کینزی لاو کتێبی دەرئەنجامە ئابوورییەکانی ئاشتی نووسی. ئەم کتێبە دەقێکی ڕووخێنەر سەبارەت بە گەمژەییی ڕێبەرانی وڵاتانی براوەی شەڕ بوو.


خاڵی گشتیی ئەم کتێبە ئەوەیە کە وتووێژەکانی ئاشتی تەواو بێ‌سوود بوون. بە بڕوای کینز شەهوەت تۆڵەسەندنەوە و مەیلی زۆری وێرانکردنی وڵاتی ئەڵمانیا بۆ بە چۆکداهێنانی ئەم وڵاتە بۆ هەمیشە و ئەو شتەی ئەو ناوی نابوو هاندەری شەڕی ناوخۆییی ئەورووپا، بە ئەگەری زۆر لە داهاتوودا هاندەرە بۆ شەڕێکی گەورەتری دیکە. ئەم پێشبینییەی کنیز بۆ شەر وەڕاست گەڕا. بە وتەی کینز لایەنی خراپی گرێبەستەکە لە وردەکارییەکانیدا بوو. بۆ نموونە بە پێی یەکێک لە بڕگەکان وڵاتی ئەڵمانیا دەبوو لە ناوچەی ئالزاس-لۆرێن کە لە ساڵی 1871ی زایینی داگیری کردبوو، پاشەکشە بکات، ئەوەش دەبوو بە هۆی ئەوەی کە ئەڵمانیا سەرچاوەی سەرەکیی وزەی خۆی لەدەست بدات. ئەم ناوچانە کانگای گەورەی بەردی خەڵوزی لێبوو کە سەرچاوەی


گرینگ بوون بۆ دووبارە بیناکردنەوەی ئەم وڵاتە لە دوای شەڕ. لەدەستدانی ئەم کانگایانە ئابووریی ئەڵمانیای وێران دەکرد. کینز دەیگوت کە وڵاتی فەڕانسە دەیهەوێ ئەڵمانیا وڵاتێکی دێهاتی لاواز بێت، چونکە ئەو بڕە غەرامەیەی دەبوو بە وڵاتانی براوەی شەڕی بدات، زۆر زۆر زیاتر بوو لە سەرچاوەی بەدەست هێنانی ئەم پارەیە. کینز لە کۆنفڕانسی ئاشتیدا وتی، نابێ غەرامە هەبێت و ئەگەریش هەبێ، نابێ لە 2000 میلوێن پاوند زیاتر بێت، کەچی کەس بایەخی بۆ قسەی کینز دانەنا.


کینز گرێبەستی ڤێرسای بە ستەمکارانەترین کردەوەی براوەیەکی شەڕ لە درێژاییی مێژوو ناوزەد کرد، و بەم هۆکارە کە دژایەتیی توندی ئەم گرێبەستەی لە ڕوانگەیەکی درێژخایەنەوە دەکرد (جێی ئاماژەیە کە ئابووریناسانی کینزیەنی لە شیکارییەکانی ئاستی ماکرۆ بە پێچەوانەی ئەوەن و باڵانسی کورتخایەن و ڕوانگەی کورتخایەنیان بەرانبەر بە بابەتە ئابوورییەکان هەیە، کینز ڕستەیەکی بەناوبانگی هەیە کە دەڵێ لە درێژخایەندا هەمووان مردووین).


ئەوکاتی میدیاکانی شۆڤێنی کێنزیان بەوە تۆمەتبار دەکرد کە لایەنگری لە حیزبی نازی دەکات. لە یەکێک لە ڕۆژنامەکانی ئەوکاتی پێشنیار درابوو کە مەدالیای ئایرۆن کڕاس[6] کە هێمای جەنگاوەری نازییەکان بوو بدرێتە کینز. کینز کە لە کۆنفڕانسی ئاشتیی پاریس دەستی لەکار کێشابووەوە و گەڕابووەوە وڵاتی بەریتانیا، خەریکی نووسینی کتێبی دەرئەنجامەکانی ئابووریی ئاشتی بوو، بە دروستی دەرکەوتەکانی تەنبێ کردنی وڵاتی ئەڵمانیای مۆدێڕنی بە ڕێبەرانی وڵاتانی براوە بەتایبەت فەڕەنسییەکان کە زۆرتر لە بەریتانیایی‌یەکان بەدوای تۆڵەسەندنەوە لە نەتەوەی ئەڵمانیا بوون، هوشداری دا. هەر لە دوای نووسینی ئەم کتێبە، کینز ناوبانگی جیهانی دەرکرد. ئەو لە ناخی ئەم گرێبەستەدا ناکۆکی دۆزیبووەوە و ئەمەی لە ئەنجامی هەست و خواستی تۆڵەکردنەوە و زەلیلکردن و نامۆبوون و نامۆکردنی گەلی ئەڵمانیا لە گۆڕەپانی جیهانی و سیاسەتی نێودەوڵەتی دەبینی. لەلایەک هاوپەیمانان دەیانویست قەرەبوو و غەرامەیەکی قورس لە ئەڵمانیای دۆڕاو وەربگرن و لەلایەکی دیکەشەوە بەپێی هەمان ڕێککەوتن زۆربەی ئەو سەرچاوانەی لەبەردەستی ئەڵمانیادان، کە دەکرێت خاڵی سەرەکیی گەشەسەندنی ئابووریی ئەڵمانیا بێت بۆ ئەوەی بیدات بۆ قەرەبووکردنەوە بۆ هاوپەیمانان، لەدەستی دەدا.


بە پێی ئەو گرێبەستە ئەڵمانیا 55 لەسەدی کانگاکانی بەردی ئاسن، 45 لەسەدی کانگاکانی بەردی خەڵووز، 75 لەسەدی کانگای ڕووی و 57 لەسەدی کانگای سۆربی لەدەست دا.(زەندی، 1391)  ئەمە بە واتای ئەوە بوو ئەڵمانیا هیچی بۆ قەرەبووکردنی غەرامەکە نەدەما. کینز کە لە کاریگەرییەکانی ئابووریی ئەم فشارە زۆرەی سەر ئەڵمانیا بە باشی تێگەیشتبوو، پێی وابوو ئەو هێزانەی کە شەڕی داهاتووی ساز دەکرد، هەستی زەلیلبوونی گەلی دۆڕاوی ئەڵمانیا بوو و، هەستی تۆڵەسەندنەوەی هاوپەیمانانی کە لە پەیمانی ڤێرسایدا دێڕ بە دێڕ فۆڕمێکی ئابووری گرتبوو، شی کردەوە و شرۆڤەی کرد. ئەو لەم کتێبەدا سەرۆک کۆماری ئەمریکای بە”دۆن کیشۆتی کەڕ کوێر” و سەرۆک وەزیرانی بەریتانیای بە “خوێن مژی بێ ڕەگوڕیشە” ناوبرد.(شالای، 1399)

تۆنی تیژی قسەکانی کینز کە هەڵبەت لە چاپەکانی دیکەی ئەم کتێبەدا سڕایەوە، نەیتوانی کۆمەڵگای بەریتانیا و ئەورووپای  ئەوکات لەگەڵ بیرۆکەکانی کیزن هاوڕا بکا و کەس گوێی لە قسەکانی کینز نەدەگرت. هاوکاری و ئاگاداریی کینز و هایێک لە سەربانی کلیسای زانکۆی کینگز کالێج لە ساڵانی شەڕی دووهەمی جیهانی لە کاتێکدا بوو کە لەنێوان دوو شەڕی جیهانیدا جیاوازیی هزری و تیۆرییان لە هزری ئابووریدا تەواوی فەزای ئەکادیمی و زانکۆکانی ئەو سەردەمەی پڕ کردبوو و دابەشبوونێکی تیژ لەنێوان لایەنگران و قوتابییانی ئەو دوو ئابووریناسەدا هەبوو.


ئەوەی ڕاستی بێ ئەم هەڕەشەیە و کەشوهەوای ترسناکی ئەورووپای جەنگاویی ئەو سەردەمە، دەرئەنجامی پشتگوێخستنی هۆشداریی ئەو ئابووریناسە بوو کە بە دروستی پێشبینیی داهاتووی کردبوو. ئێستا کینز دەبوو ڕاستییەکان قبوڵ بکات و لەگەڵ ڕکابەرە ڕۆشنبیرەکەیدا هاوکاری بکات.


ئه‌وه‌ی که که‌س له‌م کتێبه‌دا پێشوازی له پێشبینییه‌کانی کینز نه‌کردووه، به هیچ شێوه‌یه‌ک نه‌بوو بە بهربەست له بڵاوبوونه‌وه‌ی بیرۆکه ئابوورییه‌کانی. شیکارییەکانی بۆ پاشەکشەی گەورەی ئابووری و ستراتیژییەکانی پێشنیارکراوی بۆ تێپەڕاندنی بارودۆخی ساڵانی ١٩٣٠ دامەزرێنەری یەکێک لە ئامرازەکانی شیکاریی ئابووری بوو کە بریتی بوو لە ئابووریی ماکڕۆ. ڕوانگەی[7] تایبەتیی کینز بۆ ڕۆڵی حکومەت لە ئابووریدا و هاندانی ئابووری بە هاندانی لایەنی خواست (بە پێچەوانەی تیۆریی لایەنی دابینکردن یان یاسای سی) لە ئابووریی ئەو وڵاتانەی کە لە پاشەکشەدان، لە کۆتاییدا بووە هۆی دەرچوون لە پاشەکشە. قۆناغی نێوان دوو جەنگی گەورەی جیهانی سەر بە ئایدیای کینزی بوو لە سیستەمی ئابووریی وڵاتانی پێشکەوتوودا. ئەم کارایی‌یەی تیۆرییەکانی کینز وای لێکرد یەکێک بێت لە بەناوبانگترین ئابووریناسەکانی جیهان. ڕەنگە دۆخی جیهان جیاواز بووایە ئەگەر ڕێبەرانی وڵاتانی بڕاوەی جەنگی یەکەمی جیهانی بەقەد بیرۆکە ئابوورییەکانی دیکەی گوێیان لە ڕاسپاردەکانی کتێبی دەرئەنجامە ئابوورییەکانی ئاشتی بگرتبا.

کتێبی لێکەوتە ئابوورییەکانی ئاشتی ئاماژەیان بە پەیمانی ئاشتییەک دەکرد کە ئەوەندە وێرانکەر بوو بە بڕوای کینز، خواستی هاوپەیمانان بۆ زەلیلکردنی نەتەوەی شکستخواردووی ئەڵمانیا، دامەزرێنەری جەنگی دووهەمی جیهانی بوو.


گەمارۆی ڕووسیا و شەڕی ئۆکڕانیا

 لەم سەردەمە و لە سەدەی بیست و یەکدا، دەیان ساڵ دوای پێشبینی و ئامۆژگارییە درەوشاوەکانی ئابووریناس کینز کە ئاراستەی ڕێبەرانی جیهانی کرد و لێکەوتە درێژخایەنەکانی خواستی زەلیلکردنی نەتەوەیێک لە لایەن ستەمکارانی وەک ڕێبەرانی فەڕانسە و بەریتانیای ئاشکران کرد، فشارێکی سیاسی و ئابووریی هەمەلایەنە و یەکدەست لە لایەن وڵاتانی ڕۆژاوایی و ئەمەریکا ئاراستەی وڵاتی ڕووسیایەک کراوە کە بە سەرۆکایەتیی پوتین دەسپێکەری شەڕێکی نوێ لە دژی ئۆکرانیا بووە. بە بیانووی ئەم شەڕە، زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان بە گەمارۆ و سزای قورس، بنەڕەتیترین بنکە ئابوورییەکانی ڕووسیایان کردووەتە ئامانج. ڕووسیا یەکێکە لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهان لە ڕووی سەرچاوەی ئابوورییەوە. ئەم وڵاتە خاوەنی بڕێکی زۆری نەوت و گازی سروشتی و کانزا بەنرخەکانە کە بەشێکی زۆری هەناردەی وڵاتی ڕووسیا پێک دێنن. لە ساڵی 2012 وە کەرتی نەوت و گاز 16 لەسەدی بەرهەمی ناوخۆیی و 52 لەسەدی داهاتی بودجەی فیدڕاڵی و زیاتر لە 70 لەسەدی کۆی هەناردەکردنی ئەم وڵاتەی پێک هێناوە(تەسنیم، 1397).


لە ماوەی چەن ڕۆژێکا، دوای لەشکەرکێشی بۆ وڵاتی ئۆکڕانیا، ڕووسیا بووە گەورەترین وڵاتی ژێر سزاکانی جیهان و وڵاتی ئێران و کۆریای باکووری تێپەڕاند. ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گوشارە ئابووری و سیاسییەکانی سەر ڕووسیا لە زیادبووندان و زۆرێک لە کۆمپانیا ڕۆژئاوایی‌یەکان کارەکانیان لەم وڵاتە ڕاگرتووە یان هەناردەکردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاییەکانیان بۆ ڕووسیا ڕاگرتووە.


بە چاوخشاندنێکی خێرا بە هێندێک لەو ڕێکار و سزایانەی کە بەسەر ڕووسیادا سەپێنراون، دەتوانین باشتر لە ڕەهەندەکانی خراپەکاری و هەستی تۆڵەی سەرکردەکانی ڕۆژئاوایی لە دژی گەلی ڕووسیا تێبگەین. پیتەر پیتاسکی، وەزیری پێشووی گەنجینەی ئەمریکا لە دەوڵەتی باراک ئۆباما و تڕامپ لەم بارەوە دەڵێ کە ئەمە شەڕێکی ئەتۆمیی دارایی‌یە و گەورەترین ڕووداوی سزادانە لە تەواوی مێژوودا. چەند ڕۆژ دوای لەشکەرکێشیی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکڕانیا، ڕێکخراوی هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووری (OECD)[8] لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە لە دوای دەسپێکی ئەم شەڕەوە، ئەم ڕێکخراوە بە فەرمی دانوستانەکانی پەیوەست بوونی ڕووسیا بەم ڕێکخراوەی کە  لە ساڵی 2014 وە ڕاگیرابوو، کۆتایی پێ هێناوە.


لەم دوایی‌یانەدا جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە هاوردەکردنی نەوت و گازی لە ڕووسیاوە ڕاگرتووە. بایدن وتی کە ئەم بڕیارەی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی خۆی داوە. هەروەها بەریتانیاش ڕایگەیاند کە هاوردەکردنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان لە ڕووسیاوە تا کۆتاییی ساڵی 2022 قۆناغ به قۆناغ کۆتایی پێ دەهێنرێت. جگە لەوەش کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپاش پلانێکی خستەڕوو بۆ کەمکردنەوەی هاوردەی گازی ڕووسیا بە ڕێژەی دوو لەسەر سێ لە ماوەی ساڵێکدا. ئەمە لە کاتێکدایە کە زیاتر لە 40 لەسەدی هاوردەی گازی یەکێتیی ئەورووپا لە ڕووسیاوە دێت. ئەم ڕەفتارە وەک ئەوە وایە کە لەم کاتەدا دووبارەکردنەوەیەکی مێژوویی دەبینین کە ئەم جارەیان شێوەی شەڕ و گەمارۆی هەیە نەک پەیمانی ئاشتییەک کە لە لایەن کینزەوە بە دووژمنکارترین پەیمانی مێژوو ناوزەد کراوە.


ئەم گەمارۆیانەی باسمان کردن لەگەڵ گەمارۆکانی دیکە کە بەسەر ڕووسیادا سەپێندراون و ئامانجیان گۆشەگیرکردنی دەوڵەت و گەلی ڕووسیایە، کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر بەهای دراوی نیشتیمانی و لە ئەنجامدا بەهای سەروەت و سامانی خەڵکی ڕووسیا هەبووە. کینز لە تیۆرییەکان زۆرکات ئاماژە بەوە دەکات کە لەناوچوونی بەهای دراوە نیشتیمانییەکان بانگهێشتکردنە بۆ شۆڕش و سەرهەڵدان. ئاماژە بەو قسەیەی لێنین دەکات کە دەڵێت “بۆ خەبات لە دژی سەرمایەداری، باشترین ڕێگە بۆ لەناوبردنی سیستەمی سەرمایەداری، گەندەڵکردنی دراوەکەیەتی”. بە پێی ئامارەکان ئەم گەمارۆ نوێیانە بۆ سەر ڕووسیا بوونەتە هۆی ئەوەی ڕوبڵی ڕووسی 40لەسەدی بەهاکەی لەدەست بدات. لە کتێبی دەرئەنجامە ئابوورییەکانی ئاشتیدا، کینز دەنووسێت: “بە دڵنیایی‌یەوە لێنین ڕاستی کردووە، هیچ ئامرازێک متمانەپێکراوتر و ڕاستتر لە لەناوبردنی “بەهای دراو” نییە بۆ ڕووخاندنی بنەماکانی سەرەکیی کۆمەڵگایەک.(کینز، 146) ئەم هۆشدارە کینزییە سەبارەت بە بەهای دراوی نیشتیمانی بەسە بۆ تێگەیشتن لە کاریگەرییەکانی دابەزینی نزیک بە 50 لەسەدی بەهای دراوی نیشتیمانیی ڕووسیا. ڤیدباکەکانی ئەم دیاردەیە و لەناوچوونی سیستەمی ئابووری کۆمەڵایەتی کە لە ئەنجامیدا دروست دەبێت، دەبێتە هۆی زیادبوونی هەژاری، گەندەڵی و نایەکسانیی ئابووری و بەدوای ئەوەدا هەستکردن بە بێزاری و تووڕەییی گشتی لەناو کۆمەڵگادا. چونکە هەر ڕادەیەک بەهای دراوی وڵاتێک کەم بێتەوە، بەم واتایەیە کە سەروەت و سامانی خەڵکی ئەم وڵاتەش بە هەمان ڕادە بێ‌بایەخ بووە. ئەمە ستەمێکە تەنیا به پێوەرەکانی سەردەمی کۆیلایەتی بەراورد دەکرێت، چونکە لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا سامانی خەڵک لەسەدا چل کەمی کردووە و لەناو چووە.


شیکاری و کۆتاییی باسەکە

ئەگەر بمانهەوێ لە ڕوانگەی کینزییەوە سەیری پرسی شەڕی ئۆکڕانیا و ڕووسیا و گەمارۆکانی تۆکمە و یەکدەستی ڕۆژئاوایی‌یەکان بەسەر ڕووسیادا بکەین، بنەڕەتیترین پرس و بابەت دەرئەنجامەکانی گەمارۆکانە لە وڵاتی ڕووسیای گەمارۆدراو و، کاریگەرییە دەستبەجێ و درێژخایەنەکانیان بێت لەسەر دۆخی خەڵکی ڕووسیا. گرنگترین خاڵ ڕەنگە سازدانی ئەم پرسیارە بێت کە ئاخۆ گەلی ڕووسیا تا چ ڕادە تێڕوانینێکی وەک خەڵکی ئەڵمانیایان دەبێت سەبارەت بە گەمارۆکان و ئەو وڵاتانەی گەمارۆکانیان خستوونە سەر؟


پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە وڵاتانی گەمارۆدەری ڕووسیا بە سەرۆکایەتیی ئەمەریکا دەیانتوانی بە ئاسانی بە دانی متمانە بە ڕووسیا کە ئۆکڕانیا ناچێتە پاڵ ناتۆ، پێش بە هێرش بۆ سەر ئۆکڕانیا بگرن. بەڵام ئەوان خۆیان لە هەڕەشەکانی پێش شەڕەکە دوور ڕاگرت و چاوەڕوانی داگیرسانی ئاگری شەڕ بوون و هەر لە یەکەم ڕۆژەکانەوە بە یەکگرتووترین شێوە بەدوای ئامانجە ئابووری و سیاسییەکانیاندا چوون، بۆ ئەوەی گەلی ڕووسیا زەلیل بکەن. ئەوان جۆرێک مامەڵەیان لەگەڵ هەڕەشەکانی پێش هێرشەکە کرد کە دیار بوو گرینگییەکی زۆریان بە پێشگرتن لە هەڵگیرسانی شەڕ نەدا و دوای هێرش بۆ سەر سنوورەکانی ئۆکڕانیا دەستبەکار بوون.


ئەم پرسیارە کە دوای پێکهێنانی ئەو هاوپەیمانییە جیهانییە لە دژی ڕووسیا بە ئامانجی سەپاندنی گەمارۆ و سزای هەمەلایەنە دێتە ئاراوە، ئەوەیە کە ئاخۆ ئەم گەمارۆ و سزایانە وا دەکات گەلی ڕووسیا زیاتر ڕەشبین بێت بەرانبەر بە ئەورووپا و ڕۆژئاوا، هەروەها هەستێکی تۆڵەسەندنەوە و ڕق و کینە لەناو خەڵکی ڕووسیادا بەرانبەر بە وڵاتانی گەمارۆدەر، وەک ئەوەی لە ئەڵمانیا لەنێوان دوو شەڕی جیهانیدا ڕووی دا و ڕێگەی بۆ سەرهەڵدانی هیتلەر خۆش کرد، دروست دەکات؟


سیناریۆیەک ئەوەیە کە وەڵامێکی نەرێنی بۆ ئەو پرسیارە بدرێتەوە و جەخت لەسەر دژە ڕۆژئاوایی بوون لە ڕووسیا بکڕێتەوە و پەیوەندییەکانی ڕووسیا لەگەڵ ڕۆژئاوا ڕێک بخرێت بە پەیڕەوکردنی بۆچوونی فەیلەسووفانی وەک ئیڤان ئیلین[9] و بوون و شەرعییەتی کەسانی وەک پوتین کە چەندین جار و بە ڕوونی خۆی بە پەیڕەوی بیر و هزری  ئەم فەیلەسووفە ناو بردووە و بیرۆکەکانی ئەوی وەک ڕێنمایی و سەرچاوەی باش بۆ پەیوەندەی و هەڵسوکەوت لەگەڵ ڕۆژئاوا داناوە. بۆ تیشک خستنەسەر گرینگیی کاریگەریی ئیلین لەسەر پوتین، بەسە ئاماژە بکەین کە نووسینگەی هەواڵگریی ڕووسیا و ئەورووپای سی ئای ئەی لە ساڵی 2007 دا ڕاپۆرتێکی 132 لاپەڕەیی بە ناونیشانی “ئیڤان ئیلین: فەیلەسووفی نەتەوەییی ڕووسیای پوتین”[10] بڵاو کردەوە(ئیلین، 2007).


بەو پێیە دەکرێ داهاتووی پەیوەندییەکانی ڕۆژئاوا و ڕووسیا زۆر گرژ و سارد سەیر بکرێت و، دەرئەنجامی گەمارۆ توندەکانی سەر ڕووسیا ئەگەر ناڕەزامەندی بورووژێنێت و هەستی تۆڵەسەندنەوە لەنێو گەلی ڕووسیا بەرانبەر ڕۆژئاوا چڕتر بکاتەوە، ئەوە ڤیدباکی ئەم گەمارۆ یەکدست و هەمەلایەنانە داوێنی ڕۆژئاوایی‌یەکانیش دەگرێتەوە. لەلایەکی دیکەوە سزاکان و کاریگەرییان لەسەر ژیانی خەڵک لەناو ڕووسیادا دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی خەڵکی ڕووسیا شەرعییەتی پوتین بپێکن و هەڕەشەی لێ بکەن. وەک ئەو شتەی کە وڵاتانی ڕۆژئاوایی بە ئامانجی سزاکانی دەزانن و بانگەشەی بۆ دەکەن و بەم شێوەیە ناڕەزاییی خەڵکی بەرەو دەوڵەتی ڕووسیا دەچێت، بێ‌گومان حوکمدانێکی ورد لەسەر ئەم دوو سیناریۆیە و ئەگەری ڕوودانی هەر یەکەیان پێوستی بە لێکۆڵینەوەیەکی زۆر وردە لەسەر گۆڕاوە ئابووری، سیاسی و کۆمەڵناسییەکان و دەبێ چاوەڕوان بین و بزانین ڕووداوەکانی داهاتوو چۆن ڕوو دەدەن.


پەراوێزەکان

  1. The Economic Consequences Of The Peace-1919
  2. John Maynard Keynes
  3. Friedrich Von Hayek
  4. David Lloyd George
  5. Treaty of Versailles
  6. Iron cross
  7. Macroeconomics
  8. Organisation for Economic Co-operation and Development
  9. Ivan Ilyin
  10. The National Philosopher of Putin’s Russia


سەرچاوەکان

KEYNES , JOHN MAYNARD, THE ECONOMIC CONSEQUENCES OF THE PEACE   King’s College, Cambridge, November, 1919.

Ivan Ilyin: The National Philosopher of Putin’s Russia, Ivan Aleksandrovich Ilʹin , United States. Central Intelligence Agency. Office of Russian and European Analysis, Office of Russian and European Analysis, 2007, 132 p.

وپشات، نیکلاس، کینز و هایک: برخوردی که علم اقتصاد را رقم زد، ترجمه: محمد رضا فرهادی پور، تهران، انتشارات روزنه، 1400.

زندی، محمد علی، نتایج معاهده صلح ورسای، روزنامه دنیای اقتصاد، 1391 .

شالای، جنیفر، بهای صلح، بیوگرافی جدید از جان مینارد کینز، ترجمه: بابک حافظی، ترجمان، 1399

گزارش خبرگزاری تسنیم، ثروت های طبیعی روسیه منهای نفت و گاز، آبان 1397.

داگرتنی بابەت

دەرئەنجامە ئابوورییەکانی گەمارۆی ڕووسیا؟

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان