ئارامتر بخوێنەوە

کۆتۆل، مێژوویەکی فەرامۆشکراو

بەشی یەکەم

بێهرووز شوجاعی

“کۆتۆل، یان بە فارسی “قطور” دەکەوێتە ٦٠ کیلۆمەتریی ڕۆژاوای شارستانی خۆی، ١٠٠ کیلۆمەتریی ڕۆژهەڵاتی شاری وان (لە باکوری کوردستان) و ۸ کیلۆمەتریی دەرگای سنووریی ڕازی و هەرەتێل (کاپی‌کوی بە تورکی). ژمارەی دانیشتووانی ناوەندی کۆتۆل نزیکەی ٥ هەزار[١] کەسە کە لەگەل ٣٠ گوندەکەی دەوروبەریەوە سەرجەم ٣٠  هەزار کەس مەزەندە دەکرێت. هەڵبەت ئەم ژمارەیە بۆ ماوەی نزیک پەنجا تا شەست سال گۆڕانێکی ئەوتۆیی بەخۆیەوە نەبینیوە، چونکە کۆتۆلیش بێبەش نەبووە لە سیاسەتی دژەگەشەی دەوڵەتی فارس لە کوردستان: نەبوونی دەرفەتی کار و گەشەی ئابووری وای لێ کردووە کە زۆرترین خەڵکی گەلیی (دۆلی) کۆتۆل  لە دەرەوەی زێدی خۆیان و لە شارەکانی خۆی، سەلماس و ورمێ بژین.”


رۆژی ٢٠ ژوئەنی ۲۰۲۲، زیندانیی سیاسی کورد فیروز مووسالوو لە زیندانی ورمێ لە سێدارە درا. فیروز یەکێک بوو لەو سەدان لاوەی کۆتۆلی (قوتووری) کە پەیوەست ببوو بە ڕێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان. بە سەدان لاوی کوردی ئەو ناوچەیە لە باڵە عەسکەرییەکانی پ.ک.ک. لە ڕۆژهەڵات، باکوور، باشوور و ڕۆژاڤادا تا ئێستا گیانیان بەخت کردووە،  کە ئەوانە تەنیا بەشێکن لە زیانێکی زۆر کە ئەو ڕێکخراوە لەو ناوچەیە دیتوویەتی.  فیروز یەکێک بوو لەو هەزاران کوردەی کە لە لایەن دەوڵەتی ئێرانەوە لەسێدارە دراوە، بەڵام ئەوەی کە لەسێدارەدانی فیروز لە ئەوانەی دیکە جیا دەکاتەوە ئەمەیە کە بۆ جاری یەکەم خەڵکی ڕۆژهەڵات توانیان لە ڕێگەی ڕێکخراوێکی وەکوو هەنگاو و میدیایی سەربەخۆی خۆیان، ئاگاداری هەلومەرجی زیندانیانی سیاسیی دەڤەری کۆتۆل بن. هەوڵی کۆمەڵکوژی، لەسێدارەدان و پاکتاویی نەژادی لە ناوچەی کۆتۆل مێژوویەکی زیاتر لەسەد ساڵی هەیە، کە کەمتر لە جێگاکانی تر لەناو بیری کۆلێکتیڤی کوردیدا جێگەی گرتووە. ئەم کورتە نووسراەی بەردەستتان هەوڵێکە بۆ قووڵبوونەوە لە ناساندنی کۆتۆل، مێژوویی بەرخودانەکەی لە کۆتایی سەدەی ١٩ و سەرەتای سەدەی ٢٠ کە لە بەستێنی کوردایەتیدا گەشەی کردووە. ئەم وتارە لە دوو بەش پێک هاتووە کە بەشی یەکەم تیشک دەخاتە سەر  مێژووی کۆتۆل لە سەدەی سێزدەوە تا کۆتایی سەدەی ١٩. بەشی دووەم هەوڵێکە بۆ هێنانە بەرباسی مێژووی هاوچەرخی کۆتۆل و تێکەوەتەنراوی ئەم مێژوویە لەگەڵ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لەو سەردەمەدا. لەم وتارەدا هەوڵ دەدرێت پاشخانی کوردایەتی لە کۆتۆل، گرینگیی ستراتێژیکی کۆتۆل بۆ کورد،  بۆ عوسمانییەکان، سەفەوییەکان، قاجار و تەنانەت بۆ ڕووسەکانیش شی بکرێتەوە. لە کۆتایی باسەکەدا هەڵسەنگاندنێک دەکرێت لە ئالینگارەکانی  بەردەم کۆتۆل بۆ مان یان نەمانی وەک بەشێک لە جۆگرافیای کوردستان.


پێگەی جۆگرافیکی کۆتۆل

کۆتۆل، یان بە فارسی “قطور” دەکەوێتە ٦٠ کیلۆمەتریی ڕۆژاوای شارستانی خۆی، ١٠٠ کیلۆمەتریی ڕۆژهەڵاتی شاری وان (لە باکوری کوردستان) و ۸ کیلۆمەتریی دەرگای سنووریی ڕازی و هەرەتێل (کاپی‌کوی بە تورکی). ژمارەی دانیشتووانی ناوەندی کۆتۆل نزیکەی ٥ هەزار[١] کەسە کە لەگەل ٣٠ گوندەکەی دەوروبەریەوە سەرجەم ٣٠  هەزار کەس مەزەندە دەکرێت. هەڵبەت ئەم ژمارەیە بۆ ماوەی نزیک پەنجا تا شەست سال گۆڕانێکی ئەوتۆیی بەخۆیەوە نەبینیوە، چونکە کۆتۆلیش بێبەش نەبووە لە سیاسەتی دژەگەشەی دەوڵەتی فارس لە کوردستان: نەبوونی دەرفەتی کار و گەشەی ئابووری وای لێ کردووە کە زۆرترین خەڵکی گەلیی (دۆلی) کۆتۆل  لە دەرەوەی زێدی خۆیان و لە شارەکانی خۆی، سەلماس و ورمێ بژین.


پاشخانی مێژوویی

بە درێژایی مێژوو، کۆتۆل لە نێوان زڵهێزەکانی ناوچەدا دەست بە دەست کراوە و لە قەدیمەوە گەلیی کۆتۆل وەکوو دەروازەیەک بۆ لەشکرکێشیی بەکار هێنراوە. کۆتۆل لە سەردەمی ئاسندا بەشێک بووە لە شانشینی ئورارتو کە پێتەختەکەی شاری وان بووە. ئەم شانشینە لە سەدەی ٩ی پێش زاییندا سەری هەڵداوە و لە سەدەی ٥ی پێش زاییندا بە گەشەسەندنی دەسەڵاتی سکیتی و مادەکان ڕووخاوە.[2] سارگۆن شای ئاشووری لە ساڵی ٧١٥ی بەر لە زایین، پاش داگیرکردنی ڕۆژهەڵاتی دەریاچەی ورمێ لە ڕێگەی گەلیی کۆتۆلەوە هێرشی کردووە سەر ناوچە ناوەندییەکانی ئورارتو.[3]


لە سەدەکانی ناوەڕاستی پاش هاتنی ئیسلامدا ئەم ناوچەیە لەگەڵ ناوچەی خۆی تا تەورێز لە ژێر حوکمرانی ڕەوادییەکانی کورددا

بووە.[4] دیارە سەبارەت بە کوردبوونی ڕەوادییەکان گێڕانەوەی جیاواز هەیە، هەندێک ڕەوادییەکانیان بە ڕەچەڵەکڕەچەڵەک عەرەب پێناسە کردووە[5] و هەندێک بە کورد[6]. تەنانەت ئەگەر  بە ڕەچەڵەکڕەچەڵەک عەرەبیش بووبن، دیارە لەوسەردەمە دانیشتووانی کورد لە خۆیەوە تا تەورێز ئەوەندە زۆر بووبن کە بنەماڵەیەکی عەرەب لە پرۆسەیەکی مێژووییدا دەبێ  بووبن بە کورد.

 
بەڵگە مێژووییەکان ئاماژە بە بوونی کورد هەم لە کۆتۆل، لە خۆی، سەلماس و هەم لە تەورێزێش دەکەن. لەسەرەتایی فوتووحاتی عەرەب‌دا زۆربەی دانیشتووانی ڕۆژهەڵات و باشووری ئازەربایجانی ئێستا، کورد بوون. بۆ نموونە “احمد بن یحیی البلازەری” لە “فتوح البلدان”دا ئاماژە بە شەڕشەڕی عەرەب و مەرزبانی ئازەربایجان دەکات کە  بە سازانێک لە نێوان مەرزبان و سەرداری عەرەب “حذیفە”  تەواو دەبێت. شەڕەکە بەو  مەرجە کە “حذیفه”  نە کەس بکوژێت و نەکەسیش بە دیل بگرێت، هەروەها ئاگردانەکان کاول نەکات و هێرش نەباتە سەر کوردانی بلاسجان، سەبەلان و ساترودان و بە تایبەتیش ڕێگری لە خەڵکی شیز و لە هەڵپەرکێی ڕۆژانی جەژن و ئایینەکانی دیکە نەکات”[7] لەگەڵ مەرزبان‌دا ئاشتی تەواو دەبێت. لە سەدەی چوارەمی هیجریداش  (کۆتایی سەدەی ١٠ زایینی) هێشتا ئاماژە بە زۆرینەیەکی کوردی لەم ناوچەیە دەکرێت، بۆ نموونە “بوعبداللە محمد بن احمد مقدس” لە “احسن التقاسیم في معرفة الاقالیم”دا لەبارەی سەلماس ڕادەگەینێ کە “شارێکی چاکە و برجێک و چۆمێکی هەیە و مزگەوتێک لە ناو بازارەکەیەتی و دانیشتووانی کوردن.”[8] ناکۆکییەکانی دیناستییەکانی  (بنەماڵەکانی)کورد وەکوو شەدادی و ڕەوادی و هێرشەکانی غوز/ئوغووز بۆ ناوچە، هەم  بوو بە هۆی لاوازی دەسەڵاتی کوردی  وهەم گۆڕانی پێکهاتەی ئێتنیکیی ناوچەکە. بە هاتنی تورکە غوزەکان، حوکمڕانی کوردەکان لەو ناوچانە کۆتایی پێ دێت و هەردوو خانەدانی ڕەوادی و  شەدادی لە ئاران و ئازەربایجان دەکەونە ژێر دەسەڵاتی سەلجووقییەکان. پێکهاتەی ئێتنیکیی ناوچەکە، بە تایبەت لە شارەکان بە قازانجی تورکەکان دەگۆردرێت. کوردەکان لە ناوچە شاخاوییەکان ئاسێ دەکرێن. “ابن اثیر” لەباری ڕووداوەکانی ٤٢٠ی کۆچی (١٠٢٩ ز) دەنووسێ کە “غوزەکان لە ورمێ کۆبوونەوە و ڕێگەی هەکارییان کە تابیعی مووسڵ بوو، گرتەبەر. لەوێش لەگەڵ کوردەکان بە شەڕ هاتن و شەڕێکی قورس ڕوویدا کە کوردەکان شکان و غوزەکان دارایی، ژن و مناڵەکانیان (ئی کوردەکان) بە دیل گرت. کوردەکان ناچار بوون کە پەنا بۆ  شاخ و دۆڵە ئاسێیەکان بەرن.”[9]

 
پاش جێگیربوونی هۆزە تورکەکانی خوارەزمی، سەلجووق، قەرەقویونلو و ئاق قویونلو، ئیتر ئاسەواری دانیشتووانی کورد لە ناو شارەکانی خۆی و سەلماسیش نامێنی و دانیشتووانی کوردی ئەو ناوچانە یان قەلاچۆ دەکرێن یان دەتوێنەوە یان بۆ ناوچە شاخاوییەکانی ڕۆژئاواتر هەڵدێن. هێرشی مەغۆلەکان ئەو پرۆسەیە خێراتریش دەکات. بۆ نموونە “حمداللە مستوفی” لە ساڵی ٧٤٠ی کۆچی (١٣٤٠ ز)دا دەربارەی پێکهاتەی ئەتنیکیی شاری خۆی ڕادەگەیەنێ کە “خەڵکەکەی دێم‌سپی و خەتایی‌نەژاد و چاکن، بۆیە خۆی وەکوو تورکستانی ئێران دەناسرێت.”[10] دربارەی سەلماسیش دەنووسێ کە “هەواکەی بەرەو ساردییە و ئاوەکەی لە شاخەکانی کوردستانەوە دێت و دەچێتەوە دریاچەی چیچست (ورمێ)… خەڵکی [سەلماس] سوننیی پاکدینن و بەردەوام لەگەڵ کوردەکان‌دا لە شەڕدان. چونکە ئەم شەڕانە زاتی و مەورووسین، ئاش نابنەوە.”[11]


ئەمە ئەو ڕاستییە دەردەخات کە چەند سەدساڵ کوردەکان لە شارەکانی باکوور-رۆژهەڵاتی کوردستان لە هاوسنووری ئازەربایجان دەرکران و لە ناوچە شاخاوییەکانی ڕۆژئاوای خۆی و سەڵماس دەژیان. کۆتۆلیش یەکێک لەو ناوچە شاخاوییەکانە کە بە درێژاییی مێژووی کورد ماوەتەوە. لە بەڵگە مێژووییەکاندا، یەکەم ئاماژە بە کۆتۆل دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی خوارەزمییەکان. جاری یەکەم ناوی قەڵای کۆتۆل لە ساڵی ٦٢٤ی کۆچی (١٢٢٧ ز) لە کتێبی مێژوویی “سیرت جلال‌الدین منکبرنی” لە لایەن “شهاب‌الدین محمد خزندزی زیدری نسوی”دا هاتووە کە دەڵێت “کوڕی ‘ملک خاموش’ [نەوەی ئەتابەکی ئوزبەکی] لە ئەتابەکەکانی ئازەربایجان لە قەڵای کۆتۆل دانیشتبوو و ئەوەندە لە سەقامگیربوونی قەڵاکە دڵنیا بوو کە فەرمانی جەلالەدینی خوارەزمشاهیی لەژێر پێ دادەنا و ئیدیعایی پاشایەتیی هەبوو.”[12]


بە هاتنی دونبولییەکان کوردکان گەڕانەوە بۆ سەلماس و خۆی. بە پێی گێڕانەوەی شەرەفخان ڕەچەڵەکی دونبولییەکان دەگەڕێتەوە بۆ کەسێک بە ناوی عیسا کە گۆیا بۆ فەتحی ئازەربایجان هاتبوو بۆ ئەو ناوچەیە و سوڵتانەکانی ڕابردوو ناحیەی سوکمەنئاوای خۆیانیان وەکو ئۆجاقلق پێیان بەخشیبوو. شەرەفخان هەروەها ڕادەگەیەنێ کە “دونبولییەکان لەسەرەتادا ئێزیدیی بۆتان بوون و دواتر بوون بە سوننی و یەکێک لە نەوەکانی عیسابەگ بە ناوی حاجی بەگی کوری شێخ بەهلوول بەگ پێشینەی مولازیمەتی شا تەهماسبی سەفەویی هەبووە. شا تەهماسب شاری خۆیی زەمیمەی سوکمەنئاوای کرد و  وەکوو ئەیالەت، بەخشی بە حاجی بەگ و لەقەبی حاجی سوڵتانی پێ دا. سنووری سەرحەدی وان و پاسەوانی سنوری بە حاجی سوڵتان درا و دونبولییەکان چوونە ناو شاری خۆی. دوایی تێکهەلچوونێکی دونبولییەکان لەگەڵ قزلباشەکان، مەنسور بەگی کوری محمەدی بەگ دەچێتە ئاستانی سولتانی عوسمانی و ئەویش گەلیی کۆتۆل و بەرگری وەکوو سەنجاق دەبەخشێتەوە بە مەنسور بەگ” و ئاماژە بەوە دەکات کە “ئێستا کە سالی ١٠٠٥ (١٥٩٦)ە حوکمرانیی ئەو ناوچەیە هێشتا لە دەستیدایە.”[13] دونبولییەکان وەکوو مەحموودییەکان کە بۆ ماوەیەکی درێژ کۆتۆل لەژێر دەستیاندا بوو، بە پێی هەلومەرج وەلائیان دەگۆڕدرا؛ بەم شێوەیە لە نەخجیوان تا سەلماس و تەنانەت ماوە بە ماوە تەورێز و ورمێش دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی ئەمیرە کوردەکانی دونبولی. ئەمجا هەندێ جار موتیعی عوسمانین و هەندێ جاریش لە ڕیکابی قزلباشەکاندان. کۆتۆلیش بە پێی وەلائی ئومەرایی مەحموودی جاروبار دەکەوێتە ژێر حوکمڕانی عوسمانی و جاروباریش ئی ئێران‌. سەرەڕای زۆریی ژمارەی دانیشتووانی دونبولی، لە گێڕانەوەی زارەکی ناوچە‌دا وەکوو “کۆتۆلا مهەندان” پێناسە کراوە لە بەر ئەوەی کە زیاتر لە ژێر دەستی مەحموودییەکان‌دا بووە. لە کوردیی کرمانجیی ناوچەدا مهەند بە میرنشینی مەحمودی دەگوترێت.


کۆتۆل تەنانەت هەندێک جار وەکوو میرنیشینۆکێکی سەربەخۆ ناوبراوە. لە ساڵانی ١٥٧٧دا  کێشە دەکەوێتە نێوان میرنشینی هەکاری بە میری زینەلبەگ و شاقولییەکان‌ و یەکێک لە کورەکانی شاقولی بە ناوی غازی-کە لە گەڵ براکانی لە زیندانی وان‌دا بوون- بۆ لای سەفەوی هەڵدێت. بۆیە سەدری ئەعزەمی عوسمانی لە ٢٠ شەعبانی ٩٨٥ (١١ نۆڤامبری ١٥٧٧)دا بۆ  بەگی هەکاری زەینەل‌بەگ ، بەگی مەحموودی حەسەن بەگ و بەگی کۆتۆل وەلی بەگ “حکم مهمە” دەنێرێت و داوایان لێ دەکات کە دەبێ لە هێنانەوەی غازی بە مردوو یان زیندوو درێغ نەکەن و نامەیەکیش بۆ براکانی لە زینداندا بنووسن کە براکەیان ڕازی بکەن بێتەوە و ئەگەر ڕازی کرا، سەنجاقیان پێ دەدرێت.[14] پێشتر لە ساڵی ١٥٦٥دا بە پێی  تەوجیهاتی ئەیالەت و سەنجاقەکانی عوسمانی ستاتوسی سەنجاقێکی ئەیالەتی وان دراوە بە بارگری و کۆتۆل و مەقسود بەگ وەکوو حاکمی دەستنیشان کراوە.[15] لە ١٥٧٥ تا ١٥٨٥ لەتەنیشت سەلماس، موکس، بەتلیس و موش و بەرگری، سۆما و تەنانەت ورمێ، کۆتۆل وەکوو سەنجاقێکی سەربەخۆی ئەیالەتی وان پێناسە کراوە.[16] لە تەقسیماتی سەنجاقەکانی وان لە قەلەمرەوی عوسمانی لە ساڵی ١٦٣١- ١٦٣٢دا وەکوو موکس، ئەلباک، بارگری، خۆشاب و زۆر شوێنی دیکە، بە کۆتۆلیش، ستاتوسی لیوا (کانتۆن) دراوە.[17]


ریاحی ئیدیعا دەکات کە کۆتۆل لە ساڵی ٩٩٢ی کۆچی (١٥٨٤ ز) لە لایەن عوسمانیەوە داگیر کرا، بەڵام سەفەوییەکان لە ساڵی ٩٩٦ی کۆچی (١٥٨٨) جارێکی دیکە گەڕانەوە کۆتۆل.[18] ڕیاحی هەروەها ڕادەگەیەنێ کە “لە لەشکرکێشی ساڵی ١٠٤٥ی کۆچی (١٦٣٥ ز) دا مورادی چوارەم خۆی  داگیر کرد، بەڵام لە تەنیشت قەڵای کۆتۆلەوە تێپەر بوو؛ چونکە ئەوەندە قایم بوو نەیوێرا گەمارۆی بدات. بۆیە لە ڕێککەوتنی ئاشتیی ساڵی ١٠٤٩ی کۆچی (١٦٣٩ ز)دا مەرجی دانا کە ئێرانییەکان قەڵای کۆتۆل کاول بکەن. بەڵام ئێرانییەکان پاش مردنی ئەو پادشایە دەرفەتیان قۆستەوە و قەڵاکەیان سالم ڕاگرت.”[19]


لە تەقسیماتی سەنجاقەکانی ویلایەتی وان لە ساڵی ١٦٣٧دا،  کۆتۆل دیار نیە. لەوانەیە لەو کاتەدا لەدەست سەفەوییەکاندا بووبێت یان وەکوو قلچ ئیدیعا دەکات “مەحموودی و خۆشاب وەکوو یەک سەنجاق ئیعتیبار کراون و سەنجاقەکانی شاخ (شاتاخ)، ئەلباک، کۆتۆل و میرعەشیرەتیی شکاک لەم تەقسیماتەدا دیار نین. لەوانەیە وەکوو بەشێک لە ئەلباک لە نێوان سەنجاقەکانی ورمێ و مەحموودیدا حسێب کرابن.”[20] دیسان لە تەوجیهێکی دیکەی تەقسیماتی سەنجاقەکانی وان لە ساڵی ١٦٣٢-١٦٤١دا کۆتۆل وەکوو لیوایەکی (کانتۆن) ئەیالەتی وان پێناسە کراوە.[21]


ئەولیا چەلەبی لە ساڵی ١٠٦٥ی کۆچی (١٦٥٥) دا لە کۆتۆلەوە بۆ ئێران تێدەپەڕێت. هەندێک زانیاریی ئەفسانەیی پێشکەش دەکات کە لەگەڵ ڕاستییەکان ناگونجێت. بۆ نموونە لەسەر قەڵای کۆتۆل ڕادەگەیەنێ کە یەکێک لە نەوەکانی چەنگیزخانی موغول بە ناوی “محمودشاه غازان” وەزیرێکی سەررەقی بەناوی “قوطور”ی هەبووە. شاـ ئەمری پێ دەدات کە لەسەر ئەو شاخە بەردینە قەڵایەک دروست بکات. ئەویش لە ساڵی ٦٩٤ی کۆچی (١٢٩٥ ز)دا قەڵاکە دروست دەکات و بۆیە بە ناوی “قوطور” ناسراوە.[22] زانیاری ئەولیا چەلەبی دەربارەی قەڵای کۆتۆل هەڵەیە چونکە وەکوو پێشتر ئاماژەی پێکرا،  لە ساڵی ٦٢٤ (١٢٢٧)ی کۆچیدا “نسوی” باسی قەڵای کۆتۆلی کردووە. لە حاڵێکدا، قازان خان ٤٤ سال دواتر تازە لە دایک دەبێت. دیارە چیرۆکی ناوەکەش هەر فانتێزیای ئەولیا چەلەبییە. بەڵام بە پێی شایەتیی ئەولیا لە کاتی سەردانەکەیدا، کۆتۆل لە چوارچێوەی قەلەمرەوی سەفەوییەکان‌دا بووە.


پاش هێرشی قاجارەکان لە ساڵی ١٨٢١ و ١٨٢٢ بۆ سەر سنووری عوسمانی، کە لە هەر دوو لا کوردەکان بەشداریی چالاکیان تێدا هەبوو، ڕێککەوتنی یەکەمی ئەرزرۆم لە ساڵی ١٨٢٣ لەنێوان هەردوو وڵاتدا واژوو کرا. یەکێک لە مژارەکانی ناکۆکیی قاجار و عوسمانی، کوردەکانی سەر سنوور بوون کە لە مادەی سێی ڕێککەوتنەکەدا وەکوو مادەی “ئەکراد مادەسی/مادەی کوردەکان” پێناسە کرابوو. کێشە لەسەر چوونە هەوار و هەوارگەی کوێستانان و هاوینانی هۆزەکانی سیپکی و حەیدەرانی بوو کە دەکەوتنە نێوان سنووری  ئیمپراتورییەکانی قاجار و عوسمانی کە ئیتر نە بە پێی چەمکی ئومەتی جاران بەڵام بە پێی پێوەرەکانی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان لەگەڵ یەک هەوڵسوکەوتیان دەکرد.[23] تا ساڵی ١٨٢٥ کە مەهمەت سەعید غالب پاشا وەکوو دانوستانکاری عوسمانی دەستنیشان کرا، لەسەر مالکییەتی شارۆچکە و قەڵاکانی وان و هەکاری بەتایبەت لەسەر قەڵاکانی کۆتۆل، چاری (چەهریق) و دێرک ناکۆکی لە نێوان هەردوو لا هەبوو. سەبری ئاتەش ڕادەگەیەنێ کە “عوسمانییەکان ئیدیعایان دەکرد کە ئەو قەڵایانە  سەر بە خۆشابن و ئێرانییەکانیش دەیانوت بەشێکن لە خۆی.”[24] کێشەی تابعییەتی قەڵای کۆتۆل -بە درێژایی ٤٠٠ ساڵ- خالێکی ناکۆکیی نێوان مەحموودی و دونبولی بوو.  بۆ ماوەی نزیک چەند سەد ساڵی تریش بوو بە  هۆی کێشە و ناکۆکیی نێوان قاجار و عوسمانی. کێشەکە لە لایەکەوە لەسەر پێگەی ستراتێژیکی کۆتۆل و قەڵاکەی بوو کە بۆ هەردوو دەوڵەت گرنگ بوو. لە لایەکی دیکەشەوە هۆزە کوردییەکان هیچ گرنگییان بە سنوورەکان نەدەدا؛  حەیدەرانی، میلان، جەلالی، سیپکی و شکاک لەو ناوچانە بەبێ بەفەرمی ناسینی  قەلەمرەوی عوسمانی و سەفەوی/نادری/زەندی/قاجار هاتووچۆیان دەکرد، بەتایبەت کە زۆربەی کوردەکان ئەو کاتە ژیانی ڕەوەندییان هەبوو.


بە پێی مادەی سێهەمی ڕێککەوتنی دووهەمی ئەرزرۆم لە ساڵی ١٢٦٣ی کۆچی (١٨٤٧ ز)، بڕیار درا کە سنوورەکانی عوسمانی و قاجار بە پێی ستاتوس، واتە هەلومەرجی ئەوکاتەی سنوورەکان، هەڵسووکەوتیان لەگەڵ بکرێ و لێژنەیەکی پێکهاتوو لە نوێنەرانی عوسمانی و قاجار و دوو وڵاتی  ئینگلیز و ڕووس وەکوو نێوبژیکەر، سەردانی سنوورەکان بکەن. لە لای قاجار میرزا جەعفەرخان موشیرولدەولە و لە لای عوسمانییەکان دەروێش پاشا دەستنیشان کران کە دەبوایە پاش کۆبوونەوەیەک لە بەغدا دەست بە کار بن بۆ دەستنیشانکردنی سنوورەکان لە موحەممەر (خورەمشەهر)ەوە بەرەو باکوور.[25]


لەم ناوەدا محەممەدشای قاجار لە سێپتامبری ١٨٤٨دا مرد و ناسرەدین شاه لە ئۆکتۆبری هەمان ساڵدا وەکوو شای قاجار دەستنیشان کرا. لە هەمان کاتدا لە خوراسان شۆڕشێک سەری هەڵدا. عوسمانییەکان کە ئاگاداری هەلومەرجی نادیاری حوکمرانیی قاجارەکان بوون،  هەلەکەیان قۆستەوە و بە دەروێش پاشا فەرمان درا کە پێش گەیشتن بۆ بەغدا لە سەر ڕێگای خۆی کۆتۆل داگیر بکات. دەروێش پاشاش لە ڕێگاکەی بەرەو بەغدا، بە فەرماندەیی ڕەشید پاشای فەرماندە لەشکەری وان کۆتۆلی داگیر کرد. لە ئاڤریلی ١٨٤٩ میلەیەکی مەرزی لە کۆتایی گەلیی کۆتۆل دانرا کە لەسەری نووسرا بوو “حدود دولت علیه‌‌ عثمانی.”[26] ئیستاش لەو جێگایە پردی ڕێی ئاسنی کۆتۆل لێیە کە کوردەکان پێی دەڵێن “پرا سینۆر/پردی سنوور”. عوسمانییەکان دەیانویست لە کاتی دانوستاندا، قاجارەکان لەبەرامبەر کاری ئەنجامدراودا دابنێن و هەندێک بەڵگەیان ئامادە کردبوو کە گوایە کۆتۆل لە کۆنەوە مولکی میرنشینی مەحموودی بووە. مەقسوود ئاغای شەمسکی خەڵکی کۆتۆل کە یەکێک لە شاهیدەکانی ئەو بەڵگانە بوو لە لایەن عوسمانییەکانەوە کرابوو بە مودیری کۆتۆل.[27] پاش مردنی مەقسوودئاغا کورەکەی ئەحمەد ئاغا وەک میراتگر بوو بە مودیری کۆتۆل.[28]


بە پێی گێڕانەوەی فرێدریک میلینگن لە نێوەڕاستی ١٨٦٠ـەکاندا، عوسمانییەکان ٣٠٠ باشیی ‌بۆزووقی (میلیشیا) ئەڵبانییان لە کۆتۆل جێگر کردبوو. بۆ ماوەیەک بینباشی (سەرگورد) عوسمان بەگ ناوێک وەکوو فەرماندەی هێزەکان دەنێرن بۆ کۆتۆل. بەڵام ئەم عوسمان بەگە هەمان فرێدێریک میلینگێی[29] بە ڕەچەڵەک ئینگلیزە.  فرێدێریک میلینگێن کوڕی جولیوس مایکل میلینگێن، حەکیمی دەرباری مەحموودی دووەمی عوسمانی بوو. مایکل میلینگێن کە بە ڕەچەڵەک ئینگلیزی بووە، بەشداریی لە شەڕی یۆنان بە دژی عوسمانیدا کردووە. پاش بەدیلگیرانی لە لایەن عوسمانییەوە بووە بە حەکیمی دەربار. فرێدێریک میلینگێنی کوڕی جولیوس مایکل لەوێ گەورە بووە و چەندین ناوی بە کار هێناوە، لەوانە عوسمان بەگ، قبرسزادە عوسمان پاشا.[30] وەکوو ئەفسەری سپای عوسمانی ئەرکدار کراوە کە کە فەرماندەییی هێزەکانیان لە کۆتۆل بکات و لە ساڵی ١٨٦٤دا دەچێتەوە بۆ کۆتۆل.[31]


میلینگێن لە ساڵی ١٨٧٠دا بەسەرهاتەکانی  خۆی لە کۆتۆل و کوردستان وەکوو کتێبێک لە ژێر ناوی “ژیانی کێوی لە ناو کوردەکاندا”[32] بڵاو دەکاتەوە. کتێبەکە هەم لێکۆلینەوەیەکی ئێتنۆگرافیکە هەمیش گێڕانەوەی ڕووداوەکانی ئەو ماوەیەیە کە لە کۆتۆل ماوەتەوە. گرینگرین ڕووداو لە ماوەی مانەوەی لە کۆتۆل کە شایەدی بووە، کێشەی هۆزە کوردییەکانی ئەو ناوچەیەیە. لە ساڵی ١٨٦٠دا هاوپەیمانییەک پێکهاتوو لە هۆزەکانی تاکوری، موقری و شکاک بە هاندان و پشتگیریی موتەسریفی وان، ئیسماعیل پاشا هێرش دەبەنە سەر هۆزی میلان. هۆزی میلان پەنا دەبەن بۆ قاجارەکان. شازادەی قاجار لەسەرەتا بە نەرمی پێشوازی لە میلانەکان دەکات، بەڵام کاتێک دەبینێ ناتوانێ بەرژەوەندییە مادییەکانی لە لای سەرۆکهۆزی میلان دەستەبەر بکات، فەرمانی سەربڕینی دەدات.[33] بە سەدان ئەندامی هۆزی میلان لە لایەن هێزی قاجارەوە قەڵاچۆ دەکرێن. لەم بەینەدا عوسمانییەکان موتەسەریفێکی کورد بۆ ئەوان دەستنیشان دەکەن کە هەمان ڕەسوول پاشای برای مەحموود پاشای ڕەواندزییە. ڕەسوول پاشا کە ئاگاداری کێشەکان دەبێت، لە جیاتی ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییە شەخسییەکانی، ئەو ئۆتۆریتەیە دەداتەوە بین باشی عوسمان بەگ (میلینگێن) کە ڕێگە لە شەڕی ناوخۆییی هۆزە کوردەکان بگرێ و دەرفەت بۆ گەڕانەوەی میلانەکان بۆ زێدیان -لە سەتمانس، ئێنگزا ملان و چەند ئاوایی دیکە لە ڕۆژئاوای کۆتۆل- بڕەخسێنێ. کۆنفدراسیۆنی هۆزی میلان لە هەموو لایەکڕا هێز کۆ دەکاتەوە، تەنانەت ئەندامانی هۆزەکە کە لە ناو سپای ڕوسیادا ئەفسەر بوون بۆ شەڕ دێنە گەلیی  کۆتۆل و هێزەکانی میلان لە لایەک و هاوپەیمانیی سێ هۆزی دیکەی کورد لەلایەکی ترەوە لە چۆلچیمەنی نێوان کۆتۆل و سەرای، لەبەرامبەر یەکتر ڕادەوەستن. بە نێوبژیوانیی میلینگێن و هێزەکانی، شەڕەکە بەبێ زیانی زۆر تەواو دەبێت و میلانەکان دەگەڕێنەوە بۆ گوندەکانیان.[34] لەوانەیە بوونی ڕەسوول پاشای ڕەواندزی یەکەم تۆی کوردایەتی بێت کە لەو ناوچەیەدا چاندرابێ و بووبێت بە سەرەتایەک بۆ هەستی کوردایەتی و تێپەراندنی سنووری هۆز لە ناوچەدا. میلینگێن هەم ئاماژە بە هەستی کوردایەتیی ڕەسوول پاشا دەکات و هەمیش بە شێوازی شەڕەکە کە زۆر جیاوازە لە شەڕەکانی پێشوو. لە شەڕەکانی پێشوودا مەرومالات و داراییی لایەنی شکەستخواردوو تالان دەکرا و خەڵکەکەی قەڵاچۆ دەکرا، بەڵام پاش شکەستی شکاکەکان شتێکی وا ڕووی نەدا. بوونی ڕەسوول پاشا و نێوانگێڕی بۆ سنووردارکردنی و لە کۆتاییدا تەواو کردنی شەڕەکە دەبێ فاکتۆرێکی سەرەکی بێت. 

 
پاش ئەو شەڕە هیچ کاتێک لە نێوان ئەو هۆزانەی ناوچەدا شەڕ دروست نەبوو و تەنانەت چەند ساڵ دواتر لە پێناوی کوردایەتیدا شان بە شانی یەکتر لە بەرامبەر دوژمن ڕاوەستاون. میلینگێن یەکەم کەسی ڕۆژاوایییە کە ئاماژە بە ناسیۆنالیزمی کوردی لە سەدەی نۆزدەدا بکات.


ملیلینگێن ڕادەگەیەنێ:

“وا دیارە تایێکی شۆڕشگێرانە مێشکی هەموو نەتەوەی کوردی هەڵمساندووە. بە پێی ئەزموونی شەخسیی خۆم کە پەیوەندیم هەبووە لەگەڵ زۆرێک لە سەرۆکەکانی بزاڤە نەتەوەییەکانی کورد، وەکوو ئەحمەد پاشای سولێمانی، ڕەسوول پاشا لەگەڵ برا و کوڕەکانیان، دەتوانم بە بێ زێدەروی دوپات بکەمەوە کە هەستی نەتەوایەتی و خۆشەویستیی سەربەخۆیی هێندەی هەموو نەتەوەیەکی دیکە لە ناخی کورداندا ڕیشەی قووڵی هەیە.”[35]


دەروێش پاشا نوێنەری عوسمانی بۆ کۆمیسیۆنی تەحدیدی حدوود بۆخۆی دەچێتەوە کۆتۆل و قشلەیەکی عەسکەری دروست دەکات. نامەیەکیش بۆ محەمەد میرزا حاکمی خۆی دەنووسێت و لە نامەکەدا ئیدیعا دەکات کە “تەماشای کتێبەکانی کتێبخانەکانی مەحکەمەی باڵای عوسمانی  کراوە و ئەرکانی دەوڵەت هەر هەموویان لێکۆڵینەوەیان کردووە [و دەرکەوتووە ] کە قەرییەی ناوبراو [کۆتۆل] و تابیعاتی لە [زیمنی] مولک و سەرحەداتی “وان”ە. جگەلەوە لە سجلاتی مەحکەمەی کتێبی وان‌دا بە ڕاشکاوی نووسراوە که کۆتۆل و مەحموودی و دێهاتی تابیعیان هەموو مولکی دیاریکراوی (موختەسی) سنووری بەلدەی “وان”ن. لە سەر بنەمای ئەو ڕاستیەش من ئەرکدار کراوم کە لەسەرحەدی ئێستا نیشانەیەکی لێک جیاکەر بینا بکەم…”[36] قلچ ئیدیعا دەکات که تا شەڕی عوسمانی و ئێران لە ساڵی ١٨٢١-١٨٢٣ کۆتۆل هەر بەشێک بووە لە ویلایەتی وانی


عوسمانی.[37] ئولوئەرلەر پێی وایە کە ئیمپراتۆریی عوسمانی پاش هێرشی عەباس میرزای قاجار بۆ سەر عوسمانی لە ١٨٢١-١٨٢٣دا کۆتۆلی لەدەست داوە و پێشتر بەشێک بووە لە خاکی عوسمانی.[38] پاش شەڕی عوسمانی و ڕوس لە ١٨٧٧دا کۆتۆل بە پێی مادەی ٦٠ی کۆنگرەی بەرلین لە ساڵی ١٨٧٨دا درا بە ئێران. مادەکە ڕادەگەیەنێ کە “سەحرای ئەلەشگرد و شاری بازید بە پێی فەسلی ١٩ی ڕێککەوتنی ئەیاستیفانۆس کە بە دەوڵەتی ڕووسیا درابوو، دەگەرێتەوە بۆ سەر عوسمانی. بابی عالی (عوسمانی) شاری کۆتۆل و عەرزەکانی دەوروبەری بە پێی ڕێککەوتنی کۆمیسێرەکانی ئینگلیس و ڕوسیا کە بۆ دەستنیشانکردنی سنووری عوسمانی و ڕوسیا دیاری کرابوون، دەدرێتەوە بە پەرسیا.”[39] لە هەموو لێکۆڵینەوە تورکیەکان‌دا ئیدیعای عوسمانیبوونی کۆتۆل دەکرێت. وەرگرتنەوەی کۆتۆل بۆ قاجارەکان ئەوەندە گرنگ بوو کە ناسرەدین شا بۆ وەدەستهێنانەوەی ئەو ناوچەیە سەفەر بۆ ئەورووپا بکات.[40] کێشەکانی نێوان ئێران و عوسمانی لەسەر عەرزی کوردستان لەو ناوچەیە تا ساڵی ١٩٣٠ لە کاتی شۆڕشی ئاگریدا بە ڕادەستکردنی کۆتۆل بۆ ئێران بەردەوام بوو.


لە ڕاستیدا هەتا ئەو کاتەی میرنشینە کوردییەکان، بە تایبەت مەحموودی هەبوو، حزووری هێزی دەوڵەتەکانی ناکورد لە کۆتۆل بەدگمەن ڕووی دەدا. تەنیا ئەو کاتەیکە هێرشیان دەبردە سەر یەکتر، قەڵای کۆتۆل بە سەرباز یان عەسکەری ئەم و ئەو پڕ دەکرا. دروستە کە پاش هێرشی عەباس میرزا بۆ سەر عوسمانی، قاجارئیدیعای خاوەندارێتی کۆتۆلی کرد، بەڵام تەنیا  مەحمودی حزووری نیزامیی هەبوو و  تەنانەت “عوسمانی”ش حزووری عەسکەریی لەوێ نەبوو.  دەستبەدەستبوونی کۆتۆل لە لایەن عوسمانی و قاجارەوە لە ئاکامی  ناکوردیکردنی ئیدارەی ناوچە و هەروەها لەناوبردنی میرنشینە کوردییەکان لە کۆتۆلیش بوو بە هۆی لاوازکردن و لە کۆتاییدا لەناو بردنی میرنشینی مەحمودی. ناوەندی میرنشینی مەحمودی لە کاتی خۆیدا شارۆچکەی سەرای بوو کە ئێستا دەکەوێتە باکوری کوردستان. مەودای سەرای تا کۆتۆل٣٠ کیلۆمەتر  و تا خۆی ٦٠ کیلۆمەترە کە هەمووی  شاخاوییە. ناوە لۆکالییەکەی کۆتۆلیش وەکوو پێشتر ئاماژەی پێ کرا “کۆتۆلا مهەندانە”، واتە کۆتۆلی مەحمودی. سەرەتایی دروستبوونی دەوڵەتانی ناوەندگەرایی ئێرانی و عوسمانی  بوو بە هۆکاری ناکۆکیی سنووریی ئەو دوو دەوڵەتە لەسەر کۆتۆل کە  دواتر ڕادەستی  قاجار کرا.  لە ئۆکتۆبری ١٨٧٩دا کاربەدەستانی عوسمانی بە فەرمی کۆتۆل و دێهاتەکانی ڕادەستی “محمد صادق خانی امین نظامیان” کرد.[41]


دوایی زاڵبوونی قاجار،  بەرەبەرە دەسەڵاتە کوردییەکەی کۆتۆلیش  سنووردار کرا. لە ساڵی ١٢٩٩ی کۆچی (١٨٨٢ ز) حاجی یوسف سەیفولدەولە میرزا، کە حاکمی خۆی و یەکێک لە نەوەکانی فەتحەلی شای قاجار بوو، عەلی خانی شکاکی دەهێنێتەوە خۆی. دیارە عەلی خان پاش شەڕێک ناچار کرابوو کە  لە کۆتۆل دانیشێت. میرزا بە یارمەتی غولامعەلی دونبولی و کورڕەکەی، عەلی خانی شکاک دەستگیر دەکەن و دەینێرن بۆ تەورێز. عەلی خان لە زیندانی تەورێز  کۆچی دوایی دەکات.[42]


کۆتۆل لە کۆتایی حکوومەتی ناسردین شاه و سەرەتای حکوومەتی موزەفەرەدین شاهدا تووشی کارەساتی بوومەلەرزە، برسێتی، چەندین پەتا و نەخۆشی دەبێت کە لە ئاکامدا ئاسایشی ناوچەکە زۆر بەرەو نائارامی دەچێت. بۆ نموونە لە ٣١ ئۆکتۆبری ١٨٩٢دا سوارە و پیادەی عوسمانی و هەندێک جەماعەتی عەشیرەتە کوردەکانی باکوور هێرش دەبەنە سەر کۆتۆل و مەڕومالاتی خەڵک بە تالان دەبەن. قاسم ئاغایی میلانی خەڵکی کۆتۆل لە شەڕی دژی هێزەکانی تالانکەردا دەکوژرێت. بەرەبەرە چالاکییەکانی محەمەدخانی شکاکیش لە ناوچە پەرە دەستێنێ.[43]

 
لە ناوەڕاستی ساڵەکانی ١٨٩٠دا شەپۆلێکی کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان لە عوسمانی دەست پێ دەکات. بەداخەوە خەڵکی ئەرمەنیی کۆتۆلیش لە بەر ئەو شەپۆلە دەکەون و لە ١٨ی نۆڤەمبەری ١٨٩٥ هەندێک لە کوردەکانی عوسمانی هێرش دەبەنە سەر ئەرمەنەکانی دێهاتی گرنەویک و گڤارانی سەر بە کۆتۆل. “محمد رحیم خان”، نایبولحکومەی کۆتۆل خەڵکە ئەرمەنییەکانی دێهاتی دەوروبەر لە کۆتۆل کۆ دەکاتەوە و دەیاننێرێتەوە خۆی.[44] هەوڵی سیستماتیکی عوسمانی بۆ جینۆسایدی ئەرمەنییەکان کە لە چیاکانی زەیتون-لە دەوروبەری موش- ڕا دەستی پێ کرد و بو زیاتر لە دوو دەیە درێژەی هەبوو، ئاگری دوژمنایەتیی بە ئەنقەستی دەکێشایە نێوان کورد و ئەرمەنی. بە پێی بەڵگەی میسۆنەرەکان، عوسمانی تەنانەت کوشتاری سیستماتیکی ئەرمەنیەکانی لە لای ئوروپاییەکانیش دەخستە ئەستۆی کورد،و دەیویست بە بەردێک دوو قەل بکوژێت. دوژمنایەتیی نێوان ئەرمەنی و کورد لە حدوودی عوسمانی لە سەر پەیوەندیی کورد و ئەرمەنی لە ڕۆژهەڵاتیش‌دا کاریگەر دەبێت. کۆلۆنێل کاساگۆڤسکی یەکێک لە ئەفسەرانی قەزاق لە بیرەوەرییەکانیدا بۆ ڕۆژی ٢ ئۆکتۆبری ١٨٩٧دەنووسێت کە “لەم دواییانەدا دەستەیەکی ٧٠٠-٨٠٠ کەسی لە ئەرمەنییەکان هێرشیان بردە سەر هۆزی محەمەدئاغای کوڕی عەلی ئاغای شکاک، کە یەکێک لە هۆزە کوردییەکانە. سێسەد کەسیان لێ دەکوژن و داراییەکانیان بە تالان دەبەن… محەمەدئاغا داوای قەرەبووکردنی لە “ظفروالسلطنە” (حاکمی خۆی) دەکات، بەڵام داواکەی جێبەجێ ناکرێت. بۆیە شەخسەن هەڵدەستێت بۆ تۆڵەسەندنەوە و ڕۆژێک بەیانی لە یەک فەرسەخیی شاری خۆی هێرش دەبەنە سەر گوندی “ڤاڕ”، کە زۆربەی دانیشتووانی ئەرمەنی بوون. پاش کوشتنی خەڵکی گوندەکە، ملک و ماڵیان دەبەن.[45]

درێژەی هەیە..


پەراوێزەکان

  1. http://www.ghotur.ir/index.php/2018-12-13-09-21-55
  2. Jacobson, Esther (1995). The Art of the Scythians: The Interpenetration of Cultures at the Edge of the Hellenic World. BRILL. p. 33
  3. دیاکونوف، ا (١٣٤٥). تاریخ ماد، وەرگێری کریم کشاورز، تهران: شرکت انتشارات علمی و فرهنگی. ل. ٢٧٢ – ٢٧٣.
  4. VARDANYAN, A. (2009). The History of Iranian Adharbayjān and Armenia in the Rawwādid Period (Tenth Century AD) According to Narrative Sources and Coins. The Numismatic Chronicle (1966-), 169, 245–260. http://www.jstor.org/stable/42678617
  5. مینۆرسکی، و. (١٣٣٧). تاریخ تبریز، وەرگێری عبدالعلی کارنگ، تبریز: چاپخانە شفیق. ل ١٠-١١
  6. محمد امین زکی (١٩٤٥). تاریخ الاول و الماراتالکردیة فی العهدالاسلامی، وەرگێری محمد علی عونی، قاهرە، هەروەها بڕ: الدولة الدوستکیة فی کردستان الوسطی: عبدالرقیب یوسف، بغداد: ١٩٧٣ ل ٢ و تاریخ کوردستان موکریان، حسین حزنی موکریانی ل. ١٤٨.
  7. احمد بن یحیی البلادزی (١٣٤٦)، فتوح البلدان (بخش مربوط بە ایران)، ورگێری آذرتاش آذرنوش، انتشارات بنیاد فرهنگ ایران، تاران. ل. ١٦٤
  8. مقدسی، محمد. (١٣٦١). احسن التقاسیم فی معرفة الاقالیم، وەرگێری علینقی منزوی، تاران: چاپی کاویان. ل ٨٧.
  9. عزالدین بن اثیر (١٣٨٣). تاریخ کامل، وەرگێری حمیدرضا آژیر، ج ١٣، تهران: اساطیر، ل. ٥٦٣٢.
  10. حمداللە مستوفی (١٣٣٦). نزهةالقلوب، بە ئیتیمامی دەبیرستانی، تاران. ل. ٩٧.
  11. هەمان سەرچاوە.
  12. شهابالدین محمد خزندری زیدری نسوی (١٣٨٤). سیرت جلالالدین منکبرنی، وەرگێری نەناسراوی سەدەی هەفتەمی کۆچی. ڕاستکردنەوەی مجتبی مینوی. تاران: چاپی شیرین. ل. ١٨٦ و ١٨٩.
  13. شەڕەفخان بەدلیسی (١٨٦٠). شەڕەفنامە، کۆ کردنی ولادیمیر زەرنۆف، پێتێرزبورگ: دار الاطباع اکادمیە ایمپراطوریە. ل. ٣١٣-٣٢٠
  14. Kütükoğlu, B. (1962). Osmanlı-İran Siyâsi Münâsebetleri (I): 1578-1590. İstanbul: Edebiyat Fakültesi Matbaasi.
  15. Kılıç, (2021). Doğu Serhaddinin Kilidi: Van (16.-18. Yüzyıllar). Ankara: Van Büyükşehir Belediyesi Başkanlığı: Kültür ve Sosyal İşler Dairesi Başkanlığı. s. 124.
  16. هەمان سەرچاوە، ل. ١٢٥.
  17. هەمان سەرچاوە، ل. ١٢٨.
  18. ڕیاحی، م. (١٣٧٢). تاریخ خوی. تاران: انتشارات توس. ل. ٣٧٥.
  19. هەمان سەرچاوە..
  20. Kılıç. O. (2021). Doğu Serhaddinin Kilidi: Van (16.-18. Yüzyıllar). Ankara: Van Büyükşehir Belediyesi Başkanlığı: Kültür ve Sosyal İşler Dairesi Başkanlığı. s 129.
  21. هەمان سەرچاوە. ل. ١٣٠
  22. ئەولیا چەلەبی (١٣٦٤). کرد در تاریخ همسایگان: سیاحتنامە اولیا چلبی. وەرگێری فاروق کیخسروی. ؟: انتشارات صلاحالدین ایوبی. ل. ٢٧١.
  23. Ateş, S. (2013). The Ottoman-Iranian Borderlands; Making a Boundary: 1843-1914. Cambridge: Cambridge University Press. P. 54-57.
  24. هەمان سەرچاوە.
  25. میرزا جعفرخان مهندس باشی مشیرالدولە (١٣٤٨). ڕساله تحقیقات سرحدیە. (بە هیمەتی مشیری). تاران: انتشارات بنیاد فرهنگ ایران. ل. ١٧٢-١٨١.
  26. ڕیاحی، م. (١٣٧٢). تاریخ خوی. تاران: انتشارات توس. ل. ٣٧٩.
  27. Milingen, F. (1870). Wild life among the Koords. London: Hurst & Blackett Publishers , p. 328-329.
  28. ئیستاش لە کۆتۆل نەوەکانی مودیری سەردەمی عوسمانی کۆتۆل، وەکو مودیرزادە بە ناوبانگن.
  29. Frederick Millingen.
  30. Demir, N. (2006). Ankara Üniversitesi Dil ve Tarih-Cografya Fakültesi Dergisi. Osman Bey (Frederick Milingen)’e göre XIX. Yüzyilinda Türk kadinin toplumsal konumu. 46. p. 44.
  31. Milingen, F. (1870). Wild life among the Koords. London: Hurst & Blackett Publishers , p. 5.
  32. Wild life among the Koords
  33. Milingen, F. (1870). Wild life among the Koords. London: Hurst & Blackett Publishers , p. 352, 353.
  34. هەمان سەرچاوە. ل ٣٧١ – ٣٨٥.
  35. Milingen, F. (1870). Wild life among the Koords. London: Hurst & Blackett Publishers, p. 213.
  36. آدمیت، ف. (١٣٦٢). امیرکبیر و ایران. شرکت سهامی انتشارات خوارزمی. ل. ٥٨٢.
  37. Kılıç. O. (2021). Doğu Serhaddinin Kilidi: Van (16.-18. Yüzyıllar). Ankara: Van Büyükşehir Belediyesi Başkanlığı: Kültür ve Sosyal İşler Dairesi Başkanlığı. s 132-142
  38. Uluerler, S. (2015). Osmanlı-İran sınır tespiti tartışmalarında Kotur’un yeri (1849-1862). Turkish Studies. Vol 10/5. Ankara.
  39. محمد حسن خان اعتمادالسلطنه. (١٣٦٧). مرآة البلدان، ب ٢ و ٣، بە پێداچوونەوەی عبدالحسین نوائی و میرهاشم محدث. تاران: موسسە انتشارات و چاپ دانشگاه تهران. ل ١٨٥٧.
  40. بهرامنژاد، م، فیضی، ک. (١٣٩٧). جایگاه مرز “قطور” در ڕوابط و مناسبات ایران و عثمانی. فصلنامه تاریخ نو. سال هشتم، شمارە بیست و چهارم. تهران: دانشگاه تربیت مدرس. ل. ٥٦.
  41. محمد حسن خان اعتماد السلطنە. (٢٣٩٥). مرآة البلدان. پێداچونەوەی عبدالحسین نوایی و میرهاشم محدث. جلد چهارم. تاران: انتشارات دانشگاه تهران. ل ٢٣٩٥.
  42. ڕیاحی، م. (١٣٧٢). تاریخ خوی. تاران: انتشارات توس. ل ٤٠٣-٤٠٤
  43. هەمان سەرچاوە، ل. ٤٢٣
  44. هەمان سەرچاوە، ل. ٤٢٧.
  45. کاساکوفسکی، و. (٢٥٣٥). خاطرات کلنل کاساکوفسکی. وەرگێری عباسقلی جلی. تاران: چاپخانه کاویان. ل. ٢٢٥.

داگرتنی بابەت

کۆتۆل، مێژوویەکی فەرامۆشکراو

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان