ئارامتر بخوێنەوە
کورد و ئەویترەکانی
ماردین ڕەحیمنژاد
“ژینگەی سیاسیی کورد بەرهەمی ئەویدییەکانی ئیسلامی-عەرەبی، ئیسلامی/فاشیستی-تورکی و ئیسلامی/فاشیستی- ئێرانی پارسییە و هەر لەبەر ئەوە ژینگەیەکی ئاڵۆزە و فەزای درووست بوون و سەقامگیربوونی “منی کوردی”یان ئەستەم کردووە و کورد ناچارە لە نێوان ئەویدیی نزیک و ئەویدیی دووردا، لەگەڵ ئەویدیی دووردا بچێتە ناو دیالۆگێکی فەلسەفی و ژێئۆستراتژیک و ژێئۆکاڵچێرییەوە و ژینگەی سیاسیی خۆی لە ئاراستەیەکدا بخوڵقێنێت و بەرژەوەندییەکانی بەچەشنێک دابڕێژێت کە متمانەی ئەویدیی دوور بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و لەڕێگای ئەویدیی دوورەوە بوار بۆ بڕوا بەخۆ بوون و سەقامگیربوونی “منی کوردی” بڕەخسێنێت. “
ئەبینرێم، کەواتە هەم.
“سارتێر”
پۆختەی وتار
هەوڵ و تەقەلای نەتەوەی کورد بۆ ساقکردنەوەی شۆناسی نەتەوەیی خۆی لە دۆخی بندەستی و کۆیلەیی و نەبووندا لە بەر هۆکارگەلی پیلانگێڕیی بەردەوامی کۆلۆنیالیزمی ئێرانی (فارسی-شیعی) و تورکی و دۆخی نێودەڵەتی و هەروەها دۆخی ناوخۆییی کورد پڕۆسەیەکی گەلێک ئەستەم و دژوارە. کۆلۆنیالیزم بۆ هەتەهەتایی کردنی بندەستیی کورد و درێژەدان بە باڵادەستیی خۆی بەردەوام پڕۆژەکانی ئاڵوگۆڕ پێدەکات و نوێیان دەکاتەوە و بەرفراوانیان دەکات بۆ ئەوەی ئیزن بە ئەویدییەکەی خۆی(واتە کورد) نەدات کە لە دەرەوەی پانتای ئێرانییەتدا ژینگەی سیاسیی خۆی بونیات بنێت و بەجۆرێک کاریگەری لەسەر زێهنییەتی کوردی دابنێن کە لە چوارچێوەی ئایدۆلۆژیای ئێرانیدا شۆناسی سیاسی بۆ پێناسە بکات و لەناو دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانیدا بیتوێنێتەوە. بە پێچەوانەی کۆلۆنیالیزمی تورک کە یەکڕا کورد ڕەت دەکاتەوە، کۆڵۆنیالیزمی ئێرانی ڕەتی ناکاتەوە، بەڵکوو وەخۆی دەگرێت و وەکوو “منی ئێرانی” ناسنامەی بۆ ساز دەکات و ئەو کوردەی کە ناچێتە ژێر باری ئەم ناسنامەوە، بە هەڕەشەی نزیک و مەترسی سەرەکی دەزانێت و چڕوپڕترین هێرش و پیلانگێڕی لە دژی دەکات، هەر لەبەر ئەوەیە کە بزاڤی نەتەوەییی کورد و گوتاری نەتەوەیی زۆرترین هێرشیان دەکرێتە سەر و هەموو پیلانگێڕییەکانیان لە ئاراستەی لاواز کردنی دیسکۆرسی نەتەوەیین کە ئەم ڕۆژانە لە گەشەسەندنێکی بێوێنەدایە.
وشە گرینگەکان
ئەویتر، ئەویتری کورد، ئایدۆلۆژیای ئێرانی،کۆلۆنیالیزمی ئێرانی.
ئەویتر واتای چییە؟ ئایا کوردیش ئەویتری هەیە؟ ئەویترەکانی کورد کێن؟ ئایا کورد لە ئاوێنەی ئەویترەروە خۆی دەناسێتەوە یان ئەویتر بەربەستە لە ناسرانی کورد؟ ئایا کورد هەر بەگشتی پێویستی بەویدی هەیە؟ جێگە و پێگەی ئەویتر لە لای کورد چییە؟ ئایا کورد توانیویەتی ئەویترەکانی خۆی دیاری بکات یان هێشتا لە ڕوانگەی ئەویترەوە، ئەویترەکانی دیاری دەکات؟ بۆچی کورد ئەویترەکانی لێ ون دەبێت و ناتوانێت هێڵی نێوان خۆی و ئەویدی بەڕوونی بکێشێت؟ ئایا کورد دەتوانێت لە پانتای ئەویترەکانیدا کوردایەتی بکات؟
لەم وتارەدا هەوڵ ئەدەم بەپێی ڕوانگەکەی میخائیل باخێتین ئاوڕێک لەسەر کورد و ئەویترەکانی بدەمەوە.
دەتوانین بڵێین میخائیل باخێتین یەکێک لە یەکەم فیلسوفەکانە کە بە ڕوونی و بەتایبەتی لەبارەی “ئەویدی”یەوە لە حەوزەی ئەدەبیاتدا کاری کردووە و لە ناو تێکستەکاندا ئەو تێکستانەی بە بەهێز و شیاو زانیوە کە لۆژیکی وتووێژ و چەند دەنگی لەناویدا ببینرێت و تێکست دوور بێت لە هەرچەشنە تەک بێژی و تەک دەنگییەک.
لەڕوانگەی باخێتیندا، لۆژیکی وتووێژ بەرهەمی تایبەتمەندیگەلێک وەکوو چەند دەنگی، چەند زمانی، کارناواڵ، کرۆنۆتۆپ و …یە. بە پێچەوانەی کانت کە دەیگوت(( من بیر دەکەمەوە، کەواتە هەم)) باخێتین دەڵێت (( تۆ هەیت، منیش هەم)).[2] ڕوانگەی باخێتین بۆ شرۆڤەی تێکست، ڕوانگەیەکە کە دەکرێت ئێمەیش بەکاری بێنین بۆ تەتڵەی دۆخی “کورد و ئەویدییەکانی” و ناسینی ئەو هەوڵ و کۆت و بەندانەی ڕێگرن لە ڕزگاربوونی کورد لە پانتای ئێرانیدا.
ڕوانگەکانی باخێتین سەبارەت بە ئەویدی دەگەڕێتەوە بۆ بوونی ئەویدی لەناو دەق و تێکستدا و تا ڕادەیەکیش نزیکە لە ڕوانگەکەی جولیا کریستۆفا کە لە دەلاقەیەکی دەروونشیکارییەوە دەق شرۆڤە دەکات. باخێتین دەڵێت((کاری سەرەکی نووسەر ئەوەیە کە لەگەڵ خۆی ببێتە ئەویدی ” واتە لەگەڵ خۆی نامۆ بێت” تا بتوانێت خۆی لەڕوانگەی ئەویدییەوە ببینێت)). [2] لێرەدا باخێتین بەجوانی پەنجەی ئاماژە ئەخاتە سەر ئەو خاڵە کە ئەویدیی کورد تووشی بووە و ناتوانێت بۆ چرکەساتێکیش بێت واز لە دەمارگرژی بێنێت و لە فەزای فکریی خۆی دوور بکەوێتەوە و لەڕوانگەی ئەویدییەکەیەوە (کورد) ئێرانییەت و ئایدۆلۆژیای ئێرانی سەیر بکات.
بۆچی “منی کورد” شکڵ ناگرێت؟
“من” لە ڕوانگەی خۆوە لە قووڵایی دەروون و باکگراوەندی بیر و زەینی مرۆڤدایە و دەرخەری خولیا و ئاواتی مرۆڤە بۆ خۆی. هەر منێک بۆ ئەوەی بگاتە ئاستی بڕوا و سەقامگیری و شوناسدار بکرێت، پێویستی بەوە هەیە کە ئەویدیش ئێعترافی پێ بکات.
گاردینێر دەڵێت: “ئێمە بەتەنیایی ناتوانین خوڵقێنەری دنیای خۆمان بین، هەروەکوو چۆن ناتوانین بە کێشانی قژی خۆمان، خۆمان لەسەر زەوی بەرز بکەینەوە”. [9]
ژینگەی سیاسیی کورد بەرهەمی ئەویدییەکانی ئیسلامی-عەرەبی، ئیسلامی/فاشیستی-تورکی و ئیسلامی/فاشیستی- ئێرانی پارسییە و هەر لەبەر ئەوە ژینگەیەکی ئاڵۆزە و فەزای درووست بوون و سەقامگیربوونی “منی کوردی”یان ئەستەم کردووە و کورد ناچارە لە نێوان ئەویدیی نزیک و ئەویدیی دووردا، لەگەڵ ئەویدیی دووردا بچێتە ناو دیالۆگێکی فەلسەفی و ژێئۆستراتژیک و ژێئۆکاڵچێرییەوە و ژینگەی سیاسیی خۆی لە ئاراستەیەکدا بخوڵقێنێت و بەرژەوەندییەکانی بەچەشنێک دابڕێژێت کە متمانەی ئەویدیی دوور بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و لەڕێگای ئەویدیی دوورەوە بوار بۆ بڕوا بەخۆ بوون و سەقامگیربوونی “منی کوردی” بڕەخسێنێت. منی کورد ئەبێت لە پانتایەکی کوردیدا بونیاد بنرێت و لە پانتایەکی کوردیدایە کە دەتوانێت بەرژەوەندییەکانی پێناسە بکات و هەوڵی پاراستنی شوناسی خۆی و پەرەدان بە دیسکۆرسی نەتەوەیی و گەشەسەندن بدات، بەڵام دەبێت ڕێگاچارەیەک بۆ تەعامول لەگەڵ دەوروبەریدا بدۆزێتەوە کە دانی پێدا بنێن، چوونکە لە کۆتاییدا مرۆڤەکان و کۆمەڵگاکان دەبێت پێکەوە لە پەیوەندیدا بن.
هەر وەکوو چۆن ئاگامبین دەڵێت((مرۆڤەکان ژیانیان پێکەوە تێکەڵە بە پێچەوانەی ئەو ڕەوە مانگایەی کە تەنها لە یەک لەوەڕگە پێکەوە دەلەوەڕێن)). [1] مرۆڤەکان کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەیە و دەتوانن ڕەوتی ژیانی یەکتر تووشی گۆڕانکاری بکەن و تەنانەت کۆمەڵگە یان نەتەوەیەک دەتوانێت ببێتە هۆکار کە نەتەوەیەکی تر لەسەر گۆی زەوی بسڕێتەوە یان بەپێچەوانە ببێتە هۆکاری بووژانەوە و بەهێزبوونی نەتەوەیەکی تر. هەروەکوو چۆن دوای شەڕی دووهەمی جیهانی بە پڕۆژەی مارشاڵی ئەمریکی وڵاتی ئەڵمانیا لە وڵاتێکی وێرانەوە بوو بە ئەڵمانی ئەمڕۆ.
کاتێک دەگەڕینەوە بۆ بونیادەکانی ئێرانییەت و فەلسەفەی درووستبوونی ئێران و مێژوو و ئەو چیرۆکانەی دەوڵەت-نەتەوەی ئێران(فارس)یان لەسەر بونیاد نراوە، بەڕوونی بۆمان دەردەکەوێت کە ئێران لەسەر سڕینەوەی کوردی مادی بونیاد نراوە و تا کاتێک هزر و ئایدۆلۆژیای ئێرانی واتای دەبێت کە ئیزن بە سەرهەڵدان و بوونی ئەویدییەکەی(واتە کورد) نەدات و نەخۆی دانی پێدا بنێ نە ئیزن بدات دانی پێدا بنرێ.
هەروەکوو چۆن ویستهۆفر دەڵێت ((لە بنەڕەتدا فارسەکان خۆیان لە دژی مادەکان پێناسە دەکرد)).[8]
یان هێرش قادریش پێی وایە (( بنەمای ئیمپراتۆری هەخامەنشیی ئێرانی لەسەر ڕەتکردنەوەی مادەکان و لە بەرانبەر ئەواندا درووست بوو)). [8]
لەدرێژەدا هێرش قادری دەڵێت ((بنەمای ئیمپراتۆرییەتی فارس تەنیا لەسەر بنەمای فەتح نەبوو، بەڵکوو بە تاڵانکردن و کۆیلەکردنی مادەکان دروست بوو، بەڵام بەس نەبوو و، کورش بە هاوکاری لەگەڵ زەرتەشت و قەشەکانی ئایینەکانی تر، مادەکانی وەک نەتەوەیەکی ڕقلێبوو، بێزراو، خراپە، ئەژدیها و … هتد ناساند. بە دەستبەسەرداگرتنی هەموو ئایین و ئاهەنگەکانی مادی و پێدانی ناوەڕۆکی ئێرانی، مادەکانی نە تەنیا لە ڕووی سەربازییەوە بەڵکو لەڕووی فەرهەنگیشەوە چەک کردن)).[8]
ویدگێرن دەڵێت (( ڕقێکی توند لە نێوان مادەکان و فارسەکاندا هەبوو)). [8] ئەو ڕقە کە نێوان کورد و فارسدا هەیە ڕقە لەنێوان داگیرکەر و داگیرکراودا. داگیرکەر دەیهەوێت داگیرکراو بە داگیربوویی بهێڵێتەوە و کۆلۆنیزەی بکات بۆ بەردەوامیی خۆی و ئیزن نەدات “منی کوردی” لە دەرەوەی زێهنییەتی ئێرانی شکڵ بگرێت”، داگیربوویش دەیهەوێت کۆتایی بە دۆخی کۆیلایەتی بێنێت و “منی حەقیقی کورد” لە دەرەوەی فۆرمی دڵخوازی ئەویدییەکانیدا، شکڵ پێبدات.
لێرەدا جارێکی تر دەگەڕێمەوە سەر ڕوانگەکەی باخێتین بۆ ئەوەی شرۆڤەیەکی کورتی دەقی شانامە کە مانیفێستی پان ئێرانیزمە، بکەم و بزانین لە مانیفێستی پان ئێرانیزمدا “ئەویدی” باسی لێوە کراوە یان لە بەرانبەر ئەویدیدا لە چیرۆکەکانی شانامەدا چ لۆژیکێک لەئارادایە. لەگەڵ ئەویدیی شانامەدا لۆژیکی وتووێژ لە ئارادایە یان لۆژیکی سڕینەوە؟
باخێتین دەڵێت ((وتووێژەکانی ناو تێکست لە بنەڕەتدا نمایش کردنەوەی ئەسڵی بنەمایی “ئەویدی قەبووڵکردنە”. بەپێچەوانەی ئایدۆلۆژیا کە ئەویدی ڕەت دەکاتەوە، چەمکی ئەویدی لەگەڵ چەمکی دیالۆگ تێکەڵاو دەبێت. دیالۆگ بەواتای ئەوە نییە کە من بوونی کەسێکیتر وەردەگرم، بەڵکوو زۆر سەرترە لەوە، دیالۆگ بە واتای شکاندنی ڕۆڵی سەرتر و دیاری منە، بەجۆرێک کە ئەویدییش کەسێکی هاوسەنگی من بێتە ئەژمار بەبێ ئەوەی لە پەرزەوانی ئیدئۆلۆژیی منەوە تێپەڕێت و قسەکانیشی ببیسرێت)). [2]
هەموو ئێرانپەرستەکان، فیردەوسی وەکوو باوکی ناسیۆنالیزمی فارس پێناسە دەکەن و هەر وەکوو هەموویشتان ئاگادارن شانامەی فیردەوسی کۆمەڵە شێعرێکی حەماسین کە تەک دەنگی و تاک ڕەهەندی و تاک بێژی بەسەریدا زاڵە. نەتەوەی فارس بەرهەمی ئەم تێکستە حەماسییە تاک دەنگ و تاک بێژییەسە و لەگەڵ لۆژیکی وتووێژ و دیالۆگدا نامۆیە و لۆژیکی وتووێژی باخێتینیش کاتێک واتای هەیە کە بوونی ئەویدی بە فەرمی بناسرێت کە لە مانیفێستی پان ئێرانیزم واتە شانامەدا نەک بەفەرمی ناناسرێت، بەڵکوو بەردەوام دەکوژرێت. سەرتاپای شانامە چیرۆکی ڕۆسەمی زاڵ و زۆراب و ئارەش و… کە هیچ چەشنە لۆژیکێکی وتووێژ لە چیرۆکەکاندا نابینرێت و بەردەوام پاڵەوانەکان ئەویدییەکانیان لەت و پار دەکەن و لە کۆتاییشدا تاکە دەنگ کە دەبینرێت، دەنگی قارەمانەکانە و تاکە کەسیش مافی بوون و شیاوەتی بەرز کردنەوەی هەیە، قارەمانەکانی شانامەن. ئەو تێکستەی تاکی فارسی پێی گۆچ کراوە و باکگراوەندی زێهنی پێی شکڵ دراوە، تێکستێکی تاک زمان و تاک بێژ و ئەویدی کوژە. هەر لەبەر ئەوە عەقڵییەتی ئێرانی دیکتاتۆرخێز و دۆگمە و بەدرێژایی مێژوو ئەویدی پێ قەبووڵ ناکرێت و بەردەوام لەجیاتی ئەوە دان بەویدییەکانیدا بنێت و لەگەڵیان بکەوێتە وتوێژەوە، دەیانسڕێتەوە و لەناویان دەبات، مەگەر ئەوە کە لە ئاست ئەویدییەکەیدا هەست بە بێدەسەڵاتی بکات.
ئەگەر لێرە بگەڕینەوە بۆ شێوازی شرۆڤە کردنی دەقی شانامە و باقی دەقەکانیدیکەی ئێرانی لەڕوانگەی جولیا کریستۆڤاوە کە بریتییە لە ڕەخنەی دەروونشیکاریی دەق بۆ ئاشکرا کردنی ئەجێندا و مەیلە شاردراوەکانی نێو دەق، بەڕوونی بۆمان دەردەکەوێت کە لە نێو شانامە و باقی دەقە ئێرانییەکاندا مەیلێکی کۆلۆنیالیستی بۆ داگیر کردنی ئەویدی بۆ ئەوە بیکاتە مڵک و کۆیلە لە زێهنییەتی فەڕی شاهیدا و بڕوا بە خوێنی پاکی حۆکمڕانی ئێرانی بهێنێت و لە کۆتاییدا لەناو ئایدۆلۆژیای ئێرانیدا بتوێتەوە. لە ئایدۆلۆژی ئێرانیدا ئەو شتەی گرینگی هەیە جوگرافیا و ئاو و خاکە و مرۆڤ لە فەلسەفەی سیاسیی ئێرانیدا هیچ واتایێکی نییە و تا کاتێک مرۆڤ بایەخی هەیە کە کۆیلایەتی فرمانڕەوای قەبووڵ کردبێت و ئامادە بێت نەک خاک بەڵکوو گیانیشی پێشکەش بە فەرمانڕەوا بکات و، ئەگەر هاتوو ئامادە نەبوو بەو شێوە هەڵسوکەوت بکات و هەموو شتێکی پێشکەشی فرمانڕەوا بکات، ئەوە بە واتای سەرکێشی و جیا بیری و هەڕەشە بۆ دەسەڵاتی فرمانڕەوا و جیاکردنەوەی خاکی ژێر فرمانی فرمانڕەوا دێت و دەبێت بە توندترین شێوە ڕووبەڕووی ببنەوە. لە ئایدۆلۆژیای ئێرانیدا ناوەندی گەردوون، فرمانڕەوای ئێرانییە و هەموو دنیا لە بەرانبەر فرمانڕەوای ئێرانیدا بچووک و بێنرخن و شیاوەتی ئەوەی هەیە کە بۆ هەر لایێک بیهەوێت پەل بهاوێژێت. هۆکاری ئەوە کە ئایدۆلۆژی ئێرانی ناتوانێت دیموکرات بێت و هەموو دەسەڵاتێک دەچێتەوە لای فرمانڕەوا ئەوەیە کە ئەو وڵاتە بەرهەمی نەتەوەی حاکمە و نەتەوەی حاکمیش جوگرافیایێکی وشک و بێ ئاو و بێکەڵکی هەیە، هەر لەبەر ئەوە نەتەوەی باڵادەست بەردەوام هەست بە مەترسی ئەکات بۆ داهاتوو و بۆ لەدەستدانی دۆخی باڵادەستیی خۆی و کەوتنە مەترسیی ئاسایشی خۆراکیان. لەبەر ئەوە نەتەوەی باڵادەست وەکوو وردبینێک (زەڕەبین) کە چۆن تیشکی خۆر لە یەک خاڵدا خڕ دەکاتەوە و دەتوانێت هێز و توانای تیشکی خۆر سەدانجار زیاتر بکات، بەو شێوازیشە فرمانڕەوا لە ئایدۆلۆژیای ئێرانیدا خاڵی کۆکەرەوەی هێز و دەسەڵاتە بۆ ئەوە ئیرادەی خۆیان بەسەر ئەویدییەکانیاندا بسەپێنن و ملکەچیان بکەن و دەست بگرن بەسەر جوگرافیا و ئاو و خاکیاندا.لە واقێعدا فرمانڕەوا لە ئایدۆلۆژیای ئێرانیدا دیکتاتۆرێک نییە کە خۆی فەرز کردبێت بەسەر کۆمەڵگادا، بەڵکوو فرمانڕەوا مستەکۆڵەی ئاسنینی نەتەوەی سەردەستە بۆ مسۆگەر کردنی باڵادەستی و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانیان. فرمانڕەوای دیکتاتۆر بەرهەمی هزر و فەلسەفە و عەقڵییەتی سیاسیی ئێرانی(فارس)ـە لە وڵاتێکی چەند نەتەوەییدا کە هیچ باکگراوەندێکی مێژوویی و هیچ هەستێکی هاوبەشیان نییە و تەنیا دەبێت بە زەبری هێز و مستەکۆڵەی ئاسنین وڵات کۆنتڕۆڵ بکرێت و نەتەوەکان ملکەچ بکرێن. هەر لەبەر ئەوە عەقڵییەتی سیاسیی ئێرانی بە ڕووخانی دیکتاتۆرێک بە پەلە بیر لە سازکردنی دیکتاتۆری جێگر دەکاتەوە نەک سیستمی دیموکراتیک.
سەیری ئەو چەند شێعرەی فردەوسی بکەن کە بە چ شێوازێک فرمانڕەوا ستایش دەکات و ڕۆڵی خودایی پێدەبەخشێت. کاتێک دەروونشیکاریی دەقی ئەم شێعرانەی فردەوسی دەکەین بەڕوونی بۆمان دەردەکەوێت کە ستایشی فرمانڕەوا لەم شێعرانەدا، ستایشی مستەکۆڵەی ئاسنینی فارس و ستایشی هێزی ئەوانە کە لە یەک کەسدا کۆ بووەتەوە. چوونکە لە تەواوی شانامەدا ئەو دەسەڵاتانە کە هی پارسین بەردەوام بەو چەشنە کە لەو شێعرانەدا هاتووە ستایش دەکرێن و دەسەڵاتی مادەکان سەرکۆنە دەکرێت و ئاستیاگ دەکرێتە ئەژدیهاک و زەحاکی خوێنمژ.
هەروەکوو چۆن لە شێعرەکەدا دەبینن فردەوسی هێندە شکۆی پادشا لە بیر و زەینی مرۆڤدا بە مەزن وێنا دەکات کە هەر بە منداڵی ناوی پادشا دێتە سەر زاریان و سەری بەندایەتی بۆ دادەنوێنن.
ستایش انوشهروان امیر منصور
سراسر جهان پیش او خوار بود
جوانمرد بود و وفادار بود
اندر ستایش سلطان محمود
گفتار اندر ستایش سلطان محمود
چنو مرزبانی نیامد پدید
جهان آفرین تا جهان آفرید
زمین شد به کردار تابنده عاج
چو خورشید بر چرخ بنمود تاج
کزو در جهان روشنایی فزود
چه گویم که خورشید تابان که بود
نهاد از بر تاج خورشید تخت
ابوالقاسم آن شاه پیروزبخت
پدید آمد از فر او کان زر
زخاور بیاراست تا باختر
به مغز اندر اندیشه بسیار گشت
…
چو کودک لب از شیر مادر بشست
ز گهواره محمود گوید نخست
نپیچد کسی سر ز فرمان اوی
نیارد گذشتن ز پیمان اوی
تو نیز آفرین کن که گویندەای
بدو نام جاوید جویندەای
……
جهان بیسر و تاج خسرو مباد
همیشه بماناد جاوید و شاد
کیومرس
کیومرس شد بر جهان کدخدای
نخستین به کوه اندرون ساخت جای
…
دد و دام و هر جانور کش بدید
ز گیتی به نزدیک او آرمید
جمشید
کمر بست با فر شاهنشهی
جهان گشت سرتاسر او را رهی
زمانه بر آسود از داوری
به فرمان او دیو و مرغ و پری
جهان را فزوده بدو آبروی
فروزان شده تخت شاهی بدوی
منم گفت با فرهی ایزدی
همم شهریاری همم موبدی[10]
بەڵام کاتێک باس دێتە سەر فرمانڕەوای ئەویدی هەم فرمانڕەواکە ئەکاتە ئەژدیها و هەم بارودۆخی وڵات و سیستمی حوکمڕانی ڕەش و قێزەون دەکات، ئیتر پێدا هەڵکوتان و بەرزکردنەوە و ستایش کردن واتای نامێنێت، چوونکە فرمانڕەوا نوێنەری فارس نییە و نوێنەری ئەویدییەکەیەتی و ستایش کردنی بە واتای ستایش کردنی ئەویدییەکەیان و قبووڵ کردنی کۆیلایەتی بۆ ئەویدیکەیان دێتە ئەژمار. لێرەوەیە یەکەم هەنگاوی سڕینەوەی کورد لە لایەن فارسەوە و هەر لە فردەوسییەوەیە لە زێهنییەت و مەنتەڵیتە و بەکگراوەندی فارس پڕ دەبێت لە دژایەتی کورد و ڕەتکردنەوەی کورد، لە هەمان کاتیشدا وەخۆ گرتنی کورد وەکوو ئێرانی کەونارا و تێکەڵ بە چیرۆکەکانیان و درووست کردنی خزمایەتیی خوێنی لەنێوان کورد و پارسدا، چوونکە بەگشتی زەواج لە کانتێکستی ئێرانیدا بەدرێژایی مێژوو ئامرازێک بووە بۆ ڕاکێشان و وەخۆ گرتنی ئەویدیی پارس بۆ سڕینەوەی. ئێرانی هێرش دەکاتە سەرت و لەت و پارت دەکات و کۆلۆنیزەت دەکات و کاتێک شکستی پێ هێنای بۆ ڕاکێشانی سەرنج و هەروەها بۆ پێشگرتن لە سەرهەڵدانەوە و دژبەر بوون زەواجت لەگەڵ دەکات. نموونەی ئەم جۆرە زەواجانە گەلێک زۆرن. بۆ نموونە زەواجی زاڵ و ڕوودابە، بیژەن و مەنیژە، سیاوەش و جەریرە و… کە هەر هەموویان پێکهێنانی ژیانی هاوبەشین لەگەڵ دوژمندا.
پادشاهی ضحاک
چو ضحاک شد بر جهان شهریار
بر او سالیان انجمن شد هزار
سراسر زمانه بدو گشت باز
برآمد بر این روزگار دراز
نهان گشت کردار فرزانگان
پراگنده شد کام دیوانگان
هنر خوار شد جادویی ارجمند
نهان راستی آشکارا گزند
شده بر بدی دست دیوان دراز
به نیکی نرفتی سخن جز به راز
دو پاکیزه از خانەی جمشید
برون آوریدند لرزان چو بید
که جمشید را هر دو دختر بدند
سر بانوان را چو افسر بدند
ز پوشیدەرویان یکی شهرناز
دگر پاکدامن به نام ارنواز
به ایوان ضحاک بردندشان
بر آن اژدهافش سپردندشان
بپروردشان از ره جادویی
بیاموختشان کژی و بدخویی
ندانست جز کژی آموختن
جز از کشتن و غارت و سوختن[10]
سڕینەوەی ئەویدی ئێرانییەت
یەکەم: یان ڕاستەوخۆ دەیانکوژێت و لەناویان دەبات.
هەر لە هێرشی هخامەنش بۆ سەر مادەوە بگرە تا هەنووکە، پارس بە زێهنییەتێکی داگیرکارانە و سڕینەوە و ئێعتراف پێنەکردن لەگەڵ کورد ڕووبەڕوو دەبنەوە، چوونکە تەواوی بینای ئایدۆلۆژیا و هزری ئێرانی لەسەر پەیکەرە ئێسقانی کوردی مادی بونیاد نراوە و تا کاتێک ئەوان دەتوانن گەرەنتی بوونیان بکەن کە ئەویدییەکەیان لە دۆخی ون بوون و نەبووندا بهێڵنەوە.
بەدرێژایی مێژوو کوشتن و لەناو بردن، یەکێک لە سیاسەتەکانی ئێرانییەکان بووە لە بەرانبەر ئەویدییەکەیاندا(کوردی مادی).
هەر لە یەکەم هەنگاوی زاڵ بوونیان بەسەر مادەکاندا تەواوی ئاسەواری مادیان یان لەناوبرد یان بەناو پارسەوە تاپۆیان کرد، ئاستیاگیان کوشت و کردیشیان بە دێوەزمە، شۆڕشی گێئۆماتا کە سەرهەڵدانی پاشماوەی مادەکان بوو بۆ گەڕاندنەوەی سەروەریی سیاسی و دەسەڵاتی مادی بە دڕندانەترین شێواز لەت و پار کرد و …،لە شۆڕشی نوێی کوردستانیشدا هەر ئەو ترسە لە سەرهەڵدانی کوردی هەیە و بەردەوام سیاسەتی لەناو بردن یەکێک لە ستراتژییەکانیان بووە لەبەرانبەر کوردستاندا. بۆ نموونە لە ڕۆژی هەینی 27ی خەرمانانی(شهریور)1304دا لە سەردەمی ئەمارەتی خەزاعی لە لۆڕستاندا سێزدە کەس لە سەردارانی لۆڕستان بە ناوەکانی میرزا ڕەحیم خان مۆعینۆلسەڵتەنە،چاخرۆند جێگری حکوومەتی خۆڕەماوا، شێرمحەمەدخان ئیلخانی سەگوەند، غوڵامعەلیخان بەیرانوەند، وەلییوڵا خان، لەتیف خان، محەمەد عەلی خان، سەید مێهدی خان بەیرانوەند، سەید عەبدولحوسەین بەیرانوەند، کوێخا عەلی سەبزە عەلی و کوڕەکەی، کوێخا ئەبداڵ لە لایەن ڕەزاخانی میرپەنجەوە لەسێدارە دران[3]
هەروەها لە ژینوسایدێکی بە تەواو مانادا لە ساڵەکانی 1303 تا 1306 ” پۆل پۆل خەڵکی لوڕ و بەختیاری بە ئەماننامەوە دەبران بۆ تاران و لەوێ تیرباران دەکران”
کاتێک ڕەزا میرپەنج ناتوانێ شۆڕشی سمکۆی شکاک بە هێرشی سەربازی لەناو ببات، جارێکیتر پەنا دەباتەوە بۆ فێڵ لێکردن لەویدییەکەی و بەناوی وتووێژەوە بانگهێشتی دەکا و ژارخواردی دەکا و شەهیدی دەکات.
بۆ پێشەوا قازی محەمەدیش کە چیرۆکێکی ئاشنایە بۆ هەموومان، کاتێک سپای حەمەڕەزا شا هێرشێکی دڕندانەی کردەسەر کۆماری ئازەربایجان و بە هەزاران کەسی قەتڵوعام کرد، پێشەوا قازی بۆ ئەوە خەڵکی کوردستان تووشی ئەو کێشە نەبنەوە بڕیاریدا لەگەڵ حەمەڕەزا شا بکەوێتە وتووێژەوە و کێشەی کورد بە وتووێژ چارەسەر بکات. هەرچەند سەرەتا حەمەڕەزاشا وەعدی بە پێشەوا دابوو کە بە وتووێژ کێشەی کورد چارەسەر بکەن، بەڵام ئەمە تەنیا فێڵ و خودعەیەکی باب و باپیرانی بوو بۆ ئەوە جارێکیتر بەشێوازی ئێرانی(کوشتنی ئەویدی و لایەنی دیکەی وتووێژ) وتووێژ بکات و لە 10ی خاکەلێوەی 1326ی هەتاوی لە گۆڕەپانی چوارچرا لەسێدارەیان دا.
دوکتور قاسملووی شەهیدیش پاش ئەوە بە نێوەندگیری بەڕێزان تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا ڕازی دەبێت لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا بۆ چارەسەر کردنی کێشەی کورد بکەوێتە وتووێژەوە، لە سەر مێزی وتووێژ بە شێوازی ئێرانی وتووێژی لەگەڵ دەکەن و ترۆری دەکەن.
ئەم کوشتن و لەناو بردنە کوشتنێکی ئاسایی و وەکوو قەتڵێکی ئاسایی نێوان دووکەس نییە، ئەمە لە ئاکامی نەبوونی بڕوا بە لۆژیکی وتووێژە لە ناو نەتەوەی فارسدا و زاڵ بوونی زێهنییەتی سڕینەوەی ئەویدییەکەیانە کە لە یەکەم چرکەساتی درووست بوونیاندا بە سڕینەوەی ئەو بوونی خۆیان بونیادناوە. ئەم کوشتن و لەناو بردنانە تەنیا کوشتنی تاکێکی کورد نییە، بەڵکوو کوشتنی مەیل و ئیرادەی نەتەوەیەکە بۆ بوون، کوشتنی فەلسەفەی ڕزگاری نەتەوەیەکی بندەستە کە دەیهەوێت لەژێر هەژموونی ئەویدییەکەی خۆی ڕزگاری بێت، ئەمە کوشتنی مەیل و حەز و خولیای نەتەوەیەکە کە دەیهەوێت پانتای خۆی بونیاد بنێت و لەژێر پانتای ئەویدییەکەیدا ڕەها ببێت.
دووهەم: یان ئەویدییەکانی ملکەچ دەکات و وەخۆیان دەگرێت.
چیرۆکی کاوەی ئاسنگەر کە کاراکتەرێکی کوردە لە چیرۆکی کۆن و لە گۆڕەپانی هزری ئێرانیدا وەکوو کەسایەتییەکی ئەفسانەیی بەرجەستە دەکرێتەوە، وەخۆ دەگیرێت، چوونکە کاوە ڕێفۆرمیستێکە لە پانتای ئێرانییەتدا یاغی بووە نەک لە دژی ئێران وەشەڕ هاتبێت. کاوە نە باسی شوناسێکی جیا لە شوناسی ئێرانی(بۆ نموونە کورد) دەکات، نە باسی خاک و نیشتمان و دەسەڵاتی جیا لە ئێران دەکات، بەڵکوو لەناو پانتای ئێرانیدا لەتاوی ناعەداڵەتی دەسەڵات وەتەنگ هاتووە و بۆ بەختەوەری “منی ئێرانی” یاغی بووە نەک بۆ ساز کردنی “منی کوردی”. ((یان چیرۆکی دایکی کورش کە دەگوترێت مادە و کوردە، تەنیا بۆ وەخۆگرتن و خستنە ژێر ڕکێف و ئاشت کردنەوەی کوردە لە ناو زێهنییەتی ئێرانیدا ساز کراوە. هیتز دەڵێت کەواتە چیرۆکی شازادە مەندانا و لەدایکبوونی کورش ئەفسانەیە. دایکی کورش مادی نەبووە … ئەم گێڕانەوەیە ڕەگ و ڕیشەی سیاسی هەیە و بۆ ئاشتکردنەوەی مادەکان لەگەڵ فارسەکان دروستکراوە)). [10]
هەروەکوو لەسەرەوە ئاماژەم پێدا عەقڵییەتی سیاسیی ئێرانی و هزری ئێرانشاری عەقڵییەتێکی پاوانخواز و دوگم و نادیموکرات و یەک دەنگە کە ناتوانێت ئێعتراف بە بوونی ئەویدیی خۆی(کورد) بکات، چوونکە ئێرانییەت ئایدۆلۆژیایە نەک خاک و نیشتمان، ئایدۆلۆژیایێکە بۆ داگیرکردنی خاک و جوگرافیا و مرۆڤەکانی سەر ئەو جوگرافیایە وەکوو کۆیلە. بەپێچەوانەی کوردستان کە ناوی خاک و نیشتمانی کوردستانە، ئێرانییەت ئایدۆلۆژیای پارسییە بۆ داگیرکردنی خاک و نیشتمانی کوردەکان و… لێرە بە پێویستی دەزانم جارێکیتر ئاماژە بکەمەوە بە ڕوانگەکەی باخێتین لەوێدا کە دەڵێت ((بەپێچەوانەی ئایدۆلۆژیا کە ئەویدی ڕەت دەکاتەوە، چەمکی ئەویدی لەگەڵ چەمکی دیالۆگ تێکڵاو دەبێت. دیالۆگ بەواتای ئەوە نییە کە من بوونی کەسێکیتر وەردەگرم، بەڵکوو زۆر سەرترە لەوە، دیالۆگ بە واتای شکاندنی ڕۆڵی سەرتر و دیاری منە، بەجۆرێک کە ئەویدییش کەسێکی هاوسەنگی من بێتە ئەژمار بەبێ ئەوەی لە پەرزەوانی ئیدئۆلۆژی منەوە تێپەڕێت و قسەکانی ببیسرێت)).[2] کاتێک دەڵێین ئێرانییەت ئایدۆلۆژیایە یەکەم دەرهاویشتە و ئاکامی ئایدۆلۆژیا ڕەتکردنەوەی ئەویدی و داخستنی دەرگای دیالۆگ و بە حەقیقەت زانینی خۆیەتی و ئەگەر ئایدۆلۆژیا بچێتە دیالۆگیشەوە بۆ بیستنی دەنگی ئەویدی نییە، بەڵکوو بۆ فەرز کردنی خۆی و ملکەچ کردنی ئەویدی دەچێتە دیالۆگەوە. ئەگەریش نەیتوانی ئەویدییەکەی ملکەچ بکات و لە ناو منی ئێرانیدا بیتوێنێتەوە، لەناوی دەبات.
لە ئایدۆلۆژیای ئێرانیدا وەخۆ گرتن یەکێک لە تاکتیکە هەرە بەناو بانگەکانیانە و بەردەوام هەوڵ ئەدەن بە خستنە ژێر ڕکێف و خستنە ژێر کاریگەریی تاک بە تاکی کۆمەڵگا، پێش بە دروست بوونی ئەویدی و ناچار بوون بە دیالۆگ و ئێعتراف پێکردن بەویدی بگرن. هەر لەبەر ئەوە ئایدۆلۆژیای ئێرانی بەرەو هەموو لایێک پەل دەهاوێژێت لە هەر سووچێکی ئەم دنیایەدا بێت و لە چوارچێوەی هەر ئایدیا و فکرێکدا بێت، تەنیا بە یەک ئامانج لێت نزیک دەبێتەوە، ئەویش ڕاگرتنت لەژێر کاریگەریی ئایدۆلۆژی ئێرانیدا. جیاوازییەک کە ئایدۆلۆژیی ئێرانی لەگەڵ ئایدۆلۆژییەکانی دیکەدا هەیەتی ئەوەیە کە بۆ نموونە لە ئایدۆلۆژیی ئیسلامیدا حەتمەن دەبێت موسڵمان بیت و چوارچێوەی ئیسلامیت قبووڵ کردبێت تا وەکوو ئیماندارێک وەربگیرێیت، بەڵام ئایدۆلۆژیای ئێرانی ئایدۆلۆژیایێکی بێ چوارچێوە و ئوسلوب و بێ یاسایە. ئەگەر لە بواری هزرییەوە مارکسیستێک بی، سۆسیالیستێک بی، لیبراڵ بی، شیعەی دوانزە ئیمامە بی یان سونییەکی سەلەفی، گرینگ نییە، لایەنگری وەلایەتی فەقێ بی یان ڕەزا شا یان وێرانشاری و… و لە بواری ئیتنیکیشەوە فارس، تورک، کورد، عەرەب یان بەلوچ بیت گرینگ نییە، ئەم ئایدۆلۆژیایە وەخۆت دەگرێت. تەنیا دەبێت لە قۆناغی یەکەمدا دژی ئێرانییەت نەبیت و هزری ئێرانیت قبووڵ بێت، ئەم ئایدۆلۆژیایە لە پڕۆسەیەکی درێژخایەندا پێکهاتەی فکریت هەڵدەتەکێنێت و کۆلۆنیزەت دەکات و فۆرمی دڵخوازی خۆی دەسەپێنێت بەسەرتدا. ئایدۆلۆژیای ئێرانی لەسەر ئەم سێ کوچکەی خوارەوە دامەزراوە و هەموو پڕۆسەکانی ئاسمیلاسیۆن و پڕۆژە کۆلۆنیالیستییەکان بۆ پاراستنی ئەم سێ کوچکە دامەزراون و هەر ڕەوتێکی فکری و سیاسی و ئایدۆلۆژیکی و پێکدادانێکی نێوخۆیی لەناو ئایدۆلۆژیی ئێرانیدا درووست دەبێت، شەڕ و پێکدادانە بۆ پاراستنی ئەم سێ کوچکە و هیچکام لە ڕەوتە فکری و سیاسییەکان لەسەر ئەم بازنە ناوەندییە مشتومڕ ناکەن و هەموویان کۆکن لەسەر ئەم سێ خاڵە. دەوڵەت-نەتەوەی فارس، پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەی فارس، پاراستنی یەکپارچەیی خاکی وڵاتی دەستکردی ئێران کە ئەم یەکپارچەییی ئێرانیشە فۆبیای نەتەوەی فارسە، چوونکە ئەگەر ئێران بگەڕێتەوە بۆ قۆناغی سرووشتیی خۆی و دابەش ببێتەوە، ئاسایشی خۆراک و ئاوی نەتەوەی فارس بەشێوازێکی جددی دەکەوێتە مەترسییەوە و نەتەوەی فارس لە نەتەوەیەکی حوکمڕان و ملهۆڕەوە دەبێتە نەتەوەیەک کە ڕەزیلانە بۆ ئاوی خواردنەوەشیان دەبێت لەدەرگای ئەم و ئەو بدەن. بەڵام لەم دۆخی هەنووکەییەدا بە پڕۆژەی کۆلۆنیالیستی هەرچی ئاو و سامانی نەتەوە ژێردەستەکان هەیە هەمووی خستووەتە خزمەت بەرژەوەندییەکانی خۆیەوە و سامانی نەتەوە ژێردەستەکانی کردووە بە ئامرازی سوڵتە و بندەست هێشتنەوەی نەتەوەکانی دیکە. لە دانیشتنی ڕۆژی 01.04.1401دا موحسن مەنسوری پارێزگاری تاران وتی کە ((حەفتاد لە سەدی سەروەت و سامانی ئێران لە تاران کۆ بووەتەوە)). [11] و ئەمەی وەکو زەرفییەتی شاری تاران هێنایە ئەژمار نەک وەکوو تاڵان کردنی سامانی نەتەوە ژێردەستەکان.
بەگشتی لە بابەتی وەخۆ گرتن یان لەناو بردنی ئەویدی لە ئایدۆلۆژیای ئێرانیدا، تەنیا نەتەوە غەیرە فارسەکان چ وەکوو تاک چ وەکوو کۆ ئامانجن، چونکە تەنیا ئەوانن کە ڕەنگە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئایدۆلۆژیی ئێرانیدا تووشی کێشە و دوو دڵی ببن یان هەر لە بنەڕەتدا دژی ئایدۆلۆژیای ئێرانی بن. لە ئایدۆلۆژیای ئێرانیدا ئەو سێ کوچکە هێڵی سوورن و جێگای مشتومڕ نیین و کاتێک مەترسیی ساز بوونی ئەویدی پەیدا دەبێت کە هێڵە سوورەکان ببەزێنرێن و پرسیار لەسەر ئەو بازنە ناوەندییە درووست بکەن.
ئایدۆلۆژیای ئێرانی بە هەموو ڕۆخسارەکانییەوە لە هەر سووچێکی ئەم دنیایەدا بێت بەو مەبەستەوە سیاسەت دەکات کە هەژموونی خۆی بە سەر زێهن و فکری نەتەوەکانی دیکەی ناو جوگرافیای ئێران درێژە پێبدات تا بەو جۆرە پێش بە شکڵ گرتنی ئەویدی بگرێت. یەکێک لەو فۆرمانەی کە ئایدۆلۆژیای ئێرانی دان بە ئەویدییەکەیدا دەنێت، ئەویدیی “شتە”. ئەویدی کاتێک واتای هەیە کە بوونی هەبێت، زیندوو بێت، وڵامدەر بێت، بچێتە دیالۆگەوە، دانی پێدا بنرێت و…، بەڵام لە دنیای تۆتالیتەری تەکبێژدا وەکوو چۆن باخێتین وەکوو تێکستی تەکبێژ و تەک دەنگ ناوی دەبات، تەنیا یەک زانیاری و یەک دەنگ بوونی هەیە و، زانیاری و دەنگەکانی دیکە ئۆبژەی ئەمن. کورد لە پانتایی ئێرانییەتدا ئەویدی “شتە” و شتیش بێ ڕۆح و بێ زمان و بێ ناوەڕۆکە و شیاوی ئەوە نییە وەکوو ئەویدی بخرێتە پێگەیەکەوە کە لە ئاست ئەویدییەکدا دانی پێدا بنرێت و دیالۆگی لەگەڵ بکرێت. کورد لە ئایدۆلۆژیای ئێرانیدا هەیە، بەڵام وەکوو ئەویدیی “شت” و ئەویدی بێ ڕۆح و بێ زمان و کاڵایێکی ئێرانی.
ئایدۆلۆژیای ئێرانی تاکەی دەتوانێت تەگەرە بخاتە بەردەم ساز بوونی ئەویدییەکەیەوە؟
جان لاک لە کتێبی ڕیسالەیەک لەبارەی حکوومەتەوە دەڵێت ((مرۆڤێک کە هەوڵ دەدات کەسێکی تر بخاتە ژێر دەسەڵاتی ڕەهای خۆیەوە، خۆی خستووەتە حاڵەتی شەڕەوە لەگەڵیدا. وەها کردارێک دەریدەخات کە بەنیازی کوشتنی بووە. لێرەوە بەو ئەنجامە دەگەم کە ئەو کەسەی بەبێ ڕەزامەندیی من بمخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە، وەک خۆی دەیەوێت بەکارم دەهێنێت، هەرکات بیەوێت وێرانم دەکات. چونکە کەس نایەوێت بمخاتە ژێر دەسەڵاتی ڕەهای خۆیەوە، مەگەر بیەوێت بەبێ ڕەزامەندیی من ئازادیم لێ بسەنێتەوە و بمکاتە کۆیلەی خۆی. تاکە گەرەنتی مانەوەم ئەوەیە کە خۆم لەم جۆرە ستەمکارییە ڕزگار بکەم؛ عەقڵ دیکتە دەکات کە هەرکەسێک بیەوێت ئازادیم لێ بسێنێتەوە، کە پاسەوانی مانەوەی منە، بە دوژمنی خۆمی دەزانم. بۆیە ئەو کەسەی هەوڵ دەدات من بکات بە کۆیلەی خۆی، خۆی خستووەتە حاڵەتی شەڕەوە لەگەڵمدا. ئەو کەسەی لە حاڵەتێکی سرووشتیدا بەنیازی دەستبەسەرداگرتنی ئەو ئازادییە بێت کە هی هەموو ئەو کەسانەیە کە لەو حاڵەتەدا دەژین، دەبێت دڵنیابێت لەوەی کە بەنیازە دەست بەسەر هەموو شتەکانی دیکەشدا بگرێت، چونکە ئازادی بناغە و بنەمای هەموو شتەکانی ترە)). [10]
بەپێی ئەم وتەیەی جان لاک، ئێمە لە دۆخی شەڕێکی سەپێنراوداین و ئەویدییەکەمان چ وەکوو سیستمی سیاسی و چ وەکوو ئایدۆلۆژیا و چ وەکوو ڕۆشنبیر و چ وەکوو چالاکوان بە هەر ئامرازێک لەبەر دەستیاندا بێت هەوڵی بەرتەسک کردنەوەی ئازادییەکانمان دەدەن، هەر لەبەر ئەوە شەڕێکی ڕانەگەیێندراو لەدژی ئێمەی کورد لە ئارادایە. لە وڵامی ئەم شەڕەدا کورد چ گوتارێک هەڵدەبژێرێت؟ و چۆن خۆی پێناسە دەکاتەوە؟ ئایا دەیهەوێت وەکوو نەتەوەیەک و وەکوو “منی کوردی” دیسکۆرسی سیاسیی خۆی هەڵبژێرێت یان وەکوو پاژێک لە ئەویدییەکەی؟ کورد بۆ خەبات دەکات، ئایا دەیهەوێت لە دۆخی داگیر بوون و بندەستی ڕزگاری بێت یان هەندێ ئامانج و تەماحی ئابووری هەیە؟ ئایا کورد لە پانتای “منی ئێرانیدا” دەتوانێت دۆخی بندەستی کۆتایی پێ بێنێت؟ وڵامی ئەم پرسانە دەتوانێت دیسکۆرسی سیاسیی ئێمەیش دیاری بکات، دەتوانێت وزەکانمان خڕ بکاتەوە بۆ ئامانجێکی دیاریکراو. لێرەدا بمانهەوێت یان نە ئێمە لە شەڕێکی سەپێنراوداین و بمانهەوێت یان نە لایەنی بەرانبەر بە لۆژیکی هێز و سڕینەوە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە و پەنا بردنی ئێمەیش بۆ درووشمی بریقەدار و دابەزاندنی ئاستی داخوازییەکانمان و بردنە ژێر ڕکێفی ” منی کوردی” بۆ ژێر سێبەری پانتای “منی ئێرانی”، تەنیا هێمای لاوازی و بڕوا بەخۆ نەبوونە و هیچ دەستکەوتێکی سیاسیشی نابێت.
لە ڕوانگەی فەیلەسوف ئیمانوێل لۆئیناسەوە ((ڕۆحی من، چونکە سەیری یەکێکی تر دەکات، لە بەرانبەریدا هەست بە بەرپرسیارێتی دەکات و لێرەدایە کە پەیوەندییەکی ئەخلاقی دروست دەبێت)) لە ڕوانگەی لۆئیناسەوە ((ڕووداوەکانی سەدەی ڕابردوو وەک شەڕ، دژایەتی جوولەکە، پێکدادانی شارستانییەتەکان دەگەڕێتەوە بۆ پشتگوێخستنی “ئەویدیکە و ئەویدیکە بووەتە “ڕووخساری بێ دەموچاو)). [4]
ئێرانییەکان بۆ یەک سەدە و نیو پێگەی باندەستییان بەدەستەوەیە، بەردەوام پیلانگێڕی دەکەن بۆ پێشگرتن لە گەشەی شوناسی نەتەوەیی و کوردستانی و سەرهەڵدان و گەشەی شوناسخوازی و سەربەخۆیی و ڕزگارکردنی کوردستان لە کۆلۆنیزەکردنی ڕاستەوخۆ و داگیر بوون. ئێستا کوردستان خۆی بۆ قۆناغی خۆباوەڕیی کولتووری و فەرهەنگی و ساز کردنی دیسکۆرسی نەتەوەیی ئامادە دەکات. بۆ گەیشتن بەم ئامانجە کوردستان پێویستی بە دیالۆگ و دان پێدانان هەیە و زۆر بەپەرۆشە بۆ بنیاتنانی پێگەی خۆی لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی و لە جیهاندا. تیشک خستنەسەر ئەو جیاوازییانەی کە شوناس و ناسنامەی کوردستانی پێکدەهێنن کاتێک بایەخدار دەبێت کە “ئەویتر”ی ئێرانی لە پانتای کوردی و فەلسەفەی سیاسیی کورد و زێهنییەتی کوردیدا شکڵی گرتبێت. بەڵام ئێستا پانتای ئێرانی لە دۆخێکی باشتردایە، پێشوازی لە نەهێشتنی کۆنتراستەکان دەکات بۆ وەخۆ گرتنی”منی کوردی” لە پانتای “منی ئێرانیدا”. ئێستا ئێرانییەت لە پێگەیەکی هەژموونیدایە و رۆڵێکی باڵا و دەستی باڵای هەیە، مەبەستی نییە و نایەوێت مەودای نێوان خۆی و ئەویدیکەی کورد ئەوەندە تەسک بێت کە هەژموونی ئەو کاڵ ببێتەوە و نایەوێت ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە ئەوەندە جددی بێت کە کوردەکان بخاتە دۆخێکەوە کە شوناس سازی بکەن، بۆیە دەبێت ئایدۆلۆژیای ئێرانی بەردەوام ڕۆڵی ناوەند بگێڕێت. شێوازی داڕشتن و ئەندازیاری کردنی ئەم ناوەندە لە زۆرێک لە بەرهەمەکاندا لەلایەن بیرمەندان و نووسەران و چالاکانی ئێرانییەوە ئاماژەی پێکراوە، ئەویش هەتا هەتایی کردنی بندەستییە لە ئەویدییەکەیاندا و بەجۆرێک دەیانهەوێت ئەم ناوەندە ئەندازیاری بکەن کە خەون و خولیا و ئاواتی کورد لەجیاتی بنیاتنانی شۆناسی کوردستانی یان فڕانتس فانوون گوتەنی ((چالاکییەکانیان(کوردەکان) چڕ بکەنەوە سەر ئەوە کە وەکوو ئێمەیان(فارسەکان) لێبێت نەک لەپێشمان بکەون)). [7] (هەڵبەت فانون بۆ دۆخی بندەستیی ئەلجەزایر و کۆلۆنیالیزمی فەڕەنسا ئە دێڕە دەنووسێت).
ئەنجام
کۆلۆنیالیزمی ئێرانی زۆرترین هەوڵەکانی چڕ کردوەتەوە سەر ئەویدیی نزیک و دەیهەوێت بە هەر جۆرێک بووە نەهێڵێت ئەویدیی نزیک بێتە خانەی بوونەوە و لەژێر هەژموونی خۆیدا ڕایگرێت. لە نێوان دوژمنی دوور و دوژمنی نزیکدا جیاوازی زۆرە کە ئەم جیاوازییانە دەتوانێت شێوە و ئاستی تەرکیز کردن و توندی ڕووبەڕووبوونەوە لەسەر دوژمن دیاری بکات. لە هەمان کاتدا دەتوانیت جیاوازی دابنێت لە سەر ئەویترێک کە لە فەزای گوتاری ئێوەدا جێگایان نییە لەگەڵ ئەویترێک کە لە دۆخی کێبڕکێیی و شاخ بە شاخ بووندایە لەگەڵتدا. کورد لە ئایدۆلۆژیای ئێرانیدا ئەویدیی نزیکە کە لە فەزای گوتاری یەکتری و لە دۆخی کێبڕکێیی و شاخ بە شاخدان لەبەر ئەوە زۆرترین تەرکیزی لە سەر ئەویدی کوردەکەیەتی و ئەم ڕووبەڕووبوونەوە مومکین نییە بەبێ توندوتیژیش کۆتایی پێبێت.
بۆ ئەوە کورد بتوانێت ڕزگاری ببێت دەبێت “منی کوردی”ی خۆی بونیاد بنێت و “منی کوردی” شت کراو و لە مرۆڤ کەوتوو و سازکراوی ئێرانی وەلا بنێت. کورد دەبێت باش بزانێت لە دۆخی شاخ بە شاخ و لە فەزای گوتاری ئێرانیدایە و بەرژەوەندییەکانیان دژ بە یەکن و دەبێت بە تێئۆری و پشتوانەیەکی مەعریفی بەهێزەوە لەو شاخ بە شاخ بوونەدا بەشداری بکات.
سەرچاوەکان
- آگامبن، جورجیو . کودکی و تاریخ، ترجمه پویا ایمانی، تهران: نشر مرکز.
- باختین، میخائیل. (1384). تخیل مکالمەای. ترجمە رویا پور آذر. تهران: نشر مرکز.
- بیات، كاوه، 1377 عملیات لرستان، اسناد سرتیپ محمد شاه بختی 1303 و 1306 تهران: چاپ شیرازه
- علیا، مسعود. کشف دیگری همراه با لوئیناس. تهران: نشر نی 1388
- تودورف، تزوتان. منطق گفتگویي میخاییل بـاختین . ترجماة داریاو، کریمای. تهران: نشر مرکز.
- پیر، هنري . (2536 )، ژان پل سارتر، ترجمە احمد میرعلایی و ابوالحسن نجفی، تهران، نشر زمان.
- فانون، فرانتس. دوزخیان روی زمین. ترجمە شریعتی، علی.
- قادری، زکریا(هێرش). عقل سیاسی ایرانی و هویت خواهی کردها. چاپ سوئد.
- گاردینر، مایکل. (1381)، « تخیل معمولی باختین»، ترجمة یوسف اباذری، ارغنون، شماره 20
- لاک، جان . رسالەای دربارە حکومت. ترجمە: عضدانلو، حمید. نشر نی.
- فردوسی، ابولقاسم. شاهنامە.
- https://bit.ly/3ylfvtN
داگرتنی بابەت