ئارامتر بخوێنەوە

پاشخانی کەمینەکان و ئەزموونی دانپێدانان 

سەیران مەعرووفی


“من لە تیۆریی دانپێدانانی “هۆنێت” کەڵک وەردەگرم بۆ ئەوەی نیشان بدەم کە “دانپێدانان” دەتوانێ ببێتە هۆی دروستکردنی کەسایەتیی خوێندکاران ‌و، شێوازی کاردانەوەی ئەو چەمکە لەسەر گەشەی تاکەکەسی‌ و باری پەروەردە. بە شیکردنەوەی تیۆرییەکە، تێڕوانینێک لەسەر هەلومەرجی ئەو خوێندکارانەی سەر بە کەمینەکانن دەدەم و، دژواریی ڕڕێی سەرکەوتنیان لە ژینگەی پەروەردەو فێربووندا دەخەمە بەر باس. لە بابەتەکەدا جەخت لەسەر هەردوو بەهادانی کۆمەڵایەتی ‌و ئاسانکاریی خوێندن دەکرێتەوە. بە درێژاییی بابەتەکە تیشک دەخەمە سەر ئەو بەربەستە شاراوانەی کە بەشێکن لە سیستم ‌و کاری خوێندکارانی سەر بە کەمایەتییەکان دژوارتر دەکەن‌ و بە هەمان شێوەی خوێندکارانی سەر بە “زۆرینە” ئەزموونی دانپێدانان ناکەن. “


لەم بابەتەدا تیشک دەخەمە سەر ئەو خوێندکارانەی کە کەمینەن ‌و تیۆریی “ئاکسێل ھۆنێت” لە مەکتەبی فرانکفۆرت وەک تیۆریی دانپێدانان‌و قبووڵ کردن بەکار دێنم. جگە لەوەش دەمەوێ تیۆرییەکە بە چەند نموونەیەکەوە ببەستمەوە کە دەلالەت لەوە دەکەن کە چۆن دەتوانرێ خوێندکاران هەست بە بوونی خۆیان بکەن لە ژیانی ڕۆژانەدا و چلۆن ڕێز لە جیاوازی  باکگراوندی ئەوان دەگیرێ ‌و شێوەی قبووڵکردنی کەمینەکان لە قوتابخانە و شوێنەکانی پەروەردە چۆن بێ. من لە تیۆریی دانپێدانانی “هۆنێت” کەڵک وەردەگرم بۆ ئەوەی نیشان بدەم کە “دانپێدانان” دەتوانێ ببێتە هۆی دروستکردنی کەسایەتیی خوێندکاران ‌و، شێوازی کاردانەوەی ئەو چەمکە لەسەر گەشەی تاکەکەسی‌ و باری پەروەردە. بە شیکردنەوەی تیۆرییەکە، تێڕوانینێک لەسەر هەلومەرجی ئەو خوێندکارانەی سەر بە کەمینەکانن دەدەم و، دژواریی ڕڕێی سەرکەوتنیان لە ژینگەی پەروەردەو فێربووندا دەخەمە بەر باس. لە بابەتەکەدا جەخت لەسەر هەردوو بەهادانی کۆمەڵایەتی ‌و ئاسانکاریی خوێندن دەکرێتەوە. بە درێژاییی بابەتەکە تیشک دەخەمە سەر ئەو بەربەستە شاراوانەی کە بەشێکن لە سیستم ‌و کاری خوێندکارانی سەر بە کەمایەتییەکان دژوارتر دەکەن‌ و بە هەمان شێوەی خوێندکارانی سەر بە “زۆرینە” ئەزموونی دانپێدانان ناکەن. هەرچەند “زۆرینە” گروپێکی یەکسان ‌ نین کە هەمان گریمانەکانیان هەبێت، بەڵام هێشتا چەند وێکچوونێک هەیە کە لەم گرووپەدا هاوبەشن. نموونەی ئەمەش بریتین لە زمانی هاوبەش، کولتوری هاوبەش و کۆمەڵێک بەهای هاوبەش. بە بەکارهێنانی نموونەی ژیانی ڕۆژانە لە قوتابخانەکانی نۆروێژ و سیستەمی پەروەردە، ڕۆشنایی دەخەمە سەر ئەوەی کە چۆن لە کۆمەڵگا دیموکراتیکەکانیشدا، “دانپێدانان” دەتوانێت کەمایەسیییەک بێ و کاریگەریی لەسەر ژیانی ڕۆژانە و داهاتووی خوێندکاران هەبێت.


مەبەستمان لە زاراوەی خوێندکاری کەمینە ئەو خوێندکارانەیە کە بنەچەیەکی جیاوازیان لە “زۆرینە” لە چوارچێوەی جوغرافیایەکی دیاریکراودا هەیە. بە بڕوای (کاری سێپرێنس ٢٠١٢)، ئەمە ئەو خوێندکارانەش دەگرێتەوە کە لە نێوخۆی وڵات لە دایک بوون، بەڵام هەردوو دایک ‌و باوکیان بیانین، یان سەر بە کەمینەیەکن لە چوارچێوەی وڵاتیکدا (Serpens, 2012,16). “سێپرێنس” ئیدیعا دەکات کە لە دەرەوەی ئەو پێناسەیەی سەرەوە، ئەو زاراوەیە پەیوەندییی زمانی‌ و کولتووری نیشان نادا و لە شوێنێکەوە بۆ شوێنکی تر دەگۆردرێ، چونکە بە سروشتی سیاسی‌ و سیستمی بەرێوەبردنی خوێندنەوە گرێدراوە. ئەم چەمکە بەو پێیەی هەموو کەسێک لەم گروپەدا لەسەر پێناسەکە کۆک نین، مشتومڕی زۆری لەسەرە، بەڵام من قووڵتر ناچمە نێو ئەو باسەوە، بێجگە لەوەی کە بڵێم خوێندکارە کەمینەکان دەتوانن کەمینەی زمانی، ئایینی، ئەتنیکی یان نەتەوەیی بن ‌و بە پێی ھەر یەک لەو پێناسانە لە سیستمی خوێندن‌ و لە جوغرافیای جیاوازدا مافی تایبەت بەخۆیان ھەیە. بۆ نموونە خوێندکارە کەمینەکانی کۆبێکییەکان لە کانادا یان کەمینەی خۆجێی بە نێوی سامەکان لە نۆرێژ مافی خوێندنیان بە زمانی زگماکیی خۆیان دەستەبەر کراوە و حکوومەتەکانییان ئەرکیانە ئەو مافەنەیان بۆ ڕڕەچاو بکەن، بەڵام خوێندکارێکی کورد لە نۆروێژ ھەمان مافی نیە. ئەگەرچی ڕڕێکخراوی کوردی دەتوانن یارمەتیی دارایی وەربگرن بۆ بەڕێوەچوونی کلاس ‌و کۆرسی زمانی کوردی. لێرەدا جیاوازی ھەیە لەسەر ماف‌ و دەرفەتەکان. لایەنێکی دیکە ئەوەیە کە جیاوازییەکی زۆر لە نێوان کەمایەتیییەکاندا هەیە، بەو پێیەی هەندێکیان لەو وڵاتە لە دایک بوون کە هەلومەرجیان باشترە لە چاو ئەو کۆچبەرانەی کە لە تەمەنێکی ژوورەوەتردا هاتوونەتە ئەو وڵاتە. ئەمەش واتە پێداویستیی جیاوازیان هەیە.


منداڵ و گەنجانی تازەهاتوو بەشێکی بەرچاون لە نێو چوارچێوەی پەروەردەیی نۆروێژدا، بەڵام لە توێژینەوەکاندا تا ڕادەیەک گرنگییەکی کەمیان پێ دراوە. تازەهاتووان بەم شێوەیە پێناسە دەکەین کە منداڵان و گەنجانی نوێ لە نۆروێژ بەو هۆیەوە پێویستییان بە پەروەردەی زیاترو تایبەتی هەیە (Dewilde & Kulbrandstad, 2016, 2). ئەم بابەتە باس لە دانپێدانان لە قوتابخانە دەکات‌. کاتێک باس لە دانپێدانان بەگشتی بۆ ئەم گروپە دەکرێ، تیۆریی دانپێدانانی ئەکسێل هۆنێت ڕاستیییەکەی وەدەردەکەوێ، چونکە پشتگوێخستنی ئەم گروپە لە توێژینەوەدا لێکەوتەی قورسی نەرێنیی لە داهاتووی خوێندکارەکاندا لێ دەکەوێتەوە.

تێوری ئاکسێل ھۆنێت و کاردانەوەکانی لەسەر خوێندن

بە پێی ئەم تیۆرییە مرۆڤ بەهای تایبەت بەخۆی هەیەو هەر مرۆڤێک توانای گەشەسەندنی هەیە. (Åmot و Skoglund، 2019،20). ئەم تیۆرییە جەخت لەوە دەکاتەوە کە “دانپێدانان” هۆشیاری و دروستبوونی شوناس و ئازادی و سەربەخۆیی لە مرۆڤەکاندا پێک دەهێنێت. شوناس له‌ گۆشه‌گیریدا دروست نابێت. ناسنامه‌یه‌کی ته‌ندروست به‌نده‌ به‌ دانپێدانانی هەمەلایەنە لە کۆمه‌ڵگادا. لە ڕێگەی “دانپێدانان” لە کۆمەڵگادا دەتوانین متمانە بەخۆبوون ‌و خۆناسین و بەها ئینسانیییەکانی گەشە پێ بدەین. (Åmot و Skoglund 2019، 20). “ئۆمۆت و سکۆگلووند” ئاماژە بە ئەکسێل هۆنێت (2003) و چارڵز تایلۆر (2008) دەکەن و دەڵێن “ئەوانەی خەمی کۆمەڵگە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانیان هەیە، ئامانجیان بەهێزکردنی سەربەخۆیی تاکە”. (ئامۆت و سکۆگلوند، ٢٠١٩، ٢٠، ٢١). ئەمە زۆر گرنگە لە پێوەندی لەگەڵ ئەو کۆمەڵگە فرەکولتورییەی کە ئێمە تێیدا دەژین، هەموو کەسێک فەزا و دەرفەتی بۆ بڕەخسێ و ئامانجەکانیان بەهایان بۆ دابنرێت و بپارێزرێن. ئەگەر “دانپێدانان” پێویست بێت بۆ پێکهێنانی شوناسێکی تەندروست کە تاکی ڕەسەن بەرھەم بێنێ و هەست بە ئاسوودەیی بکات لەگەڵ ئەو ناسنامەیەی کە شکڵ دەگرێ و پەرەی پێ دەدرێ، دەبێ زیاتر گرنگی بە قبووڵکردن بدەین و زیاتر سەرنجی بخرێتە سەر لەوەی کە ئێستا لە ژیانی ڕۆژانەی قوتابخانەدا دەکرێت.


شتێکی نامۆ نییە کە مامۆستایان و قوتابخانە بە گشتی یەکسانی و ھاوڕەنگی وەک دوو دیوی یەک دراو دەبینن. یەکسانی بە مانای ئەوەیە کە بەبێ گوێ‌دان بە بیروباوەڕ، پێشینە و تواناکانی خوێندکاران لە قوتابخانە بە یەک چاو سەیربکرێن. ئەمە شتێکە زۆربەی کارگێڕان لەسەری کۆکن، بەڵام چەندین پێکهاتەی شاراوە هەن لە سیستمی خوێندن کە پێچەوانەکەی دەنوێنن.


مافی یەکسان هەمیشە وەک دەرفەتی یەکسان نییە، چونکە دەرفەت شتێکە بەپێی توانا و ئاسانکاری لە ژیانی ڕۆژانەی قوتابخانەدا دەدرێ بۆ ئەو کەسانەی کە پێویستیان پێیەتی. هەندێک لە گروپی کەمینەکان وەک کێشەیەک لەبری سەرچاوەیەک سەیر دەکرێن. (Dewilde and Kulbrandstad 2016,2) لە ڕێگەی وتارەکەیانەوە ئەوە دەخەنە ڕوو کە بۆ نموونە، کۆچبەرە تازەهاتووەکان، لە چەمک و دەربرینەکاندا وەکوو گروپێکی نەرێنی سەیر دەکرێن ‌و باوەرێکی لەم چەشنە لەو بارەیەوە هەیە. “وەک ئەم جۆرە زاراوانە، دەتوانرێت “تازەهاتووان” وەک گروپێکی کێشەدار لە خوێندکاران هەستیان پێ بکرێ.” (Lund 2017,19) ئاماژە بە (Stålsett 2009) دەکات و پێی وایە کە گشتگیری و تێکەڵاوی، کە زۆر جار هەمان “دانپێدانان”ە “یانی دانپێدانان دەبێتە هۆی قبووڵکردنی جیاوازییە کولتوری ‌و فرەرەنگییەکانی  کۆمەڵگە لە کارێکی پێداگۆگیدا.


قوتابخانە گۆڕەپانێکی گرنگە بۆ گشتگیری و تێکەوڵاوی، بەڵام زۆر جار لەوێ شوێنەواری کولتوور، مێژوو یان زمانی خوێندکارانی کەمینەکان لەبەرچاو ناگیردرێن‌و لە ڕووی بەهاکانیانەوە بە یەک چاو سەیر ناکرێن  لە چاو ئەو قوتابیانەی خاوەن کولتوری نۆروێژن لە بواری فێرکردندا. (Lund 2017,16) ئاماژە بە (Thor Ola Engen 1989) دەکات کە « کۆمەڵگەی فرەچەشنی پێویستی بە هاوسەنگی هەیە لە نێوان کولتوورە جیاوازەکان و ئەو بەهایانەی کە کۆمەڵگا بەیەکەوە دەبەستێتەوە. قوتابخانە و باخچەی ساوایان دەبێ بەدوای ئەو شتەدا بگەڕێن کە ئەو بە ” double qualification” وەسفی دەکات: تایبەتمەندییەکانی کولتوورە خۆجێییەکان دەبێ بناسرێن و لە کولتووری زۆرینەدا یەک بخرێن، لە هەمان کاتدا تایبەتمەندییەکانی کولتووری زۆرینە دەبێ لە کولتوورە نێوخۆییەکاندا جێگیر بکرێن.” ئەمە ئارگیومێنتێکە کە سیستەمی پەروەردە بۆ وەدیهێنانی کولتوورێکی فرەرەهەندی بۆ پارێزگاری لە کولتوورێکی هاوبەش بەرپرسیار دەکا.


بە بڕوای هۆنێت، دانپێدانان بە سێ مەیدان دابەش دەکا: خۆشەویستی و ڕێزدانان، یاسایی (ماف) وهاودەنگی (کۆمەڵگە کولتووری، سیاسی و کار). (Åmot and Skoglund 2019,21) بە پێی ئەم تیۆرییە، کاتێک دانپێدانان مانا دەدا کە ئەو سێ جۆرەی باسمان کردن لەکار بکرێن تا تاکی سەربەخۆ و ناسنامەیەکی تەندروست بەرهەم بهێنرێ. (Åmot and Skoglund 2019). باندۆری دانپێدانان دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ باوەر بە خۆ بێ و مرۆڤێکی باوەڕبەخۆ کۆمەڵگایەکی تەندروست بار دێنێ. مرۆڤەکان پێویستییان بەوە ھەیە کە ھەست بە خۆشەویستی و ڕێز بکەن ھەم لە نێو بنەماڵە و ھەم لە کۆمەڵگادا. بۆ نموونە لە خوێندنگاکاندا مافیان پارێزراو بێ و دەرفەتیان بۆ برەخسێ، یان بە گشتی لە کۆمەڵگادا ھەست بە ھاودەنگی و سولیداریتێت بکەن. بەھا کەلتوورییەکانی ئەوان سەرنج و پەرەی پێ دەدرێ و دەرفەت دروست بکرێ کە ئەوان ئەو ھەستەیان بە بەردەوامی بۆ دروست بێ. نموونەیەکی کۆنکرێتی ئەوەیە کە زمانی دایکییان دەبێ بەهای ناوەکیی هەبێ، نەک تەنیا بەهایەکی هەبێ کاتێک یارمەتیدەرە بۆ فێربوونی زمانی زۆرینە. (ئۆڵسن و هاوگ ٢٠٢٠، ١٠٨،١٠٩،١١٤) بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بە کەڵکوەرگرتن لە ئەزموونی مامۆستایانی دوو زمانە ئاستی زانیاری لەسەر کۆچبەر، فرە زمانی، کەمینەکان، زیاد دەبێ و هەستی نامۆیی لە قوتابییەکانی سەر بە کەمینەکان کەم دەبێتەوە. نموونەیەکی تر ئەوەیە کە چۆن باسی ئەم خوێندکارانە دەکەین و چۆن هەوڵ دەدەین لە پاشخانی ئەوان تێبگەین و ئاسانتر هەست بە بینین و بیستراویان بکەین لە ژیانی ڕۆژانەدا.


نموونەیەکی دیکەی دانپێدانان دەکرێ ئەوە بێ کە ژیانی ڕۆژانەی قوتابخانە بە ڕووداو و چالاکیی فرە کولتوری پابەندە و زمانی دایکی قوتابییەکە چالاکانە بەکاردەهێنرێت بۆ بەخشینی زانست، کاتێک خوێندکارەکە زمانی سەر بە زۆرینە بە ڕادەیەکی پێویست باش نییە. یارییەکانی پەیوەست بە پاشخانی ئەم گروپە دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی سالم. ئەم یارییانە دەتوانێ خۆشی و پردێک لە نێوان گروپەکاندا دروست بکا، کە جیاوازی وەکوو دیاردەیەک دەبینرێت وکۆمەڵگا دەوڵەمەند دەکات. وانەی خۆراک و دروستکردنی خواردەمەنییە خۆجێیەکانیش دەتوانێ ببێتە مایەی ناساندنی کولتووری خۆراکی کەمینەکان. لەو ڕێگەیەوە قوتابییەکان دەتوانن ببینن کە ڕێز لە کولتووری خواردنیان هەست دەکەن لە شارەزایەتیی ئەوان کەڵک وەرگیراوە. ئه‌م نموونه‌یه‌ ده‌توانرێ له‌ چه‌ند بابه‌تێكدا وه‌ک په‌روه‌رده‌ی وه‌رزشی، مۆسیقا، یاری له‌ كاتی بەتاڵدا، مێژوو و بابه‌تی تردا ڕەنگ بداتەوە. بەم شێوەیە مرۆڤ دەتوانێت نیگای ڕەخنەیی خوێندکارەکانیش بەهێز بکات و پەرەی پێ بدات بە جۆرێک کە نۆرمە جێگیرکراوەکان لە کۆمەڵگادا بخەنە ژێر پرسیارەوە، لە هەمان کاتدا ئەو خوێندکارانە بناسن کە کەمینەن. لە ئێستاوە ئەوە حاڵەتە کە ئێمە چەند شتێک بە دروستی لە قوتابخانەکانی نۆروێژدا دەکەین. بەڵام ئەو ڕاستییەی کە ئەو خوێندکارانەی کە کەمینەن پێداویستی و یارمەتیی زیاتریان دەوێ بۆ وانەکانیان، ئاماژەیەکە  بۆ ئەوەی کە هێشتا خاڵی دڵخوازمان لە پەرەوەردە و فێرکردندا نەپێکاوە. زۆر شت سەبارەت بە شێوازی سیستمی خوێندن دەبێ بگۆردرێ بۆ ئەوەی چیتر دۆڕاو و براوە بەرھەم نەھێنین لە کۆمەلگادا. چونکە ناتوانێت ئەوە تەنھا بە هەڵکەوت بێ کە بۆچی بە شێوەیەکی گشتی زۆرینە لە کۆمەڵگادا و لە سیستمی خوێندن براوەن. کە واتە کاتی ئەوە ھاتووە پەردە لەسەر ئەو ستروکتورە شاراوانە لابەرین کە دەبنە ھۆکاری دروستبوونی نایەکسانیی کۆمەڵایەتی و ئابووری، چونکە خوێندن هەلێکە بۆ ئەوەی دەرفەت بدا تا مرۆڤەکان لە  نەھامەتی و چەوساندنەوە ڕزگاریان بێت.


پێزانین و دانپێدانانی کۆمەڵایەتی

(Jordet 2020,23) باس لە “یەک لە سەر چواری خوێندکاران دەکات کە لە قوتابخانەدا مەترسیی پەڕاوێزخستنیان لەسەرە و ڕەنگە لە کۆتاییدا ببێتە ھۆکاری گۆشەگیری و زیادبوونی مەترسیی کێشەی تەندروستی هەمیشەیی”. ئەو ڕوونی دەکاتەوە کە سیستەمی پەروەردە سەرکەوتوو نەبووە لە گرنگیدان بە هەموو قوتابیان و ئەوەش وای کردووە هەندێک پێویستیان بە یارمەتیی پەروەردەیی تایبەت هەبێ. بۆ ئەوەی ئاستی ئەو خوێندکارانە بەرز بکرێنەوە، گرنگە ئەو یارمەتییە لەلایەن کەسانی پسپۆڕو شارەزایەوە ئەنجام بدرێت. (یرودێت، ٢٠٢٠، ٢٣).


نەبوونی کەسانی پسپۆر لە قوتابخانەکاندا ھەندێک جار دەببێتە ھۆکاری ئەوەی کە ئەو کەسانەی پێویستییان بە یارمەتیی زیاترە لاواز بکات.چونکە ھەبوونی پسپۆر و کەسانی شارەزا زۆر گرینگە بۆ یارمەتی دانی  ئەو خوێندکارانەی بە شێوەیەک لە شێوەکان کێشەی فێربونیان ھەیە، جا چ ئە ھۆکارە ھۆکاری زمان بێت یان بگەرێتەوە بۆ کولتوری بنەماڵە.  (Jordet 2020). جۆردێت ئاماژە بە تیۆری دانپێدانانی هۆنێت دەکات و دەیبەستێتەوە بە ڕێزگرتنی کۆمەڵایەتی و ڕوونی دەکاتەوە کە نەبوونی دانپێدانان دەتوانێ ببێتە هۆی پێشێلکاری و هۆی کێشەی تەندروستی (Jordet, 2020, 24). زیاتر بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەو منداڵانەی کە دانیان پێدا دەنرێت دان بە کەسانی دیکەدا دەنێت و ئەمەش “کۆمەڵگەی باش” دروست دەکات. (جۆردێت، ٢٠٢٠، ٢٥). ئەو ئاماژە بە کرێمیت (2019: 43) دەکات بۆ تێگەیشتن لە چەمکی پاتۆلۆژی کە بە گوێرەی دەربڕینی هۆنێت لادانە لە ستانداردی خوازراو لە ئەنجامی ئەزموونەکان کە دەتوانێ ئازاری جەستەیی و دەروونی لێ بکەوێتەوە (Jordet, 2020, 26-27). ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەگەر خەسارناسییەک لە سیستەمی پەرەوەردەدا نەکرێ بێجگە لەوەی کە قوتابیان ئازار دەچێژن، دایک و باوکانیش بەو هۆیەیە تووشی ئازار دەبن. قوتابیان ناتوانن کەسایەتیی خۆیان گەشە پێ بدەن و توانا و سەرچاوەی سروشتیی خۆیان وەک مرۆڤێک پەروەردە بکەن”. (جۆردێت، ٢٠٢٠، ٢٧). ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی کردەوەی تێکدەرانە و خۆبەکەمزانین و قەیرانی دروستبوونی ناسنامە لە لای خوێندکارانەوە. ئەو پرسیارەی لێرەدا دێتە پێش ئەوەیە: چۆن دەتوانین پێش بەو کارە بگرین؟ یەکێک لە ڕێگاکان بۆ دوورکەوتنەوە لەم کارە ئەوەیە کە قوتابخانە وەک سیستەمێک و مامۆستایان وەک جێبەجێکار دەتوانن زیاتر ئاگاداری شێوەی دەربڕین و پراکتیکەکانیان بن‌و بە چاوێکی ڕەخنەگرانەوە لە سیستەمی پەرەوەردە بڕوانن. نموونەیەکی تر ئەوەیە کە ئێمە گوێ لە خوێندکاران بگرین و زیاتر لێکۆڵینەوە بکەین لەسەر ئەوەی کە چۆن ئەو خوێندکارانەی کە کەمینەن ئەزموونی ژیانی ڕۆژانەی قوتابخانە دەکەن. کاتێک ئەرکەکانی قوتابخانە لەگەڵ  ژیانی ڕۆژانەی نێو بنەماڵەی کەمینەکان هاوئاهەنگ نەبن، دەبێتە هۆی لاوازیی پەروەردەو خوێندنی گشتی. (جۆردێت ٢٠٢٠)


لە وڵاتێکی وەک ئێران کە دیموکراسیی تێدا نییە و ڕۆژانە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ پێشێل دەکرێن، ئەمە لە سیستمی پەروەردەدا ڕەنگ دەداتەوە. ئەمەش بە گوتەی جۆردەت کە لەسەر بنەمای تیۆری دانپێدانانی ئەکسێل هۆنێت دامەزراوە، کاریگەری لەسەر ئەو خوێندکارانەی ئەو وڵاتە بەجێ دەهێڵێت کە فێرخوازی فارسی زمان نین. نموونەیەک ئەوەیە کە خوێندکارێکی کورد دەست بە خوێندن دەکات و ناچار دەبێت هەموو شتێک بە زمانی فارسی فێربێ، خوێندکارەکە هەست بە نامۆیی دەکا و دەبێ بتوانێ لە یەک کاتدا هەم مەعریفە و هەم زمانەکە فێر بێ ئەمەش بۆ خوێندکارێکی فارسی زمان وا نییە. توخمێکی دیکە ئەوەیە کە وانەکان ڕەنگدانەوەی فەرهەنگی کوردی و ڕووداوەکانی ڕۆژانە و ڕووداوە مێژووییەکان نییە. بەم شێوەیە خوێندکار نامۆ دەبێت و بە شێوەیەکی سروشتی زەحمەتی زیاتری دەبێت لە بەدەستهێنانی زانستەکە. بەو پێیەی کە زمانەکە بۆ خوێندکار نامۆیە و هەست بە هیچ پەیوەندییەک بە کولتوور و مێژوو و زمانی فارسی ناکات، ئەمەش بەربەستێکە بۆ خوێندکار بۆ دروستبوونی ناسنامەیەکی سەربەخۆ و تەندروست و دەبێتە هۆی چەندین ململانێ لە نێو تاک و کۆمەڵگادا.


هاوگ (2016) ئاماژە بەوە دەکات کە لە ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکاندا چەندین ڕێوشوێن جێبەجێ کران بۆ یارمەتیدانی فێرخوازان بۆ فێربوونی زمانی نۆروێژی و پێی وابوو کە “کێشەکە” کۆتایی دێت کاتێک خوێندکاران فێری زمانی نۆروێژی دەبن کە بتوانن پۆلە ئاساییەکان پەیڕەو بکەن. بەم شێوەیە بڕیار بوو ڕێوشوێنە تایبەتەکان قۆناغ بە قۆناغ کۆتایی پێ بهێنرێن. “ئەو لێهاتووییە زمانی و کولتوورییەی کە قوتابییەکان لەگەڵ خۆیان هێنابوون تا ڕادەیەکی کەم وەک زانیارییەکی ڕەوا یان سەرنجڕاکێش لە قوتابخانەدا بەهایان پێ درابوو” (Hauge, 2016, 14). ئەمەش نیشان دەدات کە چ ڕوانگەیەک زاڵ بووە کاتێک باس لە خوێندکارانی فرە کولتوری دەکرێت، هەروەها بنەمای دانپێدانان لاواز دەکات کاتێک ڕوانگەیەکی لەو شێوەیە نۆرم بێت. ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە ڕێبازی پێداگۆژیی ئەمڕۆ کەمێک گۆڕاوە. ئەمڕۆ، فرە زمانەوانی و فرە کولتووری وەک سەرمایەیەک سەیر دەکرێن و ئاماژە بە St.meld.nr.49 KD 2007 دەکەن کە تێیدا هەمەجۆریی بەهادارە و پێشنیاری ئەوە دەکات کە پەروەردەی زمانی دایک بەهایەکی ناوەکیی زیاتری پێ بدرێت (Hauge, 2016, 14). ئەو زیاتر ئیدیعا دەکات کە ئەوە “قوتابخانەیە کە دەبێت خۆی بگونجێنێت و نەک بە پێچەوانەوە” (Hauge, 2016,14). لە ژێر ڕۆشنایی ئەم ڕوانگەیەدا کە ڕوانگەیەکی فرە کولتورییە، ئەمە ڕێگە بە فرەچەشنی و قبووڵکردنی قوتابیان دەدات. (هاوگ، 2016،14). ڕوانگەیەکی لەو جۆرە دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئاگاداری قوتابییەکان بکرێن بەجۆرێک کە ڕێگری بکات لە کۆمەڵێک گیروگرفت کە قوتابییەکان دواتر لە ژیانی قوتابخانەدا لەوانەیە ڕووبەڕوویان ببێتەوە. هاوگ (2016) زیاتر ئاماژە بە (Shultz et al. 2008) دەکات و دەڵێ کە نەبوونی ڕوانگەیەکی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی ڕەفتاری کێشەدار، کێشەی زمان و کێشەی خوێندنەوە و نووسین. هاوگ دەڵێ کە فرەکولتوری دەبێ وەک دۆخێکی ئاسایی سەیر بکرێت نەوەک شۆڕبوونەوە بۆ نێو کۆمەڵگەیەکی یەکجۆر و ھاوشێوە.


تیۆری فێربوونی کۆمەڵایەتی-  کولتووری

تیۆریی فێربوونی کۆمەڵایەتی – کولتووری لێرەدا پەیوەندیدارە بە “دانپێدانان”ەوە، چونکە بە پێی ئەم تیۆرییە منداڵان لە بۆشاییدا فێر نابن، بەڵکوو لە کارکردن و کاری ھەرەوەزی لەگەڵ کەسانی دیکەدا فێر دەبن. بۆ تێگەیشتن لە منداڵ، بەس نییە لە تاک تێبگەین، بەڵکوو دەبێت مرۆڤ لە دیمەنە کۆمەڵایەتی – کولتورییەکەی تێبگات. واتە ئەو ڕێگایانەی کە منداڵان بەرەو هەندێک ڕێڕەو دەبەن، هەندێکی تریش دەچنە ناو ڕێڕەوەکانی ترەوە. لایەنێکی گرنگی فێربوونی کۆمەڵایەتی-کولتووری ئەوەیە کە منداڵان لەسەر ئەو ڕاستییە دامەزراون کە منداڵان بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتین و لە ڕوانگەی بایۆلۆژییەوە بۆ ئاسمیلەکردن لەناو کولتوورە جیاوازەکانی دەوروبەریاندا گونجاون. گەشەی منداڵ تەواو سەربەخۆ نییە، بەڵام لەلایەن کەسە برواپێکراوەکانیان و کەسە نزیکەکەنیانەوە (significant) کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر گەشەکردنی زیاتری ئەوان هەیە (Vygotsky, 2001). کاتێک مرۆڤ باوەڕی بە تیۆرییەکی لەو شێوەیە هەیە، دەڵێت منداڵانی کەمینەکان وەک هەموو کەسێک لە کارلێککردن لەگەڵ کەسانی دیکەدا فێر دەبن و بۆ ئەوەی کەلێنی نێوان ئەم گروپە و زۆرینە کەم بکرێتەوە، تەڤلێبوون پێویستە، واتە نابێت تەنها بەشداری بکەن، بەڵکوو دەبێت گوێیان لێ بگیرێ و دەنگێکی یەکسانیان هەبێت وەک زۆرینە. ئەم یەکگرتنە تەنیا کاتێک ڕوو دەدات کە داننان بەم گرووپە و داننان بە پێداویستییەکانیان جێبەجێ بکرێ. نموونەیەک زمانە و لێرەدا گرنگە بایەخ بۆ زمانی دایکییان دابنرێ و هەروەها ئامرازێکیان پێ بدرێ بۆ ئەوەی دەرفەتی یەکسانیان هەبێ هەست بە شارەزابوون بکەن لە زمانی زۆرینەدا. ڤیگۆتسکی (٢٠٠١) جەخت لەسەر گرنگیی زمان دەکاتەوە لە پەروەردە و گەشەکردنی منداڵدا. “ئەو جیاوازی دەکات لە نێوان ئاستی ڕاستەقینەی گەشەکردنی منداڵ و ئاستی گەشەکردنی پۆتانسێلی” (Vygotsky 2001,15). گەشەی ڕاستەقینە ئەوەیە کە منداڵەکە بە تەنیا چی بەڕێوە دەبات، و گەشەی پۆتانسیەل ئەو توانایەیە کە منداڵ دەتوانێت لە ڕێگەی ڕێنماییکردنی گەورەکان و لە کارلێککردن لەگەڵ کەسانی دیکەدا فێری بێت. “مەودای نێوان ئەم دوو ئاستە ئەوەیە کە ڤیگۆتسکی پێی دەڵێت ناوچەی گەشەسەندنی دەستبەجێ” (ڤیگۆتسکی ٢٠٠١،١٥). هۆکاری ئەوەی کە ئەم تیۆرییە لە پەیوەندی لەگەڵ دانپێدانانی خوێندکارانی کۆچبەردا جێگیرکراوە بۆ ئەوەیە کە بتوانن ئۆفەرێکی پەروەردەیی باش پێشکەش بکەن، سەرپەرشتیاران لە قوتابخانە و خوێندنەوەی ئەوان ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن بۆ گەشەی منداڵان و خوێندکاران. لێرەدا گرینگە ئاماژە بەوە بکەین کە ئەو  ئیدیۆلۆژییە و ئەو شێوەیەی کاری پێ دەکرێ و زاڵە، پەیوەندیی ڕاستەوخۆی ھەیە بە گەشەکردنی خوێندکاران و بە پێچەوانەکەشی بە ھەمان شێوە.


نرخاندی جڤاکی

“نرخاندی کۆمەڵایەتی بریتییە لە دەرفەتەکانی تاک بۆ مامەڵەکردن لە ژینگە کۆمەڵایەتییەکاندا و بۆ ئەوەی بتوانێ زانیاری و لێهاتوویی و توانا و ئاسانکارییەکان لەم کۆمەڵگایانەدا بە کار بهێنێت.” (جۆردێت، ٢٠٢٠، ل ١٠٢). کاتێک ئەم جۆرە نرخاندنە ئەو خوێندکارانە دەگرێتەوە کە کەمینەن لەسەر بنەمایەکی یەکسان لەگەڵ باقیی گروپەکە، ئەمەش دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی ڕێزگرتن لە تاکەکەس. خۆی وەک مرۆڤێکی شایستە سەیر بکات و تەندروستیی دەروونییان بەهێزتر دەکات. لێرەدا گرنگی بەو شتانە دەدرێت کە جیاوازن، بەشدارییە گرنگەکان و ئەزموونە تایبەتە جیاوازەکان بەهایان پێ دەدرێت. (Jordet 2020) پێی وایە  کە ئەگەر خوێندکاران بە شێوەیەکی سیستماتیک پلە و کاراکتێریان دابەزێنرێ و بخرێتە ژێر پرسیارەوە، ئەوە خۆیان جێگە و پایەی خۆیان دادەبەزێنن و بە بەردەوامی ھۆوییەت و شوناس و کەسایەتیی خۆیان دێننە ژێر پرسیار. یورە بەو دیاردەیە دەڵێ نەبوونی متمانە بەخۆبوون کە کاردانەوەی دەبێ لەسەر چۆنیەتیی جێکەوتنی خوێندکار لە کۆمەڵگادا. ئاماژە بە بۆردیۆ (٢٠١١ (١٩٨٦)) دەکات کە باس لە سەرمایەی کۆمەڵایەتی و کولتووری دەکات. واتە ناوەڕۆک و پراکتیکی قوتابخانەکان لە ژێر باندۆری چینی دەسەڵاتدار دایە. (Jordet, 2020, 102).


لەسەر بنەمای ئەمە دەتوانین بە نموونەیەک لە ژیانی ڕۆژانەی قوتابخانەدا کۆتایی پێ بهێنین. ئەو خوێندکارانەی کە سەر بە چینی خۆشبژێوی کۆمەڵگان و باسی خۆشگوزەرەانییەکانی خۆیان لە کاتی پشووی مەکتەبدا دەکەن، بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی حەماسەت و سەرنجێکی زیاتر لە مامۆستایان و هاوپۆلەکانیان وەردەگرن لە چاو هەندێک لەو خوێندکارانەی کە پێشینەیەکی کۆچبەرییان هەیە یان سەر بە چینی مامناوەندیی کۆمەڵن، کە زانیاری یان توانای داراییان نییە بۆ ئەزموونکردنی هەمان چالاکی. ڕەنگە ئەمە کاردانەوەیەکی بێئاگایانە بێت لەلایەن مامۆستایانەوە و هەندێکیش وا بیر دەکەنەوە کە زۆر مەترسیدار نییە، بەڵام بە گوتەی جۆردێت کە پێی وایە ئەگەر ئەوانەی کە بە کەم سەیری ئەو خوێندکارانە دەکەن کە ھەست بە پەراوێز و دابڕان بکەن و ھەرچەند مەبەستی ئەوەیان نەبێ مانای ئەوە نییە کە بوونی نییە و سووکایەتیەکە ڕووی نەداوە. جۆردێت ئاماژە بە نەخۆشییە شاراوەکان دەکات و پێی وایە ئەوەندە باش نییە بڵێین “ئەمە قوتابخانەیە” چونکە ئەو ئازارانەی کە پێکهاتەی دەسەڵاتی شاراوەی هێرشبەر لە سیستەمی پەروەردەدا دەیخاتە سەر هەندێک گروپ، ژیان و تێگەیشتنی خوێندکاران لە قاڵب دەدات. ئەمەش لەوانەیە بەو مانایە بێ کە هەندێک لە خوێندکاران زۆرجار هەوڵ دەدەن هاوڕەنگ بن لەگەڵ زۆرینە لەبەر ئەوەی ویستەکانیان بەهایەکی کۆمەڵایەتیی نزمتریان هەیە و ئەوە خۆی لە خۆیدا شکاندن و سووکایەتیەکی شاراوەی سیستەمین کە زۆر جار بە ئاسانی ناتوانی دەستنیشانیان بکەی. ئەوان ئەزموونی پشتڕاستکردنەوەیەکی ئەرێنی دەکەن کە زمان، پراکتیک و ناوەڕۆکی قوتابخانەکە لە ماڵەوە لەگەڵیدا دەگونجێت. جگە لەوەش ئەو منداڵانەی کە سەرمایەی کۆمەڵایەتی و کولتوورییان کەمترە، پێچەوانەکەی ئەزموون دەکەن و زیاتر هەست بە نامۆبوون دەکەن. (Jordet 2020) ئاماژە بە Bourdieu و Passeron (2006) دەکات و دەنووسێت «بوونی توندوتیژیی شاراوە لە قوتابخانەدا».


دەتوانین بڵێین کە چۆن ئەو خوێندکارانەی کە سەرمایەی کۆمەڵایەتی و کولتوورییان هەیە لەگەڵیدا گەورە بوون و بە میرات بۆیان ماوەتەوە زۆرتر خۆیان لە سیستەمی پەرەوەردەدا دەبیننەوە و ئەمە دەبێتە هۆکاری بەرەوپێش چوونیان لە خوێندن. لە لایەکی دیکەوە نادادپەروەرییەک بەسەر لایەنی کەمینەدا دەسەپێ و هەست بە نامۆبوون دەکەن، تەنها لەبەر ئەوەی پاشخانێکی جیاوازیان هەیە، ئەوە زۆر جار دەبێتە ھۆکاری دروستبونی ھەستی خۆ بەکەمزانین و خۆ لە خۆ بێگانەبوون.


سەرچاوەکان

Lund, Bonnevie, A.C. Mangfold gjennom anerkjennelse og inkludering i skolen. Gyldendal Akademisk, 2020

Dewilde, J. & Kulbrandstad, L. A. (2016). Nyankomne barn og unge i den norske utdannings-konteksten. (Fagbokforlaget Nordand – Nordisk tidsskrift for andrespråks forskning, 2016)11(2): 13–33. 20 s.

Hauge, A. M.,. Den flerkulturelle skolen. (Universitetsforlaget ,2014)

Jordet, A. N. Anerkjennelse i skolen: en forutsetning for læring. (Oslo: Cappelen Damm Akademisk., 2020)

Olsen, M. H. og Haug, P. Tilpasset opplæring. (Oslo: Cappelen Damm Akademisk,2020)

Skoglund, R. I. & Åmot, I. (Red.) . Anerkjennelsens kompleksitet i barnehage og skole.( Oslo: Universitetsforlaget

Spernes, K. Den flerkulturelle skolen i bevegelse. (Gyldendal Akademisk, 2020)

Vygotskij, . S. Tenkning og tale. Oslo: (Gyldendal akademisk, 2001) (Kap. 6, s. 135-183). 50

داگرتنی بابەت

پاشخانی کەمینەکان و ئەزموونی دانپێدانان

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان