ئارامتر بخوێنەوە

گۆڤاری تیشک:

خەباتی ژێرزەمینیی سامیزداتێک لە کوردستانەوە

شاهۆ زەنگەنە


“لە ڕوانگەی زاڵ بەسەر گۆڤاری تیشکدا، کوردایەتی ئایدیۆلۆژییەکی دژەکۆلۆنیالیستییە کە تیایدا بەرەوڕووی هەر جۆرە ستەمێک دەبێتەوە کە مرۆڤی کورد دەکاتە بندەست و خاکی کوردستانی لە ڕێگەوە داگیر دەکرێ. لە هەمان کاتدا کوردایەتی بە پرسەکانی دیکەی وەکوو چینایەتی، جێندەری، ژینگەیی و ئایینی جومگەبەندی کراوە و نرخەکانیان لەگەڵ پرسی نەتەوەیی هاوئاهەنگ بووە.”


پێشکەشە بە هاوڕێی پێشمەرگەم:

ناسر مورادی


پێشەکییەکی مێژوویی

بە نەمانی یەکیەتی سۆڤییەت وا گومان دەکرا چیتر باوی ئەو گۆڤارە نهێنییانە نەماوە کە مەکۆی دەنگی ئازاد و دژبەری ئایدیۆلۆژیی فەرمیی دەوڵەتێک بن. چونکە لە زۆربەی دێموکراسییەکاندا هەوڵ دراوە، ئەگەرچی بەڕواڵەتیش بێ، لەگەڵ بیرۆکە جیاکاندا هەڵ بکرێ و لە هەمان کاتیشدا بە هاتنە ئارای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بلاگە سیاسییەکان بەرەبەرە دەوری گۆڤارە نهێنییەکان کەم و کەمتر دەبووەوە. بەڵام لەم ساتەوەختەدا کە هەست دەکرا نووسین وەک کردەوەیەکی شۆڕشگێڕانە لانیکەم لە چوارچێوەی گۆڤاردا بەهایەکی ئەوتۆی نەماوە، گۆڤاری تیشک لەدایک دەبێتەوە و لە فەزای ڕۆشنبیریی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بەرگرییەکی نوێ لە بیری کوردایەتی دەکا. ئەگەرچی ئەم گۆڤارە لە لایەن دەزگای پەروەردەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە دەردەچێ، بەڵام کاتێک سەیری نووسەران و خوێنەرانی گۆڤار دەکەین بۆمان دەردەکەوێ گۆڤاری تیشک زیاتر لە گۆڤارێکی ژێرزەمینی دەچێ و هەڵگری تێگەیشنێکی ڕادیکاڵ بۆ ڕزگاری کوردستان و سڕینەوەی ستەم لەسەر مرۆڤی کوردە.


گۆڤاری تیشک بەو مانایە بڵاوکراوەیەکی ژێرزەمینییە چونکە بەشێکی بەرچاو لە نووسەران، وەرگێڕان و هاوکارانی ئامادەکاری گۆڤار (بەشەکانی هەڵەچنی، دیزاین، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سایت) بە ناوی خوازراو لەگەڵ گۆڤار هاوکاری دەکەن. هەروەها نووسەران و هاوکارانی دیاسپۆراش ڕەنگە بە قورساییەکی زیاترەوە ئەو دەستەیە پێک دێنن کە لەبەر کێشەی سیاسی لە زێدی خۆیان ئاوارە بوون و لە ڕێگەی نووسینەوە دەیانەوێ دەلاقەیەک بۆ ڕزگاری کوردستان بکەنەوە. بەشێک لە نووسین و ئامادەکارییەکان لە ئەستۆی پێشمەرگەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. جێی ئاماژەیە ئەگەرچی تێکنۆلۆژیی نوێ توانیویەتی بەربەستەکانی گۆڤارێک بە شێوەی چاپکراوە تێپەڕێنێت، بەڵام بێگومان نوسخەیەکی کاغەزی لە گۆڤاری تیشک، ئەگەر لە ڕۆژهەڵات دەست کەوێ، دەبێ لە کتێبخانەی ناو ماڵەکاندا بشاردرێتەوە و بەشێوەی نهێنی و زۆر بەدژواری بڵاو بکرێتەوە.


ئەگەر سەرەتا بیر لە جۆرێک گۆڤاری نهێنی بکەینەوە کە لە ئەدەبیاتی سیاسیدا بە ناوی سامیزدات ناسراوە، بۆمان دەردەکەوێ چالاکی ئەم جۆرە گۆڤارانە زیاتر بۆ قۆناغی شەڕی سارد و لە ناو وڵاتانی سوسیالیستیی بلۆکی ڕۆژهەڵات دەگەڕێتەوە. لە ژێر هێژمونی بیرۆکەی زاڵی یەکیەتی سۆڤییەتدا هەر جۆرە نووسینێک دەبوایە بە ژێر سانسۆردا تێپەڕابا و هەر ئەم دۆخە داخراوە جێیەکی بۆ هەناسەدانی بیرۆکەی جیا و ئازاد نەدەهێشتەوە. سامیزدات (Samizdat یان Samesbyaizdat) بە مانای وەشانخانەی تایبەت بەخۆ دێت و لە بەرانبەر وشەی ڕووسیی گۆسیزدات (Gosizdat) دانراوە کە واتای وەشانخانەی دەوڵەتی هەیە. لە ڕاستیدا، بە گۆڕینی پێشگری گۆس (gos) کە کورتکراوەی دەوڵەت یا حکومەتە بە پێشگری سام (sam) کە واتای “خۆ”ی (self) هەیە، نیشان دەدرا کە لە جیاتی دەوڵەت، “من” ئەو کەسەیە کە مافێکی بنچینەیی هەیە و ئازادە چی بخوێنێتەوە و بنووسێ و، چۆن بیر بکاتەوە.[١] ئەو گۆڤارانەی کە بە شێوەی نهێنی لە بلۆکی ڕۆژهەڵات بڵاو دەبوونەوە، بێگومان کاریگەرییەکی گرنگیان لەسەر بیچمگرتنی فکری دژبەرانەدا هەبووە. ئاشکرایە، کاریگەری پیشەسازی چاپ و بڵاوبوونەوەی کتێب بە سەر شۆڕشەکاندا بۆ سەدەکانی ڕۆشنگەری و شۆڕشی فەڕانسەش دەگەڕێتەوە. واتە هەر لە قۆناغی ڕۆشنگەرییەوە بیرۆکەکان لە ڕێگەی پیشەسازیی چاپ و وەشانخانەکانەوە دەگوازرانەوە و کاریگەرییان لەسەر فکر و ڕەفتاری مرۆڤەکان دادەنا.[2]


لە کۆتاییەکانی دەیەی ١٩٥٠ بەدواوە تا ڕووخانی سیستەمی سیاسی ئابووری یەکیەتی سۆڤییەت دەیان گۆڤاری دژبەرانەی ئایدیۆلۆژیی فەرمی لە ئەورووپای ناوەندی و ڕۆژهەڵات بڵاو دەبووونەوە. لە توێژینەوەیکدا بە ناوی دەنگەکانی ئازادی: سامیزدات بەشێکی گرنگ لە ئارشیڤی ئەم گۆڤارانە کە لە لایەن ڕادیۆی ئازادی لە مونیخ کۆکراوەتەوە، شیکارییان بۆ کراوە. لە کۆی ٦٦٠٧ بابەت کە پۆلینبەندییان بۆ کراوە، ٥٤٩٠ بابەت پێش لە دەسەڵاتی گۆرباچۆف نووسراون. ئەگەر سەیری دابەشکاریی بابەتیانەی ئەم وتارانە بکەین زیاتر ئاگاداریی ئەو بیرۆکانە دەبین کە لەو سەردەمەدا هاندەری نووسەران بوون تا لە دەرەوەی ئایدیۆلۆژیی “ڕێیالیزمی سوسیالیستی” (کە وەک ڕوانگەی فەرمیی یەکیەتی سۆڤییەت سەبارەت بە سیاسەت، هونەر، ئایین و ئەدەبیات سەیر دەکرا) بنووسن و لە دەرەوەی دەزگای سانسۆردا بیرۆکەکانی خۆیان بڵاوی بکەنەوە.


لە کۆی ئەو وتارانەی کە بە پشتگیری کتێبخانەی کۆنگرەی ئامریکا لە ئارشیڤی ڕادیۆ ئازاددا تۆمار کراون سێ مژاری سەرەکی نایسۆنالیزم، ئایین و سیاسەت زۆینەی وتارەکان لەخۆ دەگرن. لەواندا ١٧٪ (٩٩٣ بابەت) بۆ بابەتی ناسیۆنالیستی تەرخان کراون کە تیایدا ناسیۆنالیزمی جووەکان (٣٩.٢٪)، ئوکراینی (٢٣٪) و تارتارەکانی کرایما (١١.٨٪) زیاترین بەشی وتارەکانیان پێک هێناوە. مژاری ئایینی ڕێژەیەکی کەمێک زیاتر لە ناسیۆنالیزم لەخۆ دەگرێ کە بریتییە لە ٢٠٪ (١٠٤٧) بابەتەکان و تیایدا لقی باپتیستی ئایینزای پرۆتێستانی مەسیحییەت ڕێژەی (٤٥.٧٪) و، ئایینزای ئۆرتۆدۆکس (٢١.٤٪) کۆی وتارەکانی ئەم مژارە پێک دێنن. بەشی هەرە گرنگی بابەتی سامیزداتەکان بۆ مژاری سیاسەت تەرخان کراوە کە کۆی ٦٢٪ (٣٢٤٨ بابەت) لەخۆ دەگرێ.[3] لە هەمان کاتدا گفتوگۆ و ڕەخنەیەکی بەردەوام لە نێوان سێ بەرەی سوسیالیست، دێموکرات و ناسیۆنالیزمی سلاڤۆفیل لە گۆڤارەکان بۆ ماوەی چوار دەیە لەئارادا بووە. بە باوەڕی سوسیالیستەکان ئایدیۆلۆژیی مارکسیزم – لێنینیزم هێشتا دەیتوانی ڕێگەچارەیەکی بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکان هەبێ، بە مەرجێک لە ستالینیزم ڕزگار بکرێ. ئەگەرچی لە دوای ڕووداوەکانی بەهاری پڕاگی ١٩٦٨ و سەرکووتی بیرۆکەی “ڕووخساری ئینسانیی سوسیالیزم”، زۆربەی لایەنگرانی ئەم بیرۆکەیە تووشی ڕەشبینی بوون؛ پاش بەهاری پڕاگ بەرەی دێموکراتەکان زیاتر بەهێز بوون و لە ژێر کاریگەری ئایدیۆلۆژیی دێموکراسیی لیبڕاڵی ڕۆژئاوایی دەیانویست سیستەمێکی کۆمەڵایەتی سیاسی نوێ لە بلۆکی ڕۆژهەڵات دابمەزرێنن. یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی ئەم بەرەیە ڕەتکردنەوەی خەون و ئایدیالەکانی سوسیالیستەکان بوو؛ هەروەها سلاڤۆفیلەکان دژایەتی کولتووری ئەورووپای ڕۆژئاوایان دەکرد.


ئەو گۆڤارانەی کە لە چوارچێوەی بیرۆکەی بڵاوکەرەوەی سامیزداتدا دەردەچوون لە مژاری سیاسەتەوە بگرە تا بابەتە هونەرییەکان هەوڵیان دەدا لە دەرەوەی ئەو فکرە فەرمییە ڕێگەپێدراوانەی کە دامودەزگاکانی یەکیەتی سۆڤییەت (هەروەها لە چێکێسلۆڤاکیان، پۆلەند و مەجارستان بانگەشەیان بۆ دەکردن)، چالاکی  و بیرۆکەی خۆیان پەرە پێ بدەن. لەڕاستیدا ئەوان لە ڕێگەی فکری جیا و ئازاد و بەشێوەی نافەرمی بناغەی ئایدیۆلۆژی زاڵیان لەرزۆک دەکرد و دەبوونە هەوێنی ئەو بزووتنەوانەی کە لە کۆمەڵگای مەدەنیدا ساز دەبوون و لە ئەنجامدا بەرەبەرە بنەمایەکی فکری و شۆڕشگێڕانەیان لەناو کۆمەڵانی خەڵکدا ساز دەکرد.


پێکهاتەی گۆڤاری تیشک

ئەگەرچی بیرۆکەی سەرەتایی گۆڤاری تیشک بۆ ساڵەکانی ١٣٤٦-١٣٤٧(١٩٦٧) دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەم گۆڤارە بەشێوەی ڕێکوپێک لە ساڵی ١٣٧٧ (١٩٩٨) چاپ و بڵاو کراوەتەوە و تاکوو ساڵی ١٣٩٨ (٢٠١٩) سەرجەم پەنجا ژمارەی کەوتووەتە بەر دیدی خوێنەران. هەڵبەت ئەوەی لەم وتارەدا گرنگی پێ دەدرێ شیکاری وەرزی نوێی گۆڤاری تیشکە کە لە ماوەی سێ ساڵدا (١٣٩٨-١٤٠٠/٢٠١٩-٢٠٢١) بەشێوەی وەرزنامە و ١٢ ژمارەی لێ بڵاو کراوەتەوە (ژمارەی ٥١ تا ٦٢). هەر ژمارەیەکی گۆڤاری تیشک لە پێنج بەشی سەرەکی تیۆریی، شیکاری، وتووێژ، وەرگێڕان و هەڵسەنگاندنی کتێب پێکهاتووە و هەوڵ دراوە لە هەر ژمارەیەکدا تەوەرێکی سەرەکی بۆ وتارەکان تەرخان بکرێ. سەرەڕای ئەم بەشانە، لە ژمارەی ٥٣ بەدواوە پاش وتاری سەرنووسەر، بەشێک بە ناوی “سەکۆ” دەبیندرێ کە بۆ وتاری کەسێکی شارەزا تەرخان کراوە تا لە دەرەوەی دەستەی نووسەران دەرفەتێک بۆ ڕوانگەیەکی نووسەرێکی شارەزا بڕەخسێ کە لەسەر تەوەری سەرەکی بیرۆکەی خۆی بڵاو بکاتەوە.


ئەگەر ئاوڕ لە دەستەی نووسەران و نووسەرانی گۆڤاری تیشک بدەینەوە بەڕوونی دەردەکەوێ کە چوار دەستە نووسەر زۆربەی نووسینەکانیان بەرهەم هێناوە: (١) نووسەر و وەڕگێڕ بە ناوی خوازراو (٢) نووسەر و ئەو وەرگێڕانەی لە دیاسپۆرا دەژین (٣) ئەو نووسەرانەی کە لە یەکێک لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات ئەندامن یا لایەنگرییان هەیە و لە باشووری کوردستان نیشتەجێن و (٤) نووسەرانی پارچەکانی دیکەی کوردستان کە زۆربەیان خەڵکی باشووری کوردستانن. دیارە دەستەی یەکەم و دووەم بەشی هەرە زۆری وتارەکانیان بەرهەم هێناوە. لە ڕووی لایەنی فیکری نووسەرانەوە ئەگەر گرێدراوەیی پێشتر و ئیستایان سەیر بکرێ (ئەوانەی کە بە ناوی خۆیانەوە نووسیویانە) دەکرێ بگووترێ لەوانەی لە دیاسپۆرا دەژین بەشێکیان ئەو ئاکادیمیسییەن و خوێنەوارانەن کە لە قۆناغێکی ژیانیاندا لەگەڵ یەکێک لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و ئێران هاوکارییان هەبووە. هەر ئەم تایبەتمەندییە گۆڤاری تیشکی لە بۆڵتنێکی حیزبی دەرباز کردووە کە تەنیا یەک جۆرە بیرۆکەی تێدا بڵاو بکرێتەوە و لە هەمان کاتدا فرەڕەنگییەکی سەرنجڕاکێشی پێوە دیارە. بەڵام ئایا دەکرێ گۆڤارێکی “شیکارانەی کۆمەڵایەتی – سیاسی” شەبەنگێکی فیکری لەخۆ بگرێ کە ڕەنگە لە سەرەنجی یەکەمدا لێک نزیک نەبن یا پێکناکۆک بێنە بەر چاو؟ هەوڵ بۆ وڵامدانەوە بەم پرسیارە، منی بەرەو ئەوە برد کە بەوردی ناوەڕۆکی هەر ژمارەیەکی گۆڤار شی بکەمەوە تا لەوە تێبگەم کە ئایا گۆڤاری تیشک پشتگیری لە ئایدیۆلۆژییەکی تایبەت دەکا یا نا.


بەر لەوەی ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکەم شی بکەمەوە، باشترە ئاوڕێک لەو شوێنانە بدەینەوە کە لە گۆڤاری تیشکدا بەڕوونی باس لە لایەنی فکری و ئایدیۆلۆژیی گۆڤار کراوە. لە دوو کورتەنووسینی سەر سایتی گۆڤاری تیشک دەکرێ هەندێک ئاماژەی گرنگ بدۆزینەوە. سەرەتا وەک مانیفیستێک لە لاپەڕەی سەرەکی گۆڤاردا هاتووە: ” لە سەردەمی گۆڕانکارییە خێراکانی دنیای سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی نـاوەڕاست، پێـویستە لـە ڕوانـگـەی نەتەوەیـی و کـوردایەتییەوە خوێندنـەوە بۆ کێشەکانی کوردستـان و ناوچەکە بکرێ. توێژینـەوە لەسەر سیاسەتە درێژخایەنەکانـی ئـەو دەوڵـەتانەی کە کوردستانیان بەکۆلۆنی گرتووە دەبێتە هۆی ئەوەی تێگەیشتنێکی وردترمان لـە بەرژەوەندی نەتەوەیـی هەبێ… هەر بۆیـە، هەر شۆڕشێک لە دەستپێـکدا پێویستـی بە تیۆرییەکی شۆڕشگێڕانە هەیە و پێمان وایە کوردایەتی هەوێنی شۆڕشێکی فرەڕەهەندە بۆ سەربەستی و ڕزگاریی تاکی کورد لە دۆخی بندەستی.” لێرەدا بەڕوونی دەردەکەوێ کە سیاسەتی گۆڤار گرنگیدان بە پرسی کورد و کوردستان لەو لێنزە تیۆریکەوەیە کە لە لایەکەوە کوردستان وەکوو کۆلۆنی دەبینێ و لە لایەکی دیکەوە پێیوایە بۆ شۆڕشی کوردایەتی پێویستە تیۆریکی شۆڕشگێڕانە هەبێ. واتە دەستەی نووسەرانی گۆڤار پێیانوایە تیۆرییەکی شۆڕشگێڕانە دەتوانێ پێشمەرجێکی گرنگ بۆ گۆڕینی کوردستان و ڕزگارکردنی لە دۆخی کۆلۆنیالیزم بێ.


گۆڤاری تیشک لە درێژەی کارەکانی خۆیدا لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ـەوە پڕۆژەیەکی بۆ چاپی کتێب ڕاگەیاندووە کە لە پێناسەیدا هاتووە: “ئەو بەرهەمانەی کە لە چوارچێوەی ئەم پرۆژەیەدا چاپ دەبن، پەیوەندییان بە بواری لێکۆڵینەوە لەسەر کوردستان و هەروەها ئەو تیۆرییانەوە هەیە کە دەتوانن یارمەتیدەری بەهێزترکردنی ئایدیۆلۆژیی کوردایەتی و شیکردنەوەی پرسی نەتەوەیی لە کوردستان بن. بۆ پەرەپێدانی بیرۆکەی ڕەخنەگرانە سەبارەت بە سیستەمی سوڵتە و هەروەها دیاریکردنی مێکانیزمەکانی کۆلۆنیالیزم، گۆڤاری تیشک سەبارەت بە سازکردنی دەرفەت بۆ توێژەران و وەرگێڕەکانی کوردستان و چاپی بەرهەمەکانیان خۆی بە بەرپرس دەزانێ.” دیارە لێرەشدا پڕۆژەکە مەبەستیەتی لە درێژەی بەشێک لەو ئامانجانەی کە لە گۆڤاردا دەستنیشان کراون لە لایەکەوە بەرەوڕووی سیستەمی سانسۆری وڵاتە کۆلۆنیالیستییەکانی کوردستان ببێتەوە و، لە لایەکی دیکەوە بەرەنگاری ئەو کۆلۆنیالیزمە ئاکادێمیکە ببێتەوە کە سیستەمی پەروەردەی ئێرانی بە سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا سەپاندوویەتی و مەعریفەیەکی دژەکوردستانی تیایدا بەرهەم دێ.


شیکاریی گۆڤاری تیشک

لە کۆی ئەو ١٢ ژمارەی کە لێکۆڵینەوەی لەبارەوە کراوە ٣٨٢ وتار بڵاو بوونەتەوە (بڕوانە هێڵکاری ١). وتارەکان ئەگەرچی هەندێکجار ئاستی تیۆری و شیکاری جیایان هەیە بەڵام دەکرێ لە شەش دەستەدا پۆلینبەندییان بۆ بکرێ: زۆربەی وتارەکان لە دوو دەستەی تیۆریی/پەروەردەیی (١٢٥ وتار؛ ٣٢.٧٪) و سیاسی (١١٢ وتار، ٢٩.٣٪) جێیان دەبێتەوە. ئاشکرایە هەر جۆرە دەستەبەندییەک هەندێک کەموکوڕی هەیە، بەڵام من هەوڵمداوە بەپێی ئەو تەوەرانەی بۆ زۆربەی ژمارەکان تەرخان کراون (وەک مژاری ئیسلامی سیاسی، ژینگەی کوردستان و فێمینیزم) بەشێوەیەک دەستەکان ڕێک بخەم کە هەم توانای جیاکارییان تێدا بێ و هەم بتوانێ زیاتر ڕێڕەوی فیکری گۆڤار نیشان بدەن. لە دوای دوو دەستەی تیۆریی/پەروەردەیی و سیاسی هەر کام لەم دەستانە زۆرترین وتار لەخۆ دەگرن: فێمینیزم (٤١ وتار، ١٠.٧٪)، ئایینی (٣٦ وتار، ٩.٤٪)، زمان (٣٠ وتار، ٧.٨٪)، ژینگەیی (٢٤ وتار، ٦.٢٪) و چینایەتی (١٤ وتار، ٣.٦٪). شیکردنەوەی هەر کام لەم دەستانە و گرێدانیان بە تیۆریی کوردایەتییەوە زیاتر لە ئامانجەکانی گۆڤار نزیکمان دەکاتەوە.


لە هەمان کاتدا کە دوو بەشی تیۆریی/پەروەردەیی و سیاسی زیاتر لە ٦٠٪ گۆڤار پێک دێنن و ئەمە دەتوانێ پێناسەیەکی تایبەت بە گۆڤارێکی شیکاری ساز بکا، هەروەها دەکرێ پێنج دەستەکەی دیکە وەکوو تەواوکەری ئەو دوو دەستەیە سەیر بکرێن. کاتێک سەیری گۆڤارە جیهانییەکان دەکەین کە وەک گۆڤاری تیشک لە دەرەوەی پێوەرە جێگر و وشکەکانی ئاکادێمیادا چاپ دەبن، دەبینین کە چەترێکی گەورەتریان بۆ کۆکردنەوەی خوێنەران هەیە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا پشتگیری لە ئایدیۆلۆژییەکی تایبەت دەکەن کە خاڵی گرێدانی وتارەکان پێکەوەیە و خوێنەران دەزانن کە بۆ نموونە خاڵە جیاوازییەکانی دوو گۆڤاری ئێکۆنۆمیست لەگەڵ گۆڤاری ژاکۆبێن لە پابەندبوون بە دوو ڕوانگەی جیاوازدایە. بەم گوێرەیە لە گۆڤاری ئێکۆنۆمیستدا ئەو وتارانە چاپ دەبن کە گرێدراوی ئایدیۆلۆژیی لیبڕالیزمی ئابووری و کۆمەڵایەتین، لە کاتێکدا گۆڤاری ژاکۆبێن پشتگیری لە چاپ و بڵاوبوونەوەی ئەو وتارانە دەکا کە لەناو ئایدیۆلۆژیی سوسیالیزمی دێموکراتیک و مارکسیزمدا نووسراون. ئایا دەکرێ بەم ڕوونییە ئایدیۆلۆژییەکی دیاریکراو بۆ گۆڤاری تیشک دەستنیشان بکەین؟


هەر وەک لە ئامانجەکانی گۆڤاری تیشک و پڕۆژەی کتێبی تیشکدا هاتووە گۆڤار دەیەوێ لە لایەکەوە پەرە بە بیری کوردایەتی بدا و لە لایەکەوە دژایەتی ئەو ئایدیۆلۆژییانە بکا کە لە ڕێگەیانەوە کوردستان داگیر کراوە. ئەو ئایدیۆلۆژییانە بەپێی ڕەنگدانەوەیان لە گۆڤاردا بریتین لە ناسیۆنالیزمی ئێرانی، تورکی و عەڕەبی. واتە گۆڤاری تیشک لە هەمان کاتدا کە دەیهەوێ مێکانیزمەکانی سەرکوتکەری دەسەڵاتی دوژمنانی کوردستان نیشان بدا، هەروەها دەیەوێ ئاستی ڕەخنەگرتن تێپەڕێنێ و بەڕوونی باس لەوە بکا کە نوخبەی کوردستان چی دەوێ. بۆ تێگەشتن لەوەی کە کۆمەڵی ڕۆشنبیرانی کوردستان (نەک تەنیا نوخبەی سیاسی) چییان دەوێ، وا دیارە گۆڤار دەیەوێ هەوڵەکان لە چوارچێوەی ئایدیۆلۆژیای کوردایەتی ڕێک بخاتەوە. ئەم ئایدیۆلۆژیایە چ تایبەتمەندییەکی هەیە و ئایا دەکرێ بوترێ کە لەگەڵ تێگەشتنی باو لە کوردایەتی جیاوازی هەیە؟


بەشێوەی گشتی کاتێک باس لە کوردایەتی دەکرێ زۆربەی خەڵک و تەنانەت دوژمنانی کوردستان وەک ئایدیۆلۆژییەک دەیبینن کە خوازیاری ئەوەیە نەتەوەی کورد ڕزگاری ببێ. واتە دالی سەرەکیی ئەم ئایدیۆلۆژییە بۆ پرسی ستەمی نەتەوایەتی دەگەڕێتەوە. کوردایەتی هەوێنی خەباتێکی زیاتر سیاسییە کە دەیەوێ فۆڕمێک لە سەروەری (وەکوو خودموختاری، فیدڕاڵی یا سەربەخۆیی) بۆ کورد دەستەبەر بکا. بەڵام کە سەیری گۆڤاری تیشک دەکەین سەرەڕای ئەوەی بەشێکی گرنگ بۆ پرسی سیاسی و هەروەها ڕەخنە لە ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی ناسیۆنالیزمەکانی وڵاتانی کۆلۆنیالیستی کوردستان تەرخان کراوە، هەروەها گرنگی بە تیۆریزەکردنی دۆخی کۆلۆنیبوونی کوردستان دەدرێ، لەسەر چارەسەری سەربەخۆیی پێداگری دەکرێ و مێکانیزمەکانی سەرکوت نیشاندانی دەدرێ.


بە سەرنجدان بە هێڵکاری (٢) دەبینین قورسایی بەشەکانی دیکە ئامانجی گۆڤار تیشک لە تیۆریی کوردایەتی زیاتر دەردەکەوێ. لەم خوێندنەوە نوێیەدا مرۆڤی کورد و کوردستان ڕزگار نابێ ئەگەر بیر لە جۆرەکانی دیکەی ستەم نەکرێتەوە. واتە ئەگەر لە تێگەیشتنی باودا کورد تەنیا لەبەر ئەوەی نەتەوەیەکی جیاواز لە فارس/ئێرانی، تورک و عەڕەبە بۆیە دەچەوسێتەوە و ستەمی لێ دەکرێ، لەم تێگەیشتنە ڕادیکاڵە نوێیەدا باس لە جۆرەکانی دیکەی ستەم و چەوساندنەوەش دەکرێ. واتە بۆ ڕزگاری پێویستە کە ئاوڕ لە فۆڕمەکانی دیکەی ستەمی جێندەری، ژینگەیی، چینایەتی، زمانی و ئایینیش بکرێتەوە. لەم ڕوانگەدا، بۆ نموونە “شەهلا” وەک ژنێکی پەیڕەوی ئایینی یارسان کە لە گاوارە دەژی و لەبەر بێئاوی زەوی و زارەکەیان وشک بووە و، پێش لەوەی خوێندن تەواو بکا شووی کردووە، تووشی ستەمێکی چەند لایەنە بووەتەوە. واتە ئەو وەکوو کورد لە مافەکانی پەروەردە بە زمانی کوردی بێبەش بووە، لە لایەن ناسنامەی ئێرانییەوە بەردەوام بەسووکی سەیر کراوە و دەرفەتی گونجاوی بۆ پێگەیشتن بۆ نەڕەخساوە؛ ئایینەکەی لە لایەن ئایدیۆلۆژیی شیعەی ئێرانی بەڕەسمی نەناسراوە، هەر بۆیە لە مافە بنچینەییەکانی خۆی بێبەش کراوە و تەنانەت لە کۆمەڵگای کوردستانیشدا لە لایەن ئیسلامی سیاسییەوە هەڕەشەی پاکتاوکردنی لە سەرە؛ سیاسەتە کۆلۆنیالسیتییەکانی ڕژیمی ئێران لە ئاست کوردستان بووەتە هۆی ئەەوەی ئاوی چیاکانی زاگرۆس بۆ فەلاتی وشکی ئێران بگوازرێتەوە کە کێشەیەکی گەورەی بۆ هەموو خەڵکی ناوچەکە ساز کردووە؛ هەروەها چونکە لە چینی کرێکارە لە ئیمکانەکانی پەروەردە و ستانداردێکی ژیان بێبەش بووە. سەرچاوەکانی کوردستان لە لایەن سیستەمی کۆلۆنیالیستی ئێرانەوە تاڵان کراون و هێزی کاری کوردستان وەک کرێکار بۆ ئاوادانکردنەوەی شارە ناوەندییەکانی کوردستان کەڵکیان لێ وەرگیراوە؛ لە هەمان کاتیشدا شەهلا تەنیا لەبەر ژنبوونەکەی لە لایەن نەریتی پیاوسالارانەی کۆمەڵگای کوردستانەوە ستەمێکی بەردەوامی لێ کردووە. ئەگەر سەیری شەهلا بکەین وەک مرۆڤێکی ستەملێکراو دەبێ هەموو ژیانی لەگەڵ ئاکامە ڕەش و نەگریسەکانی چەندین جۆری ستەم دەستەویەخە بێ.


بەئاوڕدانەوە لە کێشەی شەهلا بۆمان دەردەکەوێ کە دەرکی نووسەران و ئامادەکارانی گۆڤاری تیشک ئەو تێگەیشتنە باوەی لە کوردایەتی تێپەڕاندووە کە چارەسەری کێشەکانی مرۆڤی کورد و کوردستانیان تەنیا لە چارەسەری پرسی نەتەوەییدا دەبینی. ئەم شێوە تێگەیشتنە نوێیە لە کوردایەتی، هەندێک ئیمکانی نوێ بۆ خەباتی کوردایەتی دەڕەخسێنێ کە بریتین لە: پێویست ناکا چیتر بەو کەسانەی هەست دەکەن لە لایەنی جێندەری، چینایەتی یا ژینگەیی و ئایینییەوە دەچەوسێنەوە بوترێ ئێوە نابێ باس لە پرسی خۆتان بکەن تا پرسی نەتەوەیی چارەسەر دەبێ؛ یا وا نیشان بدرێ کە پڕ ڕەنگ کردنەوەی هەر کام لەم پرسانە لاوازکردنی پرسی نەتەوەیی لێ دەکەوێتەوە. ئەم شێوە تێگەیشتنە تەنانەت ئەو هەلەی بۆ دەزگای سەرکوتی ڕژیمە کۆلۆنیالیستەکانی کوردستان ڕەخساندووە کە لە کوردستان پەرتەوازیی ساز بکەن و وا نیشانی بدەن کە لە لایەکەوە کوردایەتی نایهەوێ باس لە کێشەیەکی دیکە جگە لە پرسی نەتەوەیی بکا، لە لایەکی دیکەشەوە چالاکانی بواری ژینگە یا فێمینیزم وا هەست بکەن چونکە لە لایەن بیری کوردایەتییەوە پشتگیری ناکرێن بۆ گەیشتن بە مافەکانی خۆیان پێویستە پەنا بۆ کەس یا لایەنێک لە نەتەوەی سەردەست ببەن. ئایدیۆلۆژیی کوردایەتی چونکە ناوەڕۆکێکی دژەکۆلونیالیستی هەیە دەتوانێ چوارچێوەیەکی گوتاری[4] هەبێ و بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی لە کوردستان بەهێز بکا.

دەرەنجام

لە ڕوانگەی زاڵ بەسەر گۆڤاری تیشکدا، کوردایەتی ئایدیۆلۆژییەکی دژەکۆلۆنیالیستییە کە تیایدا بەرەوڕووی هەر جۆرە ستەمێک دەبێتەوە کە مرۆڤی کورد دەکاتە بندەست و خاکی کوردستانی لە ڕێگەوە داگیر دەکرێ. لە هەمان کاتدا کوردایەتی بە پرسەکانی دیکەی وەکوو چینایەتی، جێندەری، ژینگەیی و ئایینی جومگەبەندی کراوە و نرخەکانیان لەگەڵ پرسی نەتەوەیی هاوئاهەنگ بووە. بۆ نموونە، چیتر پێویست ناکا بە چالاکێکی بواری جێندەری بوترێ لەبەر چارەسەری پرسی نەتەوەیی پێویستە ئەو خواستەکانی خۆی سڕ بکا و بۆ قۆناغی دوایی ڕزگاریی کوردستان هەڵیگرێ. بەڵکوو لەم تێگەیشتنە نوێیەی کوردایەتیدا کە گۆڤاری تیشک پێداگری لەسەر دەکا و لەسەر بنەمای سیاسەتی ناسنامە لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕاوەستاوە، هیچ دەستە و گروپێک نایهەوێ داواکاری خۆی بۆ قۆناغێکی نادیار لە داهاتوودا بگوازێتەوە. دەبێ ئاماژەش بەوە بکرێ کە لێرەدا یەکگرتنەوەیەک ساز نابێ کە لە ڕێگەیەوە جیاوازییەکانی ناساننامە جۆراوجۆرەکان کاڵ ببنەوە یا بەشێکیان لە بەرژەوەندی بەشێکی دیکەیان بسڕدرێنەوە، بەڵکوو خواستە جیاکان کارلێکەرییەکی دینامکیان لەسەر یەک هەیە و هەر بۆیەش خەباتێکی فرەچەشن ساز دەبێ کە تیایدا هیچ کامیان باڵادەست نین. واتە خەباتی کوردایەتی دەیهەوێ لە ڕێگەی کردارێکی بەکۆمەڵەوە شۆڕشێکی دێموکراتیک بەرپا بکا کە دژ بە نابەرانبەرییە و لە ڕێگەیەوە خەڵکی کوردستان دەتوانن بەرەنگاری پەیوەندییەکانی ملکەچی ببنەوە.


ئایدیۆلۆژییە کوردایەتی دەیەوێ لەسەر ئەو خاڵە گرنگە پێداگر بێ کە جومگەبەندییەکەی دەکرێ لایەنی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتووری هەبێ و لەم ڕێگەیەوە دەیەوێ خەباتێکی هێژمونیک لە کوردستان ساز بکا. ئایدیۆلۆژیای کوردایەتی سوژەیەک بەرهەم دەهێنێتەوە کە دژبەرایەتی سوژەی ئایدیۆلۆژیی ناسیۆنالیزمی ئێرانی، تورکی و عەڕەبی دەکا کە خوازیاری ئەوەن سوژەیەکی ملکەچی کورد بەرهەم بهێنن. کەواتە  ئامانجی کوردایەتی  گۆڕانی فۆڕمی ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییانە کە تیایدا سوژەی کوردی بندەست لە ناو پەیوەندییەکانی ملکەچیدا ساز دەبێ. دەتوانین بڵێین کوردایەتی هەڵگری هەوێنی شۆڕشێکی دێموکراتیکە و نوێنەرایەتی گوتارێک دەکا کە تیایدا کردەوەی شۆڕشگێڕانە لەپێناو خەباتێکی دژ بە چەوساندنەوەیە و دەیەوێ بەرهەڵستی پەیوەندییەکانی ملکەچی ببێتەوە. ملکەچییەک کە بەپێی دۆخێکی سروشتی ساز نەبووە، بەڵکوو بەرهەمی پەیوەندییەکی سەرکوتکەرانەی دوژمنە.


سەرچاوەکان

 Hyung-Min Joo. 2004. “Voices of freedom: Samizdat.” Europe-Asia Studies 56 (4): 572; Johnston, Gordon. 1999. “What is the the history of Samizdat?” Social History 24 (2): 122.

  Darnton, Robert. 1990, The Kiss of Lamourette: Reflections in Cultural History (London: Norton), 107.

  Joo, “Voices of freedom,” 573-74.

  Sefa Dei, George J and Alireza Asgharzadeh. 2001. “The Power of Social Theory: The Anti-Colonial Discursive Framework.” The Journal of Educational Thought 35 (3): 297-323.

داگرتنی بابەت

خەباتی ژێرزەمینیی سامیزداتێک لە کوردستانەوە

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان