ئارامتر بخوێنەوە

خوێندنەوەیەک بۆ سیاسەتی حیجاب و دۆخی ئابجەکتیڤانەی ژن لە ئێران

ڕزگار ئەمین نژاد



بەرایی

ڕۆژی ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠١، تەرمی ژینا (مەهسا) ئەمینی لە گۆڕستانی “ئایچی”ی شاری سەقز، لە ئاپۆرەی جەماوەرێکی تاسەبار و لەهەمان کات توڕەدا، ئەسپەردەی خاکی نیشتمان کرا. لەسەر کێلی ژینای جوانەمەرگ نووسییان: «تۆ نامری، ناوت ئەبێتە ڕەمز»، دوای خوێندنەوەی پەیامی یەک لە ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ژنان، دروشمێکی ئاشنا، شەپۆلێک لە جەماوەری ماتەمباردا ڕێدەخات: «ژن، ژیان، ئازادی». ئەو دروشمە بە ڕیتمێکی سەرکەشانەوە، بەشداربووانی ئەو بۆنەیەی هەژاند. ئەو ڕۆژە و هەر لەو شوێنەدا کە شەهیدی دەستی زۆرداریان ئەسپردەی خاک دەکرد، ژنان سەرپۆشەکانیان لەسەر لادا و بە سەمای لەچکەکانیان پەیامی سەرهەڵدانی بزاڤێکی مۆدێڕنیان گەیاندە بەر گوێی خەڵکی کوردستان و ئێران. ٢٦ی خەرمانان، شارەکانی کوردستان بەدەم بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و کەسایەتییە سیاسی و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستانەوە دێن و، بۆ جارێکی دی مانگرتنی گشتی کوردستان دەگرێتەوە. هەر لەو ڕۆژەدا و لە شاری بانە، لە کردەوەیەکی کەم وێنەدا کۆمەڵێک لە چالاکانی ژن «ئاگر لە سەرپۆشەکانیان» بەردەدەن.

ئەم سێ فریمە، واتە ڕەمز، دروشم و ئەکت، دەکرێ لە کادری وێنەیەکی گەورەتردا جێی بکەینەوە کە تا دێ بەرچاوگەی ئەم سەرهەڵدانە گەشتر و مەیدانی هاوبەشکردنەکەی بەربڵاوتر دەکاتەوە. وێنەکان بە بۆچوونی سووزان سانتەگ، شێوازێکە لە گراماتیکی زمان کە پێمان دەڵێت دیاردەکان چۆن ببینین و لەوە گرنگتر، وێنەکان، ئەخلاقی ڕوانینینیشمان بۆ دیاری دەکەن (سانتەگ، ١٣٨٩). وێنەکەی ٢٥ و ٢٦ی خەرمانان، پشتگرییەکی کەموێنەی بەخۆیەوە بینی و دەنگی پشتیوانی لە شارەکانی ئێرانەوە بەرز بووەوە. لەوە گرنگتر، ڕەهەندی ئەخلاقیی وێنەکە بوو کە نەک ئاراستەی ڕاپەڕینەکەی دیاری کرد، بەڵکوو ویژدانی جیهانیشی هەژاند.

ئەم وتارە هەوڵ دەدات پێناسەیەک بۆ ئەو وێنەیە بکات، بەڵام بۆ تێگەیشتن لە هۆکارەکانی داهێنانی وەها وێنەیەک، ناچارین خوێندەوەیەک بۆ پرسی حیجاب لە بەستێنێکی مێژوویییەوە بکەین. دواتر ئەم وتارە هەوڵ دەدات بە پشتبەستەن بە تیۆریی گەشەسەندووییی هاوسەنگ، خوێندنەوەیەک بۆ پرسی حیجاب وەک دەرکەوتەیەکی سیاسی لە مێژووی ئێرانی مۆدێڕنەوە بۆ کۆماری ئیسلامی بکات کە لە هاوکێشەی نێوان ئێلیتی سیاسی و چینە کۆمەڵایەتییەکاندا گەمەی پێ کراوە. لە بەشێکی دیکەی ئەم وتارەدا خوێندنەوەیەک بۆ کاردکردی حیجاب لە بردنەپێشی پرۆسەی توتالیتاریانیزم لە سەردەمی پۆست خومەینیزمدا دەکات و دواجار بە خوێندەوەیەکی ڕەخنەگرانە ئاوڕ لە هێڕمینۆتیکی فێمێنیزمی ئێرانی دەدرێتەوە و شیکارییەکی کورت لەمەڕ گرفتی پۆلبەندیکردن و ئەولەویەتسازییەکانیان لە نێوان هاودژیی سەرەکی (اصلی) و هاودژیی زەبەند (عمومی) دێتە بەر باس. هەڵبەت شرۆڤەی دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» لە بەستێنی کۆمەڵگای ئێران و دەرفەت و مەترسییەکانی ئابستراکسیۆنی ئەم دروشمە لە گەمەی هاوکێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا، دوا وتەی ئەم وتارە دەبێت.


حیجاب لە دەقەوە بۆ پراکتیک

پرسی حیجاب یەکێکە لەو پرسیارە ئاڵۆزانەی دین کە هەنووکەش زانایانی ئیسلامی و ڕاڤەکارانی قۆرعان لەسەری هاوڕا نین. هەر ئەم ئاڵۆزییە وای کردووە کە پرسی حیجاب ببێت بە دیاردەیەکی نێوان دینی. مەبەست لە نێوان دینی بوونی حیجاب ئەوەیە کە ئەم دیاردەیە – بێجگە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە هیچکام لە وڵاتانی ئیسلامی نەبووەتە یاسا و بنەما و ڕادەی حیجاب بە پێی شەرع و لە ڕێگای ڕاڤەی مەرجەعەکانی دین دیاری دەکرێن و لە ئەنجامدا بڕیاری حیجاب لە هێندێ وڵاتی ئیسلامی شل و لە هێندێ وڵاتدا توندە. یەکێک لەو هۆکارانەی کە بڕیارەکانی (ئەحکام) دینی لە زۆربەی وڵاتانی ئیسلامیدا نابێت بە بڕیار و لە یاسادا ناچەسپێت، چۆنایەتیی ڕاڤەکردنی ئەو بڕیارانەیە و هەروەها تیۆریزەکردنی بنەما و کانسێپتە ئەخلاقییەکانی پشت وەها بڕیارێکە. بۆ نموونە پرسی حەرام کردنی کوشتن، دزی، تاڵان، دەستدرێژی و هتد سەرچاوەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ دینە ئاسمانییەکان، بەڵام ڕاڤە ئەخلاقییەکانی ئەو تاوانانە، پەیوەندیی بە تەناهی تاک و کۆمەڵگاشەوە هەیە و تەنانەت لە یاسا سێکۆلارەکانیشدا دەیگونجێنن.

حیجاب بە پێچەوانەی بڕیارەکانی دیکەی دین لە قورعاندا، نەک هیچ کانسێپتێکی ئەخلاقیی لە پشت نییە، بەڵکوو هیچ توێژینەوەیەکی مەیدانی نەیتوانیوە بیسەلمێنێت کە ڕەچاونەکردنی حیجاب چ کاریگەرییەکی لەسەر تەناهیی کۆمەڵایەتی و پەیوەندییە مرۆییەکان دەبێت، تەنانەت لە قورعاندا وەک چەمکێکی ئابستراکتیش نەهاتووە. زۆربەی زانایانی ئیسلامی لە کاتی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ پرسیاری حیجاب، ئاماژە بە ٣٢ ئایەی قورعان دەکەن کە بە بۆچوونی ئەوان ئاماژەیان بە پۆشین کردووە. لەو ٣٢ ئایەیەی قورعاندا تەنیا ٧ ئایە بە شێوەیەکی ئاماژەیی باس لە پۆشین دەکەن و لەو ٧ ئایەیەشدا هەر ٢ ئایە بەڕوونی باس لە «واجب»بوونی داپۆشینی بەشێک لەجەستە کراوە و لە هیچکام لەو ئایانەدا ئاماژە بە «حوکم» نەکراوە (بڕوانن بۆ ئایەی ٣٠ لە سووڕەی نوور و هەروەها ئایەی ٥٩ لە سوورەی ئەحزاب). هەڵبەت ئەم ڕاڤەیە لەمەڕ ئایەکانی قورعان، دیاردەیەکی «قەدیم» نییە بەڵکوو بە بۆچوونی «امیر حسین ترکاشوند» (١٣٨٩) و «احمد قابل» (١٣٩٢)، دوو لە توێژەرانی قورعان، لەم سەت ساڵەی دواییدا هاتووەتە ڕۆژەڤەوە و پێشتر هیچکام لە زانایان و ڕاڤەکارانی ئیسلامی باسیان لە حیجاب، بەو شێوازەی ئەمرۆ دەکاردەکرێت، نەکردووە.

پێویستە ئاماژە بەوە بدرێت کە لە بەرانبەر چەمکە ناڕوون و ئاماژە ناڕاستەوخۆکانی تێکستی دینی و هەروەها دیاردە پارادۆکساڵییەکانی عەقڵی دینیدا، زانایانی ئیسلامی هەمیشە پشت بە مەنتقێکی هێرمێنۆتیک دەبەستن کە ڕەگی لە مەنتقی ئەفلاتوونیدا هەیە و بەم کارە هەوڵ بۆ پاساوهێنانەوە و، لە هێندێ دۆخیشدا بەراوردکردنی دین لەگەڵ زانست و مەعریفەی مۆدێڕن دەدەن. لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە کە پاساوە هێڕمێنۆتیکییەکانی زانایانی دین، تاچەند لەگەڵ مەنتق و پرەنسیبەکانی «تێگەیشتن»دا کە فیلسوفەکانی زانستی هێرمێنۆتیک کاریان لەسەر کردووە، کۆکە. بۆ ئەوەی وڵامی ئەم پرسیارانە بدەینەوە ناچارین بە شێوەیەکی هێرمێنۆتیکی ئاوڕ لە دیاردەی “تێگەیشتن” بدەینەوە. هەڵبەت هەوڵ دەدرێت ئەم بابەتە بە زمانێکی سادە بدوێت، چونکە سروشتی “تێگەیشتن” لە خۆیدا سادە کردنەوەیە.

گادامێر (1960) “تێگەیشتن” وەک بنەماییترین کردەوەی مرۆڤ سەیر دەکات، واتە “تێگەیشتن” ئێلێمانێکی زاتییە کە لە سەرووی ویست و ئیرادەی ئێمەوەیە. کەواتە “تێگەیشتن” لەم سۆنگەیەوە دەبێ وەک ماف ڕەچاو بکرێت، چونکە ئێلێمانێکی زاتییە و لە ئەنجامدا پەیوەندیی بە کەسایەتی و ناسێنەی (هویت) مرۆڤەوە هەیە. ئەمە ڕەهەندی جەوهەریی تێگەیشتن بوو کە دەشێ لە خانەی مافی تاکەکەسیدا پێناسەی بکەین؛ بەڵام تێگەیشتن ڕەهەندێکی کۆمەڵایەتییشی هەیە کە دەبێ لە خانەی مافی کۆمەڵایەتیدا سەرنجی پێ بدرێت. بە بۆچوونی گادامێر “تێگەیشتن” کردەوەیەکی دیالێکتیکی، مێژوویی و زمانییە و، لە ڕێگای تەعامول و دیالۆگەوە دەچیتە پێش و لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی گرێدانەوەی ڕابردوو بە ئێستاوە. ڕابردوو، هەنووکە و داهاتوو، سێ قۆناغی کاتن کە “تێگەیشتن” بە نێویاندا تێدەپەڕێت، بەڵکوو ڕەوایی وەربگرێت. ئەم قۆناغانە بێگومان کاردانەوەیان لەسەر ئێمە و ئاراستەی کەسایەتی و ناسێنەی ئێمە – چ وەک تاک و چ وەک کۆمەڵ – هەیە. ئێمە کاتێ دەگەینە “تێگەیشتن” کە ئەو فاکتۆڕانەی ئاماژەیان پێ کرا لە ئارادا بن. ئێمە کاتێ دەتوانین بڵێین لە شتێک یاخۆ بابەتێک تێگەیشتووین کە ئەو شتە پەیوەندیی بە کۆمەڵێ بابەتی دیکەوە بێت کە پێشتر لێیان ئاگادار بووین و زانیاریمان لەسەریان هەیە (Grondin, 2002).

ئەمە پێناسەیەکی سادە بوو لەمەڕ چەمکی “تێگەیشتن”، بەڵام ئەم بابەتە یارمەتی بە ئێمە ناگەیێنێت ئەگەر کارکردی “تێگەیشتن” نەزانین. کەوایە ناچارین هێندێ زیاتر لە تێگەیشتنی ئانتۆلۆژییانەی (هستی شناسی) گادامێر نزیک بینەوە. ئامانجی سەرەکیی گادامێر بۆ “تێگەیشتن”؛ ڕەچاوکردنی مەرجەکانی “تێگەیشتن” و هەروەها چۆنایەتیی گەیشتن بە ڕێکارەکانی “تێگەیشتنە”. فیلسووفەکانی پێش گادامێر، ڕوانینێکی ئێپیستمۆلۆژییانەیان (معرفە شناسی) لەمەڕ “تێگەیشتن” هەبوو، واتە تێگەیشتنیان وەک سووژە ڕەچاو دەکرد (Grondin, 1990). لەم ڕوانگەیەوە پیوەندیی نێوان ئەوکەسەی کە تێدەگەیەنێت و ئەو کەسەی کە دەیهەوێت تێبگات، وەک پەیوەندییەکی سوبژە – ئۆبژەیە. ئەم پەیوەندییە خۆی لە دوو چەشندا دەبینێتەوە:

 ١) تێگەیشتنی تیۆریک: مرۆڤ بە شێوەیەکی مێتۆدۆلۆژیک هەوڵ دەدا لە دیاردەکان تێبگات. واتە بۆ ئەوەی بزانین دیاردەکان “چین”، هەوڵ دەدەین لە گۆشەنیگای جیاوازەوە سەیریان بکەین و زەمینەکانی سەرهەڵدانی ئەو دیاردانە لەبەرچاو بگرین. لە وەها دۆخێکدا “مەبەست” بزرە و بۆئەوەی لە مەبەستی سەرەکیی دەق یاخۆ ڕووداوێک تێبگەین، دەبێ بە شێوەیەکی مێتۆدیک، بە داڕشتنی پرسیار و دۆزینەوەی نیشانەکان، لەو مەبەستە نزیک ببینەوە و لێی تێبگەین (Gadamer, 1960).

٢) تێگەیشتنی تاکتیکی: باس لە توانایی و ئیمکانە ئاراییەکان(موجود) دەکات. واتە بۆئەوەی لە شتێک تێبگەین دەبێ بزانین “چۆن” ئەم شتە ڕووی داوە، هۆکارەکان چین و لە ئەنجامدا ئێمە چۆن ڕاڤەیان دەکەین (ibid). لە وەها دۆخێکدا هەمیشە “پێشفەرزێک” یاخۆ زەمینەیەکی ئاگایی لە ئارادایە کە هایدیگێر بە “تەعبیر” ناوزەدی دەکات. بۆ ئەوەی لەم شتانە تێبگەین ناچارین بەشێوەیەکی هاوتەریب پرۆسەی تێگەیشتن ببەینە پێش، واتە تێگەیشتن لەو شتانەی کە دێنە نێو دنیای ئێمە و هەروەها تێگەیشتن لە خۆمان کە هەوڵ دەدەین لەو شتانە تێبگەین. کەواتە ڕاڤەکانی ئێمە وابەستە بە پێشفەڕزییەکانی ئێمەن (Grondin, 2002).

هایدگێر و گادامێر لەگەڵ ئەو دوو چەمکە لە “تێگەیشتن” دا هاوڕان – کە لە خانەی ئێپیستمۆلۆژیدا باسی لێ کرا و، بەرهەمی هێرمۆنۆتیکی سەدەی نۆزدەهەم بوو. بەڵام گادامێر بەم دوو چەمکە ڕاناوەستێ چونکە ئەم شێوازە ئاوڕدانەوەیەکی مێژووییە لەمەڕ “تێگەیشتن”. ئەو زیاتر سەرنجی خۆی لەسەر “پرس‌تەوەر”بوونی (مسئلە محور) “تێگەیشتن” چڕ دەکاتەوە  (ibid). هەربۆیە دوو چەمکی دیکە بۆ “تێگەیشتن” دیاری دەکات کە بریتین لە:

٣) تێگەیشتن بە شیوەی پێکهاتن (یا دیالۆگ تەوەر)، “تێگەیشتن” لە پەیوەندیی نێوان سووژە – سووژەدا دەردەکەوێت (Gadamer, 1960). لێرەوە تێگەیشتن بەرهەمی دیالۆگە و لە نێوان سووژەکان و لەسەر پرسێکی هاوبەشدا خۆ دەنوێنێت کە بەرهەمی ئەم سێکۆچکەیە:

تێگەیشتن لە هەموو دۆخێکدا پەیوەندیی هەیە بە ستاتووسی هێرمنۆتیکی “من”، واتە دۆخی هەنووکەییی “من” و ئەو شوێنەی کە “من” لێی ڕاوەستاوم. خۆ ناکرێت لە دۆخێکی بانمێژوویی (فرا تاریخی) یەوە سەیری ئێستای خۆمان بکەین. کاتێ دەڵێین تێگەیشتن هەم دیالۆگتەوەرە و هەم پرستەوەرە، یانی دیالۆگ لە چوارچێوەی “پرسیار و وڵام”دا، لە بەستێنی “سووژە- سووژە”دا و لەنێوان “من و تۆ”دا. کەوایە تێگەیشتن لەم بەستێنەوە بەمانای ڕێککەوتن و تەبایی لەگەڵ “ئەوەی دیکە”دا دروست دەبێت کە هەمیشە لەسەر پرسێکی هاوبەش دێتە ئاراوە و دیالۆگ دەیباتە پێش. هەڵبەت چۆنێتیی دەکارکردنی زمان لێرەدا زۆر گرنگە، دیالۆگێکی بەسوود لەسەر بنەمای ئەم عەقڵییەتە دەچێتە پێش کە باوەڕی بەوە هەبێت ئێمە بوونەوەرێکی مێژوویین، ناتوانین خاوەنی مەعریفەیەکی ڕەها بین، بەڵکوو لە هەموو دۆخێکدا دەتوانین هەڵە بکەین و هەڵەکانن کە ڕەوتی نزیک بوونەوەی ئێمە بەرەو “تێگەیشتن” و سنووری حەقیقەت دیاری دەکەن. بە واتایەکی دی دیالۆگ پردی نێوان من و حەقیقەتە (ibid).

٤) تێگەیشتنی دەکاربەری (کاربردی): دەبێ بۆ تێگەیشتن لەدوای پرسێک بگەڕێین  کە زادەی زەین و ستاتووسی ئەوانی دیکەیە (واتە بڕیار نییە کە تێگەیشتن بە تەنیا لە نێوان “من-تۆ” دا دەست بدا، بەڵکوو توانای تێگەیشتن بۆ ئەو کەسانەش دەست بدا کە لە دەرەوەی دیالۆگی “من/ تۆ”دان). لێرەدا دەکارکردنی تێگەیشتن بۆ ئەوە نییە کە لە باری مێژویییەوە لێی تێبگەین، بەڵکوو ئامانجەکەی ئەوەیە  کە پرسی “تێگەیشتن” لەرێگای شرۆڤە و بەڵگەمەندییەوە، ڕەواییی مێژوویی وەربگرێ. بەم چەشنە “تێگەیشتن” بەتەنیا لە خزمەتی ڕەوایی “تۆ” دا نییە (واتە خۆگێڕانەوە) بەڵکوو ئامانجەکەی بەرهەمهێنانی حەقیقەتی “من-تۆ”یە (واتە پرستەوەری) (ibid).

پرسی تێگەیشتن لە مێتۆدۆلۆژیی ڕاڤەکارانی دینیدا، نە لە ڕوانگەی ئانتۆلۆژیانە و نە لە ئاستی ئێپیستمۆلۆژییەوە نەیتوانیوە یا نایهەوێت پەیوەندییەکی سووژە – سووژە لە نێوان دەق و تێگەیشتندا چێ بکا. ستاتووسی هێرمێنۆتیکی «من» و هەروەها پرستەوەری کە لە بەستێنێکی دیالۆگییەوە تاوتوێ بکرێت و هەروەها پێشمەرجەکانی «سەردەم» لە هێرمێنۆتیکی ڕاڤەکارانی ئیسلامیدا بزرە. ئەو ڕەوەندەی کە لە کۆنەوە و لە قوتابخانەی ڕاڤەکارانی دینییدا باو بووە، هەنووکەش لە دوالیزمێکی بێنێوەرۆکدا چەقی بەستووە کە هەم هەوڵ بۆ پاراستنی دەقە پیرۆزەکان لە کۆنتێکستی مێژووییدا دەدات و هەم پێداگری لەسەر پرسی «باوەڕ» دەکات؛ واتە مرۆڤ ئازادە باوەڕی بەو دەقە پیرۆزانە هەبێ یا نەبێت، بەڵام لەسەر پرسی حەقیقی بوونی تێکستە دینییەکان ڕانامێنێت. ڕاڤەکارانی دینی لە ڕێگای وەها مێتۆدۆلۆژییەکەوە دەیانهەوێت هەم تێگەیشتنی ئیستعاری لە دەقە پیرۆزەکان بپارێزن و لەهەمان کاتیشدا تەمای ئەوەیان هەیە کە خەڵک باوەڕ بە واقعی بوونی دەقەکان بکەن. وەها خوێندنەوەیەک بۆ تێگەیشتن، نەک ڕێگا بۆ خوێندنەوەی سەلیقەیی خۆش دەکات، بەڵکوو دەرفەت بە پێکهاتە سیاسییەکانیش دەدات کە بە پێی دۆخی سیاسی، بەرژەوەندیی گروپی و هەروەها نێوەرۆکی ئایدیالۆژیکیی خۆیان، سنووری نێوان ئیختیار و ئیلزامی هاووڵاتیان دیاری بکەن.


حیجاب لە کێشەی نێوان نەریت و مۆدێرنیتەدا

بە پێی بۆچوونی ترکاشوەند (١٣٨٩) دەکارکردنی حیجاب بەو شێوازەی ئەمڕۆ باوە و لە بڕیارە دینییەکاندا ئاماژەی پێ دەکرێت، لەم سەت ساڵەی دواییدا هاتۆتە ئاراوە. موتەهەری لە کتێبی «مسئلە حیجاب»دا کە کۆکراوەی وتەکانیەتی لەمەڕ حیجاب، باس لەوە دەکات کە پێشتر و لە کتێب و ڕیساڵە دینییەکانی زانایانی ئیسلامیدا تەنیا ئاماژە بە «ستر صلاتی» واتە خۆداپۆشین لە کاتی نوێژدا و هەروەها «غیر صلاتی» واتە لە بۆنەکانی خوازبێنی کردن و مارەکردندا باو بووە (مطهری. لا ٤٣٠). پرسیارەکە ئەوەیە کە لە ماوەی ئەو سەت ساڵەدا چی ڕووی داوە کە زانایانی ئیسلامی و ڕاڤەکارانی قورعان بیری حیجاب دەکەونەوە و لەوەش گرنگتر پرسی حیجاب تا ڕادەی ئایدیالۆژی بەرز دەبێتەوە؟ ئەمە لە کاتێکدایە کە چاوپۆشی لە زۆر یەک لە پرسە «واجبەکان»ی قورعان کراوە.

بۆ تێگەیشتن و وڵامدانەوە بەم پرسیارە، ناچارین لە بەستێنی تیۆریی گەشەسەندوویییەوە ئاوڕێک لەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییانە لە جیهان و هەروەها تەعامولی نێونەتەوەیی لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتاکانی سەدەی بیستەم بدەینەوە. بۆ ئەوەی بابەتەکە ئاڵۆز و لە هەمانکاتدا درێژ نەبێتەوە، هەوڵ دەدەم ئەو گۆڕانکارییانە و کارتێکەرییەکانی، لە سەر کەیسێکی تایبەتدا تاوتوێ بکەم کە پەیوەندیی بە کۆمەڵگای ئێرانەوە هەیە. هەژماری توێژینەوە و کاری مەیدانی لەم بوارەدا گەلێ زۆرن و هەڵبەت ڕوانگەکانیش فرەچەشنن. کەوایە ئاماژەدان بە گشت گۆشەنیگاکان لە وتارێکی وەها کورتدا ئاسان نییە، بەڵام سەردێر و نێوەرۆکی ئەم بابەتە یارمەتیمان دەدات کە لە دوای تیۆرێک بگەڕێین کە لەگەڵ تێمی بابەتەکە و هەروەها ئەو قۆناغە مێژووییەدا تەبا بێت و لە ئەنجامدا بمانگەیەنێتە تێگەیشتنێکی ڕوون. بۆ ئەم مەبەستە لە ڕوانگەی تیۆریی گەشەسەندووییەوە هەوڵ دەدەم ڕەگەکان و پاڵنەرەکانی هاتنەئارای پرسی حیجاب شرۆڤە بکەم. بۆ ئەم مەبەستە توێژینەوەیەکی کامران مەتین کە لە زانکۆی ساکسێکسی بریتانیا و لە ساڵی ٢٠١٣دا چاپ و بڵاو بووەتەوە، وەک بنەما بۆ تێگەیشتن لەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییانە، لەبەرچاو دەگرم. بە بۆچوونی مەتین (٢٠١٣) سترۆکتۆر و دینامیزمەکانی گۆڕان لە کۆمەڵگای ئێران وەهایە کە هەمیشە بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان بە ئاقارێکدا دەبات کە بەردەوام گەشەسەندووییەکی لاسەنگی لێ دەکەوێتەوە.

 هەڵبەت گۆڕانە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکان لە جیهاندا هەر لە پەیوەندی بە یەک دینامیزمی تایبەتەوە نایەنە دی، چونکە کۆمەڵگاکان فرەچەشنن. لە هەر قۆناغێکی مێژووییدا ئێمە لەگەڵ چەند کۆمەڵگەی مرۆیی بەرەوڕوو دەبینەوە کە مۆرک و تایبەتمەندیی خۆیان هەیە و لە ئەنجامدا بە ئاراستەیەکدا گەشە دەکەن کە ئامێر و بەستێنە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان بۆی دیاری دەکەن. هەڵبەت ئێمە دەزانین کە تەعامولی نێونەتەوەیی، کاریگەریی لەسەر دینامیزمە دەروونییەکانی کۆمەڵگاکانی دیکەش هەیە. کەوایە پرسی گۆڕانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ژێر سریمەی دوو پاڵنەری سەرەکییە، واتە: دینامیزمە نێوخۆیییەکان و هەروەها تەعامولە نێونەتەوەیییەکان.

وڵاتی ئێران لە سەرەتای سەدەی بیستەم، لە کاتێکدا بەرەو مۆدێڕنیتە هەنگاو دەنێت کە بە بۆچوونی کامران مەتین، دوو ڕووداوی گرنگی مێژوویی باڵی بەسەر گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و پیشەیییەکان لە جیهاندا کێشاوە. لە لایەکەوە بزاڤێکی لیبرالیستی هەیە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٢٠٠ ساڵ و بریتانیا لە چەقی ئەو گۆڕانکارییەدایە و لە لاکەی دیکە، ڕووسیە هەیە کە بە شۆڕشێکی پیشەسازی و بە خێرایییەکی سەرسامهێنەر مۆدێڕن دەبێتەوە و هەروەها بە دامەزراندنی سپایەکی تۆکمە و مۆدێڕن، زەمینەکانی جیهانی دوو جەمسەری فەراهەم دەکات. یەک لەو ڕووداوە گرنگانە کە بە بۆچوونی مەتین لەنێو وەها تەعامولێکی نێونەتەوەییدا هاتووەتە ئاراوە، دیاردەیەکە بەناوی «مەشرووتە» لە ئێراندا. ئینقلابی مەشرووتە لە ڕاستیدا کاردانەوەیەک بوو بۆ ئەو تەعامولە نێونەتەوەیییە، بەڵام نابێ چاوپۆشی لە دینامیزمە دەروونییەکانی وەها گۆڕانێکیش بکەین. لە ئاکامی وەها تەعامولێکی نێونەتەوەییدایە کە حکومەت لە ئێران – بە بۆچوونی مەتین، ناچار دەبێت بیر لەوە بکاتەوە کە لەنێوان دوو بەرداشی سەردەمدا چۆن ئێلیتی سیاسی و سترۆکتۆری دەسەڵاتەکەی بپارێزێت. بۆ ئەم مەبەستە کۆمەڵێ گۆڕانکاری لە سیستەمی بەڕێوەبەریدا دەکەن، بۆ نموونە دامەزراندنی پارلمان و هەروەها سیستەمێکی مۆدێڕن کە «عباس میرزا» پێشینیاری کرد. بەڵام ئەم گۆڕانکاریانە چونکە زەمینە کۆمەڵایەتییەکەی ئامادە نەبوو، نەیدەتوانی دەسەڵات لەبەرانبەر کارتێکەرییەکانی ئەو دوو بەرداشەی سەردەمدا بپارێزێت. کەوایە بیریان لە دامەزراندنی سوپایەکی بەهێز کردەوە و ئێمە دەزانین کە بۆ ئەم مەبەستە دەبێ دەسەڵات پارەی هەبێت. کاتێ ئاوڕ لە دۆخی ئابووریی ئێران لە سەردەمی قاجارەکاندا دەدەینەوە، دەبینین کە دامەزراندنی وەها سپایەک خەیاڵی بوو. لەو کاتەوە کە ڕێگای دەریاکان، پەیوەندیی بارزگانیی نێوان ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی پێکەوە بەستەوە و، جادەی ئاوریشم بڕەوی نەما و لە ئەنجامدا حکوومەتی سەفەوییەکان تووشی نسکۆ هات، ئێران قەت نەیتوانی لە باری ئابوورییەوە بگەڕێتەوە بۆ دۆخێکی جێگیر. کەوایە حکوومەتی قاجارەکان دوو ڕێگای لەبەر بوو بۆ ئەوەی دەسەڵاتەکەی لەو دۆخە نێونەتەوەییەدا بپارێزێت، یا لە ڕێگای وەرگرتنی ماڵیاتەوە کار بۆ دامەزراندنی سپایەکی بەهێز و مۆدێڕن بکات یا پەنا بۆ هاوسەنگییەکی دیپلۆماتیک ببات (Matin 2013). قاجارەکان ڕێکاری دووهەم هەڵدەبژێرن و لە ماوەی دەسەڵاتەکەیاندا هێندێ جار سەروەریی سیاسیی خۆیان بە ڕووسەکان دەبەستنەوە و هێندێ جاریش پەنا بۆ بریتانیاییەکان دەبەن.

پرسیارەکە ئەوەیە کە بۆچی حکوومەتی قاجارەکان ڕێکاری یەکەم واتە وەرگرتنی ماڵیاتیان هەڵنەبژارد؟ هۆکارەکە بە بۆچوونی مەتین چینە کۆمەڵایەتییەکان و بە تایبەت مەرجەعییەتی شیعە بوو کە لەو سەردەمەدا نزیک بە ٢٠%ی زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئێران لە تاپۆیاندا بوو. لەو سەردەمەدا ئیئتلافی نێوان فیۆداڵ و مەرجەعییەتی شیعە کارێکی کرد کە پرۆژەی چاکسازیی حکوومەتی قاجار فەشەل بێنێت و لە ئەنجامدا حکوومەت پەنای بۆ هاوسەنگییەکی دیپلۆماتیک برد. بەڵام ئەم دۆخە گرفتێکی گەورەی لێ کەوتەوە کە پەیوەندیی بە سەروەریی سیاسییەوە هەبوو. لەوەش گرنگتر ئیئتلافی چینە کۆمەڵایەتییەکان بوو کە لەو سەردەمەدا نەچوونە پشت پرۆتۆکۆڵە سیاسی و گرێبەستە نێونەتەوەییەکانی حکوومەتی قاجار و لە ئەنجامدا هێژمۆنی ئەم پێکهاتانە باشتر دەرکەوت. لە زۆربەی توێژینەوەکان کە ئاماژە بەم سەردەمە دەدەن، باس لە پاشاگەردانی و ئاڵۆزییەک دەکەن کە بە کردەوە دەسەڵاتی بەسەر دوو پێکهاتەی مەرجەعییەتی شیعە و ئێلیتی سیاسیدا دابەش کردبوو.

باسمان لە فاکتۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و کارتێکەرییان لەسەر گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان کرد لە ئێراندا، بەڵام ئاماژەدان بە سترۆکتۆری نێوخۆی ئێرانیش، کە وەک گشت نموونەکانی دیکەی جیهان هەمیشە فۆرمێکی پێکهاتەیی یا هایبریتی هەیە، پێویستە. ئەگەر قایل بەم فاکتۆرە بین ئەوا دەبێ سەرنج بەم خاڵەش بدەین کە ئەو پێکهاتانە تاچەند توانیویانە بە شێوەیەکی ئۆرگانیک و لە بەستێنی کۆمەڵگای خۆیانەوە ئەو هاودژانە بەرهەم بێنێتەوە و چۆنیان چارەسەر بکات. ئەگەر بۆ نموونە ڕوانگەی مارکس بکەین بە بنەما، ئەوا ئینقلاب سەنتێزێک بۆ ئەو هاودژانە دەبینێتەوە. کەوایە ئەو دیاردەیەی کە وەک ئینقلابی مەشرووتە ناوزەد کرا، کاردانەوەیەک بوو لەهەمبەر وەها هاودژییەک کە لەو سەردەمەدا و لە بەستێنی کۆمەڵگای ئێراندا بەدی دەکرا. هێژمۆنیی شەرع و هەروەها دەسەڵاتی ئابوریی مەرجەعییەتی شیعە لەو سەردەمەدا ڕێگای لەوە دەگرت کە ئێرانیش وەک تورکیە بەرەو سێکۆلاریزم هەنگاو بنێت (Matin 2013). لە ئەنجامی ئەو هاوسەنگییە لە هێزدا، مەرجەعییەتی شیعە توانی لە سەردەمی مەشرووتەدا ئانتی تێزێک بەناوی «مەشروعە» بەرهەم بێنێت. مەشرووعە لە ڕاستیدا کاردانەوەیەک بوو لەبەرانبەر سێکۆلاریزەکردنی دەسەڵات و هەروەها سڕینەوەی مەرجەعییەتی شیعە لە دەسەڵاتی سیاسیدا.

کودیتاکەی ٣ی ڕەشەمەی ١٢٩٩ی هەتاوی کە لەودا «ڕەزا خانی میرپەنج» (رەزا شا) و «سید زیائەدین تەباتەبایی» کۆتاییان بە دەسەڵاتی قاجارەکان هێنا، ئەگەرچی توانی مەرجەعییەتی شیعە لەباری سیاسییەوە بخاتە پەڕاوێزەوە بەڵام نەیتوانی پێگەی ئابوورییان لاواز بکات. سەرەڕای کورت کردنەوەی دەستی مەرجەعییەتی شیعە لە سیاسەتدا، کەچی مەرجەعییەتی شیعە و فیۆدالەکان، بە بۆچوونی مەتین، پشتی ڕەزاخانیان گرت و هۆکارەکەش هەم پاشاگەردانی بوو کە ئەوکات ئێرانی شێواندبوو، هەم فۆبیای بولشویکیزم بوو. بەم چەشنە چینی ئێلیتی سیاسی و مەرجەعییەتی شیعە و هەروەها فیۆدالەکان، پەرەسەندنی کۆمۆنیزمیان (کە ئەو کات پێیان دەگووت «ئیشتراکی»)، وەک هەڕەشەیەکی جیددی بۆ نەهێشتنی خاوەندارێتیی تایبەت دەزانی و ناچار بوون مل بە دەسەڵاتخوازیی ڕەزاخان بدەن، واتە ئەو دیاردەیەی کە کامران مەتین وەک بوناپارتیزمی ڕەزاخانی ناوەزەدی دەکات (Matin 2013).

 بەڵام بوناپارتیزمی ڕەزاخانی بە پێچەوانەی ئەو بوناپارتیزمە کلاسیکییەی کە مارکس لە پەیوەندی بە ئاڵمان و ژاپۆن باسی لێ کردووە، هیچ پەیوەندییەکی بە هاوسەنگیی هێز لە نێوان چینەکانی کۆمەڵگاوە نەبوو، بەڵکوو لە ڕاستیدا ئەوە پرسی ژیۆپۆلێتیک، واتە تەعامولی نێودەوڵەتی بوو کە دیاریی دەکرد قەوارەی سیاسیی حکوومەتی ڕەزا خان چۆن دابمەرزێت. بەم چەشنە فۆبیای کۆمۆنیزم دەستی ڕەزا شای ئاواڵە کرد کە بە تۆپزی و لە ڕێگای زەبروزەنگەوە پڕۆژەی تیپیکاڵی مۆدێڕنیتە بباتە پێش و چاوپۆشی لە بەستێنی گەشەی کولتووری و سیاسیی کۆمەڵگا بکات. واتە مۆدێڕنیتەیەکیان لەسەر کۆمەڵگای ئێران دەچەسپاند کە نەک زەمینەکانی گەشەی بەر-سەرمایەداریی تێدا بەدی نەدەکرا، بەڵکوو لەباری کولتوورییشەوە گەلێک نامۆ بوو بە دیاردە و هزرە مۆدێڕنەکان. یەک لە دەرەنجامەکانی وەها مۆدێڕنیزاسیۆنێک دیاردەیەک بوو بەناوی «کەشفی حیجاب»، واتە یاسای لادانی چارشێو و ڕووبەند لەسەر ژنان. ڕەزا شا ویستی بە یەک شەو و لە ڕێگای زەبروزەنگەوە، نەریتێکی پۆشین لە کۆمەڵگادا بگۆڕێت کە ڕێگایەکی هەزار ساڵەی پێوابوو. ئەم پرۆسەیە لە کاتێکدا دەست پێدەکات کە ئێلیتی سیاسیی ئەوکات هیچ کارێکی بۆ هاوبەشکردنی ژنان لە گەشەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و تەنانەت ئابوورییشدا نەکردبوو. کامران مەتین لە کتێبەکەیدا ئاماژە بە قسەیەکی دویچێر (١٩٦٧) دەکات کە وابزانم وەک مێتافۆرێک بۆ ئێرانی ئەوکات دەگونجێت. دویچێر دەڵێ بەرلەوەی خەڵک لە نێوەرۆکی دەوڵەتی مۆدێڕن تێبگات، قەوارەکەیان دامەزراند (ibid). لێرەوە نەک جەستەی ژن، بەڵکوو ئۆبژایەتیی ژن دەبێت بە سەنگەری مۆدێڕنیزمە بۆناپارتییەکەی ڕەزا شا و چیرۆکی حیجابیش دەچێتە فازێکی دیکەوە کە لە بەشەکانی دیکەی ئەم وتارەدا زیاتر لەسەری چڕ دەبینەوە.

یەک لە دەسکەوتەکانی ڕەزا شا، لەچاو حکومەتی قاجارەکان،  ئەوە بوو کە لەگەڵ فیۆدالەکان و مەرجەعییەتی شیعە گەیشتنە ڕێککەوتنێک کە لەودا بەڕێوەبردنی گوندەکان، کە ئەو کات لە سەتا هەشتا و پێنجی حەشیمەتی ئێرانیان پێک دەهێنا، لە ڕێگای کوێخاکانەوە کە فیۆدالەکان دیارییان دەکرد، کۆنترۆڵ بکات و چونکە مەرجەعییەتی شیعەش لە سەتا بیستی مڵکەکانی لە دەستدا بوو، شموولی وەها ڕێککەوتنێک دەبوون. بە واتایەکی دی دەسەڵاتی سیاسی لە دەستی ڕەزا شادا بوو بەڵام بەڕێوەبردنی ٨٥% وڵات لەدەستی فیۆدالەکاندا و لەژێر ئامۆژگاریی مەرجەعییەتی شیعەدا بوو. کەوایە ٨٥%ی کۆمەڵگای ئێران لە دۆخی فیۆدالیدا چەقیون و لە کاروانی دۆخی مۆدێڕنیتەی ڕەزاخان بەجێ دەمێنن. ئەمە لە خۆیدا دەکرێ وەک دابەشکردنی کار – لە ڕوانگەی دورکهایمییەوە- پێناسە بکەین لە نێوان ڕەزا شا و فیۆدالەکان و مەرجەعییەتی شیعەدا. لێرەوە ئێمە لەگەڵ ئێئتیلافێکی سێکۆچکەیی لە نێوان ئێلیتی سیاسی، فیۆدالەکان و مەرجەعییەتی شیعە بەرەوڕوو دەبینەوە کە لە لایەکەوە مەشرووعییەتی بە دەسەڵاتی سیاسیی ڕەزاشا دەدا و لە لاکەی دیکەش دەسمایەی فیۆدال و مەرجەعییەتی شیعە بەرز دەبووەوە (ibid). دەرکەوتەی وەها ئیئتلافێک، بە بۆچوونی من، لەوەدا بوو کە نەک فۆبیای کۆمۆنیزم ڕەوییەوە بەڵکوو لەسەر یاسای کەشفی حیجابیش ڕێککەون. بەڵگە مێژووییەکان پێمان دەڵێن کە لەوکاتەوە مەشرووعییەتی سیاسیی ڕەزاشا لە لایەن مەرجەعییەتی شیعەوە پەسند کرا، پرسی یاسای کەشفی حیجاب بەو تەوژمەی جاران نەما و کەم کەم لە ڕێگای ڕێککەوتنێکی نەنووسراو لە نێوان ئێلیتی سیاسی و مەرجەعییەتی شیعەدا، پرسی حیجاب لۆکالیزە دەکرێت. واتە نەبوونی حەساسییەتی مەرجەعی شیعە بە نۆرمالیزەکردنی بێ حیجابی لە ناوەندە ئیدارییەکان کە سیمبولی مۆدێڕنیتە بوون و لەهەمان کاتدا نەمانی حەساسییەتی ئێلیتی سیاسی بە حیجاب لە ناوچە پەڕاوێزەکانی دەسەڵات کە دواجار بوو بە گەورەترین پێگەی سیاسی بۆ مەرجەعییەتی شیعە.

لە کۆتایی سییەکاندا و بەتایبەت دوای میللی کردنی نەوت لە دەوڵەتی “موسەدیق”دا کە بەشەداهاتی نەوتی ئێران ڕووی لە هەڵکشان کرد، پەهلەویی دووهەم ئیتر بەو قەناعەتە گەیشت کە پێویستی بە ئیئتلافە سێکۆچکەکەی سەردەمی ڕەزا شا نەماوە. مەحەمەد ڕەزا پەهلەوی بە ڕادەی پێویست دەسەڵات و هەروەها لەباری ئابوورییەوە دەوڵەمەند بوو کە بە تەنیایی دەسەڵات بەڕێوە ببات و چاوپۆشی لەو چینە کۆمەڵایەتییانە بکات کە ڕۆڵێکی گرنگیان لە دامەزراندنی دەسەڵاتی ناوەندی لە ئێراندا هەبوو. پڕۆژەی پیشەسازی لە ئێران و بەدوایدا ئینقلابی سپی کە بوو بە هۆی هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی فیۆدالیزم، دەرەنجامی وەها گەشەیەکی ئابووری بوو. شای ئێران لەم قۆناغەوە هەوڵ بۆ سڕینەوە ڕۆڵی بازاڕ و هەروەها مەرجەعییەتی شیعەش دەدات و لە ئاکامدا کار بۆ پەرەدان بە ناوەندە پیشەییەکان دەکات کە دەکرێ وەک سەرهەڵدانی کاپیتالیزم لە قەوارەیەکی بچووکدا سەیر بکرێت (ibid). لەگەڵ گەشەکردنی کاپیتالیزم، فۆرمی چینایەتیی کۆمەڵگاش گۆڕانی بەسەردا دێت و لە ئەنجامدا ناوەند و دامەزراوە نەریتییەکان کە مێژوویەکی ٢٠٠ ساڵەیان هەبوو، تووشی گرفت دەبوون. ئەم ڕەوەندە بە ئاقارێکدا تێدەپەڕی کە بە بۆچوونی کامران مەتین، بەرژەوەندییەکانی بازاڕ لە پێناو چینێکی سەرمایەداردا تووشی زەرەر دەبوو کە بەو قەوارە بچووکەیەوە بەتەمابوو هێدی هێدی ئاوێتەی سەرمایەداریی جیهانییش ببێتەوە. سروشتییە کە وەها پرۆژەیەک هەڕەشە بێت بۆ بازاڕ چونکە نەک بازرگانیی کلاسیکی ئێرانی دەگۆڕی بەڵکوو سیستەمی بازاڕیش تووشی گۆڕان دەبوو (ibid). هەڵبەت ڕەوتی گەشەی سەرمایەداری لەو وڵاتانەی کە لە قۆناغی گەشەدا بوون، وێنەیەکی سێکۆلار و لەهەمانکاتدا گۆڕانێکی بنچینەیی لە کولتوورریشی لێ دەکەوێتەوە کە وەک پێشمەرجی گەشەسەندوویی پێناسە دەکرا. یەک لەو دیاردانە پۆشاکی ژنان، مافی دەنگدانی ژنان و هەروەها هاوبەشکردنی ژنان لە دامەزراوە مەدەنی و ئابوورییەکاندا بوو. یەک لەو دیاردانەی کە بە بۆچوونی من جێگای پرسیارە، مافی دەنگدان و هاوبەشکردنی ژنان بوو لە سیستەمی بەڕێوەبەریدا. لە هیچ کام لە توێژینەوەکان لەسەر کۆمەڵگا و بزاڤە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران، تا ئەو سەردەمە، باس لە بزاڤێکی فێمێنیزمی نەکراوە کە لە بنتکی کۆمەڵگاوە سەری هەڵدابێت و خەبات بۆ وەرگرتنی مافی دەنگدان، هەڵبژاردنی پۆشاک و هەروەها هاوبەشکردنی ژنان لە دیاریکردنی چارەنووسی سیاسی و بەرهەمهێناندا بکات. ڕەنگە ئەم داوایانە لە چوارچێوەی نوخبە و لە ئاستی تیۆریکدا هەبووبێت، بەڵام لە پراکتیکدا بزاڤێکی ئەوتۆ دیار نییە. کەوایە پەهلەویی دووهەم وەک نەریتی بوناپارتیزمەکەی باوکی ویستی، بە بڕیارێک و بە یەک شەو، بەرگێکی مۆدێڕن بە باڵای کۆمەڵگای ئێراندا بکات. لەم قۆناغەدا بوو کە مەرجەعییەتی شیعە بە ڕێبەرایەتیی خومەینی و هەروەها بازارییەکانی ئێران وەک پێکهاتەیەکی نەریتی، بە دژی ئینقلابی سپی ڕاپەڕین و هەراکەی جۆزەردانی ١٣٤٢ی هەتاویی لێ کەوتەوە. لەم قۆناغەشدا دیسان ژن دەبێتە ئۆبژە بۆ ململانەی نێوان مۆدێڕنیزم و نەریتخوازەکان. خومەینی لە ڕاگەیاندنەکەیدا بە ڕاشکاوییەوە گلەیی لە مافی دەنگدان بۆ ژنان دەکات و ئەم یاسایە وەک هەڕەشە بۆسەر دینی ئیسلام پێناسە دەکات. ئەگەرچی بە هۆی دوورخستنەوەی خومەینی لە ئێران هەراکەی جۆزەردانی ١٣٤٢ نیشتەوە، بەڵام لە بنتکی کۆمەڵگادا هەست بە جووڵەیەکی کۆمەڵایەتی دەکرا کە تا ئینقلابی ١٣٥٧ی هەتاوی، دوو باڵی چەپ و ڕاستی ئیسلامی لە کۆنتێکستێکی عیرفانی و دژ بە نمادەکانی مۆدێڕنیزم ئاوێتەی یەک کرد. خاڵێکی گرنگی دیکە بۆ وەها ئاوێتەبوونێک دیسکۆرسێک بوو بە ناوی «غرب زدگی». بەرهەمی ئەم گوتارە، دژایەتیکردنی گشت سیمبول و ئەو وێنانە بوو کە وەک هێمای ڕۆژئاوایی و کاپیتالیزم پێناسە دەکران. لەم سۆنگەیەشەوە ئۆبژەبوونی ژن تۆختر دەردەکەوێت و لە ڕاستیدا هیچ شتێک بە ڕادەی جەستەی ژنان نەیدەتوانی لە وێناکردنی ئەم کۆنتراستەدا کاریگەر بێت. واتە کۆنتراستی نێوان ژنانی سەر و باسک ڕووتی مۆدێرن لەهەمبەر ژنانی لەچکە بەسەر و چارشێو پۆش کە ئامادە نەدەبوون هێماکانی کاپیتالیزم و مۆدێڕنیزمی نامۆ بە کولتوور و نەریتی ئێرانی بسەلمێنێت. ئەم ڕەوەندە یارمەتی بە پۆلاریزەکردنی کۆمەڵگای ژنانی ئێرانی دەدات کە بەسەر دوو باڵی ناتەبا بەیەک دابەش بن: باڵێکی کەمینە کە سیمبولەکانی ڕۆژئاوا وەک کولتوور پەسند دەکات و لە ڕۆژنامە، گۆڤار، شاشەکانی تیڤی و فیلمە گیشەییەکانی سینەمادا فۆکووسیان لەسەر دەکرا و، باڵێکی زۆرینەش کە لە پەڕاوێزی شار و گوندەکان فەرامۆش کرابوون و پشتیان لە بەها و نۆڕمە نەریتییەکان نەدەکرد. لە ئاکامی ئەم کۆنتراستەدا، ئێئتلافێک لە نێوان بازاڕییەکان و مەرجەعییەتی شیعەدا پێکهات بۆ بەرەنگاربوونەوەی کاپیتالیزمە کۆمپرادۆرەکەی شای ئێران. خومەینی لەم ئیئتلافەدا وەک ئیدۆلۆگی ئینقلاب پەرەی بە تێزی حکومەتی ئیسلامی دەدا و بازاڕییەکانیش لە ڕێگای پشتگیریی داراییەوە زەمینەیان بۆ پراکتیزەکردنی وەها تیۆرییەک خۆش دەکرد (ibid). هەڵبەت پرۆسەی کاپیتالیزمی تازەدامەزراوی ئێران و ڕەوەندی ئاوێتەبوونەکەی لەگەڵ کاپیتالیزمی جیهانی، گشت ڕەوتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیشی بەو ئاقارەدا دەبرد کە پێداچوونەوەیەک لە گوتار و ئایدیالۆژی و سیاسەتەکانیاندا بکەنەوە، لەهەمبەر وەها گەشەسەندووییەکی لاسەنگدا هەڵوێستە بکەن و بە ناچاری ڕەگەڵ ڕەوتێکی نەریتخواز بکەون کە لە باری ئایدیالۆژی و دۆخی چینایەتییدا نامۆبوون بە یەک.

وەک لەم بەشەی وتارەکەدا دەردەکەوێت، پرۆسەی مۆدێڕنیزاسیۆنی ئێران نەک بەرهەمی هاودژییەکەی دیالێکتیک نەبوو کە لە ڕێگای ئینقلابەوە بگاتە سەنتێز و زەمینەکانی تێپەڕین لە نەریتخوازی فەراهەم بکات، بەڵکوو پرۆژەیەک بوو بۆ پتەوکردنی دەسەڵاتێکی ناوەندخواز کە گرفتاری مەشروعییەتی سیاسیی هەبوو. چ لە سەردەمی ڕەزا شا و چ لە سەردەمی پەهلەویی دووهەمدا مۆدێڕنیزم وەک ستراتێژی لە خزمەتی سڕینەوەی ڕکابەرە سیاسی و چینە کۆمەڵایەتییەکاندا دەکار کراوە و مەجالی بۆ ئەوە نەهێشتووەتەوە کە دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان و چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بە ڕەوەندێکی ترانسێنداڵیدا تێپەڕ بن و لە دۆخی بەر-سەرمایەداریدا قاڵ ببنەوە. لە وەها دۆخێکدا سروشتییە کە پرسی گەشەسەندوویی بە شێوەیەکی لاسەنگ بچێتە پێش و بەرچاوترین قوربانییەکانی ئەم سیاسەتەش ژنان بوون.


حیجاب وەک سیاسەت

ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٦دا، بە بۆچوونی زۆر یەک لە کارناسان، کاردانەوەیەک بوو لەهەمبەر گەشەسەندوویی لاسەنگ. لەگەڵ ئەوەیدا کە کۆمەڵگای ئێران لە پەنجاکاندا، لەباری خۆشبژێوی و ئازادییە کۆمەڵایەتییەکاندا، لەگەڵ هیچ کام لە قۆناغە مێژووییەکانی ئێران بەراورد نەدەکرا، بەڵام ئەم گەشەسەندووییە چاوپۆشی لە ئێلێمانێکی گرینگ کردبوو بە ناوی ئازادییە سیاسییەکان کە ئەو کات سیاسەتی سانسۆر و سەرکوتی حکوومەت ڕێگریی دەکرد لە دامەزراوەخوازیی سیاسی. حکومەت کاتێ ملی دا بە ویستی ئێلیتی سیاسی، کە ڕاپەڕینەکان چووبوونە نێو قۆناغی ئینقلابییەوە و بۆ هەموومان ڕوونە کە لە وەها دۆخێکدا مەجال بۆ پرسی چاکسازی و گەشەسەندووییی هاوسەنگ نامێنێت. ئینقلابی ١٣٥٧ جیهانی سەرسام کرد، بەتایبەت پرۆژەی دژە مۆدێڕنیتەی ئەم ئینقلابە کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ نێوەرۆکەکەی ڕوونتر دەبووەوە.

لە شازدەی ڕەشەمەی ١٣٥٧، واتە بیست و شەش ڕۆژ بە دوای سەرکەوتنی ئینقلابی ئێران، «خومەینی» لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ فەقێکانی شاری قوم باسی لەوە کرد کە «پێویستە ژنان بە حیجابی ئیسلامییەوە دەرکەون… دەبێ ژنان هەڵسوکەوتیان بگۆڕن… هێندێ زانیاریم دەگاتە دەست کە کارمەندە ژنەکان لە وەزارەتی دەرەوە بە ڕووتی دەچنە سەر کار… ژنان بۆیان هەیە لە کارەکۆمەڵایەتییەکاندا بەشدار بن، بەڵام بە حیجابی ئیسلامییەوە.» (رۆژنامەی کیهان، ١٧ی ڕەشەمەی ١٣٥٧). لەم لێدوانەدا بوو کە بۆ یەکەم جار تێرمێک بەناوی حیجاب دێێتە ڕۆژەڤەوە و خومەینی وەک ئۆلتیماتۆم ئاراستەی کۆمەڵگای دەکات. ئەو قسانەی خومەینی لە کاتێکدایە کە زانایانی ئیسلامی لەسەر حیجاب و سنوور و ڕادەی حیجاب کۆک نەبوون. دوابەدوای ئەو قسانە هەرایەک لەنێو کەشی سیاسیی ئێراندا سەر هەڵدەدات و بەشێک لە ژنان کە زۆربەیان کارمەندی دەوڵەتی بوون (بە پێی ڕێپۆرتاژی ڕۆژنامەکانی ئەوکاتی ئێران) لە شارەکانی تاران، سنە، کرماشان، ورمێ، ئیسفەهان و بەندەر عەبباس دژکردەوەیان پێشان دا و ڕژانە سەر شەقام. وتووێژەکەی «مەحموود تاڵەقانی» لەگەڵ ڕۆژنامەی کەیهان دۆخەکەی هێوڕ کردەوە و ناوبراو باسی لەوە کرد: «… لە ئیسلامدا حیجابی زۆرەملی نییە و هەتا ئێستاش زانایانی ئیسلامی لەسەر وەها بڕیارێک کۆک نین… ئیمام نەسیحەتێکی باوکانەی کردووین و هیچ گرفت نییە کە خانمەکان لەبەر ڕێزی قسەکانی ئیمام و خۆشیان لەچکەیەکی تەنک لەسەر بکەن… بەم کارە ڕێز لە کەرامەت و کەسایەتیی خۆیان دەگرن…» (کیهان، ژمارە ١٠٦٥٨، لا ٣، ٣٠ ڕەشەمەی ١٣٥٧). لەوە سەرنجراکێشتر هەڵوێستی بەشێک لە ژنانی مۆدێڕن و کەسایەتییە چەپ و دژە ئیمپرالیستییەکان بوو. بۆ نموونە «ئیسلام کازمیە» (١٣٠٩- ١٣٧٦) یەک لە کەسایەتییە چەپەکان و چالاک لە کانوونی نوسەرانی ئێران، لە وتارێکی لە ڕۆژنامەی کەیهاندا پرسی هێنانە ئارای پۆشینی ژنانی وەک شتێکی لاوەکی و  خۆڕانانی ڕۆشنبیرانە پێناسە کرد کە نامۆیە لەگەڵ واقیعەکانی کۆمەڵگا (کیهان، ٣١ اسفند ١٣٥٧). هەروەها زۆر یەک لە ڕووناکبیرانی چەپ و ڕاست مافی بڕیاردان و ئازادیی ژنان لەمەڕ پۆشینیان لە گۆشەنیگای تیۆری «غرب زدگی»یەوە شروڤە دەکرد و دواجار بەو ئاکامە گەیشتن کە هەرای حیجاب لەمپەرە بۆ خەباتی دژە ئیمپریالیستی ئینقلاب.

 شەڕی سێ مانگەی کوردستان و شەڕی تورکمەن سەحرا، کێشەی حیجابی دیزەبەدەرخۆنە کرد، بەڵام مەرجەعییەتی شیعە لە پرۆژەکەی خۆیان بۆ داسەپاندنی حیجاب نەوەستان و دواجار لە ساڵی ١٣٦٢ یاسایەکیان بۆ حیجاب پەسند کرد. یەکەم یاسایەک کە لە پەیوەندی بە حیجابدا پەسند کرا، لە مادەی ١٠٢ی یاسای تەعزیرات دیاری کرا و دواتر لە ساڵی ١٣٧٥دا وەک تەبسەرەیەک بە مادەی ١٤١ی یاسای سزادانی ئیسلامییەوە زیا کرا و سزای ڕەچاونەکردنی حیجابیش ٧٤ زەربە قەمچی بوو.  بەم کارە کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەدوای عەرەبستانی سەعوودیدا دووهەم وڵاتی ئیسلامی بوو کە یاسای بۆ حیجابی زۆرەملی دادەنا. عەرەبستانی سەعوودی لە ساڵی ١٣٩٨ یاسای حیجابی زۆرەملیی هەڵوەشاندەوە و ئێستا کۆماری ئیسلامیی ئێران تاکە حکوومەتە لە دنیادا کە بە زمان و میکانیزمی یاسا، ژنان ناچار دەکات چی لەبەر کەن و چۆن دەربکەون.

وەک پێشتر باس لە کێشەی ڕاڤەکردنی حیجاب لە قورعاندا کرا و هەروەها بە پێی ئەو کورتە باسەی کە لە سەرەوە ئاماژەی پێ درا، لەمەڕ ڕۆژژمێری چەسپاندنی حیجابی زۆرەملی، دەبینین کە سیاسەتی حیجاب بە ڕەوەندێکی سینووسیدا چووەتە پێش. واتە بە پێی دەرفەت و بە پێی دۆخە سیاسییەکان پرسی حیجاب هێندێ جار شل و جاری واشە توند بووە، بەڵام ئێستاشی لەگەڵدا بێت حیجاب یەکێکە لەو بابەتانەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادە نییە چاوپۆشیی لێ بکات. پرسیارەکە ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی و بەتایبەت خومەینی چییان لە حیجابدا بەدی دەکرد کە وەها بە پێداگرییەوە کاریان بۆ چەسپاندنی دەکرد؟ لێرەوە هەوڵ دەدەم باسێکی فۆکشیۆنالیستیانە لەمەڕ کارکردی حیجاب لە ئایدیالۆژیی کۆماری ئیسلامیدا بکەم. ئەوەی تا ئێستا هەست پێ کراوە، پرسی حیجاب بۆ کۆماری ئیسلامی لە سێ دانە ئاستدا کارایی هەیە کە بە کورتی ئاماژەیان پێ دەدەم:

١- ئاستی ناسێنەیی: کۆماری ئیسلامی خۆی بەم سیمبولەوە پێناسە دەکات و هەروەها حیجاب کارایی مۆبیلیتایزی هەیە بۆ لایەنگرەکانی ویلایەتی فەقیە و لەوەش گرنگتر بەربڵاویی جوگرافیای دەکارکردنی حیجاب، سنوورەکانی ئۆمەتی ئیسلامییش دیاریی دەکات.

٢- ئاستی ستراتێژیک: پرسی حیجاب لەم ئاستەدا دەبێت بە بەشێکی گرینگ لە ئایدیالۆژی و ئامانجی بەرزی سیستەم لەمەڕ دامەزراندنی ئۆمەتی ئیسلامی-شیعەدا، حیجاب توانای ئەوتۆریتەی ئایدیالۆژیی کۆماری ئیسلامییش دیاریی دەکات.

٣- ئاستی تاکتیکی: هەر ئەو قۆناغەیە کە لە ژیانی ڕۆتینیدا هەستی پێ دەکەین و لەگەڵیدا دەژین. واتە ئامێرێک بۆ تۆقاندن و ئەتۆمیزەکردنی کۆمەڵگا. ڕێژیم لە هێندێ دەرفەتدا، بە شێوەی سیستەماتیک و لە ڕێگای توندوتیژی و تۆقاندنی کۆمەڵگاوە، ئەوتۆریتەی خۆی بە چاوی کۆمەڵگادا دەداتەوە. بەم کارە بیری بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان دەهێنێتەوە کە لە سەرکوتکردندا دەست ڕاناگرێت. بەڵام هێندێ جار تەوژمی حیجابی زۆرەملی هاوکاتە لەگەڵ قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکان، بەڵکوو سەرنجی خەڵک و چالاکە سیاسی و مەدەنییەکان لەمەڕ دۆخی نالەباری سیاسی و ئابووری، بشێوێنێت.


کارایی حیجاب لە پتەوکردنی توتالیتاریانیزمی ئیسلامی

ئامار و ڕەوتی ڕووداوەکانی ئێران پێمان دەڵێت کە ترانسفۆرماسیۆنی حیجاب لە یاسای پۆشینەوە بەرەو ئەو دۆخەی کە دواجار حیجاب دەکات بە ئاڵای کۆمەڵگای ئیسلامی، لە سەردەمی پۆست خۆمەینیزمدا گرنگیی زیاتری پێ دراوە. یەک لەو پرسیارانەی کە بەلای زۆربەی توێژەرانی پرسی فێمینیزم لە ئێران دروست دەبێت ئەوەیە کە بۆچی پرسی حیجاب هەر بەو چەند ماددە یاساییانەوە قایل نەبوو و هەنووکە چووەتە نێو فازێکی دیکەوە کە نەک هەر دامەزراوەسازی بۆ حیجاب دەکرێت، بەڵکوو حیجاب بووە بە بەشێک لە ستراتێژیی حکوومەت و بودجەیەکی زۆری بۆ تەرخان کراوە؟ لێرەوە پێویست دەکات لە ڕوانگەی تیۆریی توتالیتاریانیزمەوە لە دوای وڵامی وەها پرسیارێک بگەڕێین.

هەڵبەت زۆر یەک لە کارناسانی سیاسی گرفتیان هەیە لەگەڵ جێکردنەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چوارچێوەی تیۆریی توتالیتاریانیزم. هۆکارەکەش ئەویە کە خوێندنەوەکان بۆ توتالیتاریانیزم بە پێی ئەو مۆدێلانەن کە لە سەدەی بیستەمدا سەریان هەڵدا و دواجار لە کۆتاییەکانی ئەو سەدەیەدا هەڵوەشانەوە. بۆ نموونە ناسیۆنال-سوسیالیزم لە ئاڵمان، فاشیزم لە ئیتالیا، کۆمۆنیزم لە یەکیەتیی سۆڤیەت و… بە پێی خوێندنەوە سترۆکتۆرالیستییەکەی فرێدریش و بێرژینسکی (1965) توتالیتاریانیزم لە ئەنجامی خۆگونجاندنی حکوومەتە سەرەڕۆکان لەگەڵ پرۆسەی گەشەی کۆمەڵگا پیشەییەکانی سەدەی بیستەمدا سەری هەڵداوە. ئەم بۆچوونە لەباری نێوەرۆکییەوە تەبایی نییە لەگەڵ دامەزرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، چونکە وەک پێشتر ئاماژەی پێ درا، ئینقلابی ١٣٥٧ پرۆژەیەک بوو دژ بە مۆدێڕنیزم و ئامانجەکەی ژیانەوەی نۆرمە نەریتییەکان و هەروەها لەباری ڕووکردی ئابووریشەوە بەتەما بوو پشت بە بەرهەمهێنانی خۆماڵی ببەستێت (واتە سیاسەتی خودکفایی). بەڵام لە سەردەمی پۆست خومەینیزمدا، کەم کەم نیشانەکانی توتالیتاریانیزم لە کردەوە و گوتاری ڕێژیمدا بەدی دەکەین. دەرکەوتە و پرۆژەکانی پۆست خۆمەینیزم زۆر لەگەڵ پۆلبەندییە شەش خاڵییەکەی «فرێدریش» و «بێرژینسکی» لەمەڕ سترۆکتۆری توتالیتاریانیزمدا نامۆ نین، واتە: ئافراندنی «مرۆڤی نوێ» (لە ئێراندا ئۆمەتی ئیسلامی) لە چوارچێوەی ئایدیالۆژییەکی گشتگیردا (ئیسلامی-شیعی) و هەروەها بۆ وەدیهێنانی وەها ئامانجێک: کار لەسەر هرووژانی هەزارەگەرایی و یۆتۆپیایەکی بەهێز دەکات (آخر الزمانی) کە میکانیزمەکەشی تۆقاندن و پروپاگاندایە. لەوەش گرنگتر بەتەمایە لەسەر دەستی حیزبێکی بەهێز (حزب اللە) ئەم ئامانجە بێنێتە دی.

خوێندنەوەیەکی دیکە هەیە لەمەڕ توتالیتاریانیزم کە ئەم وتارە هەوڵدەدا لە چوارچێوەی ئەو تیۆرییەدا پەیوەندیی نێوان حیجابی ئیسلامی و تەمای توتالیتاریانیستیی ڕێژیم شرۆڤە بکات. لەم بابەتەدا ئاماژە بە بۆچوونە فەلسەفی – کۆمەڵایەتییەکەی «هانا ئارێنت» دەکەم لەمەڕ هەوڵی ئەتۆمیزەکردنی کۆمەڵگا وەک دوائامانجی توتالیتاریانیزم. بە بۆچوونی ئارێنت: ڕێژیمی توتالیتێر هەوڵ بۆ ئایدیالۆژیزەکردن و دەمارگرژکردنی هاووڵاتییان نادات بەڵکوو ئامانجی کۆتایی توتالیتاریانیزم شێواندنی عەقڵییەتی هاووڵاتییانە بەڵکوو هەست بە مەودای نێوان ڕاستی و درۆ نەکەن و لە لێکدانەوەی خراپەدا ناکارامە بن. ژیان لە ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمێکی توتالیتێردا، وا لە هاووڵاتییان دەکات کە بە چەشنێک هەڵسوکەوت بکەن کە درۆکانی سیستەم وەک حەقیقەتێکی ڕەها بچەسپێت. لەم سیستەمانەدا ئیتر پرسی درۆ و ڕاست بوون، پرسی سەرەکی نییە، چونکە حەقیقەت و ڕەوایی حەقیقەت، لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا بزرە و ترس و تۆقاندن جێگای پڕ دەکاتەوە (Arendt, 2004). «کارل یەسپێرس»یش باس لە ترس و تۆقاندن دەکات بەڵام ئەو پێی وایە ترس لە حکوومەتی توتالیتێردا دوو لایەنەیە. واتە ترس لە ڕێگای ڕەشبینی و دوودڵییەوە بە ناخی کۆمەڵگادا ڕۆدەچێت بەڵام ئەم ترسە هەر هاووڵاتییان ناگرێتەوە بەڵکوو دەسەڵاتیش دەگرێتەوە، چونکە دەسەڵات هەمیشە لە کۆمەڵگا تۆقیوە. کەوایە ڕێژیمە توتالیتێرەکان بەردەوام خەریکی بەرهەمهێنانەوەی دۆخێکی ژیانن، بەڵکوو هاووڵاتییان بە دەمامکێکەوە دەرکەون کە ڕێژیمی توتالیتێر لێی نەتۆقێت، واتە میکانیزمی جووت موراڵی و دوو ڕوویی. هۆکاری مانەوەی ڕێژیمە توتالیتێرەکان بە بۆچوونی یەسپێرسیش هیچ پەیوەندییەکی بە ئیمان و بڕوای هاووڵاتییانەوە نییە، بەڵکوو ئەو ترسەیە کە لە کۆمەڵگادا ڕەگی داکوتاوە (Jaspers,1963).

هەستیاربوونی دەسەڵات بە پرسی حیجاب، وەک لە ئاستی تاکتیکیدا باسی لێ کرا، کاراییەکی گرنگی هەیە بۆ ئەتۆمیزەکردنی دەسەڵات و هەروەها لە کاتی قەیرانە ئابووری و سیاسییەکانیشدا، بیانووی شل بوونی حیجاب یارمەتیی داوە بە ئەمنیەتیکردنی کۆمەڵگا بەڵکوو لە وەها دۆخێکدا چالاکانی سیاسی و مەدەنی فۆکووس لەسەر سیاسەتە لاوازەکانی ڕێژیم بۆ چارەسەرکردنی قەیران نەکەن. بەڵام خاڵێکی گرینگی دیکە هەیە کە پێویستە ئاماژەی پێ بدرێت. ڕێژیم لە ڕێگای سیاسەتی حیجابەوە هەوڵ بۆ ئۆتۆماتیزە کردنی کۆمەڵگاش دەکات. بە پێی بۆچوونی ڤاستاڤ هاڤێڵ لە کۆمەڵگایەکی ئۆتۆماتیزەدا خەڵک پێویستی بەوە نییە کە باوەڕی بە یاسا و بەرنامە و ئایدیالۆژییەکانی ڕێژیمی توتالیتێر هەبێت، گرنگ ئەوەیە خەڵک وەها خۆبنوێنن کە باوەڕیان پێیەتی، بێدەنگی ڕاگڕن، یا بێ لایەن بن، چونکە وەها کردەوەیەک بەمانای داننان بە دەسەڵاتەکەیەتی. کردەوەی پاسیڤی هاووڵاتییان لەمەڕ ئۆتۆماتیزەکردنی سیستەم ئەو ڕاستییە تاڵە دەسەلمێنێت کە سیستەمێک هەیە، خەڵکیش ملکەچی وەها سیستەمێکن و لە ڕاستیدا ئەو خەڵکە بۆ خۆیان سیستەمەکەن (واستاو، ١٣٩٨). کانت سەبارەت بە کارکردی ڕەفتار لە نواندنی ژینگەی جیهانی مرۆڤدا قسەیەکی جوانی هەیە کە لەوانەیە بۆ سەلماندنی بۆچوونەکەی ڤاستاڤ هاڤێل پێویست بێت: کردەوەی ئێمە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە بەرهەمهێنانەوەی جیهان (Karl Jaspers, Kant, p. 66). بەوجۆرەی من لە بۆچوونەکەی کانت تێدەگەم، مەعریفە پەیوەندی بە نزیک بوونەوە لە حەقیقەتە و یارمەتیمان نادات لە واقع بوونی دیاردەکان تێبگەین. واقعییەتی ژینگە ئەو شتانەن کە بەرچاو دێن. کەوایە حیجاب کاتێ دەبێت بە بەشێک لە ڕۆتینایزی ژیان (واتە نۆرمالیزەکردن)، کاتێ وەک دەرکەوتەیەکی کردەیی لە کۆمەڵگادا خۆدەنوێنێت، لە ڕاستیدا واقعی بوونی ئەو ئۆمەتە ئیسلامییەش دەسەلمێنێت کە کۆماری ئیسلامی بە هەرزان ئاراستەی جیهانی دەکات و کۆنتراستی سنوورەکانی کۆمەڵگای ئیسلامیی پێ دیاری دەکات.


لە هێرمێنۆتیکی فێمێنیزمییەوە بەرەو پراکتیکی «ژن، ژیان، ئازادی»

 بزاڤی فێمینیستی لە کۆمەڵگای ئێران و هەروەها چالاکانی سیاسی و مەدەنییش، زۆرجار باسیان لەوە کردووە کە ڕوانگەی ئاپارتایدی ڕەگەزی لەمپەرێکی کارایە لەهەمبەر گەشەسەندوویی هاوسەنگدا. کەوایە دامەزراوەیی و گەشەی هاوسەنگ لە ئێراندا نایەتەدی هەتا پرسی ئۆبژەبوونی ژنان بەرەو ئۆبژە-سووبژە نەگۆڕن. بەڵام فێمێنیزمە ئێرانییەکان کەمتر فۆکووسیان لەسەر پرسی حیجاب کردووە و هێندێ جار وا هەست پێ کراوە کە لە ڕوانگەیەکی عەقڵانییەوە و بە خشکە بە پەنای حیجابدا تێدەپەڕن بەڵکوو ئەم دیاردە زەبەندە نەبێت بە لەمپەر بۆ ئامانجە سەرەکییەکە. یەکسانیخوازی، نەک پرسێکی واقعییە بەڵکوو لە پێگەیەکی عەقڵانیشەوە دێت و بە دڵنیاییەوە فێمێنیزمە ئێرانییەکان کار بۆ داوایەکی ڕەوا و گرنگ دەکەن. ئێمە ناتوانین باس لە نەبوونی هەڵاواردن بکەین، ئەگەر ژنان لە ئاستی بەرێوەبەریدا وەک پیاوان پشکی خۆیان پێ نەبڕێت. کەوایە کاتێ باس لە یەکسانی دەکەین، دەبێ ئەو چوار ئێلێمانانەی ماکس وێبەر (2006) باسی دەکات و هەمیشە دەبێتە هۆی هەڵاواردن لە کۆمەڵگادا، لەبەرچاو بگرین. واتە: «سەرمایە، پێگەی کۆمەڵایەتی، زانیاری و دەسەڵات.» ئێمە کاتێک دەتوانین باس لە مافی یەکسانیی ڕەگەزیی بکەین کە ژنان لەو ئێلێمانانەدا هاوبەش بن. هاوبەشنەکردنی ژنان لەم ئاستانەدا هۆکارێکی سەرەکییە کە ئەمرۆ ڕۆڵ و پێگەی ژنان لە بەڕێوەبردن و ناوەندی بڕیاردانی سیاسیدا – چ لەناو حکوومەت و چ لە ناو حیزبە سیاسییەکان- لاوازە. هەڵاواردنی پۆزێتیڤ کە لە زۆر یەک لە پێکهاتە مەدەنی و سیاسییەکاندا لەبەرچاوگیراوە بۆ بردنەسەری ڕێژەی پەیوەستبوونی ژنان بە بزاڤە سیاسییەکان، دیاردەیەکی فۆرمالیتییە و کەم کەس ڕۆڵی ئەو ژنانە بە جیددی دەگرێت. چونکە هەڵاواردنی پۆزێتیڤ بە مانای بەرپرسایەتی لە بڕیارە چارەنووسسازەکاندا نییە. بەرپرسایەتی، یانی زەمینە خۆش کردن بۆ بەڕێوەبەرایەتی و نوێنەرایەتی کردن.

وەک ئاماژەم پێ دا، ئەم بۆچوونە ڕوانگەیەکی عەقڵانییە، بەڵام گرفتی ئەم تیۆرە لەوەدایە کە لە دۆخی هێڕمێنۆتیکیدا پنگی خواردووەتەوە، واتە لە ڕوانگەیەی دەروونییەوە سەیری پرسی هەڵاواردن دەکات و لە دیاریکردن و کانالیزەکردنی هاودژە «سەرەکی» و هاودژە «زەبەند»ەکاندا سەرکەوتوو نەبووە. ڕەنگە یەک لەو هۆکارانەی کە لەم سالانەدا بزاڤی فێمێنیستی نەیتوانیوە ببێت بە بزاڤێکی گشتگیر و پێکهاتەکانی دیکەی کۆمەڵگا لەگەڵ خۆیدا هەماهەنگ بکات، هەر لەم کەمایەسییەوە سەرچاوەی گرتبێت. مائۆ تێسە دون لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا «لەمەڕ هاودژی» (١٩٧١) هەڵاواردنێک لە نێوان هاودژیی سەرەکی و هاودژیی زەبەنددا لەبەرچاو دەگرێت کە وابزانم پەیوەندیی بەم باسەوە هەبێت. مائۆ پێی وابوو لە ڕەوتی پەرەسەندنی پرۆسەکاندا هەمیشە هاودژییەکی سەرەکی هەیە کە بنەمای کێشەکانی سەردەمی خۆی دیاری دەکات، بۆ نموونە هاودژیی کار و سەرمایە لە کاپیتالیزمدا. بەڵام هاودژیی زەبەند بە بۆچوونی مائۆ یەک لەو هاودژییانەیە کە لە قۆناغێکدا بەرچاوترە و هەر جووڵەیەک لە پێناو چارەسەرکردنی هاودژیی سەرەکی، پاشکۆی (تابع) چارەسەرکردنی ئەو هاودژە زەبەندانەیە. کەوایە زۆر گرنگە لە کاتی خوێندنەوەی پرۆسە فرەهاودژەکاندا، هەوڵ بدرێت هاودژە  زەبەندەکان بدۆزینەوە و کاتێ هاودژە زەبەندەکە چارەسەر کرا، بەدوای خۆیدا هاودژە سەرەکییەکەش چارەسەر دەبێت (مائۆ، ١٩٧١). کاتێ پرسی حیجابی زۆرەملی (واتە هاودژیی زەبەند) لە پۆلبەندی کردنی هاودژەکاندا دەبێت بە پاشگری پرسی یەکسانیخوازی (واتە هاودژیی سەرەکی) سروشتییە کە ئەم بزاڤە ناگاتە ئەنجام.

رەنگە خوێنەری ئەم بابەتە پرسیاری لا دروست ببێت کە بۆچی سیاسەتی حیجاب لەم وتارەدا وەک هاودژیی زەبەند دیاری کراوە. وڵامەکە ڕوونە، یەکەم جەستەی ژن وەک ئۆبژە ڕۆڵێکی کاتالیستیانەی هەبووە لە قۆناغەکانی گۆڕاندا و دووهەم، وەک لەم وتارەدا باسی لێ کرا؛ کێشەی حیجاب بە درێژایی مێژووی هاوچەرخی ئێران، مەرجی سەرەکی بووە بەڵکوو ژنان لە هێندێ ئاستی بەرێوەبەریدا هاوبەش بکەن. ئەو پاڵنەرانەی حیجاب دەخاتە نێو چەقی کێشەکانەوە، هەرپەیوەندیی بە باوەڕێکی کولتووری یاخۆ باوەڕێکی دینییەوە نییە کە ڕێگا بو سەرکوت و داپڵۆسینی ژنان خۆش دەکات، بەڵکوو شتێکی بنەماییترە کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی هەیە بە بەراوردکردنی جیاوازیی کولتووری لەگەڵ شانسی هاوبەشبوون لە دەرفەتە ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا. بۆ نموونە ئەو ژنانەی کە نوێنەری مەجلیسی ئیسلامین، وەزیرن لە کابینەی دەوڵەتەکاندا و هەروەها ئەو ژنانەی کە لە ئاستی بەرزی بەرێوەبەریدا دادەمەزرێن، بە چارشێوەوە – وەک مۆدێلێکی ئوڵتراحیجاب – دەردەکەون (واتە نموونەی کولتووری ڕەسەنی ئیسلامی). کەوایە شایستەسالاری و یەکسانی لە ئاستی بەڕێوەبەریدا نایەتە دی تا ژنان نەبن بە سیمبولی ئولتراحیجاب. لە دوای خەرمانانی ساڵی ١٣٢٠، کاتێ بڕیاری کەشفی حیجاب لاچوو، ئیتر دەرکەوتنی ژنان بە حیجابەوە لە پەنای ژنانی  بێحیجاب لە شەقامەکاندا بڤە نەبوو و پرسی حیجاب وەها دێمۆکراتیزەکرا کە ژنان خۆیان سەرپشک بوون لە پۆشیندا، بەڵام هەر لەو سەردەمەدا و لە سۆنگەی هاوبەشکردنی دەسەڵات، سەرمایە، زانیاری و پێگەی کۆمەڵایەتیدا، پرسی هەڵاواردنی ڕەگەزی نەک بنبڕ نەکرا بەڵکوو بەرچاوتریش بوو. هەمیشە دۆخی ژنانی بێحیجاب جیاوازیی هەبوو لەگەڵ ئەو ژنانەی ڕەچاوی حیجابیان دەکرد. گۆڤار و دۆکیومێنتە ڤیدیۆییەکانی پێش ئینقلابی ١٣٥٧ دەیسەلمێنن کە ئەو ژنانەی وەزیر بوون لە کابینەی دەوڵەتەکانی شاهەنشاهیدا، نوێنەر بوون لە مەجلیسەکانی سینا و میللیدا، ئەو ژنانەی کە قازی بوون لە وەزارەتی داد و هەروەها هاوژینی ئێلیتە سیاسییەکان، ئوڵترا بێحیجاب بوون.

وێنە گەوەرەکەی ٢٥ی خەرمانان لە سەر گۆڕی ژینا و پێرفۆرمانسی ئاگردانی لەچکە لە ٢٦ی خەرمانان، هەر ئەو هاودژە زەبەندە بوو (واتە حیجاب) کە لەمێژبوو فێمێنیزمی نوخبەگەرا بە خشکە بە پەنایدا تێدەپەڕین. دۆزینەوەی حیجاب وەک هاودژیی زەبەند، ئەکت و دروشمەکەی خۆشی بەرهەم هێنا و ئاراستەی گشت بزاڤە فێمێنییستی، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ئێران کرا. دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بانگەوازێک بوو بۆ چارەسەرکردنی وەها هاودژێکی زەبەند کە بەدوایدا هاودژە سەرەکییەکەش (واتە دیکتاتۆر) چارەسەر بکات. مائۆ ڕاست دەکات کە دەڵێت: دروشم نیوەی ستراتێژییە. وادیارە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی، نیوەی ڕێگای ڕووخاندنی دیکتاتۆری هەموار کردبێت. ئێمە لە زمانناسە مۆدێڕنەکانی سەردەم وەک سوسور و ستراوس فێربووین کە وشەکان مانایەکی زاتی و سەربەخۆیان نییە بەڵکوو کاتێ لە مانای وشەکان تێدەگەین کە لەهەمبەر سیستەمێکی گوتاریدا هەڵوێستە بکات. ئەمرۆ لە کوردستان و ئێران دروشمی: «ژن» لەهەمبەر هەڵاواردن، «ژیان» لەهەمبەر بێدادی و نەبوونی شانسی یەکسان و «ئازادی» لەهەمبەر دیکتاتۆریدا، تەنێ چەمکێکی مەعریفی نییە بەڵکوو دەراوێکی ڕوونیشی بەسەر گشت بزاڤە کۆمەڵایەتییەکاندا کردەوە کە وێکڕا بە گوزەری ئینقلابێکی دێمۆکراتیک و ژنانەدا تێدەپەڕن. ئەم دروشمە کاتێ لە ١٩٨٧ی  زاینی بوو بە دروشمی بزووتنەوەی ڕەزگاریخوازیی ژنانی کورد لە تورکیە، نەیتوانی لەهەمبەر سیستەمی گوتاری حکومەتی تورکدا مانای خۆی وەربگرێت چونکە یاساکانی تورکیە سێکۆلار بوون، شانسی ژیان و هەروەها ئازدی لە تورکیەدا لەگەڵ وڵاتانی ئیسلامی بەراورد نەدەکرا (هەڵبەت خەباتی نەتەوەیی و زمانی کوردی هەمیشە بڤە بووە، لەم وتارەدا مەبەست لە ئازادیی سیاسییە). لەوەها دۆخێکدا ئەم دروشمە نەیتوانی ڕۆڵی هاودژییەکی زەبەند ببینێت و لە ئەنجامدا نەبوو بە ستراتێژییەکی هاوبەش لە نێوان ژنانی چالاکی کورد و تورک دا (هەڵبەت بەشێک لە ژنانی چەپی تورک پشتگرییان کرد). زایەڵەی ئەم دروشمە لە بەرگرییە ئازایانەکەی کوڕان و کچانی کۆبانیشدا توانی سەرنجی جیهان بۆ شەڕی دژەتیرۆری کوردان ڕابکێشێت، بەڵام چونکە ئامانجەکە تاکتیکی بوو، نەیتوانی ببێت بە پاڵنەری سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی لە سووریە. کورتکردنەوەی ئەجێندا و بەرچاوگەی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی، لە شەڕێکی دژە تیرۆر و بۆ وەرگرتنی پشتگریی لۆجێستیکی، بەداخەوە بوو بە هۆی ئیزۆلاسیۆنی جێندەری و پرسی ژنانی کرد بە پرسێکی دووڕگەیی (واتە جیاکردنەوەی ژن لە پیاو).

ئەمرۆ دروشمی ژن، ژیان، ئازدی، لە کوردستانەوە گشت ئێرانی گرتووەتەوە، تەنانەت لە دنیاشدا دەنگی داوەتەوە و هاوپشتیوانەکانی ئەم دروشمە لە نەیارەکانی زۆر زۆرترە. هەڵبەت ڕوون نییە داخوا ژنان لە کوردستان و ئێران تاچەند ئەجێندا و پەیامەکانی ئەم دروشمە دەپارێزن کە بووەتە دینامیزمێکی بەهێز بۆ گۆڕان و تا کوێ هەوڵ دەدەن ئەم دروشمەش وەک هیواکانی پێشوو نەچێتە ژێر سریمەی تەعامولی نێونەتەوەیی و دینامیزمە دەروونییەکانی کۆمەڵگای ئێران کە هەنووکەش لە دەرکەوتەی سیاسی و کولتووری ئێران، ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان هەیە. ئەگەر ئاکامی ئەم دروشمە و ئەو کۆدەنگییەی لە شەقامەکانی ئێران دەبیندرێن، گۆڕانی ڕێژیمی لێ بکەوێتەوە، پێویست دەکا ئەو پرسیارە بکەین کە ژنان و کۆمەڵگای سیاسی بەدوای ڕووخانی ڕێژیمدا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو دێمۆکراسییە عورفییە دەکەن کە بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی ناوەندخواز و ئێتنۆسەنتێریزم باوەڕی پێیەتی؟ داخوا ئەم ڕەوتە هیوابەخشە لەپێناو ئازادییە کۆمەڵایەتییەکاندا واز لە ڕادیکاڵیزەکردنی ئەجێندای ئەو دروشمە ناهێنێت؟ هەڵبەت ڕادیکاڵیزەکردنی ئەو دروشمە و بووژاندنەوەی ئەم دینامیزمە لە گرەوی ڕامانی بزووتنەوەکەدایە لەمەڕ چارەسەر کردنی کەلێنە جیددییەکانی وەک نەتەوەیی، چینایەتی و ڕەگەزی. ڕەچاونەکردنی هەرکام لەو کەلێنانە مەجال بە نەریتی ناوەندخوازی دەداتەوە کە لە پێناو وەرگرتنی مەشرووعییەتی سیاسیی خۆیان، یا پشت بە تەعامولە نێونەتەوەیییەکان ببەستێتەوە یا بیر لە سازان لەگەڵ ئەو هاودژە چینایەتی و کۆمەڵایەتییانە بکاتەوە کە لە مێژووی ئێراندا، هەمیشە پاڵپشتی ئیستبدادی «سەغیر» و «کەبیر» بوون. ئەمانە و گەلێ پرسیاری دیکە لە ئارادا هەن کە هانمان دەدەن دروشمی “ژن، ژیان، ئازدی” وەها ڕادیکاڵیزە بکەین کە ببێت بە سەنتێزێکی وەڵامدەر لەهەمبەر هاودژە چینایەتی و سیاسییەکان و هەروەها لە ڕێگای ئەم پوتانسێڵە کارایەوە کار بۆ نەهێشتنی دیاردەی ناوەندخوازی بکەین کە لێکەوتەکەی هەمیشە دیکتاتۆرییە.


سەرچاوەکانی فارسی

ترکاشوند، امیر حسین. “حجاب شرعی در عصر پیامبر”، ١٣٨٩. تهران، انتشارات آنلاین شابک، ((ISBN: 978‐964‐04‐6665‐0

قابل، احمد. “احکام جزائی در شریعت محمدی”، ۱۳۹۲. مجموعه آثار، جلد ۱۰. ناشر: شریعت عقلانی، آنلاین.

مطهری، مرتضی. مسئلە حجاب (مجموعە آثار، جلد ١٩)

قانون مجازات اسلامی، مصوب ٨ مرداد ١٣٧٠.

سانتاگ، سوزان،(١٣٨٩). دربارۀ عکاسی. ترجمۀ نگین شیدوش. چاپ دوم. تهران: حرفه نویسنده.

مائو تسه دون، درباره تضاد، در: چهار ڕساله فلسفی، پکن ۱۹۷۱، صص ۵۱-۵۴.

واتسلاف هاول، قدرت بی‌قدرتان، مترجم احسان کیانی‌خواه، فرهنگ نشر نو، ١٣٩٨.


سەرچاوەکان بە نۆروێژی و ئینگلیسی

Gadamer, Hans George (1960) :”Sannhet og metode”: grunntrekk i en filosofisk hermeneutikk”, 2. utgave, Pax, Oversetter Holm-Hansen, Lars (2012).

Weber Max: “Makt og byråkrati”. Oversatt av Dag Østerberg. Gyldendal Norsk Forlag AS 2000. 3. utgave, 4. opplag 2006.

Grondin, jean: “Hermeneutics and Relativism”, published in Festivals of interpretation (1990), edited by Kathleen Wright, state university of New York, Albany press.

Grondin, Jean: “Gadamer’s Basic Understanding of Understanding” in The Cambridge Companion to Gadamer, Cambridge University Press (2002),  (PP: 36-51)

Matin  Kamran: “Recasting Iranian Modernity”, International relations and social change. London, Routledge (2013).

Carl J. Friedrich and Zbigniew K. Brzezinski: “Totalitarian Dictatorship and Autocracy”, Second Edition.  Harvard University Press (1965).

Hannah Arendt, The Origins of Totalitarianism, New York, Schocken Books, 2004.

Karl Jaspers: “The Fight Against Totalitarianism” in The Philosophy and the World (1963), p. 80.

داگرتنی بابەت

خوێندنەوەیەک بۆ سیاسەتی حیجاب و دۆخی ئابجەکتیڤانەی ژن لە ئێران

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان