ئارامتر بخوێنەوە

کۆلۆنیالیزمی ڕۆژانە لە کوردستان

کۆلۆنیالیزم لە ڕوانگەی کۆمەڵناسیی سێهەم

 داود عوسمانزادە

 
پوختە

لەم وتارەدا هەوڵ دەدرێ لەسەر بنەما تۆرییەکانی کۆمەڵناسیی سێهەم، ڕەگەزپەرەستی ڕۆژانە و ناسیۆنالیزمی ڕۆژانە، تێگەیشتنێک لەسەر کۆلۆنیالیزمی ڕۆژانە لە کوردستان ساز بکردرێت. بۆ ئەم مەبەستە، وێڕای لێکدانەویەکی تیۆریکی بابەتەکە، هەوڵ دەدەم لەبەستێنی ژیانی ڕۆژانەدا سەیری کۆلۆنیالیزم لە کوردستان بکەم . بەپێی چەمکی کۆلۆنیالیزمی ڕۆژانە، کۆلۆنیالیزم بەتەنیا بۆ پێکهاتەکان و ئایدیۆلۆژیا کورت ناکرێتەوە. بەڵکوو کۆلۆنیالیزم بووەتە بەشیک لە خووی ئەندامانی کۆمەڵگا سەردەستەکان کە لە ڕەوت و ڕۆتینی ژیانی ڕۆژانەدا، وەک بەشێکی ئاسایی و سرووشتیی ژیانی ڕۆژانە پڕاکتیزە دەکرێ، مانا پەیدا دەکات، و بەرهەم دەهێندرێتەوە. باسی کۆلۆنیالیزمی ڕۆژانە دوو ئاکامی سیاسی هەیە: ١. پاش ئەوەی کە کۆلۆنیالیزم دەبێت بە بەشێک لە عەقڵی گشتیی نەتەوەی سەردەست، ئەوە تەنیا دەوڵەت و دامەزراوە دەوڵەتییەکان نین کە کۆمەڵگا ژێردەستەکان دەچەوسێننەوە، بەڵکوو بکەرە کۆمەڵایەتییەکانیش لە ڕەوتی ژیانی ڕۆژانەیاندا بەرانبەر بە ژێردەستەکان، هاوکات لەگەڵ سیستەم، ڕەفتارێکی  کۆلۆنیالیستیی بەرهەم دەهێننەوە. ٢.  کۆلۆنیالیزم پاش کۆتایی ڕژێم، سیستەم، و پێکهاتە کۆلۆنیالیستییەکان دەتوانێ بۆ دەیان ساڵ وەک خوو، ڕۆتین، و پڕاکتیزی ڕۆژانە بەردەوام بێت.


پێشەکی

هیچ شتێک هێندەی چالاکییەکانی ژیانی ڕۆژانە لەڕواڵەتدا ئاسایی دەرناکەوێ. هەموومان کاتەکانی ژیانی رۆژانەمان بەو چالاکییانەوە تێدەپەڕێنین کە هێندە ڕۆتین و ئاسایین بەدەگمەن پێمان وایە بایەخی قسە لێکردنیان هەیە و یان شیاوی بیر لێکردنەوەن. بەیانیان لەخەو هەڵدەستین، ددانمان دەشۆین، خواردنێک ئامادە دەکەین و دەیخۆین، دەچینە شوێنی کار یان قوتابخانە و زانکۆ، سڵاو لە دراوسێ و ناسیاوەکانمان دەکەین، سەیری تەلەڤزیۆن و هەواڵەکان دەکەین، دەچین بۆ پیاسە، بە ئۆتۆمۆبێل، شەمەندەفەر، پاسکیل، یان بە پێیان دەگەڕێینەوە ماڵەوە، سەیری مۆبایلەکانمان دەکەین، چاوێک بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەخشێنین، لەگەڵ ئەندامانی ماڵەوە یان هاوژوورییەکانمان لە بەشی ناوخۆیی قسە دەکەین، پاروویەک نان دەخۆین، و دەخەوین. هەموو ئەم جۆرە چالاکییانە، لەگەڵ هەزاران جۆرە چالاکیی دیکەی ڕۆژانە لە ژیانی مرۆڤەکاندا وەک چالاکییەکی ئاسایی ڕوو دەدەن و ژیانی ڕۆژانەی ئێمە پێک دەهێنن (Inglis 2004, 1) .

ئەمە چیڕۆکی ژیانی ڕۆژانەی زۆرینەی نزیک بە تەواوی مرۆڤەکانە. گەرچی ئەم چیڕۆکە میلیۆنان دەرکەوتە و ڤێرژنی جیاوازی هەیە. ڕەنگە بۆ هەندێک کەس، ژیانی ڕۆژانە وەک ژیانی شەوانەی زۆربەی مرۆڤەکان بە خەو تێپەڕێ، و بەهۆی جۆری پیشە یان خووی تایبەتییان، ژیانی شەوانەیان ئەو بەشە لە ژیان پێک بهێنێت کە چالاکییە ئاساییەکانی ژیانی ڕۆژانەی تێدا ئەنجام بدرێت. بەڵام ئەمە هیچ لە چیڕۆکەکە ناگۆڕێ، و تەنیا جیاوازییەکی کەم لەسەر چۆنیەتی و چەندێتیی ئەم ژیانە دروست دەکات.

بەپێچەوانەی تێڕوانینی باوی مرۆڤەکان، و بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵناسەکانی مێژووی کۆمەڵناسی، ژیانی ڕۆژانە ئەوەندەی لە ڕواڵەتدا دەردەکەوێ ئاسایی و بەڵگەنەویست نییە. بەڵکوو، ژیانی ڕۆژانە مەیدانێکی لەبڕان نەهاتووی دروست بوون، گۆڕان، پێناسە، پڕاکتیزە، و بەرهەمهێنانەوەی پەیوەندییەکانی دەسەڵات، و دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەیە.

لەم نێوەندە و لەپەیوەندیی لەگەڵ ژیانی ڕۆژانەی کۆلۆنیالیست و کۆلۆنیکراودا، ژیانی ڕۆژانە شوێن وبیاڤی لەدایکبوون، گۆڕان، و پڕاکتیزەی شێوە جیاوازەکانی پەیوەندیی کۆلۆنیالیستییە. چەشنە جیاوزەکانی زاڵبوون، سەپاندن، ملکەچی، خۆبەکۆیلە کردن، بەردەوامی و بەرهەمهێنانەوەی دۆخی کۆلۆنیالیستی لە ژیانی بەڕواڵەت ئاسایی و بەڵگەنەویستی ڕۆژانەدا لەلایەن هەردووک کۆلۆنیالیست و کۆلۆنیکراوەوە پڕاکتیزە دەکرێ، و بەرهەم دێتەوە.

لەم وتارەدا هەوڵ دەدرێ ئەم ژیانە بەڕواڵەت ئاساییە شی بکرێتەوە و بە گەڕانەوە بۆ هەندێک تیۆری پەیوەست بە ژیانی رۆژانە، کۆلۆنیالیزمی ڕۆژانە[1] لە کوردستان ڕاڤە بکرێت. ئەگەرچی ژیانی رۆژانە لە دۆخی کۆلۆنیالیستیدا دوو لایەنی هەیە کە بریتین لە کۆلۆنیالیست و کۆلۆنیکراو، بەڵام ئەم وتارە تەنیا تەرکیز لەسەر ژیانی رۆژانەی کۆلۆنیالیست دەکات. لەم وتارەدا هەوڵ دەدەم سەرەتایەک بۆ تێگەیشتن لە پڕاکتیزەی کۆلۆنیالیزم لەلایەن کۆلۆنیالیست و لە پەیوەندیی لەگەڵ کوردستاندا دروست بکەم. هاوکات، لێکۆڵینەوە لەسەر کۆلۆنیالیزمی ڕۆژانە لە لایەن کۆلۆنیکراو، واتە کورد، بۆ وتارێکی دیکە دەهێڵمەوە؛ ئەویش لەبەر ئاڵۆزی، و فرەڕەهەندیی ئەم بابەتە کە بۆخۆی پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی فراوانی سەربەخۆی دیکە هەیە.

 پرسیاریی سەرەکیی ئەم لێکۆڵینەوەیە ئەمەیە کە چۆن بکەرە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕەوتی ژیانی ڕۆژانەیاندا کۆلۆنیالیزم لەسەر کورد (و هەموو نەتەوە کۆلۆنیکراوەکانی دیکە) پڕاکتیزە دەکەن، و بەردەوامی پێ دەدەن؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، زیاتر هەوڵ دەدەم ڕوانگەیەکی تیۆری بگرمە بەر، و بە هەندێک نموونە بۆچوونەکانم پشتڕاست بکەمەوە، و ڕاڤەیان بکەم.

بەکارهێنانی کۆلۆنیالیزم وەک تیۆریی، چەمک، و میتۆد بۆ تەتەڵە و تێگەیشتنی دۆخی کورد لە ئەدەبیاتی زانستی، ئاکادیمیک، و ڕۆشنبیرییدا بۆ زیاتر لە نیو سەدە لەمەپێش دەگەریەوە. یەکەم جار دکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو لە سەرەتای دەیەی ٦٠ی زایینی، لە دەقێکی زانستیدا چەمکی کۆلۆنیالیزمی لەپەیوەندیی لەگەڵ کوردستاندا بەکارهێنا (Mohammadpour and Soleimani 2019, 18).

دوای قاسملوو، بۆ ماوەیەک لێکۆڵەران لە کارەکانیاندا ئاماژەی زۆر و بەرچاویان بە کۆلۆنیالیزم و سیاسەتە کۆلۆنیالیستییەکانی ئێران، تورکیا، عێراق، و سوریا لەپەیوەندیی لەگەڵ کوردستاندا دەدا. بۆ نموونە، عیسمەت شەریف وانلی دەیەی ٧٠ی زایینی باس لە “کۆلۆنیالیزمی خەڵکی هەژار”[2] دەکات. وانلی پێی وایە کە کۆلۆنیالیزمی خەڵکی هەژار چەشنێکی نوێی کۆلۆنیالیزمە کە لە کۆلۆنیالیزمی کلاسیک جیاوازە. جیاوازیی ئەم جۆرە کۆلۆنیالیزمە لە ڕوانگەی وانلییەوە لەوە دایە کە کۆلۆنیالیزمی خەڵکی هەژار زۆر دڕندەتر و بەزیانترە لە کۆلۆنیالیزمی کلاسیک. ئەم جۆرە کۆلۆنیالیزمە لەلایەن شۆڤێنیزمەوە هێندەی دیکە بەهێز دەکرێت، و زۆر زیاتر لە کۆلۆنیالیزمی کلاسیک پەرە بە نایەکسانی دەدات. کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ڕوانگەی وانلییەوە، قوربانیی ئەم چەشنە لە کۆلۆنیالیزمەیە (Vanly 1980, 204-205). هەر لەم کاتەدا، ماکسیم ڕۆدینسن[3] بزووتنەوەی کوردی بە بزووتنەوەیەکی دژەکۆلۆنیالیستی پێناسە دەکات (Rodinson 1980, 6). لەهەمان بەرهەمدا، کەنداڵ نزانیش سیاسەتە ئابووری، کلتووری، پەروەردەیی، و زمانییەکانی تورکیا بەرانبەر بە کورد بە سیاسەتی کۆلۆنیالیستی وەسف دەکات (Kendal 1980, 89)[4].

دوای ئەم نەوەیە، ئاماژەکردن بە کورد وەک کۆلۆنی، یان باسکردن لە سیاسەتی کۆلۆنیالیستی دەوڵەتەکان کاڵ دەبێتەوە و لە دەیەی ٩٠ی زایینیدا، ئیسماعیل بێشکچی، کورد وەک کۆلۆنییەکی نێودەوڵەتی، یان کۆلۆنییەکی هاوبەش لەنێوان دەوڵەتە ناوچەییەکان، پێناسە دەکات (بێشکچی ٢٠٠٢).

نزیکەی سێ دەیە پاش کارەکەی بێشکچی بۆ جارێکی دیکە تێڕوانین، تیۆری، و میتۆدە پۆست/ئەنتی  کۆلۆنیالیستییەکان دەبنەوە پاڕادایمی زاڵی ڕاڤەی دۆخی کوردستان. لەم سەردەمەدا، لە بەرچاوترین کارەکان دەتوانین ئاماژە بکەین بە کارەکانی ئەردەڵان ٢٧١٩؛ ئەردەڵان a٢٧١٩؛ Mohammadpour and Soleimani 2019; Soleimani and Mohammadpour 2020; Soleimani and Mohammadpour 2019;. Soleimani and Osmanzadeh 2022; Mohammadpour and Soleimani 2022; سلیمانی ٢٠٢٠ ؛ محمدپور ٢٠٢١؛ دەباغی ٢٠٢٠؛ Hassaniyan and Sohrabi 2022.

گەرچی بەکارهێنانی کۆلۆنیالیزم بۆ تێگەیشتن و تەتەڵەی دۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، کەلتووری، زمانی، ژینگەیی، و مێژوویی کوردستان پێشینەیەکی زانستیی دەوڵەمەندی هەیە، بەڵام ئەوەی ئەم کارەی ئێستا لە هەموو کارەکانی پێشتر جیا دەکاتەوە، کۆلۆنیالیزمی ڕۆژانەیە. ئەمە یەکەم جارە چەمکی کۆلۆنیالیزمی ڕۆژانە بۆ تێگەیشتن لە دۆخی ژێردەستیی کورد بەکار دەهێندرێت. هەموو لێکۆڵینەوەکانی پێشوو زیاترین تەرکیزیان لەسەر ڕەهەندە پێکهاتەیی، ئایدیۆلۆژیک، ڕێکخراوەیی، و ئامانجدارەکانی کۆلۆنیالیزم بووە. تەنانەت کاتێک ئایدیۆلۆژیا، و بەرهەمی نوخبەکانی نەتەوە کۆلۆنیالیستیەکانیش شی کراوەتەوە، دیسان باسەکە لە باسی کۆلۆنیالیزمی ڕۆژانە جیا بووە. هۆکارەکەیش ئەمەیە کە نوخبەکانی نەتەوە سەردەستەکان بە ئامانج و لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی کۆلۆنیالیستیدا بیریان کردووەتەوە، و ئایدیۆلۆگ و بەرهەمهێنی مەعریفیی سیستەمە کۆلۆنیالیستییەکان بوون. ئەمە لە ڕەهەندە بیرلێنەکراوە بەڕواڵەت ئاسایی و سرووشتییەکانی ژیانی ڕۆژانە زۆر جیاوازە.

جگە لە کوردستان، لە سەر ئاستی جیهانیش چەمکی کۆلۆنیالیزمی ڕۆژانە زۆر بە کەمی بۆ لێکدانەوەی دۆخی کۆلۆنیالیستی بەکار هاتووە، و ئەم بەکارهێنانە پڕش و بڵاو بووە. ئەم چەمکە هێشتا بە ڕێکوپێکی، وەکوو چەمکەکانی ناسیۆنالیزمی ڕۆژانە، و ڕەگەزپەرەستیی ڕۆژانە تیۆریزە نەکراوە.

ئەم لێکۆڵینەوەیە لە دوو بەشی سەرەکی پێک دێت. لەبەشی یەکەمدا، لە ڕوانگەیەکی تیۆری هەوڵ دەدەم بە کورتی کۆمەڵناسیی سێهەم، و ژیانی ڕۆژانە شی بکەمەوە. بەشی یەکەم یارمەتییدەری تیۆریکی بەشی دووهەم دەبێت. بەشی دووهەم تەرخان کراوە بە کۆلۆنیالیزمی ڕۆژانە. لەم بەشەدا، جگە لە کورتەباسێکی تیۆریک، هەندێک نموونەیش بۆ باسەکە دەهێندرێنەوە.


کۆمەڵناسیی سێهەم و ژیانی ڕۆژانە

زۆربەی کات ژیانی ڕۆژانە[5] بەشی بەڵگەنەویست و ڕوونی ژیانی مرۆڤەکان پێک دەهێنێت. بەدەگمەن مرۆڤەکان لەژیانی ڕۆژانەیاندا، ڕووداوەکانی ژیانیان دەخەنە بەر نەشتەری پرسیار و تاوتوێی دەکەن. ئەگەر هەموو ڕووداو و کردارەکانی ژیانی ڕۆژانە بەبەردەوامی و لەلایەن هەموو ئەندامانی کۆمەڵگا پرسیاریان لێ بکردرێ، شی بکردرێنەوە و ببنە هۆی تێڕامانی ئەندامانی کۆمەڵگا، ئەوە ژیانی ڕۆژانە دەوەستێ. ژیانی ڕۆژانە تا ئەو ئاستە بە ئاسایی وەردەگیرێ کە تا چەند دەیە لەمە پێش زانایانی ناوداری زانستە کۆمەڵایەتییەکانیش گرینگیان پێ نەدەدا. بەڵام لە چەند دەیەی ڕابردووڕا، بەتایبەتی لە ساڵەکانی ١٩٨٠ بەملاوە، وردە وردە ژیانی ڕۆژانە بووە بابەتی لێکۆڵینەوەی کۆمەڵناسەکان[6].

کۆمەڵناسی ناوداری پۆڵەندی، پیۆتر ستۆمپکا[7]، پێی وایە لێکۆڵینەوە لە ژیانی ڕوژانە لە کۆمەڵناسیدا گۆڕانێکی پاڕادایمییە و بووەتە هۆی سەرهەڵدانی کۆمەڵناسیی سێهەم[8]. ستۆمپکا پێی وایە کۆمەڵناسیی یەکەم زانستی لێکۆڵینەوە لە “هەمەکە کۆمەڵایەتییەکان”[9]ی وەکوو ئۆرگانیزمەکان، و سیستەمەکانە کە لەلایەن کلاسیک و دامەزرێنەرانی کۆمەڵناسییەوە نوێنەرایەتی دەکرێت. لەوانیش دەکرێ ئاماژە بە ئۆگست کۆنت، هێربرت سپەنسەر، کارڵ مارکس، و پاشان پارسۆنز بکەین. لەبەرانبەردا، کۆمەڵناسیی دووهەم، کۆمەڵناسیی ئەتۆمە کۆمەڵایەتییەکانە. لە کۆمەڵناسیی دووهەمدا، هەندێک بابەتی وەکوو ڕەفتارەکان، کردەوەکان، و تەنانەت هەندێک بەشی ژێرئەتۆمی وەکوو ماناکان و دەقەکان بوونە بابەتی لێکۆڵینەوەی کۆمەڵناسی. کۆمەڵناسیی دووهەم لەلایەن ماکس ڤیبەرەوە دەستی پێ کرد و پاشان لەلایەن کەسانی وەکوو جۆرج هێربێرت مید، کلاود لڤی شتراوس، و ئەوانی دیکەوە درێژەی پێ درا.

لەم دواییانە و لە چەند دەیە ڕابردوودا کۆمەڵناسیی سێهەم لەدایک بووە کە بابەتی لێکۆڵینەوەکەی بریتییە لە ڕووداوە کۆمەڵایەتییەکان[10]. کۆمەڵناسیی سێهەم، لەم ڕوانگەوە، زاڵبوونە بەسەر دابەزاندنی[11] کۆمەڵگا لەلایەن کۆمەڵناسیی یەکەم و دووهەمەوە. ستۆمپکا جەخت لەسەر ئەم بابەتە دەکاتەوە کە لە لایەک کۆمەڵناسیی یەکەم تەرکیزی لەسەر پێکهاتە و سیستەمە فراوانەکان[12] دەکردەوە و پێی وابوو ئەم پێکهاتانە لەبان سەری مرۆڤن. بەواتایەکی دیکە، لە ڕوانگەی کۆمەڵناسیی یەکەمەوە هەندێک هێز لە دەرەوی مرۆڤ هەن کە دیاردە کۆمەڵایەتییەکان و ژیانی کۆمەڵایەتی دیاری دەکەن. لەلایەکی دیکەیشەوە، کۆمەڵناسیی دووهەم، یەکەی شیکاریی خۆی بە ئاستی ورد[13] پێناسە دەکات، کە ئەوانیش بریتین لەم ڕەفتار و کردەوانەی[14] کە لە ژیانی مرۆڤەکاندا هەن. لەبەرانبەردا، کۆمەڵناسیی سێهەم تەرکیز لەسەر وجودی کۆمەڵایەتی[15] دەکاتەوە. بیرۆکەی وجودی کۆمەڵایەتی جەخت لەسەر ئەم شتانە دەکاتەوە کە لە واقیعی کۆمەڵگای مرۆییدا ڕوو دەدەن، و لەنێوان پێکهاتەکان و کردەوەکاندا – لە شوێنێک کە سنوورەدارێتییە پێکهاتەییەکان و داینامیزمی کردەوەکان بابەتی واقیعی[16] بەرهەم دەهێنن – جێگە دەگرن. ئەم واقیعانەیش بریتین لە کۆمەڵێک ڕووداوی کۆمەڵایەتیی ئەزموونکراو و قابیلی بینین، کە ژیانی ڕۆژانە پێک دەهێنن. ئەو ژیانەی کە تاقە ژیانێکە مرۆڤەکان هەیانە و نە بەتەواوی لەلایەن هێزی پێکاتەکانەوە دیاری کراوە، و نە بەتەواوی ڕەها و ئازادە[17].

بۆچوونەکانی ستۆمپکا لەسەر کۆمەڵناسیی سێهەم جۆرێک تێۆریی تێکهەڵکێشەییە[18]، کە پێش ستۆمپکا  لەلایەن کۆمەڵناسانی وەکوو ئەنتۆنی گیدنز، یورگن هابڕماس، جێفری ئەلەگزاندێر، نۆڕبرت ئیلیاس و هەندێک کۆمەڵناسی دیکەوە بووەتە بنەمای کۆمەڵێک تیۆری و تێڕوانینی نوێ بۆ کۆمەڵگا. بەڵام ئەوەی لە باسەکەی ستۆمپکادا گرینگە، تێڕمینۆلۆژیی نوێ و دیاریکردنی تایەتمەندییە ئۆنتۆلۆژی[19]، مەعریفەناسی، و میتۆدۆلۆژییەکانی کۆمەڵناسیی سێهەمە.

کۆمەڵناسیی سێهەم، و لێکۆڵینەوە لە ژیانی ڕۆژانە بەرهەمی گۆڕانی تیۆرییە کۆمەڵایەتییەکان بووە و لە ڕەوتێکی مێژووییدا سەری هەڵداوە. بەڕای ستۆمپکا، سێ تێڕوانینی تیۆریک ڕێگەیان بۆ سەرهەڵدانی کۆمەڵناسیی سێهەم و لێکۆڵینەوەی ژیانی ڕۆژانە خۆش کردووە کە بریتین لە: ١. ڕەخنە لە کۆمەڵناسیی پێکهاتەیی-کارکردگەرایانەی[20] پارسۆنز  – ڕەخنەی یەکەم بۆخۆی سێ ئاراستە لە کۆمەڵناسیدا دەگرێتەوە: سەرەتا وەرچەرخانی سابجێکتیڤیزم بەرەو لێکۆڵینەوەی مەبەست، هانە، و هۆکارەکانی کردارە کۆمەڵایەتییاکانە؛ ئاراستەی دواتر وەرچەرخانی بکەر[21]تەوەرە کە تێیدا جەخت لەسەر ئەو ڕێگایانە دەکرێتەوە کە بکەرە کۆمەڵایەتییەکان پێکهاتە، دامەزراوە، و ژیانی کۆمەڵایەتی بینا[22] دەکەن؛ ئاراستەی کۆتاییش وەرچەرخانی کلتورییە کە لێکۆڵینەوە لەسەر توێیە جیاوزازەکانی مانا، ڕێساکان، بەهاکان، نۆڕمەکان، و پێش گریمانەکانی پەیوەندییە مرۆییەکان دەکات. ٢. ڕەخنەی پۆستمۆدێرن لە کۆمەڵناسیی. ٣. تیۆریی کۆمەڵایەتیی فێمێنیستی ((Sztompka 2008, 28-29.

کۆمەڵناسیی سێهەم، کۆمەڵناسیی ژیانی ڕۆژانەیە. لەم ڕوانگەوە، وجودی کۆمەڵایەتی وەکوو بابەتێک کە ڕۆژانە لە نێوان هێزی پێکهاتە و سیستەمەکان، و بکەریی بکەرە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕوو دەدات، ناوەخنی سەرەکیی ژیانی ڕۆژانە پێک دەهێنێت. ستۆمپکا پێی وایە ژیانی ڕۆژانە نەک هەر ئەو بایەخەی  هەیە کە کۆمەڵناسەکان ناکرێ لێی تێپەڕن، و نەیکەنە بابەتی لێکۆڵینەوەی کۆمەڵناسی، بەڵکوو تاقە شوێنی ڕوودانی دیاردە کۆمەڵایەتییەکانیشە. لەوەش زیاتر، پێکهاتە و سیستەمە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ کردە کۆمەڵایەتییەکان هەر بەشێکن لە ژیانی ڕۆژانە، و لەم ژیانەدا ڕوو دەدان.

بەڵام ژیانی ڕۆژانە چییە و تایبەتمەندییەکانی چین؟ دەکرێ ژیانی ڕۆژانە لە گشتیترین پێناسەدا بە فرۆشگایەکی گەورەی ئەزموونەکان[23] بشوبهێندرێت. هەندێک لەم شتانەی لە فرۆشگاکەدا هەن بەرهەست، فیزیکی و خاوەن جەستەن، هەندێکیان زیاتر دەروونین، هەندێک کۆمەڵایەتی و هەندێکیشیان سۆزدارین. ئەم ڕەهەندانە تەنیا دەکرێ بە مەبەستی شیکارانە و بەشێوەیەکی ڕێژەییی لێک جیا بکرێنەوە. ئەگینا، ئەم ڕەهەندانە لێک دانەبڕوان و ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ ئاوێتەیەکی لێکتەنراو لە هەموو ئەم ڕەهەندانەیە (Jacobsen 2019, 3). جگە لەمە ژیانی ڕۆژانە ژیانی چین یان توێژێکی دیاریکراوی کۆمەڵگا نییە، بەڵکوو ژیانی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگایە. ئەم ژیانە زیاتر ڕەهەندە بیرلێنەکراوەکان، و ئەم لایەنانە دەگرێتەوە کە جۆرێک بوون بە خوو و ڕۆتینی ڕۆژانە. چالاکییەکانی ژیانی ڕۆژانە لە مەودایەکی زەمەنیی دیاریکراو و کورتدا ڕوو دەدەن و تەواو دەبن، وەکوو خواردنەوەی چاییەک لەگەڵ هاوڕێیەک. ئەم ژیانە هەم ڕەهەندە بەرهەستە جەستەییەکانی ژیان دەگرێتەوە، هەم لایەنە هەستەکی و سۆزدارییەکان. ژیانی ڕۆژانە تاقانە نییە، بەڵکوو وەک بازنەیەک ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دووپاتە دەبێتەوە و خەریکی ڕوودانە؛ بەڵام هاوکات گۆڕانکاریشی بەسەردا دێت. تەنانەت، کاتێک کە تەنیاشین ژیانی ڕۆژانە لە بەستێنێکی کۆمەڵایەتی و لەپەیوەندیی لەگەڵ ئەوانی تردا ڕوو دەدات.  بۆیە، ژیانی ڕۆژانە هاوواتای ژیانی تایبەت نییە. بەڵام، وەک بیاڤی گشتی، بیاڤی تایبەتیش لەخۆ دەگرێتەوە. ژیانی ڕۆژانە هەموو لایەنە پیرۆز و ناپیرۆزەکان، ڕەهەندە سێکولار و ئایینییەکان، ڕێوشوێنە تایبەتی و گشتییەکان لەخۆ دەگرێتەوە (Sztompka 2008, 31-32).

بەم شێوەیە، ژیانی ڕۆژانە نەک هەر بابەتێکی لاوەکیی نییە، بەڵکوو بووەتە یەکێک لە گرینگترین و سرنجڕاکێشترین بابەتاکانی لێکۆڵینەوەی کۆمەڵناسی. ئەمەیش بووەتە هۆی ئەوەی کۆمەڵێک تیۆری و تیڕوانینی نوێ لەپەیوەندی لەگەڵ دیاردە کۆمەڵایەتییەکاندا دروست ببن کە ئاوەڵناوی ڕۆژانەیان لەگەڵە. یەکێک لە بەناوبانگترینی ئەم تیۆرییانە، تیۆریی ناسیۆنالیزمی ڕۆژانەی[24] مایکڵ بیلیگە[25]. جگە لە ناسیۆنالیزمی ڕۆژانەی بیلیگ، تیۆریی ڕەگەزپەرەستیی ڕۆژانەی[26] فیلۆمینا ئەسەد[27]یش پێگەیەکی تایبەتی لەناو ئەم ڕەوتە لە تیۆرییە کۆمەڵایەتییەکاندا هەیە. لەپاڵ ئەمانەیشدا، چەمکی کۆلۆنیالیزمی ڕۆژانە[28] لە هەندێک لێکۆڵینەوەدا (بۆ نموونە Carlsson 2020; Rifkin 2014; Moyd 2014; Ribmon 2006 ) بەشێوەی پڕش و بڵاو بەکار هاتووە، گەرچی هێشتا بە جوانی تیۆریزە نەکراوە. بنەمای تیۆریکی کۆلۆنیالیزمی ڕۆژانە زیاتر لەژێر کاریگەریی ناسیۆنالیزمی ڕۆژانەی بیلیگ دایە.

 لەبەشی داهاتوودا هەوڵ دەدەین بەیارمەتیی کۆمەڵناسیی سێهەم، و ڕەگەزپەرەستیی ڕۆژانە تێگەیشنێک لەسەر کۆلۆنیالیزمی ڕۆژانە ساز بکەین، و لەپەیوەندیی لەگەڵ کوردستاندا لێکی بدینەوە[29].



کۆلۆنیالیزمی ڕۆژانە

کۆلۆنیالیزمی ڕۆژانە بریتییە لە ئەزموون و پڕاکتیزێکی کۆلۆلۆنیالیستی لە ڕەوتە ئاساییەکانی ژیانی ڕۆژانەدا. مەبەست لە ئەزموون و پڕاکتیزەی کۆلۆنیالیستیی هەموو ئەم ڕەفتار و کردارانەن کە ڕۆژانە بکەرەکان لەبەرانبەر ژێردەستەکانیاندا، لە پەیوندیی بێ نێوبژیوان و ڕاستەوخۆ یان پەیوەندیی ناڕاستەوخۆ، شێوە جیاوازەکانی زاڵێتی، خۆسەپاندن، نکۆڵی، چەوساندنەوە، تواندنەوە، و توندووتیژیی بەرهەم دەهێننەوە. پێشمەرجی کۆلۆنیالیستیی­بوونی وەها ڕەفتارێک لەم لێکۆڵینەوەیەدا بریتییە لە هەبوونی پەیوندییەکی کۆلۆنیالیستی لەنێوان دوو گرووپی مرۆیی جیاوازدا – لەم لێکۆڵینەوەیەدا نەتەوەی فارس و نەتەوەی کورد.

لە بەستێنی کۆلۆنیالیستیدا، دەکرێ چەمکی کۆلۆنیالیزمی ڕۆژانە بۆ ڕاڤەی کردارە ڕۆژانەییەکان، ئەو کردارانەی کە بەشێوەی ڕۆتین و خوو لە ژیانی ڕۆژانەدا ڕوو دەدەن، بەکار بهێندرێت. ئەم کردەوانە تا ئەم ئاستە لە پرۆژە کۆلۆنیالیستییەکاندا ڕواڵەتێکی ئاساییان وەرگرتووە، کە بوون بە بەشێک لە عەقڵی گشتی بکەرەکان و خووی ڕۆژانەی ژیانی ئەم بکەرانە. هەر بۆیەشە بەشێک زۆری خەڵک نەک هەر ئەم کردارانە نابینن، بەڵکوو زۆر بە ئاسایی و سرووشتیش سەیریان دەکەن. ڕوانگەی کۆلۆنیالیزمی ڕۆژانە هەوڵ دەدات ئەم بەشە لە ژیانی ڕۆژانە کە تێیدا کرداری کۆلۆنیالیستی پڕاکتیزە دەکرێ، ئاشکرا  بکات. بە واتایەکی دیکە، هەوڵ دەدات نائاساییبوون و ناسرووشتیبوونی ئەم بەشە لەژیانی رۆژانە ڕوون بکاتەوە و دەری بخات (Carlsson 2020, 272).

زۆربەی ڕوانگە تیۆرییەکان پێیان وایە کە کۆلۆنیالیزم پڕۆسەیەکی لە سەرەوە بۆ خوارەوەیە[30] (Moyd 2014, 22).  بە واتایەکی دیکە، زۆربەی تیۆرییەکانی کۆلۆنیالیزم لەم بڕوایە دان کە کۆلۆنیالیزم پڕۆسەیەکە کە لەلایەن دەوڵەت، پێکهاتە و دامەزراوە کۆلۆنیالیستییەکان بەسەر کۆمەڵگا و وڵاتە کۆلۆنیکراوەکاندا دەسەپێندرێت. ئەم ڕوانگەیە تاکڕەهەندییە، چونکە ئاستی پڕاکتیزەی رۆژانەی کۆلۆنیالیزم لەبیر دەکات. لەکاتێکدا کە کۆلۆنیالیزمی ڕۆژانە هەوڵ دەدات لەنێوان پێکهاتە و دامەزراوە کۆلۆنیالیستییەکان و کردار و ئەکتە کۆلۆنیالیستییەکان لە ژیانی ڕۆژانەدا پەیوەندییەکی دوولایەنە دروست بکات.

ژیانی ڕۆژانە خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە و خۆی دادەهێنێتەوە (Raibmon 2006, 38). ژیانی ڕۆژانە بەشێکە لە نەزمی هەنووکەیی و نەک هەر خۆی، بەڵکوو نەزمی هەنووکەییش بەرهەم دەهێنێتەوە. ڕوانگەی تیۆریی کۆلۆنیالیزمی ڕۆژانە یارمەتیمان دەدات لەوە تێبگەین کە چۆن پێگەی گرووپە ژێردەست و کۆلۆنیکراوەکان بەشێوەی بەردەوام لە ڕەوتەکانی ژیانی ڕۆژانەدا، بەتایبەتی لە ڕەوتی نەتەوەسازیی کۆلۆنیالیستیدا، وەک بەشێک لە نەزمی هەنووکەیی بەرهەم دێتەوە (Carlsson 2020, 282).

هاوکات کۆلۆنیالیزمی ڕۆژانە ئەم ڕوانگەیەیەش ڕەت دەکاتەوە کە پێی وایە کۆلۆنیالیزم تەنیا بەرهەمی سیستەم، پێکهاتە، ڕژێمە سیاسی، و دەوڵەتە کۆلۆنیالیستییەکانە. بەپێچەوانەوە، لە ڕوانگەی کۆلۆنیالیزمی ڕۆژانە، پاش ئەوەی پڕۆژەی کۆلۆنیالیستی دەتوانێ ببێتە بەشێک لە عەقڵی گشتیی بکەرە کۆمەڵایەتییەکانی گرووپی سەردەست، ژیانی ڕۆژانەی گرووپی سەردەستیش ڕۆڵی بەرچاویان لە بەردەوامیدان، پێناسە، گۆڕان، بەرهەمهێنانەوە، و پڕاکتیزەی کۆلۆنیالیزمدا دەبێت. ئەمە بە واتای بەشداریی بکەرە کۆمەڵایەتییەکانی گرووپی سەردەست دێت لە بەردەوامیدان بە ژێردەستیی گروپە کۆلۆنیکراوەکان لە ڕەوتی ژیانی ڕۆژانەدا.

بۆ تێگەیشتن و فۆرمولەی کۆلۆنیالیزمی ڕۆژانە لە کوردستان، لەم وتارەدا هەوڵ دەدرێ کەڵک لە  تیۆریی ڕەگەزپەرەستیی ڕۆژانە و کۆمەڵناسیی سێهەم وەربگیرێ. فیلۆمێنا ئەسەد، لە تیۆریی ڕەگەزپەرەستیی ڕۆژانەدا وێڕای ڕەخنەگرتن لە پێناسە باوەکانی ڕەگەزپەرەستی – کە ئەم دیاردەیە وەکوو نەریتێکی کلتوری، ئایدیۆلۆژیک و پێکهاتەیی پێناسە دەکەن – پێی وایە ڕەگەزپەرەستی لە پێکهاتە و ئایدیۆلۆژیا زیاترە. بە بۆچوونی ئەسەد، ڕەگەزپەرەستی سەرەڕای ئەوەیکە بەشێکە لە  ئایدیۆلۆژیای زاڵ و پێکهاتەکانی، هاوکات پڕۆسەیەکیشە کە لەڕەوتی ڕۆتینی ژیانی ڕۆژانەدا بینا دەکرێت،  بەرهەم دێتەوە، هێز وەردەگرێت، و گۆڕانی بەسەردا دێت. لە ڕێگەی ئەم پێناسەوە، ئەسەد هەوڵ دەدات هێزە پێکهاتەییەکان لەگەڵ دۆخە ڕۆتینییەکانی ژیانی ڕۆژانە لێک گرێ بداتەوە. بەم شێوەیە، ئەم ڕوانگەیە ڕەهەندە ئایدیۆلۆژیکی و پێکهاتەییەکانی ڕەگەزپەرەستی بە تێڕوانینەکان و ڕاڤە و تێگەیشتنە ڕۆژانەییەکانی ڕەگەزپەرەستی، و بەرهەمهاتنەوەی ئەم دیاردەیە لەڕەوتی ئاسایی ئەزموون و پڕاکتیزی ڕۆژانە دەلکێنێت (Essed 2001, 177).

ئەسەد لەڕێگەی ڕەخنە لە جیاکاریی نێوان ڕەگەزپەرەستیی دامەزراوەیی[31] و ڕەگەزپەرەستیی تاکەکەسی[32]، دوانەی فراوان/وردی[33] کۆمەڵناسیش دەکاتە ئامانجی ڕەخنەکانی، و ڕوانینێکی تێکهەڵکێش پێشکەش دەکات (Reisigl and Woodak 2005, 7). ئەم ڕوانینە تێکهەڵکێشە بۆ ڕەگەزپەرەستی، وا دەکات ئەسەد بتوانێت بە چاوێکی کراوەتر ڕەگەزپەرەستی وەک دیاردەیەکی گشتگیر لێک بداتەوە. لەم ڕوانگەوە، ژیانی ڕۆژانە بە یەکێک لە سەرەکیترین شوێنەکانی پڕاکتیزەکردن، ئەزموونکردن، واتابەخشین، گۆڕینی واتا، گۆرانکاری، گواستنەوە و بەرهەمهێنانەوەی ڕەگەزپەرەستی دادەندرێت.

هەمان ڕوانگەیش لەلایەن مایکڵ بیلیگەوە لەپەیوەندیی لەگەڵ ناسیۆنالیزمی ڕۆژانەدا باس دەکرێت. بیلیگ لەکاتی باسکردن لە ناسیۆنالیزمی ڕۆژانە ئاماژە بەوە دەکات کە ناسیۆنالیزمی ڕۆژانە چەمکێکە بۆ ئاماژەکردن بە خووە ئایدیۆلۆژیکییەکان، خوویەک کە وادەکات نەتەوەکان خۆیان بەرهەم بهێننەوە. ئەم خووە لە ژیانی ڕۆژانەدا نەسڕدراوەتەوە، بەڵکوو ڕۆژانە لە ڕەوتی ئاسایی ژیاندا وەک ئاڵایەک لە ژیانی هاووڵاتییەکانیدا دەشەکێتەوە، و خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە (Billig 1995, 6).

ئەم بۆچوونە دەتوانێ لەبارەی کۆلۆنیالیزمی ڕۆژانەیش ڕاست بێت. ئەگەرچی کۆلۆنیالیزم لەسەرەتادا ڕەنگە هەوڵێکی پێکهاتەیی و دامەزراوەیی وڵاتێک، گرووپێکی ئەتنیکی، یان ئایینی تایبەت بێت بە مەبەستی تاڵان، ڕووتاندنەوە، ژێردەستکردن، ملکەچی، جێنۆساید، لەناوبردن، وەکخۆکردن، تواندنەوە، و داگیرکردنی وڵاتێک، گرووپێکی ئەتنیکی، یانی ئایینی جیاوازی دیکە. بەڵام هەم لەسەرتادا و هەم لەگەڵ تێپەڕینی کات، کۆلۆنیالیزم پێویستی بە پاساودانەوەی ڕۆژانەی خواست، ئامانج، و کردارەکانی هەیە و هەر بۆیەیش ئایدیۆلۆژیای کۆلۆنیالیستی بەرهەم دەهێنێ. ئامانجی پێکهێنانی ئایدیۆلۆژیای کۆلۆنیالیستی لەلایەک ڕازیکردنی کۆمەڵگای خۆیەتی، و لەلایەکی دیکەشەوە قەناعەتهێنان بە کۆمەڵگای کۆلۆنیکراوە. لە هەردووک دۆخدا، ئایدیۆلۆژیای کۆلۆنیالیستی پێویستیی ڕۆژانەی بە کارهێنانی دامەزراوە و میکانیزمی فرەچەشنی وەکوو پەروەردە و فێرکردن، برۆکراسی، بۆنەکان، میدیا و پرۆپاگەندە هەیە بۆ دروست کردنی  سووژەی  سەردەست و بندەست یان  کۆلۆنیالیکەر  و کۆلۆنیکراو.

 لە کەیسی کوردستاندا، بە هۆی ئەوەیکە دەوڵەتی کۆلۆنیال هەوڵی ئینتەگرە کردن[34] و تواندنەوەی سوژەی کوردی هەیە، ئەو پرۆسەیە ئاڵۆزترە. بە پێی  رادەی مەیلی نواندن یا خۆدوورگرتنی سوژەی بندەست لە هێما کولتووری و نەتەوەییەکانی خۆی، دەتوانێ لە ژیانی ڕۆژانەیدا لەگەڵ تەوژمی زۆتر یان کەمتری هەڵاواردنی دامەزراوەیی ڕوو بەڕوو بێتەوە. بۆ نموونە کەسێک کە جل و بەرگی کوردی لەبەر ناکات و لەهجەی کوردییەکەی خۆی کوشتووە کەمتر هەست بەو هەڵاواردنە دەکات تا ئەو کەسەی کە هێما کولتورییەکانی زیندوو ڕادەگەرێت. لەبەر ئەوەیکە کۆڵونیالیزمی توێنەرەوە (بۆ وردەکاریی زیاتر لەبارەی کۆلۆنیالیزمی توێنەرەوە بڕوانە سولەیمانی ٢٠٢٢، بەشی سێهەم) لە ڕێگەی ئاساییکردنی میکانیزمی هاندان و سزادان و ئەمنیەتی کردنی ڕۆژانەی ئەویتری کۆلۆنیکراو دەچێتە پێش. ئەو مکانیزمی ڕۆژانەیەی تواندندنەوە هەم پوتانسییەل و توانای خۆڕاگریی کۆڵۆنیکراو کەم دەکاتەوە، هەم دەیکات بە ڕەوتێکی  ئاسایی بەڵام نادیار، و لە ڕێگەی دووپاتکردنەوە و ئاسایی کردن دەیکات بە نەریتێکی برۆکراتیک.

هەڵبەت فۆڕموڵەی دیسکۆرس/ئایدیۆلۆژیی خۆسەپێن، و سووژەی خەسیوی وەرگر و بێ دەسەڵات لە تیۆرییە تێکهەڵکێشەییەکان و بەتایبەتی تیۆریی کۆمەڵناسیی سێهەم، و ڕەگەزپەرەستیی ڕۆژانەدا ڕەت دەکرێتەوە. گرینگیی ئەم تێڕوانە لە جومگبەندیی کۆلۆنیالیزمدا بەڕوونی دەردەکەوێت. چونکە لە ڕوانگەی کۆلۆنیالیزمی ڕۆژانە، کۆلۆنیالیزم تەنیا پڕاکتیک و ئایدیۆلۆژیایەکی دەوڵەتی، یان ڕێکخراوەیی نییە. بەڵکوو، کۆلۆنیالیزم بەرهەمی پڕۆسەیەکی دیالێکتیکی و دوولایەنەی نێوان پێکهاتەکان و بکەرەکانە کە هەم یاسا و هەم دەسەڵاتی کۆلۆنیالی لەپەشتە. بەم شێوەیە، خاڵی جیاکەرەوەی کۆلۆنیالیزمی ڕۆژانە لە تێڕوانینەکانی دیکە بۆ کۆلۆنیالیزم دەردەکەوێ، و ئەویش بریتییە لە بەشداریی چالاکانەی بکەرە کۆمەڵایەتییەکان لە بەرهەمهێنان، پڕاکتیزەکردن، ڕاڤە، بەرهەمهێنانەوە، و بڵاوکردنەوەی کۆلۆنیالیزم و ئامادەیی ئەو کۆلۆنیالیزمە لە ڕەوتی ئاسایی ژیانی ڕۆژانەدا. کەواتە کۆلۆنیالیزم لەلایەن کۆمەڵگاوە، لەهەردووک بواری پێکهاتەیی و پڕاکتیکە ڕۆژانەییەکاندا، پێناسە دەکرێت و بەردەوامی پێ دەدرێت.

 دامەزرانی دەوڵەتی مۆدێڕن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێکی بەرهەمی کۆلۆنیالیزمی جیهانی بوو، بەو مانایە کە دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی، بەتایبەتی بریتانیا و فەڕەنسا، ڕۆڵی سەرەکیان لە داڕشتنەوەی جوگرافیای سیاسیی پاش قاجار-عوسمانیدا هەبوو. سەرەڕای هەوڵەکانی کورد بۆ وەدەستهێنانی مافی چارەی خۆنووسین، بەڵام لە کۆتاییدا کوردستان بەسەر دەوڵەتە نوێیەکانی ناوچەکەدا دابەش کرا. لەم دابەشکرانەدا، ویستی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان بەهێند وەرنەگیرا. هاوکات، هەرکام لە دەوڵەتە نوێیەکان سیاسەتێکی کۆلۆنیالیستییان لەبەرانبەر ویستی  کورد پێڕەو کرد. هەر بۆیە هەر لە سەرەتای دامەزرانیان­ڕا ئەم دەوڵەتانە لە ڕێگەی مکانیزمی فرەچەشنی یاسایی، نیزامی، سیاسی و تەنانەت ئەخلاقی و بەشارەستانی­کردن هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی کوردیان دا. دەوڵەتە نوییەکان هەموو توانا ڕەق و نەرمەکانی خۆیان بۆ لەناوبردنی ناسنامە، زمان، ئابووری، کلتوور، و تەنانەت جەستە و  دیموگرافی نەتەوەی کورد بەکار هێنا. لە چوارچێوەی دەوڵەتە مۆدێڕنەکاندا، بازنەی ناوچەیی کۆلۆنیکردنی کورد شکڵی گرت.

پێش دامەزراندنی دەوڵەتی مۆدێڕن لە ناوچەکە، بیرۆکەی ناسیۆنالیستیی تورک، فارس، و عەڕەب لەلایەن نوخبە سیاسییەکانی ئەم ئێتنیکانەوە شکڵی گرت و بناغە مەعریفییەکانی دەوڵەتی یوونیتەری نوێیان دامەزراند. پاش دەمەزراندنی ئەم دەوڵەتانە، هەموو دامەزراوەکانی[35] دەوڵەتانی یوونیتەر (ناوەندگەرا) هەوڵی سەپاندنی ماکە ناسنامەیی، کلتووری، و زمانیییەکانی خۆیان بەسەر جوگرافییا نوێیە سیاسییەکاندا دا. بەم شێوەیە، هەوڵدان بۆ دروستکردنی سووژەی نیشتمانی-نەتەوەیی یەکدەست بووە ناوەخنی هەموو دامەزراوە دەوڵەتییەکان. ئەو یەکدەستکردنە هەم سەرەکیترین تایبەتمەندنیی کۆلۆنیالیزمی ئینتگراڵە (بڕوانە سولەیمانی ٢٠٢٢) و هەم  هەوێنی کۆڵۆنیالیزمی ڕۆژانەیە. لەبەر ئەوەی کە بەبێ  ڕۆژانەیی­بوونی، سوژەی کۆڵۆنیکراو نە دورونی دەکات، و نە لە پڕۆژەی کۆلۆنیاڵی وەکوو پەروردە و فێرکاریدا دەتوێتەوە، و نە کولتوریزە دەبێت. کەواتە  سەرکەوتنی پڕۆژەی دەوڵەتە یوونیتەرەکانی ناوچەکە بە پڕۆژەیەکی کۆلۆنیالیستی تایبەت بەستراوەتەوە. دروستبوون و بەردەوامیی دەوڵەتی یونیتەر لە بەستێنێکی فرەنەتەوەییدا بەبێ لەناوبردنی ئەو نەتەوانە یان لە ڕێگەی جینۆساید (نە هێشتنی فیزیکی و جەستەیی) یان  کۆلۆنیالیزەکردن و زمانکوژی و کولتورکوژی مومکین نیە. بەڵام بە هۆی ئەوەی کە بژاردەی دووهەم پرۆسەیەکی درێژەخایەنی کولتوورسازی و ئەخلاقسازییە لە ڕیگەی دامەزراوەیی و پێکهاتەیی کردنەوە مومکین نییە، و پێویستی بە ڕۆژانەیی کردنی پرۆژەی کۆلۆنیکردن هەیە. دەبێ ئایدیۆلۆژیای کۆلۆنیالیستی ئەو ئەخلاق و کولتوورە بگشتێنێ و لەو ڕێگەیەوە فۆرم بدات بە زەینی تاک  و  عەقڵی گشتیی[36] و بیکات بە بەشێک لە دونیابینی دانیشتوانی جوگرافیای  سیاسیی ژێر دەسەڵاتی. کەواتە هابیتاسی بکەرەکانی کۆمەڵگای سەردەست لە مەیدانێکی کۆلۆنیالیستیدا شکڵ دەگرێ، گۆڕانی بەسەردا دێت و بەردەوامی بە ژیانی دەدات.

لەم کاتەوە کە پرۆژەی کۆلۆنیالیستی لەم دەوڵەتە نوێیانەدا توانی ئایدیۆلۆژیای کۆلۆنیالیستی بکات بە عەقڵی گشتیی، کۆلۆنیالیزم دەچێتە قۆناغێکی نوێوە و کۆلۆنیالیزمی ڕۆژانە لەدایک دەبێت. لەم قۆناغە نوێیەدا جگە لە پێکهاتە و دامەزراوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، ئەندامانی کۆمەڵگای سەردەستیش[37] بەشێوەیەکی چالاکانە لە ڕەوتی ژیانی ئاسایی ڕۆژانەیاندا پڕاکتیزەی کۆلۆنیالیزم دەکەن. لەبەر ئەوەی کە بکەرە کۆمەڵایەتییەکان وەرگرێکی پەسیڤ و خەسیو نین، و بەردەوام لە پڕۆسەی بەخۆداچوونەوە[38] دان، بەتەنیا ئایدیۆلۆژیی کۆلۆنیالیستی بەرهەم ناهێننەوە، بەڵکوو دەستکاری دەکەن، پاساوی بۆ دەهێننەوە، ڕاڤەی دەکەن، دەیگۆڕن، سەرلەنوێ پێناسەی دەکەنەوە، و بەردەوامی پێ دەدەن.

بەڵام لەبەر ئەوەی کە ژیانی ڕۆژانە لە ڕواڵەتدا زۆر ئاسایی دەردەکەوێ، بۆ ئەوەی لە لۆژیکی کۆلۆنیالیزمی ڕۆژانە تێبگەین، دەبێ بگەڕێینەوە بۆ پێناسەی مایکڵ بیلیگ بۆ ئایدیۆلۆژیا. بیلیگ پێی وایە تێگەیشتن لە ئایدیۆلۆژیا پێویستیی بە جۆرێک دابڕان لەو ئایدیۆلۆژیایە هەیە. بۆ ئەوەی لە ئایدیۆلۆژیا تێبگەین دەبێ لەم شتانەی کە وەک بابەتی بەڵگەنەویسیت، ئاسایی، و سرووشتی وەرمانگرتوون و قەبوڵمان کردوون داببڕێین و مەودایەک لەنێوان بابەتە بەڵگەنەویست و ئاساییەکان لەگەڵ خۆمان ساز بکەین. پێویستیی ئەم دابڕانەیش بۆ خودی ئایدیۆلۆژی دەگەڕێتەوە. بیلیگ، لەژێر کاریگەریی فڕۆید، پێناسەیەکی دەرونشیکارانە لە ئایدیۆلۆژیا پێشکەش دەکات و پێی وایە کە ئایدیۆلۆژیاکان بریتین لە کۆمەڵێک نموونە[39]ی باوەڕ و پڕاکتیک، کە ڕێکخستنە هەنووکەییەکان بە ڕێکخستنگەلێکی ئاسایی و سرووشتی[40] پێشان دەدەن. بەم شێوەیەیش بەقووڵی کاریگەری لەسەر ئاگایی، هۆشیاری، و هەستی هەنووکەییمان دادەنێن (Billig 1995, 15). نموونەی ئەو جۆرە کاریگەرییانە وێنای دەوڵەتی ئێران وەکوو دەوڵەتێکە کە هەزاران ساڵە هەیە، یان ئەوەیکە پێمان وابێت فەرمیبوونی زمانی فارسی لە هەموو جوگرافیای سیاسیی ئێراندا دیاردەیەکی سرووشتی و ئاساییە. کەوابوو، ئایدیۆلۆژیاکان تایبەتمەندییەکی نەبینراو و هەستپێنەکراویان هەیە، نایانبینین و هەستیان پێ ناکەین، چونکە پێمان سرووشتی و ئاسایین. بۆ ئەوەی لێیان تێبگەین دەبێ ڕاوەستین، و سەرلەنوێ بیر لە بابەتە بەڵگەنەویست، سرووشتی و ئاساییەکانمان بکەینەوە.

کۆلۆنیالیزمی ڕۆژانەیش ئەم تایبەتمەندییەی هەیە. ئەوەندە لەلای بکەرەکان دەروونی بووە، و ئاسایی و سرووشتی دەردەکەوێ کە نە دەیبینن، نە هەستیشی پێ دەکەن؛ بەڵکوو وەک بەشێک لە خووە ڕۆژانەییەکان لە ڕۆتینی ژیانی ڕۆژانەدا پڕاکتیزەیان دەکەن. بۆ ئەوەی بتوانین لێی تێبگەین، و لێی بپرسینەوە دەبێ مەودایەک لەنێوان خۆمان و ئەم بابەتە بەڕواڵەت بەڵگەنەویست و سرووشتییانە دابنێین.

کۆلۆنیالیزمی ڕۆژانە، و بەکارهێنانی ئەم چەمکە لێکەوتەی ئەخلاقی، و سیاسیی تایبەت بە خۆی هەیە. کاتێک پێمان وابێت کۆلۆنیالیزم تەنیا بابەتێکی پێکهاتەیی نییە، بەڵکوو بە تێپەڕینی کات دەبێتە بەشێک لە عەقڵی گشتی بکەرە کۆمەڵایەتییەکان، و بکەرە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆژانە چالاکانە خەریکی بەرهەمهێنانەوە، پێداچوونەوە، واتابەخشین، پاساودانەوە، و بەردەوامیدان بە کۆلۆنیالیزمن، لێکەوتەیەک دەبێتە ئەوەی کە ئەوە تەنیا سیستەمە سیاسییەکان، حکوومەت و دەوڵەتە کۆلۆنیالیستەکان و دامەزراوەکانیان نین کە کۆلۆنیکراو دەچەوسێننەوە. بەڵکوو بکەرە کۆمەڵایەتییەکانیش ڕۆژانە لە ڕەوتی ئاسایی ژیانی ڕۆژانەیاندا خەریکی بەردەوامیدان، و پڕاکتیزەی کۆلۆنیالیزمن.

بۆ نموونە، سیستەمی سیاسیی ئێران، و ئایدئۆلۆژیای ناسیۆنالیستیی فارس بەپشتیوانیی دەستوور/یاسای بنەڕەتییەکەی هەموو لایەنێکی کلتووری، سیاسیی و ئەتنیکیی نافارسەکانی وەک بابەتی لۆکاڵ و ناوچەیی [محلی] پێناسە کردووە. بەرانبەر بەم بابەتی خۆجێی و ناوچەییە، لە ناوەند بابەتی نەتەوەیی و نیشتمانی پێناسە کراوە کە بریتییە لەو بابەتانەی ئی فارسن یان فارس بە ئی خۆیانی دەزانێ و دەستی بەسەردا گرتوون. ئەمەیش هایرارکی و پلەبەندییەکی کۆلۆنیالیستی دروست کردووە کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر کەڵەکەبوونی دەسەڵات، چنین و گێڕانەوەی ڕابردوو لەژێر ناوی مێژوو، و خەون و خولیای داهاتوو داناوە. ئەم پلەبەندییە وای کردووە زۆرینەی سەرمایە فرەچەشنەکانی جوگرافیای سیاسیی بەناو ئێران لە دەشت و بیابانەکانی ناوەندی فارس­نشین کەڵەکە ببێت. هەر وەک چۆن بەشێکی بەرچاوی دۆخی هەنووکەیی ئابووری، سیاسی، کولتووری و کۆمەڵایەتیی وڵاتانی ئەفریکی بەرهەمی دزی و تاڵانی ئەم وڵاتانە لەلایەن کۆلۆنیالیزمی کلاسیک و نوێی ڕۆژئاوایە، بەهەمان شێوەیش بەشێکی بەرچاوی نەهامەتییەکانی کوردستان بەرهەمی کۆلۆنیالیزمی ئێران و وڵاتە کۆلۆنیالیستەکانی دیکەی ناوچەکەیە[41]. بابەتی لۆکاڵکراو [محلی­شدە] لەباری دەسەڵات و پێناسەوە لە ژێر بابەتی بەناوەندکراو، بە نیشتمانیکراو، و بە نەتەوەییکراو دایە؛ هەر بۆیەشە دەبێت لەخزمەتی بابەتی بەنیشتمانیکراودا بێت. ئەم دۆخەیش دۆخێکی کۆلۆنیالیستییە کە لەلایەن سیستەم، ئایدیۆلۆژیا، و پێکهاتەی کۆلۆنیالیستییەوە لە ماوەی نزیکەی سەت ساڵی ڕابردوودا دروست بووە.

لەژیانی ڕۆژانەشدا، بکەرە کۆمەڵایەتییەکان ئەم پلەبەندییە کۆلۆنیالیستییە – لەهەردووک ئاستی ڕاڤەی فراوان (پێکهاتە، ڕێکخراو، دەوڵەت، و ئایدیۆلۆژیا) و ئاستی ڕاڤەی ورد (پەیوەندییە کەسییەکان، و ژیانی ئاسایی ڕۆژانە) – بەرهەم دەهێننەوە. لەکاتێکدا کە کورد جلوبەرگ، زمان، حیزب، بزووتنەوە، دابونەریت، کلتوور، مۆسیقا، و هەموو توخم و ڕەگەزەکانی خۆی وەکوو بابەتێکی نەتەوەیی و نیشتمانی پێناسە دەکات، بکەرێکی فارس لە گەشتێکی بۆ کوردستان یان لەکاتی چوونە ناو دایالۆگێک لەسەر هەر کام لەم بابەتانە زۆر بە ئاسایی هەمان پلەبەندیی کۆلۆنیالیستی بەرهەم دەهێنێتەوە، و بەناوی ناوچەیی [محلی] ئاماژە بەم بابەتانە دەکات. نموونە باوەکان کە ڕۆژانە لە زمان فارسەکانی دەبیسین بریتین لە مۆسیقای ناوچەیی، جلوبەرگی ناوچەیی، زمانی ناوچەیی و هتد. ئەمەش پڕۆسەیەکە کە تێیدا پلەبەندیی کۆلۆنیالیستی لە ژیانی ئاساییدا لەلایەن بکەرەکانەوە بەرهەم دەهێنێتەوە و مەشڕوعییەتی دەدرێتێ؛ تەنانەت نۆڕماڵیزەش دەکرێت. بەواتایەکی دیکە، بکەری کۆلۆنیالیست لە ژیانی ڕۆژانەیدا هەم سیستەم و دۆخی هەنووکەیی بەرهەم دەهێنتەوە، پاساوی دەداتەوە، و مانای پێ دەبەخشێت و بەردەوامی پێدەدات؛ هەم لەڕیگەی دووپاتکردنەوەی دەیکات بە بەشێک لە ڕۆتینی (بەرواڵەت) ئاسایی ڕۆژانەی ژیانی.

ئەم بکەرە کۆلۆنیالیستییە تەنیا چەمکێکی کۆلۆنیالیستی بەناوی ناوچەیی [محلی] بەرهەم ناهێنێتەوە، و پڕاکتیزەی ناکات. بەڵکوو لەڕێگەی ئەم وشەیە هەموو جیهانبینییە کۆلۆنیالیستییەکان بەرهەم دەهێنێتەوە و ڕەوایی بە کۆلۆنیکردنی کوردستان دەدات. پلەبەندییەکە قایمتر دەکات و مەشڕوعییەتی دەداتێ. هەموو ئەمانە ڕوو دەدەن لەکاتێکدا کە ڕەنگە خودی بکەرە کۆمەڵایەتییەکە هیچ ئاگامەندییەکی لەسەر ئەم بابەتە نەبێت، و پێی یەکێک لە ئاساییترین بابەتەکانی ژیانی ڕۆژانەی بێت.

کەواتە بکەرە کۆمەڵایەتییەکانیش لەگەڵ سیستەم لە ڕەوتی ڕۆتینی بەڕواڵەت ئاسایی ژیانی ڕۆژانەیاندا خەریکی پڕاکتیزەی دۆخێکی کۆلۆنیالیستین بەسەر ئەویتری کۆلۆنیکراودا و خودی پێکهاتە، و سیستەم و ئایدیۆلۆژیای کۆلۆنیالیستی بەرهەم دەهێنێتەوە. لەلایەکی دیکەشەوە لەچوراچێوەی ژیانی ڕۆژانەدا، کۆلۆنیالیزم لە ئاستی ژیانی بەڕواڵەت ئاسایی ڕۆژانەدا بەرهەم دەهێنێتەوە، و رەوایی بە هەردووک ئاست دەدات.

لێکەوتەی سیاسیی دووهەمی قەبوڵکرنی کۆلۆنیالیزمی ڕۆژانە ئەوەیە کە بە نەمانی سیستەمی کۆلۆنیالیستی لە ئاستی پێکهاتە، ئایدیۆلۆژیا، و دامەزراوەکاندا، کۆلۆنیالیزم وەک عەقڵی گشتی، وەک ڕۆتینی ڕۆژانە، وەک خووی بکەرەکان هەر دەمێنێت. گەرچی ئەمە هەمووکات بەمانای هەمیشەیی بوونی ئەم دیاردەیە نییە و گرێدراوی زۆر گۆڕاوی دیکەیە. بۆ نموونە، لەگەڵ ڕۆیشتنی سیستەمی پاشایەتی پاش شۆڕشی ١٩٧٩، لە جوگرافیایی سیاسیی ئێران کۆلۆنیالیزمی ڕۆژانە کۆتایی پێ نەهات، و تا ئێستایش بەردەوامە. ئەگەرچی سیستەمی پاش ١٩٧٩یش هەر سیستەمێکی کۆلۆنیالیستییە. بەڵام خودی سیستمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بۆشاییدا دانەمەزرا، بەڵکوو بناغە سەرەکییەکانی ئەم سیستەمە سیاسییە کۆلۆنیالیستییە هەمان سیستەمی کۆلۆنیالیستیی پێشوویە. گەر ئەم سیستەمەی ئێستایش لە جوگرافیای ئێراندا نەمێنێت، و سیستەمێکی دیسێنتڕاڵی (بێ ناوەند یان چەند ناوەندی) دیموکراتیک پێک بێت کە بە هیچ شێوەیەک سیاسەتی کۆلۆنیالیستی بەرانبەر بە نافارسەکان نەبێت، دیسان ماوەیەکی یەکجار زۆر و چەند نەوەیەکی پێویستە تاکوو خوو و ڕۆتینە کۆلۆنیالیستییەکان لەناو بکەرە کۆلۆنیالیستەکاندا کۆتاییان پێ بێت و نەمێنن. هەڵبەت ئەمە ئایدیالترین دۆخە و زۆر لە دۆخی مەحاڵ نزیکە. هۆکارەکەش بەهۆی ئامادەیی بەهێزی ئایدیۆلۆژیا، و سیستەمی مانایی پان ئێرانی، و ئێرانشاری دەگەڕێتەوە کە بەردەوام بەهۆی سنوورە خەیاڵییەکانی ئامادەی پێناسەکردنی ئەوانی دیکە وەک بەشێک لەخۆیەتی. هەروەک چۆن لە عێراقی پاش سەدامیش، بە لەناوچوونی ڕژێمی بەعس، بەعسیزم کۆتایی پێ نەهات و بکەری بەعسی لە ژیانی ڕۆژانەیدا بەرهەمی دەهێنیتەوە.

بە واتایەکی دیکە، لەبەر ئەوەی کە چوارچێوەی تیۆریکی کۆلۆنیالیزمی ڕۆژانە پشت بە لێکگرێدراوی و لێکتەنراویی پێکهاتە و بکەر – یان ئاستی ڕاڤەی فراوان و ورد – دەبەستێت، هەردووک ئەم ئاستە ڕاڤەییە لە ژیانی ڕۆژانەدا بەیەکەوە لێک دەداتەوە. وجودی کۆمەڵایەتیی کۆلۆنیزلیزم لە هەردووک ئاستدا یەکتر بەرهەم دەهێننەوە. گەر پێکهاتە و سیستەمی کۆلۆنیالیستی نەمێنێت، بکەری کۆلۆنیالیست دەتوانێ بینای بکاتەوە. پێچەوانەکەشی ڕاستە، گەر بکەری کۆلۆنیالیستی نەمێنێت، پێکهاتەی کۆلۆنیالیستی دەتوانێ دروستی بکاتەوە. ئەم بازنە داخراوە کات و وزەیەکی زۆری دەوێ تا کۆتایی پێ بێت. لێرەدا مانای ئەم دەربڕینە کە دەڵێ ژیانی ڕۆژانە خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە، و خۆی دادەهێنێتەوە بەڕوونی دەردەکەێ. ئەمە بابەتێکە کە لە ڕۆژئاوا بە زەقی دەبیندرێت. تا ئێشتایش، کە دەیان ساڵ بەسەر کۆتایی کۆلۆنیالیزمی کلاسیکی ڕۆژئاوادا تێدەپەڕی، لە بەشێکی بەرچاوی ژیانی ڕۆژانەی ڕۆژئاواییەکان و لەکاتی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەم بابەتانەی پەیوەندییان بە کۆلۆنیکراوەکان هەیە ڕەفتاری کۆلۆنیالیستی خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە. ئەمە لەکاتێکدایە کە بەشێکی بەرچاوی وڵاتانی ڕۆژئاوایی ڕێوشوێنی یاسایی تووندیان لەدژی ئەم کردەوانە گرتووەتە بەر.[42]

بەچەند نموونەیەکی دیکە هەوڵ دەدەم ئەم بابەتە ڕوونتر بکەمەوە. درووشمی فەرمیی بژاردەی بەناو نەتەوەیی ئێران لە مۆندیالی ٢٠١٤ی ڕوسیا بریتی بوو لە: “٨٠ میلیۆن کەس، یەک نەتەوە، یەک ترپەی دڵ[43]“. ئەم درووشمە، لەگەڵ دوو درووشمی دیکە لەلایەن ئێرانەوە پێشنیار کرابوون، و لەکۆتاییدا بە دەنگدانی ئۆنلاین ئەم درووشمە زیاترین دەنگی هێناوە. ئەم درووشمە لەسەر پاسی گواستنەوەی یاریزانەکانی ئێران دەنووسرا. درووشمەکە لەلایەن سیستمەوە پێشنیار کرا، بەڵام لەلایەن بکەرەکانەوە پەسەند کرا.

هەروەک دەبینین، لە ڕووداوێکی وەرزشیدا هەوڵ دەدرێ هەموو دانیشتوانی ئەم جوگرافیا سیاسییە بە یەک نەتەوە، و یەک ترپەی دڵ پێناسە بکرێن. ئەم هەوڵ و پێناسەیە کۆلۆنیالیستییە، چونکە ئێتنیکی سەردەست لەبری هەموو ئەوانی دیکە بڕیاڕ دەدات، ویست و پێناسەی خۆی بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی دەسەپێنی، و هەموو مافێکی خۆپێناسەکردن و بڕیاڕدان لە نافارسەکان دەستێنیتەوە. ئەوە لەکاتێک دایە کە بەپێی زۆربەی ئەم لێکۆڵینەوانەی لەناوخۆ و دەرەوەی جوگرافیای سیاسیی ئێراندا کراون، بەشێکی بەرچاوی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خۆیان بە ئێرانی نازانن یان ناسنامەی نەتەوەیی کوردیان پێ لە ناسنامەی سەپاوی ئێرانی لەسەرتر و گرینگترە (بڕوانە عثمانزادە ١٣٩٩؛ فکوهی و آموسیز ١٣٨٨؛ رحمانی ١٣٨٨؛ قادرزادە ١٣٨٨؛ Akbarzadeh et.al. 2019.). هەمان بۆچوون و خۆناسین لەلایەن نەتەوە و ئەتنیکە جیاوازەکانی دیکەی جوگرافیای سیاسیی ئێراندا بەئاستی جیاواز بەدی دەکرێت. تا ئێرە کردارێکی کۆلۆنیالیستی لەلایەن پێکهاتە، ڕێکخراوە، و ئایدیۆلۆژیای کۆلۆنیالیستییەوە ئەنجام دراوە.

بەڵام کەی ئەم ڕەفتارە کۆلۆنیالیستییە دەبێتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانە؟ وای دابنێین لەم مۆندیالەدا، لە پادگانێک، بەشە ناوخۆیی زانکۆیەک، یان شوێنێکی گشتیی دیکە کوردێک و چەند فارسێک بەیەکەوە و لە یەک شاشە سەیری یارییەکی تۆپی پێی نێوان کۆریای باشوور[44] و ئێران دەکەن. یانەی کۆریای باشوور گۆڵێک لە یانەی ئێران دەکات و کوردێک، یان هەر نافارسێکی دیکەی کۆڕەکە، بە نیشانەی دەربڕینی دڵخۆشی لەناو کۆڕەکەدا هەڵدەستێ و هاوار دەکات: گۆۆۆۆۆڵڵڵڵڵ! هاندەرەکانی دیکە ئەم ڕەفتارە بە ڕەفتارێکی دژبەرانە پێناسە دەکەن و کەسەکە بە دژایەتیی ئێران ناو دەبەن. گەر ئەو کەسە کورد بێ، بەردەستترین لزگەکان دەتوانن ئەوە بن کە کەسەکە جوداییخواز و تەجزییەتەڵەبە[45]، یان سیخوڕی ئیسرائیڵ و ئەمەریکایە. کوردەکە لەناو کۆڕەکەدا ڕەنگە بەشێوەی جیاواز سزا بدرێت. لە چاولێکردنێکی خوارڕا بگرە هەتا بەرز کردنەوەی دەنگ، جوێن دان، و تەنانەت لێدانیش. لێرەدایە کە کۆلۆنیالیزمی ڕۆژانە ڕووی ڕاستەقینەی خۆی دەردەخات. هاندەرەکان چاوەڕوانیی ئەوەیان هەیە هەموان بەیەکەوە، بەبێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازیی نەتەوەیی و ئەزموونی ژیاویان[46]، لەم ڕووداوە وەرزشییەدا “ترپەی دڵ”یان ببێتە ئێران و بۆ ئێران لێ بدا. بەڵام وەدینەهاتنی ئەم چاوەڕوانییە کۆلۆنیالیستییە، ئەوان تووشی توورەیی و بێ هیوایی دەکات و کوردەکە سزا دەدرێت.[47] ئەوەی کە هاندەرەکان چاوەڕوانیی دەکەن کوردەکەش لایەنگریی یانەی ئێران بێت، یان گەر لایەنگریی یانەی کۆریایی باشوور بکات سزای دەدەن، نموونەی زەقی کۆلۆنیالیزمی ڕۆژانەیە کە لە دۆخێکی زۆر ئاساییدا بکەرەکان پڕاکتیزەی دەکەن، سنوورەکانی دیاری دەکەن، مانای پێ دەبەخشن، سزای سەرپێچی بۆ دادەنێن، و بەرهەمی دەهێننەوە.

با نموونەیەکی زۆر باوتر بهێنمەوە. کوردێک، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ئێران، یان لە هەندەران فارسێک دەبینێ. دەیانهەوێ بچنە ناو گفتوگۆیەک. بێ سێ و دوو، فارسەکە چاوەڕوانیی ئەوەی هەیە کوردەکە بە زمانی فارسی قسە بکات[48]. ئەم چاوەڕوانییە لەڕواڵەتدا ئاسایی و بەڵگەنەویست دەردەکەوێ. بەڵام نەک هەر ئاسایی نییە بەڵکوو تەواو کۆلۆنیالیستیشە. چ شتێک وا دەکات فارسەکە چاوەڕوانیی ئەوەی هەبێت کوردەکە بە زمانی فارسی بدوێ؟ گەر لە فارسەکە بپرسین، دەڵێ کوردی نازانم، یان دەڵێ زمانی فارسی زمانی هاوبەشی هەموومانە. بۆ فارسێک لە جوگرافیایەکی فرەنەتەوەدا نابێت کوردی بزانێت، بەڵام هەموو نەتەوەکانی دیکە دەبێ فارسی بزانن؟ هۆکارەکە ڕوون و ئاشکاریە: چونکە زمانی فارسی زمانی کۆلۆنیالیستییە کە لەڕێگەی هەموو دامودەزگا کۆلۆنیالیستییەکانەوە، لە تانگ و فڕۆکەی شەڕکەرەوە بگرە هەتا سیستەمی پەروەردە و ڕاگەیاندن و یاسای بنەڕەتی، خۆی بەسەر کۆی جوگرافیای سیاسیی ئێراندا سەپاندووە. فارسەکانیش لە دەرەوەی ئێران و لەناو ئێرانیش ئەم دۆخە کۆلۆنیالیستییە وەک دۆخێکی ئاسایی و سرووشتی پێناسە دەکەن، و بەرهەمی دەهێننەوە.

لەم نموونەیەدا گەر کوردەکە بە ئەنقەست بڵێ فارسی نازانم، یان هەر بەڕاستی زمانی فارسی نەزانێت، فارسەکە هەندێک پەڵەی ڕەشی[49] لە نێوچاوانی دەدات و بە نەخوێندەوار و کێوی ناوی دەبات. هۆکارەکەش بۆ پێش­گریمانەیەکی کۆلۆنیالیستی دەگەڕێتەوە کە پێی وایە لە جوگرافیای سیاسیی ئێراندا دەبێ هەموو کەس فارسی بزانێت، و تەنانەت بەباشیش قسەی پێ بکات. خۆ ئەگەر کوردەکە زمانی فارسیش بەباشی بزانێت بەڵام لەهجەی هەبێت، دیسان ئەگەری زۆری هەیە لەلایەن فارسەکەوە هەندێک پەڵەی ڕەشی دیکەی بە تەوێڵییەوە بندرێت، و فشەی پێ بکرێت. گەر بمانهەوێ لەگەڵ بکەرە فارسەکان لەم بارەوە بچینە ناو باسەوە، و بڵێین بۆ دەبێ من فارسی قسە بکەم؟ بۆ پێت وایە دەبێ زمانی فارسی زمانی فەرمی بێت؟ بۆ تۆ کوردی نادوێی؟ بۆ پاساودانەوەی دۆخەکە، پەنا بۆ زۆر هۆکار دەبات لەبری ئەوەی دۆخی داسەپاو وەک دۆخێکی کۆلۆنیالیستی قەبوڵ بکات، ئەمەیش بکەریی فارسەکە لە ڕاڤە، پاساودانەوە، و پڕاکتیزەکردنی کۆلۆنیالیزم لە ژیانی ڕۆژانەدا ڕوونتر دەکاتەوە[50].

نموونەیەکی دیکە بەپێی بنەما میتۆدۆلۆژییەکانی کۆمەڵناسیی سێهەم و میتۆدی ئاوتۆبایۆگرافی دەهێنمەوە. کاتی گشتپرسیی سەربەخۆیی باشووری کوردستان لە شاری تاران خوێندکار بووم. ڕوووادێکی زۆر گرینگ بۆ کورد خەریک بوو لەوپەڕی پڕۆسەیەکی دیموکراتیکدا ڕووی دەدا، ئەویش دەنگدانی کوردستانییانی باشووری کوردستان لەسەر چارەنووسی خۆیان بوو. لە تەنیشت ڕۆژنامەفرۆشییەکان تێپەڕ دەبووم، سەردێڕی زۆربەی ڕۆژنامەکان گشتپرسیی باشووری کوردستان بوو. ژنێکی بەساڵاچوو سەیری ڕۆژنامەیەکی دەکرد و لە ژێرەوە دەیکوت ئەمانەیش (کورد) دەیانهەوێ ناوچەکە تێک بدەن و ئاژاوە ساز بکەن. چێشلێنەری زانکۆ، فرۆشیاری فرۆشگاکان کە دەیانزانی کوردین یان فشەیان پێ دەکردین، یان بە ئاژاوەچی و تێکدەر تۆمەتباریان دەکردین. لە هەموویان سرنجڕاکێشتر، چەپە هاوپۆلییەکانی خۆمان بوون کە خۆیان وەکوو چەپی ڕادیکاڵ پێناسە دەکرد و فشەیان بە فڕانکفۆرتییەکان دەکرد و پێیان چەپ نەبوون. ئەم چەپانە، بە زمانی “تەمامییەتی ئەرزی”یەوە لە گشتپرسیی باشووری کوردستان دەدوان و پێیان تاوانێکی گەورە بوو! هەموو ئەم نموونانە پڕاکتیزەکردنی کۆلۆنیالیزمی ڕۆژانەن لە ڕەوتە ئاساییەکانی ژیانی ڕۆژانەدا.

کۆلۆنیالیزمی ڕۆژانە دەتوانێ لە بێدەنگیی ئەندامانی کۆمەڵگای سەردەست بەرانبەر بە سەرکوتی خۆپێشاندانەکانی کورد لە سێ دەیەی یەکەمی پاش شۆرشی ١٩٧٩ڕا بگرە[51]، هەتا بەئاسایی زانینی کوشتنی ڕۆژانەی کۆڵبەران لەلایەن ئێتنیکی باڵادەستەوە بگرێتەوە. لەشێوازی جلپۆشین و ڕازاندنەوەی ماڵ، هەتا خواردن و بەکاربەریی[52] بەرهەمە کلتوورییەکان لەژیانی ڕۆژانەدا. هیچ کام لەم پڕۆسانەی ژیانی ڕۆژانە لە بۆشاییدا ڕوو نادەن و لەپەیوەندیی لەگەڵ ژێردەستەکاندا خۆیان وەک ستاندارد و پێوەر پێناسە دەکەن. ئەم ستاندارد و پێوەرانە ئاستی گرینگی، و باشیی کردار و ڕەفتارەکانی ژیانە رۆژانە لەلایەن سەردەستەوە دیاری دەکەن.  ئەمە پڕۆسەیەکی ستانداردسازییی ژیانی ڕۆژانەیە کە تێیدا ژیانی ڕۆژانە و چۆنیەتیی جووڵانەوە و مامەڵە لەگەڵ ڕووداوە جیاوازەکانی ئەم ژیانە لەلایەن سەردەستەوە دیاری دەکرێن. گەر کەسێک لە ڕەوتەکانی ژیانی ڕۆژانەدا لە دەرەوەی ئەم ستانداردە کۆلۆنیالیستییانە بجووڵێتەوە، بەپێی ئاستیی دوورییەکەی لە ستانداردەکان لەلایەن بکەرە کۆمەڵایەتییەکانەوە سزای جیاوازی بەسەردا دەسەپێندرێت.


دەرئەنجام

لەم وتارەدا هەوڵ درا وێڕای شیکردنەوەی کۆمەڵناسیی سێهەم، و گرینگیی ژیانی ڕۆژانە لە لێکۆڵینەوە و تیۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا، لە گۆشەنیگایەکی تێکهەڵکێشانە تێگەیشتنێکی گشتی لەسەر کۆلۆنیالیزمی ڕۆژانە دروست بکرێ. لەم تێگەیشتنەدا، کۆلۆنیالیزم وەک پڕۆسەیەکی دوولایەنەیە لە نێوان پێکهاتە و دامەزراوەکان لە لایەک و بکەرە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەکی دیکەڕا پێناسە کرا. لەم پڕۆسە ئاڵۆزەدا، گەرچی ڕەنگە سەرەتا کۆلۆنیالیزم دیاردەیەکی پێکهاتەیی و ڕێکخراوەیی بێت، بەڵام هەر خێرا لەڕێگەی پڕۆژەی کۆلۆنیالیستی دەبێتە بەشێک لە عەقڵی گشتی و تێکەڵی ژیانی ڕۆژانە دەبێت. پاش ئەوەی کۆلۆنیالیزم بوو بە بەشێک لە عەقڵی گشتی، کۆمەڵگای کۆلۆنیالیست چالاکانە و هاوکات لەگەڵ پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان – بەڵام بەشێوەیەکی جیاواز – لە ڕەوتی ژیانی ڕۆژانەیاندا وەک دیاردەیەکی ئاسایی، و بەڵگەنەویست پڕاکتیزەی دەکەن. پڕاکتیزەی کۆلۆنیالیزم لە ژیانی ڕۆژانەدا دەتوانێ ڕاڤە، گۆڕان، پاساودانەوە، و گواستنەوەی ئەم دیاردەیە لەخۆ بگرێتەوە. ئاکامە ئەخلاقی و سیاسییەکانی کۆلۆنیالیزمی ڕۆژانەیش دەتوانن بریتی بن لەوەی کە بکەرە کۆمەڵایەتییەکانی نەتەوەی سەردەستیش وێرای سیستەم و پێکهاتە کۆلۆنیالیستییەکە، بەڵام بەشێوازێکی جیاواز، بەشدارن لە بەرهەمهێنانەوە، مانابەخشین، گۆڕین، مەشڕوعییەت و ڕەوایی دان و پاساودانەوە و هەموو جۆرەکانی دیکەی ڕەفتاری کۆلۆنیالیستی لە دژی کورد. ئاکامێکی سیاسیی دیکە وەها ڕاڤەیەک دەتوانێ بریتی بێت لە بەردەوامیی کۆلۆنیالیزم و مانەوەی وەک خوو و ڕۆتینی ڕۆژانە دەیان ساڵ پاش نەمانی سیستەم، پێکهاتە، و ڕژێمە کۆلۆنیالیستەکان.

هەروەها باس لەوەیش کرا کە تێگەیشتن لە کۆلۆنیالیزمی ڕۆژانە پێویستی بە دابڕانێکی ئایدیۆلۆژیک هەیە، دابڕان لەم بابەتانەی کە لە ژیانی ڕۆژانەدا وەک سرووشتی و ئاسایی قەبوڵمان کردوون. ئەم دابڕان و دوورکەوتنەوەیە ڕێگەمان پێ دەدات لە نائاساییبوون و ناسرووشتیبوونی دیاردەکان تێبگەین.

ئاماژە بەوەیش درا کە زۆرینەی بابەتەکانی ژیانی ڕۆژانە لەم جوگرافیایانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە دەتواندرێن وەکوو کۆلۆنیالیزمی ڕۆژانە سەیر بکردرێن کە تێیاندا هەر چەشنە ڕەفتارێک دوور لە پێوەر و ستانداردە قەبوڵکراو و سەپاوە کۆلۆنیالیستییەکان بێت بەشێوەی هێزەکی دەتوانێ ببێتە هۆی لێدانی پەڵەیەک لەسەر تەوێڵی بکەری کردارە بەڕواڵەت نائاسییەکە؛ و بە جۆرێک لادان و تەنانەت تاوانیش تۆمەتبار بکرێت کە لەلایەن بکەرە کۆمەڵایەتییەکانەوە سزا دەدرێت.

*پێزانین: بەپێویستی دەزانم سپاسی هەریەک لە بەڕێزان دکتور کەماڵ سولەیمانی، خاتوو شەهلا دەباغی، و شاهۆ زەنگەنە بکەم کە کات و وزەیەکی زۆریان بۆ ئەم وتارە دانا، و بە پێشنیار و تێبینییەکانیان زۆریان یارمەتی دام.



سەرچاوەکان

ئەردەڵان، سارۆ. سینەما و کۆلۆنیالیزم: پیشاندانەوەی کورد لە سینەمای ئێراندا، گۆڤاری تیشک، ٢٠٢١.

ئەردەڵان، سارۆ. کوردایەتی دژ بە کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیە، گۆڤاری تیشک، ژمارە ٥١، ٢٧١٩.

ئەردەڵان، سارۆ. کۆلۆنیالیزمی وەخۆگر: ئێران چۆن توانیویەتی لە کوردستان هێژمونیی کولتووری ساز بکا؟، گۆڤاری تیشک، ژمارە ٥٢، a٢٧١٩.

بێشکچی، ئیسماعیل. کوردستان کۆلۆنییەکی نێودەوڵەتی. وەرگێڕانی حەمە ڕەشید. دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی (٢٠٠٢).

دەباغی، شەهلا. خوێندنەوەیەکی دژەکۆلۆنیالیستیی شیعری کوردی. لە زنجیرە بڵاوکراوەکانی کتێبی تیشک، ٢٠٢٠.

سولەیمانی، کەماڵ. پەکەکە و پرسی کوردستان: خوێندنەوەیەکی پەیماننامەی ک­ج­ک. وەشانخانەی کۆمەڵگەی زارا، ٢٠٢٢.

Akbarzadeh, S., Ahmed, Z. S., Laoutides, C., & Gourlay, W. (2019). The Kurds in Iran: balancing national and ethnic identity in a securitized environment. Third World Quarterly, 40(6), 1145-1162.

Billig, Michael. “Banal nationalism.” Sage Publication (1995).

Carlsson, Nina. “Revitalizing the Indigenous, integrating into the colonized? The banal colonialism of immigrant integration in Swedish Sápmi.” Ethnic and Racial Studies 43, no. 16 (2020): 268-286.

Essed, P. J. M. “Everyday racism: A new approach to the study of racism.” Race critical theories (2001): 176-194.

Hassaniyan, Allan. And Mansour Sohrabi. “Environmentalism in Iranian Kurdistan: causes and conditions for its securitization.” Conflict, Security & Development 20, no. 3 (2020): 355-378.

Inglis, David. Culture and everyday life. Routledge, 2004.

Jacobsen, Michael Hviid, ed. Emotions, everyday life and sociology. Routledge, Taylor & Francis Group, 2019.

Mohammadpour, Ahmad, and Kamal Soleimani. “Interrogating the tribal: the aporia of ‘tribalism’ in the sociological study of the Middle East.” The British journal of sociology 70, no. 5 (2019): 1799-1824.

 Mohammadpour, Ahmad, and Kamal Soleimani. “Silencing the Past: Persian Archaeology, Race, Ethnicity, and Language.” Current Anthropology 63, no. 2 (2022): 185-210.

Moyd, Michelle R. Violent intermediaries: African soldiers, conquest, and everyday colonialism in German East Africa. Ohio University Press, 2014.

Nezan, Kendal. Kurdistan in Turkey. In: Chaliand, Gerard. “A people without a country.” The Kurds&Kurdistan. Zed Press, London (1980): 47-106.

Raibmon, Paige. “The practice of everyday colonialism: Indigenous women at work in the hop fields and tourist industry of Puget Sound.” Labor: Studies in Working-Class History of the Americas 3, no. 3 (2006): 23-56.

Reisigl, Martin, and Ruth Wodak. Discourse and Discrimination: Rhetorics of racism and antisemitism. Routledge, 2005.

Rifkin, Mark. Settler common sense: Queerness and everyday colonialism in the American renaissance. U of Minnesota Press, 2014.

Rodinson, Maxim. Preface to A people without a country. In: Chaliand, Gerard. “A people without a country.” The Kurds&Kurdistan. Zed Press, London (1980): 1-7.

 Soleimani, Kamal, and Ahmad Mohammadpour. “Can non-Persians speak? The sovereign’s narration of “Iranian identity”.” Ethnicities 19, no. 5 (2019): 925-947.

 Soleimani, Kamal, and Ahmad Mohammadpour. “Life and labor on the internal colonial edge: Political economy of kolberi in Rojhelat.” The British Journal of Sociology 71, no. 4 (2020): 741-760.

Soleimani, Kamal, Davoud Osmanzadeh. “Textualising the ethno‐religious sovereign, history, ethnicity and nationalism in the Perso‐Islamic textbooks.” Nations and Nationalism 28, no. 3 (2022): 1022-1039.

Sztompka, Piotr. “The focus on everyday life: A new turn in sociology.” European review 16, no. 1 (2008): 23-37.

Vanly, Sh. Ismet. Kurdistan in Iraq. In: Chaliand, Gerard. “A people without a country.” The Kurds&Kurdistan. Zed Press, London (1980):153-210.

رحمانی، سمیه . بررسی نگرش نخبگان کرد به هويت جمعی (قومی/ملی: تحلیل گفتمان
هويت قومی/ملی) ، پاياننامه کارشناسی ارشد جامعه­شناسی، تهران: دانشگاه علامه طباطبايی1388)).

 سلیمانی، کمال. مبارزه‌ای سبز برای کوردستان؛ اکوناسیونالیزم شریف باجور و یارانش, گۆڤاری تیشک، (٢٠٢٠).

عثمان زادە، داود. گراندد تئوری تجربە زیستە هویت جمعی دانشجویان کورد رشتە زبان و ادبایت کردی دانشگاە کوردستان، پاياننامه کارشناسی ارشد جامعهشناسی، تهران: دانشگاه علامه طباطبايی (١٣٩٩).

فکوهی، ناصر. آموسی، مجنون . هويت ملی و هويت قومی در کردستان ايران: مطالعه
موردی معیشت اقتصادی و تعلقهای هويتی نزد جوانان شاغل در اقتصاد غیررسمی پیرانشهر، مجله
پژوهش جوانان، فرهنگ و جامعه، شماره دوم، بهار و تابستان ، صفحات .75-4( 1388).

قادرزاده، امید . هويت جمعی غالب کردها در کشورهای ايران و عراق، رسالهی دکتری
جامعهشناسی، تهران: دانشگاه علامه طباطبايی 1388)).

 محمدپور، احمد. ناسیونالیسم – فارسی شیعی: از حلقه برلین تا مطالعات پارس، مجلە تیشک، (٢٠٢١).

[1] Banal Colonialism

[2] Poor People’s Colonialism

[3] Maxime Rodinson

[4] وێدەچێت لە دەیەکانی ١٩٥٠ تا کۆتاییەکانی ١٩٧٠ بەهۆی بەهێزیی بیری چەپ، و بزووتنەوەی ئەنتی کۆلۆنیالیستییەکان لە جیهان، ڕێککەوتنێکی ڕێژەیی لەنێوان ئەکادیمیسییەن، و چالاکانی کورد لەسەر کۆلۆنیبوونی کورد هەبووبێت. بەڵام پاش شکستی بزووتنەوەی خوێندکاریی فەڕەنسا، وپاشان لە کۆتاییەکانی دەیەی حەفتای زایینی لەگەڵ سەرهەڵدانی تیۆریی پۆست ستراکچرالیستی، وردە وردە کەشێکی بێ هیوایی لەنێو نەوی نوێی ئاکادیمیسییەنی کورددا دروست بووبێ. دۆخی سۆسیالیزمی یەکێتیی سۆڤییەت ئەم بێ هیواییە دوو هێندە زیاتر دەکات. ئەم ڕەوتە تیۆرییانەی کە لەژێر کاریگەریی پۆست ستراکچڕالیزمدا بوون ڕێگەیان بۆ سەرهەڵدانی نێئۆلیبرالیزمی سیاسی و ئابووری، و تیۆرییە پۆست مۆدێڕنەکان خۆش کرد. ئەمەیش کاریگەریی سیاسی و مەعریفی لەسەر نەوەی نوێی ئاکادیمیسییەکانی کورد دانا – هەڵبەت ئەم کاریگەرییە تەنیا کوردی نەگرتەوە و لە دونیادا بڵاو بووەوە -، بەشێوەیەک کە بەزۆری کەوتنە ژێر کاریگەریی بیرمەندە پۆست ستراکچرالیست و پۆست مۆدێڕنەکان و ڕزگاری لەلایان بوو بە خەونێک و گێڕانەوەیەکی گەورە. دەتوانین پڕۆفیسۆر ئەمیر حەسەن پوور لەم ڕەوتە هەڵاوێرین. پڕۆفیسۆر حەسەنپوور تا دوا ساتەکانی ژیانی بە ڕزگاری وەفادار مایەوە، ئەگەرچی ڕزگاری لەلای ئەو زیاتر ڕزگاریی لە سەرمایەداری بوو نەوەک کۆلۆنیالیزمی ناوچەیی.

[5] Everyday Life

[6] گەرچی جۆرج زیمێل هەندێ بابەتی گرینگی ژیانی ڕۆژانەی کردبوو بە بابەتی لێکۆڵینەوەی کۆمەڵناسی، بەڵام ئەم هەوڵەی زیمێل لەکاتی خۆیدا هەوڵێکی تاقانە بوو و نەبوو بە نەریتێکی لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵناسیدا.

[7] Piotr Sztompka.  ستۆمپکا کۆمەڵناسێکی ناوداری پۆڵەندییە، لە ساڵی ١٩٤٤ لە وەرشۆ لەدایک بووە. ستۆمپکا لە ساڵانی ٢٠٠٢ تا ٢٠٠٦ سەرۆکی کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی کۆمەڵناسان بووە. جگە لە زانکۆکانی پۆڵەند، لە زانکۆکانی کالیفۆرنیا و کۆلۆمبیاش وەک پڕۆفیسۆری میوان وانەی کوتووەتەوە. ئەم کۆمەڵناسە لە زانکۆکانی پۆڵەند مامۆستای کۆمەڵناسیی تیۆرییە (Theoritical Sociology) و بەهۆی کارەکانی لەبواری متمانەی کۆمەڵایەتی (Social Trust) ناسراوە.

[8] The Third Sociology

[9] Social wholes

[10] Social Events

[11] Reduction

[12] Macro Systems and Structures

[13] Micro

[14] Action

[15] Social Existence

[16] The Real

[17]  ستۆمپکا تەنیا لە وتارێکیدا بە وردی باس لە کۆمەڵناسیی سێهەم دەکات، و تایبەتمەندییەکانی دیاری دەکات. سەرچاوەی کۆمەڵناسیی سێهەمیش لەم وتارەی بەردەستتاندا هەر ئەم وتارەیەتی: Sztompka, Piotr. “The focus on everyday life: A new turn in sociology.” european review 16, no. 1 (2008): 23-37.

[18] Integrated Theory

[19] ستۆمپکا لە وتارەکەیدا بە وردی تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵناسیی سێهەم لە سەر هەرسێک ڕەهەندی ئۆنتۆلۆژی، مەعریفەناسی، و میتۆدۆلۆژی دیاری دەکات. هاوکات ئەماژەیش بەوە دەکات کە ئەم باسە پێویستیی بە کار و لێکۆڵینەوەی زیاتر هەیە. لەبەشی میتۆدۆلۆژیدا، ستۆمپکا باس لە لێکۆڵینەوە چۆنیەتییەکانی وەک میتۆدی کۆمەڵناسیی سێهەم دەکات. گەر لۆژیکی بەشێک لە تیۆرییە تێکهەڵکێشەییەکان و بنەما پاڕادایمییەکانی تیۆریی سیستەمە ئاڵۆزەکان بکەینە پێوەر بۆ دیاریکردنی ڕوانینێک کە ڕەخنەکانی دایکۆتۆمیی تیۆرییە ماکڕۆ/میکڕۆکان نەیگرێتەوە؛ ئەوە نابێت پێداگریی لەسەر میتۆدی چەندێتی، یان پێچەوانەکەی بکەین. ئەو ڕەخنەیە دەتوانێ تێروانی ستۆمپکا لەسەر هەرسێک ئاستی ئۆنتۆلۆژی، مەعریفەناسی، و میتۆدۆلۆژی تووشی ڕەخنەی جیدی بکاتەوە.

[20] Structural_Functionalism

[21] Agent

[22] Construct

[23] An Emporium of Experiences

[24] Banal Nationalism

[25] Michael Billig

[26] Everyday Racism

[27] Philomena Essed

[28] Banal Colonialism

[29] چەمکی کۆلۆنیالیزمی ڕۆژانە دەتواندرێ بۆ هەموو بەشەکانی کوردستان کاری پێ بکردرێ، بەڵام لەم نووسینەدا نموونەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبن.

[30] Top-Down Process

[31] Institutional Racism

[32] Individual Racism

[33] Macro/Micro Dichotomy

[34]  کەماڵ سولەیمانی لە بەشی سێهەمی کتێبی “پەکەکە و پرسی کوردستان: خوێندنەوەیەکی پەیماننامەی ک­ج­ک” بە وردی باسی ئەم تێڕمینۆلۆژییە کۆلۆنیالیستییە دەکات کە دەتواندرێت بۆ کوردستان بەکار بهێندرێت. یەکێک لەم تێرمینۆلۆژییانە کە سولەیمانی باسی دەکات،  بۆچوونی ئاکادیمیسییەنی کورد نایف بەزوانە. بەزوان چەمکی ئینتگڕاڵ کۆلۆنیالیزم یان کۆلۆنیالیزمی توێنەرەوە بۆ دۆخی کورد بەکار دەهێنێت. بە پێی ئەم بۆچوونە، کورد هەم کۆلۆنییەکی نێودەوڵەتییە و هەم کۆلۆنییەکی ناوچەییە. چوار دەوڵەتی کۆلۆنیالیستی هەوڵ دەدەن لەڕێگەی کۆمەڵێک ستڕاتیژیی لە دەرەوە و ناوەوەی کوردستان دەیانهەوێ کورد بتوێننەوە و بیسڕنەوە (سولەیمانی ٢٠٢٢، ١٣٢).

[35] لە لێکۆڵینەوەیەکی چڕوپڕ لەگەڵ کەماڵ سولەیمانی، لە سیستەمی پەروەردە و خوێندنی پێش زانکۆ لە ئێرانمان کۆڵیوەتەوە وپێشانمان داوە کە سیستەمی دەوڵەتی چۆن لە ڕێگەی سیستەمی پەروەردە و بارهێنانەوە هەوڵی دروستکردنی سووژەی کۆلۆنی بەفارس-بەشیعەکراو دەدات، و زمان، مێژوو، و گێڕانەوەی ئێتنۆتێئۆکراتیکی فارس بەسەر هەموو نافارسەکاندا دەسەپێنێ (Soleimani and Osmanzadeh 2022). هەروەها، لە لێکۆڵینەوەیەکی دیکەدا، سارۆ ئەردەڵان هەوڵی داوە پێشاندانەوەی کۆلۆنیالیستی کورد لە سینەمای ئێران شی بکاتەوە، و بۆ ئەم کارەیش خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی بۆ حەوت فیلمی ئێرانی کردووە (ئەردەڵان٢٠٢١).

[36] Common Sense

[37] ئەم بابەتە بە شێوازێکی جیا لەبارەی کۆمەڵگای ژێردەست و کۆلۆنایزکراوەکانیشدا تا ڕادەیەک ڕاستە. بەم واتایە کە خودی ئەندامانی کۆمەڵگای ژیردەستیش بە تێپەڕینی کات توخم و بەها کۆلۆنیالیستییەکان دەروونی دەکەن، و لە ڕەوتی ئاسایی ژیانی ڕۆژانەیاندا چالاکانە بەرهەمیان دەهێننەوە. بەڵام، ژێردەستەکان بەجۆرێک ئەم توخم و بەها کۆلۆنیالیستییانە خۆجێیش دەکەن و بە پێی تایبەتمەندییە سیاسی، کولتووری، زمانی، و ئابوورییەکانی خۆیان دەستکاریان دەکەن. ئەوە جگە لەوەی کە لە ، بە زمانی فانۆن، لە دیالێکتیکی دانپێداناندا لە جێگایەک ژێردەست بەرگری دەکات و ئەو ئاگاییە وەدەست دەهێنێت کە دۆخی ژیردەستیی ئەو شوناسی سەردەستەکەی دیاری دەکات. بەڵام ئەم وتارە لەبارەی کۆلۆنیالیزمی رۆژانەی کۆلۆنیالیستەکان دایە و نایهەوێ بپڕژێتە سەر دۆخی بەرگری ژیردەست.

[38] Self-Reflexivity

[39] Pattern

[40] Natural

[41]  ئەمە بەمانای نکۆڵی یان لەبیرکردنی هۆکارە ناوخۆییەکان نییە، بەڵکوو زیاتر پێداگرییە لەسەر کاریگەرییەکانی کۆلۆنیالیزم لەسەر کوردستان.

[42]   هەڵبەت ئەمە بەمانای کۆتایی کۆلۆنیالیزم و نەبوونی کۆلۆنیالیزمی نوێ نییە. پێویستە ئاماژە بەوەیش بکرێت کە مشتومڕێکی تیۆری زۆر لەسەر چەمکی کۆلۆنیالیزمی نوێ هەیە.

[43]80 MILLION PEOPLE, 1 NATION, 1 HEART BEAT  دەکرێ لەچوراچیوەی چەمکی “کۆلۆنیالیزمی وەخۆگر”ی سارۆ ئەردەڵانەوە سەیری ئەم درووشمە بکرێت. بەم مانایە کە پێکهاتە دەوڵەتییەکان، و ئایدیۆلۆژیای کۆلۆنیالیستیی ئێرانی لە پڕۆسەیەکی ئاڵۆزدا هەوڵ دەدات ئێران وەک ناسنامەیەکی کلتووری فراوان پێناسە بکات، و نەتەوە نافارسەکان لەناو ئەم  ناسنامەیەدا لەئامێز بگرێت، و بیانتوێنێتەوە.

[44] هۆکاری ئەوەی کە کۆریای باشوورم وەک نموونە هێناوەتەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لەباری شوناس، مێژوو، ماکی کلتوری، سنووری جوگرافی، هتد هیچ بڕگەیەکی هاوبەش لەنێوان کوردێک و کەسێکی کۆریای باشوور نییە تا بڵێی کوردەکە ئاساییە لایەنگری ئەم یانەیە بێت.هاوکات، بیرەوەرییەکی هاوشێوەشم هەیە.

[45]  دکتور قاسملوو لە دیمانەیەکدا دەڵێ ئێرانییەکان بە ئێمە دەڵێن تەجزیەتەڵەب. ئێمە تەجزییە تەڵەب نین و گەر دەوڵەتی کوردی دروست بکەین جیا نەبووینەوە، بەڵکوو لەگەڵ بەشەکانی دیکەی کوردستان یەکمان گرتووەتەوە. ئەم وتەیەی دکتور قاسملوو ئەوەمان پێ دەڵێت کە کورد گەر داوای سەروەری سیاسی بکات و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دابمەزرێنێت هیچ وڵاتێکی دابەش نەکردووە، بەڵکوو وڵاتی خۆی ڕزگار کردووە. بۆیە دەستەواژەی تەجزیەتەڵەبی دەستەواژەیەکی کۆلۆنیالیستییە. ئەوەی ئەوان ناویان ناوە تەجزیەتەڵەبی، ڕزگاریی کوردە لە کۆلۆنیالیزمی ناوچەیی دەوڵەتانی ئێران، تورکیا، سوریا، و عێراق.

[46] Lived Experience

[47]  کاتێک لە تاران لە سەربازیی زۆرەملێ بووم، یارییەکی تۆپی پێ لەنێوان ئێران و کۆریای باشوور ئەنجام درا. هەموو ئەو کەسانەی لە ژوورەکە بوون، جگە لە من، کۆ ببوونەوە و بە یەک تەلەڤزیۆن سەیری یارییەکەیان دەکرد. یەکێک لەم کەسانە کوڕێکی تورک بوو. لەپرڕا دەنگە دەنگ و جەنجاڵییەک ساز بوو، دیتم کوڕە تورکە لە ڕووپەڕێکی گەورە ئاڵای کۆریای باشووری کێشاوەتەوە و بەرزی کردووەتەوە، و کۆریایی باشوور هان دەدات. ئەوانی دیکەیش لێی تووڕە ببون ئەم کارەی ئەویان بە ناپاکی بە ئێران وەسف دەکرد.

[48] کوردەکە بۆخۆشی ئوتوماتیکی دەست دەکات بە فارسی ئاخاوتن، بێ ئەوەی داوای لێ بکرێت. چونکە کوردەکە لە پڕۆسەی بەکۆلۆنیبووندا فێری، نۆربێرت ئیلیاس کوتەنی، هەندێک میکانیزمی خودکۆنتڕۆڵیی دەروونی بووە و دەروونی کردوون. ئەم میکانیزمانە کۆلۆنیالیستین و تایبەتمەندیی کلتووری، کۆمەڵایەتیی، مێژوویی کۆمەڵگای کوردی نین. لەبەر ئەوەی بابەتی ئەم وتارە دۆخی ژێردەست نییە، ناچینە ناو وردەکارییەکانی ئەم بابەتەوە.

[49] Stigma

[50]  گەر فارسەکە بۆ ماوەیەکی درێژ لە کوردستان ژیابێت و فێری زمانی کوردی بووبێت ئەگەری زۆری هەیە بە زمانی کوردی دەست بکات بە ئاخافتن، بەڵام ئەوە دۆخی ڕێزپەڕە و زیاتر حاڵەتێکی بەرگری هەیە: بەو مانایە کە فارسەکە لەنێو زۆرینەی کورددا دەیهەوێ لەڕێگەی هەندێک میکانیزمی کۆمەڵگای کوردییەوە خۆی وەک بەشێک لە زۆرینە پێشان بدات. هەندێک حاڵەتیش هەیە کە تێیدا فارسەکە لە کوردستان نوێنەری دامودەزگایەکی سەرکوتکەر یان ئیدارییە و پێویستی بە میکانیزمی بەرگری نییە بەڵام بە کوردی قسە دەکات. هۆکاری ئەمە بۆ نفوزی سیاسی، و کلتووری دەگەڕێتەوە، واتە ڕەنگە بەرپرسەکە بیهەوێ لەڕێگەی زمانەوە نزیکبوونەوەیەک ساز بکات بۆ ئەوەی بە ئامانجەکانی خۆی بگات. لۆژیکی هەردووک حاڵەت، بە زمانی هابڕماس، عەقڵانییەتێکی ئامرازی و ئیستڕاتیژیکە، نەوەک عەقڵانییەتێکی پەیوەندی.

[51]  ڕەنگە هەندێک کەس خۆپێشاندانەکانی پاش کوشتنی ژینا ئەمینی وەکوو نموونەی ڕەتکەرەوەی ئەم ئارگیۆمێنتە بهێننەوە. لەم بارەوە بە پێویستی دەزانم ئاماژە بە چەند خاڵێک بکەم. پێش هەموو شتێک ئەم خۆپێشاندانانە لەناو فارس بۆ دژایەتیی لەگەڵ کوشتنی “کچی/ژنی کورد” و کوشتاری کوردستان نەبوو، بەڵکوو دەرفەتێک بوو کە لەڕێگەیەوە بەشێکی کەم لە کۆمەڵگەی فارس ناڕەزایەتییە کەڵەکەبووەکانیان لە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی دەربڕی. ئەم ناڕەزایەتییە کەڵەکەبووانەیش کۆمەڵێک ناڕەزایەتیی ئابووری، سیاسی، جێندەری و کۆمەڵایەتی بوون؛ بەڵام ناڕەزایەتیی لە بەئامانجگرتنی مرۆڤی کورد لەلایەن ڕژیمەوە نەبوون. پاشان، ئاستی بەشداریی ناوچە فارسییەکان لەم خۆپێشاندانانەدا یەکجار زۆر کەم بوو. ئەم ئاستە کەمەیش لە خۆپێشاندانەکان هەوڵێک بوو بۆ سەپاندنی ناسنامەی ئێرانی بەسەر کوردستان و دەکرێ وەکوو نموونەیەکی کۆلۆنیالیزمی ڕۆژانە سەیر بکرێت. بۆ سەلماندنی ئەم بانگەشەیە دەتوانین سەیری درووشمەکانی ناوچە فارسەکان لەم خۆپێشاندانانە بکەین، بۆ نموونە هەندێک درووشمی وەکوو “دەمرین، دەمرین، ئێران وەردەگرینەوە”، یان خۆبواردن لە بەکارهێنانی سێ وشەی “ژن، ژیان، ئازادی” بە کوردی و کەڵک وەرگرتن لە بەرانبەرە فارسییەکەیان.

[52] Consumption

داگرتنی بابەت

کۆلۆنیالیزمی ڕۆژانە لە کوردستان کۆلۆنیالیزم لە ڕوانگەی کۆمەڵناسیی سێهەم

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان