ئارامتر بخوێنەوە
گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتووری سیاسی
تاوتوێی بزووتنه‌وه‌کانی ئازه‌ربایجان و کوردستان له ساڵانی 1320 هه‌تا 1325ی هه‌تاوی
کاروان موکریانی
پوخته
له‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌دا، چۆنیه‌تیی سه‌رهه‌ڵدانی کولتووری سیاسیی “خودموختاری”، له ڕه‌وتی گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی، له ساڵانی 1320 هه‌تا 1325ی هه‌تاوی له ئازه‌ربایجان و کوردستان شی کراوه‌ته‌وه. گریمانه‌ی سه‌ره‌کی ئه‌وه‌یه کولتووری سیاسی وه‌کوو گوتار، له ڕه‌وتی گۆڕانکاری له واتا و ماناکانی گه‌شه‌دا دەگۆڕێت. به‌م پێیه، تیۆریی گوتاری «لاکلائۆ» و «مووف» بۆ چوارچێوه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌کە هه‌ڵبژێردراوه و، هەروەها بۆ شیکردنه‌وه‌ی دهیتاکانیش که‌ڵک لەم مێتۆده وه‌رگیراوه. ده‌یتاکان بریتین له: ڕۆژنامه، کتێب، وتار، په‌یڕه‌و و به‌رنامه‌ی حیزبه سیاسییه‌کان. ئاکامی لێکۆڵینهوەکە ئاشکرای دەکات که: له‌م سه‌رده‌مه‌دا له ئازه‌ربایجان و کوردستان گوتارێک له گه‌شه به ناوی “گه‌شه‌ی ئاسۆیی” سه‌ری هه‌ڵدا؛ له‌ژێر کاریگه‌ریی ئه‌م گوتاره‌دا، کولتوورێکی سیاسی به ناوی “خودموختاری” جومگه‌به‌ندی کرا. له به‌ستێنی ئه‌م کولتوورە سیاسییه‌دا، کۆماره‌کانی ئازه‌ربایجان و کوردستان دامه‌زران.
پێشه‌کی و گرینگیی بابه‌ت
چۆنیه‌تیی ڕوانگه و بیروڕا سه‌باره‌ت به سیاسه‌ت و سیستەمی سیاسی، وه‌کوو یه‌کێک له هێماکانی جیاوازیی نێوان کۆمه‌ڵگاکان لەقەڵەم دەدرێت که له شکڵی کولتووری سیاسی[1] و له قه‌واره‌ی نیشانگهلێکی وه‌ک به‌ها، نۆڕم، بۆچوون، بیر و باوه‌ڕ و کرداری سیاسیی تاکه‌کاندا خۆی ده‌نوێنێ. ئه‌م نیشانانه، له بارودۆخی مێژوویی و کۆمه‌ڵایه‌تیی تایبه‌تدا دروست و دەگۆڕدرێن. ئه‌م گۆڕانکارییانه له کولتووری سیاسیی گه‌لانی ئێران‌دا، وه‌کوو بابه‌ت و مه‌یدانی توێژینه‌وه، به هۆی ڕۆڵێک که له ڕه‌وتی دێموکڕاسیی ئه‌م وڵاته‌دا بوویانه، جێی سه‌رنج و لێوردبوونه‌وه‌یه. له‌م نێوه‌دا، سه‌رده‌می پاش ڕه‌زاشا به گشتی له ئێران و به‌تایبه‌ت له ناوچه غەیرەفارسهکانی وه‌ک ئازه‌ربایجان و کوردستان فره گرینگه؛ چونکه له‌م سه‌رده‌مه‌دا، له ئازه‌ربایجان و کوردستان دوو کۆمار دامه‌زران و له ڕووی گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی[2] و گۆڕانکاری له فه‌رهه‌نگی سیاسی‌دا جێگای تێڕامانن.
ڕۆڵی گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌م سۆنگه‌یه‌وه گرینگه که له ڕاستیدا، کولتووری سیاسی وه‌کوو دیارده‌یه‌کی زمانی له به‌ستێنی خۆیدا دەگۆڕێ؛ واتا، ڕۆڵی زمانی گه‌شه و گۆڕانکاری له ماناکانیدا، له جومگه‌به‌ندییه سیاسییه‌کاندا گرینگه. له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا، ئێڕنێستۆ لاکلائۆ و شانتاڵ مووف[3] له‌سه‌ر ئه‌م بڕوایه‌ن که شێوازه‌کانی بیرکردنه‌وه، بونیاتنانی کۆمه‌ڵگا و کرداری کۆمه‌ڵایه‌تی به‌رهه‌می جومگه‌به‌ندییه سیاسییه‌کانن (حسینی زاده، 1383: 196)؛ ئه‌م جومگهبهندییانه له‌نێو گوتاره‌کاندا شکڵ ده‌گرن. لاکلائۆ و مووف پێیان وایه ته‌واوی دیارده کۆمه‌ڵاتییه‌کان گوتارمهندن و جیهانی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌نێو گوتاره‌کان و له قالبی واتا له زماندا دروست ده‌بێت. به‌م ڕوانگه‌یه‌وه، کولتووری سیاسی تایبەتمەندیی زمانی هه‌یه و له‌نێو گوتاره‌کاندا شکڵ ده‌گرێت. یه‌کێک له‌و گوتارانه‌ی که له مێژووی ئێرانی مۆدێڕن و له کۆتایییه‌کانی حکومه‌تی قاجار به‌م لاوه، ڕۆلی له بیچم گرتن و گۆڕانی کولتووری سیاسیی خه‌ڵکی ئێران‌دا هه‌بووه، گوتاری «گه‌شه‌یه[4]». هه‌رکات، ئه‌م گوتاره به‌ره‌و نه‌رمی و کۆمه‌ڵایه‌تیبوون سووڕاوه، فه‌رهه‌نگی سیاسیی خه‌ڵک به‌ره‌و دێموکراتیزه‌بوون ڕۆیشتووه؛ هه‌رکاتیش، لایه‌نی سه‌خت، تێکنۆلۆژیک و ئابووری به‌رجه‌سته بووەته‌وه، ڕووه‌و سه‌ره‌ڕۆیی و نادێموکڕاتیکبوون هه‌نگاوی هه‌ڵێناوه. به‌داخه‌وه، جگه له چه‌ند ساته‌وه‌ختی مێژوویی نه‌بێ – بۆ نموونه له ساڵانی 1320 هه‌تا 1332 دا- هه‌تا ئه‌مڕۆ هه‌میشه لایه‌نی سهختئامێری و ئابووریی گه‌شه زاڵ بووه و، هه‌ربۆیه‌ش کولتووری سیاسیی خه‌ڵک به نادێموکڕاتیکی و ده‌سه‌ڵاتی سیاسیش به سه‌ره‌ڕۆیی ماوه‌ته‌وه.
دەربارەی ڕۆڵی گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌سه‌ر فه‌رهه‌نگی سیاسی و پرسی دێموکڕاسی له ئێران‌دا، هه‌لومه‌رجی پاش ڕه‌زاشا که ده‌رفه‌تێک بوو بۆ گه‌شانه‌وه‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی له ئێران، گرینگییه‌کی تایبه‌تی هه‌یه. له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا قاسملوو ده‌ڵێ: «به تێکچوونی ڕه‌زاشا هێندێک ئازادیی دێموکڕاتی له ئێران‌دا په‌یدا بوو و حیزب و رێکخراوه سیاسییه‌کان بووژانه‌وه و په‌ره‌یان گرت. پاش بیست ساڵ دیکتاتۆری، ئێران ڕووی ئازادیی به‌خۆیه‌وه دی» (قاسملوو، 2000: 25). له ساڵانی 1320 هه‌تا 1332، له‌ژێر کاریگه‌ریی بارودۆخی نێودەوڵهتیی ئه‌وکات و به هۆی ئه‌وه‌ی که شای نوێ واتا حه‌مه‌ڕه‌زاشا گه‌نج بوو و هێشتا نه‌یتوانیبوو بناغه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی خۆی پته‌و بکات، ده‌رفه‌ت بۆ سه‌رهه‌ڵدانی گوتارێکی جیاوازتر لە گەشە خوڵقا. ئه‌گه‌ر له کۆتایییه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی قاجاردا، گوتارێکی زبر و سهختئامێری له گه‌شه له‌ژێر کاریگه‌ریی زاڵبوونی گوتاری نوێخوازیی ئێرانی، توانی هێژمۆنیی خۆی بسه‌پێنێ و له داوێنی خۆیدا ده‌وڵه‌تی مۆدێڕن، ناوه‌ندگه‌را و سه‌ره‌ڕۆی ئێرانی دروست بکات، پاش له‌سه‌ر کارلابردنی ڕه‌زاشا و له ماوه‌ی ساڵانی 1320 هه‌تا 1332، ده‌رفه‌ت بۆ سه‌رهه‌ڵدانی گوتارێکی نوێ له گه‌شه هاته ئاراوه و، هه‌ر ئه‌م گوتاره‌ش بوو به هۆی وەرچهرخان له کولتووری سیاسیی به‌شێک له خه‌ڵکی ئێران. له‌م قۆناغه‌دا، له زۆربه‌ی ناوچه‌کانی ئێران، به‌تایبه‌ت له ئازه‌ربایجان و کوردستان، هێندێک له پێوه‌ره نه‌رم و ناماددییه‌کانی گه‌شه وه‌کوو سه‌رهه‌ڵدانی حیزب و ڕێکخراوه‌کان، ئازادیی تاکه‌که‌سی و کێبه‌رکێی سیاسی په‌ره‌ی سه‌ند. هێندێک که‌س پییان وایه له‌م سه‌رده‌مه‌دا جۆرێک پلۆڕالیزمی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی به‌سه‌ر ئێران‌دا زاڵ بوو، به‌شداریی کۆمه‌ڵایه‌تیی بەرچاو و، هەروەها به‌شداری و کێبه‌رکێی سیاسیش زیادی کرد (مایلی، 1379: 131). یه‌کێک له ده‌رکه‌وته‌کانی زاڵبوونی گوتارێکی نه‌رم له گه‌شه له‌م قۆناغه‌دا، سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌ی خودموختاری له کوردستان و ئازه‌ربایجان بوو. ئه‌م بزووتنه‌وانه له دوو ڕوووه گرینگن: هه‌م له‌م ڕوویه‌وه که خاوه‌نی کولتوورێکی سیاسیی جیاواز له فه‌رهه‌نگی سیاسیی نه‌ته‌وه‌ی زاڵ واتا نه‌ته‌وه‌ی فارس بوون، هه‌م له‌م ڕوویه‌شه‌وه که به قه‌ولی جان فۆران[5]، بیرۆکه‌ی گۆڕانکاریی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌یاله‌تی بوون به جێی سه‌رانسه‌ری بوون تووشی کێشه ده‌که‌ن (فوران، 1383: 406). ئه‌وه‌ی دەربارەی ئه‌م بزووتنه‌وانه‌دا گرینگه ئه‌مه‌یه که به شیکردنه‌وه‌ی کولتووری سیاسیی ئه‌و بزووتنه‌وانه وه‌کوو گوتار، له خوێندنه‌وه‌یه‌کی پۆزیتهیڤیستی خۆمان ده‌بوێرین و به ده‌ربازبوون له نه‌ریتی توێژینه‌وه‌گه‌لی باو لەمه‌ڕ کولتووری سیاسی، خۆمان له ڕوانگه‌ی چەندڕەهەندی و گشتی ده‌پارێزین، بەڵکوو ڕه‌هه‌نده‌کانی میکانیزمی سوڵته‌ی ئێرانی لە بابەت کولتووری سیاسی له ده‌یه‌ی بیستی هه‌تاویدا ئاشکرا بکه‌ین و پێشان بده‌ین که چه‌مکی گه‌شه وه‌کوو ئامرازێکی زمانی چۆن له ئێران‌دا دەگۆڕێ و چۆن له ڕێگه‌ی سازکردنی کولتوورێکی سیاسیی سهرهڕۆیانهوە کار بۆ خۆسه‌پاندنی نه‌ته‌وه‌ی فارس به‌سه‌ر “ئه‌وانیدی”دا دەکەن. ده‌مانهه‌وێ بزووتنه‌وه‌کانی ئازه‌ربایجان و کوردستان وه‌کوو دژه گوتاری زاڵ شی بکه‌ینه‌وه و جیاوازییه‌کانی له‌گه‌ڵ کولتووری سیاسیی نه‌ته‌وه‌ی فارس پیشان بده‌ین. هه‌ر له‌م پێناوەدا، کۆمه‌ڵێک پرسیاری سه‌ره‌کی و گرینگ ده‌ورووژێ، بۆ نموونه: گه‌شه وه‌کوو گوتارێک له‌م سه‌رده‌مه‌دا چ گۆڕانکارییه‌کی له ناوچه‌کانی ئازه‌ربایجان و کوردستان بەخۆیەوە بینیوە و، چ کاریگه‌رییه‌کی له‌سه‌ر کولتووری سیاسیی دوو نه‌ته‌وه‌ی ئازه‌ری و کورد داناوه؟ چ جیاوازییه‌ک هه‌یه له‌نێوان گوتاری نه‌ته‌وه‌ی زاڵ و نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌کان له‌مه‌ڕ گه‌شه و ڕۆڵی ئه‌م گوتاره له فه‌رهه‌نگی سیاسیی ئه‌م نه‌ته‌وانه‌دا؟ نیشانه‌کانی ئه‌م گوتارانه چین؟ ئه‌وانه کۆمه‌ڵێک پرسیارن و هه‌وڵ ده‌ده‌ین له درێژه‌دا و‌ڵامیان بده‌ینه‌وه.
چوارچێوه‌ی تیۆریک
به سه‌رنجدان به‌وه‌ی بابه‌تی ئه‌م لێکۆلینه‌وه‌یه پانتایییه‌کی فه‌رهه‌نگی – سیاسی هه‌یه؛ هه‌روه‌ها دیارده‌یه‌کی زمانییه و خەسڵەتی گوتاری هه‌یه، له‌گه‌ڵ چه‌مکی هێز هاوتەریبن. ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه بۆ شیکردنه‌وه‌ی پرسی کولتووری سیاسیی کۆماره‌کانی ئازه‌ربایجان و کوردستان کەڵک له تیۆریی گوتار[6] وه‌رده‌گرێ. له‌نێو ڕوانگه جۆراوجۆره‌کانی گوتار، له تیۆریی گوتاری لاکلائۆ و مووف که‌ڵک وه‌رده‌گیرێ، لەبەرئەوەی ئه‌م تیۆرییه ڕه‌خنه‌گرانه‌یه و توانایییهکی زۆری بۆ شیکردنه‌وه‌ی ڕه‌وتی “ئه‌ویدیسازی” هه‌یه. جگه له‌مانه وه‌ک ده‌ڵێن تیۆریی لاکلائۆ و مووف بۆ شیکردنه‌وه‌ی گوتاره سیاسییه‌کان له ڕوانگه‌کانی تر کردهییتره (بشیر، 1399: 108). ئه‌م تیۆرییه که سه‌روکاری له‌گه‌ڵ ڕۆڵ، ئاکار و ئایدیا کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له ژیانی سیاسی‌دا هه‌یه، بۆ شه‌نوکه‌وکردنی بابه‌تگه‌لێکی وه‌ک کولتووری سیاسی فره کارامه‌یه و، ده‌توانێ به شیکردنه‌وه‌ی ڕێکوپێکی واتاگه‌لی په‌یوه‌ندیدار به پرسگه‌لی وه‌ک کولتووری سیاسی، چۆنیه‌تیی جومگه‌به‌ندییه سیاسیه‌کان پیشان بدات. که‌وایه ده‌کرێ کولتووری سیاسی له چوارچێوه‌ی تیۆرییه‌کی وەهادا شی بکرێته‌وه، چونکه ده‌توانێ به پێداگری له‌سه‌ر ڕۆلی کاریگه‌ریی پێکهاته واتایییهکانی گه‌شه، چۆنیه‌تیی گۆڕانکاری له کولتووری سیاسی‌دا پیشان بدا. هه‌ربۆیه له‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌دا، له‌ژێر ڕێنوێنی و له‌به‌ر تیشکی تیۆریی لاکلائۆ و مووف، چۆنیه‌تیی سه‌رهه‌ڵدان و بیچمگرتنی فه‌رهه‌نگی سیاسیی خودموختاری له ساڵانی 1320 هه‌تا 1325 شی ده‌کرێته‌وه. به‌رله ده‌سپێکی کاری لێکۆڵینه‌وه، بۆ به‌رچاوڕوونیی زیاتر به پێویستی ده‌زانین سه‌ره‌تا بەکورتی باسی ئه‌م تیۆرییه بکه‌ین.
حه‌وجێی گوتنێیه که لاکلائۆ و مووف تیۆریی خۆیان به پێداچوونه‌وه، کۆڵینی نه‌ریتی فکریی گه‌وره‌ی ماڕکسیستی (کە هاوکات پێکهاتهخوازیشە)[7] ڕێک خست. ئه‌وان، بۆ تێڕامان له ئه‌مری کۆمه‌ڵایه‌تی، کەڵکیان له ماڕکسیسم وه‌رگرت، پێکهاته‌خوازیش ڕێگای بۆ بیرکردنه‌وه له‌مه‌ڕ واتاکان بۆ ئه‌وان خۆش کرد (یۆڕگینسێن و فیڵیپس، 1391: 55). ئه‌وان، ئه‌م نه‌ریته‌یان له‌نێو تیۆرییه‌کی پۆست پێکهاتهخوازیدا لێک گرێ دا؛ تیۆرییه‌ک که له‌وێدا ته‌واوی ڕه‌هه‌نده کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان وه‌کوو ڕه‌وتێک له واتاسازی ده‌خه‌مڵێندرێن (منوچهری، 1390: 106). لاکلائۆ و مووف، ئه‌م بیرۆکەیەیان له پێکهاته‌خوازی وه‌رگرت که نیشانه‌کان واتای خۆیان له په‌یوه‌ندیی نێوانیان له‌نێو سیستەمێکی زمانی‌دا وه‌ده‌ست دێنن. ئه‌م بیرۆکه‌یه ڕیشه‌ی له ئه‌ندێشه‌ی سۆسۆردا[8] هه‌یه. سۆسۆر به هێنانه ئارای بیرۆکه‌ی پێکهاته زمانییه‌کان، یه‌که‌مین هه‌نگاوی بۆ دانانی تیۆریی گوتار هه‌ڵێنا (حسینیزاده، 1383: 183). به ڕای ئه‌و، هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی سرووشتی و دانه‌بڕاو له‌نێوان نیشانه[9] (دال) و مه‌به‌ست[10] (مدلول)-دا نییه که سۆسۆر ناوی ئه‌سڵیی دڵخوازانه بوونی نیشانه‌کانی لێ ناوه. نیشانه‌کان واتای خۆیان لەگەڵ یه‌کدی و له جیاوازیی نێوانیان وه‌ده‌ست دێنن. هه‌ر شتێک، شوناسی خۆی له به‌رانبه‌ر ئه‌وانی تر و له جیاوازی له‌گه‌ڵیاندا وه‌ده‌ست دێنێ. که‌وابوو، زمان بریتییه له جیاوازی و په‌یوه‌ندییه‌کان (هوارث، 1378: 192).
یه‌کێکی تر له‌و بیرمه‌ندانه‌ی کاریگه‌ری له‌سه‌ر شکڵ گرتنی تیۆریی گوتار داناوه، میشێل فۆکۆیه[11]. ئه‌م کاریگه‌رییه تا ئه‌و ڕاده‌یه زۆره که هێندێک که‌س پێیان وایه ته‌واوی لق و پۆپه‌کانی گوتار له ئهنديشهی فۆکۆوه سه‌رچاوه ده‌گرن و، به شوێنکه‌وتووی فۆکۆ له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێن (یۆڕگینسێن و فیڵیپس، 1391: 55). ئه‌وان، به که‌ڵک وه‌رگرتن له چه‌مکی “هێز”ی فۆکۆ، تیۆریی خۆیان په‌ره پێدا؛ به‌م جیاوازییه که هیچ جیاوازییەک له‌نێوان کرداری گوتاری و ناگوتاری دانانێن و هه‌موو شتێک به گوتار ده‌زانن. ئه‌وان، لەجیاتی گرینگی‌دان به په‌یوه‌ندیی نێوان کرادرگهلی گوتاری و دامه‌زراوه‌کان وه‌ک فۆکۆ، بایه‌خ به “واتا” ده‌ده‌ن و لەجیاتی “حوکم”ی فۆکۆ، چه‌مکی “نیشانه” به‌کار دێنن. هه‌روه‌ها، له‌ژێر کاریگه‌ریی ڕۆڕتی[12]، نیشانه له مه‌به‌ست جیا ده‌که‌نه‌وه و گوتاره‌کان به هه‌ڵکه‌وت و ڕێکه‌وت ده‌زانن. هه‌روه‌تر، له‌ژێر بیرۆکه‌ی “پێکهاته‌شکێنی[13]“ی دریدا، دووفاقێتیی نیشانه و مه‌به‌ستیان وه‌لا ده‌نێن. به ڕای دریدا، زمان سرووشتێکی ناسه‌قامگیر و له‌رزۆکی هه‌یه، لێڵ و ناڕوونه و واتای جۆراوجۆر به‌خۆیه‌وه ده‌گرێ ((Harold and Bush, 1995: 104. ئه‌وان، هاتنه سه‌ر ئه‌و بڕوایه که هیچ شتێک له ده‌ره‌وه‌ی ده‌ق نییه و نیشانه‌کان له کاتی به‌کارهێنانیاندا واتای تایبه‌ت به‌خۆیان وه‌ده‌ست دێنن؛ که‌وایه ته‌واوی شته‌کان به‌رهه‌می گوتارن.
به گشتی، لاکلائۆ و مووف له‌ژێر کاریگه‌ریی چه‌مکی “شێوهگریی گوتاری[14]“ی فۆکۆدا، چه‌مکی “جومگه‌به‌ندی[15]“یان داهێنا. له ڕوانگه‌ی فۆکۆوه شێوهگریی گوتاری، سیستەمێکی کرداریی قسهییی ڕاسته‌قینه‌ی تا ڕاده‌یه‌ک سه‌ربه‌خۆیه که وته یان نووسراوه‌ی دیاریکراو تێیدا ساز ده‌کرێ (دریفوس و رابینو، 1392: 125). له ڕوانگه‌ی لاکلائۆ و مووفهوه، جومگه‌به‌ندی هه‌ر جۆره کردارێکه که له‌نێوان توخمگه‌لی جۆراوجۆر په‌یوه‌ندی ساز ده‌کا و له ئاکامی ئه‌م کرداره‌دا، شوناسیان دەگۆڕێ و گشتییه‌تێک به‌رهه‌م دێ که پێی ده‌ڵێن گوتار (لاکلائۆ و موفه، 1393: 171). به‌م جۆره، له دیدی ئه‌واندا، ته‌واوی دیارده کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان گوتارن و گوتار سیستەمێکی گه‌وره‌تر له سیستەم و دیارده کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی تره. ئه‌وان به پێچه‌وانه‌ی فۆکۆ، پێیان وایه که سرووشتی ناجێگیریی زمان قه‌ت ڕێگه به جێگیربوون و سه‌قامگیربوونی هه‌میشه‌ییی واتا نادا و هه‌ر به‌م هۆیه‌وه، هیچ گوتارێک ناتوانێ بۆ هه‌میشه هیژمۆنی و زاڵبوونی خۆی بسه‌پێنێ. به‌ڵکوو، به هۆی فره‌بوونی واتاکان، واتا به‌رده‌وام له‌ژێر شاڵاوی گۆڕاندایه. که‌وابوو هیچ گوتارێک، یه‌که‌یه‌کی داخراو و نه‌گۆڕ نییه. هه‌ر گوتارێک له گۆڕه‌پانێکی ته‌ژی له گوتار، به‌رده‌وام له‌سه‌ر دیاریکردنی واتا له ململانێ و کێبه‌رکێدایه و، به‌م هۆیه‌وه هه‌ر گوتارێک له دژایه‌تیی گوتاره‌کانی دیکه‌دا خۆی پێناسه ده‌کا.
له ڕوانگه‌ی لاکلائۆ و مووفهوه، هه‌میشه توخمگه‌ل و شتگه‌لێک هه‌ن که گوتاره‌کان له‌سه‌ر دیاریکردنی واتاکانیان جیاوازی ڕایان هه‌یه. ئه‌وان به‌م جیاوازییه ده‌ڵێن “دژایه‌تی[16]“. به‌ڵام، ئه‌م دژایه‌تییه هه‌میشه ڕووخێنه‌ر نییه و ده‌توانێ بونیاتنه‌ریش بێ، چونکه شوناسه‌کان له‌گه‌ڵ یه‌کتر و له دژایه‌تیی یه‌کتریدا دروست ده‌بن. که‌وابوو هه‌بوونی “ئه‌ویدی”، هه‌م ده‌بێته هۆکاری ڕێکخستن و یه‌کگرتووییی گوتارێک و هه‌میش له دژبه‌ره‌کانی جیای ده‌کاته‌وه (حجازی و بهرامی، 1398: 15). ئه‌گه‌رچی، هیچ گوتارێک بۆ هه‌میشه ناتوانێ خۆی بسه‌پێنێ، به‌ڵام به پێی بارودۆخ، ده‌توانێ هێژمۆنییهکی کاتی وه‌ده‌ست بێنێ؛ چونکه ده‌ستێوه‌ردانی هێژمۆنیک ده‌توانێ دژایه‌تییه‌کان که‌مڕه‌نگ بکاته‌وه و بۆ ماوه‌یه‌ک ونیان بکا. ده‌ستێوه‌ردانی هێژمۆنیک بریتییه له جومگهبهندییهک که له ڕێگای هێزه‌وه، دۆخێکی ڕوون و خۆش وێنا ده‌کا. به‌م چه‌شنه، گوتارێک ده‌توانێ به شێوه‌ی کاتی زاڵ بێ (یۆڕگینسێن و فیڵیپس، 1391: 90).
ئه‌گه‌رچی گوتارێک ده‌توانێ خۆی بسه‌پێنێ، به‌ڵام چونکه هه‌میشه له‌نێوان گوتاره‌کاندا، له‌سه‌ر جێگیرکردنی واتا ململانێ له گۆڕێدایه، به‌رده‌وام له لایه‌ن گوتاره‌کانی دیکه‌وه هه‌وڵ بۆ له‌نێوبردنی واتای چه‌سپاو ده‌درێ. کارێک که لاکلائۆ و مووف پێی ده‌ڵێن “پێکهاته‌شکێنی”. ئه‌وان ئه‌م چه‌مکه‌یان له دریدا وه‌رگرتووه. له پێکهاتهشکێنیدا، نیشانه‌کان سه‌رله‌نوێ پێناسه ده‌کرێنه‌وه و واتای دیکه‌یان پێ ده‌درێ. پێکهاته‌شکێنی، پێچه‌وانه‌ی چه‌سپان و سه‌قامگیربوونی واتایه و به دانی مانای نوێ به نیشانه‌کان، هه‌وڵ ده‌دا هێژمۆنیی گوتاری زاڵ له‌نێو به‌رێ. به‌کورتی ده‌کرێ بڵێین تیۆریی “گوتار”ی لاکلائۆ و مووف هه‌وڵێکه بۆ پیشاندانی ڕه‌وتێک که تێیدا واتای نیشانه‌کان به شێوه‌ی کاتی و به هه‌ڵکه‌وت جێگیر ده‌بن، بۆ ماوه‌یه‌ک زاڵ ده‌بن و دووباره تووشی پێکهاته‌شکێنی ده‌بنەوە (جمشیدیها و نوذری، 1393: 48-25).
هه‌ر وه‌ک پێشتر ئاماژه‌مان پێدا، له‌م وتاره‌دا کولتووری سیاسی وه‌کوو دیارده‌یه‌کی گوتاری ده‌بیندرێ که سیستەمێکی ناجێگیر و بگۆڕی هه‌یه و به‌رده‌وام له سازبوون و گۆڕاندایه. به‌م ڕوانگه‌یه‌وه، کولتووری سیاسی دیارده‌یه‌که و له ڕێگای گوتاره‌وه واتادار ده‌بێ و ده‌ناسرێ، فاکته‌ر و نیشانده‌ره‌کانی به به‌رهه‌مێکی زمانی دێنه هەژمار که گۆڕان له واتاکانیاندا، گۆڕان له کولتووری سیاسی به دووی خۆیاندا دێنن. له‌م ڕوانگه‌یه‌دا، فه‌رهه‌نگی سیاسی بریتییه له کۆمه‌ڵێک توخم و نیشانه که خاوه‌نی واتاگه‌لی په‌یوه‌ندیدار به سیاسه‌ت و سیستەمی سیاسییه‌وه‌ن و به شێوه‌یه‌کی ڕایه‌ڵه‌یی و له په‌نا یه‌کتر واتاکانیان له ده‌وری نیشانه‌یه‌ک به ناوی “نیشانه‌ی ناوه‌ندی[17]” به شێوه‌ی کاتی جێگیر ده‌که‌ن. گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیش بریتییه له نیشانه‌گه‌ل و توخمگه‌لێک که واتای پێشکه‌وتن، کارامه‌یی، دوورکه‌وتنه‌وه له نه‌ریت و هه‌نگاو هه‌ڵێنان به‌ره‌و نوێبوونه‌وه ده‌گه‌یێنن. به‌م چه‌شنه، دیارده‌گه‌لی وه‌ک کولتووری سیاسی و گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ڕاستییه‌کی گوتارمهندن که له‌گه‌ڵ یه‌کتر دەگۆڕدرێن. واتا گۆڕان له واتای گه‌شه‌دا، گۆڕانکاری له کولتووری سیاسی به دووی خۆیدا دێنێ و، ده‌ری ده‌خا که چۆن کولتووری سیاسی وه‌کوو واقعییه‌تێکی کۆمه‌ڵایه‌تی – سیاسی له ڕێگای جێگیربوون له‌لای نیشانه‌کانی گه‌شه واتادار ده‌بێ و بیچم ده‌گرێ. به‌م پێیه، ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه له چوارچێوه‌ی تیۆریی گوتاردا ئه‌نجام ده‌درێ و وایداده‌نێ که توخم، نیشانه و واتاکانی کولتووری سیاسیی سه‌رده‌می کۆماره‌کانی ئازه‌ربایجان و کوردستان، له‌گه‌ڵ توخم، نیشانه و واتاکانی گه‌شه‌دا دەگۆڕدرێن؛ چه‌شنێک کولتووری سیاسی له‌م سه‌رده‌مه‌دا، وه‌کوو گوتار و سیستەمێکی واتایی له چوارچێوه‌ی گوتارێکی گه‌وره‌تر و به‌رینتر به ناوی گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیدا گۆڕاوە.
مێتۆدی لێکۆڵینه‌وه
له‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌دا، که‌ڵک له مێتۆدی شیکاریی گوتاری لاکلائۆ و مووف وه‌رده‌گرین. له‌م مێتۆده‌دا، هه‌ر دیارده‌یه‌ک کاتێک ده‌ناسرێ که له به‌ستێنی سیستەمێکی واتایی و له قالبی گوتارێکدا شی بکرێته‌وه. له‌م مێتۆده‌دا، بۆ شیکردنه‌وه‌ی ده‌یتاکان که‌ڵک له کۆمەڵێک چه‌مکی سه‌ره‌کی وه‌رده‌گیرێ. چه‌مکگه‌لێکی وه‌ک گوتار، جومگه‌به‌ندی، توخم، کاته، داخران، نیشانه و مه‌به‌ست، ئاقاری گوتارئاسا، پێکهاته‌شکێنی و هێژمۆنی. ئه‌م چه‌مکانه به شێوه‌ی خواره‌وه پێکه‌وه تێکه‌ڵ ده‌بن و گوتاریان پێ شی ده‌کرێته‌وه.
هێندێک توخم و چه‌مک له ڕێی پێکهوهلکانەوە په‌یوه‌ندییه‌کی ڕایه‌ڵه‌یی له‌گه‌ڵ یه‌ک ساز ده‌که‌ن و پێکهاته‌یه‌کی گشتی به ناوی “گوتار[18]” پێک دێنن. ئه‌م کاره له ڕێی کردارێک به ناوی “جومگه‌به‌ندی”یه‌وه سه‌ر ده‌گرێ. جومگه‌به‌ندیی تێکه‌ڵکردنی توخمه‌کان له‌گه‌ڵ یه‌ک و دانانیان له‌نێو کۆمه‌ڵه‌یه‌کی نوێیه. ئه‌م توخمانه له‌نێو ئه‌م کۆمه‌ڵه نوێیه‌دا ناسنامه‌یه‌کی نوێ وه‌ده‌ست دێنن. له‌م ڕه‌وته‌دا، ده‌سته‌یه‌ک له نیشانه‌کان له ده‌وری “نیشانه‌ی ناوه‌ندی” کۆ ده‌بنه‌وه. نیشانه‌ی ناوه‌ندی، نیشانه‌ی سه‌ره‌کی و بنه‌ڕه‌تییه و نیشانه‌کانی تر له‌گه‌ڵ ئه‌ودا واتای خۆیان وه‌ده‌ست دێنن. به‌م نیشانانه‌ی که واتاکه‌یان جێگیر ده‌بێ و په‌سند ده‌کرێ، پێیان ده‌ڵێن “کاته[19]”. هه‌رکات توخمێک له دۆخی سه‌رگه‌ردانی و فره‌مانایی ڕزگاری بێ و واتایه‌کی جێگیر و په‌سندکراو به‌خۆیه‌وه بگرێ، “داخران[20]” ڕوو ده‌دا. بۆ ئه‌وه‌ی واتایه‌ک له‌نێو گوتارێکدا بگاته دۆخی داخران، پێویسته واتا و مه‌به‌ستی خۆی به‌رجه‌سته بکاته‌وه و واتاگه‌لی دی دوور بخاته‌وه. جێگیربوونی (هه‌ڵبه‌ت کاتی) گوتارێک هه‌مان داخرانه که له‌ژێر ئیراده‌ی هێژمۆنیکدا ڕوو ده‌دا. هه‌رکات له‌سه‌ر واتای نیشانه‌یه‌ک کۆده‌نگییه‌ک ساز بوو و کۆمه‌ڵیک که‌س به شیوه‌ی کاتی ئه‌م واتایه په‌سند بکه‌ن، ئه‌م نیشانه‌یه جێگیر و هێژمۆنیک ده‌بێ. له ئاکامی هێژمۆنیک بوونی نیشانه‌کانی یه‌ک گوتار، کۆی ئه‌م گوتاره هێژمۆنیک ده‌بێ. هێژمۆنیک بوونی یه‌ک گوتار ده‌رکه‌وته‌ی سیاسی لێ ده‌که‌وێته‌وه، ئه‌ویش ئه‌مه‌یه که دیاری ده‌کا له گۆڕه‌پانی کۆمه‌ڵگا و له پانتاییی سیاسه‌تدا کێ به‌هێزتر و سه‌رتره. به وته‌یه‌کی تر، کامه هێزی سیاسی بڕیارده‌ره. له‌م نێوه‌دا، ده‌سته‌یه‌ک له نیشانه‌کان ده‌که‌ونه ده‌ره‌وه‌ی سنووری گوتار. ئه‌م نیشانانه که ده‌توانن وه‌کوو که‌ره‌سته‌گه‌لێکی خاو بۆ جومگه‌به‌ندیی نوێ به‌کار بێن، ده‌که‌ونه شوێنێک به ناوی “ئاقاری گوتارئاسا[21]“. له‌م ڕه‌وته‌دا، به‌رده‌وام هه‌وڵ و تێکۆشان بۆ ناجێگیرکردن و وهلهرزەخستنی واتاگه‌لی جێگیر له گۆڕێدایه، بۆ ئه‌وه‌ی هێژمۆنیی گوتاری زاڵ تێک بشکێندرێ؛ به‌م هه‌وڵه ده‌ڵێن “پێکهاته‌شکێنی”. له پێکهاتهشکێنیدا، نیشانه‌کان سه‌رله‌نوێ پێناسه ده‌کرێنه‌وه و واتای تازه‌یان پێ ده‌درێ. ئه‌م کاره له ڕێی جیاکردنه‌وه‌ی مه‌به‌ست له نیشانه و دانانی مه‌به‌ستێکی دیکه‌وه ده‌کرێ. ئه‌م کاره به هۆی سرووشتی دژ به‌یه‌ک و ناته‌بای گوتاره‌کان له‌گه‌ڵ یه‌کدی به‌رده‌وام ڕوو ده‌دا و پاته ده‌بێته‌وه.
به‌م چه‌شنه، به که‌ڵک وه‌رگرتن له‌م چه‌مکانه‌ی سه‌ره‌وه، سه‌ره‌تا گوتاره‌کانی گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی سه‌رده‌می کۆماره‌کانی ئازه‌ربایجان و کوردستان ده‌ستنیشان ده‌که‌ین. دواتر، گۆڕانه‌کانی واتایی کولتووری سیاسی له به‌ستێنی ئه‌م گوتارانه‌دا تاوتوێ ده‌که‌ین و پیشانی ده‌ده‌ین که چۆن گوتارگه‌لی گه‌شه واتاگه‌لی په‌یوه‌ندیدار به کولتووری سیاسیی خۆیان جێگیر ده‌که‌ن و چۆناوچۆن واتاگه‌لی دی وه‌لا ده‌نێن. شوێنی لێکۆڵینه‌وه، ئازه‌ربایجان و کوردستانی موکریان له سه‌رده‌می دامه‌زرانی کۆماری کوردستان واتا ساڵانی 1321 هه‌تا 1325ی کۆچی هه‌تاوییه.
سه‌رهه‌ڵدانی کولتووری سیاسیی “خودموختاری” له نیوه‌ی یه‌که‌می ده‌یه‌ی بیستی هه‌تاوی له ئازه‌ربایجان و کوردستان
له‌م قۆناغه‌دا، له پاش له‌سه‌ر کارلاچوونی ڕه‌زاشا، له‌ژێر کاریگه‌ریی بارودۆخی نێوده‌وڵه‌تی و بۆشاییی ده‌سه‌ڵات له ئازه‌ربایجان و کوردستان، وەرچهرخانێک له ڕه‌هه‌ندی سه‌خت و ماددیی گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌ره‌و ڕه‌هه‌ندی نه‌رم و ناماددی ده‌ستی پێ‌کرد. له‌م سه‌رده‌مه‌دا، ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له ناوه‌ند لاواز بوو و به قه‌ولی کاتوزیان کۆمه‌ڵگایه‌کی “تا ڕاده‌یه‌ک کراوه، به‌ڵام نادێموکڕاتیک” (کاتوزیان، 1380: 378) شکڵی گرت. قاسملووش پێی وایه له‌م قۆناغه‌دا ئازادییه دێموکراتیکه‌کان بووژانه‌وه (قاسملوو، 1996: 94). ئه‌م بارودۆخه نوێیه له‌گه‌ڵ گه‌شه‌ی سیاسی و دێموکڕاسیدا جێگه‌ی تێڕامانه. سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌کانی ئازه‌ربایجان و کوردستان به مه‌به‌ستی وه‌ده‌ستهێنانی خودموختاری یه‌کێک له ده‌رکه‌وته‌کانی ئه‌م بارودۆخه بوو. جان فۆران[22] دەربارەی ئه‌م بزووتنه‌وانه ده‌ڵێ: “ئه‌م بزووتنه‌وانه تیۆرییه‌کانی گۆڕانی کۆمه‌ڵایه‌تی لەبری سه‌رانسه‌ری بوون تووشی کێشه ده‌که‌ن (فۆران، 1383: 406). کاتووزیان پێی وایه بزووتنه‌وه‌ی خودموختاریخوازانه ئاکامی ده‌ستدرێژیی ئاشکرای ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی بۆ سه‌ر مافی خه‌ڵکی ئازه‌ربایجان بوو (کاتوزیان، 1374: 195). ئه‌م وته‌یه له‌سه‌ر خه‌ڵکی کوردستانیش ڕاسته.
گرینگ ئه‌وه‌یه و پێویسته وردتر و قووڵتر له‌م بزووتنه‌وانه بکۆڵرێته‌وه و جگه له هۆکاری ئابووری و سیاسی، هۆکاره‌کانی زمانی و واتاییش له‌به‌رچاو بگیرێ. پێویسته ئاوڕێک له فه‌زای گوتاری گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی ئه‌و سه‌رده‌م بدرێته‌وه و چۆنیه‌تیی بیچم گرتنی ئه‌و کولتوورە سیاسییه شی بکرێته‌وه که بوو به هۆی دامه‌زرانی کۆماره‌کانی ئازه‌ربایجان و کوردستان. پێویسته ئاماژه به‌وه بکرێ که له‌م سه‌رده‌مه‌دا، له‌ژێر بارودۆخێکی تایبه‌تدا، ڕه‌هه‌نده‌کانی نه‌رم و ناماددیی گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی زه‌ق کرانه‌وه. زه‌قبوونه‌وه‌ی ئه‌م ڕه‌هه‌ندانه بوو به هۆی به‌رجه‌سته‌بوونی واتای سیاسیی گه‌شه و، له ئاکامدا له ئێران به‌گشتی و له ئازه‌ربایجان و کوردستان به‌تایبه‌تی، گه‌شه‌ی سیاسی په‌ره‌ی سه‌ند و فه‌رهه‌نگێکی سیاسیی تایبه‌تی دروست کرد. له‌م قۆناغه‌دا، پێوه‌ره ناماددییه‌کانی گه‌شه وه‌کوو به‌شداریی سیاسی، مافی که‌مینه‌کان، سه‌رهه‌ڵدانی ڕێکخراو و کۆمه‌ڵه‌کان و پێویستیی دابه‌شکردنی دادپه‌روه‌رانه‌ی ده‌سه‌ڵات زه‌ق بوونه‌وه و وه‌کوو نیشانه‌گه‌لێک له ده‌وری نیشانه‌یه‌کی ناوه‌ندی به‌ناوی “دێموکڕاسی” کۆ بوونه‌وه و گوتارێکیان به ناوی “گه‌شه‌ی ئاسۆیی[23]” ساز کرد. ئه‌م گه‌شه‌یه خۆڕسک بوو و خه‌ڵک خۆیان پلان‌داڕێژی بوون. ئه‌م گه‌شه‌یه له‌به‌رانبه‌ر “گه‌شه‌ی ستوونی[24]” په‌هله‌ویی یه‌که‌مدا که فه‌رمانده‌رانه و مڵهوورانه بوو، شکڵی گرت و به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و، خه‌ڵکی و دێموکڕاتیک بوو و ئاکامی پێداویستییه‌کانی خه‌ڵک بوو نه‌ک حه‌ز و خولیای کاربه‌ده‌ستان و به‌رپرسانی به‌ناو نوێخواز. “گه‌شه‌ی ئاسۆیی”، ناده‌وڵه‌تی و لامه‌رکه‌زی بوو و تایبه‌تمه‌ندیی نه‌ته‌وه بنده‌سته‌کانی پێوه دیار بوو، نه‌ک ئامانجه به‌رزه‌فڕه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی فارس. له‌م گه‌شه‌یه‌دا، له ناسیۆنالیزمی مه‌ده‌نی و به‌رابه‌ریخواز وه‌کوو ئامرازێک بۆ هاوپه‌یوه‌ندی و یه‌کپارچه‌ییی کۆمه‌ڵایه‌تی به ئامانجی پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵگا که‌ڵک وه‌رده‌گیرا؛ له حاڵێکدا له “گه‌شه‌ی ستوونی”دا، ده‌سه‌ڵاتی فارس له ناسیۆنالیزمی به‌رچاوته‌نگ و ڕەگەزپهرهستانه به مه‌به‌ستی خۆسه‌پاندن به‌سه‌ر گه‌لانی غەیرەفارس و سازکردنی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندگه‌رای ئێرانی که‌ڵکی وه‌رده‌گرت.
ئه‌م گوتاره له به‌ستێنی خۆیدا کولتوورێکی سیاسی به ناوی کولتووری سیاسیی “خودموختاری[25]” ساز کرد. ئه‌م کولتوورە سیاسییه له‌هه‌مبه‌ر کولتووری سیاسیی داخراو و ناوه‌ندگه‌رای سه‌رده‌می په‌هله‌ویی یه‌که‌م و له به‌ستێنی گوتاری “گه‌شه‌ی ئاسۆیی”دا شکڵی گرت. له ڕوانگه‌ی لاکلائۆ و مووفهوه، گوتار له پێکه‌وه چه‌سپانی کۆمه‌ڵێک توخم و چه‌مک له ڕێگای کردارێک به ناوی جومگهبهندییەوە ساز ده‌بێ. هه‌ر گوتارێک، شوناسی خۆی له ڕێگه‌ی جێگیرکردنی واتاکانی مه‌به‌ستی خۆی و فڕێدانی واتاگه‌لی دیکه وه‌ده‌ست دێنێ (لاکلائۆ و موفه، 1393: 171). به‌م چه‌شنه، “گه‌شه‌ی ئاسۆیی” به وه‌لانانی واتاگه‌لی سهختئامێرانه و ماددیی گه‌شه‌ی په‌هله‌وی، واتاگه‌لی نه‌رم و سیاسی جێگیر کرد و، هێژمۆنیی خۆی بۆ ماوه‌یه‌کی کورت له ساڵانی 1320 هه‌تا 1325 به‌سه‌ر ئازه‌ربایجان و کوردستاندا سه‌پاند.
له دوازده‌ی خه‌رمانانی 1324ی هه‌تاوی، له ڕاگهیەندراوێکدا هه‌واڵی دامه‌زرانی فیرقه‌ی ئازه‌ربایجان بڵاو بوویه‌وه. دواتر له 21ی سه‌رماوه‌زی 1324دا، دانیشتنی پاڕڵه‌مانی ئازه‌ربایجان له ته‌ورێز ده‌ستی پێ‌کرد، پاشان له 26ی به‌فرانباری هه‌مان ساڵدا ڕه‌شنووسێک له‌ژێر ناوی “داواکارییه‌کانی گه‌لی ئازه‌ربایجان” ئاماده کرا. نێوه‌رۆکی ئه‌م ڕه‌شنووسه کۆمه‌ڵێک پێوه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی و به‌های دێموکڕاتیکی تێدا بوو که له ڕوانگه‌ی گۆڕانکاری له کولتووری سیاسیی دانیشتووانی ئێران‌دا جێگه‌ی تێرامانه. هێندێک له به‌نده‌کانی ئه‌م ڕه‌شنووسه به‌م چه‌شنه بوون:
-
ناوی وڵاتی ئێمه کۆماری میللی و دێموکڕاتیکی ئازه‌ربایجانه.
-
ئۆرگانه‌کانی ئه‌م کۆماره دێموکڕاتیکه ڕاسته‌وخۆ له لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه و به ده‌نگدانی نهێنی هه‌ڵده‌بژێردرێن.
-
له داهاتوویه‌کی نزیکدا، ده‌سته‌ی یاسادانان بۆ دانانی یاسا پێک دێ.
-
یاسای بنه‌ڕه‌تیی کۆماری میللی – دێموکڕاتیک، ئازادییه‌کانی ڕاده‌ربڕین، چاپه‌مه‌نی و ئایین له‌به‌رچاو ده‌گرێ.
-
بۆ نزیک کردنه‌وه‌ی ئۆرگانه‌کانی ده‌وڵه‌ت له کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک و له ڕاستای چه‌سپاندنی سه‌روه‌ریی نه‌ته‌وه‌یی، هه‌ڵبژاردن له ته‌واوی گوند و شاره‌کانی ئازه‌ربایجان به‌ڕێوه ده‌چێ.
-
کۆماری میللی – دێموکڕاتیکی ئازه‌ربایجان مافی خاوه‌نداریه‌تیی تاکه‌که‌سی به فه‌رمی ده‌ناسێ و له هیچ هه‌وڵێک بۆ گه‌شه‌ی ئابووری و دابینکردنی بژیوی خه‌ڵک درێغی ناکا.
-
بۆ به‌ره‌وپێشبردنی دۆخی گونده‌کان و دابینکردنی که‌ره‌سته‌ی نوێ بۆ کشتوکاڵ، زه‌وییه ده‌وڵه‌تییه‌کان و زه‌ویی ئه‌و خاوه‌ن زه‌وییانه‌ی له ئازه‌ربایجان ڕایان کردووه، له‌نێو جووتیاراندا دابه‌ش ده‌کرێن (حسنلی، 1383: 119 و 120).
زۆربه‌ی به‌رنامه‌کانی فیرقه‌ی دێموکڕات ڕه‌هه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تییان هه‌بوو و پێداگرییان له‌سه‌ر به‌ها دێموکڕاتیکه‌کان ده‌کرد. گرینگ‌ترین ئامانجه‌کانی فیرقه‌ی دێموکڕات بریتی بوون له: 1- وه‌ده‌ست هێنانی خودموختاریی ئازه‌ربایجان له‌نێو ئێران‌دا؛ 2- زیندووکردنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نه‌کانی ئه‌یاله‌تی و ویلایه‌تی؛ 3- خوێندن به زمانی ئازه‌ری له قوتابخانه‌کان؛ 4- گه‌شه‌دان به که‌رتی پیشه‌سازی و کارخانه‌کان و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی شاره‌کانی ئازه‌ربایجان؛ 5- باشکردنی دۆخی جووتیاران و دیاریکردنی ئاستی په‌یوه‌ندیی نێوان جووتیاران و خاوه‌ن زه‌وییەکان؛ 6- زیادکردنی ژماره‌ی نوێنه‌رانی ئازه‌ربایجان له پەرلەمانی ئێران و 7- خه‌رجکردنی نیوه‌ی زیاتری باجی ئازه‌ربایجان له خودی ئازه‌ربایجان(تفقدی جامی، 1377: 259-257).
یه‌کێکی دیکه له گۆڕانه گرینگه‌کانی په‌یوه‌ندیدار به گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و له ئاکامدا کولتووری سیاسی له ئازه‌ربایجانی ئه‌وکاتدا، ورووژاندنی پرسی ژنان بوو. له‌م سه‌رده‌مه‌دا، هێندێک به‌رنامه بۆ به‌ره‌وپێشبردنی بارودۆخی ژنان گه‌ڵاڵه و پیاده کرا. یه‌کێک له‌م به‌رنامانه، به‌شداری پێکردنی ژنان له چاره‌نووسی سیاسیی خۆیان له ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه بوو. فۆران له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێ «له مێژووی ئێران‌دا، بۆ یه‌که‌مین جار له کۆماری ئازه‌ربایجاندا ئیزن درا که ژنان له ده‌نگداندا به‌شداری بکه‌ن» (فۆران، 1383: 410). ئه‌م بابه‌ته له‌م ڕوویه‌وه گرینگه که هه‌نگاوێکه بۆ به‌رقه‌راریی به‌رابه‌ریی جنسییه‌تی. ته‌نانه‌ت هێندێک بیرمه‌ندی وه‌ک تێسڵێڕ و گائۆ[26]، به‌رابه‌ریی جنسییه‌تی وه‌کوو یه‌کێک له بنه‌ما سه‌ره‌کییه‌کانی کولتووری سیاسی لەقەڵەم دەدەن (Tessler and Gao, 2009: 197). فۆران له درێژه‌دا ده‌ڵێ که بزووتنه‌وه‌ی خودموختاریخوازی، بزووتنه‌وه‌یه‌کی گه‌لی بوو، چونکه کۆمه‌ڵێک گرووپی ئه‌تنیکی و مه‌زهه‌بیی جۆراوجۆری له‌خۆ ده‌گرت. ڕاستییەکەی، ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه هاوپه‌یمانییه‌ک له هێزه‌کانی جه‌ماوه‌ریی خه‌ڵکی ناوچه‌که بوو که موسڵمانه‌کان، مه‌سیحییه‌کان، کورده‌کان، ئازهرییەکان و ئهرمهنییەکانی دژی چهوسانهوەی حکومه‌تی ناوه‌ندی به یه‌کگرتوویی ڕێک خست (فۆران، 1383: 410).
جگه له کۆماری ئازه‌ربایجان، له‌م سه‌رده‌مه‌دا کۆماری کوردستانیش له مەهاباد له ڕێکه‌وتی 2ی ڕێبه‌ندانی 1324 دامه‌زرا. حکومه‌تی کۆماری کوردستان کۆمه‌ڵێک هه‌وڵی له ڕاستای پێشڤه‌چوون و گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌نجام دا. گرینگ‌ترین به‌نده‌کانی به‌رنامه‌ی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان وه‌کوو دامه‌زرێنه‌ری کۆمار بریتی بوون له: «ئازادی و خودموختاری بۆ گه‌لی کورد له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی ئێران‌دا، به‌کارهێنانی زمانی کوردی بۆ خوێندن و کردنی به زمانێکی ڕه‌سمی له کاروباری ئیداریدا، به‌ده‌سته‌وه گرتنی ده‌سه‌ڵاتی به‌رزی ئه‌و مه‌ڵبه‌نده، دامه‌زراندنی یه‌کێتی و پێوه‌ندیی برایه‌تی له‌گه‌ڵ گه‌لی ئازه‌ربایجان و هه‌موو که‌مایه‌تییه نهتهوەیییهکان له خه‌باتی هاوبه‌شیاندا، باشترکردنی وه‌زعی ئابووری به که‌ڵک وه‌رگرتن له سه‌رچاوه تهبیعییهکانی کوردستان و په‌ره‌پێدانی کشتوکاڵ و بازرگانی و گه‌شه‌پێدانی فەرهەنگ و له‌شساخی، بۆ ئه‌وه‌ی گه‌لی کورد بتوانێ به ئازادی له ڕێگای پێشکه‌وتن و خێر و خۆشیی وڵاته‌که‌یدا خه‌بات بکا» (قاسملوو، 1973: 91).
به‌م چه‌شنه، له کوردستانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی کۆماری کوردستانیش، پێوه‌ره ناماددییه‌کانی گه‌شه وه‌کوو به‌شداریی سیاسی، مافی که‌مینه‌کان، سه‌رهه‌ڵدانی ڕێکخراو و کۆمه‌ڵه‌کان و پێویستیی دابه‌شکردنی دادپه‌روه‌رانه‌ی ده‌سه‌ڵات زه‌ق بوونه‌وه و وه‌کوو نیشانه‌گه‌لێک له ده‌وری نیشانه‌یه‌کی ناوه‌ندی به ناوی «دێموکڕاسی» کۆ بوونه‌وه و بهیەکەوە گوتارێکیان به ناوی “گه‌شه‌ی ئاسۆیی” ساز کرد و بۆ ماوه‌یه‌ک هێژمۆنیی خۆی به‌سه‌ر ئه‌م ناوچەیەدا سه‌پاند. ئه‌م گوتاره، له به‌ستێنی خۆیدا کولتوورێکی سیاسیی له وێنه‌ی کولتووری سیاسیی ئازه‌ربایجانی هاوسێی، واتا کولتووری سیاسیی “خودموختاری” ساز کرد. به وته‌یه‌کی تر، ده‌توانین بڵێین که له کوردستانیش وه‌کوو ئازه‌ربایجان به هۆی گۆڕانکاری له واتای گه‌شه‌دا، گۆڕانکاری له واتاگه‌لی په‌یوه‌ندیدار به سیاسه‌ت و سیستەمی سیاسی پێک هات و، کولتوورێکی سیاسیی جیاواز بیچمی گرت. ڕاستییەکەی، ده‌توانین ئه‌م ئیدعایه‌ی توێژه‌رانی ناوه‌ندگه‌را و ناسیۆنالیستی فارس که نزیکه‌ی هه‌شتا ساڵه کۆماره‌کانی کوردستان و ئازه‌ربایجان به به‌رهه‌می پیلانی ده‌ره‌کی ده‌به‌ستنه‌وه، ڕه‌ت بکه‌ینه‌وه؛ چونکه ئه‌م کۆمارانه له به‌ستێنی گۆڕانکاری له گوتاری گه‌شه و فه‌رهه‌نگی سیاسی‌دا سه‌ریان هه‌ڵدا که ئاماژه‌مان پێ‌کرد. هه‌رچه‌ند کاریگه‌ریی هۆکاری ده‌ره‌کی ناکرێ له‌به‌رچاو نه‌گیرێ، به‌ڵام شکڵ گرتنی ئه‌م کۆمارانه وه‌کوو دیارده‌یه‌کی سیاسیی ئه‌و سه‌رده‌م، پتر په‌یوه‌ندی به گۆڕانکاری له گوتاره‌کاندا هه‌یه هه‌تا هۆکاری ده‌ره‌کی.
قازی محه‌ممه‌د پێشه‌وای حیزبی دێموکڕات و کۆمار، له ژماره‌کانی یه‌ک و دووی ڕۆژنامه‌ی کوردستاندا به‌م شێوه‌یه ئاماژه به ئامانجه سه‌ره‌کییه‌کانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان ده‌کا: «1- میللەتی کورد لە ئێران‌دا لە هەڵسووڕاندن و پێکهێنانی کاروباری جێگای خۆی ئازاد بێ و لە سنووری دەوڵەتی ئێران‌دا ئازاد بژی؛ 2- بتوانێ بە زمانی کوردی بخوێنێ و لە وڵاتی کوردستان کاروباری نووسین له ئیداره‌کانی ده‌وڵه‌تیدا به کوردی بێ؛ 3- ئه‌نجومه‌نی ئه‌یاله‌تی و ویلایه‌تیی کوردستان وه‌کوو قانوونی ئەساسی ده‌ڵێ جێبه‌جێ داندرێ و له هه‌موو کاره‌کانی ئیجتماعی و ده‌وڵه‌تیدا چاوه‌دێری بکا و پێ ڕابگا؛ 4- مه‌ئموورینی ده‌وڵه‌تی هه‌ر ده‌بێ له خه‌ڵکی مه‌حه‌ل بێ و به پێی قانوون له‌نێو ڕه‌عیه‌ت و مالکدا سازش به‌جێ بێ که دواڕۆژی هه‌ردووکیان ته‌ئمین بکرێ؛ و 5- حیزبی دێموکڕاتی کوردستان سه‌عی بکا که میلله‌تی ئێران هه‌موو به برایه‌تی و به‌رابه‌ری بژین» (کوردستان، 1324، ژماره‌کانی 1 و 2: 2 و 4). به‌م چه‌شنه له‌م سه‌رده‌مه‌دا، له کوردستانی موکریان پێوه‌ره نه‌رمه‌کانی گه‌شه‌ی کۆمه‌لایه‌تی زه‌ق کرانه‌وه. قازی محه‌ممه‌د له وتاری ڕۆژی 2ی ڕیبه‌ندان له کاتی ڕاگه‌یاندنی کۆمار‌دا، چۆنیه‌تیی سازبوونی ده‌وڵه‌ته‌کانی تورکیه و ئێران و پێشێلکردنی مافی نه‌ته‌وه‌کان له لایه‌ن ئه‌وانه‌وه شی ده‌کاته‌وه و هه‌وڵه‌کانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له ڕاستای گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی وه‌کوو سازکردنی قوتابخانه‌ی کوڕانه و کچانه و خوێندن به زمانی کوردی به‌رز ده‌نرخێنێ. هه‌روه‌ها، به‌ڵێنی سازکردنی نه‌خۆشخانه بۆ بردنه سه‌ری ئاستی ته‌ندروستیی خه‌ڵک ده‌دا. له کۆتاییدا، دێموکڕاسی و یه‌کێتیی خه‌ڵکی کورد به هۆکاری سه‌رکه‌وتنی حیزبی دێموکڕات ده‌زانێ و به لۆمه‌کردنی دیکتاتۆریی ڕه‌زاشا، پێداگری له‌سه‌ر ئازادی و دێموکڕاسی ده‌کاته‌وه (کوردستان، 1324: ژماره‌کانی 10 و 11: 4 و 1).
قازی محەممەد لە وڵامێک بۆ هەواڵنێری ئاژانسی فڕانس پرێس (هەواڵنێری فەڕانسە) دەربارەی دۆخی کوردستان، پێ لەسەر ئەمه دادەگرێ کە دەوڵەتی ئێران دەبێ یاساگەلێکی دێموکڕاتیک لە تەواوی وڵات‌دا بەڕێوە بەرێ و یاساگەلی هەنووکەیی کوردستان، واتا خوێندن بە زمانی کوردی و خودموختاریی دەزگای ئیداری و هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە فەرمی بناسێ. هەروه‌ها، جه‌خت لەسه‌ر پێویستیی هەڵبژاردنی پەرلەمان بە شێوەی ئازاد و لە دەرەوەی گوشاری ئەڕتەشدا دەکاته‌وه (کۆچرا، 1377: 219). کریس کۆچیرا لەسەر فەزای کراوه‌ی کوردستانی ژێر دەسەڵاتی حیزبی دێموکڕات‌دا دەڵێ: «کۆماری مه‌هاباد[کوردستان] سیمایەکی زیندووی هەبوو کە سەرنجی هەموو ئەو کەسانەی کە لە هاوینی 1946چاویان پێی کەوتبوو، بۆلای خۆی ڕادەکێشا، لەوێدا ڕێژیمێکی پۆلیسی نابیندرێ، لەم یازدە مانگەی ژیانی کۆمار‌دا حاڵەتێکی کوشتن هەبوو کە ئەویش نەخوازراو بوو، خەڵک بە ئازادی دەیانتوانی هاتوچۆ بکەن و گوێ بدەنە ڕادیۆی وڵاتانی بیانی» (کوچرا، 1377: 219). دەربارەی برەودان بە گەشەی کۆمەڵایەتی، «خوێندن بە زمانی کوردی بره‌وی په‌یدا کرد، لاوانی کورد بۆ خوێندن نێردرانه باکۆ و چاپه‌مه‌نیی جۆراوجۆڕ وه‌ک ڕۆژنامه‌ی کوردستان، گۆڤاره‌کانی هاوار و نیشتمان چاپ و بڵاو کرانه‌وه؛ ته‌نانه‌ت گۆڤارێکی تایبه‌ت به ژنان به‌ناوی هه‌ڵاڵه له‌م سه‌رده‌مه‌دا چاپ و بڵاو کرایه‌وه» (کوچرا، 1377: 221).
یه‌کێکی تر له خاڵه سه‌رنجڕاکێشه‌کانی گۆڕانکاری له کولتووری سیاسیی گه‌لی کورد له‌م سه‌رده‌مه‌دا، دامه‌زرانی یه‌کێتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان له 24ی ڕه‌شه‌ممه‌ی 1324 له مه‌هاباد بوو. هه‌رچه‌ند چاوه‌ڕوان ناکرێ سازبوونی یه‌کێتییه‌ک به‌ته‌نیا ببێته مایه‌ی گۆڕانی دۆخی ژنان، به‌ڵام ورووژاندنی پرسی ژن له کۆمه‌ڵگای نه‌ریتی و دواکه‌وتووی ئه‌وکاتدا، ده‌کرێ وه‌ک خاڵێکی وه‌رچه‌رخان له کولتووری سیاسیی کورددا ببیندرێ. نیشانه‌یه‌کی تر که دەربارەی گه‌شه‌ی کۆمه‌لایه‌تی و کولتووری سیاسی جێگه‌ی سه‌رنجه، باسکردن له برایه‌تی و پێکه‌وه‌ژیانی دوو نه‌ته‌وه‌ی کورد و ئازه‌رییه. ئه‌م بابه‌ته له ڕۆژنامه‌ی کوردستان و ته‌نانه‌ت له شێعره‌کانی هێمن و هه‌ژاردا وه‌کوو دوو شاعیری نه‌ته‌وه‌ییی کورد به جوانی ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه. بۆ نموونه له ژماره 9ی ڕۆژنامه‌ی کوردستان له وتارێکدا به ناوی “کورد و ئازه‌ربایجانی” جه‌خت له‌سه‌ر پێویستیی پێکه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ی ئه‌م دوو نه‌ته‌وه‌یه کراوه‌ته‌وه و یه‌کگرتووییی ئه‌م دوو نه‌ته‌وه‌یه به هۆکاری سه‌ره‌کیی به‌هێزبوونی دێموکڕاسی له ئێران دانراوه (کوردستان، ژماره9، 1324: 1). هه‌ر له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا بۆ نموونه هه‌ژاری شاعیر به‌م چه‌شنه باسی زه‌رووره‌تی یه‌کگرتووییی ئه‌م دوو نه‌ته‌وه‌یه ده‌کا:
«خاکی کوردستان لاوچاکی ببێ
ئازه‌ربایجان خوێنپاکی ببێ
نایه‌ڵین بمرن ده‌ستی ئیتحاد
ده‌ده‌ین به یه‌کتر بۆ ڕێگه‌ی مراد (ئاڵه‌کۆک، 2001: 62).
هه‌روه‌ها هێمنی شاعیر له‌باره‌ی پێویستیی یه‌کگرتوویی ئه‌م دوو نه‌ته‌وه‌یه‌دا ده‌ڵێ:
با له قوڕ نیشێ و له هه‌ش نێ دوژمنی وان پیل و شان
چونکه ئه‌وڕۆ یه‌کتری گرت کورد و ئازه‌ربایجانی
ئه‌وکی ئیستعماریان گرت وه‌ک به‌ڵاکه‌ی ناگه‌هانی
تازه به‌ربوونی مه‌حاڵه تا نه‌دا یه‌کجاری گیانی
سوحبهتی پێ ناکرێ په‌نجه‌ی به‌هێزی ئه‌و دوانه (تاریک و روون، 2001: 93).
ئه‌مه له حاڵیکدا بوو که له ئه‌ده‌بییاتی فارسیی ئه‌وکاتدا، زیاتر باسی مه‌زنایه‌تی و شکۆداریی نه‌ته‌وه‌ی فارس وه‌ک تاکه نه‌ته‌وه‌ی فه‌مانڕه‌وا له ئێران و سڕینه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌کانی دی ده‌کرا.
پێکه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه وه‌کوو یه‌کێک له پێوه‌ره سه‌ره‌کییه‌کانی گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی لەقەڵەم دەدرێت؛ چونکه ده‌بێته هۆی یه‌کپارچه‌ییی کۆمه‌ڵایه‌تی و نزیکبوونه‌وه‌ی گرووپ و نه‌ته‌وه‌کان له یه‌کدی و پێش بە هه‌ڵاواردن، سه‌رهه‌ڵدانی توندوتیژی و پشێویی کۆمه‌ڵایه‌تی دەگرێ (Foa and Tanner, 2012: 10). له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا، چۆنیه‌تیی هه‌ڵسوکه‌وتی کۆماره‌کانی کوردستان و ئازه‌ربایجان جێگای سه‌رنجه. له گرێبه‌ستێک که له ڕۆژی 23ی ئاوریلی 1946 له‌نێوان دوو کۆماری کوردستان و ئازه‌ربایجاندا واژۆ کرا، هه‌ردوو لا پابه‌ند بوون به‌وه‌ی که له‌و هەرێمانەی که هه‌ر دوو نه‌ته‌وه‌ی کورد و ئازه‌ری تێدا ده‌ژین، وه‌کوو میاندواو و ورمێ، هه‌ر دوو نه‌ته‌وه‌که له به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م شوێنانه‌دا به‌شدار بن و به‌رپرسیاره‌تییان بدرێتێ. له‌م شوێنانه‌ش که یه‌کێک له‌م نه‌ته‌وانه که‌مینه‌ن، ده‌بێ له کاروباری کو‌لتووریی خۆیاندا به‌ته‌واوی ئازاد بن (مک داول، 1383: 413). به‌م چه‌شنه له‌م سه‌رده‌مه‌دا، له کولتووری سیاسیی ئازه‌ری و کورددا، تولێڕانس زه‌ق بوویه‌وه و قه‌بووڵکردنی یه‌کتری وه‌کوو پێوه‌رێکی گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی قه‌بووڵ کرا. له حاڵێکدا کولتووری سیاسیی ئێلیت و دەستەبژێری دەسەڵاتداری فارس به داخراوی مابوویه‌وه و به‌رده‌وام بانگه‌شه‌ی بۆ هه‌ڵاواردن و سڕینه‌وه ده‌کرد.
جگه له‌وه‌ی کولتووری سیاسی له ئازه‌ربایجان و کوردستان جیاوازییه‌کی زۆری له‌گه‌ڵ ناوه‌ندی ئێران و نه‌ته‌وه‌ی فارس هه‌بوو، ئه‌م دوو ناوچه‌یه‌ش له‌گه‌ڵ یه‌کتری جیاوازییان هه‌بوو. جیاوازییه‌که‌ش له‌مه‌دا بوو که کولتووری سیاسیی کوردستان به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئازه‌ربایجان دێموکڕاتیکتر بوو. له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا جان فۆران ده‌ڵێ: “ڕاپۆرته‌کان باس له فه‌زای کراوه‌ی سیاسیی کوردستان به به‌راورد له‌گه‌ڵ کۆنتڕۆڵی توندی حکومه‌تی ناوه‌ندیی ئێران ده‌که‌ن. خه‌ڵک مافی هه‌ڵگرتنی چه‌کیان هه‌بوو. پۆلیسی نهێنی له‌گۆڕێدا نه‌بوو. له بواری فه‌رهه‌نگییه‌وه، کتێب و بڵاڤۆکه‌کان له‌به‌ر ده‌ستی خه‌ڵکدا بوو. خه‌ڵک ده‌یانتوانی به ئازادی گوێ بده‌نه ڕادیۆکانی ئانکاڕا و بی‌بی‌سی. به‌م هۆیه حکومه‌تی کۆماری کوردستان زۆر خۆشه‌ویست بوو (فوران، 1383: 415). تولێڕانس تا ئه‌و جێیه له کولتووری سیاسیی خودموختاری‌دا جێی هه‌بوو که قازی محه‌ممه‌د به‌ته‌واوی ڕوونی کردبووەوە که خوازیاری چاره‌سه‌ریی ئاشتییانه‌ی کێشه‌ی کورده و ئاماده بوو بۆ ئه‌م مه‌به‌سته بچێته تاران. «به‌ڵام تاران ده‌یزانی که نه‌زم و ئیداره‌ی کۆماری مه‌هاباد و ناسیۆنالیزمی نوێی کورد بۆ حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی زۆر له شۆڕشی چه‌کدارانه مه‌ترسیدارتره؛ قازی محه‌ممه‌د بۆیه کوژرا، چونکه نموونه و وێنای ئامانجه‌کانی گه‌لی کورد بوو» (مک داول، 1383: 418).
به‌م چه‌شنه، له‌نێوان ساڵانی 1320 هه‌تا 1325، له به‌رانبه‌ر گوتاری “گه‌شه‌ی ستوونی”ی نه‌ته‌وه‌ی فارس که یه‌کجار ماددی، فه‌رمانده‌رانه و دژه‌گه‌لی بوو، گوتارێک له گه‌شه له ئازه‌ربایجان و کوردستان به‌ناوی “گه‌شه‌ی ئاسۆیی” شکڵی گرت که بهپێچهوانەوە، زۆر نه‌رم، ناماددی و خه‌ڵکی بوو. له به‌ستێنی ئه‌م گوتاره‌دا، کولتوورێکی سیاسی به ناوی کولتووری سیاسیی “خودموختاری” شکڵی گرت که له‌به‌رانبه‌ر کولتووری سیاسیی “داخراو و سه‌ره‌ڕۆ”ی ناوه‌نددا کراوه و تا ڕاده‌یه‌ک دێموکڕاتیک بوو. له‌م کولتوورە سیاسییه‌دا، به‌رابه‌ریی ژن و پیاو، به‌شداریی سیاسی، تۆلێڕانس و پلۆڕالیزمی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی جێگه‌ی هه‌بوو. ئه‌م فه‌رهه‌نگه سیاسییه، دژی پڕۆسه‌ی ده‌وڵه‌تسازیی نه‌ته‌وه‌ی فارس وه‌ستایه‌وه و بۆ ماوه‌یه‌ک تووشی ڕاوه‌ستان و شکستی کرد. له‌م قۆناغه‌دا واتا نیوه‌ی یه‌که‌می ده‌یه‌ی بیستی هه‌تاوی، هێز و ده‌سه‌ڵاتی شا وه‌کوو تاکه بڕیارده‌ری ئێران و هێژمۆنیی نه‌ته‌وه‌ی فارس وه‌کوو تاکه نه‌ته‌وه‌ی فه‌رمانڕه‌وا له کوردستان و ئازه‌ربایجان تێک شکێندرا. به وته‌ی هێندێک که‌س له‌م سه‌رده‌مه‌دا «فه‌زایه‌کی کراوه و ڕه‌خنه‌گرانه ساز بوو و به به‌راورد له‌گه‌ڵ قۆناغی پێشوو، کولتووری کاری بەکۆمەڵ شکڵی گرت» (سریع القلم، 1397: 121). ئه‌مه گۆڕانێکی گه‌وره بوو له کولتووری سیاسیی به‌شیکی زۆر له دانیشتووانی ئێران؛ بۆ یه‌که‌م جار بوو که له دوای سازبوونی ده‌وڵه‌تی مۆدێڕنی سه‌ره‌ڕۆی ئێرانی، نه‌ته‌وه ژێرده‌ست کراوه‌کان له ده‌سه‌ڵات و به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتی خۆیاندا به‌شدارییان ده‌کرد؛ باسی پێکه‌وه‌ژیان و حاوهنهوه له‌گه‌ڵ یه‌ک ده‌کرا؛ پرسی ژن دهورووژێندرا و داوای دێموکڕاسیی خه‌ڵکییانه و له خواره‌وه ده‌کرا؛ چاپه‌مه‌نی به ئازادی ده‌رده‌کرا و باسی دابه‌شکردنی دادپه‌روه‌رانه‌ی داهات و ده‌سه‌ڵات نه‌ک ته‌نیا له‌سه‌ر بناغه‌ی مافی شارۆمه‌ندی، به‌ڵکوو له‌سه‌ر بنه‌مای پێکهاته‌ی نه‌ته‌وه‌یی و جنسییه‌تی ده‌کرا.
به‌داخه‌وه، دوای پاشه‌کشه‌ی هێزه‌کانی سۆڤیه‌ت، گوتاری گه‌شه‌ی ئاسۆیی و کولتووری سیاسیی خودموختاری تووشی شڵه‌ژان و تێکشاندن هات. ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی له چوارچێوه‌ی کولتووری سیاسیی داخراو و سه‌ره‌ڕۆی فارس‌دا، له دوای ڕووخانی کۆماری ئازه‌ربایجان، مناڵانی ئازه‌ربایجانی له ته‌ندوور هاویشت؛ زیاتر له سێ هه‌زار که‌سی گولله‌باران کرد، ئاگری له‌م کتێبانه به‌ردا که به زمانی تورکی نووسرابوون، خوێندنی به زمانی ئازه‌ری قه‌ده‌غه کرد و ڕۆژنامه‌کانی داخست (حسنلی، 1383: 208). هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه به‌شێکی بچووکه له جنایه‌ته‌کانی ده‌وڵه‌تی په‌هله‌وی و نه‌ته‌وه‌ی فارس. هێندێک سه‌رچاوه ئاماری کوژراوانی ئازه‌ربایجان هه‌تا 30000 که‌س ده‌خه‌مڵێنن. له کوردستانیش، سه‌رانی کۆمار و به‌شێکی زۆر له به‌رپرسانی کۆمار له‌دار دران، به‌شێکیان کەوتنە زیندان و، بەشێکیشیان ئاواره کران. ئه‌مه به‌شێکی دژکرده‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی فارس دژی نه‌ته‌وه‌کانی ئازه‌ری و کورد بوو. جگه له‌مه، ڕێکخراو، ڕۆژنامه، که‌سایه‌تی و به‌ناو ڕووناکبیرانی سه‌ر به کولتووری سیاسیی داخراوی فارس، بۆ نموونه که‌سره‌وی، مه‌حموودی ئه‌فشار، عه‌بباسی ئیقباڵ، عه‌بدولڕه‌حمانی فه‌رامه‌رزی و زۆر که‌سی تر به‌ته‌واوی هێزه‌وه دژی خودموختاری و دێموکڕاسی شتیان نووسی. عه‌بباسی ئیقباڵ خه‌ڵکی ئازه‌ربایجانی به دز و تاڵانچی وه‌سف کرد؛ حیزبی ئیراده‌ی میللی له ڕۆژنامه‌ی فه‌رمیی خۆی “کوشش”دا، پێی له‌سه‌ر ئه‌وه داگرته‌وه که ده‌بێ هه‌ر زمانی فارسی زمانی خوێندن بێ، چونکه زمانی تورکی یادگاری شوومی مهغۆلانی وه‌حشییه و له کاتی هێرش بۆسه‌ر ئێران بەجێیان هێشتووه (جعفری سروجهانی و بهنام، 1394: 68). ئه‌مه له کاتێکدا بوو که کرده‌وه و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی فارس له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌کانی ئازه‌ربایجان و کورد هیچ که‌مێکی له ئاکار و کرداری مه‌غۆله‌کان نه‌بوو. ئه‌وانیش وه‌ک مه‌غۆله‌کان به‌کۆمه‌ڵ خه‌ڵکیان کوشت، مناڵیان ئاور تێبه‌ردا و کتێبیان سووتاند. به‌ڵام یه‌ک جیاوازییان له‌گه‌ڵ مه‌غۆله‌کان بوو، ئه‌ویش ئه‌وه‌ی که وه‌ک ده‌ڵێن مه‌غۆله‌کان به‌گشتی و چه‌نگیز به‌تایبه‌تی، ئه‌و که‌سانه‌ی داوای گفتوگۆیان ده‌کرد یان خۆیان ڕاده‌ست ده‌کرد، لێیان خۆش دەبوو. ئه‌مه ئه‌سڵێکی سه‌ره‌کیی “یاسای چه‌نگیزی” بوو؛ به‌ڵام ده‌وڵه‌تی فارس و حه‌مه‌ڕه‌زاشای ڕەگەزپهرهست، ئه‌م ئه‌سڵه ئه‌خلاقییه کۆن و جیهانییهشیان پێشێل کرد و دوای خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی پێشه‌وا و ڕێبه‌رانی کۆمار له‌پێناو حه‌لکردنی کێشه‌کان، ئه‌وانیان له‌دار دا. ئه‌مه خەسڵهتێکی به‌رجه‌سته‌ی کولتووری سیاسیی نه‌ته‌وه‌ی فارسه؛ پێشتریش بووه وه‌ک که‌یسی سمکۆی شکاک، دوای پێشه‌واش بووه وه‌ک تیرۆری دوکتور قاسملوو و، له داهاتووشدا هه‌ر ده‌بێ، چونکه به‌شێکی گرینگی کولتووری سیاسییانه.
بەم چەشنە لە ساڵانی1320 هه‌تا 1325ی هه‌تاوی، لە ئازەربایجان و کوردستان پێوەره ناماددییەکانی گەشەی کۆمەڵایەتی سەریان هەڵدا و، گوتارێک لە گەشە بەناوی گەشەی ئاسۆیی شکڵی گرت. لەم گوتاره‌دا، نیشانەکانی چالاکیی مەدەنی، فره‌یی، یەکپارچەییی نێوخۆیی، بەرابەریی ژن و پیاو، مافی کەمینەکان و دابەشکردنی دادپەروەرانەی دەسەڵات و داهات لە دەوری نیشانەی ناوەندی “دێموکڕاسی” کۆ بوونەوە و واتاکەیان جێگیر کرا و بوون بە کاتە. گوتاری ئاماژەپێدراو، بە لەرزۆککردنی واتای ئابووری و ماددیی نیشانەی گەشە لە گوتاری گەشەی ستوونیی نه‌ته‌وه‌ی فارس، ئه‌م گوتاره‌ی له‌رزۆک کرد. ئەم کارە بە زەقکردنەوەی واتای سیاسیی گەشە و دوورخستنەوەی واتای ئابووریی ئەو سەری گرت. بەم چەشنە، گوتاری گەشەی ئاسۆیی لەم سه‌رده‌مه‌دا لە ئازەربایجان و کوردستان توانی هێژمۆنیی خۆی بسەپێنێ.
لەم ڕەوتەدا، هاوئاهەنگ لەگەڵ گوتاری گەشەی ئاسۆیی، جۆرێکی تایبەت لە کولتووری سیاسی شکڵی گرت. لەم کولتوورە سیاسییه‌دا، به‌شداریی خه‌ڵک له سیاسه‌تدا زیادی کرد؛ له‌نێوان خەڵک و حکومه‌ت متمانە ساز بوو؛ خەڵک هۆگرییان به باس و بابه‌تی سیاسی په‌یدا کرد و زانیاریی خەڵک لەسەر سیاسەت و نیزامی سیاسی چووه سه‌رێ؛ ئاستی تۆلێڕانسی خەڵک زیادی کرد و ژنان بۆ یەکەمین جار هەوڵیان دا له ژیانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیدا به‌شدار بن. لەم کولتوورە سیاسییەدا، نیشانەکانی مافی چارەنووس، بەشداریی سیاسی، تۆلێڕانس، هۆگریی سیاسی، زانیاریی سیاسی، متمانە بە نیزامی سیاسی و مافی خوێندن بە زمانی دایک لە دەوری نیشانەی ناوەندی “خودموختاری” کۆ بوونه‌وه و پێکه‌وه گرێ دران. ئەم کولتوورە سیاسییە وەکوو گوتارێک، پێکهاتەی نیشانەی ناوەندیی “دیکتاتۆریی ڕووناکیده‌ر”ی کولتووری سیاسیی داخراو و سەرەڕۆیانەی نه‌ته‌وه‌ی فارسی تێک شکاند و بە لەرزۆککردنی واتاکەی، مانای دابەشکردنی دادپه‌روه‌رانه‌ی به دەسەڵاتی سیاسی دا. بەم بەرجەستهسازییە، کولتووری سیاسیی خودموختاری توانی لە ئازەربایجان و کوردستان لەنێو خەڵک و لەنێو هێزە سیاسییەکاندا، جۆرێک لێکتێگەیشتن و پێکهاتن ساز بکا و به سازانی گشتی، هێژمونیی خۆی بسه‌پێنێ. کولتووری سیاسیی خودموختاری وەکوو گوتارێک، گەشەی ئابووری و سیاسەتی مۆدێرنیزاسێونی ڕەزاشای فڕێ دایه ئاقاری گوتارئاسا و گەشەی کۆمەڵایەتی – سیاسی بەرجەستە کردەوە و بە لەرزۆککردنی واتای ئابووری – تێکنۆلۆژیکی گەشە، دووبارە واتاسازیی بۆ چه‌مکی گه‌شه کرده‌وه و واتایه‌کی کۆمەڵایەتی – سیاسی پێ دا و لەهەمبەر ئەودا و لە ڕێگای سازکردنی جیاوازی لەنێوان خۆی و کولتووری سیاسیی نه‌ته‌وه‌ی فارس‌دا سنوورێکی دانا. بەم چەشنە، کولتووری سیاسیی خودموختاری، لە ڕێگای لەبەردەست دانانی واتاگەلی مەبەستی خۆی، توانی لە ناوچەکانی ئازەربایجان و کوردستان بە شێوەی کاتی هێژمۆنیی خۆی بسەپێنێ. کۆمارەکانی ئازەربایجان و کوردستان لە بەستێنی ئەم کولتوورە سیاسییه‌دا و لە داوێنی گوتاری گەشەی ئاسۆییدا دامەزران و ڕەوایییان لە خەڵک وەرگرت. جان فۆڕان لەم بارەوە دەڵێ: «بزووتنەوەی ئازەربایجان بە بەروارد لەگەڵ شۆڕشی مەشرووتە، پێگەی کۆمەڵایەتیی بەرینتری بوو، چونکە هاوپەیمانییەک لە چین و توێژەکانی خەڵکی شار شۆڕشی مەشرووتەی وەڕێ خست؛ بەڵام، له بزووتنەوەی ئازەربایجاندا، جووتیاران و خاوەن زەویوزار هەردوو لا بەشدار بوون. لە کوردستانیش ئەندامانی خێڵ و سەرۆک خێڵەکان، جووتیاران و خەڵکی شارەکان چالاک بوون و هێزی یەکگرتووی نەتەوەییی کورد دژی دەوڵەتی ناوەندی تەواوی خەڵکی کردە پشتیوانی کۆمار(فۆڕان،1383: 421). بەم چەشنە، کولتووری سیاسیی “خود موختاری” لە بڕگەی زەمەنی1320 تا 1325، لە دژایەتیی کولتووری سیاسیی “داخراو و سه‌ره‌ڕۆی” نه‌ته‌وه‌ی فارس‌دا شکڵی گرت.
ئاکامی لێکۆڵینه‌وه
له‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌دا ده‌رکه‌وت که کولتووری سیاسی وه‌کوو گوتارێک له به‌ستێنی گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیدا دەگۆڕێت. به‌م پێیه، له ئێرانی هاوچه‌رخدا هه‌رکات واتای ماددی – تێکنۆلۆژیکی گه‌شه به‌رجه‌سته کراوه‌ته‌وه، کولتووری سیاسی به‌ره‌و سه‌ره‌ڕۆیی ده‌ڕوا، وه‌کوو سه‌رده‌می په‌هله‌ویی یه‌که‌م. به‌ڵام هه‌رکات واتای کۆمه‌ڵایه‌تی – سیاسیی گه‌شه زه‌ق کراوه‌ته‌وه، کولتووری سیاسی به‌ره‌و دێموکڕاتیک بوون هه‌نگاوی ناوه، وه‌کوو نیوه‌ی یه‌که‌می ده‌یه‌ی بیستی هه‌تاوی. ده‌یتاکان پیشانیان دا که له‌م قۆناغه‌دا، له‌ژێر کاریگه‌ریی بارودۆخی نێوخۆیی و ده‌ره‌کی، له کوردستان و ئازه‌ربایجان، گه‌شه‌یه‌کی نه‌رم و خه‌ڵکییانه به‌ناوی گه‌شه‌ی “ئاسۆیی” شکڵی گرت؛ له به‌ستێنی ئه‌م گه‌شه‌یه‌دا، کولتوورێکی سیاسی له‌ژێر ناوی “خودموختاری” جومگه‌به‌ندی کرا که به به‌راورد له‌گه‌ڵ کولتووری سیاسیی ناوه‌ند، زۆر دێموکڕاتیکتر بوو؛ کۆماره‌کانی ئازه‌ربایجان و کوردستانیش له به‌ستێنی ئه‌م فه‌رهه‌نگه سیاسییه‌دا دامه‌زران.
سه‌رچاوه‌کان
ارنستو لاکلائو و شانتال موفه، هژمونی و استراتژی سوسیالیستی: به سوی سیاست دموکراتیک رادیکال، ترجمه محمد رضایی (تهران: نشر ثالث، 1393).
جان فوران، مقاومت شکننده، تاریخ تحولات اجتماعی ایران از صفویه تا سالهای پس از انقلاب اسلامی، ترجمه احمد تدین )تهران: مؤسسه خدمات فرهنگی رسا، 1383).
جمیل حسنلی، فراز و فرود فرقه دموکرات آذربایجان، ترجمه منصور همامی (تهران: نشر نی، 1383).
حسین بشیر، روش عملیاتی تحلیل گفتمان (تهران: انتشارات سروش، 1399).
حسین بشیریه، موانع توسعه سیاسی در ایران (تهران: گام ن‌و، 1380).
دیوید مکداول، تاریخ معاصر کرد، ترجمه ابراهیم یونسی (تهران: نشر پانیذ، 1383).
دیوید هوارث، نظریه گفتمان، ترجمه امیرمحمد حاج یوسفی، مجموعه مقالات تحلیل گفتمانی (تهران: فرهنگ گفتمان، 1378).
رۆژنامه‌ی کوردستان (1324)، ژماره‌کانی 1، 2، 9، 10 و 11.
سید محمدعلی حسینیزاده، «نظریه گفتمان و تحلیل سیاسی»، فصلنامه علمی – پژوهشی علوم سیاسی 28 (1383): 212-181.
سیدنصرالله حجازی و وحید بهرامی، «کاربست روش تحلیل گفتمان لاکلا و موف در رشته علوم سیاسي»، فصلنامه علمی- پژوهشی روش‌شناسی علوم انسانی 99 (1398): 18-1.
عباس منوچهری، رهيافت و روش در علوم سياسی (تهران : سمت، 1390).
عبدالرحمن قاسملو، کردستان و کرد، ترجمه طه عتیقی (سوئد: کمسیون انتشارات حزب دمکرات کردستان ایران، 1996).
عه‌بدولره‌حمان قاسملوو، چل ساڵ خه‌بات له پێناوی ئازادی (www. Pdki.org, 2000).
عه‌بدولره‌حمان قاسملوو، کوردستان و کورد، وه‌رگێڕانی عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده (1973).
غلامرضا جمشیدیها و حمزه نوذری، «تحولات معنای توسعه پس از انقلاب اسلامی ایران: از طرد توسعه تا معنابخشیهای متفاوت به آن»، فصلنامه توسعه روستایی 1 (1393): 49-25.
کوچرا، کریس، جنبش ملی کرد (تهران: مؤسسه انتشارات آگاه، 1377).
ماریان یورگنسن و لوئیز فیلیپس، نظریه و روش در تحلیل گفتمان، ترجمه هادی جلیلی (تهران: نشر نی، 1391).
محمدرضا مایلی، نطام سیاسی و توسعه: بررسی موردی نقش نظام سیاسی در روند توسعه ایران (1342-57) (تهران: نشر ارائه، 1379).
محمدعلی همایون کاتوزیان، «نظام پهلوی در ایران» در: نظامهای سلطانی، ویراسته هوشنگ شهابی و خوان لینز، ترجمه منوچهر صبوری (تهران: نشر شیرازه، 1380).
محمدعلی همایون کاتوزیان، اقتصاد سیاسی ایران، ترجمه محمدرضا نفیسی و کامبیز عزیزی (تهران: نشر مرکز، چاپ پانزده، 1374).
محمود تفقدی جامی، (1377)، گذشته چراغ راه آینده (تهران: ققنوس، 1377).
محمود سریع‌القلم، فرهنگ سیاسی ایران (تهران: نشر فروزان روز، 1397).
مریم جعفری سروجهانی و مریم بهنام، «علل تأسیس فرقه دموکرات آذربایجان و واکنش‌ها به تشکیل این فرقه»، فصلنامه تاریخنامه خوارزمی (1394): 71-56.
هه‌ژار موکریانی، ئاڵه‌کۆک (هه‌ولێر: 2001).
هیوبرت دریفوس و پل رابینو، میشل فوکو: فراسوی ساختگرایی و هرمنیوتیک، ترجمه حسین بشیریه (تهران: نشر نی، 1392).
هێمن موکریانی، تاریک و ڕوون (هه‌ولێر: بنکه‌ی ئه‌ده‌بی پێشه‌وا، 2001)
Foa, Roberto and Tanner, Jeffery. C. (2012), Methodology of the Indices of Social Development, International Jnstitute of Social Studies, Vol. 89 of Discussion paper, Research Institute for Social Development, ISSN 1012-6511.
Harold, K. and Bush, J. (1995), Poststructuralism as theory and practice in the English classroom, ERIC, Clearinghouse on reading, English and communication digest.
Tessler, M. and Gao, E. (2009), Democracy and the political culture orientations of ordinary citizens: a typology for the Arab world and beyond: Published by Blackwell Publishing Ltd.
[1] – Political Culture
[2] – Social Development
[3]– Ernesto Laclau and Chantal Mouffe
[4] – Development
[5] – John Foran
[6]– Discourse
[7]– Structuralism
[8] -Ferdinand de Saussure
[9]– Signifier
[10] -Signified
[11] – Michel Foucault
[12]– Richard Rorty
[13] – Deconstruction
[14]– Discourse formulation
[15]– Articulation
[16]– Antagonism
[17]– Nodal Point
[18] – Discourse
[19]– Moment
[20]– Closure
[21] – Field of Discoursivity
[22] – John Foran
[23]– Horizontal development
[24]– Vertical development
[25] – Autonomy political culture
[26] – Tessler and Gao
داگرتنی بابەت