ئارامتر بخوێنەوە

“ژن، ژیان، ئازادی” سروودی سروودەکان، سروودێکی ناتەواو

شەهلا دەباغی



چ شەماڵیک هەڵیکردووە بەم نیشتمانەدا نازیلێ!

بەم درەنگ وەختە ماچ دەچڕێ

وەک ئەوەی نیوەشەو

دوایین دەرفەتی ڕزگاری بێ.

(س. ف، ٢٩ی نوامبری ٢٠٢٢)

ئەم نووسینە لەسەر ئەم باوەڕەیە کە شۆڕشی ژینا ١  بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک کۆلۆنییەکی نێوخۆیی٢  ئێران و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاڵی وەرچەرخانێکی مێژوویی و “ژن، ژیان، ئازادی” سروودی سروودەکان و باڵاترین سروودی هاوچەرخە بەڵام هێشتا ناتەواوە. جووڵانەوەی ژینا بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” تێڕوانینێکی ئینتێرسێکشنالی نوێیە لەسەر چەند ئەستوندەکی سێكۆلاریزم، ئازادیی بیروڕا، “دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و یاسایی، یەکسانیی جێندێری، مافی چارەی خۆنووسین، وێڕای خۆشەویستیی ئاو و خاک و هەوڵی ژینگەپارێزی. بەڵام هەرچەند نەتەو ژێردەستەکان، ژنان، گەنجان و زەحمەتکێشان لەم چەند مانگەدا لەسەر شەقام بوون، نوێنەران/representantی ئەم نەتەوە و چینانە و داواکانیان بۆ پەرەدان و پێشبردنی خەبات لە دەرەوەی وڵات دیار نین و یان حەزف کراون. دوای چەند مانگ تێپەڕین لە جووڵانەوەی ئینتێرسێکشنالی ژینا٣ ، هێشتاش ڕێبەری و مێکانیــزمی جـــووڵانەوەکە بەدەست ئێلیتی چینی سەرەوە، ناوەندنشین و پیاوانە.

نووسەری ئەم وتارە نزیک بە چل ساڵە لە نیشتمان دوورە و ئەم نووسینە زیاتر لەژێر کاریگەریی ڕەنگدانەوەی ڕووداوەکانی ئەم چەند مانگە لە مێدیاکاندا نووسراوە و سەرچاوەکانی هەواڵەکان زیاتر مێدیا و دنیای مەجازی بوون نەک زانیارییەکی مەیدانی. بە ڕای نووسەر، مێدیاکان کە زیاتر بەدەست نەتەوەی ناوەندنشین و باڵادەستن، بەشێکن لە سیستەمێک کە هێژمۆنیی نەتەوەی باڵادەست دووبارە بەرهەم دێننەوە. مێدیاکانی باڵادەستان لەم چەند مانگەدا نەیانتوانی ببنە دەنگ و بڵندگۆی نەتەوە ژێردەستەکان و دروشم و ئامانجەکانی “ژن، ژیان، ئازادی” دەستی بەسەردا گیراوە. پرسیار ئەمەیە کە ئایا دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” نابێ بەردەوام لە کۆنتێکستێکی کوردانەدا دووبارە خوێندنەوەی بۆ بکرێ و کامڵ کرێ؟

سروودی سروودەکان ٤

بە پێی کتێبی پیرۆز، سروودی سروودەکان یەکێک لە سروودەکانی ناو تەوڕات و ئەنجیلە، کە لە زمان حەزرەتی سولەیمانەوە گوتراوە٥.  سروودی سروودەکان، دیالۆگێکی سێکسوال و ئاشقانەی نێوان ژن و پیاوێکە. ژنەکە دەست بە سروودەکە دەکا:

  1. Sångernas sång, av Salomo.

Hon

  1. Kyssar vill jag dricka ur hans mun!

– Din kärlek är ljuvare än vin.

  1. Ljuvligt doftar din balsam,

som Turak-balsam är ditt namn,

och kvinnorna älskar dig.

  1. Ta mig med, låt oss skynda,

för mig, konung, till ditt rum.

Vi skall jubla och glädjas över dig

och prisa din kärlek högre än vin.

Med rätta älskar de dig.

١. سروودی سروودەکان، لە سولەیمان

ژن

٢. دەمهەوێ لە زارت ماچ بنۆشم!

ئەوینی تۆ سەرزیندووترە لە شەڕاب.

٣. بزێوە باڵسامی تۆ،

وەک باڵسامی توراکە ناوی تۆ،

وە ژنان ئەوینداری تۆن.

٤. لەگەڵ خۆت بمبە، با گوناح بکەین،

بمبە، ئەی شەهنشا، بۆ ژووری خۆت.

هەلهەلە دەکەین و شاد دەبین لە تۆ

وە ئەوینی تۆ خەڵات دەکەین بانتر لە شەڕاب.

بەمجۆرە ڕەوایەتێکی سێکسوال و ئێرۆتیک لە هەشت بەنددا دەگێڕدرێتەوە و ژن و پیاوەکە پێکهەڵدەڵێن و باسی ئارەزووی خۆیان بۆ یەکتر دەکەن. گەرچی ئەم سروودە بـە “سروودی سروودەکان” ناسراوە، واتــە بەرزترین و عالیترین سروود، بەڵام ئەم بڕگەیە بە گشتی لە بۆنە ئایینییەکاندا ناخوێنرێتەوە. توێژەران پێیانوایە کە ڕیشەی سـروودی سروودەکان دەگەڕێتەوە ســەر کـــولتوور و سوننەتی دایک/ژنانە لە شارستانییەتی مێزۆپۆتامی کە لەوێ، ژنایەتی، دایک و سروشت پەرستش دەکرا و ڕیتواڵەکان جۆرێک لە بایەخ بوون و بۆ بەپیت بوونی کشتوکاڵ و ژیانەوە گرینگییان پێ دەدرا. بە لێژبوونی جێگەی کولتی دایکتەوەر وردە وردە بۆنە و بایەخەکانی پێشووی ژنانە گرینگیی خۆیان لەدەست دا و ژن و تواناییەکانی پاشەکشەیان پێ کرا و سیستەمی باوکسالاری دەسەڵاتی گرتە دەست. سروودی سروودەکان پاشماوەی ئەو دەورانەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مێزۆپۆتامیا.

سەردەمانێک، زیاتر لە حەوت هەزار ساڵ پێش زایین، لەم ناوچەیەدا سروشت و ژن، بە دایک و ئافەریدەگار دەبیندران. بە ڕای ئانیتا گۆڵدمان، کە لێکۆڵینەوەی بەرینی لەسەر مێژووی ژنان و وێنای ژن لە تەوڕات و ئینجیلدا کردووە، ئەو سەردەمانە ژن دەسەڵاتی هەبوو. نوێ بوونەوەی ژیان و زەوی جێژن دەگیرا. منداڵ بە دایکەوە دەناسراوە (کە ئەمە هەر ئێستاش لە هێندێک شوێن لە کوردستان و ئەفریکا و هێندێ شوێنی دیکە هەیە) و خودایانی ژن ستایش دەکران. بەڕای گۆڵدمان لە پڕۆسەیەکی مێژووییدا و بەهاتنە کایەی دەسەڵاتی ئایین و پیاو وردە وردە جێ پێی دەسەڵاتێکی ژنانە لێژ کرا و ئەمجارە پیاو پێناسەی دەدا بە ژن، و ڕیتوال و کولتی ژنانە بە پلەی نزمتر دەبیندرا. ٦

جێپەنجەی “ژن، ژیان، ئازادی”

هەموو کوردێک دەزانێ کە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” لە باکوور و دواتر لە ڕۆژاوای کوردستان لە شەڕی داعش و ڕۆڵی بەرچاوی ژنانی قارەمان لە شەڕەکەدا زیاتر ناسرا و جیهان بە چاوی ڕێزەوە ڕوانییە کورد و ژنانی کورد. ئینجا دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” لە سووڕانێکی زەمەنیدا لە پاییزی ٢٠٢٢ و لەسەر گۆڕی “ژینا” لە شاری سەقز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاوار کرا. دوابەدوای بەخاک ئەسپاردنی ژینا، ئەم دروشمە لە سەراسەری ئێران و دنیادا بڵاو بۆوە. جیهان یەکپارچە بە چاوی ڕێزەوە بۆ بەرخۆدانی پاییزی ٢٠٢٢ و بە دووپاتکردنەوەی ئاواز، سروود و سیمبۆلەکانی ئەم جووڵانەوەیە لە شوێن و قوژبنی جیاوازی دنیا بوونە هاودڵ و هاوکاری ئەم جووڵانەوەیە. جووڵانەوەی ژینا و دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” بەشێوەیەکی ئەرێنی بە ڕووداوێکی نوێ و گرینگی مێژووی ئینسانی و ڕێنێسانسێک دادەندرێ. لەم بارەوە ژیژک دەڵێ:

“ئەم بەرخۆدانە بۆ لێ فێربوون دەبێ. جۆڕێک لە فێمینیزم کە پیاوانیش لەخۆ دەگرێ. چونکە پیاوان دەزانن ئەو ستەمەی کە لە ئێراندا لە ژنان دەکرێ تەنانەت خۆیان دەگرێتەوە و ئەگەر ژنان ئازاد نەبن ئەوانیش تامی ئازادی ناچێژن. هەروەها بۆ زۆربەی ئێرانییەکان کە کورد نین ڕوون بووەتەوە کە ئەگەر کورد ئازاد نەبن ئەوانیش ئازاد نابن. هاوکات بەشێکی دیکەی ئەم خەباتە دژی ڕادیکاڵیسمی ئیسلامییە. ئەو خاڵانە بۆ ئێمە لە ڕۆژاوا کە لە ئازادیدا دەژین دیار نییە و دەتوانین لێیان فێربین. دژایەتیی فێمینیزم، زەبروزەنگی سیاسی و ئایینی لە پەرەئەستاندن دایە. شتێک کە لەم خەباتەدا زۆر جێگای تێڕامانە ئەوەیە کە هەموو کلێشە کولتووری و قەومییەکان، کە ‘ئێمە لێک تێناگەین’ شکان. ئەم جووڵانەوەیە دادخواز و حەقخوازە و سەر دەکەوێ.”٧

بەڵام دوابەدوای ئەم دروشمە، پیاوسالاریی باڵادەست تاقەت ناهێنێ و دەیهەوێ دەسەڵات بگرێتەوە دەست و لەبەرانبەر ئەم دروشمە پێشکەوتوویەدا ڕاوەستی و “مرد، میهن، آبادی” لە بەرانبەریدا قوت دەکاتەوە. باسێک کە نووسەری ئەم وتارە و زۆر کەسی دیکە لەوان نووسەری ئێرانی “فرج سەرکوهی” هەمان کات کە دروشمی “مرد میهن آبادی” درا ڕەخنەمان لێ گرت.

هەروەها نووسەری ئەم بابەتە زۆر زوو لە هەوەڵ ڕۆژانی بەرخۆدانی خەڵکی ڕۆژهەڵات لەسەر شەقامەکان “شۆڕشی ژینا”ی لەگەڵ “ڕێنێسانس” و “شۆڕشی مەزنی فەڕانسە” بەراورد کرد و ئاماژەی هەم بە تایبەتمەندیی “یەکسانی خوازی جنسییەتی” شۆڕشەکە دا، باسێک کە لە شۆڕشی فەرانسەدا ون بوو، و هەم بە خوڵقانی ڕووحێکی تازەی ڕزگاریخواز لەلای تاکی کورد. هاوشانیی شۆڕشی ژینا لەگەڵ شۆڕشی فەڕانسە دواتر لەلایەن بیرمەندانی گەورەی دنیا باس و قسەی لەسەر کرا. بۆ وێنە فیلسووفی ئەمریکی مایکل هارت باسی ئەوە دەکا کە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” لەگەڵ “بەرابەری، برایەتی و ئازادی”ی شۆڕشی  سەدەی ١٨ی فەرانسە بەراورد دەکرێ بەڵام بە تەفسیرێکی تازە. دروشمەکان سەفەر دەکەن.٨  هاوکات مایکل هارت ئارەزووی ئەوە دەکا کە “ژن، ژیان، ئازادی” ببێتە هۆی شۆڕش لە شوێنەکانی دیکەی دنیادا.

سروودێکی ناتەواو؟

هەر دروشم و سروودێکی شۆڕشگێرانە لە سەردەمێکدا دەتوانێ کاریگەرییەکی شۆک‌هێنەری لەسەر کۆمەڵگا هەبێ، بەڵام دوای ماوەیەک یا بە لاڕیدا ببردرێ، یا ڕێبەریی جووڵانەوە فەرامۆشی بکا، یا تەرازووی هێزەکان بە قازانجی ئیدە و دروشمەکە نەشکێتەوە. بەڵام خاڵێکی گرینگ کاکڵ و ناوئاخنی دروشمەکەیە. لە ڕاستیدا هەر دروشمێک لە خۆیدا ناتەواوە. واتە دروشم و ئیدەکان لە ڕەوت و پڕۆسەدا کامڵ دەکرێن و گەشە دەکەن. “ژن، ژیان، ئازادی”یش لەم قاعیدەیە جیا نییە. “ژن، ژیان، ئازادی” دەبێ پەرەی پێ بدرێ و هەلی گەشەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و یاسایی بۆ بڕەخسێ. ئێستا پرسیار ئەوەیە ئەم ئیدە جوان و شۆک‌هێنەرە لە کوێ دەبێ تەکمیل کرێ؟ بۆ گەشە و تەواو کردنی دروشم و ئیدەیەک دەبێ هەوەڵ بزانین کەمایەسییەکە چییە.

دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” وەک دروشمەکەی شۆڕشی مەزنی فەرانسە، “بەرابەری، برایەتی، ئازادی” و یا بیرۆکەی “سۆسیالیسم”، دروشم و بیرۆکەیەکی یونیڤێرساڵ و گشتین. بەڵام بۆ وێنە لە فەڕانسە دەوڵەتێک هەبوو و داوای خەڵک لە دەوڵەت و حاکمییەتی فەرانسە بە گوتنی دروشمی “بەرابەری، برایەتی و ئازادی” ڕوون بوو.

دروشم و ئیدەکان سەفەر دەکەن و لـــە کـــۆنتێکست و کــــــاتشوێنی جیاوازدا تایبەمەندیی تازە وەردەگرن و دەگونجێنرێن و دەگۆڕدرێن و تەفسیر دەکرێن. یونیڤێرساڵ بـوونی دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” لە عەینی جوانی و ئەرێنی بوونی خۆیدا لە شوێنێک دەکوترێ کە نەتەوەکە، واتە کورد، بێ دەوڵەتە و ئەم دروشمە دەبێتە هەمەک بێژی/کلی گویی و گشتی‌. هەر بۆیە ئەوانەی زەخت و هێزیان زیاترە، واتە نەتەوەی باڵادەست، دەتوانن دروشمەکە بقۆزنەوە و بە ناوی ئەوە کە هەموومان وەک یەکین و جیاوازیمان نییە، مافی ژێردەستان بە هەمەک بێژی حەشاربدەن و ناوئاخنی بگۆڕن، واتە مۆدیفای/ modify بکەن یا دایبەزێنن/ reduce بکرێ.

دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” زۆر بە دروستی ویستی ژیانێکی ئاساییی لە خۆیدا هەڵگرتووە کە حکومەتی “ولایت فقیە”ی تاران لە هاووڵاتیی زەوت کردووە. هاوکات نەمانی ئەو ستەمە جێندێرییەی کە ٤٣ ساڵە هەیە و داوای  دادی کۆمەڵایەتی و گەیشتن بە ئازادی، خواستی خەڵکە. ئەمانە مافی هەر هاووڵاتییەکن لە کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو لە ژێر دەسەڵاتی یەک دەوڵەتی مۆدێڕندا. گەیشتن بەم مافانە بۆ هاووڵاتیی  سەر شەقامی ناوەند داوای سەرەکین بەڵام بۆ گەلێکی ژێردەستی وەک گەلی کورد کافی نییە و بە مانای دابینکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووس و یا مافی نەتەوەیی نییە و جۆرێک لە سەروەریی سیاسی بە کورد نابەخشی. مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەیەکی ژێردەست تەنیا بە دروشمی “جهانشمول” لە وڵاتێکی تۆتالیتەردا دەستەبەر ناکرێ. هەر ئەو جۆرەی کە لەم چوارمانگەدا دیتمان تەنانەت زۆربەی ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانی بە پێی هەمان دروشم کە دەستیان بەسەردا گرتووە دان بە مافی نەتەوەیی کورددا ناهێنن. لێرەدا “سروودی سروودەکان”ی کتێبی پیرۆز و “ژن، ژیان، ئازادی”ی کورد لەیەک مایە و دەستەن. هەر دووکیان فۆڕم و دەڕبڕینێکی جوان و ئەدەبی و ئینسانییان هەیە بەڵام لە ژێر ڕێبەری و هیرارشی و دەسەڵاتی باڵادەستدا و لە پڕاکتیکی ئایینی- سیاسیدا  سروودی سروودەکان لە ناو دیندا وەپشت گوێ خراوە، و “ژن، ژیان، ئازادی” لە مەیدانی سیاسیی ئەمڕۆدا هەر ساتێک دەکرێ وەپشت گوێ بخرێت و دروشمێکی دیکەی لە جێ دابنرێ (مرد میهن آبادی) و جووڵانەوەکە دەستی بەسەردا بگیرێ هەر ئەو جۆرەی لەم چەند مانگەدا دیتمان نەتەوەکانی غەیری فارس، ژنان، گەنجان و زەحمەتکێشانی سەر شەقام کەمترین نوێنەریان لە ڕێبەری و باسەکاندا بووە و هەوڵ دەدرێ پرسی نەتەوەکان لەژێر ناوی “تمامیت ارضی” بێدەنگ کرێ.

سروودی سروودەکان وەک دەنگێکی ژنانە لە دەورانێکی دوور، لەناو کتێبی پیرۆزدا ماوەتەوە، بەڵام  وەک سروودەکانی تری کتێبی پیرۆز لە بۆنە ئایینییەکاندا ناخوێنرێتەوە، مەگینایەک لە هێندێ سروودی موزیکالی و نمایشی، و هەڵبەتە ئێستا لــە  تــۆژینەوە و لێکۆڵینەوەکاندا بەهای پێ دەدرێ.

دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”یش دەتوانێ بکەوێتە (کەوتۆتە) داوی ئەم خەتەرە. ئەم دروشمە بەدوای شەڕی قارەمانانەی کۆبانێ لە ناو کتێبێکی پیرۆزدا9  نەماوە و ژنان بەشێک لە دەسەڵاتیان بۆ پاراستینی خۆیان و خاکیان گرتە دەست. ئەم دروشمە بە جووڵانەوەی بەرینی خەڵک دوای شەهیدبوونی ژینا لە ناوەڕاستی مانگی سێپتامبردا، بە لێشاو هاتە سەر زاری خەڵکی سەر شەقام و بوو بە واڵاترین و مەزنترین سروود، بوو بە سروودی سروودەکان، وەها کە لە هەموو ئێران و دواتر لە هەموو جیهاندا گوتراوە. خەڵکی جیهان بەتایبەتی ژنانی دنیا خۆیان لەم سروودەدا دیتەوە. واتە دروشمێکی کوردانە وەک “بێلاچاو”ی ئیتالی دژی فاشیزم بە جیهاندا بڵاو بۆوە. “ژن، ژیان، ئازادی” وەک دروشم تا بتهەوێ جوان و دڵڕفێن و هاوکات یونێڤێرساڵە، بەڵام لەم چەند مانگەدا دیتمان کە لە پڕاکتیکی سیاسیدا بۆ گەیشتن بە مافی سەروەریی کورد بەش ناکا و هاسان دەستی بەسەردا دەگیرێ. ژینا کرا بە مەهسا و “ژن، ژیان، ئازادی” بە “زن، زندگی، آزادی” و تەنانەت شەهیدانی شەقامەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە حیسابی ئێرانی بوون و پەهلەوی داندرا. بە ڕای کەماڵ سولەیمانی ئێستا دوو شۆڕش لە ئارا دایە. شۆڕشێک کە بە کودەتایەکی وەپاشکەوتووانە دەیهەوێ زێدەخوازانە دەست بە سەر هەموو شتێکدا بگرێ و نابەرابەریی ئەبەدی دووبارە بەرهەم بێنێتەوە، و شۆڕشێک لەبەرانبەردا بۆ تێکدانی هیرارشییەکانی جنسییەتی، زمانی و ئیتنیکی هەنگاوی هەڵێناوەتەوە و ژیان تێدا پیرۆزە و گیان بە نرخە.  10

لێرەدا بۆمان دەردەکەوێ کە چارەنووسی نەتەوەیەکی ژێردەست تەنیا بە دروشمێکی جوان و یونیڤێرساڵ دیاری ناکرێ گەرچی خودی دروشمەکە پڕبایەخ و گرینگ بێ. زۆر فاکتەر، لەوان “ڕێبەری”، لە سەرکەوتن یا سەرنەکەوتنی ئەم دروشمەدا ڕۆڵیان دەبێ. ئەگەر لێرەدا دۆخی کورد لە ڕۆژهەڵات لەگەڵ بەشەکانی دیکەی کوردستان بەراوەرد بکەین، تەنانەت لە دۆخێکی وەک باشوور کە بە حیساب، عێڕاق دەوڵەتێکی فێدێڕاڵییە و لە دوو نەتەوەی سەرەکیی کورد و عەڕەب پێکهاتووە، تەوافوق لەگەڵ ناوەند کێشەکانی چارەسەر نەکردووە و کورد نەیتوانیوە ببێتە خاوەنی سەروەری.

سولەیمانی ئاماژە بەوە دەدا:

“لە چەند دەیەی ڕابردووی سیاسەتی کوردیدا، مرۆڤ و نەتەوەی کورد قەت لە مەرکەزییەتی سیاسەت و ستراتیژییە سیاسییەکاندا نەبووە: کورد هێندێک داوای هەن، بەڵام خۆڵقێنەری سیستەم نییە. کورد مرۆڤی پەڕاوێز و چاوەڕوانی مەرەحەمەتی دەوڵەتی غەیرە کوردە. سایکۆلۆژیی زاڵ بەسەر ڕێکخراوی سیاسیی کوردیدا، سایکۆلۆژیی مرۆڤی دەوڵەتساز نییە. مەعریفەی سیاسیی کورد هی خۆی نییە، بۆیە لە مەعریفەی سیاسیی ڕێکخراوی کوردیدا، کورد بکەر نییە. ئەو مەعریفەیە کورد-تەوەر نییە، ئەویدیکە تەوەرە.”  11

شۆڕشی ژینا لە شەقامەکانی ڕۆژهەڵات شۆڕشێکە بۆ ڕزگاری لە دەسەڵاتی ئایین و ژێردەستی. لەم بەرخۆدانەدا، ویستی ڕزگاریی سووژەی کورد (بە ژن و بە پیاوەوە) لە هێژمۆنیی باڵادەست تا ڕادەیەک دەبینرێ بەڵام ڕەنگدانەوەی ئەم ویستە لەناو ڕێبەریی دەرەوەی وڵات کەمتر دەبینرێ. سووژەی کورد لەناو وڵات خۆی لە ئیدئۆلۆژیی نەتەوەی باڵادەست و ناوەندمیحوەر بە جۆرێک ڕزگار کردووە و گەیشتووەتە ساتی ڕزگاری لە وەهمی “ئێڕانی بوون”. بە ڕای کەماڵ سولەیمانی، ئیدئۆلۆژیی ئێرانی لە دوای مەشرووتە، لەسەر بناخەی دەسەڵاتی مەزهەبی جەعفەری و حاکمییەتی نێرسالاری دامەزراوە و سەد ساڵە بەناوی مۆدێڕنیته کوردی ژێردەستەی خۆی کردووە و دەیچەوسێنێتەوە و هیچ مافێکی پێ ڕەوا نابینێ.12  هەر ئەم نیگایە بە دەسەڵات، بەڕای ئەحمەد محەمەدپوور، لای بیرمەندانی ئێرانی دەگاتە جۆرێک لە فاشیزم و لە ئیدیۆلۆژیی ئێرانشاریی کەسانێکی وەک تەباتەبایی بە ئاشکرا خۆنیشان دەدا. 13

ئێستــا دوای ئـــەزموونی چـــەند مانگ شۆڕشی ژینا لە ڕۆژهەڵات و باوەڕکردن و هاوکاریکردنی هێندێک لایەن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، دەبینین لە هەموو شت گرینگتر ڕزگار بوونی سووژەی کورد و هێزی کوردییە لە هێژمۆنیی سیاسی و ئێلیتی باڵادەست. ڕزگاریی سووژەی کورد لە هێژمۆنیی باڵادەست پرسێکی مانایی و جەوهەرییە. ئەوسا کە سووژەی کورد خۆی لە زنجیری باڵادەست ڕزگار دەکا، بەشێکی زۆر لە ڕێگامان بڕیووە. کاتێک سووژە دەگاتە ساتی سپارتاکووسی، واتە سووژە  ژێردەست بوونی خۆی دەبینێ و دەیهەوێ لێی ڕزگار بێ و ڕادەپەڕێ. دوکتور کەریمی لە وتاری “دەروونشیکاریی سووژەی بندەست”دا باس لەم ڕزگارییە دەکا:

“لە کۆمەڵگەی بندەستدا هەموو دامەزراوە فەرمییەکان لە سازکردنی سووژەی بندەستدا بەشدارن لەبەر ئەوەی ئەم دامەزراوانە لە لایەن سەردەستەکانەوە ڕێکخراون و پێویستە بەرژەوەندییەکانی ئەوان بپارێزن.

بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوانە ئاسۆی ڕزگاری داخراو نییە و بندەست بۆ هەمیشە لە دۆخی بندەستیدا نامێنێتەوە لەبەر ئەوەی کە سوبژێکتیڤیتە دیاردەیەکی هاڵۆزترە لەوەی کە سەردەستەکان بیری لێ دەکەنەوە. مێکانیسمەکانی سوبژێکتیڤیتە گەورەترین بەربەستن بۆ پرۆژەکانی درێژەدان بە سەردەستی. یەکێک لەو مێکانیسمانە شتێکە کە دەتوانین پێی بڵێین ساتی سپارتاکووسی.” 14

کەریمی بەردەوام دەبێ و دەنووسێ: “دامەزراوە فەرمییەکانی کۆمەڵگەی بندەست خەریکی بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانەوەی سووژەی بندەستن. بەڵام هەستی بندەستی و ئارەزووی ڕزگاری بەردەوام دەبێ و سووژەی بندەست لە خاڵێکی تایبەتدا بەدژی سەردەست ڕادەپەڕێ؛ ساتی سپارتاکووسی.15

ڕزگاریی سووژە لە هێژمۆنیی داگیرکەران لە دەرەوەی وڵات لە ناو ڕێبەریی کورددا وەک بکەری سیاسی بە پاساوی سیاسیەتکردن کەمتر دەبیندرێ. هاوکات لە پەیوەندی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیی ناوەندگەرادا، هەمان ڕوانگەی کۆلۆنیالیستی لە سیاسەتی ڕۆژانەی سیاسەتی کورددا بەرهەم دێتەوە. عوسمان‌زادە لەسەر ئەم باوەڕەیە کە بەپێچەوانەی تیۆڕە کۆمەڵایەتییە کلاسیکەکان کە پێیان وابوو تەنیا پێکهاتە و ساختارەکان یان تەنیا ئەکتەر و بکەرە کۆمەڵایەتییەکان ژیانی کۆمەڵایەتی دیاری دەکەن، بەپێی ڕوانینە تێکهەڵکێشەییەکان ئەو دوو بەشە، واتە ساختاری کۆمەڵایەتی و بکەری کۆمەڵایەتی بەیەکەوە و لە پڕۆسەیەکی کارلێکی بەردەوامدا ژیانی کۆمەڵایەتی و دیاردە کۆمەڵایەتییەکان دیاری دەکەن. لەم ڕوانگەیەوە، ژیانی ڕۆژانەی ئەکتەرە کۆمەڵایەتییەکان شوێنی بەیەکگەیشتنی هەردووک پێکهاتە و بکەرە کۆمەڵایەتییەکانە و تێیدا پێکهاتەکان، ئایدیۆلۆژیاکان، و دیسکۆرسە جیاوازەکان بەرهەم دەهێنرێنەوە، جێگیرتر دەکرێن، دەگـــۆڕدرێن و پـــاساو دەدرێنەوە. لە پەیوەندی لەگەڵ ڕژێمی کۆلۆنیالیستیشدا، “کۆلۆنیالیزمی ڕۆژانە” بە تێپەڕاندنی ئاستی فراوانی ڕاڤەی کۆمەڵایەتی، هەوڵ دەدات دیاردەی بەردەوامیی کۆلۆنیالیزم لە ژیانی ڕۆژانەدا بهێنیتە بەرباس. بە پێی ئەم تێڕوانینە ژیانی ڕۆژانەی ئەکتەری سەردەست، یەکێک لە گرینگترین شوێنەکانی بەرهەمهێنانەوە، پاساودانەوە و درێژەپێدانی ئایدیۆلۆژیا و پێکهاتە کۆلۆنیالیستییەکانن. ئەم ڕوانینە تەنیا کۆلۆنیالیزم لە ژیانی ڕۆژانەدا ناگرێتەوە، بەڵکوو دەشێ لەپەیوەندی لەگەڵ کۆی نەزمی کۆمەڵایەتیدا بەکار بهێندرێت.16

دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بەهۆی هەوێنی یوونیڤێرساڵی خۆی توانیی ببێتە بەشێک لە ئیدەکانی ڕۆژانەی کوردێک، فارسێک و خەڵکی دونیا. بەڵام ئەم دروشمە لە ژیانی ڕۆژانەی فارسێکدا دەبێتە “زن، زندگی، ئازادی”، بۆ ئینگلیزییەک woman life freedom و ئەم دروشمە  لەگەڵ سیستەمی سیمبۆلێک و بەهاکان و پاشخانی ئایدیۆلۆژی- مێژوویی کۆمەڵگاکەیان دەگونجێندرێت. هەر بۆیە ئێرانییەک دەتوانێ بەناوی “زن، زندگی، آزادی” – نەک ژن، ژیان، ئازادی – دروشمەکە بکاتە ئامرازێک بۆ بەرهەمهێنانەوەی دۆخی سەردەستی- ژێردەستی. چونکە ئەم دروشمە یونیڤێرساڵە هاوکات ڕاڤەهەڵگرە. لێرەدا ڕاڤەی ئەکتەری کۆمەڵایەتیی سەردەست کە دەسەڵاتی هێژمونیکبوونی زیاترە، دەتوانێ بە پشتیوانیی پاشخانە مەعریفی و ئایدیۆلۆژییە بەهێزەکەی لەڕێگەی ئەم دروشمەوە نکۆڵی لە مافی نەتەوەییی خەڵکی ژێردەست بکات و بڵێت ئامانجی ئەم دروشمە و بزووتنەوەی پاییزی ٢٠٢٢ ئازادیی ژنان و هەوڵ بۆ مافەکانی هاووڵاتی و نەجات لە دەسەڵاتی سیاسیی حکومەتی ئیسلامییە، چونکە ئێمە هەموومان یەک نەتەوەین، واتە “ملت ایران”.

لێڕەدایە بۆ کامڵکردنی “ژن، ژیان، ئازادی” پێویستە لە پراکتیکی سیاسی و یاساییدا لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە ڕەهەندێکی پارتیکیوولار و تایبەت – ڕەهەندێکی تایبەت بە مافی نەتەوەیی و مافی  دیاریکردنی چارەنووس – بە ڕەهەندی جێندێری و یوونیڤێرساڵەکە زیاد بکرێت. نەتەوەی ژێردەست دەبێ هاوکات لەگەڵ خەبات بۆ یەکسانیی جێندەری، خەباتی “ڕزگاریی نەتەوەیی”یش بکا. کامڵکردنی، ئەم دروشمە دەبێ ببێتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەی ئەکتەر و بکەری کۆمەڵایەتی- سیاسیی کورد و لە ژیانی ڕۆژانەیدا پڕاکتیزە بکرێت؛ واتە ئاگاییی ڕزگاریخوازانە لە ژیانی ڕۆژانەدا بەرهەم بهێنێت. 17 بۆ ئەمە پێویستە “ژن، ژیان، ئازادی” هەم لە پێکهاتەی سیاسی و ئایدئۆلۆژیدا و هەم لە لای سووژەی بندەست ڕەنگ بداتەوە و لە بەرانبەر کۆلۆنیالیزمی ڕۆژانەدا ڕاوەستێ.

کاتێک باس لە ڕێبەریی ناوەندمێحوەر دەکەین دەبینین کە تەنانەت ژنانێکی وەک “مەسیح عەلی نژاد، گوڵشیفتە فەراهانی و شیرین عیبادی” دەرکێکی دروستیان لە کێشەکانی کورد و بەلووچ نییە و پرسەکان تەنیا بە دێمۆکراسی و مافی هاووڵاتی دەبەستنەوە و هەر لە پارادیمی “تمامیت ارضی ایران”دا دەدوێن و دەڵێن “تمامیت ارضی” قابیلی باس نییە. ئاتۆیەک کە بۆ سەرکوتی نەتەوەکان لەم سەد ساڵەدا کەڵکی لێ وەرگیراوە و گەیشتن بە جۆرێک لە سەروەریی سیاسیی بۆ کورد بە ڕەسمییەت نەناسیوە و کوردستان هیچ واقعیتی سەربەخۆی نییە.  18

ئەگەر بمانهەوێ باسەکە کۆ بکەینەوە دەبینین ژنان و خەڵکی ناوەندنشین و پەڕاوێز‌خراو لە شۆڕشی ژینادا خاڵی هاوبەشیان هەیە واتە ڕزگاریی جنسییەتی لە حکوومەتی ئایینی و گەیشتن بە ئازادی و جیاییی دین لە سیاسەت. بەڵام ئامانجی ژن و پیاوی کورد لەم شۆڕشەدا تەنیا گەیشتن به ئازادی و سێکۆلاریزم نییە، بەڵکوو بۆ ئامانجێکی دیکەش ڕژاونەتە سەر شەقام: داڕنینی سیستەمی کۆلۆنیالیستی و گەیشتن بە ڕزگاری. ژنی کورد لەژێر چەندین سیستەمدا دەچەوسێتەوە: یاسا و نۆرمەکانی حکومەتی ئێسلامی- شیعی، سیستەمی پیاوسالار/نێرسالار، سیستەمی کۆلۆنیالیستی کە چەندقات دژی ژن و پیاوی کوردە. فێمێنیستی باڵادەست ئەو “چەندتوێژی”یە نابینێ. لێرەدایە کە تەنیا ڕوانگەیەکی ئینتێرسێکشنالی کوردانە دەتوانێ هەموو توێژەکان بێنێتە ژێر ڕەخنە و شیکردنەوە و دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” دەبێ حەتمەن لە پراکتیکی سیاسیدا، ویستەکانی لۆکاڵی و تایبەت بەخۆ بکرێ و تێکەڵاوی چەمکی سەروەریی سیاسی بێ. مافێک کە لە جاڕنامەی مافی مرۆڤ دا هەیە و قەبووڵ نەکردنی ئەم مافە  قەبووڵ نەکردنی خودی مافی مرۆڤ و وجودی ئینسانی کوردە.

شەماڵێک هەڵ‌دەکا، درەنگ دەکێشێ، بەڵام ڕووی لە ڕزگارییە.

سەرچاوەکان

١. زۆر بیرمەندی کورد پێیان وایە کە ڕووداوکانی چەند مانگی ڕابردوو، شۆڕش بەمانای کلاسیکی خۆی نییە و هێشتا ڕاپەڕێن وجوڵانەوەیە. بەڕای من ئەم ڕووداوانە بە گشتی شۆڕشێکی هزرین و دابڕانە لە هزری داگیرکەران و ئایین، بەڵام دیارە کە هێشتا ئەم ڕاپەڕێن و جووڵانەوەیە نەبووەتە شۆڕشێكی سەراسەری لە ئێراندا.

٢. سارۆ ئەردەڵان لە چەند وتاری داهێنەرانەی خۆی لە گۆڤاری تیشکدا بۆ وێنە کۆلۆنیالیزمی وەخۆگر و نووسین بە بڵێسەی ئاگرهەوڵی داوە کە باسی مێکانیسمەکانی کۆلۆنیالیسمی وەخۆگر و ئەوە کە بۆچی کوردستان کۆلۆنییە بکا. زۆر توێژەری دیکەش باسی کۆلۆنی بوونی کوردستانیان کردووە. بەڵام زۆر پێشتر (١٩٦٣) د. قاسملوو بوو بە کتێبی کوردستان و کورد هەوڵی ئەوەی دا نیشان بدا کوردستان موستەعمەرەیە و ئیمپریالیسم سەددی ڕێگای ڕزگاریی کوردستانە. هەروەها د. کەمال سولەیمانی لە باسێک لە کلابهاوسدا باسی د. قاسملوو دەکا کە چۆن کۆلۆنیالیزمی دژی ئیرادەی نەتەوەی کورد دیتووە. بڕوانە، قاسملوو، کوردستان و کورد ساڵی (١٩٧٣) کراوەتە کوردی. هەروەها تێلێگڕامی د. کەماڵ سولەیمانی

https://t.me/ksoleima/86

٣. ژیانەوە، گۆڤاری تیشک. شۆڕشێکی ئینتێرسێکشنال، شەهلا دەباغی

https://wp.me/pbFtRD-5hz

  1. Bibeln eller Den Helga Skrift, Stockholm. Kyrkans Diakonistyrelses Bokförlag, 1924. Höga Visan: kap. 1-8. s. 725-731.

  2. Bibeln. Belgien, 2000. Bokförlaget Libris, Tredje tryckning. Höga Visan: 1-8. s. 559-564.

  3. Goldman, Anita. Vår Bibliska Mödrar, 1988.

  4. https://www.youtube.com/watch?v=19EIXZYFI4s

٨. حمایت مایکل هارت، فیلسوف آمریکایی، از اعتراضات سراسری مردم ایران و جنبش زن، زندگی، آزادی – YouTube

٩. کاتێک وشەی “پیرۆز” بەکار دێنم ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەم هەیە کە کتێبە دینی و سیاسییەکان لەلایەن لایەنگرانیانەوە پیرۆز چاولێدەکرێن، بەڵام لیرەدا وشەکە تەنیا بۆ پێکانی مانا بەکار دێ و ئینجا کتێبەکانی ئایینی ئیبراهیمی هەر بەناوی کتێبە پیرۆزەکان ناسراون. ئەم خوێندنەوەیە بۆ کتێبەکانی بەڕێز ئۆجەلانیش هەیە کە دروشمی “ژن ژیان ئازادی” لەوێوە دێ و لایەنگرانی ئاپۆ جۆرێک پیرۆزییان داوەتە کتێبەکانی. یا سەردەمانێک کتێبە مارکسیستییەکانیش تا ڕادەی پیرۆزی بەرزدەکرانەوە. بە گشتی ئەمە گرفتی هەموو دین و ئایدئۆلۆژییەکانە کە بە پیرۆز دەکرێن.

١٠. تێلێگڕامی د. کەماڵ سلێمانی https://t.me/ksoleima/75

١١. تێلێگڕامی د. کەماڵ سلێمانی https://t.me/ksoleima/71

١٢.  https://t.me/ksoleima/77

١٣. تێلێگڕامی د. ئەحمەد محەمەدپوور https://t.me/AhmadUMASS/322

١٤. کەریمی، ئەییووب. (بەهاری ٢٠٢٢) دەروونشیکاریی سووژەی بندەست. گۆڤاری ئاژین

١٥. هەمان سەرچاوەی پێشوو

١٦. عوسمانزادە، داوود. (٢٠٢٢) کۆلۆنیالیزمی ڕۆژانە لە کوردستان: کۆلۆنیالیزم لە ڕوانگەی کۆمەڵناسیی سێهەم. گۆڤاری تیشک، ژمارە ٦٤. ل. ٥٦-٧٥.

١٧. لە دیالۆگێک لەگەڵ عوسمانزادە باسی ئەوەی دەکرد کە لەسەر ئەم باوەڕەیە کە هەم دامەزراوەکان و هەم تاکی بکەر دەبێ ئاگایی ڕزگاریخوازنە لە پراکتیکی ڕۆژانەدا بەرهەم بێنن و “ژن ژیان ئازادی” لە ژیانی ڕۆزانەدا لەبەرانبەر کۆلۆنیالیزمدا ڕاوەستێ.

١٨. تێلێگڕامی د. کەماڵ سلێمانی

https://t.me/ksoleima/78

داگرتنی بابەت

"ژن، ژیان، ئازادی" سروودی سروودەکان، سروودێکی ناتەواو

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان