شیکاریی گوتاری نەورۆزی دژەکۆلۆنیالیستی لە کوردستان
سارۆ ئەردەڵان
پوختە:
تا سەدەی بیستەم باسکردنی نەورۆز لە کوردستان لە چوارچێوەی گوتارێکی کلاسیکدا بووە کە تیایدا نەورۆز وەکوو جێژنێکی هاوبەش لەگەڵ گەلانی ناوچەکە و وەکوو سەری ساڵ و بووژانەوەی سروشت سەیر کراوە. بە دەستپێشخەریی ڕۆشنبیرانی بازنەی جەمعییەتی تەعالیی کوردستان ئەم جێژنە وەک بۆنەیەکی کوردی و جێژنێکی کۆمەڵایەتی دەبووژێتەوە و هاوکات لەگەڵیدا باسی جێژنی نەتەوەیی سەرکەوتنی کاوە بەسەر زوحاکی ستەمکاردا دەکرێ کە بە بۆچوونی ئەوان، ئەمەی دووەمیان لە هاوین و لە ٣١ ئاگۆستدا ڕووی داوە. دوابەدوای ئەمە پیرەمێرد لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا دەورێکی گرنگی لە کردنەوەی ئاگر لە ئێوارەی نەورۆز لەسەر گردی مامەیارەی سلێمانیدا بینیوە و هەوڵی بۆ سەقامگیرکردنی بۆنەی جێژنی نەورۆز داوە. بەڵام لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدایە کە ئووستورەی کاوە لەگەڵ نەورۆز وەکوو ڕۆژی یەکەمی ساڵی کوردی یەکسان دەکرێ و دەبێتە سیمبولی خەبات و خۆڕاگریی کورد لە بەرانبەر داگیرکەرانی کوردستاندا. ئەم گوتاری بەسیاسیکردنەی نەورۆز لە دەوری دالی سەرەکیی نەورۆز وەکوو جێژنێکی نەتەوەییی دژەستەم دەسووڕێتەوە و هەر ساڵە چۆنیەتیی گرتنی بۆنەی نەورۆز دەبێتە مەیدانی سەرەکیی ململانێ لەگەڵ هێزە کۆلۆنیالیستییەکان لە کوردستاندا.
”ئەو زستانی نالەبارە لێمان ببووە ئیستیعمار – بە شۆڕشی نەورۆزی، ون بوو، کرا تار و مار“
هەژار، بۆ کوردستان، ١٩٦٠
پێشەکی
ئەگەرچی بۆنەی نەورۆز لە کوردستان بۆ زەمەنێکی کۆن دەگەڕێتەوە، بەڵام نەورۆزی دژەکۆلۆنیالیستی مێژوویەکی نوێی هەیە. بەسیاسیبوونی نەورۆز ئەم جێژنەی لە بۆنەی گەلانی دیکەی ناوچەکە جیا کردووەتەوە و تایبەتمەندیی کارنەڤاڵێکی دژەستەم و چەوساندنەوەی پێ بەخشیوە. لەناو گەلانی دیکەدا نەورۆز جێژنێکە بۆ نوێبوونەوەی سرووشت و هاتنی بەهار و لە ئەنجامدا خەڵک دڵخۆشیی خۆیان دەردەبڕن. هەر لەم بەستێنەدا و بە هۆی دیمەنی دڵڕفێنی کوردستانەوە هەر لە کۆنەوە گەلی (خەڵکی) کورد لە نەورۆزدا چووەتە سەیران و لەناو سرووشتدا چێژی لە هاتنی بەهار وەرگرتووە. بەڵگە بۆ ئەمە چەند دێڕە شێعرێکی ئەحمەدی خانییە (١٦٥١-١٧٠٧) کە باس لەوە دەکا: ”بیلجوملە دەچوونە دەر ژ مالان – حەتتا دەگەھیشتە پیر و کالان ❊ ڕۆژا کو دەبوویە عیدێ نەورۆز – تەعزیم ژ بۆمە دەما دل ئەفرۆز“.
ئەم شێوازی جێژنگرتنە کە ڕەنگە ئاوێتەی گۆرانی، مۆسیقا و هەڵپەڕینیش بوو بێ، لەگەڵ گەلانی ناوچەکە خاڵی هاوبەشی زۆری هەبووە. هەر لەم ڕوانگەوەیە کە لە ساڵی ٢٠٠٩ نەتەوە یەکگرتووەکان وەکوو ڕۆژی نێونەتەوەییی نەورۆز و وەک میراتی مەعنەویی مرۆڤایەتی ناسیویەتی. هەربۆیەش لە ڕاگەیەندراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا باسی نەورۆز وەک یەکەم ڕۆژی بەهار و نوێبوونەوەی سروشت کراوە کە دەتوانێ ”بەهاکانی ئاشتی و یەکڕیزیی نێوان نەوەکان و ناو خێزانەکان پەرە پێ بدا و، هەروەها ئاشتەوایی و دراوسێیەتی بەرەوپێش ببات، بەم شێوەیەش لە فرەچەشنیی کولتووری و دۆستایەتیی نێوان گەلان و پێکهاتە جیاوازەکاندا بەشدار دەبێت.“[1]
لە ڕاگەیەندراوەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا باسی هەندێک بەهای مۆدێڕن دەکرێ کە بۆ ژیانی پڕ لە ناکۆکی و دژایەتیی مرۆڤ لە جیهانی مۆدێڕندا پێویستە. ئەوەی زیاتر لە سێسەد ملوێن کەس جەژنی نەورۆز دەگرن و مێژووەکەی بۆ سێ هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بەو مانایە نییە کە لە زەمەنی ڕابردوودا گەلانی (خەڵک؛ people) ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، قەفقاز و ناوچەکانی دەریای ڕەش دەرکیان لە پێکەوەژیان هەبوو بێ و ڕێزیان لە کولتووری یەک گرتبێ. چونکە لە بنەڕەتدا و لە قۆناغی پێش مۆدێڕندا ئەم بەهایانە بەشێک لە سیستەمی مەعریفی و سیاسیی مرۆڤایەتی نەبوون تا کۆڵەکەی ژیانی لەسەر هەڵبچنرێ. تەنیا لە دوای شەڕی ئایینی لە ئەورووپایە (١٦١٨-١٦٤٨) کە بەرەبەرە مرۆڤ بەو قەناعەتە دەگا کە چارەسەری بیروباوەڕی جیاواز نەک سڕینەوە بەڵکوو هەڵکردن لەگەڵیدایە. لەم ڕوانگەوە ئەگەر بۆ نەورۆز بڕوانین، بەڵگەنەویستە کە بۆنەی نەورۆز جەژنێکی کولتووریی هاوبەشی گەلانی ناوچەکەیە، بەڵام تەنیا بۆ نەتەوەی کوردە کە مانایەکی سیاسی بەخۆیەوە دەگرێ. واتە ڕێک لە دوای سازبوونی دەوڵەت نەتەوەکان و بەتایبەت لە دوای ڕووخانی ئیمپراتۆریی عوسمانییە کە خەڵکی ناوچەکە لە فۆڕمی گەلەوە بەرەو نەتەوە هەنگاو دەنێن و لەو ساتەوەختەوەیە کە نوخبەی کورد هەوڵی سازکردنی مانایەکی جیاواز بۆ نەورۆز دەدا.
ئەوەی من لەم وتارەدا هەوڵ دەدەم شی بکەمەوە، ئەو گۆڕانە گوتارییانەیە کە لە ناوەڕۆک و فۆڕمی پێشکەشکردنی بۆنەی نەورۆز لە پارچەکانی کوردستان ڕووی داوە تا بەرەبەرە لەگەڵ جێژنی نەورۆز لەنێوان نەتەوە و گەلانی دیکەدا جیاواز ببێ. بەر لەم شیکردنەوە گوتارییە، باشترە مەبەستی خۆم لە جێژن (Holiday) و جیاوازییەکەی لەگەڵ کارنەڤاڵ (Carnival) شی بکەمەوە. ئەگەرچی بەپێی کولتووری ئایینی، لەناو زمانی کوردیشدا دەستەواژەی جێژن بۆ نەورۆز بەکار هاتووە، بەڵام ئەوەی لە چەند دەیەی ڕابردوودا سەیر دەکرێ ئەوەیە کە بەرەبەرە بۆنەی نەورۆز لە جێژنێکی کولتوورییەوە بەرەو گۆڕان بۆ کارنەڤاڵێکی سیاسی هەنگاوی ناوە. نەورۆز وەک کارنەڤاڵێکی سیاسی جۆرە فێستیڤاڵێکی (Festival) تایبەتە کە ئەگەرچی ڕیشەی لە بۆنەیەکی کۆنی کولتووری یا ئایینیدا هەیە و ڕەنگە بۆ جۆرە کولتوورێکی کشتوکاڵی و زیندووبوونەوەی زەوی بگەڕێتەوە، بەڵام لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا لە کوردستان سەرەتا وەک جێژنێک سەیر کراوە کە تیایدا هەموو خەڵک جلوبەرگی کوردی لەبەر دەکەن، پێکەوە هەڵدەپەڕن و ئاگر دەکەنەوە؛ نەورۆز خاڵی هاوبەشی هەموو پێکهاتە زمانی و ئایینییەکان لە کوردستان بووە. بەڵام دواتر لە چەند قۆناغی جیای بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی لە کوردستان و لە هەر کام لە پارچەکانی باکوور، باشوور، ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتدا سەرەتا وەک جێژنێکی نەتەوەییی تایبەت بە کورد پێناسە کراوە و دواتر مانایەکی سیاسی و دژەستەمی بۆ بینراوەتەوە. بەم شێوەیە جێژنی نەورۆز وەک کردەوەیەکی کولتووریی کۆمەڵانی خەڵکی کورد مانایەکی سیاسیی هاوبەشی نەتەوەیی بۆ ساز کراوە و وەک کارنەڤاڵێکی سیاسی و دژەکۆلۆنیالیستی یەکێک لە سازێنەرەکانی ناسنامەی نەتەوەی کورد بووە.
مێژووی دژەکۆلۆنیالیستیی کارنەڤاڵ و ڕوانگەی باختین
کارنەڤاڵەکان لە هەندێک وڵاتانی دیکەش تایبەتمەندیی دژەکۆلۆنیالیستییان هەبووە. لەم ڕووەوە، دەکرێ ئاماژە به ناوچەی کارائیب (ترینیداد و تۆباگۆ، هائیتی، کۆماری دۆمینیکەن، جامائیکا و هتد.) بکرێ کە کولتوورێکی دەوڵەمەندیان لەوبارەوە هەیە.[2] بۆ نموونە لە وڵاتی ترینیداد و تۆباگۆ کولتووری کۆیلە ڕەشپێستەکان لە ڕێگەی کارنەڤاڵەوە تایبەتمەندییەکی دژەستەم بەخۆیەوە دەگرێ،[3] لە هائیتی کارنەڤاڵ دەبێتە مەکۆی بەریەک کەوتنی موسیقا لەگەڵ دەسەڵاتی کۆلۆنیالیستیی فەڕانسە،[4] و لە هۆنگ کۆنگی ساڵەکانی ١٩٦٠-١٩٧٠ فیلمەکانی ژانری کۆمێدی کۆنگفۆ لە بەستێنێکی کارنەڤاڵیدا دەبنە هەوێنی خەباتێکی دژەکۆلۆنیالیستی لە بەرانبەر سیاسەتە مائۆئیستییەکانی وڵاتی چین.[5] لە کارنەڤاڵەکانی کارائیبدا لەبەر ئەوەی بەرپرسانی کۆلۆنیالیزم کارنەڤاڵی سەر شەقامەکانیان بە مەترسی بۆ سەر یاسا و ڕێسا و ئەخلاق و موڵک و ماڵی تایبەت دەزانی، زۆرجار دەمامک و پۆشینی جلوبەرگی تایبەتیان قەدەغە دەکرد و بە زیندانیکردن خەڵکیان سزا دەدا.
زۆربەی جار لە کولتووری کارائیبیدا، کارنەڤاڵەکان وەک بەرخۆدانێکی کولتووری کە دژ بە هێژموونیی کۆلۆنیالیزمن، سەیر کراون. بەشداربووان لە ڕێگەی جلوبەرگی ناوازە، مۆسیقا، سەما و نمایشەوە ناسنامەی کولتووریی خۆیان دووپات دەکەنەوە و ئاهەنگ دەگێڕن. جەختکردنەوە لەسەر ناسنامەی کولتووری دەتوانرێ وەک جۆرێک بەرخۆدان لە بەرانبەر سڕینەوە یان سەرکوتکردنی کولتوورە ڕەسەنەکان لە لایەن زلهێزە کۆلۆنیالیستییەکانەوە سەیر بکرێت. تایبەتمەندییەکی گرنگی دیکەی کارنەڤاڵەکان پێچەوانەکردنەوەی نۆڕمە کۆمەڵایەتییەکانە؛ هەروەها لە کاتی ئاهەنگەکانی کارنەڤاڵدا خەڵک بە شێوەیەکی کاتی دژ بە چەوساندنەوەی دەسەڵات دەوەستن، پلەبەندییە نەریتییەکان پێچەوانە دەبنەوە و کەسانی ئاسایی ڕۆڵی دەسەڵاتدارەکان دەگرنە ئەستۆ و لە هەمان کاتدا کەسایەتییە دەسەڵاتدارەکان گاڵتەیان پێ دەکرێت. ئەم پێچەوانەکردنەوە دەتوانێت وەک تەحەدایەکی ڕەمزی بۆ پێکهاتەکانی دەسەڵاتی کۆلۆنیالیزم و ئەو نەزمە کۆمەڵایەتییانە سەیر بکرێ کە لەلایەن حکومەتی کۆلۆنیالیستییەوە سەپێنراوە.
هەروەها کارنەڤاڵەکان هەستی هاودەنگی و یەکێتی لەنێوان کۆمەڵگەدا بەهێز دەکەن و خەڵک لە دابەشبوونی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی دوور دەکەنەوە. لە چوارچێوەی بزووتنەوە دژە کۆلۆنیالیستییەکاندا، کارنەڤاڵ دەتوانێت وەک خاڵی کۆبوونەوە بۆ بەرخۆدان بێت، خەڵک لە دەوری ناڕەزایەتی و خواستە هاوبەشەکان بۆ سەربەخۆیی و چارەی خۆنووسین کۆ دەکەنەوە. بۆ ئەم مەبەستە لە کارنەڤاڵاکاندا سوود لە گێڕانەوەیەکی مێژوویی وەردەگیرێت و ڕوو لە نەریتە کولتوورییەکان دەکرێ کە پێش لە دەسەڵاتی کۆلۆنیالیزم هەبوون. ئەم میتۆدە پشت بە وەبیرهێنانەوەی میراتی ڕەسەن دەبەستێ کە لە شێوازی ئاهەنگ و سەمادا دووپات دەکرێنەوە و دەبنە یادەوەرییەکی بەکۆمەڵ و ناسنامەی کولتووری بەهێز دەکەن.
لە زۆربەی ئەو توێژینەوانەی سەبارەت بە تایبەتمەندیی دژەدەسەڵاتی کارنەڤاڵەکان نووسراون، کەڵک لە چوارچێوەی تیۆریی باختین وەرگیراوە. مۆدێلی باختین بۆ کارنەڤاڵ خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ بۆنەکانی سەدەکانی ناوەڕاستی ئەورووپا بوو و چۆنیەتیی بەکارهێنانیان لە قۆناغی مۆدێڕندا. بە باوەڕی باختین لە کارنەڤاڵی مۆدێڕندا کولتووری جەماوەری لە بەرانبەر کولتووری ڕەسمیی سەردەمی ستالین دەوەستێت و بەرەنگاری دەبێتەوە؛ خەڵک لە ڕێگەی ڕێوڕەسمی کارناڤاڵییەوە دژ بە تۆتالیتاریزم و مەترسییەکانی شۆرش دەکەن. لە ڕاستیدا باختین تایبەتمەندیی یاخیبوونی لە کارنەڤاڵدا بەرجەستە دەکردەوە و ڕوونی دەکردەوە کە چۆن خەڵکی ئاسایی لە ڕێگەی ئاهەنگەکانی کارنەڤاڵەوە ڕق و کینەیان لە کولتووری فەرمی نیشان دەدەن و سەروەریی نادێموکراتیک بۆ چەند ساتێک دەخەنە ژێر پرسیارەوە.[6]
ئەگەرچی جێژنی نەورۆز لە سەدەی بیستەم بەدواوە گۆڕانی زۆری بەسەردا هاتووە و بەستێنی مێژوویییەکەی لەگەڵ ئەو بەستێنەی باختین شیی کردووەتەوە، جیاوازیی بەرچاوی هەیە، بەڵام دیسانەوە هەندێک تێڕوانینی باختین بۆ کارنەڤاڵ و کارکردەکانی دەتوانێ یارمەتیدەری تێگەیشتنێکی قووڵتر سەبارەت بە نەورۆز بێت.[7] بەتایبەت ئەوەی باختین باسی دەکا بۆ شیکردنەوەی لایەنی کۆمەڵایەتی و سیاسەتی ”میری نەورۆزی“، وەک یەکێک لە بۆنەکانی نەورۆز لە فۆڕمی کلاسیکی خۆیدا (کە لە هەندێک لە ناوچەکانی کوردستان وەکوو مەهاباد و سلێمانی بەڕێوە چووە) گونجاوترە و تیایدا بۆ ماوەیەکی کاتی لە ڕێگەی گاڵتەوە و لە دووتوێی فۆڕمێکی کۆندا (سەدەکانی ناوەڕاست) دەسەڵاتی دەستووردان هەڵدەسپێردرێت.[8]
بەڵام لە سەدەی بیستەمدا ناتوانین بەرەوڕووبوونەوەی کولتووریی جەماوەریی خەڵک لە بەرانبەر کولتووری فەرمی لە نەورۆزی کوردیدا پێناسە بکەین، بەڵکوو دەکرێ نەورۆز وەک بەرەنگاربوونەوەی کولتووریی نەتەوەی کورد لە بەرانبەر کولتووری نەتەوەی کۆلۆنیالیست سەیر بکەین. لەم ڕوانگەوە نەورۆز دەبێتە کارنەڤاڵێکی سیاسی کە پرسی ناسنامە و سەروەری تیایدا بەرجەستە دەبێتەوە. لە نەورۆزدا لە لایەکەوە سنوورەکان لەگەڵ ئەویتری کۆلۆنیالیستی تۆخ دەکرێتەوە و لە لایەکی دیکەشەوە خۆشەویستییەکی کوردستانی لە نێوان پارچە دابەشکراوەکانی کوردستان ساز دەبێ. لێرەدایە نەورۆزی دژەکۆلۆنیالیستی دەبێتە بۆنەیەکی هاوبەشی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان و بەشێوەی ناڕاستەوخۆ ئاماژەی مەدلوولی کوردستانی گەورە ساز دەبێ. ئەگەرچی من لە کۆتاییی وتارەکەدا نیشانی دەدەم کە بەکارهێنانی بۆچوونی باختین سەبارەت بە کارنەڤاڵ لە بەستێنی کۆلۆنیالیزمدا ناتوانێ تایبەتمەندیی وەخۆگرانەی ناسیۆنالیزمی ئێرانی پێناسە بکا.
بۆ گەیشتن بەوەی کە لە کوردستان چۆن نەورۆز وەکوو کارنەڤاڵێکی سیاسی بەڕێوە دەچێ، پێویست دەکا خوێندنەوەیەک بۆ سازبوونی چەمکی نەورۆز لە کوردستان بکەین کە هاوشان لەگەڵ چەمکی کوردایەتی (ناسیۆنالیزمی کوردی) گەشەی مانایی بەخۆیەوە بینیوە. نەورۆز هەمیشە بەم شێوەیەی ئیستا لە کوردستان جێژن نەگیراوە و وەک زۆربەی گەلانی دیکە بۆ کوردیش تەنیا مانایەکی کولتووری هەبووە. واتە نەورۆزی سیاسی بۆنەیەکی مۆدێڕنە کە نوخبەی کورد بۆ گەیشتن بە ئامانجی سەروەریی نەتەوەیی سازی کردووە و هەربۆیە ئەم دیاردە نوێیە بابەتێکی لەمێژینە نییە. بۆ تێگەیشتن لەم باسە ئاوڕێکی کورت لەو بەڵگانە دەدەینەوە کە جێژنی نەورۆز پێش سەدەی بیستەم جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ بۆنەی گەلانی ناوچەکە نەبووە و تەنیا دوای بیچمگرتنی ناسیۆنالیزمی کوردییە کە نەورۆزی کوردی نەک خۆی لە نەورۆزی گەلانی دیکە جیا دەکاتەوە، بەڵکوو هەروەها دەبێتە مەکۆی بەرخۆدان و نوێبوونەوەی شۆڕشی دژەکۆلۆنیالیستی لە کوردستان.
نەورۆز: لە جێژنێکی کۆمەڵایەتییەوە بەرەو جێژنێکی نەتەوەیی
هەتا سەدەی بیستەم شاعیرانی کوردیش کە باسی نەورۆز دەکەن، وێنا شێعرییەکانیان هەر بە دەوری چەند ئاماژەی هاوبەش بۆ نەورۆز دەسووڕێتەوە وەکوو ”نوێبوونەوەی عالەم وەکوو پشکووتنی دڵ“ (نالی)، ”هاتنی نەورۆز کە وادەی بەهارەن وەکوو نەشئەی نامەی نیگار“ (مەولەوی)، ”نەسیمی بای نەورۆز وەکوو بەریدی عاشقان“ (وەفایی)، ”جێژنی نەورۆز وەکوو دڵی پڕ ئاتەش و سۆز“ (حەریق) و هتد.[9] ئەم وێنا شێعرییانە نیشانی دەدا کە شاعیرانی کورد تا سەرەتای سەدەی بیستەم لە چوارچێوەی تێگەیشتنێکی باو باسی نەورۆز دەکەن و تەنیا ئەحمەدی خانییە کە زۆر بەکورتی لایەنی کۆمەڵایەتی نەورۆز نیشان دەدا. لێرەدا دوو پرسیاری لێکگرێدراو دێتە ئاراوە کە (١) لە کەیەوە بۆنەی نەورۆز وەک جێژنێکی نەتەوەیی بۆ کورد گرنگ دەبێ؟ و (٢) لەبەرچی و لە کەیەوە جێژنی نەورۆز لەگەڵ ئوستوورەی کاوە تێهەڵکێش دەکرێ؟ ئەگەر بتوانین بە شیکاریی گوتاری بازنە فیکرییەکانی کوردستان وڵامی ئەم دوو پرسیارە بدەینەوە، ئەوسا دەتوانین زیاتر لە چۆنیەتیی گۆڕینی جێژنی نەورۆز بۆ کارنەڤاڵێکی سیاسی بگەین.
پێش لە سەدەی بیستەم و بەتایبەت لەو هەرێمانەی کوردستان کە لە ژێر دەسەڵاتی میرنشینە کوردییەکاندا بوون، جێژنی نەورۆز لەگەڵ هەندێک ڕێوڕەسمی تایبەتدا بەڕێوە چووە. لانیکەم ئێمە دەزانین کە لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی میرنشینەکانی ئەردەڵان و باباندا هەندێک بۆنەی وەکوو کەڵە چوارشەممە، هەلاوە مەلاوە، کۆسە، میری نەورۆز و نەورۆزانە بەشێکی گرنگی ئەو ڕێوڕەسمانە بوون کە خەڵک بەڕێوەیان بردوون.[10] ڕەنگە یەکەم بازنەی فیکری کە بیریان لە سازکردنی بۆنەیەکی نەتەوەیی بۆ کورد کردبێتەوە، ڕۆشنبیرانی جەمعییەتی تەعالیی کوردستان لە ئەستانبۆل بن کە لە نێوان ساڵانی ١٩١٨ تا ١٩١٩ ڕۆژنامەی ژینیان بڵاو کردووەتەوە. ئەم ڕۆشنبیرانە لەژێر کاریگەریی ناسیۆنالیزم و ڕۆمانتیسیزمی ڕۆژاواییدا بوون کە لە ساڵە کۆتایییەکانی ئیمپراتۆریی عوسمانیدا لە ئەستانبۆل و لەناو بازنە فیکرییەکاندا پەرەی سەند بوو. بە وتەی بوزئەرسەڵان نووسەرانی ژین لە ئاست ئەم بیرۆکانە ”وەرگرێکی ناکارا“ و ”بەکارهێنەرێکی چالاک“ بوون و بەتایبەت کاریگەرییان لە دوو قوتابخانەی فکریی پۆزیتیڤیسم و دارڤینیسمی کۆمەڵایەتی وەرگرتبوو.[11] لە ژمارەی یەکەمی ڕۆژنامەی ژین-دا مانیفیستی جەمعییەتی تەعالیی کوردستان بڵاو کراوەتەوە و بە وردبوونەوە لەم دەقە زیاتر لە بیری نەتەوەیییان دەگەین:
ژین بۆ بەرژەوەندیی تایبەت چاپ ناکرێ. ئامانجی بڵاوکردنەوەی بابەتەکانی مێژووی ژیانی کورد، مافە نەتەوەییەکان، ئەدەب و لایەنی کۆمەڵایەتییە کە چەندین سەدە فەرامۆشکراون. بە بۆچوونی ئێمە، دەستەبەرکردنی پێگەیەکی شیاو بۆ نەتەوەی کورد لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا تەنیا کاتێک مومکین دەبێ کە بە شێوەیەک هەڵسووکەوت بکەین کە لەگەڵ ڕوانگەی مۆدێڕندا بگونجێ. ئێمە ئاگادارین کە دەستپێشخەرییەکەمان پێویستی بە ماندووبوونێکی زۆرە. بەڵام له کاتی ئەنجامی ئەو ئەرکە قورسەدا، هیوامانە بتوانین پشت به پشتیوانی و پاڵپشتیی ماددی و ڕۆحی نەتەوەی کورد ببەستین که هەمیشه به ئەوپەڕی قوربانیدان بۆ نیشتمان و گەلەکەیان، خۆیان لەوانی دیکە جیا کردووەتەوە. سەرکەوتن بە دەست خودای گەورەیە.[12]
هەروەک لە مانیفیستەکەدا دەردەکەوێ ڕۆشنبیرانی بازنەی ژین لە دوای ڕووخانی ئیمپراتوریی عوسمانی دەرکیان بەوە کردووە کە دەبێ بۆ مافی نەتەوەییی کورد تێبکۆشن و بۆ ئەم مەبەستە هەوڵیان داوە هەندێک سیمبول و بۆنە بۆ نەتەوەی کورد بەرجەستە بکەنەوە و لەو ڕێگەیەوە کورد لە نەتەوەکانی دیکە جیا بکەنەوە. لەم هەوڵەیاندا ئەوان گرنگی بە ئوستوورەی کاوە دەدەن کە چۆن زەحاکی ماربەدۆش دەکوژێ و لەو ڕێگەیەوە نەتەوەی کورد ڕزگار دەکا. ڕەنگە کۆنترین دەقێک کە نووسەری کوردی هەبێ و باسی ئەم چیرۆکەی کردبێ شەرەفنامەی شەرەفخانی بەدلیسی (١٥٤٣-١٦٠٣) بێ. لە شەرەفنامەدا (تاریخ مفصل کردستان) ڕەچەلەکی کورد بۆ ئەو هەڵاتووانە لە دەستی زەحاک دەگەڕێندرێتەوە کە گوایە لەبەر چارەسەریی نەخۆشیی سەرەتان و پێخۆری مارەکان ڕۆژانە دەبووایە مێشکی سەری دوو گەنجیان بۆ زەحاک ساز کردبا. بەرپرسی کوشتنی گەنجەکان دڵڕەحم بووە و هەمیشە یەکێک لەو دوو گەنجەی دەرباز کردووە و لە جیاتی ئەوە مێشکی مەڕی دەرخواردی مارەکانی زەحاک داوە. بە وتەی شەرەفخان پاش ماوەیەکی زۆر ئەم گەنجە ڕزگاربووانە لە دەرەوەی شار و لە چۆڵگەیەکدا حەشیمەتیان زۆر دەبێ و دەبنە خاوەنی زمانێکی تایبەت بە خۆیان.[13] شەرفخان ئەگەرچی درێژەی چیرۆکەکە ناگێڕێتەوە بەڵام وەک ئەوەی باوە و لە زمانی فیردەوسییەوە گشتگیر بووە کاوەی ئاسنگەر دەبێتە پێشەنگی ئەم کوردانە و زەحاک دەکوژێ، خەڵک ڕزگار دەکا و فەرەیدوون دەبێتە پادشای نوێ.
نووسەرانی ڕۆژنامەی ژین کەڵک لە چیرۆکی کاوە وەردەگرن و وەک چێژنێکی نەتەوەیی پێناسەی دەکەن، بەڵام ئەوان پێیان وایە ئەم جێژنە لە ٣١ی ئاگۆست و لە هاویندایە. لە وتاری دەستپێکی ژمارەی چواردەی ژیندا پیرۆزبایی سەری ساڵ (سرسال تبریکی) کراوە و جیاوازییەکی گرنگ لە نێوان جێژنی نەتەوەیی، جێژنی ئایینی و جێژنی کۆمەڵایەتی دانراوە. بە باوەڕی نووسەرانی ژین سەرکەوتنی کاوە بەسەر ستەمکاریی زوحاک و هەروەها لەدایکبوون و گەیشتن بە دەسەڵاتی سوڵتان سەلاحەددینی ئەییووبی هەردووکیان جێژنی نەتەوەییی کوردن. دواتر باس لەوە دەکەن کە لە کوردستان هەمووان ئاگاداری جێژنە ئاینییەکانن و هەربۆیە زیاتر شرۆڤەی ناکەن. بە باوەڕی ئەوان ٢١ی مارس سەری ساڵی کوردییە و ئەوان وەکوو جێژنێکی کۆمەڵایەتی ناوی لێ دەبەن کە خەڵکی کورد تیایدا ئاهەنگ دەگێڕن و سەردانی یەک دەکەن. بە باوەڕی ڕۆشنبیرانی جەمعییەتی تەعالی هەر نەتەوەیەک ڕۆژانی جێژن لە ڕۆژانی دیکە جیا دەکاتەوە و تیایدا پێدەکەنێ و چێژ وەردەگرێ.[14]
کەواتە ئەگەرچی لە بازنەی ڕۆشنبیرانی ژیندا سەرکەوتنی کاوە بەسەر زوحاکی ستەمکاردا لەگەڵ ڕۆژی نەورۆز و سەری ساڵ یەکسان ناکرێ، بەڵام هەم کاوە دەکرێتە سیمبۆلی خەباتکارێکی کوردی دژەستەم و هەم سەرکەوتنەکەی بەسەر زەحاکدا وەک جێژنێکی نەتەوەیی پێناسە دەکرێ. یەکێک لە بەرچاوترین نووسەرانی ژین کوردییە بەتلیسییە (ناوە ڕاستییەکەی خەلیل خەیاڵی)[15] کە ڕۆژی ٣١ی ئاگۆست وەک ڕۆژی ئازادیی نەتەوەیی پێناسە دەکا.[16] گرنگیدان بە پرسی ڕۆژی نەتەوەیی لە کوردستان لەبەر بەرکەوتنی ڕۆشنبیرانی کورد لەگەڵ کولتووری ڕۆژاوایی بووە و مەحموود سەلیم بەگ ئاماژەی بەوە داوە ئەورووپییەکان پرسیار لەوان دەکەن کە ڕۆژە نەتەوەیییەکانتان چین؟[17] هەوڵی ڕۆشنبیرانی ژین ئەوە بووە نیشانی بدەن کە کورد نەتەوەیەکی مێژوویییە و ئەرکی ئەوانە بۆ ژیانەوەی کورد و بەدەستهێنانی مافە نەتەوەیییەکانی خەڵک لە مێژووەکەیان ئاگادار بکەنەوە.
جێی ئاماژەیە چەند کەس لە ئەندامانی جەمعییەتی تەعالیی کوردستان وەکوو ئێحسان نووری پاشا، تۆفیق وەهبی، پیرەمێرد و بنەماڵەی بەدرخانییەکان[18] دەورێکی گرنگیان لە سازکردنی بیری نەتەوەییدا هەبووە. بەتایبەت پیرەمێرد (١٨٦٧-١٩٥٠) دوای گەڕانەوەی لە ئیستانبۆل و نیشتەجێبوون لە سلێمانی لە ساڵی ١٩٢٥دا وەک هەوڵێکی تاکەکەسیی ساڵانە لە گردی مامەیارە ئاگری نەورۆزی کردووەتەوە. ماندوویینەناسیی پیرەمێرد و بەردەوامیی لەسەر زیندووکردنەوەی نەریتێکی کۆن بۆ ماوەی دوو دەیە، دەورێکی گرنگی لە سەقامگیربوونی جێژنی نەورۆز وەک بۆنەیەکی نەتەوەیی و سازکردنی کۆیادەورییەکی هاوبەش لە کوردستان هەبووە. پیرەمێرد بێئەوەی باسێکی سیاسی بێنێتە ئاراوە، پێی وایە نەریتێکی کۆنی ژیاندووەتەوە و هەروەک چۆن لە کۆتاییی هەندێک وتاریدا ئاماژەی پێ داوە ”کوردە ناگۆڕێ، تا دەچێتە گۆڕێ!“ هەوڵی تاکەکەسی و ڕەنجەڕۆییی پیرەمێرد بۆ ژیانەوەی نەریتی باو و باپیران سەرەتا جێی پەسەندی زۆر کەس نەبووە. پیرەمێرد ئێوارەی سەری ساڵ چووەتە سەر گردی مامەیارە و لەوێ ئاگری کردووەتەوە، دوازدە سەماوەری بردووە لەگەڵ خۆی و بە بەشداربووان چا، گوێز و مێوژ و حەلواگەزۆی داوە و لەگەڵیاندا کنگری کوڵاو و یاپراخیان خواردووە.
بە پەرەسەندنی ئەو بۆنەیە لەناو گەنجاندا، پیرەمێرد لە لایەن بەرپرسانی شار و ئاییندارەکانەوە کەوتووەتە بەر ڕەخنە و بەربەستی بۆ ساز کراوە. تۆمەتی ئەوەیان لێداوە کە مەجووسی و ئاگرپەرەستە و ئەویش چەندین جار لە وتارەکانیدا دووپاتی کردووەتەوە کە ئەو تەنیا دەیهەوێ بە بڵێسەی ئاگری نیاکان، ڕاگوزەری ئایندەکان ڕوون بکاتەوە و ”پیرەمێردی خوێندەوار دەزانێ ئاگرێک خۆی بیکاتەوە و خۆی بتوانێ بیکووژێنێتەوە، چۆن دەیپەرەستێ!“[19] لە ساڵی ١٩٤٣ دەستپێشخەریی ئەوەی هەبووە کە لە کاتێکدا جێژنی مەولوود کەوتووەتە ناو بۆنەی نەورۆزەوە، هەر دوو جێژنەکەی پێکەوە گرتووە و هەربۆیە لەوبارەوە نووسیویەتی: ”نییەتی مەولوود لە نەورۆز دێنین \ لە گردی یارە مەولوود ئەخوێنین.“[20] هەروەها پیرەمێرد کۆڵنەدەرانە پشتگیریی گەنجانی کردووە کە گۆرانی بڵێن و هەڵپەڕن، ئەگەرچی ڕەشبەڵەکیان نەبووە و ژنان بەجیا هەڵپەڕیون. ڕەشۆڵ و دەنگخۆشانی ئەوکاتی بانگهێشتی بۆنەی نەورۆز کردووە و لە لای ئەو ”دەنگی دەهۆڵ و زوڕنا لە پیانۆی ئەورووپییەکان خۆشتر بووە.“[21]
پیرەمێرد لە بەسیاسیکردنی بۆنەی نەورۆز نیگەران بووە و هەر لەبەر ئەمەش هەندێک لە گەنجان ئەویان بە پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتی بریتانیا لە عێراق تۆمەتبار کردووە. وا دەردەکەوێ لایەنگرانی حیزبی شیوعی (کۆمۆنیست) ناکۆکییان لەگەڵ پیرەمێرد هەبووە و ویستوویانە خۆیان جێژنی نەورۆز بگرن. هەربۆیە پیرەمێرد ئەو تاقمە تۆمەتبار دەکا کە ویستوویانە نەورۆز بکەنە پڕۆپاگاندەی ”حیزبی حیزبان“[22] ؛ هەژار موکریانی لە چێشتی مجێوردا بەم شێوەیە باس لەم کێشەیە دەکا: پیرەمێرد ڕۆژنامەی ژینی دەنووسی. بۆ یەکەم جار لە دنیادا و بۆ ئاخر جاریش ڕۆژنامەیەک لە ڕۆژگارێکدا چوار ژمارەی لێ چاپ دەکرا، چونکە ئیعلانی چوار ئێدارانی بڵاو دەکردەوە. نە کەس دەیکڕی، نە کەس دەیوێرا بیفرۆشێ. گوناهیشی هەر ئەوە بوو کە دەیگوت با کورد بین و بە دڵ کۆمۆنیست نەبین. جێژنی نەورۆزیشی دەگرت کە بە لای کۆمۆنیستانەوە کفر بوو… پیرەمێرد چاپخانەی خۆی هەبوو؛ لە ماڵی دنیاش ناساز نەبوو. هەموو ساڵان جێژنی نەورۆزی لە گردی مامەیارە دەگرت و لاوی کۆ دەکردنەوە و شیعر و وتاری تێدا دەگوترا و داوەتی جێژنە دەگیرا. کە کۆمۆنیستی پەرەی ساند نەیانهێشت نەورۆز بگرێ. مەقالێکی زۆر جوانی نووسیبوو؛ ئەوەم لەبیر ماوە کە لە پاش باسێکی جوانی نەورۆز نووسیبووی: «بەڵام ئەمساڵ لە سایەی حیزبی حیزبانەوە نەورۆزەکەمان لێ تاڵ بوو!».[23]
دیارە مشتومڕی سیاسیی ئەو سەردەمە هێندە بەو سادەیییەش نەبووە کە هەژار دەیگێڕێتەوە، چونکە دەزانین لە نەورۆزی ١٩٤٦دا و لە گردی مامەیارە جۆن ئەدمۆندز (١٨٨٩-١٩٧٩)، ڕاوێژکاری بریتانیا لە عێراق و هاوکاری تۆفیق وەهبی لە نووسینی فەرهەنگی کوردی – ئینگلیزی، بەشدار بووە و پیرەمێرد بە ڕێزەوە باسی دەکا. بەڵام هەر لەم بۆنەیەدا برایم ئەحمەد و فایەق بێکەسیش بەشدار دەبن و پیرەمێردیش نیگەران بووە کە ئەوان ببنە هۆی تێکدانی بۆنەکە. هەڵبەت فایەق بێکەس بوێرانە هەڵدەستێ و ڕوو دەکاتە ئەدمۆندز و شێعرە بەناوبانگەکەکەی بیست و حەوت ساڵە دەخوێنێتەوە. فایەق بێکەس لەم شێعرەدا بەرپەرچی دەسەڵاتی بریتانیا لە کوردستان دەداتەوە و دەنووسێ: ”بیست و حەوت ساڵە تاڵە ژیانم \ لەژێر دەستیی تۆ زۆر پەرێشانم \ لە ئینسان ناچم، عەینی حەیوانم \کەی ڕزگار ئەبم ماڵی وێرانم؟ \ وا بە خۆت ئەڵێیت «حامی»ی گەلانم.“[24] بە وتەی شێخ نووری شێخ ساڵح (١٨٩٦-١٩٥٨)، لە ئامادەبووانی جێژنی نەورۆز، فایەق بێکەس کە بەندیخانەی لە لای کۆشکی وەزیر بووە، هێندە شێعرخوێندنەوەی خۆش بووە کە هێشتا دەنگی لە گوێیدا دەزرینگێتەوە و ئەمە لە کاتێکدایە ئەدمۆندزی کوردیزان هەروا واقی وڕماوە.[25]
ئەوەی لە کۆتاییی تەمەنی پیرەمێرددا جێی سەرنجە کە خۆی لەم ڕەخنانە ئاگادارە و لە لایەکەوە لەبەر ڕووخانی کۆماری کوردستان لەو ساڵەدا ئاگری نەورۆز ناکاتەوە و دوابەدوای ئەوە شێعری بەناوبانگی نەورۆز بە پێشنیاری برایم ئەحمەد و حیزبی دێموکراتی کوردستان (پارتی) دەنووسێ، لە لایەکیشەوە لە دوایین نەورۆزی تەمەنیدا گلەیی دەکا کە کەسانێک دەیانەوێ نەورۆز سیاسی بکەنەوە و ئاشووبیان ساز کردووە و ئەو دۆخە ئاسایییەیان تێک داوە کە ”خوا پێی ڕەوا دیبووین، نانێکی ڕەحەتی و پێشەوایەکی نەوەی هاشمی [فەیسەڵی دووەم] و سایە و پەنایەکی ئاسوودە و دیانەتێکی ئیسلامی [مان هەبوو].“[26]
بۆ تێگەیشتن لەم ناکۆکییە دەبێ بۆ هەنگاوە نوێیەکانی گەشەی خەباتی کوردایەتی لە باشووری کوردستان بگەڕێینەوە کە حیزبی دێموکراتی کوردستان (پارتی) پاش کۆماری کوردستان جموجووڵی ساز کردووە و پیرەمێرد بەتایبەت لە ڕێگەی شێعری نەورۆزەوە تیایدا بەشدار بووە. پیرەمێرد ئەم شاکارەی ساڵی ١٩٤٨ وتووە (دوو ساڵ پێش کۆچیدوایی) و لە لایەن حەمەساڵح دیلان و حەسەن زیرەکەوە بە گۆرانی وتراوەتەوە. ئەوەی ڕاستی بێ، جگە لە ئاوازێکی ناوازە کە لەسەر ئەم شێعرە دانراوە، ناوەڕۆکە حیماسی و شۆڕشگێڕانەکەی هۆی مانەوەی بوون تاکوو ئیستا و تەنانەت دەکرێ بوترێ شێعری نەورۆز بووەتە بەشێک لە میراتی مەعنەویی نەتەوەی کورد. وردبوونەوە لە بەستێنی هۆنینەوە و ناوەرۆکی شێعری نەورۆز ڕوونی دەکاتەوە کە بۆچی ئەم هەڵبەستە هێندە پێگەیەکی بەرزی لە کوردستاندا هەیە.
پیرەمێرد پاش ڕووخانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، ساڵی ١٩٤٧ نەورۆز ناگرێ و ئاگر ناکاتەوە. لە وتارێکدا بە ناوی بەهاری من لە ڕۆژنامەی ژین (کە خۆی لە سلێمانی خاوەن ئیمتیازی بووە) باس لەوە دەکا هەموو ساڵێک لە گردی یارە (مامەیارە) ئاگرم دەکردەوە، ”وا ئەمساڵ ئاگری نەورۆز کەوتە جەرگ و دەروونمەوە، فتوام دا نەورۆز نەبێ.“[27] لە درێژەدا بۆ دەربڕینی خەمی خۆی کە بۆچی نەشئەی نییە و نەورۆز ناگرێ، تەنیا شێعرێکی وەلی دێوانە وەک حسێبحاڵی خۆی دێنێتەوە. شێعرە هەرەجوانەکەی وەلی دێوانە بەم شێوەیە دەست پێ دەکا: ”ئەمساڵ وەبەختم بێفەڕ نەوبەهار\ زەوقی زیندەگیم بوو بە ژاری مار.“ و بەم شێوەیە کۆتایی پێ دێ: ”بەهاری ئەمساڵ جەستەم پەشێوە\ کەس و کارەکەم نایەن لە ڕێوە.“ دەبینین ساڵی دواتر پیرەمێرد لە شێعری نەورۆزدا هیوا و ورەی بەرز دەبێتەوە و خوێنی لاوەکان بە هۆکاری ڕسکانی گوڵی ئاڵی ”نەوبەهار“ دەزانێت؛ نەورۆز وەها ئاگرێک دەخاتە جەرگی لاوانەوە کە بەرەوپیری مەرگەوە دەچن و کچان سینگی خۆیان دەکەنە قەڵغان. لە کۆتاییشدا شادێڕەکەی دەنووسێتەوە: ”پێی ناوێ بۆ شەهیدی وەتەن شیوەن و گرین \ نامرن ئەوانەی وا لە دڵی میللەتا ئەژین.“ نیشانە شێعرییەکان دەری دەخەن پیرەمێرد ئەگەرچی ڕووخانی کۆمار و شەهیدبوونی پێشەوا بۆ ماوەیەک دەستەوئەژنۆی کردووە، بەڵام بێهیوا نەبووە، نەوبەهاری لەلا ژیاوەتەوە و بە سەربەرزییەوە باس لەوە دەکا کە کەسوکارە شەهیدەکەی بە نەمری لە دڵی میللەتا دەژین.
ئەگەرچی پیرەمێرد باس لە ئوستوورەی کاوە و ڕووخانی ستەمکاریی زەحاک ناکا، بەڵام لە ڕێگەی بووژانەوەی بۆنەی نەورۆز و بەسیمبول کردنی ئاگر و گرێدانەوەی بۆ شۆڕش و خوێنی شەهیدانەوە، ڕێگە بۆ ئەوە خۆش دەکا کە لە ساڵانی دواتردا ڕۆشنبیرانی کورد نەورۆزی دژەستەم لەگەڵ ئوستوورەی کاوە پێکەوە گرێ بدەنەوە. سەرچاوەی فیکریی پیرەمێرد هەم بۆ بەستێنی فکری جەمعییەتی تەعالیی کوردستان دەگەڕێتەوە و هەم دەکرێ بوترێ گرنگیی نەورۆز لە کۆماری کوردستاندا کاریگەریی لەسەر سازبوونی لایەنی شۆڕشگێڕانەی ئەندێشەی پیرەمێرد و نەوەی دوایی هەبووە. هەروەک دەزانین، لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا تەنیا دەرفەتی یەک بۆنەی نەورۆز ڕەخساوە و لە ڕۆژنامەی کوردستاندا باس لە بەڕێوەچوونی جێژنی نەورۆز لە مەهاباد کراوە کە تیایدا خەڵک لە سایەی ئازادی و ڕزگاری لە زوڵم و زۆر کەیفخۆش بوون. پێشەوا لە ڕۆژی نەورۆزدا پیرۆزبایی لە خەڵک، پێشمەرگەکان و هێزی پێشمەرگەی بارزانی کردووە.[28] مەلا مستەفا بارزانیش لە نوتقی خۆیدا پیرۆزبایی جێژنی میللیی سەربەستی دەکا کە خوێنی بۆ ڕژاوە و باس لەوە دەکا کە ئاگری موقەدەسی کوردی داگیرساوە. هەروەها نووسەرانی ڕۆژنامەی کوردستان هەوڵ دەدەن لە چوارچێوەی پێکهاتەی سیاسیی کۆماردا باسی نەورۆز شی بکەنەوە.
بۆ نموونە قادر مودەڕێسی لە وتاری جێژنی نەورۆزی کورددا پێی وایە زەردەشت کورد بووە و ئاڤێستا بە لەهجەیەکی زمانی کوردی نووسراوە و نەورۆزیش هەر لەو کاتەوە جێژنی کوردانە. لە درێژەدا دەنووسێ ”داخەکەم چەند ساڵ بوو لەبەر زوڵم و زۆری دیکتاتۆری ئەو جێژنە خۆشەویستە لەبیر چوو بووەوە و خۆشبەختانە ئەو ساڵ کە ئەستێرەی بەختی کورد لە ژێر هەوری چارەڕەشی هاتە دەر، ئەو جێژنە تازە کراوە و بە سڵامەتی پێشەوای کوردستان تیکرار و تازە کرایەوە.“[29] سەیدمحەمەد حەمیدی، سەرنووسەری ڕۆژنامەی کوردستانیش لە کۆتاییی وتارەکەی خۆیدا سەبارەت بە بەرپەرچدانەوەی ئەوانەی پێیان وایە ئەم جێژنە هیی کوردان نییە، دەنووسێ: ”برایان لە خودا دەخوازم وەکوو لەم ڕۆژەدا خودا تەواوی عالەمی تەبیعەتی لە سەرما و سۆڵ و تەم و مژ نەجات داوە و ئازادی کردوون تەواوی کوردەکانی کوردستانی گەورەش لە زنجیری ئەسارەت و دیلی ئیستیعمار نەجات بدا.“[30] هەر لەو نەورۆزەدایە هێمن (١٩٢١-١٩٨٦) وەک شاعیری میللی دەنووسێ: ”ڕەفیقان ڕۆژی کوردانە، بەهارە، جێژنی نەورۆزە \ نەمان بێگانە تاکوو جێژنەمان لێ تاڵ بکا ئەوساڵ.“[31]
دەکرێ بوترێ نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم قۆناغی بووژاندنەوەی بۆنەی نەورۆز وەک جێژنێکی نەتەوەیییە. ڕۆشنبیرانی کورد هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی نیشاندانی مێژووییبوونی نەورۆز هەندێک چالاکیی تایبەت بە جێژنێکی کوردی دەستنیشان بکەن کە گرنگترینیان کردنەوەی ئاگر لە ڕۆژی نەورۆزدایە. بەڵام دەبێ چاوەڕێی هاتنە مەیدانی حیزبە کوردییەکان لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم بین تا گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردی بتوانێ مانایەکی دژەستەم بۆ نەورۆز ساز بکا و لەو ڕێگەیەوە جێژنی نەورۆز وەک کارنەڤاڵێکی دژەکۆلۆنیالیستی ببێتە یەکێک لە ئەستوونەکانی خەباتی کوردایەتی.
نەورۆز: لە جێژنێکی نەتەوەیییەوە بەرەو کارنەڤاڵێکی دژەکۆلۆنیالیستی
لە ساڵانی ١٩٤٧ بەدواوە بە ئامادەبوونی حیزبی دێموکرات (پارتی) لە باشووری کوردستان و هەروەها بەهێزبوونی گوتاری مارکسیزم لە چوارچێوەی حیزبی شیوعیدا لە شاری سلێمانی دوو بۆنەی نەورۆز گیراوە. بەرەبەرە ڕۆشنبیرانی کورد هەوڵ دەدەن مانایەکی دژەستەم بۆ نەورۆز بدۆزنەوە و لە گوتاری کلاسیکی نەورۆز بە دالی سەرەکیی بووژاندنەوەی سرووشت و جێژنێکی کۆمەڵایەتی بەرەو نەورۆزێکی دژەستەم هەنگاو هەڵبێنن کە تیایدا دالی کاوەی زوحاککوژ دەبێتە هۆی ئەوەی بەستێنێکی ئوستوورەیی بۆ کارنەڤاڵی دژەکۆلۆنیالیستیی نەورۆز ساز ببێ. لەم قۆناغەدا گرنگترین خەباتی کوردی لە باشووری کوردستان بە ناوی شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١-١٩٧٠) ساز دەبێ کە لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە سەرنجی خەباتکارە کوردەکان بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ و پشتگیرییەکی بەربڵاوی جەماوەری بەدوای خۆیدا دێنێ.
ئەم بەستێنە نوێیەی خەباتی کوردایەتی وەکوو هەموو شۆڕشەکانی دیکە پێویستی بە جماندنی کۆمەڵانی خەڵک بووە. ڕۆشنبیرانی کورد پێش دەستپێکی شۆڕشی ئەیلوول، جێژنی نەورۆز لەگەڵ ئوستوورەی کاوە لێک گرێ دەدەنەوە. ڕەنگە یەکەم نیشانەکانی ئەم گرێدانە لەناو شاعیرانی ڕۆژهەڵاتەوە سەری هەڵدابێ. قانع (١٨٩٨-١٩٦٥) لە کتێبی چوارباخی پێنجوێن (چاپی ١٩٥٣) شێعرێکی بە ناوی نەورۆزنامە هەیە و تیایدا جێژنی نەورۆز وەکوو جێژنی نەتەوەی کورد ناو دەبا کە لە کۆنەوە هەبووە و ”لە نەورۆزا بوو کاوە، مێشکی زەححاکی کە دەرهێنا \ هەر ئەم نەورۆزەیە ڕۆژی فتووحاتی هەڵۆخانە.“[32] لەم شێعرەدا قانع بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش هەم نەورۆز دەکاتە جێژنێکی نەتەوەیی و هاوکاتی دەکا لەگەڵ سەرکەوتنی کاوە بەسەر زوحاکدا و یەک دەگرێتەوە. واتە چی تر وەک بیرۆکەی ڕۆشنبیرانی جەمعییەتی تەعالیی کوردستان سەرکەوتنی کاوە بەسەر زوحاک لە هاویندا ڕووی نەداوە و قانع هەر دوو جێژنەکە دەکاتە یەک جێژن و هێندە بەرز دەینرخێنێ کە تەنانەت پێی وایە سەرکەوتنە مەزنەکانی گرنگترین میری ئەردەڵان واتە هەڵۆخان (دەسەڵاتەکەی لە نێوان ساڵانی ١٥٩٠ تا ١٦١٦ بووە) هەر لە نەورۆزدا بووە. دوابەدوای ئەمە نافیع مەزهەر (١٩١٣-١٩٩٨) لە ساڵی ١٩٥٧ بۆ جێژنی نەورۆز لە نەکەرۆزی سەقز دەنووسێ ”وتی: ئەم جەژنەی کاوە و فەرەیدوون \ لە کوردانی پاک پیرۆز بێ پیرۆز.“[33]
دەکرێ کۆتایییەکانی دەیەی پەنجا و دەیەی شەستی زایینی سەدەی بیستەم وەکوو سەرهەڵدانی گرێدانی نەورۆزی نەتەوەیی و ئوستوورەی کاوە سەیر بکرێ. عوسمان عوزێری (١٩٣٦-١٩٦٦) لە ڕۆژی نەورۆزی ١٩٥٨دا نەورۆز وەکوو جێژنی پیرۆزی کوردستان پێناسە دەکا کە جێژنی نەوەی کاوەی شێر و قارەمانە.[34] عارف عورفی (١٨٩٦-١٩٦١) لە بۆنەی نەورۆزی ١٩٦٠ جێژنی نەورۆز بە ڕەزمی کاوەوە گرێ دەداتەوە.[35] گۆران (١٩٠٤-١٩٦٢) سەرەتا لە شێعری زیندانی ئەژدەهاک: بۆ بتەکانی فاشیزم (١٩٥٣) باسی کوردبوونی کاوەی چەکوشوەشێن دەکا، بەڵام چەند ساڵی پێدەچێ تا لە شێعری نەورۆزدا (١٩٦٠) باس لە ڕەنجی کاوە بۆ ئازادیی گەل بکا تا زنجیری ئەژدەهاک لە گەردەنی نەتەوەی کورد داماڵێ و بنووسێ: ”ئەی نەتەوەی کاوەی زنجیر قەف قەف بڕ! \ ڕۆژی نەورۆز دای بە هەوری زستان، دڕ.“[36] هەژاریش (١٩٢١-١٩٩١) بۆ نەورۆزی ١٩٦٠ شێعرێک بۆ پشتی کارت پۆستاڵ دەنووسێ: ”ئەو کوتکی کاوەی نەمر دایوەشاند \ نەبەردی کوردی لە دنیا گەیاند؛ گڕی شۆڕشمان با دوژمن سۆز بێ \ هەردەم نەورۆز بێ و جەژن و پیرۆز بێ.“[37]
مامۆستا ع. ع. شەونم (عەلی عەبدوڵڵا سۆفی محەممەد؛ ١٩٢٥-٢٠٢٠) شاعیری هەڵبەستە ناودارەکەی نەورۆز دەگێڕێتەوە کە لە دەستپێکی شۆڕشی ئەیلوولدا لە ساڵی ١٩٦١ پێشمەرگەکان لە ئەنجامی شکەستێکدا تووشی دڵساردی ببوون و ئەویش بیری لەوە کردووەتەوە کە وەک ئەدیبێک بۆ ڕەوانەوەی بێزاریی ئەوان دەبێ چ بکا تا کورد ورەی بەرز بێتەوە. هەربۆیە سروودی نەورۆز دادەنێ و هەر بەخێرایی بۆ جێژنی نەورۆزی ١٩٦٢ دەکرێ بە گۆرانی.[38] ئەم شێعرە بەرزە لە لایەن ڕەفیق چالاک، برایم خەیات و ناسر ڕەزازییەوە وتراوەتەوە. شێعری نەورۆز ئاوا دەست پێ دەکا: ”جەژنە جەژنی کوردستانە جەژنی نەورۆزە \ بە تیشکی ئاگر ئەنووسم جەژنە پیرۆزە“ و شاعیر پرسیار دەکا بۆ وەک گەلانی دیکە ئێمەی کورد مافی سەربەستیمان نییە؟ و بەم شێوەیە کۆتایی پێ دێ:”مێژوومان چەن زوحاک و ماری خستە چاڵ چەن کەسی کرد بە گوڵ بۆ بههاری ساڵ.“[39] هەر وەک مامۆستا شەونم ئاماژەی پێداوە خەڵک لە گەڵاڵە بۆ ماوەی دە ڕۆژ بەو سروودەوە جێژنیان گرتووە.
لەم قۆناغەدا شاعیران و نووسەرانی کوردستان وەکوو جەمیل ڕەنجبەر (١٩٤٩-١٩٨٠)، محەممەد ساڵح دیلان (١٩٢٧-١٩٩٠)، کاکەی فەلاح (١٩٢٨-١٩٩٠)، هەژار، هێمن و جگەرخوێن (١٩٠٣-١٩٨٤) هونەرمەندانە و بەشێوەیەکی تەواو کاریگەر جێژنی نەورۆز دەکەن بە سیمبولی خۆڕاگری و لەگەڵ ئوستوورەی کاوە تێهەڵکێشی دەکەن. کردنەوەی ئاگری نەورۆز لەم کاتەوە ئیتر دەبێتە بەشێکی جیانەکراوە لە خەباتی کوردایەتی. لە دوای سەقامگیربوونی ئاگری نەورۆز و تایبەتمەندیی دژەستەمی ئەم بۆنەیە، بەرەبەرە لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش جێژنی نەورۆز جێی خۆی لە خەباتی ڕزگاریخوازیی کورددا دەکاتەوە. بەڵام هەر کام لە پارچەکانی دیکە بەپێی تایبەتمەندییەکانی خەبات بە شێوازێکی جێی سەرنج پەرەی زیاتر بەم جێژنە دەدەن و زیاتر لە جاران لایەنی سیاسییەکەی بەرجەستە دەکەنەوە.
یەکێک لە وێنا شێعرییە جوانەکانی وێکچواندنی پێشمەرگە بە کاوە، هیی هێمنە (تاریک و ڕوون، ١٩٦٨) کە تیایدا هاتووە: ”کوتکی کاوە و هێزی پێشمەرگەی دڵسۆز \ ڕۆژی ڕەشی کردە نەورۆزی پیرۆز؛ مێشکی پژا ئەژدەهاکی مێشکخۆر \ جەللادەکەی ئەستۆی کەوتە بەر ساتۆر“[40] شێرکۆ بێکەس (١٩٤٠-٢٠١٣) لە شانۆنامەی کاوەی ئاسنگەردا (١٩٧١) شۆڕشی چەوساوەکانی کوردستان بە ڕاپەڕینی کاوە دەشوبهێنێ و لە کۆتاییدا دەنووسێ: ”پشتی ئەژدەهاکمان شکان؛ با ئەم ڕۆژە جەژنی گەل بێ؛ جەژنی ژیان؛ جەژنی کوردە چەوساوەکان؛ با ئاگری ئەم نەورۆزە؛ لەسەر لووتکەی بەرزی وڵات؛ هەتاهەتایە بسووتێ؛ بڵێسەکەی هاوار بکات؛ بڵێ: نەوەی ئادەمیزاد؛ کورد بوو یەکەم ڕاپەڕینی؛ شۆڕشی سوور بەرپا بکات.“[41] هەر کام لەم وێنە ئەدەبییانە لە جێی خۆیدا کاریگەرییان هەبووە، بەڵام ڕەنگە هیچ کامیان وەکوو شێعری ”کی مە ئەز“ی جگەرخوێن لە ساڵی ١٩٧٣ نەبووبێتن بە هۆی جۆش و خرۆش لە کوردستان. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە شڤان پەروەر بە دەنگە سیحراوییەکەی لایەنی شۆڕشگێڕانە و ناسنامەخوازەکەی ئەم شێعرەی چەند بەرانبەر بەهێزتر کردووە. شڤان پەروەر هەڵبەت لە ئالبۆمی کی نە ئەم (١٩٧٨) هەندێک لە هەڵبەستەکەی گۆڕیوە، بەڵام لە هەر دوو نوسخەکەدا باس لە نەورۆز وەک ڕۆژی ڕزگاری لە ستەمی زەحاک بە دەستی کاوەی ئاسنگەر دەکرێ.
هەر لەم سەرەدەمەدا و بە بەهێزبوونی بیری مارکسیستی بەتایبەت لە باکووری کوردستان و سازبوونی حیزبی پەکەکە لە ساڵی ١٩٧٨، ڕۆشنبیرانی چەپ هەوڵ دەدەن کاوەی ئاسنگەر لەگەڵ چەمکە مارکسیستییەکان تێهەڵکێش بکەن. هەر لەم ساڵەدایە کە گۆڤاری کاوە لە ئانکارا دەردەچێ و لە ژمارەی یەکەم و دووەمدا باس لەوە دەکرێ کە هەوڵی ئەوان زیندووڕاگرتنی ڕۆحی خەبات و خۆڕاگڕیی شۆڕشگێڕانەی کاوە لە بەرانبەر زەحاکەکانی سەردەم واتە کۆلۆنیالیست و ئیمپرالیستەکانە. نووسەرانی کاوە پێیان وایە پڕۆلیتاریای شۆڕشگێڕی ئاڵمان بۆ سپارتاکوس دەگەڕێتەوە و کاوەش سپارتاکوسی شۆڕشگێڕانە لە کوردستان.[42] دەکرێ بوترێ کۆتایییەکانی دەیەی هەفتا تا کۆتاییی سەدەی بیستەم ئاوێتەیەکی مارکسیستی و ناسیۆنالیستی لە لایەن ڕۆشنبیرانی باکووری کوردستانەوە سەبارەت بە نەورۆز و ئوستوورەی کاوە پێشکەش دەکرێ و هەوڵ دەدرێ ناکۆکییەکانی نێوان خەباتی چینایەتی و پرسی نەتەوەییی کورد هەر لەم ڕێگەوە چارەسەر بکرێ.
بۆ نموونە لە بڵاوکراوەی کۆمیتەی ڕێکخستنی نەورۆز لە مونیخی ئاڵماندا هاتووە کە مێژوو ململانێی نێوان چینی کرێکار و چینی باڵادەستە، و نەورۆز و خەباتی کاوەی ئاسنگەر لەگەڵ ئەم تێڕوانینەدا دەگونجێت.[43] لە ساڵی ١٩٧٧ مارکسیستە کوردەکان لە تورکیا لە ڕۆژنامەی بەرەو سەربەستی بەڕوونی باس لەوە دەکەن کە ”لە مێژووی گەلی کورددا نەورۆز وەکوو سیمبولی خەباتی ئازادی و سەربەخۆییخوازی لە بەرانبەر بە ستەمکاری، گوشار و ملکەچبوون بەرجەستە دەبێتەوە. نەورۆز ڕەنگدانەوەی تینوویەتی نەتەوەیەکی چەوساوە بۆ ئازادییە… نەورۆز هێمای خەباتی دژ بە ستەمکاری و فشار و ملکەچبوونە. نەورۆز فێستیڤاڵێکی کوردییە… نەورۆز هێمای سەربەخۆیی و ڕزگاری بۆ نەتەوەیەکی بەکۆلۆنیکراوە.“[44]
ئەم تێڕوانینە نوێیە کە لە دەوری دالی سەرەکیی نەورۆز وەکوو فستیڤاڵێکی نەتەوەییی خەڵکی چەوساوەی کورد دەسووڕێتەوە، دەبێتە هەوێنی خەباتێکی ئێجگار شوێندانەر لە باکووری کوردستان لە لایەن پەکەکەوە. ڕووداوی تاڵی شەهیدبوونی مەزڵووم دۆغان (١٩٥٦-١٩٨٢) لە زیندانی ئامەددا خاڵێکی گرنگی لە گرێدانی نەورۆز و خۆڕاگری ساز دەکا. مەزڵووم دۆغان وەک کوردێکی عەلەوی یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکەیە و لە ساڵی ١٩٧٩ دەستبەسەر دەکرێ و لە نەورۆزی ١٩٨٢ لە زیندان و بە نیشانەی بەرخۆدان دژ بە ڕژیمی فاشیستیی تورکیا ئاگر لە جەستەی خۆی بەر دەدا و شەهید دەبێت. ڕۆژنامەی سەرخۆبوون کە پەکەکە دەری کردووە لە سەرەتادا ئەم ڕووداوەی وەکوو هەوڵی کەماڵیستەکان بۆ لەناوبردنی زیندانییە کوردەکان وەسف دەکا، بەڵام ساڵی دواتر هەمان ڕۆژنامە مەزڵووم دۆغانی وەکوو کاوەی هاوچەرخ ناوزەد دەکا.[45] ئەم شێوازە لە بەرگرییە چەند جاری تر لە لایەن گەنجانەوە لە باکووری کوردستان و ئاڵمان دووپات دەکرێتەوە و لە گوتاری پەکەکەدا پشتیوانی لێ دەکرێ و ئەم خۆ بەقوربانیکردنە لەبەر ئازادیی نەتەوەیی پێناسە دەکرێ. بۆ نموونە لە نەورۆزی ١٩٩٠، زەکییە ئالکان (خەڵکی دێرسیم و خوێندکاری زانکۆی دیجلە)، لە شاری ئامەد و بۆ نیشانەی بەرپەرچدانەوەی قەدەغەکردنی نەورۆز ئاگر لە جەستەی خۆی بەر دەدا و شەهید دەبێ.[46]
پاش ئەوەی نەورۆز، ئاگر و کاوە دەبنە سیمبولی خەباتی کوردی لە باکووری کوردستان، دەوڵەتی تورکیا لە کۆتاییی سەدەی بیستەمدا جێژنی نەورۆز بەڕەسمی دەناسێت و وەک جێژنی هەموو خەڵکی تورکیا ناوزەدی دەکا تا لە کاریگەرییەکەی لەسەر خەباتی کورد کەم بکاتەوە. ئەگەرچی نووسینی وشەی نەورۆز بە پیتی لاتینی کوردی و تورکی مشتومڕی زۆری لێ دەکەوێتەوە. چونکە بەکارهێنانی پیتی غەیرەتورکی لە تورکیا قەدەغەیە و نووسینەکەی بە کوردی کێشەی بۆ ناسیۆنالیزمی تورکی ساز کردووە.[47] بە هەنگاونان بۆ سەدەی بیستویەکەم و کرانەوەی ڕێژەیی فەزای سیاسی لە تورکیا و چوونە ناو پاڕلەمانی حیزبی هەدەپە (دەم پارتی لە ئیستادا) و هەروەها ڕەنگە لەژێر کاریگەریی ئایدیۆلۆژیی نوێی پەکەکەدا چی تر لەو جۆرە خۆکوژییانە کە سیمبولی خۆڕاگری بوون، نیشانەیەک نەبیندرێ. بەڵام ڕۆحی بەرگرییەکی قارەمانانە و گرێدانی لەگەڵ ئوستوورەی کاوەدا هێشتا کاریگەرییەکی بەرچاوی ماوە. لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە گەورەشاری ئامەد و لە هەندێک لە شارەکانی دیکەی باکووری کوردستان نەورۆزی چەند سەد هەزاری کەسی دەگیرێت و ئەم بۆنەیە وەک کارنەڤاڵێکی سیاسیی ناسنامەخواز و دژ بە چەوساندنەوەی نەتەوەیی، ڕەگەزی و ژینگەیی خۆی پیشان دەدا.
لە هەمان کاتدا کە لە باشووری کوردستان و دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ نەورۆز وەک بۆنەیەکی نیشتمانی سەیر دەکرێ کە چەند ڕۆژ پشوو و سەیرانە و لە ڕۆژاوای کوردستانیش بە فەرمی لە نەورۆزدا پشوو ڕادەگەیندرێ. وا دێتە بەرچاو کە چی تر کارکردەکانی کارنەڤاڵێکی سیاسی لەو دوو پارچەیەدا ناتوانێ هەڵگری مانا بێت و بۆنەی نەورۆز زیاتر بۆ فێستیڤاڵێکی کولتووریی نەتەوەی کورد گەڕاوەتەوە. ئەوەشمان لەبیر نەچێ کە دوای داگیرکردنی عەفرین لە لایەن ئەڕتەشی تورکیاوە لە ساڵی ٢٠١٨ یەکێک لە یەکەم کارەکانی هێزی داگیرکەر ڕووخاندنی پەیکەری کاوەیەک بوو کە دوو ساڵ بەر لەوە لە یەکێک لە مەیدانەکانی شار دانرا بوو.[48] ئەمە نیشان دەدا هێشتا ئاگری نەورۆز و ئوستوورەی کاوە دەتوانێ بۆ دوژمنانی کوردستان و هێزی کۆلۆنیالیستی جێی نیگەرانی بێت. لە هەمان کاتیشدا ئەگەرچی لە پارچە ئازادکراوەکانی کوردستاندا ڕەنگە وا هەست بکرێ چی تر پێویست بە بەرجەستەکردنەوەی لایەنی سیاسیی کارنەڤاڵی سیاسی نەورۆز نەماوە، بەڵام ڕاگرتنی ئەو میراتە بۆ نەوەی داهاتوو گرنگە و سازکردنی مانای نوێ لە دووتوێی ڕاڤەی نەورۆز وەکوو بۆنەیەکی دژەستەم دەتوانێ یارمەتیدەری سازکردنی یەکسانی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی لە کوردستان بێ.
بووژاندنەوەی نەورۆزی کوردایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ئەگەرچی بۆنەی نەورۆز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەو شێوەیەی کە لە پارچەکانی تر بەربەستی بۆ ساز کراوە، قەدەغە نەبووە، بەڵام نزیکایەتیی کولتووری کوردی و ئێرانی لەمپەری سەرەکی بۆ سازکردنی مانای جیاواز و سیاسی بۆ جێژنی نەورۆز بووە. من ئەم باسەم پێشتر لە چوارچێوەی کۆلۆنیالیزمی وەخۆگردا شی کردووەتەوە و نیشانم داوە کە ناسیۆنالیزمی ئێرانی چۆن سیاسەتی کۆلۆنیالیستیی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕێگەی هێژموونیی کولتوورییەوە پەرە پێ داوە.[49] ئەوەی ڕاستی بێ، کۆلۆنیالیزمی ئێرانی شێوازێک لە نەرمەبڕی و گەرموگوڕی تێدایە و هەوڵ دەدا هەموو کولتوور و مێژووی کورد وەخۆ بگرێ. جێی ڕامانە کاتێک کوردانی پارچەکانی تر دەیانەوێ نەورۆز بگرن و وەکوو جێژنێکی نەتەوەیی دەستنیشانی بکەن، تووشی سەرئێشەیەکی جیددی نابنەوە. چونکە هیچ کام لە نەتەوەکانی عەڕەب و تورک (هەڵبەت ئیستا هەندێک لە تورکەکان بەرەو نەورۆز گەڕاونەتەوە، بێئەوەی خاوەنی کولتوورەکەی بن) نەورۆز بە هیی خۆیان نازانن. پیرەمێرد کێشەی لەگەڵ کوردە موسڵمانەکان بوو کە ئاگرکردنەوەکەی بە کولتوورێکی دژەئیسلامی و مەجووسی دەزانن، ئەگەرنا هیچ عەڕەبێک لە ڕووی هەڵنەدەهات هەتا داخوازیی ئەوە بکا کە نەورۆز هیی منیشە. هەربۆیە بە دەستێکی ئاوەڵاوە پیرەمێرد و ڕۆشنبیرانی دیکەی کورد لە پاڕچەکانی باشوور، باکوور و ڕۆژاوا دەیانتوانی باسی نەورۆزی کوردی بکەن، ئاگری نەرۆز بکەنەوە و کەڵک لە ئوستوورەی کاوە وەربگرن.
تەنانەت ڕۆشنبیرانی پارچەکانی کوردستان جگە لە ڕۆژهەڵات نەورۆزی کوردییان بە نەورۆزی ئێرانیش ناوزەد کردووە و کوردیان بە ئێرانی لەقەڵەم داوە. بۆ نموونە کوردییە بەتڵیسی لە ڕۆژنامەی ژیندا دەنووسێ کە کوردەکان ئێرانین[50] و جێژنی نەتەوەیی سەرکەوتنی کاوە بەسەر زەحاک لە کێوی دەماوەند گیراوە.[51] ئەوەی کە کورد لە نەژادی ئاری\ئاریاییە نەتەنیا بۆ ڕۆشنبیرانی کورد جێی پرس نەبووە، بەڵکوو توانیویانە لە بەرانبەر نەژادی سامیی عەڕەبەکان و نەژادی تورکەکان هەم بەرگری لە خۆیان بکەن و هەم تەنانەت بە هۆی پشتگیریی ڕۆژهەڵاتناسەکانەوە جاروبار دەبووە هۆی فەخر و شانازی کە کوردەکان لەگەڵ ئێرانییەکان لە نەژادی هێند و ئەورووپایین و لە دراوسێی تورک و عەڕەبە دواکەوتووەکانی خۆیان جیاوازن. بەڵام ئەم تێکەڵییە کێشەی جیددی بۆ سازکردنی ناسنامەی سەربەخۆی نەتەوەیی بۆ کوردی ڕۆژهەڵات ساز کردووە. ئەم لێکنزیکبوونەوەی کولتووریی نەتەوەی بەکۆلۆنیکراو و کولتووری نەتەوەی سەردەستی کۆلۆنیالیست لە ڕوانگەی ئاشیل مبێمبەوە وەکوو گەرموگوڕیی ستەمکاری پێناسە دەکرێ.[52]
مبێمبە پێی وایە شێوازی کۆلۆنیالیستیی سوڵتە، نەتەنیا جۆرەکانی کۆنتڕۆڵ بەڵکوو شێوازەکانی گەرموگوڕیش دەستنیشان دەکا. سوژەی بەکۆلۆنیکراو، تەنیا لە کاتی بەرپەرچدانەوە یان بەرگری کردندا دەرناکەوێ؛ بەڵکوو دەبێ سەیری کۆبوونەوەکان، کارنەڤاڵەکان و جێژنەکان بکەین کە چۆن مرۆڤی بەکۆلۆنیکراو، هەست بە نزیکایەتی لەگەڵ کولتووری نەتەوەی سەردەست دەکا. لێرەدایە کە مبێمبە ڕەخنە لە باختین و شێوازی بەکارهێنانی چەمکی کارنەڤاڵ و کارنەڤاڵیگەری لە لای ئەو دەگرێ. بە باوەڕی باختین، لەناو کارنەڤاڵدا پەیوەندییە توندوتۆڵ و نەگۆڕەکانی ژیانی ڕاستەقینە دەگۆڕدرێ و هەمووان بە شێوەیەکی هاوشێوە و بێ لەبەرچاوگرتنی پێگەی کۆمەڵایەتییان لە کارنەڤاڵدا بەشدار دەبن. گفتوگۆی کارنەڤاڵی جەماوەری و گشتییە کە هاوکات لەگەڵ سڕینەوەی سووژەی سوڵتە، تاکەکان لە دۆخێکی بەرانبەردا پێکەوە قسە دەکەن. باختین لەم ڕێگەیەوە بەریەککەوتنی دوو فەرهەنگی جەماوەری (کولتووری گاڵتە و ڕابواردن) و فەرهەنگی ڕەسمیی کڵێسە و دەرەبەگایەتی (کولتووری جیددی) لە سەدەکانی ناوەڕاستدا نیشان دەدا.[53]
بەڵام مبێمبە پێی وایە هەڵەی باختین لەوەدایە کە کردەوە ناڕەسمییەکانی ڕابواردن و گەرموگوڕی بۆ ئەو خەڵکە دەگەڕێنێتەوە کە لەژێر سوڵتەدان، چونکە بەرهەمهێنانی گاڵتەجاڕی، تەنیا تایبەت بە جەماوەری خەڵک نییە. ئاوەژووکردنی ڕاستەقینە کاتیک ڕوو دەدا کە کۆمەڵانی خەڵک لەبەر ئەو مەیلەی بۆ شکۆ هەیانە، دەیانەوێ شێتانە هەڵسوکەوت بکەن و بۆ لاساییکردنەوەی دەسەڵات جلوبەرگی نزم و ئەرزانبایی لەبەر بکەن. ئەگەر لەم ڕوانگەوە سەیری کۆلۆنیالیزمی ئێرانی بکەین دەبینین کە لە ڕێگەی ئەو گەرموگوڕی و نزیکایەتییەوە کە لەگەڵ کورد و کولتووری کوردستان نیشانی دەدا، ڕەگ و ڕیشەی خۆی لە کوردستان دادەکوتێ. کۆلۆنیالیزمی ئێرانی تەنیا بە هی خۆکردن و تواندنەوەی کولتووری کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەسەندەی نەکردووە، بەڵکوو دەیەوێ هێژموونییەکی کولتووری لە هەموو پارچەکانی دیکەی کوردستان ساز بکا. لۆژیکی کۆلۆنیالیزمی ئێرانی لەسەر ئەم بنەمایە دەوەستێ کە بۆ ئەوەی کوردانی هەر چوار پارچە بەرپەرچی سیستەمی کۆلۆنیالیزمی ئێرانی نەدەنەوە، دەبێ و باشترە کوردەکان خۆیان دان بە ئێرانیبوونی خۆیاندا بێنن و لە دڵەوە شانازی بە ناسنامەی ئێرانیی خۆیانەوە بکەن.
هەر لەم ڕوانگەوەیە کە ئێحسان نووری پاشا (١٨٩٢-١٩٧٦)، سەرکردەی ناوداری شۆڕشی خۆیبوون، لە کاتی ئاوارەیی لە تاران، کتێبێک بە ناوی “تاریخ ریشە نژادی کرد” [مێژووی ڕەگ و ڕەچەڵەکی کورد، ١٩٥٤] دەنووسێ و لە پێشەکیی ئەم کتێبەدا باسی ئامانجێک دەکا کە ئەوی هان داوە سەرەڕای ئەوەی مێژوونووس نییە، دەست بۆ قەڵەم ببات: ”مەبەستم ئەمە نییە مێژووی کورد و کوردستان بنووسم، بەڵکوو ئەوەندەم گەرەکە خزمەتی قەومێکی ئێرانی نەژاد بکەم کە خەریکە لە لایەن نەژادەکانی دیکەوە لە نێو دەبرێت. هەر ئەوەندەم گەرەکە ئەم میللەتە ڕەشید و عەگید و زۆر لێ کراوە لە گومناوی دەرباز بکەم، نەیەڵم لە شەرەفی نەژادی ئێرانیی خۆی مەحروم بێ… میللەتێک [کورد] کە بەردی بناغەی شکۆداری ئێرانی هەر لە سەرەتاوە بە خوێنی پیرۆزی جەنگاوەرانی خۆی پێکەوە چەسپاندووە.“[54] ڕەشید یاسمیش هەربۆیە پێی وایە ”کورد یەکێک لە لقەکانی کۆنەداری بەبەری نەژادی ئێرانییە.“[55]
بەگوێرەی کۆلۆنیالیزمی وەخۆگر، چی تر نەورۆز بەخێرایی و بەئاسانیی پارچەکانی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناتوانێ ببێتە یەکێک لە سیمبولە گرنگەکانی شۆڕش. هەربۆیەش دەبینین نەورۆزی سیاسی بە تازەیی خەریکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەرە دەستێنێ. ئەگەرچی هەندێک لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز ڕیشەیان لەناو کولتووری خەڵکی ڕۆژهەڵاتدا داکوتاوە و کردنەوەی ئاگری نەورۆز وەک کردەوەیەکی جیاواز لەگەڵ نەورۆزی ئێرانییەکاندا سەیر کراوە، بەڵام دوای بووژاندنەوەی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەت دوای ڕاسانی حدکاوە نەورۆز وەکوو بۆنەیەکی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووژاوەتەوە. لەم ساڵانەی دواییدا دەستپێشخەریی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەدەستنیشانکردنی دوو هێمای جامانە و گوڵی سوور لەسەر هەڵسوکەوت و یەکگرتوویی جەماوەریی خەڵکی ڕۆژهەڵات کاریگەر بووە. بەتایبەت لە دوای شۆڕشی ژینا لە نەورۆزی ٢٧٢٤ (٢٠٢٤ زایینی) بەریەککەوتنی خەباتی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پیلانەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە بەرزترین ئاستدا لە کارنەڤاڵێکی سەرتاسەریی نەورۆزدا بەرچاو دەکەوت. لە کاتێکدا ڕژیم پێی وابوو بە پەرتەوازەکردن و زۆرکردنی ڕۆژەکانی نەورۆز تایبەتمەندیی کارنەڤاڵێکی سیاسی لە نەورۆز دەستێنێتەوە و زیاتر بەرەو سەیرانێک لە گوندەکان دەیبا کە تەنیا خەڵک تیایدا کەیفخۆش دەبن و لە ئاکامدا هەم لە سیاسەت دوور دەکەنەوە و هەم هێشتا خۆیان بە ئێرانی دەزانن، بەڵام بەپێچەوانەوە فرەیی بۆنەکان ئەم نەورۆزەی کردە کارنەڤاڵێکی سیاسیی یەک مانگە کە تیایدا خەڵکی ڕۆژهەڵات سنوورە ناسنامەیییەکانی زیاتر لە جاران لەگەڵ ئێرانییەکان تۆخ کردەوە.
بەڵام ئەم گۆڕانە لە نەورۆزی ڕۆژهەڵاتدا چۆن ڕووی داوە و بکەرەکان کێن و لە کامە سیمبول کەڵک وەگیراوە؟ بۆ وڵامدانەوە بەم پرسیارە گرنگە سەرەتا دەبێ لەسەر ئەوە ڕاوەستە بکەین کە ئیستا ڕۆژهەڵات بووەتە مەکۆی سەرەکیی کوردایەتی و تەنانەت لەم پارچەیە زۆرترین بەریەککەوتنی بیرۆکەکانیش لەئارادایە. لایەنگرانی ناسیۆنالیزمی کوردی پێیان وایە بیری کوردایەتی هەوێنی خەباتێکی فرەڕەهەندی دژەستەمە. واتە کوردایەتی بەرەوڕووی هەر جۆرە ستەمێکی نەتەوەیی، چینایەتی، جێندەری و ژینگەیی دەبێتەوە. هەربۆیەش ئەم لایەنە هەوڵ دەدا بە شوێن مانا نوێیەکانی نەورۆز و بۆنە نەتەوەیییەکاندا بگەڕێت. ئەم لایەنە پێی وایە هاوکاری و تێگەیشتنێکی پێگەیشتوو لەنێوان حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ کۆمەڵگای مەدەنیدا ساز بووە. ئەگەرچی حاکمییەتی سیاسی لە ئێراندا هەوڵ دەدا مانای تایبەت بەخۆی بەسەر نەورۆزدا بسەپێنێت و وەک جێژنێکی ئێرانی کە تیایدا سرووشت زیندوو دەبێتەوە، پێناسەی بکا، بەڵام حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و کۆمەڵگای مەدەنی ئاراستەی جێژنی نەورۆزیان بەرەو کارنەڤاڵێکی دژەستەم بردووە و لە ڕێگەی کردنەوەی ئاگر و هەڵپەڕینەوە ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتیان پێکەوە گرێ داوەتەوە.
سیاسەتی جوانیناسانەی نەورۆز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دەوری چەند سیمبولی نوێدا خۆی لە نەورۆزی ئێرانی نەک جیا کردووەتەوە، بەڵکوو لە ڕێگەی هەڵپەڕین بە دەوری ئاگری نەورۆز و سازکردنی ڕەشبەڵەک، خۆڕازاندنەوە بە جلوبەرگی کوردی و لەبەرکردنی ماناداری جلوبەرگی پێشمەرگانە لە لایەن کچان و کوڕانەوە، بەشداریی بنەماڵەی شەهیدان لە کردنەوەی ئاگری نەورۆز و پێشەنگبوونی کەسوکاری شەهیدان، پاراستنی ڕێنمایییەکانی ژینگەپارێزی، بەکارهێنانی سیمبۆلەکانی ئاڵای کوردستان، جامانە و گوڵی سوور هەندێک لەو ڕێکارانەن کە لایەنی سیاسی و ناسنامەخوازیی نەورۆزیان لە ڕۆژهەڵات پڕڕەنگ کردووەتەوە. لە چەند دەیەی ڕابڕدوودا هەر دێ و کۆمەڵگای مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهێزتر دەبێ. ئەگەرچی هەندێک کەس نزیک لە بیرۆکەی ئانارشیستی هەر دەیانەوێ وا نیشانی بدەن کە ئەم کۆمەڵگا مەدەنییە تەواو سەربەخۆ لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتە و هەربۆیە لە داهاتووشدا خەڵک دەتوانن خۆیان بەڕێوە ببەن و چی تر پێویستییان بە دەوڵەت نەمێنێ،[56] بەڵام ئەمە تەنیا بەلاڕێدابردنی فەکتی کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی تیۆرییەکی پێشوەختەوەیە. هەر کەس لە ڕۆژهەڵات چالاکی هەبوو بێ یا ئاگاداری ڕێکخستنی بۆنەیەکی نەورۆز بوو بێ، دەزانێ گرێدراوییەکی سەربەخۆ لەنێوان کۆمەڵگای مەدەنی و حیزبەکاندا لەئارادایە. واتە لە یەک کاتدا کارتێکەرییەکی دوولایەنە لە نێوان حیزبە سیاسییەکان و بکەرە فرەڕەنگەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بەرچاو دەکەوێ.
مەبەستی من لە گرێدراوەیییەکی سەربەخۆ ئەوەیە کە لە لایەکەوە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات دەرکی ئەوەیان کردووە بەهێزبوونی کۆمەڵگای مەدەنی ئەرکی ئەوان لە ڕووی مێکانیزمەکانی خەبات و بەرگرییەوە سووک دەکا و هەروەها لە بەربەیانی ئازادیشدا بوونی کۆمەڵگایەکی مەدەنیی توانا دەتوانێ بەستێنێکی ئامادەتر لە باشووری ساڵی ١٩٩١ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ساز بکا. لە لایەکی دیکەشەوە کۆمەڵگای مەدەنی لەگەڵ ئەوەیدا لە ڕووی گوتارییەوە گرێدراوی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و مێژووی خەباتەکەیانە، بەڵام لە هەمان کاتدا لە ڕووی مەیدانییەوە سەربەخۆیە. بەپێچەوانەی کۆمەڵگای مەدەنیی لاواز لە باشووری کوردستان کە تاکوو ئیستاش شوێنی دەستێوەردانی حیزبەکانە، کۆمەڵگای مەدەنی لە ڕۆژهەڵات لەسەر پێی خۆی ڕاوەستاوە و ڕێکخراوە ناحکوومییەکان، دەزگای چاپەمەنییەکان، ناوەندەکانی فێرکاریی زمانی کوردی، ناوەندە وەرزشییەکان و … هتد. سەربەخۆ و تا ڕادەیەکی زۆر بەشێوەیەکی دێموکراتیک بەڕێوە دەچن. واتە کۆمەڵگای مەدەنی لە ڕۆژهەڵات لە ڕووی گوتارییەوە گرێدراوی حیزبەکانە و لە ڕووی پراکتیکەوە سەربەخۆ دەجووڵێتەوە. لە مەیدانی هەڵسوکەوتی کۆمەڵگای مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەم بکەری حیزبی و هەم سەربەخۆ بەرچاو دەکەون کە لە ڕووی گوتارییەوە تا ڕادەیەکی زۆر بەرەو خوێندنەوەیەکی نوێ لە کوردایەتی هەنگاو دەنێن، هەمیش بکەری کۆلۆنیالیستی و ئیسلاحتەڵەبی ئامادەن و دەیانەوێ کۆمەڵگای مەدەنی لە خەباتی کوردایەتی داببڕن و بەرەو داوێنی گەرمی ئێرانی بیبەنەوە.
بەهێزبوونی کۆمەڵگای مەدەنیی ڕۆژهەڵات و سەربەخۆیییان لە ڕووی کردەیییەوە ئەوانی دەست ئاوەڵا هێشتووەتەوە کە بەپێی تایبەتمەندیی ناوچەیی و پێشتریەتیی ڕووداوەکانەوە بڕیاری سەربەخۆ و تا ڕادەیەک جیا لە یەک بدەنەوە. ئەم شێوەیە لە فرەچەشن کردنی جۆرەکانی خەبات و دێموکراتیزەکردنیان توانیویەتی یارمەتیدەری بیری کوردایەتی لە گەیشتن بە ئامانجی دژەستەمی خۆی بێ. لێرەدایە کە ئەرکی سیاسیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و ئەرکی کولتووری و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگای مەدەنی تەواو پێکەوە دەتوانن هەماهەنگ بن. لەو شوێنانەشدا کە ئەگەری بەریەککەوتن هەیە، ئەوە ئیتر ئەرکی ڕۆشنبیرانە کە بتوانن پێکەوەیان بگونجێنن. لێرەدا بۆ ئەوەی مەبەستی خۆم زیاتر شی بکەمەوە کەڵک لە قسەیەکی خۆش وەردەگرم کە چالاکانی ڕۆژهەڵات دەیگێڕنەوە. گوایە کابرایەک بە بیستنی وشەی دۆڵمە قەڵس دەبێ. ڕۆژێک ئەم کابرایە دەچێتە قاوەخانەیەک و ئەو چەند کەسەی لەوێ دەبن دەیانەوێ بەو کابرا قەڵسە ڕابوێرن. هەربۆیە هەر کامیان لە سووچێکەوە قسەیەک دەکا و یەک دەڵێ برینج؛ یەک دەڵێ گەڵامێو؛ یەک دەڵێ خوێ و زەردەچێوە و … هتد. لەپڕ کابرا کە دەزانێ مەبەستیان چییە، چەقۆیەک لەسەر مێزەکەی بەردەمیدا دەچەقێنێ و دەنەڕێنێ جا پیاوم دەوێ هەڵیانپێچێت!
هەر لەم سۆنگەیەوە، لە ئیستای ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا یەک باسی زمانی کوردی دەکا، یەک باسی مافی ژنان دەکا، یەک باسی ژینگەپارێزی دەکا و … هتد. ناسیۆنالیزمی ئێرانیش کە بە کوردایەتی قەڵسە، هەموو هێزی سەرکوتی خۆی بەکار دێنێ تا نەهێڵێ کوردایەتی نوسخەی سیاسیی خۆی هەڵپێچێ. هەربۆیە ئەرکی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لەپێناو ڕزگاریدا ئەوەیە چۆن ڕێگەچارەی سیاسی بۆ سەروەریی نەتەوەیی بدۆزێتەوە. ئەگەرچی لەم ناوەشدا دوژمن بێکار دانەنیشتووە، بۆ نموونە لە نەورۆزی ئەمساڵ دەیویست بە پەرتەوازەکردن و بەرەو سەیران بردنی نەورۆز ئەو بۆنەیە لە مانای سیاسیی خۆی بۆش بکاتەوە، بەڵام دەستپێشخەریی حدکا لە ڕێگەی پێناسەکردنی ئەم بۆنەیە بە ”نەورۆزی مەشخەڵانی ڕزگاری“ و گرێدانەوەی بۆنەکان پێکەوە یارمەتیدەری کۆمەڵگای مەدەنی بوو کە ژمارەی زۆری نەورۆزەکان لە مانا سیاسییەکەی بێبەری نەبێت. هەربۆیەش مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حدکا لە پەیامی نەورۆزیی خۆیدا دەنووسێ: ”نەورۆز بۆ ئێـمەی کورد تەنیا نوێبوونەوەی ساڵ و گۆڕانی سروشت نییە. سەرەڕای ئەوەی کە لە بۆنەی نەورۆز وەک میراتێکی مرۆیی دەڕوانین، پێشمان وایە نەورۆز بۆ نەتەوەی کورد مانایەکی سیاسی و جیاوازتری هەیە. لە کولتووری کۆمەڵگەی کوردەواریدا و ئەوەندەی پەیوەندیی بە نەورۆزەوە هەیە، ڕەهەندە سیاسی و سەمبۆلیکەکانی ئەم بۆنەیە بۆ ئێمەی کورد وەک نەتەوەیەکی شۆڕشگێڕ و هیوادار بە ڕزگاری و ئازادی، بەرفراوانتر و بەرجەستەترە.“[57]
سەرچاوەکان:
[3] Milla Cozart Riggio. Carnival Culture in Action – The Trinidad Experience . London: Routledge, 2005; Milla Cozart Riggio. “Playing and Praying: The Politics of Race, Religion, and Respectability in Trinidad Carnival.” Journal of Festival Studies 2 (Fall 2020): 203-235.
[4] Gage Averill. “Anraje to Angaje: Carnival Politics and Music in Haiti.” Ethnomusicology 38 (2), Music and Politics (Spring – Summer, 1994), 217-247.
[5] Luke White. “Carnival.” In Legacies of the Drunken Master: Politics of the Body in Hong Kong Kung Fu Comedy Films edited by Allison Alexy, 30-58 (Honolulu: University of Hawaii Press, 2020).
[6] Mikhail Bakhtin. Rabelais and His World . trans. Helen Iswolsky (Cambridge, MA: MIT Press, 1984).
[8] خسرو سینا و مهدی مرادی. ”واکاوی مؤلفههای هویتی در نمایش میر نوروزی از منظر نظریهی میخاییل باختین“ پژوهشنامه ادبیات کردی ٦ (١٣٩٩): ٢٥-٣٩.
[9] بۆ دۆزینەوەی شێعرەکان کەڵکم لە سایتی ناوازەی ڤەژینبوکس وەرگرتووە. لەمە بەدواوە چونکە هەموو سەرچاوە ئەدەبییەکانم لەم سایتەوە وەرگرتووە، ئاماژەی پێنادەمەوە و هەروەها لەبەر سەرهێڵبوونی سەرچاوەکان ژمارەی لاپەڕەکانم دیاری نەکردووە. بۆ سایتی ڤەژینبوکس بڕوانە: https://books.vejin.net/
[10] مصطفی کیوان. نوروز در کردستان (تهران: سازمان چاپ تبریز، ١٣٤٩).
[11] Cited in Delal Aydin. Mobilizing the Kurds in Turkey: Newroz as a Myth. MA Thesis (Middle East Technical University, 2005).
[12] هەموو ژمارەکانی هەفتەنامەی ژین لە لایەن مامۆستا محەمەد ئەمین بوزەرسەڵان لە پێنج بەرگدا چاپ کراوتەوە. لەم چاپە ناوازادەدا هەم ڕۆژنامەکە چاپ کراوەتەوە و هەم پیتی عەڕەبی بۆ لاتین گۆڕاوە. ژمارەی لاپەڕەکان لەم چاپەدا بە شێوەیەکە کە سەرەتا ژمارەی لاپەڕە لە کۆی کتێبەکەدا دێ و دواتر ژمارەیەک دێ کە بەپێی لاپەڕەی ڕۆژنامەکە ڕێکخراوەتەوە. بڕوانە:
Bozarslan, M. Emîn. Jîn (Kovara Kurdî-Tirkî 1918-1919) (Uppsala: Weşanxana Deng, 1985-87), vol. I, 184 (2).
[13] شرف خان بن شمس الدین بدلیسی. شرفنامە (تاریخ مفصل کردستان). بە اهتمام ولادیمیر زرنوف. (تهران: اساطیر، ١٣٧٧)، ١٢-١٣.
[14] Bozarslan, M. Emîn. Jîn (Kovara Kurdî-Tirkî 1918-1919), vol. III, 599 (3).
[15] ئیسماعیل گوێڵداش. جەمعییەتی تەعالیی کوردستان. وەرگێڕان زریان ڕۆژهەڵاتی (سلێمانی: بنکەی ژین، ٢٠١١): ٦٤١-٤٣.
[16] Ibid., vol. I, 191 (9).
[17] Ibid., vol. IV, 717 (7).
[18] ئیسماعیل گوێڵداش. جەمعییەتی تەعالیی کوردستان، ٦٣-٦٥.
[19] سدیق ساڵح (ئامادەکار). پیرەمێرد چی لەبارەی نەورۆزەوە نووسیوە. (سلێمانی: بنکەی ژین، ٢٠١٣)، ٤٥؛ گۆڤاری گەلاوێژ، ساڵی چوارەم، ژمارەی ٣ (١٩٤٣).
[20] پیرەمێرد چی لەبارەی نەورۆزەوە نووسیوە، ٣٩؛ ڕۆژنامەی ژین، ژمارەی ٧٠٠ (١٩٤٣).
[21] پیرەمێرد چی لەبارەی نەورۆزەوە نووسیوە، ٢٧؛ ڕۆژنامەی ژین، ژمارەی ٥٢٩ (٢٩ مارسی ١٩٣٧).
[22] پیرەمێرد چی لەبارەی نەورۆزەوە نووسیوە، ٩٨؛ ڕۆژنامەی ژین، ژمارەی ٩٥٨ (١٧ مارسی ١٩٤٩).
[26] پیرەمێرد چی لەبارەی نەورۆزەوە نووسیوە، ١٠٢-١٠٣؛ ڕۆژنامەی ژین، ژمارەی ١٠٠٣ (٢٣ ئاداری ١٩٥٠).
[27] پیرەمێرد چی لەبارەی نەورۆزەوە نووسیوە ، ٩٠-٩١؛ ڕۆژنامەی ژین ژمارەی ٨٦٣ (١٣ مارسی ١٩٤٧).
[28] هاشم خەلیلزادە. جێژنی نەورۆز لە مەهاباد. ڕۆژنامەی کوردستان. ئامادەکردنی ڕەفیق ساڵح و سدیق ساڵح (سلێمانی، بنکەی ژین، ٢٠٠٧)؛ ڕوژنامەی کوردستان، ژمارەی ٢٧ (٢٥ مارسی ١٩٤٦، ٥ خاکەلێوە ١٣٢٥).
[29] قادر مودەڕێسی. جێژنی نەورۆز و کورد، سەرچاوەی پێشوو، ٢-٣.
[30] محەمەد حەمیدی، خەتابەی ئاغای سیدمحمد حمیدی مدیری روزنامەی کوردستان، سەرچاوەی پێشوو، ٤.
[42] Delal Aydin. Mobilizing the Kurds in Turkey, 75.
[43] Ibid., 77.
[45] Cengiz Gunes. “Explaining the PKK’s Mobilization of the Kurds in Turkey: Hegemony, Myth and Violence.” Ethnopolitics 12:3 (20212), 260.
[46] Ibid., 261.
[47] Lerna K. Yanik. “‘Nevruz’ or ‘Newroz’? deconstructing the ‘invention’ of a contested tradition in contemporary Turkey.” Middle Eastern Studies , 42:2, 285-302.
[49] سارۆ ئەردەڵان. کۆلۆنیالیزمی وەخۆگر: ئێران چۆن توانیویەتی لە کوردستان هێژمونیی کولتووری ساز بکا؟ گۆڤاری تیشک ٥٢ (٢٠١٩)، ٢٤-٤٥.
[50] Bozarslan, M. Emîn. Jîn (Kovara Kurdî-Tirkî 1918-1919), vol. IV, 800 (II).
[51] Ibid., vol. I, 191 (9)
[52] Achille Mbembe. On the Postcolony (Berkeley and Los Angeles: University of California Press), 128-133.
[53] Mikhail Bakhtin, Problems of Dostoevsky’s Poetics, ed. And trans. Caryl Emerson (Minneapolis: University of Minnesota, 1999), 107-108.
[54] احسان نوری پاشا. تاریخ ریشە نژادی کرد (مهاباد: سیدیان، ١٣٦١)، ٢-٣؛ وەرگێڕانە کوردییەکەم لە حەمە کەریم حارف دەقاودەق وەرگرتووە، بڕوانە: ئیحسان نوری پاشا، مێژووی ڕەگ و ڕەچەڵەکی کورد، وەرگێڕانی حەمە کەریم عآرف (سلێمانی: چاپەمەنی سایە، ٢٠٠٨)، ٢٩-٣٠.
[55] رشید یاسمی. کرد و پیوستگی نژادی و تاریخی او (تهران: ناشر کتاب، ١٣١٥)، ٧.
[56] عباس ولی و مراد روحی. میان نظم حاکم و گسست دموکراتیک: تأملاتی بر آثار همهگیری کووید 19 بر روژهەلات. نقد اقتصاد سیاسی. https://tinyurl.com/3f5u36pu
19
ڕوانگەی دەوڵەت تەوەر بۆ کێشەکانی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست... ئاوڕدانەوەیەک لەسەر تراژیدیا لە شانامەی کوردیدا...
Scroll to top
شیکاریی گوتاری نەورۆزی دژەکۆلۆنیالیستی لە کوردستان