ئارامتر بخوێنەوە

سیاسەتی دەوڵەتی تورکیە سەبارەت بە زمانی کوردی*

وڵات زەیدانلی ئۆغلوو**
و: برایم لاجانی


کورتەیەک

ئەم وتارە سیاسەتی ئەسیمیلاسیۆنی دەوڵەتی تورکیە، سەبارەت بە کوردەکان و زمانی کوردی لە تورکیەدا دەخاتە بەر لێکۆڵینەوە. هەروەها نیشان دەدات کە چۆن ئێلیتی ناسیۆنالیستی تورک واتە کەمالیستەکان، لەسەرتاسەری چەرخی بیستەمدا، بە شێوەیەکی سیستەماتیک، سیاسەتی سەرکوتی زمانی کوردیان، وەک بەشێک لە ئامانجی دروستکردنی دەوڵەت-نەتەوەیەکی هاوچەشن، لە ڕێگای پەرەپێدانی زمانی تورکیەوە بەڕێوەبردوە. وتارەکە دەریدەخات کە هەر لە سەرەتای ڕووخانی ئیمپراتۆریی عوسمانیەوە، ئەو سیاسەتە زمانیە بە شێوەیەکی زۆر توند بەرێوەچوە. کەمالیستەکان هەمیشە جەختیان لەسەرهاوچەشنسازیی ئیتنیکی-زمانی، وەک پێوانەیەک بۆ “تورکی”بوون و “شارستانی”بوون و “ڕۆژئاوایی”بوون کردووە.

وتارەکە ستراتیژییە جۆراوجۆرەکانی کاربەدەستان تورکیە بۆ بەتورککردن وەک قەدەغەکردنی زمانی کوردی، حاشاکردن لە هەبوونی کوردەکان، گۆڕینی ناوی شارو گوندەکان، ڕاگواستنی زۆرەملیی کوردەکان و ئەسیمیلاسیۆنی منداڵانی کورد شی دەکاتەوە.


وتارەکە بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە دوا ئاڵوگۆڕەکانی سیاسەتی دەوڵەتی تورکیە لە پەیوەندی لەگەڵ زمانی کوردی و هەروەها هەوڵەکانی دەوڵەتی ئێستا بۆ چاکسازی وەک بەشێک لە کاندیداتۆری ئەو وڵاتە بۆ چوونە نێو یەکیەتی ئوروپا، هەڵدەسەنگێنێ.


سەرەنجام وتارەکە نیشان دەدات کە ئەو چاکسازییانە، سەرەڕای ئەوەی کە لەسەر کاغەز باش دێنە بەرچاو، لە ڕاستیدا شوێنەوارێکی زۆر کەمیان لەسەر کوردزمانەکانی تورکیە داناوە و ئەوان هێشتاش بە شێوەیەکی سیستەماتێک لە مافە ئینسانی و زمانیەکانیان بێبەش دەکرێن.


زاراوە کلیلیەکان

تورکیە، کوردەکان، مەسەلەی کورد، کەمالیزم، زمانکوژی


یەکەم: زمان و بنیاتنانی نەتەوەی تورک

کاتێک ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بەرەبەرە لێک هەڵوەشا، بە پێی پەیمانی لۆزان کە لەساڵی١٩٢٣دا (١) بەسترا ، لەسەرپاشماوەکانی ئەوئیمپراتۆرییە، کۆماری تورکیە پێک هات. تورکە ناسیۆنالیستەکان کە ئەو دەوڵەتە تازەیەیان دامەزراند، حەشیمەتێکی فرەچەشنیان لە ڕووی ئیتنیکی، زمانی و ئایینیەوە بۆ بە میرات مایەوە.
ئەگەرچی پاش کۆمەڵکوژیی ئەرمەنیەکان(١٩١٥-١٩١٧) تا ڕادەیەک هاوچەشنسازی دروست بوو. (Akçam 2004; Bloxham 2005a; Dadrian 2004)

شتێک کە بە کۆتایی هاتنی حزووری ئەرمەنیەکان لە ئەناتۆڵی تەواو بوو. بەڵام تەنانەت دوای ئەوە و پاش گۆڕینەوەی پتر لە دووملیۆن خەڵک لە نیوان تورکیەو یۆنانیش لەساڵی ١٩٢٣دا، تورکیە هەروا وەک وڵاتێکی فرە چەشن مایەوە. (Aktar 2000: 17–66)


ئەو تەرکیبە بە شێوەیەکی سروشتی درێژەی بە ڕەنگدانەوەی ئەو فرەچەشنیە دا کە ئیمپراتۆریی عوسمانی – وەک باقی ئیمپراتۆرییەکانی دیکە- لە خۆیدا جێگای کردبووەوە. شایانی باسە کە لە قەڵەمڕەوی بەرینی ئیمپراتۆریی عوسمانیدا، ژمارەیەکی زۆر گرووپی ئیتنیکی، زمانی و ئایینی جۆراوجۆر هەبوون. ئەو فرە چەشنیە زۆر بە باشی لە زمانی ڕەسمیی ئیمپراتۆریی عوسمانیدا خۆی نیشان دەدا کە پێی دەگوترا تورکی عوسمانی. ئەو زمانە نوسخەیەک بوو لە تورکی کە پرپڕ بوو لە وشە و زاراوەی قەرزکراو لە عەرەبی و فارسی و زمانەکانی دیکە. دەوڵەتی تورکیە کە لەسەر خاکی پاشماوەکانی ئیمپراتۆریی عوسمانی دامەزرابوو، بەتوندی کەوتە ژێر کاریگەریی ئیدئۆلۆژییەکی ناسیۆنالیستی، کە بەمەبەستی پێکهێنانی هاوچەشنسازی لە کۆمەڵگادا، پێی لەسەر یەکیەتی، سیکۆلاریزم و دابەشنەبوونی کۆماری تورکیە و نەتەوەی تورک دادەگرت. کەمالیستەکان، کە بەناوی کەماڵ ئاتاتورک واتە بابی تورکان، دامەزرێنەری کۆماری تورکیە ناودێرکرابوون، دەیانەویست دەوڵەت-نەتەوەیەکی سیکۆلار لە سەر مۆدێلی ڕۆژئاوایی بۆ تورکەکان دروست بکەن تا لەو ڕێگایەوە ماڵاوایی لە پێشینەی “ڕۆژهەڵاتی” و “عوسمانی”ی خۆیان بکەن. بەو جۆرە، ئەو کۆمەڵگا فرە ئیتنیکی – فرە ئایینییەی کە وەک میرات مابۆوە و دەبوایە ببێتە بناخەی دامەزراندنی نەتەوەی تازە، کەمالیستەکانی لەگەڵ ناهاوهەنگاوییەکی مێژوویی بەرەوڕووکرد. هەر وەک دەڵێ: “کۆمەڵگای نەتەوەیی” هەر لەسەرەتایی دروست بوونی کۆمارەوە، دەبوایە لەسەر بناخەی فرە فەرهەنگییەکی زەق سازبکرێ، کە ڕاستیەکی دیموگرافی و میراتی موزائیکی عوسمانی بوو. ڕایەڵکەیەکی بەرین لە پەیوەندییە ئیتنیکی، زمانی و مەزهەبیەکان، نیگەرانی و دڵەڕاوکێیەکی زۆریان سەبارەت بە بەشەکانی پێکهێنەری ناسنامەیەکی ناڕوون، لە دونیای کۆمەڵایەتیەکی نا دیاردا هێنابووە گۆڕ (Cizre 2001: 229) .


ئاتاتوورک بۆخۆی بڕوای هێنابوو کە هۆیەکانی لاوازیی و لێکهەڵوەشانی ئیمپراتۆریی عوسمانی، بریتی بوون لە تەبیعەتی فرەکولتووری، هەووەها قبووڵکردنی ئەو فرەفەرهەنگییە لە لایەن عوسمانی خۆیەوە. ئاخر ئەوە ئیمپراتۆریی عوسمانی لەبەرانبەر دەستتێوەردانی دەرەکی و هەوڵی سەربەخۆییخوازانەی کەمایەتیە نەتەوەییەکانی وەک کورد و ئەرمەنیدا، کردبووە یەکەیەکی ناسک و زەربەهەڵگر.( uller 1996: 175) بە وتەی ئاتاتورک تورکەکان تەنیا لەڕێگای دامەزراندنی دەوڵەت- نەتەوەیەکی سێکولارەوە، کە هەموو دانیشتوەکانی هاوچەشن بن و بە تورکیش قسەبکەن، دەتوانن بگەنە ئاستی “شارستانیەتی هاوچەرخ”. ئەفسەرە نیزامیە ناسیۆنالیستەکان، کە بە هەستەی بیری کەمالیزم دادەنران، بە توندی کەوتبوونە ژێر کاریگەریی دیسکۆرسی ڕۆشەنگەری و بیرۆکەی فاشیزم و ناسیۆنالیزم، کە لە ئەورووپادا لە حاڵی گەشەوهەڵدان دابوون. بە ترسێک کە لە ئەزموونی هەڵوەشانی پڕ لە تەحقیری ئیمپراتۆریی عوسمانی هەیانبوو، گەیشتبوونە ئەو بڕوایە کە نەتەوە بەهێزەکان تاقە ئامرازی ڕێکخستنی دەوڵەتن. نەتەوە کۆمەڵگایەکی سێکۆلارە کە لەسەر بناخەی ئیدەئاڵە هاوبەشەکانی وەک کولتور، زمان و خاک دادەمەزرێ. زیا گۆکالپ، کە بناخە تیۆریکیەکانی ناسیۆنالیزمی تورکی داڕشتوون، کاتی خۆی گوتی کە “ئەمڕۆ لە ئورووپادا، تەنیا ئەو دەوڵەتانە کە لەسەر بناخەی یەک زمان دروست بووون، بڕوا دەکرێ کە داهاتوویان هەبێت”. (گۆکالپ 1981 [1918]: 81)


دەبێ بگوترێ گەلێک ڕوانگەی دیکەی لەو چەشنەش، کە لە لایەن ناسیۆنالیستەکانی پێشووترەوە بەیان کرابوون، هەر لەو پەیوەندیەدا بڵاو دەبووونەوە. هەموو ئەو ڕوانگانە پێیان لەسەر ڕۆڵێ بەهێزی زمان لە بنیاتنانی ناسنامەی نەتەوەیی دادەگرت. (Aydıngün and Aydıngün 2004)


هەر زوو لە ساڵی ١٨٧٨دا، نامیق کەماڵ شاعیری ناسیۆنالیست و بەناوبانگی عوسمانی گوتوویەتی “ لەکاتێکدا کە ئێمە هەوڵ دەدەین هەموو زمانەکانی دیکەی وڵاتەکەمان جگە لە تورکی لە نێو ببەین، ئایا لەبەرانبەر ئەمەدا دەبێ بۆ ئەلبانیەکان، کوردەکان و لازەکان ئەلفوبێ سازکەین تا وەک چەک بۆ مەبەستی دابەشبوون و تەفرەقە بە کاری بێنن؟ وادێتە بەرچاو کە زمان بە بەراورد لەگەڵ ئایین، لە سەر ڕێگای گۆڕانی میللەتێکدا، بە کۆسپێکی گەورەتر دابنرێ. (Arai 1994: 18)


هەروەک لەو نموونەیەدا دیارە، ڕیشەی سیاسەتی “بە تورک کردن”، دەگەرێتەوە بۆ دەورانی پێش دامەزرانی کۆماری تورکیە، واتە ئاخر و ئۆخری قەڕنی نۆزدە و سەرەتاکانی چەرخی بیستەم. ئەو کات ڕووناکبیرە ناسیۆنالیستە تورکەکان، بە تایبەتی ئەوانەی لە “جەمعیەتی ئیتیحاد و تەرەقی” دا چالاک بوون، بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە کوردەکان نە خاوەنی مێژوون و نەش زمانێکی سەربەخۆیان هەیە، هەربۆیە بە نەتەوەیەکی ڕەسەن لە قەڵەم نادرێن. لەو پەیوەندیەدا گەلێک کەس ڕاسپێردران تا لێکۆڵینەوەی کۆمەڵناسی و ئانتڕۆپۆلۆژی بە مەبەستی پاکانە کردن بۆ سیاسەتی بە تورک کردنی ئەنادۆڵ بە گشتی و کوردەکان بەتایبەتی بە ڕێوەبەرن. (Dündar 2001; Üngör 2008)

بەو جۆرە بۆمان دەردەکەوێ کە ئەو ستراتیژییە ڕۆڵێکی کاریگەری لە بردنەپێش و گارانتیکردنی دەسەڵات و هێژمۆنیی تورکەکان بەسەر گەلانی دیکەی وەک کوردەکاندا هەبووە و لەو ڕێگایەوە حاشایان لە مافی ڕەوای ئەوان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی تایبەت بە خۆیان کردووە. وەک ئەوەی کە لە پەیمانی سێڤەردا هاتووە. (1920).2 .
دواتر کەمالیستەکان، بەتایبەت ئەوانەی لە جەمعیەتی تەعالی و تەرەقیدا چالاک بوون، ئەوستراتیژانەیان زۆرتر بردنەپێش و وەک سیاسەتێکی رێکوپیک و سیستەماتێک درێژەیان پێدان. پاش دامەزرانی کۆماری تورکیە، بەرەبەرە حاشا لە هەبوون و مەوجودییەتی زمانی کوردی، ناسنامە و قەڵەمڕەوی خاکی کوردستان کرا. تەنانەت سیاسەتێکی ڕەسمیی ئەوتۆ پیادەکرا کە بانگەشەی بۆ ئەوە دەکرد کە هیچ کوردێک لە تورکیەدا نیە. تەنیا هێندێک لەس لەو پەیوەندییەدا هەن کە “تورکبوون”ی خۆیان فەرامۆش کردووە. حاشاکردن لە هەبوونی کورد و سەرکوتی بێوچانی زمان و کولتوری کوردی، جەوهەری سیاسەتی تورکیەی بەرانبەر بە کورد پێک هێناوە. سیاسەتێک کە لە سەرتاسەری سەدەی بیستەمدا لەلایەن دەوڵەتی تورکیەوە بەردەوام بەرێوە چووە.

پڕۆژەی نەتەوەسازیی کەمالیستی، بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانەو لەسەرەوەڕا بۆ خوارێ، لەلایەن ئێلیتی دەوڵەتی نەتەوەییەوە، کە خۆیان بە نوێنەری پێشکەوتن و مۆدێرنیتە دەزانی پیادە کرا. خەڵکانێک، کە زۆربەی هەرە زۆریان دێنشین، نەخوێندەوار و هەژار بوون و لە ڕێگای شەڕێکی چەندین ساڵە و زەبروزەنگ و کۆچی بە کۆمەڵ و بەزۆرییەوە ڕادەگوێزران، بەسەختی بڕوایان بەوەدەکرد کە ئەوان خەریکە مۆدێرن دەبن یان سەرەڕای ویستی خۆیان “مۆدێڕن” دەکرێن. هەر لەدەیەی ١٩٢٠ بەم لاوەوە دەوڵەت، دامودەزگا دەوڵەتی و “ڕووناکبیران”ی دەسەڵاتدار، بە پێداگرتن لەسەر بایەخی چەمکەکانی ناسیۆنالیزم، شارستانیەت، زانست، خوێندنی مۆدێرن، ڕاسیۆنالیزم و سیکۆلاریزم، تێکۆشاون “نوێ” لە جێگای “کۆن” دامەزرێنن. لەو ڕوانگەیەوە، دەتوانین بڵێین کە هەرچەند تورکیە قەت بە ڕەسمی نەکەوتۆتە بەر دەسەڵاتی ئیستعمار، بەڵام ئیلیتی کەمالیست، شەڕێکی ڕزگاریخوازانەی بە دژی هێزە داگیرکەرە ڕۆژئاواییەکان بەڕێوەبردووە (1920-1922). کەچی کەمالیستەکان بۆخۆیان لە چوارچێوەی دیسکۆرسی ئۆرینتالیستی و ئورۆ سێنتریستیدا جوڵاونەتەوە. ئەوان هۆکاری سەرەکی بەرهەمهێنانەوەی سیاسەتە ئیتنیکی – ئیستعمارییەکان بوون لە تورکیەدا. بەو جۆرە دەتوانین باس لە نوسخەی تورکی”ئەرک و مەئموریەتی پیاوی سپی” بکەین کە ئامانجی بریتی بوو لە “بە شارستانی کردن” و پێشخستی زمان و کولتووری کۆمەڵگای”ڕۆژهەڵاتی” و “دواکەوتوو” لە ڕێگای ڕیشەکێشکردنی کولتوری دواکەوتووانەی ئیسلامی و ناسنامە بیدائی و سەرەتاییەکانەوە. بۆزانیاری زیاتر لەوبوارەوە تەماشای ئەو سەرچاوەیە بکە. (Zeydanlıoğlu [2007]; [2008.) لە تورکیەدا ئەو پرۆسەی “خۆ بە ڕۆژهەڵاتی کردن”ە (Dirlik 1997: 111) لە ئاستێکی بەریندا خۆی لە هەوڵدان بۆ وەڕێخستنی “گۆڕینی شارستانیەتی” دا دەدیتەوە. واتە وەڕێخستنی شۆڕشێکی مۆدێرن بو گۆڕینی” نەزم و سیستەمی کۆن”. شۆڕشێک کە دەبوو چاکسازیی قووڵ لەهەموو بوارەکانی سیاسی، ئابووری، پەوروەردە، قانوون، جلوبەرگ، مۆسیقا، ئەدەبیات، ساختمانسازی و هونەر و … هتد دا پێک بێنێ.


بە شێوەیەکی سروشتی، هەروەک لە زۆربەی بەرنامە ناسیۆنالیستیەکانی دیکەش دا هەروایە، لە پڕۆژەی نەتەوەسازیی کەمالیستەکانیشدا، زمان کەوتبووە چەقی قورسایی پڕۆژەکەوە. تورکی وەک زمانی هاوبەش لە نێوان هەموو هاوڵاتیانی تورکیەدا، ڕۆڵیکی گرینگی لە پەرەپێدانی کەمالیزم وەک ئیدئۆلۆژیی ڕەسمی دا گێڕا. لەوەش زیاتر وەک ئامرازێک بۆ لەنیوبردنی ئەو تایبەتمەندییە کولتوری، ئیتنیکی و زمانیانە کەڵکی لێ وەردەگیرا، کە وەک میرات لە عوسمانیەوە مابوونەوە و بە کۆسپی سەر ڕێگای دروستکردنی نەتەوەی نوێ دادەنران. بەو جۆرە ئەو پلۆرالیزمەی لە ئیمپراتۆریی عوسمانیەوە وەک میرات مابووە، وەک ناهاوهەنگاویی مێژوویی، وەک کۆسپ و تەگەرە و پاشماوەی “شارستانیەتی ڕۆژهەڵاتی” سەیر دەکرا. بەو جۆرە زەمینەی بەلاتینیکردنی زمانی تورکی بە زۆرەملی و بە شێوەیەکی خێرا دروست بوو. ئەمەش وەک فاکتۆرو تایبەتمەندیەکی کاریگەر بۆ پێناسەکردن و بردنەپێشی ناسنامەی مۆدێرنی نەتەوەیی تورک کەڵکی لێ وەرگیرا. لە ئاکامدا دە توانین بڵێین ئامانجی پرۆژەی چاکسازی کەمالیستەکان لە بواری زماندا بریتی بوو لە “ پاککردنەوە”ی زەین و بیری تورکی لە “دواکەوتوویی” و “دینداری” و بردنەپێشی ناسنامەی ڕاستەقینە و سەپاندنی زمانی تورکی وەک زمانی زاڵ بەسەر هەموو بوارەکانی ژیاندا. مەبەست لە پاک کردنەوەی تورکی بریتی بوو لە بە ڕۆژئاوایی کردن و “بە زانستی کردن”ی زمانی تورکی و پێکهێنانی ئالوگۆڕی پێویست تێیدا تا بتوانێ ئەو پرۆسەیە لە خۆیدا جێ بکاتەوە. وەک جێفری لویس دەڵێ ئامانج لەو ڕیفۆرمە قووڵانە ئەوەبوو کە لەلایەک پەیوەندییەکانی تورکیە لەگەڵ ئیسلامی ڕۆژهەڵاتی لێک داببڕێ و لەلایەکی دیکەشەوە کۆمیونیکاسیۆن و پەیوەندیی نێوخۆی تورکیەو هی تورکیە لەگەڵ دونیای ڕۆژئاوا ئاسان بکات.” . (لوئیس 1999: 27). گرینگترین چاکسازی لەپەیوەندیی لەگەڵ زماندا، بریتی بوو لەو ڕیفۆرمەی کە لەساڵی ١٩٢٨دا ڕوویدا. (Dil Devrimi).


بە گوێرەی ئەو ڕیفۆرمە ئەلف و بێی لاتینی جێگای ئەلف و بێی عەرەبی گرتەوە کە تا ئەوکات بەکار دەبرا. یونس نادی، یەکێک لە ڕووناکبیرە بەرجەستەکانی کەمالیست، کە بە دامەزرێنەری ڕۆژنامەی کەماڵیستی ودەوڵەتی جمهوریەت دادەنرێ، دەڵێ مەبەست لە گۆڕینی ئەلف و بێی عەرەبی بۆ لاتینی بریتی بوو لە “ئاوێتەکردنی تورکیە لەگەڵ ئورووپا لە بواری مادی و واقعییەتەوە”. (احمد 1993: 82).


بە وتەی ئاتاتورک تا ئەو کاتەی کە تورکی لە ڕاستەوە بۆ چەپ دەنووسرێ، ناتوانێ ببێتە نوێنگەی ئیدەئالەکانی شارستانیەتی و تەمەدونی ئورووپایی. دەبێ بگوترێ شێوەخەتی عەرەبی، کە زەمینەیەکی ئاڵۆز و ڕووحیەیەکی شەرقیی تایبەتی هەیە، خۆی لەخۆیدا وەک دوژمنێکی ڕاستەقینەی جمهوری بەحسێب دێت. (شولاك2004: 73).

ئەو شۆڕشە زمانیە، ڕۆڵێکی گرینگی لە بەرەوپێشبردنی فەرهەنگی نەتەوەیی و بیرۆکەی زمانی تورکیی خالیس و پاکدا گێڕا. بە پێی یاسای قبووڵکردن و پیادەکردنی ئەلفوبێی تورکی کە لەساڵی ١٩٢٨دا دەرچوو(Türk Harflerinin Kabulü ve Tatbiki Hakkında Kanun (1928)3)، هەموو دامەزراوە دەوڵەتی و کۆڕوکۆمەڵە خسوسیەکان دەبوایە لەو ئەلفوبێیە کەڵک وەرگرن. (Yildiz and Fryer 2004: 22). مەبەستی سەرەکی لەو شۆڕشە ئەوەبوو کە هەموو هاووڵاتیان لە ڕێگای یەک زمانی هاوبەشەوە بتوانن خۆیان بە بەشێک لە نەتەوەی نوێ بزانن. بەو جۆرە قسەکردن بە زمانی تورکی، بوو بە گەورەترین مەرج و پێوانەی تورک بوون. لەو بوارەوە ئاتاتورک دەیگووت “ کەسێک نەتوانێ بە تورکی قسە بکات، بە زەحمەت دەکرێ بڕوای پێ بکەین کە سەر بە کولتور و کۆمەڵگای تورکیەیە.”. (Okutan 2004: 181). یاساپەسندکراوەکانی دیکەش هەر هەمان مەبەستیان هەبوو. بۆ نموونە یاسای یەکخستنی پەروەردەو فێرکردن. (Tevhid-i Tedrisat Kanunu) (1924). دەبێ بگوترێ ڕیشەی ئەو یاسایە دەگەڕێتەوە بۆ ڕیفۆڕمەکانی چەرخی نۆزدەهەم لە سەردەمی عوسمانیدا. ئامانجی ئەو چاکسازییە بریتی بوو لە وەی کە سیستەمی پەروەردە و فێرکردن ببێتە سیستەمێکی خاوەن ناوەندی تایبەتی و سیکۆلارو لەبواری جنسیەتیەشەوە ببێتە سیستەمێکی تەرکیبی.

ئەو یاسایە هەموو شێوە جۆراوجۆرەکانی خوێندن و فێربوونی کە لە قوتابخانە سوننەتی و دامەزراوە ئاینیەکاندا بە زمانەکانی دیکەی وەک کوردی بەڕێوە دەچوو، قەدەغەکرد. هەروەها یاسای ناوی خانەوادەگیش هەر بۆ مەبەستێکی لەو چەشنە پەسند کرا. (Soyadı Kanunu) (1934). بەگوێرەی ئەو یاسایە دەبوایە هەموو هاوڵاتیان ناوێکی تورکیان وک ناوی خانەوادەگی بۆخۆیان دیاری کردبا، یا ناوێکیان هەڵبژاردبا کە ڕیشەی توورکی هەبوایە بە درێژایی هەردوو دەیەی ١٩٢٠ و ١٩٣٠، ڕێژیمی کەمالیستی تورکیە، هەموو تواناو ئیمکاناتی خۆی بۆ پەرەپێدان و بڵاوکردنەوەی زمانی تورکی و ئەو ئیدە و سیاسەتانە تەرخان کرد کە بە بەرهەمی ئەو چاکسازییە زمانیە دادەنران کە باسمان کرد. بۆ نموونە لە ساڵی ١٩٢٧دا کەمپەینێکی بەرینیان بە ناوی “هاوڵاتی بە تورکی قسەدەکات” وەڕێخست. (Vatandaş, Türkçe Konuş!). ئەو کەمپەینە لە ساڵی ١٩٣٧دا گەیشتە لووتکەی خۆی. لەو بوارەوە دەوڵەت پۆستێری تایبەتیی لەسەر هەموو دیوارە گشتیەکاندا هەڵدەواسی. بۆڵتێن و بەیاننامەی تایبەت بەو مەسەلەیە لە هەموو شوێنە گشتیەکاندا بڵاو دەکرانەوە. پەیامی سەرەکیی هەموو ئەو بڵاوکراوانە ئەوەبوو کە لە تورکیەدا خەڵک دەبێ بە تورکی قسەبکەن. (Sadoğlu 2003: 275–290).


یەکێک لەو دامەزراوانەی کە لە و شۆڕشە زمانیەدا، ڕۆڵێکی بنەڕەتی گێڕا، بریتی بوو لە ئەنستیتۆی زمانی تورکی، (Turk Dil Kurumu) کە بە ئیبتیکار و پشتیوانیی ئاتاتورک لە ساڵی ١٩٣٢دا دامەزرا. ئەرکی ئەو دامەزراوە دەوڵەتییە بریتی بوو لە ساخکردنەوەی زمانێکی هاوبەش و یەکگرتوو کە خزمەت بە بنیاتنانی نەتەوەیەکی یەکگرتوو بکات. ئامانجی ئەنستیتۆی زمانی تورکی ئەوەبوو کە زمانێکی پاک و خالیسی (öz Türkçe) تورکی ساخ کاتەوە. وشە و دەستەواژە فارسی و عەرەبیەکان وەلانێ و لە جێگای ئەوان وشەی تورکیی خالیس بە کەڵکوەرگرتن لە زاراوە جۆراوجۆرەکانی تورکی بەکار بینێ. ئەو ئەنیستیتۆیە بەشێک لە زەڕادخانەی سیاسەتی کەمالیزم بوو کە هەمان پڕۆژەی دەبردە پێش، بۆ نموونە ئەنستیتۆی مێژوو. (Türk Tarih Kurumu). ئامانجی ئەو دامەزراوەیەش بریتی بوو لە نووسین و بڵاوکردنەوەی مێژوویی نوێی نەتەوەی تورک. دەوڵەت لە ڕێگای ئەو دامەزراوانەو گەلێک بنکەو بنیاتی دیکەی لەو چەشنە، توانی هەموو ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی زانست و زانیاری بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی. دیارە ئەو دوو ئەنستیتۆیە لە بردنە پیشی سیاسەتی کەمالیستەکاندا ڕۆڵی بەرچاویان گێرا. بە ئیبتیکاری ئەوان لە دەیەی ١٩٣٠دا، گەلێک کۆنفرانس پێک هاتن کە ئامانجیان بریتی بوو لە سازکردنی نەزەریەی زانستی بۆ پاکانەکردن بۆ زمانی تازەی تورکی، نەتەوەی تورک ، مێژوو و ئەفسانە و ڕەچەڵەکی داستانە تورکیەکان. مەبەست ئەوە بوو کە هەستی شانازیی بەخۆبوون لە هاووڵاتیانی تازەی تورکیدا بخوڵقێنن. جیا لەوە ئەوان تێدەکۆشان کە هەموو دیسکۆرس و ڕیوایەت و خوێندنەوەیەکی دیکە بۆ ناسیۆنالیزم کە لەگەڵ ڕیوایەتی ئەوان نەدەهاتەوە بخەنە ژێر پرسیار. ئەو کۆنفڕانسانە “تێزی مێژووی تورکیە” (Türk Tarih Tezi) و”بیردۆزیی زمانی خۆ” (Güneş-Dil Teorisi) یان لێ کەوتەوە. هەردووکی ئەو تیۆرییانە بەڵگەیان بۆ ئەوە دەهێنایەوە کە تورکەکان لە مێژوودا نەتەوەیەکی “فەرهەنگ ساز” بوون، پەرەیان بە شارستانی داوە، سەرزەمینەکانی ئەوان (ئاسیای نێوەڕاست و ئانادۆڵی) هەمیشە لانکی شارستانیەتیی مرۆڤایەتی بوون. لەبەر ڕووناکایی “بیردۆزیی زمانی خۆر”دا هێندێک لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی ئەنجام دران، کە بە گوێرەی ئەوان، بەڵگە و دۆکیۆمێنتی ئەوتۆ “دۆزرانەوە”، کە دەریان دەخست زمانی تورکی بە سەرچاوەی هەموو زمانەکانی دیکە دادەنرێ. دیارە مێژووی سەرهەڵدانی ئەو جۆرە بیرۆکانە دەگەڕێتەوە بۆ ڕابردوویەکی دوورتر، واتە بیرۆکە ناسیۆنالیستییەکانی کۆتاییەکانی قەڕنی نۆزدەی سەردەمی عوسمانی. بەڵام لەو قۆناخە تازەیەدا شکڵێکی سیستەماتیکیان بەخۆوە گرت و توانای ئەوەیان پەیداکرد کە لەڕێگای دامودەزگا دەوڵەتی و ڕاگەیەنە گشتیە نوێیە سەرانسەرییەکان، بە شێوەیەکی بەرین لە نێو خەڵکدا بڵاو ببنەوە. İbrahim Necmi Dilmen سکرتێری گشتی ئەنستیتۆی زمانی تورکی، لە سێهەمین کۆنفرانسی ئەنستیتۆکەدا، کە لەساڵی ١٩٣٦ دا پێک هات، ئامانجە ئەسڵیەکانی ئەو دامەزراوەی ڕوون کردنەوە و گووتی” بە ئاسانی دەتوانین شوێنەوار و حزووری فەرهەنگی تورکی لە هەموو ئەو زمانانەدا پەیدا بکەین کە مێژوو بە خۆیەوە دیتوون، بە پشتبەستن بەو خەتە سەرەکیە مێژووییانە، بۆمان دەردەکەوێ کە تورکی ڕەچەڵەک و سەرچاوەی هەموو زمانەکانە.” (Üçüncü Türk Dili Kurultayı 1937: 64–65).


لە ڕێگای ئیستدلالی لەو جۆرەوە، لەلایەک “گەورەیی” تورکەکانیان “دەسەڵماند” و، لەلایەکی دیکەشەوە دیسکۆڕسی ڕۆژهەڵاتناسانەی ئەورووپایان ڕەت دەکردەوە کە کە تورکیان بە “دواکەوتوو” لە قەڵەم دەدا و دەیان گووت هیچ ڕۆڵێکیان لە شارستانیەت دا نەگێڕاوە. بۆ رێبەرانی کەمالیستەکان گرینگ بوو کە بە “ڕۆژئاوا” نیشان بدەن کە تورکەکان نە دواکەوتوون و نە سەربە “ڕەگەزی زەردن”، بەڵکوو سەر بە “ڕەگەزی سپی”ن کە بە رەگەزێکی پێشکەوتوو دادەنرێ. کەڵکوەرگرتن لەو زاراوانە، لە جیاتی ئەوەی کە ئاکامی گۆڕانکاریەکی قووڵی فیکری بێت، هەوڵێک بوو بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو مەحکوومیەتەی کە تورکەکان، سەبارەت بەو سیاسەتە ڕەگەزپەرستیانەی کە بەرێوەیان دەبرد، لەگەڵ بەرەوڕوو بوون. ئەوان بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو مەحکوومییەتە بەرینەی لەگەڵی دەستەویەخە بوون کەڵکیان لە تێرمینۆلۆژی تەخەسوسی وەردەگرت. (Aytürk 2004: 19). تورکەکان وەک “هەڵگری شارستانیەتی” و “بڵاوکەرەوەی شارستانیەتی” دەناسێنران. لەوەش زیاتر دەگوترا کە بە شێوەیەکی سروشتی ئەرکی تورکەکان ئەوەیە کە شارستانی و تەمەدون لە نێو “خەڵکانی دواکەوتوو”دا پەرە پێ بدەن. (Aydın 2001: 346). بە گوێرەی بیردۆزیی زمانی خۆر، تورکی بەسەرچاوەی هەموو زمانەکان دەزانرێ. چوونکە تورکی زمانی شاڕستانیەتە، دەبێ جێگای هەموو زمانە “غەیرە شارستانیەکان” بگرێتەوە. بۆ نموونە یەکێک لە لێکۆڵەرەوەکان، بەناوی جەلال سەحیر بەگ، لە یەکەمین کۆنفرانسی زمانی تورکی لە ساڵی ١٩٣٢دا گوتی: ئەو تیۆرییە تەنیا زمانی نەتەوە پێشکەوتووەکان دەگرێتەوە . “بێ شک زمانی عەشیرەتە ناشارستانیەکان ناگرێتەوە”. (Birinci Türk Dil Kurultayı Müzakere Zabıtları 1933: 438).


وەک “ئەلسترا بۆنت” دەڵێ، ناسیۆنالیزمی تورکی لەو دەورەیەدا “شێوەیەک لە ئۆڕێنتالیسم بەکار دەهێنی، کە لەوێدا ڕۆژهەڵات بە قەڵەمرەوێکی جودا وسەرەتایی دادەنرێ. ئەو قەڵەمڕەوە لە ڕۆژئاوا جیایەو بۆ خۆی مودێلێکە کە لەوێدا تورک وەک ناسنامەیەکی نەتەوایەتی نموونەیی و ئیدەئاڵ دەناسێنرێ.”. (Bonnett 2004: 74-76). کاربەدەستانی دەوڵەت بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو بیروبۆچوونانە هەوڵ و کۆششێکی زۆریان لە سەرتاسەری کۆمەڵگادا لە خۆیان نیشان دا. بۆ نموونە لە قوتابخانەکاندا، لە ڕێگای کتێبە دەرسییەکان. هەروەها ئەو تیۆرییانە بوون بە بناخەی مێژوونووسیی تورکی و بوون بە سەرچاوەی سیاستگوزاریی ڕەسمی. لەوەش زیاتر کاریگەری و شوێنەواری خۆیان لەسەر ئەدەبیات، تیئاتر و ڕۆژنامەنووسیی ئەو دەورەیە دانا. تا دەیەی ١٩٧٠، هەر لێکۆڵینەوەیەکی کۆمەڵناسی و مێژوویی ئەگەر لەبەر ڕووناکایی ئەو تیۆرییانەدا نەنووسرابان و ئەوانیان پەسند نەکردبان، بڵاو نەدەکرانەوە. (Nezan 1993: 76). ڕاستییەکەی ئەوەیە، ئەو تیۆرییانە ئێستاش بەڕادەی جۆراوجۆر، شوێنەواریان لەسەر دەوڵەتی هاوچەرخ، سوپا، زانکۆ و دیسکۆرسی زاڵ لە تورکیەدا هەیە. (Copeaux 1998).



دووهەم: دەوڵەتی تورکیە و زمانی کوردی

دەتوانین بڵێین کە مەسەلەی کورد بە گەورەترین گیروگرفت دادەنرێ کە کۆماری تورکیە هەرلە سەرەتای دامەزانییەوە لەگەڵی بەرەوڕوو بووە. کوردەکان لە ڕووی فەرهەنگی و زمانییەوە بە گەورەترین گرووپی جیاواز دادەنرین کە کەوتنە ژێر باری قورسی پڕۆژەی نەتەوەسازیی کامالیستەکان. لە ئاکامدا حاشا لە مەوجوودییەتیان کرا، زمان و ناسنامە و فەرهەنگیان قەدەغەکرا. ئەوە لە کاتێکدا بوو کە لە دەورانی عوسمانیدا میرنشینە کوردییەکان تا ڕادەیەک خاوەنی حوکمی خۆبەرێوەبەریی بوون و لەلایەن ئیمپڕاتۆریی عوسمانیەوە، وەک بەشێک لە حەشیمەتی موسوڵمان دەناسران. کەچی سەرەڕای ئەوەش، هەر لە دەیەکانی سەرەتای دروستبوونی کۆماری تورکیەدا ، کوردەکان وەک گروپێکی ئیتنیکی جیاواز، لە دیسکۆرسی ڕەسمیی ئەو وڵاتەدا جێگایەکیان بۆ نەما. کاربەدەستان هەموو هەوڵ و کۆششی خۆیان دەکار کرد تا بە زۆری “بیانکەن بە تورک”. بۆ وەدیهێنانی ئەو مەبەستەش لەپێشدا زمانی کوردییان کردە ئامانج. وەک دۆناڵد بلکسام دەڵێ “هێرش بۆسەر کورەکان لە ژێرپەردەی خەباتێکی بەرین بە دژی نفووزی مەزهەب و دابونەریتە دواکەوتووەکان دەستی پێ کرد. ( ڕاستە کوردەکان دژی سیکۆلارسیۆنی توند بوون). سەرەنجام حاشاکردن لە مەوجوودییەتی ئیتنیکەکانی دیکە بوو بە نەریتێکی سیاسیی کۆماری تورکیە. لە ئاکامدا بەملێۆنان کورد بە تورکی کێوی لە قەڵەم دران”. (Bloxham 2005b:230).

بەم جۆرە لە سیاسەت و دیسکۆرسی دەوڵەتی تورکیەدا، هەبوونی کوردەکان هەم حاشای لێ کرا هەم وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر جەوهەر و ماهییەتی ناسنامەی دەوڵەت دانرا. لەو دیسکۆرسە زاڵەدا هیچ جێگایەک بۆ وشەکانی “کورد”، “کوردستان” و” کێشەی کورد” نەبوو. لە جیاتی ئەوە لەو پەیوەندییەدا لە زاراوەکانی وەک “تورکی کێوی”، “ڕۆژهەڵات”، “چەتە”، “سیاسەتی کۆنەپەرستانە”، “بەربەرەکانێی عەشیرەتی”،” دواکەوتوویی ناوچەیی” کەڵک وەردەگیرا. لەوەش زیاتر بۆ ئەوەی کوردەکان لە بواری فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەوە وەک خەڵکێکی دواکەوتوو بناسێنن، ئەو زاراوانەیان بەکار دەهێنان. موسوڵمانی سادە، دواکەتوو، ڕێگریی عەشیرەتی، قاچاخچی و ئەو جووتیارانەی کە لەلایەن ئاغاکانەوە دەچەوسێندرێنەوە. بەو جۆرە ئەو ساختارە هێژمۆنیکە، کە لە بواری (Yeğen 1999) فیزیکیشەوە لە لایەن سوپاوە پشتیوانیی لێ دەکرا، زەمینەی بۆ سەرکوتی کوردەکان پێک هێنا. ئەو پەلامارە لە پێشدا لە بواری زمانەوە دەستی پێ کرد. ئاخر زەقترین نیشانەی جیاوازیی نیوان کوردەکان و تورکەکان زمان بوو. بۆیە لەنێوبردنی زمانی کوردی و زمانە غەیرە تورکییەکانی دیکە، بوو بە ئامانجی سەرەکیی پڕۆژەی نەتەوەسازیی دەوڵەتی تورکیە.


کوردەکان تەنیا بەوە نەدەبوونە “تورک” کە تورکیان وەک زمانی تازە و کەمالیزمیان وەک ئیدئۆلۆژیی خۆیان قبووڵ کردبوایە، بەڵکوو دەبوایە دەستبەرداری زمانی زکماکی و فەرهەنگ و میراتی خۆشیان بن. کەواتە دەتوانین بڵێین کە مێژووی هاوچەرخی تورکیە هەر بە تەنیا مێژووی نادیدەگرتن و سەرکوتی ناسنامەی ئیتنیکیی کوردەکان نیە، بەڵکوو بریتییە لە سیاسەتێکی درێژخایەن بۆ لەنێوبردنی زمانی کوردیش. بۆیە سیاسەتی دەوڵەتی تورکیە بەرانبەر بە
زمانی کوردی، بە “جینۆسایدی زمانی” یا “زمانکوژی” یا هەوڵێکی ئاگایانە بۆ لەنیوبردنی زمانێک بە حیساب دێت.

(Hassanpour1992, 1993, 2000; Skutnabb-Kangas and Bucak 1995; Hassanpour, Skutnabb-Kangasand Chyet 1996; Skutnabb-Kangas 2000, 2005; Skutnabb-Kangas and Fernandes 2008; Skutnabb-Kangas and Taylor 2009; Skutnabb-Kangas and Dunbar(2010).

هەروەک Tove Skutnabb-Kangas و Sertaç Bucak دەڵێن، “بۆئەوەی زمانێک بکوژی، یا دەبێت ئەوانە بکوژی کە بەو زمانە دەدوێن، یا دەبێ کارێکی وا بکەی کە ئەوان دەست لە زمانی زکماکیی خۆیان هەڵگرن. تورکیە هەوڵ دەدا کە کوردەکان واز لە زمانی زکماکیی خۆیان بێنن و لە جیاتی کوردی، تورکی وەک زمانی زکماکی بەکار بەرن.” Skutnabb-Kangas و Bucak 1995: 362).

بۆ وەڵامدانەوە بە سیاسەتی سکۆلیراسیۆن، ناوەندگەرایی و وەکیەکسازیی دەوڵەتی تورکیە، کوردەکان لە ماوەی ساڵەکانی نێوان ١٩٢٥، ١٩٢٧-١٩٣٠ و ١٩٣٧-١٩٣٨ دا گەلێک شۆڕش و ڕاپەڕینیان بەڕێوە برد. دەبێ بگوترێ کە هەموو ئەو ڕاپەڕینانە بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە سەرکوت کران. لە ئاکامدا خەڵكێکی زۆر دوور خرانەوە، ناچار بە کۆچی زۆرەملی کران و لە شوێنی دیکە نیشتەجێ کران. هەروەها حەشیمەتێکی زۆری کورد قەتڵوعام کران. بۆ نموونە وەزیری نێوخۆ، پاش سەرکوتی شۆڕشی شیخ سەعید، لە ڕاپۆرتێکدا بەناوی “گەڵاڵەی ئیسلاحاتی شەرق” دەڵێ، ئوستانە کوردنشینەکان دەبێ بە “شێوەی ئیستیعمار”ی ئیدارە بکرێن و خەڵکەکەی لە ڕێگای کۆچی زۆرەملێ و نیشتەجێکردنەوەی سەرلەنوێ بکرێنە تورک. وەک بەشێک لە بەرنامەی “ڕیفۆرمی ناوچەکە” لە ساڵی ١٩٣٤دا دەوڵەت ‘قانوونی نیشتەجێکردن”ی پەسند کرد. مەبەستی سەرەکی لەو قانوونە ئەوە بوو کە کوردەکان لە زێدی خۆیان ڕاگوێزێ و لەو ڕێگایەوە ئینسجامی کۆمەڵایەتیی ئەوان لەبەین بەرێ و لێکیان بڵاو بکات. کۆمیتەی کاروباری نێوخۆیی قانوونی نیشتەجێکردن پێی لەسەر ئەوە دادەگرت کە بەپێی ئەو قانوونە، کۆماری تورکیە بۆ پێشخستنی هەموو تورکەکان کە یەک زمان و ڕەگەز و مێنتاڵیتەی هاوبەشیان هەیە، تێدەکۆشێ. ئەو “تورکانە” کە “تورک بوون”ی خۆیان فەرامۆش کردووە، دەبێ ناچار بکرێن سەرلەنوێ وەدەستی بێننەوە. (Yıldız 2001: 242-253). ساڵێک دواتر یاسایەکی تایبەتی بە مەبەستی “ئازاد”کردن، “موتەمەدن” کردن و “پاراستن”ی خەڵکی “جێگای بەزەیی”ی ئوستانی دەرسیم پەسندکرا. ئامانجی ئەو قانوونە بریتی بوو لە لەنێوبردنی سترەکتوری عەشیرەتیی ناوچەکە و باشتر “موتەمەدن” کردن و “ئاوێتە”کردنی خەڵکی ناوچەکە. (Yildiz 2001:258-259).


هەموو ئەو سیاسەتە، کە شتێک نەبوو جگە لە ئەندازیارییەکی کۆمەڵایەتی بەزۆری و زۆرەملی، تەواو بە پێچەوانەی پەیمانی لۆزان بوو. لە مادەی ٣٩ی ئەو رێککەوتننامەیەدا هاتووە کە:

هیچ کۆسپێک لە سەر ڕێگای کەڵکوەرگرتنی ئازادانەی هاووڵاتیانی تورکیە لە هەرزمانیک کە خۆیان بیانەوێ، لە گۆڕێدا نیە. ئەوە هەموو بوارەکانی ژیانی خسوسی، بازرگانی، دین، چاپەمەنی و کۆڕ و کۆبوونەوە گشتیەکان دەگرێتەوە. سەرەڕای هەبوونی زمانێکی ڕەسمی، هەموو هاووڵاتیانی تورکیە، کە بەزمانێکی غەیرە تورکی قسە دەکەن، ئیمکانی ئەوەیان بۆ دەستەبەر دەکرێت کە بە شێوەی شەفاهی لە بەرانبەر دادگاکاندا، لە زمانی خۆیان کەڵک وەرگرن.



سێهەم: کودیتا نیزامیەکان و سیاسەتە زمانییەکان

تورکیە لە نیوەی دووهەمی سەدەی بیستەمدا گەلێک ئاڵوگۆڕی گرینگی بە خۆیەوە دیتن، وەک گۆڕان بەرەو سیستەمی چەند حیزبی و هەروەها هەڵبژێرانی حیزبی دێموکرات لە ساڵی ١٩٥٠دا. حیزبی دێموکرات توانی پشتیوانییەکی بەرینی ئەو چین و توێژانەی کۆمەڵ وەدەست بێنێ کە لە دەورانی حکومەتی تاک حیزبیی کەمالیستەکاندا بێدەنگ کرابوون. ( ١٩٢٣-١٩٥٠). کەچی سەرەڕای ئەوەش سیاسەتی بەتورککردنی کوردەکان وەک سیاسەتێکی دەوڵەتی، هەر درێژەی کیشا. هەروەها ئەو سیاسەتە زمانکوژییەی کە لە مێژ بوو سەبارەت بە کوردەکان بەڕیوە دەچوو، نەک هەر لە جێگای خۆی مایەوە، بەڵکوو لەگەڵ هەر کودیتایەکی نیزامیدا، بەهێزترو توندتریش دەبوو. (١٩٦٠، ١٩٧١ و ١٩٨٠). کەمالیزم وەک بناخە و جەوهەری ئیدئۆلۆژیی دەوڵەتی تورکیە ئیدامەی پەیداکرد، هەر بۆیە حاشاکردن لە ناسنامەی ئیتنیکیی کوردی و بردنەپێشی زیاتری ئەو سیاسەتەش بە شێوەیەکی سیستەماتیک درێژەی کێشا. لەساڵی ١٩٥٠دا، قانوونی ژمارە ٧٢٦٧ پەسند کرا. بە گوێرەی ئەو قانوونە “ئەو گوندانەی کە ناوەکانیان تورکی نیە و دەبنە مایەی سەرلێشێواوی، دەبێ لە کورتترین ماوەدا پاش ڕاوێژکردن لەگەڵ کۆمیتەی هەمیشەییی پارێزگا، ناوەکانیان بگوڕدرێ”.(.Yildiz and Fryer 2004:23).

ئەسڵی ٥٤ی قانوونی ئەساسی تازە کە لەساڵی ١٩٦١دا لەلایەن حکومەتی نیزامییەوە ئامادە و پەسند کرا، حکومەتێک کە لە ڕێگای کودیتاوە دەوڵەتی هەڵبژێردراوی حیزبی دێموکراتی لەسەر کارلابرد و سەرۆک وەزیران، عەدنان مێدرێسی لە سێدارە دا، سەرلەنوێ پێی لەسەر ئەو مادەیەی قانوونی ئەساسیی پێشوو داگرتەوە کە دەیگووت: “هەرکەسێک کە وەک هاووڵاتی پەیوەندی بە تورکیە وە هەیە، تورکە”٤. بەو جۆرە قانوونی ئەساسیی نوێ، سەرلەنوێ پێی لەسەر کەمالیزم وەک ئیدئۆلۆژیی هەمیشەیی دەوڵەتی تورکیە داگرتەوە. مانای ئەوە بوو کە شۆڕشی ئاتاتورک گەڕانەوەی بۆ نیە. لە مادەی ٥٨ی ئەو یاسایەدا سەبارەت بە هەڵبژاردن و ناونووسیی کاندیداکان لە هەڵبژاردنەکاندا هاتووە کە: “کەڵکوەرگرتن لە هەر چەشنە خەت و زمانێک جگە لە خەت و زمانی تورکی لە کاتی ناونوسین و پڕۆپاگەندەی هەڵبژاردندا لە رادێو وتەلەفزیۆن یا هەر شێوە تەبلیغاتێکی دیکە قەدەغەیە.” (Yildiz and Fryer 2004: 26). ئەو یاسایە بە شێوەیەکی سیستەماتیک بۆ سەرکوت و زیندانیکردنی کەسانی کوردزمان و هەموو ئەو کەسانە دەکار دەکرا کە جورئەتی ئەوەیان هەبوو وەزعەکە بخەنە ژێر نیشانەی پرسیار. پاش کودیتاکە ٤٥٠ کەس لە ڕووناکبیرانی بەرجەستەی کورد، کە ڕەخنەیان لە سیاسەتەکانی دەوڵەت گرتبوو، گیران و بێ دادگاییکردن ڕەوانەی ئۆردوگاکانی کاری ئیجباری لە نێوەڕاستی تورکیە کران. بەشێکی دیکەش لەوان بۆ ڕۆژئاوای تورکیە دوور خرانەوە. (Nezan 1993: 65). بۆ نموونە حیزبی کرێکارانی کورد، (Türkiye İşçi Partisi، TIP)، کە توانی لەساڵی ١٩٦١دا ١٥ کوردی لە پاڕلەماندا دەستەبەر بکات، یەکەم حیزبی سیاسی بوو کە باسی کێشەی کوردی هێنایەگۆڕو ئەو تابۆیەی شکاند. ئەمە بووە هۆی ئەوەی ئەو حیزبە بە تاوانی “تەشویقی جموجۆڵی جیاوازیخوازانە “ قەدەغە بکرێ. (Gunter 1990:17; Nezan 1993: 68–70).


لەو دەورەیەدا ناوی گەلێک لە گوند و شاڕۆچکە کوردنشینەکان کران بە تورکی. ژمارەیەکی زۆریش ڕادیۆ دامەزران . ئەرکی ئەو ڕادیۆیانە بریتی بوو لە پووچەڵکردنەوەی شوێنەواری ئەو رادیۆیانەی لە وڵاتانی دراوسێوە، بە کوردی بەرنامەیان بڵاو دەکردەوە. (Nezan 1993: 68–70). گەلێک قوتابخانەی پانسیۆن لە ئوستانە کوردنشینەکاندا دامەزران. (Beşikçi 1970: 552–553).


مەبەست ئەوە بوو کە منداڵانی کورد لە بنەماڵەو کۆمەڵگاکانی خۆیان دابرێن. وەک باقی دامەزراوە نیزامی و پەروەردەییەکانی دیکەی دەوڵەت زۆر بە توندی پشتیوانی و بەرگری لەو جۆرە قوتابخانانە دەکرد. زۆرتر منداڵەکان هان دەدران کە زمانی خۆیان لە بیر بکەن. منداڵەکان دەخرانە بەر بارانی تەبلیغاتێک کە دەیگوت کوردەکان “خراپ” و “پیس” و “سەرەتایی”ن. لە هەمان کاتدا پێشیان لەسەر ئەوە دادەگرت کە شتێک بە ناوی کورد وجودی نیە. وەزعێکیان پێک هێنابوو کە قوتابیەکان دەبوایە شەرم لە زمان، فەرهەنگ و پێشینەی خۆیان بکەن. Skutnabb-Kangas 1981: 308-313). وەک وتمان ئەو سیاسەتە بەشێک لە ستراتیژیی دەوڵەتی تورکیە بوو بۆ بەتورککردنی کوردەکانی نیشتەجێی تورکیە و بە مەبەستی پێشگیریکردن لە گەشەی ناسیۆنالیزمی کوردی.


لەو دواییانەدا ڕاپۆرتێکی نهێنی، کە لەلایەن ڕۆژنامەنوسانی تورکیەوە دۆزراوەتەوە کە ڕاستی و دروستی لە گۆڕێدابوونی ئەو سیاسەتە نیشان دەدات. ئەو ڕاپۆرتە پاش کودیتای ساڵی ١٩٦٠، لەلایەن ئیدارەی بەرنامەو پلاندانانی وەزارەتی نێوخۆوە دادەرێژرێ. ئامانجی ئەو پلانە بریتییە لە “چارەسەری گرفتی جیاوازییخوازیی کوردەکان و دواکەوتوویی ناوچەیی”. ناونیشانی پلانەکە بریتی بوو لە “پرنسیپە ئەسڵیەکانی پلان و بەرنامەکانی دەوڵەت بۆ پەرەپێدانی ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵات”. ئەو ڕاپۆرتە گەلێک ڕێگا چارە پێشنیار دەکات وەک ئاوێتەکردن و تواندنەوەی کوردەکان. (Dündar and Akar 2008). ڕاپۆرتەکە ئەوە ئاشکرا دەکات کە بەشێکی گرینگی ئەو بەرنامەیە ئامانجەکەی بریتییە لە لەنێوبردنی هۆشیاریی نەتەوەیی کوردەکان لە ڕێگای تەشویقی کۆچی دڵخوازانەو زۆرەملی. پلانەکە پێ لەسەر بایەخی لێکۆڵینەوە کۆمەڵناسی و سۆسیۆکولتورییەکان لە ناوچەکەدا بۆ بردنەپێشی ئەو سیاسەتە دادەگرێ. لەوەش زیاتر بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە دەوڵەت بۆ گۆڕێنی تەرکیبی ئیتنیکیی ناوچە کوردنشینەکان دەبێ لە تەماحوەبەرنانی ماڵیش کەڵک وەرگرێ. ئەمە دەری دەخات کە کار بەدەستانی دەوڵەت هەمیشە لە زانست وەک “ ئامرازێک” بۆ بردنە پێشی “قازانج و بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت” کەڵکیان وەرگرتووە ولەو ڕێگایەوە سیاسەتەکانی ئەندازیاریی کۆمەڵایەتیان بەڕێوە بردووە. بەشێک لەو پێشنیارانەی کە لەو پلانەدا هاتوون بریتین لە: سەرلەنوێ نیشتەجێکردنەوەی “ئەوانەی خۆیان پێ کوردە” لەگەڵ حەشیمەتی ئیزافی ناوچەی دەریای ڕەش بە قازانجی بە تورکیکردنی ناوچەکە. مەبەستی سەرەکی دەبێ ئەوە بێ کە هیچ پەیوەندییەک لە نێوان “ئەوانەی کە خۆیان بە کورد دەزانن” لە تورکیەدا لەگەڵ کوردەکانی عێڕاق و ئێران و سوریەدا نەمێنێ. بڵاوکردنەوەی بەرنامەی ڕادیۆیی و گۆرانیی محەللیی کوردی لەسەر ڕیتم و هەوای تورکی، لەلایەن کەسانی پسپۆڕی کاروباری پڕۆپاگەندە بۆ قەناعەتهێنان بە کوردەکان کە سیاسەتەکانی دەوڵەت لە قازانجی ئەواندان. هەروەها بۆ ئاگادارکردنەوەی بیروڕای رووناکبیری دەرەوە سەبارەت بەوەی کە لە تورکیەدا شتێک بەناوی کێشەی کورد لە گۆڕێدا نیە. دەستبەجی ئەنستیتۆیەکی تورکناسی دامەزرێ بۆ بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی لێکۆڵینەوەی جۆراوجۆری زانستی کە نیشان بدەن کوردەکان لەگەڵ تورکەکان لە یەک ڕەچەڵەکن. هەروەها بۆ ئەوەی نوسخەیەکی تورکی لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی تورکیە بڵاو بکاتەوە. دەبێ ڕۆژنامەو گۆڤاری ئەوتۆ بڵاو بکرێنەوە کە نیشان بدەن کوردەکان بە ڕەگەز لە تایفە تورانیەکانن. سەیر ئەوەیە ئەو ستراتیژییە زاڵمانەیە، ئەو سیاسەتە پڕ لە زەبروزەنگە بۆ تواندنەوەی کوردەکان، ئاکامی پێچەوانەی بەدەستەوە دا و بووە هۆی چوونەسەری ئاستی وشیاری و ئاگایی نەتەوەیی لە نێو ژمارەیەکی زۆر لە کوردەکاندا. بەتایبەت لەدەیەی ١٩٧٠دا، بزووتنەوەی کورد و بزووتنەوەی چەپ شکڵێکی ڕادیکاڵیان بە خۆیەوە گرت و بەرانبەر ئیدئۆلۆژیی ڕەسمیی دەوڵەت ڕاوەستانەوە. لەو دەورەیەدا کە دەورەیەکی تەواو سیاسی بوو، گەلێک حیزب و ڕێکخراو و بزووتنەوەی سیاسی، مەزهەبی و ڕۆژنامەی ڕادیکاڵ سەریان هەڵدا. ژمارەی دانیشتوان بە توندی چووە سەرێ و شارنشینی پەرەی ئەستاند. ئیدئۆلۆژییە سیاسییە جۆراوجۆرەکان بڵاو بوونەوە. هەموو ئەوانە بوونە هۆی پەرەسەندنی جموجۆڵی سیاسی لە نێو لاوانی شارەکان و بەهێزبوون و بەرزبوونەوەی دەنگی ناوچە پەڕاوێزخراوەکان. بەو جۆرە کێشەی کورد لەو فەزا سیاسیەدا لە ڕێگای گۆڤار و چاپەمەنیە چەپەکانەوە بەئاسانی سەری هەڵدایەوە. ئەو ڕۆژنامەو گۆڤارانە گەلێک باس و بابەتیان سەبارەت بەو کارەساتانە بڵاو دەکردنەوە کە بەسەر کوردەکان هاتبوون. ئەمەش دەرفەتی بۆ ڕووناکبیرانی کورد و تورک پێک هێنا تا سیاسەتە ڕەسمیەکان بخەنە ژێر نیشانەی پرسیار. کەچی سەرەنجام تەواوی ئەو چالاکییانە بە شێوەیەکی سیستەماتیک سەرکوت کران و ژمارەیەکی زۆر لە نوسەران و ڕۆژنامەنووسان و بەرپرسانی ناوەندەکانی بڵاوکردنەوە، بە تاوانی “تەبلیغاتکردن بۆ جیاوازیخوازی” کەوتنە زیندان. (Gunter 1990: 4-19؛ Nezan 1993: 66-68). بێڕەونەقیی ئابووری، ناسەقامگیری، پەرەسەندنی نائارامییە کۆمەڵایەتییەکان، مانگرتن و خۆپێشاندان و تیرۆرە سیاسییەکان، بوون بەهۆی ڕوودانی کودیتایەکی دیکەی نیزامی لە ساڵی ١٩٧١. ئەوە بوو کە دەوڵەت پاش ئۆڵتیماتۆمی سوپا ناچاربوو دەست لە کار بکێشێتەوە. ئەرتەش داوای لە دەوڵەت کرد کە لە بەر ڕووناکایی “ڕووحی کەمالیزم” دەست بکات بە ڕیفۆرم. لە ئاکامدا هەزاران چالاکی تورک و کورد گیران و خرانە نێو زیندان. دادگای نیزامیی دیاربەکر، بەهەزاران “کوردی جوداییخوازی” مەحکوم کردن. واحیدە جۆراوجۆرەکانی دژی شۆڕش لە ئوستانە کوردییەکاندا دەستیان کرد بە ڕاونان و گەڕان وپشکنین، لە ئاکامدا بە هەزاران جووتیار کەوتنە بەر ڕاونان و تەعقیب و ئەشکەنجەو ڕەوانەی زیندان کران” . (Nezan1993: 78).


دەیەی پڕ لە توندوتیژی و ناسەقامگیریی ١٩٧٠ بە دەستێوەردانی نیزامیی ئەرتەش لە ١٢ی سیپتامبری ١٩٨٠دا کۆتایی هات. ئەوە بە نوختە گۆرانێک لە سیاسەتی موهەندیسی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگای تورکیەو سەرکوتی زمان و ناسنامەی ئیتنیکی کورد لەو وڵاتەدا لە قەڵەم دەدەرێ. بە سەرهەڵدانی کودیتای نیزامیی ١٩٨٠، سەرکوتی ناڕازییە سیاسییەکانی کورد و تورک گەیشتە پلەی هەرە بەرزی خۆی. ئیدارەکردنی ناوچەی کوردستان بە “ڕێگای ئیستعماری” هەروا درێژەی هەبوو، حکوومەتی نیزامی ڕاگەیەنرا. سوپا ڕایگەیاند کە ئامانجی حکومەتی نیزامی بریتییە لە “لەنێوبردنی کۆمۆنیزم و جوداییخوازی”. لە ساڵی ١٩٨٢دا، نامیلکەیەک لەلایەن فەرماندەی هێزە زەمینیەکانی سوپا لە نیوخۆی سوپادا زۆر بە نهێنی بڵاو کرایەوە. ئەو نامیلکەیە کوردەکان وەک “هێزێکی تێکدەرو ئاژاوگێر” دەناسێنی. نامیلکەکە درێژە دەدا و دەڵێ وشەی کورد لەلایەن ئەو”تورکە کێوی” یانەی ڕۆژهەڵاتی تورکیە سەروسەدای لێ بەرز دەبێتەوە کە بەسەر بەفرێدا دەڕۆن. (Kara Kuvvetleri Komutanlığı 1982: 43). کاربەدەستان دەستوریان دا کە بۆ پێشگیریکردن لە جوداخوازی گۆرانیە کوردییە محەللیەکان بە تورکی بگوترێنەوە. وتاردان بە کوردی لە کۆڕ و کۆبوونەوە گشتیەکاندا و بڵاوکردنەوەی چاپەمەنی بە زمانی کوردی قەدەغە بکرێن. هەر لەو پەیوەندییەدا بە هەزاران نوسخە کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامەی کوردی دەستیان بەسەردا گیرا یان سوتێنران. داڤید مێکداوێڵ دەڵێ تا ساڵی ١٩٨٦، ٢٨٤٢ گوندی کوردنشینی دیکە ناوی تورکییان لەسەر دانرا. (McDowall 2000: 424). ڕاستیەکەی ئەوەیە لێکۆڵینەوەیەک کە سەبارەت بەو سیاسەتە ڕەسمییەی دەوڵەت ئەنجام دراوە، دەری دەخات کە لەماوەی نێوان ساڵانی ١٩٤٠ تا ٢٠٠ دا ١٢٠٠٠ گوند واتە هەر لە سێ گوند یەکێکیان لە تورکیەدا “بەتورکی کراون”. ناوەندی ئەو سیاسەتی تورکاندنە دەکەوێتە ناوچە کوردنشینەکان و ناوچەکانی دەریای ڕەش. (Tunçel 2000). بە دڕێژایی دەیەی ١٩٨٠، تابڵۆیەک لەسەر دەرگای چوونەژووری زیندانی نیزامی دیاربەکر هەڵواسرابوو. لەو تابڵۆیەدا نوسرابوو “بەتورکی قسەبکە و زۆریش بدوێ.”( Türkçe konuş, çok konuş). ئەو زیندانە ببوو بە ئۆردوگای کاری بێگاری و زۆرەملی. لەوێدا بە هەزاران کورد بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجەکران، کران بە “تورک” یا کوژران و لەژێر ئەشکەنجەی جۆراوجۆردا فەلەج بوون. (Zeydanlıoğlu 2009). کۆمیتەیەک کە بۆ لێکۆڵینەوە و تەحقیق لە وەزعی ناوچەکە، لەلایەن حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئۆپۆزسێۆنەوە لەساڵی ١٩٨٦دا پێک هات، لە ڕاپۆرتی خۆیدا لەو بوارەوە دەڵێ “سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی تورکیە بۆتە ئۆردوگایەکی کاری ئیجباری، کە لەوێدا هەر هاووڵاتیەک وەک گومانلێکراو ڕەفتاری لەگەڵ دەکرێ. لەوێدا زوڵم و ئەشکەنجەو سووکایەتی لەلایەن نیزامیەکانەوە ببووە شتێکی ئاسایی”. (Taşpınar 2005: 100–101).


دەستووری تازەی تورکیە کە لەساڵی ١٩٨٢دا (٥)پەسندکرا و هەروەها هەموو ئەو یاسایانەی دیکە کە لە ژێر چاودێریی توندی نیزامیەکاندا لەو دەورەیەدا دانران، وێڕای ئەوەی کە پێیان لەسەر گرینگیی ناسنامە و هۆوییەتی تورکی دادەگرت، ڕەواییان بە درێژەدان بەو سەرکوت و زەبرەزەنگە دەدا کە بەشێوەیکی بەرین لەسەر هۆوییەتی کوردی هەبوو. دەبێ بگوترێ کە هەر ئەو یاسایانە ڕۆڵێکی سەرەکیش لە بردنە پێشی ئەو سەرکوتەدا دەگێڕن کە ئەمڕۆ لەو وڵاتەدا لەسەر زمانی کوردی هەیە. لە سەرەتای دەستووردا هاتووە: “هیچ جۆرە پشتیوانییەک بۆ هەر جۆرە چالاکیەک لە گۆرێدا نیە کە بە پێچەوانەی قازانج و بەرژەوەندییەکانی تورکەکان، مەوجوودییەتی ئەوان، ئەسڵی دابەشنەبوونی خاک و دەوڵەتی تورکیە، بایەخە مێژوویی و ئەخلاقیەکان، نرخە تورکییەکان، ناسیۆنالیسم، پرنسیپ و ڕیفۆرم و مۆدێرنیزمی ئاتاتورک لە قەڵەم بدرێ”. بەو جۆرە دەبینین کە پرنسیپە سەرەکییە میللیەکانی تورکیە، یەکیەتیی ئەرزی، یەکیەتیی سیاسی، ناسیۆنالیسمی کەمالیستی، زمانی تورکی وەک زمانی ڕەسمی، بە شێوەیەکی سیستەماتیک لە قانوونی ئەساسی و هەموو سیستەمی قانوونی تورکیەدا گونجێنراون. مادەی دووهەمی قانوونی ئەساسی دەڵێ، تورکیە لەسەریەتی پەیڕەوی لە ناسیۆنالیسمی ئاتاتورک بکات. هەروەها مادەی سێهەمیش دەڵێ دەوڵەتی تورکیە، وەک خاک و نەتەوە، یەکەیەکی هەرگیز لێک دانەبڕاوە و هیچ کاتێک دابەش ناکرێ و زمانی تورکیش زمانی ڕەسمیەتی. ماددەی چوارەم نەک هەر ئاڵوگۆڕ و چاکسازی لەو ماددانەدا قەدەغە دەکات، بەڵکوو تەنانەت هێنانەگۆڕێی هەرچەشنە پێشنیار و گەڵالەیەکیش بۆ مەبەستێکی لەو چەشنەیە قەدەغە دەکات. لە ماددەی بیست و شەشەمدا هاتووە کە “هەموو ئەو زمانانەی کە بە پێی قانوون قەدەغەن، ڕێگایان پێ نادرێ بۆ بەیانکردن و بڵاوکردنەوەی بیرو ئەندێشە بەکار بێنن.” (amended in 2001). ماددەی چل و دوو کە تەنانەت ئێستاش ئیعتباری هەیە دەڵێ “هیچ زمانێک، بێجگە لە زمانی تورکی، وەک زمانی دایک بۆ هاووڵاتیانی تورکیە، لە کاروباری خوێندن و پەروەردە و و ڕاهێناندا، لە هیچ دامەزراوەیەکدا، کەڵکی لێ وەرگیرێ”. بەندی دووهەمی ماددەی بیست و هەشتەم بە ڕوونی دەڵێ “نابێت هیچ چەشنە نووسین و بڵاوکردنەوەیەک بەو زمانانە ئەنجام بدرێ کە قانوون قەذەغەی کردوون”. (also amended in 2001).


مەبەست لەو زمانانەی کە بە گوێرەی قانوون قەدەغەن “ئەو زمانانەیە کە جیا لەو زمانە ڕەسمییەن کە دەوڵەتی تورکیە لە ئایالەتەکاندا، بەڕەسمییان دەناسێ.” (یاسای ٢٩٣٢ ) بەواتایەکی دیکە یانی زمانی کوردی. یاسای ژمارە ٢٩٣٢ کە تاساڵی ١٩٩١ کاری پێ دەکرا دەڵێ “زمانی دایکی بۆ هاووڵاتیانی تورکیە، زمانی تورکییە”.(Skutnabb-Kangas and Bucak 1995: 355–356). ماددەی ١٤٧ دەڵێ دەوڵەت ئەرکی سەرشانییەتی پارێزگاری لە پرنسیپەکانی کەمالیزم بکات. هیچ بەندێک لە قانوونی ئەساسی نابێت وا لێک بدرێتەوە کە بە پێچەوانەی ئەسڵە بنەڕەتییەکانی ڕیفۆرمەکانی ئاتاتورک بێ. هەروەها دەبێ تایبەتمەندیی سیکۆلاری جمهوری بپارێزرێ”. هەروەها ماددەی ٨١ی یاسای ژمارە ٢٨٢٠ ساڵی ١٩٨٢، کە چۆنیەتی کاری حیزبەکان رێک دەخات و بێ هیچ چاکسازییەک هێشتاش هەر کار دەکا، دەڵێ حیزبە سیاسییەکان “ناتوانن بانگەشە بۆ ئەوە بکەن کە لە تورکیەدا کەمایەتی هەن. هەروەها حیمایەت و پەرەپێدانی هەرچەشنە زمان و کولتورێکی غەیرە تورکی لەوان قەدەغەیە”. (Skutnabb-Kangas and Bucak 1995: 356.6)


قانوونی ئەساسیی ساڵی ١٩٨٢ و باقی یاسا پەیوەندیدارەکان بەوەوە هێشتاش کار دەکەن و هەوڵی تورکیەیان بۆ دێموکراتیزاسیۆن لەگەڵ کەند و کۆسپ بەرەوڕوو کردەوە و هەر بەو یاسایەنەش پاکانە بۆ سەرکوتی زمانی کوردی دەکرێ. ئەو یاسایانە وەک ڕابردوو بنەمای قانوونی بۆنادیدەگرتن و سەرکوتی هۆوییەتی کوردی و تەعقیب و ڕاونانی ئەو کەسانە کە بە کوردی قسە دەکەن، پێک دێنن. بەو حاڵەش ئەو یاسایانە، نەک هەر نەیانتوانیوە ناسیۆنالیسمی کوردی بێدەنگ بکەن، بەڵکوو بە پێچەوانەوە بوونەتە مایەی سەرهەڵدانی گەورەترین ڕاپەڕینی کوردی لە مێژووی هاوچەرخی تورکیەدا، کە لەلایەن حیزبی کرێکارانی تورکیەوە ڕیبەرایەتی دەکرێ (Partiya Karkerên Kurdistan, PKK). بە دەسپێکردنی خەباتی چەکدارانەی پ.ک.ک لەساڵی ١٩٨٤دا بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی، ئەوحیزبە توانی لەو ناڕەزایەتیە بەرینەی کە لە ئاکامی سەپاندنی ئەو وەزعەی سەرەوە و ئەو یاسایانەدا لەنێو کوردەکاندا پێک هاتبوو، بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە کەڵک وەرگرێ. ئەو شەڕە نێوخۆییە، کە لە نێوان گەریلاکانی پ.ک.ک و ئەرتەشدا بەڕێوە دەچوو، شكڵێکی زۆر توندوتیژ و وێرانکەری بە خۆیەوە گرتبوو. ژمارەی قوربانیانی ئەو شەڕە بە پتر لە ٤٠٠٠٠ کەس تەخمین دەکرێ کە زۆربەیان کوردی بێدیفاع و سڤیل بوون. دەبێ بگوترێ ئەو شەڕە تا گیرانی عەبدوڵلا ئۆجەڵان ڕێبەری پ.ک.ک لە کینیا لە ساڵی ١٩٩٩دا، درێژەی کێشا. دیارە ئێستاشی لەگەڵ بێ تەقە و لێکدان وئۆپەراسیۆنی عەسکەری لەو ناوچەیەدا هەروا درێژەیان هەیە.


چوارەم: کەمکردنەوەی قەدەغەو قۆرخەکان( مەحدودییەتەکان)؟

حکومەتی نیزامی پاش سەرکوتی دڕندانە بەڵام کاتی، هەموو سەرچاوەکانی ناڕەزایەتی و بێزاری لەساڵی ١٩٨٣ دا، “دەسەڵاتی بەجێ هێشت”. ئەوە لە حاڵێکدا بوو کە قانوونی ئەساسیی ساڵی ١٠٨٢ و باقی یاساکانی دیکە، مافی “حزوور و دەسەڵاتی ڕەها”یان بۆ نیزامییەکان، بەمەبەستی شوێندانان لەسەر هەموو بوارە جیاجیاکانی ژیانی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگای تورکیە، دەستەبەر کردبوو. ئەمەش دۆخێکی خوڵقاند کە لە پەیوەندی لەگەڵ “مەسەلە نەتەوەیی و سەرتاسەری”یەکاندا، وەک مەسەلەی کورد، ئەرتەش بتوانێ دواقسە بکات. بەو جۆرە ئیمکانێکی زۆر کەم بۆ سیاسەتمەدارەکان دەمایەوە تا بتوانن لەپەیوەندی لەگەڵ کوردەکاندا دژایەتیی سیاسەتی ڕەسمی بکەن. تۆرگۆت ئۆزاڵ ڕێبەری حیزبی (Anavatan)، کە لە هەڵبژاردنی گشتیی ساڵی ١٩٨٣دا سەرکەوتنی وەدەست هێنا، کاتێک ویستی تاڕادەیەک لەجیاتی ڕێگاچارەی نیزامی، ڕێگاچارەی سیاسی بۆ کێشەی کورد بدۆزێتەوە، لەلایەن سوپاو ئیلیتی کەماڵیستەوە لەگەڵ دژایەتیەکی توند بەرەوڕوو بوو. سەرەڕای ئەو بەربەرەکانێیەش ئۆزاڵ توانی لە ژێر ڕێبەرایەتیی خۆیدا هێندێک ڕیفۆرمی کەم پێک بێنێ. بۆ نموونە توانی یاسای ژمارە ٢٩٣٢ لانی کەم لەسەر کاغەز هەڵبوەشێنێتەوە. یاسایەک کە بە گوێرەی ئەو زمانی کوردی قەدەغە کرابوو. ئەوە بەو مانایە بوو کە لەمەوبەدوا بەکارهێنانی زمانی کوردی بۆ مەبەستی غەیرە سیاسی بە کارێکی نایاسایی دانەنرێت. وەک قسەکردن بەکوردی، بڵاوکردنەوەی مۆسیقای کوردی و ڕۆژنامە بە کوردی. بەو حاڵەش بەکارهێنانی کوردی لە ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆن و خویندن و فێربووندا هێشتاش هەر بە پێی قانوون قەدەغەبوو. (Kirişci and Winrow 1997: 137). دەبێ بگوترێ کە سەرەڕای ئەو کورتە رێفۆرمانە، لە ژێر ڕێبەرایەتیی تۆرگۆت ئۆزاڵدا بوو کە بۆ یەکەم جار سیستەمی بەدناوی “نیگابانانی گوند” (Korucular) دامەزرا. بەگوێرەی ئەو سیستەمە لە ساڵی ١٩٨٥دا نزیکەی سەدهەزار کوردی نیمچە نیزامی بۆ شەڕ لەگەڵ گریلاکانی پ.ک.ک چەکدار کران. (Bozarslan 2000: 24)

لەساڵی ١٩٨٧دا حکوومەتی نیزامی (Olağanüstü Hal) لە ناوچەی کوردستاندا ڕاگەیەنرا. ئەو قانوونە دەسەڵاتێکی تایبەتی دا بە فەرمانداری ناوچەکە. وەک چۆڵکردنی گوندەکان، سنووردانان بۆ چاپەمەنییەکان، چاوەدێری مەحکەمە مەدەنییەکان بە دژی هێزە ئەمنیەتییەکان. (Gunter 1990: 83). حکومەتی نیزامی تا ساڵی ٢٠٠٢ درێژەی کێشا. لە ڕاستیدا هەر هەمان ڕۆژ کە قانوونی قەدەغەبوونی زمانی کوردی لە ساڵی ١٩٩١دا هەڵوەشایەوە، قانوونی ژمارە ٣٧١٣ واتە قانوونی دژی تیرۆڕ پەسند کرا. ئەو قانوونە بە جۆرێکی هێندە ناڕوون دارێژرابوو کە نەک هەر پ.ک.ک ، بەڵکوو ڕاستەوخۆ هەموو ئەوکەسانەشی دەکردنە ئامانج کە بۆ بڵاوکردنەوەی زمان و فەرهەنگی کوردی تێدەکۆشان. (Terörle Mücadele Kanunu 3713). بە گوێرەی ماددەی ٨ی ئەو قانوونە، دادستانەکان دەیانتوانی هەرکەس لەسەر بنەمای بەشداریکردن لە “پروپاگەندەی زارەکی و نووسراوە” کە یەکیەتیی نەتەوەیی و وەحدەتی کۆماری تورکیە لە نێو دەبا” بخەنە ژێر لێکۆڵینەوە و مەحکوومی بکەن. ئەو یاسایە بە شێوەیەکی سیستماتیک لە دژی کەسانی چالاک و سیاسەتمەدار و ڕووناکبیرانی کورد کەڵكی لێ وەرگیراوە. هەروەها پەسندکرانی یاسای تیرۆر، بە یەکەمین نیشانەی دەستپێکردنی شەڕی سنووردار (low intensity war) لەلایەن دەوڵەتی تورکیە بە دژی کوردەکان و درێژەدان بە میلیتاریزەکردنی کێشەی کورد دادەنرێ(Koivunen 2002).


لەسەرەتاکانی دەیەی ١٩٩٠دا دەرکەوت کە دەوڵەت نەیتوانیوە کۆتایی بەو ناڕەزایەتییە بەرینەی خەڵک و ناسیۆنالیزمی ڕوو لە گەشەی کورد بێنێ. شتێک کە پ.ک.ک کردە بزووتنەوەیەکی بەرینی جەماوەری. تۆرگۆت ئۆزاڵ لە نامەیەکدا کە لە ساڵی ١٩٩٣دا بۆ سولەیمان دیمیرێڵ، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی تورکیەی نووسیوە، ناوبراو وریا دەکاتەوە و دەڵێ “کۆماری تورکیە لەگەڵ گەورەترین هەڕەشە کە تا ئێستا بۆی هاتۆتە پێش، بەرەوڕوویە. بوومەلەرزەیەکی کۆمەڵایەتی دەتوانێ بەشێکی تورکیە لە بەشەکانی دیکە جیا بکاتەوە و هەمووی ئێمە بخاتە ژێر گڵەوە”. (Pope 1993). ئەوە بە ڕوونی نیشانی دەدا کە پڕۆژەی کەمالیستیی نەتەوەسازی و ئاسیمیلاسیۆنی بە زۆری، نەیانتوانیبوو ئەو ئاکامانە وەدی بێنن کە لێیان چاوەڕوان دەکرا. ئەو قوڵە رێفۆرمانەی ئۆزاڵ کە زۆرتر هەر لەسەر کاغەز مابوونەوە، لەگەڵ هێندێک چاکسازیی دیکە تێک شکان و بە مەرگی گوماناویی ناوبراو لە ساڵی ١٩٩٣دا کۆتاییان پێ هات. بەو جۆرە سیاسەتی سەرکوتی کوردەکان وەک سیاسەتێكی ڕیشەیی و هەمیشەییی دەوڵەتی تورکیە بەردەوام مایەوە. لە دەیەی ١٩٩٠دا لە ئاکامی شەڕی نێوخۆدا بە هەزاران کەس گیانیان لەدەست دا، ئەوشەڕە بوو بە مایەی وێرانییەکی زۆری مادی و تێكچوونی ژینگەی ناوچە کوردنشینەکان. لەوەش زیاتر ناوچە کوردنشینەکان لەلایەن ئەرتەشی تورکیەوە میلیتاریزەکران. هەر وەک گوڵستان گوربی دەڵێ “حکوومەتی نیزامی و بەکارهێنانی زەبروزەنگ و سەرکوت لەلایەن دەوڵەتەوە لە ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیە بۆ چەندین دەیە بەردەوام بوو. ڕاگواستنی بەزۆریی خەڵک و دەرکردنیان لەسەر ماڵ و حاڵ و زەوی و زاریان و نیشتەجێکردنیان لە شوێنی دیکە، قەدەغەدانان لەسەر هەرجۆرە بەیانکردنێکی ناسنامەی ئیتنیکیی کوردی، گرتن و ئەزیەت و ئازاری سەرەڕۆیانەی خەڵک و ئەشکەنجەدانیان، بە بەشێک لە ئەزموونی ژیانی ڕۆژانەی کوردەکان لە تورکیەدا لە قەڵەم دەدران” (Gurbey 2005: 137–138). ئەرتەشی تورکیە لە “شەڕی پیس”ی خۆیدا بە دژی پ.ک.ک لە کوردە نیمچە نیزامیەکان- کە وەک نیگابانەکانی گوندەکان دەناسران- لە دامودەزگا ئەمنیەتییەکان، لە دارودەستە جینایەتکار و هێزە تایبەتییەکان (Özel Timler) کەڵکی وەردەگرت. ئەو هێزانە هیچ جیاوازیەکیان لە نێوان خەڵکی سڤیل و بێدیفاع و کەسانی دیکەی خاباتگێردا نەدەکرد. لە ئاکامدا ژمارەیەکی زۆر لە بازرگان، ڕووناکبیر، سیاستەتمەدار و چالاکی کورد کوژران. لە ئاکامی سیاسەتی کۆچی ئیجباری و نیشتەجێکردنەوەی زۆرەملی لە دەیەی ١٩٩٠دا، پتر لە سێ هەزار گوند کەوتنە بەر ئابڵۆقەدانی عەسکەری و خاپوورکران. ئەمەش ئاوارەییی سێ تا چوار ملیۆن جووتیاری کوردی لێ کەوتەوە. (McDowall 2000: 440–441). ئەمەش کاریگەرییەکی پڕ لە کارەساتی لە سەر زمانی کوردی و کوردەکان بە جێ هێشت. ئاخر کوردەکان لە سەرتاسەری تورکیەدا بڵاوکرانەوە. بەو جۆرە ئەو ژینگە سروشتییەی کە بۆ چەندین سەدە بە ژینگەی زمانی کوردی دەناسرا، تا ڕادەیەکی بەرچاو لە بەین چوو. (بۆ ئەوەی پەیوەندیی نێوان ڕاگواستن و زمانەتت بۆ دەرکەوێ سەیری Williams [1988]) بکە. لەهەمان کاتدا سیاسەتی سەرکوت و زەبروزەنگی دەوڵەت بووە هۆی بەهێزکردنی کوردەکان و پەرەسەندنی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستیی کورد. بەرەبەرە وەزعێک هاتە کایەوە، کە حیزبەکانی لایەنگری کێشەی کورد توانیان زۆرینەی دەنگەکان لە هەڵبژاردنەکاندا لە ناوچە کوردنشینەکاندا بۆخۆیان دابین بکەن.


لە بواری سیاسییەوە سیاسەتمەدارانی کورد بەردەوام ئەزیەت و ئازار دەدران، دەخرانە بەر لێکۆڵینەوە و تەعقیب و ڕاودوونان. هەموو حیزبەکانی لایەنگری مافەکانی کوردەکان لەلایەن دادستانەکانەوە غەیرە قانوونی ڕادەگەیەنران و قەدەغە دەکران. ئەوان ناچار دەکران ناوێکی دیکە بۆ خۆیان دیاری بکەن. هەر وەک واتس دەڵێ “هیچ حیزبێکی سیاسی لە مێژووی تورکیەدا، ئەگەر بە ڕەسمی بەرگری لە گەلی کورد کردبێ و پلاتفۆرمی سیاسیی سەرەکیی ئەو حیزبە بووبێ، نەیتوانیوە وەک نوێنەرایەتیی پارلەمانی بمێنیتەوە” (Watts 1999: 636). زیندانیکرانی لەیلا زانا ئەو مەسەلەیە بە ڕوونی نیشان دەدا. ئەو یەکەمین ژنی کورد بوو کە وەک نوێنەری پاڕلەمان هەڵبژێردرا. ناوبراو لە رێوڕەسمی سوێندخواردنیدا لە کاتێکدا کە بە کوردی قسەی کردو جامانەیەکی بەو ڕەنگانەوە لەسەر نابوو کە بە پێی نەریت بە ڕەمزی کوردی دادەنرێن، توانی سیستەمی کەمالیزم لەگەڵ شەرمەزاری و بێئابڕوویی بەرەوڕوو بکات. ئەو وێڕای سوێندخواردن بە زمانی کوردی گوتی “من لە پێناوی برایەتیی نێوان گەلی تورک و گەلی کورد دا سوێند دەخۆم” (van Bruinessen 2001: 107). بەو جۆرە لەیلا یەکەمین کەس بوو کە بەکوردی لە پاڕلەماندا بە کوردی قسەی کرد و بەو هۆیەشەوە لە ساڵی ١٩٩٤دا لەلایەن دادگای ئەمنیەتی ئەنقەرەوە، بە تاوانی ئەندامەتی لە ڕێکخراوێکی چەکداریی غەیرە قانوونیدا واتە پ.ک.ک، بە پێی ماددەی 168/1، قانوونی سزادانی گشتی بە پازدە ساڵ زیندان مەحکووم کرا. لە ساڵی ٢٠٠٤دا لەیلا ئازاد کرا، بەڵام بەردەوام لەژێر تاقیب و چاوەدێری و ڕاوەدووناندا بوو. لە ساڵی ٢٠٠٤دا بەتاوانی لێدوانی سیاسیی جۆراوجۆر بە دە ساڵ زیندان مەحکووم کرا. (BBC News 2008).



پێنجەم: دەستپێکردنی دەورانی تازە؟

لە کۆتاییەکانی دەیەی ١٩٩٠دا، کاتێک تورکیە داوای چوونە نێو یەکیەتیی ئەورووپای کرد، دەبوایە لەو پەیوەندییەدا بەرەبەرە رێفۆرمی پێویست بەرەو دێموكراتیزاسیۆن پێک بێنێ. بەو جۆرە سیاسەتی قەدەغەی زمانی کوردی دەبوایە وەردەوردە بەرەو شلبوونەوە بڕوا. کەچی ئەو پڕۆسەیە هێشتاش بە شێوەیەکی پڕ لە ناتەبایی دەچووە پێش. سیاسەتمەداران و چالاکانی کورد هەروا لە ژێر هەڕەشە و تاقیب و ڕاودووناندا بوون و ئەو مەحدودییەتانەی لەسەر زمانی کوردی بوون هەروا مانەوە. لە کاتێکدا کە لەسەر کاغەز، هێندێک رێفۆرم لە پەیوەندی لەگەڵ ئازادیی بەیان و مافە کولتوری و زمانیەکاندا پێک هاتبوون، بۆڕۆکراسیی قەزایی کەمالیستی و هێزە ئەمنیەتییەکان لە مەیدانی کردەوەدا وەک ڕابردوو، ئەسپی خۆیان تاو دەدا و نیشانیان دەدا کە سیاسەتی سەرکوت و زەبروزەنگی پێشوو، هەروا لە جێگای خۆیەتی. لەو بوارەوە دادگای ئەورووپا بۆ مافەکانی مرۆڤ گەلێک جاران تورکیەی بە تاوانی پێشێلکردنی مافە مرۆڤییەکانی هاووڵاتیانی خۆی مەحکووم کردووە. لە نێوان ٤٧ دەوڵەت کە کۆنڤانسیۆنی ئەورووپا بۆ مافەکانی مرۆڤیان ئیمزا کردووە، تورکیە خراپترین پەروەندەی سەبارەت بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ هەیە. (Today’s Zaman 2010).

ڕێوشوێنەکانی کۆپنهاگن، کە یەکیەتیی ئەورووپا بۆ ئەو دەوڵەتانەی دیاری کردوون کە داوا دەکەن بێنە نێو ئەورووپا، ئەو ستانداردانەن کە دەوڵەتەکانی ئەندام دەبێ لە پەیوەندی لەگەڵ پاڕاستنی دێموکراسی، مافەکانی مرۆڤ، حاکمیەتی قانوون، بەڕەسمی ناسینی کەمایەتییەکان و مافەکانیان ڕەچاو بکەن. ئەمە بوو بە هۆی ئەوەی تورکیە هێندێک چاکسازی بکات. بەڵام لە کردەوەدا، گەلێک گیروگرفتی جیددی لە سەر ڕێگای پیادەکردنی واقیعیی ئەو ڕیفۆرمانە هاتنە پێش. کاندیداتۆریی تورکیە بۆ بوونە ئەندام لە یەکیەتیی ئەورووپادا لە سەرەتاکانی ساڵی ١٩٩٩دا پەسندکرا. دواتر یەکیەتیی ئورووپا یەکەمین دەورەی وتووێژەکانی خۆی لەگەڵ تورکیە بۆ باس لەسەر ئەو مەسەلەیە لە ساڵی ٢٠٠٤ دا دەستی پێ کرد. پاش ئەو وتووێژانە تورکیە بەرعۆدە بوو کە بە پێی ستانداردەکانی یەکیەتیی ئەورووپا دەست بکات بە پێکهێنانی ڕیفۆرم و چاکسازی. حیزبی عەداڵەت و پەرەسەندن، کە ڕیشەی لە ئیسلامی سیاسیدایە و لە ساڵی ٢٠٠٢دا دەسەڵاتی بەدەستەوە گرت، بۆ گونجاندنی تورکیە لەگەڵ پێوانەکانی چوونە نێو یەکیەتیی ئەورووپا، دەستی دایە پێکهێنانی ڕیفۆرم. ئەو چاکسازییانە لەبەر ڕووناکایی “یاسای پێکهێنانی هاڕمۆنی و هاوئاهەنگی”دا پێک هاتن. ئەمە بووە هۆی پێکهێنانی گەلێک گۆڕانکاری و ئیسلاحات لە قانوونی ئەساسیی ساڵی ١٩٨٢ و یاسا و قانوونەکانی دیکەشدا. بەو حاڵەش لەساڵی ٢٠٠٧دا، سوپای کەمالیستی تورکیە هەڕەشەی کرد کە دەیەوێ حیزبی عەداڵەت و پەرەسەندن لەسەر کار لا ببات. ئەو حیزبە بە زەحمەت توانی لە ساڵی ٢٠٠٨دا خۆی لەو هەڕەشەیە نەجات بدات. ئاخر سوپا حیزبی عەداڵەت و پەرەسەندنی بە هەوڵدان بۆ پێشێلکردنی دەستوور و گۆڕینی سیما و کاراکتەری سیکۆلاری تورکیە تاوانبار کردبوو. هەروەها ئیدی ئێستا دەرکەوتووە کە لەوەتەی حیزبی عەداڵەت و پەرەسەندن هاتۆتە سەرکار، ژەنەڕاڵە پایەبەرزەکانی سوپا، زۆر جار کەوتوونەتە پیلانگێڕان، تا لێرە و لەوێ ئاژاوە و نائەمنی و ناسەقامگیری لە وڵاتدا سازبکەن، بۆ ئەوەی بتوانن زەمینە بۆ ئەنجامدانی کودیتایەکی نیزامی خۆش بکەن. Erdem 2010). هەر بۆیە حیزبی عەداڵەت و پەرەسەندن ناچار بووە لە پەیوەندیی لەگەڵ چاکسازیدا، بە تایبەتی لە پەیوەندی لەگەڵ مەسەلەی کوردا، بە ڕێگایەکی ناسک و باریکدا هەنگاو باوێت. ڕەنگە هەر لەبەر ئەوەش بێت کە ئەو ڕیفۆرمانە زۆرتر لەسەرەخۆ و ناسیستەماتیک چوونەتە پێش. شایانی باسە کە تا ئێستا هیچ کام لەو ڕیفۆرمانەی کە لە قانوونی ئەساسی و یاساکانی دیکەدا پێک هاتوون، زمانی کوردی و کوردەکان بە شێوەی تایبەتی ناگرنەوە.


پێکهێنانی ڕیفۆرم لە مادەی ٢٦ی قانوونی ئەساسیدا، بە گۆڕانکاریەکی بەرچاو دادەنرێ. چوونکە ئەو ڕیفۆرمە لە پەیوەندیی لەگەڵ “بەیان و بڵاوکردنەوەی ئەندێشەدا” قەدەغەی لەسەر زمانە قەدەغەکراوەکان لابرد. ئەمەش بووە هۆی پێکهێنانی گۆڕانکاری لە زۆربەی ئەو یاساو ڕێسایانەدا کە پێشتر زمانی کوردیان وەک “ زمانیكی قەدەغە” لە قەڵەم دەدا. وەک یاسای پێکهێنانی هاوئاهەنگی کە ڕیفۆرمی لە یاساکانی بڵاوکردنەوەی ڕادیۆ و تەلەفزیۆندا پێک هێنا:

هەرچەند تورکی بە زمانی سەرەکیی بڵاوکردنەوەی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن دادەنرێ، بەڵام ئیمکانی بڵاوکردنەوەی بەرنامەی ڕادیۆیی و تەلەفزیۆنی، بەو زمان و دیالێکتە جۆراوجۆرانەی کە هاووڵاتیانی تورکیە لە ژیانی ڕۆژانەیاندا بە کاریان دێنن، دەستەبەر دەکرێ. سەرەڕای ئەوەش پێ لەسەر ئەوە داگیراوە کە بەکارهێنانی ئەو زمانانە نابێت بە پێچەوانەی ئەو ئەسڵە بنەڕەتیانە بێت کە لە قانوونی ئەساسیی جمهوریدا هاتوون، وەک ئەسڵی دابەشنەبوونی دەوڵەت و وەحدەتی نەتەوەیی و تەواوییەتی ئەرزی. (Kurdish Human Rights Project 2005: 17).

شایانی باسە هەر لەوکاتەدا کە ئەو چاکسازییانە لە حاڵی جێبەجێکردندا بوون، سەرکوت و زەبروزەنگی بەرینی سەر کوردەکان هەر درێژەی هەبوو. بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠٠١دا، لە کاتێکدا لە پاڕلەماندا، بەرنامەی چاکسازی لە قانوونی ئەساسیدا، بە مەبەستی باشترکردنی وەزعی مافەکانی مرۆڤ بەڕێوە دەچوو، گروپێک کە کێبەركێی فووتباڵیان لە نێوان چەندین تیپی کوردیدا ڕێک خستبوو، پاش تەوابوونی یارییەکان، ئەوانەی ئەو کێبەرکێیانەیان ڕێک خستبوو، حوکمی زیندانیی تا پێنج ساڵیان بەسەردا سەپا. هۆیەکەی ئەوە بوو کە فوتباڵیستەکان لە کاتی کێبەرکێیەکاندا ئەو ڕەنگانەیان لە جلە وەرزشییەکانیاندا بەکار هێنابوون کە وەک نەریت بە ڕەنگی کوردی دادەنرێن. (Huggler 2001). ئەگەرچی لە ئاکامی چاکسازیدا، دەرفەتی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب و گۆڤارو ڕۆژنامە بە زمانی کوردی پێک هات، بەڵام بە هۆی نێوەڕۆکی سیاسیی ئەوانەوە، زۆر نووسەر و ڕۆژنامەنووس و بڵاوکەرەوە پەروەندەیان بۆ سازکراو درانە دادگا. بۆ نموونە ڕۆژنامەی “ئازادییا وڵات” کە تەنیا ڕۆژنامەیەکە کە بۆ ماوەی ١٢ ساڵ لە تورکیەدا بە کوردی بڵاو بۆتەوە” لەماوەی ١٢ساڵی تەمەنی خۆیدا ناچار بووە سێ جار سەرلەنوێ خۆی دابمەزرێنێتەوە، هەر لەهەمان ماوەدا ٢٥ پەروەندە بە دژی ڕۆژنامەکە سازکراون”. (Kurdish Human Rights Project 2005: 22). هەروەها ئەو ڕیفۆرمانە لە یاساکاندا مافی ئەوە بە دایک و باوکەکان دەدەن کە ناوی کوردی لە منداڵەکانیان بنێن، بەو مەرجەی کە ناوەکان “تێکدەر” نەبن و ئەو پیتانەشیان تێدا نەبێت کە لە زمانی تورکیدا نین، واتە پیتەکانی (Q، W، X) کە تایبەت بە ئەلفوبێی کوردین. هەر بەو جۆرە سیاسەتمەدارانی کورد بە تاوانی قسەکردن بە کوردی بەردەوام لە ژێر تاقیب و چاوەدێری و ڕاوناندا بوون. ئەندامێکی یەکێک لە حیزبەکانی لایەنگری کێشەی کورد، واتە (Demokratik Halk Partisi, DEHAP)


لەساڵی ٢٠٠٥ دا، بەتاوانی بەکارهێنانی “من “ بە کوردی لە مەئمورییەتێکی رەسمیدا، بە ٦ مانگ زیندان مەحکووم بوو. هەر لەو ساڵەدا بەتاوانی بەکارهێنانی وشەی “ڕۆژباش”ی کوردی لە شوێنی “مەرحەبا”ی تورکی،٦٠ پەروەندە بە دژی سەرۆکی ئەو حیزبە لە ئەنقەرەدا ساز کران. (Kurdish Human Rights Project 2005: 26). شایانی باسە ئەو حیزبە لەودەمەوە قەدەغەکراوە. عەبدوڵڵا دەمیرباش، شارەداری سوور لە دیاربەکر لە ساڵی ٢٠٠٧دا لە سەر کار لابرا. هەروەها شورای شارەداریش هەڵوەشا. تاوانی ئەوان بریتی بوو لەوەی کە لە شارەداریی سووردا، ئیمکانی خزمەتگوزاریی چەند زمانەیان بۆ هاووڵاتیان پێک هێنابوو. “جیاوازیخوازی”یەک کە ئەوانیان پێ تاوانبار کردبوو، بریتی بوو لە ئامادەکردنی نامیلکەو کتێبی منداڵان بە زمانەکانی کوردی و تورکی، ڕێنماییی گەشت و گوزار بۆ کەسانی توریست بە شەش زمان و هەروەها ویدیۆیەکی تەبلیغاتی سەبارەت بە دیاربەکر بە زمانەکانی تورکی، کوری و ئینگلیزی. (Toumani 2008)


تەنانەت لەو دواییانەشدا لە ساڵی ٢٠٠٩ یەکێک لە سیاسەتمەدارانی کورد، بە ناوی ئورهان میرئۆغلو، لەبەر قسەکردن بەزمانی کوردی، لەکاتی پروپاگەندەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٧دا بە تاوانبار ناسرا. دادگا ڕایگەیاند کە میرئۆغلو، یاسای ژمارە ٢٩٨ ی پێشێل کردووە. ئەو یاسایە ڕێوشوێنەکانی چۆنیەتی ناونووسین و بەڕێوەبردنی کەمپەینەکانی هەڵبژاردنی دیاری کردوون. بەپێی ئەو یاسایە کەڵکوەرگرتن لە زمانەکانی غەیرە تورکی لە کەمپەینەکانی هەڵبژاردندا قەدەغەیە. (Önderoğlu 2009). کە واتە دەتوانین بڵێین ئەو چاکسازییانە لە کردەوە و لەمەیداندا نەیانتوانی هیچ لە واقعییەت بگۆڕن. ئاخر دادستانەکان هەروەک ڕابردوو سیاسەتمەدارانی کوردیان بەهۆی قسەکرن بەکوردی یا تێکۆشان بۆ مافی کوردەکان بە تاوانبار دەناساند.


لە پەیوەندی لەگەڵ خوێندن بە زمانی کوردیشدا، چاکسازی تووشی هەمان مەحدودییەت هات. یاسای ٢٠٠٣ سەبارەت بە خوێندنی ئەو زمان و دیالێکتانەی هاووڵاتیانی تورکیە لە ژیانی ڕۆژانەیاندا بە کاری دێنن، دەرگای بۆ کردنەوەی خولەکانی فێربوونی زمانی کوردی کردنەوە. بەڵام لەو بوارەشدا چاکسازی هاوڕێ بوو لەگەڵ ژمارەیەک ئاگادارکردنەوە و ئەمما و ئەگەری جیددی. بۆ نموونە ئەو خولانە دەبوایە بۆ ماوەی ١٠ حەوتوو و هەر حەوتووش ١٨ سەعات بەڕێوە بچن. جیا لەوە تەنیا گەورەساڵان حەقیان هەبوو لەو خولانەدا بەشداری بکەن. مامۆستاکان دەبوایە بوومی بوونایەو بە تورکی قسەیان کردبایە و دیپڵۆمیان هەبوایە. خوێندکاران دەبوایە هەزینەیەکی زۆر وەک حەقی بەشداری لەو خولانەدا لە گیرفانی خۆیان بدەن. ئەو بینایانەی ئەو کۆڕسانەیان تێدا بەڕێوە دەچوون، گەلێک ڕێوشوێنی تایبەتیان بەسەردا سەپێنرابوون و دەوڵەت ئامادە نەبوو یارمەتیی ماڵی بەو دامەزراوە خسووسیانە بکات کە ئەو دەورانەیان بەڕێوە دەبردن. Yildiz and Muller 2008: 87–88).


ئەو قانوونە نموونەیەکی باشە بۆ نیشاندانی هەڵوێستی پڕ لە ناتەباییی کاربەدەستانی تورکیە سەبارەت بە زمانی کوردی. لە ڕاستیدا یاسادانەرانی تورکیە تێدەکۆشان هیچ گۆڕانکارییەکی واقیعی لە سیاسەتی زمانیی تورکیەدا نەیەتە پیشێ. ئەوان ئەو سیاسەتەیان لە ڕێگای ئەو قانوونانە پیادە دەکرد کە دەبوایە لەو پەیوەندییەدا ئیمکانی ئاڵوگۆڕ دروست بکەن و ڕیفۆرم پێک بێنن. سەیر نیە کە دەبینین ئەزموونی کورتی تورکیە بۆ فێربوونی زمانی کوردی، وێڕای گەلێک کەند و کۆسپی بۆڕۆکراتیک، سەرەنجام بووە هۆی کردنەوەی چەند خولێکی تایبەتی و شکەستی خوارد. ناوەندە ڕەسمییەکانی هەواڵ و ڕۆژنامە سەرەکییەکانی تورکیەش ئەوە وەک بەڵگە بۆ “سەلماندن”ی ئەو ئیدیعایەی خۆیان بەکار دێنن کە کوردەکان هیچ عەلاقەیەکیان بە فێربوونی زمانی خۆیان نیە. (Zeydanlıoğlu and Demir [2010]; Sezgin and Wall [2005).

لە ئاکامدا دایک و باوکان، خوێندکاران و چالاکانی کورد، کەمپەینێکی بەرینیان دەست پێ کرد و داوای خوێندنی گشتییان بە زمانی کوردی کرد. لەو پەیوەندییەدا داوای گۆڕینی قانوونی ئەساسیان کرد. بۆ پشتیوانی لە داخوازی خۆیان توانیان سەدان هەزار واژۆی پشتیوانی کۆ بکەنەوە و بیگەیەننە پاڕلەمان. وەڵامی کاربەدەستان بەو کەمپەینە، بریتی بوو لە گرتن و زیندانیکردنی بەسەدان کەس لە خوێندکارەکان، بەتاوانی “پشتیوانیکردن لە ڕێکخراوە غەیرە قانوونییەکان” و بە گوێرەی یاسای ژمارە ١٦٩ی قانوونی سزادان (Mater 2002). بەو جۆرە دەبینین کە ئەو نیمچە ئیمتیازاتەی لەسەرەوە باسمان کردن، لەلایەک بە درەنگەوە ئامادە کران و لەلایەکی دیکەشەوە نەیاندەتوانی لە ئاستی چاوەڕوانیی کوردەکاندا بن. بە تایبەتی کە ئەو ڕاستییە لە بەر چاوبگرین کە هەر ئێستا زمانی کوردی لە عێڕاقی فیدڕاڵدا، وەک زمانێکی ڕەسمی ناسراوە. وەک حەمید بوزئەرسەلان دەڵی “ئەوە هەستی خۆبەکەمزانی قووڵتر دەکاتەوە، ئاخر تا ئیستا هیچ دامەزراوێکی غەیرە خسوسی نەیتوانیوە ئیجازەی فێرکردنی زمانی کوردی وەدەست بێنێ. بۆ نموونە لە باتمان، ئەو کۆرسانە لەبەر هۆکارێکی تکنیکیی سادە، ناتوانن پێک بێن. دەرگای چوونە ژوورەوەی کلاسەکان بەریناییەکەی ٨٥ سانتیمیترە. بە گوێرەی ئەو ڕێوشوێنانەی کاربەدەستان دایان ناون، دەبێت ٩٠ سانتیمیتر بێت.” .(Bozarslan 2005: 133)

لە ساڵی ٢٠٠٤دا دەزگای ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی تورکیە ڕێگای پێ درا کە دەست بکات بە بڵاوکردنەوەی بەرنامە بە زمانی کوردی. ئەوە تەنیا بۆ ماوەی دوو سەعات لە حەوتوویەکدا بوو. بەوحاڵەش ئەو بەرنامانە هەمیشە ژێرنووسی تورکییان لەگەڵ بوو و ڕووشیان لە منداڵان نەبوو. هاوکات لەگەڵ ئەوەدا، ڕادیۆ و تەلەفزیۆنە بچوک و خسوسیەکانیش کە گۆرانی و موزیک و پڕۆگرامی دیکەیان بە کوردی بڵاو دەکردەوە، کەوتنە ژێر تاقیبی یاسایی. بۆ نموونە تەلەفزیۆنێکی ناوچەیی واتە Gün TV کە لە دیاربەکرەوە بەرنامە بڵاو دەکاتەوە، بەردەوام لەگەڵ ئەزیەت و ئازار و کەندوکۆسپ بەرەوڕوو بووە. ئەو تەلەفزیۆنە لەکاتی دامەزرانیەوە لەساڵی ٢٠٠١ تا ئێستا پتر لە ٦٠ جار پەروەندەی لە دژی سازکراوە. (Kurdish Human Rights Project 2005: 23). ئەو تەلەفزیۆنە لە ٢٠ی مارسی ساڵی ٢٠٠٩ دا، بەهۆی ئەوەی کە بۆ یەکێک لە بەرنامە سیاسییەکانی ژێرنووسی تورکی دانەنابوو، جەریمەکرا و بۆ ماوەی ١٢ ڕۆژان بەرنامەکانی ڕاگیران. (CNN Türk 2009). هەر بەو جۆرە تەلەفزیۆنی ڕۆژ کە لە دانمارکەوە بەرنامەکانی لە ڕێگای ماهوارەوە بە کوردی بڵاودەکاتەوە، لە تورکیە قەدەغەیە و کاربەدەستان ئەو تەلەفزیۆنە بە وتەبێژی پ.ک.ک دەزانن. چەندین سیاسەتمەداری کورد بە هۆی دەرکەوتنیان لە شاشەی ڕۆژتیڤێ یا بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بەدژی داخستنی ئەو تەلەفزیۆنە کەوتنە بەر تاقیبی یاسایی. ( AFP 2007). لە ژانویەی ٢٠٠٩دا، تەلەفزیۆنی دەوڵەتی TRT-6، کە بەرنامەکانی تەنیا بە کوردی بڵاو دەکاتەوە، بە چەند وتەیەکی پیرۆزبایی بەزمانی کوردی لەلایەن سەرۆکوەزیرانی ئەو دەم ئەردۆغانەوە وەشانی خۆی دەست پێ کرد. نێوەرۆکی بەرنامەکانی TRT-6 کە زۆرتر “کەنالێکی خێزانیە” بریتین لە کولتوور، خواردن سازکردن، موزیکی کوردی و ئەدەبیات و مێژوو. هەروەها بەرنامە لەسەر گەلێک بابەتی دیکەی گشتیش بڵاو دەکاتەوە وەک تەندروستی، گەشت و گوزار، سروشت، دین و مەزهەب، بەرنامەکانی تایبەت بە منداڵان، هەواڵ و گفتوگۆ و باس و لێکۆڵینەوەی جۆراوجۆر. بۆ ئەوەی کەناڵەکە نەبێتە کەناڵیكی “سیاسی”، تەلەفزیۆنەکە بە هەموو تواناوە تێدەکۆشێ لە بەکارهێنانی وشەکانی وەک کوردستان و ناوی کوردیی گوند و شاڕۆچکەکان خۆی ببوێرێ. یەکێک لەوبەرنامانەی کە لایەنگرێکی زۆری هەبوو لەو تەلەفزیۆنەدا، بریتی بوو لە بەرنامەی Rojînname کە لە لایەن پۆپئەستێرەی بەناوبانگی کورد Rojînەوە ئامادەو بڵاو دەکرایەوە، پاش دەست لە کار کێشانەوەی ڕۆژین، لە پڕ لە مانگی ئاپریلدا کۆتایی پێ هات. ڕۆژین لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ناوبراو لەلایەن دەرهێنەر و بەڕێوەبەرەکانەوە لەژێر فشار و پاڵەپەستۆ و سانسۆرێکی تونددا بووە، هەروەها وەک جینایەتکار سەیری کراوە و نێوەرۆکی بەرنامەکانی لە مانا بەتاڵ کراون. (Today’s Zaman 2009a). دیارە کەناڵی TRT قسەکانی ئەو خانمەی ڕەت کردنەوە، هەرچەند لەو کاتەوە ئەو کۆمپانیەی کە بەرنامەکانی بەرهەم دەهێنا، هەڵوەشێنراوەتە. (Fırat New Agency [ANF] 2010). بە شێوەیەکی گشتی چاوەدێرەکان دامەزراندنی ئەو تەلەفزیۆنە، بەخاڵی وەرچەرخان لە سیاسەتی تورکیە لە پەیوەندی لەگەڵ زمانی کوردیدا بە حیساب دێنن. دەبێ بگوترێ کە بە گشتی بۆچوونی خەڵک لەسەر ئەو تەلەفزیۆنە ئەرێنییە. بەو حاڵەش هێندێک لە سیاسەتمەدارانی کورد بە چاوی شک و گومانەوە دەڕواننە ئەو تەلەفزیۆنە و پێیان وایە جۆرێک لە سەرمایەگوزاریی حیزبی عەداڵەت و پەرەپێدانە بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکاندا. لەلایەکی دیکەشەوە پ.ک.ک داوای بایکۆتی تەلەفزیۆنەکە دەکات. (Today’s Zaman 2009b).


ناتوانین بایەخی سەمبوڵیکی تەلەفزیۆنی TRT 6 لە پەیوەندی لەگەڵ نیشاندانی کوردەکان و “هێنانەبەرچاو”ی زمانەکەیان لە تورکیادا وەبەرچاو نەگرین. بە تایبەتی کە دەزانین بۆ دەیان ساڵ لەو وڵاتەدا حاشا لە بوونی کوردەکان کراوە و سەرکوت و زەبروزەنگیان لەسەر بووە. دەتوانین بڵێین کە ئەو کاناڵە تا ئەمڕۆش بە یەکێک لە دەسکەوتە هەرە بەرچاوەکانی دەوڵەت بە حیساب دێت. بەو حاڵەش، ئەو گۆڕانکارییە ئەرێنییانە بەردەوام لە ڕێگای هێندێک ڕێوشوێن و ڕێساو یاسای دیکەوە لاواز و بێهێز دەکرێن. ئەو ڕێوشوێنانە سێبەرێکی تاریک دەخەنە سەر هەنگاوە ئەرێنییەکان و بێ متمانەیی سەبارەت بە ڕەوتی چاکسازی دەخوڵقێنن. بۆ نموونە ئەحمەد تورک، سەرۆکی حیزبی (Demokratik Toplum Partisi، DTP) کە حیزبێکی لایەنگری کوردەکانە، لە کاتی قسەکردن لە کۆبوونەوەیەکی پارلەمانیدا لە ساڵی ٢٠٠٩دا کە ڕاستەوخۆ بڵاو دەکرایەوە، لە ناکاو ڕایگەیاند کە بەشی دیکەی وتارەکەی بەزمانی کوردی پێشکەش دەکات. کەناڵی دەوڵەتیی TRT1 دەست بەجێ وەشانی بەرنامەکەی ڕاگرت. یەکێک لە بێژەرەکان ڕایگەیاند کە ئەو کارە بە پێچەوانەی قانوونی ئەساسی و یاسای کاروباری حیزبەکانە. ئەو دیارە پێکەنینە هێنەرە بە ئەحمەد تورک تەواو نەبوو کە بە کینایە وتی: “کاتێک ئەندامانی حیزبێکی کوردی بە زمانی خۆیان سڵاو لە کەسێک دەکەن، دەکەونە ژیر لێکۆڵینەوە و تاقیب. کاتێک شارەدارێک بەزمانی خودی خەڵک لەگەڵ خەڵک قسە دەکات، دەکەوێتە ژێر تاقیبی قانوونی. بەڵام کاتێک سەرۆکوەزیر بە کوردی قسە دەکات کەس هیچ ناڵێ. ئێمە پێمان وانیە کە ئەوە کارێکی دروست بێت. ئەوە سیاسەتێکی ڕیاکارانەیە”. (Sobecki 2009).


ئەمەش وەک نموونەکانی دیکە، قووڵایی گیروگرفتەکە نیشان دەدا. ئاخر ئەوە دەریدەخا کە پڕۆسەی چاکسازی لە تورکیەدا کەند و کۆسپی زۆری لە پێشن و بە ڕێگایەکی پڕ لە هەوراز و هەڵدێردا تێدەپەڕێ. وەک ئەوە وایە بەدەستێک بتدەنێ و بەدەستەکەی دیکە لێت وەرگرنەوە. کەریم یلدیز و مارک مولەر بەو جۆرەی خوارەوە ئاکام لە وەزعەکە وەردەگرن:

لەلایەک وا دێتە بەرچاو کە تورکیە لەبواری مافە فەرهەنگی و زمانیەکانەوە، گەلێک ئیمتیازاتی داون کە لەیەکەم ڕوانیندا وەک گۆڕانکاریی گەورە خۆ دەنوێنن. بەڵام لە لایەکی دیکەوە ئەگەر لە گۆشەنیگایەکی نزیکترەوە تەماشا بکەین، بۆمان دەردەکەوێ کە ئەو کردەوانەی تورکیە شتێک نین جگە لە ئەنجامدانی هێندێک چاکسازیی ڕواڵەتی کە بۆ چوونە نێو یەکیەتیی ئەورووپا لێی چاوەڕوان دەکرێن.

لە بنەڕەتەوە تورکیە لە پەیوەندی لەگەڵ بڵاوکردنەوە و بردنەپیشێ ناسیۆنالیزمی ڕەسمیی تورکیەدا، هەروا خۆی بە بەرپرسیار و بەرعۆدە دەزانێ. لە لایەکی دیکەشەوە گرفتاری دەستی پاڕانۆیایەکە، کە بریتییە لە زیادکردنی ڕادەی ناسینی مافە فەرهەنگی و زمانییەکان کە خەبەری هەڵوەشانی کۆماری تورکیە دەدەن. بەو پێیە تورکیە ڕێگایەکی زۆری لە پێشدایە تا بتوانێ پلۆرالیزمی فەرهەنگی لەو وڵاتەدا پیادە بکات. (Yildiz and Muller 2008: 89).

لە ئۆگەستی ساڵێ ٢٠٠٩دا، حیزبی عەداڵەت و پەرەسەندن، بەرنامەیەکی بەناوی “دەستپێشخەریی کوردی” وەرێخست. پاشان دوای ئەوەی کە کەوتە بەر ڕەخنەو گازەندەی دەستە و تاقمە ناسیۆنالیستەکان، ناوی پڕۆژەکەی گۆڕی بۆ “پڕۆژەی یەکیەتیی نەتەوەیی و برایەتی”. لەو ڕێگایەوە دەوڵەت ڕایگەیاند کە لێبڕاوە کێشەی کورد چارەسەر بکات. سەرەڕای دژایەتیی توندی دەستە و تاقمە ناسیۆنالیستەکان کە حکوومەتیان بە “خیانەت” و هاوکاری لەگەڵ جیاوازیخوازەکان تاوانبار دەکرد، سیاسەتمەدارەکانی حیزبی عەداڵەت و پەرەسەندن تەعەهودی خۆیان بە بردنە پێشی “دەستپێشخەری”یەکە دووپات کردەوە. ئەمەش چاوەڕوانیی ئەوەی دروست کرد کە سەرنجام حکوومەتی حیزبی عەداڵەت و پەرەسەندن هەنگاوی گەورە بەرەو چارەسەریی کێشەی کورد هەڵدەگرێ. لە وتارێکی ئیحساسیدا، ئەردۆغان ڕوو لە کۆبوونەوەی ئەندامانی حیزبەکەیدا لە پاڕلەمان، گوتی ئەگەر تورکیە توانیبوایە چارەسەرێک بۆ کێشەی کورد بدۆزێتەوە، ئێستا لە جێگایەکی دیکە دەبوو.” ئێستا ئێمە ڕادەگەیەنین کە تورکیە دەبێ ڕووبەڕووی ئەو مەسەلەیە بێتەوە، تورکیە دەبێ بۆ هەمیشە ئەو مەسەلەیە چارەسەر بکات… ئێمە بڕوامان بەوەیە. ئێمە لەو ڕێگایەدا هەنگاومان هەڵگرتووە، درێژە بەو هەنگاوانەمان دەدەین، ئامادەیەن لەو پێناوەدا هەموو نرخێک بدەین”. (Today’s Zaman 2009c).

بەشێک لە نێوەرۆکــــــــــــــی “دەستپێشخەری”یەکە، بریتی بوو لەوەی کە دەوڵەت ئەوەی لە بەرچاو گرتبوو، کە لە درێژخایەندا بتوانێ چەک بە گەریلاکانی حیزبی کرێکارانی تورکیە کە لە کێوەکانی کوردستانی عێراقدا جێگیر بوون دابنێ و، سەرلەنوێ بیانهێنێتەوە نێو کۆمەڵگای تورکی و، لە ڕێگای دەستەبەرکردنی ئازادییە شەخسی و فەرهەنگییەکان، کێشەی کورد چارەسەر بکات. کاربەدەستان پێیان لەسەر ئەوە دادەگرت کە ئەو هەنگاوانە بەشێکن لە پڕۆسەی دێموکراتیزاسیۆن لە تورکیەدا کە دەبێتە هۆی گۆڕانی قانوونی ئەساسی و هەروەها پێکهێنانی چاکسازی بۆ خۆرێکخستن لەگەڵ یەکیەتیی ئەورووپا. کاربەدەستانی دەوڵەت ئەوەشیان ڕاگەیاند کە پاکەیجێکی تایبەتی سەبارەت بە لابردنی قەدەغە لە سەر خوێندن و بڵاوکردنەوە بە زمانی کوردی ڕادەگەیەنن. بۆ نموونە ڕایانگەیاند کە خوێندنی کوردی لە قوتابخانەکاندا دەبێتە دەرسێکی ئیختیاری و هەموو ڕادیو و تەلەفزیۆنە شەخسییەکان دەتوانن بەرنامە بە زمانی کوردی بڵاو بکەنەوە. Today’s Zaman 2009d). وەک بەشێک لەو دەستپێشخەرییە ڕێگا بە زیندانیەکان درا کە بتوانن لە نێو خۆیان و لە کاتی دیدار لە گەڵ خزم و کەس و کارو ئاشنایانیاندا بە کوردی قسە بکەن. لانی کەم لە تیۆریدا ئەوەیان ڕاگەیاند. دیارە ناتوانین ئەوە دەستنیشان کەین کە ئەو بڕیارە تا ئێستا چەندە بە شێوەیەکی کاریگەر پیادە کراوە. هەروەها قەدەغە لەسەر وتاردانی ئایینی بە زمانی کوردی لابرا. لەوەش زیاتر کاربەدەستانی حیزبی عەداڵەت و پەرەسەندن ڕایانگەیاند، کە دەیانەوێ دەستکاریی پێویست لە یاسای کاروباری حیزبەکاندا پێک بێنن، بەجۆێک کە سیاسەتمەدارانی کورد بتوانن لە وتار و کەمپەین و دروشم و تەبلیغاتی خۆیاندا لە کوردی کەڵک وەرگرن. (CNN Turk 2010). لە سێپتامبری ٢٠٠٩دا، بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی باڵا لە تورکیە، ڕەزامەندیی خۆی لە سەر داخوازییەکی زانستگای Artuklu لە ماردین بۆ دامەزرانی”ئەنستیتۆی زمانە زیندووەکان” نیشان دا. مەبەست ئەوە بوو کە بتوانرێ دەرگا بۆ خوێندنی کوردی و زمانە ناوچەییەکانی دیکە لە زانکۆکان دا بکرێتەوە. بەوحاڵەش، سەرەڕای هەموو ئەو هەنگاوانەش، دەوڵەت هەروا نیگەران بوو. بۆ نموونە، لە پێشدا بڕیار وابوو کە ناوی “ئەنستیتۆی زمانە زیندووەکان”، “ئەنستیتۆی زمانی کوردی” بێت. کەچی لە جیاتی ئەوە دواتر بە تانە ناوی” ئەنستیتۆی زمانە زیندووەکان”ی لەسەر دانرا. بە کۆتاییهاتنی ساڵی ٢٠٠٩ی پڕ لە هیواو ئومێد، پڕۆژەی “دەستپێشخەریی کوردی” کە لە لایەن دەوڵەتەوە کاری لە سەر دەکرا، لەلایەن دادگای قانوونی ئەساسی تورکیەوە کەوتە بەر زەبرێکی گورچووبڕ. لە مانگی دیسامبری ئەو ساڵەدا، دادگاکە حیزبی DTP کە حیزبێکی لایەنگری مافەکانی کوردان بوو بەتاوانی هەبوونی پەیوەندیی لەگەڵ پ.ک.ک بە حیزبێکی غەیرە قانوونی ناساند. لە ئاکامدا دەیان سیاسەتمەداری پایەبەرز، هەر یەکەیان بۆ ماوەی پێنج ساڵ، لە مافی تێکۆشانی سیاسی بێ بەش کران. (BBC 2009a). قەدەغەکردنی حیزبی DTP گیران و زیندانیکردنی کۆمەڵێکی بەرچاو لە سیاسەتمەدار و چالاکوانانی کوردی بەدوادا هات. بۆ نموونە چەندین شارەداری شارە کوردنشینەکان بەتاوانی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ پ.ک.ک گیران و ڕەوانەی زیندان کران. (BBC 2009b).


لەودەمەوە حیزبی DTP لە ژێر ناوی حیزبی ئاشتی و دێموکراسیدا، درێژە بە کاری خۆی دەدا. (Barış ve Demokrasi Partisi, BDP). بەو جۆرە بارودۆخی سیاسی و نیزامی بەرەو خراپی ڕۆیشت. پڕۆژەی “دەستپێشخەریی کوردی” گەیشتە بنبەست. پ.ک.ک دەوڵەتی بەوە تاوانبارکرد کە بەرنامەی “دەستپێشخەری”ی وەک ئامرازێک بۆ بێدەنگکردنی بزووتنەوەی کورد بەکار دێنێ، چوونکە نەیتوانیوە وەڵامی ئەرێنی بە دەستپێشخەریی پ.ک.ک بۆ ڕاوەستانی شەڕ بداتەوە. ئەوە لە کاتێکدا بوو کە هەر لەو سەروبەندەدا، تەنیا ڕۆژنامەی کوردی لە تورکیە، بەناوی Azadiya Welat سەرلەنوێ لەلایەن دادستانەکانی تورکیەوە کرابووە ئامانج و کەوتبووە بەر پەلامار. ویدات کورشون سەرنووسەری پێشووی ئەو رۆژنامەیە، کە لە ساڵی ٢٠٠٩دا، بەهۆی “تاوانەکانی پێشووتر”ی زیندانی کرا، سەرلەنوێ لە لایەن دادگای ژمارە پێنجی سزادانی دیاربەکر لە مانگی مای ٢٠١٠دا، بە ١٦٦ساڵ و شەش مانگ زیندانی مەحکووم کرا. ناو براو بە گوێرەی یاسای بەدناوی “قانوونی دژی تیرۆریزم” بەتاوانی بڵاوکردنەوەی پڕۆپاگەندە بە قازانجی “ڕێکخراوێکی نایاسایی”. (Önderoğlu 2010).


دادگای ئەستەمبوڵیش هەر لەو سەرۆبەندەدا، بە گوێرەی ماددەیەکی دیکەی هەمان یاسای دژە تیرۆر، بڵاوبوونەوەی ڕۆژنامەیەکی کوردیی بۆ ماوەی دوو مانگ قەدەغە کردبوو. دەبێ بگوترێ دوو سەرنووسەری دیکەی ڕۆژنامەکە و هەروەها سەرنووسەرانی هێندێک ڕۆژنامەی کوردی و چاپەمەنییە چەپەکانی ئۆپۆزسیۆنیش هەر لەو کاتانەدا ڕووبەڕووی حەپسی درێژخایەن و تاوانی جۆراوجۆر کرابوونەوە. (هەواڵدەرانی بێسنوور a 2010, 2010b،) . لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو پەروەندەیەدا ڕێکخراوی هەواڵدەرانی بێسنوور، کە بەرگری لە ئازادیی بەیان دەکات، بەو شێوەیە ئاکام لەو سیاسەتە پڕ لە ناتەباییەی تورکیە وەردەگرێ:


ئێمە ئازار و ئەزیەتی ئەو ڕۆژنامەیە و سەرنووسەرەکانی مەحکووم دەکەین. ئەو جۆرە سزا قورسانە، ناتەباییەکانی سیاسەتی تورکیە نیشان دەدەن. بەتایبەت ئەودەستپێشخەرییەی کە لە ساڵی ڕابردوودا دەوڵەت دەستی دابوویە و بڕیار وابوو بەهۆی ئەوەوە ٢٥ ملیۆن کورد (یەک چوارەمی حەشیمەتی تورکە) لە تورکیە مافی زۆرتریان بدرێتێ و ئەوان لە ستانداردە نێونەتەوەییەکان نزیک بکاتەوە. وا دێتە بەرچاو کە کاربەدەستانی تورکیە ناتوانن دەستبەرداری سیاسەت و ڕوانگەی سەرکوتکەرانەی خۆیان بن. تەنانەت لە کاتێکدا کە لەو وڵاتەدا تەنیا یەک ڕۆژنامەی کوردیش دەرچێ. ڕستەیەک دونیایەک قسە دەکات. (Reporters without Borders 2010a).


ئەو ئاڵوگۆڕانە نەک هەر سێبەرێکی تاریک دەخەنە سەر ئەو دەستپێشخەرییە، بەڵکوو ئەو گومانە دروست دەکەن کە دەوڵەت خەریکی بەرنامەدان بۆ “چارەسەری” کێشەی کوردە، بەبێ بەشداری و حزووری نوێنەرانی قانوونیی بە ملیۆنان کورد. ئەو ڕاستییە لەو شانۆسازییە قەزاییەدا باشتر خۆی نیشان دا کە لەوێدا ١٥٢ سیاسەتمەداری کورد بە تاوانی پەیوەندی لەگەڵ پ.ک.ک بە شێوەی بەکۆمەڵ دادگایی کران. بە درێژایی ڕەوتی دادگا، ئەوکەسانەی کێشرابوونە دادگا، بەردەوام داوایان دەکرد کە مافی ئەوەیان بدرێتێ بە کوردی قسە بکەن و دیلمانجیان هەبێ، بەڵام دادگا بەو بەهانەیەی کە ئەوان دەتوانن بە تورکیش بدوێن، ئەو داخوازەی ڕەت کردەوە. کاتێکیش ئەو کەسانە بۆ بەرگری لە خۆیان بە کوردی وەڵامیان دایەوە، مایکرۆفۆنەکانیان لە سەر کوژاندنەوە و پڕۆسەی دادگایان بەو بیانووە کە لە “زمانێکی نەناسراو” کەڵک وەردەگیرێ بەرەسمی ڕاگرت. هەروەها دادگا ڕاپۆرتێک کە لە لایەن پسپۆڕێکی مافی کەمایەتیەکانەوە ئامادە کرابوو ڕەتکردەوە. لەو ڕاپۆرتەدا هاتبوو کە بەگوێرەی مادەی٣٩ی پەیماننامەی لۆزان، ئەو کەسانە مافی ئەوەیان هەیە بە زمانی کوردی دیفاعی قانوونی لە خۆیان بکەن. (Üstündağ 2010).



شەشەم: ئاکام

گۆڕانکارییەکان ئەوە نیشان دەدەن کە ئێستاشی لەگەڵ بێت، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە سیاسەتی تورکیەدا بەرانبەر پرسی کورد نەهاتۆتە پێش. بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین کە سیاسەتی زمانکوژیی تورکیە هەروا درێژەی هەیەو لەو پەیوەندییەدا داهاتووی زمانی کوردی بەهۆی ئەو سیاسەتەوە، لەبەر مەترسی و هەڕەشەدایە. بۆیە گەلێک کۆسپی سیاسی جیددی لەسەر رێی کوردەکاندا هەن کە نایەڵن ئەوان زمانی خۆیان بۆ نەوەکانی داهاتوویان ڕاگوێزن. ئیلیتی نیزامی و سیاسیی تورکیە هەروا لەسەر ئەوە سوورن کە مەوجوودییەتی زمانی کوردی وەک “گیروگرفت” و “کەندو کۆسپ” سەیر بکەن. ئەوە ئەو ڕاستییە تاڵەش وەبیر دێنێتەوە کە بەو حاڵەش تورکیە لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە کە دەوڵەت-نەتەوەیەکی کەمالیستی دروست بکات، کە هەموو هاووڵاتیەکانی بەتورکی قسە بکەن. لە ئاکامدا دەبینین کە خوێندنی کوردیی گشتی لە تورکیەدا هەروا قەدەغەیە. ئەسڵی ژمارە ٢٤ی قانوونی ئەساسی کە دەڵێ “بێجگە لە زمانی تورکی هیچ زمانێکی دیکە نابێت وەک زمانی دایک بۆ خوێندن لە لایەن هاووڵاتیانی تورکیە کەڵکی لێ وربگیرێ”، هەروا لە جێگای خۆیەتی. لە حاڵێکدا کە کەناڵیکی دەوڵەتی شەو و ڕۆژ بەردەوام بەرنامە بە زمانی کوردی بڵاو دەکاتەوە، زۆربەی کوردەکان هەروا لەگەڵ ڕایەڵکەیەکی بەرین لە ڕێوشوێن و یاسا و ڕێسای سەختگیرانە و نائەمنیی جۆراوجۆر بەرەوڕوون. ئەمە وەزعێکی خوڵقاندووە کە ئەوان لە کۆنتێکستێکی کۆمەڵایەتی پڕ لە دوژمنایەتیدا کە لەلایەن دیسکۆرسی ناسیۆنالیستی و هێستریکی زاڵەوە بەسەریاندا سەپاوە، بەسەر بەرن. ناسیۆنالیزمی نیزامیی تورک لە حاڵیکدا تێدەکۆشێ کوردەکان ناچار بکا “ببن بەتورک”، لە هەمان کاتدا دەیەوێ ئەو کەسانەی بەرانبەر ئەو سیاسەتەش ڕادەوەستن وەک “ئەوانیتری دوژمن” بناسێنێ و ئەو جۆرە ڕوانگەیە لەهەموو ئاستەکانی کۆمەڵگادا پەرە پێ بدات. زمانی کوردی لە تورکیەدا هێشتاش بە یەکێک لەو زمانانە دادەنرێ کە لە ئاستی دونیادا لە ڕیزی پێشەوەی زمانە سەرکوتکراوەکانە. هەموو ئەو نووسەر، سیاسەتمەدار، چالاکوان ، خەباتگێر، ڕۆژنامەنووس و پارێزەرانەی لە پێناوی پاراستنی زمانی کوردی دژی سیاسەتی سەرکوت و زەبروزەنگی تورکیە تێکۆشاون، بەردەوام کەوتوونەتە بەر ئەزییەت و ئازار و ڕاونان. هیشتاش کۆڕ و کۆمەڵە فەرهەنگی و زمانییەکانی کوردی دەکەونە بەر تاقیب و ڕاونان و چالاکییەکانیان هەڵدەپەسێردرێن. ئەو چاکسازییە کەمانەی لە پەیوەندی لەگەڵ یەکیەتیی ئەورووپادا بەڕێوە چوون، نەیانتوانیوە لە کردەوەدا شتێک لە واقعییەت بگۆڕن. ئاخر قانوونی ئەساسی و یاساکانی دیکە، بە تایبەتی قانوونی بەدناوی دژەتیرۆر، کە بە شێوەیەکی زۆر ناڕوون دارێژراوە، دەستی دادگاکان بۆ کپکردنی هەموو دەنگێکی ناڕازی ئاواڵا دەکەن. بە کورتی، کوردەکان هێشتاش لە مافە سەرەتاییەکانی خۆیان لە تورکیەدا بێبەشن و تەنیا بە تاوانی کوردبوون لەگەڵ ئەزییەت و ئازار و سەرکوت و زەبروزەنگ بەرەوڕوون.

هەنگاوە ئەرێنیەکانی حکومەتی حیزبی عەداڵەت و پەرەسەندن لە ساڵی ٢٠٠٩دا، چاوەڕوانییەکی زۆری لێکەوتەوە. بەڵام بە داخەوە دەوڵەت کاتێک لە گەڵ کەند و کۆسپ بەرەوڕوو بوو، نەیتوانی هەنگاوی ئازایانە هەڵگرێ و سەرەنجام پاشەکەشەی لە پڕۆژەکەی خۆی کرد. دەستپێشخەرییەکەی حیزبی عەداڵەت و پەرەسەندن جارێکی دیکەش ئەو ڕاستییە تاڵەی دەرخست کە دۆزینەوەی ڕێگا چارەیەکی عادڵانە و دێموکراتیک بۆ کێشەی کورد، لە نێو سیاسەتە نیزامییە جێکەوتووەکان و نەریتە دەسەڵاتخوازییەکان لەلایەک و ئۆپۆزسیۆنی ناسیۆنالیستی ڕاستڕەو و بۆرۆکراسی لەلایەکی دیکەوە، کارێکی دژوارە و نایەڵێ ئاڵوگۆڕی ڕاستەقینە ڕوو بدا. تا کاتێک مەسەلەی مافە ئینسانی، سیاسی ،کولتوری و زمانییەکانی کوردەکان وەبەرچاو نەگیرێ و ڕێگا چارەیەکی عادڵانە بۆ ئەو کێشەیە نەدۆزرێتەوە، شەڕوکێشە بوومییەکانی پەیوەندیدار بەو مەسەلەیەوە تا داهاتوویەکی پێشبینیکراو یەخەی تورکیە بەرنادەن. ئەمڕۆ، ڕوونە تورکیە بە قۆناخێکی سەخت و دژواردا تێدەپەڕێ، کە بە زەحمەت ئاکامەکانی پێشبینی دەکرێن. بۆیە پێویستیی تورکیەیەکی دێموکراتیک، کە لەوێدا کوردەکان و زمانەکەیان بتوانن بە ئازادی وجوودیان هەبێت، لە هەر کاتێکی دیکە پێویستتر دێتە بەرچاو.

*. https://www.researchgate.net/publication/290553557_Turkey’s_Kurdish_language_policy
**. Welat Zeydanlıoğlu: The University of Uppsala. E-mail: welatzeydan@hotmail.com

References

Agence France-Presse (AFP). 2007. Prosecutor seeks 15 years for Kurdish mayors over Denmark
letter. 3 April. http://www.institutkurde.org/en/info/latest/prosecutor-seeks-15-years-forkurdish-
mayors-over-denmark-letter-624.html (accessed 1 November 2010).
Ahmad, Feroz. 1993. The making of modern Turkey. London: Routledge.
Akçam, Taner. 2004. From empire to republic: Turkish nationalism and the Armenian genocide.
London: Zed Books.
Arai, Masami. 1994. Jön Türk dönemi Türk milliyetçiliği [Turkish nationalism in the Young Turk
era]. İstanbul: İletişim Yayınları.
Aktar, Ayhan. 2000. Varlık vergisi ve ‘türkleştirme’ politikaları [The capital tax and policies of
‘Turkification’]. İstanbul: İletişim Yayınları.
Aydın, Suavi. 2001. Cumhuriyet’in ideolojik şekillenmesinde antropolojinin rolü: Irkçı
paradigmanın yükselişi ve düşüşü [The role of anthropology in the ideological formation of
the republic: the rise and fall of the racist paradigm]. In Ahmet İnsel (ed.), Modern
Türkiye’de siyasi düşünce: Kemalizm [Political thought in modern Turkey: Kemalism],
344–369. İstanbul: İletişim Yayınları.
Aydıngün, Ayşegül & İsmail Aydıngün. 2004. The role of language in the formation of Turkish
national identity and Turkishness. Nationalism and Ethnic Politics 10(3). 415–432.
Aytürk, İlker. 2004. Turkish linguists against the West: the origins of linguistic nationalism in
Atatürk’s Turkey. Middle Eastern Studies 40(6). 1–25.
BBC News. 2008. Turkey jails Kurdish politician. 4 December.
http://news.bbc.co.uk/1/hi/world/europe/7765734.stm (accessed 1 November, 2010).
BBC News. 2009a. Turkish top court bans pro-Kurdish party. 11 December,
http://news.bbc.co.uk/1/hi/world/europe/8408903.stm (accessed 1 November 2010).
BBC News. 2009b. Turkey holds dozens in anti-PKK raids. 24 December.
http://news.bbc.co.uk/1/hi/world/europe/8430044.stm (accessed 1 November 2010).
Beşikçi, İsmail. 1970. Doğu Anadolu’nun düzeni: Sosyo-ekonomik ve etnik temeller [The order of
Eastern Anatolia: socio-economic and ethnic foundations]. İstanbul: E Yayınları.
BİA News. 2003. Regulation on teaching different languages. 10 December.
http://bianet.org/english/women/27271-regulation-on-teaching-different-languages
(accessed 1 November 2010).
Birinci Türk dil kurultayı müzakere zabıtları 1932 [Theses proceedings of the first Turkish
language congress 1932]. 1933. Ankara: The Turkish Language Institution.
http://www.tdkkitaplik.org.tr/kurultay01/K010901.pdf (accessed 1 November 2010).
Bloxham, Donald. 2005a. The great game of genocide: imperialism, nationalism, and the
destruction of the Ottoman Armenians. Oxford: Oxford University Press.
Brought to you by | Carleton University Library
Authenticated | 134.117.10.200
Download Date | 9/27/12 11:10 PM
122 W. Zeydanlıoğlu
Bloxham, Donald. 2005b. Changing perceptions of state violence: Turkey’s “westward”
development through Anglo-Saxon eyes. In Richard Littlejohns & Sara Soncini (eds.),
Myths of Europe, 223–234. Amsterdam: Rodopi.
Bonnett, Alastair. 2004. The idea of the West: culture, politics and history. Hampshire: Palgrave
Macmillan.
Bozarslan, Hamit. 2000. Why the armed struggle? Understanding the violence in Kurdistan of
Turkey. In Ferhad Ibrahim & Gulistan Gurbey (eds.), The Kurdish conflict in Turkey:
obstacles and chances for peace and democracy, 17–30. New York: St Martin’s Press.
Bozarslan, Hamit. 2005. The Kurdish issue in Turkey following the 2003 Iraqi war. In
Mohammed M. A. Ahmed & Michael M. Gunter (eds.), The Kurdish question and the 2003
Iraqi war, 123–135. Costa Mesa: Mazda Publishers.
Bruinessen, Martin van. 2001. From Adela Khanum to Leyla Zana: women as political leaders in
Kurdish history. In Shahrzad Mojab (ed.), Women of a non-state nation: the Kurds, 95–112.
Costa Mesa: Mazda Publishers.
Cizre, Ümit. 2001. Turkey’s Kurdish problem: borders, identity, and hegemony. In Brendan
O’Leary, Ian S. Lustick & Thomas M. Callaghy (eds.), Right-sizing the state: the politics of
moving borders, 222–252. Oxford: Oxford University Press.
CNN Türk. 2009. Gün TV’ye 12 gün yayın durdurma cezası [Gün TV ordered to cease
broadcasting for 12 days]. 20 March. http://www.cnnturk.com/2009/turkiye/03/20/gun.tvye.12.gun.yayin.durdurma.cezasi/518725.0/index.html (accessed 1 November, 2010).
CNN Türk. 2010. Kürt.e propaganda yasağı kalkabilir [The ban on propaganda in Kurdish could
be lifted]. 31 January. http://www.cnnturk.com/2010/turkiye/01/31/kurtce.propaganda.yasagi.kalkabilir/561729.0/index.html (accessed 1 November 2010).
Copeaux, Etienne. 1998. Türk Tarih Tezinden Türk-İslam Sentezine [From the Turkish history
thesis to the Turkish-Islamic synthesis]. İstanbul: Tarih Vakfı Yurt Yayınları.
Çolak, Yılmaz. 2004. Language policy and official ideology in early republican Turkey. Middle
Eastern Studies 40(6). 67–91.
Dadrian, Vahakn. 2004. The history of the Armenian genocide: ethnic conflict from the Balkans
to Anatolia to the Caucasus. Providence, RI: Berghahn Books.
Dirlik, Arif. 1997. The postcolonial Aura: Third World criticism in the age of global capitalism.
Oxford: Westview Press.
Dündar, Can & Rıdvan Akar. 2008. Ecevit ve gizli arşivi [Ecevit and his secret archive]. İstanbul:
İmge Yayınları.
Dündar, Fuat. 2001. İttihat ve Terakki’nin Müslümanları iskan politikası (1913–1918) [The
Committee of Union and Progress’s policy of settling Muslims]. İstanbul: İletişim
Yayınları.
Erdem, Suna. 2010. Suitcase of documents reveals plan for yet another very Turkish coup. The
Times. 28 January. http://www.timesonline.co.uk/tol/news/world/europe/article7005391.ece (accessed 1 November 2010).
Fırat New Agency (ANF). 2010. TRT 6’da deprem [Earthquake at TRT 6]. 12 January. http://www.
firatnews.nu/index.php?rupel=nuce&nuceID=19993 (accessed 1 November 2010).
Gökalp, Ziya. 1981 [1918]. Turkish nationalism and Western civilisation. London. Greenwood
Press.
Gunter, Michel. 1990. The Kurds in Turkey: a political dilemma. San Francisco: Westview Press.
Gurbey, Gulistan. 2005. Implications of Turkey’s constitutional reforms for the Kurds. In
Mohammed M. A. Ahmed & Michael M. Gunter (eds.), The Kurdish question and the 2003
Iraqi war, 136–162. Costa Mesa: Mazda Publishers.
Brought to you by | Carleton University Library
Authenticated | 134.117.10.200
Download Date | 9/27/12 11:10 PM
Turkey’s Kurdish language policy 123
Hassanpour, Amir. 1992. Nationalism and language in Kurdistan, 1918–1985. San Francisco:
Mellen Research University Press.
Hassanpour, Amir. 1993. The internationalization of language conflict: the case of Kurdish. In
Eran Fraenkel & Christina Kramer (eds.), Language contact-language conflict, 107–155.
New York: Peter Lang.
Hassanpour, Amir. 2000. The politics of a-political linguistics: linguists and linguicide. In
Robert Phillipson (ed.), Rights to language: equity, power, and education, 33–39. Mahwah,
NJ: Lawrence Erlbaum Associates.
Hassanpour, Amir, Tove Skutnabb-Kangas & Chyet, Michael. 1996. The non-education of the
Kurds. International Review of Education 42(4). 367–379.
Huggler, Justin. 2001. Turkey lifts ban on Kurdish broadcasts in effort to impress EU. The
Independent. 28 September. http://www.highbeam.com/doc/1P2-5182813.html (accessed
1 November 2010).
Kara Kuvvetleri Komutanlığı. 1982. Türkiye’de b.lücü ve yıkıcı akımlar [Divisive and destructive
currents in Turkey]. Ankara: Kara Kuvvetleri Komutanlığı Basımevi.
Kirişçi, Kemal & M. Gareth Winrow. 1997. The Kurdish question and Turkey: an example of a
trans-state ethnic conflict. London: Frank Cass.
Koivunen, Kristiina. 2002. The invisible war in north Kurdistan. Helsinki: University of Helsinki
dissertation. http://ethesis.helsinki.fi/julkaisut/val/sospo/vk/koivunen/theinvis.pdf
(accessed 1 November 2010).
Kurdish Human Rights Project. 2005. Recognition of linguistic rights? The impact of pro-EU
reforms in Turkey. London: Kurdish Human Rights Project.
Lewis, Geoffrey. 1999. The Turkish language reform: a catastrophic success. New York: Oxford
University Press.
Mater, Nadire. 2002. Appeal for Kurdish language courses refuted. Bianet.org. 15 February.
http://bianet.org/english/english/7769-appeal-for-kurdish-language-courses-refuted
(accessed 1 November 2010).
McDowall, David. 2000. A modern history of the Kurds. London: I. B. Tauris.
Muller, Mark. 1996. Nationalism and the rule of law in Turkey: the elimination of Kurdish
representation during the 1990s. In Robert Olson (ed.), The Kurdish nationalist movement
in the 1990s: its impact on Turkey and the Middle East, 173–199. Lexington, KY: The
University Press of Kentucky.
Nezan, Kendal. 1993. Kurdistan in Turkey. In Gerard Chailand (ed.), People without a country:
the Kurds and Kurdistan, 61–68. New York: Olive Branch Press.
Okutan, M. Çağatay. 2004. Tek Parti döneminde azınlık politikaları [Minority policies during the
Single Party rule]. İstanbul: İstanbul Bilgi Üniversitesi Yayınları.
Önderoğlu, Erol. 2009. ECHR will tackle ban on propaganda in Kurkish. Bianet.org. 11 February.
http://bianet.org/english/freedom-of-expression/112506-echr-will-tackle-ban-onpropaganda-
in-kurdish (accessed 1 November 2010).
Önderoğlu, Erol. 2010. 166.5 years’ sentence for Kurdish journalist Vedat Kurşun. Bianet.org. 14
May. http://bianet.org/english/minorities/121970-166-5-years-sentence-for-kurdishjournalist-
vedat-kursun (accessed 1 November 2010).
Pope, Hugh. 1993. Voice from grave airs a Kurdish solution: Ozal letter published advocating
forced migration to defeat PKK. The Independent. 13 November. http://www.independent.
co.uk/news/world/voice-from-grave-airs-a-kurdish-solution-ozal-letter-publishedadvocating-
forced-migration-to-defeat-pkk-1503951.html (accessed 1 November
2010).
Brought to you by | Carleton University Library
Authenticated | 134.117.10.200
Download Date | 9/27/12 11:10 PM
124 W. Zeydanlıoğlu
Reporters without Borders. 2010a. Former editor of Turkey’s sole Kurdish daily facing up to 525
years in prison. 2 April. http://en.rsf.org/turkey-former-editor-of-turkey-ssole-
02-04-2010,36936.html (accessed 1 November 2010).
Reporters without Borders. 2010b. Another trial against Kurdish minority publication. 2 August.
http://en.rsf.org/turkey-another-trial-against-kurdish-02-08-2010,38078.html (accessed 1
November 2010).
Sadoğlu, Hüseyin. 2003. Türkiye’de ulusçuluk ve dil politikaları [Nationalism and language
policies in Turkey]. İstanbul: İstanbul Bilgi Üniversitesi Yayınları.
Sezgin, Dilara & Melissa A. Wall. 2005. Constructing the Kurds in the Turkish press: a case
study of Hurriyet newspaper. Media, Culture & Society 27(5). 787–798.
Skutnabb-Kangas, Tove. 1981. Bilingualism or not: the education of minorities. London:
Multilingual Matters.
Skutnabb-Kangas, Tove. 2000. Linguistic genocide in education or worldwide diversity and
human rights? London: Lawrence Erlbaum Associates Publishers.
Skutnabb-Kangas, Tove. 2005. Linguistic genocide. In Dinah Shelton (ed.), Encyclopedia
of genocide and crimes against humanity, 653–654. New York: Macmillan Reference
USA.
Skutnabb-Kangas, Tove & Sertaç Bucak. 1995. Killing of a mother tongue: how the Kurds are
deprived of linguistic human rights. In Tove Skutnabb-Kangas & Robert Phillipson (eds.),
Linguistic human rights: overcoming linguistic discrimination, 347–353. Berlin & New
York: Mouton de Gruyter.
Skutnabb-Kangas, Tove & Robert Dunbar. 2010. Indigenous children’s education as linguistic
genocide and a crime against humanity? A global view. Guovdageaidnu/Kautokeino:
Gáldu, Resource Centre for the Rights of Indigenous Peoples.
Skutnabb-Kangas, Tove & Desmond Fernandes. 2008. Kurds in Turkey and in (Iraqi) Kurdistan:
a comparison of Kurdish educational language policy in two situations of occupation.
Genocide Studies and Prevention 3(1). 43–73.
Skutnabb-Kangas, Tove & Shelley Taylor. 2009. The educational language rights of Kurdish
children in Turkey, Denmark and Kurdistan (Iraq). In William Ayers, Therese Quinn & David
Stovall (eds.), Handbook for social justice in education, 171–190. New York: Routledge.
Sobecki, Nichole. 2009. Turkey’s forbidden tongue. Globalpost.com. 5 March. http://www.
globalpost.com/dispatch/turkey/090305/turkeys-forbidden-tongue?page=0,0 (accessed
1 November 2010).
Taşpınar, Ömer. 2005. Kurdish nationalism and political Islam in Turkey: Kemalist identity in
transition. New York: Routledge.
Terörle Mücadele Kanunu 3713 [The Anti-Terror Law 3713]. 1991. Published in the Official
Gazette on 12 April. http://www.mevzuat.adalet.gov.tr/html/809.html (accessed 1
November 2010).
Today’s Zaman. 2009a. Kurdish pop star Rojin parts ways with state broadcaster TRT 6. 15 April.
http://www.todayszaman.com/tz-web/detaylar.do?load=detay&link=172488 (accessed 1
November 2010).
Today’s Zaman. 2009b. Outlawed PKK threatens TRT’s Kurdish employees. 10 February.
http://www.todayszaman.com/tz-web/detaylar.do?load=detay&link=166446 (accessed 1
November 2010).
Today’s Zaman. 2009c. Government to continue Kurdish Initiative, no matter the cost. 15
August. http://www.todayszaman.com/tz-web/news-184055-govt-to-continue-kurdishaqua-
aquainitiative-no-matter-the-cost.html (accessed 1 November 2010).
Brought to you by | Carleton University Library
Authenticated | 134.117.10.200
Download Date | 9/27/12 11:10 PM
Turkey’s Kurdish language policy 125
Today’s Zaman. 2009d. Outline of Kurdish Initiative emerges at security summit. 18 September.
http://www.todayszaman.com/tz-web/news-187472-101-outline-of-kurdish-initiativeemerges-
at-security-summit.html (accessed 1 November 2010).
Today’s Zaman. 2010. Turkey is worst human rights violator, EctHR says. 29 January.
http://www.todayszaman.com/tz-web/detaylar.do?load=detay&link=199996 (accessed 1
November 2010).
Toumani, Meline. 2008. Minority rules. The New York Times. February 17.
http://www.nytimes.com/2008/02/17/magazine/17turkey-t.html?_r=1&pagewanted=all
(accessed 1 November 2010).
Tunçel, Harun. 2000. Türkiye’de ismi değiştirilen köyler [Renamed villages in Turkey]. Fırat
Üniversitesi Sosyal Bilimler Dergisi 10(2). 23–34.
..üncü Türk Dili Kurultayı 1936 tezler, müzakere zabıtları [Theses and proceedings of the Third
Turkish Language Congress 1936]. 1937. Ankara: The Turkish Language Institution.
http://www.tdkkitaplik.org.tr/kurultay03/K0302001.pdf (accessed 1 November 2010).
Üngör, Uğur Ümit. 2008. Seeing like a nation-state: Young Turk social engineering in eastern
Turkey, 1913–1950. Journal of Genocide Research 10(1). 15–39.
.stündağ, Erhan. 2010. Kurdish speaking defendants silenced at court. Bianet.org. 5
November. http://www.bianet.org/english/minorities/125899-kurdish-speakingdefendants-
silenced-at-court (accessed 10 November 2010).
Watts, Nicole F. 1999. Allies and enemies: pro-Kurdish parties in Turkish politics, 1990–1994.
International Journal of Middle East Studies 31(4). 631–656.
Williams, H. Colin (ed.). 1988. Language in geographic context. Clevedon: Multilingual Matters.
Yeğen, Mesut. 1999. Devlet söyleminde Kürt sorunu [The Kurdish question in state discourse].
İstanbul: İletişim Yayınları.
Yıldız, Ahmet. 2001. Ne mutlu Türküm diyebilene: Türk ulusal kimliğinin etno-seküler sınırları,
1919–1938 [How happy is he who is able to say he is Turkish: the ethno-secular borders of
the Turkish national identity, 1919–1938]. İstanbul: İletişim Yayınları.
Yildiz, Kerim & Georgina Fryer. 2004. The Kurds: culture and language rights. London: The
Kurdish Human Rights Project.
Yildiz, Kerim & Mark Muller. 2008. The European Union and Turkish accession: human rights
and the Kurds. London: Pluto Press.
Zeydanlıoğlu, Welat. 2007. Kemalism’s others: the reproduction of orientalism in Turkey.
Cambridge: Anglia Ruskin University dissertation.
Zeydanlıoğlu, Welat. 2008. The white Turkish man’s burden: Orientalism, Kemalism and the
Kurds in Turkey. In Guido Rings & Anne Ife (eds.), Neo-colonial mentalities in contemporary
Europe? Language and discourse in the construction of identities, 155–174. Newcastle
upon Tyne: Cambridge Scholars Publishing.
Zeydanlıoğlu, Welat. 2009. Torture and Turkification in the Diyarbakır Military Prison. In Welat
Zeydanlıoğlu & John T. Parry (eds.), Rights, citizenship and torture: perspectives on evil,
law and the state, 73–92. Oxford: Inter-Disciplinary Press.
Zeydanlıoğlu, Welat & Ipek Demir. 2010. On the representation of “others” at Europe’s borders:
the case of Iraqi Kurds. Journal of Contemporary European Studies 18(1). 7–23.

داگرتنی بابەت

سیاسەتی دەوڵەتی تورکیە سەبارەت بە زمانی کوردی

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان