ئارامتر بخوێنەوە
هێزی تیۆریی کۆمەڵایەتی: چوارچێوەی گوتاریی دژە کۆلۆنیال
جۆرج ج. سەفا دەی و عەلیڕەزا ئەسغەرزادە
ئەنستیتۆی ئۆنتاریۆ بۆ لێکۆڵینەوەی فێرکاریی، زانکۆی تۆرۆنتۆ
وەرگێڕان: کەماڵ حەسەنپوور
پوختە:
ئەو نووسراوەیە گوتاری دژە-کۆلۆنیال وەک چوارچێوەیەکی ڕێنوێنیکار بۆ دروست کردنی هاوپەیمانی و هابەشی لە نێوان چالاکانی دژە-ستەم لە زانستگاکان و کۆمەڵگای مەزنتر پێشکەش دەکات. بۆ ئەو مەبەستە، کەڵک لە تێڕوانینەکانی گێرانەوەی “ڕەسەنایەتی” و نەریتەکانی تیۆریی دژەڕەگەزپەرستی وەردەگیرێت. لە سایەی ئەو مەودایەی کە خەباتەکانی مارکسیستی، فێمێنیستی، پاش-کۆلۆنیالیستی و هەڵوەشێنەر دەستەبەریان کردووە، گوتاری دژە کۆلۆنیالی بەدوای وەرگرتنەوەی گۆڕەپانێکی سەربەخۆیە کە پەیوەندییەکی بەهێز و گرێدراوییەکی پتەوی دەگەڵ گۆڕەپانەکانی دیکە هەبێ. ئەو نووسراوەیە پەیوەندیی، وێكچوون و جیاوازیی نێوان ئەو گۆڕەپانە نوێیە دژەکۆلۆنیالە و گۆڕەپانەکانی دیکەی دروستکراو لە لایەن نەریتە دەوڵەمەندەکانی نیشان دەدا. ئامانجەکەی پێشبینیی گۆڕەپانێکی هاوبەش بۆ بەرگرییە کە لەوێدا تاقمە چەوساوە و پەڕاوێزخراوەکان بتوانن هاوپەیمانی بۆ بەرگری دژی مەیلە کۆلۆنیالیستییە جۆراوجۆرەکان دروست بکەن.
پێشەکی
ئێمە ئەو بەرهەمە وەک کردەوەیەکی ورووژێنەر پێشکەش دەکەین تا پانتای تیۆریکی گوتاری خۆمان بەربەرین بکەینەوە و ئەوەی بە ڕوونی تیۆری دژەکۆلۆنیالی بەرانبەر بە تێگەیشتنی نوێ و ئالنگارییەکانی هەڵقوڵاو لە هەلومەرجی نوێ دەر ببڕین. لە کاتێکدا کێبڕکێ بۆ تیۆری بە شێوەیەکی پەرەئەستێن لە ناو فێرگەکاندا (واتە قوتابخانە، کۆلێژ و زانستگاکان) چڕتر دەبێ، ئاسەوارەکانی بۆ ئەو کەسانەی مەترسیی لێدرانی مۆرکی بێ تیۆری بوونیان لەسەرە، چەند هێندە دەبێ. ئەوە بەشێکی دەگەرێتەوە بۆ ئەو گرینگییە زۆرەی بە توانایی و حەزی بەتیۆری کردن لەناو بەشێک لە شێوازە ئاساییە جێکەوتووەکان دەدرێ. هەر وەها بەشێکیشی لەبەر هەوڵە خشکەیییەکان بۆ حاشا کردن لە ڕەواییی زانیارییەکانی لای هێندێک لایەنە، کە ڕەنگبێ گوێ نەدەنە شێوازە باوەکانی بە تیۆری کردن. مەبەستی ئێمە لەو نووسراوەیەدا نیشاندانی تیۆری نییە، بەڵکوو کێشەدار کردنی چەمکێکی تیۆرییە کە کەمێک پەیوەندیی هەبێ یان هیچ پەیوەندیی بە واقیعی ژیانی ئەو خەڵکەوە نەبێ کە بەرژەوەندیی ئاکادێمیک و سیاسی ئەوان پێچەوانەی نەزمە کۆمەڵایەتییە زاڵەکانە. ئامانجی ئێمە یارمەتیدان بە داڕشتنەوەی چوارچێوەی گوتارێکی دژە کۆلۆنیالە کە ببێتە هۆی تێگەیشتن لە واقیع و نەریتی کۆمەڵایەتی لە گۆشە نیگای پەڕاوێزخراوەکان و ژێردەستەکانەوە.
لە شوێنی دیکە (دەی، ٢٠٠٠ئا)، گوتراوە کە بایەخی تیۆریی کۆمەڵایەتی نابێ تەنیا بە بنچینە فەلسەفییەکانی مەزەندە بکرێ. لەوەش گرینگتر، پەیوەندیدار بوونی تیۆرییەک دەبێ بەوە مەزەندە بکرێ کە ئاخۆ چەندە ڕێگامان پی دەدا لە ئاڵۆزیی کۆمەڵگای مرۆڤ تێبگەین و چاکسازییەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەستەبەر دەکات، واتە، هێزی تیۆری و بیرۆکان بۆ وەدیهێنانی ئاڵوگۆڕ و گۆڕینی ژیانی کۆمەڵایەتییە. لەبەر ئەو هۆکارە، ئێمە ئەو گەڕانە بە نێو تیۆریی کۆمەڵایەتی بە ڕوانین لە هێزی چوارچێوەی گوتاری دژە-کۆلۆنیال بۆ بەرەوپیش بردنی کردەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەست پێ دەکەین. ئێمە حەزمان لە وەرد دانەوەی جۆراوجۆری، وردبینی و ناڕێکوپێکیی ئافراندنی تیۆری بە مەبەستی ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی و سیاسییە.
فرانتز فانۆن (١٩٦٣) زۆر لەمێژە نیشانی داوە کە سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم تەنیا کاتێک دەگاتە لووتکە کە لە کۆتاییدا ببێتە هۆی گۆڕانی نەزمی کۆمەڵایەتی. ئەوە یەکەم ڕووبەڕوو بوونەوەی توندوتیژی دوو هێزی “دژی یەکتر لە سروشتی خۆیاندان، کە بە کردەوە ئاکامی بارودۆخی کۆلۆنییەکانن.” (لاپەڕەی ٣٦). فانۆن هەروەها دەڵێ سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم هێنانە ژێر پرسیاری سەرجەم دۆخی کۆلۆنیالی و ئاسەوارەکانیەتی. ئەو هێنانە ژێر پرسیارە گرینگە، نەوەک شوێنی هەڵوێستە کردن، بەڵکوو بۆ دروست کردنی پەیوەندیی نێوان چ شتێک هەیە و چ شتێک دەبێ ببێ. بە واتایەکی دیکە، ئەوەی ئێمە لێرە جەختی لەسەر دەکەین، پێویستیی لێک گرێدانی گفتوگۆ لەسەر چ شتێک مومکینە و چ شتێک هەیە. ئەوەی هەیە بۆ ئاراستە کردنی ڕەخنە لە نەزمی کۆمەڵگا و هۆشیاری لە سنووردارییەکانی ئێمە گرینگە. تیۆرییەکی کۆمەڵگا دەبێ هۆ و پێوەری گەشبینیی ئاکادێمیک، گوتاری و سیاسی پێشکەش بکات.
تایۆفین (١٩٩٥) بە هەمان شێوە گوتوویەتی سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم “پرۆسەیەکە، نەوەک گەیشتن؛ ئەو ئاماژە بە دیالێکتیکێکی بەردەوام لە نێوان سیستەمە ناوەندگەرا خۆسەپێنەکان و چەوساندنەوەی دەوروبەریان دەکات؛ لە نێوان چەمکە ئورووپاییەکانی … (ئیمپراتۆری) … دامەزراندنی کۆلۆنیالی و لێکهەڵوەشاندنەوەی لە لایەن دژە کۆلۆنیالەکان” (لاپەڕەی ٩٥). پرۆسەی بەرهەمهێنان و مەزەندە کردنی زانیاریی لە فێرگەکان دەتوانێ ڕاهێنانی کۆلۆنیالی بێ. لە جیاتی مژدەی زانیارییەک بێ کە ڕێگا بە فێرخوازان بدا تا کولتووری دژبەر گەشە پێ بدەن، پرۆسەیەکی کۆلۆنیالی لە ڕاستیدا دەتوانێ ئەو زانیارییە خەڵات بکات کە فێرخوازەکان دەخاتە ناو پێکهاتە و نەریتە زاڵەکانەوە. بۆیە، پرۆسەیەکی سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم لە فێرگەکان دەبێ وریا بێ کە پرۆسەی بە کۆلۆنی کردن و حەزەکانی کۆلۆنیالیستی، بە هۆی دەسەڵاتی پرینسیپە باوەکانی خۆرئاوا داوای پلەیەکی ساختە بۆ بابەتی کۆلۆنیالی دەکات، هاوکات زانیارییە ناوخۆییەکان بێبەش دەکرێن، نکۆڵییان لێ دەکرێت و بێ بایەخ دەکرێن.
بێجگە لەوە، پڕۆژەی ئاکادێمیکی سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم پێویستی بە واز هێنان لە ئەو شێوازانە هەیە کە لەواندا دۆخی مرۆڤ بە کولتورە زاڵە ئورووپایی-ئەمریکاییەکان پێناسە و دیاری دەکرێن. بە بێ تێگەشتن لە ڕاستیی کۆمەڵایەتی، ئەزموون و ڕێکارە ناوخۆییەکان، پرۆسەی سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم سەرکەوتوو نابێ. ئەوە ئەندێشەی زانین وەک هێز و خۆڕاگرییە کە بۆ پرۆسەی سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم فرە گرینگە (ئەبو لوقۆد، ١٩٩٠؛ موور، ١٩٩٧؛ پاری، ١٩٩٤). بۆ وێنە، لە ناو مێژوونوسیی گەلە کۆلۆنیکراوەکاندا، ڕابردووی مێژوویی یەکەیەکی گرینگی زانیاری دەستەبەر دەکات کە دەتوانێ ببێتە ئامرازی دەرخستنی ناسنامەیەک کە لە ناسنامەی دروستکراو بە هۆی ئایدیۆلۆژی خۆراواییەوە سەربەخۆیە (موتەشی، ١٩٩٦). ئەوە بۆ بەرنگار بوونەوە و دروست کردنی ئالنگاری بۆ ژێردەستەیی، بەردەوامیی ئەزموونی ژیانی ئەوانیتر و سەپاندنەوەی پێگەی ئەوان وەک زانیاریی ڕەوا و کاریگەر، یارمەتیدەر دەبێ. هەر بەو شێوەیە، ڕایت (١٩٩٢) سەرنجی داوەتە گیروگرفتی کەڵکوەرگرتن لە دەورەکانی کۆلۆنیال و پاش-کۆلۆنیال وەک خاڵی سەرچاوەی ئاکادێمیک بۆ ڕاستییەکانی خەڵکی ڕەسەن، وەک ئەوەی خەڵکی نا ئورووپایی هیچ مێژوویەکیان پێش هاتنی ئورووپاییان نەبووبێ.
پرینسیپەکانی چوارچێوەی گوتاریی دژە-کۆلۆنیال
ئێمە بە لەبەرچاو گرتنی ڕەخنەی پۆست مۆدێرنیستی لە نەشیاویی پێشکەشکردنی تیۆریی زەبەلاح و تێگەیشتنی بەرفراوان لە ئاڵۆزیی کۆمەڵگای ئەمڕۆیی، شێوەی گوتاریمان پێ لە باسی تیۆریک باشترە (زەلەزا، ١٩٩٧؛ پراپارات، ١٩٩٥). بۆیە ئێمە پێمان باشە لە چوارچێوەیەکی ڕێنوێنیکاردا کارەکانمان بکەین کە بە تەواوی ئەو ڕاستییە لەبەر چاو بگرێ کە پرسە ئاکادێمیک و سیاسییەکان بۆ ڕەنگدانەوەی واقیعە کۆمەڵایەتییەکان، بەردەوام لە ئاڵوگۆڕدان (شرۆف، ١٩٩٦، لاپەڕە ٢٣) ئێمە هەروەها هیوادارین خۆ لە وشکی و خۆنەگونجێنیی کە تایبەتمەندییەکانی تیۆرین ببوێرین. هیوای ئێمە کەڵک وەرگرتن لە زمانێکی خۆگونجێنتر، ئاشکراتر و ڕەوانترە کە چاوەڕوانین گوتار و چوارچێوەی گوتاری دەستەبەری بکەن. ئێمە هەروەها ئاماژە بە گیروگرفتی شەیدا بوون بە/لە بنئاژۆخوازیی ڕۆشنبیرانە دەکەین.
چوارچێوەی گوتاریی دژە-کۆلۆنیال ڕێگا بە ئێمە دەدا بە کەڵک وەرگرتن لە زانیاریی ڕەسەن وەک هەڵوێستێکی گرینگ، بە شێوەیەکی کاریگەر پرسی هەڵقوڵاو لە پەیوەندییەکانی نێوان کۆلۆنیالیست و کۆلۆنیکراو تیۆریزە بکەین. وەک تێڕوانین، دژە- کۆلۆنیالیزم لێکۆڵینەوە لەو پێکهاتەی دەسەڵاتانە دەکات کە لە بیرۆکە، کولتوور و مێژووی بەرهەمهێنانی زانست، نرخاندن و بەکار هێنانیاندایە. ئەو هەروەها تێگەیشتنی ئێمە لە ڕەسەنایەتی، هەوڵ بۆ خاوەن بڕیاری خۆ بوون، بەرگری و سیاسەتی بابەتیانەیە (فوکۆ، ١٩٨٣؛ موور، ١٩٩٧).
وەک لە شوێنی دیکەش ئاماژەی پێ کراوە (دەی، ٢٠٠٠ب)، چوارچێوەی گوتاری دژە-کۆلۆنیال، ڕەچەڵکناسیی کۆلۆنیکراوەکانە کە لە هەستی خۆماڵیی جەماوەری و هاوبەشی کۆلۆنیالیدا لەنگەری گرتووە. لەو ڕوانگەیەدا کۆلۆنیال تەنیا وەک غەوارە و بیانی لێک نەدراوەتەوە، بەڵکوو وەک داسەپاو و زاڵ. هەڵوێستی دژە کۆلۆنیالی دان بە گرینگیی زانستی بەرهەمهاتوو لە ناوخۆ، سەرچاوە گرتوو لە مێژووی کولتووری و ئەزموونەکانی ڕۆژانەی مرۆف و کارلێکەریی کۆمەڵایەتیدا دەنێ. هەڵوێستی گوتاریی دژە-کۆلۆنیال تاقمە پەڕاوێزخراوەکان وەک بابەتی ئەزموون و مێژوویەکانی خۆیان دەبینێ (مەمی، ١٩٦٩؛ فانۆن، ١٩٦٣ و هەروەها فوکۆ، ١٩٨٠). ئامانجەکەی پرسیار، لێکۆڵینەوە و بەرۆک گرتن بە بناخەکانی دەسەڵات و ئیمتیازاتی بە دامەزراوەییکراو و هۆدانەکەیەتی بۆ زاڵ بوون لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان.
وەک ڕێبازی گوتاری دژە ڕەگەزپەرستی (دەی، ١٩٩٦)، چوارچێوەی گوتاری دژەکۆلۆنیال، دان بە دەوری پێکهاتە کۆمەڵایەتی/دامەزراوەییەکان لە ئافراندن و بەرهەمهێنانەوەی نایەکسانیی خۆماڵیدا دێنێ. پاساوێکی سەرەکی لەو ڕێبازەدا ئەو ئەندێشەیەیە کە پێکهاتە دامەزراوەییەکان لە لایەن دەوڵەتەوە ئەرکدار کراون خزمەت بە بەرژەوەندییە ماددی، سیاسی و ئایدیۆلۆژیکییەکانی دەوڵەت و پێکهاتەی ئابووری/کۆمەڵایەتی بکەن. چوارچێوەی گوتاریی دژە-کۆلۆنیال دان بە هێزی نەریتیی کۆمەڵایەتیی خۆماڵی و هەوڵی ڕزگار بوون لە بەرەوڕووبوونەوەکانی نێوان کۆلۆنیالیست و کۆلۆنیکراو دادەنێ. ئەو دەڵێ کۆلۆنیالیست بە تەواوی خاوەنی دەسەڵات و گوتار نییە. دروست بە پێچەوانە، کۆلۆنیکراو بە هەمان شیوە دەسەڵاتی بردنە ژێر پرسیار، بەرۆک گرتن و لە ئاکامدا بنکۆڵ کردنی دەسەڵات و ئیمتیازەکانی دامەزراوە چەوسێنەرەکانی هەیە. هێزی کردار نواندنی گوتاری و دەسەڵاتی بەرگری، هەروەها لەناو تاقمە کۆلۆنیزە کراوەکاندا هەیە (بابها، ١٩٩٥). ئەوان هەمیشە بۆچوونێکی (تیۆریکی و کرداری)یان لەمەڕ کۆلۆنیالیستدا هەبووە و لە بۆچۆونێکی ئەوتۆوە پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و سیاسییان دەگەڵ کۆلۆنیالیست دروست کردووە.
چوارچێوەی گوتاریی دژە-کۆلۆنیال جەخت لەسەر دەرکەوتنی کۆلۆنیالیزم و ئیمپریالیزم و کاریگەرییە بەردەوامەکانیان لەسەر کۆمەڵگا پەڕاوێزخراوەکان، بۆ وێنە بە شێوەی بەرهەمهێنانەوەی پەیوەندییە ئیمپرالیستییەکان، هەژاریی ئابووری و تاد. دەکات. لەو پەیوەندییەدا کۆلۆنیالیست وەک تاقمێک پەیوەندی و ئیمپریالیست وەک پێکهاتەی سیاسی/دامەزراوەیین کە پەیوەندییەکانی زاڵبوون دەپارێزن.
هەڵوێستی دژە کۆلۆنیالی، ئەو بیرۆکەیە بڕەو پێدەدا کە ڕۆشنبیران دەبێ لە دامەزراوە مێژوویی و پێکهاتەیی و بوارەکان ئاگادار بن کە دەبنە هۆی بەردەوامبوونی ڕۆشنبیری. بۆ وێنە، لە کاتێکدا کە تیۆرییە پاش-کۆلۆلنیالەکان تا ڕادەیەکی زۆر پشت بە بە مودێلەکانی لێکدانەوە، بە چەمک کردن و تیۆریزە کردنی خۆراوایی دەبەستن، تیۆرییەکانی دژە-کۆلۆنیال بە دوای کار دەگەڵ پارادایمی جێگرەوە و ئۆپۆزیسیۆنانەدا دەگەڕێن کە لەسەر کەڵکوەرگرتن لە چەمکە خۆماڵییەکان، سیستەمی شیکاری و چوارچێوەی سەرچاوەی کولتووری دامەزراوە. لە کاتێکدا کە سەرجەم دەق و گوتارەکان (بۆ وێنە پاش-کۆلۆنیال و دژە-کۆلۆنیال) بە/لە دۆخ و پەیوەندیی دەسەڵات دروست کراون و هەر دەقێک بە شێوەی جیاواز داڕێژراوە. لەبەر ئەو هۆیە، زانیاری لەسەر سەرچاوەی مێژووییی دیاریکراو کە بەرهەمهێنەری تیۆری و دەقە، گەلێک گرینگە.
بەرهەمهێنانی ڕەسەنایەتی و ڕوانگەی دژە-کۆلۆنیال
چوارچێوەی گوتاریی دژە-کۆلۆنیال گوتارێکی دژ/بەرهەڵستکاری بوونی چەوساندنەوەی سەرکوتکارانەی کۆلۆنیالییە. ئەو هەروەها سەلماندنی واقیعی پرۆسەکانی دیسان کلۆنیالیزە کردن بە فیتی سارمایەی جیهانییە. شێوازێکە بۆ پیرۆز کردنی تاقمە کۆلۆنیکراوەکان بە شێوەی زمانی، دیداری، بە دەق، سیاسی و ماددی، کە بە مانای گۆڕینی ڕێچکەی تەنیا خۆ وەک قوربانی نیشاندانە. ئەو ڕەخنەگری توندی بەدناو کردن، سووکایەتی کردن و وەلانانی نەریت و کولتوور بە ناوی مودێرنیتە و گۆڕەپانی جیهانییە. شوێنێک هەیە لە/بۆ نەریت، نوێنەرایەتی بە دەنگ و ڕەنگ، کەرەستە و کولتووری هەست پێنەکراو و ڕەسەنایەتییەک کە دەسەڵات دەبەخشێتە تاقمە کۆلۆنیالیزە کراوەکان و پەڕاوێزخراوەکان. ڕوانگەی دژە-کۆلۆنیال بەدوای دەستنیشانکردنی ئەو شوێنە و پیرۆز کردنی بایەخی ستراتێژیکی ئەوە.
وەبیر هێنانەوەیەکی سیاسیی کولتور و نەریت بۆ پڕۆژەی سڕینەوەی کۆلۆنیالیزە کردن پێویستە. ئەوە بە گەڕاندنەوەی پیرۆزیی ناوەرۆکی مێژوویی و کولتووری، زمانی ڕەسەن و زانیاریی تاکەکانە کە پڕۆژە ئیمپریالیستییە کۆلۆنیالیستییەکان دێنە هەژاندن. پەیوەندیی نێوان ناوەندی ئیمپریالیستی و دەوروبەرە کۆلۆنیالەکان بەردوەام ڕووبەڕوو بوونەوەی پێچەڵپێچ و داهێنەرانە و بەرگریکارانە دەخوازێ. شێوە جۆراوجۆرەکانی بەرگری، یارمەتیدەری بەردەوامبوونی مەرجە مرۆیییە ناوخۆیییەکانی ئەوی دیکەی کۆلۆنیکراوە.
بیرۆکە یان چەمکی نەتەوە، کۆمەڵگا و هاووڵاتیبوون، تەنیا پێکهاتەی خەیاڵی نین بەڵکوو لە مانا و ورووژاندنی هەست، کاریگەریی گەلێک قووڵیان لەسەر تاقمی کۆلۆنیکراو و پەڕاوێز خراو هەیە. گوتاری دژە-کۆلۆنیال کار بۆ ورووژاندنی هەستی ڕەسەنبوون دەکات کە ڕەنگبێ بکرێ وەک هۆشیاریی زانین پێناسە بکرێت کە لە ناوخۆ و لە پەیوەندی دەگەڵ داگیرکرانی درێژخایەنی شوێنێک سەرهەڵدات (دەی، ٢٠٠٠ج). هۆشیارییەکی ئەوتۆ لە زانیاری لەسەر هێزی دەستوبردی تاکە ناوخۆیییەکانەوە و هەروەها لە توانایی ئەوانەوە بۆ شیکردنەوەی دۆخی خۆیان لە ڕووی جوگرافیا، مێژوو، کولتوور، زمان و ڕووحانییەتیان سەر هەڵدەدات. کەوابوو، زانیاریی بەرهەمهێنراو بەو شێوەیە دەتوانێ بۆ دروستکردنی ئالنگاری، بەرهەڵستکاری و هەڵوەشاندنی پەیوەندییە کۆلۆنیالی و ئیپمریالیستییەکانی زاڵبوون کەڵکی لێ وەرگیرێت. ئەو هەروەها دەتوانێ یارمەتیدەر بێ بۆ زیندوو کردنەوەی مرۆڤ و کۆمەڵگاکەی و ڕزگار کردنی لە کۆیلایەتیی دەروونی.
ئیتوارو (١٩٩٩) بە دروستی گوتی بەشێک لە شاگەشکەبوونی ئیمپریالیست و کۆلۆنیالیستەکان ئەوەیە کە خەڵکی کۆلۆنیکراو وەک ئەوەی دیکەی لاوازتر ببینن. ئەوی دیکە دەبێتە کەسایەتی یان کەسێکی لە ڕەسەنایەتی داماڵدراو، کەسێکی بەتاڵکراو لە ناسنامەی ڕەسەن، ڕەچەڵەک و مێژوو. نەزمی سەپێنراو هەمیشە لە بوونی خۆی بەگومانە. لە ئاکامدا، ئەو هەمیشە لە لایەن هەر نەزمێکی بەرهەڵستکار یان زانیاری هەست بە مەترسی دەکات، بۆیە هەوڵ دەدا زانیاریی ڕەخنەگرانە لەناو بەرێ و بێبایەخی بکات. بە واتایەکی دیکە، نەزمی سەپێنراو چاوەڕوانی خۆڕاگری لە ڕەسەنایەتیی کۆلۆنیکراوەکان دەکات و بۆ لەناو بردنی هەنگاو دەنێ.
یەکێک لە ڕێگاکانی لەناو بردنی زانیارییەکی بەرهەڵستکارانەی ئەوتۆ، ئەوەیە کە حاشا لە ڕاستەقینەبوون و ڕەسەنایەتیی ناسنامەی ئەو تاک (و کۆمەڵگاکەی) دەکات کە بەدوای دروستکردنی یەکەیەکی ڕەخنەگرانەی زانستە (ناش، ١٩٩٧). لە ئاکامدا، دەسەڵاتی خەڵکی ڕەسەن دەهێنرێتە ژێر پرسیار و جیاوازی وەک شتێکی هەڵبەستراو پێشکەش دەکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکی ڕەسەن دەبێ بە ئاماژە بەو کەسانە کە دەسەڵاتیان (نەک دەسەڵاتی ڕەها) لە بنەچەکە، شوێن، مێژوو و ڕەچەڵەکدایە، بپارێزرێن. ناسنامەی خەڵکی ڕەسەن بەردەوام بەرەوڕووی نەزمی کۆلۆنیال/ئیمپریال دەبێتەوە و بە هۆی ئەو بەرەوڕووبوونەوە بەردەوامەیە کە هەستێکی “ڕەسەن بوون” دەستەبەر دەبێ.
بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی، نموونەی زۆر لە کەڵک وەرگرتن لە دەسەڵاتی کۆلۆنیالی بۆ تێکدانی ناسنامەی ڕەسەن هەن. ڕەنگبێ نموونەیەکی ئەمڕۆیی ویستی کۆلۆنیالی بۆ لەناو بردنی ناسنامەی ڕەسەنی کۆمەڵگا پەڕاوێزخراوەکان و، هەروەها کەڵکی ئەو کۆمەڵگایانە لە هەستی ڕەسەنی خۆیان بۆ بەرگری لە لەناوچوونێکی ئەوتۆ، بکرێ بە خستنە ڕووی دۆخی کوردان لە تورکیە و تورکان لە ئێران نیشان بدرێ. تا یەک دەیە لەوەپێش، بە میلیۆنان لە شارۆمەندانی کوردی تورکیە (لە لایەن تاقمی زاڵ) نەکوو وەک کورد بەڵکوو وەک “تورکی کێوی” ئاماژەیان پێ دەکرا (حەسەنپوور، ١٩٩٢). بەرنامەی کۆلۆنیالیستیی تاقمی زاڵ ئەوە بوو کە ناسنامەی کوردی لە ڕەگ و ڕیشەوە لە وڵاتەکە دەرهێنێ، تا ئەو جێیە کە کەڵک وەرگرتن لە وشەی “کورد” لە گوتاری زاڵدا قەدەغە بوو، چ بگات بە کەڵک وەرگرتن لە زمانی ڕەسەنی کوردی و شێوازە کولتوورییەکانی وەک جلوبەرگ، گۆرانی، گۆڤەند و تاد.
بەڵام لەو ساڵانەی دواییدا، ڕوشنبیر و چالاکانی کورد هەستیان بە گرینگیی وەدەستهێنانەوەی ناسنامەی ڕەسەنی خۆیان کردووە، ئەوەیش، لەپێش هەموو شتێکەوە کوردبوونی خۆیان و هەروەها زمان و کولتوور و تاد، بۆ خۆڕاگری لە بەرانبەر لەناوچوونی کولتووری و تواندنەوەی زۆرەملییە. ژمارەیەکی زۆر بەرهەمی وێژەیی، شێعر و مێژوو، هەمدیس بە کوردی دەرکەوت و دەوڵەتی تورک ناچار بوو بە فەرمی دان بە کەڵک وەرگرتن لە زمانی کوردی لە بەرنامەی وێستگە ناوچەییەکانی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن دابنێ. دەوڵەت هەروەها قەدەخەی لەسەر پیرۆز کردنی جەژنی نەورۆز، یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێی کوردی، کە گەلێک تاقمی ئەتنیکیی دیکەی ناوچە تێیدا هاوبەشن، هەڵگرت. ئەوە مانیفێستێکی ڕوونی کەڵک وەرگرتن لە ڕەسەنایەتی بۆ خۆڕاگریی دژی بەرنامەی کۆلۆنیالیستی بۆ تواندنەوە و نەهێشتنە.
بە هەمان شێوە، لەو کاتەوە ڕێژیمی پەهلەوی لە ١٩٢٥ لە ئێران دامەزرا، هەوڵێکی سیستەماتیک بۆ دزێو کردنی تورکان و هەر چی تورکییە لە ئارا دابووە. مێژووی تورکی ئازەریی ڕەسەن لە ئێران شێوێندراوە تا بیسەلمێنن کە دەیان میلیۆن هاووڵاتیی ئازەری ڕەچەڵەکی “تورکی”یان نییە بەڵکوو ڕەچەڵەکی “ئاریایی”یان هەیە؛ بەڵام، دواتر بە هۆی داگیر کردنی ئێران لە لایەن مەغولەکانەوە، لە سەدەی ١٣، “تورکێندراون” (کەسرەوی، ١٩٢٥؛ ئەفشار، ١٩٢٥). لە ئاکامدا، خوێندن و نووسین بە زمانی ئازەری قەدەغە کراوە، هەوڵی قیزەونی سڕینەوەی کولتوور و پاکتاوی زمانی بەڕیوە چوون و وەکوو کوردەکانی تورکیە، بە میلیۆنان تورکی ئازەری لە ئێران کەوتوونە ژێر تەوژمی ڕەگەزپەرستیی ئاریایی، لەناوچوونی کولتووری و ئاسیمیلە کردنی زۆرەملی (ئەسغەرزادە، ٢٠٠١).
وەک ستراتێژییەکی کاریگەر بۆ تیکدانی بەرنامەی کۆلۆنیالیستیی تاقمی زاڵی فارس، لەو ساڵانەی دواییدا تورکەکانی ئێران، دوای شۆڕشی ئیسلامی، کەڵکیان لە مشتومڕی دژە ڕەگەزپەرستی وەرگرتووە و خەباتێکی بێ وێنەیان بۆ ژیاندنەوەی مێژووی ڕەسەن، کولتوور، زمان و نەریتی خۆیان لە ئێران دەست پێکردووە. بۆ وێنە، زانایەکی ڕێزداری ئازەری بە نێوی موحەممەد تەقی زەهتابی، دوو بەرگ کتێبی مێژووی بڵاو کردوونەوە کە سەرەداوی مێژووی ڕەسەنی تورکانی ئێران بۆ زیاتر لە ٩٠٠٠ ساڵ دەگەڕینێتەوە و بەو شێوەیە ئالنگاری بۆ ڕەوابوونی حاشای تاقمی زاڵ لە مێژووی ڕەسەنی تورکان لە ئێران دروست کردووە (زەهتابی، ١٩٩٩). وەک پرۆفێسۆرێکی نایابی زمان و وێژەی فارسی، م. ت. زەهتاب بەرهەمی “ئازەری-تورکی”ی خۆی، وەک دەژایەتی بەرانبەر فارسی (تاکە زمانی فەرمی لە ئێران) نووسیوەتەوە و تێیدا جەخت لەسەر گرینگیی ژیاندنەوەی زمانە ڕەسەنەکان بۆ تێکدانی بەرنامە کۆلۆنیالیستییەکان دەکات.
بە کورتی، گوتاری دژە-کۆلۆنیال قامک لە سەر گرینگیی کەڵک وەرگرتن لە زانیاری و زمانی ڕەسەن بۆ ئافراندنی تێگەیشتنی کۆمەڵایەتی بۆ کۆکردنەوە و تێکەڵ کردنی وێژە لە سیاسەت، کولتوور، مێژوو، ئابووری و تێگەیشتنی ئایینی دادەنێ. ڕەسەنایەتی ئاماژە بە نەریت و بایەخە کۆمەڵایەتییەکان و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و دەروونی دەکات کە ڕیپێشاندەر، ڕێکخەر و ڕێسادانەری شێوەی ژیانی خەڵک و مانا بەخشین بە دنیای ئەوانە. چەمکی ڕەسەنایەتی، تیشک دەخاتە سەر هێزی پەیوەندییەکان و داینامیکی جێگیرکراو لە بەرهەمهێنان، لێکۆڵینەوە، نرخاندن و بڵاو کردنەوەی زانیاریی جیهانی. ئەو هەروەها دان بە ڕەهەندە فرەلایەنە، گشتی و هەرەوەزییەکانی زانیندا دەنێ و دووپاتی دەکاتەوە کە لێکدانەوە یان هەڵسەنگاندنی واقیعی کۆمەڵایەتی لە ژێر ڕوانگەی جۆراوجۆر و هێندێک جار دژی یەکتردایە (هەروەها بڕوانە دەی، هال و گۆلدین ڕوسەنبەرگ، ٢٠٠٠).
کۆلۆنیالیزم و “پاش”ــــــەکەی: ناشتنی تەرمی هەڵە
لە بازاڕی ئایدیۆلۆژیکی و تیۆریکی هاوچەرخدا، ڕەنگبێ هیچ “پاش”ێک بە قەد ئەوەی پاش-کۆلۆنیالیزم کێشەدار نەبێ. سەرەڕای هەوڵی زۆر بۆ پاساو هێنانەوە بۆ ئەو “پاش”ـــــە یان بە شێوەیەک شاردنەوەی دۆخە ناخۆشەکەی (بڕوانە بۆ وێنە سلەمۆن، ١٩٩٥؛ ئەشکرافت، گریفیتس و تیفین، ١٩٨٩)، ئەو ڕاستییە لە جێگای خۆیەتی کە پاش کۆلۆنیالیزم بە مانای دابڕان لە ڕابردووی کۆلۆنیالی و نوقمبوون لە بوونێکی جیاوازە، واتە دنیای دوای کۆلۆنیال. چونکە وەک لایۆتارد (١٩٩٢، لاپەڕە ٩٠) ئاماژەی پێ کردووە، پاشگری “پاش” لە هەر ناوێکدا ئاماژە بە وەرسووڕانە، ڕێگایەک بۆ لەبیر کردن یان سەرکوتی ڕابردوو، قۆناغێک بۆ دەستپێکی لەبیر بردنەوە.
“پاش”ــــــەکە سیمبۆلی پچڕانێکی ناواقیعی، دابڕانێک، هەنگاوێک بۆ دوور کەوتنەوە لە دۆخێکەوە بۆ یەکی دیکەیە. مانای تایبەتی و جەماوەرییەکەی چەمکی گەشە کردنە، شێوەیەک لە پێشکەوتن لە دۆخێکی بوون بۆ یەکێکی کە گوایە بوونێکی پێشکەوتووترە، لە وارێکی ئاشنا بۆ ڕەهەندێکی نەناسراو و، ئەوە ئەو شێوە سنوور دانانە و هەستی هاوکاتی پێشکەوتنە کە ئێمە هەوڵ دەدەین ڕەخنەی لێ بگرین. ئێمە بۆ ئەوە لێکۆڵینەوە لە “پاش” ناکەین تا حاشا لە ڕەواییی تیۆریکی ئەو بکەین، بەڵکوو بۆ ئەوەی پرسیاری ڕەخنەگرانەی نوێی ئاراستە بکەین. لە ڕاستیدا، چەند لایەنی تیۆری و گوتاری پاش-کۆلۆنیال هەن کە گرینگی و کاریگەریی ئەزموونە ژیاوەکان لە چوارچیوەی هاوچەرخدا ڕوون دەکەنەوە. ئێمە پێشوازی لە هەموو ئەو بەشداری کردنانە دەکەین.
گومانێکی کەم لەوەدا هەیە کە ڕەنگبێ هێندێک کۆچبەری تاراوگە هەبن کە ئەو ڕەهەندە نوێیەیان ئەزموون کردبێ، ئەو دۆخە نوێیەی هەبوون، کە بۆ ئەوان بە تەواوی تاقانە و جیاواز، لەڕادەبەدەر ئاڵۆز و تێکەڵاوە. ئەوان وتەبێژی ئەو تێکەڵاوییەن، بۆ دەنگدانەوەی ئەو ڕەهەندە نوێیەی “ژێردەستە” (سپیڤاک، ١٩٩٩)، “دووفاقی” (بابها، ١٩٩٤)، “هەمەڕەنگ و تێکەڵپێکەڵ”ــــــــەی پاش-کۆلۆنیال. ئێمە پێشوازی لە گوتاری نوێ بۆ دەنگدانەوەی پرسی نوێ و نیگەرانییە ڕاستەقینەکان دەکەین. بەڵام، پرسیاری گەورەی ئێمە ئەوەیە: دەتوانن ئەو چەند دانە پاش-کۆلۆنیالیستە تێکەڵە نوێنەری ڕاستەقینەی میلیۆنان کۆچبەر، پەنابەر و پەناخوازی دنیا بن، باسی زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی باشووریش ناکەین کە درێژە بە ژیان لە دۆخی دژواری هەژاری و بێدەرەتانیدا دەدەن؟
خاڵێک کە هەر ئێستا ڕوون کراوەتەوە ئەوەیە کە مێتافۆر دانان بۆ پاش-کۆلۆنیال، شتێک نیە بێجگە لە “پرسی چین” (ئەحمەد، ١٩٩٥، لاپەڕە ١٦). زۆرینەی پەنابەر و کۆچبەران کە خۆیان لە کەنارەکانی “دنیای بوێری نوێ”دا دەبیننەوە، لە یەکەم چرکەساتەکانی گەیشتنیان بۆ ئەوێ سەرقاڵی دابین کردنی شوێنێک بۆ ژیان و زۆرەبانی دەگەڵ ژمارەیەکی زۆر پرسی دەروونی، ڕەگەزی، ئابووری و فەرهەنگی دەبن. ئەو قوربانییانەی کۆلۆنیالیزم و لیبڕالیزمی نوێ، ناتوانن مەرجەکانی خۆیان بۆ پاش-کۆلۆنیالی دیاری بکەن. ئەو زمانانەی پرسەکانی پاش-کۆلۆنیال دەخەنە ڕوو، زمانی ئەوان نین. ئەو تاکانەی ئەو پرسانە دەخەنە ڕوو، هیچ وێكچوونێکیان دەگەڵ دۆخی ژیانی زمانی، فەرهەنگی، ئابووری و هەستی میلیۆنان خەڵکی ئاوارە نییە. ئەو زمانانەی وەها بەسۆزەوە باسی فرەلایەنی، خۆ گونجاندن و لامەرکەزی دەکەن، بۆخۆیان ڕەگی قووڵیان لە ناو ئیمتیازات و دەوڵەمەندیدا هەیە و تا ڕادەیەکی زۆر تەنیا بیسەری گەلێک پسپۆڕ لێیان تێدەگەن.
لە وتارێکدا بە نێوی “گیروگرفتەکانی تیۆرییەکانی گوتاری کۆلۆنیالی هاوچەرخ،” بەنیتا پەری (١٩٩٥) لە کارەکانی سپیڤاک، بابها و جان موحەممەد بۆ قسەکردنی بەردەوامیان بە نوێنەرایەتیی خەڵکی ڕەسەن، دەکۆڵێتەوە. وا دیارە گایاتری سپیڤاک بە پرسیارێکی ئەوتۆ تێکچووە، بۆیە بەو شیوەیە وڵام دەداتەوە: “ئەو لەبیری چۆتەوە کە ئێمەش ڕەسەنین” (١٩٩٩، لاپەڕە ١٩٠). بۆ پاراستنی بێلایەنی، نابێ بانگەوازی چەمکەکانی ڕەسەنایەتی و نوێنەرایەتی، زێدەڕۆیی تێدا بکرێت تا ڕادەیەک کە دەنگەکان، ڕەخنەگرتن، بەرهەڵستکاری و خۆڕاگری کپ بکرێن. لە لایەکی دیکەوە، دەبێ هەروەها پێداگریی لەسەر بکرێتەوە کە لە نێوان ئەوانەی دەرفەتی هەڵبرینی دەنگیان هەیە و ئەوانی دەرفەتێکی ئەوتۆیان نییە، و بە کردەوە ناتوانن خەون بە هەبوونی دەرفەتی هەڵبرینی دەنگی خۆیانەوە ببینن، جیاوازیی گەلێک بەرچاو هەیە.
سەرەڕای ئیدیعا بریقەدارەکەی لەمەڕ گشتگیر بوون، جەماوەری پەڕاوێزخراو و کۆلۆنیکراو دەزانن ئەو تیۆرییە پاش-کۆلۆنیالە نەیتوانیوە و ناشتوانێ گشتگیریی ئەزموونە ئاڵۆزە تاقانەکانمان بێ. کەمایەسییەکی ئەوتۆی پاش-کۆلۆنیالیزم ڕەنگبێ تا ڕادەیەک بگەڕێتەوە بۆ دەربڕینە هەژارانەکەی لەمەڕ خودی چەمکی “کۆلۆنیال”. لە ڕاستیدا، زۆربەی خەڵکی کۆلۆنیزە و سەرکوتکراوی ئەفریقا، ئاسیا و ئەمریکا تێدەگەن کە هیچ “پاش”ێک بۆ کۆلۆنیالیزم بوونی نییە. وەک سەرنووسەری خوێندنەوەی لێکۆڵینەوەکانی پاش-کۆلۆنیال ئاماژەی پێ کردووە:
پاش-کۆلۆنیالیزم لەسەر “ڕاستیی مێژوویی”ی کۆلۆنیالیزمی ئورووپا و، کاریگەرییە فرەلایەنە ماددییەکەی کە بووە هۆی سەرهەڵدانی دیاردەکە، دامەزراوە … بەڕاستی ئێستا تەشەنەی چەمکەکە وەها لەڕادەبەدەرە کە نە تەنیا بۆ چالاکیی گەلێک جیاواز بەڵکوو دژی یەکتریش ئاماژەی پێ دەکرێ. بە تایبەتی مەیلی بەکار هێنانی دەستەواژەی “پاش-کۆلۆنیال” بۆ هەموو جۆرە پەڕاوێز خراوییەک، مەترسیی ئەوە هەیە کە حاشا لە بناخەکەی لەناو پڕۆسەی مێژوویی کۆلۆنیالیزمەوە بکرێ (ئەشکرافت و ئەوانی دیکە، ١٩٩٥، لاپەڕە ٢).
پێناسە کردنی وەها بەرتەسک و تایبەتییانە وەک “ڕاستیی مێژوویی”ی کۆلۆنیالیزمی ئورووپایی، پاش-کۆلۆنیالیزمی بە شێوەیەکی شەرمەزارانە لە ئاماژە کردن بە گیروگرفتی زۆرینەی دانیشتووانی جیهان کە هێشتا لە ژێر مەرجەکانی کۆیلایەتی و بەستراوەییی کۆلۆنیالیستی و ئیمپریالیستیدا درێژە بە ژیان دەدەن، بێ توانا کردووە. بۆ وێنە، لەجیات کەڵک وەرگرتن لە تیۆریی پاش-کۆلۆنیال، بە میلیۆنان خەڵکی وڵاتەکانی سەر بە یەکیەتیی سۆڤیەتی پێشوو ئێستا باس لە دۆخی خۆیان بە دەستەواژەی وەک ئەوەی بە چەمکی “پاش-گلاسنۆست” ئاماژەی پێ دەکرێ، دەکەن، هەر وەها لەناو گەلێک چوارچێوەی گوتاریی دیکەشدا لە ناویاندا هەڵوێستی دژە-کۆلۆنیالی (بڕوانە بۆ وێنە نەسیبزادە، ١٩٩٧).
دەستەواژەی پاش-کۆلۆنیال هەروەها ناتوانێ باسی پەیوەندییە کۆلۆنیالیستییە تاقەت پڕووکێنەکانی چەند وڵاتی جیاوازی باشوور و میلیۆنان خەڵکی کۆلۆنیکراو و سەرکوتکراو لە کەنارەکانی ئەو وڵاتانە بکات، ئەو شوێنانەی دەست پێیان ڕاناگات و و. ج. م. مەککێنزی (١٩٨٢) وەک “کەنارەکانی ناو کەناران” ناوی بردوون. بۆ وێنە، بێت و تۆ لە چیچان بی کە ئێستا دژی کۆلۆنیالیزمی ڕووسیە بەربەرەکانی دەکات، خۆشییەکی کەم و تەنانەت هیچ خۆشییەک لە لێکدانەوە خەیاڵییەکانی پاش-کۆلۆنیالدا نابینییەوە. بۆ دیتنی نموونەیەکی بچووک لە ئازارە بەژانەکانی هەزاران تاقمی کۆلۆلیزەکراوی وەک چیچانییەکان، با خولەکێک ڕاوستین تا ببینین چۆن ئەندامێکی تاقمی زاڵی ڕووسی، چیچانییە کۆلۆنیکراوەکان شی دەکاتەوە:
ئێمە نەدەبوو کاتی خۆ ئامادە کردن بۆ جەنگیان پێ بدەین. ئێمە دەبوو هەموو چیچانییەکانی سەروو پێنج ساڵمان سەر بڕیبا و هەموو مناڵەکانمان کە هێشتا بۆ ئەوە دەبوون دووبارە پەروەردەیان بکەینەوە بۆ ئوردووگای چواردەوریان بە تەلدڕوو گیراو و لە هەموو قوژبنێک نیگابانی لێ دانراو ناردبا … بەڵام مامۆستایان لەکوێ دەبینییەوە کە ئامادە بن ژیانی خۆیان بۆ دووبارە پەروەردە کردنی ئەو بێچووە گورگانە بە فیڕو بدەن؟ خەڵکی وا بوونی نییە. بۆیە، کوشتنی هەموویان زۆر هاسانترە. مردن بۆ ئەوان کاتی کەمتر لە گەورە کردن دەخوازێ (رەینۆڵد، ٢٠٠٠).
بە هەمان شێوە، بێت و تۆ کورد بی، مەزنترین نەتەوەی کۆلۆنیزە کراو لە دنیادا کە بێ دەوڵەتن (هەروەها بڕوانە حەسەنپوور، ١٩٩٢)، تۆ لە نێوان دۆخی کۆلۆنیکراوی خۆت و گێڕانەوەی پاش-کۆلۆنیال، هیچ وێکچوونێک نابینی. و لە بەناو ئەفریقا، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای داماڵدراو لە کۆلۆنیالیزمدا، چەند پەیوەندی لە نێوان خەباتی ڕۆژانەی ئەوان و گێڕانەوەی پاش-کۆلۆنیال دەبینیەوە؟ بە شێوەیەک، پاش-کۆلۆنیالیزم دەست بەسەر خەبات و بەرگریی خەڵکی کۆلۆنیکراوی جیاوازدا دەگرێ، تەنیا بۆ ئەوە کە ئەوان وەک مۆدێکی بێ مەترسی و ڕێزدار و جێگای پەسەندی ئەو کەسانە کە بۆخۆیان سەرکوت ناکرێن، پێشکەش بکات.
گوتارێک کە لەسەرەتادا مەبەست لێی کێشەی بەشەکانی ئینگلیز و مامۆستایانی وێژەی ئینگلیزی و بەرز کردنەوەی پرسەکانی پەیوەندیدار بە دەوڵەتانی کامنوێڵس و کۆلۆنییەکانی پێشووی بریتانیا بوو (ساید، ١٩٩٣، ١٩٩١)، ئێستا بووەتە مێتاتیۆرییەکی پیرۆز کە بەتەمای شیکردنەوەی “سەرجەم لایەنەکانی پرۆسەی کۆلۆنیالی لە سەرەتای پەیوەندیی کۆلۆنیالەوەیە” (ئەشکرافت و ئەوانی دیکە، ١٩٨٩، لاپەڕە ٢). وێدەچێ ئەوەی گێڕانەوەی ئەمڕۆیی پاش-کۆلۆنیال کردوویەتی داگیر کردن و دەستبەسەرداگرتنی ئەو بوارانە بێ کە بە شێوەی نەریتی و ئێستاش هی نەریت و گوتاری دژە-کۆلۆنیالین. ڕاستە، تیۆریی پاش-کۆلۆنیال تێگەیشتنی ئێمەی لە پرسەکانی پەیوەندیدار بە دەنگ و فرەدەنگی، چەمکی گێڕانەوەی بیروباوەڕی خەڵک، گیروگرفتەکانی نووسراوە و دەربڕین لە ڕێگای نووسین، هەروەها پرسەکانی پەیوەندیدار بە تێکەڵیی، ناجەوهەر گەرایی و تاد. دەوڵەمەندتر کردووە.
لەگەڵ ئەوەشدا، کەمایەسیی تایبەتی بەچەمک کردنی پاش-کۆلۆنیال، ڕەنگبێ دووبارە پێناسە کردنەوەی چەمکی “کۆلۆنیال” بێ کە هەموو پرینسیپی پاش-کۆلۆنیال لەسەر ئەو بناخەی داناوە. سەیر ئەوەیە، پاش-کۆلۆنیالیزم کە ئیددیعا دەکات پاڵەوانی کولتوورەکانی تێکەڵاوی، خۆگونجاندن و ناجەوهەرگەرایی، زمان و نووسراوەکانە، بە تەواوی لە جێبەجێ کردنی ئەو لۆژیکە لە “کۆلۆنیال”دا شکستی هێناوە. وا وێدەچی وەک کۆلۆنیال لە خۆپێناسە کردنی پاش-کۆلۆنیالدا بە جۆرێک لە سەهۆڵ و کاتدا چەقبەستوو بووە. ئەو چەمکەی خۆگونجاندن و کاتیبوون کە بڕبڕەی پشتی بیری پاش-کۆلۆنیال پێکدێنێ، وێدەچی خودی پێناسەی چەمکی “کۆلۆنیال”ی پاشگوێ خستبێ کە ئیددیعا دەکات جێگای سەرنجی سەرەکییەتی. کێشەی بەشی کۆلۆنیالەکە ئەیەوە کە تەنیا وەک ڕاستیی کۆلۆنیالیزمی ئورووپایی ئاماژەی پێ کراوە؛ نە زۆرتر و نە کەمتر. وەکوو کۆلۆنیالیزمی ئورووپایی تەنیا نەزمی کۆلۆنیالی بوو کە تایبەتمەندییە سەرەکییە نەگۆڕەکانی بە چەمکی “کۆلۆنیال” بەخشیوە. و گیروگرفتەکە لە بەردەوامی، نەگۆڕی و چەقبەستوویییەکەیدایە کە دەدرێنە پاڵ پێناسەی چەمکی “کۆلۆنیال”. هەر چۆنێک بێ، تەنانەت چارڵز داروین دیتی کە:
بوونەوەرێکی زیندوو، یەکەیەکی تا هەتایی نییە، کە بە “تایبەتمەندییە جەوهەرییە” نەگۆرەکانی پێناسە کرابێ، لەگەڵ ئەوەشدا نموونەکانی نوێنەرایەتیشی دەکەن، تەنیا بە بڕیارە زارەکییە هەڕەمەکییەکانی ئێمەوە نەبەستراونەتەوە و ئەو شتە بە هەمان شێوە کۆمەڵگایەک، کولتوورێک و زمانێکیش دەگرێتەوە. لەجیاتان، هەر کامەیان یەکەکی مێژوویین: واتە، تاکێک کە بەشە پێکهێنەرەکانی بەردەوام لە ئاڵوگۆڕدان (لە توڵمین دا ئاماژەی پێ کراوە، ١٩٧٢ ، لاپەڕەی ٣٤١).
ئێستا کە هەموو شتێک لە ئاڵوگۆڕ و تێکەڵاویدایە، ناکرێ خودی پێناسەی چەمکی کۆلۆنیال پێملی هەمان لۆژیک بێ؟ ئێمە ناتوانین چەمکی “کۆلۆنیال” دیسان پێناسە بکەینەوە تا هەموو پەیوەندییە زاڵ و سەرکوتکارەکان بگرێتەوە کە لە پێکهاتەی دەسەڵات و ئیمتیازی ئەوتۆ سەر هەڵدەدەن کە لەناو هەناوی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی هاوچەرخدان؟ بێ گومان دەتوانین و ئەوە بە تێگەیشتن لە پێویستییەکی ئەوتۆیە کە، لە سەرانسەری ئەو نوووسراوەیەدا، کۆلۆنیال تەنیا وەک بیانی یان بێگانە پێناسە ناکرێ، بەڵکوو لەوە گرینگتر وەک زاڵ و خۆسەپێن. لەبەر ڕووناکاییی ئەو پێناسە نوێیەدا، پەیوەندییە کۆلۆنیالییەکان چیدیکە بە کۆلۆنیالیزمی کلاسیکی بریتانیایی یان ئورووپایی کورت ناکرێنەوە؛ ئەوان دەبێ شتی ئێجگار زۆرتر لەخۆ بگرن و دەشیگرن.
پەیوەندییە کۆلۆنیالییەکان لە پەیوەندییەکانی دەسەڵات و زاڵبوونەوە سەرچاوە دەگرن و تا ئێرە، مرۆڤایەتی نەیتوانیوە کۆمەڵگایەک دروست بکات کە تایبەتمەندیی پەیوەندییەکانی دەسەڵاتی تێدا نەبێ (گیدەنس، ١٩٨١). سنوور، کۆتایی یان لەناوچوونی کۆلۆنیالیزم و پەیوەندییە کۆلۆنیالییەکان کە بە ڕوونی و ناڕاستەوخۆ بە “پاش”ــــەکەی پاش-کۆلۆنیالزمەوە ئاماژەی پێ دەکرێ هیچ شتێک نییە جگە لە خەیاڵێک. ئەو وەکوو ئەوە دەچێ کە پاش-کۆلۆنیالیستەکان خەریکی ڕێوڕەسمێکی ناشتنی تەرمی خەیاڵیی کۆلۆنیالیزم بن. بەڵام، دیارە ئەوان هەڵەن. ئەو ناشتنە بۆ تەرمێکی هەڵەیە. هیچ شتێکی پاش لە کۆلنیالیزمدا نییە؛ قەت نەبووە و، قەتیش نابێ، تا ئەو کاتە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانمان بە پەیوەندییەکانی پێکهاتەکانی دەسەڵات و زاڵبوون بە درێژاییی هێڵەکانی ڕەگەز و جۆرەکانی دیکەی جیاوازی نیشانە دەکرێن (زایەند [جێندەر]، سێکسیەت، ئایین، زمان و چین).
ڕەگەز، ڕەگەزپەرستی و بێگانە نەویستیی
هاوکات لەگەڵ پۆلەکانی دیکە وەک چین، زایەند و سێکسیەت، ڕەگەز هەروا یەکێک لە بێدەنگترین گۆڕەپانەکانی چەوساندنەوە و سەرکوتە. سەرەڕای ئەوە کە چەمکی دیاریکراو لە ڕێگەی بایۆلۆژیکی-ژێنێتیکی ئێستا بە تەواوی لە ڕەوایی کەوتووە (باوەر، ١٩٩١؛ لۆپێز، ١٩٩٥)، ڕەگەز هێشتا دەورێکی مەزن دەگێڕێ و وەک جاران گرینگە (هەر وەها بڕوانە ئۆمی و واینانت، ١٩٨٦؛ وێست،١٩٩٤؛ دەی، ١٩٩٦). بە درێژاییی مێژوو، ڕەگەز لە ڕێگای کۆمەڵگاوە دروست بووە و هەر واش دەبێ تا ڕێگا بۆ خولیا کۆلۆنیالیستی و خۆسەپێنەکانی ئەم جۆرە یان جۆرێکی دیکە خۆش بکرێ. وەک لۆرد ڕوسەنبەری دوو سەدە لەوەپێش گوتی، “ئیمپراتوری بێجگە لە باڵادەستیی ڕەگەز چی دیکەیە؟” (لە چایڵدس و ویلیامز دا ئاماژەی پێکراوە، ١٩٩٧، لاپەڕە ١٨٩).
وانەکانی مێژوو ئاشکرای دەکەن چۆن لایەنی زاڵ کەڵکی لە تایبەتمەندیی بایۆلۆژیکی، فیزیکی و فەرهەنگی بۆ کەمبایەخ کردن و لە ئاکامدا زاڵبوون بەسەر ئەوەی جیاوازە، واتە “ئەوی دیکە” وەر گرتووە؛ “جارێک کەڵکی لە ویشکە بڕواییە ئایینییەکان وەرگرتووە، جارێک لە ڕەنگ، جیاوازیی بایۆ-ژێنێتیکیی خەیاڵی یان شیکردنەوەی زانستییانەی خەیاڵی و جاری واشە بە شێوازی پێشکەوتووانەی ڕەگەزپەرستیی کولتووری و زمانی (فانۆن، ١٩٧٠). ئایدیۆلۆژییە ڕەگەزپەرستانەکان بۆ ڕەواییدان بە کۆلۆنی کردن و ملکەچ کردنی خەڵک، وڵات و ویشکارۆیان، کەڵکیان لێ وەرگیراوە. لە ڕیگای ڕەگەزپەرستییەوە، گەلێک کۆمەڵگا، زمان و کولتوور لەناو چوون. نەخۆشیی کوشندە خزێنراونەتە ناو کۆمەڵگاکانی خەڵکی ڕەسەن، ناخۆراوایی و ناسپی. ئاکاری قیزەونی وەک کۆیلە کردن، کۆمەڵکوژی، زمانکوژی و سڕینەوەی کولتوور بۆ سەلماندنی ئەوە کە گوایە ڕەگەزێک لە سەرووی ئەوانی دیکەوەیە، جێبەجێ کراون.
ڕەگەز، ڕەگەزپەرستی و بێگانەنەویستی لە ناو جەرگەی هەموو کارگە کۆلۆنیالیستی و ئیمپریالیستییەکاندان. لە ڕوانگەی مێژووییەوە، ڕەگەز و ڕەگەزپەرستی بۆ ڕەواییدان بە پێگەی ژێردەستی و سەروەریی کۆلۆنیکراو و کۆلۆنیکار کەڵکی لێ وەرگیراوە. داهێنانی ڕەگەزپەرستانەی وەک “ڕەگەزی باڵادەست،” “ڕەگەزی خودایی،” “باشترین ڕەگەز” و دەستنیشان کردنی ئەمجۆرە بۆ ڕەواییدان بە کۆیلە کردنی ناسپیپێستەکان، خەڵکی نا هیندوئورووپایی کەڵکی لێ وەرگیراوە. وەک زەردەشتی نیچە دەڵێ:
خۆزگە بە سەردەمانی گەلێک دوور، کاتێک کەسێک دەیگوت: ” من دەمهەوێ میری خەڵک بم!” چونکە، برایان: باشترینەکە حوکمڕانی دەکات، باشترینەکە دەشیهەوێ حوکمڕانی بکات! و لە هەر شوێنێک ئامۆژگارییەکان پێچەوانەن، لەوێ باشترین بوونی نییە! (نیچە، ١٨٩٢/١٩٦٩، لاپەڕە ٢٠).
جێگای داخە کە نیچە هێندە نەژیا تا ببینێ فەلسەفەی “میرایەتیی باشترینەکە”ـــی لە لایەن سوسیالیستە نەتەوەییەکانی هیتلەرەوە بە کردەیی کرا. ئەوەندە بەسە بڵێین کە سەرجەم لایەنگرانی (بەناو) “باشترینەکە،” “بێخەوشەکە” و “باڵا دەستترینەکە” بە سۆزەوە کاریان بۆ وەدیهێنانی ئاواتی زەردەشت کردووە. سەرەڕای ناپەیوەندیدار بوونی پەرە ئەستێنی دەستنیشان کردنی ڕەگەز لە ڕوانگەی بایۆ-ژێنەتیک، ڕەگەز و ڕەگەزپەرستی هێشتا لە هەناوی هەرجۆرە لێکدانەوەی موعتەبەر و عەقڵانیی پەیوەندیدار بە نایەکسانیی کۆمەڵایەتیدایە. ڕەگەزی بنیاتنراو لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە چەندین ئیمتیازات، خەڵات و هەروەها وەڵامدەری و سزا دەگەڵ خۆی دێنێ کە بە ڕەنگی پێست، شوێنی لەدایکبوون، زمان، ئایین، هاووڵاتییەتی، سەر بە ئەتنیکێک بوون و ناسنامەی مرۆڤەوە پەیوەند دراوەتەوە. بەپێچەوانەی بانگەشەی ئەوانەی کە بۆخۆیان سەرکوت ناکرێن، سپی پێست بوون بە مانای “بێ ڕەنگبوون” نییە، بەڵکوو شوێنی ڕادەیەکی گەلێک بەرچاوی دەسەڵات، پرێستیژ و ئیمتیازە (کۆڤەل، ١٩٧٠؛ گۆردۆن و نەوفیڵد، ١٩٩٥؛ فیگین و ڤێرا، ١٩٩٥).
چوارچێوەی گوتاریی دژە-کۆلۆنیال، ڕەگەز وەک لایەنێکی سەربەخۆ (و لەگەڵ ئەوەشدا هاو بڕیاردەر) سەیر دەکات، کە لە کاتێکدا سەربەخۆییی خۆی دەپارێزێ، پەیوەندیی بە خاڵی سەربەخۆی دیکە وەک چین، زایەند و سێکسییەتەوە هەیە. بە شوێنکەوتنی هێندێک بیرمەندی مارکسیستی وەک ئالتاسەر و مارکیوس، بەشێک لە زانایانی ڕێزدار لە هەوڵی گەڕاندنەوەی ڕەگەز بۆ دۆخێکی “تا ڕادەیەک سەربەخۆ” لە پەیوەندی لەگەڵ “بناخەی ماددی” دان. وەکو ئالتاسار (١٩٩٥) شیی کردەوە کە سەرخانە کولتووری و ئیدیۆلۆژیکییەکان تا ڕادەیەک سەربەخۆییی ڕێژەییان لە بەراورد دەگەڵ پێکهاتەی ماددی هەیە، زۆر کەس بە هەمان شێوە ڕەگەز وەک لایەنێکی سەربەخۆ لە پەیوەندی لەگەڵ مەرجەکانی چینایەتی و ماددی سەیر دەکەن (هاڵ و ئەونی دیکە، ١٩٧٨).
نێزیکەی وەک لێدوانەکانی لەمەڕ سەرکوتی پەیوەندیدار بە زایەندەوە، ڕوانگەی مارکسیستی ڕەگەز و پرسە پەیوەندیدارەکان بە ڕەگەزەوە بە چاویلکەی ئابووری-ماتریالیستی شی دەکاتەوە. سەرەڕای هەوڵەکانی ئەو دواییانەی تیۆرییەکانی مارکسیسمی نوێ بۆ دوور کەوتنەوە لە نەریتی داشکێنەرانەی مارکسیزمی ئۆرتۆدۆکس، ڕاستییەکە لە جێی خۆیەتی کە ئورووپاتەوەری، ناچاریی ئابووری و داشکاندنی چین، هێشتا ئالنگاریی جیددی بۆ کاری مارکسیزمی نوێن (گابرییەل و بین تۆڤیم، ١٩٧٨؛ ڕابینسۆن، ٢٠٠٠).
بێجگە لە فەلسەفەی شاراوە و نهێنیی باوک سالارانەکەیان، دەکرێ بڵێین هێندێک لە شێوازەکانی پشت ئەستوور بە لێکدانەوەی چینایەتی، خزمەت بە پەروەردە کردنی جیهانبینییەکی خۆڕەوابینی خۆخۆشەویست دەکات کە لە ڕوانگەی تیۆریکییەوە پەڕاوێزکار، لە ڕوانگەی ئایدیۆلۆژیکییەوە خۆسەپێن و بە کردەوە سەرکوتکارە. هەر هەوڵێک بۆ دابەزاندنی پلەی ڕاستییەکی کۆمەڵایەتیی گرینگ و بناخەیی وەک ڕەگەز بۆ ژێر خەباتی چینایەتی، لە ڕوانگەی ڕۆشنبیرییەوە هەوڵێکی سنووردانەرە کە هیچ ئامانجێکی ستراتێژیک و ڕوونی بۆ ورووژاندن، هاوپشتی و کردەوەی هاوبەش نییە. چونکە ئەگەر ڕەگەز و ڕەگەزپەرستی بەرهەمێکی لاوەکیی چینایەتی بووایەن، بۆچی مرۆڤ دەبێ بیر لە خەبات دژی ڕەگەزپەرستی بکاتەوە؟ ئاخۆ بەڕاستی خەبات دژی ڕەگەزپەرستی، کە گوایە بۆخۆی بەرهەمی لاوەکیی پەیوەندییە چینایەتییەکانە، ناماقوڵ، نا ئاقڵانە و بێ مانا نابێ؟ بۆچی هەموو خەباتێکی دیکە وەلا نەنێین و بە تەواوی جەخت لەسەر خەباتی چیانەیەتی بە تەنیا نەکەینەوە؟ گریمانە دەکرێ، هێندێک کەس لە کۆمەڵگادا هەر ئێستا هەڵوێستیکی ئەوتۆیان هەبێ.
ئێستا کە زانایانی ئایینی، زانستوانان و پسپۆڕانی بواری بایۆلۆژی لە ڕەت کردنەوەی چەمکی ڕەگەز هاوڕان، گرینگیی پەرەئەستێنیی ڕەگەز وەک ڕاستییەکی کۆمەڵایەتی دەبێ لە لایەن کۆمەڵناسان و فێرخوازانی نایەکسانیی کۆمەڵایەتییەوە جەختی لەسەر بکرێ. بیری دژە-کۆلۆنیال دان بە پێویستیی تیشک خستنەسەر کاریگەرییە فرەڕەهەندییەکانی ڕەگەز لەسەر ژیانی ڕاستەقینە، هەم وەک پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی و هەروەها ڕاستییەکی کۆمەڵایەتی، دادەنێ. بەو شێوەیە، ڕەگەز ناتوانێ تەنیا هۆشیاریی ساختە، هەڵەیەک، هەڵخەڵەتاندن، خەیاڵ یان بۆچوونێکی خەیاڵی بێ. ڕەگەز و ڕەگەزپەرستی دەبێ وەک ڕاستیی سەربەخۆی کۆمەڵایەتی سەیر بکرێن بە ئاسەواری ڕاستەقینەی ماددی، دەروونی و کۆمەڵایەتی کە ناکرێ کەم بکرێنەوە یان بخرێنە ژێر پەیوەندییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی دیکەوە. هەروەها، ناشکرێ ڕەگەز و ڕەگەزپەرستی، بە شیوەیەک جەوهەری بکرێن تا سروشتی سەربەخۆی خاڵەکانی دیکەی جیاوازی و چەوساندنەوە وەک چین، زایەند، سێکسییەت و تاد بنکۆڵ بکات.
چەوساندنەوەی چینایەتی، مارکسیزم و بیری دژە-کۆلۆنیال
بیری دژە-کۆلۆنیال جووڵانەوەی دژە هەژمۆنی بەدوای خۆیدا دەهێنێ کە بەدوای تێکدانی سیستەمەکانی چەوساندنەوەی کۆمەڵگاکانی دابەشکراو بەسەر ڕەگەز، چین و سێکسەوەیە. چەوساندنەوە، لە هەموو شێواز و شکڵەکانیدا، مەرجێکی نامرۆڤانەیە کە دەبێ لەناو بچێ و چەوساندنەوەی چینایەتی هیچ جیاوازییەکی دەگەڵ مەرجەکانی دیکەی چەوساندنەوە نییە. بەڵام، گیروگرفتەکە کاتێک سەرهەڵدەدا کە هێندێک لێکدانەوەی چێنایەتی هەوڵ دەدەن بنەمای دیکە وەک ڕەگەز، زایەند و سیکسییەت کەم بایەختر لە بارودۆخی ماددی بنوێنن. بۆ وێنە، لە ڕوانگەی نەریتیی مارکسیدا ئەوە پێکهاتەی ماددییە کە لە لێکدانەوەی کۆتاییدا بڕیاردەری سەرخانی ئایدیۆلۆژیک/کولتووری/گوتارییە. مارکس (١٩٠٤) گوتوویەتی، “شێوەی بەرهەمهێنانی ژیانی ماددی”، “بڕیاردەری تایبەتمەندییە گشتییەکانی پرۆسەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئایینییە.”
بە هەمان شێوە، لە تیۆرییە مارکسیستییەکانی هاوچەرخیشدا، سەرخانەکانی کولتووری/گوتاری دۆخێکی “شێوە سەربەخۆ” (مارکوس، ١٩٦٩) یان “تا ڕادەیەک سەربەخۆ”یان پێ دەدرێ. لە ڕاستیدا، چەمکی ئالتوسەریی “هۆکارگەرایی پێکهاتەیی”، بۆ نیانکردنی ڕوانگە توندە ئابووریی ناچاری و کەمکردنەوە چینایەتییەکانی مارکسیزمی ئۆرتۆدۆکس لەمەڕ “سەربەخۆیی ڕێژەیی” ئایدیۆلۆژیکی، تیۆریک، فەلسەفی، وێژەیی، سیاسی، کولتووری و “سەرخانی” گوتاری، پێشەکش کرا (١٩٩٥؛ هەروەها بڕوانە بالیبار، ١٩٩٤).
وا دیارە، ئەم جۆرە هەڵوێستە “براگەورەیانە” لە پەیوەندی لەگەڵ پرسەکانی دیکەی چەوساندنەوە وەک ڕەگەز و زایەند ناتوانن لە لایەن جووڵانەوەیەکی دژە-کۆلۆنیال و دژە هەژمۆنی لایەنگریی لێ بکرێ. هەر جۆرە هەڵوێستی یەکپارچە بەرانبەر بە نایەکسانیی کۆمەڵایەتی وەک ئەوانەی تەنیا لەسەر بنەمای مێتۆدۆلۆژیای چین، ڕەگەز یان زایەند دامەزراون بە مانای هێزێکی ئایدیۆلۆژیکی لەخۆبایی و خۆبەزلزانن کە لە بنەڕەتدا پەڕاوێزخەر، کپکەر و خۆسەپێنن.
بیری دژە-کۆلۆنیال لە سروشتی لێک گرێدەری سیستەمە چەوسێنەرە جۆراوجۆرەکان تێدەگات و هەرجۆرە ئیمتیاز و بەرز نرخاندنی شوێنێک بەسەر ئەوانی دیکەدا ڕەت دەکاتەوە. تێگەیشتنێکی ئەوتۆ لەو دانپێدانانەوەیە دێ کە ژیانی کۆمەڵایەتیی ئێمە کاریگەرییەکی قووڵ لە پەیوەندییەکانی دەسەڵات و زاڵبوون وەردەگرێ، کە لە سروشتی خۆیاندا چەوسێنەرن و بەرهەمی ژمارەیەکی زۆر هێز، پێکهاتە، کردەوە، ئایدیۆلۆژیا و بڕوان. چەوساندنەوەی چینایەتی هەر شتێک بێ دەرکەوتەی یەکێک لە پەیوەندییەکانی کۆلۆنیال نییە: واتە، پەیوەندییەکانی دەسەڵات و زاڵبوون، وەک ماکس وێبێر (١٨٩٤) ئاماژەی پێ کردووە، “لە دوایین لێکدانەوەدا، پرۆسەی گەشەی ئابووریی خەباتی دەسەڵاتە” (لە گراب دا باس کراوە، ١٩٩٧، لاپەڕە ٣٣؛ هەروەها بڕوانە ڕیتزەر، ١٩٩٢).
پێویست بە گوتن ناکات کە مێژوویەکی قووڵی خەباتی دژە کۆلۆنیالیستی و دژە ئیمپریالیستی لە نەریتەکانی مارکسیستیدا هەیە. بیری دژ-کۆلۆنیال، لە کاتێکدا کە دان بە ئەو نەریتە بەنرخەدا دەنێ، ئەو ئورووپا تەوەرییە خۆڕسکەی کە لە تیۆریزە کردنی باو/زاڵ هێشتا لە زانستگاکانی ئێمەدا هەیە، دێنێتە ژێر پرسیار. ئەو هەروەها چەمکی گشتگیریی مارکسیستی دێنێتە ژێر پرسیار کە پێی وایە بناخەی لەسەر ئورووپاتەوەری دامەزراوە. بیرمەندی پایەبەرزی پاش-پێکهاتەخواز (post-straucturalist) ژاک دریدا وەبیرمان دێنێتەوە کە “هەڵوەشێنەری بەو شێوەیە کە لە سەرەتادا سەری هەڵدا … لە دۆخێکی پێش-مارکسیزم کردەنی و تەنانەت بۆ بیر لێکردنەوەش نەدەبوو” (١٩٩٤، لاپەڕە ٩٢). بەڵام، ئەوە پێشی بە هەڵوەشێنەرەکان و پاش-هەڵوەشێنەرەکان نەگرت ڕەخنە و هەڵسەنگاندنیان بۆ گەلێک لە لایەنەکانی خێوی مارکس نەبێ، لە ناویاندا بانگەشەی گەردوونیبوون.
بە هەمان شێوە، لە ڕەخنەی بێباکانە لە نەریتی ئورووپا تەوەری/گەردوونیی مارکسیستی، بیری دژە-کۆلۆنیال لە بەرەی پاش-هەڵوەشێنەرەکاندایە. هاوشێوەی پاش-هەڵوەشێنەرەکان، بیری دژە کۆلۆنیالیش پێی وایە کە ئورووپا تەوەریی مارکسیزمی دابەزیو بۆ پرسی چینایەتی و ئابووری دەتوانێ بۆ فرەلایەنی، تێکەڵاوی و چەند پارچەیی کولتوورەکان، کۆمەڵگاکان، هەرەوەزیی و زمانەکان، زیانبەخش بێ.
بەڵام، بە پێچەوانەی پاش-پێكهاتەخوازی و هاوشێوەی مارکسیزم، بیری دژە-کۆلۆنیال لە پێویستیی هاوپشتی و لەو ڕووەوە، خەباتی هەرەوەزیی دژی پەیوەندییە خۆسەپێنە کۆلۆنیالەکان، تێدەگا. بیری دژە-کۆلۆنیال پێی وایە کە هاوپشتی، دامەزراو لەسەر هەرێمی هاوبەشی بەرگریی دژی زاڵبوون، نە تەنیا مومکین، بەڵکوو پێویستە. بە واتایەکی دیکە، بە پێچەوانەی هەڵوەشێنەران، پاش-هەڵوەشێنەران و تەنانەت پاش-مودێرنیستەکان، بیری دژە-کۆلۆنیال ڕوانگەی نیچەیی بەرانبەر بە دنیا ڕەت دەکاتەوە کە داوا لە لایەنگرانی دەکات “پشوو بە شمشێرەکانیان بدەن” و لە بەرانبەر چەوسانەوە و نادادپەروەریدا بێ هەڵوێست بن. وەک زەردەشتی نیچە دەڵێ:
دادپەروەری و نادادپەروەری زۆرە: ئەوەی دەیبینێ پێی تووڕە دەبێ. سەر نەوی کردن و بە توندی هێرش کردنە سەری، دەبێتە هەمان شت: کە وابوو بچۆ بۆ دارستانان و لێگەڕێ شمشێرەکەت بحەسێتەوە! بە ڕێگای خۆتدا بڕۆ! و لێگەڕێ خەڵک کاری خۆیان بکەن! ( نیچە، ١٩٦٩/١٨٩٢، لاپەڕە ٢٠).
لە کاتێکدا نەریتی هاوپشتیی مارکسیستی تەنیا و بە شێوەی یەکلاکەرەوە لەسەر ئیمتیازی خەباتی چینایەتی و مەرجە ماددییەکان دامەزراوە، لە گوتاری دژە-کۆلۆنیالدا کرداری گشتی لەسەر حەزی تاکەکەسی و جەماوەری بۆ ڕزگاری دامەزراوە. حەزێکی ئەوتۆ، بە جەوهەری کردنی هەرکام لە تاکە دەستەیەک نایەتە دی، بەڵکوو بە بەربەرەکانێ دژی ئەوەی زاڵە، خۆسەپێنە و لە مرۆڤایەتی داماڵەرە: ئەویش، هەر شتێکی کۆلۆنیالە.
لەو خاڵە ڕوونەی دەربازبوونەوە، بیری دژە-کۆلۆنیال چەمکێکی ڕەخنەگرانە پێشکەش دەکات کە دەتوانێ لە هەمان کاتدا بۆ هەرکام لە دەستەکانی وەک ڕەگەز، چین یان زایەند کەڵکی لێ وەربگیرێت و هاوکات خۆ لە کەم بایەخ کردنی دەستەکانی دیکەی چەوساندنەوە ببوێرێ. ڕوانگەیەکی ئەوتۆ کۆنکرێت و نەگۆڕ نییە. ئەو هەردەم لە گۆراندایە و ڕوونە. ئەو بێ پسانەوە پەیوەندییە کۆلۆنیالییەکانی دەسەڵات و زاڵبوون دەبینێ و دەیانخاتە ژێر چاودێری، لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە دەگۆڕێ، بەرەنگاری هەموویان دەبێتەوە، بەڵام لە ژێستێکی ستراتێژیکدا ئامادەییەکی تا ڕادەیەک بەهێزتر لە هەرکام لە پۆلەکان دەپارێزێ تا کاریگەرتر بێ.
بەو شێوەیە سەیر بکرێت، هەر هەوڵێک بۆ پۆلێن کردنی ویستە سەربەخۆکانی ڕزگاری لە لایەن تاک و تاقمەکانەوە لە ژێر تاکە دەستەیەک وەک خەباتی چینایەتی، لەخۆیدا دەبێتە کردەوەیەکی کۆلۆنیالیستی و پەڕاوێز خستن، تەنانەت ئەگەر لە ژێر ئاڵای بەربەرەکانێ دژی چەوساندنەوەش بێ. ئەوەی خەباتی هاوبەش پێکەوە گرێ دەدا، هێندێک یاسای ڕووکەشی مێژوویی، یان یاسای سروشت، یان بڕیاری مەرجە ئابوورییەکان نین، بەڵکوو نیگایەکی ڕوون، شەفاف و ڕەخنەگرانەیە کە بەردەوام شوێنەکانی ستەمکاری دەبینێ و دژیان دەوەستێتەوە. بۆ لێک گرێدانی خەباتەکانی دژی هەژمۆنی، ئێمە پێویستیمان بە بەرە و هاوپەیمانی لە نێوان شەبەنگی بەربەرینتری ئابووری، سیاسی و کولتووری-کۆمەڵایەتی هەیە و بۆ گەیشتن بە هاوپەیمانیی ئەوتۆ، لەپێشدا پێویستیمان بە ڕوانگەی ناجەوهەرگەرا هەیە. ئالنگارییەکە لە وەدەستهێنانی ڕوانگەیەکی ئەوتۆدایە، بۆ وەدەستهێنانی دیدێکی دووری لەو چەشنە کە هۆشیار، بە سەرنج و بەرپرس بێ؛ بەڵام چەوسێنەر و قۆرخکار نەبێ. ناسنامە کۆمەڵایەتییەکان پێچەڵپێچ، فرەتوێژ و ئاڵۆزن و، سروشتی زاڵبوونیش بە هەمان شێوەیە. شەڕ دژی هەر چەشنە زاڵبوونێک شەڕ دژی سەرجەم زاڵبوونەکانە و بۆ بەربەرەکانێی سەرکەوتووانە دژی زاڵبوونێک، دەبێ دژی هەموو زاڵبوونێک خەبات بکرێت.
نایەکسانیی زایەندی و فێمێنیزم
سەرەڕای بەردەوامیی سیستەمە پیاوسالارەکان و هەوڵە لێبڕاوانەکانیان بۆ شاردنەوەی نیشانە و ئاماژەکانی نایەکسانیی زایەندی، نایەکسانیی پەیوەندیدار بە زایەندەوە زۆر دەمێکە گەیشتووەتە ئاستی شیکاریی نایەکسانییەکانی لە سەر بنەمای ڕەگەز و چین (سپەندەر، ١٩٨١؛ ستایسی، ١٩٨٣؛ گرامپتۆن و مەن، ١٩٨٦؛ فارنهام، ١٩٨٧؛ چافەتز، ١٩٩٠، دەگەڵ گەلێکی دیکە)، لەوەش زیاتر، لە هەلومەرجی دیاریکراودا، لە خاڵە مێژووییەکان، شوێنەکان و دۆخەکاندا، نایەکسانیی زایەندی بە کردەوە لە بەراورد لەگەڵ نایەکسانی لە سەر بنەمای چین، ڕەگەز، تەمەن، ئایین، زمان و تاد. بەرچاوتر بووە (روبین، ١٩٧٥؛ هاتسۆک، ١٩٨٣؛ هاردینگ، ١٩٨٦؛ سکات، ١٩٨٨؛ دەیڤس، لییەننار و ئۆلەرسما، ١٩٩١). ڕاستییەکی ئەوتۆ ئاشکرای دەکات کە جیاوازیی هەڵکەوتەی شوێن و ناوەرۆک لە ئاستی چڕیی چەوسانەوەدا هەیە.
نایەکسانی لەسەر بنەمای زایەند لەبەر ئەو هۆیە وەها گرینگ بووە چونکە دەگەڵ ڕەگەز، چین و تەمەن، “زایەند ڕەنگبێ ئاشکراترین هێمای مرۆڤ لە هەموو کۆمەڵگاکان بێ و هەمیشەش وا بووە.” (چافتەز، ١٩٩٠، لاپەڕە ١٤).
لە ناو دەستەی نایەکسانیی زایەندی، هەروەها لایەنی دیکەی پۆلێن کراو بە گوێرەی حەزی سێکسی و زایەندی جیاواز هەن وەک هاوڕەگەزخوازانی ژن و پیاو، ئەوانی زایەندی خۆیان گۆڕیوە و تاد. لە کاتێکدا ئەوان دژبەریی دووانەیی نێوان ژن و پیاو تووشی ئالنگاری دەکەن، بۆخۆیان بە ئاشکرا بەرەوڕووی هەڵاواردن و چەوساندنەوە لە لایەن سەرجەم هەڵسوکەوتی مرۆڤ کە پەیوندیی بەدەسەڵاتەوە هەیە، دەبن.
بە گوێرەی وێژەی فێمێنیستی، نایەکسانیی زایەندی بۆیە هەیە چونکە پیاوسالاری دیاردەیەکی جیهانی لە سەرجەم کۆمەڵگا ناسراوەکانە. پیاوسالاری ” لە بنەڕەتدا ئاماژە بە هەر کۆمەڵگایەک، یان شێوازی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە کۆمەڵگایە، کە دەسەڵاتی بە سەرەوەیە و لەو سۆنگەیەوە زاڵە بەسەر مێیینەدا” (گراب ١٩٩٠، لاپەڕە ١٩٩). بۆیە نایەکسانیی زایەندی لە پەیوەندییەکانی نێوان نێر و مێ، خۆی دەردەخا کە ڕەنگبێ لە سروشتدا پیاوسالارانە بێ و لەوانەیە ئامرازی ژێردەستەکردن و ملکەچ کردنی جنسێک (واتە جنسی مێ) لە لایەن جنسەکەی دیکەی تێدا بێ. بە هەمان شێوە، پەیوەندییە پیاوسالارانەکان ڕەنگبێ بە هەمان شێوە لەناو پیاوی ناهاوڕەگەزخواز و لە لایەکی دیکەوە ژنیش و هەروەها جەستەی پۆلێن کراو لە ڕوانگەی زایەندییەوە وەک هاوڕەگەزخوازانی نێر و مێ و ئەوانی دیکەدا هەبن. (بێنێت، ١٩٩٢؛ ئاتکینس، ١٩٩٨).
تیۆرییە گشتییەکانی نایەکسانیی کۆمەڵایەتی، دەگەڵ وێژەی باوی فێمێنیستی، ژمارەیەک شێوەکار پێشکەش دەکەن کە مەبەستیان شیکردنەوەی جۆراوجۆر بۆ پارێزران و بەردەوامیی سیستەمەکانی پیاوسالارانە و زاڵبوونی پیاوە. بۆ وێنە، کەسانی ئەوتۆ هەن، دوای ئێنگڵس (١٨٧٢/١٩٤٢)، کە دان بە سەرهەڵدانی سامانی تاکەکەسی و، بەو هۆیەوە، دەسەڵاتی ئابووری وەک فاکتەری سەرەکیی ژێردەستەیی ئافرەت دادەنێن (بۆلۆگ، ١٩٩٠؛ بلومبەرگ، ١٩٩١). بەشێکیش دەسەڵاتی سیاسی وەک فاکتەری سەرەکی بۆ دەستنیشان کردنی پێگەی کۆمەڵایەتیی ژنان پێناسە دەکەن (میلەت، ١٩٦٩؛ کاڵینس، ١٩٨٨). خەڵکی ئەوتۆش هەن کە باسی بناخەی ئایدیۆلۆژیکی بۆ نایەکسانیی زایەندی و بەردەوامیی پیاوسالاری دەکەن (رۆیتەر، ١٩٧٤؛ ڕیتزەر، ١٩٨٨؛ ڕیچاردسۆن، ١٩٩٨؛ ڕیچاردسۆن و تایلۆر، ١٩٨٩). و هێشتا خەڵکی ئەوتۆ هەن کە تایبەتمەندییە تایبەتەکانی وەک توانایی زاوزێی ژنان هەڵدەبژێرن (ئۆبرایان، ١٩٨١)، یان سێکسییەتی مێیینە (هارتستۆک، ١٩٨٣)، یان پلەی کۆمەڵایەتیی ژنان لە جێبەجێ کردنی کاروباری ماڵەوە (هارتمان، ١٩٧٩) وەک دیاریکەری گرینگ بۆ شیکردنەوەی نایەکسانیی زایەندی دەزانن.
بە بێ لەبەرچاوگرتنی دەوڵەمەندی و فرەچەشنیی وێژەیی کە ئاماژە بە نایەکسانیی زایەندی دەکات، لەو ساڵانەی دواییدا وێژەی فێمێنیزمی باو بووەتە شوێنی کێبڕکێ و گۆڕەپانێک بۆ ڕوانگە دژبەرەکان. فێمێنیزمی دەنگ بەرزی سپی پێستی چینی مامناوەندی خۆراوایی، نزیکەی هەموو ڕەوایی و ڕەسەنایەتییەکی بوون بە وتەبێژی ژنی بە گشتی لێ ئەستێندراوەتەوە. تاقمی ژنی جۆراوجۆر لە وڵاتانی باشووری، فێمێنیستەکانی ئەفریقایی، فێمێنیستە ڕادیکالەکانی جیهانی سێهەم و هەروەها ژنانی کۆچبەر و تاراوگەنشین لە سەرانسەری دنیا زۆر دەمێکە پیاوسالاری و ئورووپا تەوەریی خۆڕسکی تیۆری و نەریتی فێمێنیزمی خۆراوایی هێناوەتە ژێر پرسیار. (ستێدی، ١٩٨١؛ سئکەری، ١٩٩٢؛ هوکس، ١٩٩٤؛ ئەفشار، ١٩٩٦؛ ئالێساکدەر و موهانتی ١٩٩٧؛ نائیمێکا، ١٩٩٨، لەگەڵ خەڵکی دیکەش).
فێمێنیزمی باوی خۆراوایی لەبەر نەبوونی هەست بەرانبەر بە ژنانی نا سپی پێست و نا خۆراوایی، ڕەخنەی لێ گیراوە. ئەو هەروەها بۆ گواستنەوەی جنسی مێیینە بۆ پرسێکی گەردوونی، تاک ڕەهەند و یەکپارچە کە مۆدێل و داڕشتنەکەی لە ڕووی ئەزموون و پێداویستییەکانی تاقمێکی کەمینەی فرە دەوڵەمەندی وڵاتانی خۆراواییە، هێنراوەتە ژێر لێپرسینەوە. بێگومان، ڕوانگەیەکی جیهانی و گشتگیر لە بارەی جنسی مێیینە، دەوڵەمەندیی فرەچەشنیی ئەزموون، مێژوو و جوگرافیا کە لە ناو ژناندا جیاوازیی هەیە و ئەوان لێک جیا دەکاتەوە پاشگوێ دەخات. ئانجێلا گیلمۆر بە نووسین لە ئەزموونە تاکە کەسییەکانی خۆی، باسی گیروگرفتی “ژنێکی جیهانی” و هەستی خۆی لەمەڕ دابڕاوی لە فێمێنیزمی باو دەکات:
لە سێپتەمبەری ١٩٩٠، بەشداری وانەیەک لە لایەن زانایەکی فێمێنیستی بەناوبانگ بووم. تەوەری باسەکەی “جەستەی ژنان و شێوەی وێنا کردنی لە لایەن پیشەسازیی مۆدە” بوو. من هەمان پەرچەکردارم لەمەڕ وێنەی مودێلە لاواز، لاو و بێخەمەکانی ناو گۆڤارەکانی مۆدەدا، هاوشێوەی “ژنە جیهانییەکە”، نەبوو. پرسیارێکی یەکێک لە بیسەران، سەرلێشواویی منی شی کردەوە: “باسی کام ژن دەکەی؟” کاتێک وتاربێژەکە دانی پێدانا کە باسی ژنانی ناهاوڕەگەزخواز، سپی و سەر بە چینی مامناوەند دەکا، من تێگەیشتم سەیر نییە کە من، ژنێکی ڕەش پێستی هاوڕەگەزخوازی سەر بە چینی کرێکار، ناتوانم هەست بە پەیوەندی بە ئەزموونەکانی “ژنی جیهانیی” وتاربێژەکەوە بکەم.” (گیلمۆر، ١٩٩٥، لاپەڕە ٥١).
بەو شێوەیە، جووڵانەوەی فێمێنیستی بۆتە هۆی پەرتەوازەیی هاوسۆزانی. نیگەرانی و پرسیاری وەک ئەوانەی ژێرەوە لە ناو گێڕانەوە جیاجیاکانی فێمێنیستیدا گەلێک زۆرن: ئاخۆ خۆڕاگری لە بەرانبەر ئیمپریالیزمی خۆراوایی گرینگترە لە خۆڕاگری لە بەرانبەر ناسیۆنالیزمی پیاوسالار لە ماڵەوە؟ جیاوازییەکانی نێوان ڕەگەز و چین لەناو وێژەی فێمێنیستیی باودا چۆن شی دەکرێنەوە؟ شەپۆلی بەجیهانی کردنی هەنووکەیی، لە بەراورد لەگەڵ ژنانی باکووری دەوڵەمەنددا چ کاریگەرییەکی جیاوازی لەسەر ژنانی هەژاری باشوور دەبێ؟ ئەزموونە تاقانەکان و مێژووە لە ڕادەبەدەر ئاڵۆزەکان، مەرجەکانی ژیان و خەباتی ڕۆژانەی ژنانی ڕەش پێست، ژنانی وڵاتانی بەناو جیهانی سێهەم و ژنانی ناوچەکانی گەشە نەساندووی جیهان لە لایەن جووڵانەوەی فێمێنیستیی باوەوە چۆن حیسابیان بۆ دەکرێ، باسیان لێوە دەکرێ و نوێنەرایەتییان دەکرێ؟ چۆن جەستەکانی خاوەن زایەندی جیاواز و شێوازە ناباوەکانی سێکسییەت لەناو پارادایمی پەیوەندیدار بە نایەکسانیی زایەندی نوێنەرایەتی دەکرێن؟ چۆن دەکرێ هاوپشتی و کرداری بەکۆمەڵ لە کاتی چەندین سۆزداریی دابەشکراو و ڕوانگەی دژی یەکتر کە درێژە بە پارچە پارچە کردنی جووڵانەوەی ژنان دەدات، مومکین بێ؟
قابیلی تێگەیشتنە کە جووڵانەوەی فێمێنیستی ناتوانێ تاقە جوابێکی زەبەلاح، گێرانەوەیەکی مەزن، یان نوسخەیەکی ئامادە بۆ هەموو ئەو پرسیار، نیگەرانی و ئالنگارییە ڕەوایانە پێشکەش بکات. ڕەنگبێ هێڵێکی هاوبەشی گێڕانەوە جیاجیاکانی فێمێنیستی، ڕاستیی بوونی پیاوسالاری لە هەناوی هەموو کۆمەڵگایەکدا بێ. هەرچۆنێک بێ، پێویست بە گوتن ناکات، هەر وەک چەوساندنەوەی ڕەگەزی و ماددی، پیاوسالارییش، هەمووی پرسی کۆنتڕۆڵ و زاڵبوونە. ئەو پرسی سەپاندنی ویستی خۆت بەسەر ئەوانی دیکەوە بە مەبەستی زاڵبوون بەسەریاندایە. پەیوەندییە پیاوسالارانەکان پەیوەندیی کۆلۆنیالیستین و، لەو ڕووەوە هەڵوێستی دژە-کۆلۆنیال ڕەنگبێ بتوانێ کاریگەرترین شێواز بۆ بنکۆڵ کردنی پیاوسالاری، پەیوەندییە پیاوسالارانەکان و کۆنتڕۆڵ و زاڵبوون پێشکەش بکات.
پەیوەندییە کۆلۆنیالییەکان لە پێش هەموو شتێکدا بە تایبەتمەندیی خۆسەپاندن و زاڵبوون پێناسە دەکرێن، لە سەرجەم شیوازەکانی هەڵسوكەوتی مرۆییدا بەدی دەکرێن. لە چەوساندنەوەی ئاستی زەبەلاح، وەک ئیمپریالیزم، کۆلۆنیالیزم و نەتەوەپەرستیی شۆڤینیستی تا دادەگەڕێتە ئاستی بچووکی شێوازەکانی ڕەفتاری تاکیی نێرتەوەرانە. هەڵوێستی دژە کۆلۆنیال، بە بەربەرەکانێ دژی هەرچی کۆلۆنیالییە، داوای کۆتایی سۆزداریی دابەشکارانەی بنیاتنراو لەسەر دژبەریی دووانە وەک ئێمە/ئەوان، ناوچەیی/جیهانی، نەتەوەیی/ناونەتەوەیی، تاکی/گشتی و تاد. دەکات. نە تەنیا دەبێ دژی مەیلە ئیمپریالیستییە جهیانییەکان بوەستین، بەڵکوو بەربەرەکانێ دژی هەڵوێستە کۆلۆنیالیستی و پیاوسالارانەی وڵات، شار و کۆمەڵگەی خۆشت ڕەنگە و دەبێ بنکۆڵ بکرێن. بە هەڵوێستێکی دژە کۆلۆنیال، پەیوەندییە جیهانییە ئیمپریالیستییەکانی بەرۆکیان پێ دەگیرێت، دروست وەکوو خەبات دژی چەوساندنەوەی پیاوسالارانە لەسەر بنەمای ڕەگەز، زایەند و سێکسییەت.
شوێنە جیاوازەکانی چەوساندنەوە، یەکترداپۆشن و پەیوەندییان بە یەکترەوە هەیە. لە پەیوەندییەکانیاندا ئەوان تەواوێتییەک دروست دەکەن کە بە هاسانی ناکرێ بۆ تاکە پێکهێنەرەکانی بچووک بکرێتەوە. جیاکردنەوەی هەرکام لە بەشەکانی ئەو تەواوێتییە دەتوانێ پێکهاتەیەکی دەستکرد بێ کە زەرەر بە هاوپشتی و خەباتی هاوبەش دەگەیەنێ. چەوساندنەوە دەبێ وەک دۆخێک سەیر بکرێ کە لەودا جیاوازیی دەستە و پێناسەی جۆراوجۆر، تاکەکان و کۆمەڵگاکان لە یەکتر جیا دەکاتەوە و هاوکات ئەوان بە ئەزموونی چەوسانەوە، پەڕاوێز خران و کۆلۆنی کران پەیوەندی دەداتەوە. هەموو جۆرە چەوساندنەوە و زاڵبوونێک دیاردەی بێبەزەییانەی نامرۆڤانەیە کە هەر کامیان دەبێ بە مەبەستی لەناوبردنی مەرجەکانی چەوساندنەوە لە تەواوێتیی خۆیدا بەربەرەکانێیان لەگەڵ بکرێت.
دەرئەنجام
تیۆریی کۆمەڵایەتیی نوێ، لە “پەیوەندیی نێوان مارکس-نیچە-فرۆید” تا دەگاتە “سێیانەی پیرۆز”¬ی گوتاری کۆلۆنیال و پاش-کۆلۆنیال، واتە سەید، بابها و سپیڤاک (هەروەها بڕوانە یانگ، ١٩٩٥)، لە دەستەبەر کردنی گۆڕەپانێک کە لەویدا وەک بە گوتەی فانۆن، “چارە ڕەشەکانی دنیا” دەسەڵاتیان پێ بدرێ تا بێنە دەنگ، ناسەرکەوتوون. لە کۆماری ئەفلاتوونەوە، کۆمەڵگای کۆمۆنیستیی مارکس و دنیای لێک هەڵوەشاو/پاش-پێکهاتەیی تا “دۆخی بوونی تێکەڵاو، دوو هەستیی” پاش-کۆلۆنیالیزم، هیچ شتێک نوێنەرایەتیی “چارەڕەشەکانی دنیا” بێجگە لە “کەمایەتییەکی” ترسێنەر ناکات. گوتاری دژە-کۆلۆنیال تیگەیشتن لەو “کەمایەتییە” چەوسێنەرەیە و هەوڵێکە بۆ قەرەبوو کردنەوەی.
گوتاری دەژە کۆلۆنیال لەو تێگەیشنەوە دێ کە چەندین هێز، پێکهاتە و پەیوەندی، بڕیاردەری هەڵسوکەوتی مرۆڤن. تاک، تاقم و کۆمەڵگاکان لە پێکهاتەکانی دەسەڵات و زاڵبووندا لە ئاستی جیاوازدان و لەگەڵ یەکتر بە تایبەتمەندییە مێژوویییەکانیان، ئاڵۆزیی جوگرافیایی و دابەشبوونیان بەسەر دەستەی کۆمەڵایەتی وەک چین، ڕەگەز، زایەند، سێکسییەت و تاد، دابەش کراون. ئامانجی گوتاری دژە-کۆلۆنیال ئەوەیە کە هەرێمێکی هاوبەشی خۆڕاگری و خەبات پێشکەش بکات، کە لەناویدا تاقمە جیاوازە کەمینە کراو، پەڕاوێز خراو و چەوساوەکان، بتوانن “وەدەنگ بێن” و لە ئاکامدا بەرۆکی سیستەمە هەژمۆنی خوازەکانی دەسەڵات و زاڵبوون بگرن و بنکۆڵیان بکەن.
چوارچێوەی دژە-کۆلۆنیال مرۆڤ ناچار دەکات بەستراوەیی دوولایەنە و پەیوەندیی نێوان لایەنەکانی وەک ڕەگەز، زایەند، چین، سێکسییەت، تەمەن، (بێ) توانایی و هەموو ئەو پۆلانەی پوتانسیەلی بوون بە بواری چەساندنەوەیان هەیە پاشگوێ نەخات. لەگەڵ چاوخشاندنمان بە ڕەگەز و پرۆسەکانی بەڕەگەزی کردن، هەڵوێستی دژە-کۆلۆنیال هانمان دەدات لە سروشتی یەکانگیریی سیستەمەکانی دەسەڵات و زاڵبوون و چۆنییەتیی بەرهەمهێنانەوە و بەردەوامیی زاڵبووندا و چۆن بێ دەسەڵاتەکان ژێر دەستە دەکرێن و لەژێر کۆنتڕۆڵی بەردەوامدا ڕادەگیر، بکۆڵینەوە.
چوارچێوەی دژە-کۆلۆنیال، لە کاتێکدا کە ڕاستەوخۆ بەگژ هێرەمەکانی دەسەڵات و هەژمۆنیدا دەچێتەوە، سەرجەم پەیوەندییەکانی زاڵبوون کە لەسەر بنەمای ڕەگەزپەرستی، چین پەرستی، سێکسیزم، هێترۆ سێکسیزم، تەمەن پەرستی، تواناییگەری و هەموو شێوازەکانی زاڵبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دامەزراون، دەباتە ژێر پرسیار. لە لایەکەوە ئەو ئیزن بە ئێمە دەدا لێکۆڵینەوە لە چەمکەکانی چەوساندنەوەی چینایەتی، کۆلۆنیالیزم، ئیمپریالیزم و شیوەی کاری چەوسێنەرانەی سەرمایەی جیهانی بکەین. لە لایەکی دیکەوە، بە هێنانە ژێر ڕووناکایی و دروست کردنی ئالنگاری بۆ شێوازەکانی پیاوسالاری، خۆ بە زلزانی و هەژمۆنی (لە ناویاندا شیوازە تیۆریک، ڕۆشنبیرانە و فەلسەفییەکانی)، ئەو ئیزنەمان پێ دەدا مەیلە جۆراوجۆرەکانی دابەزاندن بۆ چین/ڕەگەز/زایەند و ناچاریی ئابووری بڕووخێنین. بەو شێوەیە، ئەو پێشترییەتیدان و ئیمتیازدان بە تاکە دەستەیەک وەک چین ڕەت دەکاتەوە و مودێلە نەریتییەکانی “تەنیا چین” یان ئەوەی کە ئەمرۆ زۆرتر باوە واتە “لە پێشدا چین” دێنێتە ژێر پرسیار.
چوارچێوەی گوتاریی دژە-کۆلۆنیال هەست بە پێویستیی تێپەڕ بوون لە چەمکی ڕەگەز و ڕەگەزپەرستی وەک دیاردەیەکی تا ڕادەیەک سەربەخۆی کۆمەڵایەتی دەکات؛ ئەو دان بەوەدا دەنێت کە ڕەگەز و ڕەگەز پەرستی ناکرێ بۆ پەیوەندییە چینایەتی و ئابوورییەکان دابەزێندرێن. ئەو ڕەگەز وەک دەستەیەکی سەربەخۆ سەیر دەکات کە لە دەستەکانی دیکەی وەک چین و زایەند سەربەخۆیە. لە هەمان کاتدا، ئەو لە سەر ئەو بڕوایەیە کە ڕەگەز پەیوەندیی ناوخۆیی بە دەستەکانی دیکەوە هەیە، بە تایبەت لە دروست کردنی هەرێمی هاوبەش بۆ خۆڕاگریی دژی چەوساندنەوە.
سەبارەت بە پەیوەندییە نایەکسانەکانی جنس و زایەند، هەڵوێستی دژە-کۆلۆنیال بەدوای دروست کردنی ئالنگاری بۆ سەرجەم سیستەمەکانی باوکسالاری و زاڵبوونی نێرینەوەیە. بە پێناسە کردنی کۆلۆنیالیزم وەک خۆسەپێن و خۆزاڵکەر، ئەو دەرفەتەمان بۆ دەڕەخسێ تا لێکۆڵینەوە لە پەیوەندییە جۆراوجۆرە سێکسییەکان لە سێکسی نادڵخوازانە تا شێوازی وردی ڕەفتار لە ژووری خەوی خۆماندا بکەین. شێوەی بەڕێوەچوونی کاری سێکسی، چۆنیەتیی دابەش کردنی کاری ناوماڵ، چۆنیەتیی بەرێوەبەریی بنەماڵە و ئەوەی کە چۆن جنسە جیاوازەکان، شێوازەکانی سێکسییەت و جەستە بە زایەندکراوەکان لە یەکەیەکی کۆمەڵایەتیدا جێگیر کراون، وەک ژوورێکی خەو، خانوویەک یان کۆمەڵگایەکی مەزنتر، دەکرێ بە گوتاری دژە-کۆلۆنیال لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەیان لێ بکرێ.
لە ڕیگای چوارچێوەی گوتاریی دژە-کۆلۆنیال فێر دەبین کە شتێک بە ناوی بێلایەنیی خۆبەخۆ، بێ پێشداوەری و بێتەفاوەتی بوونی نییە؛ فێر دەبین کە کردارە گوتارییەکان هەرگیز بێلایەن یان ناسیاسی نین و بەسەرهات و گێرانەوە مێژوویییەکان بە بەرژەوەندی، مێژوو، حەز و سیاسەتە دیاریکراوەکان لە قاڵب دەدرێن و مەرجدار دەکرێن. ئەو زانیارییەی بەو تێگەیشتنەوە وەدەست دێت توانایی ئەوەمان پێ دەبەخشێ ئەندێشە باوەکانی بێ پێشداوەری، بێلایەنی و مێتۆدۆلۆژیای ئەرێنی (پۆزەتیڤیستی) بێنینە ژێر لێکۆڵینەوە. چوارچێوەی گوتاریی دژە-کۆلۆنیال ئیزنمان پێ دەدات سەرنجی خۆمان لە خەیاڵئامێزی و چەلەحانێی گوتارییەوە بۆ ئەزموونە ژیاوەکانی تاک و کۆمەڵەکان بگوازینەوە. هەروەها دەرگای ئەندێشەی تا ئێستا بێ ئیعتیبارکراوی ڕووحانییەت، هەستیاری و پڕهەست و نەستی دەکاتەوە تا ئەو شێوازانەی دەربڕینیش وەک شێوازی ڕەوای زانیاری، هەڵقوڵاو لە ئەزموونەکانی ژیاوی تاکەکانەوە سەیر بکرێن.
شاراوە نییە کە بەشێکی زۆر لە تیۆرییە هاوچەرخەکان بەردەوام هەر ئاماژەیەک بە ڕەسەنایەتی، نەریت، ڕەسەن بوون و لایەنەکانی شوناس کە پشت بەوجۆرە بانگەوازانە دەبەستن، وەک هاومانای گەڕانەوە بۆ جەوهەرگەرایی یان تەنانەت بنئاژۆخوازی سەیر دەکەن. گەلێک دوور لە ڕوانگەیەکی ئەوتۆ، گوتاری دژە-کۆلۆنیالیستی و ڕێکارەکانی، شوێنێکی ناوەندی بۆ لایەنەکانی ڕەسەنایەتی و نەریت تەرخان دەکات کە بە تایبەتی وەک شوێنی قووڵی بەهێز کردن و لەو ڕووەوە خەبات و خۆڕاگری دژی هەژمۆنییە سەپێندراوەکان کار دەکەن.
شێوازی ڕەسەنایەتی هەن، وەک زمانە ناوچەییەکان، کولتوورە ڕەسەنەکان و جیهابینیی نەریتی کە بۆ کۆمەڵگا پەڕاوێزخراو، بەکەمینەکراو و چەوسێنراوەکان فرە توانابەخشن. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە کە لاواز کردن، بچووک کردنەوە، سووکایەتی پێکردن و ڕابواردن بە بایەخە ڕەسەنەکان بۆ بەردەوامی و پاراستنی کۆلۆنیالیزم، ئیمپریالیزم و زاڵبوون گەلێک گرینگن، ژیاندنەوەی بایەخە ڕەسەنەکان دەتوانێ بۆ بەرگری دژی نەزمی زاڵ یەکلاکەرەوە بێ.
بیری دژە-کۆلۆنیال یارمەتیدەری ژیاندنەوە و بەهێز کردنی لایەنە شۆڕشگێڕانەکانی زانیارییە ڕەسەنەکان، بە جەخت کردن لە سەر پوتانسیەلی ڕزگاریدەرانەی ڕەسەنایەتی بەرانبەر بە نەریت و بایەخە سەپێنراوەکانە. کولتوورەکان لە ڕادەبەدەر بگۆڕ و دیاردەی ناجەوهەرین کە لە سنوورەکانی کات و شوێن تێپەڕ دەبن و هەرگیز نابێ ڕێگا بە هیچ کولتوورێک بدرێ تا لە ژێر چەپۆکی ڕەگەزپەرستی، چەوساندنەوە و ستەمدا لەناو بچێ.
سەرچاوەکان:
Abu-Lughod, L. (1990). The romance of resistance: Tracing transformations of power through Bedouin women. American Ethnologist, 17(1), 41-55.
Afshar, M. (1925). Aghaznameh. Ayendeh, 1(1), 5-12. Afshar, H. (Ed.). (1996). Women and politics in the third world. London: Routledge.
Ahmad, A. (1995). The politics of literary postcoloniality. Race and Class, 3(36), 1-20. Althusser, L. (1995). The object of capital. In L.
Althusser & E. Balibar (Eds.), Reading Capital (Lire le capital, B. Brewster, Trans., pp. 71 198). London: NLB.
Alexander, M.J. & Mohanty, C.T. (Eds.). (1997). Feminist genealogies, colonial legacies, democratic futures. London: Routledge.
Ashcroft, B., Griffiths, G., & Tiffin, H. (1989). The empire writes back: Theory and practice in postcolonial literature. London: Routledge.
Ashcroft, B., Griffiths, G., & Tiffin, H. (Eds.). (1995). The postcolonial studies reader. London: Routledge.
Asgharzadeh, A. (2001, May). Linguistic racism and its ramifications: The Iranian case. Paper presented at the Congress of the Social Sciences and Humanities, Université Laval, Quebec. Atkins, D. (Ed.). (1998). Looking queer: Body image and identity in lesbian, bisexual, gay and transgender communities. New York: Harrington Park Press.
Balibar, E. (1994). Masses, classes, ideas: Studies on politics and philosophy before and after Marx (J. Swenson, Trans.). New York: Routledge.
Bennet, K. (1992). Feminist bisexuality: A both/and option for an either/or world. In E.R. Weise (Ed.), Closer to home: Bisexuality and feminism (pp. 205-233). Seattle: Seal Press. Bhabha, H. (1994). The location of culture. London: Routledge.
Bhabha, H. (1995). Signs taken for wonders. In B. Ashcroft, G. Griffiths, & H. Thiophene (Eds.), The post-colonial studies reader (pp. 29-35). New York: Routledge.
Blumberg, R.L. (1978). Stratification: Socioeconomic andsexual inequality. London: Routledge.
Blumberg, R.L. (Ed.). (1991). Gender, family, and economy: The triple overlap. London: Routledge.
Bologh, R. (1990). Love or greatness: Max Weber and masculine thinking – A feminist inquiry. London: Unwin Hayman.
Bower, B. (1991). Race falls from grace. Science News, 380.
Chafetz, J.S. (1990). Gender equity: An integrated theory of stability and change. London: Sage Publications.
Childs, P. & Williams, P. (1997). An introduction to post-colonial theory. New York: Prentice Hall.
Collins, R. (1988). Theoretical sociology. San Diego, CA: University of San Diego Press. Crompton, R. & Mann, M. (Eds.). (1986). Gender and stratification. Cambridge: Policy Press. Davis, K., Leijennar, M., & Oldersma, J. (Eds.). (1991). The gender of power. London: Sage Publications.
Dei, G.J.S. (1996). Anti-racism education: Theory and practice. Halifax: Fernwood Publishing. Dei, G.J.S. (2000a). The role of indigenous knowledges in the academy. International Journal of Inclusive Education, 4(2), 111-132.
Dei, G.J.S. (2000b). Recasting anti-racism and the axis of difference: Beyond the question of theory. Race, Gender & Class,7(2), 39-56.
Dei, G.J.S. (2000c). African development and indigenousness. In Dei, G.J.S., B. Hall & D. Goldin Rosenberg (Eds.), Indigenous knowledge in global contexts: Multiple readings of our world (pp. 111-132). Toronto: University of Toronto Press.
Dei, G.J.S., Hall, B., 8c Goldin Rosenberg, D. (Eds.). (2000). Indigenous knowledge in global contexts: Multiple readings of our world. Toronto: University of Toronto Press.
Derrida, J. (1994). Specters of Marx (P. Kamuf, Trans.). New York: Routledge.
Engels, F. (1972). Origins of the family, private property and the State. New York: International Publishers. Original work published 1942.
Fanon, F. (1963). Black skin, white masks (C.L. Markmann, Trans.). New York: Grove Press. Farnham, C. (Ed.). (1987). The impact of feminist research in the academy. Bloomington: Indiana University Press.
Feagin, J.R. 8c Vera, H. (1995). White racism: The basics. New York: Routledge. Foucault, M. (1980). Power/knowledge: Selected interviews, 1972-77. Brighton: Harvester Press. Foucault, M. (1983). The subject and power. In H. Dreyfus 8c P. Rabinow (Eds.), Michel Foucault: Beyond structuralism and hermeneutics (pp. 208-226). Chicago: University of Chicago Press.
Gabriel, J. & Ben-Tovim, G. (1978). Marxism and the concept of racism. Economy and Society, 7(2), 18-54.
Giddens, A. (1981). A contemporary critique of historical materialism. Vol 1. Power, property, and the State. London: Macmillan.
داگرتنی بابەت