ئارامتر بخوێنەوە

لێکەوتەکانی کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق

د. ئیدریس ئەحمەدی


“گوزارەی سەرەکیی ئەم وتارە ئەوەیە کە گرنگترین فاکتەر لە پەیوەندی لەگەڵ مانەوە یان پاشەکشەی هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتانەی کە بە هۆی جۆراوجۆرە ئەمریکا هێزی نیزامیی تێیاندا دامەزراندووە، بەندە بە سیاسەتی نێوخۆییی ئەو وڵاتانەوە؛ ئەمەش بە نۆرەی خۆی بەندە بە نزیکبوون یان دووربوونی هێزە سەرەکییەکانی ئەو وڵاتانەوە لە ڕووی ئایدیۆلۆژیییەوە لە گەڵ ئەمریکا.”


لە پاش شەڕی دووهەمی جیهانی بەدواوە، ئەمریکا لە هێندێک وڵاتدا، بە تایبەت لە ئاڵمان، ژاپۆن و کۆریای باشوور، حزووری نیزامیی بەردەوامی هەبووە، بەڵام وەک لە ساڵی پێشوودا شاهید بووین، پاش ٢٠ ساڵ، هێزەکانیان لە ئەفغانستان کشاندەوە. هەروەها لە ساڵی ٢٠١١، پاش هەشت ساڵ، ئەمریکا زۆربەی هێزی نیزامیی خۆی لە عێراق کشاندەوە، هەرچەند پاش پەرەگرتنی داعش لە ساڵی ٢٠١٤دا، بە مەبەستی بەزاندنی ئەو ڕێکخراوەیە دیسان هێزی نیزامیی ڕەوانەی عێراق کردەوە. پاش تێکشکاندنی داعش، ئەمریکا و عێراق ڕێک کەوتن کە تاکوو کۆتایی ساڵی ٢٠٢١، هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا ئەو وڵاتە بە جێ بێڵن و ئەوانەیان کە دەمێننەوە، دەوریان لە دەوری شەڕکەرەوە بگۆڕدرێ بۆ دەوری ڕاهێنەر و ڕاوێژکار.[١]


پرسیار لێرەدا ئەمەیە کە بۆچی ئەمریکا لە هێندێک وڵات حزووری نیزامیی بەردەوامی هەبووە، بەڵام پاش ماوەی چەند ساڵێک یان تەنانەت چەند دەیەیەک، لە هێندێک وڵاتی دیکەدا پاشەکشەی بە هێزە نیزامییەکانی کردووە؟ گومانی تێدا نییە ئەم بابەتە، گرنگیی ستراتیژیکی هەیە بۆ نەتەوەی کورد، بەتایبەت بە لەبەرچاوگرتنی داخراوبوونی[٢] کوردستان لە ڕووی جێوسیاسییەوە وهەروەها دابەشبوونی کوردستان بە سەر چوار وڵاتدا کە تێکڕا ئامانجیان تواندنەوە و تەنانەت لەنێوبردنی نەتەوەی کوردە، هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە کە وێڕای شۆڕش و ملمانێی جێوسیاسیی نێوان ئەو وڵاتانەی کە کوردستانیان بە سەردا دابەش کراوە، دەستێوەردانی زلهێزان گرنگترین فاکتەر بووە بۆ پێکهێنانی هەلی لەبار بۆ ئەوەی جەماوەری کورد بتوانێ تەیار ببێ، ڕێکخراوەی کوردی بتوانن ببوژێنەوە، هەروەها بۆ ئەوەی بزووتنەوەی کورد بتوانێ دەسکەوتی هەبێ. دامەزراندنی کۆماری کوردستان پاش شەڕی دووهەمی جیهانی و هەروەها پێکهاتنی حکوومەتی هەریم پاش شەڕی کەنداو، دوو نموونەی بەرچاون لەو پەیوەندییەدا.[٣] مانەوەی هێزی ئەمریکا لە عێراق و سوورییە، هەرچەند لە ئاستی کەم و لە شکڵی دیکەدا بێ لە چاو ساڵانی ڕابردوو، بۆ باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان حەیاتییە.


ئامانجی ئەم وتارە باسکردنی ئەگەری مانەوەی سنووردار یان پاشەکشەی تەواوی هێزەکانی ئەمریکایە لە عێراق و لەو پەیوەندییەدا، پێشکەشکردنی لێکدانەوەیەک سەبارەت بە ئاکامی هەرکام لەو پێشهاتانە (سێناریۆیانە) لەمەڕ داهاتووی باشووری کوردستان و لێکەوتەکانی بۆ بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات.

گوزارەی سەرەکیی ئەم وتارە ئەوەیە کە گرنگترین فاکتەر لە پەیوەندی لەگەڵ مانەوە یان پاشەکشەی هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتانەی کە بە هۆی جۆراوجۆرە ئەمریکا هێزی نیزامیی تێیاندا دامەزراندووە، بەندە بە سیاسەتی نێوخۆییی ئەو وڵاتانەوە؛ ئەمەش بە نۆرەی خۆی بەندە بە نزیکبوون یان دووربوونی هێزە سەرەکییەکانی ئەو وڵاتانەوە لە ڕووی ئایدیۆلۆژیییەوە لە گەڵ ئەمریکا. ئەگەر هێزە سەرەکییەکانی ئەو وڵاتانەی کە ئەمریکا حزووری نیزامیی تێیاندا دامەزراندووە، پابەند بن بە لیبراڵ دێموکراسی، ئەوا هێزی ئەمریکا دەتوانێ لەو وڵاتانەدا حزووری بەردەوامی هەبێ. بە پێچەوانەوە، ئەگەر هێزە سەرەکییەکانی وڵاتێک یان ڕێژیمێکی حاکم، پابەند بن بە ئایدیۆلۆژیگەلێک کە لە دژایەتیدا بن لە گەڵ لیبراڵ دێموکراسی، ئەوجا مانەوەی هێزی ئەمریکا لەو وڵاتەنەدا ئەستەمە درێژەی هەبێ، مەگەر ئەوەی وەک لە کەیسی عێراقدا هیچ هێزێکی دژبەری ئەمریکا نەتوانێ بە تەواوی دەسەڵات بەدەستەوە بگرێ.

هەڵبەت هاوپەیمانیی نێوان ئەمریکا و وڵاتانی کۆنەواری عەرەبیی کەنداو و حزووری هێزی نیزامیی ئەمریکا لە کوێت، ئیمارات، قەتەر و بەحرەین، دەکەوێتە خانەیەکی دیکەوە کە بە ڕواڵەت پەیوەندیی بە ئایدیۆلۆژییەوە نییە. هیچکام لەو وڵاتانە دێموکراتیک نین، بەڵام بچووکبوونی ئەو وڵاتانە و لاوازبوونیان لە ڕووی نیزامییەوە، کە هەروەها تا ڕادەیەک سعوودییەش دەگرێتەوە، ڕێبەرایەتیی ئەو وڵاتانەی ناچار کردووە بە هاوپەیمانی لە گەڵ ئەمریکا لە پێناو پاراستنی ئاسایشی خۆیاندا. ئەو هاوپەیمانییەش ڕەهەندێکی ئایدیۆلۆژیی هەیە، بەو مانایە کە هاوپەیمانی لە گەڵ ئەمریکا شێوەیەک بووە بۆ قەرەبووکردنەوەی نەبوونی هێزی نیزامی لە پێناو بەرەوڕووبوونەوەی ناسیۆنالیزمی سیکۆلاری عەرەبیی پێش شەڕی سارد و لە سەردەمی شەڕی سارددا، هەروەها جۆری سۆسیالیزم و سێکۆلاریزمی حکوومەتی بەعس لە عێراق، وێڕای خەتەری ئێران لە سەریان پاش دامەزراندنی حکوومەتی تایفەگەرای کۆماری ئیسلامیی ئێران. عێراقی پاش ڕووخانی حکوومەتی بەعس، ناکەوێتە ئەو

خانەیەوە.[4] لە عێراقدا شیعە زۆرینەن و بەشێک لە هێزە شیعەکان، سەر بە ئێرانن. سەرهەڵدان و پەرەئەستاندنی داعش بوو بە دەرفەتێک کە ئێران وێڕای نفووزی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و تایفی، بتوانێ هاوشێوەی لوبنان، میلیشا پێک بێنێ بۆ ئەوەی لە ڕووی نیزامیشەوە لە عێراقدا نفوزی خۆی پەرە پێ بدا. ئەو دوو فاکتەرە، تایفەگەری و نفووزی فرەڕەهەند و بەربڵاوی ئێران، وای کردووە کە عێراق نەتوانێ پەیوەندیی ستراتیژیک لە گەڵ ئەمریکادا دامەزرێنێ. ئەمەش بە نۆرەی خۆی، شوێندانەرە لە سەر داهاتووی حزووری ئەمریکا لە عێراقدا.



حزووری نیزامیی زلهێزان لە وڵاتانی دیکە

لە گەڵ ئەوەی هۆکاری دامەزراندنی حزووری نیزامی لە لایەن زلهێزێکەوە لە وڵاتانی دیکەدا دەکرێ لە هێندێک ڕووەوە لە گەڵ هۆکاری مانەوەی بەردەوام یان کشانەوە لێک جیا بکرێتەوە، ئەو هۆکارانە لە هێندێک ڕووی دیکەوە پەیوەندییان پێکەوە هەیە. بەرژەوەندیی ستراتیژیکی زلهێزان لە وڵات و دەڤەری دیکەدا، هۆکاری سەرەکیی دامەزراندنی حزووری
نیزامییە.[٥] ئەو بەرژەوەندییە ستراتیژیکانە دەتوانن پەیوەندییان بە دەستڕاگەیشتن بە وزەوە هەبێ (بۆ نموونە نەوتی کەنداو)، یان کۆنترۆڵکردنی شوێنێکی ستراتیژیک (دیسان وەک تەنگەی هورموز لە کەنداودا). مەبەست لە حزووری نیزامیی زلهێزێک لە دەرەوەی سنوورەکانی دەتوانێ بۆ بەرپەرچدانەوەی هێزی ناوچەیی یان زلهێزانی دیکە لە دەڤەرێکی ستراتیژیکدا بێ (وەک لە نموونەی کەنداو لە سەردەمی شەڕی سارد و پاش شەڕی سارددا، کاتێک کە ئەمریکا لە دەیەی ١٩٧٠ بەدواوە، ئامانجی ئەوە بووە کە ڕێگە نەدا هیچ هێزێکی ناوچەیی یان زلهێزێک وەک سۆڤییەتی پێشوو دەست بە سەر ئەو دەڤەرەدا بگرێ).[٦]

ئەمریکا پاش شەڕی دووهەمی جیهانی، لە ڕۆژئاوای ئاڵمان، ژاپۆن و کۆریای باشوور حزووری نیزامی دامەزراند، کە تاکوو ئێستا ئەو حزوورە درێژەی هەبووە. بە هۆی ملمانێیەکی ئایدیۆلۆژی کە لە درێژەی شەڕی سارددا لە نێوان مۆدێلی لیبراڵ دێموکراسیی ئەمریکا و سۆسیالیزمی سۆڤییەتدا سەری هەڵدا، ئامانجی ئەمریکا، دەوڵەتسازی و هەروەها جێگیرکردنی دێموکراسی لەو وڵاتانەدا بوو. ئەمەش بێگومان هۆی ئەخلاقیی نەبوو، بەڵکوو لیبراڵەکانی ئەمریکا، بڵاوکردنەوەی دێموکراسی لە وڵاتانی پیشەسازیدا گرێ دا بە بەرژەوەندیی ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریکاوە. لێکدانەوەی سیاستداڕێژەرانی ئەمریکا ئەوە بوو کە ئەو وڵاتانەی کە خاوەن پیشەسازین، هەروەها لە ڕووی ئابوورییەوە بەهێزن و تواناییی بەرهەمهێنانی چەکیان هەیە، ئەگەر بێت و هێزی فاشیستی تێیاندا بێتە سەر دەسەڵات، دەتوانن، وەک کەیسی ئاڵمانی نازی و ژاپۆن، ببنە مەترسی لەسەر ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریکا. بە کورتی، ئەوە دەرسێک بوو کە ڕێبەرانی سیاسیی ئەمریکا لە شەڕی دووهەمی جیهانی وەریانگرتبوو. بەو پێیە، بۆیان گرنگ بوو لەو وڵاتانەدا، ڕێژیمگەلێک دابمەزرێنن کە هاوشێوەی ئەمریکا، پابەند بن بە لیبراڵ دێموکراسی. لە گەڵ ئەوەی سیاسەتداڕێژەرانی ئەمریکا ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوینیشیان وەکوو دەڤەرێکی ستراتێژیک دیاری کردبوو، بەڵام بە هۆی ئەوەوە کە وڵاتانی ئەو ناوچەیە سەنعەتی نەبوون، لەوێدا ئەولەویەتیان بە بڵاوکردنەوەی دێموکراسی نەدا.[٧] ستراتیژیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوین تاکوو ١١ سێپتامبری ساڵی ٢٠٠١، بریتی بوو لە پشتیوانیکردن لە ڕێژیمی کۆنەوار و ڕاستڕەوی سەرەڕۆ. ئەمە بەو مانایە نییە کە ئایدیۆلۆژی لە سیاسەتی ئەمریکادا لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دەوری نەبوو. ئایدیۆلۆژی دەوری هەبوو، بەڵام بە شێوەیەکی دیکە. لە گەرمەی شەڕی سارددا، ئەمریکا بۆی گرنگ بوو کە ئەو ڕێژیمانەی پشتیوانیی لێ دەکردن، دژ بە سۆسیالیزم یان کۆمۆنیزم بن، ئەمەش لە پێناو ستراتێژیی تێکهەڵپێچانی (مهارکردن) یەکیەتیی سۆڤییەدا. ئەمریکا لەو ڕاستایەدا تەنانەت ئامادە بوو یارمەتیدەری کودتاکردن بێ لەو حکوومەتانەی کە خوازیاری بەنەتەوەییکردنی نەوت بوون، وەک لە کەیسی کودەتای شا دژ بە حکوومەتی محەممەد موسەدێق لە ئێران لە ساڵی ١٩٥٣، یان یارمەتیدانی کودەتا دژ بەو حکوومەتە چەپانەی کە لە ڕێگای هەڵبژاردنی دێموکراتیکەوە هاتبوونە سەر کار، وەک کەیسی حکوومەتی سالڤادۆر ئالێندی لە لایەن ژێنراڵ ئاوگوستۆ پینۆشە لە شیلی لە ساڵی ١٩٧٣.[٨]

ئەمریکا لە پاش ١١ی سێپتامبری ٢٠٠١، پێداچوونەوەی بەو ستراتیژییە لەمێژینەی لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا کرد و دانیان بەوەدا نا کە پشتیوانیکردن لە ڕێژیمە سەرەڕۆ و دیکتاتۆرەکان، هۆکارێکی سەرەکیی پێکهێنانی زەمینە بووە بۆ سەرهەڵدانی ڕادیکالیزمی ئیسلامیی. بەو پێیە، هەوڵی بڵاوکردنەوەی دێموکراسییان لە ئەفغانستان و عێراقدا دا. هەڵبەت بە پێچەوانەی ڕۆژئاوای ئاڵمان، ژاپۆن و دواتر کۆریای باشوور، ئەمریکا نە لە دەوڵەتسازی و نە لە جێگیرکردنی دێموکراسیدا لە ئەفغانستان و عێراقدا سەرکەتوو نەبوو.[٩] ڕاستە، لە عێراقدا هەڵبژاردنی دێموکراتیک ئەنجام دەدرێن، بەڵام لەو وڵاتەدا نە لیبراڵ دێموکراسی جێ کەوتووە، نە تەنانەت سەقامگیرییەکی ڕێژەییی سیاسی هەیە. لە ئەفغانستانیش بینیمان کە تاڵەبان دواجار حکوومەتی دێموکراتیکی لەرزۆکی لە کابول ڕووخاند و “ئیمارەتی ئیسلامی”ی لە جێگای دامەزراند.

ئێرە جێگای ئەوە نییە کە باسی هۆکاری سەرکەوتنی جێگیرکردنی دێموکراسی لە ڕۆژئاوای ئاڵمان و ژاپۆن لە لایەک، لە لایەکی دیکەوە شکستی جێگیرکردنی دێموکراسی لە ئەفغانستان و عێراق بکرێ، بەڵام ڕوونە کە تاڵەبان هەڵگری چ ئایدیۆلۆژییەکە و لە دژایەتیی سەرخەتدایە لە گەڵ لیبراڵ دێموکراسی. بۆیە، وەدەرنانی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستانی وەک ئامانجی ستراتیژیکی خۆی دانابوو. بارودۆخی عێراق جیاواز و ئاڵۆزترە. لەگەڵ ئەوەش، لایەنە بەهێزەکانی شیعە، خوازیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقن. تاکوو لەتوپەتبوونی هێزە شیعە کانی عێراق درێژەی هەبێ، یەکلابوونەوەی ئەو مەسەلەیە ئەستەم دەبێ.


تەنانەت ئەگەر ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا، بە تایبەت لە وڵاتانی عەرەبیی کەنداو، بمێنێتەوە، ئەوە بەو واتایە نییە کە بتوانێ لە پێناو پاراستنی حکوومەتی هەرێم لە عیراقدا دەستێوەردان بکا. ئەگەریش بیکا، بە ئەگەری زۆر، لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیی خۆیدا دەبێ (بۆ نموونە لە پێناو پاراستنی باڵوێزخانەکەی لە بەغدا). بە کورتی، هیچ نیشانەیەک نییە کە ئەمریکا لە کەنداو پاشەکشەی نیزامی بکا. بە پێچەوانەوە، ململانێی ئەمریکا لەگەڵ چین و گرنگیی هاتنە دەرەوەی نەوت لە کەنداوەوە بۆ نێو بازڕازی جیهانی، بایەخی ستراتێژیکی هەیە بۆ ئەمریکا. لە گەڵ ئەوەی ئەمریکا بۆ خۆی پێویستی بە نەوتی کەنداو نییە، بەڵام نەوتی کەنداو بۆ بازاڕی نێودەوڵەتی گرنگە و ئەمریکا دابینکردنی سەقامگیری لەو دەڤەرەدا، بە ئەرکی خۆی دەزانێ. چین ئێستا نزیک بە نیوەی نەوتی خۆی، ٤٤٪، لە کەنداوەوە هاوردە دەکا. مانەوەی هێزی نیزامیی ئەمریکا لە کەنداودا، دەتوانێ پێگەی ئەمریکا بەرانبەر بە چین بەهێز بکا، بە تایبەت کە ئێستا لە گەڵ یەکتر لە ململانێیەکی تونددان.[10] هەڵبەت ئەوە بەو مانایە نییە کە ئەمریکا بتوانێ لە عێراقدا بمێنێتەوە، بە تایبەت ئەگەر هێزە شیعەکان بەردەوام بن لە دژایەتیکردنی مانەوەی ئەمریکا لەم وڵاتەدا.



داهاتووی حزووری نیزامیی ئەمریکا لە عێراق

بە سەرنجدان بە بارودۆخی عێراق، دەکرێ پێشبینی بکەین کە ئەگەر ئەو هێزانەی کە لەڕووی ئایدیۆلۆژییەوە لە گەڵ لیبراڵ دێموکراسی لە دژایەتیدیان، هەروەها ئەوەی کە بە هۆی نزیکایەتییان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئیران دژ بە ئەمریکان، لە بەغدادا هێژمۆنی بەدەست بێنن، ئەوجار ئەمریکا ناچار دەکەن لە عێراق پاشەکشە بکا. لە پێشهاتەیەکی وادا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە نەبوونی پشتیوانیی دەرەکیدا، ناچار دەبێ مل بدا بۆ فشار و بڕیاری حکوومەتی بەغدا و ناڕاستەوخۆش ناچار دەبێ مل بدا بۆ گوشاری ئێران.
رەنگبێ لە پێشهاتەیەکی وادا، حکوومەتی هەرێم هاوشێوەی کۆماری کوردستان لەنێو نەچێ، بەڵام ئەو ئوتۆنۆمییەی ئێستا هەیەتی، بە ڕادەیەکی بەرچاو سنووردار بکرێ. ئەوەی کە ئێران تاکوو ئێستا تەحەمولی حکوومەتی هەرێمی کردووە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئێران دەیەوێ جۆرە باڵانسێک لە عێراقدا ڕابگرێ، بە تایبەت تاکوو ئەو کاتەی کە دڵنیا نەبێ کە ئەو لایەنە شیعانەی کە سەر بە خۆین، دەسەڵاتی تەواو لە عێراقدا بەدەستەوە بگرن. ئامانجی ستراتێژیکی ئێران بریتییە لەوەی کە ڕێگە نەدا دەوڵەتێکی بەهێز، هاوشێوەی سەردەمی حکوومەتی بەعس لە عێراقدا شکڵ بگرێتەوە کە بتوانێ بەربەست بۆ پڕۆژەی هێژمۆنیخوازیی ئێران لە ناوچەکەدا پێک بێنێ. لە لایەکی دیکەوە، تورکییەش ئامانجی ئەوەیە کە ڕێگە نەدا ئێران بە تەواوی عێراق بخاتە ژێر نفوزی خۆیەوە.

هەڵبەت وەک لە هەڵبژاردنی دوایی عێراقدا دەرکەوت، هێزە شیعەکان لەتوپەتن و بە هۆی ئەو لەتوپەتییەوە، تاکوو کاتی نووسینی ئەم وتارە، حکوومەتی نوێ لە عێراقدا پێک نەهاتووە. هەڵبەت ئەگەر ڕەوتی سەدر، کە ئێستا هێزی سەرەکییە لە نێو شیعەی عێراقدا، بتوانێ حکوومەت پێک بێنێ، بە لەبەرچاوگرتنی دژایەتیی سەدر لە گەڵ ئەمریکا، ئەگەری زۆرە گوشار بۆ ئەمریکا بێنن کە بە تەواوی هێزەکانی لە عێراق بکشێنێتەوە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە سەدر وێ دەچێ لە ئێران دوورکەوتبێتەوە، هەروەها سەرەڕای هاوپەیمانیی سەدر لە گەڵ هێزە کوردییەکان. لەو پەیوەندییەدا، گرفتێکی دیکە ئەو میلیشیایانەن کە سەر بە ئێرانن، کە لەگەڵ ئەوەی لە هەڵبژاردنی دواییدا لاواز بوون، بەڵام بە هۆی هێزێکی نیزامی کە هەیانە، دەتوانن گرفتی زۆر بۆ حکوومەتی داهاتووی عێراق پێک بێنن، مەگەر ئەوەی ئەمریکا و ئێران لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ناوکیدا، بتوانن لە سەر عێراقیش ڕێک بکەون، ئەوەش ئەگەرێکی زۆر لاوازە.

هەرکام لەو پێشهاتانە، بێگومان باندۆڕیان لە سەر بزووتنەوەی کوردی ڕۆژهەڵات دەبێ. ئامانجی ئێران چەکداماڵینی هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتە. ئەگەر ئەمریکا ناچار بکرێ بە تەواوی لە عێراق پاشەکشە بکات، ئەوجار ئێران دەتوانێ بەو ئامانجە بگات، بە تایبەت تاکوو ئەو کاتەی سەرکردایەتیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە شارەکانی باشووردا بمێننەوە.
لە ساڵانی دواییدا ئێران فشاری زۆری هێناوە بۆ حکوومەتی هەرێم کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات سنووردار بکا. وێدەچێ چەکداماڵینی ڕێکخراوەکانی ڕۆهەڵات کە لە باشووری کوردستان بنکە و بارەگایان هەیە، یەکێک لە داخوازییەکانی ئێران لە حکوومەتی هەرێم بووبێ. دوابەدوای ڕاسان، کۆماری ئیسلامی هەم عەمەلیاتی تێرۆریستیی دژ بە حیزبی دێموکرات دەست پێ کردووەتەوە، هەمیش بە کەڵکوەرگرتن لە مووشەکی دوورهاوێژ، هێرشی کردووەتە سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە کۆیە. هەروەها ئێران هەوڵی دا کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی حکوومەتی هەرێم ناچار بکا بە فشارهێنان بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە پێناو چەکداماڵینیان. کاتێک کە ئەمریکا لە ئەفغانستان کشایەوە، دیار بوو حکوومەتی هەرێم لە دووپاتبوونەوەی پێشهاتەیەکی وا لە عێراقدا نیگەرانە. ئێران بە هەستکردن بەو نیگەرانییە، لە کۆتایی هاوینی ساڵی پێشوودا دەستی کرد بە تۆپبارانکردنی بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە ناوچە سنوورییەکان. ڕاستە، لە ساڵانی ڕابردوویشدا، ئێران بنکەکانی حیزبی دێموکراتی لە ناوچە سنوورییەکان تۆپباران کردووە، بەڵام کاتێک ئەو کارەی کردووە کە پێشمەرگەی دێموکرات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان حزوور و چالاکییان هەبووە. لە کاتی تۆپبارانی هاوینی ساڵی پێشوودا، پێشمەرگەی دێموکرات حزوور و چالاکییان لە ڕۆژهەڵات نەبوو.

تاکوو ئێستا حکوومەتی هەرێم نەچووەتە ژێر باری ئەو گوشارانەی ئێران. لە دوو ساڵی دوواییدا، ئێران هەروەها هەولێری کردووەتە ئامانج و بە مووشەکی دوورهاوێژ، بە تایبەت فڕۆکەخانەی هەولێری کردووەتە ئامانج. ئەم هێرشانە تەنیا پەیوەندییان بە حزووری پێشمەرگەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان نییە، بەڵکوو هەوڵێکە لە لایەن ئێرانەوە بۆ ئەوەی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوا ناچار بکا کە لە کوردستان نەمێننەوە. ئامانجێکی دیکەی ئەو هێرشانە ناچارکردنی حکوومەتی هەرێمە بە ملدان بۆ داخوازییەکانی ئێران لە عێراقدا، بە تایبەت لەمەڕ پێکهێنانی جۆرە حکوومەتێک لە بەغدا کە دڵخواز و ملکەچی ئێران بێ. هەڵبەت ئەگەر ئەمریکا بە تەواوی لە عێراق بکشێتەوە، حکوومەتی هەرێم ناتوانێ بەرانبەر بەو گوشار و هێرشانەی ئێران خوڕاگر بێ، مەگەر ئەوەی تورکییە پشتیوانی لە حکوومەتی هەرێم بکا. پشتیوانیی تورکییەش هەمیشە بە مەرجی ناچارکردنی حکوومەتی هەرێم بووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان.



کۆتایی

لەگەڵ ئەوەی ئەمریکا دەوری هێزەکانی لە عێراقدا گۆڕیوە، بەڵام هێزی نیزامیی ئەمریکا هەر لە عێراقدا هەن، هەرچەند ئێستا ڕوون نییە کە ژمارەی ئەو هێزانە چەندەیە. لە لایەکی دیکەوە، لەتوپەتبوونی هێزە سیاسییەکانی عێراق، هەروەها ئەستەمبوونی پێکهێنانی حکوومەت لە بەغدا، وێڕای کۆمەڵێک گرفتی دیکەی نێوخۆیی، وایان کردووە کە زەمینە لەبار نەبێ بۆ ئەوەی بارودۆخی سیاسیی عێراق یەکلا بێتەوە. بەو پێیە، ئاڵۆزبوونی بارودۆخی عێراق جیای دەکاتەوە لەگەڵ بارودۆخی ئەفغانستان و ئەگەری زۆرە ئەو بارودۆخە ئاڵۆزەی عێراق هەروا بمێنێتەوە، لانیکەم لە کورتمەودا و نێوەندمەودادا.

هەڵبەت، نە حکوومەتی هەرێم و نە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات ناکرێ لەسەر مانەوەی ئەمریکا لە عێراقدا حیساب بکەن. تەنانەت ئەگەر ئەمریکا لە عێراقدا بمێنێتەوە، دەرکەوت کە ویستی نییە بە کردەوە بەرەڕووی هێرشی مووشەکیی ئێران بۆ سەر حیزبی دێموکرات یان هێرشی مووشەکی بۆ سەر هەولێر و تەنانەت کۆنسولگەرییەکەی خۆی ببێتەوە. بەو پێیە، دەبێ بیر لە بەدیل بکرێتەوە. حکوومەتی هەرێم ئەو بەدیلەی هەیە کە لەگەڵ ئێران ڕێک بکەوێ، بەڵام ناچار دەبێ لەو پەیوەندییەدا هەزینەی زۆر بدا و ڕەنگبێ دواجار ناچار ببێ کە نەک تەنیا لە بەغدا یارمەتیدەری وەدیهێنانی ئامانجی ئێران بێ، بەڵکوو هەروەها ناچار بێ کە ئەو ئوتۆنۆمییەی هەیەتی، زۆر سنووردار بکرێ. ڕووکردن لە تورکییە بەدیلێکی دیکەیە، بەڵام مەترسیی ئەو بژاردەیە ئەوەیە کە بە کردەوە لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان ڕووبەڕوو بێتەوە و لە درێژەدا، هاوشێوەی دەیەی ١٩٩٠، باشووری کوردستان تووشی شەڕی نێوخۆیی ببێتەوە.

گرفتی ستراتێژیکی ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵات لەوەدایە کە هیچ بژاردەیەکی باشیان لەبەردەستدا نییە. گەڕانەوەی تەواو بۆ شاخ دەکرێ بەدیلێک بێ، بەڵام ڕوون نییە کە ئایا دەتوانن هاوشێوەی پارتی کرێکارانی کوردستان لە شاخدا بنکەو بارەگا دابمەزرێنن و لە ڕووی لوجیستیکەوە خۆیان دابین بکەن یان نە؟ بەدیلێکی دیکە ئەوەیە کە هاوشێوەی قۆناغی پێش ڕاسان، پێشمەرگە بگەڕێننەوە بۆ نێو بنکەکانیان لە باشوور و پەیوەندییان لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی کوردستان سنووردار بکەن یان تەنانەت ئەو پەیوەندییە ببڕن. ئەوەش بە نۆرەی خۆی مەترسیی ئەوەی هەیە بە شێوەی بەرچاو لاواز بن و قۆناغێکی دیکە لە لێکدابڕان و دانیشتنی کادر و پێشمەرگەی لێ بکەوێتەوە. مەترسییەکی دیکە ئەوەیە کە تەنانەت ئەگەر جموجۆڵی پێشمەرگەش ڕابگرن، ئێران واز نەهێنێ و هاوشێوەی دەیەی ١٩٩٠ بە کردەوەی تیرۆریستی، هەروەها بە کەڵکوەرگرتن لە مووشەکی دووهاوێژ و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (درەون) گوشاری بەرچاویان بۆ بێنێ بۆ ئەوەی وەک ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵک، دواجار ناچار بن عێراق بەجێ بێڵن کە ئەوەش دیارە ئاکامەکەی بۆ بزووتنەوەی کورد چی دەبێ. لەو دوو بەدیلە، بێ گومان گەڕانەوە بۆ شاخ ستراتێژیکترە، بە مەرجێک مانەوە لە شاخ لە ڕووی لۆجیستیکەوە ئیمکانی هەبێ. ئەوەش بابەتی پسپۆڕانی بواری نیزامییە.

ئەو لێکدانەوەی کە لێرەدا پێشکەش کرا، دەتوانێ هەڵە بێ. هەڵبەت ئەزموونی ڕابردووی بزووتنەوەی کورد و هەروەها ئەو مەترسییانەی کە لە ئارادان، وا دەخوازن کە بیر لە بەدیل بکرێتەوە. گرنگ ئەوەیە کە بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات، بە تایبەت حیزبی دێموکرات، بتوانێ مانەوەی خۆی مسۆگەر بکا. یەکگرتنەوە یان سەریەکخستەنەوەی ڕێکخستنەکانی حیزبی دێموکرات، بەدەر لەوەی بایەخی ستراتێژیکی دوورمەودای هەیە، لەم قۆناغەدا حەیاتی دێتە بەرچاو. ئەو سەریەکخستەنەوەیە دەتوانێ یارمەتیدەری دیتنەوەی بەدیل بێ لە پێناو مانەوە و بەهێزبوونی پتری بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات.



پەراوێزەکان

1. “US-led combat mission in Iraq ends, shifting to advisory role,” Al Jazeera, 9 December 2021: https://www.aljazeera.com/news/2021/12/9/iraq-official-says-us-combat-mission-in-the-country-has-ended
2. Landlocked

3. ئەم مەسەلەیەم لە شوێنێکی دیکەدا بە وردی باس کردووە، بڕوانە: “کەی و چۆن بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورد دەتوانێ سەرکەوێ؟”، گۆڤاری تیشک، ژمارە ٥٥، بەهاری ٢٧٢٠.

4. F. Gregory Gause III, “Balancing What? Threat Perception and Alliance Choice in the Gulf,” Security Studies, Vol. 13, No. 2 (2003).
5. Cf. Takafumi Othomo, ”Understanding U.S. Overseas Military Presence after World War II,” Journal of International and Advanced Japanese Studies, Vol. 4. (March 2021).
6. Othomo, ”Understanding U.S. Overseas Military Presence after World War II,”pp. 13-23; Michael Palmer, Guardians of the Gulf: A History of America’s Expanding Role in the Persian Gulf, 1833-1922 (New York: Free Press, 1992), pp. 102-103.
7. Christopher Layne, The Peace of Illusions: American Grand Strategy from 1940 to the Present (Ithaca: Cornell University Press, 2006), p. 34.
8. Douglas Little, American Orientalism: The United States and the Middle East since 1945 (Chapel Hill: The University of North Carolina Press, Third edition, 2008).
9. Jonathan Monten, ”Intervention and State-Building: Comparative Lessons from Japan, Iraq, and Afghanistan,” The Annals of the American Academy of Political and Social Science, Vol. 656 (November, 2014).
10. F Gregory Gause III, ”Should We Stay or Should We Go? The United States and the Middle East,”Survival, Vol. 61, No. 5 (2019), pp. 17-18.

داگرتنی بابەت