بانگەوازی ژمارە ٧٠ی گۆڤاری تیشک
بانگەواز بۆ ژمارەی ٧١ی گۆڤاری تیشک
تەوەرەی ژمارە:
سەروەریخوازیی کورد و پرسی ناسنامە
بە درێژاییی هەرواز و نشێوی مێژووی کورد لە سەدەی ٢٠ بەملاوە، سەروەریخوازی یەکێک لە خاڵە بەرجەستەکانی بزووتنەوەی کورد بووە کە کاریگەریی لەسەر سیاسەت و کۆمەڵگا لە کوردستان و ناوچەکە داناوە. بۆ کوردستانییان سەروەریخوازی تەنیا هەوڵ بۆ هەبوونی جۆگرافیایەکی دیاریکراو یان بە تەنیا سەربەخۆییی سیاسی نەبووە؛ بەڵکوو ئەم پرسە بریتی بووە لە بەفەرمیناسینی ناسنامەی نەتەوەییی کورد، کە بە درێژاییی مێژوو لە لایەن وڵاتانی داگیرکەری کوردستانەوە سەرکوت کراوە. پرسی ناسنامەی کوردی تەنیا نابەسترێتەوە بە سنووری سیاسییەوە و بە کولتوور، زمان و مێژووی کوردستانیشەوە گرێ دراوە. ئەگەرچی دابەشکرانی کوردستان بەسەر چەند وڵاتی ناوچەکەدا کاریگەریی قەرەبوونەکراوی لەسەر پرسی کورد لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت دیاسپۆرای کوردیش داناوە، بەڵام کوردستانییان هێشتا توانیویانە ناسنامەیەکی هاوبەشی تا ڕادەیەک بەهێز لەنێو خۆیاندا بپارێزن. بەڵام بەریەککەوتن و ئانتاگۆنیمسی خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووس و دینامیزمی سیاسیی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بارۆدۆخێکی ناوازەی خۆلقاندووە کە دەخوازێ نووسەران و لێکۆڵەرانی ئەم بوارە ئاوڕێ لێ بدەنەوە و شەنوکەوی بکەن.
هەندێک پرسیاری سەرەکی کە لێرەدا ساز دەبێ ئەوەیە کە ئایا کورد دەتوانێ فورمەکانی جیاوازی سەروەری هاوکات لەگەڵ پاراستی ناسنامەی سیاسیی خۆی لە نێوخۆی ئەو وڵاتانەی بەسەریاندا دابەش بووە بگەیێنێتە ئەنجام یاخود دەبێت هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بدات؟ ئایا ئەم پرسە وەکوو دووڕێیانێکە لە پێش ئاسۆی سیاسیی کورددا یا خود ئەم پرسە دەکرێ وەکوو پرسێکی فرەڕەهەند بخوێنرێتەوە؟
لە ژێر تیشکی ئەم باسانەدا، دەستەی نووسەرانی گۆڤار تیشک داوا لە نووسەران و وەرگێڕان دەکات سەبارەت بە بابەتەکانی خوارەوە وتارەکانیان بنێرن:
1. سەروەریخوازی لە سەدەی ٢١ دا: ئاستەنگەکان و دەرفەتەکان
2. فۆڕمە جیاوازەکانی سەروەری لەژێر تیشکی واقیعی سیاسیی کورد لە ناوچەدا
3. دیاسپۆرای کوردی و پرسی ناسنامەی نەتەوەیی
4. ناکۆکییە ناوچەیی و جیهانییەکان و کاریگەرییان لەسەر پرسی سەروەری و ناسنەمەی کوردی
5. بزووتنەوەی ژینا و ئاسۆی سەروەریخوازیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
6. پەیوەندیی پرسی ژنان و ژینگە بە ناسنامەی کوردییەوە
7. زمانی کوردی و ڕۆڵی لە پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی
8. سەرەوەریخوازی و گرێدراوی بە یاسای نێودەوڵەتی
9. ئیمکانەکانی بزووتنەوەی کوردستان بۆ ودەستهێنانی سەروەریی سیاسی
10. پەیوەندیی نێوان سەرەوەریی سیاسی، خاک و ناسنامە
11. ڕەنگدانەوەی پرسی سەروەریخوازی لە ئەدەبی کوردیدا
ژیانەوە
ئاگاداریی گۆڤاری تیشک لەبابەت دەستبەکاربوونی بڵاگی “ژیانەوە”؛
پێناسەی بلاگی “ژیانەوە”
“ژیانەوە” بلاگێکی ڕووناکبیری، سیاسی و شیکارییە. هاوکات، پرسی ڕۆژ و گەرموگوڕ لێک دەداتەوە و، لەژێر چاوەدێریی ستافی “تیشک” بەڕێوە دەچێت. ئامانجی “ژیانەوە” سازدانی بەستێنێکی دێمۆکراتیک و گونجاوە بۆ دیالۆگی نیشتمانی لەنێوان نووسەر و ڕووناکبیرانی کورد سەبارەت بە پرسی ڕۆژ و مژارەکانی وەک (سیاسەت، ناسیۆنالیزم، پێوەندیی نێودەوڵەتی، فێمێنیزم، ژینگە و ئابووریی سیاسی).
مەرجەکانی بڵاوکردنەوەی وتار:
١- وتارەکان پێوەندییان بە پرسی ڕۆژەوە هەبێت و، لە ڕوانگەی بەرژەوەندیی کورد و خەباتی فرەچەشن بۆ ڕزگاریی کوردستان نووسرابن.
٢- گۆڤاری “تیشک” دەرفەتێکی گونجاوی بۆ مژاری تیۆریک و بابەتی ئاکادێمیک ئامادە کردووە کە نووسەران دەتوانن بۆ بڵاوکردنەوەی وتار و شیکارییەکانیان لەو گۆڤارەدا بەشدار بن. هەر بۆ ئەم مەبەستە بلاگی “ژیانەوە” خۆ لە وتاری تیۆریک و شیکاریی ئاکادێمیک سەبارەت بە پرسی ڕۆژ دەبوێرێت و، هەوڵ دەدات وتارەکان لە ئاستێکدا بن کە گشت توێژەکانی کۆمەڵگا بەردەنگی بن.
٣- وتارەکان لە ١٥٠٠ وشە زیاتر نەبن.
٤- وتاری وەرگێڕدراو لە زمانەکانی دیکەوە بە مەرجێک بڵاو دەکرێتەوە کە دەقی سەرەکییەکەش هاوپێچی وەرگێڕدراوەکە بکرێت و، پاش پەسندکردن لە لایەن دەستەی بەڕێوەبەرییەوە، بڵاو دەکرێتەوە.
٥- وتارەکان دەبێ ڕەچاوی مەرجەکانی زمانەوانی بکەن کە لە سایتی گۆڤاری “تیشک”دا هاتووە.
٦- وتارەکان لەژێر چاوەدێریی دەستەی نووسەراندا مافی بڵاوکردنەوەیان پێدەدرێت.
۷-دەستەی نووسەران تەنیا لە بەرامبەر ناوەرۆکی ئەو وتارانە بەرپرسیاره کە بە ناوی خۆیەوە بڵاو دەبێتەوە.
وێڕای ڕێز و حورمەتێکی زۆر
دەستەی نووسەرانی گۆڤاری تیشک