ئارامتر بخوێنەوە
دەنگی پێی فاشیزم
یەکێتی پاوانخوازی و ڕاسیزم (ڕاسیزمی چینایەتی و ڕەگەزی)
حامید چاوشین
“کاتێک باسی چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان دەکەین چەند کێشەی گەورە خۆیان دەنوێنن وەک ئەوەی کە ئێران چین و توێژی کۆمەڵایەتی پێکی ناهێنن، بەڵکوو چەندین نەتەوەی جیاواز پێکی دەهێنن، چونکە ئێران بۆ خۆی پاشماوەی ئێمپراتوریەتێکە کە بە زۆری شمشێر و چەک پێکەوە نووساوە و ڕاگیراوە. “
پوختە
ئێمە لە سەردەمی گواستنەوە داین، بەڵام گواستنەوە بە چی؟ بۆیە لەم نووسراوەیەدا یەکێک لە ئەگەرەکان خراوەتە بەر باس کە ئەگەری ڕاستی توندئاژۆیە کە لە ناو مێژووی هاوچەرخەوە بەتایبەت لە «مشروطە» بەم لاوە دێت و هەموو کات هەڵگری توخمگەلێکی دیاری فاشیستی وەک ستەمکاری، گوتاری توندی ناسیۆنالیستی، هێرش کردنە سەر نەتەوە جیاوازەکان، پۆپۆلیسم، زەبروزەنگ و … هتد بووە کە پاشخانێکی ستەمکاریی ڕۆژهەڵاتی و پاتریمونیالیزمی هەیە. بەڵام بە تێپەڕینی کات ستراکچێری چینایەتی و کولتووری تووشی گۆڕان هاتووە و چەمکە سوننەتییەکان کارکردیان لاواز بووە. بۆیە زۆر قورس دەبێت ئەگەر پاوانخواز و ناسیۆنالیستی توندئاژۆی ناوەند جارێک تر بتوانێت دەسەڵات بەدەستەوە بگرێت.
پێشەکی
«سیمۆن وی» سیاسەتوان و بیرمەندی بەناوبانگی فەرانسەوی لە شوێنێکدا دەڵێت «ئێمە لە سەردەمی گواستنەوە و گۆڕانداین، بەلام گۆڕان بە چی؟ هیچ مرۆڤێک بچووکترین وێنای لەو شتە هەیە؟».[١] دەتوانین بڵێین چی ڕوو دەدات؟ ئەمە پرسێکی ئاڵۆزە بۆیە لەم نووسراوەدا ویستومانە یەکێک لە ئەگەرەکان بخەینە بەر باس و لێکۆڵینەوە، بۆ ئەوەی بیروڕایەکمان لەگەڵ خوێنەر گۆڕیبێت.
فاشیزم خەریکە لە زۆر شوێن سەر هەڵدەدات بۆیە ئێرانیش لەم قەیرانە جیهانی و ناوچەییە بێبەری نییە. لە زۆر شوێن وەک وڵاتانی ڕۆژئاوایی مێژوویەک و سوننەتێکی دێموکرات، قانوون، ئابوورییەکی باش و … هتد بوونی هەیە کە فاشیزم ناتوانێت زۆر بەهێز بێت. بەڵام هەر وەک بیرمەندی ناودار ویس دەڵێت «فاشیزم ئەگەر سەر هەڵبداتەوە لە وڵاتانی لە حاڵی گەشەدا سەر
هەڵدەدات».[2] بۆیە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین دەبێت بەردەوام بە چاوی ڕەخنە و ترسەوە لە سیاسەت و دەسەڵات بڕوانین چونکە ئەم وڵاتانە قەت دیموکراسی تێیدا نەبووە، قانوون بە ڕێوە نەچووە و بارودۆخی ئابووری باش نییە و چین و توێژی کۆن لە دۆخی ئاوادا بەردەوام هەوڵی گەڕانەوەیان هەیە بۆ ئەوەی بەرژەوەندیی خۆیان بپارێزن یان ئەگەر پێشتر بوویانە زیندووی بکەنەوە. ئەم دۆخە لە وڵاتێک کە شۆڕشێکی بەهێزی بورژوایی و یەکلاییکەرەوە تێیدا ڕووی نەدابێت جێگەی سەرنجە و دەبێتە یەکێک لە ئەگەرەکان کە پێویستی بە خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەی تایبەتە کاتێک کە توخمگەل و خاڵگەلێکی دیاری فاشیزم خۆی دەنوێنیت، وەکوو کۆبوونەوەی چین و توێژە کۆنەکانی دەسەڵات و نفووز لە دەوری یەک، پۆپۆلیسمی ڕاست، هێرش کردنە سەر نەتەوەبندەستەکانی ئێران و چەپەکان، دۆخی خراپی ئابووری، قەیرانی سیاسی، کۆبوونەوەکانی سەر گۆڕێک بە ناوی گۆڕی کوروش و … هتد کە لە درێژەی باسەکەدا تیشک دەخەینە سەر بابەتەکە بۆ ئەوەی پەیوەندیی ئەم ئەگەرە بە دۆخی ئێستاوە زیاتر ڕوون ببێتەوە.
هاوکات چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان لە باسە هەرەگرینگەکانی سیاسەت، کۆمەڵناسیی سیاسی و مێژووی ئاڵوگۆڕی سیاسی و کۆمەڵایەتییە کە ڕۆڵێکی گرینگ لە ئاڵوگۆڕی سیاسی-کۆمەڵایەتیدا دەگێڕن و پۆلێنبەندیی جۆراوجۆری هەیە وەک کۆن و نوێ کە هەر کام لەمانەش بۆ خۆیان بە سەر چەند چین و توێژدا دابەش دەبن. ئەم چینانە لە یەک ناوچە بۆ ناوچەیەکی تر جیاوازە وەک ئەوەی چین و توێژی کۆمەڵایەتی لە خۆرهەڵاتی ناوین جیاوازە لەوەی کە لە ڕۆژئاوادا هەیە، بەڵام کاتێک بە تایبەتی لە سەر ئاڵوگۆڕی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ئێران دەتەوێت بدوێیت ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشە و لێکدژی یان ناتەبایی دەبیتەوە کە پێویستە بەر لەوەی بچینە ناو باسەکە بە چەند دژوارییەکی لەم جۆرە ئاماژە بکەین.
کاتێک باسی چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان دەکەین چەند کێشەی گەورە خۆیان دەنوێنن وەک ئەوەی کە ئێران چین و توێژی کۆمەڵایەتی پێکی ناهێنن، بەڵکوو چەندین نەتەوەی جیاواز پێکی دەهێنن، چونکە ئێران بۆ خۆی پاشماوەی ئێمپراتوریەتێکە کە بە زۆری شمشێر و چەک پێکەوە نووساوە و ڕاگیراوە. پاشان کاتێک باسی چین و توێژی کۆمەڵایەتی دەکرێت جیاوازیێکی زۆر لە نێوان ئەو بەستێنە یان ژێرخانەی کە چینە کۆمەڵایەتییەکان بۆ یەکەم جار تێیدا دەرکەوتوون لەگەڵ وڵاتێک کە پەیوەندیی سوڵتە یان داگیرکەری لە ئارادایە بوونی هەیە، بۆیە لە ڕاستیدا ئەگەر بە چاوی خێرەوە لە بابەتەکە بڕوانین دەتوانین باس لە چینی شێوە مۆدێرن بکەین کە ئەویش لە ناو هەر نەتەوەیەکدا جیاوازە لە نەتەوە کەی تر و شتێک بە ناوی چین و توێژ لە ئاستی گشتی یان سەرانسەری بوونی نییە، وەک ئەوەی کە نەتەوە بندەستەکان زۆربەی چینی کرێکار یان مامناوەندی لاواز پێک دێنن، بە واتایەکی دیکە چینی فەقیر و هەژار بە گشتی و زۆری لە نەتەوە بندەستەکانن لە کاتێکدا فارسەکان چینەکانی سەرەوە پێک دەهێنن بە جۆرێک یان فەقیر و هەژاریان نییە یان ئەگەریش لە شارە فارسەکان فەقیر و هەژار ببێت فارس نین. دەتوانین ئەم خاڵە وەک یەکێک لە هۆگەلی شکستی چەپی سەرانسەریش لێکۆڵینەوەی بۆ بکەین. ئەمە لە کاتێکدایە ناوچەی نەتەوە بندەستەکان زۆر دەوڵەمەندن بە ئاو و کانزاگەلی جۆراوجۆر و بەهرەگەلی زۆری ژێرزەوی و سەرزەوی بە بەراورد لەگەڵ ناوچە فارسەکان، بۆیە زۆربەی لێکۆڵەران لە ئێستادا لەو باوەڕەدان کە کلۆنیالیزم لە ئێراندا لە لایەن فارسەکانەوە لە ئارادایە. لە کۆتایدا کاتێک باس لە چین و توێژ دەکەین کێشە نەتەوایەتییەکان زیاتر زەق دەبنەوە وەک ئەوەی بڵێین کە کێشە چینایەتییەکە هەمان کێشە نەتەوایەتییەکەیە. هەر وەها کاتێک باسی چین و توێژی دەسەڵات دەکەین جیاوازییەکی زۆر لە نێوان ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی ناوین بوونی هەیە، بۆ نموونە فیۆدال لە ئوروپا لە دەسەڵاتی شا سەربەخۆ بووە بەڵام لە ڕۆژهەڵات فیۆدالیزم وەکوو خۆی هیچ دەسەڵاتێکی سەربەخۆی نەبووە و فەرمانبەر و شوێنکەوتووی شا بووە.
دواتر کاتێک باس لە کۆمەڵگای مەدەنی دەکرێت ئەگەر بمانەوێت بەو فاکتەرانەی ڕۆژئاوا کۆمەڵگای مەدەنی هەڵبسەنگێنین ناتوانین بڵێین لە ئێراندا کۆمەڵگای مەدەنی بوونی هەیە. چونکە لە ڕۆژئاوادا کۆمەڵگای مەدەنی بەرهەمی چوار قۆناخی بە دوای یەکدایە کە لە ئێراندا نەبووە وەک سەردەمی فەلسەفە لە یۆناندا، سەردەمی «حقوقی» لە ڕۆم، دەوڵەت و کولتوور لە کۆمەڵگای کریستیانی ڕۆژئاوا و سەردەمی دیموکراسیی سەدەی بیستەم. پاشان کۆمەڵگای مەدەنی لە ڕۆژئاوا هەڵقووڵاوی کۆمەڵگایە و لە خوارەوە پێک هێنراوە بەڵام لە ئێران لە سەرەوە و لە لایەن حاکمییەتەوە هەڵی دروست کردنی دراوە.
کێشەیەکی تری لێکۆڵینەوە لە ڕۆژهەڵات لە بەراورد لەگەڵ ڕۆژئاوا دەگەڕێتەوە بۆ ستراکچێری نایەکسانی لە ئێراندا کە کۆمەڵگای دابەشکراوی ئانتۆنی گیدنز وەبیر دەهێنێتەوە کە ستراکچێری سیاسی ستراکچێری ئابووری دیاری دەکات و ئەمە بابەتەکە ئەوەندەی تر ئاڵۆز دەکات.[3] بەڵام جیا لە هەموو ئەم خاڵانە بۆ کورد بابەتەکە و کێشەکە قورستر دەبێتەوە بۆ نموونە وەکوو کورد ناچارین بەشێکی مێژوومان، کێشەکانمان و چارەنووسمان لە پەیوەندی لەگەڵ ئێراندا لێکۆڵینەوەی لە سەر بکەین لە کاتێکدا ئەمە زۆر لەگەڵ پەیوەندی کلۆنیالیزمدا یەک ناگرێتەوە بەڵام کلۆنیالیزمیش ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە و ناکرێت بە سەریدا باز بدەین.
لە کۆتایی ئەم بەشەدا ئەوەی کە جێ ئاماژەیە قەیرانی مێژوویی بەشداری خەڵک لە پرۆسەی سیاسیدایە، بەڵام لەم ئەگەرەدا ئۆپۆزیسیۆنی پاوانخواز هیچ باوەڕێکی بە بەشداری خەڵک و دیموکراسی نییە. هاوپەیمانی چینە پاوانخوازەکان و کۆنەپارێزەکان لەگەڵ ڕاسیستەکان بووەتە هۆی ئەوەی کە زۆربەی ئازادیخوازەکان و چەپەکان باس لە سەرهەڵدانی فاشیزم بکەن چونکە هەر لە ئێستاوە توخمگەلێکی ڕوون و دیاری فاشیزم بەم ئۆپۆزیسیونەوە دیارە، وەک دژایەتی نەتەوەبندەستەکان، دژایەتیی چەپ، قۆرخکردنی سیاسەت لە ناو ئۆپۆزیسیۆندا، پۆپۆلیزم و فریودانی خەڵک لە ژێر دروشمی یەکڕیزی، ناڕوونیی پلانی داهاتوو، دیارنەبوونی هیچ سیستەمێکی ئالترناتیو، ئەدەبیاتی فاشیستی و … هتد.
بۆیە لەم باسەدا ستراکچێری دەسەڵاتی سیاسی لە چوارچێوەی پاتریمونیالیزم و نیۆپاتریمۆنیالیزم دەخەینە بەر باس و ئاماژە بە ناسیۆنالیزمی توندئاژۆی فارسی وەک ئایدیۆلۆژیای نیۆپاتریمونیالیزم دەکەین کە هەموو کات ڕەنگ و بۆی فاشیزمی هەبووە، بۆیە پێویستیمان بە پێناسەکردنی فاشیزم دەبێت. دواتر چین و توێژەکان و ئەم ئەگەرە دەخەینە بەر باس و بە دەرەنجام کۆتایی پێ دەهێنین.
فاشیزم
لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم ڕەوتە ناسیۆنالیستە توندئاژۆکان لە ڕۆژئاوادا سەر هەڵدەدەن و هێدی هێدی تایبەتمەندیی دژ بوون (ئانتی بوون) بە خۆوە دەگرن و زۆریش ڕۆمانتیکن و پێیان وایە ئەوان سەرچاوەی هەموو جوانی و خێروبێرێکن. بۆیە ئەو مافە بە خۆیان دەدەن سەر لە نوێ هەموو شت لە بەرژەوەندیی خۆیان دابڕێژنەوە و لەم پرۆسەیەدا بەشێکی زۆری خەڵک لە نەتەوەکانیتر، چەپەکان و … هتد دەکوژرێن و لەناو دەچن و خەسارێکی زۆر لەو کۆمەڵگایانە دەدەن و بە گشتی ژینگەکەشیان لێ تێک دەدەن بە تایبەت کاتێک دژ بە داگیرکاری و ستەم بەرخۆدان دێتە ئاراوە. هاوکات ماڵوێرانی و ئاوارەبوونێکی زۆری لێدەکەوێتەوە.
وەکوو وشەش فاشیزم بە واتای مێتۆدگەلێک دێت کە بۆ فۆکۆس یان چەقبەستنی دەسەڵات لە حکومەتدا کەڵکی لێ وەردەگیردرێت و چ وەک مێتود و چ وەک تیۆری چاوی لێ دە کرێت. لە بواری تیورییەوە، تیوریێکی ڕاستڕەوانەی توندئاژۆیە کە ئامانجی دەسەڵاتی دیکتاتوریی نەتەوەپەرستانەی ڕاستە کە لە سەر بنەمای تاکەکەس یان یەک پارت و ڕەگەزپەرستی دامەزرابێت بۆیە لەم ڕوانگەوە فاشیزم بەرهەمی پەرەسەندنی چەمکی ڕاسیزم و کلۆنیالیزمە. لە ڕوانگەی کۆمەڵایەتیشەوە فاشیزم بەرهەمی قەیرانگەلی کۆمەڵایەتی و ئابوورییە، بەتایبەت لە دوای شەڕەوە خولقابێت کە قەیرانگەلی قووڵی ئابووری سەر هەڵدەدات. فاشیزم هەروەها بۆ پێشگرتن لە بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لە لایەن هێزە دێموکراتەکان و بە دیاریکراوی ئەو خەڵکانەی کە لە دەرەوەی گوتاری ناسیۆنالیستی توندئاژۆی ناوەندن یان ئەو گروپانەی کە سەر بە چین و توێژی نوێن سەر هەڵدەدەن.[4]
لە بواری زانستی سیاسیەوە ئامانجی فاشیزم ڕاگرتن و پاراستنی دیکتاتۆری و سیستەمی هەڵاواردنە کە دەتوانێت ڕوو لە خەڵک لە نەتەوەکانیتر لە لایەن ڕاسیستەکانەوە، یان لە لایەن چین و توێژە کۆنەکانی دەسەڵات و بەنفوز ڕوو لە خەڵک بێت یان تێکەڵەیەک لە هەمووی بێت وەک ئەوەی کە لە ناو ئۆپۆزیسیۆنی پاوانخوازدا دەبینرێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە شیوەگەلی پێشوو ناتوانێت سیستەمەکە بپارێزێت. باوەڕ بە چەمکگەلێکی وەک ڕابردووی شکۆدار، شارستانییەتی کۆن، پانتاییی خاک و شتی لەو جۆرە تایبەتمەندیی فاشیزمە کە شەڕ و پێکدادانی قورسی لێ دەکەوێتەوە. بۆیە فاشیزم چ وەک بیر و هزر و چ وەک سیستەمی دەسەڵات دەتوانێت ڕۆڵ بگێڕێت.[5] فاشیزم بە هۆی ناڕوونی ئایدیۆلۆژیاوە لە سەرەتاکانی دەرکەوتنیدا توانیویەتی بیروباوەڕی جۆراوجۆری وەک ناسیۆنالیزمی توندئاژۆ، ئۆلیگارشیگەرایی، دیکتاتۆرپەروەری، توندئاژۆی وردە بورژوایی، دەسەڵاتپەرستی و بیری دەوڵەتی دیکتاتۆری لە خۆ بگرێت.
فاشیزم دەتوانێت لە دوو جۆر کۆمەڵگا سەرهەڵبدات، کۆمەڵگایەک کە شەڕی تێدا کرابێت کە شەڕەکە یان تەواو بووە و لەگەڵ دەرەنجامەکانی ڕووبەڕوو بووەتەوە یان بە شێوازی جۆراوجۆر وەک ئەوەی لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی شەڕەکە بەردەوام بێت (شەڕی بەوەکالەت یەکێکە لەو شێوازانە). یان لەو کۆمەڵگایانەی کە لە دۆخی گەشەدان، بە واتایێکی تر لە کۆمەڵگای نێوە مۆدێرن-نیوە سوننەتی.[6] ئەم وڵاتانە چونکە خاوەنی مێژوویێکی ئەرێنی لە بواری دێموکراسیدا نین ئەگەری سەرهەڵدانی فاشیزم لە ئارادایە. دژایەتیی چەپ و ڕەگەزپەرستی و ناسیۆنالیزمی توندئاژۆی ناوەند دوو دیاردەی فاشیزمن کە لەم دۆخەدا بە باشی دەبینرێن. هاوکات ستراکچێری ڕەوتە فاشیزمەکان لە دوو بەشی سەرەکی پێک دێن کە بریتین لە بەشی سیاسی و بەشی چەکداری کە بەشی چەکداری، یان لە کاتی بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات ڕێکی دەخەن یان بەر لەوەی بە دەسەڵات بگەن بەشی چەکداریان ڕێک خستووە، یان هێندێک جاریش دەکرێت پاشماوەی ڕەوتێکی ڕزگاریخوازیی نەتەوەیی یان چینایەتی بێت کە لە کاتی سەرهەڵدانی فاشیزمدا دەبێتە کەرەستەی دەستی فاشیستەکان. ئەمە جیا لەو بەشانەی فاشیزمە کە ڕۆڵی سەرەکیی لە سەرهەڵدانی فاشیزمدا دەگێڕن. بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بە دامودەزگای پڕۆپاگاندای فاشیزم بکەین.
١-١: ئایدۆلۆژیا یان بیری فاشیزم
هەر لە سەرەتاوە بیری فاشیزم سەرچاوەکانی لە ناو بیری ئیلیتیزمی ئیتالیادا بووە و دەتوانین لە بیروهزری بیرمەندانێکی وەکو مۆسکا و ئالفرێدۆپارێتو ببینین پاشان لە ڕێگەی بیروهزری فەیلەسوفگەلێکی وەک هێگل، نیچە و …هتد و چەمکگەلێکی وەک بەرزەمرۆڤ پەرە دەستێنێت و خەڵکانێکی وەک «جیوانی جنتیلە»ی لێ دەکەوێتەوە کە فاشیزم بەرهەم دێنن. جنتیلە وەک مامۆستای فاشیزم پێناسە دەکرێت. جنتیلە وەک بیرمەندێکی ئەکتوالیستی فاشیست دەردەکەوێت کە چەمکی «ڕەتکردنەوە» گرینگترین بەشی فەلسەفەی ئەو پێک دێنێ. جنتیلە لەو بڕوایەدایە کە مێژووی مرۆڤایەتی بریتییە لە خوڵقاندن و ڕەتکردنەوەی ئەو بیرۆکانەی کە چوونەتە بواری کردارەوە، بۆیە خوڵقاندنی بیرۆکەیەک هاوڕایە لەگەڵ ڕەتکردنەوەی بیرۆکەگەلی ڕابردوو بە شێوازێکی توندوتیژ و تێکەڵ بە زەبروزەنگ.[7] بەڵام ئەو جۆرە خوێندنەوە بەو واتایە نیە کە فاشیزم پێشکەوتنخواز و دێموکرات بێت. بەڵکوو فاشیزم وەک ئایدۆلۆژیا دەیەوێت دژایەتیی ئەم بیرۆکانە بە شێوازی نوێ بکات بۆیە ڕەگەزپەرستی و لایەنگری لە کۆن و چینەکۆنەکان ئامانجی سەرەکیی فاشیزمە. لەم ڕوانگەیەوە فاشیزم ڕەوتێکی توندئاژۆی کۆنەپاریزە کە لە کۆنەپاریزیدا بە شێوازێکی توندوتۆل هەڵسوکەوت دەکات. بۆیە فاشیزم وەک قەیرانی جیهانیی مودێرنیش ناوی دەبەن. جنتیلە پێی وابوو ڕێبەری کۆمەڵگا وەک مێشکی کۆمەڵگا وایە کە دەبێت بەردەوام بە شێوازی دڕندانە هەوڵی سڕینەوەی ناتەباییگەل و جیاوازییەکانی پێشو بدات بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بێت.[8] (مێژووی هاوچەرخی ئێران نموونەیێکی بەرچاوی ئەم جۆرە لە بیرکردنەوەیەیە). لەم ڕوانگەیەوە فاشیزم زیاتر وەک ئایدۆلۆژیێکی چەقبەستوو دەردەکەوێت کە لە سەر توندوتیژی، کلۆنیالیزم و دژایەتیی بیرۆکە مرۆییەکان بنیات نراوە.
خاڵێکی تری بەرچاوی فاشیزم کە هەموو کات هەڵگریەتی، توخمی «دژە» کە بە دژایەتیی ڕەوتە مۆدێرنەکان و ڕەوتە دێموکراتەکانەوە دەست پێ دەکات و دەیەوێت ئایدۆلۆژی و بیروباوەری خۆی وەک تەنیا ڕەوتی سیاسی و گوتاری، بە سەر کۆمەڵگادا بسەپێنێت، لێرەدا ناوەرۆکی فاشیزم ئیرادەی ڕوو بە دەسەڵاتە کە بەردەوام پێناسەی فاشیزم بووە و ئەم دەسەڵاتەش لە ناو حکومەتدا جێگیر کراوە بۆیە فاشیستەکان گرینگیەکی زۆر بە دەسەڵات دەدەن و ئاکامی ئەم دەسەڵاتخوازییە دیکتاتوری لە ڕۆژاوا و سوڵتانیزم لە ڕۆژهەڵات بووە. ئەم جۆرە لە حکومەت یان دەسەڵاتانە بەردەوام ویستوویانە وەهمەکانی ڕابردوویان بەرهەم بێننەوە. بۆیە زۆربەی بیرمەندان لەو بڕوایەدان کە فاشیزم وەک ئایدۆلۆژیا فرە رەهەندییە کە بە تێکەڵبوون لەگەڵ دەسەڵاتی ڕەهای ڕێبەری دەتوانێت خۆی وەک وڵامدەری هەموو کێشە و گرفتەکان پێناسە بکات.[9] لە فاشیزمدا هەموو شت دەسەپێندرێت و ئامانجی سەرەکی و کۆتایی خۆیان کە وەدەستهێنانی دەسەڵاتە بە ڕوونی دەریدەخەن و کاتی بە دەسەڵات گەیشتن شەپۆلێکی بێوێنەی توندوتیژی، تیرۆر، زەبروزەنگ و تاڵانوبڕۆ دەخەنەڕێ و گۆڕەپانی سیاسەت دەبێتە شوێنی ڕمبازێنی خەڵکانی هەڵپەرست و پاشکۆ کە لە هەر بیروباوەڕێک داماڵراون و بێجگە لە خۆیان دژی هەموو شتێکن. فاشیزم ڕەوتێکی ئەکتیویستە کە کردەوەی دەسەڵاتخوازی لە پێشەوەیە و تیۆری و بیرۆکە دەکەوێتە پەراوێزەوە یان دەیەوێت بە دوای خۆیدا ڕابکێشێت، وەک ئەوەی زۆر جار لە نێو گۆڕەپانی سیاسەتی کوردیدا دەبیستین کە «کردەوە مەرجە نەوەک قسە»، لە ڕاستیدا مەبەست لە وشەی قسە دژایەتیی ڕۆشنگەرییە کە فاشیزمی زۆر نیگەران دەکات لەوەی کە بتوانێت ئامانجەکانی خۆی وەک بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات یان دابینکردنی پارە و بەرژەوەندیی تایبەت بپێکێت، بەتایبەت لە شوێنێکی وەک ئێران بە هۆی «رانت»وە سەروەت و سامانیش بە دوای دەسەڵاتدا دێت.
فاشیزم بە ڕق و قین لە خێری گشتی دەست پێ دەکات بە تایبەت لە قۆناغی بەربەرەکانێی توندی نێوان چینی کۆن و چینی نوێ، چینی کرێکار و چینی بورژوا، یان لە خەبات و بەرخودانی خەڵک و نەتەوەی بندەست دژ بە داگیرکاری ڕوو دەدات. کاتێک چینە دەسەڵاتدارەکان توانای ئەوەیان نەماوە سوڵتەی خۆیان وەک ڕابردوو بسەپێنن فاشیستەکان بۆ پاراستنی بنەماکانی سیستەمەکە سەرهەڵدەدەن. چونکە فاشیزم هیچ باوەڕێکی بە ماف و ئازادییە دێموکراتیەکان نییە و سیاسەتەکانی خۆی بە شێوازێکی ناڕاستەوخۆ لە سەر ئەساسی کۆمەڵیک تیۆریی کۆنەپەرستانە و ڕەگەزپەرستانەی ئایدۆلۆژیک بنیات ناوە. بۆیە لە یەکەمین هەوڵەکانی فاشیستەکان ئەوەیە کە هێرش دەکەنە سەر ئەو بەشانەی کە لە دەرەوەی ڕەگەز و ناسیۆنالیزمی ناوەندن بە تایبەت کاتێک داوای مافی ڕەوای خۆیان دەکەن. دەوڵەتی فاشیزم هەوڵی سڕینەوەیان دەدات و ناوی دوژمنانی گەل یان دژە شۆڕشیان لێ دەنێت.[10] دۆخی چوار پارچە دەتوانین وەک نموونە بێنینەوە. یان کاتی خۆی موسۆلینی هێرشی کردە سەر سلاوەکان کە لە باکووری ئیتالیادا بوون. نموونەیێکی تری دیاری ئەم جۆرە ئایدۆلۆژی و حکومەتانە هۆلۆکاست بوو. چونکە فاشیستەکان بەردەوام دەیانەوێت لە ژێر ناوی یەکڕیزی یان «یکسان سازی»دا سیستەمێکی داخراو و دیکتاتوری بێننە ئاراوە.
لە تایبەتمەندییەکانی فاشیزم دژایەتیی ئارمانە مرۆییەکان و یەکسانی نێوانیانە، ویس لەو بڕوایەدایە کە فاشیزم پەرچەکرداری سەرکوتکەرانەی گروپە پاوانخوازە کۆنەپەرستەکانە کە دژی بەها مرۆییەکان، بەها مۆدێرنەکان، سووککردنی دێموکراسی، ڕەگەزپەرستی و … هتد دێتە ئاراوە و دژ بە مرۆڤایەتی و نوێبوونەوە ڕادەوەستێت.[11] فاشیستەکان هەموو هەوڵی خۆیان بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی خۆیان، سیستەمی کۆن و زیندووکردنەوەی ستراکچێری پێشووی چینایەتی دەدەن چونکە ئەوان پێیان وایە کە لاوازترین و بێکەڵکترین ئەڵقەی دێموکراسی دەنگدەرانن و دژی ئەوەن کە خەڵک دەنگی هەبێت و چارەنووسی خۆیان و وڵاتەکەیان دیاری بکەن یان خەڵک بەشداری پڕۆسەی سیاسی بن. ئەوان مرۆڤ زیاتر وەک پاشماوەی خۆیان چاو لێ دەکەن بۆیە سنووری ئەخلاقی و مرۆیش تێپەر دەکەن. لەم ڕوانگەیەوە فاشیزم سیاسەتی ناوخۆیی لە سەر دژایەتی ئازادی، دێموکراسی، یەکسانی و قەدەغەکردنی سەندیکا و ڕێکخراوە مودێرنەکان، هەڵاواردنی ڕەگەزی و میلیتارکردنی دەسەڵات و حکومەت و کۆمەڵگا دادەمەزرێنێت، بۆ ئەم مەبەستەش دەست دەداتە بەر سازکردنی گروپگەل و دەستەگەلی فاشیستی کە بتوانن خەڵک و کۆمەڵگای پێ سەرکوت کەن. بۆ نموونە سەرهەڵدانی جاش لە سەر بەستێنێکی فاشیزمی دەتوانێ سەر هەڵبدات.
١-٢: پەیوەندی فاشیزم و ڕەگەزپەرستی
جیاکاری نێوان ڕەگەزەکان، چین و توێژەکانی کۆن و نوێ، چین و توێژەکانی سەروو و خوارەوە یان چینەکانی دەسەڵات و نفووز لە بیروباوەڕیکی فاشیستیانەوە هەڵدەقووڵێت. ڕەگەزپەرستیی پاوانخوازەکان و ڕاسیزمی ناسیۆنالیستی ناوەند خاڵی هاوبەشی پاوانخوازە کۆنەپارێزەکان و ناسیۆنالیستە ناوەندگەراکانە وەک ئەوەی کە گروپە پاوانخوازە کۆنەپارێزەکان، خەڵکی ئاساییی کۆمەڵگایان پێ خوار و سووکە و خۆیان لە خەڵک پێ سەرترە، یان ناسیۆنالیستە توندئاژۆکانی ناوەند خەڵکی تریان لە دەرەوەی ڕەگەز و کولتوری خۆیان پێ کەمترە و بەردەوام بە شێوازی زمانی یان فیزیکی تیرۆریان دەکەن. بۆیە ڕەگەزپەرستی خاڵی هاوبەشی ئەم گروپگەلەیە. لە دۆخێکی ئاوادا ڕەگەزپەرستەکان پشتیوانی سەرەکیی فاشیزمن.
فاشیستەکان لە هەموو جیهاندا وێنەیەکی ناسیۆنالیستی توندئاژۆ و ڕەگەزپەرستانە لە مێژوو و ڕابردوو بڵاو دەکەنەوە و یەکڕیزییەکەیان لە ناخی ناسیۆنالیزمی ناوەندوە سەرچاوە دەگرێت کە بە دروشمی بریقەدار ڕازاوەتەوە، بەڵام لە ناخی خۆیدا هەڵگری ڕق و قین، تۆڵە، شەڕی دەسەڵات، بەرژەوەندی و بیرۆکەی کڵونیالیزمە کە بۆ خۆیان بەشێکی گرینگی سەرکردایەتیی ئەو ڕەوتە پێک دێنن و بەرژەوەندیی خۆیان و گروپە پاوانخوازەکان و خاوەن سەرمایەکانی لێ دەکەوێتەوە وەک ئەوەی خوێنی ئەوان لە خوێنی ئەو خەڵکە سوورتر بێت.[12] هێرش کردنە سەر خەڵکانی تر و شەڕفرۆشتن، خالێکی تری دیاری ڕەگەزپەرستەکانە کە جاری وایە ژێنوساید و کوشتاری بەکۆمەڵی لێ دەکەوێتەوە، وەک ئەوەی بە سەر کورد و جووەکاندا هاتووە.
١-٣ : فاشیزم و کۆنەپاریزیی پاوانخوازەکان
ئەگەرچی فاشیزم ڕەوتێکی توندئاژۆیە لە کردەوەدا، بەڵام لە ڕاستیدا پاوانخواز و کۆنەپەرستە کە لەگەڵ کۆنەپارێزەکاندا لە پەیوەندییەکی قووڵدایە و ئەو توندئاژۆیەشی لە پێناو ئەم جۆرە بیرۆکەیانەدایە. فاشیزم بە بێ پشتگیریی کۆنەپارێزەکانی سەردەمی دنیای کۆن سەر ناکەوێت و ناتوانێ دەسەڵات بە دەستەوە بگرێت یان لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە. ئەوان بەردەوام بەرپەرچی هەوڵە نوێخوازەکان دەدەنەوە و هەوڵی قەیراننانەوە و ئاژاوەگێڕانانەیان هەیە. چونکە بەشداریی خەڵکیان لە پڕۆسەی سیاسی پێ قەبووڵ ناکرێت و دژی کاریگەریی خەڵک و کۆمەڵگان بە سەر سیاسەت و دەسەڵاتدا، تا کاتێک دەسەڵاتدار بن.
کۆنەپارێزی بۆ خۆی لە سێ ڕەوتی جیاواز پێک دێت ئەگەرچی جیاوازییەکان بەرچاون، بەڵام لە کۆتاییدا ئامانجەکان هەر یەک شتن و ئەویش بەرژەوەندی و ئەو بیروباوەڕەیە کە ڕوو بە کۆمەڵگا هەیانە. سەرچاوە و بنەمای کۆنەپارێزیی پاوانخوازەکان لە دژایەتیی ڕۆشنگەرییەوە دێت کە پۆپۆلیستە ڕاستڕەوەکان بەردەوام بە کاری دێنن. کۆنەپارێزەکان بە تایبەت کۆنە پارێزە سونەتییەکان لەو بڕوایەدان کە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە بنەڕەتدا کۆمەڵگایێکی زنجیرەپلەییە بە واتایێکی تر نایەکسانی و چین و توێژی نایەکسان گرێدراوی یەکن و ئەو ستراکچێرەی کە لە سەر ئەم بنەمایە دامەزرابێت، دادپەروەرانەترین ستراکچێری کۆمەڵایەتییە، چونکە بۆ خۆیان سەرن. بۆیە باوەڕی ئەوان بۆ چەمکی عەدالەت و دادپەروەری، جیاوازیی ئارمان و ستراتیژی لەگەڵ باوەڕی کۆمەڵگا بۆ چەمکی عەدالەت و دادپەروەری هەیە.[13] کۆنەپارێزە پاوانخوازەکان هۆگری و ئەمەگناسییان بۆ ئەو شتانەیە کە هەیانە یان بوویانە نەک بۆ ئەو ئارمانانە یان بەرژەوەندییانە کە بە گشتی بەرژەوەندیی کۆمەڵگایە، بۆیە بەرژەوەندیی خۆیان لە بەرژەوەندیی کۆمەڵگا پێ گرینگترە. ئەمانە تەنانەت لە وڵاتانێکی دواکەوتووی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوین حیزب و ڕێکخراوە مەدەنی و گشتییەکانی کۆمەڵگا بۆ فۆرمی دیوەخانی بنەماڵە و کۆمپانیا و بازەرگانیی بنەماڵەیی دەگۆڕن کاتێک بچووکترین دەسەڵاتیان پێ بدرێت.
هەروا کە باسمان کرد سێ جۆری کۆنەپارێزی و پاوانخوازی بوونی هەیە. ڕەوتی یەکەمیان لە بواری بیروهزردا سووننەتی بیر دەکاتەوە و نەرێنییە و لە دۆخی بەرگریدایە. جۆری توندی کۆنەپارێزی لە بیروهزردا توندە و سازانیشی کەمترە، بەڵام ئەمیش نەرێنییە و زیاتر بەرگری دەکات. بەڵام ڕەوتی سێهەمی کۆنەپارێزی کە زۆریش پاوانخوازە هێرش دەکات و بەردەوام دەیەوێت ئەوانی تر لە پەراوێزی ئەودا بن. لەم کاتەدا کۆنەپارێزی و پاوانخوازی تایبەتمەندیی فاشیزم بە خۆوە دەگرێت و گوتاری کۆنەپارێزی تووشی گۆران دەبێت بۆ ئەوەی بتوانێ خەڵک لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە، لێرەدا پۆپۆلیزم بۆ فریودانی خەڵک سەر هەڵدەدات لە کاتێکدا دوو ڕەوتەکەی تر زیاتر تایبەتمەندیی ئۆلیگارشیی تایبەتیان هەیە.[14]
هاوکات ئایدۆلۆژیی فاشیزم تایبەتمەندیی پاتریمونیالزم واتا باوکسالاری بە خەستی تێدایە و پاتریمونیالیزم زۆر لەگەڵ بیرۆکە و زنجیرەپلەی کۆمەڵایەتیی کۆنەپارێزەکان دێتەوە. خاڵێکی تری دیاری فاشیزم تێڕوانینی نێرانەی فاشیستەکانە بۆ نەتەوە کە خوێندنەوەی نێرانەی بۆ دەکرێت، بۆیە فاشیزم هەر وەک ئەوەی کە لە دژی چەپە، لە دژی ژنیشە. فاشیستەکان لەو بڕوایەدان کە ئەرکی سەرەکیی ژن کاری ماڵ و منداڵ بەخێو کردنە، بۆیە ئەوان بەردەوام ئەم دروشمە دووپات دەکەنەوە کە ژن و پیاو یەکسانن بەڵام جیاوازن.
١-٤ : فاشیزم یادەوەریی مێژوویی و مێژوو
لە فاشیزمدا یادەوەریی مێژوویی پێچەوانە دەکرێتەوە و ڕاستییەکان دەشاردرێنەوە و وێنەیەکی درۆیین لە ڕابردوو بۆ خەڵک ساز دەکرێت و داهاتوو بە گشتی ڵێڵ دەکرێت و شەبەنگ یان خەرمانەی زێڕین بە دەوریدا دەکێشن و پیرۆزی دەکەن بۆ ئەوەی خەڵک ئیمانی پێ بهێنن و پرسیاریان بۆ ساز نەبێت بەڵکوو لە دوورەوە کڕنۆشی بۆ ببەن و بیپەرستن بۆ ئەوەی فاشیستەکان باشتر ڕاوی تێدا بکەن. لێرەدا درۆ و ئەفسانە جێگەی ڕاستییەکان دەگرێتەوە و ڕەخنە و مێتۆدی ڕخنەی بۆ مێژوو دەکەوێتە پەراوێزەوە. ئەمە دەبێتە سەرەتایێک بۆ ناوشیاری و گێلیی کۆمەڵگا کە لە دۆخی تایبەت و هەستیاردا کارەساتی لێ دەکەوێتەوە وەک ئەوەی کە فاشیستەکان لەم دۆخەدا خۆڵ دەکەنەوە چاوی خەڵکەوە بۆ ئەوەی ئامانجەکانی خۆیان دەستەبەر بکەن.[15] لەم کاتەدا مێژوو شێوێندراوە و کولتوریش دەشێوێت و مرۆڤەکان ناتوانن باش وخراپیی خۆیان دیاری بکەن.
بەڵام مرۆڤ تەنیا بکەری (سوژە) ئەخلاقی و سیاسی نییە بەڵکوو بکەری مێژووشە، کە توانای لێکدانەوەی جیهان و گۆڕینی جیهانیشی هەیە، بۆیە دەتوانین بڵێین لە نێوان وشیاری بۆ مێژوو و کرداری سیاسی پەیوەندییەکی قووڵ لە ئارادایە و کەرەستەی نوێ بۆ گۆڕان بەرهەم دێنێت. زانیاری و وشیاری لە سەر مێژوو دەتوانێت وانەمان پێ بدات و ڕزگاریدەر بێت و هەم دەتوانێت بە تێگەیشتنی هەڵە ماڵمان بە قوڕ بگرێت. بۆیە بیرۆکە و هزری ڕخنەگرانە لە پەیوەندی لەگەڵ مێژوو، دەسەڵات، سیاسەت و … هتد تێڕوانینی ئێمە بۆ مێژوو قووڵ دەکات و دۆخێک دێنێتە ئاراوە کە خەڵک بتوانن وشەی «نە» بۆ رووداوە بێنرخەکان یان بۆ شتی بێنرخ بەکار بێنن و فریوی وڵامی سووک و ئاسایی، زوو و بێنرخ نەخۆن کە باشترین هەلە بۆ فاشیستەکان. لەم پەیوەندییەدا هانا آرنت لە کتێبی سەرچاوەکانی تۆتالیتاریزمدا دەڵێت: «ئامانجی دەسەڵاتی تۆتالیتر پەروەردەی خەڵکانێکە کە نەتوانن ڕاستی و وەهم جیا بکەنەوە و ڕاستی نەناسنەوە».[16] لە ناو گروپە فاشیزمەکاندا جۆرێ لە پەروەردەبوون هەیە کە خەڵک وا لێدەکات بیر لە سیاسەت نەکەنەوە و تەنیا لە بیری دەسەڵات و بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیاندا بن یان لە وەهمێکی ڕەگەزپەرستانە و شتی لەو جۆرەدا ژیانی سیاسی-کۆمەڵایەتیی خۆیان بەسەر بەرن. فاشیستەکان بەم شێوەیە دەیانەوێت خەڵک لە پەراوێزدا بهێڵنەوە و نەتوانن هەڵوێست یان شتی لەو شێوەیە بنوێنن و نەتوانن ئەو هێزانەی کە گوشار دەخەنە سەر ژیانیان، یان ژیانیان لێ تێک دەدەن بناسن، بۆیە کاتێک فاشیزم دەست دەداتە شاردنەوە بە تایبەت شاردنەوەی مێژوو، یادەوەریی مێژوویی پێچەوانە دەکاتەوە و دەبێتە هێزێکی زۆر ترسناک. لە ئەدەبیات و بیروهزری فاشیزمدا یادەوەریی مێژوویی توانایەکی جێگەی مەترسییە بۆیە سەرهەڵدانی نەزانی و پەخمەیی بۆ مێژوو یان بێئاگابوون لە مێژوو و فێرنەبوونی وانەکانی مێژوو و پەروەردەی ناکارامە، بەستێنێکی لەبار بۆ پۆپۆلیزم و فاشیزم دەخوڵقێنێت. لێرەدا مێژوو هەم دەتوانێت ڕۆڵی ئەرێنی و هەمیش ڕۆڵی نەرێنی بگێڕێت. وشیاری و زانایی بە مل مێژوودا بۆ ئێمەی کورد دەتوانێت ببێتە بەستێنێک بۆ تێگەیشتن لە خۆمان و دوژمنەکانمان و هەم دەتوانین دەنگمان هەڵبڕین و خۆمان بناسێنین بە تایبەت ڕوو بەو خەڵکانەی کە تا ئێستا دەنگی ئێمەیان نەبیستووە. بەڵام خۆمان دەبێت خۆمان بنووسینەوە و تۆمار کەینەوە تا ئەوەی خەڵکی تر بە کەیفی خۆیان ڕەشمان بکەنەوە یان دڵمان بۆ بسووتێنن یان وەک گۆپاڵی باشی خۆیان تۆمارمان بکەن. بۆیە هەنگاوی یەکەم ئەوە دەبێت کە مێژوو لە ڕوانگەی ڕەخنەگرانەوە هەڵسەنگاندن و لێکۆڵینەوەی بۆ بکرێت و نابێت بیکەین بە ئەفسانەو کڕنۆشی بۆ ببەین و بیپەرستین.
١-٥ : فاشیزم و قەیرانی شوناس
ئەمە بیرۆکەیەکی باوە کە بیرمەندانی سەدەی بیست و سەدەی بیست و یەک دەڵێن فاشیزم تایبەتمەندیی کۆمەڵگای لە حاڵی گەشەدایە کاتێک دنیای کۆن بۆ دنیایەکی نوێ و مۆدێرن دەگۆڕدرێت. ئەگەر لە کاتی خۆیدا ئاڵوگۆڕەکان بە تەواوەتی و بە قووڵی ڕوو نەدەن و ڕووداوەکان نیوە و نیوەچڵ بن، قەیرانی شوناس کە بەرهەمی ئەم گۆڕانکارییەیە، دەبێتە بەستێنێکی لەبار بۆ سەرهەڵدانی فاشیزم و پۆپۆلیزم (ئەم بابەتە جیاوازە لەوەی کە لە پەیوەندیی نیۆلیبرالیزم باسی لێوە دەکەن). هانا ئارنت لەم پەیوەندییەدا لە کتێبی سەرچاوەکانی تۆتالیتاریزمدا لەو بڕوایەدایە کە «فاشیزم ناوەرۆکێکی عاقڵانەی هەیە و سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کێشەی شوناس وسەرگەردانیی مرۆڤی مودێرن کە کۆمەڵگای پیشەیی نوێ، مرۆڤ وا لێدەکات کە بکەوێتە داوی فاشیزمەوە».[17] لەم ڕوانگەیەوە زیاتر خەڵکانێک دەکەونە داوی فاشیزم و پۆپۆلیزمەوە کە کێشەی شوناس پەیدا دەکەن و دەیانەوێت بە خۆهەڵواسین بە دەسەڵاتدا کێشە دەروونییەکانی خۆیان ساڕیژ بکەن و هەستی شکست و خۆ بە کەم زانینیان بشارنەوە بۆیە ڕێبەری لە ناو فاشیزمدا ڕۆڵی بنەمایی و چارەسەری کێشەی شوناس دەگێڕیت. هاوکات خەڵکانی هەڵگری کێشەی شوناس بۆ درێژەدان بە هەستی ئەرێنیی خۆیان کۆیلایەتی وەکو بنەمای هەڵسوکەوتی سیاسیی خۆیان هەڵدەبژێرن. مەرج نییە تەنیا چینەکانی خوارەوە تووشی قەیرانی شوناس بن بەڵکوو لە ناو چینە کۆنەپارێزە پاوانخوازەکان یان خەڵکی ڕەگەزپەرستیشدا ئەم قەیرانە ڕوو دەدات و ڕێبەری فاشیستی ئەو ڕۆڵە دەگێڕێت. بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بە جۆری پەیوەندیی گوبڵز لەگەڵ موسۆلینی و هیتلەر بکەین. لە شوێنێکی وەک ئێرانیش قەیرانی شوناس ڕۆڵی گێڕا و ئەم خاڵە تا ڕادەیەک بەرچاو بوو، بەڵام ئەو کاتیش کورد بە ئەجندای نەتەوەیی و دێموکراتیک بەشداریی شۆڕشی کرد. بەڵام شۆڕشی ١٩٧٩ کۆتا ویستگەی کاریگەریی قەیرانی شوناس بوو، بۆیە قورس دەبێت جارێکی دیکە قەیرانی لەو جۆرە بێتە ئاراوە و پۆپۆلیسم و فاشیزم سەرکەوێت.
١-٦ : فاشیزم و چەپ
فاشیزم لە سەرەتاوە تێکەڵێکە لە بیر و بۆچوونی جیاواز کە زۆر بیروڕای جیاواز بەڵام ناڕازی لە دۆخی هەنووکەیی لە خۆ دەگرێت تا ئەوەی کە سەرکەوێت. بۆیە فاشیزم بە کەڵکوەرگرتن لە پۆپۆلیزم دروشمەکانی چەپیش لە خۆ دەگرێت. بۆ نموونە یەکێک لە دروشمەکانی فاشیزم کە وەک پلان و پڕوگرامیش دیارییان کردبوو پەیوەندیی بە مافی کرێکارانەوە بوو. فاشیستەکان بەڵێنی ئەوەیان بە کرێکاران دەدا کە ئەوان لە قازانجی بەرهەمی کارگاکان بەشدار بکەن یان بەڵێنیی بەرزکردنەوەی یارمەتیی مانگانەی خانەنشینانیان دەدا (وەک شۆڕشی سپیی حەمە ڕەزای پەهلەوی). ئەمە لە کاتێکدایە کە شێوازی خۆی ئازادی سەندیکایی و چالاکیی چین و توێژەکانە.
فاشیستەکان بەردەوام هەوڵی ئەوە دەدەن کە خۆیان وەک زۆرینەی گۆڕپانی سیاسی و کۆمەڵگا پیشان بدەن بۆیە بەردەوامیش پۆپۆلیسم ڕوو بە چینی کرێکار و زەحمەتکێش بە کار دێنن بۆ ئەوەی دەنگیان بۆ لای خۆیان ڕاکێشن. بەڵام بە سەرکەوتنی فاشیزم، فاشیستەکان ڕووی خۆیان لە چینی کرێکار و زەحمەتکێش وەردەگێڕن و پشتیوانی لە چینە پاوانخوازەکان و خاوەن سەرمایەکان دەکەن. لە کۆتاییدا ئەوان وەک نوێنەری کەمینەی خاوەن سەرمایە، چینە پاوانخوازەکانی سەرەوەی کۆمەڵگا و خەڵکی دەسەڵاتدار دەردەکەون.
خاڵێکی تر کە لە سەرهەڵدانی فاشیزم لە پەیوەندیی چەپدا جێگەی ئاماژەیە، ئەوەیە کە بەشێکی ئەگەرچی کەمیش لە هێزی مرۆییی فاشیزم لە ناو چەپەوە دێت کە سەر بە مارکسیستە ئەکتوالیستەکانن کە ئەکتوالیزمی چەپ ڕازییان ناکات وەک ئەوەی زیاد لە پێویست باوەڕیان بە ئەکتوالیزم هەیە یان چەپ مەیلی دەسەڵاتخوازییان ساڕێژ ناکات.[18] بەشێکی دیکەیان سەر بە چینە کۆنەکانی دەسەڵات و نفووزن کە بە شکستی چەپ یان چوونە سەرەوەی تەمەن تووشی نۆستالیژیی ناسیۆنالیستی و چینایەتی دەبن. ئەم خەڵکانە ئەگەرچی کەمن بەڵام بەشێکی پەیکەرەی فاشیزم بە تایبەت لە ئاستی سەرکردایەتی پێک دێنن. ئەم خەڵکانە زۆر دژی چەپ، دێموکراسی و چین و توێژی مودێرنن یان بە گشتی دەتوانین بڵێین زۆر دژی ئەو خەڵکانەن کە لە دەرەوەی چین و گوتاری خۆیانن.
١-٧ : فاشیزم و ئەدەبیات
پیێر بۆردیۆ کۆمەڵناسی بەناوبانگی فەرانسەوی دەڵێت «کاتێک دەرکەی داهێنان دادەخرێت دەرکەی هەجوو دەکرێتەوە».[19] ئەم ڕەستەیە دەتوانێ پێناسەیەکی کورت و پوخت بۆ ئەدەبیات و شێوازی مۆنۆلۆگی فاشیستەکان بێت، لە ڕاستیشدا ئەمە پێناسەی ئەدەبیاتی فاشیستیە، چونکە لە دیکتاتۆریدا ئازادی بوونی نییە و هەموو پانتای کۆمەڵگا دادەخرێت و کۆمەڵگا تووشی قەیرانی قووڵ دەبێت و گۆڕەپانی ئەدەبیاتیش یەکێکە لەو پانتایانەی کە قەیرانەکان بە قووڵی ڕووی تێ دەکەن بە تایبەت قەیرانی ئەدەبیات. نەڕاندن و جنێودان دوو دیاردەی زەقی فاشیزمن. لێرەدا پەروەردەی کارامە شوێنی خۆی بە درۆ و دەلەسە و دروشمی بێ ناوەرۆک دەدات. لە ئەدەبیاتی فاشیستیدا بەردەوام وشەگەلی دوژمن، خائین و جنێو دەبینرێت و دەبیسترێت. بۆ نموونە پێشەوا قازی محەممەد یان جەعفەر پیشەوەری قارەمانی گەلەکەی خۆیانن، بەڵام هەمو کات لە لایەن فارسەکانەوە وەک دوژمن و خائین ئەژمار دەکرێن. هەروەها فاشیستەکان لە وشەگەل یان خوازەگەلی نامرۆیانەی وەک سەگ، بەراز و شتی ئاوا دژی نەیارانی خۆیان کەڵک وەردەگرن بۆ ئەوەی سەرکوتیان بکەن. زۆربەی جەللادەکانی فاشیزم لە کاتی ئازاری خەڵک یان بەندکراوان لەم ڕستە و وشانە و لەم ئەدەبیاتە بۆ بەچۆکداهێنانی قوربانییەکانی خۆیان کەڵک وەردەگرن.
جیا لە سیستەمی دەسەڵات کە بۆ هەمووان ئاشنایە ئەگەر بمانەوێت نموونەیەک بێنینەوە دەتوانین بە کۆبوونەوەکانی سەر گۆڕێک بەناو گۆڕی کوروش ئاماژە بکەین کە لە لایەن ناسیۆنالیستەکان و شاپەرستەکانەوە ڕێک دەخرێت، لەوێ بە زمانی فارسی جنێو بە خەڵک بە تایبەت عەرەبەکان دەدرێت و دروشمی ڕەگەزپەرستانە دەوترێتەوە. فاشیزم کاتێک لە تیورییەوە دەبێتە کردار، ئاوا و بەم ئەدەبیاتەوە دەست پێ دەکات.
١-٨ : فاشیزم و چینەکۆمەڵایەتییەکان
بابەتی چینەکۆمەڵایەتییەکان لە فاشیزمدا باسێکی ئاڵۆزە و بە شێوازێکی ئاسایی ڕاڤە ناکرێت، چونکە شەڕ، قەیرانی کاپیتالیزم، قەیرانی شوناس و ناسیۆنالیزمی ڕۆمانتیک و … هتد کاریگەریی زۆریان لە سەر سەرهەڵدانی فاشیزم هەیە و، هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا سەرقاڵی خۆیان دەکەن. بەڵام یەکێک لەو بابەتانەی کە لە سەرهەڵدانی فاشیزمدا گرینگی پەیدا دەکات باسی چین و توێژەکان و دامەزراوە سوننەتی و کۆنەکانە، تەنانەت بیرمەندێک وەکو مۆڕ کاتێک باسی ئاڵوگۆڕەکان و شۆڕشەکانی سەردەمی هاوچەرخ دەکات لەو بڕوایەدایە بە بێ ڕۆڵی چینەکان ناکرێ پێناسەی گۆڕانکارییەکان بکرێت، بۆیە ڕۆڵی چینەکۆمەڵایەتییەکان بەرز دەنرخێنێت.[20]
پێشتر باسی گروپە ڕەگەزپەرستەکانمان لە پەیوەندی لەگەڵ فاشیزمدا کردووە، بەڵام ئەو گروپانە یان چینانەی کە شان بە شانی ڕەگەزپەرستەکان ڕۆڵ دەگێڕن گروپە کۆنەپارێزەکانن، کە زۆر جاریش وەک گروپی پاوانخوازیش دەردەکەون، بۆیە سێ گروپی دیار وەک لایەنگرانی فاشیزم ناویان لێ دەبەن کە هەر هەموویان سەر بە دنیای کۆنن وەکو ئۆلیگارشییە بڕۆکراتەکانی کۆن و ئۆلیگارشیی زەوی، وردەبورژوازیی زەوی و بازاڕ و جووتیاری سەر بە جیهانی کۆن.
ئۆلیگارشییە سوننەتییەکان لە پشتیوانیی فاشیزمدا دوو ئامانجی سەرەکی پەیڕەو دەکەن کە بریتین لە بەرژەوەندیی ئابووری، زنجیرەپلەی کۆنی چینایەتی کە بۆ خۆیان چینی سەرەوە بوون. بەڵام بۆخۆیان کەمتر شەڕی ڕاستەوخۆ دەکەن، بەڵکو زیاتر چینەکانی خوارەوە بە کار دێنن، خۆیان یان دەرناکەون یان وەک خەڵکانێکی بەئەزموونی پۆپۆلیست ڕۆڵ دەگێڕن. هاوکات چینەکانی خوارەوەی فاشیزم بە تایبەت چینی بێ تەبەقە بەڵێنیی پارە و وردەدەسەڵاتیان لە پێناوی سەرکوتی خەڵک و توندوتیژی پێ دەدرێت و لەم پێناوەدا تەیار دەکرێن. بەڵام وردەبورژواکان زیاتر بە مەبەستی بەدەستهێنانی سەروەت و سامان ڕوو دەکەنە فاشیزم (ئەم خاڵە ئۆلیگارشیی کورد زۆر لە وردەبورژوا نزیک دەکاتەوە) بۆیە دروشمە ئابوورییەکان لە دۆخی سەرهەڵدانی فاشیزمدا زۆر گەرمن ئەگەرچی بە گشتی چینە کۆنەکان مەیلێکی تایبەتیشیان بۆ لای کولتوری سوننەتی هەیە، بەڵام دروشمە ئابوورییەکان وا دەکات کە چینەکانی خوارەوە وەک وردە بورژواکان وەکوو داردەستی فاشیستەکان و ناسیۆنالیستە توندئاژۆکان ڕۆڵ بگێڕن.
جیا لەو چینانەی کە ئاماژەمان پێ کردوون بەشێکی دیاری پەیکەرەی فاشیزم ئەو خەڵکانەن کە بیرۆکەی لیبراڵیان هەیە و کاتێک تووشی قەیرانی دارایی دەبن دەنگیان بۆ لای فاشیستەکان دەگۆڕدرێت.[21] بۆیە سیمۆن مارتین لیپست لەو بڕوایەدایە کە فاشیزم ڕووداوێکی پەیوەست بە چینی مام ناوەندییە کە پاوانخوازەکان و خاوەن سەرمایەکان تێیدا بەشداری دەکەن و فاکتەری سیاسی و ئابووری ڕۆڵی سەرەکی لەم ڕووداوەدا دەگێڕن.[22] بەڵام بە گشتی سەرکەوتنی فاشیزم پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە بەهێزبوونی چین و توێژی کۆنەوە هەیە، بۆیە ئەگەر کۆمەڵگایەک چین و توێژە کۆنەکانی لاواز بن یان لە پانتای کۆمەڵگادا نەمابێتن ئەگەری سەرکەوتنیان زۆر کەم دەبێتەوە چونکە لە کۆندا سەرکەوتنی فاشیزم بەرهەمی چینە کۆنەکانی کۆمەڵگا بووە کە لە هاوپەیمانی لەگەڵ گروپە ڕاسیستەکان پێک دەهات کە دژایەتیی ئاڵوگۆری نوێ و دێمۆکراسیان دەکرد.[23]
جێی ئاماژەیە کە بەرژەوەندی و ئامانجی چینە کۆنەکان و چینە نوێیەکان بەردەوام دژی یەکن و ناتوانن یەک بگرنەوە بە تایبەت کە فاشیزم پێگەی کۆمەڵایەتیی لە ناو چینە کۆنەکاندایە. ئەگەریش لە کاتی بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات گۆرانی بە سەردا بێت ئەو گۆڕانە لە بەرژەوەندیی سوپا و خاوەن بەرژەوەندییە تایبەتییەکاندا دەبێت. چونکە فاشیزم لە کۆتاییدا پێویستی بە پشتگیریی خاوەن سەرمایەکان هەیە. ئەگەرچی لە سەرەتاوە بە لاساییکردنەوە لە چەپەکان دروشمی چەپی بەدەستەوە دەگرێت، بەڵام کاتێک بە دەسەڵات گەیشت لە چەپەوە بۆ ڕاست وەرچەرخان دەکات و ڕادیکالیزمی وردەبورژوازی بە پاوانخوازی خاوەن سەرمایەکان دەگۆڕیتەوە. لە ڕاستیدا گروپە پاوانخوازەکانی دارایی، پیشەیی و بازەرگانییەکان بەربەستن لەوەی کە فاشیستەکان بتوانن بەڵێنیەکانیان جێبەجێ بکەن. چونکە دەوڵەتی فاشیستی ناتوانێت بە بێ پشتگیریی ئەم گروپانە بەردەوام بێت. بۆیە لە کۆتاییدا فاشیستەکان لەگەڵ بورژواکان، سوپا و تەنانەت مەلا و مزگەوتیش بە دژی فالاکان، جووتیارەکان، وردەبورژواکان بە گشتی خەڵکی کۆمەڵگا یەک دەگرن و بەرژەوەندیی خۆیان دەپارێزن. لەم ڕوانگەیەوە فاشیزم دژی چەپ و هێزە چەپەکانە و هیچ ڕەوتێک وەک فاشیستەکان ناتوانێ بەرژەوەندیی چینە فاشیستەکان دابین بکات.
١-٩ : فاشیزم و پۆپۆلیزم
فاشیزم وەکو خۆی هەڵگری گوتارێکی بێ ناوەرۆک و ناکارامەیە و ئەو شتانەی کە موژدەیان دەدات درۆن و دوورن لە ڕاستی. فریودانی خەڵک، شەڕی دەسەڵات، و بەرژەوەندیی تایبەت تەنیا ڕاستیی ئایدۆلۆژیای فاشیزمە. کاتی خۆی لە سەردەمی فاشیزمی ئیتالیادا پارتەکەی موسۆلینی بۆ ڕاکێشانی سۆزی دەنگدەرانی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا دروشمگەلێکی ناڕوون و دژبەیەکی بەرز کردبووە،[24] بەڵام لە ئاکامدا ئەوە سەرمایە گەورەکان، سوپا و ئۆلیگارشییەکان بوون کە ڕۆڵ و بەرژەوەندییەکەیان دابین کرابوو و بەرژەوەندیی خەڵک پشت گوێ خران. ئایدۆلۆژیی فاشیزم تا بەر لە بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات ناوەرۆکێکی ناڕوونی هەیە وەک ئەوەی کە دەڵێن فاشیستەکان بە ڕوونی باسی داهاتوو ناکەن. لەم ڕوانگەیەوە فاشیستەکان خەڵکانێکی پۆپۆلیست و خەڵک فریودەرن کە دەیانەوێت هەست و سۆزی خەڵک بجوڵێنن و سەرنجی خەڵک بۆ لای خۆیان ڕاکێشن. لەم پڕۆسەیەدا ئەوان لە مێژوو، نۆستالیژی و دۆخی نالەباری هەنووکەیی کەڵک وەردەگرن و ئەو ناڕوونییە لە کۆتایدا دەبێتە خاڵی بەهێزیان چونکە دەستیان ئاواڵە دەکات بۆ ئەوەی بە دروشمی زل و ناتەبا دەسەڵات بەدەستەوە بگرن. لە دۆخێکی شڵەژاو و تێکەڵ بە زەبروزەنگ عەقڵی سیاسی تووشی قەیران دەبێت و فاشیستەکان هەوڵی قۆستنەوەی دۆخەکە لە بەرژەوەندیی خۆیان دەدەن.
لەم تێڕوانینەدا درۆ وەک گرینگترین خاڵی پۆپۆلیسم و پاشان فاشیزم خۆی دەردەخات. ئەم خاڵە لە ناو فاشیستەکان و پۆپۆلیستەکان مێژوویێکی دوورودرێژی هەیە وەک ئەوەی درۆزنەکان هەمان پۆپۆلیستەکان بن کە لە درۆ وەک کەرەستەی دەسەڵات کەڵک وەردەگرن. ئاکامی ئەم شێوازە لە سیاسەت و سیاسەتکردن، ناوشیاری، گێلی، نەزانی و دواکەوتوویی کۆمەڵگای لێ دەکەوێتەوە تا ئەو ڕادەیە کە ڕای گشتیی کۆمەڵگا ناتوانێ ڕاستیەکان لە درۆکان جیا کاتەوە و گەندەڵی و زەبروزەنگ بناسێتەوە.
١-١٠ : فاشیزم، ڕێبەری و یەکڕیزی
دیکتاتۆری، فاشیستی یان تۆتالیتاریزمی ڕاست بەرهەمی فاشیزمە و رێبەری تۆتالیتر دیارترین خاڵی فاشیزمە کە تەنیا خۆی نمایش دەکات. لە فاشیزمدا ڕێبەری فاشیستی تەنیا بڕیاردەری هەموو بڕیارەکانە و هەمووان شوێنکەوتووی ئەون. ڕێبەری فاشیستی هاوکات ڕەوت یان خەڵکێکی چەقۆوەشێن و جنێوفرۆشی بە دەورەوەیە کە ڕابەرایەتییان دەکات و بۆ سەرکوتی نەیارانی خۆی و کۆمەڵگا کەڵکیان لێ وەردەگرێت. ئەوان بە توندوتیژیی زمانی و فیزیکی بەردەوام هەوڵی تیرۆری نەیارانی خۆیان دەدەن بۆ ئەوەی ڕێبەری فاشیستی بتوانێ دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێت و بەرژەوەندیی چینە فاشیستیەکان دابین بکات. سەرەڕۆیی و تاکڕەویی ڕێبەریی فاشیستی بە شێوازێکە کە دەسەڵاتی ڕێبەری دەباتە دەرەوەی قانوون و داب و نەریت، و شەرعییەتی دەسەڵات لە ئاسمان یان مێژووی کۆنەوە دەهێنێتەوە و هیچ بەرپرسیارەتیەکی لە بەرانبەر خەڵک و کۆمەڵگادا نییە. موسۆلینی کە ڕێبەری پارتی فاشیستی ئیتالیا بوو شۆرایێکی پێک هێنابوو کە هەموو جارێ ناوی چەند کەسێکی دیاری دەکرد و خەڵک ناچار دەبوون لە ناو ئەو چەند کەسە هەڵبژاردن بکەن و بۆخۆشی هەموو دەسەڵاتەکانی بە دەستەوە گرتبوو و هەر جۆرە ڕخنەیێک، دەنگ هەڵبرینێک ، هەڵوێستێک یان لێپرسینەوەیێکی قەدەغە کردبوو.[25]
خاڵێکی تری فاشیزم کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ باسی ڕێبەری لە فاشیزمدا هەیە چەمکی یەکڕیزییە. فاشیزم هەموو کات و هەر لە سەرەتاوە بە دروشمی یەکڕیزییەوە دەست پێ دەکات کە لە لایەن فاشیستەکان و ڕێبەری فاشیستییەوە بانگەوازی بۆ دەکرێت. بەڵام ڕێبەری فاشیستی پاش بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات بۆ مانەوەی خۆی بەردەوام چەمکی یەکڕیزی بە کار دێنێت و خەڵکی پێ سەرکوت دەکات چونکە لە بنەڕەتدا چەمکی «یەکڕیزی» لای فاشیستەکان بە واتای هەمووان پێکەوە» نییە، بەڵکو مانای «یەکڕیزی» لای ئەوان بە واتای «هەمووان لەگەڵ رێبەریی فاشیستی»دایە و ئەم دوو ڕەستەیە جیاوازیێکی زۆریان لە نێواندایە. بۆیە یەکڕیزی لە نێو فاشیزمدا لە ئاکامی دێموکراسیەوە نیە بەڵکو بەرهەمی سەرکوتی هێزە مودێرنە کۆمەڵایەتییەکانە. ئەگەرچی بەشێکی چەمکی یەکڕیزی لە ناخی گوتاری ناسیۆنالیزمی توندئاژۆی ڕەگەزپەرستی ناوەندەوە سەرچاوە دەگرێت.
ڕێبەریی فاشیستی بە ڕواڵەت قانوونی بەڵام لە بنەمادا بە شێوازی پۆپۆلیستی سواری شەپۆلی پۆپۆلیزم دەبێت و بە دروشمی بریقەدار هەوڵی بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات دەدات. زۆر جاریش بە تایبەت لە وڵاتانی دواکەوتوو ڕێبەریی فاشیستی کودەتا بە سەر دامودەزگا مەدەنی و دەوڵەتییەکان دەکات و کارەسات دەخوڵقێنێت. بۆیە چەمکی یەکڕیزیش وەک هەر درۆیێکی تری پۆپۆلیستەکان تەنیا درۆیێکی گەورەیە.
١-١١ : فاشیزم لە کرداردا
فاشیزم بە ناوی خەڵکەوە و بە ناوی کۆمەڵگاوە دێت و خۆیان وەک زۆرینە وێنا دەکەن، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوان کەمینەیێکی کەمن و ئەمە پڕۆپاگاندایە کە خۆیانی پێ زل دەکەن و لە نەبوونی مێژوویێکی دێموکراتیک و سوننەت و بەستێنێکی دێموکراتیک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان کەڵک وەردەگرن. فاشیستەکان بە تێکەڵەیەک لە کرداری بە ڕواڵەت قانوونی بەڵام لە ڕاستیدا پۆپۆلیستی و ناقانوونی لەگەڵ کۆمەڵێک کرداری وەک تیرۆر، ترس، تۆقاندن و … هتد دەیانەوێت سیاسەت بە لاڕێدا بەرن چونکە لە بنەمادا هیچ ناوەرۆکێکیان بێجگە لە شەڕی دەسەڵات و بەرژەوەندی نیە و لەم پێناوەدا بەردەوام چینی بێتەبەقە ولاتولووتی کۆمەڵگا بەکار دێنن بۆ ئەوەی بتوانن ئیرادەو خواستی ڕێبەریی فاشیستی بەرەو پێشەوە ببەن و ئەم ئامانجەش بە کەڵکوەرگرتن لە زەبروزەنگ و بە شێوازێکی دوور لە ئەخلاق و دابونەریتی کۆمەڵگا پەیڕەو دەکەن. ڕێبەریی فاشیستی، چینە کۆنەپارێزەپاوانخوازەکان و خاوەن سەرمایەکان لە فاشیزمدا دەبنە هاوپەیمان و بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدان کە چین و توێژە لاوازەکانی کۆمەڵگا ڕێک خەن، تەیاریان بکەن و گروپگەل و دەستەگەلی فاشیستی بخوڵقێنن وەک جل ڕەشەکانی ئیتالیا یان فاڵانژەکانی ڕۆمانی. ئەم خەڵکانەش بە تەماحی پارەوپۆست یان ناو و شۆرەت هاوکاریی فاشیستەکان دەکەن و بە دروشمی لە پێش دیاریکراو بەڵام بەبێ ناوەرۆک خوازیاری گەڕانەوەی شکۆ و گەورەییی پێشوون و بەردەوام باسی نەهامەتییەکانی هەنوکەیی دەکەن بە بێ ئەوەی باسی ڕێکار یان ئاڵترناتیوێکی دیار و گونجاو بکەن. ئەوان زۆر گیرۆدەی دروشم، درۆ، توندوتیژی و پڕۆپاگەندان و بەردەوام لە بیری ئەوەدان کە تۆڵە لە نەیارانی خۆیان بکەنەوە و خەریکی پیلانگێڕین. ویس لەو بڕوایەدایە کە فاشیزم کۆتا هەلی گروپە پاوانخوازەکانە کە دەیانەوێت بەرژەوەندیی خۆیان بپارێزن یان ئیمتیازگەل و بەرژەوەندیی ڕابردوویان بگەڕێننەوە بۆیە بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە سڵ لە هیچ توندوتیژیێک ناکەنەوە.[26]
٢. نیۆپاتریمونیالیزم و سوڵتانیزم
بە سەرهەڵدانی سەفەوییەکان تا شۆڕشی ٧٩ سیستمی حاکمییەتی سیاسی زۆر لە چەمکی «دەرباری-تیولداری» نزیکە کە بۆخۆشی پۆڵێنبەندی دەکرێت. ئەم سیستەمە بۆخۆی لە فۆرمی پاتریمونیالیزمە و لە شێوازی «ستەمکاریی ڕۆژهەڵاتی»یە کە شا، کۆشکی شا، سەرۆک خێڵەکان، بڕۆکراتەکانی نزیک لە کۆشکی شا و تیولدارەکان پێکی دێنن. پاتریمۆنیالیزم لە سەردەمی سەفەوییەوە فۆرمی سۆڵتانیزمی بووە، بەڵام پاش شۆڕشی «مشروطە» و هاتنی ڕەزا پلاسی ناسراو بە ڕەزاخان دەبووژێتەوە و پڕچەک دەکرێت بۆیە دەکرێت ناوی نیۆپاتریمونیالیزمیشی لێ بنین وەک ئەوەی هێشام شەرابی لە کتێبی پاتریمونیالیزمی نوێ باسی دەکات.[27] هەروەک لە سەرەتاوە باسمان کرد پاتریمونیالیزمی ڕۆژهەڵاتی لە سەر شێوازی «ستەمکاری ڕۆژهەڵاتییە» و فۆرمی سوڵتانیزمی هەیە بەڵام سوڵتانیزمیش بۆخۆی پێناسەی تایبەتیی خۆی هەیە و زۆر جار بە شێوازی توندی پاتریمونیالیزم پێناسە دەکرێت کە سوڵتە لە سەر ئیرادەی تاکی سوڵتان بنیات نراوە و سوڵتان دەسەڵاتی ڕەهای هەیە و ناچێتە ژێر دەسەڵاتی قانوون یان دابونەریتی کۆمەڵایەتی. سوڵتان بە جێگەی بەکارهێنانی فەرمیی دەسەڵات کۆمەڵێک خەڵکانی گوێ لە مست لە دەوری خۆی کۆ دەکاتەوە بۆ ئەوەی فەرمان و بڕیارەکانی ئەو بەڕێوە ببەن بۆیە دەسەڵاتی دەوڵەت یان هەر ستراکچێرێکی سیاسی وەک حزب وەکو کەرەستەی شەخسی لە خزمەتی سوڵتاندایە و سوڵتان لە سەرەوەی هەرەمی سیاسی-ئابووریدا جێگیر کراوە. سوڵتان بەردەوام دژی بە دامەزراوەکردنی سیاسەت و دەسەڵاتە و هەموو بڕیارەکان دوور لە چاوی خەڵک و کۆمەڵگا پەسەند دەکرێن. لێرەدا هەموو دەسەڵاتەکان لە تاکی سوڵتاندا کۆ دەکرێتەوە لە کاتێکیشدا هیچ بەرپرسیارەتیەکیشی وەئەستۆ ناگرێت و خزم و کەسوکاری سوڵتانیش هەموو سەرچاوەی داهات و دەسەڵاتیان قۆرخ کردووە.[28] بەڵام جیاوازیێکی گەورە کە ئەم سیستەمە لەگەڵ سیستەمی دێموکرات هەیەتی ئەوەیە کە لە سیستمگەلی دێموکرات ئەمە چین و توێژکانی کۆمەڵگان کە ڕۆڵی گرینگ لە دەسەڵاتدا دەگێڕن و دەسەڵات ملکەچی قانوون دەکەن و بە سیستەمی دەکەن. ئەم شێوە لە پاتریمونیالیزم و سوڵتانیزم بەرهەمی سیستەمی»دەرباری- تیولداری»یە کە ڕۆڵی سوڵتان و بنەماڵەی سوڵتان ڕۆڵی سەرەکییە و سەرۆک خێڵەکان و تیولدارەکان پاش سوڵتان و بنەماڵەکەی ڕۆڵی سەرۆکی تێدا دەبینن.
سەفەوییەکان پێویستیەکی زۆریان بە هێزی چەکداری خێڵ و عەشیرەتەکان بوو هاوکات عەشیرەتەکانیش پێویستیان بەوە بوو کە دەسەڵاتی خۆیان بە کەڵکوەرگرتن لە هێز و کاریگەریی سەفەوییەکان درێژەی پێ بدەن. لەم سیستەمەدا هەر خێڵ و عەشیرەتێک لە پێناوی بڕەپارەیێکدا کە ڕادەستی شای دەکرد دەستی بە سەر ناوچەیێکدا دەگرت و دەیچەوساندەوە و بەو جۆرە پەرەی بە دەسەڵاتی خۆی دەدا، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات و زۆربوونی دەسەڵاتی سەرۆک خێڵ و عەشیرەتەکان گۆڕانکاریی جۆراوجۆر بۆ کەمکردنەوەی هێزی ئەم وردە سەرۆکانە ڕووی داوە و هێزی شا بەردەوام ڕووی لە زیادبوون کردووە، بۆیە زۆربەی لێکۆڵەران باس لە «ستەمکاریی ڕۆژهەڵاتی» دەکەن چونکە هیچ دەسەڵاتێک لە سەرووی دەسەڵاتی سوڵتانەوە نییە و وڵامدەری هیچ دامەزراوەیێکیش نیە و هەموو دەسەڵاتەکانیتر و چین و توێژەکان لە ژێر دەسەڵاتی سوڵتاندایە و ملکەچی سوڵتان و بنەماڵەی سوڵتانن و هیچ سەربەخۆیییەک بۆ هیچ چین و توێژێک بوونی نیە. بۆ نموونە لە ڕۆژاوا فیۆدالەکان لە بەرانبەر شادا سەربەخۆ بوون لە کاتێکدا لە «ستەمکاریی ڕۆژهەڵاتیدا» هەموو چینەکان فەرمانبەر و ڕەعییەتی شان.
پاتریمونیالیزم لە هەر فۆرم و شێوازێک و لە سەر هەر بنەما و سیستەمێک یان لە ژێر هەر ناوێک بەرهەمی لاوازیی کۆمەڵگای مەدەنی و گیرۆدەیی، ژێردەستەیی و ملکەچیی چین و توێژەکانی کۆمەڵگایە کە لە ئێستادا زیاتر لە ژێر ناوی لاوازیی کۆمەڵگای مەدەنی باسی لێوە دەکرێت. لەم پەیوەندییەدا ماکس وبر پاترمونیالیزم بە شێوەیێکی گشتی بۆ ژیانی سیاسیی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بەکار دێنێت[29] کە زۆربەی خەڵک دوور لە یەک لە گوندەکان و بە فۆرمی عەشیرەت و خێڵ ژیان بەسەر دەبەن یان ئەگەریش لە شار بوون هەمان کولتور بە سەریاندا زاڵ بوو. لە شاریش چین و توێژە خۆشگوزەرانەکان لە دەوری بازار و مزگەوت کۆ ببوونەوە و هەر ئەم خەڵکانە بوون دواتر بە چینی وردەبورژوازی بازاڕ یان شارەکان پێناسە دەکران.
سوڵتانیزم لە مێژووی ئێراندا بە شێوازێکی ناعەقڵی، سەرەڕۆیانە و تاکڕەوانە بەرەوڕووی کۆمەڵگا بووەتەوە و بەردەوام بووەتە هۆی دواکەوتووی کۆمەڵگا تا ئەو ڕادەیە کە کاتوزیان لە بڕوایەدایە «دواکەوتوویی تایبەتمەندیی دەوڵەت و کۆمەڵگای مەدەنییە»[30] و لە شوێنێکی تردا باس لەوە دەکات «کە هەرچی جێگە و پێگەی چینە کۆمەڵایەتییەکان بەرزتر و گرینگتر بووە، ژێردەستەیی و ملکەچیان بۆ دەوڵەت {ی سوڵتانی} زیاتر بووە».[31] بۆیە لەم فۆرمە و پێناسەیەدا کۆمەڵگا بە تەواوەتی وەلا دەنرێت و بە پلەی یەکەم خزم و کەس و پاشان بە پلەکانی خوارتر کۆمەڵێک خەڵکی گوێڕایەڵ، گوێ لە مست دەست بە سەر گۆڕەپانی سیاسی- ئابووریدا دەگرن. ئەم دۆخە بەردەوام گوتاری سەرەڕۆیی و تاکڕەوی بەرهەم دێنێت. دەوڵەت و ڕۆڵی دەوڵەت دەکاتە بنەما و سەنتەری بڕیاردان و ڕووداوەکان و چین و توێژەکان و ڕەوتە سەربەخۆکان دەخاتە پەراوێزی سیاسەت، دەسەڵات و بڕیاردان، بۆیە لەم ڕوانگەیەوە بنەماکانی دەسەڵات و کاریگەریی دوو لایەنەی دەوڵەت و کۆمەڵگا ڕەچاو ناکرێت.
گوتاری ستەم و سەرەڕۆیی لە مێژوودا دەگەڕێتەوە سەر دەسەڵاتی ڕەهای دەوڵەت کە ئیزنی سەرهەڵدانی هێزە کۆمەڵایەتییە سەربەخۆکانی نەداوە، بۆیە ستراکچێرێک لە دەوڵەت دێتە ئاراوە کە بریتین لە حکومەت، مەلا، بازار، ئۆلیگارشییەکی بڕۆکراتی سوننەتی و خێڵ وعەشیرەت کە دواتر بورژوازیی کۆمپرادۆریشی لێ زیاد دەبێت کە شا بۆخۆی ڕێبەریی دەکات و بەڕێوەی دەبات. بەڵام ئەم چین و توێژ و حکوومەتانەی کە بە دوای یەکدا دێن هیچ دەسەڵات و سەربەخۆیییەکیان لە بەرانبەر دەسەڵاتی سوڵتاندا نیە. ئەگەرچی چین و توێژی مەلاکان تا ڕادەیێک جیاوازن و ئەم جیاوازیەشیان بۆ ڕۆڵی نێوبژیوانی و سەربەخۆیی ئابووریان دەگەڕێتەوە. مەلاکان بە درێژایی مێژووی هاوچەرخ ڕوڵی نێوبژیوانیان لە نێوان بازاڕ و سوڵتان و لە نێوان سەرۆک خێڵ وعەشیرەتەکان لەگەڵ شادا گێڕاوە و سەرچاوەی دارایشیان لە دەرەوەی کۆشکی شا و دەسەڵاتی شادا بووە و لە لایەن بازاڕ و سەرۆک خێڵ وسەرۆک عەشیرەتەکانەوە دابین کراوە. مەلاکان تەنانەت لە سەردەمی کۆتایی پەهلەوییەکان نێوانگیریی نێوان ڕۆشنبیرەکانیشیان دەکرد و جاروبار دەبوونە پردی پەیوەندیشیان لەگەل شا یان کۆشکی سوڵتان. بۆیە مەلاکان لە پەیوەندییەکی دوولایەنە لەگەڵ کۆمەڵگادا بوونە و کۆمەڵگایان بەردەوام وەکو پێگەی کۆمەڵایەتیی خۆیان بەکار هێناوە.
هاوکات و بە گشتی لەم سیستەمەدا و لە مێژووی هاوچەرخدا پێگەی ئیلیتەکانیش هەر لە ناو ئەم چین و توێژانەدا بووە کە لە پەیوەندیی سوڵتانیزمدا بوونە و خەڵکی گوێ لە مستی سوڵتان بوونە و تیولدارەکان و خێڵ وعەشیرەتەکان چینگەلێکی دیاری ئەم سیستەمە بوون. لەم سیستەمەدا ماستاوگرتن لە باتی لێوەشاوەیی و خزمایەتی لە باتی شیاوی ڕۆڵ دەبینێت. سیستەمی ئیلیتیش لە سەر بنەمای خزمایەتییە و ئەم خاڵە تایبەتمەندیی سیستەمی ئیلیت لە ئێراندایە، بۆیە لێرەشدا کۆمەڵگا بە تەواوەتی دەکەوێتە دەرەوەی سیستەمەکەوە و بنەماڵە ڕۆڵی سەنتەری سیستەمەکە دەگێڕێت. ئەگەر چی لە سەردەمی پەهلەوی تا ڕادەیێک گۆڕانی بە سەردا هات بەڵام ستراکچێری سیستەمەکە هەر لە شوێنی خۆی وەکو خۆی مایەوە. ئەمە ئەو دۆخەیە کە کاتوزیان باسی دەکات و دەڵێت «ئەمە دۆخی دەسەڵات و پەیوەندیی دەسەڵات و کۆمەڵگایە لە مێژووی سیاسی-کۆمەڵایەتی لە ئێراندا».[32]
٣. هەوڵەکانی چاکسازی
ئەم شێوازە لە سیستەمی دەسەڵات و حاکمییەت تا ئێستا لە ئێران بەردەوامە، بەڵام لە چەند قۆناغێکی دیاردا هەوڵی چاکسازی دراوە کە دوو لەم هەوڵانە بەرچاون. یەکەمیان هەوڵی چاکسازیی سەردەمی «مشروطە» بووە کە زیاتر لە لایەن ڕۆشنبیران، چینی مام ناوەندیی نوێی شارەکان و بەشێکی بەرچاوی خەڵکی بازاڕەوە بووە و بە تاکوتروکیش شازادەی قاجاری و مەلاشی تێدا بەشدار بوون و سەرەتاکانی ئەم هەوڵەش دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی عەباس میرزای قاجار و پاشان سەردەمی ناسرەدین شا کە چینی مامناوەندیی نوێ بۆ یەکەمین جار سەرهەڵدەدات و خۆی لە شۆڕشی «مشروطە»دا دەنوێنێت. لە سەردەمی «مشروطیت» چینەکانی خاوەن دەسەڵاتی فارسی ستراکچێری دەوڵەتی مودێرنیان لە سەر بنەمای پاتریمونیالیزم و ئۆتۆریتەی شای فارسی (نە شای تورکی قەجەری) دانا و، بە کەڵکوەرگرتن لە ناسیۆنالیزمی فارسی پڕۆژەکەی خۆیان ڕاڤە کرد. لەم مۆدێلەدا حکومەتگەلێک کە بە دوای «مشروطە» پێک دێت خاوەنی ستراکچێرێک بوون کە لە بواری ماتەرەوە کۆن و سوننەتی بوون بەڵام لە بواری نۆرمەوە و لە ڕواڵەتدا شێوە مودێرن بوون.
هەوڵی «مشروطە»خوازەکان لە ئاکامدا شکستی هێنا و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ پانتایی و خاڵەکانی ئەم شکستە لە زۆربووندایە کە ویستوویانە کۆمەڵگایێکی فرەنەتەوە لە یەک نەتەوەدا بە ناوی فارس پێناسە بکرێت و هەموو کێشەکان لە دەوری چەمکی کێشەی سوننەت و مودێرندا ڕاڤە بکرێت. کاتێکیش دەیانەوێت چاکسازی و نوێبوونەوە بکەن لە سەر وەهمێک بە ناوی شارستانییەتی فارسی – ئێرانی ئەم چاکسازییەیان ئەنجام داوە. بۆیە لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی نوێکردنەوەی پاتریمونیالیزم کە زیاتر شێوەی سوڵتانیزمێکی پڕچەککراو و میلیتار دەدات،[33] کە تەنیا کارکردەکەی ئەوەیە کە سەرکوتی ئەو خەڵکانە دەکەن کە فارس نین یان لە دەرەوەی گوتاری ناسیۆنالیستیی ڕەگەزپەرستانەی فارسی ناوەنددان. چونکە لە بنەمادا چەمکە نوێیەکانیان نەک بۆ نوێکردنەوە بەڵکوو سەروگوێ بڕاو لە پێناوی پاراستنی دنیای کۆن و سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی بەرژەوەندیی نەتەوەی فارس لە جیهانی مۆدێرندا بوو و بەرهەمەکەی سیستەمێکی ڕەگەزپەرستانەیە کە هەڵاواردنی ڕەگەزی خالی یەکەم ودیاری سیستەمەکەیە و لە هەر چەمکێکی مرۆیانە خاڵی کراوەتەوە، بۆیە مافەکانی خەڵک تێیدا ڕەچاو نەکراوە یان ئەگەریش ببێت بۆ فارسەکانە، بۆیە ئەم سیستەمە بە دیکتاتۆری و پۆپۆلیزم نەبێت ناپارێزرێت. لێرەدایە کە ناسیۆنالیزمی فارسی و پۆپۆلیزم یەک دەگرنەوە و وەک ئایدۆلۆژیای نیۆپاتریمونیالیزمی ئێرانی- فارسی ڕۆڵ دەگێڕێت و بۆ ئەوەی بتوانێت بەردەوام بێت و قەیرانی کارایی سیستەمەکە بشارێتەوە، پێویستی بە توندکردنی ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیزم، پڕۆپاگاندا و پۆپۆلیزمە، کە مەترسیی فاشیزم لێرەوە سەرهەڵدەدا.
خاڵێکی تری لاوازی «مشروطە» کە لە بەروارد لەگەڵ شۆڕشە لیبراڵەکانی ئوروپا خۆی ئاشکرا دەکات ئەوەیە کاتێک دەبینین لە وڵاتانێک وەک فەرانسە یان تەنانەت بریتانیا ئاڵوگۆڕە نوێیەکان دنیای کۆن هەڵدەتەکێنێت وفورمێکی نوێی کۆمەڵایەتی و سیاسی- ئابووری دێتە ئاراوە (ئەگەرچی ئاڵمان، ئیتالیا و ئیسپانیا جیاواز بوون و هەر ئەوەشە کێشەی گەورەی لێکەوتەوە) بەڵام لە شۆڕشی «مشروطە» و سەردەمی «مشروطە» بورژوای ئێرانی چون کۆمپرادۆر و دەوڵەتی بوو و سەربەخۆ نەبوو نەکرا لە ناخی «مشروطە»وە شۆڕشێک بێتە ئاراوە کە دنیای کۆن بگۆڕێت و شۆڕشەکە بە شێوازێکی ناتەواو مایەوە و چین و توێژە کۆنەکان هەر وەک جاران بەهێز مانەوە و ستراکچێری کۆنی سیاسی- ئابوورییان هێشتەوە. بە گشتی ئەو چین و توێژانە یان ئەو خەڵکانەی کە بەشداری ئەو ئاڵوگۆڕە بوون زۆربەیان گرێدراوی دەسەڵات یان زلهێزەکان بوون کە نە دەیانتوانی ئاستی ئاڵوگۆڕەکان دیاری بکەن و نە باوەڕیشیان پێی بوو، چونکە زۆربەیان گرێدراوی چینە تایبەتەکان یان فارسەکان بوون کە بە ئاڵوگۆڕی قووڵ بەرژەوەندییان دەکەوتە مەترسییەوە. ئەم بوارەش بەردەوام بەستێنێک بووە بۆ ئەوەی مەترسی سەرهەڵدانی فاشیزم بەردەوام لە ئارادا بێت. بە بڕێک جیاوازیی ئەم سیستەمە زیاتر خۆی لە دەسەڵاتە ڕەهاکەی ڕەزاخاندا دەبینێتەوە بەڵام لە کرداردا ئازادیخوازی، سەرەڕۆیی، ژێرپێنانی قانوون (ئەو قانوونەش کە لە بەرژەوەندیی خۆیاندا دایانڕشتبوو) بەشداریی سیاسی و سەربەخۆی دەسەڵاتەکانی دادوەری، جێبەجێکار و یاسادانان و هەروەها جیاکاریی نێوان ئەم دەسەڵاتانە جێبەجێ نەکرا و تەنیا بەشێکی بچووکی کارکردەکانی دەوڵەتی مودێرن ئەنجام دران.[34]
لە سەردەمی پەهلەویی دووهەمدا هەوڵەکان زیاتر بوون و نوێگەرایی چڕتر بوو، بەتایبەت لە بواری چاکسازیی زەوی، چاکسازییەکان دیارتر بوو بەڵام حەمەڕەزای پەهلەویش ئامادە نەبوو ستراکچێری سیستەمی سیاسی کە تایبەتمەندییەکانی لە سەر نیۆپاتریمونیالیزم و هەڵاواردنی ڕەگەزی و زمانی بوون بگۆڕێت بەڵکو ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ بەرەو داخرانی زیاتری دەبرد بە شێوازێک هەوڵی چاکسازی و پێکهێنانی چین و توێژی نوێش چوبووە بواری پتەوکردنی دەسەڵاتی تاکەکەس کە بەرهەمی سوڵتانیزم بوو، تا ڕادەیێک کە حیزبی «رستاخیز»ی لێکەوتەوە. ئەم ئاڵوگۆڕانە دواکەوتوویی ئێرانی هاوچەرخی لێ کەوتەوە چونکە پڕۆژەکە و سیستەمەکە لە هەر چەشنە چەمکێکی وەک ژیری و عەقڵ، ڕوانگەی ڕەخنەگرانە، ئازادی و بەشداریی کۆمەڵانی خەڵک بە دوور بوو، بۆیە سیستەمی پەهلەوی تەنانەت نەیتوانی ئەو چین و توێژانەی کە بەرهەمی مودێرنیزاسیۆن بوون لە خۆ بگرێت و بەشدارییان لە پڕۆسەی سیاسی پێ بکات بەڵکو کۆیلایەتی و شوێنکەوتوویی لە سوڵتان و دەسەڵات بوو کە پڕۆسەی بەشداریی سیاسی یەکلا دەکردەوە، بۆیە تەنانەت کاتێک باس لە چاکسازیی زەوی دەکرێت تا ڕادەیێک شێوەی گۆڕینی «رانت» دەدات، ئەگەرچی ڕاستیگەلێکیشی تێدا بێت. بۆیە چ ڕەزاخان و چ حەمەڕەزای کوڕی ئۆلیگارشیی زەویداریان بە شێوازی جۆراوجۆر خەڵات دەکرد یان لە پڕۆسەی مودێرنیزاسیۆن کە بۆ خۆیان ڕێبەرییان دەکرد ڕێک خستەوە[35] و لە کۆتاییدا بە بورژوای کۆمپرادۆر پەیوەست دەبوون. ئەوەی لە کۆتایی چاکسازیدا دەردەکەوێت زیاتر شێوەی چاکسازیی سیستەمی پاتریمونیالیزم و گۆڕینی «رانت» دەدات، ئەگەرچی شۆڕشی ٧٩ گۆڕانی گەورە و کاریگەر دەخوڵقێنێت بەڵام لە ئاستی سیاسی- ئابووری زیاتر جێگۆڕکێی چینە کۆنەکانی دەسەڵات و نفووز بوو (کە ئێستاش دەیانەوێت هەر ئەو بەزمە بە ناوی خەڵک و دیموکراسی دووپات کەنەوە) وەکو چینی مەلاکان وەک دواچینی کۆن توانی لە بارودۆخێکی تایبەتدا دەسەڵات بە دەستەوە بگرێت کە پێشتر لە پڕۆسەی چاکسازیدا پەراوێز خرابوو، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە خاوەنی پێگە و پەیوەندیی کۆمەڵایەتی بوون لەم بەربەرەکانێدا توانیان بە سەر نەیارەکانیاندا سەرکەون (ئەگەرچی ئێستا جیاوازە). ئەم بابەتە بووە هۆی گۆڕانکاریی قووڵی چینایەتی و بەرەبەرە هەموو پانتاییی کۆمەڵگای گرتەوە، بەڵام ئەم جارەش سیستەمەکە لە شوێنی خۆی هەر وەک خۆی مایەوە.
ئەم سیستەمە لە بواری ئایدۆلۆژی و گوتارەوە بەردەوام خاوەنی دوو ڕەهەندی گوتاری بووە کە بە جیا یان پێکەوە ڕۆڵیان گێڕاوە. بۆیە بە درێژاییی سەدەی بیست و بیست ویەک دوو گوتاری پاوانخوازانەی کۆنەپارێزی دژە مودێرن، دژە دێموکراسی نۆستالیژیکی ڕەگەزپەرستانە فارسی و ئیسلامی بوونیان بووە کە زۆر جاریش ئێران شوێنی بەربەرەکانێ و بەریەککەوتنی ئەم دوو گوتارە بووە کە لە ناو یاسای بنەڕەتی و بەشی تەواوکەری یاسای بنەڕەتی جێگیر کراوە.
٤. ستراکچێری کۆمەڵایەتی
تا سەردەمی «مشروطە» کۆمەڵگا لە چین و توێژی کۆن کە بەرهەمی سەردەمی سەفەوییەکان بوون پێک هاتبوو کە بە سەر دوو بەشی چین و توێژی سەرەوە و خوارەوە دابەش دەبوون، چینی سەرەوە زیاتر لە شا و کۆشکی شا، ئۆلیگارشی بڕۆکراتی سوننەتی (دیوانسالاران)، سەرۆک خێڵ و سەرۆک عەشیرەتەکان، دەرەبەگ و بازەرگانەکان پێک هاتبوو کە ڕاستەوخۆ لە ژێر فەرمانی شا و کۆشکی شادا بوون و چین و توێژی سەرەوەی شار و لادێیان پێک هێنابوو. بەشی خوارەوەی کۆمەڵگاش ئەو خەڵکانە بوون کە لە شار خەریکی پیشەی کۆن و بچوک بوون یان لە لادێکان بە پیشەی ورد و بچوک و کاری جووت و گاوە خەریک بوون و چینی کرێکار و زەحمەتکێشیان پێک هێنابوو (دەکرێت زیاتر ورد بین و پانتایی پۆلێنبەندییەکە بڵاوتر کەینەوە، بەڵام لێرەدا ئەوەندە تەواوە) و ناڕاستەوخۆ لە ژێر فەرمانی شادا بوون، بەڵام ڕاستەوخۆ لە ژێر دەسەڵاتی سەرۆک خێڵ وعەشیرەتەکان، ئۆلیگارشیەکان، دەرەبەگ و … هتد بوون. لەم سەردەمەدا پەیوەندیی سوڵتە لە نێوان چینی سەرەوە و خوارەوە لە ئارادا بووە، بەڵام لە فۆرمی «ستەمکاریی ڕۆژهەڵاتیدا» بەو واتایە کە چین و توێژی سەرەوەش لە پەیوەندی سوڵتە بە دوور نەبوون بگرە کاریگەریی ئەم جۆرە پەیوەندییە لە سەر ئەوان زیاتر بووە، ئەگەرچی ژیانیان خۆشتر بووە بەڵام چینی خوارەوە ژیانیان پڕزەحمەتتر بوو، بەڵام ئەم سوڵتەیە کەمتر بوو و بە جێگەی ئەوە لە لایەن چینەکانی سەرەوە زیاتر دەچەوسانەوە. خاڵێک کە لێرەدا لە پەیوەندیی چینایەتیدا گرینگی پەیدا دەکات ئەوەیە کە چینە کۆمەڵایەتییەکان بە تایبەت چینی مامناوەندی تەنیا بە فاکتەری ئابووری ناناسرێنەوە وەک ئەوەی چەپەکان باسی لێوە دەکەن بەڵکو ڕوانگەی کولتوریش ڕۆڵی تایبەتی لە لێکۆڵینەوەی چینایەتی هەیە.[36]
لەم سەردەمەدا خاڵێکی تر کە گرینگی پەیا دەکات جێگە و پێگەی مەلاکانە کە جیاواز لە چینەکانی تر بووە. لە سەردەمی سەفەوییەوە تا دەهات هێز و ڕۆڵی ئەمان زیاتر دەبوو و سەر بەخۆیشیان لە شا زیاتر دەبوو، بەڵام بۆ چینەکانی تر بە پێچەوانە بوو. لە سەردەمی قاجارەکاندا جاری وا هەبوو شا ملکەچیان دەبوو. شا بۆ دابینکردنی شەرعییەتی دەسەڵاتەکەی موحتاجی مەلاکان بوو، چونکە لە ئێراندا دەسەڵات ئێستاشی لەگەڵ بێت هی خودایە و مافی خەڵکی پێوە نیە و لە ئاسمانەوە دێت و خەڵک سەرچاوەی دەسەڵات نین. پاشان لە مەزهەبی ئەواندا مەلا نوێنەری ئیمامی زەمانە و ئیمامی زەمانیش نوێنەری خودایە و دەسەڵاتی ڕەهای لە سەر زەویدا هەیە، بۆیە لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە بەهێز بوون. کۆی ئەو شتانەی کە لە سەر چینی مەلا باسمان کرد بوونە هۆی ئەوەی لە بواری سەربەخۆییەوە شێوەی فیۆدالەکانی ئوروپایان ببێت. هەر ئەم هێز و سەربەخۆییە و پێگە کۆمەڵایەتییە وای کرد بتوانن لە بەرانبەر تەوژمی مودێرنیزاسیۆن خۆیان ڕابگرن و لە کۆتاییدا بە یارمەتیی چینی مامناوەندیی کۆن و نوێ دەسەڵاتی پەهلەوی بڕوخێنن، بۆیە هەڵەیە کە بڵێین مەلاکان یەک شەوە بە دەسەڵات گەیشتن یان شۆڕشی ٧٩یان دزی.
١-٤ سەردەمی «مشروطە» و ڕەزا خان
بە هاتنی کاپیتالیزم، پیشەسازی و بەرهەمهێنانی نوێ و هەروەها شۆڕشی «مشروطە» و سەرهەڵدانی پەروەردەی نوێ و مۆدێڕن، دامودەزگا و دامەزراوەی مودێرنیش ساز دەکرێت و بە تێپەڕبوونی کات کۆمەڵگاش گۆڕانی بەسەردا دێت، چونکە لە سەرەتاکانی سەدەی بیست هەموو وڵاتان بە تایبەت وڵاتانی دواکەوتوو لە گۆڕاندا بوون. لەم دۆخەدا دەوڵەتی فارسیش بۆ گۆڕان و نوێ بوونەوە پێویستی بە پێک هێنانی چین و توێژی نوێ بە نۆڕمگەلی نوێوە بوو کە ئەمەگناسییان بۆ دەوڵەت بێت. ئەم گۆڕانکارییانە بە شێوازی شێوە مودێرن بوون. شارەکان گەورە و زۆرتر دەبوون ئەگەرچی ڕەنگ و بۆی لادێیان هەر هەبوو. ئەنجامی ئەم گۆڕانکارییانە پەرەسەندنی بورژوای دەوڵەتی و کۆمپرادۆر، سوپا و فەرمانگە جۆراوجۆرەکان بوو کە تا دەهات فۆرمێکی نوێشی بە چینەکانی کۆمەڵگا دەدا. چینی بورژوا پێک دێت بەڵام دەوڵەتی ناسەربەخۆ، چینی مامناوەندیی کۆن بەرەو لاوازی دەبات، بەڵام چینی مامناوەندی نوێ سەرهەڵدەدات و تا دێت بەهێزتر و گەورەتر دەبێت و چینی کرێکار و زەحمەتکێشیش ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر دەبن و ئەم دۆخە بە ڕوونی و هێدی هێدی لە سەردەمی ڕەزاخاندا دەردەکەوێت. بەڵام هێشتا چین و توێژی کۆنی دەسەڵات و نفووز لەم سیستەمەدا (دەرباری- تیولداری) کە نیۆپاتریمونیالیزمی فارسی لە سەر ساز کراوە بەشێکی دانەبڕاوی سیستەمەکەن، بۆیە لە کۆتاییدا ئاڵوگۆڕەکان بەرتەسک و دیاریکراو دەبن،[37] چونکە لە کۆمەڵگایێکی خێڵەکی و دواکەوتووی وەک ئێران شا پێویستی بە پشتگیریی خێڵ وعەشیرەتەکان هەیە بۆ ئەوەی شەرعییەت و مانەوەی خۆی دابین بکات، بە تایبەت کە مەلاکان لە ژێر کاریگەریی ڕۆشنبیرەکان کەوتبوونە پەراوێزەوە و چینی مامناوەندیی کۆنیش لە ژێر کاریگەریی کاپیتالیزمدا توشی قەیران و زیان ببوو وهەروەها لە بواری ئایدۆلۆژیادا دژی سیاسەتەکانی دەسەڵات بوون کە زۆربەی لە لایەن ڕۆشنبیرە ڕەگەزپەرستەکانەوە هاتبوونە ئاراوە. رەزاخان بۆ ئەوەی لە چینەکانی سەرەوە وەکوو سەرۆک خێڵ وعەشیرەتەکان و ئۆلیگارشیی زەوی نزیک ببێتەوە، وتووێژەکانی بواری چاکسازیی زەویی ڕاگرت و باجی بواری کشتوکاڵی خستە ئەستۆی جووتیارەکان و زەوییەکانی لە بەرژەوەندیی ئاغاکان تاپۆ کرد و بەوجۆرە ماڵی فەلا و جووتیاری بە قوڕ گرت. پەهلەوییەکان بە تایبەت ڕەزاخان بۆ درێژەپێدان ب دەسەڵاتی خۆیان هەوڵیان دەدا کە ئەم خێڵ وعەشیرەتانە بەکار بێنن و هاوکاتیش دووبەرەکی و ئاژاوەیان دەخستە نێوانیانەوە بۆ ئەوەی نەتوانن یەک بگرن بەڵام ئەوانیش هەر ئەو بەزمەیان بۆ «رعیت» بەکار دەهێنا.
٢-٤ سەردەمی حەمەڕەزای پەهلەوی و شۆڕشی ١٩٧٩
شای دووهەم تا دەهات زیاتر ملکەچی زلهێزەکان دەبوو و بە دیاریکراوی دوای کودەتاکەی ساڵی ٣٢ی هەتاوی ئەم شێوازە لە پەیوەندی لە نێوان ئێران و ڕۆژاوا ڕوو لە زۆر بوون بوو. ئۆلیگارشیەکان و چینەکانی سەرەوەش تا بەر لە کودەتا گرینگییەکی ئەوتۆیان بە شای گەنج نەدەدا وئەمە ڕاستەوخۆ دژایەتیی سیستەمەکە بوو کە لە سەر پاتریمونیالیزم بنیات نرابوو و سەردەمی «مشروطە» و بە تایبەتی لە سەردەمی ڕەزاخاندا نوێ کرابووە و لە ئاستی ناوخۆدا پڕچەک کرابوو. بەرهەمی ئەم دۆخە لێکدژی و ناتەبایی لە ئاستی حاکمیەتی سیاسی و قەیرانگەلی جۆراوجۆر بوون کە دۆخی کۆمەڵایەتی و داتەپینی ئابووریی دەیەی شەستی زایینی لێکەوتەوە و سیستەمی پاتریمونیالیزمی نوێی خستە لێواری ڕووخانەوە، بۆیە جان ئێف کێنێدی نیگەرانی دۆخی ئێران بوو و پێی وابوو کۆمۆنیزم هەڕەشەیە بۆ سەر ئێران. لەو کاتەدا دەسەڵاتی ئەمریکا لە ژێر کاریگەریی تیۆرییەکانی واڵت وایتمەن ڕۆستۆ (٢٠٠٣- ١٩١٦) بوو تا بتوانن بەر بە شۆڕشی کۆمۆنیستەکان لە وڵاتانی دواکەوتوو بگرن.
تیۆرییەکانی ڕۆستۆ لە سەر بنەمای «پەرەسەندوویی مێژوویی» بوو کە لە سەر ئاستی گەشەی تەکنیکی دانرابوو کە چۆن کۆمەڵگای دواکەوتوو دەگاتە قۆناغی پیشەیی مودێرن. پێویستیی ئەم قۆناغە چاکسازی لە بواری زەوی و کشتوکاڵ بوو و بۆ ئەم مەبەستەش پێویستی بە حکومەتێکی بە ئۆتۆریتە بوو بۆ ئەوەی بتوانێ بەرەنگاری هێزە کۆنەپارێزە پاوانخوازەکان ببێتەوە کە وەک بەربەستێک وا بوون بۆ ئەوەی کۆمەڵگا پێش بکەوێت.[38] ئەم هێزانە زۆربەی پارلەمانیان لە چنگدا بوو، بۆیە عەلی ئەمینی سەرۆکوەزیرانی ئەوکات داوای لە شا کرد کە قانوونی هەڵبژاردن بگۆڕێت و هەڵبژاردنی پێشوەخت ڕابگەیەنێت. شا بۆ پتەوکردنی دەسەڵاتی خۆی بە هەموو مەرجەکان ڕازی بوو، بەڵام دەیەویست ئەم هەلە و ئەم قۆناغە بە ناوی خۆیەوە تۆمار بکرێت، بۆیە ئەمریکییەکانی ڕازی کرد کە ئەمینی لاببات و بۆخۆی چاکسازییەکە بەڕێوە ببات و لە ڕاستیدا ئەم شێوەیە لەگەڵ سیستەمی نیۆپاتریمونیالیزم تەبا بوو بۆ ئەوەی ئاغاکان لە دوای چاکسازیش هەر لە ژێر ڕکێفی خۆیدا بمێننەوە و دواتر زۆربەیان بە بورژوای دەوڵەتی و کۆمپرادۆر پەیوەست بوون. بەڵام بەشێکیشیان لە ژێر کاریگەریی ئایدۆلۆژی یان شەڕی بەش و دەسەڵات بەتایبەت لە جیلی نوێیان بە ئۆپۆزیسیۆن پەیوەست بوون.
لە کۆی ئەم ڕووداوانە ڕۆڵی چینی بورژوای کۆمپرادۆر و دەوڵەتی، چینی مامناوەندی و چینی کرێکار ڕوو لە زیاد بوون بوو، بەڵام چینی مامناوەندیی سوننەتی بە شێوەی گشتی و مەلاکان کەوتنە پەراوێزی ڕووداوەکانەوە و دواتر قەیرانی بەشداری بووە هۆی ئەوەی کە چینی مامناوەندیی نوێش پێیان پەیوەست بن. زۆربەی لێکۆڵەران لەو بڕوایەدان شۆڕشی ٧٩ی زایینی لێرەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەوەی کە جێی ئاماژەیە ئاڵوگۆڕەکان بە قووڵی و شێوەیێکی کۆمەڵایەتی ڕوویان نەداوە، چونکە چین و توێژە کۆنەکانی دەسەڵات و نفوز لە سیستەمی نوێی پاتریمونیالیزم کە لە سەر بنەمای «دەرباری- تیولداری» بوو زیاتر ڕەنگیان گۆڕدرا. بۆ نموونە ئابراهامیان دەڵێت «ڕەزاشا بە پێدانی پلە و پۆست لە پارلەمان، حکوومەت، وەفدە دیپلۆماسییەکان، کارگا گەورەکان ئەوانی خەڵات دەکرد».[39] بەڵام حەمەڕەزا ئەوانی زیاتر بۆ لای بورژوای کۆمپرادۆر هان دا و توانی ئۆتۆریتەی خۆی زیاتر بە سەریاندا زاڵ کات، بۆیە زۆر جار پڕۆگرامی چاکسازی، شێوەی گۆڕانی «رانت»یش دەدات وەک ئەوەی لە زەوییەوە بۆ نەوت گۆڕابێت، بەڵام لە سیستەمێکی زیاتر داخراو کە چینە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر ملکەچ و ژێردەستەی دەوڵەت بن کە کەرەستەی دەستی سوڵتان بوو. ملکەچی چین و توێژەکان بۆ دەوڵەت دەگەڕیتەوە بۆ ئەوەی کە دەوڵەت بۆخۆی جووڵەی چینایەتی ڕێک دەخات هەر بۆیە هیچ چین و توێژێکی سەربەخۆش پێک نایەت بەڵکو ئەمە پاتریمونیالیزمە کە نوێ دەبێتەوە، بە پێچەوانەی ڕۆژاوا کە ئەوە کۆمەڵگا خۆیەتی کە جووڵەی چینایەتیی ڕێک خستووە و دەوڵەت ڕۆڵی سەرەکیی نەبووە. کاتوزیان دەڵێت «بە درێژایی مێژوو چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان ملکەچ و ژێردەستەی دەوڵەت بوون و دەوڵەت سوڵتەی بە سەر هەموو ڕەهەندەکان و چارەنووسی چینەکانەوە بووە»[40]
خاڵێکی تری جێی باس ئەوەیە کە بە درێژایی پڕۆسەی نوێبوونەوی پاتریمونیالیزم ناسیۆنالیزمی توندئاژۆی فارسی- ئێرانی وەک ئایدۆلۆژیای نیۆپاتریمونیالیزم ڕۆڵی گێڕاوە کە هەموو کات ڕەگەزپەرستانە و ڕاسیستی بووە و پڕۆژەی «یکسان سازی» بە واتای لەناوبردنی نەتەوەکانی تر پەیڕەو کردووە و بەردەوام توخمگەلێکی ڕوون و دیاری فاشیزم بە زۆری و گشتی ناسنامەی گوتاری نیۆپاتریمونیالیزمی ئێرانی بووە کە لە لایەن بەشئکی زۆری ڕۆشنبیرانی فارسەوە چنراوە و بەڕێوە چووە کە هەست و دەروونی خەڵکیان بریندار کردووە و تەنانەت زۆر جاریش ژینگەکەیان لێ تێک داون و لێیان پیس کردوون. زۆربەی ئەوانە بەردەوام لایەنگری تۆتالیتاریزمی ڕاست و ڕگەزپەرستانە بوون تەنیا بۆ ئەوەی ئەم نەتەوانە سەرکوت کەن و لە ناویان ببەن، بەشێکی زۆری کێشەی دیکتاتۆری لە ئێراندا دەگەڕێتەوە سەر ئەم بابەتە.
هەر وەک پێشتر ئاماژە کرا، ئێران بەرلەوەی کۆمەڵگایێکی چینایەتی بێت کۆمەڵگایێکی فرەنەتەوەیە و هەر نەتەوەیێک چین و توێژی تایبەت بە خۆی هەیە کە جیاوازە لە چین و توێژی نەتەوەکانی تر بە تایبەت نەتەوەی سەردەست کە هەموویان وەک فێرعەون وان. لێرەدا چینە خۆشگوزارانەکان لە نەتەوەی فارسن و چینە هەژار و زەحمەتکێشەکان لە نەتەوە بندەستەکانن، تەنانەت ئەو بەشەی چینی هەژار و زەحمەتکێشی شارە فارسەکان (کە شاری سیاسی، پیشەیی و سیاسین) ئەو کۆچبەرانەن کە لە ناوچەی نەتەوە بندەستەکانەوە بە هۆی بێکاری و بێدەرەتانی بۆ پارویێ نان مەجبور دەبن زێد و وڵاتی خۆیان بەجێ بێڵن و لە کەناری شارەگەورە کانی فارسەکان بە قوڕبەسەری ژیان ببەنە سەر، چونکە شارەکانی خۆیان لە ژێر گەمارۆی سیاسی- ئابووریدایە. بۆیە زۆر نامۆ نیە کاتێک باس لە پەیوەندیی کلۆنیالیزم لە نێوان فارس و نەتەوەکانی تر دەکرێت. ئەگەرچی بارودۆخی تورک بە هۆی دین، مێژوو، دڕندەیی، یەکگرتوی و … هتد باشترە، بەڵام ئەوانیش لە بواری کولتوری و زمانییەوە بندەستن و دەچەوسێنەوە.
لەم ڕوانگەیەوە دەوڵەت هەموو کات نوێنەری ئەوان بووە و بەرژەوەندیی ئەوانی پاراستووە وەک ئەوەی فارسەکان چینەکانی سەرەوەی کۆمەڵگایان پێک هێنابێت. تەنانەت لە شۆڕشی ٧٩ ئەو بەشەی کۆمەڵگای فارس کە لە چینی خوارەوە بوون بەهۆی نزیکیی ئایدۆلۆژیک و پشتگیرییان بۆ مەلاکان توانیان وەک دوابەشی کۆمەڵگای فارسی بە چینی مام ناوەندی سەرەوە یان چینی بورژوا پەیوەست بن لە کاتێکدا کورد و خەڵکانی نەتەوەکانی تر ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر دەچەوسێنەوە و هەژار دەبن. کۆی ئەم باسانە لە سەر مێژووی هاوچەرخی ئێران و ستراکچێری سیاسی- کۆمەڵایەتی و چینایەتی کرا، ئەوە بە ئێمە دەڵێن کە ڕووداوەکان و چاکسازییەکان هەر لە سەردەمی «مشروطە»وە هەتاکو ئێستا بوونەتە هۆی پێکهێنانی دوو چینی داگیرکەر و داگیرکراو کە ڕەنگ و بۆی ڕەگەزی و زمانی بە خۆیەوە گرتووە وەک ئەوەی فارسەکان نەتەوەی سەردەست بن و نەتەوەکانی تریش نەتەوەی بندەست بن کە لە پەیوەندییەکی کلۆنیالیزمیدا ژیان بەسەر دەبەن، بۆیە لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێن لە ئێستادا خەباتی چینایەتی و خەباتی نەتەوایەتی هەر یەک شتن و لە یەک جیا ناکرێنەوە.
ڕووداوی شۆڕشی ٧٩ ئەگەرچی هەم بواری ئەرێنی و هەم بواری نەرێنی بووە، بەڵام ئاڵوگۆڕەکان تا ئێستاش لە بازنەی بەرژەوەندیی نەتەوەی سەردەست و چین و توێژی کۆنی دەسەڵات و نفووزدا خوڵاوەتەوە کە گروپە پاوانخوازەکانیان پێک هێناوە. بۆیە قەیرانی بەشداری و ستراکچێری سیاسی هەر بەردەوامە و مەترسییەکان ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر دەبێت. دیارە بە تێپەڕبوونی کات، قەیرانی شەرعییەت و کارامەیی، باسی ئایدۆلۆژییا و کولتوری سیاسیش گۆڕانی بە سەردا هاتووە و چیدی چینی مەلا وەک دواچینی سەر بە دنیای کۆن ناتوانێ درێژە بە دەسەڵاتی خۆی بدات، بەڵام کێن ئەوانەی دەیانەوێت جێگەیان بگرنەوە؟ بۆیە دەمانەوێ یەکێک لەم ئەگەرانە و گروپانە بخەینە بەر باس کە لە ناخی ئەم باسەوە دێت.
٥- ئۆپۆزیسیۆن و ڕێڕەوی پاوانخوازەکان و ڕاسیستەکان
بە درێژایی مێژووی هاوچەرخ لە ئیران بە تایبەتی و لە خۆرهەڵاتی ناوین بە گشتی قەیرانی سەرەکی لە ناو ئۆپۆزیسیۆنەوە سەری هەڵداوە. دیارە بنەماگەل و هۆگەلی جۆراوجۆری سیاسی- کۆمەڵایەتی و ستراکچێری حاکمییەت و دەسەڵاتی سیاسی دەبنە هۆکار، بەڵام خودی قەیرانەکە لە ناو ئۆپۆزیسیۆنەوە دووپات دەبێتەوە بە واتایەکی دیکە بەر لەوەی بیر لە ڕووخان و شۆڕش بکرێتەوە و گۆڕان بخوڵقێنین دەبێ لە ئاڵترناتیوەکان بە وردی بکۆڵینەوە و پلانی داهاتوو بە ڕوونی دیار بێت. ئەمە ئەو کێشەیەیە کە زۆرێک لە لێکۆڵەران و بیرمەندانی بواری سیاسی- کۆمەڵایەتی ئاراستەی ئاڵوگۆڕە سیاسی- کۆمەڵایەتییەکانی ئێران و ناوچەکەی دەکەن کە هەموو جارێ، پاش شۆڕش و خوێنڕشتنێکی زۆر دیکتاتۆری و گەندەڵی دووپات دەبێتەوە. بۆ نموونە جان فۆران لێکۆڵەری ئەمریکی ئەم ڕوانگەیە وەک دووپاتبوونەوەی دیکتاتۆری لە ئێران لە کتێبی بەرخۆدانی لاواز بەکار دێنێت.[41] لە ناو کوردیشدا نووسەری بەناوبانگی باشوور شێرزاد حەسەن لەم ڕوانگەیەوە زۆر نزیکە. ئەوە کە بۆ چی ئاڵوگۆڕەکان لە خۆرهەڵاتی ناوین دەرئەنجامەکەی بەو شێوەیە تەواو دەبێت هۆگەلی مێژوویی، ئیدئولۆژیک، فەلسەفی وەک جۆری بیرکردنەوە، نەبوونی ڕێفۆرمگەلێکی وەک پڕۆتستانیزم یان ڕێفۆرمگەلێکی کولتوری و سکۆلار، نەبوونی قۆناغگەلێک وەک قۆناغی ڕۆشنگەری، نەبوونی ئابووریی سەردەم ، ستراکچێری کۆنی سیاسی- کۆمەڵایەتی، ناتەواوبوونی سەرمایەی کۆمەڵایەتی بە تایبەت لە ناو ئیلیتدا، نەخوێندەواری و هەڵەتێگەیشتن لە چەمکە مودێرنەکان و بە گشتی نەبوونی بەستێنێکی لەبار بۆ چەمک و ئاڵوگۆڕی مودێرن دەبنە هۆی بەلاڕێدابردنی شۆڕشەکان و ئاڵوگۆڕە نوێیەکانی کۆمەڵگا. لەم بەشەدا و بە ڕەچاوکردنی دۆخەکە دوو بابەتی پێگەی چینایەتی و گوتاری ئۆپۆزیسیۆنی پاوانخواز دەخەینە بەر باس.
١-٥ پێگەی چینایەتیی ئۆپۆزیسیۆنی پاوانخواز و ڕاسیست
ئۆپۆزیسیۆنی پاوانخواز بە زۆری و گشتی لە شۆڕشی ١٩٧٩ لە شەڕی دەسەڵات لە لایەن مەلاکان و چینی مامناوەندییەوە ولا نران و لە ئێستادا بە زۆری لە ئوروپا و ئەمریکادا دەژین. شۆڕشی ٧٩ ئەگەرچی کۆتا ویستگەی فاشیزم لە ئێران بوو بەڵام لە تەواوی ئەم ساڵانەدا ئۆپۆزیسیۆنی پاوانخواز لە ژێر دروشمگەلێکی وەک دێموکراسی بەڵام ناڕوون و بە بێ ناوەرۆک هەوڵی ئەوەی داوە کە دەسەڵات بە دەست بگڕێتەوە و بەرژەوەندی و ئیمتیازگەلی پێشوویان بگەڕیننەوە و بۆ ئەم مەبەستەش بەردەوام دامەزراوەی پاشایەتیان بەکار هێناوە. بەڵام ئەوەی کە جێگەی سەرنجە ئۆپۆزیسیۆنی پاوانخواز دیار نییە نوێنەرایەتی چ چینێک یان بەشێکی کۆمەڵگا دەکەن بە تایبەت گوتاری فەرمیان وەک ئەوەی نوێنەری کێن و چ شتێکیان دەوێت ناڕوونە، بۆیە کاتێک بە وردی چاویان لێ دەکەی ناوەرۆکی گوتارەکەیان تەنیا شەڕی دەسەڵات و «رانت»ە. ئەم ئامانجەیان بە لێکۆڵینەوە لە سەر پێکهاتەی بڕیاردەرانی ئەو خەڵکانەی کە بەشداری ئەم گروپەن بە ڕوونی دەردەکەوێت. ڕەوتی وایان تێدایە بە خێزان و بنەماڵەوە بۆ وەرگرتنی پلە و پۆست و «رانت» هاتوون. بەڵام بە گشتی ئۆپۆزیسیۆنی پاوانخواز لە چەن گروپی دیار پێک هاتوون کە بریتین لە بنەماڵەی سوڵتان و کۆشکی سوڵتان و ئەو گروپانە کە بە درێژای مێژوو لە پەیوەندییەکی سیاسی- ئابووری لەگەڵ سوڵتانیزمدا بوون. گروپی دووهەمیان ئۆلیگارشی کۆنن کە لە سەردەمی «درباری-تیولداریدا» خاوەن پلەوپۆست بوون و بەرژەوەندیی تایبەتییان لەم سیستەمەدا بووە. سێهەم گروپی ئەم ئۆپۆزیسیۆنە بورژوای کۆمپرادۆر و دەوڵەتی سیستەمی «درباری- تیولداری»ن کە هەر لە سەردەمی قاجارەکانەوە خاوەن بەرژەوەندیی تایبەت بوون و لە بواری سیاسیشدا شوێنکەوتووی سوڵتان و سوڵتانیزم بوون. گروپی چوارەم بەشێکی ئۆلیگارشی زەویداری پێشوون و بە گشتی لە بواری کولتوریشەوە زۆر لە ژێر کاریگەریی کولتوری ناوەندن. دوایین گروپ لە ناو ئۆپۆزیسیۆنی پاوانخواز ناسیۆنالیستە فارسە توندئاژۆکانن کە ڕوانگەی ڕەگەز پەرستانەیان هەیە کە زیاتر لە بواری گوتاردا دەردەکەون. بەشێکی ئەمانە لە ناو چەپەوە دێن و نۆستالیژی ڕۆڵی گرینگی لە بیروهزریاندا هەیە و لە جیلی کۆنن بەڵام بەشێکی بەرچاویشیان کە گەنجترن یان لە چینی مامناوەندیی سەرەوەی ناوەندن یان لە چینی بورژوای ناوەندن کە شەوێکیش خەمی نانیان نەبووە و دەیانەوێ ببن بە جومونگ. دەکرێ خەڵکیتریشیان تێدا بێت بەڵام ئەم چەند گروپە دیارترینیانن.
٢-٥ گوتاری ئۆپۆزیسیۆنی پاوانخواز
سەرەتاکانی سەرهەڵدانی ئۆپۆزیسیۆنی پاوانخواز دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی «مشروطە» و هەر لەو سەردەمەوە تا ئێستا گروپی پاوانخواز ڕوو بە کۆمەڵگا گوتارێکی ڕوون و دیاری نەبووە و قەت بە ڕوونی ئاماژەی بە هیچ سیستەمێکی دیار نەکردووە و بەردەوام داهاتوویان ڵێڵ کردووە. پاوانخوازەکان بە شێوازی پۆپۆلیستی، بەردەوام چەمکی دێموکراسی و چەمکە مودێرنەکانیان بۆ گەیشتن بە دەسەڵات بەکار هێناوە یان کاتێک کۆمەڵگا زۆر دواکەوتوو بوو بۆ ڕاکێشانی سۆزی خەڵک بە تایبەت لە بۆنە ئاینیەکاندا وەک ڕۆژی «عاشوار» لە پێش خەڵکەوە بوون. دەگێڕنەوە رەزا خان قوڕی دەکرد بە سەر خۆیدا و قەزاقیش بە دوایدا دەیاننەڕاند «اگر قزاق می بودی حسین تنها نبودی». بەڵام کاتێک دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرت بە تەواوەتی شتێکی تر بوون. ئەمە گوتار و شێوازی کاری سیاسییان بووە کە هەر سەردەمێک چ دروشم یان چەمکێک باو بووە ئەوان بۆ ماوەیەک بەدەستەوەیان گرتووە و ئەسپی خۆیان پێ تاو داوە. پاوانخوازەکان لە کرداریشدا بە شێوازی زەبروزەنگ ئامانجە شاراوە و نەگوتراوەکانی خۆیانیان پەیرەو کردووە و هەموو کات لە ئاستی بەشداریی سیاسیی کۆمەڵگا بێدەنگ بوون کاتێک کە ئۆپۆزیسیۆنن، بەڵام لە کاتی دەسەڵاتدا سەرکوتکەر بوون. ئەم ناڕوونیی گوتارە جیا لەوەی کە ئاماژەیە بۆ نەبوونی گوتارێکی جیددی، بەڵام دوو تایبەتمەندیی هەیە کە بریتین لەوەی ئۆپۆزیسیۆنی پاوانخواز هیچ باوەڕێکی بە هیچ چەمکێکی مودێرن و دێموکرات نیە و هیچ پڕۆژەیەکی بۆ بەشداری خەڵک لە پڕۆسەی سیاسیدا پێ نیە. فاکتەری دووهەمیش دەگەڕیتەوە بۆ ئەوەی کە ناڕوونی لە گوتاردا دەستیان ئاواڵە دەکات بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بەرژەوەندیی ئەوان چۆن بوو ئاوا سیستەمی سیاسی، هەڵسوکەوتی سیاسی و قانوون دیاری بکەن. چۆنیەتی بە دەستەوەگرتنی دەسەڵات لە لایەن ڕەزا خانەوە نموونەیێکی دیاری ئەم جۆرە پڕۆژە سیاسییانەن. ئەم مێتۆدە پێشتر مێتۆدی فاشیستەکان بووە بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات کە تەنیا دەیانەوێت بە کەڵکوەرگرتن لە دۆخی نالەباری هەنووکەیی و پۆپۆلیزم دەسەڵات بڕوخێنن و خۆیان دەسەڵات بەدەستەوە بگرن، بە بێ ئەوەی بچوکترین ئاماژە بە داهاتوو و سیستەمی ئاڵترناتیو بکەن.
بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم گرفت و ناڕوونییە لە گوتاردا هەموو کات ئەم گروپە خاوەنی خاڵێکی دیاری گوتاری بووە کە ئەویش ناسیۆنالیزمی فارسی تۆندئاژۆ بووە کە بۆ رێکخستنی کۆمەڵگا کەڵکیان لێ وەرگرتووە. ناسیۆنالیزمی فارسی هەموو کات ڕوانگەی ڕاسیستیی هەبووە و فاشیزمی بەرهەم هێناوە. ئەم شێوازە لە ناسیۆنالیزم هەموو کات لە ناو یەک قەومی تایبەت سەرهەڵدەدات کە خەڵکەکەی خاوەنی زمان و ڕەگەزی هاوبەش بن و بەردەوامیش کارەساتیان خوڵقاندوە وەک ئەوەی لە ئیتالیا، ئاڵمان، عێراقی سەدام یان تورکیە کردوویانە. ڕوانگەی ڕەگەزپەرستانە لە ناو ئۆپۆزیسیۆنی پاوانخواز شتێکی باوە چ لە لایەن ناسیۆنالیستەکانەوە چ لە لایەن چینەکانی سەرەوە ڕوو بە خەڵکی کۆمەڵگا. ئایدۆلۆژیی ڕەگەزپەرستانەی ناسیۆنالیستە ئێرانییەکان لە سەر بنەمای دژایەتیی دوو جۆر خەڵک بووە کە بریتین لە ڕۆژاوا و گەلانی بن دەست لە ئێراندا و هەر کات نەیانتوانیبێت بەربەرەکانێی ڕوس یان ڕۆژاوا بکەن ڕوو بە گەلانی ناو ئێران دەستیان داوەتە توندوتیژی. بە گشتی ناسیۆنالیزمی ئێرانی لە سەر دژایەتیی مافی گەلانی تر بنیات نراوە. ناسیۆنالیستە فارسەکان کاتێک باسی برایەتی و پێکەوە ژیان دەکەن تەنیا لە پێناوی فریودانی خەڵک ئەم ڕستانە بە کار دێنن و مەبەستی ئەوان لە چەمکی دێموکراسیش تەنیا بۆ فارسەکانە نە خەڵکی تر یان گەلانی تر وەک کورد، بەلوچ، عەرەب… ئەوان لەو بڕوایەدان کە خەڵکی تر و گەلانی تر دەبێ لە ژێر دەسەڵاتی ئەواندا بن و ئاسیمیلەی ناو فارسەکان بن، بۆیە ئۆپۆزیسیۆنی پاوانخواز تا دێت تایبەتمەندیی هێرشبەری بە خۆیەوە دەگرێت و ئەم تایبەتمەندییەیان لە هێرشکردن بۆ سەر چەپەکان و نەتەوە بندەستەکان و تەنانەت بۆ چینە شێوەمودێرنەکان بە ڕوونی دیارە.
لە ڕاستیدا ئۆپۆزیسیۆنی پاوانخواز ئامانجی دەستەبەرکردنی دێموکراسی و بەشداری خەڵک لە پڕۆسەی سیاسیدا نییە یان تەنانەت پڕۆژەی گۆڕینی ژیان و گوزەرانی خەڵکی نیە، ئەگەریش شتێکی ئاوا لە ئارادا بێت بۆ فارسەکانە، بەڵکوو هەوڵی ئەوان بۆ ئەوەیە کە سیستەمی سەرەڕۆیی و کلۆنیالیزمی فارسی بپارێزن کە لە سەر بنەمای هەڵاواردنی ڕەگەزیی فارسی بنیات نراوە. فارسەکان پێیان وایە کە کۆماری ئیسلامی ئەم سیستەمەی کە بە دوای «مشروطە»وە دامەزراوە تووشی قەیران کردووە و ناتوانێت بە باشی سیستەمەکە بپارێزێت و ئەمە خۆیانن توانای پاراستنی سیستەمەکەیان هەیە بە تایبەت کە هێمای سیستەمەکەش سوڵتانیزمی پەهلەوییە کە بۆ خۆشی پاوانخوازەکان ڕێبەری دەکات. ئەم ئامانجە ئامانجی یەکەم و کۆتا ئامانجی ئۆپۆزیسیۆنی پاوانخوازە کە بەرژەوەندییە تایبەتەکانی تێدا ڕەچاو و جێگیر کراوە. پۆپۆلیزم، ڕاسیزم و شەڕی دەسەڵات تەنیا ڕاستیەکانی ئۆپۆزیسیۆنی پاوانخوازە.
بەڵام ئۆپۆزیسیۆنی پاوانخواز لەگەڵ دوو کێشەی سەرەکیی ڕووبەڕوویە کە گەیشتن بە ئامانجەکانیان زۆر لێ قورس دەکات. یەکەمیان ئەوەیە کە پێکهاتەی چینایەتیی کۆمەڵگا لەگەڵ پێکهاتەی ئۆپۆزیسیۆنی پاوانخواز ناتەبایە و یەک ناگرنەوە. دووهەم ئەوەیە کە کولتووری سیاسیی ئۆپۆزیسۆنی پاوانخواز بە قەد عەرز و ئاسمان لەگەڵ کولتوری سیاسیی کۆمەڵگای ئێستا جیاوازە، بۆیە نە دەتوانن ببن بە خاوەن گوتارێکی مودێرن و دێموکرات کە قەیرانی مێژوویی بەشداری سیاسی چارەسەر بکات و نە دەشتوانێت وڵامێکی بۆ قەیرانی کۆنی ستراکچێری حاکمییەتی سیاسی هەبێت. هاوکات پێگەی کۆمەڵایەتیشیان بۆ دەستەبەر نابێت چونکە لە پێکهاتەی نوێی کۆمەڵایەتیدا نەماون و ناتوانن نوێنەرایەتیی هیچ چین و توێژێک بکەن. ئەم گروپە بە درێژایی مێژوو و لە زۆربەی ئاڵوگۆڕەکاندا دژی بەشداریی خەڵک و دیموکراسی بوون و هاوپەیمانی سیستەمی سەرکوت بوون. بە وتەی مۆڕ «ئەم جۆرە پێکهاتە سیاسیانە بۆ بەدیهێنانی ئاڵوگۆڕی دڵخواز و ئامرانەی خۆیان، پەنا بۆ زەبروزەنگ دەبەن و بەو جۆرە دەبنە هاوڕێی فاشیزم».[42] ئەمان دەیانەوێت دەوڵەت و سیستەمی سیاسی-ئابووری وەک کەرەستەی خۆیان بە کار بێنن و کاتێک لەگەڵ ناسیۆنالیزمی توندئاژۆش دەبنە هاوپەیمان، گوتار و کردەوەیێکی فاشیستی بە خۆیانەوە دەگرن.
پەیوەندیی کورد لەگەڵ ئەم ئۆپۆزیسیۆنە زۆر ڕوون نیە چونکە تا ئێستا بە فەرمی هیچ گروپێکی کوردی بە ئاشکرا باسی پەیوەندیی خۆی بەم ئۆپۆزیسیۆنەوە نەکردووە، بۆیە ئەگەر شتێکی لەو جۆرەش هەبێت پێدەچێت زیاتر شتێکی شەخسی بێت کە لە پاشخانێکی مێژوویی-ئابووری و کولتورییەوە دێت. لە ئەگەری ئاوادا کورد زیاتر وەک داردەستی ئەوان دەبێت و ڕۆڵی گۆپاڵی پێ دەگێڕن و بە تێپەڕاندنی قەیرانەکانیان سەرکوتی دەکەن. سەردەمی «استبداد صغیر» باشترین بەڵگەیە بۆ ئەم ڕوانگەیە.
دەرەنجام
سەرهەڵدانی ڕووداوگەل و قەیرانگەلی سیاسی- کۆمەڵایەتی بە شێوازی کتوپڕ و لە ناکاو نیە و لە ناو مێژووەوە دێت و دەکرێت ئەم مێژووە دووریش نەبێت. قەیرانەکان بە شێوازی جووڵەی ورد و بچووک بەڵام بەردەوام لە ناو گروپە سیاسی یان چینەکۆمەڵایەتییەکاندا کە بیرۆکەگەلی توندئاژۆ و پاوانخوازانەیان هەیە دەست پێ دەکات، بۆیە لە دۆخی ئاوادا ئێمە بەردەوام لە بەردەم مەترسیداین. دەبێت مەترسییە نوێیەکان بە هەند وەرگرین، بەڵام دەکرێت مەترسییە کۆنەکانیش دووپات ببنەوە، دەکرێ بە جیاواز ڕوو بدەن دەشکرێت پێکەوە ماڵمان بە قوڕ بگرن. مەترسییەکان هێدی هێدی لە بنەگوێی خۆمانەوە سەرهەڵدەدەن کاتێک کە هەموو شت ئاساییە وهەموومان برای یەکین، بەڵام لە ژێر ئەم برایەتی و دۆخە ئاساییەوە بنەماکانی قەیرانێکی قووڵ هەڵدەچنریت و لە کاتی شەوەزەنگدا هەنگاو بە هەنگاو خۆی لێت نزیک دەکاتەوە و تەنیا کاتێک پێی دەزانی کە ڕاستەوخۆ شەڕی مان و نەمانت لەگەڵدا دەکات. بۆ نموونە کۆبوونەوەی چینەکۆنەکانی دەسەڵات و نفووز و گروپە پاوانخوازەکان لە دەوری یەک یان یەکڕیزبوونی بنەماڵە لە ناو حیزب یان ڕێکخراوێکی سیاسی ئاماژەیە بۆ قەیران و پێکدادانی سیاسی لە داهاتوودا، بۆیە ئێمەی کورد وەکوو خەڵکی مارگەستەین کە دەبێت بە دیتنی هەر گوریسێکی ڕەش و سپی بە خۆماندا بچینەوە و بەر لەوەی تووشی کارەساتەکە بین، بیر لە هەموو پڕۆسەکە بکەینەوە و هەڵوێست و پلانی جۆراوجۆر بۆ خۆمان دیاری بکەین. ئەوەی کە ئەگەری ئۆپۆزیسیۆنی کۆنەپارێزی پاوانخواز و ڕەگەزپەرست سەر دەکەوێت یان نە، باسێکی ئاڵۆزە، بەڵام هەوڵەکان لە لایەن ئەم گروپانەوە لە ئارادایە.
لە دۆخی ئاوادا ئەوەی کە جێگەی سەرنجە، بریتین لە دوو خاڵی گرینگی پێگەی کۆمەڵایەتی و گوتاری ئەم گروپە کە شانسی بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتیان زۆر کەم دەکات. ناتوانن ڕێکخستنی جەماوەری ڕێک خەن چون پێگەی جەماوەرییان پی دەستەبەر نابێت.
لە بواری گوتاریشەوە ئۆپۆزیسیۆنی پاوانخواز توانای ئەوەی تێدا نیە گوتارێکی بە ڕۆژ و کارا بچنێت چونکە لە بواری ماتەر و ئەو ستراکچێرەی کە ئەوان بۆ دەوڵەت باوەڕیان پێیەتی زۆر کۆنە و لەگەڵ خواستی مێژووی کۆمەڵانی خەڵک زۆر جیاوازە و ناتوانێ یەک بگرێتەوە بەڵکو دژ بە یەکیشن. ئەمە جیاوازە لە بواری نۆرم و تایبەتمەندییە زەینیەکانی دەوڵەت یان شێوازی بەرهەمهێنان و … هتد. ئەمان هیچ پلان یان سیستەمێکی ئاڵترناتیویان بۆ قەیرانگەلی مێژووی وەک قەیرانی بەشداری یان بابەتی هەرە گرینگی ئەمڕۆی کۆمەڵگا کە بریتییە لە مافی گەلان پێ نییە و بە پێچەوانە زۆریش دژی ئەم بابەتەن. لێرەدا ئەمە ناسیۆنالیستە ڕەگەزپەرستەکانن کە دەیانەوێت بۆشاییی گوتاری پڕ بکەنەوە. ڕاستی توندئاژۆی فارس بە هەڵدانی دروشمی ناسیۆنالیستی ناوەندگەرا و پێداگری لە سەر ڕاسیسمی فارسی کە تایبەتمەندیی فاشیستی هەیە و بە کەڵکوەرگرتن لە پۆپۆلیزم دەیەوێت دەسەڵات و سیستەمی هەڵاواردن لە ئێراندا ڕابگرێت و ئەمەش ڕاستەوخۆ دژی بەرژەوندیی گەلانی بندەستە و ئاماژەکانیشی بە ڕوونی دەرکەوتوون. ئەم گوتارە فاشیستییە بە بێ ئەوەی هیچ پلانێکی دێموکراتیک و ڕوونی ببێت تەنیا لە سەر بەرژەوەندیی فارسەکان دامەزراوە و بە زۆری لەگەڵ وەهم و درۆیەکی زۆری مێژوویی تێکەڵە کە باوەڕی بە سڕینەوەی خەڵکانی دەرەوەی زمان، ڕەگەز و گوتاری خۆیەتی، جا یان بە کوشتاری سوور یان کۆشتاری سپی (ئاسیمیلاسیۆن).
لە ڕاستیدا ئۆپۆزیسیۆنی ڕەگەزپەرست و پاوانخوازی فارس خاوەنی هیچ گوتارێکی تایبەت نییە مەگەر تەنیا پۆپۆلیزم نەبێت. هاوکات ئەوان دەیانەوێت خۆیان بە دۆخی نالەباری خەڵکەوە هەڵواسن و بیکەنە پردی سەرکەوتنیان. گرینگترین پەیامی ئۆپۆزیسیۆنی پاوانخواز تەنیا کوری شایە وەک هێمای سیستەمی نیۆپاتریمونیالیزمی فارسی ئەویش تەقەی سەری دێت. بێجگە لەوە هیچ شتێکیان پێ نییە ئەگریش ببێت ناڕوونە چون دژ بە بەرژەوەندیی خەڵکە بە تایبەت نەتەوە بن دەستەکان، بۆیە ناوێرن باسی بکەن. بێگۆمان یەکەم و کۆتا ئامانجیان بنیاتنانەوەی دیکتاتۆری و گەڕاندنەوەی دەسەڵات، «رانت» و ئیمتیازەکانی ڕابردوویانە. هەر وا کە کاتوزیان دەڵێت «دەڕوخێت، ماوەیەک دەشێوێت و پاشان دیکتاتۆری دەگەڕێتەوە». [43] بۆیە هەوڵ، وەفاداری و ئەمەگی ئەوان تەنیا و تەنیا بۆ سامانەکەیان، سیستەمی زەنجیرەپلەی پێشووی کۆمەڵایەتی و بە گشتی بەرژوەندیی تایبەتیی خۆیانە. بە گشتی دەتوانین بڵێین ئاڵوگۆری سیاسی لە ئێران تا ئێستاش لە ناو دەورێکی پووچدا دەخۆڵێتەوە. بۆیە بەشداریی کورد لەم ئۆپۆزیسیۆنەدا هیچ دەرەنجامێکی نابێت. ناشکرێت چارەنووسی کۆمەڵگا، بزووتنەوە یان نەتەوەیەک لە وەها بەستێنێک بخرێتە سەر مێزی دانوستان. لێرەدا تەنیا ناکارامەبوونی کۆماری ئیسلامی نابێتە بەستێن بۆ سیاسەت بەڵکوو داهاتووش گرینگە و مەرجێکی سەرەکییە.
سەرچاوەکان
1. Simone Weil, On the Abolition of All Political Parties, NYRB Classies, Reissue, 2014.
2. John Wiess, The Fascist, Tradition, New Yourk, Harper, & Row, 1867.
٣. گیدنز، آنتۆنی، ساخت جامعە، اکبر احمدی، چاپ اول، تهران، نشر علم، ١٣٩٥
٤. جیمز بون بوزورت، ریچارد، ظهور و سقوط فاشیسم، علی اکبر عبدالرشیدی، چاپ سوم، تهران، نشر اطلاعات، ١٣٩٦
٥. جنتیلە، جواننی، سرچشمەها و دکترین فاشیسم، سهیل صفاری، چاپ اول، تهران، نشر نگاە معاصر، ١٣٩٩
٦. Wiess هەمان سەرچاوە
٧. جنتیلە، هەمان سەرچاوە
٨. هەمان سەرچاوە
٩. بومر، وان، جریانهای بزرگ در اندیشەی غربی، حسین بشیریە، چاپ اول، تهران، نشر باز، ١٣٨٠
١٠. جیمز بون بوزورث، هەمان سەرچاوە
١١. Wiess هەمان سەرچاوە
١٢. جیمز بون بوزورث، هەمان سەرچاوە
١٣. بشیریە، حسین، لیبرالیسم و محافظە کاری، چاپ اول، تهران، نشر، نی ١٣٧٨
١٤. هەمان سەرچاوە
١٥. جیمز بون بوزورث، هەمان سەرچاوە
١٦. آرنت، هانا، ریشەهای توتالیتاریسم، محسن ثلاثی، چاپ هشتم، تهران، نشر، ثالث، ١٤٠٠
١٧. هەمان سەرچاوە
١٨. جیمز بون بوزورث، هەمان سەرچاوە
١٩. بوردیو، پیر، دەربارەی رادیو تلویزیون، ناصر فکوهی، چاپ اول، تهران، نشر، آشیان، ١٣٨٧
٢٠. مور، برینگتن، ریشەهای اجتماعی دیکتاتوری و دمکراسی، حسین بشیریە، چاپ اول، تهران، نشر، مرکز، ١٣٦٩
٢١. مارتین لیپست، سیمون، جامعە شناسی سیاسی، محمد حسین فرجا، چاپ اول، تهران، نشر توس، ١٣٧٣
٢٢. هەمان سەرچاوە
٢٣. Wiess هەمان سەرچاوە
٢٤. جیمز بورورث، هەمان سەرچاوە
٢٥. هەمان سەرچاوە
٢٦. Wiess هەمان سەرچاوە
٢٧. شرابی، هشام، پدر سالاری جدید، احمد موثقی، چاپ سوم، تهران نشر کویر،١٣٩٥.
٢٨. خوان لینز و هوشنگ شهابی، نظامهای سلطانی، منوچەر صبوری، تهران، نشر شیرازە، ١٣٨٠
٢٩. وبر، ماکس، دین، قدرت، جامعە، احمد تدین، چاپ اول، تهران، نشر هرمس، ١٣٨٢
٣٠. کاتوزیان، محمد علی، دولت و جامعە در ایران، حسن افشار، چاپ هفتم، تهران نشر مرکز، ١٣٩٩
٣١. هەمان سەرچاوە
٣٢. کاتوزیان، محمد علی، تضاد دولت و ملت در ایران، علی رضا طیب، چاپ شانزدهم، تهران، نشر، نی، ١٣٩٩
٣٣. شرابی، هەمان سەرچاوە
٣٤. هالیدی، فرد، دیکتاتوری و توسعەی سرمایەداری در ایران، فضل اللە نیک آیین، چاپ اول، تهران، نشر امیر کبیر، ١٣٧٨
٣٥. آبراهامیان، یرواند، ایران بین دو انقلاب، احمد گل محمدی، چاپ اول، تهران، نشر نی، ١٣٧٨
٣٦. بوردو، پیر، نظریەی کنش، مرتضی مردیها، چاپ هفتم، تهران، نشر نقش و نگار، ١٣٩٩
٣٧. بشیریە، حسین، جامعە شناسی سیاسی، چاپ هیجدهم، تهران، نشر نی، ١٣٨٩
38. Rostow, Walt Whitman, The stage of Economic Growth. A Non Communist Manifest, third edition, Cambridge university press, 1991.
٣٩. آبراهامیان، هەمان، سەرچاوە
٤٠. کاتوزیان، تضاد دولت و ملت، هەمان سەرچاوە
٤١. فوران، جان، مقاومت شکنندە، احمد تدین، چاپ دوم، تهران، نشر رسا، ١٣٧٨
٤٢. مور، هەمان سەر چاوە،
٤٣. کاتوزیان، تضاد دولت و ملت، هەمان سەرچاوە.
داگرتنی بابەت



