ئارامتر بخوێنەوە
لە نیو وەرچەرخانەوە بەرەو وەرچەرخانە گەورەکە!
ئەگەر جەخت لەسەر خاڵی وەرچەرخان بکەینەوە، دەبێت ڕوانگەمان ڕووی لە مۆدێلێکی زیندوو و پێشکەوتوو بێت، لە چوارچێوەی سیستەمی نێودەوڵەتی، نەک ئەزموونێک بە پێچەوانەی دونیای پێشکەوتوو. ئەزموونێک وا بکات بکەوینە بەرەی بەزیو، بەرەیەک کە لەخودی خۆیدا لە قەیراندایە. لە قەیراندا بوو و شکستی هێنا، ئێستاش لە قەیراندایە و ناتوانێت لە وردەکارییەکانی واقیع و مێژوو و ئایندە تێبگات.
لەو وەرچەرخانەدا، پرسیارێک گرنگە لەخۆمانی بکەین، ئەویش ئەوەیە داخۆ بەرەو کوێ هەنگاو دەنێین؟ یان بە واتایەکی دیکە، چیمان دەوێت؟ ئایا دەمانەوێت دونیا بە ئاڕاستەیەکی ئایدیال بگۆڕین و دواییش قوربانییەکی زۆر و ئینجا شکست، یاخود ئاراستەیەک تیایدا لەبەرەی براوەدا بین تیاشیدا سەرکەوتن بەدەست بێنین؟
گومانم لەوەدا نیە، زۆربەمان بژاردەی دووەم هەڵدەبژێرین، بەڵام کە دێینە سەر ناونان و وردەکارییەکان، لەوێدا ئەهریمەنی ئایدیۆلۆجیاکان شەویلاگەکانی جیڕ دەکاتەوە و تووشی دابڕانمان دەکات. ئەوە گرنگ و چارەنوسسازە لە وەرچەرخانە گەورەکەدا، شکۆ و سەروەریی نەتەوەکەمان دەوێت، کە سەدان ساڵە شکۆی دەشکێندرێت و لەسەروەریی خۆی بێبەشە. بۆیە، دیسان حەقمانە بپرسین داخۆ سەروەریی نەتەوەکەمان دەوێت، یان سەروەریی ئایدیۆلۆجیایەک کە هەر گرووپێک بە جۆرێک پێیەوە پابەندە و مەستی نێو یۆتۆپیاکانیەتی؟ گرووپێک دەیەوێت بەهەشتی سۆسیالیزممان بۆ دابمەزرێنێت بۆ ئەوەی دونیا لە کاپیتاڵزم ڕزگار بکات. گرووپێکی دیکە دەیەوێت لەسایەی کۆمەڵێک خەونی مێژوویی ئایدۆلۆجیی ئایینیی، خیلافەتێکی دیکەمان بۆ بێنێتەوە کە هیچ لینکێکی ناچێتەوە سەر دونیای ئەمڕۆ؟!
من ڕاشکاو دەبم لەگەڵتان؛ وەکو تاکێک، سەروەریی نەتەوەکەم هەڵدەبژێرم و ئایدۆلۆجیاکان با بڕۆن بۆ دۆزەخ. با نەتەوەکەمان سەد ساڵێک لەسایەی ئازادی و سەربەخۆییدا، لەسەر خاک و بەردی خۆی، لەچوارچێوەی سیستەمێکی دیموکراسیی ڕاستەقینەدا پشوو بدات. ئەوسا کە نیشتمانمان ئاوەدان و نەتەوەکەمان پێشکەوتوو و گەشەسەندوو بوو، ئەوسا، تەنها ئەوسا، با نەوەکانی داهاتوو بۆخۆیان دابنیشن و بیر لەوە بکەنەوە داخۆ دەیانەوێت ببن بە ڕێبەری خۆسەپێنەری دونیا، یان ببن بە ڕێبەری بەها و نۆڕمە جوانەکانی دونیا؟!
بۆیە، دەبێت هەموو قۆناغەکانی یوتۆپیا جێ بێڵین. دەگەڕێینەوە ناو پانتاییەکانی واقیع، دەگەڕێینەوە ناو ناخی خۆمان. لە چوارچێوەی سیستەمێکدا کە شکۆ و سەروەریی نەتەوەییمان مسۆگەر بکات، لەگەڵ مومکیناتەکان مامەڵە دەکەین. کەواتە، ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە لەو وەرچەرخانە مێژوویییەدا سیستەمێکی مرۆیییە، چونکە پرسەکەمان پرسێکی مرۆیییە. سیستەمێکی فرەیی، چونکە دەڤەرەکەمان پانتایییەکە پڕیەتی لە فرەیی، سیستەمێکی دیموکراتخواز، چونکە تا ئەمڕۆ هیچ سیستەمێک لەو سیستەمە گونجاوتر نەهاتۆتە پێشەوە. سیستەمێکی سیکۆلار، چونکە کۆمەڵگەکەمان پڕیەتی لە ئایین و ئایینزا و بیروباوەڕی جیاواز. سیستەمێکی نیشتمانی بۆ ئەوەی ڕێگا لە میلیشیاگەری و خێڵایەتی و وابەستەبوون بە هێزە دەرەکییەکان و ڕێگریکردن لە دەستوەردانی دەرەکی لەپێناو نەهێشتنی سڕینەوەی سیاسەتی کۆلۆنالیزمی هەرێمیی داگیرکەرانی نیشتمانەکەمان، کە بریتییە لە سیاسەتێک وەکو بێشکچی ناوی دەنێت “پەرت کە و زاڵ بە و وێرانی بکە”، بۆ ئەوەی چیتر نەتواندرێت پەرت بکرێین و بەسەرماندا زاڵ بن و لەناومان بەن.
لەو نیو وەرچەرخانەدا، خۆپیشاندانەکان لە ڕۆژهەڵات بەردەوامن. دەستگیرکردن و شەهیدکردن و شێواندنی دۆخەکەش لە لایەن ڕژێمە دژە مرۆیی و دژ بە فرەیی و دیموکراسی و ئازادییەوە بەردەوامە. بەپێی کۆمەڵێک ڕا و بۆچوون، تازە ڕژێم وەکوو خۆی بەهێز نابێتەوە، هەرچەندە هێشتا زووە بۆ ئەو ئەگەرە. بەڵام خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەتا زووە، گرنگە خۆیان ڕێک بخەن. بزووتنەوەیەکی مەدەنیی فرەیی و دێموکراتخواز، بە ئاگاییەوە ڕێبەرێتیی خەڵک بکات و هەماهەنگییەکی تۆکمەی لەنێوان شار و شارۆچکەکاندا هەبێت. لەڕووی ستراتیجیی و تاکتیکەوە جموجۆڵ بکەن و لەکاتی پێویستدا هەنگاو بنێن.
دوو ڕێکار لە دەستپێکی وەرچەرخانە گەورەکەدا زۆر گرنگن. دوو ڕێکار، هەموو ڕێگاکان لە داهاتوودا کورت دەکەنەوە. دوو ڕێکار بێ ئەوەی دوای سی ساڵی دی پێویستمان بە شۆڕشێکی دیکە بێت، چونکە ئەوکات گۆڕانکاری لە ڕێگای دامەزراوە دەستوورییەکانەوە بە نەرمی بەڕێوە دەچن. ڕێکارەکان لەو نیو وەرچەرخانەدا گرنگن بیریان لێ بکەینەوە، کە بریتین لە:
یەکەم: ڕێ نەدان بە هیچ حیزب و هێزێکی چەکدار جێگای لەناو خەڵک و شارەکان و چیاکانی وڵات ببێتەوە.
دووەم: ڕێ نەدان بە هیچ هێزێک دەست بەسەر سەرچاوەکانی داهاتی نیشتیمانیدا بگرێت.
بۆیە، حکومەتی ئایندەی هەرێمی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت خۆی قۆرخ و هێزە ئەمنییەکان و سەرچاوەکانی داهاتی نیشتمانی مۆنۆپۆل بکات. خەڵکی ڕۆژهەڵات دەبێ لەو ڕووەوە یەکگرتوو بن و ڕێگا بە هیچ هێزێکی میلیشیایی نەدەن، ئەگینا دەچنەوە هەمان تۆنێلی باشووری کوردستان، کە سەرەتا بە شەڕی براکان دەستی پێکرد، پاشان بەدوو زۆنی و بە گەندەڵییەکی بەربڵاو سەرمۆرییان کردووە. ئەها سیاسەتی “پەرت کە و زاڵبە و لەناوببە”، لەبیر نەکەن.
کەواتە لەو نیو وەرچەرخانە هەنووکەییەدا، ئەرکی بەلەزی خەڵکی ڕۆژهەڵات خۆڕێکخستنە لە بەرەیەکی نیشتمانی و ئازادیخواز و دیموکراتخوازدا. لەچرکەساتی ئازادبووندا حکومەتێکی هەرێمی دامەزرێنن، دەستوورێکی کاتیی خێرا دابڕێژن، پێنج خاڵی گەوهەریی لەخۆبگرێت، لەوانەش:
یەکەم: هەرێمی ڕۆژهەڵات، سیستەمێکی سیاسی، دیموکراسی سیکۆلاری فرەیی دەبێت. هەڵگری هیچ ناسنامەیەکی ئایدیۆلۆجی، ئایینی و مەزهەبی نابێت.
دووەم: هاووڵاتییان لەبەرانبەر قانووندا یەکسان دەبن. زۆرینە و کەمینە لە هەرێمدا جێگای نابێتەوە و سەروەری بۆ تاکەکان و کۆمەڵگەیە. مرۆڤەکان لەسەر بنەمای ئیتنیک و ئایین و مەزهەبدا مامەڵەیان لەگەڵدا ناکرێت، بەڵکوو لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون و ئەرک و مافەکان.
سێیەم: ئازادیی ڕادەربڕین، ئازادیی ئایینی، ئینتیمای سیاسی و کۆمەڵایەتی و مەزهەبی، ئازادیی ڕۆژنامەگەری و نوسین، مافەکانی مرۆڤ، لە چوارچێوەی بەها و نۆڕمە نێونەتەوەییەکان، بە گشتی بە قانون پارێزراو دەبن.
چوارەم: حکوومەتی کوردستان، هێزە ئەمنییەکان و سەرچاوەکانی داهات مۆنۆپۆل دەکات. لەدەرەوەی مۆنۆپۆلی حکوومەتدا هەر هێزێکی چەکداری هەبێت وەکوو میلیشیا و بە دەرچوو لە قانوون مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
پێنجەم: سیستەمی سیاسی لامەرکەزی دەبێت، هەرێمەکان خۆیان بەڕێوە دەبەن. حکوومەتی (ناوەند) ڕۆڵی سەرپەرشتی و پلاندانانی دەبێت و وەزارەتەکانی بەرگری، دەرەوە و دارایی بەشێوەیەکی مۆنۆپۆل سەر بە حکومەتی ناوەند دەبن.
بەو جۆرە، لە وەرچەرخانە گەورەکەدا ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆمەڵێک دەسکەوتی گەورە بەدەست دێنێت و ڕێگا دوورەکان نزیک دەکاتەوە، لەوانەش ڕێ لەهەموو قۆرخکارییەکی سیاسی، بنەماڵەیی و خێڵەکی دەگرێت. کەس لەسەر حیسابی خەڵک و داهاتەکانی وڵات دەوڵەمەند نابێت و دادوەری پێڕەو دەکرێت. خۆشەویستی و ئینتیما بۆ نیشتیمان لەق نابێت، ناوبانگێکی دەرەکی و جیهانیی گەورە بۆخۆی پەیدا دەکات و پشتیوانی دەکرێت.
لەو وەرچەرخانە گەورەیەدا، ئاڵنگارییەکان زۆر دەبن، کۆسپ و تەگەرەی زۆر دروست دەکرێن، بەڵام هەر نەتەوەیەک ژیانی بوێت، هەر دەبێت بەکەرامەت و سەروەریی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و پەورەردەییی خۆی بژیت. لەوێدا، ژن، ژیان، ئازادی گەوهەری خۆی لەدەست نادات.


