ئارامتر بخوێنەوە

مەهسا لە بەرانبەر ژینا، کورتهێنانی لێکدانەوە و کردەوە لە بزاڤی ئێمەدا

ئارەش ساڵح

لە دوای شەهیدبوونی ژینا ئەمینی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەرهەڵدانێکی بەرین دەستی پێکرد. لە ئاکامی ئەم سەرهەڵدانانەدا، خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێرانیش ڕژانە سەر شەقام. هەروەها لەو سەرهەڵدانانەی بەشەکانی تری ئێراندا هەندێک دروشم کە چەمکی کوردستانیان پێوە دیار بوو، بیستران. ئەم دوو دیاردەیە وایکرد کە لەناو ئێمەدا هەندێک کەس لەسەر ئەوە باوەڕە بن کە ئەستووندەکانی نەزمی پێشوو بەشێوەیەکی جیددی وەلەرزە کەوتوون. واتە هەندێک کەس پێیان وابوو کە نەتەنیا وڵات یان The State لە لێواری هەڵدێراندایە، بەڵکوو کێشەی کورد توانیویەتی جێگەی خۆی لەناو گەلی سەردەستی ئێراندا بکاتەوە و، ئەگەری ئەوە هەیە شێوە ڕوانینی گەلی سەردەست بە نیسبەت کێشەی کوردەوە بگۆڕدرێت. لەم وتارەدا بە پێچەوانەی ئەو لێکدانەوانەی ئیدیعا دەکرێت کە لێکدانەوەی گوتاری ئەو خۆپێشاندانانە و هەروەها چاوخشاندن بە شێوازی ڕۆڵگێڕانی دامەزراوەکانی وڵات، نەتەنیا نیشانەکانی ڕووخانی هەیە، بەڵکوو ئێمە هەم لە لێکدانەوە و هەم لە کردەوەدا تووشی کورتهێنان بووین. ئەگەر ئەم کورتهێنانە چارەسەر نەکرێت، لەوانەیە کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان لە داهاتوودا، تووشی نوشستێکی تر ببێت.

لە سەرەتای ئەم خۆپێشاندانانەدا وا دەردەکەوت کە ئیرجاع یان ڕێفرێنس دان بە کوردستان لە دروشمەکاندا و، هەروەها بەکارهێنانی دروشمێک کە لە کوردستانەوە سەرچاوەی گرتووە، ڕاستییەکەی پیشاندەری گۆڕانی شێوە ڕوانینی کۆمەڵگای فارسە بە نیسبەت کێشەی کوردەوە. بە چاوخشاندنێک بەسەر شێوازی بەکارهێنانی دوو دروشم و پێداگریی کۆمەڵگای سەردەست بۆ بەکارهێنانی ناوی مەهسا لە بەرانبەر ژینادا، دەردەکەوێت کە پێشهاتی ڕووداوەکان لە ڕاستیدا بە پێچەوانەی ئەو لێکدانەوانەیە. ئەگەرچی کوردستان وەکوو پێشەنگی ئەم سەرهەڵدانانە بوونێکی بەرچاوی هەیە، بەڵام ڕاستییەکەی، کۆمەڵگای سەردەست لە ناوخۆ و لە دەرەوە زۆر هەوڵ دەدات کوردستان لە چوارچێوەی دیاردەیەکی کولتووری لەناو گوتاری خۆیدا بهێڵێتەوە و، بە هەموو هێزییەوە ئەم کێشەیە لە خواستی سیاسیی گەلی کورد جیا بکاتەوە.

ناسیۆنالیزمی ئێرانی هەوڵ دەدات لەم سەرهەڵدانانەدا -کە لە ئاکامی کوژرانی ژینا بە دەستی لایەنێکی دیکە لە ئەجێنتەکانی خۆیەوە سەریان هەڵداوە- ئەو زوڵمە بە شێوەیەکی زیرەکانە لەبەر کوردبوونی ژینا بشارێتەوە و، ڕێگە نەدات لە ڕێگەی دالەکانی سەرهەڵدانی ژیناوە خۆی ئاشکرا بکات. ئەم ناسیۆنالیزمە بە دوو شێوە ئەم کارە دەکات: یەکەم؛ ئاماژەدان بە کورد وەک یەکەیەکی ئانتڕۆپۆلۆجی یان مرۆڤناسانە لە دروشمەکان و لە چەمکە سەرەکییەکانیدا هەموو ڕەهەندە سیاسییەکانی کێشەی کورد کە یەکێک لە هۆکارەکانی ستەم لە ژینا بوون و هەن، دەسڕێتەوە. دووهەم؛ لە ڕێگەی سڕینەوەی ناوی ژینا و بەکارهێنانی ئەو ناوەی کە پێی تەحمیل کراوە، تەواوییەتی ژینا جارێکی دیکە لەناو دەبات و، مەهسایەک لە جێگەی دادەنێت کە زیاتر لەگەڵ ئەو چوارچێوانەدا دێتەوە کە لەگەڵ ئەو ناسیۆنالیزمەدا سازگارە.

ژینا و بابەتی کوژرانی ژینا بەدەستی حکومەت خاڵی یەکتربڕینی دوو کیشەی سەرەکییە، یەکەم؛ کێشەی ژنان و دووهەم؛ کیشەی کورد. ژنی کورد لە ڕاستیدا هەڵگری دوو جۆرە ستەمە کە بەرانبەری دەکرێت: یەکەمیان لەبەر کوردبوون و دووهەمیان لەبەر ژنبوون. ئەم ڕاستییە هەڵدەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە شوناس کانستڕاکتێکی کۆمەڵایەتییە، واتە بیچم‌گرتن و گۆڕانکارییەکانی شوناس لە بەستێنی پێوەندییەکانی دەسەڵاتدا ڕوو دەدات. لە بەستێنی ئەو شەبەکەیەدا، دەسەڵات ژنی کورد بۆ جارێک لەبەر ژن بوون ئینکار دەکات و دەسڕێتەوە و، بۆ جارێکی تریش لەبەر کوردبوونی. ئەو بەستێنە لە دەسەڵات کە لێرە باسی دەکرێت، زۆر بەربڵاوترە لە دەسەڵاتی ڕێژیم و بە شێوەی تۆڕێک لە ناوەندەکانی دەسەڵات یەک دەگرێتەوە. هەربۆیە دەکرێ لە چوارچێوەی گوتاری ناسیۆنالیزمی ئێرانیدا لێک بدرێتەوە. ئێستا دەبینین کە ناسیۆنالیزمی ئێرانی ژینا دەکات بە مەهسا، لەبەرئەوەی ناتوانێت ژینا وەکوو خۆی و وەکوو ژنێکی کورد تەحەمول بکات. بەم شێوازە ناسیۆنالیزمی ئێرانی ڕێگە نادات کێشەی کورد لەناو ئەم قەیرانەدا کە تووشی بووە، سەرهەڵبێنێت و ئەو کێشەیە هەتا چارەسەرکردنی قەیرانە ناوخۆیی‌یەکەی و لە دوای ئەویشدا بە سەرکوتکراوی بهێڵێتەوە.

بەکارهێنانی ناوی مەهسا لە بەرانبەر ناوی ژینادا، هەوڵدانە بۆ پەراوێزخستنی ژینا بە هەموو توخمەکانی شوناسەوە و، گۆڕینی بۆ ئەو مودێلەی ناسیۆنالیزمی سەردەست لای پەسەندە. ئەمە لەبەر ئەوەیە کە ناسیۆنالیزمی ئێرانی دەترسێت لە ڕێگەی ژینا و بە هۆکاری سەرهەڵدانی ژیناوە کێشەی کورد وەکوو کێشەیەکی سیاسی سەرهەڵبدات و پاڕادۆکسە ناوخۆیی‌یەکانی ئاشکرا بکات، یان لەو ڕێگەیەوە ئەو پێوەندییە زاڵانەی کە لە ئێراندا هەن، لە ڕەهەندێکی ترەوە واتە لە ڕەهەندی ئیتنیکی و نەتەوەیی‌یەوە بخاتە بەردەم ئاڵنگارییەوە. ئەم ناسیۆنالیزمە بە شەرعییەت‌بەخشین و بەردەوامیی هەمان ستەمی پێکهاتەیی کە ژینای بە شێوەی فیزیکی کردە قوربانی، جارێکی تر لە ئاستێکی سیمبۆلیکیشدا ژینا لەناو دەبات و دەیسڕێتەوە. ئەم هەوڵەش ڕەنگدانەوەی پەراوێزخستنی شوناسی کوردیی ژینا و، هەروەها پەراوێزخستنی ڕۆژهەڵاتە لە ئاستی سیاسەت و گوتاری زاڵ لە ئێراندا. ئەم کردەوەیە هەوڵێکی سیستەماتیکە بۆ ئەوەی کێشەی کورد وەکوو کێشەیەکی سیاسی نەتوانێت لە ڕێگەی ژیناوە ببێتە ڕۆژەڤی سیاسیی ئێران و، کاریگەری لەسەر گوتاری سەردەست نەبێت. ڕاستییەکەی، گوتاری سەردەست کە لەچاو کوردی پەراوێزخراوەوە نەتەنیا گوتاری ڕێژێم کە گوتاری ناسیۆنالیزمی ئێرانییە، زەرفییەتی ئەوەی نەبوو کە ژینا وەکوو خۆی قەبووڵ بکات.

دروشمی “کوردستان چشم و چراغ ایران” بە هەمان شێوە هەڵگری خواستی بەردەوامی ئێران بەو شێوازەیە کە ناسیۆنالیزمی سەردەست هەتا ئێستا ئاراستەی کردووە. واتە لە ناخی خۆیدا ئەم دروشمە هەڵگری ئەوەیە کە ئێران بەو تایبەتمەندییە پێکهاتەیی‌یانەوە بەردەوام دەبێت. ئەم دروشمە دەڵێت؛ کوردستان پەراوێزە، وەکوو برابچووکێک بۆمان ئازیزیە، مادام داوای مافەکانی خۆی نەکات و بە سەرکوتکراوی بمێنێتەوە. ئەم دروشمە دەکرێت وەک دروشمی “شمال الحبیبی”ی سەدام حسەین بە نیسبەت باشوورەوە سەیر بکرێت، واتە قەبوڵکردنی کورد تەنیا تا ئەو جێگەیە کە لەگەڵ ئەو چوارچێوەیەدا دێتەوە کە ناسیوناڵیزمی سەردەست لە گوتاری خۆیدا پەسەندی دەکات. “چشم و چراغ” ڕاستییەکەی وەکوو ڕووناکیی ماڵ بابەتێکە و پەراوێزی خودی ماڵەکەیە. ئەو کەسەی کونتڕۆڵی ماڵ و چرای ماڵ و هەموو بابەتە سەرەکییەکانی ناو ماڵەکەی بەدەستەوەیە، لەپشت ڕووناکیی کوێرکەری دروشمەکەدا خۆی شاردووەتەوە. ڕاستییەکەی بەکارهێنانی ئەم وشانە بۆ پاترۆنەکردن  (patronizing)و بەمنداڵ‌کردنی کورد لە مێژووی پێوەندییەکانی زاڵ لە ئێراندا زۆر بەرفراوانە. ئەوەی ڕاستی بێ، کورد نە چاو و چرا و نە ڕووناکیی ماڵی هیچ کەسێکی ترە، کورد دەیەوێت خاوەنی ماڵی خۆی بێت و لەم ڕێگەیەوە کونتڕۆڵی ڕووناکیی ماڵی خۆی بەدەست خۆیەوە بگرێت.

لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، ناسیۆنالیزمی فارسی بەبێ ئاماژە بە ڕەگەز و ڕیشەی دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” کە لە بزاڤی کورد لە باکوور سەرچاوە دەگرێت و لەناو ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بووە بە دروشمێکی سەرەکی، دەستی داوەتە بەزۆر ئاسیمیلەکردنی ئەو دروشمە. لە هەموو شوێنە نێودەوڵەتییەکان و لەنێو کەسایەتییە نێودەوڵەتییەکاندا ئەو دروشمە وەکوو دروشمێكی فارسی و ناوخۆی ئێران، وەکوو نیشانەیەکی پێشکەوتنخوازانەی کۆمەڵگای فارس دەناسرێت. بۆ نموونە دەتوانن چاو لە پەیامی هەندێک ڕۆشنبیری ڕۆژاوایی وەکوو ژیژەک بکەن کە چۆن لە پەیامەکەیدا ڕەسەنایەتیی ئەم دروشمە ون دەبێت. لەوانەیە ئەو پرسیارە بکرێت کە بۆچی گەلی کورد خۆی ناتوانێت ئەو دروشمە وەکوو دروشمێکی کوردی بە دنیا بناسێنێت؟ ئەم پرسیارە زۆر جوانە و بە باوەڕی من وڵامەکەی دەرخەری ئەوەیە کە پڕۆسەی ئاسیمیلەکردنی زۆرەملێ لە ڕێگەی هەندێک نابەرابەریی پێکهاتەیی‌یەوە دەچێتە پێشەوە کە تەنیا لە دەوڵەتدا کورت ناکرێنەوە. دەسەڵاتی فارس لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا وای کردووە کە ئەوان خاوەنی توانایی و زەرفییەتی زیاتر بن بۆ ئەم مەبەستە، هەروەها ئەوەی کە کورد ڕێگەی پێ نەدراوە کۆنتڕۆڵی بەسەر هیچ کام لە ڕەهەندەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی- ئابووریی خۆیدا هەبێت، وای کردووە توانایی و زەرفییەتەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوە زۆر لە خوارەوە بن. هەربۆیە ئاسیمیلەی زۆرەملێ بەتەواوەتی لەژێر کاریگەریی ئەو نابەرابەرییە پێکهاتەیی‌یانەدایە کە ناسیۆنالیزمی فارس هێشتا دەتوانێت کاریان لەسەر بکات و سەرمایەی کولتووریی نەتەوە بندەستەکان زەوت بکات و، بە سەرمایەی کولتووری خۆیەوە زیادیان بکات.

ئەم کورتهێنانەی ئێمە لە لێکدانەوەدا، ڕاستییەکەی سەرچاوەی لە هەڵە تێگەیشتن لە چەمکی وڵات The State  دایە. هەربۆیەش ڕێبەرایەتیی جەمعیی ئێمە یان کۆی ڕێبەرایەتیی ئێمەی تووشی کورتهێنان لە کردەوەشدا کردووە. ئەگەر ڕێژیمی سیاسی بریتییە لە شێوازی بەکردەوەیی کردنەوەی دەسەڵات، وڵات یان The State ناوەندی سەرەکیی بیچم‌گرتنی پێوەندییەکانی دەسەڵاتە. وڵات لە ڕاستیدا وەکوو ئەو دامەزراوەیە پێناسە دەکرێت کە لە سەرووی هەموو دامەزراوەکانەوەیە و ڕەواییی بەکارهێنانی زۆر و وزە یان توندوتیژی لە مۆنۆپۆلی ئەودایە. واتە وڵات بەو دامەزراوەیە دەناسرێت کە تەنیا ئەو مافی هەیە ئامانجەکانی بەزۆر بەسەر ئەندامەکانیدا بسەپێنێت. دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەتییەکان لە چوارچێوەی وڵاتدا جێگە دەگرنەوە نەک ڕێژێم. واتە ڕووخانی ڕێژێم ئیلزامەن بە واتای گۆڕانی وڵات بە شێوازێک کە کورد لەناویدا هەست بە خاوەنماڵی یان بەرابەری بکات، نییە. مانەوەی وڵات واتە بەردەوامبوونی دامەزراوەکانی سەرکوت.

لەلایەکی ترەوە و لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا زۆر کەس لە ناوخۆ و لە دەرەوە ئەم پرسیارەیان لەلا دروست بووە کە ئایا حیزبی دیموکرات لەم دۆخەدا لە کوێی ڕووداوەکان ڕاوەستاوە؟ ئایا حیزبێک بە پێشڕەویی حیزبی دیموکرات دەتوانێت بە ئاگادارکردنەوە و ڕەوشەنگەری بەرپرسیاریەتی و مەسئولەییەتی خۆ بەجێ بگەیێنێت؟ تەنانەت خەڵکی ڕاپەڕیو لەناو خۆپێشاندانەکان و لە ناوخۆدا، بە دروشمی ڕوون داوایان لە حیزب کرد کە بە ناردنەوەی پێشمەرگە ڕۆڵێکی ڕاستەوخۆ بگێڕێت. ئەگەرچی دیار نەبوو ئەو ڕۆڵە چۆنە و، پێویستە چۆن بێت. ئەگەرچی ڕۆڵێکی وەها دەتوانێت لەسەر بنەمای کورتهێنانی لێکدانەوە بێت، بەڵام خودی ئەو پرسیارە و تەنانەت وڵامی ئەو کەسانەی کە لە دەرگایەکی حەکیمانەوە دەیانویست وڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە، دەرخەری یەک ڕاستی بوو. ئەویش خۆمان باوەڕمان بە زەرفییەتەکانمان بۆ بەرگری لە خۆمان نییە. بە دڵنیایی‌یەوە لە کاتی ئێستادا بەرپرسان و ڕێبەرایەتیی حیزب دەزانن کە ئایا ڕێکخستن و هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئەو زەرفییەتەیان هەیە کە ڕۆڵ بگێڕن یان نا. دیارە پێویستە ڕوون بکرێتەوە کە مەبەست لە زەرفییەت لێرەدا ناگەڕێتەوە بۆ کار و کردەوەی ئیزایی[1] و زەبروەشاندنی کاتی، چونکە ڕاستییەکەی گرووپێکی بچووکی چەند کەسیش دەتوانن کاری ئیزایی و تیژتێپەڕ بکەن، بەڵام پرسیاری سەرەکی بۆ بابەتی زەرفییەت ئەوەیە کە ئایا تا چەند دەکرێت جووڵەیەکی واتادار بەخێرایی و قووڵایی و کاریگەرییەوە بکرێت، پاشان تا چەند دەکرێت بەرگەی لێکەوتە یان دەرەنجامی ئەو جووڵەیە بگیرێت؟ دیارە لە دۆخی ئێمەدا جووڵە تا گەورەتر بێت، دەرەنجامی گەورەتر بە دوای خۆیدا دێنێت. مەبەست لە زیادکردنی زەرفییەت، توانا یان کەپەسیتی ئەوەیە کە هێزی پێشمەرگە تواناییی ڕێکخستن، زانستی سەربازی، لۆجیستیکی و زەبروەشاندن و بەرگری لە خۆی تا ڕادەیەک بباتە سەرەوە و بتوانێت لە دۆخی فەڕزی کە لە پڕێکدا دێتە ئاراوە، بتوانێت ڕۆڵ بگێرێت و، بتوانێت بەرگەی دەرەنجامی کردەوەکان بگرێت. دیارە لە کاتی ئێستادا تەنیا بەرپرسانی هێزی پێشمەرگە و بەرپرسە باڵاکانی حیزب دەتوانن لێکدانەوەیەکی باشیان بۆ ئەو زەرفییەتانە هەبێت، بەڵام شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێبەرایەتیی حیزب لەگەڵ ئەم پرسیارە، ئەو گومانە دروست دەکات کە تێگەیشتنی ئەوان لەو زەرفییەتانە زۆر لە ئاستێکی نزمدایە. هەربۆیە لەم هەلومەرجەدا پێویستیی یەکەمی حیزب بەرفراوانتر کردنی ئەو توانایی‌یانەیە. دیارە ئەم توانایی‌یانە پێویستە لە هەموو ڕەهەندەکانی سیاسی، نیزامی، میدیایی و دیپلۆماتیکەوە بێت، بەڵام ئەگەر ئێمە بە شێوازێکی ڕیالیستانە و واقعبینانە چاو لە سیاسەت بکەین، تواناییی سەربازی سەرەکیترین ڕۆڵ و گرینگترین ڕۆڵ بۆ بەردەوامیی حیزب و گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات دەگێڕن. هەربۆیە پێویستە چالاکییەکانی شاخ چەند قات زیاد بکرێن و وزە و سەرچاوە ماڵی و غەیرە ماڵییەکانی حیزب بە شێوازێکی چەند قات بۆ شاخ تەرخان بکرێن و چالاکیی پیشمەرگە بەبێ ترس زیاد بکرێت. حیزب لەم هەلومەرجەدا دەزانێت کە کۆماری ئیسلامی سڵی نەکردووەتەوە لە هەوڵدان بۆ لەناوبردنی بە شێوەی سەربازی و دەزانێ تواناییی بەرگری لە خۆی هەیە، بۆیە پێویستە هەوڵ بدات بۆ زیادکردنی تواناکانی کە تەنیا لە ڕێگەی زیادکردنی چالاکییە سەربازییەکانییەوە ئیمکانی هەیە. زۆر ڕوون و ئاشکرایە کە زیادکردنی ئەو توانا سەربازییانە هەم ئەسڵێکی بەرگرییە و، هەم ئەسڵێکی دیپلۆماتیک، ئەمەش بە واتای ئەوە نییە کورد دەیەوێت تێکەڵ بە شەڕێکی نەخوازراو بێت.

[1] کار و کردەوەیەک کە لەلاوە دەکرێت و سەرەکی نییە، هاوکات ماوەکەی کورت و تیژتێپەڕە.